ڕێبەر ئاپۆ: دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دەربارەی ئەو دیدارەی کە دوێنێ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجامیان دا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

“ڕێبەر ئاپۆ: چاکسازیی یاسایی، دەمانخاتە ناو بنیادنانێکی ئەرێنیی ڕاستەقینە و قۆناغێکەوە؛ کە چەرخی دیموکراسیی هەڵیدەسووڕێنێت، دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە و سەرکەوتنی قۆناغەکەش ئێمە لەم ئامانجە نزیک دەکاتەوە.”
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، دەربارەی ئەو دیدارەی کە دوێنێ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی ئەنجامیان دا، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە:
“لە ٢٤ـی گوڵانی ٢٠٢٦ـدا، وەک شاندی ئیمراڵی لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەو هەڤاڵانەی لەگەڵیدا دەمێننەوە دیدارێکمان ئەنجامدا، لە دیدارەکەدا نرخاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلان بە کورتی بەم شێوەیە بوون:”
“ئەو کۆمەڵگایانەی کە بە توڕەییەکی گەورە؛ پڕ و لێوانلێو بوون، بەبێ فکرێکی مەزن و بەبێ بەها ئەخلاقییە گەورەکان ناتوانرێت بگۆڕدرێن، کۆمەڵگا، لە هەر ئاستێکی ژیاندا لە ڕووی ئەخلاقی، سیاسی، یاسایی و ئابوورییەوە خراپ گیری خواردووە و تەنگەتاو بووە، لەبەر ئەم هۆکارەشە کە ئێمە لەسەر پرۆسەکە پێداگری دەکەین و پەلە دەکەین.”
“بە بڕوای من، بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا دەتوانێت هەموو ئەگەرێک لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، دەوڵەتانی وەک ئێران و ئیسرائیل وشک (توند) دەبن و دیارە کە وشک (توندتریش) دەبن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا درووستکردنی نەتەوەپەرستی و جیاکاریی، گەورەکردنی (مایکرۆ-نەتەوەپەرستی) زیان بەخشە، ئێمە کار لەسەر پرۆسەیەک دەکەین؛ کە چاودێریی ڕووداوە پڕ مەترسییەکانی ناوچەکە بکات، ڕێگرییان لێ بکات و تۆڵەسەندنەوەی خوێناوی لەناو ببات.”
“بێگومان ئەوەی گرنگە، تەواوی ئەو کارانەی دەکرێن، ببنە خاوەن چوارچێوە و بنەمایەکی یاسایی، مانەوە لە ناو هیوا و چاوەڕوانیدا، تەنیا مەترسی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، کاتمان نییە بۆ بەفیڕۆدان، من بڕوام وایە کە سەرجەم کارەکتەرەکان بەم تێگەیشتنەوە بە بەرپرسیارێتیی مێژووییان هەڵدەستن و پەرلەمانی گەلی مەزنی تورکیاش کارەکانی خۆی بەم هەستیارییەوە بەڕێوەدەبات.”
“چوارچێوەیەکی یاسایی دەتوانێت ببێتە خانەی بنەڕەتیی پرۆسەی دیموکراتیکبوون.”
“چاکسازیی یاسایی ئێمە دەخاتە ناو بنیادنانێکی ئەرێنیی ڕاستەقینە و قۆناغێکەوە؛ کە چەرخی دیموکراسی هەڵیدەسووڕینێت، دیموکراتیکبوون پێویستییەکی ژیانییە و سەرکەوتنی پرۆسەکەش ئێمە لەم ئامانجە نزیک دەکاتەوە.”
“ئایا لە دیموکراسیدا کارێکی ڕەوایە کە مرۆڤ بە توڕەییەوە دەرگای بارەگای گشتیی پارتێکی سیاسی بشکێنێت و بچێتە ژوورەوە؟ ئەو ڕووداوانەی پەیوەست بە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) ڕوویان دا، پەیوەندییان بە نەبوونی سیاسەتی دیموکراتی و بەڕێوەنەچوونی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەوە هەیە، هۆکاری ئەوەی دۆخەکەی گەیاندە ئەم ئاستە، بێبەشبوونە لەو پێوەرە دیموکراسییانەی، کە لە بنەمای کۆماردا هەیە، ئەو تێڕوانینەی کە دیموکراسی وەک شتێکی لاوەکیی، گەڕەلاوژە و زماندرێژی دەبینێت و هاوکات گرنگیی پێ نادات، دەرئەنجامەکەی هەڵەیەکی مەترسیدارە، هیچ دۆخێکی تری بەپەلە لە ئارادا نییە لە درووستکردن و پێشخستنی تایبەتمەندییەکانی کۆمارێکی دیموکراتیک.”
ئێمە هەوڵ دەدەین لەم وڵاتەدا زەمینەی ئەمە بنیاد بنێین و دەرفەتەکانی فراوانتر بکەین، ئێمە لە ئیمراڵی زۆر بە گرنگی دەبینین کە بە هەنگاوە یاساییەکانی چارەسەریی، کۆمار بۆ هەنگاوێکی دیموکراتی و بۆ یاسایەکی دیموکراتی ئامادە بکەین، ئەمە وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە لاوازیی دیموکراسیی ناوخۆی پارتەکان و نێوان پارتەکان دەبینین، وەڵامی هەموو ئەم هەوڵانەش، دروستکردنی کەلتوور و ناوەڕۆکێکی دیموکراتیی کۆمار و بنیادنانی سیستمێکی یاسایی دەبێت، کە گەرەنتیی هەموو ئەمانە بکات، لەسەر ئەم بنەمایە، بانگ لە هەموو کەسێک دەکەم کە بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا بکات.”
واتای ئەنتیگراسیۆن (تێکەڵبوونی کورد لە کۆماری دیموکراتیدا) ئەمەیە، ئێمە هەوڵ دەدەین کۆتایی بەو دۆخە بهێنین؛ کە پرسی کورد ساڵانێکە تێیدا گیری خواردووە، ئەو ڕەگەزە توندوتیژییەی کە بەهۆی پرسی کوردەوە هاتە ئاراوە، تەنها بە چارەسەری سیستماتیکی لەناو دەبرێت، دەتوانین بەم پرۆسەیە بڵێین؛ پڕۆسەی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوە، هاوچەرخکردن و نوێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورک و کورد.
پەیامی ئەکادیمیستان و ڕۆشنبیرانی نێودەوڵەتی کە پشتیوانیی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتییان کردووە، لە شێوەی کتێبێکدا کۆکراونەتەوە، لەم چوارچێوەیەدا دەمەوێت دەستنیشانی بکەم؛ کە ئامادەم هەر جۆرە پێشنیار، ڕەخنە و بەشدارییەک بە هەستیارییەکی گەورەوە هەڵبسەنگێنم، لەم قۆناغەدا کە لە هەر کاتێک زیاتر پێویستیمان بە دیموکراسیی و ئاشتی هەیە، بەهۆی پشتیوانییە زۆر گرنگەکەیانەوە، سڵاو لە هەموویان دەکەم.”
بە ڕێزەوە ٢٥ـی ئایاری ٢٠٢٦
“شاندی ئیمرالیی دەم پارتی”



