گوتار

حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیی چییە؟

خوێندنەوەیەک بۆ دۆخی باشووری کوردستان و نەخشەڕێگای ڕێبەر ئۆجالان بۆ دەربازبوون لە بنبەستی دەسەڵاتی بنەماڵەیی

سیروان محەمەد

 

 

حکومەتی یەکێتیی دیموکراتیی چییە؟

ئەگەر بیرمان بێت، پەیامی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥ یەک خاڵی سەرەکی تێدا بوو. فەسخی پەکەکە و گواستنەوەی خەبات لە چەکدارییەوە بۆ تێکۆشانی سیاسیی. بۆ ئەمەیش پێویستە زەمینەی یاسایی و سیاسیی بۆ فەراهەم بکرێت. لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا بەڕێز مستەفا قەرەسوو ئەندامی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی بە هەمان شێوە جەختی کردەوە کە ئەگەرچی یاسای چوارچێوە وەک هەنگاوی یەکەم خاڵێکی پۆزەتیڤە، بەڵام ناتوانێت وەڵامگۆی قۆناغەکە بێت و زەمینی یاسایی بۆ تێکۆشانی سیاسیی فەراهەم ناکات. هەروەها وتیشی: ئێمە ناتوانین چەک دانێین و بچینەوە ماڵ و تەواو! ئەمە داخوازیێکی دوورە لە پرەنسیبی تێکۆشانی زیاتر لە نیو سەدەی ئێمە، ئەگەر بیانهەوێ لە کامپەکان قەتیسمان بکەن، ئەوا دوژمن باش ئەوە دەزانێت و ئێمەیش باش دەناسێ.

وەک دەزانین ئەم پرۆسەیە تەنیا پەیوەست بە تورکیا و باکووری کوردستان نییە. ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار لە پەیامەکانی خۆیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە لێرە، واتە لە ئیمڕاڵی پرسی سەدە چارەسەر دەکەین. پرسی کورد یەک سەدەیە لە ژێر تەوژمی داگیرکاریی و هزری سەرمایەی جیهانیی لە دەرەوەی یاسا هێڵدراوەتەوە، گەلی کوردیش لە بن پەنجەی قڕکردندایە. پەکەکە لە یەکەم هەنگاوەکانی خۆیدا کە دەستی بە خەبات کرد، پرسی کوردی لە ئاستی چوار بەشی کوردستان گرتە دەست و بەم جۆرە مامەڵەی لەگەڵ کرد. کادرەکانی ئەو تەڤگەرەش هی هەر چوار بەشی کوردستان و دەرەوەی وڵات و کەسانی سۆسیالیست و ئەنتەرناسیۆناڵن.

ئەمە وا دەکات هەر گۆڕانکاریێک کە لە شێوازی خەباتی تەڤگەری ئازادیی ڕوو بدات، ڕاستەوخۆ لە سەر بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی داگیرکەریش کاریگەریی دانێت. ئێمە ناتوانین بڵین ئەو پرۆسەیە تەنیا لە باکوور قەتیس دەمێنێ. ئەمەیش وای کرد بە هەمان شێواز کە داگیرکەران لە سەدەی ڕابردوو کورد لە چوارچێوەی یەک پاکێج دەست بگرن. ڕێبەر ئاپۆیش چارسەری پرسی بەپێی تایبەتمەندیی هەریەک لەو وڵاتانە لە چوارچێوەی یەک پاکێج سەیر دەکات.

ئەو گفتوگۆیانەی لە ئیمڕالیش دەکرێن، لە سەر هەمان بنەمایە. دەوڵەتی تورکیا وەک بنەمای بنبەستکردن و نکۆڵیی کورد ئەگەر دەیهەوێت چارسەری پرسی کورد بکرێت، لە بەرانبەر چارسەری پرسی کورد لەو بەشانەی دیکەیش بەرپرسیارە. ئەمیش وای کرد ئەردۆغان بڵێت: ئێمە بەرژوەندیەکانی کورد لە هەموو شوێنێک دەپارێزین.

ئەگەر لە شەڕی جیهانی یەکەم کوردستان پارچە کرا و بە ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانیی ڕێگا بۆ جووەکان کرایەوە تا لە هەریمەکە ڕێکخستنی سیاسیی خۆیان پێش بخەن و لە دوای شەڕی جیهانی دووهەم دەوڵەتیان دامەزراند. ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان هەژموونی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویین باڵادەست بکەن. ئەو ترسەی دوڵەتی تورکیا و ئێران هەیانە وای کرد دەرچەیێک بۆ مانۆڕی سیاسیی کورد بکرێتەوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەم دەرچەیەی بەکار هێنا و بە خوێندنەوەی دۆخەکە پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ کرد. ئەمە سەرەتای کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە بوو کە کوردی دەکردە بەکرێگیراوی زلهێزە جیهانییەکان. سیاسەتی دەوڵەتی ئیسرائیل لە سەر بنەمای بەکارهێنانی کورد بەڕێوە دەچێت. لەم ڕوانگەیەوە هەوڵی ئەوەیە کورد بکاتە بەکرێگیراوی خۆی، وەک چۆن کە ئێران حیزبۆڵا و حەماس و حەشدی شەعبی و حووسییەکانی کردووەتە بەکرێگیراوی خۆی و لە پێناو پاراستنی بەرژوەندییەکانیان کردوونی بە گۆشتی قۆربانیی. ڕووداوەکانی ئەم دواییەی شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل- ئێران و ئەو هێرشانەی ئێران کردنی سەر هەرێم، بە ڕوونیی ئەنجامی ئەو سیاسەتەی نیشان دا.

بە دەرچوونی یاسای چوارچێوە پرۆسەکە گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی گەڕانەوەی زۆر زەحمەت دەبێت. جیا لەوەی ئەوەی شارەزای بیر و هزری ڕێبەر ئۆجالان بێت و لە شێوازی خەباتی تێبگات، بڕیاری کۆتاییهێنان بە سەردەمی تێکۆشانی چەکداریی نەک تاکتیکیی، بابەتێکی ستراتێژیکە. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین لە هەمان پەیامی ٢٧ـی شوبات ڕێبەر ئاپۆ هۆکاری دەرکەوتنی پەکەکەی پەیوەست کرد بە هزری فاشیست و نکۆڵیی گەلی کورد، ئەو وتی؛ بەردەوامیی ئەو هزرە دەتوانێت پەکەکەیەکی بەهێزتریش ساز بکات.

بە پێشکەوتنی ئەو وتووێژانە و دەنگۆی چۆڵکردنی هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، هەندێ هێز و لایەن چاویان بڕیوەتە ئەو هەرێـمانە. مژاری جێگای مشتومڕ چۆنییەتی ئەنتێگرەکردنی ئەو هێزانە و هاوکات چۆنییەتی ئیدارەکردنی هەرێمەکانی پاراستنی میدیایە. وەک دەزانین پەکەکە پێشتر بە پەیمانێکی فەرمیی لە نێوان هێزە کوردییەکانی باشوور، بە تایبەت پاش ساڵانی دووهەزار کشانەوەی گەریلا لە باکوور بە ئاگاداری هێزە هەرێمیی و جیهانییەکان لەو هەرێمانە خۆی بەجێ کردووە. جیا لەوە لە سەردەمی شەڕ دژی داعش وەک هێزيکی فەرمیی مامەڵەی لەگەڵ کراوە و بەشداریی شەڕ دژی داعشی کردووە. پەکەکە زیاتر لەوەی وەک هێزێکی میوان بێت، هێزێکی کوردستانیی بووە و ئەرکی پاراستنی گەلی کوردی لە ئەستۆ کردووە. بەڵگە مێژوویەکان ڕوونی دەکەنەوە کاتێك ساڵی ١٩٩٢ لە یەکەم ڕاپەڕین لە هەرێمی بامەڕنیی و بەعشیقە دەستی پێ کرد، هێزی گەریلای پەکەکە ڕۆڵی سەرەکیی هەبوو.

ئەمە وا دەکات پەکەکە زیاتر لەوەی هێزی میوان بێت، هێزێکی کوردستانییە و بە سەدان و هەزاران ئەندام و شەهیدی هەیە کە بە فەرمی خەڵکی باشووری کوردستانن. هاوکات خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتیی و ڕێکخستنییە و بە تایبەت لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا. بە شێوازێکی فەرمی حکومەتێکی خۆجێیی ساز کردووە و خاوەن شارەوانیی و مەجلیسی گەلە کە بە ساڵانە ئەرکی پاراستن و خۆبەڕێوەبەریی ئەو هەرێمەیان لە ئەستۆ گرتووە.

کاتێک بەڕێز قەرەسوو باسی چۆنییەتی ئەنتگرەکردنی ئەو هەرێمانە دەکات. دەست دەخاتە سەر خاڵێکی گرنگ، ئەویش هەبوونی دوو هێز و دوو حکومەتی جیاوازە کە ئێستا بە شێوازێکی ماڵباتیی و لە دەرەوەی نۆرم بەڕێوە دەچن.

پرسی سەرەکیی ئەوەیە چارەنووسی ئەو هەرێمانە چیان بەسەر دێت؟ چۆن بەڕێوە دەچن؟!

ڕێبەر ئاپۆ لە پەیامی ئەم دواییەی خۆی، کە لە ڕاگەیاندنەکان بڵاو بوویەوە، باسی لە سازکردنی حکومەتی یەکگرتووی دیموکراتیی بۆ باشووری کوردستان دەکرد. وەک دەزانین زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام حکوومەت پێک نەهاتووە، بەم جۆرە حکوومەت ڕەوایی خۆی لە دەست داوە. گۆڕانکارییە هەرێمیی و جیهانییەکان بەرەو ئەو ئاماژەیە دەچن کە ئەگەر بێت و ئەم دۆخە وەها بەردەوام بێت، مەترسیی لەدەستدانی ستاتۆی باشووری کوردستان ئەگەرێکی بەهێزە. ئەم ستاتۆیە لە ١٩٩٢ بەولاوە نەیتوانیوە ببێتە ستاتۆیەکی نیشتمانیی و بە زۆریی وەک حکوومەتی حیزبیی بەڕێوە چووه. هێزی پێشمەرگەیش بە هەمان شێواز هێزێکی حیزبیی بوون. ئەوەی دەبینین مامەڵەی ناوەندە لە بەغداد کە زۆرتر مەیلی بەوەیە نەک لە چوارچێوەی هەرێم، بەڵکوو وەک پارێزگا سەیری هەرێم بکات. بە بیانووی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هەوڵ دەدات هێزی پێشمەرگەیش هەڵوەشێنێتەوە.

“گرنگیی پڕۆسەی چارەسەری لە سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە بونیادنانی ‘حکومەتی یەکێتیی دیموکراتی’ لە باشووری کوردستاندا بەرجەستە دەبێت؛ ئەمەش تاقە دەرفەتە بۆ تێپەڕاندنی دەسەڵاتی خێڵەکی و مۆنۆپۆڵی بنەماڵەیی.”

گرنگی پرۆسەی ئاشتیی لە سەر لە نوێ دیزاینکردنەوەی هەڕێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین مژاری سەر لە نوێ داڕشتنوەی بەڕیوەبەری هەڕیمی باشووری کوردستان لە چوارچێوەی حکوومەتی یەکێتیی دیموکراتیی بەرجەستە دەبێت. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ باشووری کوردستان کە لە ڕێوەبەریی ماڵباتیی تێپەڕ بێت و بەرەو حکوومەتیکی نۆرم و بە سازیکراو هەنگاو بنێت.

بەڕێز قەرەسوو بە ئاشکرا ئەڵێت؛ ئێمە ناتوانین ئەم هەرێمانە ڕادەستیی ئەو ڕێوەبەرییە بکەین کە ئێستا هەیە، تەنانەت ئاماژە بەوە دەکات کە مەترسیی ڕوودانی شەڕی ناوخۆیش هەیە. بەڵام ئەو درگایەش کراوەیە کە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و ڕێوەبەریی ئەوێ و هێزە چەکدارەکان لە چوارچێوەی حکوومەتێکی نیشتمانی ئەنتگرە ببن و ببنە بە بەشێک لە ئیدارەی ئەو حکوومەتەی دەبێ پێک بێت.

لەم بارەدا دەتوانین بڵێین ئەمە دەرفەتێکی باشە تا ڕووناکبیران و کەسایەتیی سیاسیی و نیشتمانیی سەر لە نوێ خۆیان ڕێک بخەن و لەو ئاڵوگۆڕانەی لە هەرێمەکە ڕوو دەدەن ڕۆڵی کارا بگێڕن.

بابەتەکانی نووسەر
سیروان محەمەد
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.