”هەر تیۆریی نا، بەڵکوو پراکتیکیش!”
ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پەیامێکدا بۆ ڕۆژنامەی 'کۆمیناڵ' تیشک دەخاتە سەر تێپەڕین بەرەو قۆناغی نوێی مێژوویی، گرنگیی ڕێکخستنی پراکتیکی و مۆدێرنیتەی دیموکراتیک.

عەبدوڵڵا ئۆجالان
”هەر تیۆریی نا، بەڵکوو پراکتیکیش!”
ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ خەباتکارانی ڕۆژنامەی کۆمۆناڵ نارد، پەیامەکە لە ژمارەی تەمموزی ڕۆژنامەکەدا بڵاو کرایەوە؛ پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:
“بە هیوا و جۆشوخرۆشەوە، ڕۆژنامە نوێیەکەتانم بینی. دیارە ناوتان لێ ناوە ‘کۆمیناڵ’. ڕاستییەکەی دەکرا ‘کۆمۆنار’-یش بووایە، بەڵام ئەم ناوەشم پێ بەدڵ بوو. دۆخێکی پڕ مانا و مێژووییە کە لە سەردەمی نوێدا ڕۆڵی ‘سەرخۆبوون’ـی گرتووەتە ئەستۆ. پێش هەموو شتێک سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
“سەردەمی نوێ تەنیا پێویستی بە گفتوگۆیی تیۆری نییە، هاوکات پێویستی بە هێڵێکی وەشانە کە لە نێو ژیاندا وەڵامگۆ بێت، کۆمەڵگە ڕێک بخات، ڕێگا و ڕێبازی پراکتیکیی دابهێنێت.”
دیارە ئێوە لە هەوڵی بنیادنانی چوارچێوەیەکی بەهێزی تیۆریدان. بەڵام سەردەمی نوێ تەنها پێویستی بە گفتوگۆی تیۆری نییە، هاوکات پێویستی بە هێڵێکی وەشانە کە لە نێو ژیاندا وەڵامگۆ بێت، کۆمەڵگە ڕێک بخات، ڕێگا و ڕێبازی پراکتیکیی دابهێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە، بڕوام وایە دەبێت بە تایبەت گرنگیی بدەنە بابەتەکانی ڕێکخستنی پراکتیکیی. چونکە سەردەمی نوێ بۆ ئێمە دەبێتە سەردەمی هەنگاوی کۆمۆناڵێتە (کۆمۆناڵبوون).
وەک دەزانرێت، بوونی کورد ڕاستینەیەکی زۆر دێرینە. لەوانەیە خاڵی دەستپێکی دەرکەوتنی مرۆڤی مۆدێرن بێت. لەبەر ئەوەی یەکێکە لە دیاریکەرەکانی مێژووی دێرین، توانیویەتی تایبەتمەندییەکانی خۆی بگەیەنێتە ئەم سەردەمە. بەم شێوەیە وەک نەتەوەیەکی بێوێنە بوونی خۆی پاراستووە. بەڵام ئەم تایبەتمەندییانە لە هەمان کاتدا بوونە هۆی ئەوەی ببنە ناوەندی فشار و ستەم و هێرشەکان. جوگرافیای کوردستان گۆڕا بۆ زەمینەیەکی نکۆڵیکردن، لەناوبردن و قڕکردنی ڕێکخراو. مێژووی ئەنترۆپۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژیی کورد، هەروەها گەشەسەندنە کەلتوورییەکان بەم هۆیەوە ڕووبەڕووی خیانەت بوونەوە. لەبەر ئەم ناکۆکییە، ‘کوردایەتیی’ لە ‘کوردبوون’ دوور کەوتەوە و وەک لاشەیەکی برینداری لێی هات.
بێگومان تەنها گەلی کورد ڕووبەڕووی قڕکردن نەبووەتەوە. بەڵام نە وەک ئەو گەلانەی تر بەهۆی قڕکردنەوە لەناو چوون و نەمان، نە توانیان بە شێوەیەکی هاوچەرخ بوونی خۆیان لە ڕێگەی دەوڵەتێکی نەتەوەییەوە بەرجەستە بکەن؛ بە پێچەوانەوە، بەرانبەر بە هێرشە وێرانکەرەکانی هەر سەردەمێک، فۆرم و شێوازی بەرخۆدانی خۆی بە گوێرەی خۆی و نەریتە دێرینەکانی خۆی بنیاد ناوە. هەر بۆیە کورد نموونەی نییە و بێوێنەیە. بەداخەوە، گەلێک کە بەقەد مرۆڤایەتیی خاوەن مێژوویەکی دێرینە و وەفاداریی بەها دێرینەکانی خۆیەتی، لەژێر فشاری دەوڵەت-نەتەوەکاندا، کە نوێنەری بکوژی کاستیکی سەدەی بیستەم بوون، ڕووبەڕووی لەناوبردن کرایەوە.
ئێمە وەک هیوای گەلێک دەستمان پێ کرد
لە دۆخێکی وەها سەختی نکۆڵیکردندا، بۆ گەلێک کە لە خۆبوون دوور خرابووەوە، نەک تەنها جەستە، بەڵکوو خەیاڵەکانیشیان لە گۆڕدا نێژرابوون و ڕووبەڕووی کێشەی بوون کرابوونەوە، ئێمە وەک هیوایەک دەرکەوتین. لە پایزی ١٩٧٨ـدا کاتێک یەکەم ژمارەی ‘سەرخۆبوون’ بڵاو کرایەوە، گوتبوومان: “ئێمە شەرم دەکەین لەم دۆخەی بەسەر کورددا داسەپێنراوە و ئەمە بۆ سەرخستنی ئەرکەکانمان دەبێتە سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێز”. لەسەر ئەم بنەمایە، بە درووشمێکی دوو وشەیی کە بە بێدەنگیی بڵاو بووەوە، هەوڵمان دا مێژوو بەدی بهێنین و ڕاستیی بنیات بنێین. لە کەشوهەوای نکۆڵیکردن، لەناوبردن و ئاسیمیلاسیۆندا، ئێمە پراکتیکی هەڵاتن لە بوونی خۆی کوردمان بە تێکۆشانێکی مەزنی ٥٢ ساڵە پێچەوانە کردەوە و قۆناغێکی نوێی مێژووییمان دەست پێ کرد. ئێمە گورزی قورسمان لە کۆیلایەتیی خۆویستانە و نکۆڵیکردنی خۆویستانە وەشاند.
لە ئەنجامدا، پەکەکە ئەرکی مێژوویی خۆی بەجێ گەیاند و ئەو ڕاستینەیەی کە ئێمە پێی دەڵێین ‘بوونی کورد’، هەم سەلماندی و هەم وای کرد ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکرێت. ئەو ڕاستییەی وا پێی دەڵێین بوونی نەتەوەیی یان بوونی کورد، بەم شێوەیە دەرکەوت. لە ئێستادا، کورد گۆڕاوە بۆ ڕاستینەیەکی مێژوویی و ئیتر ناکرێت نکۆڵیی لێ بکرێت. قۆناغی بوونی تێپەڕاندووە و چووەتە نێو سەردەمی بەدیهێنانی ئازادییەوە. ئەمە سەرکەوتنی پەکەکەیە لە ئاستی سەرفرازیدا. دەستکەوتێکی ئەنترۆپۆلۆژیی و ئۆنتۆلۆژییە.
سەرخۆبوون توانی ببێتە ناو و زمان و ڕۆحی سەردەم
پەکەکە لە هەموو شتێک زیاتر لە مێشکی مرۆڤەکاندا ڕووناکیی و هۆشیاریی بەدی هێنا، ڕاستییەکی وەهای لەگەڵ خۆیدا هێنا کە لەبری شەرمکردن لە بوونی خۆی، شانازیی پێوە بکات، هەوڵ بدات ببێت بە خۆی و خاوەندارێتیی لە بەهاکانی خۆی بکات. ئەم سەرکەوتنەی پەکەکە بەهۆی بەدیهێنانی ئەم ڕاستییەوە بوو. ‘سەرخۆبوون’ یەکێک بوو لەوانەی ئەم هۆشیارییەی کوردی پێک هێنا، لە یەکەم هەنگاوی پەکەکە و دواتر، ‘سەرخۆبوون’ دەنگی پەکەکە بوو، هاواری ڕاپەڕین و ئازادیی لە چیاکان، زیندانەکان و شەقامەکاندا بڵندتر دەبوو؛ ئەم هاوارەی گەیاندە گەنج، بەساڵاچوو، ژن، منداڵ؛ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە و بەم شێوەیە بوو بە یەکێک لە گەورەترین هاوڕێکانی ئەم ڕێگا پڕ لە زەحمەتییە. ئەو گەشتەی لە ساڵی ١٩٧٨ بە ئامێرێکی تایپکردن، کە دەشاردرایەوە، دەستی پێ کرد، هەموو کۆسپ و زەحمەتییەکانی تێکۆشانی بڕی و بوو بە بەردی بناغە و گرنگی پێشکەوتنی ئەقڵی کورد، کە ئەمڕۆ دەتوانین بە ئاسانی باسی بکەین. هەر بۆیە ‘سەرخۆبوون’ لە کاتی خۆیدا هەنگاوی پەکەکەی کردە بنەما و لەم بابەتەدا ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا. وەشانی گرنگی کرد کە تێگەیشتن، هێڵی ڕێکخستن و تێکۆشانی سەردەمێکی دیاری کرد. هەموو ئەو مانا و واتایانەی لە کەسایەتیی پەکەکەدا بەرجەستە ببوون، لە خۆیدا بەرجەستەی کرد. لەبەر ئەم هۆکارە ‘سەرخۆبوون’ تەنها وەشانی سەر کاغەز نەبوو، ئەو ناو، زمان و ڕۆحی سەردەمێک بوو.
ئیتر ئەو ڕاستینەیەی هەمووان دان بە گەلی کورددا بنێێن بەدەست هاتووە؛ بەڵام سەلماندنی بوون بە واتای پێکهاتنی تەواوەتیی ژیانی ئازاد نایەت. بەڵێ کورد هەیە، بەڵام ئەم کوردە چۆن دەژی؟ نیشانەی بوونی لەناو ژیاندا چۆن دەبێت، چۆن خۆی ڕێک دەخات و بنیاد دەنێت؟ ئەم کێشە و کەموکوڕییانە هێشتا بەردەوامن. واتە لەگەڵ پەکەکەدا بووە خاوەنی بوون، بەڵام ئازادیی هێشتا چاوەڕێی پێکهاتنە. ئەو پارادایمەی لەسەر بنەمای دەوڵەتی سۆسیالیستیی، کە پەکەکە بناغەی خۆی لەسەر داڕشتبوو، بەس نییە بۆ ئەوەی وەڵامی ئەم کێشانە بداتەوە. ئەم بنەمایەی پەکەکە پشتی پێ دەبەست، واتە دەوڵەتی سۆسیالیستیی، بە داڕمانەکەی نیشانی دا کە بنەمایەکی ڕاستەقینەی سۆسیالیستی نییە. پەکەکە بەم ناوەڕۆکەوە دەستی پێ کرد، بە بەرخۆدانە گەورەکەی پرسەکەی خستە ڕوو، پێناسەی کرد و چارەسەرەکانی ڕزگاریی خستە ڕوو. بەڵام بەو پارادایمەی پشتی بە ڕیال-سۆسیالیزم دەبەست، نەیتوانی لەمە زیاتر بڕوات و پێویستی بە گۆڕانکاریی بوو. ڕۆڵی خۆی لەناو مێژوودا جێبەجێ کرد، تەمەنی خۆی پڕ کردەوە و لەپێناو ئەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتییانەی لە پێشمانن، جێگەی خۆی بۆ ڕێبازی ڕێکخستنی کۆمۆناڵ هێشتەوە، کە پشت بە پارادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبەستێت. هەم بۆ ئەوەی ڕاستیی ڕیال-سۆسیالیزم لەناو ببرێت، هەمیش بۆ ئەوەی نکوڵیکردن و قڕکردن لە کوردستان کۆتایی پێ بهێنرێت، ئەمە پێویستییەکە.
ئێمە ئەم دۆخەمان بینی، پارادایمی دەوڵەت و دەسەڵاتپارێزمان گۆڕی، بە خوڵقاندنی پارادایمی دیموکراتیک، ئیکۆلۆژیک و ئازادیپارێزیی ژن، لەناو پەکەکەدا ڕێگەمان بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی کردەوە و بە “بانگەوازی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، بە گونجاومان زانی کۆتایی بە کارەکان لەژێر ناوی ئەو پارتەدا بهێنین کە خاوەنی بەرنامەی ڕیال-سۆسیالیستیی و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەییە. کۆنگرەی ١٢ـیەمینی پەکەکەش، کە لە ٥-٧ی ئایار بەسترا، کۆتایی بە پێکهاتە ڕێکخستنییەکەی خۆی هێنا و قۆناغی پەکەکەی داخست. تێپەڕین بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوو بە واتای دەستپێکێکی تەواو نوێ دێت. لەگەڵ ئەوەی بەرنامە و تیۆریی ڕیال-سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە و ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریی نەتەوەیی لا دەبرێن؛ لە شوێنی ئەوان تیۆریی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ستراتیژیی سیاسەتی دیموکراتیک بەرەوپێش دەچێت.
‘کۆمیناڵ’ بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک کە ڕێگە ڕووناک بکاتەوە، دەستی بە وەشانی خۆی کرد
کارەکتەری ستراتیژیی، بەرنامەیی و تیۆریی سەردەمی نوێ بەم شێوەیەیە. گۆڕانی پارادایم و چەکدانانی پەکەکە کۆتاییهاتن نییە، بەڵکوو نیشانەی دەستپێکێکی نوێیە. لەبەر ئەوە پێویستیمان بە دەنگێکی نوێ هەیە کە دەستپێکە نوێیەکە پێناسە بکات و بیگەیەنێتە کۆمەڵگە. بۆیە پێویستە (سەرخۆبوون) کە دەنگی پەکەکە بوو، لە مێژوودا جێگەی پڕشکۆی خۆی بگرێت و دەنگی دەستپێکێکی نوێی لەم شێوەیە بخوڵقێنرێت. ‘کۆمیناڵ’ لە دەرەنجامی ئەم پێویستییەدا هاتە ئاراوە و بۆ ئەوەی ببێتە سەرچاوەیەک کە لە ئەرکەکانی بنیادنانی کۆمەڵایەتییدا ڕێگە ڕووناک بکاتەوە، دەستی بە وەشان کرد. بێگومان ئەم دۆخە زۆر واتادارە و پێشکەوتنێکی مێژووییە.
کۆمۆناڵ کە لە ڕەگی ‘کۆم’، ‘کۆبوون’ـەوە هاتووە، تایبەتمەندییەکی سەرەکیی کۆمەڵایەتییە. لەبەر ئەوەی کۆمەڵایەتیبوون و مرۆڤبوون پێکەوە و لەناو یەکتردا خوڵقان، لە بنەڕەتدا پرەنسیپی سەرەکیی مرۆڤبوون بریتییە لە کۆمۆناڵبوون، واتە پشت بە ڕێکخستنی ژیانێک لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدا دەبەستێت. هیچ مرۆڤێک بە تەنیا بوونی نییە، ئەو مرۆڤەی لە ڕووی فیزیکیشەوە بەتەنیا بێت، تەنیا بە خاوەندارێتیکردن لە یادەوەریی و واتای کۆمەڵایەتیبوون دەتوانێت شکۆی مرۆڤبوون بپارێزێت. بەڵام ئەو پارادایمانەی ڕزگاریی وا پشت بە چین و دەوڵەت دەبەستن، بوونە هۆی ئەوەی ئەو خاڵە بنەڕەتییانەی وا دەبێت وەک بنەما هەڵبسەنگێنرێن، بە باشیی نەبینرێن. زۆرێک لەو بیرمەند، زانا و فەیلەسووفانەی هەوڵیان دا ئەم قەیرانەی سیستەم خوڵقاندوویەتی چارەسەر بکەن، یان لە کۆتا ساتەکانی تەمەنیاندا لەم ڕاستییە تێگەیشتن، یانیش بە قسەی شەرمنانە ئەمەیان هێنایە زمان. بەڵام لەناو هەموو بارودۆخێکدا ئەو پراکتیکانەی کران، ئەوەیان خستە ڕوو کە هەڵاتن لە هەقیقەت ناکرێت و کۆمەڵایەتیبوون لە بنەڕەتدا بریتییە لە ڕێکخستن لەسەر بنەما ڕاستەکان.
دەوترێت یەکێک لە فەیلەسووفە گەورەکان، فرانسیس بیکۆن، کاتێک نەخۆش بوو و لە جێگەدا کەوتبوو، وتوویەتی ‘ئەگەر من ئەم نەخۆشییە تێپەڕێنم و چاک ببمەوە، لەمەودوا ڕوو دەکەمە کۆمۆناڵیزم’. ئەم قسەیە ئەوە ئاشکرا دەکات کە چۆن خۆپەرەستیی و ژیانی دابەشبوو مرۆڤەکان دەخاتە قەیرانەوە، لە کاتێکدا لەناو هاوپشتی و کۆمەڵایەتیبووندا واتا بەدەست دەهێنرێت. بە هەمان شێوەش زانراوە کە لینین لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا کەوتە ناو گەڕانێکی بەرفراوان بۆ لەناوبردنی دەوڵەتپارێزیی، بیری لە شێوازی هاوبەش و دیموکراتیکتری ڕێکخستنی کۆمەڵایەتیی کردووەتەوە. هەموو ئەمانە نموونەی ئەوەن کە مرۆڤەکان هەوڵ دەدەن سەرلەنوێ ڕوو بکەنەوە کۆمەڵایەتیبوون، ژیانی هاوبەش و بەها کۆمۆناڵییەکان.
پێداگریی لەسەر کۆمۆناڵیزمی دیموکراتیک، لە هەر کاتێک زیاتر پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون
ئەو ئەرکەی ئەمڕۆ لە پێشمانە، ئەمەیە: چنینی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتیی لەسەر بەها کۆمۆناڵەکان و فراوانکردنی خۆڕێکخستنی گەل، لە بەرانبەر هێزی وێرانکەری مەترسیداری سەرمایەداریی، کە سیستەمی تاڵان و دزییە، پاراستنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی کۆمۆناڵیزمەوە، پێویستییەکی مانەوەیی سەردەمی نوێیە. بۆیە پێداگریی لەسەر کۆمۆناڵیزمی دیموکراتیک، لە هەر کاتێک زیاتر پێداگرییە لەسەر مرۆڤبوون. ‘کۆمۆناڵ’ کە لە قۆناغێکی هێندە مێژووییدا دەستی بە وەشانی سەردەمی نوێ کرد، ڕایگەیاند کە ئەو ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و پێداگریی خۆیشی بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکانە لەگەڵ ناوەکەیدا دیاریی کرد. لەبەر ئەوە دەبێت ئەم بڵاوکراوە نوێیە تەنیا وەک کارێکی وەشان و چاپەمەنیی نەبینرێت. بەڵکوو هاوکات دەبێت ببێتە دەنگی بنیادنانی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئایدۆلۆژیی سەردەمی نوێ و ببێتە هێزی ڕێنیشاندەر.
بێگومان هەوڵدان بۆ بنیادنانی چوارچێوەیەکی بەهێزی تیۆریی گرنگە. بەڵام پێویستیی سەردەمی نوێ ئەوەیە کە قورسایی بخرێتە سەر بابەتەکانی ڕێکخستنی پراکتیکیی و لە ڕووی کارەکانی بنیادنانی کۆمەڵایەتییەوە ببێتە هێزی ڕێنیشاندەر. چونکە سەردەمی نوێ دەبێتە سەردەمی هەڵمەتی کۆمۆناڵیزم. ئەمەش لە هەمان کاتدا پێویستیی بەشداریی و هاوبەشییە لە کارەکانی بنیادناندا کە بە تێگەیشتنێکی کۆمۆناڵیستییانە بەڕێوە ببرێت. بەشداریی بە هەمان ڕۆح لە کارەکاندا تەنیا بەم شێوەیە دەبێت. هێڵێکی وەشان کە خۆڕێکخستنی گەل، کۆمۆنە، ئەنجوومەن، هەرەوەزیی، ڕێکخراوەکانی ژنان و گەنجان و سەرلەنوێ بنیادنانەوەی ئەخلاقیی و کەلتوور بکاتە بنەمای خۆی، دەبێتە خاوەنی ڕۆحی سەردەمی نوێ. چونکە کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندییە ڕێکخراوەییەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەوە گەورە و هەمیشەیی دەبێت. بۆیە بڵاوکراوەکە، لەگەڵ قووڵبوونەوەی تیۆریی، دەبێت هاوکات ئەزموونە ڕێکخراوەییە پراکتیکییەکان، شێوازەکان و ڕێگەکانی دەرکەوتنیان بە بەهێزیی هەڵبسەنگێنێت.
ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان لە پێش “کۆمۆناڵ”ـن
کۆمیناڵ لە سەردەمێکی مێژووییدا دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، بۆیە ئەرک و بەرپرسیارێتییە مێژووییەکان لە پێشین. ئەگەر ئێوە ئەم بەرپرسیارێتییە لە ئاستێکی شایستەدا جێبەجێ بکەن، تەنیا کارێکی بڵاوکردنەوە ناکەن؛ بەڵکوو لە هەمان کاتدا زەمینەیەکی بەهێزی تێکۆشان و تێگەیشتن دەبەخشنە ڕێپێوانی کۆمۆناڵیزم و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی سەردەمی نوێ.
من لەو باوەڕەدام ئێوە بەم تێگەیشتنە لە بەرپرسیارێتییەوە دەستان پێ کردووە و جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتکارانی ‘کۆمیناڵ’ دەخوازم.
کۆمیناڵ، کە لە بەرانبەر هەموو هێرشەکانی سیستەم بۆ پارچەکردن، پەرتەوازەکردن و لەناوبردنی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی لە ڕێگەی خۆپەرستییەوە، بە درووشمی “پێداگریی لەسەر سۆسیالیزم، پێداگرییە لەسەر کۆمۆناڵیزم” وەک ئەستێرەیەک درەوشایەوە، لە گەلان، ژنان، گەنجان و سۆسیالیستە دیموکراتەکان پیرۆز دەکەم.



