ڕاپۆرت

ڕانانی پەرتووکی ‘شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و ژیانی نوێ’

خوێندنەوەیەک بۆ بنەماکانی شۆڕشی زیهنی و کۆمەڵایەتی لە فیکری ڕێبەر ئۆجالاندا.

هەردی دولبەر

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ڕانانی پەرتووکی ‘شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و ژیانی نوێ’

 

ڕانانێک بۆ پەرتووکی “شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ

ناوی پەرتووک: شۆڕشی کۆمەڵایەتی و ژیانی نوێ

بابەت: کۆمەڵایەتیی

نووسەر: عەبدوڵڵا ئۆجالان

وەرگێڕان: ئەستێرە عەبدولجەبار

ئامادەکردن و پێداچوونەوە: لوقمان عەبدوڵڵا

چاپی یەکەم: ٢٠١٢

چاپی دووەم: ٢٠١٩

(٧٦٢ لاپەڕەیە لە دوو بەرگ، قەبارە ١٧.٥ – ٢٥سم)

 

 

”زانین جگە لە هۆشیاریی لەبارەی ژیانەوە هیچ مانایەکی تری نییە. ئەوەی دەزانرێت ئەوەیە کە بەدی دێت.” ڕێبەر ئاپۆ

 

لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە دەکرێت وەک هەبوونێکی زیندوو لە “چەمکەکان بنواڕین، بەو پێیەی خودی ئەم ڕێبەرە و دیرۆکی ٥٠ساڵەی تێکۆشانی تەڤگەرەکەی وەک بوونەوەرێکی زیندوو وان، بۆیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن و مانای نوێ دە ئافرێنن؛ چەمکی “شۆڕش و کۆمەڵگە” لە زیهنیەتی ئاپۆییدا بەم شێوازە چاوی لێ دەکرێت. ئەمەش تایبەتمەندیی کوانتەمییە لەنێو ئەم قوتابخانە فەلسەفییەدا.” وەک جەمیل بایک لە پەرتووکی مێژوویەک لە ئاگردا، دەڵێت: “پەکەکە وەک ئاوی ڕووبار وایە، بەردەوام شەپۆلان دەدات و خۆی نوێ دەکاتەوە!

“بۆ من واتای شۆڕش، بەدەستهێنانەوەی ئەو تایبەتمەندییانەیە وا لەلایەن کۆمەڵگەی ئەخلاقی، سیاسی و دیموکراتییەوە، کە سیستەمی شارستانییەت بەردەوام بوار و جێبەجێکردنیانی بەرتەسک کردووەتەوە، بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتووتر.”

لە بارەی چەمکی شۆڕشەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “بۆ من واتای شۆڕش، بەدەستهێنانەوەی ئەو تایبەتمەندییانەیە وا لەلایەن کۆمەڵگەی ئەخلاقیی، سیاسیی و دیموکراتییەوە، کە سیستەمی شارستانییەت بەردەوام بوار و جێبەجێکردنیانی بەرتەسک کردووەتەوە، بە شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتووتر. بۆ مارکسیستێکی سۆسیالیست، شۆڕش “کۆمەڵگەی سۆسیالیستی”ـیە. بۆ شۆڕشگێڕێکی ئیسلامیی، “کۆمەڵگەی ئیسلامیی”ـیە. بۆ بۆرژوا، “کۆمەڵگەی لیبراڵ”ـە. ڕاستییەکەی کۆمەڵگای لەم جۆرە بوونیان نییە”.

هەروەها لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “ئێمە لە جەنگی سەرلەنوێ بنیادنانەوەی مرۆڤەکانمانداین“! بۆیە جیاواز لە هەموو ئەو سەرهەڵدان و یاخیبوون و بزووتنەوە کوردیانەی، ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، تەڤگەری ئاپۆیی لەبەر ڕۆشنایی “کوردستان داگیر کراوە“، هەنگاوی یەکەمی خۆی بەرەو گۆڕەپانێکی فراوانی شۆڕشی “زیهنیی، سیاسیی، کەلتووریی، گەریلایی و کۆمەڵایەتیی…” دەنێت. لێرەوە زەحمەتی لەو ڕاستییەدا نابینین کە خودی شۆڕش بۆ تەڤگەری ئاپۆیی، لە هەناوی تاک و خێزان و کۆمەڵگەوە شین دەبێت. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: هۆکاری پێچەوانەبوونەوەی زۆربەی شۆڕشەکان لەگەڵ ئامانجەکانیان؛ پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە نەیانتوانیوە کێشەی هیرارشیی، دەسەڵات و دەوڵەت بە درووستیی چارەسەر بکەن. مێژوو پڕە لە وێرانەی شۆڕشگەلێکی زۆر کە لەگەڵ ئامانجەکانیان پێچەوانە بوونەتەوە.”

پەڕتووکی “شۆڕشی کۆمەڵایەتیی و ژیانی نوێ“، کۆکراوەی چەند وانەوتارێکی ڕێبەر ئاپۆیە و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی پێشوو، بە شێوەی وانەوتار لە ئەکادیمیای “مەعسوم قۆرقوماز” بۆ کادیرانی پەکەکەی داوە. هاوکات بەشێکی فراوانی ئەم پەرتووکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بوونی ژنانی تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی تێکۆشانەوە هەیە. ئەوەی جێگەی ئاماژەیە ئەوەیە، کە جیاوازێکی زۆر لە نێوان چاپی یەکەمی ئەم پەرتووکە هەیە، بە بەراوارد بە چاپی دووەمی کە لە ٢٠١٩ کراوەتەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی لە چاپی دووەمدا زیاتر لە ٤٠ لاپەڕە، کە لە چاپی یەکەمدا وەرگێڕانی بۆ نەکرابوو، لەخۆ دەگرێت!

وەختێک ئەم پەرتووکە دەخوێنینەوە، ئاسان تێ دەگەین چۆن و بە چ ئامانجێک لە زیهن، ڕۆح و جەستەی ژن دراوە، چۆن ژن لە پێگەی خوداوەندییەوە وەرچەرخێنراوە بۆ کۆیلەیەک کە تاکە ئەرکی تێرکردنی ڕەمەکەکانی پیاوە! سا بۆیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت: “پێویستییەکی هەرە گرنگ و لە مێژینە ئەوە بوو تەواوی هەوڵی خۆمان بدەین، تا تێبگەین پیاوێتیی لە کەسایەتیی پیاوی کورددا چ واتایەکی هەیە. پیاوێتیی کورد یەکێکە لە تایبەتمەندییە هەرە لەڕێدەرچووەکانی پیاوێتیی. پیاوی کورد، کە ئارەزووەکانی پیاوێتیی خۆی تێر کرد، پێی وایە هەموو ناکۆکییەکانی چارەسەر کردووە”.

لە کوردستان پڕۆسەی کۆمەڵایەتیی لەسەر تەوەرەی ژن؛ کەوتووەتە سەر پێ، بۆیە لەگەڵ ناوهێنانی ژندا ژیانیش دێت! لەم پەڕتووکەدا ڕێبەر ئاپۆ ئەو ڕاستییە تاڵەمان پیشان دەدات کە چۆن کۆمەڵگەی ئێمە لە ژێر بەرداشی داگیرکارییدا، ڕووبەڕووی داڕووخانێکی ماددیی و مەعنەویی بووەتەوە، لەمبارەوە دەڵێت: ”لەبەر تیشکی ڕووناکیی گشتیی بابەتەکەدا کاتێک بە تایبەت دێینە سەر دۆخی کوردستان، دەبینین ڕاستینەی داڕووخاویی گەلێک، کاریگەرییە ڕووخێنەرەکانی ‌و ئەو کێشانەی لێی کەوتوونەتەوە، هەمووی لە خێزاندا خۆیان دەخەنە ڕوو، کە تاکە دامەزراوەیە لە سەر پێ مابێتەوە. هەروەک خەڵک دەڵێن مەگەر هەر خێزانمان بەدەستەوە مابێت، بەڵام ئایا بە ڕاستیی خێزان توانیویەتی لەسەر پێ بمێنێتەوە؟”

لەم پەرتووکەدا ڕێبەر ئاپۆ زۆر بە ڕوونیی ئەو ڕاستییەمان بۆ بەرباس دەدات کە داگیرکاریی لە بنەڕەتدا ئاڕاستەیەکی تەنیا ئابووری نییە و ڕێبازێک نییە بە پێودانگی داگیرکاریی زێدەبەرهەم دامەزرابێت. ئەو توخمە سەرەکییەی کوردستان لە کۆڵۆنییە کلاسیکییەکانی تر هەڵدەبوێرێت، بوونی کوردستانە بە گۆڕەپانی پاکتاو و ئاسمیلاسیۆن (تورکاندن، عەرەباندن، فارساندن)، ئەمە سەرپاک جڤاکی کوردیی لە ڕاستینەی خۆی نامۆ دەکات. ئەم هەلومەرجە تێکڕووخاوەی کورد لە سۆنگەی ئاسۆی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و خۆڕاپسکاندن لە چارەنووسگەرایی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکانەوە، دەگۆڕێت.

یەکێکی دی لەو پرسانەی لە دەستپێکی ئەم پەرتووکەوە تا کۆتایی ڕووبەڕووی خوێنەر دەبێتەوە، چەمک و پرسی شۆڕشە. لە ڕوانگەی ڕێبەر ئاپۆوە شۆڕش گۆڕەپانی ڕەنگکردنی ژیانە، درووشمی سەرەتایی دامەزراندنی پەکەکە “شۆڕشی ئێمە شۆڕشی خوڵقاندنی خۆشەویستییە” گوزارشت لەو ڕاستییە دەکات. ڕێبەر ئاپۆ لەمبارەیەوە دەڵێت: “شۆڕش هونەرێکی باڵا و شۆڕشگێڕییش گەورەترین هونەرمەندە. لەم ڕوانگەیەوە دەبێت کەسێتیی شۆڕشگێڕ، زیهن، سۆز، چالاکیی ‌و تەنانەت جەستەشتان، وەک هونەرمەندێک پێش بخەن”.

ڕێبەر ئاپۆ لەم پەرتووکەدا پێمان دەڵێت: ”جیهانێکی تر هەیە کە تێیدا بژین!

وەڵامی ئەم پرسیارەی ڕێبەر ئاپۆ بە پێڤاژۆیەکی پێچەڵپێچی تیۆریی و سیاسیی و کۆمەڵناسییدا گوزەر دەکات. سا بۆیە ڕێبەر ئاپۆ لەمبارەوە دەڵێت: “فەرهەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەلتوورێکە کە یۆتۆپیایەکی بەهەشت و دۆزەخی بە دیاریی بە مرۆڤایەتیی بەخشیوە و لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە بە داستانی گیلگامێش، کە یەکەم داستانی نووسراوە، بە دوای گیای نەمرییدا دەگەڕێت“. دەشڵێت: “تێدەگەم نەوەی گیلگامێش، کە بەهۆی نەخۆشیی دەسەڵاتەوە ئەو ژیانەی لەدەست داوە، کە دەکرا لەگەڵ ژنێکی ئازاددا بەدی بهێنرێت، ناتوانێت ئەم ژیانە بدۆزێتەوە وا هەمیشە بەدوایدا دەگەڕا، نەک تەنها لە شێوەی نەمرییدا، بەڵکوو نە لە شێوەی نەمرییدا نە لە پرۆسەی ژیانی ڕاستەقینەدا“. ئەم گەڕانە بۆ دەسەڵات لە داستانی گیلگامێشدا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمڕۆش بە پشتبەستن دەوڵەت-نەتەوە گەیشتووەتە چڵەپۆپە. بەڵام گەڕان بۆ هەقیقەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە تێکۆشانی ئازادیی ژنان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە بەردەوامە. ئەم تێکۆشانە دامەزراندنی پەرگاڵی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەکاتە ئاسۆی خۆی.

بەم مانایە تێکۆشانی ژنان لە ڕێگای هەقیقەتدا یەکلاکەرەوەیە. هەروەها ئەمە کلیلی گۆڕینی دیموکراسیانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درووستکردنی سیستەمی هێزی شارستانی دیموکراسییە. چونکە گەڕانی ژن بۆ هەقیقەت و یۆتۆپیای ژیانی ئازاد، دیالێکتیکی تایبەت بە خۆی هەیە.

دواجار ئەوەی لە هەناوی ئەم پەرتووکەوە دەردەکەوێت، ئەو وتەیەی ڕێبەر ئاپۆیە وا دەڵێت: “ئازادیی کارکردنە، کارکردنیش پەیوەستە بە ژیانەوە. بۆچی ئەوەندە تێکۆشان دەکەین و خۆمان ماندوو دەکەین؟ چونکە ئاستی تێکۆشان و کارکردنمانە کە ئازادمان دەکات. مرۆڤ چەندە کار بکات ‌و بجووڵێت ئەوەندە ئازاد دەبێت. ئازادیی بە کارکردن و کارکردنیش بە شەڕ و تێکۆشانەوە پەیوەستە“.

جا فەلسەفەی ‘بەرخۆدان ژیانە’ لەم ڕوانینەوە سەرچاوەی گرتووە!

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی٢٠٢٥بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

بابەتەکانی نووسەر
هەردی دولبە‌ر
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.