بڵندگۆیەک لە بیقاع: گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان
چاوپێکەوتنێکی مێژوویی مایکڵ گەنتر لەگەڵ ڕێبەر ئۆجالان لە دیمەشق لە ساڵی ١٩٩٨؛ دەربارەی مێژووی پەکەکە، پێشنیاری فیدڕالیزم بۆ چارەسەر و تێڕوانینەکانی لەسەر داهاتووی تورکیا.

ئامادەکردن: مایکڵ م. گەنتر
لە ئینگلیزییەوە؛ هێمن کاکە
بڵندگۆیەک لە بیقاع
گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان
عەبدوڵا ئۆجالان (ئاپۆ) دامەزرێنەر و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانە، پەکەکە پارتێکە و حکومەتی ئەمریکا لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆرستیەکاندا دایناون. ئاپۆ لە ١٩٤٩ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) لەدایک بووە. ماوەیەک خوێندکاری زانستە سیاسییەکان بووە لە زانکۆی ئەنقەرە، هەر لەوێ دەستی کردووە بە داڕشتنی ئایدیاکانی لە بارەی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە. ئۆجالان لە نۆڤەمبەری ١٩٧٨ پەکەکەی دامەزراند. لە ئایاری ١٩٧٩ چووە سووریا و ئەم شەڕەی ئێستای لە دژی تورکیا لە ئابی ١٩٨٤ دەست پێ کرد. تا بەهاری ١٩٩٨، بەهۆی داگیرکاریی دەوڵەتەوە زیاتر لە ٣٠٠٠ گوند خاپوور کران، ۲۷۰۰۰ کەس مردن و نزیکەی سێ ملیۆن کەس ڕاگوێزران. مایکڵ م. گەنتر، پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکانە لە زانکۆی تەکنۆلۆژیی تینسی و نووسەری سێ کتێبە دەربارەی کێشەکانی کورد، لە ١٣ و ١٤ـی ئازاری ١٩٩٨ لە دیمەشق ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام دا.
پێشەکیی ئامادەكار
گەشتەکەم بۆ سووریا بە وەرگرتنی ڤیزایەکی گەشتیاری سینگڵ ستاندارت بۆ ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد، بەبێ هیچ پەیوەندییەکی سیاسیی و باربۆیەکی حکومەتی سووریا ئەنجامم دا. پارەی بلیتەکەمم دا و بە هێڵی ئاسمانیی بەریتانیی گەشتی دیمەشقم کرد. لە ڕێی پەیوەندییەکانم لە بەریتانیاوە پەکەکەم لە گەشتنم ئاگادار کردبووەوە، بۆیە نوێنەرانیان لە فڕۆکەخانەی دیمەشق هاتنە پێشوازییم.
لە هەردوو ڕۆژی گفتوگۆکەم لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان لە دیمەشق، منیان لە هۆتێلەکەمەوە لە ناوەندی شار بە ڕێگەیەکی پێچەڵپێچ دەگەیاندە شوێنی دیاریکراو؛ ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەم ڕێگەیە بۆ ئەوە بووبێت تا بە درووستیی نەزانم لە کوێوە و بۆ کوێ دەچم. یەکەم چاوپێکەوتنمان لە خانوویەکی گەورە بوو لە ناوچەی کوردنشینی دیمەشق، دووەم دانە لە جێیەکی نزیک لە دەرەوەی دیمەشق بوو، جێیەک، کە نازانم چۆن پێناسی بکەم، لە دەوروبەری شاڕێی سەرەکیی شار. لە پشت دیوارەکانی شوێنەکە، لەناکاو ڤێلا و باخێکی جوان دەرکەوت، لە سەربانەکەیەوە کۆمەڵێک چەکدار پاسەوانییان دەکرد. بە تەنیشت دیواری ڤێلاکەوە جێیەکی دیکەی گەورەتر هەبوو، کە ١٧٠ گەریلای لێ دەمانەوە، لەگەڵ حەوشەیەکی چیمەنڕێژ، گۆڕەپانێکی کۆنکرێتیی بۆ وەرزش و پەیکەرێكی مەزڵووم قۆرقمازی قارەمانی شەڕی چەکداریی پەکەکە، پەیکەرەکە بە ئەندازەی مرۆڤێک دەبوو. وا دەردەکەوت شوێنی پشوودان و چارەسەری بریندارانیش بێت؛ لەوێ چاوم بە کۆمەڵێ شەڕوانی بریندار کەوت.
یەکێکیان داوای لێ کردم سڵاوی بگەیەنمە خزمەکانی لە بەریتانیا. پێیان وتم؛ ئێرە ئەکادیمیای پەروەردەی سیاسییە بە زمانی کوردیی. تێگەیشتم هەر لەو دەوروبەرە ئەکادیمیایەکی دیکەی هاوشێوە بە زمای تورکیی هەیە، لێ من نەمبینی. هەروەها باسی کەمپێکی ڕاهێنانی سەربازییشیان بۆ کردم لە دۆڵی بیقاع، بەڵام دەرفاتم نەبوو ئەویش ببینم.
هەر کام لە چاوپێکەوتنەکانم لەگەڵ ئۆجالان شەش کاتژمێری دەخایاند و تەنیا بۆ نانی نیوەڕۆ دەمانوەستاند. لە هەردوو ڕۆژەکەدا ئۆجالان لەو وەختانەی سەرقاڵی کارەکانی دیکەی دەبوو، هەندێک لە چاوەڕوانییدا دەیهێشتمەوە. ڕۆژی یەکەم، نزیکەی کاتژمێرێک چاوەڕێیم کرد تا لە کۆبوونەوەکەی لەتەک دوو پەڕلەمانتاری حیزبی پاسۆک، یۆنانییە سۆسیالیستەکان (کە دواتر لەگەڵ ئێمە نانی نیوەڕۆیان خوارد) تەواو بوو. ڕۆژی دووەم، ڕاستەوخۆ پاش نانی نیوەڕۆ، یارمەتیی لێ خواستین تا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ کادرەکانی بکات، ئەمە کاتژمێر و نیوێکی خایاند.
ئۆجالان خانەخوێیەکی ڕووخۆش و گەرموگوڕ و بەڕێز بوو. لە پشووی نانخوارنەکاندا ئەو کۆترانەی پیشان دام کە ڕایگرتبوون. پاشان ڕێگەی دا مێشهەنگێک لەسەر پەنجەی بنیشێتەوە و بە تێڕامانەوە وتی؛ “چۆن هاوکات نیوەی شیرینە و نیوەی ژەهر.” لە ڕۆژی دووەممدا، بانگهێشت کرام تا لەگەڵ ئۆجالان و هەڤاڵانی یاریی بالە و تۆپی پێ بکەم. ئۆجالان کاتێك بۆ وێنەگرتنی فەرمیی دەوەستا، ژێستێکی زۆر ڕێک و ڕژدی دەنواند، لێ کاتەکانی تر، بە ئاسانیی پێ دەکەنی و ڕووخۆش بوو. گفتوگۆکانی بە زۆریی پڕجۆش و خرۆش بوون. سەری سووڕ ماندم کاتێک پێی وتم چەندە زانیاریی لەبارەی ئەستێرەی یاریی تێنسی سەر زەوی، ئاندریا ئاگاسی یاریزانی دڵخوازییەوە هەیە، باسی جیم کورییە، لێندزی دەیڤنپۆرت، مارتینا هینگز، مارتینا ناڤاتیلۆڤا و پێت سامپراسیشی کرد. پێی؛ وتم تێنس یارییەکە “پێویستی بە ستراتیژ و هێز و توانایە،” بۆیە ئاوا حەزی لێ دەکات.
ڕێگەم پێ درابوو وێنەی زۆر بگرم و چاوپێکەوتنەکانیش بە تەواویی تۆمار بکەم. لە چاوپێکەوتنی یەکەمدا، ئۆجالان بە کوردیی کرمانجیی قسەی کرد، بەڵام ڕۆژی دووەم بە تورکیی قسەی کرد. گفتوگۆکان لە هەردوو ڕۆژەکەدا لە لایەن ئەو وەرگێڕانەی ئۆجالان هێنابوونی، دەکران بە ئینگلیزیی.
بۆچی ئۆجالان ڕازیی بوو من ببینێ و گفتوگۆیەکی چڕوپڕی تۆمارکراوم لەگەڵ بکات؟ ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت کە منی وەک ڕێیەکی بەسوود دیبێت تا لە ڕێیەوە بیروبۆچونەکانی بگەیەنێتە کۆمەڵگای ئەمریکیی.
بۆچی ئۆجالان و دەسەڵاتدارانی سووریاش، ڕێگەیاندام لە سووریا چاوم پێی بکەوێت و وێنەی بگرم، سەرەڕای ئەوەی ئەوان بەردەوام نکۆڵیی دەکەن لەوەی ئەو لە وڵاتەکەیان بێت؟ وا پێ دەچێت ویستبێتیان بەو ڕێگەیە پەیامێک بە تورکەکان بگەیەنن. ئەوەی بە دڵنیاییەوە دەتوانم بیڵێم ئەوەیە، هیچ کەسێک لە نێو پەکەکە داوای ئەوەی لێ نەکردم باسی ئەوە نەکەم لە کوێ چاوم بە ئۆجالان کەوتووە.
تورکیا
مایکڵ: بۆچی دژی تورکیا شەڕ دەکەیت؟
ئۆجالان: لە تورکیا دەڵێن کورد بوونی نییە. حکومەتیش وا دەڵێت. تەنانەت پڕۆفیسۆرەکانی زانکۆش وا دەڵێن. تورکەکان نایانەوێت کوردەکان بپەژرێنن، دەیانەوێت کۆتاییان پێ بێنن. تەنیا ئەو کوردانەیان لا پەسەندە وا نکۆڵیی لە کوردبوونیان دەکەن. حەفتا هەزار گوندپارێز (جاشەکان) خۆیان بە باشترین تورک دەزانن، کەچی تەنانەت تورکیش نازانن [بە پێکەنینەوە]. لاساریی تورکەکان و ڕەتکردنەوەی نەزانانەی دانوستان لەتەک من، سەری کێشاوە بۆ کوێرەڕێیەک کە لێی دەرناچی. تەنیا لە ڕێی دیالۆگی نێوان تورکیا و کوردان قوربانیان لەو تەڵە بەردەوامە دەهێنرێتە دەرێ.
مایکڵ: چۆن توانیوتە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بی لە شەڕ؟
ئۆجالان: لە تورکیا، هەرکەسێک وەک کورد بیر بکاتەوە، لەگەڵ پەکەکەیە. گەر تورکیا پەکەکە لەناو ببات، ئیدی تەنیا دیوار هەیە تا قسەی لەگەڵ بکەن. من گەمژەیی تورک بەکار دەهێنم بۆ بنیادنانی بزووتنەوەیەکی کوردیی. ئەمە زۆر گرنگە. توندوتیژییەکانی تورکیا و جۆری مامەڵە پشتگوێخەرانەکەی بەرانبەر کورد، یارمەتیدەر بووە تا هەستێکی گەورەتری نەتەوەیی کوردیی لەدایک ببێت. هەڵەی تورکەکان بۆ خۆبەهێزکردن بەکار دەهێنم.
مایکڵ: خوازیاریی چ جۆرە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ تورکیا؟
ئۆجالان: کەس نایەوێت تورکیا دابەش بکرێت. ئەمە زۆر گرنگە! من تەنها ئەمەوێت دانوستانێک بکەم کە چارەسەرێکی دیموکراتیی بێت بۆ ئەم کێشە بیست ساڵییە. تورکەکان پێویستە ناسنامەی کوردەکان بپەژرێنن. پێویستە لە دەستوورەکەیاندا بڵێن؛ تورکیا خەڵکی تریشی لێیە و وەک ئەمریکا، ئەڵمانیا، سویسڕا، بەلژیکا و ئیسپانیا، سیستمی فیدڕاڵیی پەسەند بکەن.
مایکڵ: فیدڕالیزم چۆن لە تورکیا کار دەکات کاتێک زیاتر لە نیوەی هاووڵاتییانی بەڕەگەز کورد چیتر لە باشووری ڕۆژهەڵات ناژین؟
ئۆجالان: ئەمە پرسی ویستی چاک و زاراوەسازییە. دەتوانین چارەسەرێک بدۆزینەوە. کاتێک بوونی کورد دانی پێدا نرا، ئەوا لەسەدا حەفتای کێشەکانی کورد چارەسەر بوونە.
مایکڵ: ئەگەر ئەمڕۆ ئەتاتورک زیندوو بووایە، پێت وایە چی دەکرد تا کێشەی کورد چارەسەر بکات؟ ئەندریو مانگۆ، مێژوونووسێکی بەریتانییە، بایۆگرافییەکی لە سەر ئەتاتورک نووسیوە، لەوێ دەڵێ؛ ئەو ڕێگەی بە هەبوونی حکومەتێکی خۆجێی بە کوردەکان دەدا تا گوزارشت لە خۆیان بکەن، بەڵام هەوڵی ئەوەشی دەدا تا وەک بەشێک لە تورکیا بیانهێڵێتەوە.
ئۆجالان: دوو ئەتاتورکمان هەیە، پێش و دوای ١٩٢٥. ئەوەی پێش ١٩٢٥ سیاسەتی ئەرێنیی بووە بەرانبەر کوردەکان. بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە، دەستی کردووە بە پیادەکردنی سیاسەتێکی زۆر نەرێنیی. ئەگەر ئەتاتورک ئەمڕۆ زیندوو با، وەک سەرۆکەکانی ئێستای تورکیا مامەڵەی نەدەکرد. ئەو دەرئەنجامە پووچەی سیاسەتەکەی خۆی دەبینی و دەیگۆڕی. هاوڕای ئەوەم ئەگەر ئەتاتورک ئەمڕۆ زیندوو با، سیاسەتی تورکیای دەگۆڕی.
مایکڵ: پێت وایە کام سیاسەتمەداری تورک گەرەکێتی بۆ چارەسەرێکی سیاسییانە دانوستانت لەگەڵ بکات؟
ئۆجالان: هیچ کامیان ئامادە نین بۆ ئەوە. [سەرۆکی پێشوی تورکیا تورگوت ئۆزاڵ] چارەسەری سیاسیی دەویست، بەڵام ئەوان [ئەندامانی سوپای تورکیا دژی چارەسەری سیاسیین]، کوشتیان. هەروەها فەرماندەی پێشووی هێزی ژەندرمە [ئەشرەف بەتلیس]ـیشیان کوشت.
مایکڵ: چارەسەری سیاسیی بۆ داهاتووی تورکیا چی پێیە؟ ئایا ئەو دیموکراسییە ڕاستەقینەیەی تۆ دەتەوێ تورکیا بە سەر هەموو هاووڵاتییاندا پەیڕەوی بکات، کێشەی کورد چارەسەر دەکات و دەبێتە هۆی پاراستنی وڵاتەکە؟ یان زۆر بە سادەیی، نابێتە هاندەر بۆ کوردەکان تا ئاستی داواکارییەکانیان زیاتر بکەن و لە کۆتاییشدا تورکیا پارچە بکات؟
ئۆجالان: گفتوگۆی نێوان تورکیا و پەکەکە ڕێککەوتنێکی لێ دەکەوێتەوە کە لە بەرژەوەندیی تورکیا دەبێت و بەهێزتری دەکات. هەموو ئەوەی داوای دەکەم دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە.
مایکڵ: لەم ساڵانی دواییدا پەکەکە چەنێک ئازاری بە دەستی سوپای تورکیا لە باکوور و باشووری کوردستانەوە چەشتووە؟ ئەوە ڕاستە تورکەکان دەڵێن گوایە تۆ وەلا نراوی؟
ئۆجالان: لە نێو شارۆچکەکاندا شەڕ ناکەین، بەڵام گەریلاکانمان لەچاو پێشتر بەهێزترن. ئێمە لە هەموو شوێنێ شەڕ دەکەین، تەنانەت لە دەریای ڕەشیش. ئەوە تاکتیکێکی تورکەکانە بۆ ئەوەی بڵێن ئێمە کۆتایمان هاتووە. بۆچی پێویست بوو چەند ڕۆژ لەمەوبەر بیستوپێنج هەزار سەربازی تورک و هەزاروسەد جاش بنێرن بۆ یەکەیەکی بچوکی پەکەکە لە نزیک ئامەد؟ تەنانەت زۆر بەهێزتریش بووینە. پێنج ڕۆژ لەمەوبەر لە ئیستەنبۆڵ، ٢٠٠٠٠ کەس لە مەیدانی تەقسیم خۆپیشاندانیان بۆ کردین و هەر دوێنێش لە غازی عوسمان پاشا لە ئەستەنبۆڵ. گەر هەر بە ڕاستی وا بیر دەکەنەوە پەکەکە کۆتایی هاتووە، چاکە، لێگەڕێ با هەروا بیر بکەنەوە.
مایکڵ: هیچ ئاماژەیەک هەیە کەوا سەرکردەکانی سوپا، سەرچاوە باڵاکانی دەسەڵات لە تورکیا، مەیلێکیان بۆ چارەسەری سیاسی کێشەی کورد هەبێ؟
ئۆجالان: بە نهێنیی دەڵێن ئەوەیان دەوێت (ڕێککەوتنە نهێنییەکان)، لێ بە ئاشکرا نا. سوپای تورکیا هەموو دەیانەوێت لەناومان بەرن. کلیلی چارەسەرەکە لە نێو سوپایە.
مایکڵ: ئایا لە نێو سوپادا هیچ کەسێک نییە ئاشتیی بوێت؟ ئەی جێگری سەرۆک ئەرکان، ژەنڕال چەڤیک بیر؟
ئۆجالان: پێم وایە ئەویش هەر وەک سەروەزیرانی پێشوو [تانسۆ چیلەر] خەریکی گەمەیە. چەڤیک بیر پیاوی ئەمریکایە لە تورکیا، گەر ویستبای، دەیتوانی بە خێرایی چارەسەرێک پێک بێنێت.
مایکڵ: چی بە سەر ئەو ڕێککەوتنی هاوکارییەی ساڵی ١٩٩٦ـی نێوان تۆ و دەڤ سۆڵ (جوڵانەوەیەکی چەپڕەوی تورکیا کە ئێستا پێی دەوترێت سوپای ڕزگاری گەلی شۆڕشگێڕ) هات؟
ئۆجالان: هەوڵمان دا، بەڵام لە دوای ئەوەی هەندێ خەڵکیان کوشت لە تورکیا وەک (بازرگانیی بەناوبانگ ئۆزدەمیر) سەبانچی، ناتوانین چیتر لەگەڵیان کار بکەین. ئێمە هیچ ڕێککەوتنێکمان لەگەڵ دەڤ سۆڵ نییە. لە زۆر لاوە دژی ئێمەن. دەڤ سۆڵ دەسکەلای دەستی پۆلیسی تورکیایە. هەمان بارودۆخە لەگەڵ ئەوەی [عەبدوڵا کاتڵی] لە [ئابڕوچوونەکەی سوزورلوک]. پۆلیسی تورکیا لە لای چەپ دەڤ سۆڵ بەکار دێنێ و لای ڕاستیشەوە عەبدوڵا کاتڵی.
مایکڵ: چ پەیوەندییەک لە نێوان پەکەکە و ئیسلامیستەکانی تورکیادا هەیە؟
ئۆجالان: هیچ هاوکاریی و هەماهەنگییەکمان نییە. ئەوەی کە چەڤلیک بیر دەیڵێیت، تەنیا پڕوپاگەندەیە.
پەکەکە
مایکڵ: پەکەکە نوێنەرایەتیی کێ دەکات؟
ئۆجالان: ڕوونە، پەکەکە نوێنەرایەتیی کوردەکانی تورکیا دەکات. گەر کەسێک گومانی لەمە هەیە، با دادپەروەر بن، هەڵبژاردنێکی دیموکراسیی ڕێک بخەن، بزانن چی ڕوو دەدات. بەڵام تورکەکان بوێریی ئەوەیان نییە ئەم بابەتە پەسەند بکەن.
مایکڵ: هیچ دابەشبوون و ڕاجیاییەک لە نێو پەکەکەدا هەیە؟
ئۆجالان: گومانمان هەیە سەبارەت بە [فەرماندە شەمدین ساکیک] زەکیی. هەندێ کات زەکیی دەڵێ نابێ سەربازەکان بکوژین و هەندێ کاتیش بۆ خۆی دەیەوێت خەڵکی سڤیل بکوژێت. ئەو بوو یەکەم جار لە تورکیا خەڵکی سڤیلی کوشت. بۆیە ئەومان لە ئەرکەکانی دوور خستەوە.
مایکڵ: چۆن دەتوانیت لەم جێگە دوورەدەستەوە سەرپەرەشتیی خۆت بەسەر ڕێکخراوەکەتدا بپارێزیت؟
ئۆجالان: ڕۆژانە پەیوەندییم لەگەڵ هەڤاڵان و هاوکارانم لە ڕێگەی تەلەفۆن و ڕادیۆوەیە. کەچی هێشتاش کێشەی ڕێکخراوەیی زۆرمان لە بەڕێوەبردنی پەکەکە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانی لە دەرەوە بۆ درووست دەبێت. پەکەکە شەڕێکی گەورە بەڕێوە دەبات و زۆر سەختە خەڵک کۆنتڕۆڵ بکەیت. دەکرێ لە هەرچرکەیەکدا کەسێک لە پشتەوە خەنجەرت لێ بدات. گۆڕینی نەریتە کوردییەکان لە کەرتکردنی خانەی ئەتۆم سەختترە.
مایکڵ: لە کۆنگرەی پێنجەمی مانگی یەکی ١٩٩٥، پەکەکە چەکوش و داسەکەی لە ئاڵاکەی لا برد و بەردەوام بووە لە چاوپۆشیی بە مارکسزیم. چی بەوانە دەڵێیت کە دەڵێن ئەمە تەنیا جوانکارییە و ئێوە هێشتاش هەر مارکسیست و کۆمۆنیستن؟
ئۆجالان: ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەیە. مەحاڵە ئێمە ببینە کۆمەنیست. بۆچی یەکێتیی سۆڤێت ڕووخا و ویلایەتە یەکگرتوەکان ماوە؟ لەبەر ئەوەی کۆمەنیزم حکومەتی کرد بە هەموو شتێک، بەڵام مرۆڤ بە هیچ شتێک.
مایکڵ: کۆنگرەی دواتری پەکەکە کەیە؟
ئۆجالان: کۆتایی ١٩٩٨.
مایکڵ: ئەگەر ئەم تەڵەزگەیە بە دانوستان کۆتایی هات تۆ و پەکەکە چ ڕۆڵێکتان لە تورکیا دەبێ؟
ئۆجالان: دەتوانین ڕۆڵێکی کارامان هەبێت، گەر ستاتۆیەکی فیدڕاڵیی هەبێت، دەمانەوێت بەڕێوەی ببەین. پەکەکە دەنگی خەڵکی کوردە.
مایکڵ: خوازیاری لە سیاسەتی تورکیا ڕۆڵت هەبێت؟
ئۆجالان: بەڵێ، بێگومان.
کوردەکانی دیکە (ناپەکەکەییەکان)
مایکڵ: کورد چۆن دەتوانن زیاتر یەکگرتوو بن؟
ئۆجالان: هەرکاتێ تورکەکان واز لە دەستتێوەردان بێنن، یەکگرتویی کوردەکان بەدی دێت. هەڵوێستی تورک سەبارەت بە کوردەکان ئەمەیە “لێگەڕێن سەگەکان یەکتر بخۆن”. کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەبێتە چارەسەری کێشەی دابەشبوونی کورد.
مایکڵ: کەی ئەم کۆنگرەیە درووست دەکەن؟
ئۆجالان: زۆر دوور نیین لێی. پەکەکە گەورەترین گرووپی کۆنگرەکە دەبێت. پاشان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ‘جەلال تاڵەبانی’ و پارتی دیموکراتی کوردستان ‘بارزانیی’. هەنێ کەسایەتی دیکەی دیاری کوردی وەک ‘ئیبراهیم ئەحمەد’ و ‘مەحموود عوسمان’ پشتگیریی دەکەن. تەنها ‘کەمال بورکای’ سەرۆکی پارتی سۆشیالیستی کوردستان لە تورکیا بەشدار نابێت.
مایکڵ: چی بەسەر ڕێککەوتنەکەی ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ کەمال بورکای هات؟
ئۆجالان: هێشتاش هەیە. پەیڕەوی لێ دەکەین. جیاوازیی لە نێوان ڕوانگەی ئێمە و بورکای نییە.
مایکڵ: ئایا پاش ئەوەی پەکەکە لەگەڵ ئەنقەرە گەیشتە ڕێککەوتن، ڕێگە دەدەیت ڕێکخراوی کوردیی تر بەشداریی سیاسەتی تورکیا بکات ؟
ئۆجالان: گەر من کێشەکەم، تورکیا پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ پارتە کوردییەکانی تر بکات.
مایکڵ: کامیان گرنگترە بەلاتەوە، شەرەفەدین ئیڵچیی (سیاسەتمەدارێکی کۆنی بەڕەچەڵەک کوردی تورکیا) یان “HADEP ” (پارتێکی ڕێپێدراوی کوردیی لە تورکیا)؟
ئۆجالان: کەس پشتگیریی ئیڵچیی ناکات.
جیهانی دەرەوە
مایکڵ: چ هاوکارییەکی دەرەکیی وەردەگری؟
ئۆجالان: بێگومان ئێمە حەز دەکەین جیهان هاوکارمان بێت. ئەگەر ئەمریکا بێلایەن با، دەبوو لە جیاکردنەوەی ڕاست و چەوتدا هەستیار بووایە و هاوکاریی ئێمەی کردبا. بەڵام ئەگەر ئێمە چاوەڕێی ئەوە بکەین دەوڵەتان بێن و هاوکارییمان بکەن، ئەوا کۆتاییمان پێ دێت. پەکەکە پشت بە خۆی دەبەستێت. لایەنی داراییەکەی لەو هاوکارییە ماددییە خۆبەخشانەوەیە وا کوردەکان پێی دەبەخشن، نەک لە ڕێگەی سەرانەوەرگرتن و قاچاخچێتیی دەرمان، کە دەوڵەتی تورکیا پڕوپاگەندەی بۆ دەکات. تورکیا لە زۆر سەرچاوەی جیاوازەوە هاوکاریی دەرەکیی زۆری پێ دەگات و دژی کورد بەکاری دەهێنێت. تورکیا وەک کەسێکە پەیوەندیی لەگەڵ حەوت لایەن گرێ دابێت، هاوکات هەموویان دڵخۆش و ڕازیی دەکات.
مایکڵ: لەسەردەمی مەلا مستەفا بارزانییدا، ئیسرائیل هاوکاریی کوردەکانی دەکرد. ئێستا، هەرچۆنێک بێت تورکیا پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە. ڕات چییە لەوبارەیەوە؟
ئۆجالان: تورکەکان ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە بۆ کوشتنی کوردەکان. ئەم جارە تورکەکان گڵۆپی سەوزیان لەلان ئیسرائیلەوە بۆ هەڵکرا؛ پێشتر لەلاین ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆیان هەڵکرا.
مایکڵ: چۆن بیر لە ئەمریکا دەکەیتەوە؟
ئۆجالان: ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزێکی مەزنە. وڵاتێکی زۆر بێلایەنە، بەڵام زانیاریی و تێگەشیشتنی ئەرێنیی لەبارەی ئێمەوە نییە. بەراورد بەو مێژووە دوورودرێژە ئیمپراتۆرییەی، خۆیان، تورکەکان وەک وڵاتێکی لاو سەیری ئەمریکا دەکەن، پێش ئەوەی کەسێک بکوژیت، پێویستە پرسیاری لێ بکەیت. ئێمە شتی زۆرمان ناوێت. باوەڕ ناکەم ئەمریکا و ناتۆ ژینۆسایدی کوردان بپەژرێنن. بۆچی ئەمریکا گرنگیی بە کوژرانی چەن کەسێک لە کۆسۆڤۆ دەدات، لە کاتێکدا ڕووی خۆیان وەردەگێڕن لەوەی کوردستان بووە بە گۆڕستانێک؟ کۆتا سەردانی (یاریدەدەری سکرتێری دەوڵەت بۆ کاروباری دیموکراسیی، مافەکانی مرۆڤ و یابەر جۆن) بۆ زیندانەکانی تورکیا، بە لەیلا زاناشەوە، هەنگاوێکی ئەرێنیی بوو. بەڵام بە تەنها لە لایەنی مافەکانی مرۆڤەوە بەس نییە. ویلایەتە یەکگرتوەکان یارمەتی تانسۆ چیلەری دا بەبێ هیچ مەرجێک. ئەمریکییەکان بڕوایان وابوو چیلەر یەکێکە لەوان، چونکە خاوەنی پاسپۆرتی ئەمریکیی بوو، لەوێ خوێندنی تەواو کردبوو. تورکەکان سەردەمی چیلەر، کوردێکی زۆریان کوشت، کاتێک ئەو خەڵکەی دەکوشت، بەرپرسیارێتیی لەسەر ئەمریکا بوو. ئێستا تورکەکان دەڵێن چیلەر بەرپرسە لە کۆمەڵکوژیی سوزورلوک و سیخوڕی ئەمریکییەکانە. گەمەیەکی گەورەیە. هەروەها سیاسەتێکی زۆر مەترسیدارە (بە پێکەنینەوە).
مایکڵ: چی بە ویلایەتە یەکگرتوەکان دەڵێیت، لە کاتێكدا پەکەکەی بە تیرۆریست لەقەڵەم داوە؟
ئۆجالان: ئەمریکییەکان دەرهەق بە پەکەکە کوێرانە مامەڵە دەکەن. وەک دەمچەرمووی تورکیا قسە دەکەن. من قوربانییەکی ڕاستەقینەی دەستی تیرۆریزمم. ویلایەتە یەکگرتوەکان بەبێ دادگایی لە سێدارەم دەدەن. ئەمە سیاسەتێکی کوێرانەیە بەبێ بەهانەی ئەقڵانیی. ئەوە کوشتنێکی نادادپەروەرانەیە. با بەڵگەم بۆ بێنن. سەردەمانێك عەرەفات و ماندێلاش بە تیرۆریست ناودێر دەکران، بەڵام ئێستە سەیریان بکە. من کاتێك داوای دانوستانم دەکرد، بە لاوازیان دەزانیم، کاتێکیش هێزم نیشان دان، پێیان وتم؛ تیرۆریست. ئەوە زۆر نامەنتقییە. بەڵێ، پەکەکە هەڵەی کردووە. ئەمە ڕاستە. بەڵام بەراورد بەوەی تورکەکان بە درێژایی ئەم ساڵانە بەرانبەر کورد کردوویانە، دەبێ ڕوون بێ کە کێ تیرۆریستی ڕاستەقینەیە. ڕاستییەکان لە ڕووداوەکەی سوزورلووکە. هەموو شتێ لە ڕاپۆرتەکەی ئەوێ وتراوە.
مایکڵ: حەز دەکەیت ڕاستەوخۆ چ پەیامێک ئاڕاستەی ئەمریکییەکان بکەیت؟
ئۆجالان: (دوودڵە)، کوردەکان ئەو شتانەیان دەوێ وا ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ خۆیان جێبەجێی دەکەن: دیموکراسیی و یەکسانیی. هیچ شتێکی ترمان ناوێت. ڕێزتان بۆ ژیان هەبێت.
مایکڵ: پێت وایە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەورووپا پێویستە لە ڕووی دیبلۆماسییەوە بۆ چارەسەری کێشەی کورد توند و چالاکتر بن، وەک ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە یۆگۆسلاڤیای پێشوو و قوبرس کردی؟ بۆ نموونە؛ پێویستە ڕۆڵێکی چالاکتریان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست هەبێ، پاشان هانی پەکەکە و تورکیا بدەن تا دانوستان بکەن؟
ئۆجالان: بە دڵنیاییەوە، دەبێ وا بکەن، ئەوە تاکە چارەسەرە، بەڵام بە مەرجێ ئەمریکا یارییمان پێ نەکات. خواستی ئەم دواییانەی ئەڵمانیا بۆ قسەکردن لەگەڵ پەکەکە شێوازێکی باشە. ئەڵمانیا خۆی وەک ئەکتەرێک جیهانیی نابێنی. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان پاڵەوانی سەرەکیی گۆڕەپانەکەیە. گفتوگۆ لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و کورد زۆر گرنگ دەبێت. پێویستە تا درەنگ نەبووە دەست پێ بکات، گەورەترین گۆڕانکاریی سیاسیی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان درووست بکات. ئەم گفتۆگەیە، نەک تەنها بۆ ئەمریکا، بەڵکوو بۆ منیش سەرچڵییەکی گەورەیە. ژمارەی دوژمنەکانم زیاد دەکات. ڕەنگە گەر لە ئەمریکا دوور بم، سەلامەتتر بم (بە پێکەنینەوە).
ژیانی تایبەتیی
مایکڵ: چەن خوشک و برات هەیە؟
ئۆجالان: دوو برای بچووکتر، عوسمان و محەمەد. محەمەد لە ئەدەنە دەژی؛ ئەو کاتەی ویستی وڵات بەجێ بهێڵێت، دەوڵەت دەستگیری کرد. سێ خوشکیشم هەیە، دووانیان لە من گەورەترن. هاوڵاتی ئاسایین. خوشکێکیشم لە ئەورووپا دەژی.
مایکڵ: ئەی دایک و باوکت؟
ئۆجالان: دایکم لە هەمان ئەو هەفتەیەدا مرد وا ئۆزاڵ مرد [نیسانی ١٩٩٣].
مایکڵ: کەی و چ ساڵێک لە ئەنقەرە ژیایت؟
ئۆجالان: لە ١٩٦٦ چوومە ئەنقەرە و لە تەمووزی ١٩٧٨ جێم هێشت. لە ئەنقەرە تەنیا لە شوێنێکی دیاریکراودا نەدەژیام، لەو ماوەیەدا چەندین شوێنم گۆڕی.
مایکڵ: لەو ساڵانەی لە ئەنقەرە بووی، بە چییەوە خەریک بووی؟ چیت دەکرد؟
ئۆجالان: خوێندکار بووم. چوار ساڵ زانستە سیاسییەکانم خوێند، بەڵام زۆر بە جدیی نا، چونکە نەمدەویست بچم بۆ سەربازیی. بە شێوەیەکی ئاسایی دەبوو لە ۱۹۷٤ تەواوم کردبایە، لێ بۆ چوار ساڵی تر بەردەوام بووم تا خۆم لە خزمەتی سەربازیی دوور بخەمەوە. ساڵانێکی زۆرم لە ئەنقەرە بە سەردانی کتێبخانەکانەوە بەسەر برد و هەموو ئەو کتێبانەم خوێندنەوە وا لە سەر کورد بوون. سەرەتا کوردێکی نەتەوەیی نەبووم. بە ئاسانیی کوردبوونم قەبووڵ نەکرد. بۆ ماوەیەکی زۆر لە نێو خۆمدا جەنگام کە داخۆ ببم بە تورک یان کورد. دواتر پاش خوێندنەکەم، گەشتم بەو ئەنجامەی دەبێ خۆم بە کورد بزانم و کورد بم.



