گوتار

سازشی تەکتیکیی؛ سەکۆی خۆهەڵدانە نێو جەنگێکی سەرتاپاگیر

کۆماری ئیسلامی ئێران لە نێوان هەڵبژاردنی جەنگێکی نوێ یان سازشێکی کاتی لەگەڵ زلهێزەکان لە پێناو درێژکردنەوەی دەسەڵاتی خۆیدا.

ڕێوار ئاوەدانان  – وتەبێژی پژاک

 

سازشی تەکتیکیی؛ سەکۆی خۆهەڵدانە نێو جەنگێکی سەرتاپاگیر

ڕێککەوتنی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاییندەی ئێران و درێژەی جەنگی نێوانیان ڕۆژەڤی سەرەکیی  بارگۆڕانە سیاسیی و هەرێمییەکانە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین:

  • هێشتا جەنگەکە کۆتایی نەهاتووە و بڕیاری کۆتایی بۆ پاش هەڵبژاردنی نیوەی کۆنگرێسی ئەمریکا دوا خراوە. وادیارە لەم چەند مانگەی دانوستان و ئاگربەستدا، ئەمریکا و ئیسڕائیڵ ئامادەسازییەکی سەربازیی نوێیان تەواو کردبێت. کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی ناتۆ و پاشان دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆردا لەلایەن بەریتانیاوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی سیاسەتی زلهێزەکانی ئەورووپا بۆ هاوڕایی زیاتر لەگەڵ ترەمپ. داخۆ کۆماری ئیسلامیی خۆی لەگەڵ سیستەمێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەبووڵکردنی هەژموونی ئیسڕائیڵ دەگونجێنێ، کە ترەمپ دەیخوازێت، یان خۆی بۆ جەنگی کۆتایی ئامادە دەکات، ئەمە لە چەند مانگی داهاتوودا یەکلا دەبێتەوە. جووڵەکانی کۆماری ئیسلامیی و ململانێکانی نێو حکومەت، نیشانی دەدات کە هەردوو ئەگەرەکە وا لە گۆڕێ، بەڵام «ئامادەسازیی بۆ جەنگ» بژاردەیەکی بەهێزترە.
  • هەرچەندە کۆماری ئیسلامیی گورزێکی گورچکبڕی بەر کەوتووە و سەرپاکی توخمە بنەڕەتییەکانی کۆڵەکەی دەسەڵاتەکەی و خودی عەلی خامنەیی ڕاماڵراون، هەموو کارتە فشارەکانی خۆی بۆ ئەم جەنگە سووتاندووە، بە تایبەت لە گەرووی هورمز لە ڕێی فشار بۆ سەر ئابووری جیهانیی، ڕاستەوخۆ بووە کۆسپی سەرەڕێی ئامانجە ستراتیژییەکانی ئەمریکا و ئیسڕائیڵ. هێشتا ڕوون نەبووەتەوە داخۆ ئیسڕائیل دەتوانێت بە پڕۆژەیەی هێڵی وزە-ئابووریی وا بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆی و لە ڕێی پەیمانی ئیبراهیمییەوە دەیەوێت هێڵکێشی بکات، پێچ بە پێگەی ژیۆپۆلەتیکیی ئێران و بە تایبەت گەرووی هورمز لێ بدات. داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن سوپای پاسدارانەوە، ڕاستەوخۆ ڕێڕەوی ئابووریی هند-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا و پەیمانی ئیبراهیمیی تووشی ئاڵنگاریی ئەمنیی ڕاستەقینە دەکاتەوە.
  • گەر کۆماری ئیسلامیی لە هەردوو خاڵی گەرووی «هورمز» و «ڕێڕەوی قەوقاز» بەچۆکدا بێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ئەمریکا – ئیسڕائیڵ پێشڕەوییەکی هێندە زۆر دەکەن کە پڕۆژەی ئابووریی-وزەی چین و پێگەی ڕووسیا دووچاری گێژاوێکی سەربەگێژ دەکەن. شیمانە دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەی ناتۆدا لە تورکیا هەندێک بڕیار و گفتوگۆ لەم چوارچێوەیەدا شەنوکەو کرابن. هەڵسووڕانی زلهێزەکانی وەک بەریتانیا بە ئاڕاستەی هاوپشتیی ئەمریکا، وادیارە تورکیای ئەندامی ناتۆش ناچار دەکات تا خۆی وەک دژبەری کۆماری ئیسلامیی و ڕووسیا پێناس بکاتەوە.
  • بەرانبەر ئەم ئەگەرانە و هەڵکشانی فشارەکانی سەر ئێران، ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی دەست بۆ بژاردەی داخستنی گەرووی بابولمەندەب ببات بە دەستی حوسییەکانی یەمەن، تا وەک دووەمین کارتی فشار دژی زلهێزە جیهانیی و هەرێمییەکان بەکاری بهێنێت. هەنگاوێکی بەم ڕەنگە، هاوڕێ لەگەڵ داخستنی گەرووی هورمز، ئابووریی جیهان ڕووبەڕووی فشارێکی توندی کۆماری ئیسلامیی دەکاتەوە و تەنانەت پیلانە جەنگییەکان دەخاتە سەر لێواری خەرەندێکی دەرەپێشبینیی.
  • ڕێککەوتنی ئێستای نیوان کۆماری ئیسلامیی و ئەمریکا زۆر لەرزۆکە و توانایەکی وای مانەوەی نییە. ئاستی پێکدادانەکانی پاش دانوستان نیشانی دەدات کە بڵێسەی جەنگەکە بەم زووانە دانامرکێتەوە. تا کۆماری ئیسلامیی خۆی بەپێی سیستەمی نوێی ناوچەکە نەگونجێنێت و ئەم کەوڵەی تەواو دانەماڵێت، ئەوا جەنگ و پێکدادان بەردەوام دەبن. هەرچەندە تا ئێستا ئەمریکا و ئیسڕائیڵ بە ئامانجەکانیان نەگەیشتوون، بەڵام کۆماری ئیسلامییش هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەر نەڕەویوەتەوە.
  • نە سازش و نە جەنگ ناتوانن ئێران لەم قەیرانە هەنووکەییە دەرباز بکەن. ڕەنگە کۆماری ئیسلامیی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی سوود لە دووانەی جەنگ و سازش ببینێت، بەڵام لەبەر ئەوەی لەم دانوستان و سازشانەدا بە هیچ کلۆجیک ڕەچاوی تێکۆشانی دیموکراتیی گەلانی ئێران و خواستەکانیان نەکراوە و هیچ باسی زەبروزەنگ و سەرکوتکاریی گەلان لەلایەن ڕژێمەوە ناکرێت، ئەوان چاوەڕێ ناکرێت ئەم دووانە (جەنگ و سازش) کرانەوەیەکی سیاسیی لە ئێران درووست بکات. ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی تەنیا یەک ڕەفتاری قازانجپەرەستانە بۆ مانەوەی خۆی دەنوێنێت و ئەم ڕێککەوتنەش کۆڵەکە و بنەڕەتێکی تەندرووست بۆ خواستی گەلانی ئێران داناڕێژێت. ئەمێستا دەوڵەت و بەڕێوەبردنی سیاسیی ڕاستەوخۆ وا لە ژێر چەپۆکی سوپای پاسداران، هیچ ئاماژەیەک نابینرێک کە ڕژێم بە ئەندازەی ئەو جیاوک (ئیمتیازانە)ـی دەیداتە زلهێزە جیهانییەکان، بە هەمان ئەندازە بەرانبەر کۆمەڵگەی ئێران پاشەکشێ بکات و ئامادەی گۆڕانکاریی ئەرێنیی نییە.
  • ئەو ئۆپۆزسیۆنە فرەخواز و دیموکراتیخوازەی ئێرانیش وا کەڵکەڵەی ئازادیی تێکڕای توێژە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییەکانی ئێرانیی هەیە، ناتوانێت ستراتیژی خۆی بەپێی ناکۆکیی و سازشی نێوان کۆماری ئیسلامیی و زلهێزە جیهانییەکان ڕەنگڕێژ بکات. بۆ چارەسەری گەلانی ستەملێکراوی ئێران و ئازادیی ژنان و چارەسەری شاقەیرانە ئابووریی و ژینگەییەکان، گەرەکە جیهانبینیی جڤاکی دیموکراتیی و هاووڵاتیی ئازاد بکاتە نەخشەڕێی خۆی، چونکە تەنیا کۆمەڵگەیەکی بەم ڕەنگە دەتوانێت دیموکراسیی و ئازادیی و یەکسانیی بۆ ئێران وەدی بهێنێت.
  • ستراتیژی «هەڵکشانی بەرخوەدانی دیموکراتیی گەلان لە ڕێی ڕێکخستنی تۆڕەکانی تێکۆشانی خەڵک لە سەرتاپێی ئێران»، تاکە ڕێیە و هێزی سێیەم (کۆمەڵگە و ئۆپۆزسیۆنی ئازادییخواز) ناچارە بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕژێمدا، پەیڕەوی بکات. جگە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە و جووڵەی بزوێنەرە کۆمەڵایەتییە ڕێکخستەبووەکان (ژنان و گەنجان، چین و توێژەکان، کۆمەڵگەی مەدەنیی، ئەو تۆڕانەی خەڵک وا پارت و ناوەندە دیموکراسییخوازەکان درووستیان کردوون)، هیچ ڕزگاریدەرێکی تر لە گۆڕێ نییە. شۆڕشی »ژن، ژیان، ئازادیی «و سەرهەڵدانەکانی کانوونی دووەم و سەرهەڵدانەکانی پێشیتر، وانەیەکی گرنگی بە ئۆپۆزسیۆن دا کە دوور لە هەڵەکانی پێشوو، ڕێگەیەکی درووست بەرەو ئاسۆی سەرکەوتن واڵا بکەن.
  • ئەو گورزەی بزووتنەوەی شاپەرەستەکان لە بزووتنەوەی دیموکراتی گەلانی ئێرانی وەشاند و تەمەنی کۆماری ئیسلامیی درێژ کردەوە، پاش کوشتارەکەی کانوونی دووەم و هەڵوێستی شەڕانگێزانە و بەڵێنی درۆی میدیاکانیان، لای خەڵک شاراوە نییە. ئێستا کاتی ئەوەیە ئۆپۆزسیۆنێکی سەرتاپاگیر و شێلگیر پێ بۆ گۆڕەپانەکە هەڵبێنێت تا بتوانێت بۆشایی سیاسیی و نەبوونی ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە پڕ بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا هێشتا چاوەکان لەسەر کۆنگرەی ئازایی ئێران و جووڵەکانیانە.
  • کوردان لە جەنگی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیڵ، خۆیان لە ئاگری جەنگەکە پاراست، چونکە ئەم جەنگە هیچ گەرەنتیی و پاڵپشتێکی داخوازیی ئازادیخوانەیان نەدەکرد و مەترسیی زیاتریشی لەسەر هەبوونیان درووست دەکرد. ئەو پێکدادانانەی پاش دانوستانی ئێران و ئەمریکا لە نێوان سوپای تیرۆریستیی پاسداران و پارتە کوردییەکاندا ڕووی دا، سەرپاک بەرەنجامی هێرشی یەکلایەنە و لەشکرکێشیی سوپای پاسداران بوو بۆ سەر کوردستان. لەم بەستێنە پڕ لە کێشمانکێشە و هەڵکشانی جەنگدا، پاراستنی ڕەوا تاکە ئەگەری کوردانە بۆ خۆپاراستن بەرانبەر ئەگەری هێرشەکان.

ڕێک لە ڕەوشێكی بەم ڕەنگەدایە کە ئێمە دەبینین بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی نەژادپەرەستی ئێرانیی چەقیو لە ئەورووپا، بە نمایشێک و بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە گوتاری کۆماری ئیسلامیی کاوێژ دەکەنەوە و بەردەوام ئەو کوردانەی وا لە دۆخی بەرگریی ڕەوادان، سەرکۆنە دەکەن، تەنانەت داوای چەکداماڵینی پارتە کوردییەکان دەکەن بەرانبەر سوپای تیرۆریستیی ئیسلامیی!!! ئاشکرایە تا سیستەمێکی سیاسیی دیموکرات ئێران بەڕێوە نەبات، پاشەکشێ لە بەرگریی ڕەوا، جگە لە خۆکوژیی هیچی تر نییە. گەرچی سەردەمی شەڕی چەکداریی بۆ ئازادیی کۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ پتر لە هەموو کاتێک سەلماوە کە وەچنگخستنی ئازادیی تەنیا لە ڕێی سیاسەتی دیموکراتیی و تێکۆشانیی گەلانەوە کردەنییە، لێ کاتێک ژینگەیەکی کراوی سیاسیی و ئەگەری چارەسەری سیاسیی لە ڕێی گفتوگۆوە لەگۆڕێ نەبێت، ڕێکاری بەرگریی ڕەوا مافێکی بنەڕەتیی و بێئەملاولایە بۆ گشت گەلانی ئێران و بە تایبەت کورد.

سەرچاوە
tribunezamaneh
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.