چاند

“زەوی سەخت و ئاسمان دوور”؛ هێزی ویژدان و پاڵنەری ڕووتبوونەوەیە لەوەی شەرمی لێدەکەین لە مێژووماندا

خوێندنەوەیەکی فیکری بۆ فیلمی "زەوی سەخت و ئاسمان دوور" لە ڕوانگەی ژنۆلۆژی و برینە مێژووییەکانی مرۆڤی کوردەوە.

نەجیبە قەرەداغی

 

“زەوی سەخت و ئاسمان دوور”؛ هێزی ویژدان و پاڵنەری ڕووتبوونەوەیە لەوەی شەرمی لێدەکەین لە مێژووماندا

مێژوو بۆ هەندێکمان چیرۆکێکی کرۆنۆلۆژی و ڕیزکردنی ڕووداوەکانە. ئەوەیە کە ئیمانوئیل واڵرشتاین بەرەنگاری دەبێتەوە و پێی دەڵێت: “ ڕووداوەکان تۆزن، بەرچاومان دەگرن” [واتە] لە ڕاستی و کرۆکی  ڕووداوەکان دوورمان دەخەنەوە. ئێمە تەنیا ئێش و ئازارەکانی هەندێ سەردەمی مێژوویی لە دەمی  دایک و باوپیرانمانەوە دەبیستین؛ یان  تەنیا لە دەمی  بکەرەکانیانەوە [دەبیستین]، بێ ئەوەی پێمان بڵێن چی ڕووی دا؟ هەندێک لەو ساتەوەختانە کلیلن بۆ دادگاییەکی مێژوویی کە نە تاوانبار هەیە و نە بکەر، بەڵکوو خود دەگاتە ئەو ئاستەی لە خۆی  بێدار بێتەوە. ئەگەر ڕێبازێکی [فیکری و مێژوویی] نەبێت، ئەم لەخۆبێداربوونەوەیە ناتوانێ بگاتە ئاستی بێداربوونەوەیەکی  کۆمەڵیی و بەرهەمهێن، کە نەک هەر ڕێ بە دووبارەبوونەوە بگرێت، بەڵکوو ئاسۆی [داهاتوومان] ڕۆشن بکاتەوە. ئەی چی دەبێت ئەگەر ئێمە خۆمان نەوەی بەرکەوتەی ئەو ڕوداوانە بووبین و پێویستمان بە زمان و دەربڕینێکە گوزارەی لێ بکات، لێرەدا ” فیلمی زەوی سەخت و ئاسمان دوور” لە دایک دەبێت و ئەو پێویستییە بە ڕەهەندە مێژوویی، کۆمەڵایەتی، کولتووریی و لە پەراوێزیشەوە سیاسییەوە نیشان دەدات.

هەمیشە چاوەڕێی ئەوە بووم شاکارێکی سینەمایی ئەو ساتەوەختەمان بە  جوانیناسییەکی ڕۆحیی گەلێکی چیایی نیشان بدات؛ بە ڕوونیی پێمان بڵێن چی ڕووی دا بە زمانی هونەر، مێژوو چۆن دەکرێت سەیر بکرێت بە زمانی سینەما. چ جا ئەو ساتەوەختەی لە سنگی ئەوانەدا پەنگی  خواردووەتەوە کە هەمیشە هیوایان لەسەر “هەموو شتێک باش دەبێت و ڕزگار دەبین” هەڵچنی؛ تا ڕۆژێک هات نەک [تەنیا] جەستەیەک سارد دەکرێتەوە کە پڕە لە هیوا و جوانیی، گۆرانیی و جۆش، ئەشق و باڵگرتنەوە، بەڵکوو دەبنە تۆز و بەرچاومان دەگرن. ئەوانەی ڕاستیی و درووستیی چیرۆکەکان دەزانن، یان بێدەنگن یان بێدەنگ دەکرێن کە [ئەمانەی دووەم] زۆرینەن؛ ئەوەش ڕێگرە لەوەی هەقیقەت وەک خۆی بزانرێت و ببێتە مەیدانێک بۆ دادگاییەکی مێژوویی کە نە دادوەر تێیدا هەبێ، نە تاوانبار و نە بکەر، بەڵکوو تەنیا ویژدان. ویژدان، ئەو سەرئێشە بەردەوامەیە وا لە کۆڵ ” هاروون” نابێتەوە، ئەو مێروولانەیە کە لە هەموو جێیەک دێنەوە بەردەمی، ئەو خەونانەیە کە گێڕانەوەشی بۆ ئاو داوی نادات.

چیا و گوندەکان کە بەشێکی گەورەی فیلمەکە پێک دێنن، پڕێتی لە هێمای ڕیشەی ئێمە، هێمای بەرخودان و کەلتوورمان، دیوارەکانی چایخانەکەی شیرین لە یادەوەرییماندا مۆزەخانەیەکی زیندووە کە ڕابردوو، بە ئێستامان و ئاییندەمان دەبەستێتەوە. لە بەردی بن پێی هەر گەریلایەکی ژن کە سڵاو لە شیرین دەکەن و ئەویش بە خوڵکێکی کوردانەوە داوایان لێ دەکات بێن و پشوویەک بدەن، ئەوانیش هەر ڕوو لە چیاکاکانن. لە ڕیتمێکی هاوشێوەدا و لە ململانێیەک لەگەڵ سەختییەکانی ژیاندا، کۆڵبەران بە هەمان جێگەدا تێدەپەڕن. کۆمەڵێ چیرۆک بە ڕیتمێکی هارمۆنیی بەیەکەوە بەستراون، بە دەنگی تەمبوری یاریی، دەنگبێژیی کرمانجیی، لاوک چیرۆکە تراژیدییەکان هەم دەگێڕنەوە، لە یادەوەرییدا دەیپارێزن و هەم داوای گەیاندنەوەی دەکەن بە هەقیقەت، هەقیقەتی ئادەم (هاروون) کە تا پەنجەی بە هێزی (مێخوداوەند) نەگاتەوە کە ڕەمزی کۆکەرەوەی هەموو فیلمەکەیە، ئەو دەروونە ئارام نابێتەوە. دەرهێنەر و سیناریست زۆر جادوویانە ئەمانەیان گەیاندووەتە یەک.

ئێمە ڕۆڵەی گەلێکی چیایین کە چیرۆکەکان زۆر جار تەنیا دیوێکی دەگێڕرێنەوە، بەڵام ئێمە نازانین ئەی ئەو هەناسە قووڵە چییە، دایک و باووباپیرانمان هەڵیدەکێشن کاتێ قسە دەکەن و نیوەکەی تری تەنیا بە فرمێسک دەردەبڕن؟ ئەو خەمۆکییە قووڵە چییە لەسەر لۆچەکانی دەموچاویان چنراوە؟ هەندێکیان حەسرەتەکانیان دەبەنە ژێر گڵەوە و هەندێکیشیان بەورئاسا و لەنێو هێوریی و ویقارێکی شکۆئاسادا ڕووبەڕووی دەبنەوە؛ تا ئەو جێیەی جەلادی دەستی دوو و سێیەکان دەخەنە نێو داماڵینی شەرم لە ڕووتبوونەوە کە بەهێزترین دوا چرکەساتی فیلمەکەیە و هەموو نهێنی فیلمەکەش لەو چرکانەدا شاراوەیە کە بەشێکە لە واقیعێکی چارەسەرنەکراومان، چونکە ئەوانن کۆڵەکەی ستەمی ناوخۆیی ڕادەگرن و دەبنە پردێک بۆ دزەکردنی تیغەکانی دەرەوە، هەر ئەوەشە کە هەموو چیرۆکەکانی ئەشق بە تراژیدیا کۆتایی دێنن، تا ئێستاش پرسیاری زیندوو هەیە” دیلەکەتان چی لێ کرد”. کاتێ دایکە مەریەم گوتی؛ دیلەکەتان چی لێ کرد، خۆمم پێ نەگیرا وەک بەرکەوتەیەکی قوربانیی ئەو سەردەمە، جارێکی تر دەپرسم ” ئێسکەکانتان چی لێ کرد، تا ئێستا دایکان و باوکان چاوەڕێن؟”، فیلمەکە لێرەدا سەدی سەد پێکاویەتی و پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لێبووردەیی بەسە؟

لە هەندێ شاکاری سینەمایی و زنجیرە  درامادا، هێزی ڕووتبوونەوەیەکی بێدەنگ دەتوانێ هەزاران وشە بڵێت. “زەوی سەخت و ئاسمان دوور” شاکارێکی وەهایە کە لە هەندێ دیمەندا دەتوانێ زۆر شتمان پێ بڵێت کە زمانی ئاسایی توانای دەربڕینی نییە. هونەر بە گشتیی و ژانری سینەما دەتوانێ ئەو زمانە بێت؛ ئەو زمانە بێت کە هەر پێ بە زەوییەکەیدا دەنێی یەکپارچە ئازارە، هاواری برینێکە، بەڵام هەر ئەو زەوییەیە کە باوەشمان بۆ دەگرێتەوە و لە ئامێزمان دەنێ، تەنیاش ئەو کاتانەی کە لەگەڵی ڕاستگۆ بین و ئامادە بین لە شەرمەکانمان داماڵرێین و ڕووت ببینەوە. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە بکەرانی ڕاستەقینە وەک ” هاروون” ڕووت ببنەوە، بەڵام کەی؟

“زەوی سەخت و ئاسمان دوور” سەرتاپا پەیامێکی ڕووتبوونەوەی ئێمە دەدات لەو ساتەوەختانەی کە برینێکی قووڵ بە ڕۆح و جەستەماندا چووە و بووەتە یادەوەرییەکی تاڵ، بەڵام ئەو هێزەشی کە وامان لێ دەکات ڕووت ببینەوە بێ شەرم و خۆداماڵین لەو شەرمە ڕەشە، هێزی یادەوەرییەیە کە لە دایکە مەریەمدا هەیە، ئەو لێبوردنەیە وا بەرانبەر بە بێدەنگیی دەکاتەوە بە بەشێک لە “ئێمە”. ڕۆڵی دایە مەریەم وەک پردێکە لە نێوان ڕابردوو و ئێستادا، لە نێوان برین و ساتەوەختی سارێژکردنی ڕۆحی بریندار؛ هێزی پاڵنەرە بۆ ڕووتبوونەوە لە شەرمی ساتەوەختێک کە ڕووی داوە، کە برینێکی قووڵە لە جەستەی هەموواندا.

دایکە مەریەم، کە بە جوانترین شێوە ڕۆڵەکەی بەرجەستە کردووە، هێزی  سیمبۆلیی ڕیشەی پڕۆتۆ-کوردە لە دایکاندا. ئەوە هێزی کەلتووریی ڕیشەی گەلێکی چیاییە کە بەرەنگاری ئەو برینە دەبێتەوە و وزە و هێزی ڕووتبوونەوەمان پێ دەدات لەوەی شەرمی لێ دەکەین بیڵێین و بیکەین. ئەو شتە ویژدانە، کە لە تاقیگەکاندا ناپێورێت و زانستی باو نازانێ چییە، بەڵام تەنانەت فیشەکی شەڕی ‘براکوژیی‘ـیش نەیتوانیوە بیکوژێت. ئەو جۆرە کارانە دەتوانێ لەو ڕۆحە زیاد بکات کە خوێن، ئارەقە و ڕەنجی بۆ دراوە. خاڵکوتان کە هێمایەکی بەهێزە لە فیلمەکەدا بەشێکی گرنگی چیرۆکەکە دەگێڕیتەوە. خاڵکوتان، دەفتەری یادەوەریی و چیرۆکە ڕاستەقینەکانی ئێمەیە لە سەر جەستەی بکەرە ڕاستەقینەکانی مێژوومان. ئەوان بۆمان دەگێڕنەوە چی ڕووی داوە. ئەوەی مرۆڤ سڵی لێ دەکاتەوە بە زارەکیی باسی بکات تەنانەت ترسی لە نووسینی هەیە، خاڵەکان(دەق) ئەوەمان پێ دەڵێن، ج جا بە شیری دایکی کچێکی تازە لە دایک بوو لەگەڵ سوتماکی ئەو داربەڕووەی کە فەرزاد کەمانگەر بە کوردی دەچوێنێت لە نامەکەی دا بۆ سەما بەهمەنیی. داربەڕوو هێمایەک بۆ چەقاندن بە ڕیشەدا کە هیچ بایەک ناتوانێت هەڵیکێشێت، ڕیشەی کوردبوون، (بەڵام)ـێکی گەورەش ئەوەیە کە شەڕی براکوژیی توانی گەورەترین تراوما لە ڕۆحی ڕۆلەکانیدا بچێنێت.

کە دەرهێنەری فیلمی “هەر تشت ژ بۆ ئازادی”ـی ئەرسین چەلیکم بە ڕێککەوت لە فڕۆکەخانەی عەمان بینی، پێی گوتم ؛ “کە چوویتە سلێمانی خۆت بگەیەنە فیلمی (زەوی سەخت و ئاسمان دوور) و سەیری بکە، زۆر بە دڵت دەبێت، فیگوری ژن لەو فیلمەدا زۆر بەهێزە”. هەر واشە، لەم فیلمەدا فیگوری ژن هەر لە دایکە مەریەم کە بەژنێکە لە ڕۆحی لێبوردەیی و ئازایەتیی، لە شیرین کە مۆدێلێکە بۆ ژنێک چۆن لەسەر پێی خۆی بێت، لەو دیمەنەی بەهێزەی کە بە پرژاندنی گوڵاوەکەی بە دەستی پیاواندا لە چایخانەکەی هەمووان دڵخۆش دەکات، لە دیمەنی ئەو ژنانەی لە دیواری چایخانەکەیدا هەڵیواسیون، لەو ڕیزە گەریلا ژنەی کە بەوێدا تێدەڕن، یەکپارچە لە هێمای جوانی، هێز و بەخشندەییە کە دەرهێنەر زۆر جادوویانە کۆی کردوونەتەوە.

لە پاڵ ئەو فیلمانەی کە هێمای بەرخودانن، ئەم فیلمە لە ئاستێکدایە شانازیی پێوە بکرێت و کورد بڵێ فیلمم هەیە. قسەیەکی دەرهێنەر شەهید خەلیل ئویساڵی دەرهێنەری فیلمی بێریتان بە بیر دێنمەوە کاتێ گوتی “گرنگ نییە ئەم فیلمە لە فستیڤاڵە جیهانییەکان دا نیشان بدرێت، گرنگ ئەوەیە شتێکی بۆ کۆمەڵگەی کورد پێ بێت”. ئەم بەرکەوتنە گرنگە و پێم وایە تا ئێستا ” زەوی سەخت و ئاسمان دوور” ئەوەی پێکاوە.

سوپاس بۆ ئەوانەی ڕەنجیان لەم شاکارەدا هەیە بە تایبەتی دەرهێنەری فیلمی “زەوی سەخت و ئاسمان دوور“، هەورواز محەمەد، و سیناریست مەنسوور تەیفووری و ڕەوەز حەمە ساڵەح کە ڕۆحیان بەبەر هەر هێما، کۆدی مێژوویی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا کردووە و شتێکیان بە بینەر گووت کە جەسارەتئامێزە و سەرەتایەکی گرنگە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.