هزرینی ئۆجالان؛ پێواژۆی بەکۆمەڵگەکردنەوەی کۆمەڵگە
ئەم وتارە دەکارێت دەستەواژەی "ئادەمیزادی کۆمۆنیکاڵ" لە چێوەی "کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی ئازاد"ـدا، بەو جۆرەی لە هزرینی ئۆجالاندا هاتووە، بەسەر بکاتەوە.

وریا ئەحمەد
هزرینی ئۆجالان؛ پێواژۆی بەکۆمەڵگەکردنەوەی کۆمەڵگە
پوختە
ئەم وتارە دەکارێت دەستەواژەی “ئادەمیزادی کۆمۆنیکاڵ” لە چێوەی “کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی ئازاد”ـدا، بەو جۆرەی لە هزرینی ئۆجالاندا هاتووە، بەسەر بکاتەوە. ئامانج لێگەڕینە بەدوای پرۆسێسی پێناسەکردنەوەی سوبێکتی مرۆییدا، ئەوێ سوبێکتەی وا خودان ویستی ئازاد و ژیانی ئازادە، نە لەناو کۆمەڵ و چین و توێژدا دەتوێتەوە و نە بیچمی وەڕسی تاکگەرایی خۆپەرستانەی لیبراڵیش بەخۆوە دەگرێت، بەڵکوو بە خاوندارێتیی لە خەسڵەتی تاکێتیی خۆی، لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوئاهەنگدایە لەگەڵ کۆمەڵگەکەیدا و لەناو ڕایەڵی پەیوەندییەکی ئازاددا، مرۆڤبوونی خۆی ئەزموون دەکات. کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی ئازاد، یان ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک، ڕووبەری لەدایکبوونی مرۆڤی کۆمۆنیکاڵ و ئازادە، ئەوە بۆیە ئۆجالان ئازادیی خۆی بە ئازادیی کۆمەڵگەوە گرێ دەدات. لە کاتێکدا زەینییەتی دەوڵەت/کۆمەڵگەی چینایەتیی، مرۆڤ تا ئاستی یەکەیەکی بیرۆکراسیی/ئابووریی دادەلەنگێنێت، کۆمەڵگەی ئازاد، مرۆڤ بۆ ئاستی بوونەوەرێکی ژیاندۆستی خودان ویستی ئازاد بڵند دەکاتەوە.
دەستپێک
ئۆجالان یەژێت، کۆمەڵگە لەباران ڕایکرد، بە تەرزە دووچار بوو[1]. وردتر بدوێین، کۆمەڵگە لە ئاڵنگارییەکانی سرووشت خۆی قوتار کرد، وەلێ دووچاری دەوڵەت بوو. نها دەوڵەت، کە لە هزرینی ئۆجالاندا، کۆمەڵگەکوژییە، مەرگ پیشانی کۆمەڵگە دەدات، تاکوو بە “تا” ڕازیی بێت. لێرەوە پرسی دەوڵەت لەم وتارەدا، هەر بە تەنێ ئارێشەیەکی دەزگەیی نییە، بەڵکوو پرسێکی مرۆڤناسیی و دەروونییشە. مەترسییەکە لەوەدایە، دیرۆکی دەسەڵات سەلماندوویەتی، دەوڵەت هەر بە “هێز” مانەوەی خۆی دەستبەر نەکردووە، بەڵکوو لە ڕێگەی دەروونیسازیی و ناونیشنبوونی خۆیەوە چون “بابەتێکی سەلماوی قسەبڕ”، جەستەکان، هەستەکان و زەینی کۆمەڵایەتیی داگیر کردووە. تا ئەو جێیەی نها کۆمەڵگەی دەوڵەتگەرا، لەدەستدانی دەوڵەت، بە لەدەستدانی نەزم، مانا و ئاسایشەوە گرێ دەدەن. ئەم وتارە دەکارێت پیشانی بدات چۆن ئۆجالان بەگژ ئەم پێوابوونەدا دەچێتەوە؛ دەوڵەت چارەنووس نییە، دیاردەیەکی سیاسییکرد و دیرۆککردە و لادانێک بووە و قەوماوە.
لەم وتارەدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەوین، کۆمەڵگەی چینایەتیی دەوڵەتخواز، چارەنووسێکی حاشاهەڵنەگر نەبووە و نییە، بەڵکوو پچڕانێک بووە لە ڕەوتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی مرۆڤەکاندا ڕووی داوە. لێگەڕین بەناو کۆمەڵگەی بێ دەوڵەتی نیۆلەتیک و کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، هاوئاهەنگیی، هاریکاریی و خۆبەڕێوبەریی کۆمەڵایەتیی هەر زۆر پێش دەوڵەت لە ئارادا بوون و نەک هەر دۆخێکی ئاوارتە نەبوون، بگرە بناغەی ژینی مرۆیی بوون.
ئەم وتارە ئەوە دەخاتە ڕوو، دەوڵەت بە چڕکردنەوە و پەخشکردنەوەی دەسەڵات بە ناو تۆڕی بیرۆکراسییدا، ئافراندنی زنجیرەی پلەبەندیی و چینایەتیی، پاوەجێکردنی دابەشکردنی کار، هەر بە تەنێ کۆمەڵگەی بەسەر چین و توێژدا پەرت نەکرد، بەڵکوو ئادەمیزادیشی بۆ سوبێکتێکی بیرۆکراسیزەکراو دابەزاند، سوبێکتێک کە “کارکردەکەی” لە پێش “هەبوونە مرۆییەکەی”ـیەوە دانرا؛ تاکێکی تواوە لە هەمەکییەکی بێ ڕووخساردا، ونبوو لەناو ڕستێک ڕێوڕەسم، فۆرم و ئەقڵانییەتی ئامرازییانەدا. گریگۆری سامسا وێنەنوێنی ئەم تاکە هەرەسپێهێنراوەیە؛ جەستەیەک چیتر توانای بەرهەهێنانەوەی ڕۆڵی “کارکردی”ـی خۆی نەماوە، هەرکە نەیتوانی بەسوود بێت، لە بازنەی مانا هەڵدەدرێتە دەرەوە.
لێرەدا وتارەکە کنەی پرسیاری ئاوهایی دەکات: بۆچ ئەمە ڕووی دا؟ بە گوتەی ئۆجالان نەدەکرا بەبێ دەوڵەت، کۆمەڵگەی نیۆلەتیک ئامبازی قۆناغێکی تر ببێت؟ کۆمەڵگەی پێش دەوڵەت و بەبێ دەوڵەت چۆنە و پەیوەندییەکانی ناو ئاوها کۆمەڵگەیەک چۆنن؟ چۆن ئەم لیڤایسانە هێنرایە ناو کۆمەڵگەوە و چۆن ڕەوایتیی پێ درا؟ چۆن زەینی کۆمەڵایەتیی جادووی لێ کرا و خاپێنرا؟ بۆچ دەوڵەت هەر بە تەنێ کۆمەڵگەکوژیی نییە، بەڵکوو گۆڕینی ئادەمیزادیشە لە بوونەوەرێکی ئیرادەخوازەوە بۆ تاکێکی فەرمانبەسەرداکراو؟
ئەم پرسیارانە لەسەر بناغەی پرسێکی ڕیشەییتر چێ دەکرێن؛ چۆن چییەتیی دەسەڵات، لە قاڵبی بیرۆکراسیی (فەرمان/گوێڕایەڵی)ـیی دەوڵەتدا، دەروونیی و ناونشین بووەتەوە و زەینی کۆمەڵایەتیی ئادەمیزادەیلی ڕەنگڕێژ کردووە؟ لە ڕەوشێکی وەهادا، کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەتگەرا، هەر بە تەنها بیچمێکی دەزگەیی و ئوبێکتیڤیتە نییە، بەڵکوو کۆدی دەسەڵاتی (ستوونی/سەرکوتکارانە)ـی خۆی لە زەین و جەستەی کۆمەڵگەدا هەڵکۆڵیوە و لە میانەی تۆڕێکی پلەداریی (فەرمان/گوێرایەڵی)ـیدا خزاوەتە ناو نەستی هەمەکییەوە، کەواتە ڕۆژەڤ و ئاسۆی ڕزگاری لەکوێدایە؟ چونکە لەم دۆخەدا شۆڕشگێڕانیش بەوەدا زەین و جەستەی کۆمەڵایەتییان هەڵگری هەمان کۆدی پلەداریی دەسەڵاتە، هەر دەسەڵاتی سەرکوتکار بەهەمان بیچمی بیرۆکراسیی (فەرمان/گوێڕایەڵی)ـیی دەوڵەتەوە بەرهەم دەهێننەوە. وەکوو ئەوەی سەرکوتکراو، یان کۆیلە، لەبری خۆدابڕان و خۆڕاپسکان لە لۆژیکی سەرکوتکار و ئاغاکەی، تەنها جێگە و پێگەی خۆی لەگەڵیدا بگۆڕێتەوە و پەیوەندییەکانی هێز بە دەستلێندراوی بمێننەوە.
لێرەدا میتۆلۆژیی (بازنەی کوماربی)ـی میتانی/هۆریی[2] بە قەرز وەردەگرم تاکوو ئەم پرسەی پتر پێ ڕوون بکەمەوە. لەم ڕاڤەیەی ئێمەدا، بازنەی کوماربی، یان جەنگی خودایانی میتانی/هۆری، سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایتیی نییە بە سەر پەیوەندییە نەریتییەکانی دەسەڵاتی ستوونییدا؛ بەڵکوو بەرهەمهێنانەوەی هەمان نەریتی دەسەڵاتە. لەم بازنەیدا، ئانۆ، خودای ئاسمان، وێنەنوێنی دەسەڵاتی هەرەمی/ستوونیی، فەرماندەر و خودان ڕەوایەتییەکی ئاسمانییە، کوماربی خوداوەندی ژیرزەمین و دەغڵودان، نۆ ساڵی ڕەبەق مەیگێڕ و خزمەتکاری دەرباری ئانۆ دەبێت و ئەم نەزم و نەریتەی دەسەڵات دەپەروەرێنی. پاش نۆ ساڵان، یاخی دەبێت و دەچێتە مەیدانخوازیی ئاغاکەیەوە، تەختی خوداوەندیی لێ زەوت دەکات، بەڵام لەم جەنگەدا چونکە کوماربی گاز لە چوکی ئانۆ دەگرێت، تۆوی خوداوەندانەی ئانۆ دەزێتە نێو جەستەی کوماربییەوە؛ تۆو لێرەدا هەر تەنها وەک هەڵگری کۆدی بنەچەکی خودایان وەر ناگرین، بەڵکوو کۆدی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتە. تۆوی ئانۆ، لە جەستەی کوماربییدا گەشە دەسەنێت؛ تیشووبی خوداوەندی باهۆز و زریان لەم تۆوەوە دێتە بوون و لە باوکی خۆی، یان دروستتر بڵێن لە کوماربی یاخی دەبێت؛ جەنگ، ململانێ، پیلانگێڕیی، تۆڵەکردنەوە و فێڵ درێژەی دەبێت. لێردا پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی ستوونیی هەر لەجێی خۆیاندان، تەنها لە خودایکەوە بەرەو خودایەکی تر جێگۆڕکێیان پێ دەکرێت و لە جەستەی خودایەکی تردا بەرهەم دەهێنرێنەوە؛ کوماربی پڕی بە تەختی خوداوەندیدا کرد و لەگەڵیدا کۆدی ژێنەتیکیی دەسەڵاتیشی قوت دا، لە قاڵبی تیشووبدا، خودای باهۆز و زریان بەرهەمی هێنایەوە؛ پەیوەندییەکانی هێز، پیلانگێڕیی و جەنگ وەکوو خۆیان مانەوە و درێژەیان کێشا.
دەلوێت بڵێن دەوڵەت (ئانۆ)، وەها دەروونیی بووتەوە، دەسەڵاتەکەی نامرێت، بەڵکوو لە جەستەی شۆڕش و یاخیبوونەکاندا خۆی ڕێک دەخاتەوە. چۆن لەم گەمارۆییەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات ڕزگارمان بێت و هێڵی شۆڕشگێڕیی ڕزگاریبەخش لە کوێدایە؟ چۆن دابڕان و خۆڕاپسکان ڕوو دەدات؟ هەروەکوو چۆن والرشتاین ئەوەی بەلاوە گرنگ نەبوو کام بەرە و کام لایەنی دژبەری ناو سیستەمی باڵادەستی ئەمڕۆی جیهان ململانییەکە لە بەرژوەندیی خۆی بەلادا دەخات؛ مەگەر لایەنی سەرکەوتوو لە بەرهەمهێنانەوەی هەمان پەیوەندییەکانی هێز بترازێت، جیهانێکی تر دەئافرێنێت؟ نەخێر، ئەوەی لە گۆشەنیگای والرشتاینەوە گرنگە ئەوەیە چۆنچۆنی سیستەمی نوێ بئافرێنرێت و هێزی ئافرێنەریش خۆی لە ئیدۆلۆژییەکانی ناو سیستەمی باڵادەستی جیهان ڕاپسکاندبێت و سەرومڕ چاوی لە ئاسۆیەکی تەواو نوێ و جیاواز بڕیبێت؟ [3]
ئەم وتارە دەخوازێت هێڵی فیکریی ئۆجالان وەک ئەو هێزە ئافرێنەرە پیشان بدات وا خۆی لە زەینی کۆمەڵگەی چینایەتیی دەوڵەتخواز ڕاپسکاندووە. لەم جوغزەوە، بیرۆکەی “تاکی کۆمۆنیکاڵ” و “کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیی”، چون وەک ئاسۆی ڕزگاریی دەخرێنە ڕوو؛ ئاسۆیەک کە ڕزگاری نەک لە دەستبەسەرداگرتنی دەوڵەت، بەڵکوو لەو دیو دەوڵەتەوە دەبینێت. ئەوەش لەبەرچاو دەگرین، ڕزگاریی، گەڕانەوەی نۆستالژیکیانە نییە بۆ ڕابردوو، بەڵکوو ئافراندنەوەی ئاگامەندانەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، ئەخلاقی کۆمەڵ و خۆسەریی دیموکراتیکە؛ جووڵەیەکە لە مرۆڤی بیرۆکراسیزەکراوەوە بەرەو ئادەمیزادی پەیوەندییخواز، لە کۆمەڵگەی فەرمانبەسەرداکراوەوە بەرەو کۆمەڵگەی خۆبەڕێوبەر.
ئاوڕدانەوەیەک لە خەسڵەتەکانی کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت
پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت و چڕبوونەوەی دەسەڵات، داخۆ کۆمەڵگەی پێش_دەوڵەتیی چۆن بووبێت؟ گرنگە لێگەڕینێک بەناو ئەم باسەدا بکەین و چییەتیی تاک و پەیوەندییەکانی ناو ئەم چەشنە کۆمەڵگەیانە بەسەر بکەینەوە. ئاخر ئۆجالان وەها بە کۆمەڵگەدا هەڵدەڵێت و وەکوو خاڵی پێچەوانەی دەوڵەتی دادەنێت، وەختە مرۆ بێژێت؛ کۆمەڵگە عەدەنی لەدەستچووە. دەبێت بزانین کۆمەڵگە نادەوڵەتییەکان، چ خەسڵەتێکیان هەیە کە ئۆجالان مکووڕانە جەخت دەکات: یان کۆمەڵگە یان هیچ شتێک.
بەڵام لێرەدا گرفتێک لەئارادایە، زەینییەتی دەوڵەت داگیری کردووین و ڕەنگ بێت ئاسان نەبێت لە درەوەی پێکهاتەی دەوڵەت/کۆمەڵگەی چینایەتییدا لێگەڕین بۆ جۆرێکی تری ڕێکخستنی پەیوەندییەکان بکەین.
یانەخۆ وەکوو کلاستەرس دێژێت، تۆ بڵێی بلوێت و بتوانرێت پرسیاری شێلگیرانە لەمەڕ “دەسەڵات” بئافرێنین؟[4] ئەم پرسیارەی کلاستەرس زادەی ئەوەیە ناوبراو لای وایە چێوەبەندیی مێژوویی، کە زەینمانی دەورپێچ داوە، ڕێگرە لەوەی لە پێکهاتەی سیاسیی و چیەتیی دەسەڵات لە کڵان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا تێبگەین. دیرۆک وەها گەمارۆی داوین، دەسەڵاتی بیچمگرتوو لە شێوەی دەوڵەتدا، ئاساییترین و سرووشتییترین شێوەی دەسەڵاتە لە کن ئێمە و ئاستەمە بلوێت شێلگیرانە بپرسین؛ داخۆ دەلوێت دەسەڵات لە بیچمێکی تردا ڕێک بخرێت؟
کڵان و کۆمۆنەکان، کۆمەڵگەی پێش دەوڵەتیی بوون، لێگەڕینەکان ئەوەیان بەدەست هێناوە، میکانیزمی ناوەکیی ئەم کۆمەڵگەیانە و چییەتیی پەیوەندییە ناناوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان، ئاگامەندانە ڕێگر بووە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات و هێز لە دەستێکدا. وەکوو بڵێیت لە سەرووی دەسەڵاتی چڕبووەوەی دەوڵەتئسادا، جیهان جۆرە جوانییەکی ئاڵۆزی تێدا بێت و لەپێناو دیدتنی ئەو جوانییەدا، پێویست نەکات هەوری ڕەشی دەوڵەت ئاسۆکانی ژیانی کۆمەڵایەتییان بتەنێت. دانایی بەریننۆڕین و دیتنی سرووشت و جیهان چون یەکەیەکی زیندووی خاوەن گیان، هەروەتر کرانەوە بەسەر فرەچەشنیی لەناو یەکێتییدا، ڕەنگڕێژی زەینیی کۆمەڵایەتیی ئەم کۆمەڵگەیانەی کردووە، ئوستوورەکانیان گەواهیدەری ئەم ڕاستینەیەن. ئەمە ئەو تایبەتمەندییە، کە ڕێکوڕەوان لە ئێمەدا بوونی نییە.
مۆرای بۆکچین کۆمەک لە میتۆلۆژیی “ئۆدین”ـی ئەسکەندنافیایی وەردەگرێت تاکوو ئەوە بەرباس بدات چۆن نۆڕینی تاکڕەهەند و زانستخوازیانەی ئێمە، با نیگایەکی قووڵ و ورد و خودان ئەندازەیەشی پێ دابین، نیعمەتی بەریننۆڕین و فرەڕەهەندبینی و بە ڕەنگاڵەیی دیدتنی ئیکۆلۆژیای لێ سەندووینەتەوە و لە “کۆنترۆڵکردن”، “بەگەڕخستن” و “ڕنینەوە”ـی سرووشت بەولاوە، لێمان ناوەشێتەوە بچینە پەیوەندییەکی هارۆمۆنیی و هاوسەنگەوە لەگەڵ سروشت. وی دەبێژێت، ئۆدێن لەپێناو بەدەستهێنانی “ژیریی”ـدا، لە کانیاوێکی جادوویی کە درەختی جیهان تێراو دەکات، دەنۆشێت، ژیریی بەدەست دەهێنێت، نۆڕینێکی ورد و قووڵبینیشی پێ دەدرێت، بەڵام لە سزای ئەم ڕەفتارەیدا چاوێكی لە دەست دەدات، نها ئەم ژیرییە وردبینە و ئەم قووڵنۆڕینە بە مرۆڤێکی یەکچاو دراوە کە تاکڕەهەندانە دنیا دەبینێت! نها زانست چون خودایەکی تاکچاو، بە نۆڕینێکی “دوژمنکارانە” و “پاوانکارانە”ـەوە سەیری سرووشت دەکات، ئەو ژیرییەی ئۆدین لە میتۆلۆژییە ئەسکەندنافیایەکەدا سەر بۆ “ڕەگنارۆک” دەکێشێت، واتە کەوتنی خوداکان و وێرانبوونی جیهان، ئەمڕۆکەیش ئا ئەم “ژیرییە تاکڕەهەندە”ـمان، لێوانلێوە لە ئاسۆی سامناک![5]
کەواتە داناییەکی زەینڕۆشن، جیهانبینیی ئادەمیزادی ناو کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکانی خاڵکوت کردووە، ئەمەش زەمینەڕەخسێن بووە بۆ ئاواکردنی پەیوەندییەکی تژی لە هەماهەنگیی لەنێوان تاک، بە خەسڵەتی تاکێتیی خۆی و کۆمەڵەکەی و پاشان کۆمەڵگە و سرووشتی دەوروبەر و جیهان.
دەلوێت بڵێین لە کڵان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، یەکێک لەو هۆکارانەی زەمینەی پێویست دەستبەر دەکەن تاکوو تاک ئەرخەیان و بە ویستی ئازادانەی خۆی چون ئادەمیزادێکی کۆمۆنیکاڵ، ڕەفتار بکات و لە پەیوەندییەکی ئازادانەدا بێت بە دەستە و کۆمەڵەکەیەوە و لەوسەریشەوە ئیرادەی خۆسەرانەی پارێزراو بێت، بێ لە دانایی، بریتیبێت لە نەبوونی “زۆرەملێیی”ـی ڕێکخراو و ڕەوایەتیپێدراو. لێگەڕان و توێژینەوەکان ئەوەیان بە دەست خستووە، نەبوونی جۆرە زۆرەملێییەکی ڕێکخراوی فەرماندەرانە، کە لە قاڵبی دامودەزگەی بیرۆکراسییەتی بێگیاندا هەڵکێشرابێت و تاکەکان ناچار بە بێگاریی و ڕەتانەوە بکات، یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان. دەردی کلاستەرس دەیگوت، ئەرێ بەڕاست بۆچ دەبێت خەڵکانێک وا لەناو ئەم کۆمەڵانەدا دەژین، پتر کار بکەن و زیاتر بەرهەم بهێنن، لە کاتێکدا بە ڕەنجێکی کەم و چالاکییەکی دوور لە هەڵپەی ڕۆژانە، پێویستییەکانی کۆمەڵەکەیان دەستبەر دەکەن؟ زێدەبەرهەم بە چ دەردێکیان دەخوات؟ مرۆڤەکان تەنها سەروەختێک لەسەروو نیاز و پێویستییەکانیانەوە کار دەکەن، ناچار کرابن، کتومت ئا ئەم “ناچارییە” لەناو جیهانی بەراییدا بوونی نییە؛ نەبوونی ئەم هێزە دەرەکییەیە چیەتیی کۆمەڵگەی سەرەتایی دەستنیشان دەکات.[6] نەبوونی “زیدەبەرهەم” کە دەسەڵاتی فەرماندەرانەی دەوڵەتی لەسەر کڕ کەوتبێت، یان بە مانا کوردەوارییەکەی، نەبوونی ماڵی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش، بەمانای دەستخەڕۆیی و کێمایەسیی ئەو کۆمەڵگەیانە نایەت، لە دیدی کلاستەرسەوە، ئەوە چاوانی بە ئاوی قازانجویستی شۆردراوی ڕۆژئاوایە باسەکە ئاوهایی دەبێنێت و ئەقڵی ئابووریی سیاسیانەی ئێمەیە کە بە جۆرێک بە قوڕی کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەت مشتوماڵ دراوە، ناتوانێت ئەوە ببینێت نەبوونی زیدەبەرهەم و کەڵکەکردن، پاسیڤبوون نا، بەڵکوو ڕەفتارێکی ئاگامەندانەی ئەو کۆمەڵگە سەرەتاییانە بووە. سەرۆک و پیری ناو ئەم کۆمەڵگە بێ دەوڵەتانە، وەکوو وێنەنوێنی دانایی و حیکمەت، ئەوە هیچ خودان هەرەمی فەرمانکردن نەبووە، بەڵکوو هەر لە بنەڕەتەوە ژێردەستەکانی لێ ناخۆڕێت، بەڵکوو لەگەڵیاندا دەوەستێت.[7] دەی ئاخر مەگەر ئەم کۆمەڵگەیانە لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و گیانیدا نەبوون لەگەڵ ئیکۆلۆژییەکەیاندا؟ ماهییەتی وردچنراوی پەیوەندییەکانی ناو هەناوی ئەم کۆمەڵگە سەرەتاییانە و پاشان پەیوەندییان بە سرووشتەوە، شێوازی کار و بەرهەمهێنانی یەکلا کردووەتەوە، سرووشت بابەت و ماتەوزەیەک نەبووە بۆ گەمارۆدان، پۆلێن، وەبەرهێنان و ڕنینەوە، بەڵکوو سرووشت خودان گیانێکی زیندوو بووە.
پەیوەندیی کۆمۆنیکاڵی تاک بە دەستەکەیەوە، ویستی ئازادانەی ژیان، پەیوەندیی تاک و کۆمەڵ بە ژینگە و سرووشتەوە، لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، هێندە هاوئاهەنگ بووە، کە دەرئەنجام چۆن تاک لە چێوەبەندیی “بەرپرسیاریەتیی”ـی و “پاراستن”ـدا ڕەفتاری لەگەڵ دەستەکەیدا کردووە، ئاوهایش لەناو سرووشتی زیندوودا جووڵاوەتەوە. دەرئەنجام بوار بە خۆم دەدەم خاکەڕایانە ئەوە بڵێم، سرووشت بابەت نەبووە و تاکی ناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکانیش، خودان “سوبێکت”ـێکی زەین کۆدڕێژکرای دەست کۆمەڵگەی چینایەتیی نەبووە کە هەر دەبێت سرووشت پاوان، پارچەپارچە و داگیر بکات. مۆرای بوکچین گەپجاڕانە زەینی مرۆڤی مۆدێڕن بەسەر دەکاتەوە و دەپرسێت، داخۆ “دیرۆکی سرووشت”، چڵکاوێکە و بە ئادەمیزادەوە نووساوە و لەمپەری بەردەم گەشەسەندنییەتی، یانیش نا، سرووشت “دایکێکی دووگیان”ـە.[8] زەینی تاکی ناو کڵان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان، سرووشتیان چون دایکێکی دووگیان و میهرەبان و بڕێک جار تووڕە، دەبینی، لە کاتێکدا وەکوو بوکچین ئاماژەی پێ دەدات، زەینی مرۆڤی نوێ، چون چڵکاوێک لە سرووشت دەنۆڕێت. جا مۆرای بوکچین دەڵێت؛ چ وەکوو چڵکاو وێنای بکەین و چ وەکوو دایکێکی دووگیان، دیرۆکی مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت خۆی لەگەڵ ئا ئەم “سرووشت”ـە جودا بکاتەوە و ئاوێتەی یەکترن.
کۆمەڵگەکانی ئەو سەروەختە، بەهۆی هاوئاهەنگیی بەهێزی ناوەکییان و هاوئاهەنگییان لەگەڵ سرووشتدا، بە حەق شیاوی ئەوەن بە کۆمەڵگەی ئۆرگانیک ناودێر بکرێن، لە زەینی ئادەمیزادی ناو ئەم کۆمەڵگەیانەوە، تاکەکان و شتەکان، نە سەرتر، نە خوارتر، نە باش و نە خراپ بوون، بەڵکوو تەنها جیاواز و هەمەچەشن بوون.[9]
تاکێتیی و تاکگەرایی، تاکوو ئەو جێیەی لەگەڵ بەرژوەندیی هەموواندا دژ نەهاتایەتەوە، ڕێزلێگیراو بوو، بگرە پتر تاک وەکوو یەکەیەکی خۆسەر کە لە پەیوەندییەکی تەواوکارانەی هاوئاهەنگدایە لەگەڵ دەستەکەی، سەیر دەکرا، هێشتاکانێ تاک ئەو دەسەڵاتە ساختە و ئەو کەپووبڵندییە پفدراوە دژە کۆمەڵگەیەی وا ئەمڕۆ پێوەیان دەنازێ، نەدەناسی.[10]
مۆرای بوکچین مەرجێک بۆ پێگەیشتوویی ئەقڵی ئادەمیزاد دادەنێت؛ ئەوی ئەو مەرجەی تێدا بوو، مرۆڤێکی پێگەیشتووی تێگەیشتووە. وی دەبێژێت؛ ئەوی وا پێش هەر شتێک پێگەیشتوویی مرۆییانەمان دەسەلمێنێت، سرووشتێکە وا پەروەردەی دەکەین، داخۆ سرووشتێکە تەواو پڕاوپڕ ئۆرگانیک و ئاڵۆزە، یان سرووشتێکە بە شێوەیەکی کارەساتبار سادە کرابێتەوە![11] مەبەستی وی لە پەروەردەکردن، ناواخنی پەیوەندیی و نۆڕینمانە لە سرووشت، سرووشت گیانێکی زیندووی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، ئادەمیزادەیلی ناو کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکانی بەرایی ئاوهایی سرووشتیان دەپەروەران. یان نا، سرووشت بابەتی بەرباسی زانستە سرووشتییەکانی ئێمەیە و هاوکێشەکە سادەیە، ماتەوزەیەکە و چۆنمان بووێت دەیشێلین، ئەمە زەینی تاکڕەهەندبینی مرۆڤی نوێیە. بە مانا بوکچینەکەی، چون زەینی مرۆڤی نوێ، سەرەتا لە چەوساندنەوەی هاوجۆرەکەی خۆیەوە خەمڵیوە، بۆیە دەقی بەم چەوساندنەوەیە گرتووە و ئاسانە بۆی دەستدرێژییش بکاتە سەر سرووشت و چوون چڵکاوێک وێنای بکات. کەواتە کامان پێگەیشتووترین؟ مرۆڤە سەرەتاییەکان یان ئێمە؟ ڕەنگە لە چاو ڕەفتاری ئەوان لەگەڵ “دایکە سرووشت”ـەکەیاندا، ئێمە بێشومار هەرزەکارانێکین هەراش و کەپووبڵند، سووک و نەوی سەرنجی سرووشت دەدەین.
لە سای ڕێبەریکردنی پیر و سەرۆکێک، کە فەرمان نادات، بەڵکوو لەگەڵیاندا دەوەستێت، هەروەتر لە نەبوونی بیرۆکراسییەتیی دەوڵەتدا، تاکی ئازادی پەیوەندییخواز لەدایک دەبێت. ئەمە لەکاتێکدا دەوڵەت-نەتەوە، ئەوە هیچ بە مانا ئۆجالانییەکەی کۆمەڵگە دەکوژێت، تاکیش دەهاڕێت، لە میانەی بانگکردنی ئیدۆلۆژییەوە، ئیدۆلۆژیی باڵادەست، ناسنامەیەکی دەرەکیی بۆ تاک دەئافرێنێت و لە پرۆسێسێکی (وەکیەکلێکردن)ـدا دەیتوێنێتەوە! پاشان بە دەستە ئاسنینەکەی، واتە بیرۆکراسییەتی ڕەقوتەق، ئەم تاکە وەکیەکلێکراوانە ئاوێتەی پەیوەندییەکی ستوونیی سیستەماتیکیی (فەرمان/گوێڕایەڵیی) دەکات و لەو سەرەوە زێدەگۆیی نییە بڵێین؛ ڕۆبۆت یان زامبی دەچنێتەوە. بەڵام ئەم دیاردەیە لە کۆمەڵگەی بێ دەوڵەتدا نابینرێت، ئاخر تاکی ئەو کۆمەڵگەیانە لە کەشێکی ئەنتیگراسیۆنی ئازاددا، وەک مرۆڤێکی کۆمۆنیکاڵی بەرپرسیار خودان گشت خەسڵەتە تاککەسییەکانی خۆیانن. بوکچین لە لێگەڕینەکانی خۆیدا لەمەڕ ئەم کۆمەڵگەیانە ئاماژە بەوە دەکات؛ ئەوان کە ڕێز بۆ کەس یان شتێک دادەنێن، چەمکی (ژیان لەگەڵ….)ـی بۆ بە کار دەبەن، تەنانەت دەلوێت لەو کۆمەڵگە بێ دەوڵەتانەدا ببیستین بڵێن: “فڵان لەگەڵ تیروکەمانەکەیدا دەژیت)، واتە هیچ چەشنە خاوەندارییەتییەک لێرەدا نابینرێت، دەربڕینی (ژیان لەگەڵ…) هەر بە تەنێ دەربڕی ڕێزێکی قووڵ نییە بۆ خەسڵەتە تاککەسێکانی ئادەمیزادێک، بەڵکوو دەرخەری هاوئاهەنگیی و پەیوەندیی ئازادی نێوان تاک و گرووپیشە.[12] بەم چەشنە لە کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیکدا، نە بانگکردن و گۆشکردنی ئیدۆلۆژییانەمان گوێ لێ دەبێت، نە تاکیش لەناو سیستەمی خاوەنداریەتیی تایبەتدا دەهاڕدرێت، بەڵکوو تاکەکان بە ویستی ئازادانەی ژیانی خۆیانەوە، لە پەیوەندییەکی هاوئاهەنگ و پڕبەرپرسیاریەتییدان لەگەڵ دەستە و کۆمەڵەکەیاندا. ڕاستییەکەی کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیک زۆر شتی هەیە، بە تاکی ببخەشێت؛ ژیانی ئازادانە. بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی ناو دەوڵەت/نەتەوەوە، دەردی ئۆجالان دەیگوت، هیچی نییە بە تاکەکانی بدات.[13]
پێیەر کلاستەرس لە پەرتووکەکەیدا شێلگیرانە بەرگریی لەوە دەکات کڵان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان ئاگایانە میکانیزمێکی خۆبەڕێوبەریێ هێندە سازگاریان ئافراندووە، ڕێگر بووە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی کەس یان لایەنێکی دیاریکراودا، کتومت نەیانویستووە دەسەڵات بزێتە ناو تۆڕی ستوونیی (فەرمانکردن و گوێڕاڵی)ـی بیرۆکراسییانەوە، ئەو میکانیزمەی مرۆڤی مۆدێڕن پێی ئاشنایە. ئەم نووسەرە دێژێت، سەرەک هۆز و ڕابەری کڵانەکان فەرمان نادات، بەڵکوو ڕێنوێنی دەکات، هەروەتر ئەگەریش لە سەروبەندی جەنگدا شتێک دەسەڵاتی پتری پێ بدرێت، ئەوە لە قۆناغی ئاشتیدا ئەو دەسەڵاتەی لێ دەسەنرێتەوە، مۆدێلی دەسەڵاتی (فەرمانکردن/گوێڕایەڵیی) تەنها لە دۆخی ئاورتەدا مایەی قەبووڵکردنە، هەرکە کڵان و گرووپ بۆ ژیانی ئاسایی خۆی بگەڕێتەوە، دەمودەست ئەم پەیوەندییە نائاساییە هەڵدەوەشێتەوە و هەموو شتێک دەچێتەوە جێی خۆی.[14]
لە دیدی بوکچینەوە ئەوە لە قسەیەکی بەتاڵ بەولاوە هیچی تر نییە لامان وابێت کۆمەڵگە دەوڵەتدارەکانی ئێمە ئاڵۆزن، جا گوایە لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان فرە ئاڵۆزترن، ئاڵۆسکاویی ئێمە و کۆمەڵگەکانمان لە پێوابوونی پوکچێندا، تا دواڕادە تەکنیکییە نەوەک کولتووریی، تەنانەت وی وەهای دەبێنێت “تاکێتیی”ـیشمان پتر بۆن و بەرامی دەروونپەرێشیی لێ دێت تاکوو ئەوەی تاکێکی فرە تایبەت و خودان خەسڵەتی خۆسەرانە بێت.[15]
ڕەنگە لەمەڕ پرسی ئەوەی زەینی کۆدڕێژکراوی توێژەری ناو شارستانییەتی چینایەتیی/دەوڵەت نەتوانێت بە ئاسانی کێش و سەنگی ڕاستەقینەی کڵان و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان و میکانیزمی ئازادانەی خۆبەڕێوبەریان درک بکات، ئەم پێوابوونەی کلاستەرس، ڕوونترین پەیڤ بێت؛ وی دەبێژێت؛ نووسراوی توێژەران و گەڕیدەکان هەر ئەوەی هەڵگۆزاوە کە گوایە وەها کۆمەڵگەگەلێک ناقۆڵا و ناتەواون! هێشتاکانێ کۆمەڵگەی ڕاستین نین، بوونیان بەدەست نەبوونی “شتێک”ـەوە لە ڕەنج و مەینەتیدایە: نەبوونی دەوڵەت! نەبوونییەک هەرچەند چنگلەسەرشان لە هەوڵدا بن، بۆیان قەرەبوو ناکرێتەوە، کۆمەڵگەی بێ دەوڵەت شیاوی وێناکردنیش نییە، دەوڵەت چارەنووسی گشت کۆمەڵگەیەکە! [16] وەکوو بڵێیت دەوڵەت مرۆڤی لە گرێژنەوە هەڵنەتەکاندبێت و کۆمەڵگەی داهێزراو نەکردبێت و لەڕێگەی ڕایەڵێکی وردچنراوی (فەرمانکردن/گوێڕایەڵی)ـی بیرۆکراسییەوە، چنگی لە قوڕگی ویستی ئازاد و ژیانی خۆسەر گیر نەکردبێت، هەروەتر کۆمەڵگەیەکی زامبیئاسای نەئافراندبێت! هەر بەڕاست بۆچ دەبێت دەوڵەت چارەنووس بێت؟
هاریکاریی، یەک لە ناوخنترین خەسڵەتەکانی کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بووە. ئەوێ دەمێ هێشتاکانێ نە دەسەڵات لەناو قاوغێکی ڕەقوتەقی چون دەوڵەتدا چڕ کرابوویەوە و نە تۆڕی فەرماندەرانەی بێرۆکراسییەتی بێگیانیش بەناو تانوپۆی کۆمەڵگەدا چووبوو، هاریکاریی ئازاد و هاوسەنگ، ناوکی ئاژووتنی دەستە و گرووپە مرۆییەکان بوو. لە پیتر کرۆپۆتکین وایە ئەم هاریکاریی و بەدەمەوەبوونە، شابزوێنەری پەرەسەندنە. کرۆپتکین بە نیگایەکی ڕەخنەئامێزەوە، ئاماژە بەوە دەدات لە سەردەمی (هۆبز)ـەوە چەندە بە تاموچێژەوە و چون بنێشتەخۆشە ئەوەیان دووبارە دەکردەوە گوایە یاسای “جەنگی هەمووان دژبە هەمووان” بزوێنەری ژیانی مرۆڤ و کۆمەڵگە سەرەتاییەکان بووە.[17]ڕاستییەکەی وا دەردەکەوێت “جەنگی هەمووان دژ بە هەمووان”، پتر پاساوێک بێت بۆ ڕەوایەتیدان بە لیڤایسانی تۆڕئاسای بیرۆکراسیی دەوڵەت، ئەگینا کۆمەڵگەی خۆسەر، هەر زۆر پێش ئەم لیڤایسانە، بوونی هەبووە و هاریکاریش گوڕ و هیزی پێشەڤەچوونیان بووە.
نها دەپرسین، کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکان، کە پتر لە ئاهەنگی فرەییە هەمەچەشنەکان لە هەناوی یەکێتییەکی پتەودا دەچوون، بۆچ تووشی قیامەتی خۆیان هاتن و بوار بۆ مەیدانخوازیی کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەتخواز ڕەخسا؟
ئەوە قسەبڕە شۆڕشی نیۆلەتیک کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژیانی ئابووریی کۆمەڵگەکانی ئەو سەروەختە بەجێ هێشت و دەشێت ژیانیانی ئاسانتر کردبێت، بەڵام وەکوو چارەنووسێک و بەناچاری گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتییاندا ڕووی نەدا، بە دەربڕینێکی تر، لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، گۆڕانکاریی لەوەی وا مارکسیستەکان ناویان ناوە “بنخان”، هیچ چەشنە ڕەنگدانەوەیەکی لە “ژوورخان”ـی سیاسیی ئەو کۆمەڵگەیانەدا نەئافراند.[18] بەپێی ئەمە دەخوازم بڵێم، ئەوەی لە پڕێکدا و لە پاش قوتبوونەوەی دەوڵەت/شارە سۆمەرییەکان ئێمە دەکەوین بەسەر کۆمەڵگەیەکی چینایەتیی/دەوڵەتگەرادا کە بە دەوری پاوانی زێدەبەرهەمدا هەڵچنراوە، پێشڤەچوونێکی سرووشتیی و چارەنووس نەبووە، بەڵکوو سەرومڕ لادان و خاپاندن و پرۆسێسێکی سیاسیی و دیرۆکیی و دەستکرد بووە و چینی سەردەستی پاوانکاری زێدەبەرهەم بکەرەکەی بوون، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕەوایەتیی بە پێواژۆی زەوتکردنی دەسەڵات بدەن.
سەرهەڵدانی دەوڵەت و داگیرکردنی زەینی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە
ئەوی دەخوازم بەرباسی بدەم، ئەوەیە داخۆ سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی چینایەتیی و مۆدێلی شارستانییەتی دەوڵەتگەرا، وا تۆڕی جاڵجاڵۆکەیی بیرۆکراسییەت تێدا گشت کونجێکی کۆمەڵگە دەتەنێتەوە و، گەرای “فەرمان/گوێڕایەڵی” بە هەموو جێیەکدا بڵاو دەبێتەوە، چۆن دەروونیی بووەوە و چلۆن کۆد و نیشانەکانی خۆی لە زەین و زمانی تاکەکاندا بەجێ هێشت و چ جادوویەکی کرد، وا باری نۆڕینی ئادەمیزادی ئاوەژوو کردەوە. پاشان ئاوڕ لەوە بدەینەوە مرۆڤ لەو دیرۆکە دوورەدەستەدا بۆچ ناچار بوو دەستی ئەم “لیڤایسان”ـە[19]، دەوڵەت، بگرێت و لەنێوان خۆی و “دایکە سرووشت”ـدا داینیشێنێت؟
کۆمەڵگەی نیۆلەتیک، جا بەهۆی هەڵکشانی بەرهەم و زیادەبەرهەمەوە بووبێت، یانەخۆ دایکە سرووشت نامیهرەبان بووبێت لەگەڵیاندا و پێویستیی ناچاری کردبێتن، یانیش ئەزموون/پسپۆڕیی بوو، کۆمەڵگە وای دانا دەوڵەت ئەم دوو کەڵکەی هەیە و کارەکان ئاسان ڕادەپڕێنرێن،[20]دەسەڵاتیان لە ناوەندێکدا چڕ کردەوە و بیچمی شار بە پەرستگاکانییەوە دەرکەوت و پەلی دەوڵەتیان گرت و هێنایان لە سەرووی کۆمەڵگەوە دایان نا. ئەم کردەیە بەبێ باج تێناپەڕێت. سوژن، داس، گۆزە، ڕستن، گڵێنەسازیی، ئاودێریی، ڕەوڕەوە و دەستتاڕ و کۆی دەستەکەوتەکانی تری کۆمەڵگەی گوندنیشینیی نیۆلەتیک ڕادەستی کۆمەڵگەی شارنشینی/چینایەتیی کرا، قەڵەمبازێک قەوما و بڕی بەرهەم پەرجووئاسا هەڵدەکشا، ئەم زیادبوونە، بەبێ هیچ بەهایەک تێپەڕ نابێت، ئەم پێشڤەچوونە جۆریی و چۆنایەتییە، لە بەرانبەر هەر سوودگەیاندنێکدا، تۆڵە لە مرۆڤ دەکاتەوە؛ پێشڤەچوونی تەکنیکیی مرۆڤ بۆ ئاستی ئامڕازێکی تەکنیکیی و کەرەستەیەکی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت، هەم مرۆڤ دەڕنێتەوە و هەم دەستکاریی پێگەی کۆمەڵایەتییان دەکات.[21]
بەوەدا لای ئۆجالان، زیگۆرات، هەر بە تەنها ناوەندی شار نییە، خودی شارە،[22] بۆیە دەبێت پێی لێ بنێن، زیگۆراتەکانی سۆمەر، هەوەڵین ناوەندی چڕبوونەوەی دەسەڵات و منداڵدانی خستنەوەی کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەتخواز بوون. زیگۆراتەکان، بە دیدی ئۆجالان، ڕۆڵی کلیلی دەبینین لە تێگەیشتن لەوەی سۆمەرییەکان چۆنچۆنی پێشەنگایەتیی ئاواکردنی شارستانییەتی چینایەتیی/دەوڵەتگەرایان کرد؛ زیگۆرات لە گۆشەنیگای ئۆجالانەوە، هەم شێوازە ستوونییەکەی وەکوو لایەنی فیزیکیی: کە لە نهۆمی یەکەمدا، ڕەنجدەران و پیشەوەران جێیان دەگرت، نهۆمی دووەم بۆ ڕۆڵی بەڕێوەبەرێتیی کاهینەکان تەرخان کرابوو، نهۆمی سێهەمیش بۆ خوداکان، هەم هێزە قنیاتپێهێنەرەکەی ئەم پەرستگایە وەکوو لایەنی مینەویی، هەوەڵین کرۆکی شارستانییەتیی چینایەتیی پێک دەهێنێت.[23] کەواتە هەوەڵین هەنگاوی خۆڕاپسکاندن لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی نیۆلەتیک و پەڕینەوە بەرەو کۆمەڵگەی ستوونیی چینایەتیی، کە (فەرمانکردن/گوێڕایەڵیی)ـی سیستەماتیککراو بیبات بەڕێوە، بریتی بوو لە زیگۆراتەکانی سۆمەر. جا وێنای بکە، شکۆی ئەم تەلارە هەڵکشاوە بەرەو ئاسمان، هێزە مینەوییە قنیاتپێهێنەرەکەی، چلۆن زەین و دەروونی ئادەمیزاد داگیر دەکات.
پەرستگای سۆمەر، هەم لەسەر ڕەنجی زیادە/زیادەی بەرهەم ئاوا کرا و هەم هەوەڵین ناوکی چڕبوونەوەی دەسەڵاتی دەزگەیی بوو، لە دیدی ئۆجالاندا، سەرچاوەی چەواشەکردنی زەینی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەیە.[24]ئەگەر گۆشەنیگای ئۆجالان بە بنەما بگرین، پەرستگاکانی سۆمەریی، چەقی خاپاندنی زەینی کۆمەڵگە بوون. لە بەکارهێنانی هێز گەڕێ، قایلکردنی کۆمەڵگە لە ڕووی زەینیی/دەروونییەوە بەوەی چارەنووسی خۆیان، با تژی بێت لە چەوساندنەوە، لەباوەش بگرن، خاڵی وەرچەرخانی ئەم خاپاندنەیە.
بوکچینیش لەسەر هەمان ڕەوت وای دەبینێت: لەو سەروەختەدا زۆرترین بڕی گۆڕانکاریی لە دەروونی تاکەکاندا ڕووی داوە؛ هاوکات خوداوەندی دایک هێشتاکانێ پێگەی خۆی لە ئوستوورەکاندا پاراستبوو، بەڵام پتر بە خەسڵەتی شەیتانیی و بە ئاڕاستەی پڕکردنەوەی نیازی سیستەمی باوکسالارییدا دەڕازێنرایەوە، ژنان وردەوردە گشت مافەکانیان لەدەست دا، ئەمە بە تەنها گۆڕانێکی دەرەکیی نەبوو لە پێگەی کۆمەڵایەتیاندا قەومابێت، بەڵکوو لە نۆڕینیان بۆ خودی خۆیشیان، ئەم گۆڕانە بەدی کرا، سیستەمی نوێی ئابووریی، دابەشکردنی کار و پسپۆڕیی، زەمینەیان ڕەخساند تا پیاوان لافی ئەوە لێ بدەن لە ژنان لەسەرترن، پیشەوەران و دەستڕەنگینان هەمان بانگەشیان کرد و خۆیان بە سەرتر لە جووتیاران هەژمارد، هزرمەندانیش دەسەڵاتی چەسپاوی خۆیان بەسەر ڕەنجدەراندا پاوەجێ کرد و بە کاوەخۆ بیچمی سیستەمی چینایەتیی سەری دەرهانی، ئەم بیچمە تازەیەی پەیوەندیی، هەر بە شێوازی دەرەکیی نا، بەڵکوو بە شێوەی سوبجێکتیڤ و زەینیی، خۆی خزاندە نەستی تاکەکانەوە؛ ڕووبەری زمان، ئاخافتن و کێڵگەی ئاوەزیی کۆمەڵگەی داگیر کرد، دەرئەنجام جیاوازیی لە نێوان تاکەکانی ئەو کۆمەڵگەیەدا، وا جاری جاران لە بیچمی (فرەییەکی جۆراوجۆر لە هەناوی یەکێتییەکدا) بوو، نها ئەم جیاوازییە ئاخنرایە نێو سیستەمێکی ستوونیی پلەبەندکراوی جودا و مێمڵ بە یەک، گشت سەرچاوە و ژێدەرە ئایینیی، فەلسەفیی و ئەخلاقییەکان مۆری ڕەوایەتییان بۆ ئەم سیستەمە لێ دا[25]!بە مانا ئۆجالانییەکەی، ئاواکردنی زیگۆرات، لێدانی مۆری ڕەوایەتیی بوو لەم سیستەمە.
پاش کەڵەکەبوونی ئەزموونی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە پێواژۆی دیرۆکییدا، ئۆجالان وای دەبینێت هەرکە چینی بۆرژواز کەوتن بەسەر ئەم ئەزموونە کەڵەکەبووەدا، کۆمەڵگە چارەڕەشتر بوو، ئاخر ئەم ئەزموونە کەڵکەبووە لەناو قاوغێکی بێگیانی زەبەلاحدا لەنگەر دەگرێت؛ دەوڵەت/نەتەوە، دەزگە هەڵئاواساوەکانی دەوڵەت/نەتەوە، لە زانکۆوە تاکوو باخچەی ساوایان، لە لیبۆکە وەرزشییەکانەوە تاکوو سیمبوولە نەتەوەییەکان، لە بیرۆکراسییەتی ڕەقوتەقی سووپاوە تاکوو تەونە کارگێڕییەکان، دەورپێچی مرۆڤ و کۆمەڵگە دەدەن و سنووری خاپاندن دیواودەر دەکرێت و زەینی کۆمەڵگە داگیر دەکەن؛ زەینی کۆمەڵگە دەکەوێتە سەر ئەو بارەی دیرۆک هەر ئەمە بووە کە نها هەیە! دەوڵەت/نەتەوە وەها زەینی کۆمەڵایەتیی تەنییەوە، بە جووڵاندنی لیبۆکێکی هەڵئاوساوی خۆی، دەتوانێت کۆمەڵگەی بە جەماوەر کراو بورووژێنێت.[26]
پێواژۆییەکی تەواو مێژووکرد، ناسرووشتیی و خاپێنەرانە، دەسەڵات هەرکە خزێنرایە ناو دەوڵەت و بە بیرۆکراسییەت پڕچەک کرا، نها دەورپێچ، داگیرکردن، پارچەپارچکردن، ڕەتاندنەوە و ئاڕاستەکردنی ئادەمیزاد، کۆمەڵگە و سرووشت دەبنە کارێکی ئیجگار ئاسان.
تەنانەت لە نیگای فەلسەفەی فۆکۆدا، بیچمە دەزگەیەکانی دەوڵەت لە سەدەی شانزە بەدواوە، ئاستی دەستەوەردان لە کۆمەڵگە هێندە دەبەنە پێشەوە، ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن خەڵکان بێکار و تەمبەڵ بسوڕێنەوە، ئەمەش زادەی زەینی ئەم دەزگەیانە بوو کە ئادەمیزادێکیان پێ قووت نەدەچوو خۆی لە پرۆسێسی بەرهەمهێنان بدزێتەوە، جا لە ساڵی ١٦٥٧ـدا، لە پاریس بە فەرمانێکی ڕەسمیی، دەرۆزەکردن و وێڵگەڕیی بە تاوان ئەژمار کرا و کۆکردنەوەی کەسانی بێکەڵکی ناو چەرخی بەرهەمهێنان و دانانیان لە زیندانەکاندا، پاڵنەری ئابووریی هەبوو.[27] بگرە لە نیگای فۆکۆدا، جەستەی ئادەمیزاد چیتر هەر موڵکی خۆی نییە، جەستەی وی دەبێتە کەوشەنی پیادەکردنی دەسەڵات، خۆنواندنەوەی گوتاری باڵادەست، مێژوو و زمان.[28]
دەوڵەتی مۆدێڕن لە ڕێگەی دەزگەکانییەوە، گوتاری باڵادەستی بەسەر مرۆڤدا سەپاند، نها مرۆڤ لە پەیوەندییدا بە گوتاری بایۆلۆژیا، زانستی ئابووریی و زمانناسییەوە، ناسنامەی نوێی خۆی چێ دەکات، ئەو ناچارە لە ئاوێنەی ئەو سێ گوتارەوە لە خۆی بنۆڕێت، دەی دەبێت چون گیاندارێکی بایۆلۆژیی کاتمەند و سنووردار دان بەخۆیدا بنێت، کار بکات تاکوو بژیت و بەو زمانە بپەیڤێت و کۆدەکانی بەکار بهێنیت، کە زمانی باڵادەستە، مرۆڤ لە بناغەوە کۆدڕێژ کرایەوە، یانەخۆ بە مانا فۆکۆییەکەی؛ مرۆڤ دیاردەیەکە لە مۆدێڕنیتەدا لەدایک بوو![29]
کلاستەر هانا بۆ نیچە دەبات تا ئاساییبوونەوە و دەروونیبوونەوەی پرسی دەسەڵاتی ستوونیی (فەرمانکردن/گوێڕایەڵیی) لە ناواخنی مۆرڤی مۆدێڕندا بخاتە ڕوو: دەلوێت بە شێوەیەکی ئەقڵگیر گریمانە بکەین نها نیاز بە “گویڕایەڵیی” لە هەر ئادەمیزادێکدا دەروونیی بووەتەوە؛ چون ویژدانێکی فۆرماڵ فەرمان دەدات “تۆ دەبێت”.[30] بەمەش زەینی مرۆڤی کۆمەڵگەی چینایەتیی سایەی دەوڵەت، کۆدڕێژ دەکرێت و هەڵدەدرێتە ناو تۆڕێکی وردچنراوی دەسەڵاتی ڕەقی بیرۆکراسیی/پلەدارییەوە و چون زامبییەک لەلایەن ویژدانێکی بێناواخنی هەمەکیی دەرەکییەوە دەجووڵێنرێت و هەرکە زایەڵەی “تۆ دەبێت…. تۆ نابێت” لە سەری کۆدڕێژکراویدا دەبیستێت، داناسەکنێت تاکوو بەدەم ئەم دەنگدانەوەوە نەچێت. لە وەها ڕەوشێکدا ئاخافتن لەمەڕ ویستی ئازاد، لە نوکتەیەک بترازێت، یان دروستتر بڵێین، لە جۆکێکی لیبراڵانە بەولاوە، هیچی تر نییە.
ڕەنگە ئەم بابەتە سەر بکێشێت بۆ پرسی (هێڵەکان) و بەتایبەت (هێڵی ڕەق) یان (هێڵی مۆلار) لەکن ژیل دۆلۆز. لەم پێوابوونەدا، دەوڵەت سەر بە هێڵی ڕەقە، تاکەکان و جەستەیان، لە تایبەتمەندییە ناوەکییەکانیان داڕنراون و موڵکی دەوڵەتن و دەوڵەت لە ڕێگەی پەیوەندییەکانییەوە، کۆدڕێژیان دەکات، مەترسیی ئەم هێڵی ڕەقە، هەر ئەوە نییە لە میانەی پەیوەندییەکانەوە تاکەکان ڕوو بەرەو دەوڵەت هەڵبلوشرێن، بەڵکوو ئەم مەترسییە لە گشت کونجێکدا هەست پێ دەکرێت، ئاخر لەم پێوابوونەی دۆلۆزدا، ئەم هێڵی ڕەقەی دەوڵەت، بە هەموو ئەو ئامرازانەی دەسەڵاتەوە پەیوەستە وا لەسەر جەستەمان ئیش دەکەن، هەروەتر ڕایەڵە بە گشت ئەو کەرەستانەی وا کۆدڕێژمان دەکەن، ئەم هێڵانەی دەوڵەت چون ڕەقن، بۆیە کە دەمانبڕن، لە پاڵ ئەو دڵنیاییەی پێمان دەبەخشن، وامان لێ دەکەن بوونەوەرانێکی ترساوتر و توندوتیژتر و تاڵتر بین، دەرئەنجام مەترسیی ئەم هێڵە ڕەقە ئەوەیە هەڵتەکاندنی، کارێکی ئێجگار سەختە، چونکە هەر بە دیدی دۆلۆز، ئەم کارە هەر بە تەنێ دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت نییە، بگرە ڕاستەخۆ دژ بە خۆیشمانە.[31]
جا زێدەگۆیی نییە بڵێین دەوڵەت بە ڕادەیەک ناونشین و دەروونیی بووتەوە، لەگەڵیشیدا کۆمەڵگەی چینایەتیی/پلەداریی وەها گەرای لە زەینەکاندا خستووە، خەڵکان تێکڕا نەک هەر ئەم بیچم و فۆرمە بە تاقانە پێکهاتەی دەسەڵات دێننە ئەژمار، بگرە ئەو “ناسنامە نەتەوەیی” و “پێگە کۆمەڵایەتیی”ـیەشیان لەکن بووە بە ناسنامەی “هەبوون”ـییەتی خۆیان و وەختە بڵێم لەبیریان کردووە کێ بوون و چی بوون. ئەوە بۆیە ئۆجالان بە گومانەوە دەڵێت: کەسێک هەیە لە دەرەوەی دەوڵەت؟![32] وەک بڵێیت دەرەوەی چێوەبەندییەکەی دەوڵەت، قاقڕ بێت و تاکوو چاو بڕ بکات، چۆڵەوانیی بێت، سا گەر ویستمان گریمانەی ناسنامە لە دەرەوەی دەوڵەتدا بکەین، کاری نەکردە بێت.
لای مۆرای بوکچین، مەگەر بە پەرجوو، ئەگینا کاری نەکردەیە مرۆڤی ئەمڕۆیی قنیات پێ بهێنرێت، کۆمەڵگە سەرەتا، جاری جاران، لە چێوەی کڵانەکان، خێزانەکان، تیرەکان، هۆزەکان، کۆنفردراسیۆنە خێڵەکییەکان، گوندەکان و تەنانەت ئەنجوومەنە شارییەکاندا زۆر زۆر لە پێش دەوڵەتەوە، بوونی هەبووە؛ دەوڵەت و سەروبیچمی فەرمانبەرە پسپۆڕەکانی، واتە بیرۆکراسەکان و سەربازەکان، هەر زۆر درەنگ دەرکەوتن و بگرە دەزگەی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگەدا تەواو هەڤدژە.[33]کۆمەڵگەی چینایەتیی/پلەداریی لە پرۆسێسی گەراخستن لە زەینەکان و دەروونییبوونەوەیدا، دەست بۆ ڕیشەییترین دەستکاریکردنی دیرۆکی دەبات: چاندنی هەستی گوناح، هەستکردن بە کێمایەسیی و باوەشکردن بە دەرد و ڕەنجدا! چونکە تاکی ناو ئەم کۆمەڵگەیانە، پلەبەند کراون، پلیشێنراونەتەوە و بەرانبەر شکۆی (ئەوی تری مەزن/کۆمەڵگە_دەوڵەت)ـدا ڕاگیراون، بە دەر لەوەی بە بەهای زێدەڕەنجی خۆیان، ئەم ئەوی ترە ڕازیی بکەن، ڕێگەیەکی تر بۆ ئاسوودەکردنی ویژدانی گوناهباریان شک نابەن! جا چونکە چەقی ڕاگرتنی هاوکێشەی ئەم کۆمەڵگەی چینایەتیی/پلەدارییە دەوڵەتگەراییە بریتییە لە پاوانی دەسەڵات و سەرمایە، بۆیە تاکوو پتر چەوساوەکان دەستەمۆ بکرێن، پتر ئەم هاوکێشەیە پاوەجێ دەبێت، لەبەر ئەمەیە ئۆجالان دەبێژێت؛ پاوانی دەسەڵات و سەرمایە، کۆمەڵگە لە گرێژنەی خۆی دەترازێنێت.[34]لە دیدی پۆکچیندا، زەینییەتی چینایەتیی، خۆدوورگرتن لە (چێژ) و (شادی) ڕەواج پێ دەدا، ئەم زەینە بۆ چەوساوان “ڕەنج”، “گوناح” و “قوربانیدان” و بۆ سەردەستەکانیش “چێژپەرەستیی زێدەڕۆیانە” بە ڕەوا ئەژمار دەکات؛ دەرئەنجام چی دەبێت، سیستەمێکی وردی (خۆسەرکوتکردن) و (ئەوی تر سەرکوتکردن) دەکەوێتە کار، جا لە دیدی بوکچیندا، تاکێک بە سەرکوتکردنی هەستەکانی خۆی گۆش کرابێت، ماتەوزەیەکە بۆ بەکارهێنان و ڕەتاندنەوە، ئەمەش سەر دەکێشێت بۆ سەرکوتکردنی کۆی کۆمەڵگە و لەوێشەوە بۆ سرووشت.[35]
چونکە لێرەدا بە مانا فۆکۆییەکەی، دەسەڵات لە چنگ کەس و لایەنێکی دیاریکراودا نییە، بەڵکوو دەسەڵات ڕایەڵێکی وردچنراوی خزاوە بە نێو کۆی پنتەکان، ئیتر لە بیچمی دەزگە، بیرۆکراسییەت، بەها باڵاکان، ڕێوشوێنەکان، یاساکان، فەرمانەکان و گوتارە باڵادەستەکاندا بەرجەستە دەبێت، ئەوە هیچ هەمووان لەناو ئەم ڕایەڵەدا گیر دەخۆن، دۆزی سەرەکیی ئەوەیە هەمووان بەردەوام هەست دەکەن “چاودێریی” دەکرێن.[36]
ئۆجالان لە لێگەڕینیدا بۆ ئەم پرسە، وەهای دەبینێت کە مرۆڤایەتیی “ڕووخێنرا”، بە دۆخێکیان گەیاند، بە مۆمێکەوە بە دوای ڕابردوودا بگەڕێت.
لە سەردەمی پاوانکردنی سەرمایەی (فینانس/وەهمی)ـی مۆدێڕنەی سەرمایەدارییدا، کۆمەڵگە لە دوندی پەرتەوازەبووندایە و ئەوەی بەڕێوە دەچێت، کۆمەڵگەکوژییە، دەوڵەت-نەتەوە بە دەیان شێوازی میدیایی، بە سەر کۆمەڵگەدا دەڕشێتەوە، دەوڵەت-نەتەوە بۆ خۆی شێوازێکی کۆمەڵگەکوژییە.[37]
دەوڵەت؛ لەدەستدانی ژیانی ئازاد، بیرۆکراسیزەکردنی ئادەمیزاد
لەم تەوەرەیەدا هانا بۆ “بەسەرهاتی ناتەواوی چۆلەکە”ـی نیک بۆسترۆم دەبەم، تا پتر مەترسیی هاتنی دەوڵەت بۆ ناو کۆمەڵگە و دەروونیبوونەوەی دەسەڵاتی دەزگەیی ڕوون ببێتەوە. ئاخر لەم تەوەرەیەدا، پرۆسێسی لەخۆنامۆبوون و لەمرۆڤخستن بەرباس دەدرێت، پرۆسێسێک، کە پاڵەوانەکەی دەوڵەتە.
لەو بەسەرهاتەدا، کە نووسەر بە مەبەست نیوەچڵ و کراوە بەجێی هێشتووە، ژمارەیەک چۆلەکە لە دارستاندا، سەرقاڵی چۆلەکایەتییکردنی خۆیانن؛ جریواندن، پەیوەندیگرتن، فڕین، کۆکردنەوەی چیلکە، هێلانەچێکردن و کۆکردنەوەی خواردن. لەپڕ یەکێکیان، دیارە لە دارستاندا هێز و مەزنیی کوندەپەپووی بینیوە، دەڵێت؛ ئەرێ بۆچ کوندەپەپوویەک بە بێچوویی نەهێنین و گەورەی نەکەین، تاکوو ئەو لەبری ئێمە کۆی کار و ئەرکەکانمان ڕاپەڕێنێت؛ ئێمەیش ئازاد و خاترجەم، سەرقاڵی پشوودان و ژیان دەبین؟ هەمووان بە خۆشحاڵییەوە، جۆشوخرۆشی ژیانێکی ئاسوودە مەستیان دەکات و بیرۆکەکە پەسەند دەکەن، تەنها دانەیەکیان نەبێت؛ بە گومانەوە دەڵێت: ئێمە سەرەتا دەبێت شێواز و تەکنیکی کۆنترۆڵکردنی کوندەپەپوو فێر بین، پاشان سەرکێشییەکی وەها بنوێنین! بەڵام کەس گوێ بە قسەکانی نادات.[38]
بەسەرهاتەکە ناتەواو دەمێنێتەوە، ئەوەی لێرەدا بۆ نیک بۆسترۆم جێی بایەخە، مەترسیی ئەم سەرکێشییەی چۆلەکەکانە؛ ئەوان بوونەوەرێکی لە خۆیان مەزنتر، بەهێزتر و بە دڵنییایەوە جیاواز دەهێننە ناو کۆمەڵگەکەیانەوە، کوندەپەپوو ڕاوچیی و گۆشتخۆرە! چی دەبێت ئەگەر ئامانج و بەرژەوەندیی ئەم بوونەوەرە بەهێزە لەگەڵ ئامانجی چۆلەکەکاندا دژ بێتەوە؟ چی دەبێت ئەگەر ئامانجی دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ چۆلەکەکان، زۆر لە ماهییەتی ئەم بوونەوەرە بەهێزەوە دوور بێت؟ ئەی ئەگەر لە کۆنترۆڵ دەرچوو چی؟ وای دانێ کوندەپەپوو کۆی ئەرک و کارەکانی چۆلەکەکان ڕادەپەڕێنێت، ئەودەم چۆلەکەکان چی دەمێنێتەوە بیکەن؛ یان درووستتر بڵێم: لە چۆلەکەبوون ناکەون؟ نیک بۆسترۆم لە پەیوەندییدا بە مەترسییەکانی “ژیریی دەستکرد”ـەوە ئەم بەسەرهاتە لە دەستپێکی پەرتووکەکەیدا دەهێنێتەوە. بەڵام ئەمە کتومت بەسەرهاتی هێنانی دەوڵەتە بۆ نێو کۆمەڵگەی مرۆیی. ئەگەر چۆلەکەکان لە ماهییەتی چکۆلانەی خۆیان و سرووشتی بێڕەحم وەناڵە هاتوون، مەترسییەکە ئەمە نییە، مەترسییەکە ئەو ئامڕازەیە وا بۆ زاڵبوون بە سەر ئاڵنگارییەکانی ژیانیاندا دەیهێننە ناو مەیدانەکەوە؛ ئامڕازێکە نە ورد لێی تێگەیشتوون و نە دەتوانن ڕامی بکەن.
کۆمەڵگە، ئۆجالان وتەنی، بۆیە بەرگەی ڕەزای گرانی دەوڵەتی گرت، گوایە دەوڵەت ئەزموون و پسپۆڕیی هەیە! بە مانا بوکچینەکەی، گوایە دەوڵەت ئەو بوونەوەرە مەزن، بەهێز و ڕێکخراوەیە وا کۆمەڵگە لە چنگی “سرووشتی کوێر و بێڕەحم”، ڕزگار دەکات و لەسەر خوانی زیادەی بەرهەم تێریان دەکات. بەڵام دەوڵەت، کۆمەڵگەی لە کۆمەڵگەبوون خست، هێز و گوڕی خۆبەڕێوبەریی کۆمەڵگەی خەساند و دەماری پەیوەندیی ئازاد، سیاسەت و ئەخلاقی کۆمەڵگەی پچڕاند. ئادەمیزادەیەل. ئەم بوونەوەرەیان هێنا، بێ ئەوەی ورد و قووڵ لێی تێگەیشتبن، نها مەگەر دەلوێت و کاری کردەنییە لە سای ئەم بوونەوەرەدا بژیت و ویستی ئازاد، ژیانی سەربەست و پەیوەندیی ئازاد نەدۆڕێنێت؟ ئادەمیزاد بەرانبەر ئەم بوونەوەرە و تۆڕی بیرۆکراسیی (فەرمانکردن/گوێڕایەڵی)ـیدا، نەک هەر چون ڕەنجدەرێک و هێزی کار لێی دەنۆڕدرێت، بەڵکوو کارکردە ئابوورییەکەی وەک ئامڕازێکی تەکنیکیی پەتیی، پێش “هەبوون”ـە مرۆییەکەی خرا.
نها بەرانبەر دەوڵەت و تۆڕە جاڵجاڵۆکەییە بیرۆکراسیی و سیستەمە ئابوورییەکەی، مرۆڤ بە چڕیی بە دەردی لەخۆنامۆبوونەوە دەتلێتەوە؛ واتە ئەوە هیچ، دەوڵەت بچڕانێکی وەهای درووست کرد، نەیهێشت پەرەسەندنی خۆسەرانەی کۆمەڵگە بەردەوام بێت و بەسەر ئەگەری تردا بکرێتەوە، بگرە دەروون و زەینی تاکەکانیشی وەها پەرێشان کرد، لەخۆنامۆبوون، جاڕسیی، تووڕەیی، مێمڵی، کینەدۆزیی و دوورەپەرێزیی بوو بە خەسڵەتیان.
لە کەسێتیی گریگۆر سامسای کافکادا، ئێمە بینەری تاکێکی پڕووکێنراوی جاڕسی بیرۆکراسیین، کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەتگەرا و فشارەکانی، دەوڵەتی مۆدێڕن و نۆڕینە بیرۆکراسیی/ئابوورییە پەتییەکەی بۆ مرۆڤ وەکوو یەکەیەکی بەرهەمهێن و دەستی کار، مرۆڤ بە چەشنێک دەخەنە ژێر پاڵەپەستۆوە، دواجار لە ئادەمیزاد، هەر مێروییەکی قێزەونی بێکەڵکی شیاوی فڕێدان و پلیشانەوە دەمێنێتەوە. سامسا وەکوو ڕەمزی مرۆڤێکی لەخۆنامۆبووی مۆدێڕن، قوربانیی ئەو پەیوەندییەیە وا دەوڵەتی مۆدێڕن و کۆمەڵگەی چێنایەتیی بە سەر مرۆڤدا دەیسەپێنن؛ پەیوەندییەکی بێگیان، پڕ لە ڕنینەوە و داماڵدراو لە هەرچ سۆزێکی مرۆیی. ئەو تا دواسنوور لە کارەکەی بێزارە، ناچاریی ڕایەڵی نێوان ئەو و ژینگەی کارەکەیەتی: ”ئەگەر ناچار نەبووایەم لەپێناو دایک و باوکمدا دان بەخۆدا بگرم، دەمێک بوو نامەی وازهێنانم دەنووسی”[39]. سامسا چون هەر مرۆڤێکی تری مۆدێڕن، وەڕسە، سیستەم لە ڕێگەی سەرۆکی کارەکەی و ئەندامانی خێزانەکەی، بە تایبەت باوکییەوە، گەمارۆی داوە؛ یان ئامڕازێکی بەرهەمهێنی ڕەنجدەر بە، یان چون مێروییەکی ناقۆڵا بمرە! ئەو دواجار پتر و پتر لەناو قاوغی تەنهایی و دوورەپەرێزیی شەرمنانەی خۆیدا ڕۆ دەچێت و گەمارۆدراو و توڕهەڵدراو دەبێت؛ لەو دنیا میکانیکیی و کارییەی خۆیدا هێندە بەتاڵ و نامۆ دەبێت، سەرەنجام جەستەی لەگەڵ دەروونی دەبن بەیەک؛ قالۆنچەیەک، تەنانەت کەس لە دەردیشێ تێناگات!
هەروەکوو چۆن سامسا لەژێر پاڵەپەستۆی جیهانە ڕەق و بیرۆکراسییە/کارییەکەی خۆیدا تا ئاستی مێروییەکی بێناو دەپلیشێنرێتەوە، لە کۆمەڵگەی چینایەتیی/دەوڵەتگەرای مۆدێڕنیشدا، ئادەمیزاد لە سوبێکتێکی ئەخلاقییەوە بەرەو یەکەیەکی بیرۆکراسیی/ئابووریی دادەبەزێنرێت. دەوڵەت و کۆمەڵگە بە پێودانگی “بە دەردخواردن” و “دیسپلین”، هێندە ساردوسڕ و سیستماتیک بەسەر گیان و دەروونی مرۆڤدا دادەدەن، مرۆڤ تەنانەت توانای ناونانی دەردی خۆیشی لەدەست دەدات.
کەسێتیی (یۆزێف کا) و (کا) لە هەردوو ڕۆمانی (دادگایی) و (کۆشک)ـی کافکادا، پتر چییەتیی پەیوەندیی نێوان دەزگە دەوڵەتییەکان و ئادەمیزاد ڕوون دەکەنەوە؛ ونبوونی دوو مرۆڤ، لە جوگرافیای ئاڵۆز و سیستەماتیکی نامرۆییانەی بیرۆکراسییدا. هەردوو پاڵەوان، وەیلان و سەرگەردان لەناو تۆڕێک لە ڕێوڕەسمی وشکی بیرۆکراسیی و بەرپرسانی نادیاردا ون دەبن، کە پنتاوپنتی ئەو تۆڕە بێمانایی لی دەچۆڕێت؛ لە هەردوو جیهانە کافکایەکەدا، دەوڵەت و دەزگەکانی، هەمان ئەو تۆڕە نادیارە بیرۆکراسییە پلەبەندکراوەن وا چون زەینێکی هەمەکیی ساردوسڕ و بێسۆز، بەسەر جەستە و دەروونی ئادەمیزادەوە باڵادەستە. (کا)ـکانی کافکا، کە لە هەوڵێکی سیزفیانەدان بۆ چنگخستنی مانا لەناو ستراکچەرێکی بێمانادا، وێنەی مرۆڤی نوێن لە چاخی دەوڵەتی مۆدێڕندا، مرۆڤێک ئازادییەکەی لەناو گەردوتۆزی پەڕاوەکانی یاسا و فایلە کارگێڕییەکاندا ون بووە. ڕەنگبێت هەر پاڵەوانە جاڕس، سەرگەردان، تەنها و توڕهەڵدراوەکانی کافکا، لەبەردەم ئەم تۆڕە بێ ڕووخسار و ساردوسڕەی بیرۆکراسیی دەوڵەتی مۆدێڕندا، گێژ و وێڵ نەبن، بگرە ئەوانەشی لە پلەبەندییە ستوونییەکەی “فەرمان/گوێڕایەڵی”ـی ئەم دەزگەیدا، گوایە پێگە و جێیەکیان هەیە، هەر ونبوو و لەخۆنامۆ و سەرگەردانن، ئەوە بۆیە ئۆجالان یەژێت؛ ئەوانەی وا لەناو دەوڵەتدان، نازانن ئەو ئامڕازەی سواری بوون، چ جۆرێکە![40] ئەمە دیمەنێکی زنجیرە فیلمی (Better Call Saul)ـمان بە بیر دەهێنێتەوە، ئەو چرکەساتەی “جاک”ـی برای “ساول”ـی پاڵەوانی زنجیرەکە، بەم برا سەرکێشەی خۆی دەڵێت یاسا و دادگا لە دەستی تۆدا، وەکوو ئەوە وایە تفەنگێکی لەسەرپێی ئامادە بدرێتە دەست شامپانزەیەکەوە! ڕەنگە ئەوانەشی بە پلەبەندیی ئەم دەزگە ساردوسڕ و بێگیانەی دەوڵەتدا هەڵکشاون، لە شامپانزەیەکی بێئاگا بترازێت، هیچی دیکە نەبن؛ یان خراپتر، مرۆڤبوونیان لەهەناوی بیرۆکراسییەتی دەوڵەتدا تواوەتەوە.
ئەو پاڵەوانانەی کافکا، وا بەرباس دران، هەر بە تەنها کاراکتەری دنیای وێژە نین، بگرە وێنەنوێنی ئەو سوبێکتەن وا لەنێو جیهانی ئەنتیگراسیۆنی زۆرەملێدا گرفتار بووە. لە بەرانبەردا، تاکی کۆمۆنیکاڵ و ئازادی ئۆجالان، کاردانەوەی شۆڕشگێڕانەیە دژ بەم ڕەوشە نالەبارە؛ سوبێکتێک هەڵوەدای مانای نوێیە لە دووتوێی پەیوەندیی ئازاد، دیالۆگ و ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتییەوە.
هۆکاری ئەمە ڕوونە، ئەنتیگراسیۆنی زۆرەملێ، پیادەکردنی هێزە بەسەر هەموواندا. دەسەڵات خۆی لە خۆیدا، سەرکوتکارە، نها لە دنیای مۆدێڕندا، ئەم دەسەڵاتەی وا بەهۆی قۆرغکردنی هێزەوە بیچمی گرتووە، بەناو ڕایەڵە ڕەقەکانی بیرۆکراسییەتی دەوڵەتدا چون تەون بەسەر جەستەی کۆمەڵگەدا کەوتووە، کەواتە لەبنەوەڕا، لەژێر ئەم تەونەدا، پیاوەژۆیەکی هەستپێنەکراوی سەرکوتکردن بەڕێوە دەچێت؛ چونکە بە مانا فۆکۆیەکەی لە ڕەوشێکی وادا، ئەوەی هەیە جەنگە یان درێژکراوەی جەنگە، بەڵام ڕەقهەڵهاتووە و ڕەوایەتیی پێ دراوە. ئاساییە وەها ڕەوشێک، مرۆڤ نامۆ دەکات. جا وێنای بکە، دەسەڵات، کە جەنگە بە کپی و خشکەیی، خۆی لە قاوغی دەوڵەت هەڵکێشێت، دەبێت چ جۆرە ئەنتیگراسیۆنێکی زۆرەملێیانە پەیڕەو بکات و چ سوبێکتێکی سەرکوتکار/سەرکوتکراو بەرهەم بهێنێت. ئەوە بۆیە ئۆجالان ئاماژە بەوە دەدات دەوڵەت (قاوغە پاساودراوەکەی دەسەڵات)، نە هاوسەنگڕاگرتنی پێکدادانە چینایەتییەکانە و نە کۆتایی کایۆسیشە.[41] هەروەتر لە گۆشەنیگای ویدا، دەوڵەت دەوروبەر دەکات بە قەسابخانە یان کوشتارگە، کۆمەڵگەیەکی تەمبەڵ، گەوج و ئەقڵانیی درووست دەکات.[42]
یان بە دەربڕینێکی تر، دەسەڵات، بەوەدا چڕبوونەوە و قۆرغکردنی هێزە، درووستتر بڵێین، کەڵەکەکردنی هێزە لەلایەن چینی سەردەست (سەرکوتکار) و وەدەرنانی چینە لەدەسەڵاتخراوەکانە (سەرکوتکراو)، دەی کەواتە دەلوێت بێژێن میکانیزمی دەسەڵات هەر لە بناغەدا سەرکوتکردنە. ئەم پرسە سەردەکێشێت بۆ یەکێک لەو ڕاڤانەی وا فۆکۆ بۆ دەسەڵاتی خستووەتە ڕوو. ئەو دەپرسێت ئەگەر دەسەڵات پیادەکردن[43] و پاوەجێکردنی[44] پەیوەندییەکانی هێزێک بێت، داخۆ نابێت بە پێودانگی جەنگ شرۆڤەی بکەین؟ کەواتە لێرەدا لە بری ئەوەی دەسەڵات هەر بە تەنێ وەک ئامرازی سەرکوت وێنا بکەین، دەلوێت بڵێن دەسەڵات کتومت خودی جەنگ، یان درێژە و کلکی جەنگە بەڵام بە ئامراز و کەرەستەی تر.[45]ڕۆڵی دەسەڵاتی سیاسیی هەر ئەوەیە جۆرە جەنگێکی بێدەنگ لەپێناو هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی هێزی نێو دەزگەکان، نادادیی ئابووریی و نایەکسانیی نێوان تاکەکان، بەڕێوە ببات.[46]ئەم ژینگەیە، نە ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیی دەناسێت و نە سوبێکتێکی کۆمۆنیکاڵ دەئافرێنێت، ئاخر نە پەیوەندیی ئازاد لە ئارادایە و نە گفتوگۆی سەربەستانە لە کایەکەدایە؛ هەمووان دەبن بە سامسایەکی جاڕسی توڕهەڵدراو. ئەوەی هەیە، هەڵئاواسانی بیرۆکراسییەت و هەڵکشانی سەرکوتکردنە. لە دیدی ئۆجالاندا، سەرکوتی ناوەوە و مانەوە لە دۆخی بەرگریی بەردەوامدا بەرانبەر دەرەوە، هەڵئاوسانی بیرۆکراسیی دەوڵەتی لێ دەکەوێتەوە.[47] لایەنی سەرکوتکار، ئەوانەی وا چون شەمپانزەکە بەنێو دەزگەی دەوڵەتدا هەڵکشاون و پاوانی دەسەڵات و سەرمایەیان کردووە، ئارێشەسازیی مەزن سەر پێ دەخەن، چونکە لە دیدی ئۆجالاندا، پاوانی دەسەڵات و سەرمایە، کۆمەڵگە لە بناغەی خۆی دەترازێنن.[48]
وەک چۆن لە باوەشە ساردەکەی بیرۆکراسییەتی ڕەقی دەوڵەتدا، لە هەناوی تۆڕی بێگیانی ئەنتیگراسیۆنی زۆرەملێی (فەرمان/گوێڕایەڵی)ـیدا، تاکێکی ملکەچی سەرکوتکراوی سامساڕەنگ دەئافرێنرێت، ئاوایش ئەنتیگراسیۆنی ئازاد، دایەنی لەدایکبوونی تاکی کۆمۆنیکاڵە، چونکە ئەم دایەنە: لە تانوپۆی گفتوگۆی ئازاد، سیاسەت و ئەخلاقی کۆمۆن چنراوە. جا کە بیرۆکراسیەتی هەڵئاواساوی دەوڵەت، کۆمەڵگەی پەژموردە کرد، لەگەڵیدا تاکی ئازاد و کۆمۆنیکاڵیش دەمرێت، ئەوە بۆیە بە دیدی ئۆجالان؛ گرنگترین ڕۆڵی دەوڵەت، لەژیانخستنی کۆمەڵگەیە، ئەویش بە لەکارخستنی گشت شانە ئەخلاقی و سیاسییەکانی کۆمەڵگە، کە ئامرازی “هەبوون”ـی کۆمەڵگەن.[49]
کاتێک تەکنەلۆژیا ئاوێتەی بابەتەکە دەبێت، لەو سەرەوە مرۆڤە تاکڕەهەندەکەی مارکۆزە دەبینین. لە ڕێگەی تەکنەلۆژیاوە، پێواژۆ کەلتوورییەکان، سیاسەت و ئابووریی ئامبازی یەکتر دەبن و سیستەمێک دەئافرێنن، بە خۆهەڵقورتان لە گشت کاروباری ژیانیان، ئادەمیزادەیل هەڵدەلووشێت و هەر قەڵەمبازێک سەرکوت دەکات.[50] لە کۆمەڵگەی ژێر سایە ساردوسڕەکەی تەکنەلۆژیدا، ئەوە هیچ گشت پەیوەندییەکان جۆرە زۆرەملێی و ناچارییەکی وەهایان پێوە دیارە، لە سەروبیچمی مرۆڤەکانی ناو ئەم ڕایەڵە چنراوانەدا جاڕسی دەبارێت، هەرەوتر لە مارکۆزە وایە بگرە ئاساییە ئادەمیزادەیل لەپێناو ڕاپەڕاندنی کاری دژوار بەڵام زەروور لە دیدی کۆمەڵگەوە، تاکێتیی خۆیان بدۆڕێنن.[51]هەمان ئەو دۆڕانەی بە سەر گریگۆر سامسادا هات. چونکە مرۆڤ ناچار کراوە، تاکێتیی خۆی لەپای کارە زەروورەکانی کۆمەڵگەکەیدا بکات بە قوربانیی، ئاخر ئەو تاکێکی ئازاد نییە، بەڵکوو یەکەکی تاکڕەهەندی ئابوورییە و بەهای بوونی خۆی لە ڕێگەی ڕاپەڕاندنی کارە لەپێشینەکانی کۆمەڵگەکەیەوە بەدەست دەهێنێت.
وەها کۆمەڵگەیەک، لەوە گەڕێ پڕوکێنراوە، یان بە مانا ئۆجالانییەکەی کوژراوە، بەڵکوو دەسەڵات بە کۆمەکی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ئامرازەکانی پەیوەندیی گشتیی، جۆرە وەکیەکییەکی ساختە دەسەپێنێت، هەمان ئەنتیگراسیۆنی زۆرەملێ. دەرەنجام دوور نییە پێویستییە کۆمەڵایەتیی و تاکەکەسییەکانی چینی دەسەڵات وەها پێدزە بکەنە نێو خواست و بەرژوەندیی تاکەکانەوە، لێکجیاکردنەوەیان ئەستەم بێت.[52]لە فەزای گشتیی کۆمەڵگەی کوژراودا، ئەوەی هەیە خواست و پێویستییەکانی چینی سەردەست (سەرکوتکار)ـە، ئادەمیزادەیلی تاکڕەهەندی تواوە لە ناو سیستەمی کار و بەرهەمهێناندا، لە بەردەم هێزی بیرۆکراسیی (فەرمان/گوێڕایەڵی)ـیدا، نەک هەر دەبێت خواست و پێویستیی خۆیان فەرامۆش بکەن، واتە دەست لە تاکێتیی خۆیان بەر بدەن، بەڵکوو ئەگەر خواست و پێویستییەکانی چینی سەردەست بە خواست و پێویستیی خۆیان نەزانن، سەرگەردانیی، توڕهەڵدان و پەراوێزکەوتن چاوەڕێیانە؛ ئەمەش سەر دەکێشیت بۆ ئەوەی پرۆسێسی سەرکوتکردن، لە کردەیەکی دەرەکییەوە، کە دەزگەیەک پێی هەستێت، دەگۆڕێت بۆ کردەیەکی ناوەکیی/دەروونیی و خودی تاکەکان لە پێناو مانەوەدا پێی هەڵدەستن.
تاک لەم چەشنە کۆمەڵگەیەدا، پێ ناچێت نیاز و پێویستییە مینەویی و فیزیکییەکانی خۆی درک بکات، جا درکیشی بکات، چ سوود، کۆمەڵگەکەی بە شێوازێکی سەرکوتکارانە سیستەماتیک کراوە، لە بەرانبەردا ویژدانی مەسخکراوی خۆی لە ڕێگەی بەدیهێنان و دەستبەرکردنی پێویستییەکانی کۆمەڵگەوە، ئاسوودە دەکات، ئەوێ پێویستییانەی وا بەشی هەرە زۆریان ناپێویستن و ساختەی دەسەڵاتن و دوورونزیک پەیوەندییان بە ژیانی ئازادی تاکەکانەوە نییە، دەرەنجام، بە دەردی مارکۆزە دەیگوت، سەخت نییە دانی پێدا بنێین تاکێکی وا بە (لەخۆنامۆبوون) دووچار بووە.[53]ئەگەر بوێریی بنوێنم ئەوا دەڵێم، لەم ڕەوشەدا چیتر تاک لە پەیوەندییەکی هاوسەنگ و هاوئاهەنگدا نییە لەگەڵ کۆمەڵگەکەی، دەی دەلوێت بشڵێین ئەم تاکە لە ڕایەڵەکانی ئەخلاقەوە ئامبازی کۆمەڵگە نەبووە، بەڵکوو لە گێژاوی تۆڕێک لە بەرژەوەندیی ساختە، ڕەزامەندیی ڕووکەشانە و پاسیڤبووندا تواوەتەوە و وەک بەشێک لە ماشێنی بێهەستی بێرۆکراسیی ڕەفتار دەکات.
هەنووکە کۆمەڵگەیەک، کە سەرکوت تێدا سیستەماتیک بووبێت، چۆن لە سرووشت دەنۆڕێت؟ سەرنج بدە، نها دەردی ئۆجالان دەیگوت، کۆمەڵگە کوژراوە، دەوڵەت ئەم تاوانەی بە هەزاران پاساوەوە لە ئەستۆ گرتووە، جا ڕەوایەتیشی پێ داوە، تۆ وەرە سەیر ئەو پیاوە پفدراوەی لە سای ئەم “دەزگە بکوژە”ـدا لە دایک دەبێت و لە باوەشی سیستەمی “فەرمان/گویڕایەڵی”ـدا گەشە دەکات. زەینی ئەم بوونەوەرە وێنا بکە، کە هەزاران فەرسەخ لە “ویستی ئازاد” و “ژیانی ئازاد”ـەوە دوورە، نەک هەر هاوزەمان “چەوسێنەر” و “چەوساوە”ـیە، “فەرماندەر” و “گوێڕایەڵ”ـە، بگرە ئەم سیستەم و نەزمەشی لە کن ئاساییە، ئێستا با بزانین ئەم بوونەوەرە کە دیرۆک هەڵی داوەتەوە سەرووی هەرەمی کۆمەڵگەی چینایەتیی دەوڵەتگەراوە، لای مۆرای پۆکچین چۆن هەڵدەکوتێتە سەر سرووشت، جا بۆچ نا، مەگەر سرووشت ڕووبەرێک نییە بۆ داگیرکردن، وێرانکردن و دەستەمۆکردن، زەینی ئەم بوونەوەرە وای دەبینێت. لای مۆرای بوکچین، دەستەمۆکردن و ڕنینەوەی سرووشت، زادەی دەستەمۆکردن و چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتییە، پیاوان چون سەرەتا مەشقیان لەسەر چەوساندنەوەی هاوڕەگەز و ڕەگەزی بەرانبەر کردووە، نها هەڵیانکوتاوەتە سەر سرووشت، زەوییان ڕنیوەتەوە، بگرە درزخستنە نێوان ئادەمیزاد و سرووشت، کاری نێرەکان بووە، لێرەدا بوکچین هانا بۆ ئادۆرنۆ و هۆرکهایمەر دەبات تا پتر باباتەکە بکاتەوە؛ خواستی پیاوان ئەوە بوو دەسەڵاتی تەواویان بەسەر سرووشتدا هەبێت و گەردوون بۆ ڕووبەرێکی بەرینی ڕاوکردن بگۆڕن، جا بوکچین لە بری “ڕووبەرێکی بەرینی ڕاوکردن”، “ڕووبەرێکی بەرینی کوشتار” بەکار دەهێنێت و دەشڵێت بە مەبەست وەهام کردووە.[54]
ئەنجام: ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیی، ئادەمیزادی کۆمۆنیکاڵ؛ ئاسۆی بە کۆمەڵگەبوونەوەی کۆمەڵگە
لە دیدی بوکچینەوە نابێت لە دەرەوەڕا، بێ لەبەرچاوگرتنی پێکهاتە ناوەکییەکان، کۆمەڵگە قاڵبەندیی زۆرەملێیانە بکرێت، ئاخر شکست دەچنینەوە. بوکچین وای دەبینی دەبێت لێگەڕێین شەپۆلی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان، خۆڕسک و خۆسەر، لە کەناردا لەنگەر بگرن، سەروەختێک ویستراوە بە زۆروزۆرداریی گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتیی بەسەر کۆمەڵگەیەکدا بسەپێنرێت و خەڵکان لە ڕووی ئیدۆلۆژیی، ئەخلاقیی و ماددییەوە ئامادەی گۆڕانێکی بەم چەشنە نەبوون، ڕستێک کارەساتی سامناک بار هاتوون، سەرەنجام لە بری سەرکەوتن، شکست چنراوەتەوە، وەلێ هێزەیلی زۆردار “شکست”ـیان بە “سەرکەوتن” تۆمار کردووە.[55]ئەم باوەڕەی بوکچین زادەی متمانەی ئەوە بە خودی کۆمەڵگە، کە چون گیانێکی زیندوو، ئەگەر لێی گەڕێن، گوڕی ئەوەی تێدایە خۆی بئاژووێت. هەروەتر بەسەرهاتی شکستی پرۆسێسی “نەتەوەسازیی”ـی زۆرەکیی و قاڵببەندیی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویین لە چێوەی “دەوڵەت/نەتەوە”ـدا، بە بیر دەهێنێتەوە، پرۆسێسێک بە خۆی و گشت سەرکردە و جەنەڕاڵە پفدراوەکانییەوە کە بیرۆکراسییەتی دەوڵەت و ئیدۆلۆژیی نەتەوەپەرەستیی، چون پاڵەوانێک هەڵیدابوونە ناو دیرۆکی ناوچەکەوە، چەندان کارەسات و کوشتاری مەزن و شکستی ئابڕووبەریان ئافراند، کەچی مارشی “سەرکەوتن”ـیان دەهۆنییەوە. پاش پتر لە سەدساڵ، تازەبەتازە، لەسەر زاری تۆم باراکی نێردەی زلهێزی سەرمایەداریی جیهان، واتە ئەمریکا، بۆ سووریا، دان بەم شکستەدا دەنرێت و پێی لێ دەنێن کە دەسەڵاتی ناوەندگەرا و پێواژۆی نەتەوەسازیی و دەوڵەت/نەتەوە شکستی خواردووە.
دەبێت لەم تەوەرەدا ئەو پرسیارە پێش بخەیەن داخۆ چارەنووسی بنبڕ وابوو مرۆڤ لەسەر ڕەنجی هاوڕەگەزەکەی خۆی و زیادەی بەرهەم، چڕبوونەوەی دەسەڵات لە قاڵبی دەوڵەتدا بە دەزگەیی بکات و پاشان لەگەڵ سرووشت بکەوێتە زۆرانبازییەوە تاکوو دەستەمۆی بکات؟ ئەم پرسە سەر بۆ ئافراندنی پرسیارێکی سوبێکتیڤیستیانەی قووڵتر دەکێشێت؛ ئەگەر سرووشت کوێرە و بێڕەحم، دەی مرۆڤ بە هەموو کەپووبڵندییەکییەوە کوێر نییە کاتێک ئەوە نابینێت لە وەها جەنگێکدا دەکرێت سەرومڕ و لە ناواخنەوە خودی خۆیشی دووچاری گۆڕانی ڕیشەیی بێت؟ بۆیە مۆرای بۆکچین لێبڕاوانە دەڵێت؛ وەها ئەندێشەیەک کە گوایە چارەنووسی مرۆڤ زاڵبوونە بەسەر سرووشتدا، بە هیچ کلۆجێک خەسڵەتێکی گەردوونیی چاندی مرۆیی نییە.[56]
دەخوازم وەکوو کۆتایی باس بڵێم، ئەم وتارە بە لێگەڕین بەناو هزرینی ئۆجالاندا، ئەوەی نواندەوە کە دەوڵەت و کۆمەڵگەی چینایەتیی، نەک بەرهەمی زەروورەتێکی سرووشتیی، بەڵکوو پێواژۆییەکی دیرۆکیی پەتیی و پچڕانێک بوو لە ڕەوتی پەرەسەندنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئادەمیزاددا پێش هات. پچڕانێک، کە لە ڕێگەی پاوەجێکردنی سیستەمی (فەرمان/گوێڕایەڵیی) و گۆڕینی ئەخلاقی کۆمەڵەوە بە یاسای دەرەکیی، کۆمەڵگەی لە ماتەوزەی خۆبەڕێوبەریی ئازاد بەتاڵ کردەوە. لێگەڕین بەناو کۆمەڵگە بێ دەوڵەتەکاندا دەری خست، ژینگەی کۆمەڵایەتیی ئادەمیزادەیل پێش دەوڵەت، لەسەر تۆڕێک لە پەیوەندیی ئاسۆیی، بەرپرسیارێتیی و هەماهەنگیی تاک لەگەڵ کۆمەڵدا جێگیر بووە؛ هاوکێشەیەک، کە لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەت، داڕووخا.
هەروەتر درێژەی وتار، لە سایەی لێگەڕینەکانی ئۆجالاندا، ئەوەی بەرباس دا کە بەردەوامیی دەوڵەت هەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزی ڕووتەوە دەستبەر نەبووە، بەڵکوو پرۆسێسی دەروونیکردنەوەی دەسەڵات کۆمەکێکی مەزنی بەم بەردەوامییە کردووە. پرۆسێسێک، تێدا دەوڵەت دەبێتە کۆدێکی دەروونیی/زەینیی و ئادەمیزادیش هەر خۆی ڕۆڵی بەرهەمهێنانەوەی نەزمی دەسەڵات وازیی دەکات. ئەنجامی کۆتایی ئەم ڕەوتە، دەرکەوتنی بیچمی جاڕسی “مرۆڤی بیرۆکراسیزەکراوە”: سوبێکتێکی لەخۆنامۆ کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە، سرووشت و تەنانەت خودی خۆیشیدا، لە ڕێگەی ڕستێک ڕێسای بێگیان، ڕێوڕەسمە وشکەکان و ئەقڵانییەتی ئامڕازییەوە ڕێک دەخرێت. لەم ڕەوشەدا ئادەمیزاد بکەرێکی ئیرادەگەرای کۆمەڵایەتیی نا، بەڵکوو “کاکردێکی ئامڕازیانە”ـیە لە نێو دەزگەیەکی بێڕووخساردا.
لە بەرانبەر ئەم ئاسۆ لێڵەدا، ئایدیای “ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیی” و “ئادەمیزادی کۆمۆنیکاڵ” واتە؛ تێکەڵبوونێکی دیموکراتییانەی ئازاد، نەک وەکوو گەڕانەوەیکی ڕۆمانتیکانە بۆ دیرۆکی دوور، بەڵکوو وەک پڕۆژەیەکی ئاگامەندانە لەپێناو ئاواکردنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمهێنانەوەی سیاسەت وەکوو کردەیەکی بەکۆمەڵ، دەخرێتە ڕوو. ئەم بیچمەی ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە، لە سەرووی دەوڵەتەوە، خۆی لە چێوەی تۆڕە خۆبەڕێوبەرییەکان، ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی زیندوو و هاوئاهەنگکردنی تاک لەگەڵ کۆمەڵدا، دەئاژووێت. ئادەمیزادی کۆمۆنیکاڵ لەم ڕێکخستنەوە خۆسەرەدا، سوبێکتێکی پەیوەندییخوازە، مانا و بەرپرسیارییەتی نەک لە دەسەڵاتێکی “فەرماندەری”ـی دەرەکییەوە، بەڵکوو لە ڕێی بەشداریی ڕاستەخۆ لە ژیانی ئازادیی کۆمەڵایەتییەوە بەدەست دەهێنێت.
لە سایەی لێگەڕینەکانی ئۆجالاندا، ئادەمیزاد بەو ئەنجامە دەگات، ڕزگاربوون لە سەروسەکوتی مرۆڤی بیرۆکراسیزەکراو، تەنیا ئەوی دەم دەستبەر دەبێت، کە کۆمەڵگە سەرلەنوێ خۆی وەک کۆمەڵگە ببینێتەوە؛ نەک وەکوو شوێنکەوتەی دەوڵەت. واتە کۆمەڵگە خۆی لە وێنەی گۆڕەپانی زیندووی وەرگرتنی بڕیار، ماناسازیی و هاوئاهەنگیی ئازادانە ببینێت. لەم مانایەدا، کۆمەڵگەی ئەنتیگراسیۆنی دیموکراتیی، نە کۆتایی مێژووە و نە گەڕانەوەیەکی خەیاڵپڵاوانەیە بۆ پێش دیرۆک، بەڵکوو وێناکردنی ئاگامەندانەی ئاسۆییەکە بەرەو داهاتوویەک، تێیدا سیاسەت و هێزی خۆڕێکخستن دەگەڕێنەوە بۆ نێو ژیان و ئادەمیزاد لە بوونەوەرێکی پاسیڤی ژێر چەپۆکی نەزمەوە، بۆ بکەرێکی ئازادی دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵ دەگۆڕێت.
ئەخلاق و سیاسەت، لە بزوێنەرە ژیانییەکانی کۆمەڵگەن، لە دیدی ئۆجالانەوە ئەو تەونە گوڕپێدەرەن وا بەردەوامیی و پێشڤەچوون بە کۆمەڵگە دەبەخشن، ڕایەڵی زیندوومانەوەی کۆمەڵگەن، لە منداڵدانی ئەم ڕایەڵەدا، بەهرەی خۆبەڕێوەبەریی، چارەسەری کێشە و پەیوەندیی ئازاد چەکەرە دەکەن.[57]
باکۆنین باس لەم جۆرە ئازادییە دەکات وا کتومت ئازادییەکە بە پێودانگی چێوەبەندییە یاساییەکان و تەنانەت لە ئازادیی دڵخوازی لیبراڵەکانیش بە دەرە. ئەو ئازادییەی مرۆڤ گرێ دەداتەوە بە شکاندنی گشت بتە زەمینیی (دەوڵەت و دەزگە هاوشێوەکان) و ئاسمانییەکان (پەرستگاکان)ـەوە و لەو وایە دەبێت بناغەی ئەم ئازادییە لەسەر داروپەردووی دەوڵەت ئاوا بکرێت، جا چێکردنی دەزگە و دامەزراوەی خۆسەری بنیادنراو لە سەر گیانی هاوکاریی خۆویستانە و دابەشکردنەوەی دەسەڵات بە شێوازیی ئاسۆییانە لە چێوەی کۆمۆنە فیدراڵییەکاندا، بەردەوامیی ئەم ئازادییە دەستەبەر دەکەن.[58]
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
[1] عەبدوڵڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی (سۆسیۆلۆژیای ئازادیی) کتێبی سێیەم، وەرگێڕ؛ لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، دەزگەی ڕەنج، سلێمانی ٢٠١٠، ل ١٠٦.
[2] بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:
Harry A. Hoffner, Jr: Hittite Myths, Atlanta, GA: Scholars Press / Society of Biblical Literatur, Atlanta, Georgia, USA 1998.
[3] Etienne Balibar and Immanuel Wallerstein: Race, nation, class: ambiguous identities, translation by Chris Turner, press VERSO, London 1991, p 36.
[4] Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology. Translated by Robert Hurley and Abigail Baskin. New York: Zone Books, 1989. P 7.
[5] ماری بوکچین: بوم شناسی آزادی، ظهور و ازهم پاشیدگی طبقات، بە همت روبرت سپانیان، کمال محمودی، انتشارات طبیعتگرایی دیالکتیکی (www.dialecticalnaturalism.com)، ص ٨١-٨٢.
[6] Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology. Translated by Robert Hurley and Abigail Baskin. New York: Zone Books, 1989. P 189-190.
[7] ماری بوکچین: بوم شناسی آزادی، ظهور و ازهم پاشیدگی طبقات، بە همت روبرت سپانیان، کمال محمودی، انتشارات طبیعتگرایی دیالکتیکی (www.dialecticalnaturalism.com)، ص87 .
[8] همان: ص ٦٧.
[9] ماری بوکچین: ص ٨٥.
[10] همان: ص ٨٦
[11] همان ص ١٢١.
[12] ماری بوکچین: ص ٨٧.
[13] عەبدوڵڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی (سۆسیۆلۆژیای ئازادیی) کتێبی سێیەم، وەرگێڕ؛ لوقمان عەبدوڵڵا، چاپی یەکەم، دەزگەی ڕەنج، سلێمانی ٢٠١٠، ل ١٠٣.
[14] Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology. Translated by Robert Hurley and Abigail Baskin. New York: Zone Books, 1989. P 30.
[15] ماری بوکچین ص ٢٦٠.
[16]Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology.p -195.
[17] پیتر کروپتکین: یاری متقابل عامل؛ تکامل. ت: هومن کاسبی، نشر افکار، چاپ اول، تهران ١٣٩٨، ص٣١.
[18] Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology.p 201.
[19] Leviathan.
[20] عەبدوڵڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی (سۆسیۆلۆژیای ئازادی) کتێبی سێیەم ، ل ١٠٥.
[21] ماری بوکچین: ص: ١٢٦.
[22] عەبدۆڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیی (مۆدێڕنیتەی دیموکراتیی و کێشەکانی تێپەڕاندنی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی)، و: لوقمان عەبدوڵڵا، بەرگی یەکەم، چاپی سێیەم ٢٠٠٩، ل ١٤١.
[23] ئۆجالان: مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیی، بەرگی یەکەم، ل١٤٠.
[24] ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی، بەرگی سێیەم، ل ١٠٠.
[25] ماری بوکچین: ص ١٢١-١٢٢.
[26] عەبدوڵڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی، کتێبی سێیەم، ل١١١.
[27] محمد ضیمران: میشیل فوکو (دانش و قدرت)، چاپ اول، دەستگاە هرمس، ١٣٨٧تهران، ص ٦٤.
[28] محمد ضیمران: میشیل فوکو (دانش و قدرت)، چاپ اول، دەستگاە هرمس، ١٣٨٧تهران، ص ١٣١.
[29] همان: ص ١٢٦.
[30] Clastres, Pierre. Society Against the State: Essays in Political Anthropology. p 7-8.
[31] ژیل دۆلووز، کلێر پارنێ: دیالۆگەکان. وەرگێڕانی: فازڵ مەحموود، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، چاپی یەکەم، ٢٠٢١ سلێمانی، ل٢٠٦، ٢٨٤ و ٢٩٢.
[32] عبدۆڵا ئۆجالان: مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیی (مۆدێڕنیتەی دیموکراتیی و تێپەڕاندنی کێشەکانی مۆدێڕنیتەی سەرمایەداریی)، بەرگی ٢، و: لوقمان عەبدۆڵا، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی ٢٠٠٩، ل ٢٤٩.
[33] ماری بوکچین: ص ٢٢.
[34] ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی، بەرگی ٣ ل ٥٧.
[35] ماری بوکچین: ل ٢٣.
[36] محمد ضیمران: میشیل فوکو (دانش و قدرت)، چاپ اول، دەستگاە هرمس، ١٣٨٧تهران، ص ١٥٨.
[37] ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی، بەرگی ٣، ل ١٠٢-١٠٣.
[38] بڕوانە:
Nick Bostrom: Superintelligence: Paths, Dangers, and Strategies, Oxford University Press, Oxford United Kingdom, 2014 PP 9-12.
[39] فرانتس كافكا، مسخ، ترجمه فرزانه طاهری، تهران، نیلوفر، چاپ دوم، 1378، ص 12 و 13.
[40] ئۆجالان: مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیی، بەرگی دووەم، ل ٢٤٩.
[41] ئۆجالان: مانیفیستۆی شارستانێتی دیموکراتیی، بەرگی دوو، ل ٢٥١
[42] هەمان: ل ٢٥٢.
[43] Implementation.
[44] Deployment.
[45] میشیل فوکو: باید از جامعە دفاع کرد (درس گفتارهای کلژ دوفرانس ١٩٧٥-١٩٧٦)، ترجمە: رضا نجف زادە، انتشارات رخداد نو، چاپ اول، تهران ١٣٩٠ص٥٤.
[46] همان، ص٥٥.
[47] ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازدیی، بەرگی سێیەم، ل ١٠٠.
[48] هەمان: ل ٥٧.
[49] هەمان: ل ١٠٤.
[50] هربرت مارکوزە: انسان تک ساحت: ترجمە، محسن مویدی، موسسە انتشارات امیر کیر، چاپ سوم، تهران ١٣٦٢، ص٣٣
[51] هربرت مارکوزە: انسان تک ساحت: ترجمە، محسن مویدی، موسسە انتشارات امیر کیر، چاپ سوم، تهران ١٣٦٢، ص.٣٧
[52] همان: ص ٤٤
[53] همان: ص ٤٧.
[54] ماری بوکچین: ص ٤٠
[55] همان: ص ٧٠-٧١.
[56] همان: ص ٨٤.
[57] ئۆجالان: مانیفیستۆی کۆمەڵگەی ئازادیی، بەرگی ٣ ل ١٠٤.
[58] میخائیل باکونین: پنج جستار. ترجمە: شروین طاهری، رضا اسکندری. انتشارات خرد سرخ، چاپ دوم، تهران ١٣٩٦، ص ٣٥-٣٦.



