لە تاکگەرایی لیبراڵەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ

عەلی ئەحمەد
داگرتنی فایلی PDF
لە تاکگەرایی لیبراڵەوە بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ
پێشەکیی
کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی لە سەدەی بیستەمدا بە ئەزموونی سێ ئایدیۆلۆژیای سیاسیی بنەڕەتییدا تێپەڕی، ئەوانەش: لیبراڵیزم، کۆمۆنیزم و فاشیزم. ئەمانەش چەندین بزووتنەوە و ڕەوتی ئایدیۆلۆژییان لێ کەوتەوە، لەوانە كۆنزەرڤاتیزم، چەپڕەو، ڕاستڕەو، دەسەڵاتخوازیی، نەریتگەرایی، سۆسیالیزم و هتد… فاشیزم درەنگتر لەوانی دیكە لە ئەورووپا سەری هەڵدا و بەر لە هەموو ئەوانەش لەناو چوو. لیبڕاڵیزم یەكەم ئایدۆلۆژیای سیاسیی بوو كە لە سەدەی هەژدەیەمدا سەری هەڵدا و لە كۆتاییدا پاش ململانێیەكی مێژوویی بەسەر هەردوو ئایدیۆلۆژیاکەی دیکە و فۆرمەکانیاندا زاڵ بوو. ساڵی ١٩٩١ لیبڕاڵیزم، کە نوێنەرایەتیی سیستەمی سەرمایەداریی دەکرد، پاش نیو سەدە لە ململانێ بە سەر سۆسیالیزمی واقیعیی (ڕیاڵ سۆسیالیزم)ـدا سەركەوت، كە ئاوابوونی خۆری كۆمۆنیزمی جیهانیی لێ كەوتەوە. ئیدی لە هەموو لایەکەوە جاڕی “کۆتایی ئایدیۆلۆژیاکان” درا و فرانسیس فۆکایاما ئەمەی بە “کۆتایی مێژوو” ناو برد. ئەمڕۆکە لیبراڵیزم پێگەیەکی هەژموونیی لە جیهاندا گرتووە و بووەتە جۆرێک لە “ئەقڵی باو/هاوبەش” (common sense)ـی مۆدێرنیتە. ئێستا ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە زمان و چەمکی تایبەت بە خۆی هەیە؛ تاکگەراییانەن و لە موڵکایەتیی تایبەتدا ڕەگیان داکوتاوە. لە بەرانبەریشدا، وەک دەیڤید هارڤی دەبێژێ، “زۆربەی چەمکە هەبووەکان لە ئاڵنگارییی لۆژیکی لیبڕاڵی هەژموونگەر و بازاڕی نیۆلیبراڵ، یان شێوازە نیۆلیبراڵییەکانی یاسا باڵادەستەکانی سیاسەتی گشتییدا شکست دەهێنن”[1]. ئێمە هێشتا لە جیهانێکدا دەژین کە تێیدا مافی موڵکایەتیی تایبەت و خواستی ئاگرین بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە لە هەر چەمکێکی دیکەی ماف دەباتەوە. ڕێبەر ئۆجالانیش لەو بارەیەوە دەبێژێ: لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریییدا هەوڵ دەدرێت ئەوە لە هزردا بنەخشرێت کە دواگوتە گوتراوە، دامودەزگا لیبراڵەکان ئەڵتەرناتیڤیان نییە و تەنانەت گەیشتووینەتە “کۆتایی مێژوو”… [بەڵام] ئەم ڕەوانبێژییە سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە بە شێوەیەکی ژیانیی بۆ ناوەند و چاوگەکانی دەسەڵات و قۆستنەوە پێویستە[2].
کەواتە لیبراڵیزم خۆی چییە وا توانیویەتی ئایدیۆلۆژیاکانی دیکە ببەزێنێت؟ پەیوەندیی بە سەروەریی دەسەڵاتەوە چییە؟ چەمکە بنەڕەتییەکانی کامانەن؟ دەردەنیشانەکانی سایکۆلۆژیای سوبێکتی لیبراڵ چین؟ کۆمەڵگەی کوردیی لە کوێی ئەم ئایدیۆلۆژیایەدایە؟ ئایا ئێمەش لیبراڵ داگەڕاوین؟ ئایا بە ئایدیۆلۆژیایەکی خراپ و مەترسیدار بۆ کۆمەڵگەی کوردیی ناوی ببەین، یان ئێمەش دەتوانین لەگەڵی هەڵ بکەین و بۆ چوونە ناو سیستەمیی جیهانیی و ئەوەی پێی دەڵێن جیهانگیریی، خۆمانی لەگەڵ بگونجێنین؟ ئایا مۆدێلێکی دیکەی کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابووریی کۆمەڵگە هەیە کە بتوانێت ڕێگریی لەم ئایدیۆلۆژیایە بکات و وەڵامی خواستە ژیانییەکانی تاک و کۆمەڵگە بداتەوە؟ ئەگەر ئەم مۆدێلە کۆمۆن (کۆموناڵ) بێت، دەتوانین بەرگریی لە زمان و چەمکەکانی بکەین؟ ئێمە لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارانە بدەینەوە؟
سەرهەڵدانی لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریی – بۆرژوازیی
وشەکانی “لیبراڵ” (liberal) و “لیبێرتی” (liberty) لە زارەوەی لاتینیی (liber)ـەوە وەرگیراون کە بە واتای “ئازاد” (free) دێت. لیبراڵ تا سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم نەچووە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی زۆر لیبێرتی بە شێوەیەکی باڵکێش وەک زاراوەیەکی سیاسیی بەکار هات. پێش سەدەی نۆزدەیەم وشەی “لیبراڵ” بە شێوەیەکی باو بە واتای “بەخشندە” یان “لێبوردە” بەکار دەهێنرا. دواتر لە ڕێگەی درێژکراوەی ئەم بەکارهێنانە باوەوە، “لیبراڵ” زیاتر ئاماژە بوو بۆ هەڵوێست یان دیدێکی سیاسیی. سەرهەڵدانی بیرۆکەکانی لیبراڵ لە قۆناغی فیۆداڵیزمی ئەورووپادا دەکرێت وەک سەرهەڵدانی بیرۆکەی شۆڕشگێڕیی بەهێز هەژمار بکرێت، بەو پێیەی لیبراڵەکان بە ناوی “مافی سرووشتیی” و “مافی مرۆڤ”ـەوە، لە دژی ئەو نەزمە کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئایینییانەی کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە مابوونەوە، تێکۆشانیان بۆ ئازادیی تاکەکەسیی دەکرد. لایەنێکی باڵکێشی ئەم خەباتە، هەوڵدان بوو بۆ ئازادیی ئابووریی. ئیدی دوای هەڵوەشاندنەوەی فیۆداڵیزم، وردەوردە لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسیی مۆدێرنە لە ئەورووپا شێوەگیر بوو. لێکۆڵەران دیدگا و ڕوونکردنەوەی جیاوازیان لەمەڕ سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پێشکەش کردووە. ڕوانگەیەک کە لە نێو مارکسیست و سۆسیالیستەکاندا باوە، ئەوەیە کە لیبراڵیزم دووانەی سەرمایەدارییە. لەسەر ئەم بنەمایە سەرهەڵدانی لیبراڵیزم بە شێوەیەکی دانەبڕاو پەیوەستە بە سەرمایەدارییەوە و لیبراڵیزم خۆی ئایدیۆلۆژیایەکی سەرمایەداریی – یان بۆرژوازییە. لایەنگرانی ئەم بۆچوونە جەخت لەسەر هاوسۆزیی لیبراڵەکان بۆ مافی موڵکایەتیی تایبەت و سەرمایەداریی پەتیی یان سەرمایەداریی ڕکابەریی ئازاد (laissez-faire)[3] دەکەنەوە.
جگە لەوەش فەیلەسووفە لیبراڵە کلاسیکییەکان (بۆ نموونە، جۆن ستیوارت میل، جێرمی بێنتام و بنیامین کۆنستانت) زیاتر جەختیان لەوە دەکردەوە کە تاکەکەس لە کۆت و بەندەکانی دەوڵەت ڕزگار بکرێن. ئەگەر تاکەکان بۆ ئارەزوو و بژاردەکانی خۆیان جێ بهێڵرێن و لە هەر دەستوەردانێکی دەوڵەت ڕزگاریان بێت، ئەوا دەتوانن بەرزترین چاکە بۆ خۆیان و کۆمەڵگە (وەک تێکڕای خواست و ئارەزووەکانی تاکەکەسەکان) بەدەست بهێنن. جێرمی بێنتام باسی ئەوەی کردووە کە ئەو داواکارییە بنەڕەتییەی سەبارەت بە کشتوکاڵ و پیشەسازیی و بازرگانیی لە دەوڵەتی دەکەن، هێندەی ئەو داواکارییە ئاقڵانە و ماقووڵە کە دیۆجینیس لە ئەسکەندەری مەکدۆنیی کردووە: «بەری خۆرەکەم لێ مەگرە». بە گشتیی داواکاریی لیبراڵەکان لە دەوڵەت ئەوەیە دەستوەردان لە کاروباری ئابووریی و بژاردە و ئارەزووەکانی مرۆڤ نەکات، خەڵک تەنێ پێویستی بە ڕێگایەکی پارێزراوی ئازادە”. ئەمە گونجاوترین داواکارییە کە کۆمەڵگە دەبێ لە دەوڵەتی بیکات[4]. بەڵام دەرکەوتووە کە لیبراڵیزم خۆی هەر کاتێک پێویست بکات، پەنا بۆ دەوڵەت یان سەرەوەریی دەسەڵات دەبات بۆ ئەوەی دەستوەردان لە بازاڕ بکات، هەر خۆیشی بە زمانێکی داواکاریی ئازادانە تاکاکەسەکان پڕ دەکاتەوە لەو بژاردە و ئارەزووانەی وا ڕێگەیەکی دیکەیان نییە جگە لە پەسەندکردنیان؛ بەم پێیەش بەگوێرەی خۆی فۆرمێکی دیکەی دەسەڵاتی بەسەر تاکەکان و کۆمەڵگەدا سەپاندووە. جگە لەمانەش دواجار خۆییشی چووە خزمەتی سیستەمی سەرمایەداریی دەوڵەت-نەتەوەوە.
لێکۆڵەرانی ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەکی باڵادەستیی ئەم قۆناغەی مێژوو ناو دەبەن، کە چەمکە بنەڕەتییەکانی (ئازادیی کار، خاوەندارێتیی تایبەت، ئازادیی هەڵبژاردن، سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕۆڵی پێشەنگی بازاڕی ئازاد)ـی کردووە بە درووشمی لەپێشینەی خۆی. ئەم چەمکانە بوون بە سەرەتا و زەمینەکی بنەڕەتیی بۆ زمان و جیهانبینیی ئەوەی ئەمڕۆ بە ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەرمایەداریی و فۆرمە تازەکەی، واتە نیۆلیبراڵیزم ناو دەبرێت. بە گشتیی، لیبراڵیزم «ماڵێکی فرەژوورە»، – ئایدیۆلۆژیاکە کە ژمارەیەکی زۆر نووسخەی فکریی، سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی هەیە. ئالێن دێ بێنوا فەیلەسووفی فەڕەنسیی لە پەڕتووکەکە خۆیدا «دژی لیبراڵیزم» دەنووسێت: «لیبراڵیزم، بەهۆی ئەوەی ئەنجامی کاری تاقە مرۆڤێک نییە، هەرگیز ڕێباز (دۆکترین)ـێکی یەکانگیر نەبووە. نووسەرانی ئەم ڕێبازە بە شێوازی زۆر جیاواز و هەندێک جار دژواز باسیان کردووە. سەرەڕای ئەوەش، ئەوەندە خاڵی هاوبەشیان هەیە کە بیانکەین بە بەڵگەیەک بۆ ئەوەی هەموویان وەک لیبراڵ پۆلێن بکەین. هەروەها ئەم خاڵە هاوبەشانە وامان لێ دەکەن بتوانین لیبراڵیزم وەک فێرگەیەکی تایبەتی بیرکردنەوەی سیاسیی پێناسە بکەین. لیبراڵیزم، لە لایەکەوە، دۆکترینێکی ئابوورییە کە هەوڵ دەدات مۆدێلی بازاڕی خۆڕێکخەر بکاتە پارادایمی هەموو واقیعی کۆمەڵایەتیی: ئەو شتەی بە لیبراڵیزمی سیاسیی ناو دەبرێت، تەنێ یەکێکە لە شێوازەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرەنسیپانەی لەم دۆکترینە ئابوورییەوە دەرهێنراون بۆ ژیانی سیاسیی. ڕێک هەر ئەم دۆکترینە مەیلی ئەوەی هەیە، تا دەتوانێت، ڕۆڵ و پانتایی سیاسەت سنووردار بکات. فیتاوفیت لەم واتایەدا دەتوانین بێژین، زاراوەی «سیاسەتی لیبراڵ» لە خۆیدا پێکدژ و ناکۆکە. لە لایەکی دیکەوە، لیبراڵیزم دۆکترینێکە لەسەر ئەنترۆپۆلۆژیای تاکگەرایی بەندە، واتە مرۆڤ وەک بوونەوەرێک لە بنەڕەتەوە ناکۆمەڵایەتیی دەبینێت. ئەم دوو تایبەتمەندییە، کە لایەنی وەسفیی و پێوانەیی (نۆرماتیڤ)ـیان هەیە (تاکەکەس و بازاڕ لێرەدا هەم وەک ڕاستییەکی هەبوو و هەم وەک مۆدێلێک سەیر دەکرێن)، ڕاستەوخۆ دوژمنایەتیی ناسنامەی دەستەجەمیی (بەکۆمەڵ، کۆلێکتیڤ) دەکەن»[5].
ئادەم سمیس و سەروەریی دەوڵەت
ئۆنیگێن «لۆمەی هۆمەر و تیۆکریتۆسی دەکرد؛
لێ ئادەم سمیسی دەخوێندەوە،
و ئابووریناسێکی قووڵ بوو،
واتە دەیتوانی داوەریی بکات،
چۆن دەوڵەت دەوڵەمەند دەبێت،
هەم لە سەر چ دەژی، هەم بۆچی
پێویستی بە زێڕ نییە،
کاتێک بەرهەمێکی سادەی هەیە»[6].
ئەو بیرمەندانەی بانگەشەی تایبەتمەندییە باشەکانی بازاڕ ئازاد و ئابووریی ئازادیان دەکرد، لیبراڵە کلاسیکییەکانی وەک ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ بوون، ئەویش بەرانبەر بازرگانیی تەوەریی پاشاکان کە بەهۆی چاوچنۆکیی تا ڕادەیەکی زۆر کۆنترۆڵی ئابوورییان کردبوو و هەوڵیان دەدا بڕێکی زۆری زێڕ بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە کۆ بکەنەوە. ئەم بیرمەندانە دەیانویست دەوڵەت دەستوەردان لە چالاکییە ئابوورییەکانی هاووڵاتییانی بەرژەوەندیخواز نەکات و لەبری ئەوە دەسەڵاتی خۆی بۆ فەراهەمکردنی ئاڵوگۆڕی ئابووریی ئازاد بەکار بهێنێت.
لە تیۆری لیبڕاڵدا مافی موڵکایەتیی تایبەت بەو بانگەشەیە ڕەوایەتیی پێ دەرێت گوایە بە ئاسانکاریی بۆ ئاڵوگۆڕی دادپەروەرانە و ئازاد لە بازاڕدا چاکەی گشتیی مسۆگەر دەکات. چاکەی گشتیی، وەک تۆماس هۆبز باسی دەکات، بەهۆی کێبڕکێی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانەوە بەرهەم دێت، بەڵام لەلایەن دەوڵەتێکی بەهێزەوە سنووردار دەکرێت. ئەم ڕوانگەیە لەلایەن تیۆرزانانی لیبڕاڵی وەک جۆن لۆک و ئادەم سمیسیشەوە خراوەتە ڕوو، تا ئەمڕۆکەش بەردەوامە لە بانگەشەکردن. ئەمڕۆ هەرچەندە خودی ئەم بیرۆکانە لە کاتی پێویستدا بە هێزی دەوڵەت جێبەجێ دەکرێن، لێ ئارمانجی بانگەشەکه سنووردارکردنی ڕۆڵی دەوڵەتە لە بازاڕدا، ئەمەش فۆرم و قۆناغێکی دیکەی لیبراڵیزمی سەرمایدارییە و بە نیۆلیبراڵیزم ناو دەبرێت.
کارڵ مارکس لە پەڕتووکی «هەژاری فەلسەفە» (لە ساڵی ١٨٤٧) ئابووریناسە سیاسییەکانی ئینگلیز – وەک ئادەم سمیس و دەیڤید ڕیکاردۆ – بە ئابووریناسی کلاسیک ناو دەبات. هەروەها بە نوێنەری ئەو بۆرژوازییە ناویان دەبات وا هێشتا دژی پاشماوەکانی کۆمەڵگەی فیۆداڵیی خەباتی دەکرد، تەنیا هەوڵی دەدا پەیوەندییە ئابوورییەکان لە پەڵەی فیۆداڵیی پاک بکاتەوە و هێزی بەرهەمهێنان زیاد بکات و مەودایەکی نوێ بە پیشەسازیی و بازرگانیی بدات. مارکس، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەمە، دەبێژێ، ئەرکی ئابووریناسە کلاسیکییەکان «تەنیا لە نیشاندانی چۆنییەتی بەدەستهێنانی سامان لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی بۆرژوازییدا پێک دێت، هەروەها داڕشتنی ئەو پەیوەندییانە لە شێوەی پۆلێن و یاسا و سەلماندنی ئەوەی ئەم یاسا و پۆلێنانە بۆ بەرهەمهێنانی سامان زۆر گونجاوترن لە یاسا و پۆلێنەکانی کۆمەڵگەی فیۆداڵیی. لە چاوی ئەواندا هەژاریی تەنێ ئەو ئازارەیە وا هاوەڵی هەموو لەدایکبوونەکانە، چ لە سرووشت و چ لە پیشەسازییدا»[7].
بەم جۆرە ئەو ئابوورییە سیاسییەی سمیس بانگەشەی بۆ دەکرد، لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی بۆرژوازی ئینگلیزیی لە تێکۆشانی دژی پاشماوەی فیۆداڵیزمدا دەگونجێت. ئەمەش ئادەم سمیس دەکات بە ئایدیۆلۆژیستێکی بۆرژوازیی ئەو قۆناغەی بۆرژوازیی هێشتا وەک چینێک هەڵدەکشا. بۆرژوازی ئینگلیزیی لەو قۆناغەدا پێویستی بە پاساوێکی تیۆریی بوو بۆ سیاسەتی بازرگانیی، کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بوو باڵادەستی نەزمی سەرمایەدارانە بە سەر سیستەمی فیۆداڵییدا بسەلمێنرێت و هێزی بزوێنەری گەشەسەندنی ئابووریی دەستنیشان بکرێت و سەرچاوەکانی هێز و دەسەڵاتی وڵات ڕوون بکرێتەوە. کتێبی بەناوبانگی “سامانی نەتەوەکان”ـی ئادەم سمیس ئەم پێویستییە بۆ بۆرژوازیی ئینگلیز دابین دەکات”[8].
بۆ ئادەم سمیس بازاڕ دەرەنجامێکی ڕاستەوخۆی دابەشکردنی کارە و کۆمەڵگەش بەپێی یاسا “سروشتییەکان”ـی ژیانی ئابووریی بەڕێوە دەچێت: «هەموو کەسێک بەشداریی ئاڵوگۆڕی بازاڕ دەکات؛ بەم جۆرەش هەموو کەسێک بە شێوازی خۆی دەبێتە بازرگان، کۆمەڵگەش دەگۆڕێت بۆ کۆمەڵگەی بازرگانەکان»[9]. سمیس پێی وای بوو، بازاڕ لەلایەن کردەی «دەستی نادیار»ـەوە ڕێک خراوە، کە ئەمەش تاکەکەسەکان بەبێ مەبەست پێکیان هێناوە: «لە بازرگانییدا، تاکەکەس مەبەستی تەنێ قازانجی خۆیەتی و ئەو بەمە، وەک چەندان حاڵەتی دیکە، لەلایەن دەستێکی نادیارەوە بەرەو کۆتاییەک (ئامانجێک) ئاڕاستە دەکرێت کە هەرگیز بەشێک نەبووە لە مەبەستی وی»[10]. ئەم “دەستە” هانی تاکەکەسەکان دەدات کار بۆ بەرژەوەندیی و قازانجی خۆیان بکەن، هاوکات ئەم کارەش لە قازانج و خزمەتکردنی کۆمەڵگەدایە: «هەموو تاکەکەسێک بەردەوام بەدوای بەسوودترین بەگەڕخستندا دەگەڕێت بۆ ئەو سەرمایەی لەبەر دەستیدایە. ڕاستە ئەوەی دەیدۆزێتەوە، قازانجێکە بۆ خۆی، نەک بۆ کۆمەڵگە؛ لێ گرنگیدان بە قازانجی تایبەتیی بە شێوەیەکی سرووشتیی یان زیاتر، وەک پێویستییەک، پاڵی پێوە دەنێت بۆ بەگەڕخستنی ئەو سەرمایەی باشترین و بەسوودترینە بۆ کۆمەڵگە»[11].
وەک ئاماژەی بۆ کرا، بناغەی ئەو سیاسەتە ئابوورییەی سمیس بەرگریی لێ دەکات، بریتییە لە ئازادیی ئابووریی و دەستوەرنەدانی دەوڵەت لە ژیانی ئابوورییدا. سمیس دوای لێکۆڵینەوە لە سیستەمە جۆراوجۆرەکانی ئابووریی سیاسیی، ڕوانینی خۆی بەم شێوەیە داڕشتووە: «لەبەر ئەوەی هەموو سیستەمەکانی پەسەندکردن و سنووردارکردن سەرومڕ نامێنن، ئاشکرایە هەر تەنێ سیستەمی ڕوون و سادەی ئازادیی سروشتیی دەمێنێتەوە. هەر مرۆڤێک، تا ئەو کاتەی یاساکانی دادپەروەریی پێشێل نەکات، تەواو ئازادە لەوەی بەپێی حوکمی خۆی بەدوای بەرژەوەندیی خۆیەوە بێت، هەروەها بە پیشەسازیی و سەرمایەی خۆی ڕکابەریی لەگەڵ ئەوانەی کەسانی دیکە یان چینێکی دیکە بکات»[12]. بەم جۆرە، سمیس لە بازرگانیی ئازاددا شتێکی زیاتری دەبینی – بازاڕ تێربوونی بەرژەوەندیی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە هەموو وڵاتاندا مسۆگەر دەکات.
سمیس بڕوای وا بوو کە بازرگانیی ئازاد سوودێکیشە بۆ کرێکاران. بەڵام ڕاستییەکەی دواتر دەرکەوت، بازرگانیی ئازاد تەنیا مانای ئازادیی سەرمایەی بۆرژوازیی دەدات بۆ چەوساندنەوەی کرێکاران. فکری ئازادیی کاری کرێکاران، کە لەلایەن ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی و لە ناو تیۆرییەکانی ئابووری سیاسیی کلاسیکدا پەرەی پێ دراوە، بووەتە یەکێک لە بەردەکانی بناغەی لیبراڵیزم. لیبراڵیزمیش دواتر وەک فۆرۆم و ڕوخساری سەروەریی مۆدێرنەی ئەورووپیی بە هەموو لایەکی جیهاندا بڵاو دەبێتەوە. مارکس و ئەنگڵس لە «مانیفیستۆی پارتی کۆمۆنیست»ـدا (١٨٤٨) بە توندیی چەمکەکانی ئازادیی کار و تاکەکەسی بۆرژوازیی ڕەت دەکەنەوە و دەیانبەستنەوە بە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییەوە: «لە کۆمەڵگەی بۆرژوازییدا، سەرمایە سەربەخۆیە و خاوەنی کەسایەتییە، لە حاڵێکدا، مرۆڤی زیندوو بێ کەسایەتییە. لەناوبردنی ئەم بارودۆخەیە کە بۆرژوازی پێی دەڵێت لەناوبردنی کەسایەتی و ئازادیی! ڕاستیش دەکات، بێگومان قسە لەسەر لەناوبردنی کەسایەتی بۆرژوایی، سەربەخۆی بۆرژوایی و ئازادیی بۆرژواییە! مەبەست لە ئازادیی، لە پەیوەندیی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارانەی ئێستادا، ئازادیی بازرگانیی، ئازادیی کڕین و فرۆشتنە. بەڵام ئەگەر کڕین و فرۆشتن لەناو چووە، دیارە کڕین و فرۆشتنی ئازادانەش لەناو دەچێت»[13].
سلاڤۆی ژیژەک لە پەڕتووکی ئوبێکتی باڵای ئایدیۆلۆژیادا، ئاماژە بەوە دەکات ئازادیی کار سیمپتۆمێک (دەردەنیشانە)ـیەکە، کە مارکس لە ڕێگەیەوە جۆرێک لە قڵیش و نابەرانبەریی، جۆرێک لە ناهاوسەنگیی “پاتاۆلۆژییانە”ـی ئاشکرا کرد و گشتەکیبوونی “ماف و ئەرکە” بۆرژوازییەکانی پووچەڵ کردەوە. ژیژەک دەنووسێت: “ئازادیی چەمکێکی گشتەکییە و ژمارەیەک جۆر دەگرێتە خۆی (ئازادیی ڕادەربرین و چاپەمەنیی، ئازادیی فیکر و بیروباوەڕ، ئازادیی بازرگانیی، ئازادیی سیاسیی و هتد…)، کە هاوکات و بەهۆی زەروورەتێکی بنیادییەوە، ئازادییەکی تایبەتیش دەگرێتەوە (ئازادی کرێکار بۆ فرۆشتنی ئازادانەی دەستی کاری خۆی لە بازاڕدا) کە ئەم چەمکە گشتەکییە هەڵدەوەشێنێتەوە. واتە ئازادیی ڕێک دژی ئازادییە کارا و فعلییەکەیە: کرێکار بەهۆی فرۆشتنی “ئازادانە”ـی دەستی کاری خۆیەوە، ئەم ئازادییە لەدەست دەدات – ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی ئەم کردە ئازادانەیەی فرۆشتن بریتییە لە [کۆیلەکردن] و کۆتوبەندکردنی کرێکار بە سەرمایەوە. دیارە خاڵە گرنگەکە ئەوەیە کە ڕێک ئەم ئازادییە پارادۆکسیکاڵەیە، فۆرمە پێچەوانەکەی ئازادییە، کە بازنەی “ئازادییە بۆرژواییەکان” کامڵ دەکات”[14]. لێرەوە دەتوانین جەخت لەسەر ئەو خاڵە بکەینەوە کە ئەو ئازادییەی ئایدیۆلۆژیای بۆرژوازیی بانگەشەی بۆ دەکرد، ئازادیی چینی بۆرژوازیی و لیبراڵی ئابووریی سیاسیی کلاسیک بوو. بە هەمان شێوە ئەنارشیستەکانی سەدەی نۆزدە و دواتر بە توندیی ڕەخنەیان لەم ئازادییە بۆرژوازییە گرت.
ئێستا شوێنی خۆیەتی بزانین کە بازاڕی ئازاد بەبێ دەستوەردانی دەوڵەت چۆن بەردەوام دەبێت وا ئادەم سیمس و لیبراڵەکانی دیکە بەرگریی لێ دەکەن. مایکڵ هارت و ئەنتۆنیۆ نیگری لە پەڕتووکی «ئیمپراتۆریەت»ـدا ئاماژە بەوە دەکەن کە لە بنچینەی تیۆری مۆدێرنی سەروەرییدا توخمێکی زۆر گرنگ و چارەنووسساز هەیە، ئەویش ناوەڕۆکێک کە فۆڕمی دەسەڵاتی سەروەریی پڕ دەکاتەوە و بەردەوامیی پێ دەدات. ئەم ناوەڕۆکە بە گەشەسەندنی سەرمایەداریی و سەپاندنی بازاڕ وەک بناغەی بەهاکانی بەرهەمهێنانەوەی کۆمەڵایەتیی، نوێنەرایەتیی دەکرێت. هارت و نیگری جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە مۆدێرنیتەی ئەورووپیی لە سەرمایەداریی جیا ناکرێتەوە. ئەم پەیوەندییە ناوەندییەی نێوان فۆرم و ناوەڕۆکی سەروەریی مۆدێرن بە تەواویی لە کارەکانی ئادەم سمیسدا ڕەنگ دەداتەوە. سمیس بە تیۆرێکی پیشەسازیی دەست پێ دەکات کە دژایەتیی نێوان دەوڵەمەندبوونی تایبەت و بەرژەوەندیی گشتیی دەخاتە ڕوو. یەکەم سەنتێزی ئەم دوو ئاستە بە “دەستی نادیار”ـی بازاڕ دەسپێردرێت. بەڵام ئەم سەنتێزە گوماناویی و بەپەلەیە. ئابووریی سیاسیی، کە وەک زانستی بەڕێوەبردن و یاسادانان تێدەگەین، گەرەکە سەنتێزەکەی خۆی زۆر زیاتر بەرەو پێشەوە ببات. پێویستە “دەستی نادیاری بازاڕ” وەک بەرهەمێکی خودی ئابووریی سیاسیی تێبگەین کە ئامانجەکەی بریتییە لە ڕەخساندنی هەلومەرجی سەربەخۆیی بازاڕ: «لەبەر ئەوەی هەموو سیستەمەکانی پەسەندکردن و سنووردارکردن سەرومڕ نامێنن، بۆیە ئاشکرایە هەر تەنێ سیستەمی ڕوون و سادەی ئازادیی سرووشتیی دەمێنێتەوە». بەڵام تەنانەت لەم حاڵەتەشدا، سەنتێزەکە بە هیچ شێوەیەک مسۆگەر و گەرەنتی نییە. لە بنەڕەتدا دەوڵەتێکی کاریگەر پێویستە بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانیی تایبەت لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی یەک بخات. دەوڵەت بازاڕ ڕێک دەخات یان نا، گرنگییەکی لاوەکیی هەیە؛ گرنگ ئەوەیە کە ناوەڕۆک بە نێوەندگیریی نێوان بەرژەوەندییەکان دەدات و نوێنەرایەتیی جەمسەری ئەقڵانییەت بۆ ئەم نێوەندگیرییە دەکات. باڵابوون (ترانسێندێنتاڵ)ـی سیاسیی دەوڵەتی مۆدێرن، وەک باڵابوونێکی ئابووریی پێناسە دەکرێت. تیۆری بەهای سمیس ڕۆح و جەوهەری چەمکی دەوڵەتی سەروەریی مۆدێرن بوو[15].
بەپێی ئەم خاڵەی هارت و نێگری، ئابووریی لەژێر کۆنترۆڵی سیاسەتی دەوڵەتی مۆدێرندایە. لێرەوە دەگەینە ئەو تێزەی کە ڕێبەر ئۆجالان بەرگریی لێ دەکات: “سەرمایەداریی ئابووریی نییە، بەڵکوو فۆرمێکی دەسەڵاتە”[16]. جگە لەوەش پێویستە ئەو خاڵە زیاد بکەین کە ئەو دانەنانی سەرمایەداریی بە ئابووریی تەنێ بە دەوڵەتەوە نابەستێتەوە، بەڵکو جەخت لەسەر ئەو خاڵەش دەکاتەوە کە هێزێک یان تاقمێکی سیاسیی ئابووریی کۆنترۆڵ دەکەن و بە هەندێک زاراوەی وەک سەرمایەداریی، سەرمایەدار و ئابووریی سەرمایەداریی ناو دەبرێت. ئەو گرووپە چوارچێوەی دەوڵەت تێدەپەڕێنێت و خۆی – ئەگەرچی ئابوورییش نییە – وەک قۆرغکارێکی دەرەکیی بەسەر ئابوورییدا دەسەپێنێت، هەروەها هەژموونێک بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنێت کە خودی دەوڵەتیش تێدەپەڕێنێت. ناوبردنی ئەو گرووپە بە “چڕبوونەوەی دەسەڵات” یان خودی “دەسەڵات” ڕاڤەیەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕاستییەوە نزیک دەبێتەوە”[17].
بازاڕی ئازاد، فۆرمی نوێی کۆڵۆنیی سەرمایەداریی و ماف لە شاردا
ساڵی ١٦٠١ کۆمپانیای هیندی ڕۆژهەڵاتی ئینگلیزیی چوار کەشتیی بازرگانیی بۆ ڕۆژئاوای هیند نارد و دوای نزیکەی ١٨ مانگ هەر چواریان بە بارێکەوە گەڕانەوە، کە زۆربەی بەهارات بوو. لەم قۆناغەدا سەرمایەداریی بریتیی بوو لە بەدەستهێنانی قازانج بەپێی دووریی و دەگمەنیی[18]. ئیدی لە دوای ئەوەوە ئینگلیزەکان بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج بە هەموو لایەکی جیهاندا دەگەڕێن. لەگەڵ ئەمەشدا بازرگانیی (یان سەرمایەداریی) و کۆڵۆنیاڵیزم دەبنە دووانەیەکی تەواکەری یەکتر. سمیس بە ئاماژەدان بە پێویستیی بەهێزکردنی بەرگریی، یاسای کەشتیوانیی بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە کۆڵۆنییەکانەوە بۆ بەریتانیا بە ئیمتیازێکی قۆرغکاریی هێزی دەریایی ئینگلتەرا ناساند و بە یەکێک لە ژیرترین ڕێوشوێنەکانی زانی.
سمیس جگە لەوەی زەمینەیەک بۆ ئابووریی مۆدێرن دەڕەخسێنێت، ئاسۆی بیری لیبراڵیش دەخاتە ناو دنیابینیی بازرگانییەوە. وەک ئاماژەی بۆ کرا، ئەو بڕوای بەوە هەبوو کە دەبێت سیستەمی بازاڕ ئازاد بێت و بازرگانەکانیش لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان بە ئازادیی بازرگانیی بکەن. لە ڕوانگەی سیمیسەوە، بازرگان نیشتیمانی نییە و دەتوانێت لە هەر وڵاتێکدا نیشتەجێ بێت. نیشتیمانی وی ئەو شوێنەیە وا تێیدا زۆرترین قازانج دەکات و دەبێتە سەرچاوەی سەرمایەی زیاتر: «بازرگان مەرج نییە هاووڵاتیی هیچ وڵاتێکی دیاریکراو بێت. بە ڕادەیەکی زۆر بۆ وی جیاوازیی نییە بازرگانییەکەی لە کوێ بەڕێوە دەچێت، هەروەها سەرمایە و پیشەسازییەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە بگوازێتەوە»[19].
بازاڕی ئازاد لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا وردەوردە بە ڕێگەی کۆڵۆنیاڵیزمی بەریتانییەوە سەری کێشا بۆ ئوسترالیا و دوڕگەکانی زەریای هێمن. ئیدی جیۆگرافیا و گەلانی دوورترین شوێنی جیهان بەسترانەوە بەو تۆڕانەی ئاڵوگۆڕی ئابووریی، سیاسیی و کەلتوورییەوە، کە بەریتانیا و هەندێک دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵیستی ئەورووپا تێیاندا باڵادەسەت بوون. ئەمەش هەنگاوێکی نوێ بوو بۆ پیشەسازیی مۆدێرن و جیهانگیریی، کە بازرگانەکان لە دەرەوەی وڵاتەکانی خۆیان بە دوای بازاڕ و سەرمایەدا دەگەڕان و گوڕێکی زیاتریان بە بۆرژوازیی دا.
مارکس و ئەنگڵس لە «مانیفیستۆی پارتی کۆمۆنیست»ـدا سەرەتای ئەم جیهانگیرییە نوێیە نیشان دەدەن کە چۆن بۆرژوازیی بە هەموو لایەکی جیهاندا هەوڵ بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی لە بازاڕەکاندا دەدات: «پێویستیی بەردەوامی بۆرژوازیی بە بازاڕ بۆ بەرهەمەکانی، بە سەرانسەری جیهاندا هەڵی دەسووڕێنێت، دەبێ سەر بکێشێت بە هەموو جێیەکدا، لە هەموو شوێنێکدا مەنزڵ بگرێت و لەگەڵ هەموو لایەکدا پەیوەندیی دامەزرێنێت… بۆرژوازیی، بەهۆی پێشکەوتنی خێرای هەموو ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و ئاسانکاریی بێکۆتایی بۆ پەیوەندیکردن، هەموو گەلان، تەنانەت بەربەریترینیش بۆ ناو شارستانیەت ڕادەکێشێت… بە کورتیی، جیهانێک بە گوێرەی وێنە و هاوشێوەی خۆی چێ دەکات»[20].
بۆچوونێک هەیە کە هەر لەو قۆناغەدا، واتە لە کۆتایی سەدەی هەژدە و سەرەتایی سەدەی نۆزدەدا سیستەمی فیۆداڵیزم (دەرەبەگایەتیی) لە کوردستاندا گەیشتووەتە باڵاترین و دواترین قۆناغی گەشەکردنی خۆی. لەو کاتەدا سەرمایەی ئەورووپا لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەدا بۆ ئەوەی تووشی خنکان و تەنگەبەریی نەیەت، ناچار بوو بە شوێن بازاڕی ساخکردنەوەی کەلوپەلی پیشەسازییدا بگەڕێت، ئەو بازاڕەش لە وڵاتانی تری جیهان و بە تایبەتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (لە ناویشیدا لە کوردستاندا) دەست دەکەوت. پتر لە نیوەی کاڵای ئەورووپا لە ڕێگەی ترابزۆن – ئەرزڕۆم – تەبرێز بە کوردستاندا تێپەڕیووە. لە ساڵانی ١٨٢٣ – ١٨٣٦ ئەو بازرگانییەی بە ترابزۆندا تێدەپەڕی، سێ ئەوەندی تر گەشەی سەند و گەیشتە بایی ٥٢ ملیۆن ڕۆبڵ (کە جاران بایی ٢٠ ملیۆن ڕۆبڵ بوو)[21]. ڕێگەوبانی بازرگانیی جیهانیی ڕۆڵیکی گەورەی لە گەشەکردنی ئاڵوگۆڕی کاڵاییدا هەبووە. ئاڵوگۆڕی کاڵایی، بە بنچینەی پەیوەندیی سەرمایەداریی دادەنرێت.
هەرچەندە کۆڵۆنیاڵیزم ڕووخسارێکی دیار و دووبارەیە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، بەڵام کۆڵۆنیاڵیزمی نوێ لە ڕۆژئاوای ئەورووپادا لەتەک سەرمایەدارییدا سەری هەڵدا. کۆڵۆنیاڵیزمی نوێ تەنیا بە سەپاندنی باج و سەرانە، ساغکردنەوەی کاڵا و سامانەکان و تاڵانکردن لەو وڵاتانەی داگیری کردن، وازی نەهێنا، بەڵکوو شێوازی ئابووریی ئەو وڵاتانەی سەرلەنوێ داڕشتەوە. ئەوەش ئەو وڵاتانەی خستە ناو پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ یەکتر و سەری کێشا بۆ گواستنەوە (ئاڵوگۆڕ)ـی سەرچاوە مرۆیی و سرووشتییەکان لە نێو وڵاتانی داگیرکەر و داگیرکراودا. کۆڵۆنیاڵیزم ئەو مامانە بووە کە یارمەتیی لەدایکبوونی سەرمایەداریی ئەورووپیی داوە[22]. مارکسیزم کۆڵۆنیاڵیزم بە سەرمایەداریی ناو دەبات. وەک چۆن مۆدێرنەی ئەورووپی لە سەرمایەداریی جیا ناکرێتەوە، ئاوهاش سەرمایەداریی و کۆڵۆنیاڵیزمی ئەورووپیی لێک جیا ناکرێنەوە.
سەرمایەداریی و کۆڵۆنیاڵیزمی ئەورووپیی لە سەرهەڵدانیانەوە توانیویانە هاوشان و بە پڕکردنەوەی یەکتر ئامانجەکانیان بکەن بە یەک، ئەویش گەیشتنە بەو شوێنەی کە قازانجی تیایە و سەرچاوەی سەرمایەیە. زاراوەی کۆڵۆنیاڵیزم لە وشەی «کۆڵۆنیا» (colōnia)ـی لاتینییەوە هاتووە، کە وڵاتێکە لە سەربەخۆیی بێبەشە و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانیی «میترۆپۆلیس» (metropolis)ـدایە. هەروەها زاراوەی کۆڵۆنیی واتای «نشینگە» دەدات و ئاماژە بوو بۆ ئەو ڕۆمانیانەی وا لە وڵاتانی دیکە جێگیر بوون، بەڵام پارێزگارییان لە ناسنامەی خۆیان دەکرد. بە کورتیی، کۆڵۆنیاڵیزم بریتییە لە داگیرکردنی خاکی کەسانی دیکە و دەستگرتن بەسەر سامانەکانیاندا. کۆڵۆنیاڵیزم، لە هەر فۆرمێکدا بێت، ڕێبازی هێزێکی دەسەڵاتی دەرەکییە و لە خاکی کۆمەڵگەیەکی دیکەدا هەوڵ بۆ بەرژەوەندییە بازرگانیی، سیاسیی و ئابوورییەکانی خۆی دەدات. کۆڵۆنیاڵیزم هاوشێوەی بۆرژوازیی، کۆمەڵگە داگیرکراوەکە، مارکس گوتەنیی، «بە گوێرەی وێنە و هاوشێوەی خۆی چێ دەکات». بەم شێوەیە هێزە کۆڵۆنیاڵیستەکە پرۆسەیەکی نوێ لە گۆڕین و پێکهێنانی کۆمەڵگە کۆڵۆنیکراوەکە دەست پێ دەکات، سەروەت و سامانەکەی تاڵان دەکات و ناسنامە کەلتوورییەکەشی بە پرۆسەیەک هەڵدەوەشێنێتەوە.
کۆڵۆنیاڵکردنی شوێنێک یان خاکێکی کۆمەڵگەیەکی دیکە مەرج نییە هەمیشە بە هێزی ڕەق بێت، بەڵکوو لەمڕۆدا بە خۆگونجاندن و بە گوێرەی هەلومەرج و ئامانجەکانی سەرمایەداریی بە هێزی نەرمیش بەڕێوە دەچێت. فەیلەسووفی فەڕەنسیی ئالێن دێ بێنوا لە شوێنێکدا باسی بەوە دەکات، ئەگەر ١٠ هەزار هاووڵاتی چینیی لە مۆسکۆ بژین، ئەوا ئەمە کۆڵۆنییەکی چینییە لە ناوەوەی مۆسکۆدا، بەڵام ئەگەر هاتوو ئەم ژمارەیە بگاتە ١٠ ملیۆن، ئەوا بە کردەنیی مۆسکۆ دەبێتە کۆڵۆنییەکی چینیی. هاوشێوەی ئەم فۆرمە کۆڵۆنییە لە باشوری کوردستان بە چڕوپڕیی ڕوو دەدات. لێ ئەم جارە بە فۆرم و دەموچاوێکی ناوخۆییەوە دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانی باشووری کوردستان ڕۆڵی کۆڵۆنیاڵیستیی دەگێڕن، بەو واتایەی کە خاک و شارەکان دەکەن بە شوێن (نشینگە)ـی ئەو هاووڵاتیی و بازرگانە بیانییانەی وا قازانجی زیاتر بۆ ئەوان دەهێنن. دەسەڵات خۆی بە کردەنیی سەرمایەدارییە و ئابووریی کۆنترۆڵ کردووە، بۆیە بۆ دەسەڵاتداران خاک یان نیشتمان تا ئەو ئەندازەیە بەهای هەیە کە جێگە و ژینگەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی. دەسەڵات موڵکایەتیی زەوی و زاری گشتیی لە دەستی کۆمەڵگەوە دەردەهێنێت و دەیکاتە موڵکایەتیی تایبەتی سەرمایەداریی. بۆیە سەیر نییە کە سەرمایەداریی دەسەڵات هەوڵ دەدات دەست بەسەر هەموو سەرچاوە سرووشتیی و مرۆییەکان و ژیانی کۆمەڵایەتییدا بگرێت.
فراوانبوونی خێرای شارنشینیی (شارسازیی) لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاریی باوەڕپێنەکراوی لە شێوازی ژیانی خەڵکدا درووست کردووە. شار (سیتی) و گەڕەکەکان وەک قارچک لە کەناری شارە کۆنەکان و دەورووبەریان هەڵدەتۆقن. لەگەڵ ئەم ئەمەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ بازاڕ (مۆڵ)ـی بازرگانیی و فرۆشگاکان، باڕەکانی شەوانە، قومارخانەکان، ڕێستۆرانت و کافێکان، چێشتخانەکانی خواردنی خێرا (وەک ماکدۆناڵدس، KFC، بەرگەر کینگ… هتد)، شەوەئاهەنگ و هێنانی هونەرمەندانی بیانیی زیاتر دەبن. شارەکانی ئێستا تا دێت زیاتر پارچەپارچە دەبن و ڕووخسار و پێکهاتەیەکی نایەکانگیر وەردەگرن؛ گەڕەکە تازەکان وەک کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەند و دابڕاو لە فەزای گشتیی شار دەردەکەون، کە هەموو خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین کراوە، وەک خوێندنی تایبەت، باخچە و سەوزایی، یاریگای وەرزشیی، کارەبایی ٢٤ کاتژمێریی و بە پاسەوانیی مەدەنییش لە دەروازەکانەوە دەپارێزرێن. بە پێچەوانەشەوە، گەڕەکە کۆنەکان زیاتر وەک کۆمەڵگەیەکی هەژارنشین دەردەکەون، خزمەتگوزاریی شایستەی پەروەردە و خوێندن، یاریگا، باخچە و سەوزایی، ڕێگاوبانیان بۆ دابین ناکرێت. کەواتە لەم گۆڕانکارییەدا ڕەنگە مرۆڤ بپرسێت: بۆچی ئەم شار و گەڕەکانە درووست دەکرێن؟ کێ ئەم شارانە درووست دەکات؟ بۆ کێ درووست دەکرێن؟ ئایا مافی درووستکردن و گۆڕینی شار لە خواستێکی گشتیی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوە دەگرێت یان تاکەکەسیی؟ کێ لە شاردا مافی هەیە؟
ئەگەر وەڵامی پرسیاری “بۆچی ئەم شار و گەڕەکانە درووست دەکرێن؟” ئەوە بێت کە دانیشتووانی باشووری کوردستان زیاد دەکات و خواستی خەڵکە یان ئاستی داراییان بەرزە، ئەوا دەکەوینە هەڵەوە، چونکە گەشەی دانیشتووانی باشوور هاوتای ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون نییە کە درووست دەکرێن، بۆیە زۆربەیان لەلایەن هاووڵاتییانی عەرەبەوە دەکڕدرێن و ڕیکلامی پرۆژەکانیش بە پلەی یەکەم بە زمانی عەرەبیی دەکرێن. جگە لەوەش، هەڵتۆقینی ناشرووشتیی و نائاسایی ئەم شار و گەڕەکانە ترسناکیی و بێباکیی سەرمایەداریی (بازرگانیی) لە باشووری کوردستاندا لە بەرانبەر ژیان و گوزەرانی دانیشتووانە ڕەسەنەکە دەردەخات: بە لێشاو گەنجانی باشووری کوردستان بەهۆی بێکاریی، ناسەقامگیریی و قەیرانی ئابوورییەوە وڵات جێ دەهێڵن، بەڵام لە هەمان کاتدا بە لێشاو هاووڵاتییان (عەرەب)ـی ناوەڕاست و باشووری ئێراق بەهۆی خۆشگوزەرانیی و دەرفەتیی کار و بازرگانیی ڕوو لە باشووری کوردستان دەکەن و دەبنە خاوەنی کار، موڵک و ماڵ. ئەم گۆڕانکارییە، لەبەر ئەوەی لە دەرەوەی خواست و پێویستیی کۆمەڵگەی باشوورە، تەنانەت ڕەوشێکی سەپێنراوە، بۆیە هەم فۆرمێکی نوێی گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەکانە و هەم فۆرمێکی نوێی کۆڵۆنیی و داگیرکردنی ئەم شارانەیە وا دەسەڵاتداران و سەرمایەدارەکان بەڕێوەی دەبەن.
کەواتە بۆچی ئەم شار و گەڕەکانە درووست دەکرێن؟ دەیڤید هارڤی لە شیکردنەوەی خۆیدا بۆ شارنشینیی (شارسازیی) “Urbanization” و زێدەبەرهەم، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە شارەکان هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی چڕبوونەوەی جوگرافیی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمێکی زیادەوە سەریان هەڵداوە. ڕێبەر ئۆجالانیش لە بارەی پەیدابوونی شارەوە دەنووسێت: «وەک هەر ڕاستییەکی دیکە، ڕوویەکی دیکەی شار کە هەر لەگەڵ لەدایکبوونیەوە دەردەکەوێت، پێکهاتنی چینایەتیی و پێکەوەنانی دەوڵەتە. بێگومان زیادبوونی بەرهەمهێنان بناغەی ماددیی پێکهاتنی چینایەتییە. <…> کاتێک بەرهەمی پێویست بەو ئاستە گەیشت کە دوو هێندەی خەباتکاران زێدەبەرهەم پێشکەش بکات، واتە زەمینەی ماددیی دەوڵەت ئامادە بووە. هەرچی ئەو دیاردەیە کە بە دەوڵەت ناو دەبرێت، لە ڕاستییدا ئەوانەن کە لەسەر زێدەبەرهەم دەژین. ناوبردنی دەوڵەت بە ڕێکخراوی کۆکردنەوەی زیادەکان واتادارتر دەبێت. بۆ ئەمەش شار شوێنێکی گونجاوە»[23]. کەواتە شارنشینیی هەمیشە دیاردەیەکی چینایەتیی بووە، بەو پێیەی زیادە لە شوێنێک یان کەسێکەوە دەرهێنراوە، لە کاتێکدا بەڕێوەبردن و دابەشکردن بە زۆریی لە چنگی ژمارەیەکی کەمی تاکەکاندایە. ئەم دۆخەش تایبەتە بە سەرمایەداریی. سەرمایەداریی وەک مارکس دەبێژێ، لەسەر گەڕانی هەمیشەیی بۆ بەهای زیادە (قازانج) وەستاوە. لێ بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیادە سەرمایەدارەکان دەبێت بەرهەمێکی زیادە بەرهەم بهێنن. ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرمایەداریی هەمیشەیی ئەو بەرهەمە زیادەیە بەرهەم دەهێنێت کە شارنشینیی پێویستی پێیەتی. لێرەوە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان گەشەسەندنی سەرمایەداریی و شارنشینییدا سەر هەڵدەدات[24].
کەواتە ئامانج لە درووستکردنی شار و گەڕەکان لە باشووری کوردستان جگە لە کەڵەکەکردنی سەرمایە و زێدەبەرهەم لەلایەن دەسەڵاتداران و سەرمایەدارانەوە، هیچی دیکە نییە. ئەمەش بە کردەنیی بووەتە هۆی گۆڕینی پێکهاتە و گەشەی سرووشتیی جڤاک و شارەکان و تۆخکردنەوەی جیاوازیی چینایەتیی. ئەمە چڵێسیی و دەستگەیشتنی دەسەڵاتداران و سەرمایەدارەکانە بە هەموو شوێنێك لە پێناو قازانجی زیاتر و مانەوەی زیاتر – بەبێ لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندییەکانی نەتەوە، کۆمەڵگە، زمان، کەلتوور، شار و گوند، ژینگە، ڕووبەری زەوی، زۆربوونی دانیشتووان و هتد… بە پێچەوانەوە، تەواوی ئەمانە وەک کوالێتیی دەکرێن بە کاڵا و تەنیا لەو کاتەدا خواستیان لەسەر دەبێت کە دەسەڵاتداران و سەرمایداران دەیانخەنە ناو بازاڕی سەرمایەدارییەوە.
تۆماس پیکیتی لە پەڕتووکەکەی خۆی “سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا” خانووبەرە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون وەك فۆرمێکی سامان باس دەکات: «شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت وەک هەبوویەکی سەرمایە تەماشا بکرێن کە “خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون” بەرهەم دەهێنێت و بەهاکەی بە کرێکەی دەپێورێت»[25]. بەڵام ڕاستییەکەی، وەک دەیبین، پرۆژەکانی خانووبەرە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە باشووری کوردستان، نەبوونەتە پرۆژەی “سامانی نەتەوەیی”، بەڵکوو بوون بە سەرچاوەی “سەرمایەی بەرهەمدار”ـی دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکانی خۆیان. ئەمەش پارادۆکسێکی دیکەی کارکردی سەرمایەداریی لە باشوور دەخاتە ڕوو: شوێنەکانی نیشتەجێبوون درووست دەکرێت، بەڵام زۆربەی خەڵکە ڕەسەنەکە توانای کڕین و کرێی ئەم شوێنە تازانەیان نییە. واتە ئەم پرۆژانە بۆ هەر کەسێکە جگە لەوانەی توانای کڕین و بەکرێگرتنیان نییە. ئەمەش شێوازێکی دیکەی جیاوازیی چینایەتییە لە نێوان دانیشتووانێکی ڕەسەن و هاووڵاتییانی بیانییدا – لە خاکێک، لە شارەکاندا – کە لەلایەن سەرمایەداریی دەسەڵاتەوە ڕسکاوە. شوێنێک، خاکێک دەبێتە جێگەی ئارامیی، سەقامگیریی، دڵنیایی و خۆشگوزەرانیی ژیانی هاووڵاتییانی دەرەکیی، بە پێچەوانەشەوە، دەبێتە جێگەی نائارامیی، ناسەقامگیریی، نادڵنیایی، نامۆیی، نەهامەتیی و هەڵهاتنی خەڵکە ڕەسەنەکە. ئەم پێڤاژۆیە لە هەر کاتێک زیاتر پرسی ماف لە شاردا دەکاتە ڕۆژەڤ. ئەگەر کەسێک یان هاووڵاتییەکی ڕەسەن خاوەنی موڵک و سامانی تایبەت بە خۆی نەبێت، مافی کەمترە یان هیچ مافێکی لەو خاک و شارەدا نییە و شایەنی خزمەت نییە. ماف تەنێ بۆ ئەوانەیە وا توانای بەرهەمهێنانیان هەیە یان دەبنە هاوبەشی پرۆژەی سەرمایەداریی. بە پێچەوانەوە، وەک جۆن لۆک دەبێژێ، ئەو کەسانەی موڵک و سامانیان نەبێت، بە هیچ جۆرێک وەک بەشێک لە جڤاك سەیر ناکرێن، چونکە جڤاک بریتییە لە پێکەوەژیان و پەیمانی نێوان ئەو کەسانەی سامانێکیان هەیە و ئەوانەی وڵات بەڕێوە دەبەن.
لای جۆن لۆک موڵکایەتیی تاک مافێکی سرووشتییە – کاتێک سەر هەڵدەدات کە مرۆڤەکان بە “تێکەڵکردنی کارەکانیان لەگەڵ زەوییەکدا” بەها دەئافرێنن. بەرهەمی ماندووبوونیان تەنیا هی خۆیانە. بە گوتەی هارڤی، دەرئەنجامێکی ناشرین لە تیۆری لۆکدا هەیە: ئەو کەسەی وا بەها بەرهەم ناهێنێت، ناتوانێت داوای موڵکایەتیی بکات. ئەم بیرکرنەوەش ڕەوایەتیی بەوە دا کە گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور لەلایەن کۆلۆنیاڵیستە “بەرهەمدارەکانەوە” لە مافی خاوەندارێتی بێبەش بکرێن، چونکە خەڵکە ڕەسەنەکە بەهایان بەرهەم نەدەهێنا[26].
کەواتە، ئەوانەی بەها بەرهەم دەهێنن، مافیش لە شاردا دیاریی دەکەن. بە واتایەکی دیکە، ئەوانەی هێزیان هەیە، بڕیار دەدەن کە ماف چۆن بێت و بۆ کێ بێت. مارکس گوتوویەتی: لە نێوان دوو مافدا، هێز فاکتەری یەکلاکەرەرەیە. هارڤی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مافەکان لەمڕۆدا، واتە لە ژێر سایەی نیولیبراڵیزمدا لە دەوری دوو لۆژیکی باڵادەستی دەسەڵاتدا کۆ دەبنەوە، ئەوانیش دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خاکدا و دەسەڵاتی سەرمایەیە. [بەم جۆرە] ژیان لە سایەی نیۆلیبراڵیزمدا، واتە قەبووڵکردن و ملکەچکردن بۆ ئەو کۆمەڵە مافانەی بۆ کەڵەکەی سەرمایە پێویستن، تەنانەت ئەگەر ئاکامی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی و ژینگە هەر چییەک بێت. بۆیە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکدا دەژین کە مافی تاکەکەسیی قابیلی زەوتکردن نییە (ئەوەشمان لەبیر نەچێت کۆمپانیا لە بەرانبەر یاسادا بە تاک ناسراوە)، چونکە موڵک و ماڵی تایبەت و ڕێژەی قازانج هەموو چەمکەکانی دیکەی ماف تێدەپەڕێنن و قابیلی هیچ جۆرە دەستکارییەک نین کە بە بیری مرۆڤدا بێت[27].
لێرەوە گەر مافێکی گشتیی بۆ هەمووان بخوازین و لە شار یان کۆمەڵگەدا جیاوازیی چینایەتیی نەبێت، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە کە چ جۆرە شارێک بنیاد بنێین. وەک هارڤی دەڵێت، پرسیاری ئەوەی ئێمە پێویستمان بە چ جۆرە شارێکە، ناکرێت جیا بکرێتەوە لە پرسیاری؛ دەمانەوێت چ جۆرە مرۆڤێک بین، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان چۆن بێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سرووشت چۆن بێت، ئارەزووی چ شێوازێکی ژیان بکەین، تەکنەلۆژیا چۆن بەکار بهێنین و چ بەهایەکی کەلتوورییمان هەبێت. کەواتە “مافی شار زۆر زیاترە لە مافی دەستڕاگەیشتنی تاک یان گرووپ بەو سەرچاوانەی کە شار بەرجەستەیان دەکات: مافی گۆڕین و سازکردنی شار زیاترە لە خواستی ئێمە. جگە لەوەش ئەمە مافێکی دەستەجەمعیی (کۆلێکتیڤ)ـە نەک تاکەکەسیی، بەو پێیەی ئەم گۆڕانکارییەی شار بە ناچاریی پەیوەستە بە بەکارهێنانی هێزی دەستەجەمعیی بەسەر پڕۆسەکانی شارنشینییدا”[28]. بۆیە درووشمی “مافی مرۆڤ” لە شاردا کە لیبراڵیزم کردوویەتی بە دەستکەلای خۆی، شکست دەهێنێت؛ ماف چ واتایەکی هەیە بۆ ئەو ملیۆنان کارگەر و زەحمەتکێشانەی کەوتوونەتە پێچی دەستاڕی سەرمایەدارییەوە و ناچارن هێزی کاری خۆیان بە کەمینەیەکی سەرمایەدار بفرۆشن، ئەگەر کڕیارێکیش نەدۆزنەوە، بە ڕادەیەک تووشی چەرمەسەریی و خەمۆکیی دەبن کە ژیانیان هیچ واتایەکی نامێنێت؟
بێبەشکردنی ماف لە شاردا خۆبەخۆ پرسی دادپەروەریی دێنێتە کایەوە. هەر بۆیە “واتای ئەرێنیی دادپەروەریی وەک وەک مافێک، هاندەرێکی بەهێز بووە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی و هەر واش دەمێنێتەوە: خەبات دژی نادادپەروەریی، زۆر جار بزووتنەوەکانی بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییدا بردووە”[29]. لە ڕوانگەیەکی دیکەوە، ژیژەک گوتەنی، دادپەروەریی یەکسانییەکە و لەسەر ئیرەیی بەندە: ئێمە ئیرەیی بەوی تر دەبەین کە خاوەنی شتێکە و چێژی لێ وەردەگرێت و ئێمە نیمانە: داوای دادپەروەریی، دواجار داوای سنووردارکردنی چێژی زیادەی ئەویتر دەکەین، بە جۆرێک کە دەبێت هەمووان وەک یەک دەستیان بگات بە چێژدا[30]. بۆیە هەمیشە ئەگەری هەیە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی سەر هەڵبدەن و لەپێناو مافەکانیاندا بێدەنگ نەبن، داوای دادپەروەریی بکەن و دواجار هەوڵی گۆڕانکاریی یان شۆڕش بدەن.
سەرەوەریی تاکگەرایی (کەرتی تایبەت) بەسەر کۆمەڵگە (کەرتی گشتیی)ـەوە
بە گشتیی، دەکرێ لیبراڵیزم وەک ئایدیۆلۆژیایەک پێناسە بکرێت کە بەها سەرەکیییەکەی بریتییە لە ئازادیی تاکەکەس. هەموو سیستەم و دامەزراوە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بەپێی ئەم بەهایە وەک پێوەرێکی گشتگیر هەڵدەسەنگێندرێن. بەڵام لەبری ئازادیی تاکەکەس، تاکگەرایی بووەتە چەمکێکی زاڵ و هێندەی نەماوە چەمکێک نەهێڵێتەوە بە ناوی «کۆمەڵگە»ـەوە کە بەرگریی لێ بکرێت. ئیدی جیهانبینیی تاکگەرایی ناسنامەی خۆی لە هەموو شت و بەهایەک دەدات و ڕووخساری نوێی کۆمەڵگەی مۆدێرن بە گوێرەی بەهاکانی خۆی لە قاڵب دەدات و ڕەنگڕێژ دەکات، بە جۆرێک هەرکە ناوی تاکەکەس دێت، بەهای کۆمەڵگە نابێت هەبێت. وەک چۆن لەگەڵ هەڵکشانی بیری ئابووریی سیاسیی نیۆلیبراڵیزمدا مارگرێت تاچەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لێدوانە بەناوبانگەکەیدا بە ئاشکرا وتی: «شتێک نییە بە ناوی کۆمەڵگە، بەڵکوو ئەوەی هەیە، تەنیا تاکەکەسەکانن لە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو». یەک ئازادیی هەیە، ئەویش ئازادیی تاکەکەسە، نەک ئازادیی کۆمەڵگە. ئەمەش جۆرێکە لە داگیرکردنی کۆمەڵگە لەلایەن تاکگەراییەوە.
چەمک و بیری تاک «تاکەکەس» (individual) مێژوویەکی دێرینی لە فەلسەفەدا هەیە، تەنانەت لەناو بەرهەمەکانی پلاتۆن و ئەرەستۆدا ئاماژەی بۆ کراوە. بە کورتیی، تاک بریتییە لە تاقە مرۆڤێک کە بوونێکی سەربەخۆ و مانادارە، خاوەنی شووناسێکە لە خۆیدا. بە واتایەکی دیکە، قسەکردن لەمەڕ مرۆڤەکان وەک تاک، واتای ئەوەیە کە ئەوان بوونەوەرێکی خۆسەر و ئۆتۆنۆمن، بەپێی خواست و هەڵبژاردنی کەسیی مامەڵە دەکەن، نەک وەک ئەندامی گرووپێکی کۆمەڵایەتیی یان جەستەیەکی دەستەجەمعیی. هەروەها تاکەکان نە تەنێ سەربەخۆن، بەڵکوو جیاواز، ناوازە و دانسقەشن. ئەمەش ئەوەیە کە زاراوەی تاکێتیی (individuality) ئاماژەی پێ دەکات[31]. لە بەرانبەردا چەمکی «کۆمەڵگە» (society) هەیە و بە واتایەکی گشتیی ئاماژەیە بۆ کۆمەڵە خەڵکێک کە لە دەڤەرێکی دیاریکراودا پێکەوە نیشتەجێن. بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە هەر گرووپێکی خەڵک کۆمەڵگایەک پێک بهێنن. کۆمەڵگاکان بە شێوازی کارلێکی کۆمەڵایەتیی ڕێکوپێک تایبەتمەندن، کە ئەمەش پێشنیاری بوونی جۆرێک لە بنیادە کۆمەڵایەتییەکان دەکات. جگە لەوەش، پەیوەندییە “کۆمەڵایەتییەکان” لەسەر بنەمای جۆرێک لە هۆشیاریی یەکتر و هەندێک پێوەر هاوکاریی و هەماهەنگ پێک دێن.
لە مێژووی دەسەڵاتە سیاسییەکاندا، لە دەوڵەت-شاری گریکەوە بۆ دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، هەمیشە بە چاوی جیاوازەوە سەیری تاک و کۆمەڵگە کراوە. هەر لە کۆنەوە، تاک ئەگەر نوێنەرایەتیی ناڕەزایەتیی کۆمەڵێک یان کۆمەڵگەی نەکردایە، یان بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە و ژیانێکی نوێ و ئەخلاقیی نەکردایە، وەک مەترسیی بۆ دەسەڵات سەیر نەکراوە. هەر لەمەشەوە واتا و پێناسەی هەردوو چەمکی تاک و کۆمەڵگە لە نەخشەی سیاسییدا سەریانهەڵداوە. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا، بە تایبەت لە سیستەمی سەرمایەدارییدا، لیبراڵەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە نابێت بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان بکرێنە قوربانی بەرژەوەندیی کۆمەڵ، چاکەی گشتیی، یان پاراستنی کۆمەڵگە. ئەم دەرەنجامە لەو بیرۆکەیەوە دێت کە تەنیا تاکەکەسەکان مافیان هەیە، لە کاتێکدا گرووپەکان کە تەنیا وەک کۆبوونەوەی تاکەکەسەکان بوونیان هەیە، نابێت مافیان هەبێت. پارادۆکسەکە لەوەدایە، کاتێک ئەم تاکەکەسە بەرگریی لە بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵێک یان کۆمەڵگەیەک دەکات، دیسان خۆیشی نابێت مافی هەبێت و لەدەستی دەدات. بێگومان ئەمە بۆ ئازادیی تاکەکەسیش ڕاستە و هەر هێندەی ئەو مافە بڕ دەکات.
ماکس هۆرکهایمەر ئاماژە بەوە دەکات کە سوقرات پێشەنگی ڕاستەقینەی بیرۆکەی ئەبستراکتی تاکێتیی بوو، یەکەم کەس بوو کە بە ڕوونیی سەربەخۆیی تاکەکەسی دووپات کردەوە… هەڵبژاردنی هۆشیارانە بۆ سوقرات پێشمەرجێک بوو بۆ شێوازی ژیانێکی ئەخلاقیی. بەم شێوەیە لەگەڵ دادوەرەکانی ئەسینادا، کە نوێنەرایەتیی دابونەریت و کەڵتیان دەکرد، لە ململانێدا بوو. هۆرکهایمەر دەنووسێت: ڕەنگە دادگاییکردنەکەی ئەو خاڵە لە مێژووی کەلتوورییدا دیاریی بکات کە هۆشیاریی تاکەکەسیی و دەوڵەت، ئایدیاڵ و کەتوار (واقیع)، بۆ یەکەمجار دەست دەکەن بە جیابوونەوە. ئیدی سوبێکت – بە پێچەوانەی واقیعی دەرەکیی – دەست دەکات بە بیرکردنەوە لە خۆی وەک باڵاترینی هەموو ئایدیاکان[32]. بەڵام پلاتۆن یەکەم فەیلەسووف بوو کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی دا فەلسەفەیەکی تاکێتیی بەگوێرەی ئایدیاڵەکانی دەوڵەت-شار (polis) بڕسکێنێت. ئەو لە کۆمارەکەیدا پرۆژەیەک بۆ هاوسەنگیی نێوان ئازادیی تاکەکەسیی و کۆنترۆڵی دەستەجەمعیی لە بەرژەوەندیی کۆمەڵدا دەخاتە ڕوو[33].
بەڵام سەرەتای گەشەی چەمکی تاکگەرایی (Individualism)، لە قووڵایی فەلسەفەی مۆدێرنی ڕۆژئاوادایە. تاکگەرایی تەنیا واتای باوەڕبوون بە بوونی تاکەکان نییە، بەڵکوو ئاماژەیە بۆ باوەڕبوون بە سەروەریی تاک بەسەر هەر گرووپێکی کۆمەڵایەتیی یان جەستەیەکی دەستەجەمعیی. ئەمەش ئەوە نیشان دەدات کە تاک ناوەندی هەر تیۆرێکی سیاسیی یان ڕوونکردنەوەی کۆمەڵایەتییە[34]. ڕەگەزەکانی ئەم چەمکە بە ئاشکرا لەناو تیۆرییەکانی “پەیمانی کۆمەڵایەتیی” لای جۆن لۆک و ئابووریی سیاسیی کلاسیکدا لای ئادەم سمیس بەدی دەکەین. لای لۆک، دەکرێ کۆمەڵگە وەک ئاکامی کردەیەکی خۆویستانەی سەرەتایی (گرێبەستی کۆمەڵایەتیی) تێبگەین، یان وەک ئەنجامی گەمەیەکی سیستەماتیکی گشتیی چالاکوانە تاکەکەسییەکان. بۆ سمیس، بەو پێیەی بازاڕ دەرئەنجامی خواست و بەرژەوەندیی تاکەکەسەکانە، تەنیا لەو ڕێگەیەشەوە کۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی نەزمێکی ئابوورییی باش و دەگات بە خۆشگوزەرانیی. لێرەوەڕا سمیس بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگە ملکەچی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی تاکەکەس دەکات، خۆپەرەستیی (ئیگۆیزم) دەکاتە باشترین شێواز بۆ خزمەتی ئەوانی تر. کاتێک هەوڵ و تەقەلا بۆ زۆرترین بەرژەوەندیی خۆمان دەدەین، ئەوا نائاگاییانە و زۆرجار بەبێ ئارەزوو بۆ بەرژەوەندیی ئەوانی تر کار دەکەین.
دەیڤید ڕیکاردۆش، وەک سمیس، کۆمەڵگا وەک کۆی ئەو تاکەکەسانە دەبینێت وا خاوەنی تایبەتمەندی “سرووشتیی”، “ئەبەدیی”ـن و هەوڵ دەدات یاسا ئابوورییەکان لە سرووشتی مرۆڤەوە وەربگرێت. ئەو بەرگریی لە بازاڕی ئازاد دەکرد و خۆپەرەستیی (ئیگۆیزم) بە هێزی بزوێنەری چالاکیی ئابووریی دەزانی. ئەو بڕوای وا بوو کە توانای هەر تاکەکەسێک بە شێوەیەکی ئازادانە بۆ گەڕان بەدوای بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆی، مەرجی تێرکردنی باشترین پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیە.
لیبراڵیزم تاکگەرایی و بازاڕ پێکەوە گرێ دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە کارکردی ئازادانەی دووەم ئازادیی تاکەکەسیش مسۆگەر دەکات. بازاڕ کە لەلایەن فریدریک هایکەوە وەک «کاتالاکسی» (catallaxy) پێناسە کراوە، نەزمێکی خۆڕسک (Spontaneous order) و ئەبستراکت پێک دەهێنێت و پێشمەرجەکانی ئازادیی تایبەت دەڕەخسێنێت[35]. لە ڕوانگەی هایکەوە، ئازادیی ئابووریی هێزێکی سیاسیی و ئەخلاقیی بنەڕەتییە کە هەموو لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگەیەکی ئازاد پێک دەهێنێت. ئەو پێی وا بوو، هەر نەزمێکی خۆڕسک لە بنەڕەتەکەی خۆیدا «دادپەروەرە»، هەر وەک چۆن چارڵس داروین سەرکەوتووەکانی «لە ململانێ لەپێناو ژیان و مانەوەدا» بە «باشترین» دادەنا. بەم شێوەیە، نەزمی بازاڕ نەزمێکی کۆمەڵایەتیی پێک دەهێنێت کە هەر هەوڵێک بۆ چاکسازیکردنی ئەم نەزمی بازاڕە قەدەغە دەکات. یەکەم هەوڵ بۆ پێشخستنی تیۆری داروینیزمی کۆمەڵایەتیی لەلایەن هێربێرت سپێنسەرەوە لە پەڕتووکی «مرۆڤ بەرانبەر دەوڵەت» (١٨٨٤)ـدا ئەنجام درا. سپێنسەر زاراوەی “مانەوەی بەهێزەکان”ـی داهێنا، بۆ وەسفکردنی ئەو ململانێیە ناکۆتاییەی لە نێوان مرۆڤەکاندا هەیە، کە لە ڕێگەیەوە ئەوانەی باشترین خۆگونجاندیان لەگەڵ سرووشت هەیە، دەتوانن بمێننەوە و بچنە لوتکە، و ئەوانەشی کە سرووشت کەمتری پێ داون، بەرەو خوارەوە شکست دەهێنن. دەستکاریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سرووشتیی تەنێ خزمەت بە لاوازیی جۆرەکان دەکات. ئەم بیرۆکانەش بە قووڵیی کاریگەرییان لەسەر نیولیبراڵە کلاسیکییەکان هەبوو، بە جۆرێک زەمینەیەکی بایۆلۆژییان بۆ دژایەتیی دەستوەردانی دەوڵەت لە ژیانی ئابووریی و کۆمەڵایەتییدا پێ بەخشی[36]. ئیدی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمدا، داروینیستە کۆمەڵایەتییەکان لە ئینگلتەرا و ئەمریکادا سەرومڕ کەوتنە بن باندۆری تیۆری پەرەسەندنی داروینەوە، بە تایبەت لە نێو بازرگانە دەوڵەمەندەکاندا کە بەدوای پاساو و پشتیووانیی “زانستیی”ـدا دەگەڕان بۆ سەرمایەداریی بازاڕی ئازاد. بە کورتی، شیکاری لیبراڵ بۆ پرۆسە کۆمەڵایەتییەکان یان لەسەر «پەیمانی کۆمەڵایەتیی» (لۆک)، یان لەسەر «دەستی نادیار» (سمیس)، یاخود لەسەر بیرۆکەی نەزمی خۆڕسک کە ملکەچی هیچ مەبەستێک نابێت (هایک)، دادەمەزرێت.
لیبراڵەکان مەیلی ئەوەیان هەیە کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کایە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەدا بکەن وا تێیدا بەهاکانی تاکەکەس پێش بەها و پێوەرەکانی کۆمەڵگە و هەر قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی دەکەون. ئەمڕۆکە ئەوەی ڕۆڵی هەژموونگەرایی لەسەر ئەم نەخشەیەدا دەگێڕێت، تەنێ لیبراڵیزمە. وەک لە سەرەتاوە ئاماژەمان بۆ کرد، لیبڕاڵیزم یەكەم ئایدیۆلۆژیای سیاسیی بوو كە لە سەدەی هەژدەیەمدا سەری هەڵدا و لە سەدەی بیستەمدا بەسەر هەردوو ئایدیۆلۆژیای فاشیزم و کۆمۆنیزم و فۆرمە جیاوازەکانیاندا سەرکەوت. ئیدی ئەوانەی لەمڕۆدا نەخشەی سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و ئابووریی دەکێشن، یان لانی کەم دەخوازن بیکێشن، هێزەکانی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمە. لێ بەپێی گوتەی لێکۆڵەرانی ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان، باڵادەستی لیبرالیزم لە جیهانی مۆدێرندا لە فۆرمێکی تایبەتدایە، کە جیاوازییەکی بەرچاوی لەگەڵ جۆرەکانی ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵدا هەیە، ئەویش ئەوەیە لە سیاسەتی هاوچەرخدا لیبراڵیزم بیچم و شێوەی نیۆلیبراڵیزمی گرتووە. کەواتە ئێمە، لە ڕووی سیاسیی، ئابووریی و تەنانەت کۆمەڵایەتییەوە لە کوێی ئەم ئایدیۆلۆژیایەداین؟
نیۆلیبراڵیزم چەمکێکی تا ڕادەیەکی بەرفراوان و گشتییە کە ئاماژەیە بۆ ئەو شێوازە ئابوورییە یان پارادایمەی کە لە ساڵانی ١٩٨٠دا ناوبانگی زۆری پەیدا کرد، پێشەنگ و بزوێنەری ئەمەش مارگارێت تاچەر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ڕۆناڵد ڕەیگان سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوون. نیۆلیبراڵیزم، کە لە سەر ئایدیاڵی لیبراڵی کلاسیک، واتە بازاڕی خۆڕێکخەر پاوەجێ بووە، خاوەن چەندین لق و شێوازی جیاوازە. دۆکترینی نیولیبراڵیزم بە تەواویی لەگەڵ تیۆرەکانی دەستوەردانی دەوڵەتدا هاودژە، بۆ نموونە، وەک تیۆرەکەی جۆن ماینارد کینز کە لە ساڵانی ١٩٣٠ـدا لە وەڵامی خەمۆکییە مەزنەکەی پاشەکشەی ئابووریی ناوبانگی پەیدا کرد. ئەم فۆرمە ئابووریی و سیاسییە سەرپاکی پەیوەندییە مرۆییەکان بۆ کایەی پەیوەندییە گرێبەستییەکانی بازاڕ کورت دەکاتەوە و هەوڵ دەدات بۆ زۆرترین کایەی چالاکیی کۆمەڵایەتیی درێژی بکاتەوە.
لە دوای داگیرکردنی ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ـدا بە ناوی ئازادکردن، یەکەم هەوڵی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوە بوو سیستەمی سیاسیی و ئابووریی ئێراق ڕابکێشێتە ناو ئایدیۆلۆژیای هەژموونگەری نیولیبراڵیزمەوە. سەرەتا ئیدارەی بووش لە ١٩ـی ئەیلوولی ٢٠٠٣ـدا، ئەو کاتەی پۆڵ بریمەر سەرۆکی هاوپەیمانیی کاتیی ئێراق بوو، چوار فەرمانی بۆ وڵاتە داگیرکراوەکە دەرکرد، کە بریتیی بوون لە: «بەتایبەتکردنی سەرپاکی پرۆژەکانی کەرتی گشتیی، مافی خاوەندارێتیی تەواوی کۆمپانیا بیانییەکان بۆ بازرگانیکردن لە ئێراق، گەرەنتیکردنی گەڕاندنەوەی تەواوی قازانجی بیانیی… کردنەوەی بانکە ئێراقییەکان بە ڕووی کۆنترۆڵی دەرەکییدا، مامەڵەکردنێکی نیشتیمانیی لەگەڵ هەموو کۆمپانیا بیانییەکاندا و لابردنی نزیکەی هەموو بەربەستەکان لە بەردەم کاری بازرگانییدا»[37]. ئەم فەرمانانە لەگەڵ چەندین رێکاری یاسایی دیکە بەسەر ئێراقدا سەپێنران. لێرەوە دەردەکەوێت هەژموونی سەرمایەداریی ئەمریکا سنوور، دەوڵەت، کۆمەڵگە، کەلتوور، نەزمی ئابووریی هیچ وڵاتێک ناناسێت، ئەوەی گرنگە دۆزینەوەی شوێنێکی دیکەیە بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەی زیاتر. وەک هارڤی ئاماژەی پێ دەکات، ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن بریمەرەوە گیرانە بەر، بەپێی تیۆری نیۆلیبراڵیزم بەس بوون بۆ کەڵەکەکردنی سامان. ئەمریکا بە ناوی ئازادکردنی گەلانی ئێراق سیستەمێکی ئابووریی نامۆی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند، ئازادییەک کە تەنێ سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان بەرەکەی دەخۆن و بەرگریی لێ دەکەن. بەم جۆرە، هارڤی لەسەر گوتەیەکی ماتیۆ ئاڕنۆڵد ڕەخنەگری کەلتووریی ئینگلیزیی کە دەبێژێ «ئازادیی – ئەسپێکی نایابە بۆ سواربوون، دەتوانێت زۆر دوور بتبات، لێ پێویستە ئاڕاستەکەی بزانیت»، بە تەنزێکەوە دەنووسێت: «بریمەر داوای لە ئێراقییەکان کرد سواری ئەسپی ئازادیی خۆیان ببن بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەرەو تەویلەی نیۆلیبراڵیزمیان ببات»[38].
گەر یەکێک لە فەرمانەکانی بریمەر «بەتایبەتکردنی سەرپاکی پرۆژەکانی کەرتی گشتیی» بێت، ئەوا لەمڕۆدا لە باشووری کوردستان بۆ هیچ کەسێک نامۆ نییە کە ڕۆژ بە ڕۆژ کەرتی تایبەت کەرتی گشتی داگیر دەکات، تەنانەت کەرتە گشتییەکان لە بەرچاوی هەمووان وەک بێبەرهەم و نابووت نیشان دەدرێن و ڕۆژانە دەپووکێنەوە و کەرتی تایبەتیان لە سەر بنیاد دەنرێت.
ڕوونە، کەرتی تایبەت بەرئەنجامی موڵکایەتیی تایبەت و بازاڕی ئازادە. بۆ ئەمەش نابێت هیچ سنوور، قۆرت، کۆت و بەندێک لە بەرانبەر خواست و بەرژەوەندییەکانی تاکەکەسدا دابنرێت، تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت کە تاک زیان بە ئازادیی کەسانی دیکە بگەیەنێت. بەڵام کاتێک هیچ کەسێک ئازادیی کەسێکی دیکە پێشێل ناکات، مانای ئەوە نییە کە نەزمێکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش لە بەرژەوەندیی هەمووان چێ دەبێت، بەڵکوو بەهۆی بەرژەوەندیی جیاوازەوە لە نێوان تاکەکەسەکان خۆیان لە لایەک و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵایەتییدا لە لایەکی دیکەوە چەندین ناکۆکیی سەر هەڵدەدات کە پرسیار و گومان دەخەنە سەر ئەوەی کێ ئازادە و کام ئایدیۆلۆژیای سیاسیی بانگەشەی بۆ دەکات. ئەگەر بازاڕی ئازاد پێشمەرجێک بێت بۆ ئازادیی تاکەکەس، کەواتە چۆن پێشوەختە ئامانجی خودی بازاڕ بزانین؟ لیبراڵەکان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بازاڕ زۆرترین چانس و دەرفەتی هەر تاکێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی دەڕەخسێنێت، لە کاتێکدا ناتوانرێت ئامانجی بازاڕ خۆیشی پێشوەختە دیاریی بکرێت. ئالان دێ بێنوا پرسیار دەکات: چۆن دەتوانین بێژین بازاڕ باشترین و گونجاوترین ئامانج بەدی دەهێنێت، ئەگەر نەزانین ئەم گونجاوترینە چییە؟ لە ڕاستییدا، دەتوانین بێژین، بازاڕ چەندین جار ئامانج (داواکاریی) تاکەکان زیاد دەکات، وەلێ ئامرازەکانی تێرکردنی ئەو ئامانجانەیان بۆ دابین ناکات، ئەمەش دەبێتە هۆی نەک زیادکرنی ڕەزامەندیی و تێربوون، بەڵکوو زیادکردنی ناکامیی و ناڕازیبوونیان[39]. جگە لەوەش، گەر بازاڕی ئازاد پرۆسەیەکی ڕکابەریی بێت لە نێوان وڵاتان (دەوڵەتان)، بازرگانان، تاکەکان، کۆمپانیاکان و هتد…، ئەوا خودی پرۆسەکە بە ئەنجامی یەکسانیی نێوان ڕکابەرەکان کۆتایی نایەت، بەڵکوو هەمیشە ژمارەیەک ئەگەر، چانس و دەرفەت بە کراوەیی دەمێننەوە کە وا دەکەن ڕکابەرێک لە یەکێکی دیکە زیاتری لە بازاڕدا دەست بکەوێت. کەواتە گەر ئاڕاستەی بازاڕی ئازاد نەزانین، ناتوانین بیکەین بە پێودانگێک بۆ ئازادیی و مافی تاکەکان یان بۆ یەکسانیی هەموومان.
وەک دەزانین، کەرتی تایبەت یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی بۆرژوازیی. بۆرژوازییش ئەو دامەزراوانە چێ دەکات وا سەرمایەداریی بەرهەم دەهێننەوە. بە واتایەکی دیکە، کەرتی تایبەت ئەو بیروباوەڕانە زاڵ دەکات کە لەگەڵ سەرمایەدارییدا دەگونجێن، وەک بیروباوەڕی لیبراڵیزم و چەمکی ئەبستراکتی ئازادیی تاکەکەس، نەک ئەو بیروباوەڕانەی کە دژن. لە ئێستادا بەتایبەتکردنی کەرتی پەروەردە و خوێندن، تەندرووستیی، بازرگانیی و هۆیەکانی گواستنەوە، خزمەتگوزاریی، هەڵتۆقینی شاری تازە و شووقەنشینیی لە ناو شارە کۆنەکاندا زەقترین دیاردەن لە کۆمەڵگەدا کە دەسەڵاتداران-سەرمایەداران پەرەیان پێ دەدەن و دەیانخەنە ڕۆژەڤەوە. لەو ڕێگەشەوە هۆکارەکانی بەرهەمهێنانی زەینیی تاک و کۆمەڵگە کۆنترۆڵ دەکەن. لێرەشەوە ئایدیاکان و بیروباوەڕی لیبراڵیزم خۆیان خزاندووتە نێو ژیانی تاک و کۆمەڵگە و تا دێت نایەکسانیی و نادادپەروەریی لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگەدا زیاتر دەبێت. جارجاریش لەپڕ کوڕ یان کچی بەرپرسێک لە میدیاکان دەردەکەوێت و دەبێتە ڕووخسار و پاڵەوانی پرۆژەیەکی کەرتی تایبەت، وەک ئەوەی ئەو قەیران و درزە کۆمەڵایەتییانە ئاسایی بکاتەوە کە دەسەڵاتدارە سەرمایەدارەکان خستوویانەتە ناو جەستەی کۆمەڵگەوە.
ئەم جیاوازیی و درزە کۆمەڵایەتییە بە زەقیی لە کۆمەڵگەدا دەرکەوتووە: لە لایەکەوە کۆمپانیاکانی نزیک لە دەسەڵات بە لێشاو شار و شووقە درووست دەکەن و قازانج و سەرمایەی بازرگانیی لە باشووری کوردستان هەم بۆ خۆیان و هەم بۆ چینی دەسەڵات زیاتر کەڵەکە دەکەن، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی کرێ و داهاتی مانگانەی کرێکاران و فەرمانبەران کەمتر دەبن، هەروەها بازاڕی دووکاندار و بازرگانیی مامناوەند لاوازتر دەبن. لە ڕاستییدا ئەوەی ناوی ئابووریی کۆمەڵگەیە، ئەوەیە کە چینی خوارەوە لەناو گێژاوی بێکاریی و هەژاریی، کەمی خزمەتگوزاریی، چاوەڕوانیی مووچە و کرێی کەمی مانگانە، وێرانبوونی کەرتی تەندرووستیی و پەروەردە، خراپیی کوالێتیی کاڵاکان و خۆراکدا وەک بارمتەی دەسەڵاتداران گرمۆڵە بوون. تۆماس پیكتی له پەڕتووکی «سەرمایە لە سەدەی بیستویەک»ـدا ئاماژە بەوە دەکات کە ههر كاتێك قازانج و سهرمایهی بازرگانیی و كۆمپانیاكان له گهشهی ئابووریی كۆمهڵگە زیاتر بوو و ڕێژهی كرێ و داهاتی مانگانه لاواز بوو، ئهوا به دڵنیاییهوه سامان و داهات له دهستی كهمینهی دەسەڵاتدار و سەرمایەداران كۆ بووەتهوه.
سەرمایەداریی وەک دۆخی دڵەڕاوکێی بەردەوام
وەک دەبینین، گوتاری ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەرمایەداریی لە سەر ئەوە بیرۆکەیە بەندە کە تاکەکەس ناوەندە، خۆی دەتوانێت خۆی درووست بکات، واتە ئازادە لە هەڵبژاردنەکەی خۆیدا. لە سۆنگەی ئەم گوتارەوە، مرۆی خۆدرووستکەر – کەسێکە دەتوانێت بەبێ ڕەچەڵەک و ڕیشە بێت، خۆی لەو ژینگە و بەستێنەی تێیدا لەدایک بووە و دەژیت، لە هەر شتێک کە ئەو دەکات بەوەی لە کەسانی دیکە نەچێت، داماڵێت. تاکەکەس (سوبێکت) گەرەکە خۆی بژاردە و ئوبێکت، پیشە، ناسنامە و تەنانەت جێندەرەکەی خۆی هەڵبژێرێت یان بیدۆزێتەوە. گوتاری لیبراڵیزم لە ڕێگەی سەتان ناوەندی میدیایی و بازاڕەوە تاکەکانی خستووەتە ناو گێژاوی بژاردەکانەوە: «ببە بە خۆت!»، «ئەوە هەڵبژێرە کە خۆت دەتەوێت!». لەم گوتارەدا هیچ بژاردەیەک نەماوە بۆ ئەوەی تاکەکەس بەرژەوەندیی کۆمەڵە و کۆمەڵگەکەی بخاتە پێش بەرژەوەندیی خۆیەوە، یان وەک کۆمەڵەکەی بژێت. بەڵام ئەنجامی دابارینی داواکارییە زۆرەکانی لیبراڵیزم بەسەر سوبێکتەکاندا بەدەر نییە لە چەندین دەردەنیشانەی کلینیکیی. فەرمانەکانی گوتاری لیبراڵزم بە ڕێگەی بژاردەکانەوە، ژیانی دەروونیی مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەیان پڕ کردووە لە گرژیی، ناڕێکیی، نادڵنیایی، بێهوایی، ترس، دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی.
گەر لە ڕوانگەی دروونشیکارییەوە بڕوانینە گوتاری لیبراڵیزمی سەرمایەداریی، دەبینین دژی گەشەی سرووشتیی و بنیادەکانی گەشەی منداڵە. بەپێی ئەم گوتارە نابێت ئیگۆی تاک پشت بە بنیادە کۆمەڵایەتییەکەی ببەستێت، بەڵکوو خۆی بەرپرسیار بێت لە بڕیار، چارەنووس، بژاردە و سەرکەوتنەکانی خۆی. ئەوە لەبیر کراوە کە ئیگۆ شتێکە لە پەیوەندیی لەگەڵ ئەوانی تردا پێکدێت. فرۆید گوتەنیی، ئیگۆی زارۆک لە ڕێگەی هاوشووناسبوون لەگەڵ دایباب و ئەونی تردا، کە خۆشیان دەوێت و تێری دەکەن، درووست دەبێت. سەرهەڵدانی دڵەڕاوکێ لە منداڵاندا دەکرێ بۆ یەک حاڵەت کورت بکرێتەوە، ئەویش نەبوونی کەسێکی خۆشەویستە (ئەو کەسەی تاسەی دەکەن) یان کەسێک کە جێگەی دەگرێتەوە. لێ گوتاری لیبراڵ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هاوسۆزیی لەگەڵ ئەوانی تردا نابووت کردووە و تاکەکەسی لە ناو ئیگۆی پەتیی خۆیدا نغرۆ کردووە. لەگەڵ گەورەبووندا ئەم خۆشەویستییە بەلای ڕق و بەڵادا دەشکێتەوە، بەو پێیەی کاتێک تاکەکەس بەرپرسیاری خۆیەتی، زۆر زەحمەتە، کەسانی دیکەی خۆش بوێت، چونکە ئەوانی تر هەمیشە وەک ئاستەنگن لەبەردەم بەدیهێنانی ئارەزوو و بژاردەکانی، گوایە ڕقیان لێیەتی، دوای دەکەون و هەوڵ دەدەن ڕێگریی لێ بکەن. لەم بارودۆخەدا گوتە داخوازییە خۆنەویستییەکەی ناو نەریتی ئایینە ئاسمانییەکان – «ئەوانی ترت خۆش بوێت» وەرچەرخراوە بۆ گوتەیەکی داخوازیی خۆپەرستیی نارسیستیی – «خۆتت خۆشبوێت». لەم گوتارەدا مامەڵە و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەوانی تردا بۆ سەوداکاریی بازرگانیی و ئاڵوگۆڕی پەتیی کاڵاکان کورت بوونەتەوە. ئەمڕۆکە تەنانەت دایک و باوکان بەپێی هەمان لۆژیکی گوتاری لیبراڵی سەرمایەداریی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا دەکەن، کە مامەڵەیەکی بازرگانییە: «ئەگەر ژوورەکەت پاک بکەیتەوە، دەتوانیت دوو کاتژمێر لە ئەنتەرنێت گەمە بکەیت». ئەمە تەنیا پێگەی لێبراڵییانەی سوبێکتیڤیتیی بەهێز دەکات.[40]
زۆریی و بۆریی و ناکۆتایی بژاردەکان هەر خۆیان بە جۆرێک لە جۆرەکان سەرچاوەی دڵەڕاوکێن. دڵەڕاوکێ دۆخێکی دەروونییە و پەیوەستە بە ئوبێکتی لەدەستچووەوە، یان ئەو کاتەیە کە سوبێکت (تاکەکەس) ڕووبەڕووی بژاردەکەی خۆی دەبێتەوە، ڕووبەڕووی ئەو ئوبێکتە دەبێتەوە کە ئەگەری لەدەستدانی زیاترە لە بەدەستهێنان. بە واتایەکی دیکە، دڵەڕاوکێ کاتێک سەر هەڵدەدات کە ئیگۆ هەست بە هەڕەشەی جیابوونەوە یان لەدەستدانی شتەکان بکات. لای فرۆید، ئەو دۆخە مەترسیدارەی کە ئیگۆ لە میانەی نیرۆسی تراوماییدا کاردانەوەی بەرانبەری دەبێت، وازهێنانە لەلایەن سوپەرئیگۆی پارێزەرەوە. چەمکی دۆخی تراومایی ئاماژەیە بە لاوازیی ئیگۆی تاک. بە بڕوای فرۆید ئەو ساتە مەترسیدارانەی کە دەکرێ حاڵەتی تراوماییان لێ بکەوێتەوە، بە درێژایی ژیان دەگۆڕێن، بەڵام هەموویان هەمان تایبەتمەندیی هاوبەشیان هەیە: جیابوونەوە یان دابڕان، لەدەستدانی ئۆبێکتێکی خۆشەویست، یان لەدەستدانی خۆشەویستیی ئۆبێکتێک. ئەم لەدەستدان یان جایبوونەوەیە دەکرێ بە شێوازی جۆراوجۆر ببنە هۆی کەڵەکەبوونی ئارەزووی بەدینەهاتوو و هەستکردن بە بێهاوکاریی و بێیارمەتیی.
لە گوتاری لیبراڵدا کەس نابێت بەرپرسیارێتیی کەسێکی دیکە هەڵبگرێت، چیتر سوپەرئیگۆ و سەردارە قسەکەر و قەدەغەکارەکان بەسەر تاکەکانەوە نەماون، بەڵکوو سوبێکت سەرداری خۆیەتی و گەرەکە خۆی بە سەربەخۆیی شتەکان هەڵبژێرێت. ئەم سەردارە یەکسانە بە بەکاربەرێکی ئازاد. گەلەک بیرمەند ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بانگەشەیە بۆ ڕەسەنێتیی تاکەکەس ناچارییەکی نارسیستیی درووست دەکات، بە جۆرێک تاکەکەس بەردەوام ڕووی لە خۆیەتی، گوێ لە خۆی دەگرێت. وەک بیونگ چوول هان جەختی لەسەر دەکاتەوە، ڕەسەنێتیی، ستراتیژێکی نیۆلیبراڵانەی بەرهەمهێنانە. ئیگۆ بۆ هەمیشە ناچارە خۆی وەک بازرگانی خود بەرهەم بهێنێت[41]. سوبێکتی لیبراڵ خۆی قەدەغەکان هەڵدەبژێرێت و ملکەچیان دەبێت. لێ ئەم قەدەغانە زیاتر هاوشێوەی ئەو وەهمانەن کە سوبێکت بۆ بەرگریی لە بیرۆکەی ئازادیی کەسیی دایاندەهێنێت.
گوتاری لیبراڵ بەردەوام داوا لە سوبێکتەکان دەکات کە زیاتر بکڕن، بەرخۆر بن، زیاتر هەڵبژێرێن، زیاتر چێژ وەربگرن. بەم ڕەنگە، ئەم گوتارە خۆی جێی سەردار و سوپەرئیگۆی گرتووەتەوە. سوبێکت هەمیشە چاوەڕوانی ئەوەیە کە ئەم گوتارەی سەرمایەداریی چ داوایەکی لێ دەکات. مسۆگەر ئەم ئاماژەیە دڵەڕاوکێ دەهێنێت، چونکە پێویستە ملکەچی ئەو شتانە بین کە ئەوی تری گەورە (بە مانا لاکانییەکەی) لە ئێمەی دەخوازێت. بەڵام لێرەدا پرسیارێک سەر هەڵدەدات: کاتێک سوبێکت لە کار و بژاردەکانیدا سەرکەوتوو نابێت، کێ بەرپرسیارە؟ بێگومان خۆی. گلەیی لە کێ بکات؟ کێ وەڵامی بداتەوە؟ تاکە کەسێک کە وەڵام بداتەوە، تەنیا سوبێکت خۆیەتی: من شکستم هێنا، سووچی خۆمە، من نەمتوانی کارەکە بە باشیی ئەنجام بدەن، لێهاتوو نیم، لە ئاستێکی بەرزدا نیم و هتد… کەواتە ئەگەر من کارەکەم لەدەست بدەم، ئەوە خۆم سووچدارم، نەک ئەو کۆمپانیایەی دەری کردووم. ئەمە پێچەوانەی سیستەمی کۆنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە، کاتێک تاکەکەس لە شتێک یان هەڵبژرادنێکدا شکستی دەهێنا و تووشی ناکامیی دەبوو، دەیتوانی گلەیی لە سەردارێک بکات و بێژێ: «ئەو سووچدارە». لە ژێر باردۆخی گوتاری لیبراڵدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بێکاریگەرن و ڕۆڵییان نییە، سا بۆیە تاکەکەس (سوبێکت) ناچارە لە هەر شکستێکدا خۆی سەرزەنشت بکات. خۆسەرزەنشتکردن، ئاماژەیەکە بۆ لاوازیی ئیگۆ، بێڕیزیی بەرانبەر بە خود، نەبوونی خۆشەویستیی و گرنگیی لەلایەن ئەوانی ترەوە، کە لە ئەنجامدا سەر دەکێشێت بۆ بڕینی جەستە، چەقۆ و مووس لە خۆدان و تەنانەت هەندێک جار خۆکوژیی. سوبێکت لەم بارودۆخەدا لەناو بازنەی بەتاڵی خۆیدا گیری خواردووە و داڕووخاوە، تاکە کەسێک کە پەنای بۆ ببات، دەروونشیکار و دەروونپزیشکە. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا خەڵکێکی زۆر بەهۆی ئەم دۆخە دڵەڕاوکێ و خەمۆکییەوە دەناڵێنن و ڕوو دەکەنە نووسینگەکانی دەروونشیکاریی و دەروونپزیشکیی.
بەم ڕەنگە، ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریی، لە لایەکەوە داوامان لێ دەکات دوای بژاردەکانی خۆمان بکەوین، وەک ئەوەی ڕێگە بە هەڵبژاردنی ئازادانە دەدات، وەک ئەوەی ئەمە جووڵەیەک بێت بەرەو ئازادیی و سەرکەوتنی سوبێکت؛ لە لایەکی دیکەشەوە، داوای سنووردارکردنی بژاردەمان لێ دەکات. گەر لە کارێک شکستمان هێنا، سووچی خۆمانە، دەبێ سەرزەنشت و ڕەخنەی خۆمان بکەین. گەر بژاردەکەمان ئەوە بێت کە وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی هەوڵی گۆڕانکاریی لە سیستەمی تەندرووستیی، پەروەردە، دەزگایەک، کارگەیەک و هتد… بدەین، ئەوا واتای نییە، چونکە بەپێی سەرمایەداریی، ڕەخنە دەبێ هەر لەو تاکەکانەسانە بگرین کە توانای کارکردنیان نییە و شکست دەهێنن. بۆیە سەرمایەداریی بەردەوام داوامان لێ دەکات بیر لە سەرکەوتن بکەینەوە نەک شکست.
ئەمڕۆکە زۆری بژاردە-کاڵاکان لە بازاڕەکاندا بوون بە “ئەسپی ترۆی بۆ گوتاری لیبراڵی سەرمایداریی” کە بە ئاسانیی دێنە ناو ماڵی سوبێکتە بەکاربەرەکانەوە، لێ دوای ماوەیەکی کەم بە دڵەڕاوکێ و خەمۆکیی تێکیان دەشکێنن. لە سیستەمی سەرمایەدارییدا ئەوەی لە بازاڕدا دەخرێتە ڕوو، هەمیشە وەک هیوایەکە بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی وا لەدەستچووە. هەر خودی ئەوەی سوبێکت هەڵی دەبژێرێت، گەرچی لە ڕووکەشەدا هەستی سەرکەوتنی پێ دەدات کە دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە و لە کاروانی مۆدێرنەدا جێ نامێنێت، بەڵام لە ڕاستییدا هەوڵێکە بۆ خۆدوورگرتن لە تراومای ئەو شکستەی لە هەناوی سوبێکتدایە. بە گوتەی تۆد ماکگوان بنیادەکانی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی سەرمایەداریی پێویستیان بەوەیە سوبێکت بیر لە سەرکەوتن بکاتەوە نەک شکست، گەرنا ئەم بنیادانە لەکار دەکەون[42]. فەنتازیاکانی بەدەستهێنانی ئوبێکتی لەدەستچوو بۆ مانەوەی سەرمایەداریی پێویستن. ئەو ڕوونی دەکاتەوە کە سەرمایەداران بڕوایان وایە لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە نێو سیستەمی سەرمایدارییدا، دەتوانن ئوبێکتی لەدەستچوو بەدەست بهێنن. ئەوان بۆ ئەوەی قازانجی زیاتر بکەن و بگەن بە ئوبێکتی ئارەزوویان، ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دەکەن، بەڵام لە کۆتاییدا هەمان ئەو شتە لەدەست دەدەن کە بەدوایدا وێڵن. ئەمە بۆ بەکاربەرانی سەرمایەدارییش ڕاستە. لەبری گەڕان بەدوای کەڵەکەکردنی سەرمایەدا، بەکاربەر بەدوای ئەو کاڵایەدا دەگەڕێت وا ئەوپەڕی تێربوون دەستەبەر دەکات و گرێدراوی ئوبێکتی لەدەستچووەوە. ئیدی کاڵا بە دوای کاڵا دەکڕن تا بگەن بە تێربوون، بەڵام گەیشتن بەمە وەهمە، چونکە پاش چێژێکی بەرایی لە کاڵاکە، دووچاری تێرنەبوونی فرەتر دەبن. لە هەردوو گۆڕەپانی بەرهەمهێنان و بەکاربردندا، سەرمایەداریی لە ناو لۆژیک و سنووردارێتیی ئەو فەنتازیایەدا گیر دەخوات، گوایە ئوبێکتی تێرکەر بوونی هەیە.
لە کۆمەڵگەی لیبراڵدا هانی سوبێکت دەدرێت فەنتازیای خۆی واقیعیی بکاتەوە و بەدی بهێنت، گوایە بگات بە چێژی ڕەها. وەک ئەوەی سوبێکت ئەوەی ئارەزووی دەکات، لە واقیعدا دەستبەری بکات. ئەمەش هاندانی دڵەڕاوکێی واقیعییە بۆ ئەگەری هێنانەدی فەنتازیاکان. لەخۆڕا نییە کە لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا زۆرێک لە فەنتازیا پڕوپووچەکانی سوبێکت بەدی دێن، بۆ نموونە، گۆڕینی ڕووخسار و جەستە هەوڵیکە بۆ کامڵبوون و تێربوون. گەرچی بەمەش ئارەزووەکانیان دانامرکێنەوە، بۆیە بەردەوام دەبن لە نمایشکردن و درخستنی خۆیان بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئایا گۆڕینی ڕووخساریان لای ئەوانی تر پەسەند کراوە یان نا. بەم ڕەنگە، سەرکەوتن لە بژاردەکانیاندا دەبەستننەوە بە نیگا و بڕیاری ئەوانی ترەوە. لای ئەم خەڵکانە یان دۆخێکی ئاڵوودەبوون و خووگرتنی هیستریی درێژە دەکێشێت، یان هەست بە شکست دەکەن. بە پێچەوانەوە، کاتێک سوبێکت درک بەوە دەکات کە هیچ بژاردەیەک یان ئوبێکتێک لە کۆمەڵگەی سەرمایەدارییدا تێربوونی تەواوەتیی بەدی ناهێنێت، ئەوکات دەتوانێت لە ڕووی دەروونییەوە لە سەرمایەداریی بێبەریی بێت. گەر سوبێکت بتوانێت بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی بەردەوامیی سەرمایەداریی ڕەت بکاتەوە، ئەوا ئەمە سەرەتا و پێشمەرجێکە بۆ سیاسەتیی شۆڕشگێڕیی[43]. بەم جۆرەش سوبێکتی سەردەم بەرهەڵستی گوتاری چێژی ڕەها دەکات و بە سوبێکتی گوتاری لیبراڵیزم دەڵێت «نا».
کۆمۆن لە بەرانبەر دەوڵەت و سەرمایەداریی
لیبراڵیزمی سەرمایەداریی کە لە ئاڵوگۆڕی کاڵای بازرگانیی ئازادەوە سەرچاوە وەردەگرێت، ئازادیی تاکەکەس دەکاتە هونەری کڕاندنەوەی کۆمەڵگە. میخایل باکۆنین لە بنەڕەتەوە ئازادیی تاکەکەسی لیبراڵیزم ڕەت دەکاتەوە و بە ئازادیی فەرمیی ناوی دەبات کە لەلایەن دەوڵەتەوە پێوانە کراوە و ڕێک خراوە – نوینەرایەتیی ئیمتیازاتی چەند کەسێک دەکات کە لەسەر کۆیلایەتیی هەموو کەسێکی دیکە وەستاون: «ئەوە ئازادیی تاک نییە، بەڵکوو خۆپەرستییە، زەبوونییە، پەرەپێدانی وەهمێکە کە قوتابخانەی ڕۆسۆ و هەموو قوتابخانەکانی دیکەی لیبراڵیزمی بۆرژوازیی بایەخی پێ دەدەن، مافەکانی تاک بە سنووردارکراوی مافەکانی دەوڵەت دەزانێت و لە کۆتاییشیدا بە پێویستی دەزانێت مافەکانی تاک بۆ سفر کەم بکاتەوە»[44].
ڕێبەر ئۆجالان ئەم ئازادییە تاکەکەسییەی لیبراڵیزم بە دەرکەوتەیەکی ساختەی تاکڕەوێتیی سەرمایەداریی دەزانێت کە لە دژی کۆمەڵگە هان دراوە، ئەو تاکەیە وا کۆیلەی کرێیە و ژیانی بە سەروەریی پارەوە بەستراوەتەوە: «تاکڕەوێتیی سەرمایەداریی لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە کۆمەڵگە شێوەی گرتووە. لەو بڕوایەدایە کە بەو ڕادەی نکۆڵیی لە هەر جۆرە نەریت و کەلتوورێکی کۆمەڵگەی مێژوویی بکات، خۆی دەئافرێنێت. ئەوە گەورەترین شێواندن و چەواشەکاریی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمە»[45].
ئازادیی لیبراڵ بەپێی ئەو نەخشەیە داڕێژراوە وا گۆڕەپانی سەرمایەدارییە. لەم گۆڕەپانەدا ئەو کەسە ئازادە کە بەکاربەرە، کرێکار و فەرامانبەرێکی ناو دەزگاکانی دەوڵەت و دەسەڵات یان کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بیرۆکانە پەسەند دەکات وا ڕەوایەتی بە بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی دەدەن. لەم گوتارەدا ئازادیی کۆمەڵگە واتای نییە، ئەوەی ئازادە، تاکەکەسە. لێ ئازادیی تاکەکەس بەبێ پاڵپشتیی کۆمەڵگە، تەنیا پاشکۆیەتییە بۆ قۆرغکارییەکانی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزم. ڕێبەر ئۆجالان دەبێژێ: «هەرچەندە لیبراڵیزم وەک وشە لە جێگەی ئازادبوونیش بەکار دەهێنرێت، بەڵام لە بواری کردارییدا سەلماندوویەتی کە لە پێناو پەرەسەندنی بێسنووری قۆرغکارییەکاندا ئەم ناوەی لە خۆی بار کردووە. ئەو ئازادییەی لە ڕواڵەتدا دەخرێتە ڕوو، لە بواری پراکتیکدا کۆت و زنجیرێکی ماددیی و ئایدیۆلۆژیی هەمەجۆری ئەوتۆی لێ دراوە کە تەنانەت لە مێژوو و لە ڕژێمە فیرعەونییەکانیشدا نەبینراون. هەرچی ئازادیی ڕاستەقینەیە، تەنها ئەو کاتە لەناو کۆمەڵگەیەکدا واتادار دەبێت کە بە ڕەهەندی کۆمەڵایەتیی پاڵپشتی بکرێت. هەرچی ئەو ئازادییانەی تاکەکەسە کە پاڵپشتی کۆمەڵگەیان نییە، تەنها واتای پاشکۆیەتیی بۆ ویژدانی قۆرغکارییەکان دەبەخشن، ئەمەش گوزارشت لە دۆخێکی پێچەوانەی ڕۆحی ئازادیی دەکات»[46].
لەبەر ئەوەی لیبراڵیزم لەسەر ئازادیی تاکەکەس بەندە، دەتوانین بەوە پێناسە بکەین کە بریتییە لە ئایدیۆلۆژیای چەپاوڵگەریی سیستەمی سەرمایەداریی کە ڕۆڵی تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو کۆمەڵگە و جڤاتە سۆسیالیستییانە وازیی دەکات وا بنیادەکانیان بە چالاکیی کۆموناڵ و هەرەوەزیی مرۆڤ ڕاگیراون. لە بەرانبەر تاکگەرایی ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەرمایەدارییدا، ڕێبەر ئۆجالان گرنگیی بە تاکەکەسی نەتەوەی دیموکراتیی دەدات کە؛ “ئازادیی خۆی لە کۆمۆناڵیتەی کۆمەڵگەکەی وەردەگرێت، واتە ئازادیی خۆی لە ژیانی جڤاتە بچووک و چالاکەکان وەردەگرێت”[47]. کۆمۆن لە یەک کاتدا دوو تایبەتمەندیی بنەڕەتیی لە خۆی دەگرێت، لە لایەکەوە بە شێوەیەکی سەرەکیی دژی موڵکایەتیی تایبەتیی سەرمایەدارییە و لە لایەکی دیکەشەوە دژی موڵکایەتیی دەوڵەت دەوەستێتەوە. درووشمە بەناوبانگەکەی تۆماس مونتزەر سەرکردەی جەنگی جووتیارانی ئەڵمانیا لە سەدەی شانزەدا ئەمە بوو: “گەرەکە هەموو شتێک بە کۆمۆن بێت”. کۆمۆن بۆ ئەوەیە سامان و سەرچاوەکان هاوبەش بن و بۆ هەموو کەسێک بن، نەک بۆ ئاغا، سەردار و دەستە و تاقمێک یان دەسەڵات و دەوڵەتێک. بەم جۆرە کاری هەرەوەرزیی و سامانی هاوبەش کە تایبەتمەندیی سەرەکیی کۆمۆنەن، ڕێ بە کەڵەکەکردنی سەرمایە نادەن کە لە خاوەندارێتی تایبەت و دەسەڵاتەوە سەرچاوە دەگرێت و دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی مرۆڤەکان و جیاوازیی چینایەتیی.
ڕاستە لیبراڵەکان دژی فۆرمەکانی دەسەڵاتگەریی دەوەستنەوە، بەڵام بڕوایان بە بوونی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەش نییە وا بە بەها و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەوە پەیوەستن، بەڵکوو بڕوایان بە بەرژەوەندیی و خواستە تایبەتەکان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا بە بەرگریکردن لە موڵکایەتی تایبەت و بازاڕی ئازادی سەرمایەداریی، لیبراڵیزم بوو بە خزمەتکاری بەرژەوەندیی و ئامانجەکانی دەوڵەت و دەسەڵات. کۆمۆنیش دژی نۆڕم و فۆرمەکانی دەسەڵاتگەرییە، لێ هاوکات دژی ئەو فکرە لیبراڵەشە وا ڕەوایەتیی بە بەرژەوەندیی، خۆپەرەستیی و موڵکایەتیی تایبەت لە هەمبەر جڤات، کۆمەڵگە و موڵکایەتیی گشتیی دەدات. ڕێبەر ئۆجالان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو کەسەی کۆمۆنی نەبێت و بە هەرەوەرزیی نەژێت، وەک تاکەکەسیش نابێت، بەرپرسیارێتی ئەخلاقیشیی نابێت: «تاک بەرپرسیارێتیی خۆی بەرانبەر ئەو کۆمۆن و یەکینە کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا ئەندامە، بە سەرەکیترین پرەنسیپی ئەخلاقیبوون دادەنێت. چونکە ئەخلاق مانای وابەستەبوون و ڕێزگرتنی جڤات و ژیانی هەرەوەرزیی و پابەندوونە پێیانەوە. هەروەها کۆمۆن یان جڤاتیش تا ئەوپەڕی خاوەندارێتیی لە تاکەکانی دەکات، دەیانپارێزێت و ژیانیان دابین دەکات»[48]. ڕێبەر ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات کە وەک چۆن کۆمەڵگە ئەخلاقییە، لە هەمان کاتدا دیاردەیەکی سیاسیشە. بۆیە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و سیاسیی بریتییە لە پاراستنی کۆمەڵگە وەک پێکهاتەیەکی بەرژەوەندیی و یەکێتیی هاوبەش: «یەکێتیی لە بناغەی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسییدایە. تاکە بەهایەک کە هیچ تاک و گرووپێک سازشی لەسەر ناکات و دەستبەرداری نابێت، سووربوونە لەسەر مانەوە بە شێوەی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی. چونکە کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی تاکە مەرجی پێویستە بۆ جیاوازییەکان، ئازادیی و یەکسانیی»[49].
هەرەوەزیی هەر خۆی لە بنەڕەتەوە پرەنسیپێکی ئەخلاقیی هەیە و تێیدا پاوانخوازیی دەسەڵات و تاکەکەسیی جێی نابێتەوە. هەرەوەرزیی پێچەوانەی سەرمایەدارییە و کار و چالاکییەکانی لە پێناو قازانجدا نییە، بەڵکوو ئەخلاقیی و سیاسیین لە پێناو چاکە و بەختەوەریی کۆمەڵگەدا. لەم ڕوانگەشەوە پرسی ئابووریی سەر هەڵدەدات کە ئایا پیویستە تایبەت و دەوڵەتیی بێت یان کۆموناڵیی. ڕێبەر ئۆجالان بە گەڕانەوە بۆ ڕیشە و واتای ڕاستەقینەی وشەی ئیکۆنۆمی (ئابووریی)ـی یۆنانیی، ئەو تێزەش دەسەلمێنێت کە “سەرمایەداریی ئابووریی نییە، بەڵکوو فۆرمێکی دەسەڵاتە”: «ئیکۆنۆمیی واتای “بژێویی خێزان”ـە. گوزارشت لە ڕێسا ماددییەکانی گوزەرانی خێزان، دەوروبەر، کەرەستە و ماتریاڵەکانی دیکە دەکات. ئەگەر لە کۆمەڵگەی شارستاندا چەمکەکە کەمێک گشتگیرتر بکەین، دەشێت وەک “ڕێساکانی گوزەران”ـی جڤاتە بچووکەکان گوزارشتی لێ بکرێت. ئابووریی ئەو ڕاستییە کۆمەڵایەتییەیە کە تەنانەت نابێت بیر لە بەتایبەتیکردن و بەدەوڵەتیکردنی بکرێتەوە. سەرەکیترین ئۆرگانی هاوبەش و کۆلێکتیڤیزمی کۆمەڵگەیە. تایبەتیکردن و دەوڵەتیکردنی ئابووریی مانای وێرانکردنی ئۆرگانی بنەڕەتیی کۆمەڵگەیە»[50]. جگە لەوەش ڕێبەر ئۆجالان واتای ئابووریی بە کاری ماڵەوە دەزانێت کە کاری ژنە و بە دەستی ژن دامەزراوە، لە کاتێکدا لە ژێر هەلومەرجی سەرمایەداریی و دەسەڵاتگەری پیاو و دەوڵەتدا لە ڕەنج و داهێنانەکەی خۆی بێبەش دەکرێت.
ڕێبەر ئۆجالان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێناسەی ماتێریاڵیزمی مێژوویی و سۆسیالیزم نابێت لەسەر شەڕی چینایەتیی بێت، وەک ئەوەی مارکسیزم بڕوای پێیەتی، بەڵکوو پێویستە ئەم دووانە خۆیان بسپێرن بە دوالیزمی دەوڵەت و کۆمۆن، واتە ناکۆکیی و پێکدادانی دەوڵەت و کۆمۆن شێوە دەدەن بە مێژوو. لە ڕانگەی ڕێبەر ئۆجالانەوە، جیاوازیی چینایەتیی دەوڵەتی نەهێناوەتە ئاراوە،، بەڵکوو دەوڵەت لق و پۆپەکانی جیاوازیی چینایەتیی پەرە پێ داوە و بڵاوی کردووەتەوە[51]. ئەو ئاماژە بەوەش دەکات کە هەر بەهۆی ئەم تیۆریی چینایەتییەوە سۆسیالیزمی واقیعیی ڕووخا، کە دەبووایە لە جێی شەڕی چینایەتیی، کۆمۆن دابنرایە. بەم جۆرە ڕێبەر ئۆجالان فکرێکی سیستەماتیک پێش دەخات کە ماتێریاڵیزمی مێژوویی لەسەر بنەمای دوالیزمی ئەم دوو چەمکە بنیاد دەنێت، چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە ڕووداوێکی کۆمۆناڵە و کۆمەڵگەبوون لە کۆمۆنەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەو تیۆرییەکی سۆسیالیستیی پەرە پێ دەدات کە بە “مۆدێرنیتەی دیموکراتیی” ناوی دەبات، ئەمەش لە بەرانبەر هەرسێ پایەکەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، واتە سەرمایەداریی، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی، سێ پایەی دیکە دەگرێتە خۆی کە پێک دێن لە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، کۆمۆناڵیی و شیکاری ئابووریی ئیکۆلۆژیی (ئابووریی ژینگەناسیی).
تا ئێستا ئایدیۆلۆژیای لیبراڵیزمی سەرمایەداریی وێنەی جیهانێکمان بۆ دەکێشیت کە تێیدا بە زمان و چەمکەکانی خۆی لە ئازادیی موڵکایەتیی تایبەت و خواستی ئاگرین بۆ قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایە لە قاڵبمان دەدات، دەخوازێت خۆی وەک باشترین و دوایین مۆدێلی ژیانی سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتیی درێژە پێ بدات. لە بەرانبەردا هێزێکی نەفیکەر دەنگ هەڵدەبڕێت و دەڵێت «نا»، ئەویش کۆمۆنەی کۆمەڵگەی دیموکراتیی و سۆسیالیستییە، دەنگێکی ئازادیخوازە بەرانبەر دەوڵەت/دەسەڵات و سەرمایەداریی و فۆرمەکانیان. ئەو دەنگە زمانی خۆی هەیە و دەبێژێ: «سووربوون لەسەر سۆسیالیزم، سووربوونە لەسەر مرۆڤبوون».
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
Дэвид Харви. Социальная справедливость и город / перевод с английского Е. Ю. Герасимовой. — М.: Новое литературное обозрение, 2018. С. 399.
[2] عەبدوڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک. بەرگی یەکەم. شارستانییەت. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لوقمان عەبدوڵا. چاپی چوارەم، ٢٠٢٣، ل. ٨٦.
[3] زاراوەی (laissez-faire) لە فەڕەنسییەوە وەرگیراوە، بە واتای «با هەموو شتەکان بەو شێوەیە بچن کە دەچن»، – واتە حکومەتەکان نابێت دەستوەردان لە کاروباری ئابوورییدا بکەن، چونکە دەستوەردان کاریگەریی سیستەمی بازاڕ تێک دەدات.
- Шварцмантель Д. Идеология и политика / Пер. с англ. – X.: Изд-во Гуманитарный Центр, 2009. С. 94.
- Ален де Бенуа. Против либерализма. — СПб.: Амфора. ТИД Амфора, 2009. С. 19.
- Пушкин А. С. Евгений Онегин. Расширенная версия с комментариями и иллюстрациями. – СПб: 2015. С. 10.
دێرێک لە ڕۆمانی «یەڤگینی ئۆنێگین»ـی پوشکینی شاعیر و ڕۆمانووسی ڕووسیی.
- Карл Маркс. Нищета философии. Ответ на «Философию нищеты» г. Прудона. (1847). Огиз. Госполитиздат. 1941. С. 106.
- Заррин П. И. Английская классическая буржуазная политическая экономия/ издательство социально-экономической литературы. – М.: 1958. С. 15.
[9] ئادەم سمیس. سامانی نەتەوەکان. وەرگێڕانی: عەوف عەبدولڕەحمان عەبدوڵا. دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان. سلێمانی، ٢٠١٨، ل. ٤٧.
[10] هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣٢.
[11] هەمان سەرچاوە، ل. ٤٣٠.
[12] هەمان سەرچاوە، ل. ٦٥٥.
[13] کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس. مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست. دەزگای ئایدیا، سلیمانی، ٢٠١٦، ل. ٥٨.
[14] سلاڤۆی ژیژەک. ئوبێکتی باڵای ئایدۆلۆژیا، وەرگێڕانی: وەلید عومەر. کتێبفرۆشی مێخەک، سلێمانی، ٢٠١٨، ل. ٥٠ –٥١.
- Хардт М., Негри A. X 20 Империя / Пер. с англ., под ред. Г. В. Каменской, М. С. Фети сова. — М.: Праксис, 2004. С. 91 – 92.
[16]عەبدوڵا ئۆجالان، مانیفیستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک. بەرگی دووەم. شارستانییەتی سەرمایەداریی. لە تورکییەوە: لوقمان عەبدوڵا. چاپی چوارەم، ٢٠٢٣، ل. ١٧٤.
[17] هەمان سەرچاوە، ل. ١٧٥ – ١٧٦.
[18] جەیمس فولچەر. سەرمایەداریی، پێشەکییەکی زۆر کورت. وەرگێڕانی: بیلال ئیسماعیل حەمە. دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلێمانی، ٢٠٢١، ل. ٩ – ١٠.
[19] ئادەم سمیس. سامانی نەتەوەکان. وەرگێڕانی: عەوف عەبدولڕەحمان عەبدوڵا. دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان. سلێمانی، ٢٠١٨، ل. ٤٠٦.
[20] کارل مارکس و فریدریک ئەنگڵس. مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست. دەزگای ئایدیا، سلیمانی، ٢٠١٦، ل. ٤١ – ٤٣.
[21] فەرید ئەسەسەرد. گەشەکردنی سەرمایەداریی لە کوردستاندا. ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران، سلێمانی، ٢٠١١، ل. ٤٢.
[22] ئانیا لۆمبا. کۆلۆنیاڵیزم و پۆست کۆڵۆنیاڵیزم. وەرگێڕانی: عومەر عەلی غەفوور. دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، سلێمانی، ٢٠١٨، ل. ٢٢.
[23] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی سێیەم. سۆسیۆلۆژیای ئازادیی. چاپی چوارەم، ٢٠٢٣، ل. ١٨٦.
- Дэвид Харви. Социальная справедливость и город / перевод с английского Е. Ю. Герасимовой. – М.: Новое литературное обозрение, 2018. – С. 400.
[25] تۆماس پیکیتی. سەرمایە لە سەدەی بیستویەکدا. وەرگێڕانی: بیلال ئیسماعیل حەمە. دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی، ٢٠١٨، ل. ٦٨.
David Harvey. Rebel cities: From the Right to the City to the Urban Revolution. London, New York: Verso, 2012: 75 – 76.
[27] دەیڤید هارڤی. کورتەیەک لە مێژووی نیۆلیبراڵیزم. لە عەرەبییەوە: نەوزاد عومەر. سلێمانی، دەزگای سەردەم، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥، ل. ٤١٩ – ٤٢٠.
Дэвид Харви. Социальная справедливость и город. С. 399.
[29] دەیڤید هارڤی. کورتەیەک لە مێژووی نیۆلیبراڵیزم. ل. ٤١٧.
[30] سڵاڤۆی ژیژەک. چۆن لاکان بخوێنینەوە؟ وەرگێرانی: وەلید عومەر. دەزگای سەردەم، سلێمانی، ٢٠١٥، ل. ٦٩.
Andrew Heywood, Political Theory: An Introduction. Red Globe Press, 2015: 26.
- Макс Хоркхаймер. Затмение разума.К критике инструментального разума. М.: «Канон+» РООИ «Реабилитация», 2011. С. 152 – 155.
- Andrew Heywood, Political Theory: An Introduction. Red Globe Press, 2015: 26.
- 26. Ален де Бенуа. Против либерализма. – СПб.: Амфора. ТИД Амфора, 2009. С. 32.
- Andrew Heywood, Political Theory: An Introduction. Red Globe Press, 2015: 16.
[37] دەیڤید هارڤی. کورتەیەک لە مێژووی نیۆلیبراڵیزم. لە عەرەبییەوە: نەوزاد عومەر. سلێمانی، دەزگای سەردەم، چاپی یەکەم، ٢٠٢٥، ل. ٣٦.
[38] هەمان سەرچاوە، ل. ٣٩.
Ален де Бенуа. Против либерализма. – СПб.: Амфора. ТИД Амфора, 2009. С. 32
[40]سێرژ لێسور. گوتاری سەرمایەداریی و نەخۆشیی دەروونشیکاریی سەردەم. گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە، ژمارە ٤٦، بەهاری ٢٠٢٤، ل، ١٠٨.
[41] بیونگ چوول هان. کاپیتاڵیزم و پاڵنەری مەرگ. وەرگێڕان: شاڵاو یاسین. سلێمانی، دەزگای ئایدیا، ساڵی ٢٠٢٥، ل. ٩٠.
[42] تۆد مەکگوان. سوبێکت و تێربوون: بەربەستی بێسنوور. گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە، ژمارە ٤٨، پایزی ٢٠٢٤. ل. ١٣٣.
[43] هەمان سەرچاوە، ل. ١٤٢.
[44] میخایل باکونین. مارکسیزم، ئازادیی و دەوڵەت. وەرگێڕانی: زاهیر باهیر. سلێمانی، جاپخانەی بینایی، ٢٠٢٥، ل. ١٢.
[45] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفیسۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی پێنجەم. چاپی چوارەم. ٢٠٢٣، ل. ٧١٨.
[46] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی سێیەم. سۆسیۆلۆژیای ئازادیی. چاپی چوارەم. ٢٠٢٣، ل. ٣٨١–٣٨٢.
[47] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفیسۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی پێنجەم. ل. ٧١٨.
[48] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفیسۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی پێنجەم. ل. ٧١٨
[49] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی سێیەم. سۆسیۆلۆژیای ئازادیی. چاپی چوارەم. ٢٠٢٣. ل. ٣٨١.
[50] عەبدوڵا ئۆجالان. مانیفیسۆی شارستانێتی دیموکراتیی. بەرگی یەکەم. شارستانییەت. چاپی چوارەم، ٢٠٢٣. ل. ٢٢١.
[51] هەمان سەرچاوە، ل. ١٥٤.



