بۆکچین و ئۆجالان؛ دیالەکتیکی دیموكراسیی
ئەوان هەڵوەدای بیرکردنەوە بوون لە پەرەسەندنی مێژوو. چەندین بەرهەمی گەورەیان لەمەڕ مێژووی شارستانییەت نووسیوە.

جەنێت بیڵ
و، هێمن کاکە
داگرتنی فایلی PDF
بۆکچین و ئۆجالان؛ دیالەکتیکی دیموكراسیی
لە شوباتى ١٩٩٩، كاتێك عەبدوڵا ئۆجالان لە كینیا ڕفێندرا، مۆرى بوكچن لە شاری بیرلینگتن لە هەرێمى ڤیرمۆنتی ئەمریكا لەگەڵ من دەژیا. دەستگیركردنەكەى ئۆجالانمان لە هەواڵەكانەوە دیت. بۆکچین هاوسۆز و بەداخ بوو بۆ كێشەى كورد، بەڵام ئۆجالانى وەك یەكێكى دى لە ڕێبەرە پارتیزانییە ماركسیست-لینینیست و ستالینیستەكان دەبینى. مۆرى بۆ ماوەى چەندین دەیە ڕەخنەى لەم جۆرە خەڵكانە دەگرت، ئەویش لە سۆنگەی ڕێبەرایەتیی هەڵەی خواست و ڕاپەڕینى خەڵك لە سەربەخۆییەوە بۆ دەسەڵاتدارێتیی و دۆگماتیزم و دەوڵەتگەرایی و ملکەچیی بۆ سەرمایەداریى.
بۆکچین بۆ خۆیشى لە سییەكانى سەدەى ڕابردوو، كە هێشتا گەنجێكى هەرزەکار بوو، ستالینیست بوو. دواتر ئەم ڕێ و ڕێبازەى جێ هێشت و بوو بە كەسێكی ترۆتسكیست. لەو كاتەدا، ترۆتسكیستەكان وا بیریان دەكردەوە جەنگى جیهانیی دووەم بە شۆڕشى سۆسیالیستیى كرێكاریی لە ئەورووپا و ئەمریكا كۆتایی پێ دێت، هەروەك چۆن جەنگی جیهانیى یەكەم بە شۆڕش لە ڕووسیا كۆتایی هات. لە دەورانى جەنگدا، بۆکچین لە كارگەیەكدا كارى دەكرد و هەوڵی دەدا كرێكاران ڕێك بخات تا ڕاپەڕن و شۆڕش بەرپا بكەن، لێ نەیانكرد. پێشبینییەکانی بزووتنەوەی ترۆتسكیزم بەدی نەهات و شكستى هانی. زۆرێك، ئەگەر نەڵێین زۆرینەى ئەندامەكانى بە گشتیى وازیان لە ماركسیزم و سیاسەتى شۆڕشگێڕیی هێنا؛ بوون بە ئەكادیمیى و ئیدیتۆرى مەگەزینەكان و کەمتازۆر لە نێو سیستەمدا ئیشیان دەكرد.
دواى ئەوەی چینى كرێكار چیتر دەستیان لە بیرى شۆڕش بەردا، بۆکچینیش وازی لە مارکسیزم هێنا، بەڵام خۆى و هاوڕێكانى لەبرى ئەوەی بچنە سەر بۆچوونە باوەكانى ڕۆژ، شتێكى جودایان كرد؛ وەك شۆڕشگێڕى شۆڕشى كومەڵایەتیى مانەوە. ئەوان بانگەوازى ئەوەیان دەكرد گوایە ترۆتسكى پێش ئەوەى تیرۆر بكرێت، وتوویەتى ئەگەر جەنگ بە شۆڕش كۆتایی نەهات، ئەوا پێویستە بە فكرى ماركسیزمدا بچنەوە. بۆیە لە پەنجاكاندا، بۆکچین و هەڤاڵانی هەموو هەفتەیەك كۆ دەبوونەوە تا ڕێگەی نوێ بۆ بەردەوامیى بزووتنەوەی شۆڕشگێڕیی بدۆزنەوە.
ئەوان دڵنیا بوون لەوەى سەرمایەداریی سیستمێكى شەلوپەلە و چەکی لەناوبردنى خۆى لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە. بەڵام ئەى ئەگەر ئەو چەکە چینى كرێكار نەبێت، دەبێت چی بێت؟ لە سەرەتاى پەنجاكاندا بۆکچین بۆى دەركەوت خاڵى لاواز و كێماسیى سەرمایەداریی ئەوەیە كە لە ناكۆكییدایە لەگەڵ ژینگەى سرووشتیی و ژینگە و تەندرووستیى مروڤ وێران دەكات. كشتوكاڵ بە پیشەسازیی دەكات، مرۆڤ و خواردنەکان پڕ دەكات لە ماددەى كیمیایی ژەهراویی، شارى زل و زەبەلاح درووست دەكات و خەڵكەكەى لە سرووشت دادەبڕێنێت، دەیانگۆڕێت بۆ ئامێر و ئازارى جەستە و مێشكیان دەدات. لە ڕێگەى ڕیكلامەكانەوە زیاتر هانیان دەدات تا پارەكانیان لە شتومەكى بێكەڵكدا بەهەدەر بدەن، جا بەو هۆیەوە زیانى زیاتر بە سرووشت دەگەیەنن. هەر بۆیە قەیرانى سەرمایەداریى ڕەتاندنی کرێکاران نییە، بەڵكوو ئەو زیانانەیە وا بە مرۆڤ و سرووشتى دەگەیەنێت.
بۆ درووستكردنى كۆمەڵگایەكى ژینگەپارێز، پێویستە شارەكان ناناوەندیى بن، بەو جۆرە خەڵك دەتوانن لە بازنەى بچووكتردا بژین و خۆیان خۆیان بەڕێوە ببەن، هەروەتر پێداویستییە خۆراكییەكانى خۆیان بەرهەم بێنن و وزەى خاوێن بەكار بێنن. ئەم كۆمەڵگا تازەیە لە ڕێی بازاڕ و دەوڵەتەوە ئاڕاستە ناکرێت و بەڕێوە نابرێت، بەڵكوو بە بڕیاری خەڵك بەڕێوە دەبرێت و بڕیارەكانیشیان لە ژێر ڕێنمایى ئەخلاقدا بە هەرەوەزیی دەدرێت.
بۆ بنیادنانى كۆمەڵگایەكى ئەقڵانیى و ژینگەپارێز، پێویستمان بە دەزگاگەلى كاریگەر هەیە كە بۆکچین پێى دەوتن “فۆرمەكاتى سەربەخۆیی.” پێویستە هەردوو بزووتنەوەى شۆڕشگێڕیی و دەزگاكانى كۆمەڵگاى نوێ، سەربەخۆییەكى ڕاستەقینە پێش بخەن، ئەمەش بۆ ئەوەی نەبنە هۆی درووستكردنى ستالینێكى نوێ و ستەمكارییەكى دیكە لە ژێر ناوى سۆسیالیزم. هەروەها پێویستە ئەوەندە بەهێز بن كە بتوانن بە سەر سەمایەدارییدا زاڵبن و لەناوى بەرن.
ئەو بۆی دەركەوت ئەم دامەزراوانە بێ ئەملاولا ئەنجوومەنە دیموكراتییەكانن. دەوڵەت-نەتەوەى ئێستە دەبێت لە نێو بچێت و دەسەڵاتەكانیان بگوازرێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەى لە ئەنجوومەنەكاندان. لە باتى ئیلیتى دەستڕۆیشتوو و سیاسییەكان، ئەو خەڵكانە لە بارەى ژینگە و كێشەكانەوە بڕیارەكان دەر بكەن. پاش ئەوەى ئەنجوومەكان توانیان كاروبارە ناوچەییەكانى خۆیان باش بەڕێ بكەن، ئەودەم بە مەبەستى بەجێهێنانی ئەركەكانیان، لە ناوچەیەكى بەرفراوانترى جوگرافییدا دەتوانن لەتەك ئەنجوومەكانى تردا كۆنفیردراسیۆن پێك بێنن.
بۆکچین دە ساڵى دواترى بۆ برەودان و پێشخستنى ئایدیاكانى لەبارەى كۆمەڵگاى ژینگەپارێز و دیموكراتیی تەرخان كرد. لە ساڵانى هەشتادا وتى؛ كۆنفیدراسیۆنى ئەنجوومەنەكانى هاووڵاتیان دەتوانن ببنە جۆرێك لە هێزى بەرانبەر و هاوشانى دەوڵەت-نەتەوە. ناوى ئەم بەرنامەیەى نا شارەوانییە ئازادەكان، پاشتر وشەى كۆمۆناڵیزمى بەكار هێنا.
لە ماوەى ئەو ساڵانەدا هەوڵی دا لە بارەى گرنگیى ئەم پرۆژەیەوە باوەڕ بە چەپەكانى تری ئەورووپا و ئەمریكا بێنێ. بەڵام لەو ڕۆژگارەدا، زۆربەیان بە ماو و هۆشیمینە و فیدڵ كاسترۆوە حەیران و سەرقاڵ بوون. بۆکچین دەیوت؛ ئەوانە دیكتاتۆرن؛ بەڵام چەپەكان نەیاندەویست گوێیان لە ڕەخنەیەكى وەها بێت. ئەوان پێیان وابوو ئایدیاى ژینگەپارێزیی و دیموكراسیى هی بۆژواكانى چینى ناوەندە. تەنیا ئەناركیستەكان گوێیان بۆ بۆکچین گرت، چونكە ئایدیاكانى دژەدەوڵەتگەرایى بوون، جا بەم شێوەیە بوو بە یەكێك لە دیارترین ئەناركیستەكان.
بە ئەناركیستەكانى وت؛ ئایدیا و بەرنامەكانى لە بارەى شارەوانییە ئازادەكانەوە، هەمان باوەڕە سیاسییە سرووشتییەكانى ئەوانە، كە تیۆرى شۆڕشگێڕین. بە ڕێزەوە گوێیان بۆ دەگرت، بەڵام دواتر پێیان وت؛ چیتر حەزیان نە بە حكومەتە خۆجێییەكانە و نە هیچ جۆرێكى تری حكومەت و دەنگدانیشیان ڕەت دەكردەوە، چونكە پێیان وابوو؛ زۆرینە دەیباتەوە و كەمینە پشتگوێ دەخرێ. لەبرى ئەوانە گرنگیاین بە گرووپە بچووكەكانى هاووڵاتییان و هەرەوەزکاریی و كتێبفرۆشییە ڕادیكاڵەكان و كۆمینەكان دەدا. بۆکچین پێى وا بوو؛ ئەوانە شتی باشن، لێ بۆ سەرپێخستنى شۆڕشێكى پێکۆڵ، پێویستت بە ڕێگەیەكەكی چالاك، ڕژد، سەراپاگیر، بنچینەیی و هێزی سیاسیی یاساییە. شارەوانییە ئازادەكان یەكێك بوون لە ڕێگاكانی ئەنجامدانى ئەو کارە و جێپێیەكى بەهێز بوون دژى دەوڵەت-نەتەوە.
بۆکچین هەوڵى زۆری دا تا ئەناركیستەكان بە لاى خۆیدا ڕابكێشێت. ئارگیومێنتى بۆ دەهێنانەوە، لێیان دەپاڕایەوە و هەر كارێكى لەدەست هات، كردى تا قایلیان بكات كە شارەوانییە ئازادەكان ئەو ڕێ و ڕێبازەیە وا ئەناركیزم سیاسەت و بەرنامەى خۆى تیا بەرجەستە بكات. بەڵام ساڵی ١٩٩٩، ڕێك لەو دەمانەى ئۆجالان دەستگیر كرا، لە كۆتاییدا دانى پێدا نا شكستی هێناوە و دەستی كرد بە دووركەوتنەوە لە ئەناركیزم.
لەگەڵ هەموو ئەو شتانەى ڕوویان دەدا، زۆر ئاگادارى دادگاییەکەی ئۆجالان نەبووین لە دادگا، كە بە تۆمەتى ناپاکیی بەڕێوە دەچوو. نەماندەزانى لە نێو وەرچەرخانێكى وەك ئەوەى بۆکچینى نیو سەدە لەمەوپێشدایە كە ماركسیزم-لینینیزمى بەرانبەر دیموكراسیی پەرچ دەدایەوە. گەشتبوو بەو ئەنجامەى ماركسیزم دەسەڵاتخواز و دۆگمایە و لە ئاست پرسە هەنووكەییەكانى ڕۆژدا دەستەپاچەیە. بە دادوەرەكانى وتبوو؛ كە “پێویستە لە ئاست پێویستیى ساتەوەختە مێژوویەكاندا وەڵامدەرەوە بین.” بۆ بەرەوپێشچوون، پێویست بوو كە “بە بیروباوەڕ، بەرنامە و پرەنسیپ و جۆرى چالاكییەكانماندا بچینەوە.” ئەمە ئەو شتە بوو كە ڕەنگە پێویست بوایە بۆکچین لە ١٩٤٦ وتباى.
ئۆجالان بە دادوەرە توركەكانى وت؛ سیستەمە ڕەقەكان دەڕوخێن و كێشە نەتەوەیی، ئیتنیكیى، ئایینیی، زمانیی و هەرێمییەكان تەنیا لە ڕێی سیستمێكى دیموكراسیی ڕاستەقینەوە چارەسەر دەكرێن. هەروەها باسى لەوە كرد كە پەكەكە دەبێت واز لە ئامانجى درووستكردنى دەوڵەتێكى سەربەخۆى كوردیی بێنێت و بە ئاڕاستەى دیموکراتیزەکردنی كۆى توركیادا هەنگاو بهاوێت.
ئەو وتى؛ دیموكراسى كلیلی چارەسەری كێشەى كوردە، چونكە لەو سیستەمەدا هەموو هاووڵاتییەك مافى پارێزراوە و دەتوانێت دەنگ بدات، هەموو كەسێك دەتوانێت بەشداریی بكات، ئەویش بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ ئیتنیكێكە. دەوڵەتى تورك دەبێت دیموكراتیزە بكرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی بتوانێت دان بە هەبوون و زمان و كەلتوورى كوردییدا بنێت. ئەوە ئەنجومەنى دیموكراتى نەبوو وەك ئەوەى بۆکچین بانگەشەى بۆ دەكرد، بەڵكوو ڕێكارى لە سەر بۆ خوار بوو. ئەو ئامانجەی ئەو دەیخواست “كۆماری دیموكراتیی” بوو.
هەروەها پێی وابوو دیموكراسیی كلیلە بۆ داهاتووی توركیاش، چونكە بە ڕاستیى توركیا بەبێ كورد ناگاتە دیموکراسیی. وڵاتانى دیكە پرسە ئیتنیكییەكانى خۆیان بە هێنانەناوەوەى ئەو گرووپانە بۆ نێو سیستەمەكەیان چارەسەر كردووە و لە ئەنجامدا ئەو فرەڕەنگییە واى كردووە بەهێزتر بن. ئەمریكا، هیندستان و وڵاتانی تریش شاهێدى ئەوەن كە پەژراندنى جیاوازییەكان، دەتوانێت وڵاتێك باشتر بكات لەوەی كە هەیە. بەڵام دادوەرە توركەكان خۆشیان لە خۆى و نە لە پەیامەكانى هات و بە زاى سێدارە مەحكومیان كرد، پاشتر سزاكە بۆ زیندانى تاكەكەسیى هەمیشەیی گۆڕا.
جاران بۆکچین دەیوت؛ باشترین ئەناركیستەكان ئەوانەن وا پێشتر ماركسیست بوون. ئەوانە دەزانن چۆن بیر بكەنەوە و چۆن لۆژیكى ئایدیاكانیان بنەخشێنن و لە دیالەکتیک تێدەگەن. بێگومان ئەگەر یەكتریان دیتبا، ئەوا ئەو تواناییانەی لە ئۆجالاندا دەدۆزییەوە. هەردووكیان ماخۆی زهنییەتێكی دیالەکتیکیی هاوبەشن و لە میراتە ماركسییەكەى ڕابردوویانەوە بۆیان بەجێ ماوە. نەک لەبەر دیالەکەلتیک- ماتریاڵیستبوونی هەردووکیان، لەبەر ئەوەی هەردوو دەیانزانى ئەم چەمكە ماركسیستییە كافى نییە، چونكە هۆكارە مێژووییەكان زۆرن و تەنیا ئابووریی نییە. لێ بە دیالەکتیکیی مانەوە، چونكە هەڵوەدای پێواژۆکانی گەشەى مێژوو بوون.
دیالەکتیک ڕێگایەکە بۆ پێناسی بارگۆڕانی شتەکان، تەنیا گۆڕانی فیزیکیی نا، بەڵکوو ئەو گۆڕان پەرەسەندنانەش وا لە نێو بوونەوەر و کۆمەڵگەکاندا دەقۆمێن. ئەم گۆڕانانە بە هۆی دژەکانەوە (تێز و دژەتێز و کۆتێز)ـەوە ڕوو دەدەن. کاتێک دوو بیرۆکە یان هێزی جیاواز دەکەونە ناکۆکییەوە، ئەوا لەم پێواژۆیەدا، هەندێک شتی کۆن وەک خۆیان دەمێننەوە و هەندێک شتی نوێش سەربار دەبن. بەمەش شتێکی نوێ و باڵاتر هەڵدەڕەنگێت، ئەمە تێپەڕاندنی ئەوەیە وا هەبووە.
ئەوان هەڵوەدای بیرکردنەوە بوون لە پەرەسەندنی مێژوو. چەندین بەرهەمی گەورەیان لەمەڕ مێژووی شارستانییەت نووسیوە. لە ململانێی نێوان دەسەڵاتخوازان و ئەو خەڵکانەی وا بەرخۆدانیان لە دژ کردوون، حکومەتە توند و ستەمکارەکان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان، کردووە دواون. بە پێچەوانەی مارکسییەکانەوە، ئەوان دیالەکتیکیان بۆ پێشبینیی ڕوودانی شۆڕشێکی گەورەی گردەبڕی ئاییندە بەکار نەهانی، بەڵکوو باوەڕیان وابوو؛ داهاتوو پێشبینیی ناکرێت. لەبری ئەوە، دیالەکتیکیان کرد بە دەستپێچی نیشاندانی ئەگەرە جیاوازەکان و ئاماژەدان بە ئەگەری ڕووداوەکان و بیرکردنەوە لە هەنگاوی سیاسیی داهاتوو. بەم شێوەیە، جا بە مەبەست بێت یاخود بێمەبەست، مێژوویان کرد بە ڕێنوێنی جووڵەی گەل لە داهاتوودا.
هەردووکیان بە جیا سەبارەت بە ڕیشەکانی شارستانییەت نووسیویانە: لەمەڕ کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی سەردەمی بەردینی کۆن (پالیۆلیتیک)؛ سەرهەڵدانی کشتوکاڵ و خاواندارێتیی تایبەت و کۆمەڵگەی چینایەتیی؛ سەرهەڵدانی ئایین؛ سەبارەت بە کارگێڕیی، دەوڵەتان، سوپا و ئیمپڕاتۆرییەتەکان، لەمەڕ پاشا و دەرەبەگ و فیوداڵیزم. هەروەها باسیان لە مۆدێرنە و سەرهەڵدانی ڕۆشنگەریی و زانست و تەکنەلۆژیا و پیشەسازیی و سەرمایەداریی کردووە.
بۆکچین دوو بەرهەمی سەرەکیی سەبارەت بە شارستانییەت نووسی: ئیکۆلۆژیای ئازادیی (١٩٨٢) و شارستانیی دژی شار (١٩٨٦). ئۆجالانیش چەندین بابەتی نووسیوە نووسیوە، لەوانە، ڕەگەکانی شارستانییەت و پەکەکە و پرسی کورد و بەم تازەکییەش نەخشەڕێگا.
ئەوان چیرۆکی شارستانییەکانیان بۆ خزمەتی کێشە سیاسییەکانی ئێستا بەکار هێنا. پەڕتووکی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” مشتومڕێکە دژی ژینگەپارێزە سواو و ڕیفۆرمخوازەکان بەرەو ئاسۆی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵ. بۆکچین ویستی پیشانی ئەو لیبراڵە هۆشیارانە بدات کە دەتوانن ئامانجیان واوەتر لە ڕیفۆرمێکی سادەی دەوڵەت بێت و دەشێت و دەتوانن بیر لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی ژینگەیی بکەنەوە. ئەوان پێیان وایە خەڵک لە ڕابردوودا بە هەرەوەزیی ژیاون و دەتوانن جارێکی دیکەش وا بژین.
بۆکچین باسی کۆمەڵگە مرۆییە سەرەتاییەکانی پێش نووسینی دەکرد، جا ناوی نابوون “کۆمەڵگەی ئۆرگانیی”. ئەم کۆمەڵگایانە قەبیلەیی و کۆمیناڵ بوون و پلەداریی نەبوون. خەڵک پێکەوە بە هاوبەشیی دەژیان و کاریان دەکرد. ئەو هۆکاری ژیانی هەرەوەزیی ئەم کۆمەڵگانە ئاوا ڕوون دەکاتەوە؛ سەرەتا سوودوەرگرتن (خەڵک کاتی پێویستیی سەرچاوەکانیان بەکار دەهێنا.) پاشان، تەواوکاریی (یارمەتیی یەکتریان دەدا و بە ڕێزەوە کاریان دەکرد.) هەروەها کەمترین پێویستیی (هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەبوو پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خواردن، شوێنی نیشتەجێبوون و جلوبەرگی هەبێت.) ئەو نووسیویەتی؛ لە یەکگرتووییە بەهێزەکەی نێوان تاک و کۆمەڵگەوە، هەستێکی یەکگرتوویی لەگەڵ ژینگەش سەری هەڵداوە. ئەم کۆمەڵگا ئۆرگانییانە بە ئاشتیی و هاوسەنگیی لەگەڵ سرووشت دەژیان.
پاشان باسی لەوە کرد کە چۆن کۆمەڵگا هەنگاو بە هەنگاو گۆڕاوە. ڕوونی کردەوە چۆن دەسەڵات لە کۆمەڵگە سەرەتایی و سرووشتییەکانەوە بە هێواشیی سەری هەڵدا. سەرەتا پیاوسالاریی هاتە ئاراوە، جا لەوێڕا پیاوان بە سەر ژناندا زاڵ بوون. پاشان فەرمانڕەوایی کەسە بەتەمەنەکان (پیرسالاریی) سەری هەڵدا. پاش ئەوە، شامان و کاهینەکان دەسەڵاتیان بەدەست هێنا، بەدوایدا جەنگاوەران، سەرۆک و دەوڵەتان، دواجاریش کۆمەڵگەی چینایەتیی. دواتر خەڵک ئەو بیرۆکەیەی پەرە پێدا، کە دەکرێت سرووشت جڵەو بکرێت، بۆیە دەستیان کرد بە بینینی سرووشت وەک شتێک بۆ بەکارهێنان و قۆستنەوە.
بە لای بۆکچینەوە، لە تەک مێژووی دەسەڵات و پلەدارییدا، مێژوویەکی تری تەریبمان هەیە و مێژووی ئازادییە. زۆرێک لە بزووتنەوە ڕزگارییخوازەکان، بیرۆکە دێرینەکانی کۆمەڵگەی ئۆرگانییان هەڵگرتووە، وەک؛ هاوبەشییکردنی سەرچاوەکان (سوودوەرگرتن)، یارمەتییدانی یەکتر (تەواوکایی) و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان (کەمترین ئاست) بۆ هەمووان. بۆکچین باوەڕی وابوو؛ ئەم ئایدیایانە هێشتا دەرفەت بە خەڵک دەدەن تا لە سەرووی زاڵبوونەوە بووەستن و کۆمەڵگەیەکی ئازاد و هەرەوەز پێکەوە بنێن. کۆمەڵگەیەکی لەو چەشنە دەیتوانی لە پەیوەندییەکی باشتر و هەماهەنگتردا لەگەڵ سرووشت بژی. ئەو ئەم بیرۆکانەی بە ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی ناو دەبرد.
ئەوە لە ساڵی ١٩٨٢ـدا بوو. لە دووەم بەرهەمی سەبارەت بە شارستانییەت، بە ناوی “بەشاربوون بەبێ شار”، ویستی ڕەگە مێژووییەکانی دیموکراسیی ئەنجوومەنەکان نیشان بدات. نموونەی ئەنجوومەنی هاووڵاتییانی لە زۆر سەردەم و شوێندا دۆزییەوە؛ ئەسینای کۆن (ئیکلیسیا)، شارۆچکە سەرەتاییەکانی ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ڤێچێی ڕووسیی پسکۆڤ و نۆڤگۆرۆد، کۆبوونەوەکانی کۆمونییەرۆ لە ئیسپانیای سەدەی ١٦، پاریسی شۆڕشگێڕ لە ١٧٩٣، لیژنە و ئەنجوومەنەکانی شۆڕشی ئەمریکا، یانەکانی پاریس لە ١٨٤٨، کۆمۆنەی پاریس لە ١٨٧١، سۆڤێتەکانی ١٩٠٥ و ١٩١٧، کۆمەڵە هاوبەشەکان لە ئیسپانیای شۆڕشگێڕ (١٩٣٦–٣٧) و کۆبوونەوەکانی شارۆچکەکانی نیوئینگلاندی ئەمڕۆ، ئەو نیشانی دا کە بە پێچەوانەی مارکسییەکانەوە، شوێنی شۆڕش کارگە نەبووە، بەڵکوو شارۆچکە و شارەوانییە ناوخۆییەکان بوو. کتێبی “بەشاربوون بەبێ شار”، بنچینە دیالەکتیکییەکانی شۆڕشی شارەوانییەکانی بۆ ئازادیی دژی دەوڵەت-نەتەوە لە خۆیدا هەڵگرتووە.
سەرەڕای ئەوەی لە دوڕگەکەی لە زیندانی تاکەکسیی بوو، لێ ئۆجالان خۆی بۆ خوێندنەوە و نووسین تەرخان کرد. ئەو زۆر جار لە سەر شارستانییەتی نووسیوە. لە پەڕتووکی ڕیشەکانی شارستانییەت (٢٠٠١)ـدا، ویستی بیسەلمێنێت کە گەرەکە کۆماری دیموکراتیی تورکیا کوردەکانیش لەخۆ بگرێت. هەروەها باسی پرۆسەی پەرەسەندی کۆمەڵایەتیی و ئەو پڕۆسە مێژووییە گەورانەی شارستانییەتی کرد وا ڕەگوڕیشەکانیان ئاو لە مێزۆپۆتامیا و سۆمەر دەخۆنەوە.
ئەو پێی وایە؛ زیگۆرات پەرستگە و ناوەندێکی کارگێڕیی و شوێنێک بوو بۆ بەرهەمهێنان، “منداڵدانی دامەزراوە دەوڵەتییەکان” بوو. نهۆمی سەری سەرەوەی بۆ خواکان تەرخان کرابوو، بەڵام نهۆمی یەکەم بۆ بەرهەم و کەڵەکەی کاڵاکان بەکار دەهێنرا. پەرستگە وەک ناوەندێکی بەرهەمهێنانی ئابووریی وابوو. فەرمانڕەوایان وەک خوداوەندەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا و باقی خەڵکیش دەبوو لە خزمەتی ئەواندا بن، جا وەک کرێکار کاریان بۆ بکەن، ئەویش لەسەر بنەمای ئابووریی پەرستگا.
زیگۆراتەکان “ئەو تاقیگانە بوون وا شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤیان داڕشت، ئەو شوێنانە بوون بۆ یەکەمین جار مرۆڤی گوێڕایەڵی لێوە پەیدا بوو.” هەروەها “یەکەمین ماڵی پیاوسالاریی و یەکەمین خانەی لەشفرۆشیی” بوون. ئەو کاهینە سۆمەرییانەی درووستیان کردن، بوون بە “ئەندازیاری سێنتراڵیزەکردنی دەسەڵاتی سیاسیی.” جا پەرستگاکان گەشەیان سەند و بوون بە شار، شارەکان گەشەیان سەند و بوون بە دەوڵەت، پاشان ئیمپراتۆرییەت و لە کۆتاییشدا شارستانییەت، بەڵام سرووشتی دیاردەکە هەر وەک خۆی مایەوە: “مێژووی شارستانییەت هیچ نییە جگە لە نوسخەیەکی درێژکراوەی کۆمەڵگای سۆمەر، کە گەورەتر و فراوانتر و ئاڵۆزترە، لێ لەسەر هەمان بنچینە دێرینەکانی.” ئێمە هێشتاش لە سۆمەردا دەژین، هێشتاش لەو “داهێنانە زیرەکە ناوازەیەی” “لەو چەرخەوە تا ئێستا هەموو مێژوومانی داگیر کردووە.”
ئەو دیالەکتیکییانە وتی، ئەگەر شارستانییەتی سۆمەریی تێز بێت، ئەوە پێویستمان بە دژەتیزێکە و دەکرێت لە پرسی کورددا بیدۆزینەوە. بەرەنگاریی ئیتنیکی دژی شاری سۆمەریی، هێندەی مێژووی خودی شارەکە کەونارە. ئەمڕۆ دەکرێت فۆرمێکی باڵای دەوڵەتی سۆمەر لە کۆمارێکی سەرتاپێ دیموکراتییدا بدۆزرێتەوە و ماڵێک بێت کورد و تورک پێکڕا لێی بژین.
هیچ شتێک لەبارەی ئەو بیرمەندانەوە نازانم وا کاریان کردووەتە سەر ئۆجالان، فرە کەڕەت باسی واڵڕشتاین و بڕۆدێل و فۆکۆ دەکرێت. بەڵام ئاشكرایە ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٢ بە شێوەیەکی چڕ دەستی کردووە بە خوێندنەوەی بۆکچین، بەتایبەت “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” و “بەشاربوون بەبێ شار”.
دوای ئەوە، لە ڕێگەی پارێزەرەکانییەوە، پێشنیاری پەڕتووکی “بەشاربوون بەبێ شار”ـی بۆ هەموو سەرۆک شارەوانییەکانی باکوری کوردستان و پەڕتووکی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” بۆ هەموو میلیتانەکان. کرد لە بەهاری ٢٠٠٤ داوای لە پارێزەرەکانی کرد؛ پەیوەندیی بە مۆرایەوە بکەن، لە ڕێگەی کەسێکەوە ئەم کارەیان کرد و کابرا بۆ مۆرای ڕوون کردەوە ئۆجالان خۆی بە فێرخوازی ئەو دەزانێت، تێگەیشتنێکی باشی بۆ کارەکانی هەیە و پەرۆشی جێبەجێکردنی بیرۆکەکانییەتی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. داوای دیالۆگێکی لەگەڵ مۆرای کرد و یەکێک لە دەستنووسەکانی خۆی بۆ نارد.
ئەگەر ئەو گفتوگۆیە ڕووی بدایە، زۆر سەرسوڕهێنەر دەبوو. بەداخەوە مۆرای لە تەمەنی هەشتاوسێ ساڵیدا بوو، زۆر نەخۆش بوو، قورس بوو بۆی تا بتوانێت بانگهێشتەکە پەسەند بکات، بۆیە بە دڵگرانیی و ڕێزەوە ڕەتی کردەوە.
نووسینەکانی دواتری ئۆجالان کاریگەریی خوێندنەوەی بۆکچینی پێوە دیارە. بەرهەمەکەی ساڵی ٢٠٠٤ بە ناوی “بەرگرییکردن لە گەلێک” باسی شێوازە کۆمەڵایەتییە بنەڕەتییە کۆمۆناڵەکان دەکات، وەک “کۆمەڵگەی ئۆرگانیی”ـی مۆرای، کە ئۆجالان ناوی لێ نا “کۆمەڵگەی سرووشتیی”. ئەو دەبێژێت؛ لە کۆمەڵگەی سرووشتییدا خەڵک “وەک بەشێک لە سرووشت” ژیاون و “کۆمەڵگە مرۆییەکان بەشێک بوون لە ئیکۆلۆژیای سرووشتیی.” بابەتێکی لەمەڕ سەرهەڵدانی پلەداریی بەرباس دا و زۆر لەوەی بۆکچینەوە نزیک بوو: دەوڵەت “پلەبەندیی بە شێوەیەکی هەمیشەیی داسەپاند و کەڵەکەی بەها و کاڵاکانی بە ڕەوا دانا.” سەرباری ئەوەش، وتی، سەرهەڵدانی پلەداریی بیرۆکەی زاڵبوونی بەسەر سرووشتدا پەرە پێ دا: “لەبری ئەوەی بەشێک بن لە سرووشت،” کۆمەڵگەی پلەداریی “سرووشتی زیاتر و زیاتر وەک سەرچاوەیەک دەبینی.” ئۆجالان تەنانەت ئاماژەی بە سرووشتی دیالەکتیکیی پڕۆسەکەش کرد: “کۆمەڵگەی سرووشتیی لە سەرەتای مرۆڤایەتییدا تێزی بەرانبەر شێوازە پلەداریی و دەوڵەت-تەوەرەکانی دواتری کۆمەڵگەکانە کە دەبنە دژەتێز بۆی.
بەرهەمەکانیان لە سەر شارستانییەت خاڵی زۆری لێکچوو و جیاوازیان هەیە و لێگەڕینیان سەرنجڕاکێش دەبێت، بەڵام لە پێناو کورتکردنەوەدا، خۆم بە یەکێکیانەوە سنووردار دەکەم، ئەویش شێوازە جیاوازەکانی نووسینیانە دەربارەی مێژووی میزۆپۆتامیا.
ئۆجالان، وەک پێشتر وتم، جەختی لەوە کردەوە کە مێزۆپۆتامیا هەواری سەرهەڵدانی شارستانییەت بووە. بۆکچین هاوڕا بوو، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە نووسین لەوێ دەستی پێ کردووە: «نووسینی بزماریی… ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تۆمارە وردانەی وا کارگێڕانی پەرستگە سەبارەت بە کاڵا وەرگیراو و دابەشکراوەکان هەڵیان دەکۆڵین.» دواتر «ئەم هێمایانەی سەر تاتە قوڕینەکان» بوون بە «شێوازی گێڕانەوەیی نووسین،»، ئەمە پەرەسەندنێکی پێشکەوتوو بوو. ئەو هاوڕا بوو کە پلەداریی، کاهن و دەوڵەت، لە سۆمەرەوە دەستیان پێ کردووە، هەرچەند ڕای وابوو شارستانییەتە کۆنەکانی مێزۆئەمریکا، پەرەسەندنێکی هاوتەریبیان بەخۆوە بینیوە. بەڵام ئەوەی وا دەردەکەوێت زۆرترین کاریگەریی لە سەر درووست کردبێت، شوێنەواری بەرگریی بوو، لە سۆمەر “یەکەم دەوڵەت-شارەکان لەلایەن ئەنجوومەنە یەکسانخوازەکانەوە بەڕێوە دەبران و ئازادییەکی بێوێنەیان هەبوو.” دوای سەرهەڵدانی پاشایەتیی، “بەڵگەی شۆڕشی جەماوەریی هەیە، لەوانەیە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتیی پێشوو و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی پاشا بووبێت.” تەنانەت “فەرمانڕەوا ئینسیی[1] و سەرکردە سەربازییەکان، بەردەوام لەلایەن کۆبوونەوە جەماوەرییەکانەوە کۆنترۆڵ کراون.”
ئەوەی سەرسامیی دەکرد، وشەی ئازادیی (ئەمارگیی) بوو، ئەم پەیڤە یەکەم جار لە مێژووی تۆمارکراودا لە سۆمەر، لەسەر تاتەقوڕێکی بزماریی سۆمەریی دەرکەوت، تێچنەکە باسی شۆڕشێکی جەماوەریی سەرکەوتوو دەکات دژی پاشایەتییەکی ستەمکار.
دوای خوێندنەوەی بۆکچین، ئۆجالان تێبینیی وشەی “ئامارگیی” کرد، بەڵام زۆر جەختی لێ نەکردەوە. لەگەڵ ئەوەش، زۆرێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردیی بە سەردەمی بەردینی نوێ (نیۆلیتیک)ـەوە بەستەوە و وتی؛ “شێوازی بیرکردنەوە و ژیانی کۆمەڵگە کوردییەکان، هاوشێوەی کۆمەڵگە دێرینەکانی سەردەمی بەردینی نوێیە.” تەنانەت ئەمڕۆش، کۆمەڵگەی کوردیی تایبەتمەندییە هەرەوەزییەکانی کۆمەڵگەی ئۆرگانیی پاراستووە. کوردەکان زۆر جار سیستەمی کڵان و کۆنفیدراسیۆنی هۆزایەتییان پەیڕەو کردووە و هەوڵیان داوە بەرەنگاریی حکومەتە ناوەندگەراکان ببنەوە. ئەوان هەڵگڕی ماتەوزەی ئازادیی و سەربەخۆیین.
وەک دوو مارکسیست، بۆکچین و ئۆجالان دەیانزانی پێواژۆ ماتریاڵییە-دیالەکتیکییە مێژووییەکان ڕژد و توندوتۆڵن و وەک یاسا کار دەکەن، سا بۆیە ناکرێت خۆمان لە سەرئەنجامەکانیان بدزینەوە، وەک سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداریی. بەڵام لە “ئیکۆلۆژیای ئازادیی”ـدا، بۆکچین، کە وازی لە مارکسیزم هێنابوو، دژی ئەم بیرۆکەیەی یاسا کۆمەڵایەتییە جێگیرەکان دەوەستایەوە و وتی؛ ئەم بیرۆکانە مەترسیدارن. مەرام لەم بیرۆکانە، ناچارکردنی خەڵکە تا گوێڕایەڵیی سیستەمە دەسەڵاتخوازەکان بن، بۆ نموونە؛ وەک سەردەمی ستالینیزم. هەروەها ئیرادە و هێزی هەڵبژاردنی مرۆڤیان لە ڕەنگاندنی مێژوودا پشتگوێ خستووە. باوەڕبوون بەم “یاسایانە” وا لە خەڵک دەکات هەست بە گیرخواردن و بێهێزیی بکەن. ڕاستییەکەی بۆکچین بەڵگەکاریی بۆ ئەوە دەکرد کە تەنانەت سەرهەڵدانی پلەدارییش حەتمیی نەبووە، جا دەتوانین شتەکان هەڵگێڕینەوە و بیر لە داهاتوویەکی ئازاد بکەینەوە. مرۆڤەکان پێشتریش لە کۆمەڵگەی هاوبەشدا ژیاون و دەتوانین دووبارە پێکی بهێنینەوە. یادەوەریی ئەم کۆمەڵگا دێرینانە یارمەتیی خەڵک دەدات تا هەست بە پابەندبوونێکی سرووشتیی بە ئازادییەوە بکەن. بە بڕوای ئەو ئەمە بیرۆکەی بنچینەیی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی”ـیە.
بە خوێندنەوەی پەڕتووکی “بەرگرییکردن لە گەلێک”ـی ئۆجالان، هەستم بە هەمان ئەو چێژە کرد وا یەکەم جار و ساڵی ١٩٨٥ “ئیکۆلۆژیای ئازادیی”ـم خوێندەوە. دڵخۆش بووم کاتێك تێگەیشتم مرۆڤەکان ڕۆژگارێک بە کۆمۆناڵ و هاوبەشیی ژیاون (شتیان هاوبەش کردووە و یارمەتیی یەکتریان داوە) و ئەگەر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییمان بگۆڕین، ئەوا دەتوانین جارێکی تر بەم شێوەیە بژێینەوە. بیرۆکەی کەمترین ئاستی پێویستیی “irreducible minimum” ئێستا ناوی نوێی هەیە، وەک سۆسیالیزم. پەڕتووکی “ئیکۆلۆژیای ئازادیی” ئەوە بە خوێنەران دەبەخشێت کە مۆری ناوی لێ نابوو “بنەمای هیوا”، بێگومان ئەمە بۆ ئۆجالانی زیندانیی شتێكی واتادار دەبێت.
ئۆجالان ساڵی ٢٠٠٤ نووسیویەتی، “سەرکەوتنی سەرمایەداریی تاکە چارەنووس و سەرەنجام نەبوو. مێژوو دەیتوانی بە ڕێگایەکی جیاوازتریشدا بڕوات.” وتبووی ئەو بیرکردنەوەیەی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە بە شتێکی حەتمی دادەنێت، خوێن دەڕژێنێتە ئاشی دەسەڵاتداران. لەبری ئەوە نووسیویەتی، “هەمیشە دەرفەتێک بۆ ڕوودانی شتەکان وا لە گۆڕێ… هەمیشە بژاردەیەک بۆ ئازادیی هەیە “.
دیوە کۆمۆناڵەکانی “کۆمەڵگەی سرووشتیی” هێشتا لە نێو ئەو گرووپە نەتەوەیی و تەڤگەرە چینایەتیی و پێڕە ئایینیی و فەلسەفییانەدا هەیە وا بۆ ئازادیی دەجەنگن. ئۆجالان نووسیویەتی، “کۆمەڵگەی سرووشتیی هەرگیز لەناو نەچووە”. لە مێژووی ڕۆژئاوادا، هەمیشە ململانێیەکی دیالەکتیکیی لە نێوان ئازادیی و باڵادەستییدا هەبووە، ئەو دەڵێت؛ ئەمە “شەڕێکی بەردەوامی نێوان ئەو هۆکارە دیموکراتییانەیە وا بۆ بنەما کۆمۆناڵەکان دەگەڕێنەوە لەگەڵ ئەوانەی چەکی دەستیان هێز و جەنگە”. وتوشییەتی؛ “کۆمەڵگەی کۆمۆناڵ هەمیشە لەتەک کۆمەڵگەی پلەدارییدا وا لە ململانێدا”.
لە کۆتاییدا، ئۆجالان ئێکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی پەسەند کرد. ساڵی ٢٠٠٤ نووسی؛ “گرفتی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی لەگەڵ شارستانییەتدا دەست پێ دەکات،” چونکە لەوێش دەتوانین ڕەگوڕیشەکانی شارستانییەت بدۆزینەوە کە “کاولکاریی ژینگەیی سرووشتیی دەست پێ دەکات.” کۆمەڵگەی سرووشتیی لەگەڵ کۆمەڵگای ئیکۆلۆژییدا هەماهەنگ بوو. هەمان ئەو هێزانەی لە ناوخۆوە کۆمەڵگەیان ڕووخاند، ڕایەڵی پەیوەندیشیان بە سرووشتەوە قرتاند. سەرمایەداریی دژی سروشتە و پێویستمان بە خەباتێکی ئەخلاقییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. ڕەنجێکی ئەخلاقیی هۆشیارانە و ئیتیکيکی کۆمەڵایەتیی تازە، کە هاوتەرازی بەها ترادیشناڵەکان بێت. ئازادیی ژنان پایە و کۆڵەکەیە. هەروەها ئەو بانگەوازی بۆ “کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی-ئێکۆلۆژیی”ـی دەکرد کە بە پێودانگێکی ئەخلاقیی بنیاد نرابێت و خەڵک لە هاوسەنگییەکی دیالەکتییکییدا بن لێل سرووشت، هەروەتر لە ڕێی دیموکراسیی ڕاستەوخۆوە دەستیان بە ئاسۆی خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتییدا ڕابگات.
چۆن هەموو ئەمانە بە پرسی کوردەوە ڕایەڵ کران؟ جارێکی دی ئۆجالان پێی لەسەر ئەوە داگرت کە بەدەستهێنانی ئازادیی بۆ کوردان، واتای بەدەستهێنانی ئازادییە بۆ هەمووان. ئەو نووسیویەتی، “دەبێت چارەسەر تەنێ بۆ گەلی کورد نەبێت، بەڵکوو بۆ هەموو گەلان کارا بێت. من لەسەر بنەمای یەک هیومانیزم، یەک مرۆڤایەتیی، یەک سرووشت و یەک گەردوون، لەم کێشانە نزیک دەبمەوە”. بەڵام ئێستا، لەبری کۆماری دیموکراتیی، گەرەکە ئەم ئازادییە بە دەساوێژی دیموکراسیی ئەنجوومەنئاسا بەدەست بهێنرێت.
ئەو دەڵێت؛ یەکەم ئەرکی ئێمە پاڵپشتییە بۆ دیموکراتیزەکردنی هەبوونە نادەوڵەتیی و ڕێکخستنە کۆمۆناڵەکان. لەبری ئەوەی تەنها سەرنج لە سەر گۆڕینی دەستووری تورکیا بێت، داوای کرد کوردان لە سەر ئاستی ناوخۆیی ڕێکخراو درووست بکەن: ئەنجومەنە شارۆچکەییەکان، ئیدارەی شارەوانیی، تا دەگاتە قەزا و شارۆچکە و گوندەکان. پێویستە پارتی سیاسیی خۆجێیی نوێ و کۆمەڵەی ئابووریی هەرەوەزیی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ مافی مرۆڤ و مافی ژن و منداڵان، مافی ئاژەڵان و هەموو ئەو بابەتانەی تر دەکەن، کە پێویستە چارەسەر بکرێن، پێک بهێنن.
پێویستمان بە “کۆمەڵە هەرێمییەکانی ئیدارەی شارەوانییەکان”ـە، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەم ڕێکخراو و دامەزراوە ناوخۆیانە تۆڕێک پێک بهێنن. دەبێت لە بەرزترین ئاستدا نوێنەرایەتییان لە “کۆنگرەی گشتیی گەل”ـدا هەبێت، ئەمە مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی وەک؛ “سیاسەت، پاراستنی جەوهەریی، یاسا، ڕەوشت، ئابووریی، زانست، هونەر و خۆشگوزەرانیی دەکات، ئەویش لە ڕێی بەدامەزراوەییکردن و ڕێسا و میکانیزمەکانی چاودێرییەوە”.
هەنگاوبەهەنگاو، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دامەزراوە دیموکراتییەکان، سەرپاکی تورکیا دەکەوێت سەر باری دیموکراتیزەبوون. ئەو دامەزراوانە لە سەرووی سنوورە نەتەوەییەکانەوە پەیوەندیی دادەمەزرێنن تا ئاسانکاریی بۆ ڕاهێڵکردنی شارستانییەتی دیموکراتیی بۆ تەواوی ناوچەکە بکەن. جا ئەمە نەک تەنیا ئازادیی بۆ کوردان فەراهەم دەکات، بەڵکوو نوێبوونەوەی کەلتووریی و سیاسییش لەگەڵ خۆی بۆ هەمووان دەهێنێت. لە کۆتاییدا، یەکێتییەکی فیدراڵیی دیموکراتیی دەیتوانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە. ئۆجالان ئەم وەشانە کوردییەی شارەوانییە ئازادەکانی بە “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی” ناو برد.
لە مانگی ئازاری ٢٠٠٥، ئۆجالان “بەیاننامەی کۆنفیدراڵیزمیی دیموکراتیی” لە کوردستان بڵاو کردەوە. لەوێ داوای “دیموکراسییەکی بنچینەیی بە پێودانگی دیموکراسییەکی کۆمۆناڵی کۆمەڵگەی سرووشتیی” کرابوو. “کۆمەڵەی گوند و شارۆچکە و شارەکان دابمەزرێن و بڕیاری ڕاستەقینە بە نوێنەرەکانیان بسپێردرێت، ئەمەش لە کردەوەدا واتای ئەوەیە، خەڵک و کۆمەڵگە بڕیار دەدەن.” کۆنفیدراڵییە دیموکراتییەکەی ئۆجالان ئەو هەنگاوە بلیمەتانەیەیە وا ئازادیی کوردان بە ئازادیی مرۆڤایەتییەوە دەبەستێتەوە. مافەکانی تاک و ئازادیی ڕادەربڕین بۆ هەمووان دەستەبەر دەکات، ئەمە بێ گوێدانە جیاوازییە ئایینیی، نەتەوەیی و چینایەتییەکان. “مۆدێلێکی کۆمەڵگەی ژینگەیی پەرە پێ دەدات” و پشتگیریی ئازادیی ژنان دەکات. ئەم بەرنامەیەی بەم ڕەنگە بۆ گەلەکەی پێشنیار کرد: “بانگەواز لە هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە دەکەم، بە تایبەت تێكڕای ژنان و گەنجان، ڕێکخراوە دیموکراتییەکانی خۆیان دابمەزرێنن و خۆیان خۆبەڕێوەبەر بن.” کاتێک لە پاییزی ٢٠١١ سەردانی ئامەدم کرد، بۆم دەرکەوت، ڕاستەوخۆ کوردان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ ئەم بەرنامەیەیان خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
تا ساڵی ٢٠٠٤-٢٠٠٥، ئۆجالان وازی لە هەوڵدان هێنابوو یان سەرنجی لەمەڕ دیموکراتیکردنی لە سەر بۆ خواری دەوڵەت گۆڕی بوو. ساڵی ٢٠٠٥ نووسیویەتی، “بیرۆکەی دیموکراتیکردنی دەوڵەت لە جێی خۆی نییە”. ئەو پێی وابوو؛ دەوڵەت چەکوشی ستەمکارییە، “مۆدێلیی چینی دەسەڵاتدارە” و یەکێکە لە مەترسیدارترین بابەتەکانی مێژوو. بۆ دیموکراسییش زیانبەخشە، “نەخۆشییەکە” و تا دەوڵەت هەبێت، “ناتوانین سیستەمێکی دیموکراتیی درووست بکەین.” ئەو دەبێژێت؛ کورد و لایەنگرانیان “هەرگیز نابێت پێ لە سەر دەوڵەت داگرن” یان هەوڵ بدەن ببنە دەوڵەت. ئەوە دیموکراسیی لاواز دەکات و یارمەتیی سیستەمی سەرمایەداریی دەدات.
ئەم بیرۆکەیە زۆر ڕوونە و لەگەڵ پلانی شۆڕشگێڕانەی بۆکچیندا دەگونجێت. ئەو دەڵێت؛ کاتێک ئەنجوومەنەکانی هاووڵاتییان درووست دەکرێن و پێکەوە دەبەسترێن، دەتوانن “دەسەڵاتێکی دوولانەیی Dual power” بۆ ئاڵنگاریی دەوڵەتی نەتەوەیی پێک بهێنن. ئەم دەسەڵاتە دووانەییە لە کۆتاییدا دەتوانێت دەوڵەت بڕوخێنێت و جێگەی بگرێتەوە. بۆکچین بیرۆکەی دەسەڵاتی دووانەیی لە ترۆتسکیی وەرگرتووە. ترۆتسکیی لە “مێژووی شۆڕشی ڕووسیا”ـدا نووسیویەتی؛ پاش شوباتی ١٩١٧، کاتێک حکومەتە کاتییەکان لە دەسەڵات بوون، پترۆگراد سۆڤییەتی کرێکاران بووە دەسەڵاتێکی دووانەیی لە دژیان. دواتر ئەمە بووە پاڵپشتی پێشەنگێتیی شۆڕشی ئۆکتۆبەر. بە هەمان شێوە، دەکرێت تۆڕێک لە کۆنفیدراسیۆنی کۆمۆناڵیست لە دۆخێکی شۆڕشگێڕیدا ببێتە دژدەسەڵات، دەسەڵاتێکی دووانە.
بەڵام ئۆجالان، لە هەمان بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٤ (بەرگریکردن لە گەلێک)، پەیامێکی ناکۆک دەربارەی دەوڵەت دەنێرێت: “بە ڕای من، ڕاست نییە کە پێویستە دەوڵەت هەڵبوەشێنرێتەوە و بە شتێکی تر جێی بگیرێتەوە.” گەیشتن بە دیموکراسیی لە ڕێی تێکشکاندنی دەوڵەتەوە “وهمیی”ـیە. بەڵکوو دەکرێت و دەبێت دەوڵەت بچووکتر ببێتەوە و لە هەندێ بواردا سنووردار بکرێت. هەندێک لە ئەرکەکانی پێویستن: بۆ نموونە، ئاسایشی گشتیی، ئاسایشی کۆمەڵایەتییی و بەرگریی نیشتمانیی. کۆنگرەی کۆنفیدراڵی دیموکراسیی دەبێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات” وا دەوڵەت بە تەنیا ناتوانێت چارەسەریان بکات.” دەوڵەتێکی سنووردار دەتوانێت “هاوتەریب” لەگەڵ دیموکراسیی پێکەوە بژی.
وا دیارە ئەم ناکۆکییە خودی ئۆجالانیشی بێزار کردبێت. ئەو بە پێداگرییەوە نووسیویەتی؛ “دەوڵەت وەک دیاردەیەکی جانووس[2]ی دەمێنێتەوە.” وا دیارە بابەتەکە هێشتا بۆ ئەو ڕوون نییە، ئەمەش جێی تێگەیشتنە. هەروەها ژیرانە نووسیویەتی؛ “سەردەمی ئێستای ئێمە قۆناغی گواستنەوەیە لە دەوڵەتەوە بۆ دیموکراسیی، لە قۆناغی گواستنەوەدا، زۆر جار کۆن و نوێ شانبەشانی یەک بوونیان هەیە.”
بزووتنەوەی کۆمۆناڵیستیی بۆکچین، هەرگیز نەگەیشتە ئەو ئاستە کردارییەی بزووتنەوەکەی ئۆجالان، بەڵام ئەگەر بشگەیشتایە، بە ئەگەری زۆرەوە ڕووبەڕووی هەمان کێشە دەبووەوە. چەمکی بەرنامەیەکی گواستنەوە، کە بۆکچین لە بۆنەی وادا بەکاری دەهێنا، ڕەنگە لێرەدا یارمەتیدەر بێت. ئەو سێ جۆر پرۆگرامی ڕوون کردەوە: پرۆگرامی کەمترین (چاکسازیی بچووک لەمەڕ پرسە دیارییکراوەکان)، پڕۆگرامی گواستنەوە (وەک ڕێبازی ئۆجالان) و پرۆگرامی زۆرترین (سۆشیالیزم، دیموکراسیی کۆمەڵگەی بێدەوڵەت). بەپێی مۆرای، ئەم بیرۆکەیە لە ترۆتسکییەوە هاتووە. یارمەتیی خەڵک دەدات تا لە کاتێکدا لە جیهانی ڕاستەقینە و ناشۆڕشگێڕییدا بە کارەوە سەرقاڵن، ئامانج و بنەما درێژخایەنەکانیان بپارێزن.
لە مانگی ئایاری ٢٠٠٤، بۆکچین پەیامێکی بۆ ئۆجالان نارد: “هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان گەلی کورد بتوانێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات درووست بکات و زەمینە بڕەخسێت تا بە ئازادیی بژێنەوە. ئەوان بەختەوەرن کە سەرکردەیەکی وەک ئۆجالانیان بۆ ڕێنموێنییان هەیە “. دواتر، زانیمان ئەم پەیامە لە هاوینی ٢٠٠٤ و لە دووەم کۆبوونەوەی گشتیی کۆنگرەی گەلی کوردستان لە نێو چیاکان، بە دەنگی بەرز خوێندراوەتەوە.
کاتێک بۆکچین لە تەمموزی ٢٠٠٦ کۆچی دوایی کرد، کۆنسەی پەکەکە ڕێزی لە “یەکێک لە گەورەترین زانایانی کۆمەڵایەتیی سەدەی بیستەم” گرت. ئەو “بیرکردنەوەی ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتیی پێ ناساندین” و “یارمەتیی پەرەپێدانی تیۆریی سۆسیالیستیی بوو تا لە سەر بنەمایەکی پتەوتر پێش بکەوێت.” ئەو نیشانی دا چۆن سیستمێکی دیموکراتیی نوێ وەڕاست بگەڕێنرێت. “ئەو چەمکی کۆنفیدراڵیزمی پێشنیاز کردووە،” ئەو مۆدێلەی ئێمە باوەڕمان وایە داهێنەرانەیە و دەکرێت جێبەجێ بکرێت.” هەروەها: “تێزی بۆکچین سەبارەت بە دەوڵەت، دەسەڵات و پلەداریی، لە ڕێی خەباتی ئێمەوە جێبەجێ دەکرێت و بەدی دێت… ئێمە ئەم بەڵێنە دەخەینە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش وەک یەکەم کۆمەڵگە، کە کۆنفیدراڵیزمێکی دیموکراتیی بەرجەستە دادەمەزرێنێت.”
هیچ ڕێزلێنانێک لەوە زیادتر دڵخۆشى نەدەکرد. تەنیا خۆزگەم ئەوە بوو گوێی لێ بووایە. لەوانەیە بە یەکەم وشەی تۆمارکراوی ئازادیی لای سۆمەرییەکان وەڵامی بدانایەتەوە؛ “ئەمارگیی”!
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥١، [پاییز–٢٠٢٦] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
[1] نازناوێک بووە بۆ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی سۆمەر.
[2] خواوەندێکی دووسەری ڕۆمانییە، بە خواوەندی دەروازە و ڕێڕەوەکان دادەنرێت، کە ڕوویەکی لە ڕابردووە و ڕوویەکی لە ئاییندە.



