گۆشەی ئازد

بۆچی ئەوانەی لە دوورەوە سەیرکەری شەڕن، دژی ئاشتیین؟

لە شوێنی ڕاکێشانی گەلێک بۆ نێو شەڕێکی نوێ، وێرانیی و کارەساتی مێژوویی، کردنەوەی ئاسۆیەک کە تێیدا بتوانێت لە نێو ئاشتییدا بژێت.

تەیپ تەمەل*


بۆچی ئەوانەی لە دوورەوە سەیرکەری شەڕن، دژی ئاشتیین؟

لە کاتێکدا دوو ساڵە لە کوردستان دانوستاندنەکانی ئاشتیی و چارەسەر بەردەوامن و هەواڵەکانی ڕۆژانەی کوشتن و هێرش وەستاون، بەڵام دەرئەنجامەکانی شەڕێکی قورسی نزیکەی ٥٠ ساڵە لە هەموو لایەکەوە هەستیان پێ دەکرێت. شەهیدبوونی پاڵەوانترین و کارامەترین گەنجانی نەوەیەک ڕادەگەیەنرێت؛ بە چەشنێک، کە کەشوهەوایەک لە ماتەمینیی نەتەوەیی بەسەر گەلی کورددا زاڵە. لەم هاوکێشە قورسەدا، ئەوانەی ئاشتیی، دانوستاندن و چارەسەریان دەوێت، چاوەڕوانی ئەوەن بە درووستییتێبگەیەنرێن.

 

ئەوانەی نازانن شەڕ لە واقعدا چییە، ناتوانن بە ئاسانیی لە تێچوو و بەهای ئاشتیش تێ بگەن. ئەوانەی لە ڕێگەی وێنەکانی تەلەفزیۆن، سنوورەکانی سەر نەخشەکان و لێدوانە بێهەست و توندەکانی سیاستەمدارانەوە تەماشای شەڕ دەکەن، زۆربەی جار وەک پرسیارێکی سادەی ستراتیژیی لێی دەڕوانن. لە نێو هاوکێشەکانی وەک ‘کێ بردییەوە، کێ دۆڕاندی، کێ پاشەکشەی کرد، کێ بەرەو پێش چوو؟ـدا گیر دەخۆن. بۆ ئەوانەشی لە ناو شەڕەکەدا دەژین، ماناکەی زۆر لەوە قووڵترە. بۆ ئەوان شەڕ؛ باوکێکە کە ناتوانێت بگەڕێتەوە ماڵێ، دایکێکە کە ناتوانێت بچێتە سەر گۆڕی ڕۆڵەکەی، بێسۆراغییە، گوندێکی سووتاوە، کوشتنێکی بێدادگاییە، زمانێکی سەرکوتکراوە و برینێکی قووڵە کە بۆ بەرەکانی دواتر دەگوێزرێتەوە. لەبەر ئەمە، مانای ئاشتیی لای ئەوانەی دەیانەوێت لە شەڕ ڕزگار ببن و ئەوانەی لە دوورەوە تەماشای دەکەن، یەک ناگرێتەوە.

 

بۆ کەسێک کە ئازاری شەڕی نەچێژتبێت، ئاشتیی دەکرێت وەک سازش ببینرێت. دانوستان وەک لاوازیی، و پاشەکشەش وەک دۆڕان هەژمار بکرێت. بەڵام بۆ کەسێک کە لە ناو شەڕەوە هاتبێت، ئاشتیی خودی ژیانەوەیە. یەکێک لە دژایەتییە سەرەکییەکانی ئەو باسانەی ئه‌مڕۆ لە تورکیا و ناوچەکەدا دەگوزەرێن، لەم خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو ڕەوتانەی لە ڕابردوودا دەیانگوت؛ لە شەڕدوورن، بۆچی کاتێک ئاشتیی دەبێتە ڕۆژڤ، تووشی دڵڕاوکێ دەبن؟ بۆچی ئەوانەی داوای بێدەنگبوونی چەکەکان دەکەن، بە خۆبەدەستەوەدان تۆمەتبار دەکرێن؟ بۆچی دانوستان وەک سازشدەبینرێت؟ چونکە ترسی سەرەکیی، ئەو گۆڕانکارییەیە وا ئاشتیی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت.

 

ئاشتیی، سیستەمی شەڕ تێک دەدات

شەڕ خاوەنی سیستەمێکی تایبەت بە خۆیەتی. لە ڕێگەی دوژمنایەتییەوە سیاسەت دەکرێت، ترسەکان گەورە دەکرێنەوە، کۆمەڵگەکان لە یەکتر دوور دەخرێنەوە. هەموو ناڕەزایەتییەک بە ئاسانیی لە ژێر ناونیشانی ‘ئاسایش’ـدا سەرکوت دەکرێن. کاتێک ئاشتیی دێت، پرسیاری دیکە دەبنە ئەمرێکی واقيع؛ ئەم شەڕە بۆچی ڕووی دا؟ ئەم هەموو مرۆڤە بۆچی کوژران؟ ئەم هەموو ساڵە بۆچی بەفیڕۆ دران؟ بۆچی کورد نەهێڵرا وەک هاووڵاتییەکی یەکسان و ئازاد بە ناسنامەی خۆیانەوە بژین؟ بۆچی گەلان و باوەڕییە جیاوازەکان وەک هەڕەشە بۆ یەکتری پیشان دران؟ دەسەڵات بۆچی دەبێت پەیوەندیی خۆی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بگۆڕێت؟ نیگەرانییسەرەکیی ئەوانەی لە ئاشتیی دەترسن، کەمێک لەمەوە دەست پێدەکات. چونکە ئاشتیی ڕاستەقینە، هاوشانی بێدەنگبوونی چەکەکان، پێداچوونەوەش بە ڕەفتار و پەیوەندییە سیاسییە دروستبووەکانی سەردەمی شەڕدا دەهێنێتە ئارا.

 

مانای بانگەوازەکەی ئۆجالان

پێویستە تێڕوانینی ئۆجالان بۆ ئاشتی لە چوارچێوەی دەیان ساڵ لە سەرهەڵدان و ململانێکانەوە هەڵسەنگێندرێت، نە وەک بخرێتە ناو چوارچێوەی تەنگی جەنجاڵی ڕۆژانەی سیاسەتەوە. پرسیارە بنەڕەتییەکە ڕوونە؛ لە شوێنی ڕاکێشانی گەلێک بۆ نێو شەڕێکی نوێ، وێرانیی و کارەساتی مێژوویی، کردنەوەی ئاسۆیەک کە تێیدا بتوانێت لە نێو ئاشتییدا بژێت. بەم هۆیەوە، بانگەوازی ٢٠٢٥ـی ئۆجالان بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”، هەم بانگەوازێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، هەم دەربازبوونێکیشە لەو سیستەمەی شەڕ دیاریی کردووە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئیرادەی پێکەوەژیان. ئەوانەی ئەمە بە خۆبەدەستەوەدان لەقەڵەم دەدەن، مانای ئاشتیی بە پێچەوانەوە دەخوێننەوە. خۆبەدەستەوەدان، دەستبەرداربوونە لە ئیرادە. هەرچی ئاشتییە، گەڕانە بەدوای ڕێگای پێکەوەژیان بە پاراستنی ئیرادەی خۆتەوە. لەوەش زیاتر، داواکردنی ئاشتیی لە سەخترین کاتەکانی شەڕدا، بەراورد لەگەڵ بەردەوامیدان بە شەڕ، زۆربەی جار پێویستی بە بوێرییەکی زۆر گەورەترە.

 

پاراستنی گەل گەورەترین خەباتە

بچووککردنەوەی خەباتی سیاسیی گەلێک تەنها لە بەردەوامیی شەڕ و ململانێی چەکدارییدا، مانای سیاسەت تەنگ دەکاتەوە. بەڵێ، هەندێک جار گەورەترین خەبات دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ نییە، بەڵکوو پاراستنی کۆمەڵگەیە لە شەڕێکی نوێ. زۆربەی جار سەرکەوتنی سەرەکیی سیاسیی تێکشکاندنی لایەنی بەرانبەر نییە، بەڵکوو دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێیە لە شوێنی چەندین ساڵ لە دوژمنایەتیی. لە بنەڕەتی تێڕوانینەکەی ئۆجالانیشدا ئەم هەوڵە هەیە: تێپەڕاندنی بازنەی نکۆڵیی، شەڕ، کۆمەڵکوژیی و وێرانەیمێژووییەی بەسەر گەلی کورددا داسپێردراوە، و ڕەخساندنی زەمینەیە بۆ ئەوەی کورد بە ناسنامە و ئیرادەی خۆیەوە ژیانێکی دیموکراتییانە بنیات بنێت. بەم مانایە، ئاشتیی پاشەکشە نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ ڕەخساندنی کایەیەکی نوێی سیاسیی.

 

لە سووریاش پرسیارەکە هەمان پرسیارە

هەمان ململانێ لە سووریاش دەبینین. داڕشتنەوەی سیاسەتی مەزڵووم عەبدیی و هەڤاڵانی تەنها لە چوارچێوەی پرسیارەکانی “کێ لەگەڵ کێیە؟ کێ چ پۆستێک وەردەگرێت؟”، لە باشترین حاڵەتدا تێنەگەیشتنە لە ڕووداوەکان. پرسی سەرەکیی ئەوان بەدەستهێنانی پلە و پۆست نییە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە. پرسەکە ئەوەیە کە کورد لە سووریا ببێتە خاوەن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆی. بەشداریی کوردە وەک ڕۆڵگێڕێکی سیاسیی لە داهاتووی سووریا؛ بۆ بنیادنانی ژیانێکی دیموکراتییانە لەگەڵ عەرەب، سریانیی، عەلەویی، ئەرمەنیی و گەلانی دیکەدا.

 

ئەو دیدار و گفتوگۆیانەی ئەمڕۆ دەکرێن، ئەو پەیوەندییانەی دادەمەزرێن و ئەو هەنگاوانەی دەنرێن، دەبێت وەک دەستپێکێکی بچووک لەم چوارچێوەیەدا هەڵسەنگێندرێن. هەوڵدان بۆ بەشداربوون لە داهاتووی سیاسیی سووریا بە پاراستنی بەشێک لە دەستکەوتەکانی کورد، گەڕان نییە بەدوای پۆستدا، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بەئەکتەربوونی مێژوویی سیاسیی. ڕەنگە ئەمڕۆ کەسانێک هەبن ئەمە بچووک سەیر بکەن. بەڵام یادەوەریی مێژوو زۆر لە باسی ڕۆژانەی سیاسەت بەهێزترە. لە کۆتاییدا مێژوو تەماشای ئەوە دەکات کێ ڕێگەی بۆ داهاتووی گەلەکەی کردووەتەوە.

 

ئاشتیی لەبیرکردنی ڕابردوو نییە

یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئاشتیخوازان دەکرێت، بانگەشەی لەبیرکردنی ڕابردووە. کەچی ئاشتیی لەبیرکردن نییە. بەڵکووبەکارهێنانی ڕابردووە بە هەموو ئازارەکانییەوە بۆ ڕزگارکردنی داهاتوو لە بوون بە دیلی ئەو ڕابردووە. هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەیەک لە توانای بەردەوامی بەرهەمهێنانی دوژمندا نییە. هێزی ڕاستەقینە؛ دەرهێنانی داهاتوویەکی هاوبەشە لە ناو ئازارەکانیدا. لەبەر ئەمە دەبێت ئەم پرسیارە لەوانە بكرێت کە لە ئاشتیی دەترسن: ئایا لە خودی ئاشتیی دەترسن، یان لەو سیستەمەی ئاشتیی دەیگۆڕێت؟ چونکە کاتێک ئاشتیی دێت، زمانی سیاسەت دەگۆڕێت. ڕەفتارەکان دەگۆڕێن. پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ کۆمەڵگە دەگۆڕێت. تێڕوانینی مرۆڤەکان بۆ یەکتری دەگۆڕێت. ڕەنگە لە هەمووی گرنگتر، زەمینە خۆش دەبێت بۆ ئەوەی ئەو مرۆڤانەی ساڵانێکە وەک ‘دوژمن’ نیشان دراون، جارێکی دیکە وەک مرۆڤ تەماشای یەکتر بکەنەوە. گۆڕانکاری ڕاستەقینە ئەمه‌یە. بەردەوامیدان بە شەڕ ئاسانە. درووستکردنی دوژمن ئاسانە. گەورەکردنی ترس زۆر ئاسانە. ئەوەی قورسە، بەرگریکردنە لە پێکەوەژیان دوای ئەم هەمووە.

 

لەبەر ئەمە، تۆمەتبارکردنی خوازیارانی ئاشتیی و دانوستان بە خۆبەدەستەوەدان، هیچ مانایەکی دیکەی نییە جگە لە بەردەوامیدان بەو زمان و ئەقڵییەتەی لە شەڕ بەجێماوە. ئەمڕۆ تورکیا و ناوچەکە پێویستیان بە دوژمنایەتی زیاتر نییە، بەڵکوو پێویستیان بە بوێرییسیاسیی زیاترە. بوێریی ئەوانەمان پێویستە کە دەیانەوێت گەلەکەیان لە وێرانییەکی نوێ بپارێزن و لە سەر مێزی دانوستان دەمێننەوە و ناترسن. دەڵێن؛ شەڕ دەتوانێت دوژمن تێک بشکێنێت، بەڵکوو ئاشتی دەتوانێت دوژمنایەتی تێک بشکێنێت. سەرکەوتنی گەورە بۆ گەلان لەناوبردنی یەکتر نییە، بەڵکوو پێکەوەژیانە بێ ئەوەی یەکتر لەناو ببەن.

 

سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی یاشام (Yeni Yaşam)

 

ئەندامی پەرلەمانی دەم پارتی

 

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.