گۆشەی ئازد

“سەردەمی دەوڵەت؛ سەردەمی کورد”

ئۆزگوور ئامەد

 

سەردەمی دەوڵەت؛ سەردەمی کورد”

 

دوو لایەن هەن لە دەوری مێزێک بەرانبەر بە یەک دانیشتوون. کاتێک لە دەرەوە لێی بڕوانیت، هەمان هەوا هەڵدەمیژن و هەمان وشە دەردەبڕن؛ بەڵام ڕاستییەکەی دوو زمانی تەواو جیاواز و دوو دەربڕینی تەواو جیاواز لە ئارادان. ئەو شوێنەی ئەم جیاوازییەی تێدا بەجەستە دەبێت، ‘کات’ یان سەردەمە…

پێش هەموو شتێک پێویستە دان بەوەدا بنێین کە دوو کات هەن و بەرەنگاری یەکتر دەبنەوە؛ ئەوانیش سەردەمی کورد و سەردەمی دەوڵەتن. کاتی دەوڵەت بریتییە لە چاوەڕوانی و دواخستن. لە فایلەکان و دانیشتنەکان دەدوێت، لێیان دەکۆڵێتەوە، دابەشیان دەکات، دوایان دەخات و بەڕێوەیان دەبات. هەرچی کاتی کوردە، زیندووییە و لەسەر جەستەکان دەگوزەرێت. ساڵێکی دواخراو، وەک ساڵێکی لەدەستچوو وایە، نەک تەنها دواخستن. دواخستن بۆ دەوڵەت ڕێگەچارەیەکە، بەڵام بۆ کورد باجێکە و بەرگەی ناگرێت…

لێرەوە، دەمەوێت دیسانەوە سەرنج بخرێتەوە سەر شاڕێگاکانی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەر.

“سوڵتانی کەڕیش بیستی”[1]، ئۆتۆپیای ناو مێشکی دەوڵەت وەک “تورکیای بێ تیرۆر” کۆد کراوە. ئەگەر سەرنج بدەن، ئەمە ڕووداوێکی نێگەتیڤە کە لەسەر بنەمای کەمکردنەوە و نەمانی شتێک لە ژیانماندا پێناسە دەکرێت؛ ژمارە لێدەرکردنێکی سادەیە. لایەنەکەی تری سەر مێزەکە کە بزووتنەوەی کوردە، بابەتی ئەو “بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ـە؛ واتە بارودۆخێکی پۆزەتیڤ و لەسەر بنەمای کۆکردنەوە کە پێویستی بە زیادکردنی ڕووبەرێکی نوێی بوون هەیە. یەکێکیان لەسەر کەمکردنەوە و ئەوی تریان لەسەر زیادکردنە. لەلای من پوختەی تەواوی چیرۆکەکە ئەمەیە.

وەک لە سەرەتاوە دەستم پێ کرد بە ئاماژەدان بە سەردەمی کورد و سەردەمی دەوڵەت، دوو کاتژمێری جیاواز هەن کە بە خێرایی جیاواز کار دەکەن. کاتژمێری دەوڵەت کاتێک چەکەکان بێدەنگ دەبن قفڵ دەبێت بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە بووەستێت، بەڵام کاتژمێری بزووتنەوەکە ڕێک لەو چرکەیەوە کە بڕیاری داوە، دەست بە لێدان دەکات.

با ئەم دۆخە یان جیاوازییە کەمێک بەرجەستەتر دەرببڕم. دەوڵەت پرۆسەی ئاشتی وەک دیمەنی کۆتایی ئارامبەخشی فیلمێک دادەڕێژێت. بڵێین چەکەکان ژێر خاک کراون، ڕێکخراوەکە خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەوانەی سەر شاخیش بە چەندین مەرج و سنووردارکردنەوە گەڕاونەتەوە ماڵەکانیان. کامێراکە هێواش هێواش بەرەو ئاسمان دوور دەکەوێتەوە، لە پشتەوە موزیکێک بە هەستێکی قارەمانانەوە بەرز دەبێتەوە و فیلمەکە بە نووسینی “تورکیای بێ تیرۆر” لەسەر شاشەکە کۆتایی پێ دێت. ئەمە فیلمی دەوڵەتە.

لە دیدی بەڕێز ئۆجالاندا، هەمان دیمەن کاتی کۆتاییهاتنی فیلمەکە نییە؛ بەڵکوو ڕێک هاوتا دەبێتەوە بەو دیمەنە شکۆدارەی دەستپێک کە چیرۆکە گەورەکەی تێدا دەست پێ دەکات. دەوڵەت بۆ ئەوەی خاڵێکی ئەستوور لە کۆتایی ڕستەکەدا دابنێت، لەسەر مێزەکە دانیشتووە، هەرچی بەڕێز ئۆجالانە لە تەوەری «بنیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک»ـدا دەیەوێت دوو خاڵ لە کۆتایی ئەو ڕستەیەدا دابنێت و پەرەگرافێکی تەواو نوێ بکاتەوە.

ئەم درزە فەلسەفییە، ڕاستەوخۆ لەسەر زمانی ساردی سیاسەت و یاساشدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەوەی دەوڵەت ئەم ڕۆژانە پلانی هەیە بیهێنێتە پەرلەمان، وەک ئەوەی خۆی بە پێداگرییەوە جەختی لەسەر دەکاتەوە، پڕۆژەیاسایەکی «سەربەخۆ و کاتی»ـیە. هەرچی دەربڕینی لایەنەکەی ترە؛ داواکانی “هەمیشەیی” و “ڕیشەیی”ـن کە وەلاوەنانی چەک، گەڕانەوە لە شاخ، بەشدارییەکی یەکسان لە سیاسەتدا و لە هەمووی گرنگتر گەرەنتییەکانی ماف لە پاکێجێکدا کۆ دەکاتەوە و جێنیتیکی کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێک دەهێنێت. لێرەشدا جیاوازییەکە سەرنجڕاکێشە. داواکارییەکانی “بەردەوام” و “ڕیشەیی” لە جەنگێکی سەختدان. چونکە یاسایەکی زۆر ئازاربەخش و نووسراوی ئەم جوگرافیایە هەیە: یاسا کاتییەکان لە تورکیا هەمیشە وێرانیی بەردەوامیان لێ کەوتووەتەوە، بەڵام تەمەنی ئەو مافە بنەڕەتییانەی بە بەردەوام دەزانران، هەمیشە زۆر کورت بووە.

لەبەر ئەمە، لە نێوان هەموو ئەم دەربڕینە جیاوازانەدا، گرنگترین بابەت کە ناسنامە و ئازادیی خۆڕێکخستنە لە بەرانبەرماندا چەقیوە. لەوەدا کە پێی دەڵێین ئاشتیی، ئەگەر چەکەکان بێدەنگ ببن، دەبێت کۆمەڵگە قسە بکات. ئەگەر کۆمەڵگە قسە نەکات، واتا و مەبەستی ئاشتیی چییە؟ ئاشتی بریتییە لە ڕزگارکردنی دەوڵەت لە لووتبەرزیی تاکڕەوێتیی و کردنی کۆمەڵگە بە بکەرێک کە بتوانێت دەوڵەت وەرچەرخێنێت. بوونی مرۆڤەکان لە ڕووبەری گشتییدا بە ناسنامەی خۆیانەوە، بە ڕەنگ و کەلتووری خۆیان و ڕێکخستنی بێترسیان لە ڕووبەری مەدەنی و سیاسییدا، دەکرێت بڵێین ئۆکسیجینی ئەم پرۆسەیەیە. کۆمەڵگەیەک تێیدا ناسنامە لە کەوانەی ‘جیاکاریی’ یان هەڕەشەی ئەمنیی دەرهێنراو نەبێت و وەک دەوڵەمەندییەکی دەستووری سەیر نەکرێت و مرۆڤەکان نەتوانن لە کۆمەڵە، پارت یان ئەنجوومەنی گەڕەکەکانیاندا بە ئینتیماکانی خۆیانەوە ڕێک بخەن، ناتوانێت قسە بکات.

ئەگەر بەو ڕستە بەناوبانگەی ڕۆمانی ‘پڵنگ’ـی ج.ت. لامپێدۆسا دەرببڕم کە هەمووان لەبەریانە؛ “ئەگەر دەمانەوێت هەموو شتێک وەک خۆی بمێنێتەوە، دەبێت هەموو شتێک بگۆڕین.”

کاتێک لە مێژووی سیاسیی تورکیا دەڕوانین، وانەیەکی لەم شێوەیەی لێ وەردەگرین. لە جێنیتیکی دەوڵەتدا، لە قۆناغە گەورەکانی دامەزراندن یان قەیرانەکاندا هەمیشە دەمارێکی نەرم، خۆجێی و فرەیی هەبووە. بەڵام مێژوو بە شێوەیەکی ئازاربەخش پێمان نیشان دەدات کە؛ هەرکە قەیرانەکە تێپەڕی و دەسەڵاتی ناوەندیی پێگەی خۆی قایم کرد، ئەو نەرمییە دەستبەجێ دەکێشێتەوە و ئەو ئەقڵییە ئەمنییەی دەوڵەت کە دەیناسین بە تەواوی قورسایی خۆیەوە دەگەڕێتەوە. کاتێک پێویستیی بنیادنان نامێنێت، کاتێک هەڕەشەکە بڵاوەی پێ دەکرێت و ناوەند ئارام دەبێتەوە، ئەوا یپەرچەکرداری ئەمنیی دەگەڕێتەوە. نەرمی، پرەنسیپێک نییە لە یادەوەریی دەوڵەتدا، بەڵکوو تەنها وەرزێکە.

گەورەترین هەڵدێر لە بەرانبەر ئەگەری ئاشتیی ئەمڕۆدا، ڕێک لەمەدایە. ئایا دەوڵەت تەنها وەک تاکتیکێکی کاتیی و بۆ تێپەڕاندنی بنبەستە هەرێمیی و قەیرانە ژیۆپۆلەتیکییەکان بەرگەی ئازادیی کورد و ڕێکخستنیان بە ناسنامەی خۆیانەوە دەگرێت؟ یان ڕازیی دەبێت فرەیی دیموکراتیک بکاتە پرەنسیپێکی یاسایی بەردەوام و نەگەڕاوە؟ لە ڕوانگەی دەوڵەتێکەوە، دوورخستنەوەی خۆی لە لێواری ئەو هەڵدێرەی هەستی پێ دەکات و بەرگریکردن لە ئاسایش و یەکپارچەیی خۆی، بە دڵنیاییەوە پەرچەکردارێکی تەواو ڕەوایە. بەڵام ڕزگارکردنی دەوڵەت و ڕزگارکردنی ئەو “دەوڵەتگەراییە” کۆنە پووچەی دەیناسین، دوو شتی تەواو جیاوازن.

دەوڵەتگەرایی چییە؟ دەوڵەتگەرایی لە سەرەنجامدا بارێکە بەسەر شانمانەوە؛ چونکە دەوڵەت لە سەرووی کۆمەڵگەوە دادەنێت، پارانۆیا ئەمنییەکان دەخاتە پێش یاساوە، بچووکترین جیاوازیی کەلتووری و ڕێکخستنی مەدەنیی بە خیانەتێکی شاراوە ئەژمار دەکات. گوێڕایەڵیی دەکاتە تاقە پێوەری هاووڵاتیبوون و هەناسەی کۆمەڵگە دەبڕێت. ئەگەر دەوڵەت ئەم پرۆسە نوێیەی کە لەگەڵ کورددا دەستی پێ دەکات، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو دەوڵەتگەراییە کۆنە سەرکوتکەرەی خۆی بەکار بهێنێت، ئەم مێزە ئاشتیی لێ بەرهەم نایەت.

ئەم پرۆسەیە لە ڕوانگەی ئەقڵیی دەوڵەتەوە دەکرێت، وەک ساتەوەختی بڕیاردان لە نێوان ‘دەوڵەت’ و ‘دەوڵەتگەرایی’ـدا بخوێندرێتەوە. چونکە ڕزگاربوونی ڕاستەقینەی دەوڵەت، تا ئاستێک بەستراوەتەوە بە ڕووخاندنی ئەو بتەی دەوڵەتگەرایی کە خۆی درووستی کردووە. ئەگەر بیر لە ڕۆژانی داهاتوو بکەمەوە، بە من ئەم بەستێنە زۆر بە ژیانیی دەبینم. بەم خاکەشەوە؛ پرۆسەکانی ئاشتیی، نەک لەبەر ڕێککنەکەوتنی لایەنەکان، بەڵکوو لەبەر سازنەکردنی لەنگەرێکی یاسایی بەهێز کە بتوانێت ئەو سازانە شلۆقەی سەر مێزەکە زۆرتر لە تەمەنی ئەو سیاسییانە بهێڵێتەوە وا گیانیان لەدەست داوە و دەیدەن.

لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، دەبێت هاوکێشەیەکی ناوەند یان توخمی هاوبەش لەسەر مێزەکە بێت کە ئۆتۆپیا یان دەربڕینی هەردوو لایەن بەبێ ئەوەی بکاتە دوژمنی یەکتر، کۆیان بکاتەوە. ئەگەر نییەتەکە بەرەو چارەسەر بێت، ئەمە زۆر قورس نییە. ئەگەر پرۆسەکە وەرچەرخێت بۆ کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هاوکێشەکە جێی خۆی دەبینێتەوە. جەوهەری سەرەکیی ئەوەیە کۆمەڵگە بە ناسنامەی ئازاد و ڕێکخستنی خۆیەوە بە گوڕوتینەوە قسە بکات. ئەگەر کورتیی بکەمەوە، کەلێنێک لە نێوان خەونی دەوڵەت و خەونی بەڕێز ئۆجالاندا هەیە.

ئەو شتەی ئەم کەلێنە پڕ دەکاتەوە ناوی «یاسا»ـیە. ئەوەی لە سەرەتاوە جەختی لەسەر کراوەتەوە، ڕێک ئەمەیە.

[1]  پەندێکی تورکیی کە لە پەندێکی میسرییەوە وەرگیراوە: «تەنانەت سوڵتانی کەڕیش بیستی»؛ واتە نهێنییەک نەماوە و هەموو کەسێک پێی زانیوە، یان تەنانەت کەڕەکانیش بیستویانە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.