کاتێک کە پێشمێژوویەکی دوور دەبێتە ناسیۆناڵیزمی دیجیتاڵیی
ڕوانینێکی ڕەخنەیی لە بەکارهێنانی میراتی دێرینی شانەدەر لە ململانێی فەزای مەجازی و گوتاری دەوڵەت-نەتەوەدا

د. دانا سۆفیی
لە ئینگلیزییەوە؛ ئازادیی کۆمەڵگە
کاتێک کە پێشمێژوویەکی دوور دەبێتە ناسیۆناڵیزمی دیجیتاڵیی
لە ساڵی ٢٠١٨ـدا، توێژەران پاشماوەی ٧٥ هەزار ساڵەی ژنێکی نیاندەرتاڵیان لە ئەشکەوتی شانەدەر لە باشووری کوردستان دۆزییەوە. بە بڕوای دانا سۆفی، ئەوەی لە دوای ئەم دۆزینەوەیە ڕووی دا دەریدەخات کە چۆن تەنانەت چاخی دێرینی پێشمێژوویش دەکرێت بە سیاسیی بکرێت. هەر کە وێنەی ڕووخساری دووبارە درووستکراوی ئەم ژنە لە ئینتەرنێتدا بڵاو کرایەوە، «شانەدەر زێد» — وەک ناوی لێ نرا — لە دۆزینەوەیەکی شوێنەواریی پەتییەوە بوو بە هێمایەک بۆ ململانێ دیجیتاڵییەکان لەسەر ناسنامە، خاک و ناسنامە.
ڕووخسارێک لە قووڵایی مێژووەوە
ناسیۆناڵیزم زۆر جار پشت بە ڕابردوو دەبەستێت؛ پەنا دەباتە بەر ئاڵا، نەخشە، ئەفسانە، شەهید و یادەوەرییەکان. بەڵام توێژینەوەکەی من نیشانی دەدات کە ناسیۆنالیزم دەتوانێت لەوەش زیاتر بگەڕێتەوە بۆ دواوە؛ دەتوانێت بگاتە قووڵایی چاخی پێشمێژوو.
لە وتارێکی نوێمدا کە لە گۆڤاری Nations and Nationalism بڵاو بووەتەوە، لەو مشتومڕە ئۆنلاینانە دەکۆڵمەوە کە لە دەوری شانەدەر زێد درووست بوون؛ ئەو ژنە نیاندەرتاڵەی پاشماوەکەی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە. دوای بڵاوبوونەوەی فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکەی نێتفلیکس بە ناوی نهێنیی نیاندەرتاڵەکان (Secrets of the Neanderthals) و بڵاوبوونەوەی گشتیی ڕووخسارە دووبارە درووستکراوەکەی، شانەدەر زێد بە شێوەیەکی بەرفراوان بوو بە باسی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
لە نیگای یەکەمدا ڕەنگە ئەمە وەک بابەتێکی شوێنەوارناسیی دەربکەوێت، بەڵام هاوکات بابەتێکی سیاسییشە.
جیهان تەنها وەک دۆزینەوەیەکی زانستیی پێشوازی لە شانەدەر زێد نەکرد. لە فەزای دیجیتاڵیی کوردیی و ناوچەییدا، زۆرێک لە بەکارهێنەران کردیان بە هێمایەک بۆ بنەچە، ناسنامە و قووڵایی مێژوویی. هەندێک لە کوردستانیان وەک «لانکەی مرۆڤایەتیی» وەسفیان کرد؛ هەندێکی تر وەک کەسایەتیی دایک و هەندێکی تریش وەک پێشینانێکی ڕەمزیی سەیری شانەدەر زێدیان کرد؛ خەڵکانێکی دیکەش هەبوون ئەو جۆرە بانگەشانانەیان ڕەت کردەوە و پێداگرییان لەوە کرد کە ژنێکی نیاندەرتاڵ ناتوانێت سەر بە هیچ نەتەوەیەکی هاوچەرخ بێت.
بۆ زۆر کەس، شانەدەر زێد تەنها دۆزینەوەیەکی زانستی نییە، بەڵکوو هێمای بنەچە و ناسنامە و قووڵایی مێژووییە.
گرنگییە سیاسییەکە ڕێک لەم خاڵەدایە. مشتومڕەکە تەنها لەسەر ئەوە نەبوو کە شانەدەر زێد کێ بووە، بەڵکوو لەسەر ئەوە بوو کێ مافی ئەوەی هەیە خاوەندارێتی لێ بکات.
سیاسەتی خاوەندارێتیی ڕەمزیی
ململانێ سیاسییە مۆدێرنەکان زۆر جار لە ڕێگەی خاک، دامەزراوەکان و یاساوە یەکلایی دەکرێنەوە؛ بەڵام لە ڕێگەی هێماکانیشەوە بەڕێوە دەچن. کێ خاوەنی ناوێکە؟ کێ خاوەنی شوێنێک یان یادەوەرییەکە؟ کێ ئەو دەسەڵاتەی هەیە بڵێت مانای ڕابردوو چییە؟
مشتومڕی دەوری شانەدەر زێد دەری دەخات کە چۆن ئەم پرسیارانە لە فەزا دیجیتاڵییەکاندا سەرهەڵدەدەن.
بۆ زۆرێک لە کۆمێنتنووسە کوردەکان، شانەدەر زێد بەڵگەی ڕەگداکوتاویی قووڵی مێژوویی بوو لە کوردستان. شوێنەکەی گرنگ بوو؛ لە لای ئەوان ئەشکەوتی شانەدەر بەشێک بوو لە جوگرافیایەکی ڕەمزیی فراوانتر: کوردستان وەک لانکەیەکی دێرین و شارستانیی و خاوەن شەرعییەتی مێژوویی.
پێویستمان بە زمانێکی سیاسیی فەرمی نییە بۆ دەربڕینی ئەم جۆرە بانگەشانە؛ دەکرێت لە کۆمێنتێک، وێنەیەکی هاوبەشکراو، ئاڵایەک، ژێرنووسێک یان تەنانەت گاڵتەیەکیشدا دەربکەوێت. دەتوانین ڕووخسارێکی چاخی پێش مێژوو بخەینە تەنیشت ڕەنگە نەتەوەییەکان، دەتوانین ڕوخسارێکی دووبارە درووستکراوی زانستیی بکەینە ئایکۆنێکی نەتەوەیی، ئەشکەوتێکیش دەکرێت ببێتە نیشانەیەکی ناسنامەی خاک.
ئەمەیە ناسیۆنالیزمی دیجیتاڵیی: خێرایە، سۆزدارانەیە و هاوبەش دەکرێت. پێویستی بە دامەزراوەی فەرمیی نییە؛ بەکارهێنەرانی ئاسایی لە ڕێی پۆست و کۆمێنت و وەرگێڕان، لە ڕێی لێکدانەوەی نوێ و مشتومڕی نێوانیانەوە، بەرهەمی دێنن.
بۆچی شوێنەوارناسی بێلایەن نامێنێتەوە؟
زۆر جار وادەردەکەوێت شوێنەوارناسیی لە دەرەوەی سیاسەتی ڕۆژانەوەیە؛ مامەڵە لەگەڵ ئێسک، بەرد، ئەشکەوت و ژیانی مرۆڤی کۆندا دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆزینەوە شوێنەوارییەکان بە دەگمەن بێلایەن دەمێننەوە کاتێک دەچنە ناو کایەی گشتییەوە.
ئەمە بە تایبەتی لەو ناوچانەدا ڕاستە کە بە سنووری کێشەلەسەر، پڕۆژە نەتەوەییە ڕکابەرەکان و خەباتی یەکلانەبووەوە بۆ دانپێدانان شێوەیان گرتووە. لە دۆخی وەهادا، ڕابردوو دەشێت ببێتە سەرچاوەیەکی سیاسیی، دەکرێت بەکار بێت بۆ پشتگیریی بانگەشەی بەردەوامیی، پێشینەبوون و ناسنامە.
شانەدەر زێد لەبەر ئەوە لە ڕووی سیاسییەوە بەهێز بوو، چونكە وەها دەردەکەوت شتێکی زیاتر لە مێژوو پێشکەش دەکات؛ ئەو «قووڵایی» پێشکەش کرد. چیرۆکی ناسنامەی بردە ئەودیوی دەوڵەتە مۆدێرنەکان و سنوورە نوێیەکانەوە. بۆ هەندێک لە بەکارهێنەران، هێمای ئەو بیرۆکەیە بوو کە دەڵێت: «ئێمە هەر لە سەرەتاوە لەم شوێنەدا بووین».
ئەوە بانگەشەیەکی بەهێزە؛ هاوکات پڕ لە مەترسیشە.
کێشەکە لەوەدا نییە خەڵک شانازیی بە میراتی شوێنەواریی خۆیانەوە بکەن؛ شانازیی بە مێژووەوە دەتوانێت کنجکۆڵیی، پەیوەستبوون و متمانەی کەلتووریی درووست بکات. کێشەکە لەوێوە دەست پێ دەکات کە دۆزینەوە زانستییەکان دەکرێنە خاوەندارێتیی تایبەتی لایەنێک. ئیدی چاخی دێرینی پێشمێژوو دەبێتە ئامرازێک بۆ هێڵکێشان لە نێوان «ئێمە» و «ئەوان»ـدا.
دایکێک، نەتەوەیەک و ڕای گشتیی دیجیتاڵیی
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دەرەنجامەکانی توێژینەوەکەم بەمێینەکردنی شانەدەر زێدە. ئاخر خەڵک تەنیا وەک تاکێکی نیاندەرتاڵ باسیان نەدەکرد، بەڵکوو وەک دایکێک، داپیرەیەک یان ژنە-پێشینانێک وێنایان دەکرد.
ئەمە لە ڕووی سیاسییەوە گرنگە. نەتەوەکان زۆرجار لە ڕێگەی زمانی خێزانییەوە وێنا دەکرێن؛ ئێمە باس لە دایکەنیشتمان، باوباپیران، ڕەگوڕیشە و نەوەکان دەکەین. ئەم خوازانە وادەکەن نەتەوە هەستێکی سرووشتییمان پێ ببەخشێت، هاوکات کۆمەڵگە سیاسییەکان دەگۆڕن بۆ خێزانی خەیاڵکراو.
لە کەیسی شانەدەر زێددا، ڕەمزی دایکایەتیی وزەیەکی سۆزداریی بەم دۆزینەوە شوێنەوارییە بەخشی. شانەدەر زێد تەنها دێرین نەبوو، کەسێکی نزیک بوو، قابیلییەتی ئەوەی تیابوو خۆش بوویسترێت، خاوەندارێتیی لێ بکرێت و بەرگریی لێ بکرێت.
سیمبولی دایکایەتیی شانەدەر زێد وزەیەکی سۆزداریی بەخشی بەم دۆزینەوە شوێنەوارییە و ڕێگەی دا بەکارهێنەران دەستبەجێ و بە سۆزەوە کاردانەوە نیشان بدەن.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم پڕۆسەیەیان چڕتر کردەوە؛ ڕێگەیان بە بەکارهێنەران دا کە دەستبەجێ و بە شێوەیەکی هەڵچووانە پەرچەکردار نیشان بدەن. شانازی، گاڵتەوگەپ، توڕەیی، گومان و ناڕەزایەتیی ئایینی شانبەشانی یەکتر دەرکەوتن. هەندێک لە بەکارهێنەران ئاهەنگیان بۆ میراتی کوردیی شانەدەر زێد گێڕا؛ هەندێکی تر بانگەشەی ئەوەیان کرد کە میراتی ئێراقیی یان ناوچەییە؛ هەندێکیش بە تەواویی بیرۆکەی گرێدانی نیاندەرتاڵەکانیان بە ناسنامە هاوچەرخەکانەوە ڕەت کردەوە.
دەرەنجامەکە تاکە گێڕانەوەیەکی نەتەوەیی یەکگرتوو نەبوو، بەڵکوو ململانێیەکی دیجیتاڵیی بوو لەسەر مانا.
ڕابردوو تەنها ڕابردوو نییە
چیرۆکی شانەدەر زێد شتێکی گرنگمان لەبارەی سیاسەتی هاوچەرخەوە پێ دەڵێت: ناسیۆناڵیزم تەنها لە لایەن پارتەکان، دەوڵەتان و بزووتنەوەکانەوە بەرهەم نایەت؛ بەڵکوو لە ڕێگەی کردە دیجیتاڵییەکانی ڕۆژانەشەوە درووست دەبێت.
وێنەیەکی زانستیی کاتێک لە ئینتەرنێتدا دەسووڕێتەوە، دەتوانێت ببێتە بابەتێکی سیاسیی؛ شوێنەوارێک دەتوانێت ببێتە سنوورێکی ڕەمزیی؛ ڕووخسارێکی دووبار درووستکراو دەتوانێت ببێتە شاشەیەک کە خەڵک هیوا و دڵەڕاوکێ و بانگەشەکانی ناسنامەی خۆیانی لەسەر هەڵبچنن.
ئەمە بەو مانایە نییە کە زانست هۆکاری ناسیۆنالیزمە، بەڵکوو بەو مانایەیە کە دۆزینەوە زانستییەکان دێنە ناو کۆمەڵگەیەکەوە کە پێشوەختە گرژییە سیاسییەکان دایانڕشتووە. کاتێک بە ئاشکرا بڵاو دەبنەوە، خەڵک لە ڕێگەی ئەو ململانێ باوانەی کە لەسەر دانپێدانان، مێژوو و ناسنامە هەن، شرۆڤە و لێکدانەوەیان بۆ دەکەن.
شانەدەر زێد نزیکەی ٧٥ هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە. ئەو سەر بە جیهانێک بوو پێش ئەوەی کورد، عەرەب، ئێراق، تورکیا، سنوورەکان یان نەتەوە مۆدێرنەکان بوونیان هەبێت. کەچی لە جیهانی دیجیتاڵیی ئەمڕۆدا، ڕووخساری ئەو بووەتە بەشێک لە ململانێ هاوچەرخەکان.
پارادۆکسەکە ڕێک ئەمەیە: ڕابردوو هەرچەندە دوورتر بێت، دەکرێت لە سیاسەتی ئەمڕۆدا بەهێزتر و کاریگەرتر دەربکەوێت.



