گوتار

سرووشت وەک بنەچەی ئەخلاق

پیتەر کرۆپۆتکین

وەرگێڕان: شێروان ئیبراهیم

 

داگرتنی فایلی PDF

 

سرووشت وەک بنەچەی ئەخلاق

سەرنجی وەرگێڕ

ئەخلاق لەکوێوە دێت؟ بە چ دەردێکمان دەخوات؟ پیتەر کرۆپۆتکین گەرەکێتی وەڵامی ئەمە بداتەوە. هەڵبەت ئەم لێگەڕینەی وی، بە تەنها تەقەلا و باسوخواسێکی فەلسەفیی ئەبستراکت نییە، بەڵکوو وەک شۆڕشگێڕێکی ئەنارشیست، بەنیازە ئەنجامگیرییەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لێ هەڵێنجێت. پرسیار دەربارەی «چاکە» و «خراپە»، «خێر» و «شەڕ»، لە تێڕامانە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتیی بووە، بەتایبەت لە دەرکەوتنی کتێبی ئاڤێستاوە، زیاتر زەق دەبێتەوە. مرۆڤایەتیی هەر لەمێژە باوەڕێکی نەگۆڕی بەوە هەبووە کە چاکە براوە و خراپە بەزیووە، عاقیبەت هەر خێر بە سەر شەڕدا سەردەکەوێت.

بەڵام ئەخلاق لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت؟ ئایا بەرهەمی وەحیی و ئیلهامێکی بان‌سرووشتییە، یاخود بەرئەنجامی ئەزموون و دەرگیربوونی مرۆڤە لەگەڵ سرووشت و ژینگەی دەوروبەر. تا مودەتێکی زۆر، مرۆڤ بەلای سەرچاوە میتافیزکیی و بان‌سرووشتییەکاندا دایدەشکاندەوە. بەڵام زانا و فەیلەسووفان، هەوڵیان دا ئەخلاق لە ڕەهەندە خورافیی و میتۆلۆژییەکان دابماڵن و ڕیشە سرووشتییەکانی بدۆزنەوە، واتە بناغەیەکی سرووشتیی و ئەقڵانیی ببەخشنە ئەخلاق.

پەیتا پەیتا زانستە سرووشتییەکان گەشەیان سەند، لقەکانی زانین لە وەهم و خورافە داماڵران، کەچی تێگەیشتنێکی زانستیی دەربارەی ئەخلاق بەدیار نەکەوت. لەمیانی ئەم گەشە و دۆزینەوە زانستییانەدا، چارڵز داروین و تیۆرەکەی دەربارەی پەرەسەندنی جۆرەکان، ئەوەندەی تر گۆمەکەیان قووڵ کردەوە. یەک لە ئایدیا سەرەکییەکانی ئەم تیۆرە، بریتییە لە «کێبڕکێ لەپێناو مانەوە». ئەمە بە لای داروینیستەکانەوە خوێندنەوەیەکی تاکڕەهەندی بۆ کرا، سرووشتیان وەک شەڕگەیەکی بەرین دەبینی، وەک گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی نەپساوە کە تێیدا لاوازەکان لەلایەن بەهێز و گورجوگۆڵ و زیرەکەکانەوە پاکتاو دەکرێن، وەک ‌بێژی، خراپە تاکە شتە مرۆڤ بتوانێت لە سرووشتەوە فێری بێت. بەمەش پرسیارە دێرینەکە هاتەوە سەر شانۆ: ئایا سرووشت ئەخلاقییە یان نا؟

بەڵام گەر سرووشت ئەم شەڕگەیە بێت، تەنها شەڕ و خراپەمان فێر بکات، ئەدی هەستە ئەخلاقییەکان و باوەڕبوون بە چاکەی باڵا لای مرۆڤ لەکوێوە دێت؟ خۆ ناکرێ لەم مەیدانی شەڕ و خراپەیەوە بێ، هەر دەبێ سەرچاوەیەکی بان‌سرووشتیی و دەرەسرووشتیی هەبێت. ئەمەش گرێکوێرەیەکە کە دەبێ لایەنگرانی ئەم تێگەیشتنە لە داروینیزم چارەی بۆ بدۆزنەوە. بەڵام شتەکە بە جۆرێکی ترە، داروین لە کتێبی «بنەچەی مرۆڤ»ـدا، ئاماژەی بە ڕەهەندێکی تری ژیانی سرووشتی کردووە. پێی وایە، لەنێو خودی سرووشتدا، بێجگە لە کێبڕکێ، چەندەها فاکتەری تر هەن؛ بۆ نموونە، «هاوکاریی هاوبەش»ـی نێو هەمان جۆری زیندەوەر، تەنانەت ئەم فاکتەرە گرنگترە لە فاکتەری «کێبڕکێ»، چونکە دەچێتە خزمەتی مانەوە و خۆشگوزەرانی ئەو جۆرە زیندەوەرەوە. بەڵام زۆرێک لە داروینیستەکان، ئەقڵیان بەم ئایدیایە نەشکاوە.

کامە جۆری گیانەوەران توانای مانەوەیان باشترە؟ دڕندە کەڵپەدار و چڕنووکدار و بەهێزەکان، یان ئەو جۆرە لاوازانەی لەڕێی هاوکاریی هاوبەش و کۆمەڵایەتی‌بوونەوە خۆیان پاراستووە؟ مامۆت و دایناسۆرە زەبەلاحەکان قڕیان تێ کەوت، کەچی مێروولە و هەنگە بچکۆلەکان مانەوە. کەوابێ، چڕنووک و کەڵبە و توانای ڕاوکردن، مانەوەیان مسۆگەر نەکرد؛ بەڵکوو کۆمەڵایەتیبوون و هاوکاریی و خۆپاراستنی هاوبەش فاکتەری سەرەکیی مانەوەی جۆری گیانەوەرن. مانەوە و باڵادەستیی مرۆڤ لەنێو گیانەوەراندا لەکوێوە دێت؟ هەر بۆ ئەم کۆمەڵایەتیبوون و هاوکاریی و خۆپاراستنە هاوبەشە دەگەڕێتەوە.

بە بڕوای داروین، هاوکاریی هاوبەش لەنێو گیانەوەراندا، هێندەی غەریزەی دایکایەتیی ڕیشەدار و دێرینە. چۆن چاو بە نێو سرووشتدا بگێڕین، ئەم غەریزەی هاوکارییە هاوبەشە، لەنێو جۆرەها گیانەوەر و باڵندەی کۆمەڵایەتییدا دەبینینەوە. کرۆپۆتکین نموونەی باڵندە کۆچەرییەکان دەهێنێتەوە، چۆن بە پۆل کۆچ دەکەن، بەبێ شەڕ و شۆڕ، لەنێو خۆیاندا لەسەر شوێنی خۆراک و چێکردنی هێلانە دەسازێن، جۆرێک لە یەکسانیی و دادپەروەریی سەرەتایی لەنێو خۆیاندا پیادە دەکەن؛ هیچ باڵندەیەک بۆی نییە پووش و هێلانەی باڵندەیەکی تر بدزێت و داگیری بکات، گەر ئەم سەرپێچییە بکات، ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هاوجۆرەکانی دەبێتەوە. یان، ڕێکخستن و کار دابەشکردن لای مێروولە و هەنگەکان ببینە، بڕوانە لە فیداکاریی تاک لەپێناو کۆمەڵ و گرووپەکەیدا، ئەمانە هەموویان نابنە ئیلهامبەخشی ئەخلاق لای مرۆڤ؟ نابنە تۆوی هەستی یەکسانیی و دادپەروەریی؟ ئیتر بۆچی سرووشت تەنها شەڕگە و کانگای خراپەیە. بە بڕوای کرۆپۆتکین، تێڕامان لە سرووشت و ژیانی گیانەوەران، سەرچاوەی تێگەیشتنی مرۆڤە دەربارەی چاکە و خراپە، یەکسانیی و دادپەروەریی. بۆیە ئەم تێگەیشتنانە جێکەوتی سرووشتن لەنێو زەینی مرۆڤدا، هەروابێتەوە، مرۆڤ قەرزاری سرووشتە بۆ ئەم تێگەیشتنانە.

پیتەر کرۆبۆتکین کێیە؟

پیتەر ئەلکسێڤیچ کرۆپۆتکین (١٨٤٢-١٩٢١)، فەیلەسووف و شۆڕشگێڕێکی ئەنارشیستی بەنێوبانگی ڕووسییە. لایەنگری کۆمۆنیزمێکی ئەنارشیستییە، باوەڕی بە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ناناوەندیی هەبووە. بە بڕوای وی، دەبێ جڤاکە خۆبەڕێوەبەرەکان لەبری دەوڵەتە ناوەندییەکان دابمەزرێن، کارگە و شوێنکارەکانیش بە هاوبەشیی بەڕێوە ببرێن. لە سەردەمی قەیسەرییدا، بەهۆی خەبات و چالاکییەکانییەوە دەخرێتە زیندان، زیاتر لە ٤٠ ساڵی ژیانی لە دەربەدەرییدا بەسەر دەبات. پاش شۆڕشی ئۆکتۆبەری بەڵشەڤییەکان لە ساڵی ١٩١٧، دەگەڕێتەوە بۆ ڕووسیا. بەڵام بە ئاشکرا ڕەخنە لە دەسەڵاتە ناوەندگەراییەکەی بەڵشەڤییەکان دەگرێت. لە بەرهەمەکانیدا، سەرباری ڕەخنەکانی لە سەرمایەداریی، ڕەخنەی توند ئاڕاستەی سۆسیالیزمی دەوڵەتیی دەکات. پێی وایە، دەوڵەت لەژێر هەر ناوێکدا بێ، هەر سەردەکێشێت بۆ سەرکوت و چەوساندنەوە و نایەکسانیی.

دەقە وەرگێڕدراوەکە

وەختێ دەڕوانینە دەسکەوتە بێشومارەکانی زانستە سرووشتییەکانی سەدەی نۆزدە، لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بۆ داهاتوو هەڵیانگرتووە، ئیتر دەزانین مرۆڤایەتیی پێی ناوەتە نێو چاخێکی نوێی پێشکەوتنەوە؛ یان لانی کەم، هەموو ئامرازە پێویستەکانی بۆ کردنەوەی دەرگاکانی ئەم چاخە نوێیە لە بەردەستە.

لە میانی ئەم سەد ساڵەی ڕابردوودا، چەندین زانستی نوێ دەرکەوتن، وەک ئەنترۆپۆلۆژیا[1] و ئیتنۆلۆژیای پێش‌مێژوویی[2] (زانستی دامەزراوە کۆمەڵایەتییە بەراییەکان) و مێژووی ئایینەکان. ئەم لقانەی زانین، تێگەیشتنێکی نوێیان سەبارەت بە یاساکانی پەرەسەندنی گرۆی مرۆڤایەتیی خستە بەردەستمان. هەروەها لە سایەی دۆزینەوەکانی بواری فیزیا، بە تایبەت فیزیای گەردەکان و پێکهاتەی کیمایی ماددەکان، تێگەیشتنمان بۆ گەردوون، گۆڕا. پاشان، بەهۆی گەشەی خێرای بایۆلۆژیا، سەرهەڵدانی تیۆری پەرەسەندن[3]، پێشکەوتنی توێژینەوەکان دەربارەی دەروونناسیی مرۆڤ و گیانەوەران، تیڕوانینەکانی پێشوومان سەبارەت بە پێگەی مرۆڤ لەنێو گەردوون، بنەچەی ژیان، سرووشتی ئەقڵ، لە ڕیشەوە هەڵتەکێنران.

ئەوەندە بەس نییە بڵێین، پێشکەوتنی هەموو لقەکانی زانست، جگە لە گەردوونناسیی، لە سەدەی نۆزدەدا، زۆر زیاترە لەو پێشکەوتنەی لە سێ بۆ چوار سەدەی پێشوو بەدەستی هێناوە. بگرە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ٢٠٠٠ ساڵ پێش ئێستە، بۆ سەردەمی شکۆمەندیی و بوژانەوەی فەلسەفە لە یۆنانی کۆن، تا قۆناغی بێداربوونەوەیەکی تری هاوشێوە لە هۆشی مرۆڤ بدۆزینەوە. هێشتا ئەم بەراوردە زۆر نایپێکێت، ئاخر ئەوکات مرۆڤایەتیی ئەم پێشکەوتنە تەکنیکییەی بەخۆوە نەدیبوو. هەڵبەت ئاخیرەکەی هەر ئەم پێشکەوتنە تەکنیکییە ڕێخۆشکەرە بۆ خۆڕزگارکردنی مرۆڤ لە کاری کۆیلەئاسا.

هاوکات، لە ئەنجامی دۆزینەوە زانستییەکاندا، مرۆڤی مۆدێرن پەرەی بە ڕۆحێکی داهێنانی گەنجانە و بوێرانە دا؛ بەم جۆرە، داهێنانە یەک لەدوای یەکەکان، بوونە مایەی زیادبوونی توانای بەرهەمهێنانی کاری مرۆڤ؛ بە جۆرێ، چیتر گەلانی شارستانیی و مۆدێرن، دەیانتوانی بگەنە ئەوپەڕی خۆشگوزەرانیی. لە سەردەمە دێرینەکان و سەدەکانی ناوەڕاست، بگرە لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیشدا، کەس نەیدەتوانی خەون بەم ئاستە لە خۆشگوزەرانییەوە ببینێ. یەکەمجارە لە مێژووی شارستانییەتدا، مرۆڤ بە ئاستێک گەیشتووە، سەرچاوەی تێرکردنی پێویستییەکانی لە خودی پێویستییەکان زیاترن. لێرەوە، چیتر نەیگەرەک بەڵای نەهامەتیی و زەلیلیی بەسەر زۆرینەی مرۆڤەکاندا داببارێنرێت، لەپێناو مەیسەرکردنی خۆشگوزەرانیی و گەشەی زەینیی زیاتری کەمینەیەک. لەمەودوا، دەتوانرێ خۆشگوزەرانیی بۆ هەمووان بڕەخسێنرێت، بەبێ سەپاندنی سەرکوت، بەبێ سەپاندنی کار و زەحمەتێک کە مرۆڤ لە مرۆڤبوون دادەماڵێ؛ چیتر مرۆڤایەتیی دەتوانێ تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتیی لە سەر بنەمای دادپەروەریی دابڕێژێتەوە.

ئایا گەلانی شارستانیی و مۆدێرن ئەوەندە بوێریی و توانای بنیادنان و داهێنان شک دەبەن تاوەکو ئەم سەرکەوتنانەی ئەقڵی مرۆڤ بخەنە خزمەتی چاکەی گشتییەوە؟ هێشتا دیار نییە. ئایا ئەم شارستانییەتەمان ئەوەندە تۆکمە و بوێرە، بتوانێت ئەرکێکی وەها بگرێتە ئەستۆ و بە ئەنجامی بیگەیەنێت؟ جارێ دڵنیا نین. بەڵام شتێک مسۆگەرە: پێشکەوتنە زانستییەکان، کەشوهەوایەکی ئەقڵانییان ئافراندووە تاوەکو لەپێناو بەدیهێنانی ئەم ئەرکە مەزنە، هێز و زانینی پێویست بدۆزینەوە.

لە سەردەمی یۆنانی کۆنەوە، فەلسەفەی سرووشت فەرامۆش کرابوو، تا ئەوکاتەی فرانسیس بیکۆن توێژینەوەی زانستیی لە خەوە قووڵەکەی بێدار کردەوە؛ پاشان، بە گەڕانەوە بۆ فەلسەفەی سرووشت، زانستی مۆدێرن توانی فەلسەفەی گەردوون لە گریمانە بان‌سرووشتیی و میتافیزیکییەکان «ئایدیا میتۆلۆژییەکان» ڕزگار بکات. بەمەش بناغەی فەلسەفەیەکی مەزن و شاعیرانە و ئیلهامبەخش و ئازادیخوازانەی دانا، کە لە توانایدایە هێزی نوێ بهێنێتە بوون. چیتر پێویست ناکا مرۆڤ ئایدیاڵەکانی دەربارەی جوانیی و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر، لە خورافە بئاڵێنێت: چیتر بۆ داڕشتنەوەی کۆمەڵگە، پێویستی بە حیکمەتێکی باڵا نییە. دەتوانێ ئایدیاڵەکانی لە سرووشتەوە وەربگرێ و هێزە پێویستەکانیش لەڕێی لێکۆڵینەوە لە ژیانی سرووشتیی، بدۆزێتەوە.

یەکێک لە گرنگترین دۆزینەوەکانی زانستی مۆدێرن، لەنێونەچوویی وزەیە: سەرەڕای هەموو ئەو بارگۆڕانانەی لە گەردووندا پێیدا تێدەپەڕێت، وزە لەنێو ناچێت. ئەم ئایدیایە لای فیزیایی و ماتماتیکزانەکان بووە هەوێنی دۆزینەوەی بێشوومار. ئەم دۆزینەوەیە، چەندە ئیلهامبەخشی هەموو لێکۆڵینەوە زانستییەکانە؛ ئەوەندەش بایەخی فەلسەفیی هەڵدەگرێت. لەمەوە حاڵی دەبین، ژیانی گەردوون هەر زنجیرەیەکی ناکۆتایە لە بارگۆڕانی وزە: ڕەنگە وزەی میکانیکیی بگۆڕێت دەنگ و ڕووناکیی و کارەبا، پێچەوانەکەشی ڕاستە؛ واتە هەر فۆرمێکی وزە دەشێت بگۆڕێت بۆ فۆرمێکی تر. لەمیانی ئەم بارگۆڕانانە، هەسارەکەمان لەدایک دەبێت، پەرە دەسێنێت، بێ یەک‌ودوو خاپوور دەبێت و دیسانەوە لەنێو گەردوونی مەزندا دەتوێتەوە؛ هەموو ئەمانەش دیمەن و ساتێکی کورتە لە ژیانی گەردووندا.

هەمان شت بۆ لێکۆڵینەوە دەربارەی ژیانی ئۆرگانیی ڕاستە. بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە سنوورە بەرفراوانەکەی نێوان جیهانی ئۆرگانیی و نائۆرگانیی کراون، پرۆسەی ژیانێکی بەرایی لای کەڕووە سەرەتاییەکان دەدۆزرێتەوە؛ لەمەوە، جیاکردنەوەی جیهانی ئۆرگانیی لەو گۆڕانە ئەتۆمییەی بەردەوام لەنێو تەنە ئاڵۆزەکاندا ڕوو دەدەن، چیتر ئاسان نییە، گەر مەحاڵ نەبێت. ئەم لێکۆڵینەوانە، ئیتر ژیانیان لە ڕەهەندە جادووییەکەی داماڵی. هاوکات، ڕوانینمان بۆ ژیان هێندە فراوان بووە، ناچارین هەر کەڵەکەبوونێکی ماددە لە گەردووندا _ جا لە دۆخی ڕەقیی، شلیی یان گازیی بێت (وەک تەمەستێرە[4]ـی نێو گەردوون)_، وەک شتێکی زیندوو ببینین کە بە هەمان پرۆسەی پەرەسەندن و شیبوونەوەی بوونەوەری زیندوودا ڕادەبوورێت. بە گەڕانەوە بۆ ئایدیاکانی سەردەمی یۆنانی کۆن، زانستی مۆدێرن هەنگاو بە هەنگاو کەوتە شوێنی پەرەسەندنە عاجباتییەکەی بوونەوەری زیندوو، لەو فۆرمە سەرەتاییانەوە کە بە ئاستەم دەتوانین وەک ئۆرگانیزم پۆلێنیان بکەین، ئەم هەمەجۆرییە ناکۆتایەی زیندەوەرانی لێ بەرهەم هات کە ئێستا سەرانسەری زەوییان تەنیوە. بایۆلۆژیا ئێمەی تێگەیاند کە هەموو زیندەوەرێک بەرهەمی ژینگەی دەوروبەرێتی، لەمەشەوە، یەکێ لە گرێکوێرە قورسەکانی سرووشتی کردەوە: فێری کردین چۆن لە هەر هەنگاوێکدا خۆ لەگەڵ هەلومەرجە جۆراوجۆرەکانی ژیاندا بگونجێنین.

تەنانەت لە سەیرترین دیاردەکانی ژیانیشدا؛ واتە، پانتایی هەست و بیرکردنەوەکان کە تاریک و ناڕوونترین پانتاییە، لەوێدا کە ئەقڵی مرۆڤ ناچاری وەرگرتن و ڕێکخستنی ئەو جێکەوتانەیە وا لە دنیای دەرەکییەوە دەیگەنێ، هێشتا مرۆڤ لەڕێی توێژینەوە فیسیۆلۆژییەکانەوە، توانی درک بە میکانیزمەکانی بیرکردنەوە بکات.

دواجار، بوارێکی بەرفراوان لە دامەزراوە مرۆییەکان و عادەت و یاسا و خورافە و باوەڕ و ئایدیاڵەکان، لە ڕێی قوتابخانەکانی مێژووی ئەنترۆپۆلۆژیی و یاساکان و ئابوورییەوە، ڕوون کرایەوە؛ لەمەودوا، دەتوانین بەوپەڕی متمانەوە بڵێین، درووشمی «زۆرترین بەختەوەریی بۆ زۆرترین کەس»، چیتر خەون و یۆتۆپیایەک نییە، بەڵکوو زۆر مومکینە. ئینجا لەمەوە دڵنیا بووینەوە کە خۆشگوزەرانیی و بەختەوەریی هیچ نەتەوە و چینێک، بە شێوەیەکی کاتییش بێت، بە چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی چین و نەتەوە و نەژادەکانی تر، مەیسەر نابێت.

لەمەوە، زانستی مۆدێرن ئامانجێکی دووسەرەی پێکا: یەکەم، مرۆڤی فێری خاکەڕایی کرد. مرۆڤی تێگەیاند کە ئەویش هەر تەنۆلکەیەکی بچکۆلەیە لەنێو گەردوونی پان‌وبەریندا؛ بەمەش مرۆڤی لە خۆجیاکردنەوە لوتبەرزانە و تەنگەکەی ڕزگار کرد، ئەو خۆفریودانەی مرۆڤی پووچەڵ کردەوە کە خۆی بە چەقی گەردوون و هەڵبژێردراوی خودا دەزانی. زانست مرۆڤی فێر کرد کە «ئیگۆ»[5] بەبێ گشت[6] هیچ نییە، هیچ «من»[7]ێک بەبێ «تۆ»[8] توانای خۆپێناسەکردنیشی نییە. دووەم، زانست مرۆڤی فێر کرد چەندە توانای پێشکەوتنی لەباردایە گەر ئاقڵانە سوود لە وزە بێسنوورەکانی سرووشت وەربگرێت.

بەم جۆرە، زانست و فەلسەفە، هێزی ماددیی و ئازادیی فیکریی پێویستیان ڕەخساند، ئەویش لەپێناو بووژاندنەوەی ئەو هێزە بنیادنەرانەی دەتوانن مرۆڤ بخەنە سەر شاڕێی پێشکەوتن. کەچی، لقێکی زانین هەر لە دواوە مایەوە؛ ئەویش ئەخلاقناسیی و ئاشنابوونە بە پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئەخلاق. هاوکاتی زانستی هاوچەرخ و بە سوودوەرگرتن لە دەسکەوتەکانی زانست، دەبوو سیستەمێکی ئەخلاقیی لە سەر بناغەیەکی فەلسەفەیی بەرفراوان دابمەزرایە، تاوەکوو ببێتە ئیلهامبەخشی نەتەوە شارستانەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکە مەزنەکەی بەردەمیان. هێشتا سیستەمێکی وەها نەهاتووەتە بەرهەم، کەچی لە هەموو جێیەک شوێنە خاڵییەکەی هەستی پێ دەکرێت. مرۆڤایەتیی وەک نان و ئاو پێویستی بە زانستێکی ئەخلاقییە کە هاوشێوەی فەلسەفە و زانستی مۆدێرن، لە خورافە و دۆگمای ئایینیی و ئوستوورەی میتافیزیکیی دابماڵرێت، هاوکات وەک زانینە مۆدێرنەکان دەربارەی مرۆڤ و مێژوو، پڕ بێت لە هەست و هیوای بەرز.

بێ هیچ گومانێ، دامەزراندنی زانستێکی وەها، فرە مومکینە. مادام لێکۆڵینەوە لە سرووشت توانی بنچینەی فەلسەفەیەک دابنێت بۆ تێگەیشتن لە تەواوی ژیانی نێو گەردوون و پەرەسەندنی زیندەوەران و یاساکانی ژیانی دەروونیی و پەرەسەندنی کۆمەڵگەکان؛ ئەوا هەمان لێکۆڵینەوە دەتوانێ ڕاڤەیەکمان دەربارەی بنەچە و سەرچاوەی ئەقڵانیی هەستە ئەخلاقییەکان بداتێ. گەرەکە ئەم لێکۆڵینەوانە، شوێنی ئەو هێزانەمان پیشان بدەن کە دەتوانن هەستە ئەخلاقییەکانی نێومان بگەیەننە ئەوپەڕی بڵندیی و پاکێتیی. گەر تێڕامان لە گەردوون و لە نزیکەوە ئاشنابوون بە سرووشت، بووبێتە ئیلهامبەخشی سرووشتگەرا[9] و شاعیرە مەزنەکانی سەدەی نۆزدە، گەر قاڵبوونەوە لە سرووشت، تێڕامان لە زریانە توندەکان و کێوە هێمنەکان و جەنگەڵە تاریکەکان و جەنگەڵنشینان، گڕوتینی ژیانی لای گۆتە و شێلی و بایرۆن و لیرمۆنتۆڤ زیاتر کردبێ؛ ئیتر بۆچی قووڵبوونەوەی زیاتر لە ژیان و چارەنووسی مرۆڤەکان، بە هەمان ئاست نەبێتە ئیلهامبەخشی شاعیران؟ مادام شاعیر دەتوانێ بە جوانترین شێوە گوزارشت لە پێوەندییەکەی لەگەڵ گەردوون و یەکبوونی لەگەڵ مرۆڤەکانی تردا بکات، ئەوا دەتوانێ بە هەست و شەوقە شیعرییەکەی ببێتە ئیلهامبەخشی ملیۆنان مرۆڤ. مرۆڤەکان هان دەدات هەست بە باشتر بکەن، بگرە ئارەزووی باشتربوونی زیاتریان تێدا بێدار دەکاتەوە. ئەو سەرمەستییە لە مرۆڤەکاندا دەبووژێنێتەوە کە پێشتر بە هی ئایین دادەنرا. ئەو زەبوورانەی وەک باڵاترین گوزارشت لە هەستی ئایینیی دەدرێنە قەڵەم، هەتا بڕگە هەرە شیعرییەکانی نێو کتێبە پیرۆزە ڕۆژهەڵاتییەکان، هەر گوزارشتن لەو سەرمەستییەی وا کەسی تێڕاماو لە گەردوون پێی دەگات، لە هەستی شیعریی بەرانبەر بە سرووشت.

لە ساڵانی سەرەتای بووژانەوەی زانستییەوە، درک بە پێویستیی ئەخلاقێکی ڕیاڵیستیی کرا، ئەو دەمەی فرانسیس بیکۆن بناغەی پێش‌وەچوونی زانستەکانی داڕشت، هەر ئەوکات هێڵە گشتییەکانی ئەخلاقی ئەزموونیی دەستنیشان کرد؛ ڕاستە، ڕەنگە کەمتر لە شوێنکەوتووەکانی کردبێت، لێ ڕوانگەیەکی وەها بەرفراوانی خستە ڕوو، کەم کەس وەک ئەویان پێ کرا، بگرە بە ئێستاشەوە تۆزێک پێشیمان داوەتەوە.

باشترین بیرمەندەکانی سەدەی حەڤدە و هەژدەش هەمان ڕێچکەیان گرتە بەر، ویستیان سیستەمی ئەخلاقیی سەربەست لە دەستوورە ئایینییەکان دابمەزرێنن. لە ئینگلتەرا، هەریەک لە هۆبز و کودۆرس و لوک و شافتسبوری و پەیلی و هاچسۆن و هیوم، بەوپەڕی بوێرییەوە هەموو ڕەهەندەکانی ئەم پرسەیان پشکنی. هەموویان سرووشت بە سەرچاوەی هەستی ئەخلاقیی دەزانن؛ پەیلی لێ دەرکەی، هەر هەموویان لە گۆشەنیگایەکی ئەزموونگەراییانەوە دەڕواننە ئامانجە ئەخلاقییەکان. بە ڕێگەی جۆراوجۆر هەوڵیان دا ئەقڵانییەت و سوودخوازییەکەی جۆن لۆک لەگەڵ هەستی ئەخلاقیی و جوانیی لای هاچسۆن، هەروەها تیۆری بەزەینداهێنانەوە لای هارتلی و ئەخلاقی هەستەکان لای شافتسبوری، پێکەوە گرێ ‌بدەن. سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەخلاقناسیی، هەندێکیان باسی سازانێک دەکەن لەنێوان خۆ-خۆشویستن و ڕەچاوکردنی ئەوانی تر، ئەم بۆچوونە لەنێو تیۆرە ئەخلاقییەکانی سەدەی نۆزدەدا، بایەخێکی گەورەی پەیدا کردبوو، ئەوکات ئەخلاق دەبەسترایەوە بە ئایدیای «ئارەزووی ستایشکران» لای هاچسۆن یان «هاوسۆزیی» لای هیوم و ئادەم سمیس. کاتێک گیریان بەدەست دۆزینەوەی بناغەیەکی ئەقڵانی بۆ هەستی ئەرکدارییەوە دەخوارد، ئیتر پەنایان بۆ کاریگەرییە دێرینەکانی ئایین یان «هەستێکی فیتریی» دەبرد، یاخود وردە گۆڕانکارییان لە تیۆرەکەی هۆبزدا دەکرد کە پێی وایە یاساکان هۆکاری سەرەکیی دەرکەوتنی کۆمەڵگەکانن و مرۆڤە کێویی و بەراییەکان ئاژەڵی ناکۆمەڵایەتیین.

فەیلەسووفە ماتریاڵیست و ئینسکلۆپیدیستە فەرەنسییەکان، لە هەمان گۆشەنیگاوە لە پرسەکەیان دەڕوانی؛ بەڵام زیاتر جەختیان دەکردەوە لە خۆ_خۆشویستن و دەیانویست سەنتێزێک بدۆزنەوە لەنێوان مەیلە ناکۆکەکانی نێو سرووشتی مرۆڤ: مەیلی تەنگ_خۆپەرست و مەیلی کۆمەڵایەتیبوون. پێداگرن لەوەی کە ژیانی کۆمەڵایەتیی ڕێخۆشکەرە بۆ پەرەپێدانی باشترین ڕەهەندەکانی نێو سرووشتی مرۆڤ. ڕۆسۆ لەڕێی ئایینە ئەقڵانییەکەیەوە، بووە پردی پەیوەندیی نێوان ماتریاڵیستەکان و شهوودگەراکان[10]، بە هێرشی بوێرانەی بۆ سەر کێشە کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمەکەی، نێوبانگی لە هەموویان زیاتر بوو.  لەولاشەوە، گەورە ئایدیاڵیستەکانی وەک دیکارت و سپینۆزای شاگردی کە بانگەشەی یەکێتیی بوونی[11] دەکرد، تەنانەت ئایدیاڵیست_ترانسێندێتاڵیست[12]ـێکی وەک ئیمانوێل کانتیش، هەرگیز قەناعەتیان بەوە نەبووە کە وەحیی تاکە سەرچاوەی ئایدیاڵیزمی ئەخلاقییە، هەردەم کۆشاون تاوەکو بناغەیەکی فراوانتر بۆ ئەخلاق بدۆزنەوە، بەبێ ئەوەی سەرچاوە بان‌مرۆییەکانی یاسا ئەخلاقییەکان ڕەت‌بکەنەوە.

لە سەدەی نۆزدە، ئەم هەوڵە بۆ دۆزینەوەی بناغە ڕیاڵیستییەکانی ئەخلاق، ئەوەندەی تر پەرەی سەند. چەندەها سیستەمی ئەخلاقیی دامەزرا: خۆ-خۆشویستنی ئەقڵانیی یان خۆشویستنی مرۆڤایەتیی (ئۆگەست کۆنت و ئەمیل لیترێ و ئەوانی تر)؛ هاوسۆزیی یان هاوشوناسبوونی ئەقڵانیی کەسایەتیی تاک لەگەڵ مرۆڤایەتیی (شۆپنهاوەر)؛ سوودخوازیی (جێرێمی بێنتام و جۆن ستیوارت میڵ)؛ پەرەسەندن (داروین و هێربێرت سپێنسەر و جان ماری گویو)؛ بێجگە لە سیستەمە ڕەتکەرەوەکانی ئەخلاق کە دەگەڕێنەوە بۆ لارۆشفۆکۆ و ماندڤێل، دواتر لە سەدەی نۆزدە، نیچە و ئەوانی تر پەرەیان پێ دا؛ ئەمانە هێرشی توندیان دەکردە سەر تێگەیشتنە ئەخلاقییە کۆنباوەکان، دەیانویست پێوەری ئەخلاقیی بەرزتر بچەسپێنن و پێوەری ئەخلاقیی بڵندتریان بە شایستەی تاک دەبینی.

پۆزەتیڤیزم[13]ـی ئۆگەست کۆنت و سوودخوازییەکەی جێرێمی بێنتام، کاریگەریی گەورەیان لەسەر فیکری ئەم سەدەیە جێهێشت. شوێنەواری پۆزەتیڤیزمی ئۆگەست کۆنت، بە سەر تەواوی ئەو توێژینەوە زانستییانەوە دەبینرێت کە شانوشکۆ دەبەخشنە زانستی مۆدێرن. هەر ئەم دوو تیۆرە، دەبنە سەرچاوەی چەندەها سیستەمی لاوەکیی؛ لێرەوە، چەندین نووسەری بوارەکانی دەروونناسیی و پەرەسەندن و ئەنترۆپۆلۆژیا، لەڕێی توێژینەوەی ڕەسەن و بەنرخەوە، ئەدەبییاتی ئەخلاقییان دەوڵەمەندتر کرد؛ لەوانەش: لودویگ فۆیەرباخ، ئەلێکساندەر بەین، لێسلی ستیڤن، جۆزێف پرۆدۆن، ڤیلهێلم ڤونت، هێنری سیجویک، جان ماری گویو، فریدریک یۆدل و ئەوانی تر. تەنانەت، چەندین کۆمەڵەی ئەخلاقیی دەرکەوتن کە پرۆپاگەندەیان بۆ ئەخلاقێکی ئەزموونگەراییانە و نائایینیی دەکرد. هەر لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە، چەند بزاوتێک لە ژێر ناوەکانی «فۆریەریزم» و «سان سیمۆنیزم» و «ئۆوینیزم»، پاشان سۆسیالیزمی ئەنتەرناسیۆنال و ئەنارشیزم، دەرکەوتن؛ ڕاستە، لە بنەڕەتدا بزاوتی ئابووریی بوون، بەڵام وەردەگەڕانە سەر بزاوتی ئەخلاقیی. ئەم بزاوتانە تادەهات لە برەودا بوون، بە یارمەتیی کرێکارانی جیهان، بێجگە لە چاوخشاندنەوە بە بنەماکانی تێگەیشتنی باو دەربارەی ئەخلاق، دەیانویست بە جۆرێک ژیان دابڕێژنەوە کە ببێتە مایەی هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە ژیانی ئەخلاقیی مرۆڤایەتییدا.

لە دوو سەدەی ڕابروودا، گەلێک سیستەمی ئەخلاقیی دەرکەوتن؛ بۆیە هەر هەوڵێک لەم بوارەدا دەبووە دووبارەکردنەوە یان کۆکردنەوەی پارچەی سیستەمەکانی پێشوو. بەڵام مادام ئەو سیستەمە سەرەکییانەی لە سەدەی نۆزدەدا دەرکەوتن، مەبەستم پۆزەتیڤیزمی کۆنت، سوودخوازییەکەی بێنتام و میڵ، پەرەسەندنگەرایی خۆنەویستانە، واتە تیۆری پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی ئەخلاق لای داروین و سپێنسەر و گویو، توانیان شتانێکی نوێ بۆ تیۆرەکانی پێشووتر سەربار بخەن؛ کەواتە کێشمەکێشمی ئەخلاق هێشتا بەکۆتا نەهاتووە و تازە ئەوەڵییەتی.

گەر تەنها ئەم سێ تیۆرەی دوایی بهێنینە بەر باس، دەبینین سپێنسەر سوودی لەو سەرنجانەی داروین دەربارەی ئەخلاق وەرنەگرتووە کە لە کتێبی «بنەچەی مرۆڤ»[14]ـدا دەیانخاتە ڕوو؛ بەڵام گویو توخمێکی گرنگی هێناوەتە نێو کنەوپشکنینی ئەخلاقەوە، ئەویش سەرڕێژبوونی وزەیە لە نێو هەست و بیرۆکە و ویستدا؛ کەچی توێژەرانی پێشوو قەت بیریان بەلایدا نەچووە. مادام هەر سیستەمێک دێت و شتانێکی نوێ سەربار دەخات، کەواتە هێشتا زانستی ئەخلاق بە تەواوەتیی شکڵی ‌نەگرتووە و هەرگیز شکڵ ‌ناگرێت؛ ئاخر مادام مرۆڤایەتیی هەردەم لە پەرەسەندندایە، دەبێت هەمیشە فاکتەر و مەیلی نوێ ڕەچاو بکرێت.

ئینجا، هیچکام لە سیستەمە ئەخلاقییەکانی سەدەی نۆزە، نەیانتوانی تەنانەت ڕۆشنبیرانی نەتەوە پێشکەوتووەکانیش قایل بکەن. هەر نەیگەرەک باسی ئەو بەرهەمە فەلسەفییە بێشومارانە بکەین وا دەسەپاچەیی فەلسەفەی ئەخلاقیی مۆدێرن دەنوێننەوە، چونکە باشترین بەڵگەی ئەم قایل‌نەبوونە، گەڕانەوەیەکی بەرچاوە بۆ ئایدیاڵیزم لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە. غیابی ئیلهامی شیعریی لە پۆزەتیڤیزمی لیترێ و سپێنسەر، دەسەپاچەیی هەردووکیان لە وەڵامدانەوەی کێشە گەورەکانی شارستانییەتەکەمان؛ هەندێک ڕوانینی تەسکبینانەی سپێنسەر کە شافەیلەسووفی پەرەسەندنە؛ ئینجا بەدرۆخستنەوەی تیۆرە مرۆڤدۆستانەکانی ئینسکلۆپیدیستە فەڕەنسییەکانی سەدەی هەژدە لەلایەن پۆزەتیڤیستەکانی دواترەوە؛ هەموو ئەمانە کاردانەوەیەکی بەهێزیان لێ کەوتەوە و بووە مایەی دەرکەوتنی جۆرێک لە ئایدیاڵیزمی ئایینیی_سۆفیگەرییانە. فەیلەسووفی فەڕەنسیی، ئەمیل فۆییە لەسەر هەقە، وەختێک ئێژێ، نوێنەرە دیارەکانی قوتابخانەی پەرەسەندن لێکدانەوەیەکی تاکڕەهەندانەیان بۆ داروینیزم کردووە، خودی داروینیش دوای دوانزە ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبی «بنەچەی جۆرەکان»[15]، بە یەک وشەش دژی ئەم لێکدانەوەیە نەوەستاوەتەوە؛ ئەمە هێزی زیاتری بەخشیووە بە نەیارانی لێکدانەوەی سرووشتییانە بۆ سرووشتی ئەخلاق لای مرۆڤ، ئەوەی پێی دەوترێ «ڕووتیی‌باوەڕیی»[16].

سەرەتا ڕەخنەکان ڕوویان کردە هەڵەکانی فەلسەفەی سرووشتگەرایی، هێندەی نەبرد گۆڕا بۆ ڕەخنەگرتن لە سەرتاپای زانین، تا دەگاتە بانگەشەکردن بۆ «مایەپووچبوونی زانست».

لەوەش بترازێ، زاناکان دەزانن هەر زانستێک لە لێکدانەوەیەکەوە تێدەپەڕێت بەرەو لێکدانەوەیەکی تر، واتە لە ڕاڤەیەکەوە بۆ هەندێک لە دیاردەکان و بەرەو لێکدانەوەیەکی دەقیق‌تر. کەچی ئیماندار و سۆفیگەرەکان هەرگیز پەی بەم ڕاستییە سادەیە نابەن. کاتێک زانیان لێکدانەوەی یەکەم هەندێ کەموکورتی دەگرێتە خۆ، دەستبەجێ بانگەشەیان بۆ «مایەپووچبوونی تەواوەتیی زانست» کرد. لە وەختێکدا، زاناکان دەزانن، تەنانەت زانستە دەقیقەکانی وەک گەردوونناسیش، هەر بەم لێکدانەوە پلەڕیزانە پێشڤە دەچن. وەختێک زاناکان ئەوەیان دۆزییەوە کە هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەخوولێنەوە، ئەمە دۆزینەوەیەکی مەزن بوو. بەپێی ئەم دۆزینەوەیە و لێکدانەوەی یەکەم، وەها دانرا کە هەسارەکان لەسەر خولگەیەکی بازنەیی دەخوولێنەوە. پاشان دەرکەوت نەخێر، ئەم خولگەیە زیاتر لە شکڵی بازنەیەکی درێژکۆڵەدایە، واتە خولگەیەکی هێلکەیی؛ ئەمەیان بووە لێکدانەوەی دووەم. ئینجا لێکدانەوەی سێیەم هات، زانیمان هەسارەکان ڕێڕەوێکی شەپۆلئاسا دەگرنە بەر، بە ڕێڕەوێکی نەگۆڕدا تێناپەڕن، بەڵکوو هەر جارەو بەرەو لایەکی ئەم خولگە هێلکەییە لا دەدەنەوە. ئاخیرەن، گەیشتینە ئەو ڕاستییەی کە خۆریش بێجووڵە و چەقیوو نییە، بەڵکوو بە نێو بۆشاییدا گەشت دەکات. گەردوونناسان گەرەکیانە شێوەی جووڵە پێچاو‌پێچەکەی هەسارەکان بدۆزنەوە کە لەسەر ڕێڕەوی شەپۆلئاسا بە دەوری خۆردا دەخوولێنەوە.

ئەم پرۆسەیە لە هەموو زانستەکاندا بەرکارە، مەبەستم تێپەڕینە لە وەڵامێکی گریمانەییەوە بۆ کێشەیەک، بەرەو وەڵامێکی دەقیق‌تر. مەسەلەن، ئێستە زانستە سرووشتییەکان خەریکی پیاچوونەوەن بە لێکدانەوە سەرەتاییەکاندا سەبارەت بە ژیان، چالاکییە دەروونییەکان، پەرەسەندنی ڕووەک و گیانەوەران، بنیادی ماددە و هتد… واتە ئەو لێکدانەوە گرنگانەی لە ساڵانی ١٨٥٦-١٨٦٢ بۆ ئەم بابەتانە کراون، ئێستە پیاچوونەوەیان گەرەک، لەپێناو گەیشتن بە لێکدانەوە و گشتاندنی باشتر و قووڵتر. هەندێک کاڵفام ئەم پیاچوونەوەیان قۆستەوە تا بە کەسانێکی لە خۆیان کاڵفامتر بڵێن، ئەوەتا زانست نەیتوانی وەڵام بۆ پرسیارە گەورەکانی گەردوون بدۆزێتەوە.

ئێستە زۆر کەس بە نیازن جێگەی زانست بە شهوود پڕ بکەنەوە، واتە بگەڕێنەوە بۆ مەزەندە و ئیمانی کوێرانە. سەرەتا هەندێ کەس گەڕانەوە بۆ کانت و شیلینگ و هێرمان لۆتزە، ئینجا هەندێ نووسەر ڕوویان کردە بڵاوکردنەوەی ڕێ‌وڕێبازەکانی وەک «ڕۆح‌باوەڕیی»[17] و «ناحەتمییەت»[18] و «ئاپریۆریزم»[19] و «ئایدیاڵیزمی کەسیی»[20] و «شهوود»[21] و هتد… دەیانویست بیسەلمێین ئایین نەوەک زانست، سەرچاوەی هەموو زانینێکی ڕاستەقینەیە. وەک‌بڵێی ئیمانی ئایینیی بەس نەبێت، ئێستە گەرەکیانە بگەڕێنەوە بۆ سۆفیزمی قەشە بیرنارد یان ئەفڵاتوونیزمی نوێ. ئێستە چەمکەکانی وەک «سیمبولیزم»[22] و «درک‌پێ‌نەکراو»[23] و«لەتێگەیشتن‌نەهاتوو»[24] بازاڕیان گەرمە، باوەڕهێنان بە ئەهریمەنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بووژاوەتەوە.

خۆ ڕاستە ئەم ڕەوتانە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە، بەڵام دەبینین ڕای گشتیی لەنێوان دوو بژاردەی ناکۆکدا گیری خواردووە: لەلایەک، هەوڵێکی بێهودە لەپێناو گەڕانەوە بەرەو بیروباوەڕە تاریکەکانی سەدەکانی ناوەڕاست، بە هەموو خوورافە و بتپەرەستیی و سیحر و جادووەکانی ئەو سەردەمەوە؛ یان لەلایەکی تر، پیاهەڵدان بە ئەخلاق‌بێزیی و خەسڵەتە باڵاکان، واتە مرۆڤی باڵا (سۆپەرمان) یان تاکە باڵاکان؛ لە قۆناغەکانی بایرۆنیزم و ڕۆمانسیزمی سەرەتاییدا، سەرتاپای ئەورووپا ئەم ڕێ‌وڕێبازەیان پیادە دەکرد.

 ئێستە لە هەر کاتێ زیاتر، پێویستمان بەوەیە بزانین، ئاخۆ گومانەکان دەرهەق بە توانای زانست لە پشکنینی پرسە ئەخلاقییەکاندا، ڕاستن یان نا؛ زانست دەتوانێ پایەکانی ئەخلاق بدۆزێتەوە، ئەو پایانەی، ئەگەر زانست بە باشیی گوزاشتیان لێ بکات، ئەوا دەتوانێ وەڵامی پرسیارەکانی ئەمڕۆمان بدەنەوە؟

سەرکەوتنە سنووردارەکانی سیستەمە ئەخلاقییەکانی سەدەی پێشوو، سەلمێنەری ئەوەیە، مرۆڤ بە لێکدانەوەی سرووشتییانە بۆ بنەچەی پاڵنەرە ئەخلاقییەکان، دڵی ئاو ناخواتەوە. مرۆڤ گەرەکێتی ماهییەتی خودی ئەم پاڵنەرەی بۆ ڕاڤە بکرێت. ئەگەر بێین و هاوشێوەی لێکدانەوەی چۆنێتیی پەرەسەندنی گوڵێک، لێکدانەوە بۆ بنەچەکانی ئەخلاق بکەین، بڵێین فڵانە هۆکار هاوکاری پەرەسەندن و شکڵگرتنی پاڵنەری ئەخلاقیی بووە، ئەمە قەت بەس نییە و باوەڕ بە هیچ کەسێ ناهێنێت. مرۆڤ گەرەکێتی لە ماهییەتی پاڵنەری ئەخلاق تێ‌ بگات، ئەم پاڵنەرە بەرەو کوێمان دەبا؟ ئایا سەر بۆ ئامانجە دڵخوازەکان دەکێشێ، یان وەک هەندێک دەڵێن، دەبێتە مایەی لاوازبوون و لەناوچوونی مرۆڤایەتیی؟

گەر کێبڕکێ لەپێناو مانەوە و لەناوچوونی لاوازەکان، یاسای سرووشت و پێشمەرجی پێشکەوتن بێت؛ ئایا بەو مانایە نایەت: وەستانی ئەم کێبڕکێ و «دەوڵەتی پیشەسازیی»ـیەی ئۆگەست کۆنت و سپێنسەر بەڵێنیان پێ دابووین، دەبنە دەستپێکی لەناوچوونی جۆری مرۆڤ، وەک‌چۆن ئێستە نیچە بە پێداگرییەوە بانگەشەی بۆ دەکات؟ گەر ئەم ئەنجامە نەخوازراوە، ئاخۆ دەبێت بەو بەها ئەخلاقییانەدا بچینەوە وا دەبنە مایەی لاوازبوونی ئەم کێبڕکێیە، یان لانی کەم، زیانەکانیان کەم بکەینەوە؟

وەک ئەوەی ڤیلهێلم ڤونت لە کتێبی «ئەخلاق»ـدا ئاماژەی بۆ دەکات، پرسی هەرە گەورەی ئەخلاقی ڕیاڵیستیی مۆدێرن، پێش هەموو شتێک، دەستنیشانکردنی ئامانجە ئەخلاقییەکانە. وەلێ ئەم ئامانج یان ئامانجانە، چەندە ئایدیاڵ و دوورەدەست بن، هەر دەبێ سەر بە جیهانی واقیع بن.

نابێ ئامانجی ئەخلاق شتێکی ترانسێندێنتاڵ[25] (دەرنشین) بێت، یانی ئەو ئامانجانەی وا ئایدیاڵیستەکان بەدڵیانە. نەخێر، گەرەکە ئامانجی واقیعیی بێت. پێویستە قایلبوونی ئەخلاقیی لە نێو ژیاندا بدۆزینەوە، نەوەک لە حاڵەتێکی دەرە-ژیانی.

ئەو دەمەی داروین ئایدیای «کێبڕکێ لەپێناو مانەوە»ـی خستە ڕوو، ئینجا ئەم کێبڕکێیەی وەک شابزووێنەری پەرەسەندنی پێشکەوتخواز نیشان دا، هەمدیسان پرسیارە دێرینەکەی وروژاندەوە: ئایا سرووشت ئەخلاقییە یان نا. دیسانەوە مشتومڕەکانی دەربارەی چەمکەکانی چاکە و خراپە گەرم کردەوە، ئەو چەمکانەی لە سەردەمی دەرکەوتنی «ئاڤێستا»ـەوە زەینی مرۆڤەکانی داگیر کردبوو؛ بەڵام ئەمجارە مشتومڕەکە گەرموگوڕ و قووڵتر لە جاران بوو. داروینیستەکان، سرووشتیان وەک شەڕگەیەکی بەرین دەبینی، وەک گۆڕەپانی کێبڕکێیەکی نەپساوە کە تێیدا لاوازەکان لەلایەن بەهێز و گورجوگۆڵ و زیرەکەکانەوە پاکتاو دەکرێن؛ وەک‌بێژی، خراپە تاکە شتە مرۆڤ بتوانێت لە سرووشتەوە فێری بێت.

وەک دەزانرێ، ئەم ئایدیایە ئێستە بازاڕی گەرمە. گەر ئەمە وا بێ، ئیتر فەیلەسووفی پەرەسەندن ناچارە لێکدژییەک چارە بکات کە خۆی خزاندوویەتییە نێو فەلسەفەکەیەوە. ناتوانێ نکۆڵیی لەوە بکات، مرۆڤ خاوەنی وێنایەکی باڵایە سەبارەت بە «چاکە»، هەروەها سەرکەوتنی چاکە بە سەر خراپەدا، باوەڕێکی ڕیشەداکوتراوە لەنێو سرووشتی مرۆڤدا. مادام وایە، ناچارە ڕوونی بکاتەوە ئەم وێنایە بۆ چاکە و ئەم باوەڕە بە پێشکەوتن لەکوێوە دێت؟ ناتوانێ لە ڕێی ئومێدێکی ئەپیکۆرییانەوە خۆی هێور بکاتەوە، ئەو ئومێدەی شاعیرێکی وەک ئەلفرێد تێنیسۆن وەها گوزارشتی لێ دەکات: «دوا ئاکامی خراپە هەر چاکەیە».  ئەمانە سرووشت وەک خاوەن کەڵبە و چڕنووکێکی خوێناویی وێنا دەکێشن، بە قسەی تێنیسۆنی شاعیر و هۆکسلی داروینیست، هەموو شوێنێک پڕە لە بەگژاچوونەوەی پرەنسیپی چاکە، نەفیکردنی چاکە لە هەموو زیندەوەرێکدا بە ڕوونیی دەبینرێت؛ کەچی دێن و دەڵێن، سەرەڕای هەموو ئەمانەش، لە کۆتاییدا هەر چاکە سەردەکەوێت. دەبێت زانای پەرەسەندن، ئەم لێکدژییە یەکلا بکاتەوە.

گەر زانایەکی پەرەسەندن پێداگر بێ لە سەر ئەوەی «خراپە، تاکە وانەیە کە سرووشت بتوانێت فێری مرۆڤی بکات»؛ ئەوکات ناچارە دان بە هەبوونی کاریگەرییەکی دەرە-سرووشتیی و سەروو-سرووشتییدا بنێت کە ئیلهامبەخشە بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە چەمکی «چاکەی باڵا» و هاندەری گەشەسەندنی مرۆڤە بەرەو ئامانجی باڵاتر. خۆ ئەگەر بچێتە ژێر باری ئەم بۆچوونە، ئەوا چیتر ناتوانێت هێزە سرووشتییەکان بە تاکە سەرچاوەی پەرەسەندن دابنێت.

لە سیمیناری «پەرەسەندن و ئەخلاق»ـدا هۆکسلی دووچاری ئەم گرێکوێرەیە هات. سەرەتا، هەبوونی هەر جەوهەرێکی ئەخلاقیی لەنێو ژیانی سرووشتییدا ڕەت دەکردەوە، بەمەش ناچار بوو بچێتە ژێر باری قەبووڵکردنی هەبوونی جەوهەرێکی ئەخلاقیی دەرە-سرووشتیی؛ دواتر پەراوێزێکی بۆ سیمینارەکەی زیاد کرد و ئەم بۆچوونەی ڕەت کردەوە، گەیشتە ئەو ڕاستییەی: جەوهەرێکی ئەخلاقیی لەنێو ژیانی گیانەوەرە کۆمەڵایەتییەکاندا ئامادەیە.

بەڵام ڕاستییەکە بەو جۆرە نییە، تیۆری پەرەسەندنیش ئەوەندە لەرزۆک نییە و سەرناکێشێت بۆ ئەو لێکدژییانەی وا هۆکسلی بە دەستییانەوە گیرۆدە بووە؛ ئاخر، لێکۆڵینەوە لە سرووشت هەرگیز ئەم تێڕوانینە ڕەشبینانانەی لێ ناکەوێتەوە، وەکچۆن خودی داروین لە دووەمین بەرهەمی بە ناونیشانی «بنەچەی مرۆڤ»،  ئاماژەی پێ کردووە. تێڕوانینەکەی هەریەک لە تێنیسۆن و هۆکسلی ناکامڵ و تاکڕەهەند و چەوتە. لەوەش بترازێ، تێڕوانینێکی نازانستییە، چونکە خودی داروین لە کتێبی «بنەچەی مرۆڤ»ـدا، ئاماژەی بە ڕەهەندێکی تری ژیانی سرووشتیی کردووە.

لەو کتێبەدا، داروین پێی وایە، لەنێو خودی سرووشتدا، بێجگە لە کێبڕکێ، چەندەها فاکتەری تر هەن کە مانای جیا هەڵدەگرن؛ بۆ نموونە، «هاوکاریی هاوبەش»ـی نێو هەمان جۆری زیندەوەر، بگرە ئەم فاکتەرە گرنگترە لە فاکتەری «کێبڕکێ»، چونکە دەچێتە خزمەتی مانەوە و خۆشگوزەرانی ئەو جۆرە زیندەوەرەوە. زۆرێک لە داروینیستەکان، ئەقڵیان بەم ئایدیا بەنرخە ناشکێت، بگرە ئەلفرێد ڕاسڵ واڵاس هەر ڕەتی دەکاتەوە. بۆیە لەڕێی ژمارەیەک وتارەوە، هەوڵم دا پەرە بەم فاکتەرە بدەم. لەم وتارانەدا، تیشکم خستووەتە سەر گرنگیی فاکتەری «هاوکاریی هاوبەش» بۆ پاراستنی جۆرەکانی گیانەوەر و مرۆڤدا، بە تایبەت گرنگییەکەی لە پەرەسەندنی ئەم جۆرانە بەرەو پێشکەوتنی زیاتر و کامڵبوون.

لەم وتارانەدا، نەهاتووم نکۆڵیی لەو ڕاستییە بکەم: زۆرێک لە گیانەوەران لەسەر خواردنی جۆرەکانی تری گیانەوەرانی نێو شانشینی گیانەوەران یان جۆری بچووکتری سەر بە هەمان پۆلی خۆیان، دەژین. بەڵام ئاماژەم بەوە کردووە، کێبڕکێی نێو سرووشت، بە زۆریی سنووردارە بۆ کێبڕکێی نێوان جۆرە جیاوازەکانی گیانەوەران؛ بەڵام لەنێو هەمان جۆری گیانەوەران و پۆلی ئەو چەشنە جیاوازانەی پێکڕا دەژین، هاوکاریی هاوبەش یاسای زاڵە. بەم مانایە، بەراورد بە کێبڕکێ، ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەی ژیانی گیانەوەران [هاوکاریی هاوبەش] خاوەنی ڕۆڵێکی گرنگترە لە نێو ژیانی سرووشتییدا. ئەم ڕەهەندە کۆمەڵایەتییە زۆر بەربڵاوە، تەنها هەندێک جۆری بەسرووشت کۆمەڵایەتیی ناگرێتەوە، وەک کاوێژکەر و کرتێنەر و باڵندە و هەنگ و مێروو و درەختەکان و هتد… واتە ئەو جۆرانەی وا بە گشتیی، لەسەر ڕاوکردنی گیانەوەرانی تر ناژین. بەڵکوو زۆرێک لە گیانەوەر و باڵندە گۆشتخۆرەکانیش هەمان هاوکاریی هاوبەش پیادە دەکەن، بە تایبەت ئەو جۆرانەی بەهۆی دەستوەردانی مرۆڤ و هەندێک فاکتەری ترەوە، دووچاری لەناوچوونێکی کتوپڕ نابن. بەم پێیە، هاوکاریی هاوبەش، فاکتەرێکی بەرچاوی نێو سرووشتە.

بەربڵاویی هاوکاریی هاوبەش، هی ئەوەیە، بە سوودی ئەو گیانەوەرانە دەشکێتەوە کە پیادەی دەکەن، هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت، ناچێتە خزمەتی گیانەوەرە ڕاوکەرەکانەوە. باشترین چەکە بۆ کێبڕکێی مەزن لەپێناو مانەوەدا، ئەو کێبڕکێیەی گیانەوەران ناچارن لە سرووشتدا ئەنجامی بدەن دژی کەشوهەوا و تۆفان و سەهۆڵبەندان و لافاو و هتد… هەمیشە پێویستی بە خۆگونجاندنە لەگەڵ هەلومەرجە گۆڕاوەکانی ژیاندا. گەر وەک گشتێک بڕوانینە سرووشت، هەرگیز شانۆی سەرکەوتنی هێزی جەستەیی و گورجوگۆڵیی و زیرەکیی و سیفەتە خوازراوەکانی کێبڕکێ نییە. ڕێک بە پێچەوانەوە، وەها دەردەکەوێت، جۆرە لاوازەکانی وەک مێروولە و هەنگ و کۆتر و کرتێنەرەکان و ئاسک و هتد… ئەوانەی قاوغ و دەنووک و کەڵبەی تیژیان نییە بۆ خۆپاراستن و هیچیان شەڕکەری باش نین؛ کەچی هەر ئەم جۆرانە توانای مانەوەیان باشترە، ئەویش لە سایەی کۆمەڵایەتیبوون و خۆپاراستنی هاوبەشەوەیە، باشتر دەتوانن ڕکابەر و دووژمنە بەهێزەکانیان دوور بخەنەوە.

پێ دەچێت کێبڕکێ لەپێناو مانەوە، لە یەک کاتدا سەربکێشێت بۆ پەرەسەندنی ڕووەو پێش و ڕووەو پاش، واتە هەندێ جار دەبێتە مایەی باشتربوون و هەندێ چار دەبێتە مایەی لاوازبوونی جۆرەکە؛ بەڵام هاوکاریی هاوبەش، لە هەموو بارێکدا، سەردەکێشێت بۆ پەرەسەندنی ڕووەو پێش و باشتربوونی جۆرەکە. هاوکاریی هاوبەش شاهۆکاری پەرەسەندنی ڕووەو پێشە لە نێو شانشینی گیانەوەراندا، هۆکاری پەرەسەندنی درێژخایەنی هۆشی مرۆڤە کە ئێمەی کردووە بە باڵاترین جۆری نێو بوونەوەران. هیچ بایۆلۆژیستێک پێی ناکرێ ئەم بۆچوونەم ڕەت بکاتەوە.

کەواتە غەریزەی هاوکاریی هاوبەش، بۆ مانەوە و پەرەسەندنی ڕووەو پێشی هەموو جۆرەکان زۆر پێویستە، بووەتە ئەو غەریزەیەی کە داروین بە «غەریزەی هەمیشەیی» ناوزەدی کردووە؛ ئەم غەریزەیە هەردەم لەنێو هەموو گیانەوەرە کۆمەڵایەتییەکاندا لە کاردایە، بە تایبەت مرۆڤ. ئەم غەریزەیە هەر لە دەستپێکی پەرەسەندنی شانشینی گیانەوەرانەوە دەرکەوتووە، ڕیشەیەکی قووڵی لەنێو گیانەوەرە بەرز و نزمەکاندا داکوتاوە، کتومت وەک غەریزەی دایکایەتیی؛ بگرە لەوە قووڵتریش، چونکە هاوکاریی هاوبەش تەنانەت لەنێو گیانەوەرەکانی وەک شەیتانۆکە و زۆرینەی ماسی و مێرووەکانیشدا دەبینرێتەوە، ئاخر ئەمانە زەحمەتە بزانن غەریزەی دایکایەتیی چییە. لێرەوە، داروین لەسەر هەقە، کاتێک پێی وایە، «غەریزەی هاوسۆزیی» [هاوکاریی هاوبەش] کارا و بەربڵاوترە بەراورد بە غەریزە خۆپەرستییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن. بە بڕوای داروین، ئەمە ماک و تۆوی ویژدانی ئەخلاقییە، کەچی زۆرێک لە داروینیستەکان ئەمەیان بیر چووەتەوە.

هەر ئەوەندەش نا، هەمان غەریزە، سەرچاوەی هەستەکانی چاکەخوازیی و هەوڵی یەکبوونی تاکە لەگەڵ کۆمەڵدا؛ هەر ئەم هەستانەش، دەبنە خاڵی دەستپێکی هەموو هەستە ئەخلاقییە باڵاکان. هەستە باڵاکانی وەک دادپەروەریی و یەکسانیی و فیداکاریی، گشتیان لەسەر ئەم بناغەیە دامەزراون. وەختێ دەبینین پۆلی پانوپۆڕی هەزاران باڵندەی ئاویی، لەوپەڕی باشوورەوە کۆچ دەکەن تاوەکوو هێلانەکانیان لە کەناراوەکانی زەریای جەمسەری باکوور چێ ‌بکەن، لەوێ پێکەوە دەژین، ئەویش بەبێ شەڕکردن لە سەر داگیرکردنی باشترین شوێن بۆ هێلانەکانیان؛ هەروا بێتەوە، سەیردەکەی چەندەها پۆلەکەڵک [ماسیگرە] لە کەنار دەریاکاندا بە تەنیشت یەکەوە دەژین، هەریەکەیان ڕووبەرێکی دیاریکراوی ماسیگرتنی پێ دەبڕێت؛ هەزاران جۆری باڵندە و شیردەرەکان، دەتوانن بەبێ شەڕوشۆڕ، لەنێو خۆیاندا بسازێن لەسەر شوێنی خواردن و هێلانە و مانەوە و ڕووبەری ڕاوکردنیان؛ ئینجا دەبینی، هەر بەچکە باڵندەیەک پووشی هێلانەی باڵندەیەکی تر بدزێت، ڕووبەڕووی هێرشی توندی باڵندە هاوجۆرەکانی دەبێتەوە؛ لێرەوە، تۆوی دەرکەوتن و پەرەسەندنی هەستی دادپەروەریی و یەکسانیی لەنێو کۆمەڵی گیانەوەراندا دەدۆزینەوە.

ئاخیرەن، هەر پۆلێکی گیانەوەران بگرین، تا لە نزمترینەوە بەرەو باڵاترین نموونەی ئەم پۆلە بڕۆین (مێروولە، زەردەواڵە، لەنێو مێرووەکاندا هەنگ؛ لەنێو باڵندەکاندا قوڵینگ و تووتی؛ کاوێژکەرە باڵاکان، لەنێو شیردەرەکاندا ئەیپەکان و مرۆڤەکان)، دەبینین تا دێت یەکبوونی تاک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵ و فیداکاریی تاک زیاتر دەبێت. بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییە، مەحاڵە بنەچە سرووشتییەکانی ئەخلاق و باڵاترین هەستە ئەخلاقییەکان نەبینین.

لێرەوە، دەردەکەوێت نەوەک هەر سرووشت وانەیەکمان ناداتێ سەبارەت بە نائەخلاقی‌بوون، واتە بێباکبوون بەرانبەر بە ئەخلاق، کە پێویستی بە کاریگەرییەکی دەرە-سرووشتییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی؛ نەخێر، بگرە مرۆڤ سەرتاپای تێگەیشتنەکانی سەبارەت بە چاکە و خراپە، سەبارەت بە «چاکەی باڵا»، لە سرووشتەوە قەرز کردووە. ئەم تێگەیشتنانە ڕەنگدانەوەی ئەو شتانەن لەنێو زەیندا کە مرۆڤ لەنێو ژیانی گیانەوەران و ئەزموونی ژیانی کۆمەڵایەتییدا بەرچاوی دەکەوێت؛ پاشان ئەم جێکەوتانە پەرەیان سەندووە بۆ تێگەیشتنی گشتیی سەبارەت بە چاکە و خراپە. گەرەکە بزانرێت، لێرەدا مەبەستمان حوکمە تاکەکەسییەکان و تاکە ئاوارتەکان نییە، بەڵکوو مەقسەدمان حوکمی زۆرینەیە. ئەم حوکمانە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی یەکسانیی و هاوسۆزیی هاوبەش دەگرنە خۆ کە لەنێو هەموو گیانەوەرە خاوەن هەستوسۆزەکاندا بەرکارە؛ وەک‌چۆن تێگەیشتنەکانمان سەبارەت بە بنەماکانی میکانیک، کە بەرئەنجامی تێبینییەکانمانە دەربارەی ڕووی زەوی، شیاوی جێبەجێکردنە بە سەر ماددەکانی نێو بۆشاییدا؛ هەمان تێگەیشتن بە سەر پەرەسەندنی خەسڵەت و دامەزراوە مرۆییەکانیشدا شیاوی جێبەجێکردنە. پەرەسەندن و ئاڕاستەکردنی مرۆڤیش بەرئەنجامی هەمان ژینگەی سرووشتییە. پاش شکڵگرتنی دامەزراوەکانی هاوکاریی و پشتیوانیی هاوبەش لەنێو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییدا، پەیتا پەیتا مرۆڤ بۆی دەرکەوت ئەم دامەزراوانە چەندە هێز و توانایان پێ بەخشیووە. لەنێو ئەم ژینگە کۆمەڵایەتییەدا، ڕەهەندە ئەخلاقییەکانی مرۆڤ تا دەهات زیاتر گەشەیان دەسەند. بەپێی توێژینەوە مێژووییە نوێیەکان، دەتوانین پەرەسەندنی فاکتەری ئەخلاقیی لەنێو مێژووی مرۆڤایەتییدا، وەک پەرەسەندنی مەیلێکی خۆڕسکی مرۆڤ وێنا بکەین لەپێناو ڕێکخستنی ژیانی بە پێودانگی هاوکاریی هاوبەش، یەکەمجار لەنێو خێڵ، ئینجا لەنێو جڤاکی گوند، پاشان لەنێو کۆماری شارە ئازادەکاندا. قۆناغەکانی پاشەکشەکردنی لێ دەرکەی، هەمیشە ئەم شێوە ڕێکخستنە کۆمەڵایەتییانە بوونەتە هەوێنی پێشکەوتنی زیاتر.

نابێت مێژووی مرۆڤایەتیی، لە چاخی بەردینەوە بیگرە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ، وەک زنجیرەیەکی بەردەوام و نەپچڕاوی پەرەسەندن ببینین. نەخێر، بە چەندین قۆناغی پچڕاندا تێپەڕبووە. چەندەها جار، لە ئەوەڵەوە دەستی پێ کردووەتەوە،_ لە هیندستان و میسڕ و میزۆپۆتامیا و یۆنان و ڕۆما و ئەسکەندەناڤیا و ئەورووپای ڕۆژئاوا، هەموو جارێک لە خێڵێکی سەرەتاییەوە دەست پێ دەکات و بەرەو جڤاکی گوند پەل دەکوتێت. بەڵام گەر هەریەک لەم هێڵی پەرەسەندنانە بە جیا وەربگرین، ئەوا لە هەریەکەیاندا، بە تایبەت پەرەسەندنی ئەورووپای ڕۆژئاوای پاش کەوتنی ئیمپراتۆرییەتی ڕۆمانیی، فراوانبوونی بەردەوامی تێگەیشتنی پشتیوانی و بەرگریی هاوبەش دەبینین، لە کڵانەوە بۆ خێڵ و نەتەوە، تا دەگاتە یەکێتیی ئەنتەرناسیۆناڵی نێوان نەتەوەکان. لەولاشەوە، دەرکەوتنی ناوبەناوی بزووتنەوە کۆنەپارێزانەی لێ دەرچێ، کە جاروبار لەنێو نەتەوە هەرە پێشکەوتووەکانیشدا سەریان دەردەهێنا؛ ئەوا لانی کەم لە نێو نوێنەرانی هزری پێشکەوتووخوازی نەتەوە شارستانەکان و بزووتنەوە جەماوەرییە پێشکەوتووخوازەکاندا، هەمیشە ئارەزوویەک هەبووە بۆ فراوانکردنی بەردەوامی تێگەیشتنەکان دەربارەی هاوپشتیی مرۆیی و دادپەروەریی و پەرەپێدانی سرووشتی پەیوەندییە هاوبەشەکانمان. هەر لێرەیا، لە شێوەی ئایدیاڵێکدا، تێگەیشتنی تایبەت بەو شتە خوازراوانە دەبینین کە لە حاڵەتی پەرەسەندنی زیاتردا پێویستن.

بیرمان نەچێ، مادام لای توێژە ڕۆشنبیرەکەی کۆمەڵگە، دەرکەوتنی ناوبەناوی بزووتنەوە کۆنەپارێزەکان نەخۆشییەکی کۆمەڵایەتیی کاتییە و نابێت ڕێ بە دەرکەوتنەوەیان بدرێت؛ کەواتە پێوەرە ئەخلاقییەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەرزترن لەوانەی جاران. ئامڕازەکانی تێرکردنی پێویستییەکانی دانیشتووان لەنێو کۆمەڵگە شارستانەکاندا باشتر بوون، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ تێگەیشتنی باڵاتر سەبارەت بە دادپەروەریی بۆ هەمووان و پاڵفتەکردنی زیاتری پێوەرە ئەخلاقییەکان.

پاڵپشت بەم گۆشەنیگایەی ئەخلاقی زانستیی، پێچەوانەی هەموو وانە ڕەشبینانەکان، مرۆڤ نەک هەر دەتوانێ ئیمانی بە پێشکەوتنی ئەخلاقی نوێ بکاتەوە، بگرە دەتوانێ ئەم ئیمانە لەسەر بناغەیەکی زانستیی قایمتر بکات. ڕاستە ئەم ئیمانە سەرەتا هەر شهوودێکی سادەیە، بەڵام مادام هەر دۆزینەوەیەکی زانستیی بە شهوودێک دەستی پێ کردووە؛ ئیتر مرۆڤ دەزانێت ئیمانێکی تەواو ڕاستە و ئێستەش لەڕێی زانستەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

تێبینیئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز٢٠٢٦بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

سەرچاوە:

– الأخلاق: النشأة والتطور، بيوتر كروبوتكين، الترجمة يوسف نبيل، منشورات نقش، قامشلو 2021.

– Ethics: Origin and Development, Pëtr Kropotkin, Louis S. Friedland and Joseph R. Piroshnikof, The Anarchist Library,  New York 1922.

[1] Anthropology.

[2] prehistoric ethnology.

[3] Evolution.

[4] Nebula.

[5] Ego.

[6] Whole.

[7] I.

[8] Thou.

[9] Naturalist.

[10] Intuitionists.

[11] Pantheism.

[12] transcendentalist-idealist.

[13] Positivism.

[14] The Descent of Man.

[15] Origin of Species.

[16] Naturism.

[17] Spiritualism.

[18] Indeterminism.

[19] apriorism.

[20] personal idealism.

[21] intuition.

[22] Symbolism.

[23] the subtle.

[24] incomprehensible.

[25] Transcendental.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.