گوتار

دەیڤد وێنگرو نامەی پشتیوانی بۆ پێڤاژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی (تورکیا) دەنێرێت

مرۆڤناس و شوێنەوارناسی ناودار دەیڤد وێنگرو لە پەیامێکدا گرنگیی مانیفێستی ڕێبەر ئۆجالان و ڕەگەکانی شارستانیەتی دیموکراتی دەخاتە ڕوو.

دەیڤد وێنگرو نامەی پشتیوانی بۆ پێڤاژۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی (تورکیا) دەنێرێت

 

وێنگرو پەیامەکەی بەم شێوەیە دەخوێنێتەوە:

“سوپاس بۆ بانگهێشتنامەکەتان، پێزانینم هەیە کە دەتوانم بە هەڵسەنگاندێک بەشداری لەم ساتەوەختە گرنگەی مێژووی جیهان بکەم. لە بەرواری، ٧ـی ئازاری ٢٠١٤دا، کەلتوورناسی کۆچکردوو دەیڤید گرەیبەر، بە ئیمێڵ ڕەشنووسی ئەو پێشەکییەی کە بۆ پەرتووکی عەبدوڵڵا ئۆجالان، ‘مانیفێست بۆ شارستانیەتێکی دیموکراتیک: سەردەمی خواوەندە دەمامکدارەکان و پاشا شێوەگۆڕەکان’ نوسیبووی، بۆ ناردم. لەو کاتەدا، لە کوردستان، لە دامێنی چیای زاگرۆس، لە نزیک شاری هەڵەبجە خەریکی کاری مەیدانی شوێنەوارناسی بووم.

[دامێنی چیاکانی زاگرۆس]، گونجاوترین شوێن بوو بۆ خوێندنەوەی تێڕامانەکانی گرەیبەر لەسەر “کارەساتی مێژوویی ناوچەیەک کە سەردەمێک ژنەکانی بەبێ  هیچ هاوتەریبێک لە [مێژووی مرۆڤایەتیدا] بەشدارییان لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا کردووە، بەڵام لەو کاتەوە [کوردستان] کراوە بە مەیدانی یاریی خوێناوی ئیمپراتۆریەت.” لێکۆڵینەوەکانی خۆیشم لە ناوچەکەدا، لەسەر ڕابردووی چاخی بەردینی نوێ  (نیۆلیتیک) بوون —ئەو قۆناغە کە ئۆجەلان لە نووسینەکانیدا، وەکوو سەردەم و زەمینی دۆزینەوەی ڕەگی جێگرەوەی شارستانییەتی باوکسالاریدا، کنەی دەکات. لە ڕۆژئاوای هەڵەبجە، لە زنجیرە چیای دەربەندی گاور لە قەرەداغ، شوێنەواری دێرینی ئەو شارستانییەتە باوکسالارییە ئامادەیی هەیە: وێنەیەکی گەورەی پاشایەک لەناو چیاکەدا هەڵکەندراوە، ئەم [پاشایە] وەک لیڤیاتانێکی ترسناک دانیشتوانی چیاکانی خستووەتە ژێر پێیەکانییەوە. مێژووی هەڵکەندراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا — ئەمەش ماوەیەکی تاڕادەیەک درێژە بۆ ئەوەی کەسێک لە ژێر پێی کەسێکی تردا بمێنێتەوە. ئەم سیستەمە باڵادەستانە، کە بۆ یەکەمجار نزیکەی پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەریان هەڵدا،  لەو کاتەوە بە بەردەوامی بە شێوەی جیاواز جیاواز سەریان هەڵداوەتەوە. بۆ زۆر کەس، ڕێک هەر ئەمە، واتە سیستەمی باڵادەستی مانای وشەی “شارستانیەت” بووە، (ئەگەر دەستەواژەی جۆرج ئۆروێڵ بەکارببەین، [شارستانیەت] واتە، “بۆ هەمیشە— جێشوێنی لەقەی پێڵاو لەسەر ڕووخساری مرۆڤ”).

“یەکێک لە بەشدارییە سەرەکییە هزری و سیاسییەکانی ڕێبەر ئۆجالان ئەوەیە کە لۆژیکی دۆزینەوەی مێژوو تەنیا بۆ سیستەمەکانی باڵادەستی نییە، بەڵکوو دەکرێت هەمان لۆژیک لە شێوەکانی ئازادیی مرۆڤیشدا لەگەڕ بێت.”

جا، لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو شێوەیەکی نوێی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش بەتایبەتمەندی خۆی ناوازەیە. زۆرجار، دەکرێت، شێوەکانی کۆمەڵایەتی کە لە ژێر هەندێک بارودۆخی تەکنەلۆژیدا پەرەیان پێدراوە، لە ژێر بارودۆخی تەواو جیاوازدا سەرهەڵبدەنەوە. بۆ نموونە ئەمڕۆ تاڕادەیەک باوە کە وەک یەکێک لە “فیودالیزمی بەڕێوەبەرایەتی”، یان هەندێکجار “تەکنۆ-فیودالیزم” باس لەم سەردەمەی هەنووکە تێیدا دەژین، بکەین. بە بڕوای من، یەکێک لە بەشدارییە سەرەکییە هزریی و سیاسییەکانی ئۆجەلان، ئەو مشتومڕەیە کە ئەو پێی وایە، ئەم لۆژیکە تەنیا تایبەتمەند نییە بە سیستەمەکانی باڵادەستیی – بەڵکو دەکرێت هەمان لۆژیک لە شێوەکانی ئازادی مرۆڤیش لەگەڕبێت. زۆرجار، ئەم بۆچوونە بە یۆتۆپیایی یان ئایدیالیستی ڕەتدەکرێتەوە. بۆ ئەکادیمییەکی زانکۆیی وەک من، تەنانەت سەرگەرمیکردن بە جۆرە بیرۆکەیەکی وەها بەسە بۆ ئەوەی دەستبەجێ ببمە مایەی گاڵتەجاڕی هاوکار و هاوپیشەکانم. بە بڕوای ئۆجەلان، مێخواکان لە چاخی بەردینی نوێ لەدایک بوون و لە زانکۆکانیش مردن.

بۆچی؟ هیچ زانایەک و لێکۆڵەرەوەیەک ناتوانێت نکۆڵی لە ئەوە بکات کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سەردەمی بەردینی نوێ سەرچاوەی ئەو داهێنانە ماددییانە بووبێت کە شێوەیان بە جیهانی مۆدێرن داوە: هەر لە ماڵیکردنی دانەوێڵە و ئاژەڵەوە تا دەگاتە ڕستنوچنین، کانزاناسی، کەلتووری چێشتلێنان و کارزانی تەلارسازی – هەموو ئەمانە بناغەکانی شارنشینییان داناوە. ئەم جۆرە داهێنانانە، بەبێ هیچ دەستگایەکی زۆرەملێ بۆ ئاراستەکردنیان، و بەبێ هیچ ژێرخانێکی ماددی بەرچاو بۆ بەردەوامبوونی پێشکەوتنەکانیان، بە ناوچەگەلێکی زۆر فراوانتردا بڵاوبوونەوە کە دواتر لەلایەن شانشین، ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە نەتەوەییەکانەوە داگیرکران.

چ جۆرە بیرکردنەوەیەک ئەم جیهانەی دروستکردووە – جیهانێک کە تێیدا “پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان” دەتوانن مانا لە دەرەوەی لۆژیکی بازاڕ یان “گەشەکردن” هەڵبگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەسەر کیشوەرەکاندا بڵاوببنەوە؟ بۆچی بەیەکجاریی و بە تەواویی ئەمەمان لەبیر کردووە؟

ئەو ساتەوەختە گرنگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە داوام لێکراوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەم، گرنگییەکی تراژیدی هەیە. چونکە، ئەم ناوچەیەی جیهان تەنیا ئەو شوێنە نییە کە هەندێک لە شۆڕشە کەلتوورییە هەمیشەییەکانی مرۆڤایەتی تێیدا سەرهەڵداوە، بەڵکو هەر ئەم شۆڕشانە بۆ یەکەمجار لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست خرانە خزمەت دەستگایەکی زۆرەملێ و چەوسێنەر. بۆ زۆرینەی ڕەهای خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە، ئەمە بە مانای درێژترین ئەزموونی بێ پچڕانی داگیرکاری، زەوتکردن و چەوساندنەوە بووە لە مێژوودا: زیاتر لە چوار هەزار ساڵە مەیدانی “یارییەکی خوێناوی ئیمپراتۆریەت”ـە.

ئەمڕۆش، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەم شوێنەیە کە دەمامکی “خواوەندە دەمامکدارەکانی” لێی کەوتوون و چیتر پاشا شێوەی خۆی ناگۆڕێت، [لێرە] ڕووخساری ڕاستەقینە و جەنجاڵیی نەزمی جیهانی ئێستامان ڕووت بووەتەوە. هەر بۆیە، زۆر سەخت دەبێت دژی بانگەشە و بیرۆکە گەوهەرییەکانی ئۆجەلان بوەستینەوە. ئۆجەلان، بە شێوەیەکی گونجاو، هەر لەم شوێنەدا، واتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بیری کردووەتەوە. [لەژێر کاریگەری ئۆجەلان و لەگەڵ ئەودا]، ڕەنگە دواجار بتوانین بە دڵنیاییەوە بزانین کە ئایا ئەم شێوازەی بوون لە جیهاندا بەڕاستی تاکە بژاردەیە کە لەبەردەستماندایە.

دووبارە، سوپاس بۆ ئەوەی بانگهێشتکرام بیروڕاکانم دەرببڕم.”

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.