پاراستنی جەوهەری، بنەمای ناسنامەی ئازادە
بۆ ئەوەی ئەو بەهایانەی مرۆڤایەتی لەدەستی داون، بە ڕوانگەیەکی بەهێزەوە بەدەست بهێنرێنەوە و هەڵبسەنگێنرێن، پێویستە بزانین کەی، لە کوێ و چۆن ئەو بەهایانەمان لەدەست داوە.

زەینەب یەشیل
لە کرمانجییەوە: هەیفا کەمال
داگرتنی فایلی PDF
پاراستنی جەوهەری، بنەمای ناسنامەی ئازادە
لە جیهانی ئەمڕۆماندا کە لە ڕووی ڕۆح و ڕەوشتەوە تووشی داڕمانێکی قووڵ بووە و هەرچی پەیوەندیی بە ژیانەوە هەیە، لە کەسایەتیی ژندا لەلایەن مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کراوەتەوە، هەڵوەستەکردن لەسەر ستراتیژیی پاراستنی جەوهەری و پێناسەکردنەوەی، گرنگییەکی ژیانیی هەیە. لە سەردەمێکدا کە هەموو دەوڵەتان و هێزە ئیمپریالیستەکان بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵ هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن و هەوڵ دەدەن ویست و میراتی بەرخۆدان تێکبشکێنن، سیستەمی سەرمایەداری هەوڵ دەدات ئەو هێزانەی جێگرەوەی ئەون، لەژێر ناوی تیرۆردا پێناسەیان بکات و بە پاساوی جیاوازەوە گۆشەگیریان بکات و بیانپووکێنێتەوە. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەتایبەتی دژی ژن و بە گشتی دژی گەلان، هێرشێکی چڕوپڕیان دەست پێ کردووە بۆ سنووردارکردن و زەوتکردنی دەرفەتەکانی پاراستنی جەوهەریی ئەو توێژانە. بەم جۆرە، سیستەم هەوڵ دەدات هەموو هێزە جێگرەوەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەستەمۆ بکات و بیانگەیەنێتە ئەو ئاستەی کە کۆیلایەتی پەسەند بکەن. هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری باش دەزانن کە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بکەن بە کۆیلە، پێویستە سەرەتا ژن داگیر بکەن و بیکەن بە کۆیلە. لەبەر ئەم هۆکارە، بە ئاسانی دەتوانین بڵێین کە لە کۆمەڵگەدا ژن ئەو توێژەیە کە زیاتر لە هەمووان ڕووبەڕووی هێرشەکانی سیستەم دەبێتەوە. لە ڕێگەی پیلان و سیاسەتی فرتوفێڵاوی بێشومارەوە کە دژی ژن پەرەیان پێ دراوە، هەوڵ دەدرێت ژن لە میکانیزمەکانی بەرخۆدان دوور بخرێتەوە و گۆشەگیر بکرێت، لە هەمان کاتدا سیستەمی باڵادەست هەوڵ دەدات سیاسەتەکانی خۆی ڕەوا بنوێنێت. بەم شێوەیە، ژن دەخرێتە پێگەی کەسایەتییەکەوە کە نە خاوەنی هیچ کاردانەوەیەکە (ڕیفلێکس) و نە خاوەنی هیچ هێزێکە. لە ئەنجامی ئەم سیاسەتانەدا، کۆیلایەتی ڕیشە لە هەموو خانەکانی کۆمەڵگەدا دادەکوتێت و زاڵ دەبێت. بەم جۆرە، ملدان، ترس و تەسلیمبوون دەبنە بەشێکی جیانەکراوەی ژیان. لە ئەنجامی ئەمەشدا، دوورکەوتنەوەی بەردەوامی کۆمەڵگە لە بەهاکانی دیموکراسی، ڕەوشت و ئازادی، دەبێتە ئەمری واقیع. بەم شێوەیە، کۆمەڵگە دەبێت بە مێگەل و دەکەوێتە دۆخێکەوە کە هێزە سەرمایەدار و باڵادەستەکان بەپێی ویست و ئارەزووی خۆیان ئاراستەی دەکەن. لەسەر بنەمای ئەوە، بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لەم بۆردومانەی کە لە کەسایەتیی ژندا تووشی بووە، گرنگییەکی ژیانیی هەیە کە ڕەهەندە مێژووییەکانی کێشەکە بخەینە ڕوو و شیکارییەکی دروستی بۆ بکەین، هۆشیاریی پاراستنی جەوهەری پەرە پێ بدەین و بە گرنگی و پێویستیی ئەم هۆشیارییە بۆ سەردەمی ئێستامان بزانین.
بۆ ئەوەی ئەو بەهایانەی مرۆڤایەتی لەدەستی داون، بە ڕوانگەیەکی بەهێزەوە بەدەست بهێنرێنەوە و هەڵبسەنگێنرێن، هەروەها بۆ دەستنیشانکردنی دروستیی ئەو کێشانەی کە ژن و سەرجەم توێژەکانی کۆمەڵگە ئەمڕۆ پێوەی دەناڵێنن، پێویستە بزانین کەی، لە کوێ و چۆن ئەو بەهایانەمان لەدەست داوە. ئەگەر وانەکەین، نەک هەر هەوڵەکانمان بۆ گەیشتن بە ڕاستی کەموکوڕی تێدەکەوێت، بەڵکوو ناچارین ببینین کە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی کێشەکان سەرپێیی و ناتەواو دەبن و ئەو چارەسەرییانەی دەیانخەینە ڕوو، کورتخایەن و ڕووکەشن.
هەموو دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی تا ئەمڕۆ پێمان گەیشتوون، پێمان دەسەلمێنن کە یەکەم کۆمەڵگەیبوون لە دەوری ژن شێوەی گرتووە. کۆمەڵگەیبوون وەک هێزێکی گەورە دەرکەوتووە کە وای کردووە مرۆڤ بتوانێت لە بەرامبەر بارودۆخە سەختەکانی سروشتدا خۆی بپارێزێت و بنەماکانی ژیانی هاوبەش پەرە پێ بدات. ئەو بارودۆخانەی ژیانی هاوبەش کە هاتنە ئاراوە، وایان کرد مرۆڤایەتی بە بەراورد لەگەڵ هەموو بوونەوەرەکانی تری نێو سروشت، ببێتە خاوەنی هێز و داهێنانێکی جیاواز و بەم هۆیەشەوە توانای بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرە سەختییەکی تێدا دەرکەوت. لە کۆمەڵگەیبووندا، بەشداریی هەر تاکێک هەمیشە دوو ڕەهەندی هەبووە. مرۆڤ هێندەی سوودی لە کەلەپووری مێژوویی و ئەزموونەکانی کۆمەڵگە وەرگرتووە، ئەوەندەش لە ڕێگەی زیرەکیی هەستەکی و شیکارییەوە بووەتە خاوەنی هۆشیاری و ئەزموونی نوێ. لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین کۆمەڵگەیبوون لە ڕووی پاراستن و بەردەوامیدان بە مرۆڤایەتی لە مێژوودا ڕۆڵێکی خودایی گێڕاوە، زیادەڕۆیی نابێت.
شێوازی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەیبوون کە لە دەوری ژن شێوەی گرتووە و گەشەی کردووە، شێوازی بیرکردنەوەی ئەنیمیستییە[1]. ئەمەش بەو واتایە دێت کە هەموو شتێک هاوشان لەگەڵ مرۆڤدا هەژمار دەکرا. واتە باوەڕ وابوو کە چۆن مرۆڤ خاوەنی ڕۆحە و زیندووە، بەهەمان شێوە هەر شتێک لە سروشتدا هەیە، ڕۆحی هەیە و زیندووە. لەسەر ئەم بنەمایە، مرۆڤ هەموو ئەو بوونەوەرانەی کە لەگەڵیاندا لە پەیوەندیدا بوو و سوودی لێ وەردەگرتن، وەک خزمەکانی خۆی سەیری دەکردن و بە پیرۆزی دەزانی. بەم جۆرە، تۆتێم[2] بووەتە هێمای ژیانی هاوبەش و یەکسان لە کۆمەڵگەدا. ئەو ڕێزەی لە تۆتێم دەگیرا و ئەو هەوڵەی بۆ ژیانی هاوبەش دەدرا، بووە هۆی ئەوەی خێڵ (کلان) بە یەکسانی و پێکەوەیی بجووڵێتەوە و هەموو ئەندامانی ڕێز لە یەکتری بگرن. ئەم هێزە مەعنەوییە، هاوکات لەگەڵ دابینکردنی یەکێتیی ناوخۆیی خێڵ، بووە هۆی بەرەنگاریی هاوبەشیش دژی هێرشە دەرەکییەکان. ئەو ناسنامە کۆمەڵایەتییە دیارە و هێزی ژیانی هاوبەش لەناو خێڵدا، وای کردووە کە خێڵ لە چەندین دیاردەی نەرێنی خۆی بپارێزێت. چونکە ئەم ناسنامە هاوبەشە هێزێکی مەعنەوی لەناو هەموو ئەندامانی خێڵدا دەخوڵقاند و باوەڕێکی گەورەی بۆ تێکۆشان دژی هەموو نەرێنییەک دروست دەکرد. هاوکات لەگەڵ هەموو ئەوانەی باسمان کرد، لەلایەن ژنەوە چەندین یاسای ڕەوشتی بۆ پاراستنی کۆمەڵگە دانران. بۆ نموونە، پەیوەندییە سێکسییەکان لەلایەن ژنەوە سنووردار کران. چونکە ژن بەرپرسیارێتیی ماددی و مەعنەویی منداڵانی گرتبووە ئەستۆ، لەم بوارەشدا خاوەنی مافی بڕیاردان بوو.
تابوویەکی[3] دیکەی ئەو سەردەمە، تابووی خواردن بوو. بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی ژیان، ئەو ڕووەک و ئاژەڵانەی مرۆڤ سوودی لێ وەردەگرتن، دەپارێزران. لەو سەردەمەدا کوشتنی بێچووی ئاژەڵان و لێکردنەوەی میوەی کاڵ قەدەغە بوو. ئەم یاسایانە هاوکات وەک ڕێکارێک پەرەیان پێ درا دژی مەترسیی قاتیوقڕی کە لەوانەبوو لە سروشتدا سەرهەڵبدات و دژی بەکارهێنانی ناپێویست. جگە لەمانە، چەندین ئامێر و کەرەستەش لەم قۆناغەدا پەرەیان پێ درا بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بتوانێت ژیانی خۆی درێژە پێ بدات. بەهۆی ئەو ئامێرانەی داهێنران، مرۆڤ دەیانتوانی هەم خۆیان لەبەرامبەر نەهامەتییەکانی سروشت و دیاردە نەرێنییەکاندا بپارێزن و هەم خۆیان پێ بەخێو بکەن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر بڵێین بیری ئازادی کە کۆمەڵگە لەو سەردەمەدا خاوەنی بووە، بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندین پێشکەوتنی گەورە کە بۆ گەشەی مرۆڤایەتی خاوەن گرنگییەکی شۆڕشگێڕانە بوون و لە هیچ سەردەمێکی تردا وێنەیان نەبووە، ئەوا زیادەڕۆیی نابێت. شۆڕشی کشتوکاڵی، دۆزینەوەی ئاگر، شۆڕشی زمان و نووسین و چەندین داهێنانی دیکەی شۆڕشگێڕانە، دەتوانین بڵێین لە داهێنەرترین شۆڕشەکانی مێژووی مرۆڤایەتین. کۆمەڵگەیبوون کە هەزاران ساڵی خایاند، یەکەمین خانەکانی هەست و بیر و زەینی مرۆڤی دروست کرد. ئەو پێشکەوتنانەی لەو سەردەمەدا ڕوویان داوە، بوونەتە هۆی ئەوەی کە مرۆڤایەتی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشدا بتوانێت لەسەر بنەمای ئەم میراتە درێژە بە ژیانی خۆی بدات.
هەرچەندە کاهینەکانی سۆمەر بە سیاسەتە نکۆڵیکارییەکانیان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە ئەم داهێنانانە بەوان دەستیان پێ کردووە، بەڵام هەموو دۆزراوە شوێنەوارییەکان و بەڵگە مێژووییەکان پێمان نیشان دەدەن کە ١٢ هەزار ساڵ پێش زایین کۆمەڵگەیەکی دایک هەبووە. نزیکەی ٤٠٠٠ ساڵ پێش زایین، دوای ئەوەی هەندێک لە توێژەکانی کاهین و پیشەوەران دەستیان بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بەرهەمی زیادەدا گرت، وردە وردە دەست بەسەر هەموو ئەو بەهایانەشدا گیرا کە هی کۆمەڵگەی ژن-ناوەند بوون. لەو سەردەمەدا یەکەم جۆری چەوساندنەوە لەلایەن کاهینانەوە وەک چەوساندنەوەی زەینی پەرەی پێ درا. کاهینەکانی سۆمەر هەوڵیان داوە لە ڕێگەی میتۆلۆژیاوە دەست بەسەر زەینیەتی مرۆڤایەتیدا بگرن. کاهینان خۆیان وەک پردێک یان نێوەندگیرێک لە نێوان خودا و مرۆڤەکاندا نیشان دەدا. ئەم دۆخە وەک یەکەم هەنگاو دادەنرێت بەرەو شکاندنی ویستی مرۆڤ و دابڕینی لە ڕۆحی بەرخۆدان. جگە لەوەش، دەتوانین بە ڕوونی ئاماژە بەوە بکەین کە داگیرکردنی زەینی مرۆڤ لەو سەردەمەدا، بووە هۆی ئەوەی مرۆڤ کۆیلایەتی وەک فەرمانێکی خودایی پەسەند بکات.
هەروەها جیابوونەوەی زیرەکیی هەستەکی و زیرەکیی شیکاری لە مرۆڤدا هاوکاتە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا. چونکە لەم پرۆسەیەدا بەشێک لە مرۆڤەکان بوون بە دەسەڵاتدار و بەشێکی تریش بوون بە کۆیلە. بەشێکیان نوێنەرایەتیی ڕۆحیان دەکرد و بەشەکەی تریان نوێنەرایەتیی ماددەیان دەکرد. ناکۆکییەکی دیکەی ئەو سەردەمە، لەو چینایەتییەدا بوو کە تازە دروست ببوو؛ کاهینان بۆ ئەوەی دەسەڵات و بەرهەمی زیاتر بەدەست بهێنن، پشتیان بە فێڵ و تەڵەکە و پیلانگێڕیی زۆر بەستووە و شەڕی گەورەیان بەرپا کردووە. میتۆلۆژیاکانی سۆمەر، بابل و یۆنان بە ڕوونی ئەوە دەخەنە بەرچاو کە چەندە بە شێوەیەکی چڕ و بە زەبر و توندوتیژی دژی ژن جەنگاون. تێکۆشانی نێوان خوداوەند ئێنکی و خوداوەندژن ئینانا لەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتی، نیشاندەری ئەو بەرخۆدانەیە کە ژنان دژی سیستەمی پیاوسالاری نیشانیان داوە. خوداوەند ئێنکی، وەک یەکەم خوداوەند کە دژی خوداوەندەکان جەنگا، بە بڕیارێکی هاوبەشی هەموو خوداوەندەکان ١٠٤ “مێ[4]“ی (بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتی) کە هی کۆمەڵگەی سروشتی بوون، دزی و بردییە شارەکەی خۆی، ئەریدۆ[5]. بەڵام خوداوەندژن ئینانا دەچێتە ئەو شارە و ١٠٤ بەهاکەی خۆی کە لێی دزرابوو، وەردەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ شارەکەی خۆی، ئوروک[6]. لە ئەنجامی ئەمەدا، ئەنجوومەنی خوداوەندان هێرشێکی زۆر گەورە دەکەنە سەر خوداوەندژن ئینانا و لە پانتێۆنی[7] خوداوەندان دەری دەکەن. لە هەمان سەردەمدا، تێکۆشانی نێوان خوداوەند مەردوک و دایکی، خوداوەندژن تیامات، لە میتۆلۆژیای بابلیدا هەمان ڕاستی دەردەخات.
مەردوک بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتیدا بگرێت، بە بەکارهێنانی هەموو چەکەکانی هێرش دەکاتە سەر دایکی. خەنجەر لە دڵی دایکی دەدات و دەست بەسەر هێما و بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتیدا دەگرێت. زۆر بە ڕوونی دیارە کە ئەو کۆیلایەتییەی کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرست ویستوویەتی بەسەر مرۆڤایەتیدا بیسەپێنێت، بە ئاسانی پەسەند نەکراوە. بەڵام بەرخۆدانی ژنان و ئەو پیاوانەی هێشتا لەژێر کاریگەریی کۆمەڵگەی سروشتیدا بوون، بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی لەو لادانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەس نەبووە. لە میتۆلۆژیای بابلیدا باس لەوە دەکرێت کە مەردوک دایکی پارچە پارچە کردووە و هەر پارچەیەکی فڕێ داوەتە چوار لای دنیاوە. بەم شێوەیە پشتی بووەتە ئاسمان و زگی بووەتە زەوی، هەروەها لە فرمێسکەکانی چاویشی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات دروست بوون. ئەم نموونەیە بە شێوەیەک کە عەقڵ دەیوەستێنێت، ئەو توندوتیژییە دەخاتە ڕوو کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی بووەتەوە. هاوکات، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە سیستەمی کۆیلایەتییەی پیاو دەیەوێت گەشەی پێ بدات چەندە چاوچنۆک و دڵڕەقە. لەم نموونانەوە تێدەگەین کە سەرەتای پاشەکشەی مرۆڤایەتی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی ٤٠٠٠ی پێش زایین. ژن کە تا ئەو کات پیرۆزترین بەها بوو، لە دوای ئەم قۆناغەوە لە پەرستگاکاندا زیندانی کرا و بوو بە موڵکی پیاو. لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان دابڕێنرا، لە زانست دوور خرایەوە و مەودا خرایە نێوان خۆی و هەموو ئەو بەهایانەی کە خۆی ئافراندبوونی. سیستەمی پیاوسالار تەنها بەمەوە نەوەستا، بەڵکوو بە فێڵ و تەڵەکەبازی نکوڵیی لە تەواوی مێژووی ژن کرد و ئیدیعای کرد کە هەموو شتێک بە پیاو دەستی پێ کردووە.
میتۆلۆژیای یۆنانی ئەو ڕاستییە زۆر بە ڕوونی نیشانی ئێمە دەدات. خوداوەند زیووس بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی عەقڵی خوداوەندژنی ژیری، مێتیس، لەگەڵیدا هاوسەرگیری دەکات و پاشان خوداوەندژن مێتیس دەکوژێت، کۆرپەلەکەی لە منداڵدانی دەردەهێنێت و دەیخاتە ناو مێشکی خۆیەوە. بەم نموونەیەشەوە دەبینین کە پیاو بۆ ئەوەی دەست بەسەر هەموو بەهاکانی ژندا بگرێت، پەنای بۆ هەرچی ڕێبازی خراپ هەبووە بردوویەتی و هێزی بەرخۆدانی ژنی لێ زەوت کراوە و ڕۆح و بیرکردنەوەی ئەسیر کراوە. زانین، کە یەکەم ڕێگەی مرۆڤایەتییە بۆ گەڕان بە دوای ئازادیدا و بۆ ئەوەی خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت، بە هەزاران فێڵ و یاری و بە شێوەیەکی بەرچاو لە ژن دابڕێندراوە. هەروەها لە میتۆلۆژیای ئادەم و حەوادا، دوای ئەوەی حەوا میوەی قەدەغەکراو کە میوەی ژیرییە دەیخوات، وەک گوناهکار و تاوانبار ناسێنرا. چونکە ژیری و هێزی تێگەیشتن، لەگەڵ توانای شیکردنەوەدا، هێزی گەڕان بە دوای ڕاستی و هێزی بەرخۆدانیش لە مرۆڤدا گەشە پێ دەدات. لێرەشدا بە ڕوونی دەبینرێت کە ئەم بوارە بە شێوەیەکی زۆر توند لە ژن قەدەغە کراوە. بەم جۆرە، چەوساندنەوەی زەینی ئەنجام دراوە و بۆ پەرەپێدانی ئەمەش، هەموو ئەو دامەزراوانەی کە پێویست بوون بۆ خزمەتکردنی ئەم زەینیەتە، دامەزراون. بەم شێوەیە، زیگوراتەکان[8] دروست کراون، کە ئەم زیگوراتانە هاوکات بە واتای نموونەی سەرەتایی دەوڵەتیش دێن. لە زیگوراتەکاندا، کاهینەکان لە نهۆمی سەرەوە دەمانەوە، پیشەوەران لە نهۆمی ناوەڕاست، بەڵام ژنان و کرێکاران لە نهۆمی خوارەوە بوون. بەم جۆرە، بۆ یەکەم جار لە کۆمەڵگەدا چینەکان دروست بوون. لەکاتێکدا کاهینان پەیوەندیی نێوان خودا و بەندەیان دروست دەکرد، پیشەوەران نوێنەرایەتیی چینی ناوەڕاستیان دەکرد، ژنان و کرێکارانیش نوێنەرایەتیی چینی هەرە خوارەوە، واتە کۆیلایەتییان، دەکرد. سەرچاوەی ئەو لادانەی مرۆڤایەتی لە زەینیدا بەخۆیەوە بینیویەتی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. جیابوونەوەی بکەر و بەرکار[9] بۆ یەکەم جار لەو سەردەمەدا دەرکەوتووە. لەکاتێکدا کاهینان و پیشەوەران وەک بکەر سەیر دەکران، ژنان و کرێکاران وەک بەرکار سەیر دەکران.
لەبەرئەوەی بەرکار بێ ڕۆحە، لەو سەردەمەدا هەموو جۆرەکانی باڵادەستی کاریگەرییان لەسەر بەرکار دادەنا و، بکەر دەیانتوانی بەرکار بە خواستی خۆیان ئاراستە بکەن. بەم شێوەیە، سیستەمی کۆیلایەتی ویستوویەتی بە شێوەیەکی ئاشکرا شەرعییەت بەخۆی بدات. دوای دامەزراندنی دەوڵەت، بۆ یەکەم جار توندوتیژی بە شێوەیەکی پلاندار و ڕێکخراو خۆی دامەزراند و یەکەم سوپاش لەلایەن سارگۆنی[10] ئەکەدییەوە پێک هێنرا. بەم شێوەیە، لە ڕێگەی توندوتیژییەوە گەلان کۆمەڵکوژ کران، بەدیل گیران و کرانە کۆیلە. هەروەها لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، چەندین کۆمەڵکوژیی ماددی و مەعنەوی لەم قۆناغەدا ئەنجام دران. ئایدیۆلۆژیای توندوتیژیی دامەزراوەیی تەنها بە دامەزراندنی سوپا نەوەستا، بەڵکوو ئەم توندوتیژییە بووە بەشێک لە ژیان و هەموو شتێک لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە داڕێژرایەوە. لە یاساکانەوە بگرە تا پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤەکان، هەموو شتێک لەسەر ئەم بنەمایە پەیڕەو دەکرا. توندوتیژی وەک شێوازێکی بنەڕەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا سەیر دەکرا و تەنانەت لە چارەسەرکردنی بچووکترین کێشەشدا ڕێبازی توندوتیژی بە بنەما دەگیرا.
هەرچەندە لەناو خێزاندا کۆیلایەتی گەشەی کرد، ژن بوو بە بەرکار و بەقەدەر بەرکاربوونی ژنیش، کۆمەڵگە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهاکانی خۆی لەدەست دا. چونکە هەموو ئەو ڕێبازانەی دژی ژن بەکار دەهێنران، هاوکات دەبوونە هۆی لەناوبردنی هەموو ئەو بەها ڕەوشتییانەی کە کۆمەڵگە پشتی پێ بەستبوو. هەموو شتێک بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و قازانجی زیاتر پەرەی پێ دەدرا. هاوکێشەیەک بەم شێوەیە دروست کرا: ژنی بێهۆش = ژنی نەزان = نەوەیەکی نەزان، ئەمەش لە شێوەی سوپایەکدا کە خزمەت بە دەسەڵات و کۆیلایەتی دەکات، پێناسە کرا. لە کۆمەڵگەیەکدا کە ژن لە هۆشیاری و سیاسەت دوورە، هەرگیز چاوەڕوانی هیچ کاردانەوەیەکی هزری، ڕۆحی و جەستەیی لێ ناکرێت. بەم شێوەیە، بێ نرخکردنی کۆمەڵگە ئەنجام درا. چۆن ژن لە ماڵەوە ملکەچی پیاوە، بە هەمان شێوە کۆمەڵگەش ملکەچی دەسەڵات و خاوەن سەرمایەکانە. واتە شکاندنی ویستی ژن تەنها بە ژنەوە سنووردار نابێتەوە و ئەم ڕێبازە بە گشتی بەسەر هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەدا دەسەپێنرێت. دەسەڵات بەسەر کۆمەڵگەدا ئەوە دەسەپێنێت کە: “یان دەبیتە بەرکار یان دەبیتە بکەر”. بەم شێوەیە لەکاتێکدا پیاوانی لاواز دەکرێنە بەرکار، پیاوانی بەهێز دەکرێنە بکەر؛ هەروەها کۆمەڵگە یان نەتەوە لاوازەکان دەکرێنە بەرکار و کۆمەڵگە یان نەتەوە بەهێزەکان دەکرێنە بکەر. هەروەها ڕۆژهەڵات دەکرێتە بەرکار و ڕۆژئاوا دەکرێتە بکەر. مرۆڤ دەکرێتە بکەر و سروشت دەکرێتە بەرکار. واتە ئەو ڕۆڵە کۆمەڵایەتییانەی پارادایمی ڕەگەزپەرستی بەسەر ژن و پیاودا سەپاندوویەتی، هاوکات ئەو بیرکردنەوانەی مرۆڤ سەبارەت بە خۆی و دەوروبەری هەیەتی، لە چوارچێوەی ئەم زەینیەتەدا شێوە دەگرن. وەک دەرئەنجامێکی ئەو سیستەمەی لەسەر ئەم زەینیەتە دەسەڵاتدارە کار دەکات، کولتووری دەستدرێژیش گەشە دەکات. لە شوێنێکدا کە مرۆڤ دەکرێتە بەرکار، ئەوا داگیرکردنی، کۆیلەکردنی و دەستدرێژیکردنە سەری بە ڕەوا دادەنرێت. کاتێک باس لە دەستدرێژی دەکەین، ئەمە تەنها بە واتای ئەو دەستدرێژییە نایەت کە لە ڕووی جەستەییەوە ئەنجام دەدرێت. مادام دەستدرێژی وەک هێرشێک بۆ سەر ویستی مرۆڤ سەیر دەکەین، ئەوا ئەمە بەو واتایە دێت کە ویستی مرۆڤ خراوەتە ژێر فەرمان و چەوسێنراوەتەوە و قۆرخکاری گەشەی پێ دراوە. بەم شێوەیە، ژن خراوەتە پێگەی موڵکێکی کەسێکی ترەوە و لە هەموو مافەکانی بێبەش کراوە، ئەمەش بە واتای دەستدرێژی دێت. ئەم ڕێبازەی توندوتیژی کە دژی ژن پەرەی پێ دراوە، هاوکات دژی کۆمەڵگەش بەکار دەهێنرێت. داگیرکردنی گەلێک لەلایەن دەوڵەتەوە، هاوکات بە مانای دەستبەسەرداگرتنی هەموو بەها کۆمەڵایەتی، کولتووری و مێژوووییەکانیش دێت و ئەمەش بەشێکە لە کولتووری دەستدرێژی. لەبەرئەوەی دیاردەی دەستدرێژی وێرانکارییەکی زۆر قووڵ لەسەر کەسایەتی دروست دەکات، کەسێک کە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبێتەوە، ئیتر بێ بەرگری دەمێنێتەوە و ناچار دەبێت مل بۆ هەموو جۆرە هێرش و سەپاندنێک بدات. ئەو دۆخەی ئەمڕۆ بەسەر ژندا سەپێنراوە، لەم ئاستەدایە. بۆ ئەوەی گەمارۆدان و ملکەچکردنی ژن مسۆگەر بکرێت، هەموو خانەیەکی زیندووی ژن لەلایەن پیاوەوە ڕووبەڕووی دەستدرێژی دەبێتەوە. بەم شێوەیە، ژن دەخرێتە پێگەی بوونەوەرێکی بێ ڕۆحەوە. ئیتر ژن گەیەنراوەتە ئاستێک کە تەنانەت ناتوانێت وەسفی ئەو دۆخەی تێیدایە بیکات. ترس و ملکەچی تا مۆخی ئێسقانی ژن چووە و ڕێگری کراوە لەوەی تەنانەت کاردانەوەیەکی سادەش نیشان بدات. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو وای لێ کراوە کە تا کۆتایی بێمتمانە بێت بەرامبەر بە خۆی و دەوروبەری.
بە پشتبەستن بەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن، لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا کە تێیدا دەژین، کۆیلایەتی بە شێوەیەکی قووڵتر لە هەموو کاتێک پەرەی پێ دراوە. واتە دەتوانین بڵێین ئەم سەردەمە، سەردەمی پەرەپێدانی قووڵترین جۆری کۆیلایەتییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. چونکە بۆ یەکەم جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مرۆڤ ڕووبەڕووی داڕمانێکی ڕەوشتیی ئاوەها قووڵ دەبێتەوە و ئاوەها لە جەوهەری خۆی دوور دەکەوێتەوە. هەر شتێک تایبەتە بە ژن، وەک کاڵایەک بە شێوەیەکی سامناک کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت. لەم قۆناغە بەدواوە، ئیتر ژیان وەک ئامرازێکی ئەشکەنجەدان دژی ژن بەکار هێنراوە. جەستە و مێینەیی ژن کراوەتە کاڵایەک کە بۆ ڕاوکردن و خستنە داوی کۆمەڵگە بەکار دەهێنرێت. هەموو پارچەیەکی جەستەی ژن بۆ تێکدان و سنووردارکردنی ئاسۆی بیرکردنەوەی مرۆڤ بەکاردەهێنرێت و بەم شێوەیە گەیەنراوەتە ئاستێک کە تەواوی کۆمەڵگە ئیفلیج دەکات. کۆمەڵگەیەک کە غەریزەکانی وروژێنرا بێت، لە بواری سێکسیدا دەکەوێتە داوەوە و ئەو کۆمەڵگەیە تووشی داڕمانێکی ڕەوشتی و بۆشاییەکی مەعنەوی دەبێت. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین لە مێژوودا بۆ یەکەم جارە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دەستدرێژییەکی هزری، ڕۆحی و جەستەیی ئاوەها بووەتەوە. خۆکوشتن و کوشتنی چڕی ژنان کە ئەمڕۆ ڕوو دەدەن، ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکی بەرچاو دەخەنە ڕوو. هەموو دامەزراوەکانی ژێر سێبەری سیستەمی سەرمایەداری، دەتوانرێت وەک ئاشێک هەژمار بکرێن کە ژنی تێدا دەهاڕدرێت.
لە خێزانەوە بگرە تا هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت، مامەڵەی تاوانکارانە لەگەڵ ژندا کراوە و هەمیشە سزادراوە. چۆن پیاو لە دەرەوە دەبێتە سێبەری دەوڵەت، بە هەمان شێوە لە ماڵەوەش ژن دەکرێتە سێبەری پیاو. بەم جۆرە، دوو ڕێگە لەبەردەم ژندا دەمێنێتەوە: یان تەسلیمی پیاو دەبێت و کۆیلایەتی پەسەند دەکات، یان ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبێتەوە و چارەنووسی خۆکوشتن، کوژران یان ئەشکەنجەی دەروونی دەبێت. لە دادگای سەر بە دەوڵەتەوە بگرە تا دامەزراوەکانی ئاسایش، چونکە هەموویان لەسەر بنەمای زەینیەتی پیاوسالاری و ڕەگەزپەرستی دامەزراون، هەموو ڕێگەکان لەبەردەم ژندا داخراون. لە ئەنجامی ئەم مامەڵەکردنەدا، ژن وردە وردە لە ڕاستیی کۆمەڵگە دوور دەخرێتەوە و لە ڕەوشتی ئازادانە دادەبڕێت و لە هەموو پەیوەندییە ژیانییەکان دوور دەخرێتەوە. کۆیلایەتی دزە دەکاتە ناو هەموو بوارەکانی ژیانەوە. ئەم زەینیەتە کۆیلایەتییە وای لێ دەکات کە بە هەموو شێوەیەک خۆی لە دەنگ، زەین، جەستە، ڕەفتار، بیر و جووڵەکانی ژندا ڕەنگ بداتەوە. بەم جۆرە، ژنێک دەخولقێنرێت کە لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی پیاو دەیەوێت و کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرست بۆی دیاری کردووە، بگونجێت. هاوکات، لە ڕێگەی میدیاوە بانگەشەیەکی زۆر بەهێز بۆ ئەم جۆرە ژنە خولقێنراوە دەکرێت. هەرچەندە ژن خۆی بفرۆشێت و بازاڕی بۆ بکرێت، ئەوەندە ڕێگەی بۆ خۆش دەکرێت و دەکرێتە نموونەیەک بۆ هەمووان (دەتوانێت ببێتە سەرۆک وەزیر، میدیاکار، هونەرمەند و هتد). ئەمڕۆ لە تورکیادا زۆر هونەرمەند، مۆدێل و پێشکەشکار نوێنەرایەتیی ئەم نموونەیە دەکەن. واتە دەتوانن وەک ئەو ژنانە بژین کە ئایدیۆلۆژیای ڕەگەزپەرستیی دەوڵەت پەرەی پێ دەدەن و پیاو پەسەندیان دەکات.
نەتەوە-دەوڵەت، ژن وەک کاڵایەک و ماددەیەکی خاو بۆ سەرمایە هەڵدەسەنگێنێت و وەک ئامرازێکی چەوساندنەوەی کۆمەڵگە بەکاری دێنێت. ژن هەم منداڵ دروست دەکات بۆ دابینکردنی کاری هەرزان کە پێویستە بۆ سەرمایەداری و کرێکار پەروەردە دەکات، هەمیش ئەو سەرباز و پۆلیسانە پەروەردە دەکات کە بۆ شەڕی دژی گەلان و ژنان پێویستن. بەم شێوەیە، هەموو میکانیزمەکانی خۆپاراستن لە ژن زەوت دەکرێن. ئەو ژنانەی ملکەچی ئەم سیستەمە نابن، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنی جەستەیی، ڕۆحی، هەستەکی و هزری دەبنەوە کە لەلایەن پیاو و دەوڵەتەوە پەرەیان پێ دراوە. ژنێک کە لە ماڵەوە موڵکی پیاو و کۆیلەی ئەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە سووکایەتی و دەستدرێژییەک دەبێتەوە و بە ئەشکەنجەیەکی گەورەوە دەژی. هاوکات، وەک ئامرازێک بۆ تێرکردنی پاڵنەرە غەریزی و دەسەڵاتخوازانەکانی پیاو سەیر دەکرێت. واتە جا چ لە ماڵی تایبەتدا بێت یان لەشفرۆشخانە، هەموو پەیوەندییەکان دەبنە هۆی ئەوەی ژن لە ڕووی سێکسییەوە زیاتر بچەوسێنرێتەوە. لەم دۆخەدا، دەتوانین ژن وەک کرێکارێکی بێ هیچ بەرامبەر و نرخێک ناو ببەین. وەک کاڵایەکی هەرزان هەڵسەنگێنراوە کە دەتوانرێت تا کۆتایی بۆ هەموو شتێک بەکار بهێنرێت. بەم شێوەیە، دەتوانین بڵێین کە نەتەوە-دەوڵەت؛ لە ڕێگەی ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرستییەوە، ژنی بێچارە کردووە.
بواری سیاسیش لەلایەن زەینیەتی ڕەگەزپەرستییەوە داگیر کراوە. ئەو ڕۆڵەی سیستەمی پیاوسالار بۆ ژنی دیاری کردووە، یان ئەوەیە کە وەک کاریکاتێرێک سیاسەتی پیاوانە بسەپێنرێتە سەری، یان ئەوەیە کە تا کۆتایی پەراوێز بخرێت و لەم بوارە دوور بخرێتەوە. لەم ڕێگەیەوە و بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر، هاوکات توندوتیژیش بەکار دەهێنرێت و وای لێ کراوە کە ژن و کۆمەڵگە مەحکوومی سیستەمێکی نادادپەروەر و نایەکسان بن. ڕەوشتیش بوارێکە کە لەلایەن سیستەمی باوکسالارییەوە بە شێوەیەکی بەرچاو وێران کراوە و لە ناوەڕۆکی خۆی بەتاڵ کراوەتەوە. دەوڵەت لە ڕێگەی یاسا و دادوەرییەوە هەموو مافەکانی ژنی زەوت کردووە و تەسلیمی پیاوی کردووە. سیستەمی باڵادەست دەیەوێت لە ڕێگەی یاساوە ڕۆژ بە ڕۆژ شەرعییەت بەو دەسەڵاتە بدات کە دەیەوێت بەسەر ژندا جێبەجێی بکات. چونکە سەرەکیترین ئامانجی دەسەڵات ئەوەیە کەسانێک هەبن خزمەتی بکەن، بۆیە هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی پەرەیان پێ دراوە، بۆ گەشەپێدانی تێگەیشتنی خزمەتکردنی پیاو و دەوڵەت جێبەجێ دەکرێن. یاسای لەباربردنی منداڵ (کۆرتاژ) کە ڕژێمی ئاکەپە لەم دواییانەدا دەیویست بیکاتە یاسا، نموونەیەکە بۆ ئەمە. ئەو یاسایانەی لەلایەن سیستەمی پیاوسالار و دەوڵەتەوە دەردەکرێن، کۆیلایەتیی دژی ژن قووڵتر دەکەنەوە و لەلایەن پیاوەوە بە شێوەیەکی زۆر خراپ بەکار دەهێنرێن. لەبەر ئەم هۆکارە، چاوەڕوانکردنی ئەوەی دەوڵەت یاسایەکی دادپەروەرانە بۆ ژن دەربکات، غەفڵەتێکی گەورەیە. سیاسەتەکانی دەستدرێژی کە دژی ژن پەرەیان پێ دراوە و ئەو توندوتیژییەی ڕۆژانە دژی ژن پەیڕەو دەکرێت و ئەو کۆمەڵکوژییانەی ئەنجام دەدرێن، بنەمای خۆیان لە زەینیەتی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە وەردەگرن. لەناوبردنی ئەم یاسایانە بە واتای لەناوبردنی دەوڵەت و دەسەڵات دێت، بۆیە ڕوودانی شتێکی وا هیچ کاتێک مومکین نییە.
یەکێک لەو میکانیزمانەی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بەکاری دێنێت بۆ پەرەپێدانی هێرشەکانی دژی ژن، سیستەمی میدیایە. لە سیستەمی پیاوسالاردا، ڕۆڵی میدیا وێرانکارییەکی گەورە لە هۆشیاری و زەینیەتی مرۆڤایەتیدا دروست دەکات. بەم شێوەیە، مرۆڤێک کە مێشک و زەینیەتی ئیفلیج کراوە، لەژێر بۆردومانێکی دەروونی و ڕۆحیی چڕدا، لە ڕاستی دوور دەخرێتەوە. وەک دەبینرێت، میدیا ئەو ڕۆڵەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بۆی دیاری کردووە، بە باشترین شێوە جێبەجێی دەکات. ئەوەی سیستەم لە ڕێگەی دەوڵەتان و سوپاکانەوە پێی نەکراوە، لە ڕێگەی میدیاوە جێبەجێی کردووە. میدیا هەموو بەهاکانی سەر بە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک لە ڕێگەی نەتەوەپەرستی، زانستپەرستی، ڕەگەزپەرستی و دینپەریستییەوە پارچە پارچە دەکات و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی قڕکردن و کۆمەڵکوژی دەکاتەوە. بەم شێوەیە، زیرەکیی شیکاری و هەستەکیی کۆمەڵگە ئیفلیج دەکرێت و کۆمەڵگە دەگۆڕدرێت بۆ کۆمەڵگەیەکی غەریزی. ئەم دۆخە، بەهۆی پووچکردنەوەی زەینیەتی کۆمەڵگەوە، ئامادەی دەکات بۆ چەوساندنەوە. بەم جۆرە، هێزی بەرخۆدان و تێکۆشانی کۆمەڵگە لەناو دەبردرێت و کۆمەڵگەیەکی خەیاڵی (ساناڵ) دروست دەکرێت. ئەم دۆخە وەک ڕەهەندێکی کۆمەڵکوژی جێبەجێ دەکرێت. میدیا بە خراپترین شێوە دژی ژن بەکار دەهێنرێت. بەردەوام پێوەرەکانی ئازادیی خەیاڵی پەرەیان پێ دەدرێت. بەم ڕێگەیەوە، میدیا لە ڕووی جەستەیی، هزری و کولتوورییەوە ژنێک دەخولقێنێت کە لەگەڵ خواستی پیاودا بگونجێت. بەم شێوەیەش، ژن وەک کاڵایەک و ئامرازێکی ڕیکلام بۆ بەرژەوەندییەکانی سەرمایەداران بەکار دەهێنرێت.
سەرەڕای هەموو ئەو ڕاستییانەی لە سەرەوە باسمان کرد، ژن، لە مێژوودا و لەمڕۆدا، بە هەموو هێزیەوە هەوڵی داوە لە بەرامبەر ئەو هێرشە فرەلایەنانەی کراوەتە سەری، جەوهەری خۆی بپارێزێت. سیستەمی دەوڵەت و مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانیان، نەیانتوانیوە ژن تەسلیم بکەن و نەیانتوانیوە گەڕان بە دوای ئازادیدا لەناو ژندا لەناو ببەن. ژن لە هەموو سەردەمێکدا کولتووری بەرخۆدانی خۆی پاراستووە. لە مێژوودا سووتاندن و کۆمەڵکوژکردنی ملیۆنان ژن لەژێر ناوی جادووگەری، سیحربازی یان شەیتان، ئەم ڕاستییە بە شێوەیەکی زۆر ڕوون دەخاتە ڕوو. لە کولتووری بەرخۆدانی هەزاران ساڵەی خوداوەندەژنەکانی وەک ئینانا، زەننوبیا، هیپاتیا، عائیشە، مریەم و کیبەلەوە بگرە تا دەگاتە قارەمانێتیی ئەو ملیۆنان ژنە دانایەی لە پێناوی بەرخۆداندا سوتێنران، هەروەها تا دەگاتە قارەمانانی وەک ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، زیلان، لەیلا قاسم و ساکینە جانسز؛ هەموو ئەمانە لە بنەڕەتدا ئەوە دەخەنە ڕوو کە ژن چەندە پشوودرێژ و سوورە لەسەر داواکاریی ژیانی ئازاد. ئەگەر ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین باس لە تێکۆشان، بەرخۆدان، کەرامەت و ئازادیی ژن بکەین، بێگومان سەرچاوەکەی لە میراتی بەرخۆدانی ژنانی قارەمانەوە وەرگیراوە.
هەروەها لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، ملیۆنان ژن بە شێوازی جۆراوجۆر کاردانەوە و تووڕەیی خۆیان ڕۆژانە نیشان دەدەن بەرامبەر بەو توندوتیژی، کۆیلایەتی، نادادپەروەری، نایەکسانی و کۆمەڵکوژییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە و بە کردەوە نیشانی دەدەن کە نایانەوێت ببنە بەشێک لە سیستەم. ڕۆحی ئازادی، تێگەیشتنی دادپەروەرانە و یەکسانانەی ژن، وەک ڕابردوو، لەمڕۆشدا وەک ڕێبازێکی جێگرەوە دژی هاڕینی مرۆڤ لەناو چەرخەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، خۆی نواندووە. لە بنەڕەتدا، جیهانی ژن بە جەوهەر لە دەسەڵات و دەوڵەت دوورە. ژن لە سەرەتاوە تا ئەمڕۆ، لە هەموو قۆناغێکدا خۆی وەک دژەتێزێک و جێگرەوەیەک هەست پێ کردووە و ژێرخانێکی بەهێزی بۆ داڕشتنی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک ئامادە کردووە. ئەگەر ئەمڕۆ سیستەم زیاتر لە هەموو توێژێکی تر هێرش دەکاتە سەر ژن و دەڵێت “پێش هەمووان لە ژن بدەن”، ئەوا سەرچاوەکەی لەم ڕاستییەوە وەرگرتووە. لەسەر ئەم بنەمایانە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو کۆمەڵکوژییانەی ژن و کۆمەڵگە ڕووبەڕووی دەبنەوە، پەرەپێدانی بەرخۆدان و دروستکردنی عەقڵ و زەینیەتێکی کۆمەڵایەتی کە پشت بە زەینیەتی ژن ببەستێت، بابەتێکی زۆر گرنگ و مەرجدارە. دژی زەینیەتی دڕندانەی سیستەمی پیاوسالار، پێش هەموو شتێک، ژن پێویستی بە پەرەپێدانی هۆشیاری و دامەزراوەسازی هەیە کە بۆ پەرەپێدانی خۆپاراستن پێویستن. مادام ژن لەژێر سێبەری دەوڵەتی داگیرکەردا ڕووبەڕووی مامەڵەیەکی ئاوەها سامناک دەبێتەوە، کەواتە پێویستە فەلسەفەی پاراستنی جەوهەری لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵگەدا پەرەی پێ بدرێت و هەموو هەوڵەکان ئاڕاستەی لاوازکردن و لەناوبردنی ئەو دامەزراوانە بکرێن کە هی دەوڵەتن. میراتی کۆمەڵگەی نیۆلیتی کە لەسەر بەهاکانی ڕەوشت و ئازادی دامەزراوە، دەبێتە هێزێکی مەعنەوی بۆ سەرەتایەکی نوێ. هەروەها بۆ ئەمڕۆ، نوێکردنەوەی میرات و بەهاکانی کۆمەڵگە کە ژن لە سەردەمی نیۆلیتیکدا خاوەنی بووە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ جەوهەرە تایبەتەکەی خۆیدا بگونجێت، ڕوانگەیەکی بەهێز بۆ پاراستنی جەوهەری دەخولقێنێت.
دروستکردنی میکانیزمەکانی پاراستنی جەوهەری بۆ ژن، هاوکات بە واتای دروستکردنی ئەو ڕوانگە و بارودۆخە زۆر بەهێزەیە کە بۆ ژیانی ئازاد پێویستن. ژن لە ڕێگەی دامەزراوە و کرداری پاراستنی جەوهەرییەوە، دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە هەبوونی خۆی بپارێزێت و گەشەی پێ بدات. بەقەدەر ئەوەی دەتوانێت هەبوونی خۆی بپارێزێت، ئەوەندەش دەرفەتی ئەوەی دەبێت کە ویست و فەلسەفەی ژیانی خۆی بپارێزێت. بەم شێوەیە، پاراستنی جەوهەری، هۆشیاریی پاراستنی هەبوونی ئازادانەی خۆت و بەرگریکردن لە خۆتە. بێگومان، بەقەدەر هۆشیاری، گەیشتن بە هێزی ڕێکخستن و کردار زۆر گرنگە. لەم بوارەدا، بزووتنەوەی ژنی کورد نموونەیەکی گرنگە.
ژنی کورد، هەرچەندە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی سەخت بووبێتەوە کە ئامانج لێی شکاندنی ویستی بووە لە ڕێگەی سیاسەتەکانی نکۆڵی و قڕکردنی سیستەمی ڕەگەزپەرستانەی داگیرکەری کوردستان، بەڵام هیچ کاتێک تەسلیمی ئەم هێزانە نەبووە و هیواکانی بۆ ئازادی لەدەست نەداوە. ژنی کورد هیچ کاتێک کۆیلایەتیی پەسەند نەکردووە و لە هەر دەرفەتێکدا کاردانەوەی خۆی دەربڕیوە. لەبەر ئەم هۆکارە، هاوکات لەگەڵ گەشەکردنی تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، بەشداریی ژنی کورد لەم تێکۆشانەدا زۆر بەهێز و بەرین بووە. دەتوانین بڵێین بەم بەشدارییەوە، بەرخۆدانی ژن گەیشتووەتە لوتکەی ویست و هۆشیاری. هێزەکانی پاراستنی ژن کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا دامەزران، بوونە هۆی ڕێنیسانسێکی زەینی و شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی لەناو گەلی کورددا. بەم شێوەیە، ژنانی کوردستان هێزەکانی پاراستنی جەوهەریی خۆیان دیسان بەدەست هێنایەوە و لەو شوێنەی لێی کەوتبوون، لە نوێوە خۆیان ئافراندەوە. بۆ پەرەپێدانی هۆشیاریی پاراستنی جەوهەری، تێکۆشانێکی زۆر توند دژی کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرست بەو تێگەیشتن و فەلسەفەیەی کە پێویست بوو، ئەنجام درا و بەرخۆدانێکی زۆر گەورە دژی سیاسەتەکانی نکۆڵی و قڕکردن نیشان درا. نەک هەر بەمەوە سنووردار نەبوونەوە، بەڵکوو لەسەر ناوی هەموو ژنانەوە، شەڕێکی پاراستنی جەوهەری پەرەی پێ درا. دژی ئەو چەمکی هێرش و قڕکردن و کۆمەڵکوژییەی کە لە چوار لای دنیاوە دژی ژن پەرەی پێ دراوە، بەرخۆدانێکی گەورە کە چەندین ساڵی خایاندووە، نیشان دراوە.
چونکە زەینیەتی پیاوسالار نکۆڵی لە ویست، ئازادی و هەبوونی ژن دەکات، پاراستنی جەوهەریش دەبێتە کێشەی مان و نەمان. کەواتە، پێش هەموو شتێک، پێویستی بە پەرەپێدانی هۆشیاری و هەڵوێستی پاراستنی جەوهەری هەیە. ژنی کورد بە بیروباوەڕە ئایدیۆلۆژی، فەلسەفی و سیاسییەکانیەوە کە پشت بە بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتی دەبەستن، پێشەنگایەتیی سیستەمی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک دەکات. ئەزموونەکانی ژنانی کورد نیشانی دەدەن کە پەرەپێدانی هۆشیاریی پاراستنی جەوهەری و سوپای ژنان، نەک تەنها دەرگاکانی ژیانێکی نوێی کردووەتەوە، بەڵکوو هاوکات بووەتە هۆی دروستبوونی باوەڕێکی گەورە لەلای ژن و بە سایەی ئەم باوەڕەوە، ژن توانیویەتی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هێزی پاراستنی خۆی دەربخات. ئەم هێزە هزرییە، ئەو هەڵوێستە سیاسییە و ئەو ڕێکخستنە ڕەسەنەی کە ژن پەرەی پێ داوە، بووەتە هۆی ئەوەی ژن ببێتە خاوەنی هێزێکی کرداریی فرەڕەنگ و وای لێ کردووە کە لەو ڕۆحە پاسیڤ و کۆیلانەیە دوور بکەوێتەوە کە سیستەمی باڵادەست بۆی دیاری کردووە. ئەم گەشەکردنە هاوکات بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لەو زەینیەتە ڕەگەزپەرستییەدا کە ژن دەچەوسێنێتەوە و سووکایەتیی پێ دەکات. قارەمانێتییەکانی ژنانی کورد لە کۆمەڵگەدا بووەتە هۆی گۆڕانکارییەک کە هاوتای ڕێنیسانسێکە و هاوکات بووەتە هۆی گۆڕانی چەندین نەریتی کۆن کە ژنیان گەمارۆ دابوو. ئەگەر ئەمڕۆ ژنانی کورد لە ئاستی نەتەوەییدا لە چەندین دامەزراوەی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیدا ڕۆڵی پێشەنگ دەگێڕن، ئەوا سەرچاوەکەی لەو قارەمانێتییانەوە وەردەگرن کە نیشانیان داوە. چوونەناو بواری سەربازیی ژنانی کورد، بە واتای دەستێوەردانێکی زۆر جددی دێت لەو بوارەی کە پیاو زیاتر لە هەموو بوارێک دەیەوێت خۆی تێیدا بچەسپێنێت و ژنی لێ دوور بخاتەوە. پێشتر هەموو شتێک کە هی ژن بوو، وەک موڵکی پیاو هەژمار دەکرا و لەلایەن پیاوەوە دەپارێزرا. بۆیە کاتێک ژن خۆی دژی هەموو هێرشەکان دەپارێزێت، خۆی لە ژێردەستەیی پیاو ڕزگار دەکات. ئەم دۆخە هاوکات بووەتە هۆی ئەوەی کە تێگەیشتنی نامووس کە پیاو وەک چەکێک دژی ژن بەکاری دەهێنا، ڕووبەڕووی داڕمانێکی جددی ببێتەوە. لەسەر بنەمای ئەوە، کاریگەریی سوپای ژنان تەنها سنووردار نییە بە پووچەڵکردنەوەی ئەو هێرشانەی کە ئامانجیان قڕکردنی هەبوونی ژنە، بەڵکوو هاوکات بووەتە هۆی لەناوبردنی ئەو زەینیەت و فەلسەفەیەی سیستەمی پیاوسالار خۆی لەسەری دامەزراندووە و هەروەها لەناوبردنی ڕوانگە داگیرکاری و خاوەندارێتییەکان. بەم واتایە، پاراستنی جەوهەری؛ هێندەی پاراستنێکی جەستەیی ڕەوایە، هێندەش چەکداربوونە لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و زەینییەوە و گەیشتنە بە هێزی کردار.
لەم قۆناغەدا کە سیستەمی پیاوسالار دەیەوێت خۆی لە ڕووی ئایدیۆلۆژی، سەربازی و سیاسییەوە بەهێز بکات، دەیەوێت هەموو ئەو توێژانەی وەک مەترسی بۆ سەر خۆی دەیانبینێت، لەژێر ناوی تیرۆردا سەرکوت بکات و لەناویان ببات. بەم شێوەیە، ملدان و کۆیلایەتی بەسەر هەموو توێژە جێگرەوەکاندا، بە ژنیشەوە، دەسەپێنرێت. ئەو شتەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لەسەر بنەمای زەینیەتی پیاوسالاریی پێشەنگایەتیکراوی ئەمریکا و نوێنەرەکانی کە هێزە ناوچەییەکانن دەیانەوێت پەرەی پێ بدەن، لە دیالۆگی نێوان شێر و ئاسک[11] دەچێت. شێر هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر ئاسکەکان، پارچە پارچەیان دەکات و دەیانخوات؛ ڕۆژێک هەموو ئاژەڵانی نێو سروشت کۆ دەبنەوە و کۆبوونەوەیەک لەسەر چەکداماڵین ساز دەکەن. شێر ئیدیعای ئەوە دەکات کە دوو قۆچەکەی ئاسک زۆر مەترسیدارن و هەڕەشەیەکی گەورە دروست دەکەن، بۆیە پێویستە ئەم قۆچانە لەناو ببرێن. بێگومان ئاسک ئەم بیرۆکەیە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت کە قۆچەکانی تەنها بۆ ئەوەن خۆی لە ئاژەڵە گۆشتخۆرەکان بپارێزێت. دەشڵێت کە ئەم قۆچانە بۆ هیچ کەسێک مەترسی دروست ناکەن و تەنها بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکاریان دێنێت، بەڵکوو لە بنەڕەتدا پێویستە ددانەکانی شێر بکێشرێن، چونکە ددانەکانی شێر مەترسین بۆ سەر ژیانی ئەوان، شێر بەو ددانانە هێرشیان دەکاتە سەر و هەڕەشە لە ژیانیان دەکات، بەڵام قۆچەکانی ئەو هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ژیانی شێر دروست ناکات. ئەم نموونەیە بەڕاستی هاوتایە لەگەڵ ئەو پیلانگێڕییە چەپەڵانەی پیاو دژی ژن ئەنجامیان دەدات. پیاو بە پەیڕەوکردنی پیسترین سیاسەتەکان دژی ژن، هێرش دەکاتە سەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژی ویستی دەشکێنێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو دەرفەتانەی ژن هەیەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لێی بستێنێتەوە، وەسفی وەک: نەرمونیان، هەستیار، ئاشتیخواز و هتد بۆ دەکات. تەنانەت ژنێکی کەمێک بوێر، خۆدەربڕ و زیرەک، یان وەک ناشیرین وێنا دەکرێت یان بە ‘پیاوسالار’ ناودەبرێت. بەم شێوەیە، لە کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرستیدا، ژن هاوتای لاوازی، ملکەچی و پاسیڤی کراوە. ئەمەش یەکێکە لەو ڕێبازانەی کە کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرست لەسەر بنەمای فێڵبازییەکانی خۆی دایڕشتووە، بۆ ئەوەی ژن هەمیشە لەژێر هەژموونی پیاودا بمێنێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر پاراستنی جەوهەری پاساوی هەبوونی ژنە، ئەوا پێویستە هەموو هەوڵ و ئامانجە سەرەکییەکانی ژن ئاڕاستەی پەرەپێدانی میکانیزمەکانی خۆپاراستن بکرێن. مادام ژن ناتوانێت بە زمانێکی ڵاڵ، مێشکێکی وێرانکراو، دڵێکی داگیرکراو و دەستێکی بێهێزەوە، ڕووبەڕووی سیستەمی چەوسێنەری پیاوسالار ببێتەوە؛ کەواتە ژن پێویستە لە هەموو ڕوویەکەوە خۆی پڕچەک بکات بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی ئازادی. ژن تەنها بەم شێوەیە و بە ڕێبازێکی ژیرانە، پڕمانا و پێگەیشتووانە، لەکاتێکدا سیستەمە دیموکراتییەکەی خۆی پەرە پێ دەدات، دەتوانێت ڕێگری لە کولتووری دەستدرێژی بکات.
توانای ژن بۆ بوون بە هێزێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی، کولتووری و ژینگەیی و هەروەها بوون بە خاوەن قسە و ویستی خۆی، تەنها بە توانای بەرگریکردن لە خۆی و بوون بە هێزی چارەسەری هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکان مومکینە. ئەم دۆخە هاوکات ئەوەش دەخاتە ڕوو کە پێویستییەکی زۆر گەورە بە پەرەپێدانی هۆشیاریی پاراستنی جەوهەری هەیە. لەسەر هێڵی پاراستنی جەوهەری؛ پێویستییەکی زۆر گەورە هەیە بە پەرەپێدانی تێگەیشتنێکی نوێ و خولقاندنی ڕوانگەیەکی کرداریی بەهێز کە لە دەرەوەی تێگەیشتنی دەوڵەت و دەسەڵاتخوازی بێت. هەر کردار و هەر چالاکییەک کە پشت بەم بنەمایانە ببەستێت، دەبێت لە خزمەتی کۆمەڵگەی ڕەوشتی و سیاسیدا بێت. بەم شێوەیە، ژن لە ڕێگەی شێوازی کرداری خۆیەوە وەڵامی بەهێز بۆ پرسیارەکانی: “چ جۆرە ژیانێک، چ جۆرە تێگەیشتنێکی ڕەوشتی و چ جۆرە کۆمەڵگە و دنیایەک دەیەوێت؟ ” دەدۆزێتەوە. لەسەر ئەو بنەمایەی کە ژن دەگاتە بیرکردنەوەی هاوبەش، بڕیاری هاوبەش و کرداری هاوبەش، هیچ کێشەیەک نامێنێتەوە کە نەتوانێت چارەی بکات.
لەم سەردەمەی تێیدا دەژین و ئەمەندە گفتوگۆی چڕ لەسەر دیموکراسیی کۆمەڵایەتی و ئازادی دەکرێت، نابێت هیچ هێز و هیچ دەسەڵاتێک چاوەڕوانی ئەوە لە ژن بکات کە بچێتە پێگەی قوربانییەکی تەسلیمبوو و بێ هیچ کاردانەوەیەکەوە. ژن، وەک هەموو بوونەوەرێکی زیندووی نێو سروشت، خاوەنی مافی بەرگریکردن لە خۆی و پاراستنی هەبوونی خۆیەتی. بەپێی یاسای سروشت، هیچ ڕووەک و ئاژەڵێک نییە کە خاوەنی سیستەمی پاراستنی جەوهەری نەبێت. هەروەها لە سروشتدا، هیچ سیستەمێکی بەرگری نییە کە بوونەوەرێک بۆ پاراستنی بوونەوەرێکی تر پەرەی پێ دابێت. هەموو بوونەوەرێک بەرپرسە لە پاراستنی خۆی لە هەموو مەترسییەکان و درێژەدان بە هەبوونی خۆی. هەر گوڵێک، هەر شاهینێک، هەر بوونەوەرێک، خۆی، خۆی دەپارێزێت. کەواتە، پاراستنی ژن لەلایەن پیاوەوە، هێندەی دژ بە یاساکانی سروشتە، هێندەش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی دەسەڵات، توندوتیژی و داگیرکاری خۆیان لەسەر ئەم تێگەیشتنە دابمەزرێنن. هیچ پیاو و هیچ سیستەمێک ناتوانێت چەوساندنەوە پەرە پێ بدات دژی ژنێک کە خۆی بە چەکی هزری، کولتووری، ئابووری و سەربازی پڕچەک کردبێت و بەرگری لە خۆی بکات. لە دەرئەنجامی هەموو ئەمانەدا، بۆ پێشخستنی بەهاکانی ژیانی ئازاد، بۆ گۆڕین و ئازادکردنی کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرست و بۆ پەرەپێدانی ڕێنیسانسی هاوچەرخی کۆمەڵایەتی، ستراتیژیی پاراستنی جەوهەری پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ کۆمەڵگە و ژنان. لەسەر بنەمای دروشمی ‘ژنی ئازاد و بەهێز، کۆمەڵگەی ئازاد و بەهێزە’، ئێمە بە ژنێکی زانا، ئازاد و ڕێکخراو، کۆمەڵگەیەکی نوێ بونیاد دەنێین. دەتوانین بگەینە ڕاستیی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ بە ژنێکی هۆشیار، ئازاد و ڕێکخراو. ژنێکی هۆشیار، ڕێکخراو و گەیشتوو بە هێزی کردار، ڕۆڵی بەردی بناغەی ڕاستیی ژیانی ئازاد و هاوبەش دەگێڕێت.
تێبینی: ئەم نووسینە لە کرمانجییەوە کراوە بە سۆرانی. لەبەر ئەوەی دەقە کرمانجییەکەش وەرگێڕانە لە تورکییەوە، هەندێک ڕستە بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاتری واتا و نزیکبوونەوە لە دەقە ئەسڵییەکە، سەرەڕاست کراونەتەوە و پەراوێزیان بۆ زیاد کراوە.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
سەرچاوەی وەرگێڕان:
گۆڤاری: Demokratîk Modernîte
ناونیشانی وتاری سەرەکی: ‘Parastina Cewherî, Rêgeza Bingehîn a Nasnameya Azad e’
بەستەری ئەلیکترۆنی (لینک):
[1] ئەنیمیزم (Animism): باوەڕبوونە بەوەی کە هەموو بوونەوەر و دیاردە سروشتییەکان (ئاژەڵ، ڕووەک، بەرد، ڕووبار، با و باران) خاوەنی ڕۆح، هۆش و ویستی خۆیانن. ئەمە تێڕوانینێکی فەلسەفیی قووڵە کە لە کۆمەڵگە سروشتییەکانی سەردەمی نیۆلیتیکدا باو بووە و جیاوازیی نێوان ‘مرۆڤ و سروشت (بکەر و بەرکار) ‘ی سڕیوەتەوە. ئەم بیرکردنەوەیە بە تەواوی پێچەوانەی زەینیەتی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، کە سروشت وەک کاڵایەکی بێ ڕۆح و سەرچاوەیەکی بێسنوور بۆ چەوساندنەوە سەیر دەکات. لە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان-دا، گەڕانەوە بۆ ئەم تێگەیشتنە ئیکۆلۆژی و ڕەوشتییە، بنەمای دامەزراندنی “مۆدێرنیتەی دیموکراتیک” و ژیانێکی ئازاد پێکدێنێت.
[2] تۆتێم (Totem): هێمایەکی سروشتییە (زۆرجار ئاژەڵێک، ڕووەکێک، یان دیاردەیەکی سروشتی) کە وەک ناسنامەی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی خێڵ (کلان) ێک سەیر دەکرا. لە تێڕوانینی کۆمەڵگەی سروشتیدا، تۆتێم تەنها نیشانەیەکی سادە نەبوو، بەڵکوو چەقی ئەو پەیوەندییە ڕەوشتی و یەکسانە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵگەی پێکەوە دەبەستەوە و پەیوەندیی ئاشتیانەی نێوان مرۆڤ و سروشتی مسۆگەر دەکرد. ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی هێما دەستکردەکانی “نەتەوە-دەوڵەت”ە (وەک ئاڵا)، کە بۆ سەپاندنی ناسنامەیەکی سەروەر و دابەشکار و سڕینەوەی فرەڕەنگی بەکاردەهێنرێن. تۆتێم گوزارشتە لە یەکێتیی ئۆرگانیکی نێوان تاک، کۆمەڵگە و گەردوون؛ بنەمایەکی سەرەکیی “کۆمەڵگەی ڕەوشتی-سیاسی”یە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە شێوەیەکی سیستماتیک وێرانی کردووە.
[3] تابوو (Taboo): بریتییە لە قەدەغەیەکی کۆمەڵایەتی کە لەسەر بنەمای باوەڕێکی پیرۆز یان مەترسیدار دامەزراوە. لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی سروشتیدا، تابوو میکانیزمێکی ڕەوشتی و خۆپارێزی بووە کە لە ویژدانی کۆمەڵگەوە هەڵقوڵاوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ژیان (بۆ نموونە، قەدەغەکردنی بەفیڕۆدانی خۆراک یان ڕێزگرتن لە سووڕی ژیانی بوونەوەران). ئەمە بە تەواوی پێچەوانەی”لە سیستەمی نەتەوە-دەوڵەتدایە، کە ئامرازێکی زۆرەملێیە بۆ پاراستنی دەسەڵات و موڵکییەت. سیستەمی سەرمایەداری، تابووە ڕەوشتییە سروشتییەکانی تێکشکاندووە و تابووی نوێی لە خزمەت دەسەڵاتدا دروست کردووە.
[4] مێ (Me): چەمکێکی کلیدیی سۆمەرییە کە بە نیشانەی مێخی (𒈨) دەنووسرا. نووسینی بە “Meمێ” تاکە شێوازی دروستە. “مێ”-یەکان ئاماژەن بە کۆی گشتیی بنەما، یاسا و بەها شارستانییەکان (وەک دادپەروەری، کشتوکاڵ، هونەر و نووسین). ئەم “مێ”-یانە میراتی هەزاران ساڵەی کۆمەڵگەی سروشتیی نیۆلیتیک بوون. ململانێی نێوان خوداوەندژن ئینانا و خوداوەند ئێنکی لەسەر “مێ”-یەکان، گوزارشتە لە بەرخۆدانی زەینیەتی کۆمەڵگەی سروشتی دژی سیستەمی نوێی پیاوسالاری کە دەیویست ئەم بەها گشتییانە بۆ خۆی قۆرخ بکات و دەسەڵاتی خۆی پێ بچەسپێنێت.
[5] ئەریدۆ (Eridu): یەکێک لە کۆنترین و گرنگترین شارەکانی سۆمەری کۆن بوو، کە وەک ناوەندی سەرەکیی پەرستنی خوداوەند ئێنکی ناسرابوو. لە ڕوانگەی فیکرییەوە، ئەریدۆ تەنها شارێک نییە، بەڵکوو هێمایە بۆ ناوەندیکردنی دەسەڵات و قۆرخکردنی بەهاکان لەلایەن سیستەمی نوێی کاهینی-پیاوسالارییەوە. گواستنەوەی “مێ”-یەکان بۆ ئەریدۆ، گوزارشتە لە هەوڵی چەسپاندنی حوکمڕانیی ناوەندی وەک جێگرەوەیەک بۆ ژیانی ئۆرگانیکی کۆمەڵگەی سروشتی.
[6] ئوروک (Uruk): یەکێک لە گەورەترین شارەکانی سۆمەری کۆن کە شوێنەوارەکەی ئەمڕۆ دەکەوێتە ناو سنووری دەوڵەتی عێراقەوە (ناوچەی وەرکا). ئوروک ناوەندی سەرەکیی پەرستنی خوداوەندژن ئینانا بوو. بەڵام ئوروک بە واتای ‘عێراقی کۆن’ نایەت؛ ئوروک میراتێکی مرۆڤایەتییە، لە کاتێکدا دەوڵەتی عێراق دامەزراوەیەکی دەستکرد و دژ بەم میراتەیە. لە گێڕانەوەی ئایدیۆلۆژیی ئەم میتۆلۆژیایەدا، ئوروک جەمسەری بەرامبەری ئەریدۆیە. ئەگەر ئەریدۆ هێمای دەسەڵاتی نوێی پیاوسالاری و ناوەندگەرایی بێت، ئەوا ئوروک نوێنەرایەتیی دڵی کۆمەڵگەی سروشتی، ناوەندی کولتووری خوداوەندژن، و میراتی بەهاکانی سەردەمی نیۆلیتیک دەکات. گەڕاندنەوەی “مێ”-یەکان لەلایەن ئیناناوە بۆ ئوروک، هێمای بەرخۆدانی کۆمەڵگەی ژن-ناوەندە بۆ وەرگرتنەوەی بەها دزراوەکانی و گەڕاندنەوەی میراتی کۆمەڵگە بۆ خودی کۆمەڵگە.
[7] پانتێۆن (Pantheon): وشەیەکی یۆنانییە (Pan-theos) بە واتای “کۆمەڵەی هەموو خوداکان”. بەڵام پانتێۆن تەنها لیستێک نییە، بەڵکوو دامەزراوەی فەرمیی دەسەڵاتی پیاوسالارییە. دەرکردنی خوداوەندژن ئینانا لەم پانتێۆنە، هێمایە بۆ ئەو کودەتا سیاسییەی کە سیستەمی نوێی پیاوسالاری دژی نوێنەری کۆمەڵگەی سروشتی ئەنجامی دا، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی بچەسپێنێت و شەرعییەت لە بەرخۆدانی ژن بستێنێتەوە.
[8] زیگورات (Ziggurat): پەرستگایەکی پلەپلەیی بەرز و مەزنە کە لە میزۆپۆتامیای کۆندا (بە تایبەت لەلایەن سۆمەری، ئەکەدی و بابلییەکانەوە) دروست کراوە. بەڵام زیگورات تەنها باڵەخانەیەکی ئایینی نییە، بەڵکوو یەکەمین وێنەی فیزیکی و بەرجەستەی سیستەمی چینایەتی و هیرارشیی دەوڵەتە. نهۆمی سەرەوەی، کە شوێنی پەرستنی خوداوەندەکان بوو، تایبەت بوو بە کاهین و دەسەڵاتداران، کە خۆیان وەک نێوەندگیری نێوان “ئاسمان” و “زەوی” دەناساند. نهۆمەکانی خوارەوەش بۆ گەل و کرێکاران بوون. بەم شێوەیە، زیگورات بووە هێمای جیابوونەوەی مرۆڤ لە سروشت، دروستبوونی چینی دەسەڵاتدار، و قۆرخکردنی زانست و ڕۆحانیەت لەلایەن دەستەیەکی بچووکەوە.
[9] دوالیزمی بکەر و بەرکار (Subject-Object Dichotomy): ئەمە چەمکێکی فەلسەفیی بنەڕەتییە کە ئاماژەیە بۆ دابەشکردنی جیهان بۆ دوو جەمسەری دژ بەیەک: ” (Subject) کە بریتییە لە “من”ی بیرکەرەوە، ئاگادار و چالاک، و” (Object) کە بریتییە لە “ئەوی تر”ی پاسیڤ و بێ ویست. ئەمە تەنها چەمکێک نییە، بەڵکوو زەینیەتی دامەزرێنەری مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەکە هەموو جۆرە چەوساندنەوەیەک (پیاو بەسەر ژندا، دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگەدا، مرۆڤ بەسەر سروشتدا) لەسەر ئەم بنەمایە ڕەوا دەکات. ئامانجی شۆڕشی مۆدێرنیتەی دیموکراتیک، تێکشکاندنی ئەم دوالیزمەو گەڕانەوەیە بۆ ژیانێکی یەکسان و سروشتییە کە تێیدا هەموو بوونەوەرێک “سوژە”ی خۆیەتی.
[10] سارگۆنی ئەکەدی (Sargon of Akkad): پاشایەکی ئەکەدی بوو (نزیکەی سەدەی ٢٣ی پێش زایین) کە بە یەکەمین دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەت لە مێژوودا دادەنرێت. سارگۆن تەنها پاشایەک نییە، بەڵکوو ڕچەشکێنی دامەزراوەییکردنی توندوتیژی و یەکەمین نموونەی “دەوڵەتی میلیتاریست” (سەرباز-تەوەر) ە. پێکهێنانی یەکەم سوپای هەمیشەیی و ڕێکخراو لەلایەن سارگۆنەوە، خاڵی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو: لەمەودوا، توندوتیژیی دەوڵەت بووە ئامرازێکی سەرەکی بۆ داگیرکاری، کۆمەڵکوژی و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر گەلاندا. ئەمە سەرەتای ئەو “تیرۆری دەوڵەتی”یە بوو کە تا ئەمڕۆش لە شێوەی سوپا و هێزە ئەمنییەکاندا درێژەی هەیە.
[11] دیالۆگی نێوان شێر و ئاسک: ئەڵێگۆریایەکی سیاسییە کە بۆ دەرخستنی دووڕوویی سیستەمی باڵادەست بەکاردێت. لەم چیرۆکەدا، شێر (هێمای دەسەڵاتدار) داوای “ئاشتی” و “چەکداماڵین” لە ئاسک (هێمای ژێردەستە) دەکات و قۆچەکانی ئاسک بە مەترسی دادەنێت، لە کاتێکدا هەرگیز باس لە ددان و چڕنووکەکانی خۆی ناکات کە چەکی ڕاستەقینەی هێرشکردنن. ئەمە ڕێک وێنەی زەینیەتی دەوڵەت و پیاوسالارییە کە هەمیشە داوای خۆبێچەککردنی قوربانییەکە دەکەن بۆ ئەوەی بە ئاسانتر بتوانن بیکەنە کۆیلە و بیچەوسێننەوە.



