چەمکی دەوڵەت لە فەلسەفەی مارکس و ئەنگڵسدا
لێکۆڵینەوەیەک لە ڕەهەندە جیاوازەکانی دەوڵەت وەک ئامرازی سەرکوت و مشەخۆری کۆمەڵگە لە دیدی مارکسیزمدا.

فیلیپ دایر
وەرگێڕان: وریا ئەحمەد
داگرتنی فایلی PDF
چەمکی دەوڵەت لە فەلسەفەی مارکس و ئەنگڵسدا*
کارل مارکس و فردیک ئەنگڵس واژەی ‘دەوڵەت’ـیان بە شێوەیەکی تەمومژاویی بە کار هێناوە کە کۆمەڵێک واتای ناساز دەبەخشنەوە. هەرچەندە بە گشتیی وەها هزر دەکرێت ئەوان دەوڵەتیان وەک ئامرازێک بە دەست چەوسێنەرانەوە بۆ سەرکوتی چەوساوان دەبینی. بەڵام ئەم هەڵگۆزانە پڕاوپڕ نییە. ئەم وتارە دەکارێت شێوە جۆراوجۆرەکانی بەکارهێنانی چەمکی دەوڵەت لە نووسینە هەمەچەشنەکانی ئەو دووانە بەر کۆڵین بدات.
مارکسیش وەک فەیلەسووفانی پێش خۆی، لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگەدا جیاکاریی دەکرد.[1] بۆ دەستپێکی باس، ڤەکۆڵین لە هەڵهێنجانی مارکس بۆ چەمکی کۆمەڵگە بەسوودە، ئاخر ئەم چەمکە پەیوەندییەکی تۆکمەی لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە و بە ئاسانیی لە بری وی بە هەڵە بە کار دەهێنرێت. کۆمەڵگەی مەدەنیی، وەک مارکس لە (ئیدۆلۆژیی ئەڵمانیایی)ـدا پێناسەی دەکات، “شێوەیەکی ئامێتەبوون و یەکترتەواوکەرە و لە لایەن هێزەکانی بەرهەمهێنی ناو بەستێنی گشت قۆناغە دیرۆکییەکانی پێشین دێتە چێکردن و خودی خۆیشی وان هێزانە دەئافرێنێت.”[2] پایەی کۆمەڵگە هەمان تاکخێزان و کۆمەڵەیەک لە خێزانەکانە وا بە بنەماڵە یان هۆز ناودێر دەکرێن. ئەنگڵس لە (بنەچەی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت)ـەکەیدا، بە وردیی گەشەسەندنی پەیوەندییە خێزانیی و خێڵەکییەکانی بە سەر کردووەتەوە.[3] بەرباسدانی وردکارانەی ئەم بەرهەمە لەم نووسینەدا پێویست نییە، چونکە ئەوەندە بەسە بزانین هەردوو هزرڤان، کۆمەڵگەی مەدەنییان بە لەخۆگری گشت پەیوەندییە ماتڕیاڵەکانی خەڵک دەزانی. شێوازەکانی دابینکردنی بژێویی، ئاڵوگۆڕی شمەکەکان و گەشەی هێزەیلی بەرهەمهێن، هەموو لە ژێر ناونیشانی ‘کۆمەڵگەی مەدەنی’ـدا دەگونجێن. کۆمەڵگە وێڕای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەروەتر گشت ژیانی بازرگانیی و پیشەسازیی گەلێکیش دەگرێتەوە و لە دیدی مارکسدا، بناغە و ژێرخانێکە، سەرلەبەری سەرخان، لەوانە یاسا، ئایین، فەلسەفە و دەوڵەتی لەسەر ڕۆ دەنرێن.[4]
ئەم بابەتە بنچینەییە، کە زۆربەی جاران نادیدە دەگیرێت، واتا کۆمەڵگە، ڕاستییەکەی “ژێدەر و شانۆی نمایشی گشت مێژووە”.[5] ئاخر لە ئا ئەم ڕووە بنچینەییەدایە گۆڕانکارییە فرە گرنگەکان لە پێواژۆی دیرۆکییدا ڕوو دەدەن، پێواژۆییەک کە ئاڕاستەی ڕووداوەکان لە ڕوو و ئاستێکی پتر نمایشی و درامییدا، ڕوو و ئاستێک، کە پادشایان و دیپلۆماتکاران قوت دەبنەوە، دەئاژوێت. ئەو دەستە لە مێژوونووسان وا لایان وایە بە بەرباسدانی کردەوەکانی پادشایان و وەزیران دەتوانن دیرۆک فام بکەن، ڕاستییەکەی لەو گۆڕانکارییە یەکلاکەرەوانەی وا لەم ئاستە بنەوانییەدا پێش دێن، بێئاگا دەمێننەوە. ئەگەر کەسێک بخوازێت لە گەل یان پێواژۆیەکی دیرۆکیی تێبگات، سەرەتا دەبێت پەی بە کۆمەڵگەی مەدەنیی و گۆڕانکارییەکانی ناوی ببات. ئەگەرچی دەلوێت گۆڕان لە بیچمی دەوڵەت و بەشەکانی تری بانخان، خۆسەر و جودا لە بنخانی کۆمەڵایەتیی بێتە بەرچاو، بەڵام تەنیا لە ڕێگەی ڕێچکەی گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوەیە _ واتا لە ڕێگەی پەرەسەندنەکانی ژیانی ئابووریی مرۆڤەکان-ـەوە دەتوانرێت لە ئامانجی مێژوو نزیکتر ببینەوە. دەی ئەگەر کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بنچینەیی وازیی دەکات، کەواتە لە دیدی مارکسەوە کارکردی دەوڵەت چی بووە؟ بۆ بەرسڤی تێروتەسەلی ئەم پرسە، دەستپێک دەبێت تێبگەین مارکس و ئەنگڵس، هەردووکیان لانیکەم لە سەرەتادا سێ مانای جیاوازیان _جا مەرجیش نییە ئەم سێیە لێل یەک ساز و کۆک بن- لەمەڕ واژەی دەوڵەت لە زەیندا بوو. لە درێژەدا ئەم سێ مانایە بەرباس دەدرێن.
١. هەوەڵین مانایەک کە بنکۆڵ دەکرێت، هەر ئەوەیە وا ئەنگڵس بە تێروپڕی شیتەڵی کردووە: واتا دەوڵەت ئامرازێکە لەپێناو ئاشتکردنەوەی هەڤدژییەکانی ناواخنی کۆمەڵگە. وی لە (بنەچەی خێزان، خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت)ـەکەی خۆیدا، چڕوپڕ پێواژۆییەکی شی کردووەتەوە، بەم پێودانگە، کۆمەڵگە دەوڵەت دەئافەرێنێت. ئەنگڵس ئارگۆمێنتی خۆی بەپێی پەرتووکێکی لویس هێنری مۆرگان، بە ناونیشانی (کۆمەڵگەی کۆن)، ڕۆ دەنێت؛ پەرتووکێک، نووسەر تێیدا لە سێ قۆناغی پەرەسەندنی مرۆڤ، واتا کێوی، بەربەرییەت و شارستانیی پێناس دەکات. ئەنگڵس پاساو دەهێنێتەوە لەگەڵ تێپەڕینی ئادەمیزاد لە قۆناغی بەربەرییەت، چێوەبەندیی ئابوورییەکی ئاڵۆزتر پەیدا بوو؛ بازرگانیی بەرفراوان بوو، پارە دەرکەوت، خەڵکان بۆ ئازاد و کۆیلە دابەش کران، ئاڵوگۆڕ هەڵکشا و سەرلەبەری کۆمەڵگە گۆڕانێکی قووڵ و بنەوانکێی بەخۆوە دیت. ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتییە، ناکاراییی ئەوەی وا ئەنگڵس بە (چێوەبەندیی خێڵەکی)ـی چاخی کۆنی ناودێر دەکات، ئاشکرا کرد، چێوەبەندییەک، کە هەر سەرومڕ و بە تەنیا لەسەر هێزی گوێڕایەڵیی زەینی گشتیی پاوەجێ بوو.[6] بیچمێکی تۆکمەتری چێوەبەندیی سیاسیی، واتا دەوڵەت، لەپێناو داکشاندنی هەڤدژیی تاوسەندووەی پەیوەندییە ئابوورییە نوێیەکان و پێشگیریی لە هەڤدژیی بێ پەردەی نێوان چینە تازەپیاکەوتووەکان، زەروورەتی پەیدا کرد. دەبێت لە یادمان بێت، دەوڵەت لەم شێوە و بیچمە بەراییەدا، هێشتاکانێ وەرنەگەڕابووە سەر ئامرازێک بە دەستی چینی فەرمانڕەواوە بۆ سەرکوتی دیتران ؛ واتە ئەو ڕۆڵەی دواتر وازیی کرد.
دەوڵەت چۆنچۆنیی ڕێگریی لە تەقینەوەی ئەم هەڤدژیانە و هەڕۆژانی کۆمەڵگە دەکات؟ ئەنگڵس پێی وابوو؛ دەوڵەت سەرەتا لە ڕێی دابەشکردنی خەڵک بەپێی کەوشەن و پیادەکردنی دەسەڵاتی دادوەریی بە سەر ناوچەیەکی جوگرافیایی دیاریکراودا، دەستپێشخەریی دەنوێنێت، نەک بەپێی ڕەچەڵەک و خێڵ.. ئا بەم چەشنە، ئارێشەی کۆچ و ڕەو، کە سیستەمی خێڵی سەرپاک ڕووبەڕووی ئاڵنگاری کردبووەوە، بە دەساوێژی پیادەکردنی دەسەڵات بە سەر تاکە یەک سەر زەمین و دانیشتوانەکەیدا، چارەسەر بوو. لە گاڤی دووەمدا دەوڵەت دەسەڵاتێکی گشتیی وەهای ئاوا کرد، چیتر هەر بە تەنێ دەستەیەکی ڕێکخراوی کاکڵەدار بە هێزی چەکداری نەبوو، بەڵکوو چون دامەزراوەیەکی خۆسەر و پاوەجێ باری سەرنجی دەخرایە سەر. ئەم دەسەڵاتە گشتییە زیندان، هێزەکانی تەناهیی، سوپایەکی هەمیشەیی و دامەزراوەی جێبەجێکاریی هەمەچشنی هەبوو. لەگەڵ هەڵکشانی هەڤدژییە چینایەتییەکانی هەڵقوڵاوی نێو پەرەسەندنە ئابوورییەکان، ئەم دەسەڵاتە گشتییەیش بەهێزتر بوو تاکوو بەر بە شۆڕشە خۆجێیەکان بگرێت. لەپێناو پاراستنی ئەم دەسەڵاتە ڕوو لەفراونبووەدا، دەوڵەت سێیەمین داهێنانی نوێی خۆی وەگەڕ خست: باجە زۆرەملێیەکان یان سەرانە. ئەوێ دەم تەنانەت ئەم گاڤەیش نەیتوانی تێچووی هەڵکشاوی دەسەڵاتی سەربازیی تازەدامەزراو دابین بکات، دەوڵەت لە ڕێگەی قەرزی دەوڵەتییەوە، دەستی بە قەرزکردن لە داهاتوو کرد.
٢. دەوڵەت وێڕای ڕۆڵی دادوەر بە سەر ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەوە، هەر زوو کارکردێکی تری بۆ سەربار بوو. کەمێک پاش پێکهاتنی دەوڵەت، دەسەڵاتی دەوڵەتیی لەلایەن چینی باڵادەستی سەر کایەی ئابووریی بووە ئامڕازی ستەمی چینایەتیی. ئا ئەم وێناندنەی دەوڵەت وەک ستەمکار ئەو بابەتەیە وا مارکس لە هەمووان پتر بەر باسی دا و سەرکۆنەی کرد. مارکس بە دوورکەوتنەوە لە کاریگەریی هیگڵیی، زوو ئەوەی فام کرد کە ئەوی وا بەم ڕادەیە چەمکی دەوڵەتی چون وێنەنوێنی بەرژەوەندییەکان و ئایدیاڵە هاوبەشەکانی کۆمەڵگە بەرجستە و بەرهەست کردبوو، سەرومڕ و هەر بەتەنێ خۆزگەی مرۆیی بوو کە بریا دەوڵەت ئاوهایی بێت.[7] جا مارکس لە یەکێک لە نووسینە بەراییەکانیدا، ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەت نەک بەو جۆرەی هیگڵ بەڵگاندنی بۆ کردووە، گوایە مانفێستی ”خۆکامڵکردنی ئایدیایەکی لۆژیکیی”ـیە، بەڵکوو بریکار و نوێنەری هەژمووندارانە.[8] ئەم دیدە وردەوردە پەرەی سەند و بوو بە کاکڵەیەک، لە چێوەی نووسینەکانی دواتری ویدا لەوانە (مانفێستی کۆمۆنیزم)، ڕەنگ دەدەنەوە.[9]
ئەنگڵسیش لەسەر ئەم خاڵە فرە پێداگر و مکووڕ بوو گوایە دەوڵەت “ماشێنی سەرکوتی چینی ستەمدیدە و چەوساوان”ـە.[10] بگرە دەوڵەتەیلی ‘دیمۆکراتیک’ـی مۆدێڕنیش سەرومڕ دەرکەوتەی جێگرەوەی دەسەڵاتی چینایەتیین، هەرچەندە بە ڕەسمیی جیاکارییەک لەسەر بنەمای موڵکداریی ناکەن. سەرمایە لەم دەوڵەتانەدا هەژموونی خۆی یان لە ڕێگەی گەندەڵیی ڕاستەوخۆی بەرپرسانەوە – خووخدەیەک کە لە ئەنگڵس وابوو ئەمریکا نموونەی کلاسیکی ئەمە دەنوێنێتەوە – یان لە ڕێگەی یەکگرتن لەنێوان دەوڵەت و بازاڕی پشکەکانەوە دەسەپێنێت، جا لەگەڵ هەڵکشانی قەرزداریی دەوڵەتییدا، بەهێزتر دەبێت. وی پێی وابوو لەم جۆرە حکوومەتانەدا، بگرە سەرمایە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی دەنگدانی گشتییەوە، فەرمانڕەوایی دەکات. بەوەدا چینی کرێکار لە زۆربەی وڵاتانەدا لەڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، ناخەمڵیوە، بەرژوەندییەکانی خۆی کتومت و پڕاوپڕ فام ناکات. سەرەنجام هەڵوەدای هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆی نییە، بەڵکوو هەر بە تەنێ لەنێوان ئەوێ قسەزان و وتاربێژانەدا وا چینی سەرمایەدار نمایشیان دەکات، هەڵدەبژێرێت. جەخار، لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتاکانێ دەوڵەت لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بە گشت هەڤدژییەکانییەوە، بە تەواوەتیی پێویستە، ئاخر “هێزەیلی هەماهەنگکەری کۆمەڵگەی شارستانیی” فەراهم دەکات.[11] جا لەم جوغزەوە، تاکوو کاتێك کۆمەڵگە نەگۆڕێت و دژبەرییە ناوەکییەکانی چارە نەبووبێتن، شاڵاوی ڕاستەوخۆ بۆ سەر دەوڵەت سوودێکی ئەوتۆی نابێت. تەنانەت ئەگەر بتوانرێت دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەدارییدا وەدەر بنرێت _ کە کاری نەکردەیە – کۆمەڵگە باش نابێت، بەڵکوو بە هۆکاری هەڤدژییەکانی هەناوی، بۆ بێسەروبەریی و ئاژاوە سەر دەکێشێت.
٣. لەگەڵ ئەمەیشدا، ئەم داننانە ناچارییە بە دەوڵەت لە کۆمەڵگەیەکی سەرمایەدارییدا، دیدی زاڵی مارکس و ئەنگڵس نییە، بە پێچەوانەوە، لە زۆرێک لە نووسینەکانیاندا بە ڕوونیی مێمڵیی خۆیان لەهەمبەر دەوڵەت و سیستەمی سەرمایەداریی نەشاردووەتەوە. بۆ پەیبردن بە هۆکاری ئەم بابەتە، دەبێت سێیەمین گۆشەنیگا لەمەڕ دەوڵەت لە نووسینەکانی مارکس و ئەنگڵس بە سەر بکەینەوە: مانای دەوڵەت وەک مشەخۆری کۆمەڵگە. ئەنگڵس ئەم بیرۆکەیەی لە پەرتووکی (بنەچەی خێزان، موڵکداریی تایبەت و دەوڵەت)ـدا پەرە پێ دا و ئاماژەی بەوە کرد لە مێژوودا قۆناغی ئاوارتە بوونیان هەبووە، جا لەوێڕا هاوسەنگیی نێوان چینە دژبەرەکان، بواری خۆسەریی بە دەوڵەت داوە. مەبەست لە خۆسەریی ئەوە بوو، دیوانسالاریی ناسنامە و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆی پێش دەخات و چون ئامرازی ستەم بۆ چینێکی ئابووریی، ڕەفتار ناکات. جا بەوەدا دەوڵەت داهاتەکانی خۆی لە کۆمەڵگەوە چنگ دەخات، ئەمە بێ ئەوەی کارکردێکی بەسوودی بۆ کۆمەڵگە هەبێت، بۆ مشەخۆرێک دەگۆڕێت. بە دیدی ئەنگڵس، “وا دەردەکەوێت ئەوە یاسای پەرەسەندنی مێژووییە، کە بۆرژوازی لە هیچ یەک لە وڵاتانی ئەورووپاییدا ناتوانێت دەسەڵاتی سیاسی – لانیکەم بۆ ماوەیەکی درێژ – بە هەمان شێوەی قۆرغکارانە کە خانەدانی فیوداڵ لە سەدەکانی ناوییندا لێی بەهرەمەند بوون، پاوان بکات.[12] وەک ئەو ڕستێک نموونە بۆ ئەم هەلومەرجە هاوسەنگە، ئاماژەی بە دەسەڵاتی ڕەها لە فەڕەنسای سەدەکانی حەڤدەیەم و هەژدەیەم کرد، کە بۆرژوازیی تازەدەرکەوتەی بەرانبەر ئەرستۆکراسیی قوت کردەوە، یان فەڕەنسا لە سەردەمی دوو ناپلیۆنەکەدا و ئەڵمانیای بن هەژموونی بسمارک.[13] سەرنجڕاکێش ئەوەیە ئا ئەم قۆناغە ‘ئاورتە’ـیە بە نزیکەیی دووسەد و پەنجا ساڵ لە دیرۆکی دوایینی فەڕەنسا دەگرێتەوە. وێڕای ئەم نموونانە لەمەڕ ئەو دەوڵەتە ستەمکارانەی ڕۆڵی مشەخۆری کۆمەڵگەیان وازیی دەکرد، ئەنگڵس وا دەهزرا ئەمریکا نموونەیەکی بەرجەستەی گەلێکی دیمۆکراسییە و هەمان بەزم لەوێش دەگوزەرێت.[14]
مارکسیش لە سەرکۆنەکردنی دەسەڵاتی دەوڵەتییدا، ڕاشکاو بوو. وی ئاماژەی بەوە کرد لە فەڕەنسا، گشت شۆڕشەکان لە بری تێکشکاندنی دەوڵەت، بە بەهێزبوونی دەوڵەت ئەنجامگیر بوون، تا ئەوەی دەزگەی دیوانسالاریی بە ڕەنگێک قەبە بووبوو، “چەشنی تۆڕ پەیکەربەندیی کۆمەڵگەی فەڕەنسای تەنیوە و گشت دەریچەکانی هەوابڕ کردووە”.[15] تا دەزگەی دەوڵەت گەوەرتر بێت، پتر بۆ ”مەزنترین ڕسوایی”ـی کۆمەڵگە و ”لانکەی گشت گەندەڵییەکان”ـی کۆمەڵگە دەگۆڕێت.[16] مارکس ئەم دیدەی لەمەڕ دەوڵەت لە (ئیدۆلۆژیی ئەڵمانیایی)ـدا تەواو چڕوپوخت کردەوە و وتی؛ ”لەم هەڤدژیانەی نێوان تاک و کۆمەڵگەوە، دووەمیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و لە بیچمی دەوڵەتدا دەردەکەوێتەوە، ئینجا لە بەژەوەندییە ڕاستەقینەکانی تاک و کۆمەڵگە دوور دەکەوێتەوە.”[17]
“دەوڵەت ناتوانێت و نالوێت هاوکات دادوەری ناکۆکییە هەمیشەییەکان و ئامڕازی ستەمی کۆمەڵایەتیی و مشەخۆری کۆمەڵگە بێت.”
بەوەدا ناسازگارییەکانی ئەم سێ دیدە لەگەڵ یەکتر هێندە ئاشکرایە، ئاتاجی پێداگریی پتر نییە، تەنیا بڕێک لە ئاڵۆزییەکان بەر ئاماژە دەدرێن. ڕوونە دەوڵەت ناتوانێت و نالوێت هاوکات دادوەری ناکۆکییە هەمیشەییەکان و ئامڕازی ستەمی کۆمەڵایەتیی و مشەخۆری کۆمەڵگە بێت. سەروەختێک دەوڵەت مشەخۆرە، چینێکی کۆمەڵایەتیی لە بەرانبەر چینێکی تردا دنە دەدات، بێ ئەوەی ببێتە بریکار و داردەستی هیچ یەکێک لەوان. هەروەتر، ئەگەر بریکاری چینێکی دیاریکراو بێت، ئاستەمە بتوانرێت وەک مشەخۆری کۆمەڵگە تێی هەڵڕوانرێت. دەشێت دەوڵەتێک دوو کارکردی یەکەم و سێیەم یان تەنانەت یەکەم و دووەم بەجێ بگەیەنێت، بەڵام نەک هاوکات هەر سیانیان.
تەنانەت ئەگەر پێی لێ بنرێت کە دەوڵەت دەتوانێت لە قۆناغە جیاوازەکانی پەرەسەندنیدا هەر سێ کارکردەکە ڕاپەڕێنێت، هێشتاکانێ بڕێک کێشەی بنچینەیی لە بیردۆزی سیاسیی مارکسیستییدا دەمێننەوە. ئەگەر دەوڵەت دەتوانێت مشەخۆری کۆمەڵگە بێت و پەیڕەوی ویستی چینی باڵادەستی ئابووریی نەبێت، ئەم پرسیارە قوت دەکرێتەوە: دەسەڵاتی سیاسیی لەسەر چ بناغەیەک پاوەجێیە؟ یان بە زمانێکی مارکسیستییانە، ئەگەر توخمێک لە بانخان وابەستەی بنخان نەبێت، بە کام ڕێگەی واتادار دەتوانرێت بوترێت بنخان بانخان دەئاژوێت؟ مژارێکی تر ئەمەیە: چی بە سەر جەمسەربەندیی مارکسیستییانەی کۆمەڵگە بۆ ستەمکار و ستەمدیدە، بۆرژوازیی و پرۆلیتاریادا دێت سەروەختێک فام بکەین خودی بۆرژوازیی لەژێر ڕەحمەتی ستەمی دەوڵەتی مشەخۆرانەدایە؟ ئەمانە تەنیا هەندێک لەو کێشانەیە وا لە دەکاربردنی تەمومژاویی واژەی ‘دەوڵەت’ لەلایەن مارکسەوە سەرچاوە دەگرن. لەگەڵ ئەمەش، لە بری خەریکبوونی پتر بەم خاڵەوە، پێ دەچێت باشتر بێت بزانین خودی مارکس چۆنچۆنیی کۆشا پرسی دەوڵەت لە کۆمەڵگەی ئاییندەدا چارەسەر بکات.
II
دەبێت ئاماژە بەوەش بکەین؛ کاتێک مارکس و ئەنگڵس سەرنجێکی بایەخداریان لەمەڕ باسکردنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی ئاییندە نەبووە، هێندە مایەی سەرسوڕمان نییە؛ هەروەتر واقوڕمێن نییە کاتێك ئەوەی وا لەبارەی وەها کۆمەڵگەیەکەوە وتوویانە، هەر فرە ناڕوون، لێکدژ و بە ئاشکرا یۆتۆپیاییە. مارکس لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرێک بوو – بێگومان ڕەخنەگرێکی تیژبین و درەوشاوە – بەڵام هەرچۆنێک بێت ڕەخنەگری ئەو سەردەم و کۆمەڵگە بوو وا لێی دەژیا. زانینی بەرینی وی، قسەبڕ بوو و توانای لە هەڵگێڕوداگێڕی پرسەکانی ڕۆژ مایەی ئیرەییپێبردن بوو، بەڵام مەیلێکی وای بۆ وردەکارییەکانی ئاییندە نەبوو، جا بۆیە کاتی ئەوتۆی بۆ تەرخان نەکرد. لەگەڵ هەموو ئەمەشدا، لە پەیڤەکانییەوە دەتوانرێت ئەمانەی خوارەوە هەڵهێنجێنرێت.
یەکەمین گاڤ لە ڕیی کۆمۆنیزمدا، بێگومان گرتنەدەستی دەسەڵاتە لەلایەن پرۆلیتاریا، ئەویش لەمیانەی شۆڕشەوە. ئەگەرچی ئامانجی کۆتایی چینی پرۆلیتاریا لە ئاوەژووکردنی سەرومڕی کۆمەڵگەی کۆن و ئاواکردنی کۆمەڵگەی نوێ بترازێت، شتێکی تر نییە، بەڵام هەنگاوی یەکەم، هێندەیش شاعیرانە نییە، واتا پڕکردن بە دەسەڵاتی سیاسییدا، پێویستییەکی نکۆڵیی لێ نەکراوە. بەڵام ئەو حیزبە شۆڕشگێڕە تازەیەی وا ئەم ئامانجە بەدی دەهێنێت، پێچەوانەی گشت حیزبە شۆڕشگێڕەکانی پێشین، دەبێت دەزگەی جێبەجێکاریی سەربازیی/دیوانسالاریی دەوڵەت تێک بشکێنێت.[18] ”ماشێنی ئامادەی دەوڵەت” بە هۆکاری چێوبەندیی و پێکهاتە و بەرژوەندییە چەسپاوەکانی، نالوێت بە سادەیی بکەوێتە خزمەت ئامانجەکانی چێنی کرێکارەوە.[19]
لەگەڵ ئەمەشدا نابوودیی دەزگەی دەوڵەتی سەرمایەداریی بەو واتایە نییە گشت میکانیزمەکانی سەرکوتی سیاسیی دەمودەست بسڕدرێنەوە. مارکس باش دەیزانی چاوەڕوانی بۆ مانەوە و بەرگەگرتنی کۆمەڵگەی پاش-شۆڕش، ئەویش بەبێ هیچ جۆرە ئامڕازێکی ملکەچکەر، چاوەڕوانییەکی گەپجاڕانەیە. وی مکووڕ بوو دەبێت قۆاناغێکی ڕاگوزەر، جا بە ماوەیەکی نەزانراوەوە، لەنێوان کۆمەڵگەی سەرمایەداریی و کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییدا هەبێت، هاوتەریب بە خولێکی ڕاگوزەری سیاسیی ناسراو بە “دیکتاتۆریی شۆڕشگێڕیی پرۆلیتاریا.”[20]
بەوەدا ئەنگڵس کۆمۆنی پاریسی وەک نموونەیەکی دیکتاتۆریی پرۆلیتاریا دەزانی، دەبێت خەسڵەتەکانی ئەم دیاردەیە بەو جۆرەی مارکس لە (جەنگی ناوخۆ لە فەڕنسا)ـدا بەرباسی داوە، شەنوکەو بکەین. کۆمۆن بەو ئەنجامە گەیشت دەبێت سەرتاپێی ماشێنی دەوڵەتیی کۆن، کە لە کۆمەڵگەی پێشیندا دژی چینی کرێکار وەگەڕ دەخرا، نابوود بکات.[21] پاشان بڕیاری دا دەبێت نوێنەران و بەرپرسان بە دەنگدانی گشتیی هەڵبژێردرێن، لە هەر ئانوساتێکدا شیانی دوورخستنەوە بن و مووچەیەکی پتر لە کرێکاران وەرنەگرن. سەربار، سوپای هەمیشەیی هەڵوەشاندەوە، پۆلیسی لە ڕۆڵە سیاسییەکەی کەنارگیر کرد و بۆ فەرمانبەرانێکی شیاوی لەکارلادان و وەڵامگۆ لەهەمبەر کۆمۆنەدا گۆڕی. کورت و پوخت، کۆمۆنە گشت دامەزراوە سەرکوتکارەکانی دەوڵەتی هەڵئاوساوی هەڵوەشاندەوە و کارکردە جێبەجێکارییە ڕەوایەتیپێدراوەکانی بە چەشنێک لێخوڕی، دەوڵەتی کرد بە شوێنکەوتەی کۆمەڵگە.[22]
بە بڕوای مارکس، کۆمۆن ڕەوتی دێرینی پەرەسەندنی دەسەڵات و هەژموونی دەوڵەتی ئاوەژوو کردەوە و بۆ کۆمەڵگە لغاوی کردن. ئەم ڕەوشە ڕەنگە باشترین دۆخ بێت هیوای لەسەر هەڵبچنرێت بۆ هەموو ئەو کۆمەڵگانەی هێشتاکانێ تەواو کۆمۆنیستیی نەکراوەتەوە. ئاخر بوونی جۆرێک لە دەوڵەت لەم قۆناغە ڕاگوزەرەدا، بەر لە دەرکەوتنی کۆمۆنیسم، پێویستییەکی ناچارییە، ئەوە هیچ کە ئەم دەوڵەتە دەبێت لانیکەم وەڵامگۆی خواستەکانی خەڵک بێت.
ئەگەر مارکس هەر لێرەدا دەستی هەڵگرتبایە و تەنیا ئاماژەی بە پێویستیی هەبوونی میکانیزمێکی وەڵامگۆ بۆ ڕاپەڕاندنی “ئەرکەیلی ڕەواییپێدراو”ـی دەوڵەت دابایە، پەیڕەوانی کارێکی سادەتریان لە بەردەمدا دەبوو. بەڵام وی واوەتر چوو و مکووڕ بوو کە لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی بە هەوار گەیشتوودا، دەوڵەت، لەوانە بگرە دیکتاتۆریی پرۆلیتاریایش، لەناو دەچن.[23] ئەنگڵس لە دەربڕینێکی گشتییتردا نووسی: “ئەو کۆمەڵگەیەی بەرهەمهێنان بەپێی ئەنجوومەنی ئازاد و یەکسانی بەرهەمهێنەران بەدی دەهێنێت، سەرلەبەری ماشێنی دەوڵەت دەئاخنێتە ئەو جێیەی شایەنییەتی: مۆزەخانەی چاخی کۆن لە تەنیشت ڕەوڕەوەی ڕستنوچنین و تەوری مسیین.”[24]
لەم خاڵەدا دەبێت هەڵوەستەیەک بکرێت تاکوو ببینرێت واژەی ‘دەوڵەت’ لە هەر سێ کاربردەکەی مارکسدا چ چارەنووسێکیان دەبێت. لە قۆناغی دیکتاتۆریی پرۆلیتارییدا، دەوڵەت وەک مشەخۆر یەکەوجێ لەناو دەچێت. یەکێک لە خەسڵەتە پەسندراوەکانی کۆمۆن، وەک بینیمان، ئەوە بوو، ئەرکە ڕەواکانی دەوڵەتی خزاندە ژێر کۆنترۆڵی کۆمەڵگەوە. جا بەم پێیە، تەنانەت بەر لە کۆمۆنیزمیش، دەوڵەت لانیکەم لە یەکێک لە ڕۆڵەکانیدا، لەناو دەچێت. گواستنەوەی پەیڤێکیش لە (مانفێستی کۆمۆنیزم)ـوە پیشانی دەدات بە نەمانی چینەکان لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا، چیتر حەوجە بە دەوڵەت وەک ئامڕازی سەرکوتی چینایەتی نییە. سەرئەنجام، وتەی ئەنگڵس لە (بنەچەی خێزان، موڵکداریی تایبەت و دەوڵەت)ـدا هێمان بۆ ئەوەی ئەو هەڤدژییە هەمیشەییانەی وا لە بنەوانەوە هۆکاری پەیدابوونی دەوڵەت بوون، بە سەرهەڵدانی ”ئەنجوومەنی ئازاد و یەکسانی بەرهەمهێنەران” لەناو دەچن و ئاکام، چیتر نیازێک بە دەوڵەت لە وێنەی دادوەر بوونی نامێنێت. کەواتە دەوڵەت لە هەر سێ ڕۆڵەکەی خۆیدا، هەروەتر دیکتاتۆریی پرۆلیتاریایش، لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا لەناو دەچن.
بەڵام ئەمە کۆتایی بەزمەکە نییە. ئاخر مارکس و ئەنگڵس لە باسوخواسی خۆیاندا لەمەڕ ئاییندە، جۆرە ”چارەسەرێکی پەرجووئاسا”ـیان بۆ نێو پێشهاتەکە هانی: وان ڕۆڵێکی تریان بۆ دەوڵەت لەبەرچاو گرت، هەرچەندە کۆشان بە چەمکی پێچەڵپێچ و ئاڵۆز، خۆ لە بەکارهێنانی خودی واژەی ‘دەوڵەت’ بەدوور بگرن. لەپێناو تێگەیشتنی باشتری ئەم مانا نوێیەدا، دەبێت باری سەرنج بخەینە سەر بەشێک لە (سۆشیالیزمی یۆتۆپیایی و زانستی)ـی ئەنگڵس:
“دەستەوەردانی دەوڵەت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، یەک لە دوای یەک، زیادە و سەربار دەردەوکەون و پاشان خۆبەخۆ هەڵدەپڕوکێن و نامێنن؛ حکوومەتکردن بەسەر ئادەمیزادەیلەوە شوێنی خۆی بە بەڕێوەبردنی شتەکان و پێشبردنی ڕەوتەکانی بەرهەمهێنان دەدات. دەوڵەت هەڵناوەشێتەوە، بەڵکوو دەژاکێت.”[25]
بێگومان تێگەیشتنی ئەم بڕگەیە دژوارە، بە تایبەت بەشی ”حکوومەتکردن بە سەر ئادەمیزادەیلەوە شوێنی خۆی بە بەڕێوبردنی شتەکان و پێشبردنی ڕەوتەکانی بەرهەمهێنان دەدات”؛ بەڵام کتومت هەمان بڕگە، سەرەکییترین خاڵ لەخۆ دەگرێت. تەنانەت ئەگەر پێی لێ بنێین ”بەڕێوەبردنی شتەکان” و ”پێشبردنی ڕەوتەکانی بەرهەمهێنان”، دەستەواژەگەلی فرە تەمومژاویین، هێشتاکانێ دەری دەخەن ئەنگڵسیش لەمەڕ نیاز بە جۆرە کۆنترۆڵ و ڕێکخستنێکی کاروبار لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا، ئاگامەند بووە.[26] وی نەیوت ئەم کۆنترۆڵانە چی دەبن یان باسی نەکرد چی جۆرە هۆکارێک ئەم کۆنترۆڵە جێبەجێ دەکات، بەڵام هێندە خەیاڵپڵاو نەبوو گومان بکات کۆمەڵگەی پیشەسازیی مۆدێرن بەبێ میکانیزمی بەڕێوبەرێتیی، بە باشیی کار دەکات.
مارکسیش هەمان خاڵ لە (ڕەخنەی بەرنامەی گۆتا)ـدا ڕوونتر دەردەبڕێت:
” ئەم پرسیارە دەخرێتە ڕوو: لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییدا، گۆڕانی دەوڵەت چۆنچۆنی دەبێت؟ بە دربڕینێکی تر، کام کارکردی کۆمەڵایەتیی هێشتاکانێ لە ئارادا دەبن، کە لەگەڵ کارکردە هەنووکەییەکانی دەوڵەتدا لێکچوونیان هەیە؟ ئەم پرسیارە بە تەنیا بە شێوازێکی زانستیی شیانی وەڵامدانەوەیە و سەربارکردنی هەزارانبارەی واژەی خەڵکیی بۆ وشەی دەوڵەت، تۆزقاڵێک لە بەرسڤ نزیکمان ناکاتەوە”.[27]
ئەم پاژە لە هیوابڕترینی پەیڤەکانی مارکسە. هەر دوو پرسیاری یەکەم، لە زەینی خوێنەردا ئەو چاوەڕوانییە درووست دەکەن کە سەرئەنجام پرسی دەسەڵات لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییدا بڕیار وایە نەمێنێت یان لانیکەم بەرهەڵستیی بکرێت. بەداخەوە باسی دواتری مارکس، بگرە خوێنەر تەنانەت ”تۆزقاڵێک” لە بەرسڤ نزیک ناکاتەوە. چەشنی وتەکانی ئەنگڵس، لێرەشدا ڕوونە مارکس پێ لە پێویستیی جۆرە نەزمێکی ڕێکخراو بۆ ڕاپەراندنی بڕێک لە ئەرکە هەنووکەییەکانی دەوڵەت لە کۆمەڵگەی ئاییندەی کۆمۆنیستییدا، دەنێت. ئەم چوارەمین هەڵگۆزانە لە دەوڵەت وەک ڕاپەڕێنەری ئەرکەیلی پێوست، پیشانی دەدات هەر دوو هزرڤان بە خشکەیی قەبووڵیان کردووە دەوڵەت شتێکی پتر لەو سێ ڕۆڵەیە وا پێشان ئاماژەیان پێ دابوو. پاش ڕەتکردنەوەی ئەو سێ ڕۆڵە نەخوازراوەی (دەوڵەت)، بە سادەیی ئەم هەڵهێنجانەی چوارەم دەهێننە پێشەوە، ئەمە بێ ئەوەی لێکەوتەکانی بە سەر بکەنەوە.
بەڵام نها دەتوانرێت بە ڕوونیی ببینرێت، بە چاوپۆشیی لەو چەمکانەی دەکاریان هێناوە، ئەوکاتەی پێ لەسەر جۆرە میکنایزمێکی کۆنترۆڵ یان نەزم دەنێن، بەڵگاندنیان لەرزۆک دەبێت. نەزم و کۆنترۆڵ ئاتاجی یاسان، جا ئەم واژەیە دەکار ببەن یان نا. ئینجا بەوەدا یاسایش حەوجەی بە پەسەندکردن، ڕاڤە و جێبەجێکردنە، بە تایبەت لە کۆمەڵگەی پیشەسازییدا، دەبێت هۆکارەیەلێک بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم ئەرکانە بئافرێنرێت. باجسەندن _ یان شتێکی هاوەشێوە _ لەپێناو پاڵپشتیکردنی گشت ئەم دەزگەیەدا پێویستە. ئەم ڕەگەزانە پێکڕا شتێک دەئافرێنن، لێکچوونێکی نیگەرانکەری لەگەڵ دەوڵەتانی ئەمڕۆییدا هەیە، ئەوە هیچ بەلەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەیش کە دەلوێت دیسان ببێتە مشەخۆرێک بە سەر لەشی کۆمەڵگەوە. کەواتە بگرە ناساندنی ئەم هەڵگۆزانی چوارەمە، هەرچەندە زادەی ئاگایی وانە لەمەڕ شیمانەی ڕەوایەتیی دەسەڵات، نەیتوانی ئەو ڕەوشە دژوارەی وا مارکس و ئەنگڵس تێیدا گیریان خواردبوو، چارەسەر بکات. یان دەبێت کۆمەڵگەی ئاییندە بێ هیچ جۆرە کۆنترۆڵ و نەزمێک بەڕێوە ببرێت – هەڵوێستێک کە هیچ یەک لەو دووانە نەیانگرتە بەر – یان دەبێت میکانیزمێکی هاوشێوەی دەوڵەت بەگەڕ بخرێت – کە دیسان هیچکامیان ڕاستەوخۆ هەڵوێستێکی وایان نەنواند. یان دەبێت پێی لێ بنرێت دەوڵەتی سەرمایەداریی، بڕێک ئەرکی ڕەوای هەیە و دەبێت لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستییدا درێژەیان پێ بدرێت، یان دەبێت بڕوامان هەبێت کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیی بێ نەزمێکی ڕێکخراو، بەرگە ناگرێت. مارکس و ئەنگڵس لە قەبووڵکردنی ئەم هەڵوێستانەدا، خۆیان نەبان کرد، ئەمەیش ئەوانی ئاخنییە دۆخێکی دژوارەوە.[28]
چ ئەنجامیک لەم باسەوە وەدەست دێت؟ ئەوەی مارکس و ئەنگڵس، ئاگایانە یان نائاگایانە، لە لەمەڕ شڕۆڤەی پرسی دەسەڵاتی سیاسیی و دامەزراوەی سیاسی لە کۆمەڵگەی پیشەسازییدا، ئاڵتیان هانی. ئەوان لە بڕێک چەوتیی چێوەبەندیی سیاسیی ئەودەم، ناڕازیی بوون، بەڵام ڕێگەچارەیلی کردەییان پێشكەش نەکرد. لە نووسراوەکانیاندا، چەمکی ‘دەوڵەت’ـیان لانیکەم لە دووتوێی چوار مانای جۆراوجۆردا بەکار هێنا، ئەمە بێ ئەوەی ئەم مانایانە ڕوون بکەنەوە یان جیاکارییەکیان لە نێواندا دابنێن. سەرئەنجام لەمیانی ئەو کەمە ئاماژەیەی وا بە کۆمەڵگەی ئایندەیان دا، بە گشتیی لە ئاوڕدانەوە لە پرسی دەسەڵاتی سیاسی دوورەپەرێز مانەوە.
ڕەنگە مارکس و ئەنگڵس هەرگیز بیردۆزێکی تۆکمەیان لەمەڕ دەوڵەت ئامادە نەکردبێت، بەڵام بێگومان لە بابەت بیردۆزی سیاسییەوە پرسگەلی قووڵ و ورووژێنەریان خستە ڕوو. میراتی پاوەجێی مارکس لە هزری سیاسییدا، لە چێوەی بیردۆزێکی یەکدەستدا نییە لەمەڕ دەوڵەت – کە هەرگیز نەخرایە ڕوو -، بەڵکوو لەو پرسیارانەدا پەنهانە وا لە سەروەختی باسوخواس لەمەڕ دەوڵەت خستیانە ڕوو. ئەم پرسیارانە وەهان:
١. تا چ ڕادەیەک چێوەبەندیی ئابووریی چێوەبەندیی سیاسی دەستنیشان دەکات؟
٢. پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و دەسەڵاتی ئابووریی چییە؟
٣. دەوڵەت تا چ ئەندازەیەک ئامڕازی سەرکوتکردنە؟
٤. داخۆ دەوڵەتی مۆدێڕن بووە بە مشەخۆرێک بە سەر کۆمەڵگەوە و لە خواستی خەڵکی دابڕاوە؟
٥. ئامانجی دەوڵەت چییە و کاراترین ڕێگە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە کامەیە؟
٦، دەوڵەت چۆن و بۆچی پەیدا بوو؟
هەرچەندە مارکس و ئەنگڵس یەکەمین کەس نەبوون ئەم پرسیارانەیان خستبێتە ڕوو، بەڵام شێوازی خستنەڕووی وان بۆ پرسیارەکان، کاریگەریی بەرچاوی بە سەر هزری سیاسییەوە لە زەمانی خۆیانەوە تاکوو نها، هەبووە. مایەی واقوڕمان نییە گشت ئەم پرسیارانەیان وەڵام نەداوەتەوە – هەروەک هزرمەندانی دواتریش لە وەڵامدانەوەی پڕاوپڕی ئەو پرسیارانەدا، دەستخەڕۆ مانەوە – بەڵام دەی هەر ئەوەی ئەم پرسیارانەیان بەم شێوازە خستە ڕوو، بە دەستکەوتێکی مەزن بۆ ئەوان دادەنرێت. توێژەرانی ڕۆژاوایی، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ فەلسەفەی ئەم دووانەدا دژبەر بن، هێشتاکانێ دەتوانن لە ڕێگەی تێڕامان لەم پرسیارە پڕمانایانەوە، بەهرەمەند بن؛ هاوکات، دەشێت کەمێک هاوسۆزیی و چاوپۆشییش لەهەمبەر ئەم توێژەرانە پیشان بدەین وا بە هۆکاری پابەندیی ئیدۆلۆژیی، ناچارن لە بەرهەمەکانی مارکس و ئەنگڵسدا بە بۆ لێکدانەوەیەکی تۆکمە لەمەڕ دەوڵەت بگەڕێن.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
* https://naghd.com/: نقد اقتصاد سیاسی، نقد بتوارگی، نقد ایدئولوژی (مفهوم دولت در فلسفهی مارکس و انگلس)، فلیب دایر، مترجم: دلشاد عبادی.
(Dyer, Philip W. (1972). The Conception of the State in the Philosophy of Marx and Engels. Journal of Thought, 7(3), 147–158.)
[1] Thomas Hobbes, Leviathan (New York: E.P. Dutton and Company, Inc., 1950), chapter 17; John Locke, “An Essay Concerning the True Original, Extent and End of Civil Government” in Social Contract, ed. Ernest Barker (New York: Oxford Univer- sity Press, 1962), p. 56; and George H. Sabine, A History of Political Theory (New York: Henry Holt and Company, 1950), pp. 469, and 524.
[2] Karl Marx, The German Ideology, in Marx’s Concept of Man, ed. Erich Fromm (New York: Frederick Ungar Publishing Co., 1961), p. 210.
[3] Frederick Engels, The Origin of the Family, Private Property and the State in Karl Marx and Fredrick Engels: Selected Works (hereinafter referred to as MESW); Property and the State in Karl Marx and Fredrick Engels: Selected Works (hereinafter referred to as MESW) (Moscow: Foreign Languages Publishing House, 1958), II, 314-17.
[4] Marx, The German Ideology, Fromm, p. 210.
[5] Ibid.
[6] Engels, The Origin of the Family. . ., in MESW, II, 317.
[7] Sidney Hook, From Hegel to Marx (New York: The Humanities Press, 1958),
[8] lbid., p. 159.
[9] Marx and Engels, The Communsit Manifesto, in MESW, I, 36. n
[10] Engels The Origin of the Family. . ., in MESW, II, 324.
[11] Ibid.
[12] Engels, Socialism: Utopian and Scientific, in MESW, II, 110.
[13] Engels, The Origin of the Family. . ., in MESW, II, 321.
[14] Engels’ Introduction to Marx’s The Civil War in France, in MESW, I, 483.
[15] Marx, The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte, in MESW, I, 333.
[16] Marx, The Civil War in France, in MESW, I, 518.
[17] Marx, “The German Ideology, ” in FROMM, p. 206.
[18] Marx, The Eighteenth Brumaire of Louis Bonaparte, in MESW, I, 333.
[19] Marx, The Civil War in France, in MESW, I, 516.
[20] Marx, Critique of the Gotha Programme, in MESW, II, 32-3.
[21] Marx, The Civil War in France, in MESW, I, 483.
[22] V. I. Lenin, The State and Revolution, in his Selected Works (New York: International Publishers, 1967), II, 298.
[23] Marx and Engels, The Communsit Manifesto, in MESW, I, 54.
[24] Engels, The Origin of the Family. . ., in MESW, II, 322.
[25] Engels, Socialism: Utopian and Scientific, in MESW, II, 150-1.
[26] Marx and Engels: Basic Writings on Politics and Philosophy, ed. Lewis S. Feuer (Garden City, N.Y.: Doubleday Anchor Books, 1959), pp. 481-5.
[27] Marx, Critique of the Gotha Programme, in MESW, II, 32.
[28] تەنانەت ئەگەر پەسەندی بکەین مرۆڤ لە کۆمەڵگەی ئاییندەدا، بە جۆرێکی تر دەبێت (لەخۆبوردوو، ع\ئەقڵانیی و مرۆڤدۆست)، ئەوەی شیمانە بکەین وەها کەسانێک هەمیشە لە پرسە سەرەکییەکاندا لەگەڵ یەکتر کۆک دەبن و چیتر پێویستمان بە ‘سیاسەت’ نابێت، لانیکەم دەکرێت بوترێت ئەمە سادەبینانەیە.



