چاخی بیرۆکراسیبوونی دڕندانە
دیدارێک لەگەڵ دەیڤید گرەیبەر لەسەر پاشەکشەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و قۆرغکردنی کایەکانی ژیان لە لایەن بیرۆکراسییەوە.

دەیڤید گرەیبەر
لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد
چاخی بیرۆکراسیبوونی دڕندانە
دەیڤید گرەیبەر (١٩٦١ – ٢٠٢٠) – مرۆڤناس (ئەنترۆپۆلۆژیست)، ئابووریناس، ئەنارشیست. لە ساڵی ٢٠١١ـدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی جوڵانەوەی “وۆڵ ستریت داگیر بکەن” (Occupy Wall Street). نووسەری پەڕتووکە بەناوبانگەکەی «قەرز: ٥٠٠٠ ساڵی سەرەتا»ـیە. چەندین پەڕتووکی دیکەی گرنگی هەیە، وەک: «ئیشە پڕوپووچەکان»، «یۆتۆپیای ڕێساکان»، «بەرەبەیانی هەموو شتەکان: مێژوویەکی نوێی مرۆڤایەتی» – بە هاوبەشی لەگەڵ دەیڤید وینگرۆ نووسیویانە… هتد. هەروەها دەیان وتار، هەڤپەیڤین، دیداری لە ناوەندە ئەکادیمیی و میدیاییەکاندا هەیە.
ئێمە لە پاریس چاومان پێی کەوت، لە میانەی ناساندنی دوایین پەڕتووکی خۆی «یۆتۆپیای ڕێساکان: دەربارەی تەکنۆلۆژیا، گەمژەیی، چێژە شاراوەکانی بیرۆکرسیی». بۆ یەکەم جار ئەم هەڤپەیڤینە لە ژمارە چواردەی گۆڤاری «Socialter»، لە ساڵی ٢٠١٥ـدا بڵاو بووەتەوە.
با بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠١١. تۆ یەکێک بوویت لە دەستپێشخەرانی بزووتنەوەی داگیرکردن (Occupy). لەو کاتەوە چەندین بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوشێوە سەریان هەڵداوە، لێ وا دیارە هیچ کامێکیان نەیانتوانیووە ئەوەندە بە زیندوویی بمێننەوە تا بگەنە ئامانجەکەیان. هۆکاری ئەم جۆرە شکستانە چییە؟
دەیڤید گرەیبەر: من ناتوانم بڵێم کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان شکستیان هێناوە. تەنانەت تیۆرییەکیشم لەم بارەیەوە هەیە کە پێی دەوترێت «پاشوەختەی مێژوویی سێ ساڵ و نیو». دوای تەقینەوەی قەیرانی دارایی لە ساڵی ٢٠٠٨ـدا، هێزەکانی ئاسایش لە سەرانسەری جیهاندا هەرزوو خۆیان لە دژی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە حەتمییەکان ئامادە کرد. ساڵێک یان دوو ساڵ دواتر، بە ئارامییەوە هەناسەیەکیان هەڵکێشا و وایان هەست کرد کە لە بنەڕەتدا ئیدی هیچ شتێک ڕوو نادات. کەچی لەپڕ لە ساڵی ٢٠١١ـدا – لە کاتێکدا ئەو ساڵە بە هیچ شتێکی تایبەت نەدەناسرا – هەموو شتێک بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گۆڕا. هاوشێوەی ساڵی ١٨٤٨ یان ١٩٦٨، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەوە نین یەکسەر دەسەڵات بگرنە دەست، بەڵکوو بۆ گۆڕینی بیرکرنەوەمانە دەربارەی سیاسەت. لەم ئاستەشدا، من پێم وایە، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی و قووڵ ڕووی داوە. زۆر کەس چاوەڕوانیان دەکرد کە بزووتنەوەی ئۆکیوپای (Occupy) فۆرمێکی سیاسیی فەرمیی وەربگرێت. ڕاستە، ئەمە ڕووی نەدا، لێ تەماشا بکەن، دوای سێ ساڵ و نیو لە کوێداین: ئەمڕۆکە لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕووبەڕووی بزووتنەوە جەماوەرییە بەرچاوەکان بوونەتەوە، پارتە چەپەکان باوەش بۆ تێڕوانین و هەستیاریی ئەو بزووتنەوانە (لە یۆنان، ئیسپانیا، ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هتد) دەگرنەوە. ڕەنگە بۆ ئەوەی باندۆرێکی ڕاستەقینە لەسەر بڕیاری سیاسیی درووست بکەن، سێ ساڵ و نیوی دیکەشیان گەرەک بێت، بەڵام بە بڕوای من ئەمە ڕەوتی سرووشتیی شتەکانە.
دەبینن، هەنووکە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی تێربوون و ڕەزامەندیی دەستبەجێدا دەژین: پێمان وایە تەنیا بە کلیکێک گەرەکە یەکسەر شتێک ڕوو بدات. لێ بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەم شێوەیە کار ناکەن. گۆڕانکاریی لە یەک چرکەساتدا نایەت. تەڤگەرە دژەکۆیلایەتیی یان بزووتنەوەی فێمینیستیی نەوەیەکی تەواویان پێویست بوو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانیان، ئینجا هەردوولا توانییان ئەو دامەزراوە کۆمەڵایەتییانە هەڵبوەشێننەوە کە چەندین سەدە بوونیان هەبوو.
بەڵام ئایا بزووتنەوە جەماوەرییە خۆڕسکەکان دەتوانن ببنە ڕێکخراوێکی سیاسیی بونیادیی؟ نموونەکەی ئەم دواییەی یۆنان زۆر هیوابەخش دەرناکەوێت…
د. گ. پێش هەر شتێک من ناتوانم وێنای ئەوە بکەم کە سیریزا (پارتی چەپی یۆنان) چۆن توانی سەرکەوێت: ئەوان لە ڕەوشێکی ستراتیژیی زۆر دژوار و گراندا بوون. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر هاوپەیمانییەکی سیاسیی لەو شێوەیە، بۆ نموونە لە بەریتانیا چێ ببووایە، ئەوا سەرپاک چیرۆکەکە جیاواز دەبوو. لە ئێستادا گرنگترین شت بۆ کۆمەڵگە دژەدەسەڵات و ئاسۆییەکان ئەوەیە فێر بن بچنە ناو هاوپەیمانییەکەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە ئامادەن لە ناوخۆی سیستەمی سیاسییدا کار بکەن، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری دەستپاکیی خۆیان بن. ئەمە شتێک بوو کە ئێمە لەگەڵ ئۆکیوپای (Occupy) کەم نرخاندمان؛ ئێمە متمانەمان بە هاوپەیمانە دیموکراتەکانمان و چەپە دامەزراوەییەکان کرد لە پێناو ئەوەی کە عەقڵی هاوبەش (common sense) بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەکەیان هەبێت. تێ دەگەیت، تۆ پێویستە ڕادیکاڵبوونی خۆت کۆنترۆڵ بکەیت بۆ ئەوەی خۆت وەک جێگرەوەیەک (ئەڵتەرناتیڤێک)ـی ژیرانە دەربخەیت. ئەمە شتێکە کە باڵی ڕاستڕەو و کۆمارییەکان بە باشیی لێی تێ دەگەن. ئەگەر پێداگریی دیموکراتەکان لە بەرگرییکردنیان لە هەمووارکردنی یەکەمی دەستوور (ئازادی ڕادەربڕین و ڕێکخستن) هێندەی باڵی ڕاستڕەو لە هەمووارکردنی دووەم (مافی هەڵگرتنی چەک) بووایە، ئەوا ڕەنگە بزووتنەوەی ئۆکیوپای تا ئێستاش بمابووایە. ئێستاش مشتومڕمان لەسەر هاوسەنگکردنی بودجە نەدەکرد، بەڵکوو لەسەر کێشە ڕاستەقینەکانی خەڵک دەبوو.
بە کورتیی، من بە پێویستی دەزانم هاوکارییەکی ئەرێنیی لە نێوان چەپی ڕادیکاڵ و چەپی دامەزراوەییدا بدۆزرێتەوە. پێویست ناکات حەزمان لە یەکتر بێت، بەڵکوو گەرەکە ڕێگەیەک بدۆزینەوە بۆ بەهێزکردنی یەکتر. لە هەمووی گرنگتر، چەپی ڕادیکاڵ خۆیشی دەبێت زیاتر خەمی بردنەوەی هەبێت، نەک خۆی بە یاریی باڵادەستیی ئەخلاقییەوە سەرقاڵ بکات.
تۆ گەشەسەندنی ئێستای قەیرانی یۆنان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ وا دیارە لە ئەورووپای ئەمڕۆدا، ئایدیۆلۆژیای قەرز تا دێت زیاتر پەرە دەسێنێت.
د. گ. هەمیشە دەکرێت بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردوو و دیاردە هەرە سەرکوتکراوەکانی بنۆڕینە نەزمی ئێستا و پڕشنگێکی هیوا بدۆزینەوە. لە دۆخی قەیرانی قەرزی ئەورووپادا، ئێمە گۆڤانی ئەوەین کە چیتر پاساوە باو و نەریتییەکان بۆ بوونی سەرمایەداریی کار ناکەن. بێگومان، سەرمایەداریی (کەپیتاڵیزم) هەمیشە سەرچاوەی نایەکسانییەکی گەورە بووە، بەڵام لە بەرانبەر ئەمەدا سێ ئەرگومێنتی سەرەکیی سیاسیی وەک پاساو و ڕەوایەتیی بۆ سەرمایەداریی دەهێنرێنەوە. یەکەمیان گرێدراوە بە ئابووریی دڵۆپەییەوە (trickle-down)، کە بەگوێرەی ئەو بیرۆکەیە خۆشگوزەرانی دەوڵەمەندەکان سەر دەکێشێت بۆ باشتربوونی دۆخی چینە هەژارەکەی کۆمەڵگە. بەڵام لە ڕاستییدا بە پێچەوانەوەیە. پاساوی دووەم: سەرمایەداریی، سەقامگیریی مسۆگەر دەکات. دیسانەوە، لە مێژە وا نییە. سێیەم: سەرمایەداریی سەرکەوتووە لە پەرەپێدانی داهێنانی تەکنۆلۆژیی. ئەمەش بە هیچ شێوەیەک وا نییە.
کەواتە، ئێستا چی بۆ لایەنگرانی سەرمایەداریی دەمێنێتەوە کە هەموو پاساوە پراکتیکییەکانیان لەدەست چوون؟ ئەوان هیچ دەرچەیەکیان نییە جگە لە پەنابردن بۆ پاساوی ئەخلاقیی پەتیی. هەر لێرەدا ئایدیۆلۆژیای قەرز دێتە ئاراوە (“ئەو کەسانەی قەرزەکانیان نادەنەوە، مرۆڤی خراپن”). هەروەها پێودانگی ئەو بیرۆکەیەش، ئەگەر لە کارەکەتدا، کە زۆریش بە دڵت نییە، بەو ڕادەیەی پێویستە کۆشش نەکەیت، ئەوا تۆ کەسێکی خراپیت.
لە نوێترین پەڕتووکتدا دەنووسیت کە لەوە دەچێت سەرمایەداریی توانای بەرهەمهێنانی گەشەسەندنی تەکنەلۆژیی نوێی لەدەست دابێت. لە هەمان کاتدا، بیروباوەڕی باوی ئەمڕۆکە هەوڵ دەدات قەناعەتمان پێ بهێنێت کە ئێمە لە سەردەمێکی پڕ لە داهێنانی سەرسوڕهێنەردا دەژین. کێ لەم نێوانەدا ڕاست دەکات؟
د. گ. ئەمە بۆ من زۆر ڕوون و ئاشکرایە: لە نێوان ساڵانی ١٧٥٠ و ١٩٥٠، زۆر دۆزینەوەی زانستیی مەزن بەدی هاتن، فۆرمە نوێیەکانی وزە بەگەڕ خران، ڕێڕەوێکی خێرای داهێنان هەبوو… وا دیارە چیتر هاوشێوەی ئەم شتانە ڕوو نادەن. سەرمایەداریی بووەتە جۆرێک لە هێزێکی تەواو پاشڤەڕۆ کە ڕێگریی لە گەشەی تەکنەلۆژیا دەکات. ئۆتۆمبێلە فڕیوەکان چییان لێ هات؟ ئەی گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان؟ زانکۆکانی ئەمڕۆ، کە سەرومڕ هەڵژەنراون لە بیرۆکراسیی، ناتوانن پێشوازی لەو جۆرە کەسە ڕیزپەڕ و بلیمەتانە بکەن کە بێگومان بۆ داهێنانی ڕاستەقینە پێویستن. گەر توێژینەوەکانی ئەنیشتاین لەم سەردەمەدا بووایەن، بە ئەگەری زۆرەوە لە پرۆسەی هەڵسەنگاندنی زانستییدا دەرباز نەدەبوون!
گەر لە خەڵک بپرسیت، دەبینیت لە کۆتاییدا زۆربەیان باوەڕ بەم هەموو ڕاونبێژییەی داهێنانی ئەم سەردەمە ناکەن. ئەم خاڵە گرنگە و ئاماژەیە بەوەی کە لە ڕاستییدا چیتر ئایدیۆلۆژیا بەم شێوەیە کار ناکات: کاری ئێستای ئایدیۆلۆژیا بۆ ئەوە نییە کە ڕاستیی شتێک بسەلمێنێت، بەڵکوو بۆ پێشاندانی ئەو شتەیە کە زۆرینەی خەڵک بە ڕاستی دەزانن. بە جۆرێک لە جۆرەکان، سەگباوەڕیی (Cynicism) جێگەی ئایدیۆلۆژیای گرتووەتەوە. با بنۆڕینە ئەفسانەیەکی دیکە: مێریتۆکراسیی (شایستەیی). لە ڕاستییدا هەموومان دەزانین، کە سەرکەوتنی کەسێک لە پلەبەرزکردنەوەدا بەهۆی شایستەیی و لێهاتووییەکەیەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیی بەوە هەیە کە لەگەڵ بەڕێوەبەرەکەیدا باش بێت، یان ئامۆزایەکی پێگەداری لە شوێنی کارەکەدا هەبێت… هتد. ئەمە جۆرێکە لە هاوبەشیی لە تاواندا: ئەگەر پلەبەرزکردنەوەت گەرەک، پشت بە شایستەیی خۆت مەبەستە، بەڵکوو ئامادە بە بۆ خۆنیشاندان بەوەی کە گوایە بەپێی لێهاتوویی لە کارەکانتدا بەدەستت هێناوە. لەگەڵ هێڵی فەرمییدا بڕۆ. ئەمەش ڕێک بەرهەمی لاوەکیی ئەو بیرکردنەوە بیرۆکراسییەیە وا لە پەڕتووکەکەمدا باسی دەکەم.
ئایا پێت وایە تەبایی لە نێوان داهێنانی تەکنەلۆژیی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییدا درووست بکرێت؟
د. گ. ئەمە ئیدی ڕووی داوە: ئەنۆنیمۆس (Anonymous)، ویکیلیکس (WikiLeaks)، هەروەها پێشکەوتنی پرنتەری سێڕەهەندیی (3D printing) دەستپێکی لەو شێوەیەن. پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا هەمیشە دوای مەیل و خواستە کۆمەڵایەتییەکان دەکەوێت. ئایا تۆ پێت وایە خەڵکی شاری فلۆرێنس لە سەردەمی ڕێنیسانسدا ڕۆژێک گوتیبێتیان: «وەرن سەرمایەداریی درووست بکەین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە کارگە، بازاڕی ئاڵوگۆڕ و پشکەکان و شتی دیکەی هاوشێوە دەبێت»؟ بێگومان نەخێر. بەو شێوەیە نەخشە و پلانی بۆ دانەنراوە. هەمان شت بۆ ئێمەش ڕاستە: هەر کاتێک تێگەیشتین وەک کۆمەڵگەیەک گەرەکمانە بگەین بە چی – تەکنەلۆژیاکەش خۆی لەگەڵ دەگونجێنێت و بەدوایدا دێت.
وێنای بکە، ئەگەر هەموو ئەو خەڵکەی لە پشت مێزەکانیان دانیشتوون و سەرقاڵی کۆکردنەوەی داتای دارایی یان ئەلگۆریتمی بازرگانین، لەبری ئەوە تێبکۆشن پەرگاڵێک بۆ دابەشکردنی سەرچاوەکان چێ بکەن (وەک پەرگاڵێک کە پێشتر سۆڤێتەکان گەرەکیان بوو بەدی بهێنن، لێ دیارە توانای ئافراندنیان نەبوو)، ئەوکات ئەگەری زۆر دەبوو بتوانن شتێکی سەرنجڕاکێش لە ژیاندا بئافرێنن.
بەپێ گوتەکانی تۆ، هێشتا ڕوون نییە سیستەمی ئابووریی ئەم سەردمە بە “سەرمایەداریی” ناوببرێت یان نا. بۆچی وایە؟
د. گ. سرووشتی کەڵەکەکردنی سەرمایەداریی بە شێوەیەکی دراماتیکیی گۆڕاوە. ئەو دەمەی خوێندکار بووم، مامۆستای مێژووی ئابوورییم هەمیشە حەزی دەکرد دووپاتی بکاتەوە، کە دەرهێنانی زێدەبەها لە ڕێگەی کاریگەریی سیاسیی ڕاستەوخۆوە سەرمایەداریی نییە، بەڵکوو دەرەبەگایەتیی (فیۆداڵیزم)ـە. ئەمە فیتاوفیت ئەو شتەیە وا ئێمە ئەمڕۆکە هەمانە: ئامانج لە ئاوێتەکردنی بیرۆکراسییە گشتیی و تایبەتەکان، بۆ زیادکردنی بەردەوامی ژمارەی قەرزەکانە، کە دواتر دەگۆڕێن بۆ کەرەستەی جۆراوجۆری سەوداکاریی (speculation). کورتترین ڕێگەش بۆ زیادکردنی قەرزەکان ڕێگەی سیاسەتە. هەر لەبەر ئەمەشە شتێک نییە بە ناوی “لابردنی کۆتوبەندی ڕێسا و یاساکان” «ناڕێکخستنی دارایی» (financial deregulation)، بەڵکوو ئەمە هیچ نییە جگە لە شێوازێکی دیکەی ڕێکخستن. لە تیۆری مارکسیستیی کلاسیکدا، ڕۆڵی دەوڵەت بریتییە لە مسۆگەرکردنی یاسایی بۆ پەیوەندییەکانی موڵکایەتیی، کە دواتر ڕێگە خۆش دەکات بۆ قۆرغکاریی قازانج لە ڕێگەی کاری کرێگرتەوە. بەڵام ئێستا، دەزگاکانی دەوڵەت زۆر چالاکتر لەم پرۆسەیەدا وازی دەکەن.
ئێمە لە چەرخی بیرۆکراسیبوونی دڕندانەدا دەژین. چەند لە سەدی داهاتی خێزانێکی چینی ناوەندیی ئەمریکیی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەبێتە پشکی کەرتی دارایی و هەڵدەلوشرێت؟ سەیرە، ئەمە ئەو ئامارە ئابوورییەیە کە تۆ ناتوانیت بە ئاسانیی بیخەمڵێنیت، لێ کاتێک ئابووریناسان ئەوە دەکەن، کەم دەبێتەوە و لە نێوان %٢٠ و %٤٠ـدا هەڵبەزودابەز دەکات. ماوەیەکی کەمە کە زۆربەی قازانجەکانمان لە کەرتی پیشەسازییەوە نایەن. کەچی کاتێک بیر لە دیرۆکی سەرمایەداریی دەکەینەوە، هەمیشە پیشەسازیی و هێزی کاری کرێگرتە دێتە بەر چاومان… ڕوونە ئەمە لەگەڵ واقیعی ئەمڕۆدا ناگونجێت. چیتر هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی بڕوا بکەین کە سەرمایەداری بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە. ئیمپراتۆریەتی ڕۆما بۆ چەندین سەدە دەیتوانی هۆزە بەربەرییەکان لە ناو خۆیدا بتوێنێتەوە، لە نێو سیستەمی ڕۆمادا جێیان بکاتەوە و بیانگونجێنێت، پلەوپایە بە سەرۆکەکانیان بدات و دایانبمەزرێنێت… بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان، لەبیریان چوو پلەوپایەی ئالاریک بەرز بکەنەوە، ئەویش ئەمەی بە سووکایەتیی زانی و زۆر تووڕەی کرد. هەموومان دەزانین دوای ئەوە چی ڕووی دا.[1] هەموو شتەکان هەمیشەیین تا ئەو کاتەی کۆتاییان نەهاتووە، هەموو دژایەتییەک هەرس دەکرێت تا ئەو کاتەی چیتر هەرس ناکرێت.
بۆچوونتان لە سەر بیرۆکەی داهاتی بنەڕەتیی بێمەرج چییە؟
د. گ. من زۆر گەشبینم بەوە؛ ئەمە ڕێکارێکی چەپڕەوانەی دژەبیرۆکراسیی ناوازەیە. بە تایبەت کاتێک دەبینین کاری فەرمانبەرانی دەوڵەت زیاتر بووەتە ئەوەی لە ڕێگەی چاودێرییە بەردەوامەوە، وا لە خەڵکی هەژار بکەن هەست بە خراپیی و سەرلێشێوان بکەن.
لە ئینگلتەرا ــ کە ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە، بە تایبەت ئەگەر شیکردنەوەی ستراتیژیی بۆ پارتە سیاسییە جیاوازەکان بکەین، دەبینین تا ڕادەیەکی زۆر دەستیان لە دەزگا پیشەسازییەکان هەڵ گرتووە و ئێستاش هەوڵ دەدەن هەمان شت بەسەر سیستەمی زانکۆکاندا بهێنن و بە واتای تەواوی وشەکە بیکوژن. کەواتە چ دەمێنێتەوە بۆ هەناردەکردن؟ لە ئێستادا، هەموو هەناردەکەی پشت بە خزمەتگوزاریی دارایی و کەرتی خانووبەرە دەبەستێت. بۆچی؟ بۆچی هەموو دەوڵەمەندەکانی ئەم جیهانە دەیانەوێت خانوویەکیان لە لەندەن هەبێت؟ خۆ گەلەک شاری دیکەی جوانی ئەورووپی هەن. سەرنجڕاکێشییەکەی لە چیدایە؟ من پێم وایە، هۆکاری ئەمە بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە: یەکەم، تۆ لە ئینگلتەرا دەتوانیت دەستت بگات بە هەر شتێک کە ئارەزووی دەکەیت، ئەمەش بە فەزڵی چینێکی کرێکاری دەستەمۆ و ملکەچ. بۆ نموونە، هاوڕێیەکم هەبوو کە ئیشەکەی گەیاندنی قرژاڵی دەریایی (لۆبستەر) بوو لە هەر کاتێکی شەودا. دووەم، کە گرنگتریشە: ئەگەر تۆ لە بەحرەین، ڕووسیا یان هۆنگ کۆنگەوە بێیت، بێگومان ئەگەری هەیە لەوێ شتێک تێکبچێت و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتیی سەرهەڵبدات. بەڵام لە ئینگلتەرا بەو شێوەیە نییە: شکستە مێژووییەکەی چینی کرێکاری ئینگلیزیی، ڕێک بەرهەمی سەرەکیی هەناردەی بەریتانیای مەزنە.
لە ڕاستییدا ئەمە ستراتیژیی پارتی پارێزگاران (تۆری)ـیە: فرۆشتنی سیستەمی چینایەتیی بە دەوڵەمەندە بیانییەکان. ئەی لە بەرانبەر ئەمەدا، پارتی کرێکارانی نوێ چی ئاسۆیەکی ستراتیژییان هەبوو؟ پیشەسازیی کەلتووریی وەک ئاڕاستەیەک بۆ هەناردەکردن. بەڵام لەمەدا کێشەیەک هەبوو: داهێنان تەنێ تایبەت نییە بە چینی ناوین، بەڵکوو بەو ئەندازەیە بۆ چینی کرێکاریشە. پارتی کرێکاران، بە جێبەجێکردنی مەرجدارکردنی هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتی خۆشگوزەرانەوە (welfare)، ڕێک ئەو شتانەی لەناوبرد وا خۆی هەوڵی ئافراندنی دابوون.
لە سەدەی بیستدا، ئینگلتەرا لە هەر دەیەکدا بزووتنەوەیەکی مۆسیقیی سەرسوڕهێنەری دەئافراند کە دواتر لە هەموو جیهاندا دەنگی دەدایەوە. بۆچی چیتر ئەمە ڕوو نادات؟ چونکە تهواوی ئەم گرووپە مۆسیقییانە بە هاوکارییە داراییەکانی حکومەت دەژیان! کۆمەڵێک منداڵی چینی کرێکار کۆبکەرەوە، پارەی پێویستیان پێ بدە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسوودەیی سوود لە کاتەکانیان وەرگرن و پێکەوە مۆسیقا بژەنن، ئەوکات گرووپی مۆسیقای ‘بیتڵز’ بەرهەم دەهێنێت. ئەی ئێستا جۆن لێنۆنی داهاتوو لە کوێیە؟ ڕەنگە لە سوپەرمارکێتێکدا خەریکی کارتۆن پێچانەوە بێت.
چاخی بیرۆکراسیبوونی دڕندانە
هەڤپەیڤین لەگەڵ دەیڤید گرەیبەر
ئامادەکار: ئارسەر دی گرێڤ
سەرچاوەی ڕووسیی:
https://davidgraeber.org/interviews/ Эра хищнической бюрократизации.
[1] [ئالاریک پێشەنگ و پاشای ڤیسیگۆتەکان (جێرمەنەکان) بوو، لە ساڵی ٤١٠ـی زایینیدا بە سوپاکەیەوە هێرشی کردە سەر شاری ڕۆما و تاڵانی کرد، بەمەش بۆ یەکەمجار پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە ٨٠٠ ساڵ شاری ڕۆما کەوتە دەست هێزە دەرەکییەکان و لە بەشی ڕۆژئاوادا ئیمپراتۆڕیەتەکە کۆتایی هات].



