گوتار

چۆن دەتوانرێت (یاسای چوارچێوە) بکرێت بەکردەیی؟

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ یاسای چوارچێوەی ئاکەپە و مەرجە سەرەکییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەی چارەسەریی دیموکراتی

فواد عەلی ڕەزا

 

چۆن دەتوانرێت (یاسای چوارچێوە) بکرێت بەکردەیی؟

“یاسای چوارچێوەی “پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی” لە ١٠ـی ئابدا بە دەنگدانێکی پێوانەیی لە پەرلەمان تێپەڕی و نزیکەی مانگێک بەسەر دەرچوونیدا تێپەڕیوە، لەم ماوەیەی ڕابردوودا لەسەر یاسای ناوبراو گەنگەشەیەکی زۆر کرا و ئەم مشتومڕانەش هێشتا بەردەوامن.

بە گشتیی، هەموو کەسێک باس لە گرنگیی مێژوویی ئەم یاسایە و پێویستیی جێبەجێکردنی بێ دواکەوتن دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وەک هەنگاوێکی نوێ کە لەم ڕووەوە نرا بێت، نابینرێت، جدیترین هەنگاو کە لەسەر ئەم بنەمایە نرا، کۆبوونەوەی ڕۆژی ٢٤ـی ئاب بوو لەلایەن ‘دەستەی بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن’ـەوە، دوای کۆبوونەوەی ناوبراو بڕیار درا کە چوار کۆمیسیۆنی لاوەکی پێک بهێنرێن، سەبارەت بەوەی ئەم کۆمیسیۆنانە لە کێ و چۆن پێک دێن و چ ئەرکێک ڕادەپەڕێنن، هیچ زانیارییەکی کۆنکرێتی لەبەر دەستدا نییە، وەک بڵێیت جارێکی دیکە کەوتووەتە دۆخی چاوەڕوانییەوە و هەمووان قسە دەکەن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی پراکتیکیی نوێ نابینرێت.

بە تایبەتی بازنەکانی دەسەڵاتداری، وەک بڵێی ئەرکی خۆیان ڕاپەڕاندبێت، هەوڵ دەدەن ڕوانگە و تێگەیشتنی خۆیان بەم شێوەیە بڵاو بکەنەوە، کە ‘تۆپەکە لە گۆڕەپانی کورداندایە و دەبێت پەکەکە هەنگاو بنێت’، لە ناو ڕای گشتیدا کەشێکی وەها بڵاو دەکەنەوە کە “ڕێکخراو دەبێت بەبێ دواکەوتن چەک دابنێت”، لە سەرووی هەمووانیشەوە سەرۆککۆمار و سەرجەم وتەبێژەکانی ئاکەپە لە ناو هەوڵێکی لەم شێوەیەدان، ڕایدەگەیەنن، کە “لەبەر ئەوەی دۆخەکە بۆ تێکدان (پڕۆڤۆکاسیۆن) کراوەیە، نابێت زۆر درێژە بکێشێت”، بەڵام ئەوان یاساکەیان دەرکردووە، بۆیە پێویستە خۆشیان بیخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 دەبێت بۆ جێبەجێکردنی یاسای ناوبراو، دامەزراوە و دەستەی پێویست پێک بهێنن و بیخەنە گەڕ، کاتێک یاساکە دەرچوو، چوونە بەردەم ڕاگەیاندنەکان و بۆ ڕای گشتییان ئاشکرا کرد کە “دوای دەرچوونی یاسای ناوبراو، دەرگاکانی ئیمراڵی دەکرێنەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە میدیاکاران و بازنە جیاوازەکان بە ئاسانی دەتوانن بچنە ئیمراڵی و لەگەڵ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالاندا کۆبوونەوە ئەنجام بدەن”، بەڵام لەم ڕووەوە هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نابینرێت؛ هیچ لایەنێک نییە، کە لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا کۆبووبێتەوە و تێڕوانینی خۆی ڕاگەیاندبێت.

باشە بابپرسین ئەم بارودۆخە تا کەی بەم شێوەیە دەبێت؟ هه‌تا هەنگاوە کردەییە پێویستەکان و ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکرێن، کێ بڕوا بەو قسانە و لێدوانانە دەکات کە دەڵێن “پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت و پێداگری لەسەر ئەم بابەتە هەیە”؟

وەها تێدەگەیەنرێت کە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم ڕەوشە هەن:

یەکەم؛ دەسەڵاتی ئاکەپە هەرچەندە لەبەردەم ڕای گشتیدا پەیامی ئەرێنی بدات، بەڵام نایەوێت مۆڵەت و دەرفەتی کاری سیاسیی چالاک بداتە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان؛ تەنانەت لە ئاستێکی بەرچاویشدا لەم کارە دەترسێت.

دووەم؛ یاسای چوارچێوە کە شەوی ١٠ـی ئاب لە پەرلەمان بە دەنگدانێکی پێوانەیی تێپەڕی، بەم دۆخەی ئێستایەوە جێبەجێ ناکرێت، واتە لە ڕووی تەکنیکی یاساییەوە، یاسایەک نییە کە زۆر بە باشی ئامادە کرابێت، بۆ جێبەجێکردنی، پێویستی بە تێڕوانینی نوێی سیاسی و یاسایی هەیە کە دەسەڵاتی ئاکەپەش ئەمانە جێبەجێ ناکات.

ئەگەر یاسای ناوبراو بەم ڕەوشەی ئێستایەوە بمێنێتەوە، لە پراکتیکدا جێبەجێ نابێت، چونکە پێش هەر شتێک ئەو “پەسندکردن و دەستنیشانکردنەی” کە پێشبینی دەکات، ناکرێت، بۆ ئەوەی یاسای ناوبراو بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشبینی ئەوە دەکرێت، کە “سەرجەم ئەندامانی پەکەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی چەک دابنێن، ئەم ڕەوشەش لەلایەن میت (و سوپاوە پەسند و دەستنیشان بکرێت، ئەمەش لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە پەسند بکرێت”.

تەواو ڕوونە کە ئەم پێشبینییە لە پراکتیکدا جێبەجێ ناکرێت، چونکە هێزە سەربازی و چەکدارەکانی پەکەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کە بە هەموو لایەکدا بڵاوبوونەتەوە، وا بە ئاسانی کارێکی وا ناکرێت کە چەک بە هەموو ئەمانە دابنرێت، لەوەش زیاتر، کێشەکە ئەوەیە ئەگەر یەکێک لەوان چەکی خۆی دانەنێت، یاساکە جێبەجێ ناکرێت، بۆ نموونە با بڵێین، یەکێک لەوان نەیویست دەست لە چەک هەڵبگرێت یان گرووپێک لە دژی دانانی چەک ڕاوەستا، ئەو کاتە بۆ ئەوانی دیکەش هیچ ڕێوشوێنێک ناتوانرێت بگیرێتەبەر و جێبەجێکردنی یاسایەکی بەم شێوەیە مەحاڵ دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، لە سەرووی هەمووانیشەوە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بەڕێوەبەرانی پەکەکە کە دەوڵەت کۆبوونەوەیان لەگەڵدا دەکات، لە چوارچێوەی یاسای ناوبراودا نین، واتە ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی یاسای ناوبراودا نین، بۆ ئەوەی یاساکە بۆ کەسانی تر جێبەجێ بکرێت، کۆبوونەوە دەکەن و بڕیار دەدەن. کارکردنی میکانیزمی بڕیارێکی وەها و بەدەستهێنانی ئەنجام لێی، ئیمکانی نییە.

هەروەها لەم ڕۆژانەی دواییدا زۆر باسی ئەوە دەکرێت، کە “بەرێوەبەرانی ڕێکخستنەکە (پەکەکە) لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا کۆبوونەوە دەکات یان نا” و کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەش خەریکە وەک تاوانێکی زۆر قورس نیشان دەدرێت، واتە ئەوە بە ڕاست قبووڵ دەکرێت کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە چەند شێوەیەک لەگەڵ بەرێوەبەرایەتیی پەکەکەدا کۆبوونەوە نەکات، بێگومان مرۆڤ لەمەش سەری سووڕدەمێنێت، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ئەگەر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکەدا کۆبوونەوە نەکات، چۆن دەتوانێت بڕیاری هاوبەش بدات؟ با بەڕێوەبەرایەتیش لە لایەک دابنێین، ئەگەر ڕێبەر ئۆجالان لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی پەکەکەدا کۆ نەبێتەوە و گفتوگۆ نەکات، چۆن دەتوانێت ئەوان قەناعەت پێبکات؟ زۆر ڕوونە کە بەم لۆژیکە هیچ شتێک بەدەست نایەت، بەم یاسای ناوبراوە و بەم جۆرە تێڕوانینە بۆ جێبەجێکردنی، تەنانەت هەنگاوێکی پراکتیکیی بچووکیش ناتوانرێت بنرێت.

باشە، لەبەر ئەوەی ڕەوشی ئێستا بەم شێوەیەیە، یاسای ناوبراو هەرگیز جێبەجێ ناکرێت؟ بێگومان دەکرێت جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئەمە بەو تێگەیشتن و تێڕوانینانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێکرد، نابێت، بۆ جێبەجێکردنی ‘یاسای چوارچێوە’، دەبێت تێڕوانینی نوێ بخرێتە ڕوو، یاسای نوێ دەربکرێت و فەزای سیاسەت بەرفراوانتر بکرێت، دەبێت ئەوە قبووڵ بکرێت کە گەلی کورد بە بوون و ناسنامەی خۆیەوە بتوانێت سیاسەت بکات، لە هەمان کاتدا وەک پێویستییەکی ستراتیژیی یەکگرتنی دیموکراتیک، دەبێت گۆڕانکاری بەرەو سیاسەتی دیموکراتیکی ڕێکخستنی کوردییش قبووڵ بکرێت.

مەرج و پێویستییەکانی کردەیبوونەوەی یاسای چوارچێوە

یەک؛ بۆ جێبەجێکردنی یاساکە پێش هەر شتێک دەبێت یاساکە بەرفراوان بێت و لە سەرووی هەمووانیشەوە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و سەرجەم ئەندامانی پەکەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بگرێتەوە، ئەو تێڕوانینانەی کە ڕێکخراوەکە لە ناو خۆیدا پارچە دەکەن و پۆلێنی دەکەن، لە پراکتیکدا دەرفەتی جێبەجێکردنیان نابێت.

دوو؛ دەبێت هەر کەسێک کە چەکەکەی دادەنێت و دێتەوە بۆ تورکیا قبووڵ بکرێت و جێبەجێکردنەکە لە لێرەوە دەست پێبکات، ئەگەر نا، تێڕوانینی “دوای پەسندکردن و دەستنیشانکردنی دانانی چەکی سەرجەم ئەندامانی پەکەکە و لایەنەکانی، دەستپێکردنی جێبەجێکردن” جێبەجێ نابێت، بۆچی؟ چونکە کێشەکە دەبێتە ئەوەی کە ئەگەر کەسێک یان گرووپێک ئەمە قبووڵ نەکات، بەپێی ئەم تێڕوانینە لەم دۆخەدا و هەتا پەسندکردن و دەستنیشانکردنی دانانی چەکی سەرجەم ئەندامانی پەکەکە، هیچ هەنگاوێکی پراکتیکی نانرێت.

تە کێشەکە ئەوەیە ئەگەر کەسێک یان گرووپێک لەسەر بنەمای یاساکە بیوێت چەک دابنێت، پێیان دەوترێت: “تۆ بوەستە، با هەر کەسێک چەکەکەی دابنێت، پەسندکردن و دەستنیشانکردنی ئەم دۆخە بکرێت، ئەویش لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییەوە پەسند بکرێت و دواتر ئێمە وا دەکەین تۆ لە یاساکە سوودمەند بیت”، بەڵام دیارە کە ئەمەش شتێکە جێبەجێ ناکرێت، ئەو کاتە تێگەیشتنی پەیوەندیدار بە “سەرجەم چەکەکان دابنرێن و پەسندکردن و دەستنیشانکردنی ئەم کارە بکرێت” بۆ جێبەجێکردنی یاساکە هەڵەیە. دەبێت ئەمە ڕاست بکرێتەوە و یاسای ناوبراو بگۆڕدرێت بۆ دۆخێکی وەها کە بۆ هەر کەسێک بیوێت، جێبەجێ بکرێت.

سێ؛ دەبێت ئەو تێڕوانینە هەڵە و سەیرە بە شێوازی “ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و ڕێکخراوەکە نابێت کۆبوونەوە بکەن” تێپەڕێنرێت، ڕێبەر ئۆجالان بتوانێت لەگەڵ هەر ئەندامێکی پەکەکەدا کە بیوێت کۆبوونەوە بکات، دەبێت باش بزانرێت کە لەسەر ئەم بنەمایە ڕێکخراوەکە قەناعەت دەکات و یاسای ناوبراویش جێبەجێ دەکرێت، لە لایەنی دەوڵەتەوە ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی دەیانەوێت یاسای ناوبراو جێبەجێ بکەن، دەبێت لەم ڕووەوە ڕێگری دروست نەکەن، بەپێچەوانەوە دەبێت سەرجەم ئەندامانی پەکەکە هان بدەن بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالاندا و لەم کارەدا ببنە هاوکار.

چوار؛ لەسەر بنەمای هێنانە ناوەوەی هەمووان بۆ ناو چوارچێوەکە، هه‌رە گرنگەکەی ئەوەیە، کە دەبێت ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بگاتە مەرج و دۆخی کار و ژیانی ئازاد، مادام ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە مەرج و دۆخی ئێستادا بمێنێتەوە و نەتوانێت سیاسەتی ئازاد بکات، نەتوانێت ڕێکخراوەکە ئاراستە بکات، گۆڕانکاریی ڕێکخراوەیی تەڤگەری ئازادیی کورد و جێبەجێکردنی یاسای ناوبراو مەحاڵە، پەکەکە و گەلی کورد ئەم دۆخەیان لە سەرەتاوە دیاری کردووە و بە هەزاران جار بۆ ڕای گشتییان ڕاگەیاندووە، کۆنگرەی ١٢ـی پەکەکەش لەم چوارچێوەیەدا بڕیارەکانی خۆی داوە، بۆ کوردان ئەم دۆخە، هێڵی سوورە و ‘نەبێت نابێت’.

کەواتە ئەگەر دەوڵەت و لایەنی دەسەڵاتدارییش بە ڕاستی دەیانەوێت پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتوو بێت و جێبەجێکردنی ‘یاسای چوارچێوە’ بە بنەما دەگرن، ئەو کاتە دەبێت ئەم هەڵوێستەی لایەنی کورد ببینن و بەپێی ئەوە نزیک ببنەوە، (یاسای چوارچێوە) تەنیا لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت.”

سەرچاوە: یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.