عەجاج وەک ئایشمان
لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی دادگایی عەجاج و مەترسیی کورتکردنەوەی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال لە تاکی جەلاددا.

سەیوان محەمەد
عەجاج وەک ئایشمان
لە یادەوەریی ئێمەدا، نوگرە سەلمان ناوێکە بەمانای ئەشکەنجە و زەلیلکردن و دەستدرێژیی و سەرنقومکردن و مردن، بۆ زۆرێکیشمان هێمای پەژارەیەکی ئەبەدییە. بۆیە ئاساییە بە گرتنی عەجاج و بڕیاری لە سێدارەدانی دڵخۆش بین، چونکە دواجار گەرچی درەنگوەختیش بێت، دادپەروەریی بەدی دێت. بەڵام مەترسییەکە ئەوەیە گەورەیی تاوانی ئەنفال لە تەنیا کەسێکدا کورت بکرێتەوە. گومانی تێدا نییە عەجاج جەلادێکی دڕندەیە و هەموو گەواهیی ڕزگاربووانیش تۆمەت نییە، بەڵکو یادەوەریی ئەو خەڵکانەیە کە لەسەر دەستی ئەو ئازاریان چەشتووە و ئازیزانیان لەدەست داوە. بەڵام مەبەستمانە بڵێین کۆتاییپێهێنانی کەیسی عەجاج بەو خێراییە وەک ئەوەی تاوانبارێکی تاکوتەنیا بێت، ڕەنگە بمانخاتە کەڵکەڵەی ئەو وەهمەی کە مەرگی جەلادەکەی نوگرە سەلمان وەک وێنەی کۆتایی عەدالەت تەماشا بکەین. چونکە گەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، جینۆساید هیچ وەخت کاری تاکەکەس نەبووە، ئەوەی لێی بەرپرسیارە ڕژێمێکی تۆتالیتار و ئایدیۆلۆژیایەکی ڕاسیست و نەتەوەیەکە کە ویستی ئاساییکردنەوەی (dehumanization) لە-مرۆڤ-خستنیان هەیە.
“جینۆساید هیچ وەخت کاری تاکەکەس نەبووە، ئەوەی لێی بەرپرسیارە ڕژێمێکی تۆتالیتار و ئایدیۆلۆژیایەکی ڕاسیست و نەتەوەیەکە کە ویستی لە-مرۆڤ-خستنی ئەوانی تری هەیە.”
دەکرێت بەراوردکردنی عەجاج بە ئەدۆڵف ئایشمان وێنەکە ڕوونتر پیشان بدات، ئەگەرچی سرووشت و ڕێوشوێنی دادگاییەکانیان بە تەواویی جیاوازە. ئایشمان یەکێک بوو لە ڕێکخەرە سەرەکییەکانی هۆڵۆکۆست، بەرپرسی گواستنەوەی جووەکان بوو بۆ گێتۆکان و دواتریش بۆ کامپەکان. ساڵی ١٩٦١، کاتی دادگاییکردنەکەی بەردەوام یەک ڕستەی دووبارە دەکردەوە، “من فەرمانم جێەجێ کردووە.” ئەو لەبری مرۆڤێکی دەمارگیر کە ڕق و کینە پاڵنەری کارەکانی بوو بێت، خۆی وەک فەرمانبەرێکی گوێڕایەڵ پیشان دەدا کە تەنیا ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووە. ئەم ڕستەیە لە دوو ڕووەوە شۆکهێنەرە. لەلایەکەوە خوێنساردیی ئایشمان و پیشاندانی کۆمەڵکوژی وەک ئەرکێکی ئاسایی، لەلایەکی تریشەوە ئاشکراکردنی ئەو ڕاستییە تاڵەی کە کۆمەڵکوژیی هەمیشە کاری کەسانی سادیست نییە، بەڵکوو لەلایەن ئەو کەسە ئاساییانەشەوە ئەنجام دەدرێت کە دڵڕقیی وەک ئەرکێکی ئیداریی دەبینن.
هانا ئارێنت ئەم دیاردەیەی بە “banality of evil” ناو بردووە کە دەکرێت بە پووچێتیی خراپەکاریی وەربگێڕرێت. ئەڵبەت ئارێنت مەبەستی نەبوو تاوانەکانی ئایشمان بە “ئاسایی” بناسێنێت، بەڵکوو دەیویست بڵێت ڕژێمە مۆدێرنەکان بۆ توندوتیژیی بەکۆمەڵ پشت بەوە دەبەستن لە ڕێگەی بیرۆکراتییەتەوە شتەکان ئاسایی بکەنەوە، تا ئەوکاتەی ئەشکەنجە و ڕاگواستن و کوشتن دەبنە نووسراوکاریی و ڕێکاری ڕۆتینیی و سیاسەتی ئاسایی دەوڵەت، لە ئەنجامیشدا بەرپرسیارێتییەکان بە شێوەیەک دابەش دەبن کە هەموو ئەوانەی بەشدارن بە جۆرێک لە جۆرەکان بانگەشەی بێتاوانیی بکەن.
ئەگەر بە هەمان لۆژیک لە ئەنفالیش بڕوانین دەبینین کە تەواوی پێکهاتەی سەربازیی ئێراقی بەشداری تاوانەکەن، بە دەزگای هەواڵگیری و سوپا و حیزب و ئیدارەی زیندان و جاش و سیخووڕ و متمانەپێکراوەکانی دەوڵەتەوە. وەک هەر کارێکی ئاسایی دەوڵەت، فەرمان بە زنجیرەی موراجەعەدا لە سەرەوە بۆ خوارەوە تێپەدەڕێت. بەرپرسان دەریان دەکرد، سوپا و هێزە تایبەتییەکان جێبەجێیان دەکرد، جاش هاوکاریی و ڕێنوێنی دەکردن، میدیای دەوڵەت وەک تاکە کەناڵی ڕاگەیاندن بە دێواندنی کورد پاساوی بۆ تاوانەکە دەهێنایەوە . بەڵام هەموو ئەمەش ئەوکاتە جێبەجێ دەکرا کە ئەقڵییەتی سیاسیی بە تەواویی بوونی مرۆڤی کوردی لە دێهاتەکاندا وەک لەمپەرێک مامەڵە دەکرد کە شایانی لەناوبردن بێت.
بۆیە دادگاییکردنی عەجاج، ئەگەرچی زۆر گرنگە، بەڵام نابێت وەک دواوێستگەی عەدالەت تەماشا بکرێت. لەسێدارەدانی بەڕێوەبەری زیندانی نوگرە سەلمان دەکرێت پێویستییەکی ڕەمزیی سزادانی تاوانبارێکی دیار پڕ بکاتەوە، بەڵام ڕەمزییەت بە تەنیا ئەو بنیادە قووڵە هەڵناوەشێنێتەوە کە زەمینەسازیی بۆ تاوانەکە ڕەخساندووە. هەزاران فەرماندە و بەرپرسی بەعسی و سیخووڕ و پاسەوانی زیندان و ئەفسەر و جاش و سەرۆکجاش لە تاوانی ئەنفالدا بەشدار بوون. زۆرینەی ڕەهایان نەدراونەتە دادگا و ڕەنگە پاش ساڵی ٢٠٠٣ ژیانی ئاسایی خۆیان ژیابن و کەس بەدوای ناو و ناونیشانیاندا نەچووبێت. دەکرێت هەندێکیشیان لە ئێراقی نوێدا جارێکی تر تێکەڵاوی ژیانی سیاسیی بووبنەوە.
مەترسیی جێبەجێکردنی دادپەروەریی لەسەر تاکەکەسێک ئەوەیە کە ڕەنگە کۆمەڵگە هەموو خراپەکارییەکان لە یەک کەسدا کورت بکاتەوە و بەرپرسیارێتیی مۆراڵی گەورەتر سەبارەت بەم تاوانە لەبیر بکات. لێرەدا عەجاج دەبێتە جەستەیەکی تەنیا کە تەواوی تاوانەکانی دەوڵەتی تێ دەئاخنرێت. بە لە سێدارەدانیشی، ئەو سیستمەی کە عەجاجی بەرهەم هێناوە لە لێکۆڵینەوە قوتار دەبێت. گوتاری “ڕژێمی ئێراق جینۆسایدی ئەنجام دا” دەگۆڕێت بۆ “ئەم پیاوە دڵڕەقە تاوانی ئەنجام دا”. ئەمەش لەو جۆرە سادەکردنەوانەیە کە مێژوو دەشێوێنێت.
نموونەکەی ئایشمان ئەوەمان پیشان دەدات کە بۆچی گرنگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ کەیسی عەجاجدا بکرێت. پاش هۆڵۆکۆست تەنیا ئایشمان دادگایی نەکرا، دادگاکانی نۆرمبێرگ و لێکۆڵینەوەکانی دواتر تاڕادەیەک هەوڵی دەدا سرووشتی دامەزراوەیی تاوانەکانی نازییەکان دەربخات. مێژوونووسان ڕۆڵی بیرۆکرات و خاوەن کارگە و پزیشک و دادوەر و بەرپرسانی هێڵی ئاسن و پرۆپاگەندەسازانیان تۆمار دەکرد. ئەوەش نەک تەنیا بە مەبەستی سزادانی تاکەکەس، بەڵکوو بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن تەواوی شارستانییەتێک لە جینۆسایددا تاوانبارە.
لە ئێراق، هێشتا بیرکردنەوەیەکی وەها سەرتاپاگیر سەبارەت بە ئەنفال فۆرمەلە نەبووە. ئەگەرچی دادگای باڵای تاوانەکان دانی بە ئازارەکانی کورددا ناوە، بەڵام هێشتا ئەم دانپیانانە شۆڕنەبووەتەوە بۆ ناو هەموو کۆمەڵگەی ئێراقیی، هەروەک دانپیانان بە تەنیا بەس نییە بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی سیستماتیک لە تۆڕە فراوانەکانی بەرپرسیارێتی تاوانەکە. بۆ بەدیهێنانی عەدالەت پێویستە بەڵگەسازی بکرێت، گەواهیی قوربانیی و جەلادەکان ئەرشیڤ بکرێت و لە پەروەردەدا گرنگیی پێ بدرێت و لە یادەوەریی گشتییدا بچەسپێنرێت. لەپاڵ ناوبردنی جەلادێکی وەک عەجاج، پێویستە ئایدیۆلۆژیست و پلانداڕێژەر و ئیدارەدەری تاوانەکە دەستنیشان بکرێن. پێویستە بە پرسیاری بێزارکەر ئەو گۆمە مەنگە بشڵەقێنرێت کە چۆن ڕاسیزمی دژەکورد لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا برەوی پێ درا و لەلایەن شەریحەیەکی گەورەی کۆمەڵگەوە قەبووڵ کرا.
وانەیەکی گرنگی تر لە دادگاییەکەی ئایشمانەوە، بە دووپاتکردنەوەی ئەو ڕستەیەی کە (تەنیا فەرمانی جێبەجێ کردووە)، جیهان بەر ئەو شکستە مۆراڵییە دەکەوێت کە لەنێو سیستمی حوکمڕانیدا پەنهانە. ئاشکرایە کە گوێڕایەڵیی فەرمان مانای ئەوە نییە کە تۆ بەرپرسیار نیت. ئەم بانگەشەیە لێخۆشبوون فەراهەم ناکات بەرانبەر ئەشکەنجە و دەستدرێژیی و کوشتن. جگە لەوەش، ئەوە هەر گوێڕایەڵیی کوێرانەیە کە توندوتیژیی بەکۆمەڵ بەرهەم دەهێنێت. هەر ڕژێمێک جینۆساید ئەنجام بدات پشت بەو تاکانەی دەبەستێت کە ویژدانیان بە دەسەڵات فرۆشتووە و کوێرانە شوێن فەرمانەکان دەکەون.
ئیدی تاوانەکانی عەجاج بە تەنیا بەرهەمی دەڵڕەقیی ئەو نین، بەڵکوو دەرخەری پەڕگیریی نەریتێکی سیاسییە لەوپەڕی خۆدەربڕینیدا، نەریتێک کە دڕندەیی بەرانبەر بە کورد خەڵات دەکرد. جا ئەگەر دادگاییەکە لەو سیاقە دەربهێنرێت، دەکەوینە نێو هەڵەی تێنەگەیشتنەوە لە سرووشتی تاوانی جینۆساید. چونکە جینۆساید لەپڕ لە زەینی فەرماندەیەکی سادیستەوە هەڵناتۆقێت، پرۆسەیەکە وردەوردە لەڕێگەی پرۆپاگەندە و عەسکەرتارییەت و چاندنی ڕەگەزپەرەستیی و ترس و گوێڕایەڵیی دامەزراوەییەوە دێتە کایەوە. ئەوکاتەی دێهات دەسووتێنرێن و زیندانەکان پڕ دەکرێن، ئیدی ئەقڵییەتی پشت ئەو دڕندەییە قووڵ بە چڵوپۆی دەوڵەتدا بڵاو بووەتەوە.
بۆ ڕزگاربووانی نوگرە سەلمان، هەرگیز عەدالەت ناتوانێت چییان لەدەست داوە بۆیان بگێڕێتەوە، چ لە سێدارەدانێک دەتوانێت قوربانییەک بهێنێتەوە بۆ نێو کەسوکارەکەی، یا کۆمەڵگەی کوردیی پێش ئەنفال پێک بهێنێتەوە؟! کەچی دادگاییکردنی تاوانباران هەر گرنگە، چونکە ڕاستییەکی گشتیی دەسەلمێنێت و یادەوەری لە بەرانبەر نکۆڵیکردندا دەپارێزێت و جاڕی ئەوە دەدات کە ئازار هەرگیز لە مێژوودا ناسڕێتەوە. بەڵام عەدالەت کە لە ئاست یەک ناودا بووەستێت، ئیدی ناتەواو دەبێت. نابێت تەنیا وەک تاوانبارێکی تاک کە چاوەڕوانیی سێدارەیە بیر لە عەجاج بکەینەوە. گرنگ ئەوەیە ئەم دادگاییکردنە بکرێتە خاڵی دەستپێکی لێکۆڵینەوەیەکی زۆر فراوانتر لە هەموو ئەو دامەزراوە و ئایدیۆلۆژیا و ئەقڵییەتەی کە جینۆسایدی لە پرۆسەیەکی نائاساییەوە گۆڕی بۆ سیاسەتی ئاسایی دەوڵەت. ئەگەر ئەوە نەکرێت، کۆمەڵگە دەکەوێتە نێو وەهمی ئاسوودەبەخشی تەماشاکردنی خراپە تەنیا وەک کردەی تاکەکەسیی جەلادەکان. ئەمەش ڕاستییە گەورەکە دەشارێتەوە، ڕژێمەکان عەجاجەکان درووست دەکەن و ئایدیۆلۆژیای باڵادەست پەروەردەیان دەکات و بیرۆکراتەکان دەیانپارێزن و بێدەنگیش دەیانخاتەسەر ڕێی تەواوکردنی تاوانەکە. جا ئەگەر بە یەکجاریی ڕووبەڕووی ئەو ڕژێم و ئەقڵییەتە نەبینەوە، ئەوا لەسێدارەدانی یەک کەس هیچ نییە جگە لە پارچەیەکی وێنە گەورەکەی عەدالەت.



