شەتڕەنجی یەککەسیی؛ ڕەخنەی ئۆجالان بۆ لایەنەکان
شیکارییەک لەسەر میتافۆری شەتڕەنج، تەنیایی دانوستان لە ئیمڕالی و نەبوونی بەردەنگی ئیرادەمەند

تەیب تەمەل
جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتیی
شەتڕەنجی یەککەسیی؛ ڕەخنەی ئۆجالان بۆ لایەنەکان
چیرۆکە درێژەکەی ستێڤان زڤایگ بە ناونیشانی “شەتڕەنج”، تەنیا چیرۆکێک نییە دەربارەی شەتڕەنجێکی یەککەسیی. بەڵکوو لە هەمان کاتدا دەقێکی سیاسیی و فەلسەفیی بەهێزە کە نیشانی دەدات مرۆڤ لە ژێر گۆشەگیرییدا و بە کەمترین دەرفەتەکانەوە چۆن بەرخۆدان دەکات؛ چۆن بێ بەردەنگ هێشتنەوە بیر قووڵ دەکاتەوە، بەڵام لە قۆناغێک بەدواوە، ئەو یارییەی دژی خۆی دەیکات، چۆن دەبێتە سامناکییەکی بێپایان.
لە پەرتووکەکەدا دکتۆر “بی” کاتێک لە گۆشەگیرییدایە، لە ڕێگەی تاکە پەرتووکی شەتڕەنجەوە کە دەکەوێتە دەستی، لە سەرەتادا بوونی خۆی دەپارێزێت. پاشان یارییەکە لە زەینی خۆیدا دەکاتە دوو بەشەوە؛ هەم دەبێتە بنیادنەر و هەم دەبێتە دژبەر. لەسەر ناوی لایەنەکەی دیکەش کە وەک “لایەنی بەرانبەر” پێناسەی دەکات، ناچار دەبێت پەڕینەوە و جووڵەکان ئەنجام بدات. ئەو یارییە یەککەسییەی بەرەو پێش دەچێت، سەرەنجام ترس و سامناکیش دەخاتە دڵی ئافرێنەری یارییەکەوە.
لە دوادیداری شاندەکەدا، وتەکانی سەرۆک عەبدوڵا ئۆجالان کە دەڵێت: ”دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ شەتڕەنجی یەککەسیی. دوای ماوەیەک، بەهۆی ئەوەی بەردەنگەکان (موخاتەبەکان) بەرپرسیارێتیی ناگرنە ئەستۆ، کاتێک دیالۆگ و دانوستان دەگۆڕێت بۆ یارییەک کە تۆ لەگەڵ خۆت و لە دژی خۆت دەیکەیت، وەردەگەڕێتە سەر بارێکی سامناک”. ئەمە ڕستەیەک نییە بەڕێکەوت و لەخۆوە وترابێت. ئەم دەربڕینە میتافۆرێكی بەهێزە و ئاماژە بەو دژواریی و پارادۆکسە دەکات وا بیری سیاسیی و پراکتیکی دانوستان لەناو ساڵانی درێژی گۆشەگیرییدا ڕووبەڕووی بووەتەوە.
دانوستانە سیاسییەکان بەپێی سرووشتی خۆیان، پشت بە هونەری دیالۆگ دەبەستن. لەسەر ئەو بنەمایە خۆیان بنیاد دەنێن کە ئەکتەرە جیاوازەکان دەنگی یەکتر ببیستن و وەڵامی جووڵەکانی یەکتر بدەنەوە. تێڕوانین و بیرکردنەوە جیاوازەکان لە سرووشتی دانوستاندا دەبیندرێن. ئەو شتەی پێی دەوترێت ‘ئاشتیی دانوستانکارانە’ یان ‘ڕێککەوتن’، هەر ئەو پەیمانەیە کە لە دەرئەنجامی پێکدادانی توندی جیاوازییەکانەوە لەدایک دەبێت.
بەڵام کاتێک کەناڵی پەیوەندیی دوولایەنە دادەخرێت، نیاز و پێشبینییەکان جێگەی دانوستانەکان دەگرنەوە. کاتێک بکەری سیاسیی ناتوانێت ڕاستەوخۆ بزانێت لایەنی بەرانبەر بیر لە چی دەکاتەوە، بە تێپەڕینی کات دەست دەکات بەوەی لە زەینی خۆیدا درووستی بکات. کاتێک لە تابلۆی ئهمڕۆ، لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆن، ڕۆژنامەکان و لەسەر کورسییە سیاسییەکاندا دەکۆڵینەوە، زۆربەی جار بە تێگەیشتنێکی وەهاوە لە ڕێبەر ئۆجالان نزیک دەبنەوە. ئاستەنگیی و زمانی فەرمیی پەنجا ساڵە، دەبێتە ڕێگریی لێکۆڵینەوە لە پاشخانی ڕێبەر ئۆجالان و تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە پارادایمەکەی. ئەم تێگەیشتنە بە شێوەیەکی سرووشتیی نەهاتووە؛ ئێمە ڕووبەڕووی هۆشیارییەکی بە ئەنقەست درووستکراو دەبینەوە.
با بگەڕێینەوە سەر مێتافۆری ‘شەتڕەنجی یەککەسیی’. ڕێبەر ئۆجالان لە هەلومەرجە سنووردارەکانی ئیمڕالیدا، لە لایەکەوە چاوەڕوانییەکانی تەڤگەرەکەی و گەلەکەی، لە لایەکی دیکەشەوە داخوازییەکانی کۆمەڵگەی تورکیا، نیگەرانییەکانی دەوڵەت و پێداویستییەکانی داهاتوو لە هەمان زەیندا شەنوکەو دەکات و هەوڵ دەدات بۆ پرسیار و کێشەکان چارەسەر بئافرێنێت. دانوستان و سیاسەت بە تەواویی لە پرۆسەیەکی فرەلایەنی نێوان ئەکتەرە بەردەنگەکان ترازاوە و وەرگەڕاوە بۆ یارییەکی شەتڕەنج کە هەموو بارەکەی دەکەوێتە سەر شانی تاقە ئەکتەرێک.
بیرهێنانەوەی دکتۆر ‘بی’ـی پاڵەوانی زڤایگ، ڕێک لەم قۆناغەدا گرنگیی خۆی هەیە. سەرەتا شەترەنج لەسەر پێی خۆی دەهێڵێتەوە. بیرکردنەوە و شیکردنەوە و خوڵقاندنی جووڵە هیوای ژیان دەپارێزێت و مەبەست لێی لەناوچوون بووە. هەروەها ئاستی ڕەخنەگرانەی هۆشیاری ڕێبەر ئۆجالان هاوشێوەی ئاستی هۆشیارییەکەی ناو چیرۆکەکەیە. کاتێک دکتۆر ‘بی’ شەترەنجی یەککەسیی خۆی پەرە پێ دەدات، هەمان میکانیزم پێچەوانە دەبێتەوە و ڕووبەڕووی سامناکیی دەبێتەوە. یاریی بەردەوام لەگەڵ خۆی، پەرەپێدانی جوڵەکان دژی خۆی، دەبێتە بەربەستێک لە بەردەم ڕۆڵی ڕەسەنی خۆیدا. نەیار چیتر ڕاستەقینە نییە، یارییەکە دەگۆڕێت بۆ مەیدانێکی سامناک.
ئەم لێکچواندنە بۆ سیاسەتی ئەمڕۆ هۆشیارییەکی گرنگ لەخۆ دەگرێت. لەسەر مێزێک کە بەردەنگی بەهێز، بەئیرادە و خاوەن دەستپێشخەریی تێدا نەبێت، تێنەگەیشتنەکان گەورە دەبن، پێشداوەرییەکان قووڵتر دەبنەوە و سیاسەت وردە وردە لە شوێنی بەردەنگە ڕاستەقینەکان، لەگەڵ ئەو ئەکتەرانەدا بەڕێوە دەچێت کە لە زەیندا نەخێشندراون. پێداگریی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر “من بەدوای بەردەنگێک دەگەڕێم” کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەستی پێکردبوو، کاتێک دەگاتە ئەمڕۆ مەودایەکی بەرچاوی بڕیوە و بە ڕەنجی خۆی بەردەنگەکەی ئافراندووە. بەڵام دیسانیش ئاستی ئیرادە، دەستپێشخەری و بڕیارداریی هێشتا ئەوەندە بەهێز نییە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کێشەی بەردەنگبوونی لاواز درێژە بکێشێت.
کاتێک لە ڕوانگەی فەلسەفییەوە سەیری دەکەین، بەرانبەر ئەو ڕاستییە ڕادەوەستین کە مرۆڤ تەنیا لە ڕێی هۆشیارییەکی دیکەوە دەتوانێت تاقیکردنەوە لەسەر خۆی بکات. کاتێک لە بەرانبەریدا ئەو ‘ئەوی دیکە’ـیەی ڕاستەقینەیە ئامادە نەبێت، بیرکردنەوە بەردەوام سەرلەنوێ خۆی دەئافرێنێتەوە. لەو شوێنەی جیهانی هاوبەش و بەکۆمەڵ ون دەبێت، سیاسەت و دانوستانیش لاواز دەبن.
ئەمڕۆ لە زۆرێک لە گۆڕەپانی پێکدادانەکانی جیهاندا، یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکانی کە دەبینرێت هەر ئەمەیە. کاتێک لە شوێنی پەیوەندیی دوولایەنە، نوێنەرایەتیی و گریمانەکان جێگیر دەبن، هەر ئەکتەرێک ئەوی دیکە لە زەینی خۆیدا لە نوێوە دەئافرێنێتەوە. بەڵام ئاشتیی ڕاستەقینە نەک بە ململانێیەک کە لە زەیندا بنیات نراوە، بەڵکوو بە قسەکردن لەگەڵ بەردەنگی ڕاستەقینەدا بنیاد دەنرێت.
مێتافۆری ‘شەتڕەنجی یەککەسیی’ کە ڕێبەر ئۆجالان بەکاری هێناوە؛ ئەو بارە زەینیی و هزرییەی لە ناچاریی بیرکردنەوە لە هەستیارییەکانی تەڤگەرەکە، چاوەڕوانییەکانی گەل و نیگەرانییەکانی دەوڵەت بە تەنیا درووست بووە، هاوڕێ لەگەڵ ئەو هاوتەریبییەی لەگەڵ کارەکتەری دکتۆر ‘بی’ زڤایگ درووست کراوە، واتادارتر دەکات.
«شەتڕەنج یارییەکە بە دوو کەس دەکرێت. شەتڕەنجی یەککەسی نەک یاری، بەڵکوو ناچارییە.»
لەوانەیە گرنگترین پەیامی بەرهەمەکەی زڤایگ ئەمە بێت: زەینی مرۆڤ تەنانەت ئەگەر خاوەنی هێزێکی بەرخۆدانیی بێوێنەش بێت، هیچ زەینێک ناتوانێت تا سەر بە تەنیا سیاسەت بئافرێنێت. شەتڕەنج یارییەکە بە دوو کەس دەکرێت. شەتڕەنجیی یەککەسیی یاریی، بەڵکوو ناچارییە.
تێگەیشتن و گرنگیدان بەم وتەیەی ڕێبەر ئۆجالان ڕاستترین ڕێگەیە: ”داخوازیی و ناڕەزایەتییەکانی دەم پارتی، گەل و تەڤگەرەکە هەن؛ ناڕەزایەتی، دڵگرانی و داخوازییەکانی دەوڵەتیش هەن. هەندێک جار لەسەر ناوی تەڤگەرەکە هەنگاوێک دەنێم کە هەستیارییەکان لەبەرچاو دەگرێت، هەندێک جاریش خۆم دەخەمە شوێنی لایەنی بەرانبەر و بەپێی هەستیارییەکانی ئەوان جووڵەکان دەکەم. دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ شەتڕەنجی یەککەسیی. دوای ماوەیەک کاتێک دەگۆڕێت بۆ یارییەک کە تۆ لەگەڵ خۆت و لە دژی خۆت دەیکەیت، ئەمە وەرگەڕانی بەسەردا دێت بۆ بارێکی سامناک. ڕێگەی کۆتاییهێنان بەم دۆخە، هێنانەئارای بەردەنگی خاوەن ئیرادە و دەستپێشخەرییە کە ڕێگە لەبەر دانووستان خۆش دەکەن تا بێنە بەرانبەرم. پێویستە ئەم یاسایە حەتمەن خاوەنی ئەو کوالێتیی و کارامەییە بێت تا کۆتایی بەم دۆخە بهێنێت.”
ئەم دەستنیشانکردن و لێکچواندنە ئاماژەیە بۆ ڕەخنەیەکی بەهێز. شتانێک هەن کە دەبێت دۆست و نەیاریش بیگرنە ئەستۆی خۆیان.
تێگەیشتنێکی دیکەی ڕاستەقینەش دەستەبەر دەکەین: ڕێبەرایەتیی ئۆجالان نەک وەک نوێنەری لایەنێک، بەڵکوو وەک ڕێبەرێک لەسەر ناوی هەموو گەلان و کۆمەڵگە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا دانوستان دەکات.
سەرچاوە/ڕۆژنامەی یەنی یاشام



