پرسی ژن

ئاپۆ و کوردەکانی دەوڵەت!

جیهانە تازەکەی ئاپۆ و داڕمانی جیهانی کۆن

 

شارا تاهیر

ئاپۆ و کوردەکانی دەوڵەت!

جیهانە تازەکەی ئاپۆ و داڕمانی جیهانی کۆن

دەتوانیت مرۆڤ لە شوێنێکدا بەند بکەیت، بەڵام ناتوانیت بیرکردنەوەکەی لە نێو دیوارەکانی ئەو شوێنەدا زیندانیی بکەیت. دەتوانیت جەستەی لە ژوورێک، شارێک یان زیندانێکدا سنووردار بکەیت؛ دەتوانیت دەروازەکان دابخەیت و ڕۆژەکانی بە یەکسانیی و بە هەمان ڕیتمی دووبارەبوونەوە تێپەڕێنیت، بەڵام ناتوانیت هۆشیاریی و بیرکردنەوەی لێ قەتیس و زەوت بکەیت. بیرکردنەوە، بە سرووشتی خۆی، سنوورەکانی شوێن و کات دەبڕێت. مرۆڤ دەتوانێت بە هۆی هۆشیارییەوە بگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو، لە ئێستا تێبگات و داهاتوو نەک تەنیا وەک شتێکی دوورەدەست، بەڵکوو وەک کۆمەڵێک ئەگەر، ماتەوزە و ڕێگای کراوە خەیاڵ بکات.

لەو ساتەوەی دیوارەکان دەوری جەستەی مرۆڤ دەگرن، بیرکردنەوە دەتوانێت دەروازەیەک بۆ جیهانێکی فراوانتر بکاتەوە؛ جیهانێک کە نە بە دیوار دادەخرێت و نە بە قەبارەی ژوورێک پێناسە دەکرێت. لێرەوە چیرۆکی زیندانی ئاپۆ لە دوڕگەی ئیمڕاڵیی دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی تایبەت بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان بەندکردنی جەستە و ئازادیی بیر؛ لە نێوان ئەوەی جەستە لە کوێیە و ئەوەی بیرکردنەوە دەتوانێت تا کوێ بڕوات. بارودۆخی ئاپۆ لە ئیمڕاڵیی تەنیا چیرۆکی مرۆڤێک نییە کە لە ساڵی (١٩٩٩)ـەوە جەستەی لە زینداندا بەند کراوە؛ بەڵکوو دەتوانرێت وەک نموونەیەک بۆ توانای مرۆڤ سەیر بکرێت کە چۆن  لە دۆخێکی زۆر سنوورداری جەستەییدا، ئاسۆی بیرکردنەوەی خۆی لەودیو سنووری کات و شوێنەوە فراوان و واڵا کرد. ئەو ساڵانەی بەندبوون، لە نووسین و بیرکردنەوەکانیدا، تەنیا ژمارەی ساڵانی زیندان نیین؛ بەڵکوو بوونەتە فەزایەک بۆ بیرکردنەوە لەو پرسیارانەی لە سنووری تاکەکەس تێدەپەڕن و دەگەنە نێو پرسیارەکانی کۆمەڵگە و مرۆڤایەتیی: ئازادیی چییە؟ دەسەڵات چۆن درووست دەبێت؟ کۆمەڵگە چۆن خۆی ڕێک دەخات؟ و مرۆڤ چۆن دەتوانێت شێوازێکی دادپەروەرانەتر و ئازادانەتر بۆ ژیانی هاوبەش درووست بکات؟

لەم پرۆسەیەدا، پرسی کورد تەنیا وەک کێشەیەکی نێوان کورد و تورک، یان تەنیا وەک ملمێلانێکی سەربازیی و سیاسیی، نەماوەتەوە؛ بەڵکوو دەچێتە ئاستی پرسیارێکی گشتیتر دەربارەی دەسەڵات، دەوڵەت، کۆمەڵگە و شێوازی ڕێکخستنی ژیانی هاوبەش. پرسیارەکە ئەوەیە: دەسەڵات چۆن درووست دەبێت و چۆن بەرهەم دەهێنرێت؟ دەوڵەت چۆن پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ کۆمەڵگە و دەسەڵات دەگۆڕێت؟ دیموکراسیی چۆن دەتوانێت لە سنووری دامەزراوە و دەستوور تێپەڕێت و ببێتە شێوازێکی ڕۆژانەی ژیان؟ ئازادیی ژن و پاراستنی ژینگە چ پەیوەندییەکیان بە ئازادیی، دادپەروەریی و داهاتووی کۆمەڵگە هەیە؟

بۆ ئاپۆ پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە «چۆن دەوڵەتێکی نوێ درووست بکەین؟» بەڵکو پرسیارێکی قووڵترە: «چۆن شێوازێکی نوێ بۆ ژیانی هاوبەش درووست بکەین؟» ئەم گۆڕانەی لە پرسیاری دەوڵەتەوە بۆ پرسیاری کۆمەڵگە و ژیانەوە دەچێت. لە پارادیایمی «کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک»، کە ئاپۆ لە بەرهەمە نووسراوەکانی خۆیدا پەرەی پێ داوە، هەوڵ دەدات تێڕوانینێکی جیاواز بۆ دەسەڵات، دیموکراسیی و کۆمەڵگە پێشکەش بکات. لەم تێڕوانینەدا، کۆمەڵگە تەنیا کۆمەڵێک تاکی جیاواز نییە کە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا دەژین؛ بەڵکوو کۆمەڵگە دەتوانێت بە خۆڕێکخستن و بەشداریی ڕاستەوخۆ، شێوەیەکی جیاواز بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی هاوبەش درووست بکات.

ئاپۆ ڕەخنە لە تێڕوانینە پۆزیتیڤیستییە دەگرێت کە «ڕاستیی» تەنیا بەو شتانە دەناسێت کە دەبینرێن، دەناسرێن و بە شێوەیەکی ماددیی وەک “هەقیقەت” پێوانە دەکرێن. لە دیدی ئەوەوە، ڕاستیی لە ڕووکەشی شتەکان فراوانترە و ناتوانرێت هەموو بوون تەنیا بەوەی ئێستا هەیە و دەبینرێت، کورت بکرێتەوە. ئاپۆ بە ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی زانستی نوێ، بە تایبەت فیزیای کوانتۆم، ئەو بیرۆکەیە دەخاتە ڕوو کە ئەوەی دەیبینین تەنیا یەک ڕووی ڕاستییە، نەک هەموو ڕاستیی. لە پشت «ئەوەی هەیە»ـدا کۆمەڵێک ئەگەر و ماتەوزە هەن و هێشتا بە شێوەیەکی دیار نەبوونەتە واقع.

بەم مانایە، ڕاستیی تەنیا ئەوە نییە کە هەیە؛ بەڵکوو ئەوەشە کە دەتوانێت هەبێت. هۆشیاریی و خەیاڵی مرۆڤ دەتوانێت ئەو ئەگەر و ماتەوزانە بناسێت، داهاتووی جیاواز وێنا بکات، بە مانایەکی دیکە، ئەگەر خەیاڵکردنی داهاتوو بتوانێت ماتەوزەکان لە ئاستی بیر و هۆشیارییەوە بگوازێتەوە بۆ کردار و ئەزموونی ژیان، ئەوا دەتوانێت ببێتە دەستپێکی گۆڕان و درووستکردنی واقعێکی نوێ.

ئەگەرچی زۆرێک لە ڕەخنە و شرۆڤەکانی کایەی ڕۆشنبیریی و سیاسیی کوردیی لەبارەی بیروبۆچوونەکانی ئاپۆ، بە تایبەت لە پەیوەندیی بە پرۆسەی ئاشتیی، لە دەوری ئەو بۆچوونە ساویلکەیەدا کۆ دەبنەوە کە «ئاپۆ لە زیندانە و پیاوێکی بەساڵاداچووە»، یان ئەوەی ناتوانرێت دۆزی کورد لە تورکیا تەنیا لەسەر بنەمای قسە و بۆچوونی کەسێک بەڕێوە ببرێت کە لە واقیعی سیاسییەوە دوورە، هەڵبەت ئەو کەسانە بایی ئەوەندە ناتوانن تێ بفکرن کە  زیندانیبوونی جەستە و تێپەڕینی تەمەن، بە تەنیا ناتوانێت توانای مرۆڤ بۆ بیرکردنەوە، خەیاڵکردن و درووستکردنی ئاسۆیەکی نوێی فکری سنووردار بکات، ئەمەیش کارەساتە!

هەربۆیە بارودۆخی زیندانی ئاپۆ لە دوڕگەی ئیمڕاڵیی دەتوانێت ببێتە وێنایەکی قووڵ بۆ پرسیارێکی فەلسەفیی گەورەتر: ئایا مرۆڤ، تەنانەت کاتێک جەستەی لە شوێن و کاتێکی دیاریکراودا سنووردارە، دەتوانێت لە دۆخی ئێستا تێپەڕێت و داهاتوویەکی جیاواز خەیاڵ بکات؟ ئایا هۆشیاریی مرۆڤ دەتوانێت لە سنووری شوێن و کات تێپەڕێت و داهاتوو و ئەگەرەکانی گۆڕان وەک ماتەوزەیەکی کراوە ببینێت؟

بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پرسیارانە، دەتوانین  پشت ببەستین بە زانست، بە تایبەت بیرۆکەکانی (دکتۆر جۆ دیسپێنزا). ئەو لە کتێبی Breaking the Habit of Being Yourself گۆڕان تەنیا بە گۆڕینی ژینگەی دەرەوەوە پەیوەست ناکات؛ بەڵکوو جەخت لەوە دەکاتەوە کە گۆڕانی ڕاستەقینە پەیوەندیی بە گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و کردەی مرۆڤەوە هەیە؛ لەم تێڕوانینەدا، گۆڕان پرۆسەیەکی سێ‌ قۆناغییە یان ئەوەی ئەو بە مێتافۆڕی سێ مێشک ناوی دەبات: بیرکردنەوە، کردار و دۆخی بوون  (State of Being). بیرکردنەوە دەتوانێت دەستپێکی گۆڕان بێت، کردار ئەو بیرۆکەیە دەخاتە نێو جیهانی ئەزموونەوە و بەردەوامیی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت مرۆڤ بگوازێتەوە بۆ دۆخێکی نوێی بوون (New state of Being)؛ واتە شێوازێکی نوێ بۆ هەستکردن، بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت. لە تێڕوانینی  دیسپێنزا، ئەم پرۆسەیە لە گۆڕینی بیرکردنەوە، هەست و هەڵسوکەوتەوە دەست پێ دەکات. مرۆڤ ئەگەر هەمیشە بە هەمان شێوە بیر بکاتەوە و هەمان هەست و وەڵامدانەوە دووپات بکاتەوە، بە زۆریی هەمان جۆرە ئەنجامەکانیش دووپات دەکاتەوە. بۆیە گۆڕینی ژیان تەنیا بە گۆڕینی ژینگەی دەرەوەوە دەست پێ ناکات؛ دەتوانێت لە گۆڕینی ئەو کەسایەتییەوە دەست پێ بکات وا بە تێکەڵبوونی بیرکردنەوە، هەست و ئەزموونەکانی ڕابردوو درووست بووە.

لە دیدگای دیسپێنزا، مرۆڤ دەتوانێت بە خەیاڵکردنی ئەزموونێکی داهاتوو، پێش ئەوەی لە جیهانی دەرەوە ڕوو بدات، لە جیهانی ناوخۆی خۆیدا پێشبینی و ئەزموونی بکات. کاتێک مرۆڤ بە وردیی داهاتوویەک خەیاڵ دەکات و هەست و واتاکانی ئەو داهاتووە لە ئێستادا ئەزموون دەکات، ئەوا ئەو داهاتووە دەتوانێت کاریگەریی لە سەر شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن و هەڵوێستی ئێستای هەبێت. بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە تەنیا خەیاڵکردن بە خۆی جیهانی دەرەوە دەگۆڕێت، یان هەر شتێک مرۆڤ خەیاڵی بکات بێ هیچ کردارێک دەبێتە واقع. بەڵکوو گرنگیی خەیاڵ لەوەدایە کە دەتوانێت جیهانی ناوخۆی مرۆڤ بگۆڕێت، گۆڕانی جیهانی ناوخۆ دەتوانێت شێوازی بیرکردنەوە، هەستکردن، هەڵوێست و کردە بگۆڕێت. لەوێرەوە، گۆڕانی دەرەوە دەتوانێت بە هەنگاوەکانی ئێستا دەست پێ بکات.

بەم پێیە، خەیاڵکردنی داهاتوو هەڵاتن لە واقیعی ئێستا نییە؛ بەڵکوو دەتوانێت شێوازێک بێت بۆ تێپەڕین لە سنووری واقیعی ئێستا و دۆزینەوەی ئەو ئەگەر و ماتەوزانەی لە نێو ئەو واقیعەدا شاراوەن. مرۆڤ سەرەتا داهاتوو لە هۆشیاریی خۆیدا دەبینێت، پاشان ئەگەر توانای گواستنەوەی ئەو وێنە ناوخۆییەی بۆ کردە هەبێت، ئەوا دەتوانێت بەشێک لەو ماتەوزانە بگۆڕێت بۆ واقعێکی نوێ.

لەو ڕوانگەیەوە، پرسیاری سەرەکیی تەنیا ئەوە نییە کە «داهاتوو چی دەبێت؟»؛ بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە: «دەتوانین چ داهاتوویەک خەیاڵ بکەین و چۆن دەتوانین ئەو خەیاڵە لە ئاستی بیرەوە بگوازینەوە بۆ ئاستی کردە و واقع؟»

مرۆڤ تەنیا ئەو شتانە نابینێت کە لە بەردەم چاویدان. دەتوانێت شتێک ببینێت کە هێشتا نییە. دەتوانێت شارێک خەیاڵ بکات پێش ئەوەی درووست بکرێت، بیر لە سیستەمێکی سیاسیی بکاتەوە پێش ئەوەی دامەزرێت، پەیوەندییەکی نوێ بخوازێت پێش ئەوەی درووست بێت، یان تەنانەت کەسایەتییەکی نوێ بۆ خۆی دیاریی بکات پێش ئەوەی بتوانێت بە کردار ئەو کەسایەتییە بژێت. لەم مانایەدا، هۆشیاری تەنیا وەرگر و تۆمارکەری واقیع نییە؛ توانایەکی هەیە بۆ پێکهێنانی ئەگەرەکانی واقیعیش.

لە تێڕوانینی د. دیسپێنزا، یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی گۆڕانکاریی ناوخۆی مرۆڤ ئەوەیە کە بۆ ماوەیەک لەو ناسنامە و پەیوەندییە ڕۆژانەییە دوور بکەوێتەوە کە بەردەوام «من»ـی ئەو پێناسە دەکەن. مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا خۆی بە کۆمەڵێک ناسنامەوە دەناسێنێت: من باوکم، من دایکم، من کارمەندم، من هاوڕێم، من سیاسیم، من نووسەرم، من ئەو کەسەم کە ئەم مێژووەی هەیە، لەم شوێنە دەژیم و ئەم جەستەیەم هەیە. هەموو ئەمانە بەشێکن لە ئەزموونی مرۆڤ، بەڵام لە دیدی دیسپێنزادا، کاتێک تاک بە تەواویی خۆی بەو ناسنامانەوە دەبەستێتەوە، هۆشیارییەکەی زیاتر لە ڕابردوو و دۆخی ئێستای ژیانیەوە دەبەسترێتەوە و توانای بینینی ئەوەی «دەتوانێت ببێت» کەمتر دەبێتەوە. دۆخێک کە لە زمانی دیسپێنزا بە «نە جەستە، نە کەس، نە شت، نە شوێن و نە کات» ناوی دەبات. لێرەدا بیرۆکەی «هیچ‌ کەس» و «هیچ‌ کوێ» دێتە پێشەوە. مەبەست لە «هیچ‌ کەس» ئەوە نییە کە مرۆڤ بوونی خۆی لەدەست بدات یان ببێتە هیچ؛ بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە بۆ ساتێک خۆی لە ناسنامەی کۆمەڵایەتیی، مێژوویی و جەستەیی خۆی جیا بکاتەوە. لەو ساتەدا، تۆ نابیتە تەنیا ئەو کەسەی کە ڕابردووی پێناسەی کردووە؛ نابیتە تەنیا باوک، دایک، کارمەند، هاوڕێ، خوێندکار یان ئەو کەسەی کە خەم و سەرکەوتن و شکستی پێشووی هەیە. بەڵکوو هەوڵ دەدەیت خۆت وەک «هۆشیاریی» ئەزموون بکەیت، پێش ئەوەی بە هەر ناسنامەیەکی دیاریکراوەوە خۆت بناسیت.

بە هەمان شێوە، «هیچ ‌کوێ» واتە بۆ ماوەیەک خۆت لە پەیوەندییەکی دەروونییەوە بە شوێن و ژینگەی دەوروبەرت جیا بکەیتەوە. ژینگە بەردەوام یادەوەرییەکانی ڕابردوو زیندوو دەکاتەوە؛ هەر شوێنێک دەتوانێت کەسێک، ڕووداوێک، هەستێک یان شێوازێکی بیرکردنەوەی تایبەتت بۆ بهێنێتەوە. بۆیە، کاتێک مرۆڤ لە ڕێگەی مێدیتەیشن و خەڵوەتەوە هەوڵ دەدات لەو پەیوەندییە دەروونییە کەم بکاتەوە، ئامانج ئەوەیە بۆ ساتێک «شوێنی ئاشنا» وەک بنەمای ناسنامەی خۆی بەکار نەهێنێت.

ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دیسپێنزا بە «سێ گەورەکە» ــ ژینگە، جەستە و کات ــ ناوی دەبات. ژینگە بەردەوام بە مرۆڤ دەڵێت؛ «تۆ لە کوێیت»؛ جەستە یادەوەریی ئەوەیە «تۆ کێیت» و کاتیش مرۆڤ بە ڕابردوو و داهاتووەوە دەبەستێتەوە. مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەدا زۆرجار لە نێوان ئەم سێ بنەمایەدا دەژی: جەستەکەی هەست بە ئازار و خۆشیی دەکات، ژینگەکەی هەڵسوکەوتەکانی ئاڕاستە دەکات و کاتیش یادەوەریی ڕابردوو و نیگەرانیی داهاتوو درووست دەکات.

لە دیدی دیسپێنزادا، گۆڕانکاریی قووڵ لەو ساتەی مرۆڤ بتوانێت بۆ ماوەیەک لە ڕۆتین و ڕیتمی ئۆتۆماتیکی بۆ ئەم سێ گەورەیە دوور بکەوێتەوە، دەست پێ دەکات. واتە جەستەکەی هەموو سەرنجی نەدزێت، ژینگەکەی هەموو بیرکردنەوەکانی دیاری نەکات و کاتیش هەموو هۆشیارییەکەی بە ڕابردوو و داهاتووەوە نەبەستێت. لەو دۆخەدا، تاک هەوڵ دەدات لە «دۆخی مانەوە» ــ کە تێیدا زۆرجار لە ترس، نیگەرانیی، خۆپاراستن دەژی ــ بگوازێتەوە بۆ دۆخی «درووستکردن و خەڵقکردن».

دۆخی مانەوە زۆر جار لەسەر ئەوە دامەزراوە کە مرۆڤ دەڵێت: «چی ڕووی داوە؟»، «چی هەڕەشەم لێ دەکات؟»، «چۆن خۆم بپارێزم؟» و «چۆن ئەوەی هەیە بپارێزم؟». بەڵام دۆخی درووستکردن پرسیارێکی جیاواز دەهێنێتە ئاراوە: «چی دەتوانێت ببێت؟»، «من دەمەوێت چی ئەزموون بکەم؟» و «ئەگەر منی داهاتوو جیاواز بێت، ئەو کەسە چۆن بیر دەکاتەوە، چۆن هەست دەکات و چۆن هەڵسوکەوت دەکات؟»

لەم دۆخەدا، خەیاڵکردن تەنیا درووستکردنی وێنەیەک لە مێشکدا نییە؛ بەڵکوو دەبێتە پرۆسەیەک بۆ درووستکردنی دۆخێکی نوێی ناوەکیی. مرۆڤ دەتوانێت شێوازی بیرکردنەوەی خۆی بگۆڕێت، پەیوەندییەکانی مێشک نوێ بکاتەوە و بە شێوەیەکی جیاواز هەست و هەڵوێست و کردارەکانی خۆی ڕێک بخات. بەڵام لێرەدا گرنگە جیاوازیی نێوان خەیاڵکردنی داهاتوو و درووستکردنی واقعێتیی داهاتوو بزانین. لە تێڕوانینی دیسپێنزادا، کایەی کوانتۆم شوێنێک نییە کە مرۆڤ تەنیا بە خەیاڵکردن بتوانێت هەر شتێک بخوازێت و ڕاستەوخۆ بیهێنێتە بوون. بەڵکوو خەیاڵکردن دەتوانێت جیهانی ناوخۆی مرۆڤ بگۆڕێت؛ ئەو گۆڕانەش دەتوانێت ببێتە بنەمای گۆڕینی کردە، هەڵوێست و شێوازی ژیان و لەو ڕێگەیەوە کاریگەریی لە سەر جیهانی دەرەوە دابنێت.

بەم مانایە، دۆخی هۆشیاریی بێسنوور لە بیرکردنەوەی دیسپێنزادا، دۆخێکە کە مرۆڤ بۆ ساتێک لە «ئەوەی هەیە» دوور دەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت لە «ئەوەی دەتوانێت هەبێت» بیر بکاتەوە. لەوێوە، داهاتوو تەنیا شتێکی مەحاڵ نییە؛ بەڵکوو دەبێتە کۆمەڵێک ئەگەر و ماتەوزە کە مرۆڤ دەتوانێت بە هۆشیاری، خەیاڵ و کردارەوە بە ئاڕاستەیەکی نوێ بیانبات.

ئەم گوتەیەی دسپێنێزا کە دەڵێت: ” گۆڕان ئەوەیە لە بارودۆخی ئێستامان گەورەتر بیر بکەینەوە و لە ژینگەی ئێستامان گەورەتر کردار بنوێنین، تەنیا وتەیەکی دەروونناسیی نییە؛ دەتوانێت ببێتە کلیلێک بۆ تێگەیشتن لە هەندێک لە گۆڕانە گەورەکانی مێژوو. دیسپێنزا بۆ ئەوەی پیشان بدات مرۆڤ دەتوانێت دۆخی ئێستا و سەردەمی خۆی تێپەڕێت، نموونەی کەسانێکی وەک مەهاتما گاندی و مارتین لۆسەر کینگ جونییەر دەهێنێتەوە؛ کەسانێک کە لە کاتی خۆیاندا بەو جیهانە ڕازیی نەبوون کە تییادا ژیاون، نەیانویستووە وەک  وەک چارەنووس قەبووڵی بکەن. ئەم کەسە گەورانە و کەسانی تریش، لەوانەیش ڕێبەر ئاپۆ دەتوانین وەک نموونەی ئەو توانایەی مرۆڤ وا لە سنووری دۆخی سەردەمی خۆی گەورەتر بیر دەکاتەوە و داهاتوویەک پێشبینی دەکات، کە هێشتا نەهاتووە. وێنا بکەین.

غاندی لە کۆمەڵگەیەکدا کە زۆرێک لە پەیوەندییەکانی لەسەر دەسەڵات و زۆرداریی دامەزرابوو، بیرۆکەی ڕێکخستنی ناڕەزاییی بێ‌ توندوتیژی پەرە پێ دا. ئەو داهاتوویەکی دەبینی کە لە کات و سەردەمی خۆیدا هێشتا نەبوو، بەڵام هەوڵی دا بە هەست، هەڵوێست و کرداری خۆی، کار بۆ بۆ درووستکردنی ئەو داهاتووە بکات.

مارتین لۆسەر کینگیش لە ناو سیستەمێکی جیاکاریی ڕەگەزیی بەهێزدا، تەنیا باسی ئەوەی نەکرد کە «ئێستا چییە»؛ بەڵکوو باسی ئەوەی کرد کە «داهاتوو دەتوانێت چۆن بێت گوتە بەناوبانگەکەی “خەونێکم هەیە” ” I Have a Dream “لە بنەڕەتدا دەربڕینی هەمان توانایە: توانای بینینی جیهانێک کە هێشتا بە تەواویی نەهاتووە، بەڵام دەتوانێت بە بیرکردنەوە و بینینی ئاسۆکانی لە ئێستادا ببێتە ڕاستیی.

زۆربەی گۆڕانە گەورەکانی مێژوو لەو شوێنەوە دەستیان پێ کردووە کە شتێک هێشتا واقیعیی نەبوو. زۆرێک لەو کەسانەی لە سەردەمی خۆیاندا خەونی داهاتوویان دەبینی، لەلایەن دەوروبەر بە «ناواقعیی» و خەیاڵپڵاو ناودێر کراون؛ چونکە ئەو داهاتووەی ئەوان دەیان‌ بینی، هێشتا لە جیهانی واقیعدا بوونی نەبوو.

هەر بۆیە پرسیاری جەوهەریی لێرەدا ئەوەیە، ناواقعیی بۆ کام کات؟

ئەو شتەی ئەمڕۆ بوونی نییە، لەوانەیە تەنیا ئەوە بێت کە کاتی هاتنی هێشتا نەهاتووە، چونکە پێش ئەوەی هەر گۆڕانێک ببێتە واقیع، سەرەتا بیرۆکەیەکە؛ پێش ئەوەی ببێتە کردە، خەونێکە و پێش ئەوەی کۆمەڵگە بتوانێت بیبینێت، دەبێت کەسێک بتوانێت لە ناخی خۆیدا خەیاڵی بکات و خەونی پێوە ببینێت.

گاندی داهاتوویەکی بێ‌ توندوتیژی دەبینی، مارتین لۆسەر کینگ، کاتێک لە جیهانێکی بێ هەڵاواردنی ڕەگەزیی دەدوا، باسی لە داهاتوویەک دەکرد هێشتا تەواو بوونی نەبوو. بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانبینی، تەنیا خەیاڵ نەبوو؛ ئەگەرێک بوو بۆ واقیعێک لە داهاتوودا. وەکچۆن پارادیمی “کۆمەڵگەی دیموکراتیی” ئاپۆ کە زۆر کەس بە خەیاڵ و ناواقیعیی دەیبینێت، داهاتووییەکە کە هێشتا کاتی ماوە بۆ ئەوەی بێتە واقیع، لەو ڕوانگەیەوە، داهاتوو پێش ئەوەی بێتە بوون، تەنیا ئەگەرە. پێش ئەوەی ببێتە دامەزراوە، بیرۆکەیە. پێش ئەوەی ببێتە یاسا، داواکارییە. پێش ئەوەی ببێتە ژیانی هاوبەش، پارادیـمێکی زۆر باش بیرلێکراوەیە. بە مانایەکی دیکە، ئەوەی سەرەتا تەنیا بیرۆکەیەکە، دەتوانێت ببێتە گفتوگۆ؛ گفتوگۆ ببێتە پڕۆسەی سیاسیی؛ پڕۆسەی سیاسیی ببێتە یاسا؛ یاساش، ئەگەر بە کردار و متمانە پشتیوانیی لێ بکرێت، بتوانێت پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بگۆڕێت.

لە «من»ـی نوێوە بۆ «ئێمە»ـی نوێ

«گۆڕان ئەوەیە لە بارودۆخی ئێستامان گەورەتر بیر بکەینەوە و لە ژینگەی ئێستامان گەورەتر کردە بنوێنین.» لە ئاستی تاکدا، گۆڕان لەوێوە دەست پێ دەکات. لە بیرکردنەوەی نوێوە بەرەو هەستی نوێ، بەرەو کردارێکی نوێ، بەرەو ناسنامەی نوێ، لەوێشەوە بەرەو ژیانێکی نوێ، بەڵام کاتێک ئەم بیرۆکەیە بۆ ئاستی کۆمەڵگە دەگوازینەوە، «من» دەبێتە «ئێمە»، چونکە هۆشیاریی نوێ، پەیوەندیی نوێ درووست دەکات، لەوێشەوە ڕێکخستنی نوێ سەر پێ دەخات، لەوەوە کۆمەڵگەیەکی نوێ و داهاتوویەکی نوێ. بەڵام هەموو ئەم زنجیرە بەیەکەوەبەستراوانە بێ ڕیشە نیین، ڕیشەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدایە. ئەگەر مرۆڤ بتوانێت وێنایەکی نوێ لە خۆی درووست بکات، ئەوا کۆمەڵگەش دەتوانێت وێنایەکی نوێ لە خۆی درووست بکات؛ نەک تەنیا بەوەی هەبووە، بەڵکو بەوەی دەتوانێت هەبێت.

ئەمەش خاڵی گرنگی بیرکردنەوەی ئاپۆیە: کۆمەڵگە نابێت تەنیا بە شەڕ، ترس، دوژمنایەتیی و پەیوەندییەکانی دەسەڵات پێناسە بکرێت؛ دەتوانێت لە خۆڕێکخستن، بەشداریی، فرەیی، هاوبەشیی و پێکەوەژیاندا مانای نوێ بۆ خۆی درووست بکات. لێرەدا کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک وەک هەوڵێک بۆ درووستکردنی ئەو «ئێمە»ـی نوێیە دەردەکەوێت.

بەم مانایە، ئەوەی دیسپێنزا لە ئاستی تاک بە «من» دەڵێت، ئاپۆ لە ئاستی کۆمەڵگە بۆ «ئێمە» فراوانی دەکات: «من دەبێت لە منی ڕابردوو گەورەتر بم.» و «ئێمە دەبێت لە دۆخی کۆنی”ڕابردوو” خۆمان گەورەتر بین.» بۆیە پرۆسەی ئاشتیی تەنیا کۆتاییهێنان بە شەڕ نییە؛ گۆڕینی وێنەی داهاتووە. ئەوەی ئەمڕۆ نەکردەنیی دەردەکەوێت، لەوانەیە سبەی ببێتە ڕاستیی، ئەگەر بیرکردنەوە بگۆڕێت و ئەو بیرکردنەوەیە ببێتە کردار، یاسا، متمانە و ژیانی ڕۆژانە.

لە کۆتاییدا، پرسیاری سەرەکیی لەوانەیە ئەمە نەبێت: «ئێستا چییە؟» بەڵکوو «چی دەتوانێت ببێت؟»، چونکە ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا یەک دۆخە؛ داهاتوو کۆمەڵێک ئەگەرە. گۆڕانی مێژووییش لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە مرۆڤ و کۆمەڵگە بتوانن ئەگەرێکی نوێ ببینن، پێش ئەوەی ببێتە ڕاستیی.

ئاپۆ لە زیندان و پرۆسەی ئاشتیی لە پەرلەمان

لە شوباتی ٢٠٢٥ـەوە ئاپۆ بانگەوازی کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریی و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد، لە مانگی ئایاری ٢٠٢٥ـدا پەکەکە ڕایگەیاند کە شەڕی چەکدار کۆتایی پێ دەهێنێت. لە ١٠ـی ئابی ٢٠٢٦، پەرلەمانی تورکیا یاسایەکی گرنگی پەسەند کرد کە چوارچێوەی یاسایی بۆ چەکدانان، هەڵوەشاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پێشووی پەکەکە لە ژیانی مەدەنیی دابین دەکات؛ یاساکە بە ٤٦٧ دەنگ پەسەند کرا.

لەوانەیە ئەمە قووڵترین وێنەی پرۆسەکە بێت:

ئۆجەلان لە زینداندا بیر دەکاتەوە و خەیاڵ بە جیهانێکی نوێیوە دەکات، بیرۆکەکانی دەبنە گفتوگۆ، گفتوگۆ دەچێتە پەرلەمان، پەرلەمان یاسا درووست دەکات، یاسا دەتوانێت پەیوەندییەکان بگۆڕێت، پەیوەندییە نوێکان دەتوانن داهاتووی نوێ درووست بکەن. ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو شتێک چارەسەر بووە. بە پێچەوانەوە، قۆناغی ئێستا لەوانەیە سەختترین قۆناغ بێت؛ چونکە گواستنەوە لە بانگەواز و نووسینەوە بۆ یاسا و جێبەجێکردن، پێویستی بە متمانە و هەنگاوی دوولایەنە هەیە. هەروەها هێشتا دۆخی ئاپۆ و مافە سیاسیی و کەلتوورییەکان لە نێو پرسیارە سەرەکییەکانی پرۆسەکەدان.

بەڵام ئەمە کۆتایی پرۆسەکە نییە؛ بەڵکوو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینە لە ئێستا دەست پێ دەکات. چونکە ئاشتیی تەنیا ئەوە نییە کە چەک دابنێین یان ئەوەی ئۆردۆغان بە ‘تورکیای بێ تیرۆر’ ناوی دەنێت، بەڵکوو ئاشتیی ئەوەیە کە دۆخی کۆن بگۆڕێت، لە شەڕەوە بۆ ئاشتیی، لە ترسەوە بۆ متمانە، لە دوژمنایەتییەوە بۆ پەیوەندیی، لە چەکەوە بۆ سیاسەت، لە ناکۆکییەوە بۆ ڕێککەوتن، لە دەسەڵاتەوە بۆ بەشداریی، لە ڕابردووەوە بۆ داهاتوو. یاسای تازە هەنگاوێکی گەورەیە، بەڵام هێشتا پرسیارە گەورەکان وەڵام نەدراونەتەوە، لەوانە مافە سیاسیی و کەلتوورییەکانی کورد، گۆڕانکارییە دیموکراتیکەکان و دۆخی ئاپۆ. ئەمە جگە لەوەی لە کۆمەڵگەدا هیوای ئاشتیی لەگەڵ بێمتمانەیی و نیگەرانیی  تێکەڵە.

لێرەدا ئەو بیرۆکەی دیسپێنزا دەبێتە پرسیارێکی سیاسیی: ئایا تورکیا دەتوانێت لە بارودۆخی ئێستای خۆی گەورەتر بیر بکاتەوە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، ئەوا ئامانج تەنیا «کۆتایی شەڕ» نابێت؛ بەڵکوو دەبێتە درووستکردنی شێوازێکی نوێی بۆ ژیانی هاوبەش و برایەتیی گەلان لە تورکیا. لێرەدا ئاپۆ، گاندی و کینگ، لەگەڵ هەموو جیاوازییە مێژوویی و سیاسییەکانیان، لە خاڵێکی گرنگدا یەک دەگرنەوە: توانای بینینی داهاتوو پێش ئەوەی ببێتە ڕاستیی. گاندی داهاتووی بێ توندوتیژیی بینی، کینگ داهاتووی ناجیاکاریی ڕەگەزیی بینی، ئاپۆ داهاتوویەکی دەبینێت کە تێیدا کۆمەڵگە بتوانێت بە شێوەیەکی دیموکراتیک خۆی ڕێک بخات. بەڵام داهاتوو دەبێت لە کردارەکانی ئێستا درووست بکرێت و کاری شێلگیرانەی بۆ بکرێت. ئەمەش ئەو خاڵەیە کە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا لە ئێستا و داهاتوودا تیادا تاقی دەبێتەوە.

داهاتوو لە کوێوە دەست پێ دەکات؟

لە ڕوانگەی منەوە، داهاتووی ئەم پرۆسەیە سێ ئەگەرە سەرەکی وا لە گۆڕێ.

ئەگەری یەکەم: گۆڕانێکی مێژوویی. ئەگەر بێدەنگکردنی چەکەکان بە گفتوگۆی سیاسی، گفتوگۆ بە یاسای دیموکراتیک و یاسا بە متمانە بگۆڕێت، ئەوا پرۆسەکە دەتوانێت لە شەڕ تێپەڕێت و ببێتە دەستپێکی پەیوەندییەکی نوێ لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە.

ئەگەری دووەم: ئاشتییەکی شلۆق. ئەگەر تەنیا چەکدانان ڕوو بدات، بەڵام گەر پرسیارە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییەکان چارەسەر نەکرێن، دەکرێت شەڕ کۆتایی بێت، بەڵام متمانە درووست نەبێت. ئەمە دەتوانێت پرۆسەکە لە ناوەڕاستدا بوەستێنێت، سەر لە نوێ بڕۆینەوە خاڵی پێش پرۆسەی ئاشتیی.

ئەگەری سێیەم: گەڕانەوە بۆ دۆخی کۆن. ئەگەر متمانە بشکێت، بەڵێنەکان جێبەجێ نەکرێن یان لایەنەکان بە هەمان چاوی دوژمنایەتیی ڕابردوو سەیری یەکتر بکەن، ئەوا ئەگەری شکستی پرۆسەکە هەر دەمێنێتەوە.

لەبەر ئەوە، گرنگترین شت لە داهاتوودا یاسا نییە؛ گۆڕینی هۆشیارییە. ئەگەر هۆشیاریی نەگۆڕێت، ئەوا یاسا تەنیا دەقێکە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.