گۆشەی ئازد

شۆڕشی پاسیڤ (ناچالاک) یان شێواندنی چەمکەکان؟

هەڵوەشاندنەوەی میتۆدۆلۆژیی ئەو تێڕوانینە سەپێنراوانەی کە دەیانەوێت پارادایمی ڕزگاریخوازی ڕێبەر ئۆجالان و تێکۆشانی ڕۆژاوا لە ڕێگەی مۆدێلی "شۆڕشی پاسیڤ"ەوە بچووک بکەنەوە.

ئۆزگور ئامەد   

لە تورکییەوە؛ نەجیبە قەرەداخی

شۆڕشی پاسیڤ (ناچالاک) یان شێواندنی چەمکەکان؟

لە ژمارەی ٤٤٤ـی گۆڤاری ‘بیریکیم – Birikim’، نیسانی ٢٠٢٦، وتارێک بە قەڵەمی فرات ئایدنکایا بە ناونیشانی “لە شۆڕشی نەتەوەییەوە بۆ شۆڕشی پاسیڤ: چارەکە سەدەی کۆتایی بزووتنەوەی کورد” بڵاو کرایەوە، لەو نووسینەدا چارەکە سەدەی کۆتایی بزووتنەوەی کورد لە چوارچێوەی سەربووردەی ‘ گۆڕان و پاشەکشەیەکی توند’ـدا هەڵدەسەنگێنێت. وتارەکە بە کورتیی ئاماژە بەم لایەنانەی لای خوارێ دەکات:

لە کاتی لێکۆڵینەوە لە گۆڕانکارییەکانی چارەکە سەدەی کۆتایی بزووتنەوەی سیاسیی کورد، بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە بزووتنەوەکە لە بیرۆکەی ‘شۆڕشی نەتەوەیی’ دوور کەوتووەتەوە و هەم لە باکوور و هەم لە ڕۆژئاڤا پێی ناوەتە نێو پێواژۆی ‘شۆڕشی پاسیڤ’ـەوە. دەڵێت گوایە؛ هۆکاری سەرەکییش بەڕێز ئۆجالان خۆی، تیۆرەکانی و ئەکتەرەکانی سیاسەتی پراکتیکیین. بە زمانێکی توند ڕەخنە لە دەستبەرداربوونی بزووتنەوەکە لە ئامانجی دژەکۆڵۆنیالیزم، دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین و بەدەستهێنانی پێگەی سیاسیی دەگرێت. ئاماژە بەوە دەکات کە لەبری داواکاری سەروەریی کورد، هێڵی ‘کۆماری دیموکراتیک’ جێی گرتووەتەوە و گوایە ئامانجی نەرمکردنی پێکهاتەی دەوڵەتی ئێستا و ئینتیگراسیۆنە. ئەم دۆخە وەک لادانی ئایدۆلۆژیی پێناسە دەکات و دەبێژێت سیاسەتی لە جەوهەرە شۆڕشگێڕییەکەی داماڵیوە و کردوویەتی بە توخمێکی نێو سیستەم. لە درێژەی ڕەخنەکانیدا، بە توندیی هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاڤا و تەنانەت تا ئەو ئاستە دەچێت کە چەمکی ‘نەتەوە’ـی قۆرخ کردووە. نووسەر مژدەی قۆناغی ‘پۆست-ئۆجالان’ دەدات. لەگەڵ دەیان چوارچێوە و بابەتی تر کە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی بژاردەیی تیۆرەکان و گونجاندنیان بەپێی ئارەزووی خۆی، بنەماڕێژیان دەکات. لە خوارەوە هەوڵ دەدەم بابەتەکانی تریشی شی بکەمەوە.

ماوەیەکی درێژە ئایدنکایا ئەو وتارانە دەنووسێت، جارجار ڕەخنە و جارجاریش تۆمەتن و لە ڕەخنە دەردەچن، لە زنجیرەوتارێکی گۆڤاری ‘بیریکیم’ـدا بڵاوی کردوونەتەوە. لەم ڕووەوە، بە سەرنجدان لەم وتارە، هەوڵ دەدەم بەدواداچوون بکەم کە لە چەند بوارێکدا چۆن چەواشەکاریی کردووە و پەیوەندی هۆکار- ئەنجامی بەپێی حەز و ئارەزووی خۆی داڕشتووە. بێگومان ئەمە جگە لەوەی وتارێکی دژەئەرگۆمێنتە، هاوکات پەرچدانەوەی میتۆدی ئەم شێوازە نووسینەشە.

هەڵە چەمکییەکان

لە شیکارییە سیاسییەکاندا گەورەترین و کوشندەترین هەڵە لەوانەیە ئەوە بێت کە چەمکێک لەو چوارچێوە مێژوویی و چینایەتییەی وا لێی لەدایک بووە، داببڕیت و هەوڵ بدەیت بە ئەکتەری پێکهاتەیەکەوە بلکێنیت کە لە بنەڕەتدا دژایەتیی تەواوی لەگەڵی هەیە. چەمکی ‘شۆڕشی پاسیڤ’ـی (rivoluzione passiva) ئەنتۆنیۆ گرامشی کە فرات ئایدنکایا بۆ خوێندنەوەی گۆڕانکارییەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کورد پەنای بۆ بردووە، لە کاتێکدا چەقی تیۆری هەموو دەقەکە پێک دەهێنێت، بە شێوەیەکی ناودژ (پارادۆکساڵ) دەبێتە لاوازترین و هەستیارترین ڕەهەندی دەقەکەش. لە تیۆری سیاسییدا، بە تایبەت لە خوێندنەوەی گرامشیدا، ‘شۆڕشی پاسیڤ’ ناوێکە و بەو ستراتیژەی چینێکی باڵادەست (هێژەمۆنیک) دەدرێت کە لە ڕووی مێژووییەوە لە هەڵکشاندایە یان پێشتر دەستی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەتدا گرتووە (بۆ نموونە بۆرژوازیی ئیتاڵیی لەو سەردەمەدا)، لە ڕێگەی چاکسازیی سەرەوە بۆ خوارەوە، بزووتنەوە جەماوەرییە ڕادیکاڵەکان و داواکارییە گۆڕانکاریخوازییەکانی چینەکانی خوارەوەی گەل، ڕادەکێشێتە نێو خۆی و بێدەنگیان دەکات، جا لە کۆتاییدا لە نێو دەسەڵاتی خۆیدا دەیانتوێنێتەوە. ئەم کردەوەیە بە زمانی ئیتاڵیی بە “transformismo” (گۆڕانکاریی) ناسراوە، ئەمە گوزارە لە گۆڕانی دەوڵەت و دامەزراوەکان دەکات لەسەر ئاستی ماکرۆ، بەڵام هەمیشە لە “پێگەی دەسەڵات و سەروەرییەوە” بەڕێوە دەچێت.

داڕمانی شیکارییەکەی ئایدنکایاش لەو خاڵەدا ڕوو دەدات وا دەڵێت “پێویستە بە لادانی چەمکی بۆرژوازیی و گۆڕینی بە چەمکی بزووتنەوەی کورد” دەست بە خوێندنەوەکەمان بکەین. چونکە ئەمە تەنیا گۆڕینی وشەیەکی سادە نییە، بەڵکوو کارەساتێکی ئۆنتۆلۆژیی (بوونناسیی)ـیە. کاتێک لە پەنجەرەی سەرمایەدارییەوە سەیری دەکەین، بۆرژوازیی لە بنەڕەتدا ئەو چینەیە وا خاوەنی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، سەرمایە، موڵکایەتیی و هێزی ئابوورییە، دەوڵەتیش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ وەک شێوازێکی سیاسیی بۆ سەروەریی بۆرژوازیی سەرمایەداریی کار دەکات. کەچی بزووتنەوەی کورد، ڕاستینەی گەلێکە و لە ناو سنوورەکانی چوار دەوڵەت-نەتەوەی جیاوازدا (بۆ نموونە تورکیا) لە میکانیزمەکانی دەوڵەت دابڕێنراوە، بەردەوام بە تاوانبار نیشان دراوە و لەناو قەفەسی توندوتیژییەکی نەپساوەی سەربازیی و یاساییدا بەند کراوە. دانانی ئەکتەرێکی باڵادەست کە توانای هەڵلوشینی لە سەرەوە هەیە، لەگەڵ بکەرێک کە لەژێر فشاری لەناوبردنی ناهاوسەنگدا (نابەرابەریی) ناچارە بۆ مانەوە مانۆڕ بکات لە هەمان بۆتەی چەمکیدا، هەموو لۆژیکی ڕوونکردنەوەی تیۆرییەکە لەناو دەبات. ئەم پرۆسەی شوێنگۆڕکێیە، بە شێوەیەکی زۆر مەترسیدار و بێدەنگ سەپاندنێکی  نایاسایی دەخاتە نێو ئەرگۆمێنتەکەوە. ئالێرەدایە پێویستە ورد و هۆشیار و بەئاگا بین.

چییە ئەوە؟ وەک ئەوەی هێزێکی باڵادەست هەیە بە ویستی ئازادیی خۆی “پاسیفببوون یان ناچالاکیی” هەڵبژاردووە و بە ئەنقەست جەماوەرەکەی پاسیڤ کردووە…

ئەو “بەئەنقەستبوون” و ئاسوودەییەی دەسەڵات گرامشی بۆ دەسەڵاتداری سەرەوەری دەگەڕینێتەوە، بەڵام تۆ دەیدەیتە پاڵ پەرچەکردارەکانی مانەوەی بکەرێکی بندەست لەژێر توندوتیژیی دەوڵەت و تەسکبوونەوەی مەیدانی جووڵە و پاشەکشە ستراتیژییە ناچارییەکانی وەک “خیانەت” یان گەندەڵیی ناو سیستەم دەیخوێنیتەوە، ئەگەر ئەمە دابڕان نەبێت لە ڕاستیی، ئەدی چییە؟

ڕەهەندی زۆر مەترسیدارتر و نالەبارتری ئەم ئاوەژووکردنەوە چەمکییە، شکاندن و پارچەپارچەکردنی تەواوی تەلارسازیی ستراتیژیی گشتیی گرامشییە. گرامشی هەرگیز چەمکی ‘شۆڕشی پاسیڤ’ بە تەنیا بەکار ناهێنێت، بەڵکوو لە دەوری تەوەرەکانی ‘شەڕی سەنگەر’ و ‘شەڕی مانۆڕ’ جێگیری دەکات. لە هاوکێشە گرامشییەکەدا، لەو شوێنانەی کۆمەڵگەی مەدەنیی تێیدا لاوازە و دەوڵەتیش تەنیا لە هێزی ڕووت و زەبروزەنگ پێک هاتووە (کە بە ‘ڕۆژهەڵات’ پێناسەی دەکات)، شۆڕش بریتییە لە هێرشێکی دەستبەجێ، کتوپڕ و ڕووبەڕوو، جا ڕاستەوخۆ دەوڵەت دەکاتە ئامانج، واتە شەڕی مانۆڕە. بەڵام لەو جۆرە دامەزراوەییانەی شێوازی ڕۆژاوادا کە تۆڕەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی تێیدا بەهێزن و ئامێری ئایدۆلۆژیی دەوڵەت بە سیستمێکی ئاڵۆزی قەڵغان دەپارێزرێت، هێرشی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو بۆ سەر دەوڵەت، جۆرێکە لە خۆکوژیی. ئەوەی لێرەدا پێویستە بکرێت، بریتییە لە ‘شەڕێکی سەنگەربەندیی’ درێژخایەن و ئارام لەناو کۆمەڵگەی مەدەنیی، کەلتوور، زمان، پەروەردە و خۆبەڕێوەبەرییە خۆجێییەکاندا، ئەویش بە ئامانجی خۆبنیادنان بەرانبەر هێژەمۆنیایەکی دژبەر.

ئێستا با ئەم چاویلکە تیۆرییە بخەینە سەر ئەو پرۆسەیەی ئایدنکایا بە “وەرچەرخان بەرەو شۆڕشی پاسیڤ” ناوزەد و تاوانباری دەکات. کاتێك بزووتنەوەیەکی سیاسیی لە شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی و ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەوڵەت (واتە شەڕی مانۆڕ)، بەرەو کایەیەکی مەدەنیی و درێژخایەنی وەک ناو شارەوانییەکان، دامەزراوەکانی زمان و کەلتوور، بزووتنەوەکانی ژنان، ناڕەزایەتییە ئیکۆلۆژییەکان و سیاسەتی پەرلەمانیی مل دەنێت… ئەمە، ڕێک هاوتا و ڕەنگدانەوەی مەیدانیی ئەو ‘شەڕی سەنگەر’ـەیە وا گرامشیی لە پێکهاتەیەکی پێشکەوتووی دەوڵەت- کۆمەڵگەدا وەک ‘تاکە ستراتیژی ئەقڵانیی’ پێشنیاری دەکات. ئەی باشە ئایدنکایا چی دەکات؟ دێت ئەم تێکۆشانە پڕ لە زەحمەتەی هێژەمۆنیای دژبەر (واتە شەڕی سەنگەر)، کە جەماوەر و چەوساوەکان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بە ئارامیی دایانڕشتووە، وەردەگرێت و ڕێک بە پێچەوانەی تێڕوانینی گرامشی، ناوی ئەو ئۆپەراسیۆنی پاکتاوکردنەی دەسەڵاتداران لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەڕێوەی دەبەن، واتە چەمکی ‘شۆڕشی پاسیڤ’ـی بەسەردا دەبڕێت. جیاوازی نێوان ئەم دووانە یەکلاکەرەوە و ژیانییە. یەکەمیان دەستپێشخەریی خۆڕاگریی و بنیادنانی چەوساوەکانە، دووەمیشیان هەوڵی چەوسێنەرە بۆ خنکاندنی ئەو دەستپێشخەرییە. بەهۆی ئەم سەرلێشێواوییە تیۆرییەوە، ئەو وتارەی لە ‘بیریکیم’ـدا نووسیویەتی، وەهمێک درووست دەکات وەک ئەوەی بزووتنەوەکە بە ڕەفتاری چینێکی باڵادەست جەماوەری خۆی پاکتاو دەکات، بەمەش ئاڕاستەی بکەرەکە (لە ڕوانگەی ئەوەوە تاوانبارەکە) سەرتاپێ تێک دەدات.

ئیستغلالکردنی تیۆریی دژەکۆڵۆنیاڵیزم

چاڵێکی تر کە ئایدنکایا و ئەو توێژانەی خۆیان لەژێر قەڵغانی بۆچوونی ‘دەرەکیی’ ڕۆشنبیرییدا دەپارێزن، تێی کەوتوون، بریتییە لە بەکارهێنانی چەمکی هەڵوەشانەوەگەریی deconstraction تیۆریی پاش- داگیرکاریی (پۆستکۆڵۆنیاڵ)، ڕێک بۆ زیندووکردنەوەی ئەو نۆستالژیای ‘نەوڵەت-نەتەوە’ـیەی وا خودی ئەو تیۆرییە ئامانجی تێکشکاندنی بوو. ئایدنکایا بۆ پشتگیریی ئەرگۆمێنتەکەی پەنا دەباتە بەر “پارسا چاتەرجی”، بەڵام ئەو پڕۆژە سەرەکییەی چاتەرجی هەموو ژیانی ڕۆشنبیریی خۆی بۆ تەرخان کرد، بریتی بوو لە ئاشکراکردنی ئەوەی کە چۆن ناسیۆنالیزمی دژە-کۆلۆنیاڵ وەک گوتارێکی ‘وەرگیراو’ ڕێک لۆژیکی کۆڵۆنیالیستەکان کۆپی دەکاتەوە و بەرهەمی دەهێنێتەوە، واتە ڕەخنەکردنی ڕادیکاڵانەی خودی فۆرمی دەوڵەت-نەتەوەیە. لە کاتێکدا دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، بەکارهێنانی ئەرگۆمێنتەکانی چاتەرجی بۆ شێوەنگێڕی لەسەر نەبوونی “شۆڕشێکی نەتەوەیی” کلاسیکی پڕ لە حەسرەت یان بیرۆکەی ‘ستاتۆ’ـی دەوڵەت-نەتەوەیەکی سەروەر، خۆکوژییەکی فەلسەفییە. هەوڵدان بۆ پیرۆزکردنی ئامانجی “دەوڵەت-نەتەوە”ـی ئەورووپا-تەوەر، کە قوتابخانەی بندەستەکان چەندین دەیەیە هەڵیدەوەشێنێتەوە، پیرۆزکردنی بە تێرمۆنۆلۆژیای خودی ئەو تیۆرییە، دژایەتییەکی لۆژیکییە و وەسفکردنی قورسە.

هەمان ئیستغلالکردن لە ڕێگەی ‘فرانس فانۆن’ـیشەوە بەڕێوە دەبرێت. فانون لە بەرهەمە ناودارەکەیدا “نەفرەتلێکراوانی سەر زەوی” لە بەشی “کارەساتەکان/تەڵەکانی هۆشیاریی نەتەوەیی”، کاتێک بێبەزەییانە ڕەخنە لە بۆرژوازی نەتەوەیی دەگرێت، ئەمە نەک بە چەند پێشگریی و “پێشنیارێکی ئایدۆلۆژیی” لە مێشکی سەرکردەکاندا یان بە حەزە دەروونییەکانیان ڕوون ناکاتەوە، بەڵکوو بە پێگەی پێکهاتەیی، ماددیی و کۆمپڕادۆری ئەو چینە لە بەردەم سەرمایەداریی جیهانییدا، واتە بە ئاماژە بابەتییەکان دادەڕێژێتەوە. وەرگرتنی ئەم شیکارییە ماتریاڵیستیی و پێکهاتەییەی فانون و بەستنەوەی تەواوی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵناسیی و ستراتیژییانەی بزووتنەوەکە بەسەریدا هاتووە، تەنیا بە بۆچوونی تایبەتی بەڕێز ئۆجالانەوە؛ خراپبەکارهێنانی فانۆنە وەک چەکێک دژی خودی فانۆن و داماڵینیەتی لە جەوهەرە پێکهاتەییەکەی و کورتکردنەوەی بۆ تاکگەراییەکی لیبڕاڵانە.

سەرباری ئەمەش، ئەو زەمینەیەی ئەم تێگەیشتنەی لەسەر ڕۆ نراوە، بە قووڵیی کێشەئامێزە. ئەو گریمانە ناڕاستەوخۆییەی لە هەموو دێڕەکانی ئەم نووسینەدا گوزەری کردووە، بەم شێوەیەیە: ‘ شۆڕشی نەتەوەیی’، کە بە واتای کلاسیک دەوڵەت دەکاتە ئامانج، تاکە ئامانجی ڕاست، ڕەسەن و ڕەوایە. هەر هەنگاوێک کە بە دەستبەرداربوون لەم پێگەیە یان لە ئامانجی دەوڵەتبوون بنرێت و هەر گۆڕانکارییەکی پارادایمیی، بریتییە لە داڕووخان، خیانەت و ئەگەر گوزارەیەکی لەجێی خۆیدا بێت، سیکولارانە ‘دەرکرانە لە بەهەشت’ “.

بەڵام ناڕێکیی و ناتەباییە ناوخۆییەکانی دەقەکەی ئایدنکایا لێرەشدا زۆر خێرا دەتەقنەوە. مێژووی شکستهێنانی گەڕان بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ و پێگە-سەنتەریی لە ژیۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە کارەسات کۆتایی هاتووە (ڕووخانی کۆماری مەهاباد، هەرەسی گەورەی ١٩٧٥، نسکۆی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی باشووری کوردستان لە ٢٠١٧ و هتد…) خۆی بە دەستی خۆی ڕیزیان دەکات. بەڵام ئەم نموونانەی شکستی قورس، بۆ نیشاندانی بەربەستی مێژوویی ئەو مۆدێلە “دەوڵەتگەرا/پێگەخواز”ـەی بە شێوەیەکی شاراوە شیوەنی بۆ دەگێڕێت، بەکار ناهێنێت، بەڵکوو بە شێوازێکی سەیر بۆ ڕەخنەکردنی هاوپەیمانێتییە تاکتیکییەکانی ئێستای بزووتنەوەکە بەکاریان دەهێنێت. بەم شێوەیەش ستوونی سەرەکیی شیکارییەکە لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە. بەکارهێنانی شکستی چەندبارەی هەوڵە دەوڵەتگەراییە نەریتییەکان لە گۆڕەپانەکە بۆ تۆمەتبارکردنی ستراتیژییەکی جێگرەوەی نادەوڵەتگەرایی، هیچ نییە جگە لە پابەندییەکی نۆستالژیک بە ڕەچەتە سەرنەکەوتووەکانی ڕابردووەوە.

بەهەڵمبوونی مەرجەکان…

کارڵ مارکس لە کتێبی “١٨ـی برۆمێری لویس پۆناپارت”ـدا، ئەو یاسا مێژووییە بەناوبانگە بەم وتەیە دەخاتە ڕوو: “مرۆڤەکان خۆیان مێژووی خۆیان درووست دەکەن، بەڵام نە بەو کەرەستانەی خۆیان هەڵیانبژاردووە و نە لەو هەلومەرجانەی خۆیان دەیانەوێت”. بە هەمان شێوە، فۆیەرباخیش دەڵێت؛ جیهانی هزری مرۆڤ بەپێی واقیعی ماددیی شێوە دەگرێت (لەکۆشکدا بە جۆرێک و لە کوندەڵان [کونج و کەلاوەدا] بە جۆرێکی تر بیری لێ دەکرێتەوە). ئایدنکایا لە دەستپێکی وتارەکەیدا ستایشی ئەم بنەما ماتریاڵیستییانە دەکات و ناویان دەهێنێت، بەڵام لە هەموو پێکهاتەی شیکارییەکەی لە بەشەکانی تری دەقەکەدا، بە شێوازێکی سیستماتیک ئەم بنەمایانە پشتگوێ دەخات.

ئەو بەربەستە ڕیشاژۆ زەبەلاحانەی بیست ساڵە بزووتنەوەکە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، لە دەقەکەدا ئاماژەیان پێ کراوە، مەرجەکانی گۆشەگیریی ڕەها لە دوڕگەی ئیمڕاڵیی، هەرەسی سۆسیالیزمی بنیادنراو و بلۆکی سۆڤییەت، لەدەستدانی ڕەوایەتیی جیهانیی مۆدێلەکانی دەوڵەتسازیی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی سەر بە سەدەی بیستەم، پشتگیریی لۆجستیی و هەواڵگریی نەگۆڕی ناتۆ، ڤیتۆی ئاسنینی چوار دەوڵەت-نەتەوە کە سوێندیان خواردووە ستاتۆی ناوچەییان بپارێزن و هتد… هەموو ئەم خاڵە زەقانە لە دەقەکەدا هەن، بەڵام نەک بۆ ئەوەی وەک “هۆکارێکی دیاریکەر/سنووردار” بخرێنە نێو میکانیزمەکەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، لە ڕووی ڕیتۆریکییەوە باس دەکرێن، وەک ‘دەزانم’ تەنها بۆ ئەوەی لە ڕستەکانی خوارەوەدا بێکاریگەر بکرێن و بەهەڵم بکرێن. ئایدنکایا بە یەک بازدان بەسەر ئەم هەلومەرجە ژیۆپۆلیتیکیی و مێژووییە زەبەلاحانەدا تێدەپەڕێت، قورسایی شیکردنەوەی هەموو ڕووداوەکان، هەموو شکستەکان و هەموو گۆڕانکارییە پارادایمییەکان تەنێ دەخاتەوە ئەستۆی “بژارەکانی ڕێبەر” و “پێشنیارە ئایدۆلۆژییەکانی” ئۆجالان. تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ بزووتنەوەکە کە زۆر کەسەکیی بووەتەوە (بەسەر کەسدا بڕاوە)؛ بەڵام لەبری ئەوەی ڕوونی بکاتەوە ئەم کەسەکێتییە ئەنجامی کام هەلومەرجی قەیرانی قورس و کام دۆخی گەمارۆدانە، دێت ئەو ئەنجامەی دەبێت ڕوون بکرێتەوە، وەک هۆکارێک نیشانی دەدات و بەمەش بازنەیەکی داخراو لە نێو خۆیدا درووست دەکات.

گەر بمانەوێت لە واقعی ساڵی ٢٠٢٦ـەوە “خوێندنەوەیەکی واقیعیی” بکەین، پێویستە لەسەر ئەوە قاڵبینەوە کە چۆن مینۆ (بژاردە)ـەکانی سیاسەت بەرەو تەسکبوونەوە ڕۆیشتوون. لە بارودۆخی دۆزەخیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠٢٠ـدا، سنوورەکان بە خوێن دەپارێزرێن، ئەو مەحاڵبوونە کردەکییەی درووستکردنی دەوڵەت-نەتەوە لە مەیدانەکەدا ڕووبەڕووی بووەتەوە، بریتییە لە بەسەرچوونی مۆدێلی کلاسیکی ڕزگاریی دەوڵەتگەرایی نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکوو بۆ هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی سەر گۆی زەوی، ئەو بۆشاییە پارادایمییە گەورەیەی بەهۆی هەرەسی سۆڤییەتەوە دروست بوو… هەموو ئەمانە، “ڕووداوی ئارەزوومەندانە نین کە بە مێشکی سەرکردەیەکدا هاتبێتن”، بەڵکوو بەربەستەکانی واقیع و تەسکبوونەوەی بژاردەکانن و هاتوونەتە بەردەم بکەرێک/ئەقڵێکی بەکۆمەڵ کە لە ناو تێکۆشانێکی بوونناسیی مان و نەماندایە. کورتکردنەوەی گۆڕانی ئەقڵی ستراتیژیی لە ڕێی دەسەڵاتخواز/دەوڵەتگەرایەوە بەرەو پارادایمێکی نەرم و خۆجێیی وەک “نەتەوەی دیموکراتیک/کۆنفیدراڵیزم”، پێناسەکردنی وەک ئارەزوویەکی ڕۆشنبیریی تاکەکەسیی و شڵەژانێکی ئایدۆلۆژیی، نکوڵیی تەواوە لەم تەسکبوونەوە مێژوویی و پێکهاتەییە زەبەلاحە. ئایدنکایا ئەم نکۆڵییە بە دەستپاکیی و بەخشندەییەوە دەکات.

هاوکات ئایدنکایا چەمکەکانی ‘هابیتوس’ و ‘کایە’ـی کۆمەڵناس پیێر بۆردیۆ بۆ پاساودانی دەقەکەی خۆی بەکار دێنێت، لێرەدا دەکرێت بوترێت ئەمە ڕێک دژی ئەرگۆمێنتەکەی نووسەر خۆی دەوەستنەوە. لە کۆمەڵناسیی بۆردیۆدا، هابیتوس، بریتییە لە سیستمێکی قووڵی ‘مەیلەکان’ و بەرهەمی هەلومەرجە درێژخایەنە کۆمەڵایەتیی، کەلتووری و سیاسییەکانە و چالاکیەکانی تاک ڕێک دەخاتەوە. ‘کایە’ـش تۆپۆگرافیایەکی بابەتییە و بە پەیوەندییەکانی دەسەڵات چنراوە، زۆر زووتر ئەو سنوورانە دەکێشێت وا کەسەکە دەتوانێت مانۆڕی تێدا بکات. گەر دۆخەکە بەم شێوەیە بێت و بمانەوێت خوێندنەوەیەکی ڕاستگۆییانە لە ڕوانگەیەکی بۆردیۆوە بکرێت، ئەوا پێویستمان بە زمانێکی تۆمەتبارکەر نییە کە هەموو شتێک بە دۆخی تاکەکەسیی ڕێبەرێکەوە ببەستینەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، پێویستی بە شیکردنەوەیەکی بابەتیانە و ‘هەلومەرج’ هەیە بۆ هۆکاری ئەم بڕیارە. نووسینی ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی وەک ‘هابیتوسی ئیمڕاڵیی’ بۆ دەقەکە و فڕێدانی بەربەستە ماتریالیستییەکانی بۆردیۆ بۆ نێو زبڵدان لە بەشی شیکاریی و بەستنەوەی هەر هەنگاوێکی مێژوویی بە بژاردەی ئیرادەیی ڕەهای تاکە مرۆڤێکەوە، وەک بڵێیت لە بۆشاییدا بڕیاری دابێت، هیچ نییە جگە لە بەکارهێنانی چەمکەکان وەک جوانکاریی و زهنییەتێکی ڕۆشنبیریی.

پرسی سڕینەوەی بکەر…

ئەو خوێندنەوەیەی ئایدنکایا لەژێر ناوی ڕەخنەدا ‘هێرشی دەکاتە سەر’ (ئەمە لە ڕوانگەی منەوە هێرشە، ئەگەر لە ڕێگەی شێواندنیشەوە بێت)، ڕەنگە وێرانکەرترین و تراژیدیترین بەشی بێت، ئەویش بریتییە لە سڕینەوەی ڕۆڵی دەوڵەت و هێزە هەرێمییەکان لە توندوتیژییەکاندا. لە درێژەی ئەو گێڕانەوەیەی دایڕشتووە، ئامێرە دامەزراوەییەکانی دەوڵەتی تورکیا، دڕندایەتیی داعش، فشارەکانی ڕژێمی سووریا، پراگماتیزمی ئیمپریالیستیی ئەمریکا و بکەری پانکەرەوەی ئەکتەرە هەرێمییەکانی تر، یان لە گۆشەیەکی ڕستەکەدا دەپەستێوترێن یان بۆ جوانکاریی پاشخانی نادیار و کز چاوپۆشییان لێ دەکرێت. بەرانبەر ئەمە بکەری لاوازترین و ناسکترین ئۆبژێکتی سەر شانۆکە کە کەمترین هێزی هەیە، بە شێوازێکی ناهاوسەنگ کێش دەکرێت و دەگەیەنرێتە ئەوپەڕی ئاستی خۆی. ئەو ڕستەیەی نووسەر نوسیویەتی، وەک کورتکراوەیەک وایە بۆ ئەم ڕێزمانە خەڕەکە پڕ لە کەموکوڕە: “وێرانکارییەکە هێزە نێودەوڵەتییەکان کردیان، گومان لەمەدا نییە… بەڵام ناتوانین چاوپۆشیی لە شکستی ستراتیژیی ئەقڵی کوردییش بکەین”.

ئەم هاوکێشەیە، مۆدێلێکی شیکارییە و ئەو هێزە میکانیکییە زەبەلاحەی چەوسێنەر هەیەتی، وەک واقعێکی جێگیر و سرووشتیی قەبووڵ دەکرێت، بەڵام لاوازترین لایەن دەکرێت بە تاکە ئەندازیار و سەرەکیترین هۆکاری دەرئەنجامە خوێناوییەکانی سەر گۆڕەپانەکە. ئەمە، بە تەواوی مانا چەواشەکردنی ڕاستییەکانە. لە کاتێکدا وەک خەڕەکێک دان بە ململانێیەکی نابەرابەردا دەنێت کە ڕەنگدانەوەی کۆڵۆنیاڵیزمە، ئەویش لە ڕێی بەکارهێنانی دەستەواژەی “کۆڵۆنیاڵەوە”، بەڵام کاتێک دێتە سەر شیکردنەوە، تەنیا بە تاوانبارکردنی قوربانییەکە و خستنە ئەستۆی بەرپرسیارێتی بەو، ڕووی توندوتیژییەکی بنیادیی سپی دەکاتەوە. شیکاریی ڕەسەنی کۆلۆنیالیزم، پێش هەر شتێک دەبێت بریتییە لە ئاوڕدانەوە لەو زەبروزەنگە ڕووت و توندوتیژیی و سەپاندنەی لایەنی باڵادەست پەیڕەوی دەکات و ئەمە بخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە. کەچی ئایدنکایا، لە کاتێکدا چەمکە کۆڵۆنیاڵییەکان وەک قەڵغانێکی ڕۆشنبیری دەپۆشێت، بە جۆرێک دادگایی لایەنی چەوساوە دەکات وەک بڵێیت نوسەرێکی باڵادەستە و خۆی سەرپاکی چارەنووسەکە دیاریی دەکات.

هەمان کورتبینیی شیکاریی لەو ڕەخنانەشدا کاردەکات وا ئاڕاستەی ناوخۆی بزووتنەوەی سیاسی کورد دەکرێن سەبارەت بە بوونی “کاستێکی بیرۆکراتیی” و ناوەندگەرێتیی ئۆلیگارشی. ئێمە باسی ئیکۆسیستمێک دەکەین کاتێك سەرۆک شارەوانییەکی هەڵبژێردراو بە دەنگدان دەردەچێت، دەستبەجێ ‘قەیوم’ـک لە شوێنی دادەنێن، هەر نەوەیەکی نوێی سەرکردایەتیی سیاسیی بە شێوازێکی سیستماتیک فڕێ دەدرێتە بەندیخانەوە، پارتەکان دادەخرێن و سیاسەت بەردەوام لەژێر ڕژێمێکی باری نائاسایی و دۆخی جیاکارییدا بەڕێوە دەچێت. لە دۆخیکی ئاوهادا کە بەردەوام سەری دەبڕدرێت و مەیدانی یاسایی ڕۆژ بە ڕۆژ تەسکتر دەکرێتەوە، “ناوەندگەرێتیی” و خۆداخستن بە ڕووی خۆدا، پاتۆلۆژییەکی ئۆلیگارشی نییە تا بزووتنەوەکە بە ویستی خۆی هەڵیبژاردبێت و لە ڕووی ئۆنتۆلۆژییەوە چێژی لێ ببینێت، بەڵکوو ڕێکخستن و خۆگونجاندنێکی مانەوەیە و ڕاستەوخۆ دژی توندوتیژییەکی زەبەلاحی دەوڵەت پەرەی پێ دراوە. خوێندنەوەی پەرچەکردارێکی بەرگریی کە میکانیزمەکانی سەرکوتکاریی پانکەرەوە بەرهەمیان هێناوە، وەک کاستێکی بیرۆکراتیی ناوخۆیی گوایە لە سرووشتی خودی بزووتنەوەکەوە سەرچاوەی گرتبێت، دیسانەوە فڕێدانی هەلومەرجە دەرەکییەکانە بۆ دەرەوەی هاوکێشەکە. بۆ نموونە، ئەوەی بوونی تەنیا دوو دایەنگەی کوردیی لە نێو چەندین شارەوانیی کوردی وەک نامۆبوونی بزووتنەوەکە بە زمانی خۆی یان وەک (خود-ڕۆژهەڵاتناسیی) بخوێنرێتەوە، بە هەمان شێوەش دەکرێت ئەم دۆخە وەک “لەدەستدانی توانا”ـیەکی ئیفلیجکەر و لێک بدرێتەوە کە بەهۆی شمشێری قەیوم لەسەر مل، زەوتکردنی بودجە و گەمارۆدانی دەوڵەتەوە سەپێنراوە. کەچی ئەو، بێ جیاوازیی هەڵبژاردنی خۆی بۆ لایەنی یەکەم یەکلا دەکاتەوە، واتە بە پشتگوێخستنی پاشخانەکە، هەمیشە ئەو لێکدانەوەیە هەڵدەبژێرێت کە بکەری قوربانیی تاوانبار دەکات. زۆر ڕوون و مایەی تێگەیشتنە کاتێک توانای دەوڵەت لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا گۆڕانی بەسەردا هاتووە و نابینرێت کە چۆن مامەڵە لەگەڵ کورداندا دەکات، بە هەڵەداوان لە ڕێی بابەتە هەنووکەییە تەسکەکانەوە بزووتنەوەکە مەحکووم دەکرێت (هەرچەندە ئەم دۆخانە هێژای چارەسەرن.).

لێدوانە تیۆرییەکەی ئایدنکایا لە کۆتایی شیکردنەوەکەیدا؛ “ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی کۆڵۆنیاڵدا دەژین” دەسەپێنێت، ڕاستییەکەی بە شێوازێکی تراژیدیی لەگەڵ ئەو مێتۆدە دژبەیەکەی وا لە سەرەتای دەقەکەوە تا کۆتایی پەیڕەوی کردووە. ئەگەر پێکهاتەیەک بە ڕاستیی کۆڵۆنیاڵ بێت، وەک چۆن لویس ئاڵتوسێر بە چەمکە بەنرخەکەی دەڵێت، هەموو کردارێکی بکەری وابەستە، لەلایەن ماتریکسی کۆلۆنیالی/باڵادەستییەوە “فرەدیارکراوە.”

“فرەدیارکردن “، بریتییە لەوەی ڕووداوێک، ڕەفتارێک یان دژایەتییەک کورت ناکرێتەوە بۆ تاکە هۆکارێك. کارەکان، ستراتیژییەکان و ‘بژاردەکان’ـی بکەرێکی کۆڵۆنیاڵکراو و چەوساوە، لە ژێر هیچ مەرجێکدا ناتوانن ببنە گۆڕاوێکی پاک، پوخت و سەربەخۆ وەک ئەوەی لە ناو تاقیگەدا بن. هەر هەنگاوێک دەنرێت، پێشتر لەو پەیوەندییە نابەرابەر و ناهاوسەنگەی سەپاندندا، لەو دیمەنە تەسکەی دەسەڵاتدار سەپاندوویەتی و لە ژێر فشاری خوێن و توندوتیژییدا پاڵێوراوە و درووست بووە. بەلەبەرچاوگرتنی دۆخەکە، جیاکردنەوەی “شکستی ستراتیژیی ئەقڵی کورد” وەک گۆڕاوێکی دابڕاو، وەک ئەوەی ناکۆتا بژاردە  لە بەردەم لایەنی کوردییدا هەبووە و ئەوان هەڵبژاردنی هەڵەیان کردووە، هەڵوەشاندنەوەی خودی چوارچێوە کۆڵۆنیاڵییەکەیە. ئەم تەڵەیە بە ئاگایی لە نێو دەقەکدا دانراوە.

ئاسوودەیی ‘ڕۆحی جوان’

ئێستا با کەمێک بچینە ناو وردەکارییەکانەوە. بە گشتیی کێشە و خەوشە بنەڕەتییەکەی ئەم جۆرە دەقانە تەنها چەمکیی نییە، بەڵکوو هاوکات ئەخلاقیی و سیاسییشە. لە نێو تەواوی ئەو لێدانانەی ئایدنکایا ماوەیەکی درێژە ئاڕاستەی بزووتنەوەی کوردی دەکات، کێشەی ئەخلاقیی/سیاسیی لە پێشینەیە. زەمینەی ئەو وتارەی (یان وتارانەی) نووسیونی، خاڵێکی ‘ڕاست’ـی بێلایەن و باڵا دەسەپێنێت و نووسەر دەتوانێت لەوێوە بڕیار لەسەر هەموو ئەو شتانە بدات وا ڕەخنەیان لێ دەگرێت. کەچی کاتێک کارەکە دەگاتە سەر پێشکەشکردنی جێگرەوەیەکی کۆنکرێتیت بۆ دەربازبوون لەم قەیرانە، لە ناکاو دەقەکە لاڵ دەبێت. ئایدنکایا، ئەو گۆڕانکارییە پارادایمییەی بزووتنەوەی سیاسیی بەڕێوەی دەبات: بیرۆکراتیبوونی شێوازی ڕێکخستن، بژارە دامەزراوەییە ئاڵۆزەکانی ڕۆژئاڤا، هاوپەیمانێتیی ئەمریکا، کە لەو مەیدانەدا بە بەهای خوێن هاتووەتە ئاراوە، لە پێشینەییدان بە نیگەرانییە ئەمنییەکان و تەنانەت تەواوی هەوڵەکانی تێکەڵاوبوون بە سیاسەتی دیموکراتیک لە تورکیادا، بە گشتیی و بە ڕادیکاڵیی ڕەت دەکاتەوە و ڕەخنەیان لێ دەگرێت. بەڵام لەو هەلومەرجەدا و بە تایبەت لەو دۆخە ترسناکەی کاریگەریی لەسەر ژیانی سەدان هەزار مرۆڤ دادەنێت، لە هیچ شوێنێکی دەقەکەدا پێشنیاری ئەوە ناکات و ناتوانێت پێشنیاری بکات کە بزووتنەوەکە بە کۆنکرێتیی “دەبێت چی بکات”. لەوەش زیاتر، بە وتنی ” ئەم نووسینە کارێکی ئەندازیارێتیی سیاسی نییە، من سەرکردەیەکی نوێ پێشنیار ناکام”، خۆی لە زەحمەت و بەرپرسیارێتیی بەرهەمهێنانی “دژەواقیع” سەبارەت بە سیاسەت بێبەری دەکات.

ڕێک لەم خاڵەدا، دەتوانین لەنگەر بگرین لەسەر چەمکاندنی ئەو “ڕۆحی جوان”ـەی هیگڵ لە “فینۆمینۆلۆژیای ڕۆح”ـدا بە شێوازێکی ناوازە باسی لێوە دەکات. “ڕۆحی جوان” لای هیگڵ؛ بریتییە لەو “ئاگاییە غەمگین”ـەی لەبەر ئەوەی تا مردن دەترسێت لەوەی دەستەکانی گڵاو ببن و تێکەڵی دژایەتییەکانی جیهان بێت، دەست بۆ هیچ کارێک نابات و پاكیی و بێگەردیی خۆی تەنیا لە ڕێگەی بێدەنگیی و ناچالاکییەوە دەپارێزێت، بەڵام لە لوتکەیەکی بەرزی ئەخلاقییەوە، بەردەوامی حوکم بەسەر جیهانی هەڵژەنراو قوڕ و ئەو کەسانەدا دەدات وا ناچارن بە دڵەڕاوکێ و ئارەقەڕشتن لە گۆڕەپانەکەدا بڕیار بدەن. ئەم هەڵوێستە بە وریاییەوە خۆی لە خستنەڕووی بەرنامەیەکی پۆزەتیڤ و گونجاو بۆ جێبەجێکردن و پاداشتبەخشی ماددیی دەدزێتەوە، بەڵام دادگایی ئەو بکەرە سیاسییانەی لەژێر گەمارۆ و لە بەر لولەی تفەنگەکاندا ناچارن بڕیاری چارەنووسساز بدەن، کردووە بە پیشەی خۆی، ئەمە جگە لوکسێک بەولاوە هیچی دیکە نییە. هەڵسەنگاندنی هەوڵە سیاسییەکانی بکەرێک لە نێوان چوار دیواری دژواری گۆشەگیریی ئیمڕاڵییدا کە هیچ توانایەکی جووڵەی فیزیکیی بۆ نەهێڵدراوەتەوە، لەو شوێنەی لێیەتی، لە پێگەیەکی دەرەکیی ڕەهاوە هیچ باجێکی سیاسی یان ژیانیی نادات، بە تەرازووی ورد و هەستیار دەپێوێت، ئەمە نەک ڕەخنەیەکی ڕاستەقینەیە نییە، بەڵکوو ڕێک خودی نمایشێکی ئەخلاقییانەیە. بەپێی دەربڕینی باوی نێو خەڵک، بەبێ ئەوەی شانی ئارداویی بێت، حکوم دەدات.

لەم ڕووەوە، ئەگەر ئەوە نەڵێین کەموکوڕییە. هەرچەندە دەقەکە بانگەشەی ئەوە دەکات بە واتایەکی فانۆنیی ڕەخنەیەکی “بابەتیی” سارد و بێلایەن دەگرێت، بەڵام ئەو دۆخە دەروونییە ڕاستەقینەیەی لە نێوان دێڕەکاندا دزە دەکەن، شیکارییەکی سارد و هێمن نییە؛ بەڵکوو تۆمەتبارکردنە، تۆڵەسەندنەوەیەکە و پشت بەڕابردوو دەبەستێت و میتۆلۆژیایەکی “کەوتن/خیانەت”ـە. چەمکی “قین و ڕق” لە فەلسەفەی نیتشە و ماکس شێلەردا پێگەیەکی سەرەکیی هەیە، لێرەدا دەکرێت بوترێت وەک بزێنەری شیکاریی کار دەکات. مەزاج و بارێکی دەروونی هەیە و لە ڕێی تۆمەتبارکردنەوە دەیەوێت باڵادەستییەکی ئەخلاقیی ساختە بەدەست بهێنێت. ئەو قاڵبەی بۆ دەستپێك بەکاردێت بە شێوازی “دژایەتییەکی ڕەهام نییە، بەڵام…”، مانۆڕێکی کلاسیکی ‘نکوڵیی’ـیە و لە دەروونشیکارییدا باش دەناسرێت و بۆ بەکارهێنانی توندترین هێرش بەکار دێت.

بەرزکردنەوەی ئەنەکدۆتەکان[1] (بەسەرهاتەکان) بۆ ئاستی پێکهاتە

ئایدنکایا ئەرگۆمێنتەکانی خۆی بە لەبەرچاوگرتنی ڕوانگەی میتۆدۆلۆژیی ڕیز دەکات. کاتێک لە هەمان شوێنەوە مامەڵە لەگەڵ دەقەکە دەکەین، دەبینین دەقی دەستکاریکراو شوێنی شیکاریی بنیادیی و سیستماتیکی گرتووەتەوە. ئەو چوار ڕووداوەی نووسەر ناوی ناوون ‘چرکەسات’ و بە زمانێکی سینەماتۆگرافی هەڵیبژاردوون، هەرچەندە لە چوارچێوەی خەڕەکێکدا کاریگەرییەکی سۆزداریی جێ دەهێڵن، بەڵام لە ڕوانگەیەکی بابەتییەوە ناگەنە هەمان ئەنجام. ئەم چوار ڕووداوە جیاوازە لە ناو ماوەیەکی تەنگی چوار مانگییدا بە وریاییەوە بژار کراون و قورسایی سۆزدارییان بۆ چڵەپۆپە تاو دراوە، ئەویش وەک بەڵگەی ڕەهای ئاماژەیەکی ماکرۆ و بنیادیی لەسەر ئەوەی گوایە بزووتنەوەی سیاسیی کورد “تێکەڵی سیستەم بووە “. تێزێکی گەورەی کۆمەڵناسیی وەک “داماڵینی جەماوەر لە جووڵە” یان “پاسیڤکردنی”، پێویستە لە سۆنگەی داتای مەیدانیی سیستەماتیک و توێژینەوەی کۆمەڵناسییەوە بسەلمێنرێت، نەک لە ڕێی مۆنتاژێکی تراژیدیی خەمناکی بە مەبەست ڕێکخراو.

چیرۆک (ئەنەکدۆت)ـێکی هەڵپەڕکێ لە ژێر سێبەری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا (کە چالاکیی دەم پارتی نییە)، وێنەی ئەو دایکە هەژارەی ناچارە خواردن لە ناو زبڵدان کۆ بکاتەوە، یان حاڵەتێکی خۆکوشتن؛ بێگومان لە ویژدانی گشتیدا تووڕەییەکی قووڵی درووست کردووە و درووستیشی دەکات، بەڵام ئەمانە بە تەنیا ڕایەڵەی هۆکارەکان بەدەستەوە نادەن. ئایا کاتێك ئەو دایکە خواردنی نێو زبڵدانەکان کۆ دەکاتەوە، وەک ئەوەی ئایدنکایا بانگەشەی بۆ دەکات، ئەمە ئەنجامی ڕاستەوخۆی پەیڕەکردنی ستراتیژیی “شۆڕشی پاسیڤ”ـی بزووتنەوەکەیە؟ یان ئەنجامی ئەو ئابووریی جەنگە بێبەزەییەیە وا چەندین دەیەیە بەسەر ئەو ناوچەیەدا دەسەپێنرێت، ئەنجامی گەمارۆدانی دەوڵەت، سیاسەتەکانی هەژارکردنی سیستماتیک و وێرانکارییە؟ ئایدنکایا بە ئەنقەست ئەم پرسیارە بنەڕەتییە ناکات، چونکە سیستمی بنیادیی نووسینەکەی، بژاری ئەوەیە کە بانگەشەکەی نەک بە بەڵگەی واقیعیی، بەڵکوو بەو لافاوە سۆزدارییەی ئەم هاوکاتییە تراژیدییانە درووستی دەکەن، بسەلمێنێت.

بە بڕوای من، بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانی نوێنەرایەتییە، هێنانە ناوەوەی ئێدوارد سەعیدیش بۆ نێو دەقەکە داد نادات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، کاریگەریی بومەڕینگ[2]ـی دەبێت. ئەو ڕەخنە بەناوبانگەی “نوێنەرایەتیی” وا گایاتری سپیڤاک[3] لە وتارە ناودارەکەیدا “ئایا بندەست دەتوانێت قسە بکات؟” قووڵیی کردەوە و ئێدوارد سەعیدیش بنەماکانی داڕشت، ڕاستەوخۆ لە کار و پەیڕەکانی خودی ئایدنکایا دەدات. چونکە ئایدنکایا، خۆی لەبری ئەو “ڕاستی گەل”ـە  قسە دەکات وا بانگەشە دەکات بێدەنگ کراوە و لە سیاسەت وەدەر نراوە، دەنگی ڕۆشنبیریی خۆی دەخاتە شوێنی دەنگی ئەوان و لە دەرەوە هەقیقەتی “ئێوە خیانەتتان لێ کراوە” دەداتە پاڵیان. بەم شێوەیەش خۆی ڕێک دەکەوێتە نێو جەرگەی ئەو کێشەی “نوێنەرایەتیی/وەکالەتە” دەسەڵاتخوازەی ڕەخنەی لێ دەگرێت.

ڕێک لەم خاڵەدا، تووشی یەکێک لە گەورەترین بە بتکراوە فەلسەفییەکانی دەقەکە دەبین، ئەویش ڕەهاکردنی چەمکی ‘گەل’ـە. هەموو وزەی دراماتیکی ئەم ڕیتۆریکە تۆمەتبارکەرە، لەو گریمانەیەوە سەرچاوە دەگرێت وا گوایە بزووتنەوەی سیاسیی “گەلی لە پرۆسەکان وەدەر ناوە” و ئەو جەماوەرەی تەنیا بۆ ئاستی “کۆگای دەنگدان” یان “ئۆبژێکتێکی دیکۆراتی” کورت کردووەتەوە. بەڵام باشە ئەم ئەرگۆمێنتە پڕ لە بانگەشەیەی ئایدنکایا بە شێوەیەکی شاراوە پێشوەختە چی پەسەند دەکات؟ وا گریمانە دەکات گوایە پێش ئەوەی وەدەر بنرێن، جەوهەرێکی پاکی ‘گەل’ هەبووە و سەرپاک لە “ناوخۆدا” بووە، خاوەن ئیرادەیەکی یەکگرتوو و هۆمۆجین بووە، درووست و ڕەسەن بووە و ئێستاش “خیانەتی لێک راوە”…

کەچی لە کۆمەڵناسیی و سیاسەتدا ‘گەل’، ئۆبژێکتێکی ئەزموونی (ئەمپیریک)، پێدراو و زگماکی نییە بتوانرێت لە تاقیگەدا چاودێریی بکرێت، بەڵکوو بە پێچەوانەوە شتێکە کە یەکجار زۆر ئایدیاڵیزە دەکرێت. هەستیارترین خاڵ و جومگەی سەرەکیی ئەو تانە و تێڕوانینە پۆست-مارکسیستییەی کە ئێرنێستۆ لاکلاو و شانتال مۆف لە کتێبی “هێژەمۆنی و ستراتیژیی سۆسیالیستیی”ـدا دەستیان پێ کرد، ڕێک لێرەدایە. بە بڕوای لاکلاو و مۆف، ‘گەل’ واقیعێکی ئەزموونیی پێشوەختە پێدراو و بێگەرد نییە کە ڕەسەنایەتیی خۆی پاراستبێت، بەڵکوو بەرانبەر بکەرێکی سیاسیی و گوتارییە و سەرەتا لە ڕێی لکاندنی داواکارییە کۆمەڵایەتییە یەکجار جیاواز و تەنانەت جارجار دژبەیەکەکانەوە، لە ناو “زنجیرەیەکی هاوتاخوازییدا” لە دەوری پرۆژەیەکی هێژەمۆنیکی دیاریکراو بەرهەم هاتووە. کەواتە، لە بنەڕەتدا “ئیرادەیەکی جێگیری گەل” لە ئارادا نییە تا سەرکردایەتییەکی سیاسی یان ڕێکخستنێک هەستێت و “خیانەت”ـی لێ بکات.

ئایدنکایا نکوڵیی تەواو لەم پرۆسە داینامیکی و دامەزرێنەرەی هێژەمۆنی دەکات و بزووتنەوەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی گوایە “بە شێوازێکی دیکتاتۆریی لەبری گەل قسە دەکات”، بە شێوازێکی سەیر خۆی ئەو دەستپێشخەرییە دەکات. بەو گریمانەیەی گوایە خۆی لە هەموو کەسێک باشتر ئەو “ئیرادە ڕاستەقینە سەرکوتکراوەی” ئەو گەلە ڕەسەنە خیانەتلێکراوە دەزانێت، دەسەڵاتی قسەکردن لەبری گەل بە خۆی دەدات. لێرەدا بەسوود دەبێت گەر ئەو جیاکارییە ژیانییەی سپیڤاک مان بیر بکەوێتەوە. سیاسەتی “بە وەکالەت” و خۆ خستنە شوێنی بندەستێک، لەگەڵ ڕەخساندنی مەیدان بۆ بکەریی ئەو بندەستە لە ڕێگەی “نوێنەرایەتییکردن/وەسفکردنییەوە”، دوو شتی تەواو جیاوازن. ئایدنکایا بە وتنی “گەل پەراوێز کراوە” یان لە دەرەوەی پرۆسەکە هێڵراوەتەوە، درووشمێکی وێرانکەر دەدات بۆ گوێ خۆشە، بەڵام لە ڕووی شیکارییەوە ئەم درووشمە بۆشاییەکی گەورەیە. کام گەل، بە لکاندنی کام داواکارییان، لە کام بارودۆخی مێژوویی و دژی کێ وەک “گەل” بنیاد نرا؟ ئەگەر ئەم پرسیارانە نەکرێن، وشەی “ڕاستیی گەل” لە دەقەکەدا، ئەرگۆمێنتێکی سیاسیی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو تەنیا پۆستەرێکی شینگێڕییە و کەرەستەی گواستنەوەی قین و ڕقی ڕۆشنبیرییە.

هەرەسی ئەنالۆژییەکان (چواندنەکان) و ناکۆکییەکی نمایشییانە

ئەو ئامڕازانەی تریش وا ئایدنکایا بۆ قایمکردنی دەقەکەی خۆی بەکاریان دەهێنێت، لەژێر قورسایی خۆیاندا دەچەقن. ئەم بەشە بێزارکەرترین و زۆرەملێترین شوێنە. ئەو لێکچوواندنەی لە نێوان ڕەخنە بەناوبانگەکەی ئێدوارد سەعید بۆ ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ و کایەی سیاسی کورددا لەژێر ناوی “ڤێرسای کوردی” درووست کراوە، لە ڕووی پێکهاتەییەوە سەرتاپێ ساختەیە. سەعید، ڕەخنەی لە خاکێکی کۆنکرێتیی (فەلەستین) لەژێر داگیرکاریی ئیسرائیلدا دەگرت کە بەرانبەر ئۆتۆنۆمییەکی سنووردار، ئەو خاکە و سەروەرییەکەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بەجێ هێڵدرا، واتە ئامانجی ئەو “تەلارسازییەکی یاسایی و فیزیکیی” و ڕێککەوتنێکی تایبەت بوو (ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ) کە هەردوولا واژۆی فەرمییان لەژێردا کردبوو. بەڵام ئەو مێتافۆرەی ئایدنکایا بە ناوی “ڤێرسای کوردی” دایهێناوە ، تۆمەتێکی پووچە و لە گۆڕەپاندا هیچ واتایەکی نییە. چونکە ئەمڕۆ لە تورکیا و ناوچەکەدا، هیچ خاکێكی دانپیانراو نییە کە لە ڕێککەوتننامەیەکی هاوشێوەی ئۆسلۆدا سازشی لەسەر کرابێت و لایەنەکان دانیشتبێتن و واژۆیان کردبێت، یان گرێبەستێکی چێوەمەندی هاوشێوەی مەدرید-ئۆسلۆ بوونی نییە، پرۆسەکە تا بڵێی ناهاوسەنگە و هێشتا لە دۆخێکی زۆر شلۆقدا بەردەوامە. زیاتر لەوەش، بەکارهێنانی وشەی “ڤێرسای” (ئەو ڕێککەوتننامە سزادەرە ئابڕووشکێنەی دوای جەنگی جیهانیی یەکەم بەسەر ئەڵمانیادا سەپێنرا) لەلایەن نووسەرەوە، چەکێکی سۆزدارییە و بە ئەنقەست هەڵبژێردراوە، ئەو قورساییە سۆزدارییانەی وەک “شەرمەزاریی، تەسلیمبوونی بێمەرج و خەنجەر لێدان لەپشتەوە” کە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، بە قەرز دەداتە دەقەکە، بەڵام ناتوانێت بچووکترین واقیعی سیاسیی/یاسایی پێشکەش بکات تا پاساو بۆ ئەم بڕیارە سۆزدارییە زەبەلاحە بهێنێتەوە و پێویستیشی نابینێت. ئەم مێتافۆرە زۆرەملێیە، ئەو ئەنجامەی دەبێت خۆی لە ڕێگەی گفتوگۆیەکی شیکارییەوە بیسەلمێنێت (بڕیاری ئەوەی گوایە “جەنگەکە بە تەواویی دۆڕاوە و هەوڵەکانی ئێستای ئاشتیی ڕادەستبوونێکی ڕەهایە”)، لە سەرەتاوە و وەک پێشگرییەک بەسەر خوێنەردا دەسەپێنێت. ئەگەر بەراوردکارییەکی سیاسیی، لە دەستپێکی ڕستەکەوە ئەو ئەنجامەی دەبێت خۆی بیسەلمێنێت، وەک “پێددراوێکی پێشوەختە” قەبووڵ بکات، ئەوە چیتر ئەرگۆمێنت نییە، بەڵکوو تەڵقینێکی هەرزانە.

کێشەدارترین خاڵ کە ئەم زنجیرە لێکۆچوونە لەرزۆکە ئێمەی بۆ دەبات، ئەو پەیوەندییە شێواوەیە وا ئایدنکایا لەگەڵ کات (زەمەن)ـدا سازی کردووە. ئایدنکایا لە نیسانی ـ٢٠٢٦دا دەقەکەی بڵاو کردووەتەوە، لە کاتێکدا ئەگەرەکانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئێرانیشەوە، لەسەر مێزەکەن، هاوسەنگییەکانی هێز لە باکووری سووریا هەموو ڕۆژێک لە نوێ دادەڕێژرێنەوە و هاوسەنگییەکانی ناوخۆی سیاسەتی تورکیاش لە دەوری پرسی کورد زۆر هەستیار و شلۆقن، کەچی ئەو دێت و فەرمانی کۆتایی و بڕاوەی مردن دەنووسێت. ڕادەگەیەنێت؛ بزووتنەوەکە “لە بەندەری شۆڕشی پاسیڤدا لەنگەری گرتووە” و “دەرگای پۆست-ئۆجالان ئیتر تا کۆتایی واڵایە”. ڕاگەیاندنی پێشوەختی هێڵی کۆتایی پرۆسەیەکی مێژوویی، کە لێشاوەکەی نەوەستاوە و داینامیکەکانی هەموو چرکەیەک دەگۆڕێن، بەستنی ئەو دۆخە یەکجار لەرزۆک و پڕجووڵەیەیە لە ڕێی ڕستەیەکی تۆمەتبارکەری وەستاو و ستاتیکییدا. ئەو پرسیارەم دێتەوە یاد وا ساڵی ١٩٥٠ لە سەرۆکوەزیرانی چین کرا کاتێک هاتبووە فەڕەنسا: “ڕای تۆ لەسەر شۆڕشی فەڕەنسا چییە؟” ئەویش لە وەڵامدا گوتی: “هێشتا زووە بۆ قسەکردن”. ئەمە وەڵامێکی واقیعییە، چونکە کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوە گەورەیە هێشتا بەردەوامن. سەرۆکوەزیران بە ڕێز و نەزاکەتەوە دەڵێت هێشتا زۆر زووە بڕیار بدرێت. کەچی لێرە بڕیاری کۆتایی و حوکمی بڕاوە لەمەڕ ئەو ڕووداوانە دەرین وا هێشتا لە گەرمترین دۆخی خۆیاندا دەبزوێن.

بۆیە ئەو میتافۆرەی خۆی بە ناوی “بارۆمەتر” پەنای بۆ دەبات، ڕاستییەکەی بەدرۆخستنەوەی خۆیەتی، چونکە بارۆمەتر گۆڕانکارییەکانی پەستانی کاتیی و چرکەساتیی ناو هەوا دەپێوێت، نەک کەشوهەوایەکی جێگیری چەند هەزار ساڵە. ئایدنکایا، دابەزینێکی کاتیی و چرکەساتیی پەستان لە ئەتمۆسفەری سیاسیدا وەردەگرێت و دەیگۆڕێت بۆ “دەستنیشانکردنێکی پێکهاتەیی/ئۆنتۆلۆژیی” ئەمەش بەبێ گەڕانەوە لە سەر بنەمای هەزاران لاپەڕە، جا ئەمە مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەکات و وات لێ دەکات بڵێیت “بەسە”. کۆتاییهێنان بە مێژوو لە ناو مێشکی خۆی و بێ لەبەرچاوگرتنی مەرجە بابەتییە گۆڕاو و وەرچەرخاوەکان و پێش ئەوەی هێشتا پرۆسەکە داخرابێت، بە واتای “نووسینی کۆنووسی کۆتاییهێنانی هەڵیتوپەڵیت دێت.

لێرەدا پێویستە بە دە پەنجەوە، ئەو دژایەتییە قووڵەی تێی کەوتووە مۆر بکەین. یەکەمیان، ئەو پرسی “پەیامبەرایەتیی بەسەرخۆدابڕاو” کە بۆ ڕاست نیشاندانی خۆی دەستی پێ کردووە. ئاماژەکردنی بەوەی گوایە ئێدوارد سەعید پێشوەختە ئۆسلۆی بینیوە و دەستەواژەی “منیش چەندین ساڵ پێش ئێستا لە نووسینەکانی خۆمدا ڤێرسای کوردییم پێشبینی کردبوو” و سەرچاوەدان بە خۆی، خوێندنەوەیەکی پاشەکشەیی گشت ئەو ئەنجامە ئاڵۆزانەیە وا ئەمڕۆ لە مەیدانەکەدا ڕوو دەدەن، وەک بڵێیت تەنیا ئامانجی هێنانەدی پێشبینییە باڵاکەی خۆی بێت. ئەمە هیچ نییە جیا لە خۆنیشاندان وەک تاکە بکەری ئاقڵ، هاوشێوەی کاساندرای فاڵچیی کارەساتەکان لە ئەفسانەدا، ئەمە جۆرێکە لە پتەوکردنی ڕێتۆریکی گوتاری خۆی و لوتکەی خۆبەزلزانینە.

دووەمیان و ئەوەی زۆر زیاتر تراژیکۆمیدییە، ئەوەیە ڕێک لە ناوجەرگەی ئەو کاریگەرییە بومەرینگئاسایە دەدات وا بیرمەندی فەڕەنسی ژاک ڕانسیێر ئاماژەی پێ کردووە. ئایدنکایا بە بیرهێنانەوەی ڕەخنەکەی مارکس، بزووتنەوەکە تۆمەتبار دەکات گوایە “تەنها هەقیقەت بەسەر گەلدا دەسەپێنێت و ئەوان لە زانستی سیاسەت وەدەر دەنێت”. کەچی، هەموو وشەیەکی نووسینەکەی خۆی ڕێک ئەم دۆخە فەرمانڕەوایە دووپات دەکاتەوە. پێناسەکردنی بەڕێز ئۆجالان بۆ پارادایمی خۆی وەک “گواستنەوە لە شۆڕشی نێگەتیڤەوە بۆ شۆڕشی پۆزەتیڤ”، تەنیا بە یەک وشە، بە ‘نەخێر’ـێکی تاقانە و کتوپڕ ڕەت دەکاتەوە، بەمەش بەبێ پێشکەشکردنی هیچ ئەرگۆمێنتێک، مافی مانادارکردنی ئەزموونە مێژووییەکانی خۆیان لە بکەرە سیاسییەکان پاوان دەکات و ئەو لەزگەیەی لە دەرەوە هێناویەتی (شۆڕشی پاسیڤ) بە زۆر بە نێوچاوانیاندا دەیچەسپێنێت. واتە هەقیقەتی باڵای خۆی لە دەرەوە دەبەخشێتە بزووتنەوەی کورد و لە لێکدانەوەکەی ‘زانستیی’ وەدەری دەنێت. ئەو ڕەخنە قورسەی ڕانسیێر لە کتێبی “فەیلەسووف و هەژارەکانی”ـدا ئاڕاستەی ڕۆشنبیرانی دەکات، سەبارەت بە قسەکردن لەبری گەل و لاڵکردنیان، ئەو خۆبەزلزانینەی ئایدنکایا لە درێژەی ئەم دەقەدا پێڕەوی دەکات، ڕێک ئەوەیە.

ئەم خۆبەزلزانینە، نیازی دەقەکە لە گفتوگۆی ” ئامانجی پۆست-ئۆجالان”ـدا ئاشکرا دەکات. ئەو ڕستەیەی تاکە خاڵی گەیشتنی لێشاوی نووسینەکەیە و دەڵێت: “لانی کەم لەسەر ئاستی هزریی، دەرگای پرۆسەی پۆست-ئۆجالان کراوەتەوە”، ڕاستییەکەی بۆمان دەسەلمێنێت ئەم هەوڵدانە بۆ خوڵقاندنی شەپۆلی پێچەوانە، نەک هەر “ڕەخنەیەکی بابەتیی” و شتی وا نییە، بەڵکوو دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆیە لە ” ململانێی هێژەمۆنیا”ـی وێرانکەر لە کایەی سیاسیی کوردییدا. ئامانجەکە، سڕینەوەی شەرعیەتی ئەقڵی دامەزرێنەرە، بۆ ئەوەی لەو شوێنە بەتاڵەدا پێکهاتەیەکی/ئەقڵێکی جێگرەوە بچەسپێنێت، جا ڕەنگە ئەمە لە پێگەی خۆیەوە نزیک بێت. ڕەنگە خودی خۆی بێت، نازانین. واتە دەقەکەی ئایدنکایا خۆی، شیکارییەکی بێتاوان نییە، بەڵکوو ئۆپەراسیۆنێکی هێژەمۆنیکییە. ئەو پێناسەیەی “شۆڕشی پاسیڤ”، کە ئایدنکایا لە درێژەی دەقەکەدا ڕەخنەی لێ دەگرت، چی بوو؟ ئەو هەنگاوەیە وا بکەری ئێستا ناچالاک دەکات، گەل بە شێوەیەک ئاڕاستە دەکات و پێشیان ناڵێت چی دەخاتە شوێنی، تەنیا لە ڕێگەی سڕینەوەی شەرعییەتەوە هەوڵ دەدات مەیدانەکە چۆڵ ببێت. کەواتە، ئەم دەقەی وا دەیەوێت شەرعییەتی ئیرادەی دامەزرێنەر بڕووخێنێت، خۆی لە دەستەواژەی؛ ”چی دەخاتە شوێنی” دەدزێتەوە و بە وتنی “من ئەندازیارێتیی سیاسیی ناکەم، جێگرەوە پێشنیار ناکەم” بەرنامە پۆزەتیڤەکەی خۆی بە فێڵبازیی دەشارێتەوە، خۆی بە پێوەرەکانی خۆی، نموونەیەکی زەقی ڕاکردنە لە بەرپرسیارێتیی سیاسیی.

دەرەنجام

دەرفەتی ڕەخنەیەکی ڕاستەقینە و ڕوانگەی ٢٠٢٦

ڕاستگۆیی لە ڕەخنەگرتندا، تەنانەت لە دوای توندترین هەڵوەشانەوەگەریی بنیادییش، پێویستی بەوەیە ماف بەو دەقە بدرێت وا ڕەخنەی لێ دەگیرێت. بێگومان لە نێو بزووتنەوەی کورددا زۆر کێشەی زیندوو هەن. ئەم دۆخە تەنانەت خودی ئۆجالان خۆی چەندین جار لە دەقەکانیدا، بە توندترین وشە و لە چوارچێوەی ڕەخنەداندا ئاماژەی پێ داوە. لە سەرچاوە گشتیی و واڵاکانی بزووتنەوەکەشدا، ئەو چەقەبەستوویی و کێشانەی ڕوو دەدەن و هۆکارەکانیان زۆر بە ڕوونیی دەخرێنە ڕوو.

کەواتە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٢٦ـەوە سەیری سیاسەتی تورکیا و بکەرە پەراوێزخراوەکانی ئەم سیاسەتە دەکەین، تێزی کۆتایی ئەو “دژە-خوێندنەوە”ـیەی سازی دەکەین دەکرێت چی بێت؟ بێگومان کێشەکە بوون یان نەبوونی ئەو دژایەتییە مێژووییانە نییە وا ئایدنکایا ئاماژەیان پێ دەکات؛ بەڵکوو کێشە و خەوشەکە لە بنەڕەتەوە چەوتیی ئەو چەمکانەیە (شۆڕشی پاسیڤ، خیانەت، پۆست-ئۆجالان و هتد…)، کە ئەو بۆ تێگەیشتن، شیکردنەوە و چارەسەری ئەم دژایەتییانە لە هەگبەی خرتکەوپرتکەکانی دەریهێناون. وەرگرتنی هەندێک تێڕوانینی بەشەکیی و ئازارە ڕاستەقینەکانی سەر مەیدانەکە و گۆڕینیان لە ڕێگەی تاوانێکی میتۆدۆلۆژییەوە بۆ “تیۆلۆژیای کەوتن” (سەربووردەی دەرکردن لە بەهەشت) و تۆمەتبارکردنی ئەخلاقییانەی بکەر، سوودی بۆ هیچ کەسێک نییە؛ پێش هەمووانیش بۆ خودی ئایدنکایا.

ئەم کۆمەڵە چەمکە هەڵەیەی بەکارهێنراون، لەبری ئەوەی ئەو گرژییە ئۆنتۆلۆژییەی بزووتنەوەی کوردی تێدا دەژی، بە شێوازێکی بنیادیی ڕوون بکاتەوە، بە شێوازێکی هەرزان دەیکاتە بابەتێکی ئەخلاقیی و پەرچەکرداری بەڕێوەبردنی ناچاریی دەگۆڕێت بۆ ‘گوناهـ’، هەلومەرجە دەرەکییە زەبەلاحەکان دەکاتە ‘بژار’ـێکی کەسەکیی، پرۆسەیەکی داینامیکی بەردەوام دەکاتە ‘کۆتایی’ـیەکی پێشوەختە و لە هەمووشیی بەئازارتر، ئەو جەنگە گەورەیەی “دژە-هێژەمۆنیی” کە لە خوارەوە بۆ سەرەوە دژی توندوتیژییە ناهاوسەنگەکەی دەوڵەت دەکرێت، دەگۆڕێت بۆ “تەسلیمبوون”ـیکی سادە. هەموو خاڵە لاوازەکانی نووسینەکەی ئایدنکایا (لادانە چەمکییەکان، چاوپۆشیی لە مەرجە ماددییەکان، تیۆلۆژیای نۆستالژیک، گۆڕینی چیرۆک ‘ئەنەکدۆت’ـەکان بۆ پێکهاتە و دەروونێکی ناڕازیی ناوخۆیی و بانگەشەی بابەتیبوون پووچەڵ دەکەنەوە و هتد…) ڕێک لەم خاڵەدا چڕ دەبنەوە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەم دەقە زیاتر لەوەی ڕەخنەکردنی بزووتنەوەی کورد بێت، دەقێکی دابڕان و حیساباتە لەگەڵ ئەقڵی دامەزرێنەری بزووتنەوەی کورددا. هەر بۆیە زیاتر لەوەی شیکار بێت، حوکمدانە، زیاتر لەوەی سەنگکردنی هەلومەرجە مێژووییەکان بێت، مەحکوومکردنی ئەنجامەکانە. زیاتر لەوەی هەوڵێک بێت بۆ تێگەیشتن لە پارادایمی بەڕێز ئۆجالان، هەوڵی تۆمەتبارکردنی ڕابردووە.

بۆ نموونە، کاتێک ئایدنکایا لە نێوان سەدان چەمک و تیۆریدا خول دەخوات، بە هیچ جۆرێک بێت بە لای چەمکی کۆناتۆسی سپینۆزادا ناڕوات. کۆناتۆس، واتە هەوڵی بوونەوەرێک بۆ بەردەوامی بوونی خۆی و هەڵکشاندنی هێزی خۆی… کاتێک لە ڕوانگەی ئەم چەمکەوە سەیر دەکەین، وەرچەرخانی نیو سەدەی ڕابردوو تەسلیمبوون نییە، بەڵکوو گونجاندنێکی ئۆنتۆلۆژییە. بزووتنەوەی کورد ڕووداوێکی کۆناتۆسە. بەم پێیەش، گۆڕانی بزووتنەوەکە “شۆڕشی پاسیڤ” نییە؛ بەڵکوو هەنگاوێکی لێهاتووانەی سیاسیی و ئەقڵانییەتی سیاسییە بۆ مانەوە لە ژیان و کردنەوەی سەنگەری نوێ لە بەردەم مەرجە گۆڕاوەکاندا.

بە کورتیی، ئەم ڕەخنانەی ناچنە خانەی ڕەخنەوە؛ هەوڵێکە بۆ دادگایی کارەکانی بزووتنەوەیەک کە ناچارە لە یەکێک لە بێبەزەییترین جوگرافیای جیهاندا، لەژێر توندوتیژییەکی ناهاوسەنگ و سەرکوتکەرانەی دەوڵەت و لە بارودۆخێکی مێژووییدا کە هێشتا ئەنجامەکەی دیار نییە، بڕیاری مانەوە و کارکردن بدات، دادگاییەک لە پێگەیەکی دەرەکیی و ئاسوودە و باڵکۆنێکی ئاسوودە و دوور لە خوێن، لە شوێنێکەوە کە نووسەر پەنجەی بە ئاوی سارد و گەرمدا نەکردووە، وەک فاڵچییەکی مێژوویی بۆ دواوە حوکم دەدات. ئەو لایەنەی خوێندنەوەی واقیعیی ناکات، مەرجە ماددییەکان لەبەرچاو ناگرێت و ڕاستگۆیانە شتەکان ناخاتە ڕوو، ڕێک ئەمەیە. ئەم دەقەی ئایدنکایە وا لە بەردەستماندایە، شیکارییەکی ڕزگاریی یان بەرگریی نییە بۆ “نەفرەتلێکراوانی سەر زەویی”، بەڵکوو پۆزێکی خۆبەزلزانانەی ڕەخنەگرتنە، حیساباتێکی ئەخلاقییە، هێرشێکی پڕ لە قینە و لە کۆتاییدا، دووفاقی نووسەرێکە لە باڵکۆنێکی ئارامەوە سەیری مەیدانێک دەکات کە خەڵتانی خوێنە و نمرەی بۆ دادەنێت.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی یەشام

[1]  ئەنەکدۆت (Anecdote)، لە زمانی کوردییدا  “بەسەرهاتی کورت” یان “حیکایەت”ـە. لە بنەڕەتدا بریتییە لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی زۆر کورت، سەرنجڕاکێش و زۆرجار ڕاستەقینە سەبارەت بە کەسێک، شوێنێک یان ڕووداوێکی دیاریکراو

[2]  بومەڕینگ، نیوە ئەڵقەیەکە کە کاتێک هەڵی دەدەیت، بۆ خۆت دەگەڕێتەوە. ئوسترالیی و ئەورووپیی و تەنانەت میسری کۆن وەک چەک بەکاریان هێناوە، ئێستا لە ئەمەریکا و هەندێ جێگەی تر وەک وەرزش بەکار دەهێنرێت.

[3]  گایاتری چاکراڤۆرتی سپیڤاک (Gayatri Chakravorty Spivak)، بیرمەند، ڕەخنەگری ئەدەبییی و فەیلەسووفی گەورەی هیندییە (لەدایکبووی ١٩٤٢) و پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا. ئەو وەک یەکێک لە دامەزرێنەران و کۆڵەکەکانی تیۆریی پۆست-کۆڵۆنیاڵیزم (دوای کۆلۆنیالیزم / پاش-داگیرکاریی) لە جیهاندا دەناسرێت. سپیڤاک بە تێکەڵکردنی بیرۆکەکانی مارکسیزم، فێمێنیزم، و هەڵوەشاندنەوەگەرایی (Deconstruction) ناسراوە.

سەرچاوە
ڕۆژنامەی یەنی یەشام
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.