ڕاپۆرت

ڕێککەوتنێکی پراگماتیکیی نەخشەی ژیۆپۆلیتیکیی و ئابووریی جیهان دادەڕێژێتەوە

شیکارییەک لەسەر ململانێ و لێکتێگەیشتنی ئەمریکا و ئێران لە ساڵی ٢٠٢٦دا؛ چۆن بەرژەوەندییە داراییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هەژموونی دۆلار و بازاڕی نەوت دادەڕێژنەوە؟

نەوزاد عومەر

 

ڕێککەوتنێکی پراگماتیکیی نەخشەی ژیۆپۆلیتیکیی و ئابووریی جیهان دادەڕێژێتەوە

 گۆڕەپانی ئابووریی و سیاسیی نێودەوڵەتیی لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٦ـدا شایەتی وەرچەرخانێکی دراماتیکیی چاوەڕواننەکراو بوو، کە سەرلەنوێ کارتی زلهێزکان و بازاڕەکانی جیهان لەسەر بنەمای خوێندنەوەیەکی شیکاریی بۆ دۆخی ئێستا گۆڕانکاریی بەسەردا هات. لە سۆنگەی ئەو پێشهاتە خێرایانەی ئابوورییی جیهان کە لەسەر هەموو ئاستەکاندا ڕوو دەدەن، هەر لە بازاڕی کاڵا بنەڕەتییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە نەوت و وزە، تا دەگاتە بەهای دراوەکان، دۆلار، زێڕ و بیتکۆین، ڕووداوێکی سەرسووڕهێنەڕ لە ڕەهەندی سیاسەتی نوێی ئەمریکادا بەرانبەر ئێران سەری هەڵدا، کە سەرنجی میدیا جیهانییەکان و بەرپرسانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. ئەویش کاریگەریی ئەو ئاگربەست و یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنە بوو کە بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنیی لە ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦ لە نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و مەسعوود پزیشکیان هاوتا ئێرانییەکەیدا واژۆ کرا، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە چۆن ئەم جەنگە دەبێت بە دەروازەیەک بۆ لەناکاو دەوڵەمەندبوونی ئابووریییەکی داڕماو کە بە هەموو شێوەیەک چاوەڕواننەکراو بوو:

یەکەم: وەرچەرخانی سیاسیی لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپدا بەرانبەر بە ئێران کە پێشتر خاوەنی سیاسەتی فشاری توند بوو. هەروەها بە پێدانی ئیمتیازاتی هاندەر بە دوژمنە سەرسەختەکەی ئەمریکا لەپێناوی پاراستنی هەژموونی دۆلاردا، چاودێرانی تووشی شۆک کردووە. لە هەنگاوێکدا کە کۆمەڵیک ئیمتیازاتی دارایی ناوازەی دەستبەجێی پێشکەش بە ئێران کرد، بە جۆرێک کە پێش هەڵگیرسانی پێکدادانە سەربازییەکان کەس بیری لێ نەدەکردەوە. دیارترین و گرنگترینی ئەو ئیمتیازاتانە ئەمانەی خوارەوەن:

  • لێخۆشبوونی گشتگیر و نائاسایی بۆ کەرتی نەوت: ئیدارەی ئەمریکا لە ٢٢ـی حوزەیراندا لێخۆشبوونێکی گشتگیری بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ ڕایگەیاند (کە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٦ کۆتایی دێت)، ئەم هەنگاوە کۆتایی بە سیاسەتی گەمارۆدان دەهێنێت، کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بەرانبەر بە ئێران جێبەجێ کرا (بە دیاریکراوی ساڵی ١٩٨٠ لە کاتی قەیرانی بە بارمتەگرتنی ئەمریکییەکانەوە). ئەم لێخۆشبوونە تەنها گەمارۆ لاوەکییەکان، واتا هەر سزاکانی لایەنی دووەم (کە کڕیارە نێودەوڵەتییەکانن) ناگرێتەوە، بەڵکوو گەمارۆ سەرەتاییەکانی سەر لایەنی یەکەمیش دەگرێتەوە، ئەمەش ڕێگە بە هەر کڕیارێکی ئەمریکیی، ئەورووپیی، یان ئاسیایی دەدات بە شێوەیەکی تەواو یاسایی بۆ یەکەمجار لە دوای چەندین دەیەوە دەتوانن نەوتی خاوی ئێران بکڕن.
  • گەڕانەوە بۆ مامەڵەکردن بە دۆلار (سیستمی SWIFT): ڕێگە بە ئێران درا نەوتەکەی ڕاستەوخۆ بە دۆلاری ئەمریکیی بفرۆشێت. بەمەش کۆتایی بە قۆناغی ناچاربوون بۆ بەکارهێنانی دراوە ئەلتەرناتیڤەکانی وەک یوانی چینیی، ڕوپییەی هیندیی، یان سیستمی ئاڵوگۆڕی کاڵا بە کاڵا هێنا. کە بۆ ئێران دەسکەوتێکی گەورەیە و نزیکەی بیست ساڵە لێی بێبەش بووە.
  • داهاتی دەستبەجێ فرۆشی نەوەت بەبێ داشکاندنی نرخ: ئەمە وادەکات تاران چیتر پێویستی بە فرۆشتنی نەوتەکەی بە داشکاندنی نرخ بە چین لە ڕێگەی “کەشتییە تاریکەکان” و مامەڵە گوماناوییەکانەوە نەمێنێت. بەهۆی ئەوەی ئێران نزیکەی ٦٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی ئامادە و هەڵگیراوی بۆ ئازادکردن لە ناو دەریادا هەیە (چونکە دامەزراوە نەوتییەکانی ئێران بە پێچەوانەی وڵاتانی کەنداوەوە لەم جەنگەکەدا لێیان نەدرا)، ئەمەش ڕێگەی پێ دەدات نەوتەکەی بە نرخێکی بەرزتر لە سەرووی نەوتی خاوی برێنتەوە (Premium) بەهۆی خواستی بەپەلەی نێودەوڵەتییەوە بفرۆشێت، کە داهاتەکەی بە نۆ بۆ دە ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
  • ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی ئێران بە مەرجی پێشکەوتنی دانوستان: ئێران نزیکەی ١٠٠ ملیار دۆلاری لە بانکەکانی جیهاندا (وەک قەتەر، ئێراق، کۆریای باشوور و چین) بە بڕیاری ئەمریکا سڕ کراوە. بەڵام وەک نیشانەی نیازپاکیی بۆ دەستپێکردنی دانوستان، واشنتۆن ڕەزامەندیی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی ١٢ ملیار دۆلار بە دوو قۆناغ، سەرەتا ناردنی دەستبەجێی ٦ ملیار دۆلار لە ڕێگەی بانکەکانی قەتەرەوە، دواتریش ٦ ملیاری دیکە لە ماوەیەکی کورتخایەندا بەدوایدا دێت، لە کاتێکدا ئەو ٩٤ ملیار دۆلارەی کە دەمێنێتەوە بڕیارە بە قۆناغ بە قۆناغ ئازاد بکرێت، ئەمەش بەندە بە پێشکەوتنی دانوستانەکان و هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە (ئەو یۆرانیۆمەی کە لە ٦٠٪ دا پیتێنراوە کە ترەمپ بە “تۆزی ئەتۆمیی” ناوی دەبات). بەڵام سەرەڕای لێدوانە دژبەیەکەکان، ئەمریکا مەرجی داناوە کە ئەو پارانە بۆ کڕینی کەلوپەلی مرۆیی و کشتوکاڵیی ئەمریکیی بەکار بهێنرێت، لە کاتێکدا ئێران پێداگریی لەسەر ئازادیی خۆی دەکات بۆ کڕینی هەرکاڵایەک بەو شێوەیەی بە گونجاویی بۆ بەرژەوەندیی ئێران دەزانێت.
  • درووستکردنی سندووقێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئێران بە بڕی ٣٠٠ ملیار دۆلار: ترامپ دوای هێرشەکان، دامەزراندنی سندووقێکی نهێنیی ٣٠٠ ملیار دۆلاری بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ئابووریی ئێران ڕاگەیاند. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پارەیە لە ڕێگەی وەبەرهێنانە نێودەوڵەتییەکانی کەرتی تایبەت و ئاسانکارییەکانی قەرزی سەروەرییەوە دەبێت، ئەمەش بە شێوەیەکی کاریگەر ڤیتۆی ئەمریکا هەڵدەگرێت و دەرگا بەڕووی وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانیی (FDI) دەکاتەوە کە دەیان ساڵە لە ئێران قەدەغە کراوە. ئەم وەبەرهێنانە کەرتە گرنگەکانی وەک کانگا، بەرهەمهێنان، لۆجستیی و وزە دەگرێتەوە (چونکە ئێران خاوەنی چوارەم گەورەترین یەدەگی نەوتی جیهانییە و دووەم گەورەترین یەدەگی غازە، کە بەرهەمهێنانی لە ساڵی ٢٠١٥ـدا گەیشتە ٤ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا).

 بەڵام ڕەهەندەکانی دۆخەکە و تێڕوانینی گشتیی بۆ ڕێککەوتنی کۆتاییی چاوەڕوانکراو، پێیان وایە لە زۆر لایەنەوە هاوشێوەی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ـیە، بە تایبەتیی لە کەمکردنەوەی ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و گەڕانەوەی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی بۆ شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران. بەڵام ئەمجارە هاندەری ئابووریی و دارایی گەورەتر و فراوانتری بۆ ئێران تێدایە. هەر بەهۆی ئەمەوە، ترامپ لە دانیشتنێکی داخراوی کۆنگرێس و لەناو ئەندامانی حیزبی کۆماریشدا ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند و گفتوگۆی گەرم بووەتەوە. تەنانەت جێگری پێشووی، مایک پێنس، ئەم هاندانەی زیاتر بە هەڵەیەکی سیاسیی ناو برد و پێی وایە کە ئەمانە دەبنە سەرهەڵدانەوەی ڕەگی ژیان بۆ ڕژێمی ئێران، بێ ئەوەی بەڵێن و گرێبەستی ڕوون و جێبەجێکراو لە بەرانبەردا هەبێت. ئەم دۆخە وای کردووە هەندێک لە شیکەرەوان بە شێوەیەکی گاڵتەئامێز بڵێن: ئەگەر ئەم ڕێککەوتنە بەم شێوەیە جێبەجێ بکریت، ئێرانییەکان دەبێت پەیکەرێک بۆ ترامپ درووست بکەن، چونکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگای گەیشتنی بەو هەموو ئیمتیازە گەورانەوە بۆ ئیرانییەکان خۆش کرد.

“زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی چەکی سزای ئابووریدا، پاڵ بە وڵاتانی گەورە بەرەو بنیادنانی سیستمێکی دارایی ئەلتەرناتیڤ دەنێت. پاراستنی هەژموونی دۆلار لەلایەن واشنتۆنەوە، وا دەکات کێشە و جەنگەکان لە بەرژەوەندیی هێزە دەسەڵاتدارەکاندا یەکلایی بکرێنەوە.”

 سەرەڕای ئەو ڕەخنە توندانەی لەلایەن هەڵۆکانی پارتی کۆمارییەوە ڕووبەڕووی ترەمپ کرایەوە، بەڵام “سکۆت بیسێنت”ـی وەزیری گەنجینەی ئەمریکا شیکردنەوەی بۆ بابەتەکە لە ڕوانگەیەکی تەواو ستراتیژییەوە کرد، کە ئەویش پاراستنی هەژموونی دۆلارە، چونکە واشنتۆن درکی بەوە کردوە کە زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی چەکی سزای ئابوورییدا، پاڵ بە وڵاتانی گەورە و یاخیبووی (وەک چین، ڕووسيا، ئێران و ڤەنزوێلا) بەرەو بنیادنانی سیستمێکی دارایی ئەلتەرناتیڤ لەبری سیستمی سوێفت دەنێت. بۆ نموونە پەرەسەندنی دیاردەی وازهێنان لە دۆلار وەک سیستمی پارەدانی چینی (CIPS) بۆ ئەمریکا زۆر ترسناکە، بەڵام گەڕاندنەوەی ئێران، ڤەنزوێلا و ڕووسیا لە داهاتوودا بۆ ناو بازنەی دۆلار (De-dollarization)، ڕێگا لەبەردەم فراوانبوونی نەرمی چین دەگرێت کە هەوڵ دەدات یوان وەک دراوێکی یەدەگی جێگرەوە بسەپێنێت.

دووەم: ئەم یادداشتنامەیە بازاڕەکانی نەوتی لە مۆتەکەی کورتهێنانی داراییەوە بۆ لێشاوی خستنەڕووی نەوت گۆڕی. کەشوهەوای دیپلۆماسیی دەستبەجێ ڕەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکانی وزە درووست کرد، بە شێوەیەک کە نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ ٧٢ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، بەمەش بازاڕی نەوت تەواوی دەستکەوتەکانی سەردەمی جەنگی لەدەست دا و گەڕایەوە بۆ ئاستی پێش گرژییەکان (بە دیاریکراویی ئاستی ٢٧ـی  مانگی ڕابردوو). لە ماوەی چوار مانگی داخرانی گەرووی هورمزدا، نرخی نەوت بەهۆی لێشاوی نەوتی نهێنییەوە نەیتوانی سنووری ١٠٠ دۆلار تێپەڕێنێت. بۆ نموونە ئیمارات لە ڕێگەی ئەو کەشتییانەوە کە ئامێرەکانیان توانای کوژانەوە و پێشاندانی شوێنیان هەیە، توانی٨٥٪ـی هەناردەکردنی خۆی بۆ بازار دابین بکات، هەروەها توانی نزیکەی ٦٠ ملیۆن بەرمیلی لە ڕێگەی گەرووەکەوە و بە پشتبەستن بە ڕێڕەوە هاوتەریبەکانی ئێران و سوڵتاننشینیی عومان بۆ دەرەوە بنێرێت.

لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەڵگرتنی تەواوەتیی گەمارۆکانی سەر نەوتی  ئێران، بازاڕەکە لەناکاو بۆ زۆربوونی دابینکردنی جیهانی گۆڕا (کە لە بنەڕەتدا پێش شەڕەکەش ئەوە دۆخێکی باو بوو، ئەگەر شەڕەکە نەبووایە بەهۆی بەرهەمهێنانی زیادەی ئەمریکا، کەنەدا، گویانا و بەڕازیلەوە، نرخی نەوت لە دەوروبەری ٥٠ دۆلاردا جێگیر دەبوو). هەرچەندە گەڕانەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی وڵاتانی کەنداو پێویستی بە کاتێکی جیاواز دەبێت بۆ پاککردنەوەی گەرووەکە لە مینە دەریاییەکان بە هاوکاری کەشتییە ئەمریکییەکان، بەڵام زۆریی ئەو نەوتەی ئێستا کە کۆکراوەتەوە و خراوەتە ڕوو، وایکردووە نەوتی خاوی وڵاتانی دیکە (وەک ئەنگۆلا) بەهۆی نەبوونی خواست بە داشکاندنی نرخ کە دەگاتە ١٠ دۆلار بفرۆشرێت. بەمەش پێکهاتەی نرخاندنی نەوتی گۆڕی بۆ دۆخی کۆنتانگۆ (Contango)کە تێیدا گرێبەستی دەستبەجێ (فۆری) هەرزانتر کرد لە گرێبەستی ئایندەیی (آ‌جلە). هەرچەندە ڕەنگە ئەم دابەزینە بەهۆی هەوڵی وڵاتان بۆ پڕکردنەوەی یەدەگە ستراتیژییە بەتاڵبووەکانیانەوە سنووردار بێت، بەڵام دیدگا و پێشبینییەکانی ئەم دۆخە بۆ نەوت نەرێنین.

سێیەم: پارادۆکسی حەواڵەی کۆچبەران لە وڵاتانی کەنداوەوە نیشانەی گەشەیەکی ڕووکەشی دڵەڕاوکێی پیوە دیارە، چونکە سەردەمی ململانێکە شاهیدی دیاردەیەکی سەرنجڕاکێش بوو کە دامەزراوە دارایییەکان (وەک وێستەرن یونیۆن) بازدانێکی گەورەیان لە حەواڵەکردنی پارەی کرێکارانی بیانی لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانیان بە تایبەت لە ماوەی مانگەکانی ئازار و نیسانی ڕابردوودا تۆمار کرد. بۆ نموونە، حەواڵە هاتووەکان بۆ میسڕ لە مانگی نیساندا بە ڕێژەی ٤٤٪ زیادی کردووە و لە سنووری ٤ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

 سەرەڕای ئەوەی ڕژانی ئەم پارەیە بۆ ئابوورییی وڵاتانی وەرگر پۆزەتیڤ دیارە، بەڵام شیکارییە پێکهاتەیییەکان ئاماژە بە دیاردەیەکی نەرێنیی دەکەن. بەوپێیەی ٤٠٪ـی ئەم حەواڵانە لە پاشەکەوتی کەڵەکەبووی کرێکارانەوە هاتووە، نەک لە مووچەی ئێستایان. ئەمەش لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوکێوە بوو لە نادڵنیایی پیشەیی، پەککەوتنی کەرتە زیندووەکانی وەک بیناسازیی، ئاوەدانکردنەوە و دواکەوتنی پێدانی مووچەکان بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی کە ڕووبەڕووی وڵاتانی کەنداو بوونەتەوە (کە قەبارەی حەواڵەی کۆچبەرەکانیان لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا نزیکەی ١٢٤ ملیار دۆلار بووە، بە جۆرێک عەرەبستانی سعوودیی بە ٤٦ ملیار دۆلار لە پێشەنگدایە، دواتر ئیمارات بە ٤٢ ملیار و کوێت بە ١٤ ملیار دۆلار). بۆیە ئەم ڕژانە گوزارشت لە پڕۆسەی ڕاکردنی سەرمایەی بچووکی کۆچبەران لە ترسی نەبوونی ئاسایشی پیشەیی دەکات. بەڵام تەنها لایەنی ئەرێنیی لێرەدا ئەوەیە کە جێگیربوونی دۆخەکە و ڕاگرتنی جەنگ، جارێکی دیکە سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ئەم بازاڕانە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ هێزی کاری کەنداو چالاک دەکاتەوە.

چوارەم: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و داڕمانی زێڕ، زیو و دراوە دیجیتاڵییەکان دەرئەنجامی سیاسەتی فیدراڵیی ئەمریکا لەسەر ئاستی بازاڕەکانی دراو و کانزاکاندا بە بەرزکردنەوەی سوودی بانکیی، گوشارێکی زۆری لەسەر زێڕ و بیتکۆین تەواو پێچەوانەی پێشبینییەکانی وەبەرهێنەران درووست کرد:

  • دابەزینی نرخی زێڕ: نرخی زێڕ بۆ خوار ٤٠٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک دابەزی (بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ـەوە)، بەمەش کۆتایی بە بەرزبوونەوەی سێ ساڵەی ڕابردووی هێنا و لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٧٪ـی بەهاکەی لەدەست داوە.
  • کاریگەریی قەواڵە داراییەکان: بەهۆی توندکردنەوەی سیاسەتی نەقدییەوە، قەواڵە داراییەکان (السندات) بوونە ڕکابەرێکی بەهێزی زێڕ، ئەمەش سیناریۆی ساڵی ٢٠٢٢ـی دووبارە کردەوە.
  • چوونەدەرەوەی سەرمایە: سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ (ETFs) لە کۆتایی شوباتەوە ڕووبەڕووی کشانەوەی ١٢ ملیار دۆلار بوونەتەوە.
  • کاریگەریی “کیڤن وارش”: وەک بەربژێری ترامپ بۆ سەرۆکایەتیی بانکی فیدراڵیی دوای داڕمانە گەورەکە دەستی پێ کرد. زێڕ لە بەرزترین نرخی مێژوویی خۆی (٥٦٠٠ دۆلار) بە ڕێژەی ١٣٪ دابەزی، نرخی زیویش لە ١٢١ دۆلارەوە بۆ نزیکەی ٥٥ دۆلار دابەزی.

 ئەم پێشهاتانە سەلماندیان کە سیاسەتی پراگماتیی ئابووریی ترەمپ دەتوانێت هاوپەیمانیی و دوژمنایەتیی مێژوویی بگۆڕێت. ڕێککەوتنی سیاسیی لە پێناو پاراستنی تاجی “دراوی سەوز” (دۆلاری ئەمریکیی) دەبێتە هۆی ڕزگارکردنی ئابوورییی ئێران و کردنەوەی بەڕووی سیستمی نێودەوڵەتییدا. هەروەها ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییە سەرلەنوێ دیسپلینی بۆ نرخەکانی وزە گەڕاندەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا واقیعێکی نەقدیی توندی سەپاند کە فەرشی ژێر پێی وەبەرهێنەرانی لە بازاڕی زێڕ و پەناگە نەریتییەکاندا کێشاوە. هەرچەندە کێشە بنەڕەتییەکانی ئابوورییی ئەمریکا کە خۆی لە قەرزێکی نزیک لە ٤٠ تریلیۆن دۆلاری و کورتهێنانی بودجەی نزیکەی ٦٪ـدا دەبینێتەوە. وایکردووە بیرۆکەی هەمەجۆرکردنی یەدەگی دراوەکان لەسەر مەودای دوور وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام هۆکاری سەرەکیی وارش وەک یەکێک لە لایەنگرانی توندکردنەوەی دارایی کە پێی وایە خەرجیی جیهانیی بۆ بواری زیرەکیی دەستکرد، پڕچەککردن و وزەی سەوز دەبنە هۆی هەڵاوسانی هەمیشەیی، ئەمەش سەرنجڕاکێشیی قەواڵە داراییەکان زیاد دەکات و بەهای زێڕ، زیو و بیتکۆین سست دەکات.

 پێشهاتەکانی ئێستا واقیعێکی پڕ لە گوشاریان سەپاندووە. ئەگەر لە داهاتوودا هاوتەریب لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت، ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا پاشەکشە بکات، ئەوا ڕەنگە پاڵنەرەکانی بانکی فیدراڵیی بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود کەم ببنەوە. بەڵام ئەوەی ئێستا مسۆگەرە، قوربانیانی سەرەکیی ئەم دۆخە ئەو سەوداگر و وەبەرهێنەرانەن وا لە لوتکەی نرخەکاندا زێڕ و بیتکۆینیان کڕیوە و ئێستا لەژێر گوشاری پابەندبوونی داراییدا ناچار بوون بە نرخی ئێستا بیڕژێنە بازاڕەوە و بیانکەنەوە بە کاش.

 لە کۆتاییدا، پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکرێتەوە کە زێڕ هەمیشە وەک ئامڕازێکی وەبەرهێنانی ستراتیژیی بۆ مەودای دوور، نەک بۆ سەوداگەریی و قازانجی خێرای کورتخایەن دەمێنێتەوە.

 

 

سەرچاوەکان:

أولاً: الإعفاء من عقوبات النفط لمدة 60 يوماً
CNBC: رفع العقوبات عن النفط الإيراني وإتاحة التداول بالدولار
https://www.cnbc.com/2026/06/23/us-iran-oil-sanction-relief-strait-of-hormuz-peace-deal-.html [CNBC](https://www.cnbc.com/2026/06/23/us-iran-oil-sanction-relief-strait-of-hormuz-peace-deal-.html)
الجزيرة الإنجليزية: تفاصيل الترخيص العام X الصادر عن وزارة الخزانة الأمريكية
https://www.aljazeera.com/news/2026/6/22/us-partially-lifts-iran-oil-sanctions-amid-encouraging-talks [Al Jazeera](https://www.aljazeera.com/news/2026/6/22/us-partially-lifts-iran-oil-sanctions-amid-encouraging-talks)

NPR: تحليل الاتفاق المبدئي ومقارنته باتفاق 2015
https://www.npr.org/2026/06/19/nx-s1-5863544/trump-us-iran-agreement [NPR](https://www.npr.org/2026/06/19/nx-s1-5863544/trump-us-iran-agreement)

ثانياً: الأموال المجمدة والـ 6 مليار دولار من قطر
وول ستريت جورنال (عبر Yahoo Finance): خطة الـ 6 مليار دولار المجمدة في قطر
https://ca.finance.yahoo.com/news/u-qatar-discuss-plan-iran-035810136.html [Yahoo!](https://ca.finance.yahoo.com/news/u-qatar-discuss-plan-iran-035810136.html)
Euronews: تاريخ الأصول الإيرانية المجمدة وتقدير الـ 100 مليار دولار
https://www.euronews.com/business/2026/04/09/could-billions-in-frozen-iranian-assets-help-the-us-unlock-a-deal [Euronews](https://www.euronews.com/business/2026/04/09/could-billions-in-frozen-iranian-assets-help-the-us-unlock-a-deal)

ثالثاً: صندوق الـ 300 مليار دولار لإعادة الإعمار
الجزيرة الإنجليزية: تفاصيل الصندوق وردود فعل الكونغرس
https://www.aljazeera.com/news/2026/6/18/mous-300bn-iran-reconstruction-fund-becomes-us-political-flashpoint [Al Jazeera](https://www.aljazeera.com/news/2026/6/18/mous-300bn-iran-reconstruction-fund-becomes-us-political-flashpoint)
Reuters (عبر Politifact): مصدر الـ 300 مليار من القطاع الخاص
https://www.politifact.com/article/2026/jun/22/trump-iran-300-billion-fund/ [PolitiFact](https://www.politifact.com/article/2026/jun/22/trump-iran-300-billion-fund/)
NPR: من سيموّل الصندوق؟
https://www.npr.org/2026/06/23/nx-s1-5866577/iran-trump-deal-300-billion-obama [NPR](https://www.npr.org/2026/06/23/nx-s1-5866577/iran-trump-deal-300-billion-obama)

رابعاً: تصريحات سكوت بيسنت وهيمنة الدولار
Bloomberg: بيسنت يؤكد أن إيران ستفوتر نفطها بالدولار
https://www.bloomberg.com/news/articles/2026-06-24/bessent-says-iran-talks-feature-shifting-to-invoicing-in-dollars [Yahoo Finance](https://finance.yahoo.com/markets/currencies/articles/bessent-says-iran-talks-feature-121402562.html)
Foreign Policy: تحليل نقدي لتصريحات بيسنت حول هيمنة الدولار
https://foreignpolicy.com/2026/06/24/treasury-secretary-bessent-defends-trump-iran-deal-sanctions-relief/ [Foreign Policy](https://foreignpolicy.com/2026/06/24/treasury-secretary-bessent-defends-trump-iran-deal-sanctions-relief/)

بابەتەکانی نووسەر
نەوزاد عومەر
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.