تیۆلۆژیای مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك: ڕەنج، حەقیقەت و ئازادی
خوێندنەوەیەکی فیکری و تیۆلۆژی بۆ سیستەمی ئیمرالی و تێکۆشانی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان لە دژی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.

نازان ئوستونداغ – nazan üstündağ
لە ئینگلیزییەوە: سروە عوسمان – کەمال حەمەعەلی
تیۆلۆژیای مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك: ڕەنج، حەقیقەت و ئازادی
“کاتێک وەک پێکھاتەی بنەڕەتیی گەردوون بیر لە دوالیزمی تەنۆلکە-وزە بکەینەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە وزە بە واتای ئازادی دێت. ھەرچی تەنۆلکەی مادییە، بە بڕوای من، دۆخی مەحکومکراوی بەشێکی وزەیە. تیشک دۆخێکی وزەیە. ئایا دەتوانرێت نکۆڵی لە گوزەری ئازادانەی تیشک بکرێت؟ ئێمە ناچارین ئەو پێناسانە ئەرێ بکەین کە بڕەکان (کوانتەم) وەک فاکتەری ڕۆشنکردنەوەی تەواوی ھەمەڕەنگییەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دادەنێت، ھەروەھا وەک بچووکترین بەشی وزە پێناسە دەکرێت. بەڵێ، جووڵەی کوانتەمی ھێزی ئافرێنەری تەواوی ھەمەڕەنگییەکانە. ناتوانم ڕێگری لە خۆم بکەم و نەپرسم: ئایا ئەمەیە ئەو خودایەی كه مرۆڤایهتی بەردەوام بەدوایدا دەگەڕێت؟“
عهبدوڵڵا ئۆجالان
“ئەوەی لێرەدا پێویستە ڕۆشن بکرێتەوە، دوالیزمی میتافیزیک-دیالیکتیک نییە، بەڵکو جیاوازیکردنە لە نێوان داھێنانە چاک و جوانەکانی میتافیزیک و خراپ و قێزەونییەکانی میتافیزیک. ھەروەھا مەسەلەی دوالیزمی ئایین – بێدینی و فەلسەفە-زانستیش نییە، بەڵکو ئەو باوەڕی ڕاستی و حەقیقەتە ئایینی، فەلسەفی و زانستییانەن کە ژیانیان سەرنجڕاکێشتر و دڵڕفێن کردووە.“
عهبدوڵڵا ئۆجالان.١
ئیمرالی وەك جێگەیەك ڕێک پێچەوانەی سەروەری
بەندیخانەی دوورگەیی ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە دروستکردنی ئەو خەیاڵە سیاسییانەی کە پەیوەستن بە سەروەرییەوە.٢ لە ڕووی مێژووییەوە، شوێنی دوورخراوەكان بوونەتە بنەمایەك بۆ دروستكردنی بەندیخانەی دوورگەیی، هێزە کۆڵۆنیالیستەکانی وەک بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیمپراتۆرییەتی کین لە چین و ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیا، شوێنی دوورخراوەكانیان لە دوورگەکاندا دامەزراند. لەگەڵ هاتنی سەردەمی مۆدێرنیتە، بەندیخانەی دوورگەیی بووەتە شوێنێکی باو بۆ بەندکردن و جیاکردنەوەی سەرپێچیکەران لە ڕووی فیزیكی و سیمبولییەوە لە کۆمەڵگەدا. ئەو وڵاتانەی بەندیخانەی دوورگەییان دروست کرد، بریتی بوون لە ئوسترالیا، کۆڵۆمبیا، ئیندۆنووسیا، فەڕەنسا، سێنیگال، ئیسپانیا، بەشێک لە باشووری ئەفریقا و ئەمهریکا.
هەر وەك مايكل تاوسيگ لە كتێبە ناوازەکەیدا بە ناوی “مۆزەخانەی كۆكاينم”٣ دەنووسێ، جوگرافيا، مێژوو، بیرەوەری و ئەفسانەکانی سەر بەنديخانە دوورگەكان، ڕێرەوێکی بەديل پێشكەش دەكەن لە شێوەی دەوڵەتی مۆدێرندا. بەنديخانەی دوورگە قەرەنتینە و دابڕينە. بەنديخانەی دوورگەیی سیستەمێکی سیاسییە كە ئامانجی كۆنترۆڵکردن و قەتيسکردنە، ڕێ و توانای جووڵان دەگرێ، هاتوچۆ و چيرۆكە هيماييەكەی بەكار دەهێنرێت تا لە بیر و كاری ياخیبوان تێ بگات كە دهوێرن خەون بە بهدیهاتنی جيهانێكی جياوازهوه ببینن و خۆیان ڕادهگرن.
دوورگەكە، بە هەمان ڕادە كه لە زەوی دابڕاوە (جێگهکانی نیشتەجێبوون لە سەر زەوی)، بە هەمان شێوەش لە كۆمەڵگە، ياسا و كولتوور دابڕاوە. دوورگەیەکی گۆشەگیرکراوە و لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە. لە “دەرەوەش..” واوەترە. دابڕان بە شێوەیەک کە دەوڵەت چۆن بڕیار له بارودۆخی ئاوارەيى، پەراوێزخستن، بەفیڕۆدان و دوورخستنهوه دهدا، زيادەڕۆیی دهكاته سەر جەستەی بەندكراوەكە و سەر ئەو ڕووبەرەی کە تێيدا دەجووڵێت.
گۆشەگیری لە بەنديخانەی دوورگەیەکدا سەپاندنی تەنيايى، بێماڵی و بێڕایەڵەییە بەسەر کەسێکدا. لە حاڵەتی ئۆجالان حەقیقەتەکە ئەوەیە کە ئەو ڕەتی دەکاتەوە بەشداری لە پرۆسەی نەتەوەگەرێتی، خێزانگەرێتی و موڵکایەتیدا بكات٤، كە مەرجی پێشوەختەن بۆ تاکڕەوێتی لە مۆدێرنیتەدا، بەو واتایەی کە ئەو تاكێك نییە لە ڕوانگەی یاساوە، بەڵکو حاشا لە مافەكانی دەكرێت.٥ هەموو جارێک لە بەربەستکردنی سەردانی پارێزەرەكانى، نەك تەنها ئۆجالان، بەڵکو شتومەکانی و هەروەها پەيوەنديیەکانی نەتەوەگەرێتی، خێزانگەرێتی و موڵکییەت دەکەوێتە بەر لێپرسینەوە. بەو پێیە، هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئۆجالان، هەر نیگایەکی کە لەسەریهتی، بيرخستنەوەی جەماوەرە لە ناوەکەی و ئەو هەموو ئاماژەیە بۆ توانای ئەو واوەتر لە موڵکایەتی، نەتەوە و یاسای خێزان و بانگەوازی بۆ سیاسیکردنی نیشان دەدات.
٭٭٭
دوورگە: پارچە زەوییەکە چواردەورەکەی بە ئاو دهور دراوە و لە جێیەکی سەرەکی دابڕاوە. سنوورێک لە سەر دەريا؟ سنوورێك؟ پاگەیەک؟
پاگە: بەردەمی دەرگا، مەودای نێوان کردنەوە و داخستنی.
٭٭٭
تیۆری كۆمەڵايەتيی هاوچەرخ نيشانی داوە كە ژیان لە بۆشایی پەراوێزی دەوڵەت–نەتەوەدا ژیانە لە سنووری یاسادا، بە جۆرێك كە ژيانێکی وەها پەراوێزی بە شێوەيەكی يەكسان ئامادەییە بۆ جێبەجێکردنی ياسا يان وازهێنان لێی. ناوچەگەلی دابڕاو لە دەوروبەر، ڕووبەرگەلی داگيركراو، کامپگەلی پەنابەری، زیندانگەلێک، زیندانی دوورگەیی، جێی وەك گوانتانامۆ يان ئيمرالی، ئەو شوێنگەلەن کە هەرگیز یاسا تێیاندا جێبەجێ نەکراوە، یان ناچار نەکراوە بە جێبەجێکردن، هەڵپەسێرراوە و ئەو جێیانەن کە باری نائاسایی تێیاندا حاکمە. دەسەڵاتەکانی یاسادانان، دادوەری و ڕاپەڕاندن لەیەک جیا نەکراونەتەوە. جێیەکە کە هێزی پۆلیس، پاسەوان و بەڕێوبەرانی کەمپ هێزێکی ڕەهایان هەیە. لە پەراوێزی دەوڵەت و سنووری یاسادا، ناتوانرێت جیاوازی لە نێوان حقوق و توندوتیژیدا بکرێت.
لە هەمان كاتدا، ئەو ڕووبەرانە گەواهی لەسەر حەقیقەتێک دەدهن کە ئهو پهراوێزانه ببنە دەروازەیەکی بەهێز بۆ کرانەوە بەسەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیدا.
٭٭٭
پاگە يەك لەو وشانەيە كە: بۆشايی دەگۆڕێت بۆ كات.٦ مزگێنی بۆ ئەوەی کە دێت، پەیامدانە لەوەی ڕوو دەدات، ئاماژەی پێش لەدایکبوونێکە. پاگە ئەو شوێنەیە کە يادگاکان دەگەنە یەک و ئومێد بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە: دەکەوێتە نێوان ئەوەی کە ڕووی داوە و ئەوەی کە هەرگيز ڕووی نەداوە.
٭٭٭
لەو ڕۆژەی کە عەبدوڵا ئۆجالان زيندانی و گۆشەگیر کراوە، لەو دوورگەیەدا دەوڵەت و بزووتنەوەی ئازادیی كورد لە شەڕدان. دەوڵەت ئامانجیهتی هەم لە ڕووی جێگە و هەم لە ڕووی سیمبولییەوە، ئیمرالی بۆ جێیەکی دەرەوەیی و ڕیزپەڕی بگۆڕێت بۆ سيستەمێك کە تێیدا ياسا مانایەکی نییە.٧ لە لایەکی ترهوه، بزووتنەوەی ئازادیی كورد، گەل و ئۆجالان دەیانەوێ بە تێکۆشان بیگۆڕن بۆ پاگەیەکی هەمیشەیی و سەرچاوەی پۆتانسێل (هیز، توانست، دەرفەت). لەو سۆنگەیەوە، تەنانەت دەتوانرێت مشتومڕ لەسەر ئەوە بکرێت ئەوەی لە ئیمرالی دەنووسرێت و دەگوترێت، چيرۆكی بوون و زیندووهێشتنەوەی ئەو پۆتانسێلەیە. لەوە زیاتریش، سەركەوتنی مێژوويی لە نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالان و کارەکانی لە ئیمرالی لەو پاگەیهدا، ڕێک پێچەوانەی دەسەڵاتدارییە. ئەوەندەی لە دەستم بێت، هەوڵ دەدەم لە سۆنگەی نووسین و کارەکانی ئۆجالانهوه لە ماوەی بیست ساڵی ڕابوردوودا، لەم وتارەدا باس لە ئیلاهیاتی ناسەروەری و زۆر چەمکی تری کلیلئاسا لە ئیلاهیاتدا بکەم کە ئۆجالان هەوڵی داوە لەو پاگەیەی کە ناوی ئیمرالییە، گەڵاڵەی بکات.٨
بۆ پێناسەکردنی سەروەری، لە زانستی سیاسیدا بەردەوام ئاماژە بۆ پێناسەی كارل شميت و دواتر بۆ جۆرجیۆ ئاگامبێن کراوە، بەو پێیەی کە توانست و دەسەڵاتە لە بڕیاری دەوڵەت بۆ حاڵەتی ڕیزپەڕ: سەروەری ئەو هێزەیە کە بڕیار لەسەر یاسای باری نائاسایی دەدات و كاری ئاسایی یاسا ڕادەگرێت. ئەو کەسەی کە سەروەرە، بڕيار دەدات كە کێ، چى، کەی و لە کوێ شتێک بەپێی یاسا یان لە دەرەوەی یاسایە. ئەو کەسەی کە بەرپرسە لە پاراستنی سیستەمی ياسايی و بە ناوی پاراستنیەوە، بەو فەرمانە دەتوانێت پێداگری لە پێویستیی هەڵوەشانەوە، ڕاگرتن يان ياساشکێنی بکات. بەو پێیە، ئەو سەروەرییە بۆ خۆی لە ناو و له دەرەوەی یاسایە، هەروەها خودی کۆمەڵگە لە ناو یاسا و لە دەرەوەی یاسا سنووردار دەکات.
هەروەها ئەو سەروەرە هەميشە پۆتانسێلێکی توندوتيژه، پۆتانسێلێکە کە پارێزبەندیی هەیە و بەردەوام خۆی پیرۆز دەکات.٩ لە مۆدێرنیتەی سەرمايەداریدا دەوڵەت–نەتەوە تاکە نوێنەری سەروەرییە کە لە ڕووی نێونەتەوەییەوە ڕەوایی هەیە.١٠ لە جەوهەردا، دەوڵەت هەردوو “ئەقڵانییەت”ی بەڕێوەبردن و کارگێڕی و هەروەها جۆرێک لە ئایینگەرییە کە خەڵک دەبێ لەپێناویدا بکوژرێن یان بمرن. ئەوانەی كە لە دژی دەوڵەت–نەتەوە تێ دەکۆشن، هەندێ جار هەمان جۆر لە سەروەری بەرهەم دێننەوە، لاسايی ئەو جۆرەی دەوڵەت دەکەنەوە، خۆیان شکۆدار دەکەن، پیرۆزی بە دەست دێنن و بەو پێیە ددانیان پێدا دەنرێت، دەخرێنە کار و ناچار دەبن کە بکەونە ناو شەڕی سەروەرییەوە. كتومت وەك خودا لە ئەفسانەکاندا، دەوڵەت–نەتەوەی هاوچەرخ توندوتيژيی لەو ئاستەی کە وەسف ناکرێت، بەرامبەر ڕکابەرەکانی نیشان دەدات. سەیر نییە کە هەر كاتێك بزووتنەوەی ئازادیی كورد وەکو هێزێکی سەروەر لە ناوچە كوردییەکان دەربكەوێت، بەرپەرچدانەوەی دەوڵەت لە مامەڵەکردنی سزادەرانەی بەرامبەر “تاوانبارێک” واوەتر، بەرپەرچدانەوەیەکە کە ئەو سەروەرییە پیرۆزییەک لەناو دەبات، دەوڵەت پارچەپارچه دەکات، عەدالەت ناهێڵێت و یاسا دادەڕێژێت. لە دۆخێکی وادا، شێوازی جیاوازی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر پەیڕەو دەکرێت، هاوشێوەی تووڕەیی خوداكان (بەجێهێشتنی لاشەی مردوو بە نەنێژراوی، ڕۆیشتن بە تانک بەسەر لەشی مردوودا…) هەروەها مایەی سەرسووڕمان نییە کە دەوڵەتانی ديكەش کە تێگەیشتنی هاوبەشیان هەیە، کۆکن لەسەر ئەوەی سەروەری دەبێت لە لایەن دەوڵەتەوە قۆرخ بکرێت –بانگەشەی نوێنەرايەتیی نەتەوە دەكات– زۆر جار بێدەنگن لە ئاست ڕووداوەکان، ئەگەر بە دەنگی بەرزیش پشتگيریی نەكەن.
بۆ نووسین لەسەر چۆنێتیی پێکەوەکارکردنی هێز و سەروەری لە جيهانی هاوچەرخدا، ئاگامبێن ئاماژە بۆکەسایەتییەک لە ياسای ڕۆمانیدا دەکات: هۆمۆساکهر (homo sacer). هۆمۆساکهر كهسێكه، دهشێت ههر كهسێك بیكوژێت و كه كوژراش، وەک قوربانی نابینرێت. لەبەر ئەوەی لە ئاست هۆمۆساکهردا هەموو کەس سەروەرە. لە پەیوەندیی بە هۆمۆساکهرەوە، هەموو ڕێکارێكی یاسایی لە کار دەکەوێت و کوشتنیشی وەک تاوان نابینرێت. بە پێچەوانەوە، كوشتن كردارێكی هێندە ئاساییە کە تەنانەت شایانی باسکردن، بیرهێنانەوە و گفتوگۆش نییە.
ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هۆمۆساکهر دەسەڵات ‘دیمۆکراتیزە’ دەكات و بۆ هەموان کراوە دهبێت. لە کاتێکدا، بەپێی ئاگامبێن، جوولەکەکانی ناو کامپی نازییەکان نموونەیەکی بەرچاون لە بەرهەمهێنانی هۆمۆساکهر لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا، ئەكيلی مبەمبە لەوە زیاتر دەچێت و پێداگیری لەوە دەکات کە له ڕێگهی هۆمۆساکهرهوه باشتر تێ دەگەین کە داگیرکەر چۆن مامەڵەی لەگەڵ قوربانییەکەدا کردووە.١٠
يەك لە گرنگترين بهشدارییهكانی تیۆرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە هاوچەرخەکانی ئاگامبێن لە گفتوگۆکردن لەسەر هۆمۆساکهر و سەروەری، گهڵاڵهكهیهتی لهمهڕ بوون بە ئەندام یان دەركران لە گرووپێکدا، كه لە دونیای مۆدێرندا به زۆری فۆرمێکی ئیتنیکی و نەژادی گرتووە و دەبێتە ناوەرۆكی شێوەی دەوڵەتی مۆدێرن و سەروەرییەکەی. بەو واتایەی کە شوناسەکان زۆر زياتر دەبن لەو وشانەی لە ليستێكدان، بۆ نموونە کوردى، عەرەبی و توركى…. سەرەڕای ئەوەش، ڕاستکردنەوەیەک نییە بۆ تیۆری ماركسیستی كە شكستی هێنا لە دداننان بە بایەخەکانیان. ئەوانە بە پلەبەندی و بە جياكاری لە نێو قاڵبی بيۆپۆلەتیک و دەسەڵاتداریدا پێک دێن و سەر دەلەقێنن بۆ هێنانەدیی زاڵبوونی مۆدێرنیتەی سەرمايەداری و دەوڵەت–نەتەوە.١٢ زانایان و بیرمەندانی ئەمهریکی ‘بە ئەسڵ’ ئەفریقیی دژ بە داگیرکاری، ئەم بیرۆکەیان پێشخست بە نيشاندانی ئەو ئێش و ئازارەی کە هێز، دەسەڵات و سەروەریی نەژادی و نەتەوەیی دەبنە هۆی دروستبوونی و چۆن ئەمانە بۆ نەوەکانی تر دەگوازرێنەوە و هاتنەئارای کۆمەڵگەیەکی جیاواز بە یادگا و خەسڵەتی جیاوازەوە. لەو کۆمەڵگەیانەدا ڕێگری هەیە کە ببنە ئەندامی نەتەوە، هاوكات نەتەوە قەوارەیەکی سەروەری ئاشکرا بۆ خۆی دادەمەزرێنێت لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیانەدا. لە هەوڵدانیدا بۆ باشکردنی “لاسار” و “كەمينەی ياخيبوو”، دیارییان دەکات، کەرەنتینەیان دەکات و بە ڕێوەیان دەبات. بەو پێیەش، لە پاڵ سەروەریدا میکانیزمی ئاڕاستەکردن و کارگێڕی بە دەست دێنێت.
ئهمه بەو واتایە دێت کە پێكهاتەی دەوڵەت–نەتەوە لە کۆمەڵگەی فرەنەتەوەدا پێکهاتەیەکی قورس و گرانە، تەنانەت دەوڵەت و کۆمەڵگە هەمیشە دژبەر، ڕكابەر و پێچەوانەی یەكتر دەبن. لە ڕاستیدا، ئۆجالان لە دووتوێی کتێبەکانیدا جەخت لە حەتمییەتی كێشەیەكی بەردەوام و هەمیشەیی دوژمنایەتی و ناتەبایی و ناكۆكی دەکاتەوە لە پرۆسەی کۆمەڵگەبوون (هەرەوەزی) و دەوڵەتدا. هەمیشە یەكێكیان لەسەر حسابی ئەوی تریان گەشە دەكات.١٣ کاتێ یەکێکیان لاواز دەبێت، ئەوی دیکەیان مسۆگەر بەهێز دەبێت. ئەگەر دەوڵەت پيرۆزە –خۆی بەوە پيرۆز و خودايی کردووە کە تاقە پێکهاتەیە مافی بە خۆی داوە ياسا دەربکات و هەڵی بوەشێنێتەوە و سوودی لێ وەربگرێت– ئهوا بوون بە خاوەنی ناسنامەی جیاوازتر لە ناسنامەی دەوڵەت وەک گوناح، دزینی گەورەیی و دژایەتیکردنی خودایە.١٤ بە واتایەکی دیکە، دەوڵەت و جەماوەر نەک تەنها لە بونیاد و پێكهاتەدا دژبەیەك و ناتەبان، بەڵكو لە هەمان كاتدا دژبەری و جیاوازیی ڕیشەییان هەیە لە بیروبۆچوونی ئیلاهیاتناسی سیاسیدا كە پشتیوانییان لێ دەكات، بە هەرحاڵ ئەمە باسەكەی ئێستای ئێمە نییە.
بە تەواوی وەكو سەروەر، هۆمۆساكهر هەم لە ناو یاسا و هەم لە دەرەوەی یاسایە. ئەو لە ناو یاسادایە، لەبەر ئەوەی لەو ڕێیەوە دەکرێت ئەندێشەی ناو یاسا وێنا بکات، دابمەزرێنێت و ڕێک بخات. لە ڕێگهی نكۆڵیكردن لە بوونی سیاسی و كۆمەڵایەتی، ئێمە لەوە تێدەگەین كێ دەكەوێتە ناو یاساوە. ڕووبەڕووبوونەوە فرەچینییەکانی نێوان هۆمۆساکهر و سەروەر دەبنە هۆی ئەوەی كە خەڵك تێبگات لەوەی کە کۆمەڵگە چۆن ڕیزبەند کراوە، کێن ئەو کەسانەی کە خاوەن مافن و سەروەر چۆن دابەشی کردوون، ئەو ئامرازە پێویستانەی کە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ماف پێویستن و ئەو ئامراز و پەیوەندییانەی لە ڕێیانەوە دەست بەسەر سەروەریدا دەگیرێت. لە لایەكی ترهوه، هۆمۆساكهر بۆشایی و كەموكورتیی (ناسنامە و ئینتمایی) دەستنیشان دەكات کە واوەتری یاسا و ددانپێدانانە. ئەمەش بەو مانایەی کە هۆمۆساكهر هەم پێکەوەیی و ههم سنوورەکەیە. لە نێو مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا، هۆمۆساكهر و سەروەری لە پەیوەندیی دیالێكتیكیی یەکترگۆڕیندا نین، بەڵکو جۆرێکە لە بەردەوامی. پەیوەندییەكانیان لەسەر شێوەی ئیلپسی (شێوە هێلكەیی)یه و ڕووبەڕووبوونەوەکانیان بۆ جیاكردنەوە و دابەشكردنی بۆشایی (فضاء)یە بۆ بچووكترین خانە. کاتێک پەیوەندیی ئیلپسی (هۆمۆساکهر و سەروەر) بەسەر خۆیدا بچەمێتەوە، دەکەوێتە دۆخێکەوە کە توانای جیابوونەوەی نییە.
٭٭٭
من گفتوگۆ لەسەر ئەوە ناکەم کە عەبدوڵا ئۆجالان كەسێکی هۆمۆساكهرە لە ئیمرالی، بەڵكو دەوڵەت ههست دهكات پێویسته بە بەردەوامی سەروەرییهكهی بۆ خۆی، کۆمەڵگە و جیهان نمایش بکات، ڕێك لهبهر ئهوهی كه وانییە. لە ڕاستیدا لە زۆر بارودۆخدا شایەتحاڵی توانستی گەلی كورد، بزووتنەوە، ڕێبەر و پێشەنگەكانیانین كە توانیویانە کەموكوڕیی خاڵی ئیلیپسی لە خاڵێكی چاوەڕواننەكراودا دابڕن و بەرەو كرانەوەی ببەن، بەو پێیە، سیستەمی ئیمرالییان بێكاریگەر كرد و ئیمرالی بووە دەروازەیەك کە ئیلاهیاتێکی سیاسیی تری لە نێو چەقی دونیای مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کۆتگردا هێنایە ئاراوە. نەخێر، ئۆجالان سەروەرێك و دەسەڵاتێكی پیرۆز نییە،١٥ هەر وەك هەندێ لە چاودێران پڕوپاگەندە دەكەن، دەسەڵات و كۆنترۆڵی بەسەر هیچ ئامرازێكی توندوتیژیدا نییە.١٦ ئەو ئێستا بەپێی یاسا زیندانییە، هیچ سەربەخۆییەكی فیزیکی و مافێكی تاكەكەسیی نییە. تاکە دۆخێک کە ئۆجالان دەتوانێت لە جیهاندا بەشداری بكات، لە ڕێگهی دیارییە زارەکییەکانی و کتێبەكانیەوەیه کە لە بارودۆخێكی سەخت و ناخۆشدا بەرهەمی هزری بەرهەم دەهێنێت. لە لایەكی ترهوه، ئەو كەسانەی كە ئەو بە ڕێبەری خۆیان دەزانن، خۆیان دەکەنە دەستەچیلە بۆ ئاگربەردانە جەستەی خۆیان و ناڕەزایی و خۆپیشاندان و مانگرتنی تا مردن، بۆ ئهوهی کۆتایی بە گۆشەگیری سەری بهێنرێت. پەیوەندیی ئۆجالان لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لەگەڵیدان، پەیوەندییەك نییە لەسەر بنەمای موڵكایەتی یان خانەوادەیی یان خێزانی بێت و كاریگەرییەكی گەورە و فراوانتری هەیە کاتێک مەسەلەیەکی ئیتنیکی تێدهپەڕێنێت، بە جۆرێک، کە چەندان جڤات و گرووپی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە خۆ دەگرێت.
بێگومان پەیوەندییەكی لەو شێوەیە کە خولگەیی، ئاڕاستەیی، چڕ و پەتاییانەیە، ئەو بەهایانەی بەرهەمیان دێنێ کە لە لایەن دەوڵەت و بازاڕەوە دیاری نەکراون و لە بن نایەن، مایەی ترسن بۆ دەوڵەت. نەک تەنها بۆ دەوڵەت، هەموو ئەكتەرەكان كە بەرژەوەندیی تایبەتیان هەیە و دەسەڵاتیان لە لایهن یاساكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییهوه پارێزراوه، باوێتی (archaism) و زنجیرەهەرەمییەك بهم پەیوەندییە دهبهخشن، ئهوهش بۆ کەمکردنەوەی بەهاکەی یان بۆ گۆڕینی بۆ پەیوەندییەکی ئاڵووێرکەرانە و هێنانەئاستێکەوە کە کەمنرخ بکرێت و نەتوانرێت بە شێوەی میتافیزیكییانە شیکردنەوەی بۆ بکرێت. لە ناو چەقی ئەم پەیوەندییانەدا، ئەندێشەیەكی سیاسی سەركەوتووە لە مانەوە و بە درێژایی مێژوو تێك نەشكاوە.
٭٭٭
واڵتر بنیامین و جۆرجیۆ ئاگامبێن دوو توێژەرن کە بهشدیارییان كرد لە كردنەوەی هێماكانی پەیوەندیی نێوان سەروەری و یاسا و توندوتیژی، هەروەها بە وردی بیریان لە چۆنێتیی هزری دژبەری سەروەری و توندوتیژی کردەوە. بەگوێرەی بنیامین، ئامرازە بێخەوشەکان دژبەری توندوتیژین. بە پێچەوانەی توندوتیژی، كە هەمیشە مەبەستی داڕشتن و پاراستنی یاسایە، ئامرازە بێخەوشەکان شێوەیەک لە شێوەکانی کارە کە کۆتاییەکی كتوپڕی نییە. لەبری ئەوە، ئەو ساتەوەخت و چوارچێوەیە دەگۆڕن کە تێیدا بڵاو دهبنهوه. ئامرازی بێخەوش، بهبێ پەیوەندی لە نێوان ئامراز و ئامانج، هێزی گۆڕانکاریی بنەڕەتی، بانگەوازی بۆ هێزی زهینی و خوڵقاندنی دەرفەتی تر و دۆخی نائاسایی هەیە. ئەو ساتەوەخت و چوارچێوەیەی لە پەیوەندیی ئامراز–ئامانجدا دەگۆڕێت. بەو پێیە، دۆخێکی دەگمەن دەخوڵقێنیت و توانستی هێنانەئارای یادەوەری، ڕیشە و ڕێڕەوە شاراوەکانی هەیە. بۆ نموونە، مانگرتنە گشتییەكان، جیاواز لە هەموو مانگرتنەكانی تر، ئەوە بە بیر دێننەوە کە دەوڵەت و سەرمایە نەمر و دەستلێبەرنەدراو نین. هەروەهاش بۆ ناڕەزاییە بەكۆمەڵەكانی شەقامەكان و مانگرتن لە خواردن. لە كاتێكدا ئەم كار و ناڕەزاییانە داواكاریی ڕوون و ئاشكرا و بناغەیی لە خۆ دەگرن، گرنگترین دەستكەوتەكانیان ئەوەیە كە ڕووی دەوڵەت هەڵدەماڵێت، توانست و سنوورەکەی ئاشکرا بکهن. لە دۆخی وادا، تووڕەیی بەكۆمەڵ (خەڵک) شێوەیەکی بەرچاو و ڕەها وهردەگرێت، گەورەتر لە تووڕەیی دەوڵەت و دەوڵەت هێزی دەسەڵاتی یاسایی/هەڵپەساردن لە دەست دەدات. لەجیاتیی یاسا، لەو ساتەوەختانەدا، دەبینە شایەتحاڵی دروشمگەلێکی وەک “ئیدی بەسە”، “بژی بەرخودانی زیندان” و “بە تەنها ڕزگاری نییە”، كه تەلیسماوین و بە شێوەی دروشم و ڕەمز خۆ نیشان دەدهن.١٧
بە هەمان شێوە، ئاگامبێن ئاماژەی بۆ سیاسەتی سەروەری كردووە کە تێپەڕاندنی مەحاڵە تەنها لە ڕێی دونیاییکردن یان بەكارهێنانی هاوبەشانەی ئەو شتانەی (ئامراز، كاڵا…) كە دەوڵەت مۆنۆپۆلیان دەکات، کە کردووونی به بت، تابۆ و پیرۆزی. ئەو شتانەی کە دونیایی کراون، خۆیان دادەبڕێنن لەو ناوانەی کە لە لایەن دەوڵەت، یاسا، بازاڕ و خانەوادەوە پێیان بەخشراوە. ئەوان بە چەند پاگەیەک گۆڕاون، پرۆسەیەکی نوێی ناو، واتا و واتادان دەگرێتەوە. لەم بارودۆخانەدا كە پرۆسەی واتابەخشین ئامادەیی هەیە، بە هەرەوەزی و گشتی بووە، هەموو كار و چالاكییەكان، بە کار و ڕەنج، پەروەردە و زانست، خۆشەویستی بە شێوازی ڕاستەقینەی خۆی دەدرهوشێتەوە. بەپێی ئاگامبێن، ئەمە كاتێك ڕوو دەدات کە پیرۆزی و سەروەری بە سیحر و گەمە دەگۆڕێت. بەگوێرەی سوبحی نەژاد ئاغرسانلی (پاراماز قزلباش) ئەو ساتەوەختە، ساتەوەختی کۆمۆنە هەرەوەزییەكانە،١٨ ساتەوەختی ڕۆژئاڤا، جزیرە و گەزییە.
هەروەها بنیامین دیپلۆماسی (دانوستاندنی زارەكی) بە ناتوندوتیژی و ئامرازێكی بێخەوش دەزانێت. دیپلۆماسی ئامرازێکە بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ، سەرکراوەیە، خودژێنە و فشار دەخاتە سەر شەریکەکانی بۆ یەكترقبوڵکردن.١٩ لەوە زیاتریش، سەرکەوتنی بە هێندەی ناوەڕۆکەکەی و واوەتریش پابەندە بە وردبینی، دیقەت و تیژبینییهوه. هەموو ئەو شتانەی لە حسابدا نەبوون، هەموو ئەو زانیارییانەی کە بە ڕەنج و پەرەسەندن کەڵەکە بوون، دەخاتە دانوستاندنەوە و مێژووی مرۆڤایەتی، سەروسامان و میراتەکانیان دەورووژێنێت. ئەمەش بە واتای هاتوچۆی دیمۆكراسی لە نێوان كاتی كورتی دانوستاندن و گفتوگۆی ئاڕاستەكراو بەرەو ساتی ڕۆحی و جاویدانیی ئامرازە بێخەوشەکان.
لە ساڵی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ زۆربەمان لە تورکیا لە کەشێکی ناسەروەریدا دەژیاین کە ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیی كوردان لە سەروبەندی پرۆسەی ئاشتیدا بونیادیان نا. ئەو گۆڕانكارییەی ئیمرالی بۆ ئاستێك کە سەرەنجام دانوستاندنی ئاشتیی تێدا بکرێت، دەرفەتی بە خەڵك دا لە توركيا بە دانوستاندن و دیپلۆماسێتی سەرقاڵ ببێت و لەسەر بابەتی جياواز وتووێژ لەگەڵ دەوروبەر بکات.٢٠ دوورگەی ئیمرالی گۆڕا بۆ ناوەندی گۆڕینەوەی دیاریگەلێک. یەکەم، لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ مانگرتن لە خواردنی هەزاران چالاكانی کورد و زیندانیان لەپێناوی ئاشتی و كۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان، دواتر نامە تایبەتییەكەی ئۆجالان بۆ خەڵك كە لە یادی ساڵانەی نەورۆز لە دیاربەكر خوێنرایەوە، سەرەتا ئاشكرا بوو، دەستپێكردنی سەردەمێكی نوێی دوای تێكۆشانی چەكداری بوو. خەیاڵی سیاسیی ناسەروەری كە لە دوورگەی ئیمراڵی جێبەجێ دەكرا، تارمایی بەسەر دەوڵەتدا كێشا و خەڵكی خستە سەر پێی یەكسانی، لایهنی كەم لە ڕووی دەربڕین (پشتبەستن بە بەسەرهات و ڕووداوەكانی ڕابوردوو) و بەگەڕخستنی ئازادانەی بیروڕامان، ڕۆح، یادەوەری و دەرفەت و تواناکان؛ خولگە، ئاڕاستە و جووڵەکان لە ڕێڕەوی تەقلیدییانەماندا. وشەی تابۆ و قەدەغەی وەک پەكەكە، ئۆجالان، کۆمۆنالیزم، دیمۆكراسیی ڕادیكاڵ، خۆسەریی دیمۆكراتیك، كۆنفیدراڵیزم، دادگای گەل و دادپەروەری، خۆپاراستنی کۆمیناڵ و هاوپشتیی نێودەوڵەتی هاتنە ناو دنیای ئێمەوە. ئەوانەی ببوونە یارییەك لە نێو دەستمان دا، واتای نوێیان بە دەست دەهێنایەوە و بوونە زەمینەیەک بۆ گەشەسەندنی پەیوەندیی نوێ و خەونی نوێ. ئێمە هەموومان بە جۆرێک لە جۆرەکان ببووینە جادووگەرێك، توانای نزاكردن و سیحرمان هەبوو. لەم نێوانەدا گونجاندنی سروشتی و كۆمەڵایەتی و ڕۆحی، خیراییەكەی و ئەزموونەکەی شتێکی جیاواز بوو لەوەی لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا هەبوو و تاقی کرابووهوە.
دەبێت جارێكی جەخت لەوە بکەمەوە کە بناغەی پەرەسەندنەکانی نێوان ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ بەپێی ئەو تێڕوانین، زاراوە و چوارچێوەی شیکارییانەی کە ئۆپۆزسیۆن لە نووسینەکانی ئۆجالان، كۆنگرە، كۆنفرانس و هاوپەیمانییە سیاسییەكان، گفتوگۆكان و ئەو پێشنیازانەی کە خستبوونیە ڕوو، بە دەستی هێنابوون. هەموو ئەمانە درز و كەلێنێكی گەورەیان خستە مەیدانەكانی دەوڵەت و سەرمایەداری لە كوردستان، هاوكات بووە هۆكاری لەكارخستنی جووڵەی کاڵا، بیروڕا و كاریگەرییەكانی تر لە توركیا. ئەو گرووپی کار، كۆبوونەوە و سەردانکەرانەی کە چالاکانی کورد ڕێکیان خست، بووە هۆی وەگەڕخستنی چەند ناوەند و چەند ئاڕاستەی جیاواز لە بزووتنەوەی ڕۆشنبیران، ڕۆژنامەوانان، گەنجان و ژنان و چەپەكان لە شارەكانی ئامەد، جزیرە، ماردین، وان و سورویچ، تەنانەت هەولێر لە عێراق و قامیشلۆ لە سوریا و هیی دیکەش. وای بۆ دەچم کە شۆڕش تەنها دەشێت ئەم جۆرە جموجووڵە فرەئاڕاستەیه بێت کە بارودۆخێکی وەها دەخوڵقێنێت و بەرهەمی دێنێتەوە. كردنهوهی پێكهاتە و دامەزراوەی تاکەکەسی و كۆمەڵایەتییه بە ڕووی یەکتردا، به ڕووی شوێن و كاتی جیاوازدا، هۆكاری بێكاریگەركردن و لەكارخستنی موڵک، نەتەوە، خێزان و خانەوادەیه لە ئەنجامی ئەم بزووتنهوهیه. شۆڕش واته خەون دەبێتە شێوازی زاڵی بوون و بوونبه (being and becoming).٢١
بەر لەوەی بچمە سەر بەشێکی دیکەی ئەم وتارە، دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم كه ئهو خەياڵی ئیلاهیاتناسییهی لێرەدا باسی دەكەم، تەنها بەشێکە لەو زۆرانبازییە هزرییەی لەگەڵ نووسینەکانی ئۆجالاندا کردوومە بۆ ئەوەی واتا بدات بە داڕشتنەوەی چەند ساڵی ڕابوردووی شۆڕش و کاولکاری.٢٢ جۆرج باتایی دەڵێت كاتێك کەسێک فرێدريك نيچە دەخوێنێتەوە، دەبێ خوێنی لهبهر بڕوات، چونكە نيچە خۆی، كاتێك نووسيى، خوێنی لهبەر ڕۆیشت.٢٣ كاتێك کەسێک ئۆجالان دەخوێنێتەوە، دەبی بە هەمان ئەندازە ڕێچکەیەکی زەحمەت هەڵبژێرێت و پێداگری لەسەر خۆشەویستی و باوەڕبوون به شۆڕش، گەردوون و مرۆڤايەتى بکات.
مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەك ئیلاهیات
واڵتەر بنیامین سەرمایەداری بە ئایین دادهنێت،٢٤ لە كاتێکدا عەبدوڵا ئۆجالان بڕوای وایە نەتەوەپەرستی ئایینێكی نوێی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە. بەپێی ئەو پەیوەندییە تۆکمەیهی نێوان نەتەوەپەرستی و سەرمایەداری و ئهو ڕاستییهی كه چەمكەكانی هاووڵاتێتیی پشتبەستوو بە مافی ئەبستراكت (دەرهەست) و کرێکاری پشتبەستبوو بە كاری ئەبستراكت بووه به شتێكی مومكین لە هەمان دونیای خەیاڵیدا، دهشێت مرۆڤ بگاتە ئەو دەرئەنجامەی کە هەردوو بیرکردنەوەکە تا ئاستێک ڕاستن.٢٥ لەسەر هەمان تەوەری بیروبۆچوونی بنیامین و ئۆجالان، ئاگامبێن ئەوە پیشان دەدات كە ناتوانین لە خەیاڵی ئابووری و سیاسەتی دونیای مۆدێرن تێ بگەین ئەگەر لەو چەمکانە تێ نەگەین کە لە ناو مەسیحییەتدا پەرەیان سەند. به واتایهكی تر، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری تەنها سیستەمێك نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا بریتییە لە گەردوونناسی (کۆسمۆلۆژی) و ئیلاهیات (تیۆلۆژی). نهك تهنها شێوه به ژیانی ڕۆژانهی خهڵك دهدات، بهڵكو ژیانێک ساز دەکات کە مرۆڤەکان چۆن شادمان ببن، چی بکرێتە ئامانج، عەشق و شەهوەت لە کوێ بە دەست بێنن، سەرمایەگوزاری لەسەر کامە پەیوەندی بکرێت، بە چی غەمگین و خۆشحاڵ ببن؛ تەنانەت بەختەوەری، ئەخلاق، مانای ژیان، خۆشەویستی، خەم و پەژارە، شادی و خۆشی هەروەها و لەمانەش زیاتر، لەسەر هەست و نەستیان، هۆگری، لەدایكبوون، مردن، هێز، تاوان و سزادان ڕێك دەخرێن و بەپێی پێویستییەكانی سەرمایەداری ڕێک دەخرێن.
نەتەوە، موڵكییەت و خێزان بەردەکانی بناغەی سەرمایەدارین، وەک سیستەم و ئیلاهیات. ئەوانە پێکهاتەیەکن کە شێوە بە ئینتما و نیگا دهبهخشن و گرنگیی کەس، کاڵا و ڕووداوەکان دیاری دەكەن. ئەوانە پیرۆزییەکی دەستلێنەدراویان پێ بەخشراوە و خراونەتە دەرەوەی لێپێچینەوەی یاسایی. لە سەرمایەداریدا، بوونی نەتەوە، موڵک و خێزان، تا ڕادهیهك وەك جۆرێك لە عیبادەتە.
ئەوەی کە ناوەڕۆک و ژیانی بەردەوام به موڵکییەت، نەتەوە و خێزان دەدات، پێشکەوتنە: بزوێنەری سیستەمی هەڵسوڕاوی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لە دەرەوەی مشتومڕی سیاسییە و بەو پێیە، لە دەرەوەی ئالێنگاری دەمێنێتەوە. بهبێ بیرۆکەی ‘پێشکەوتن’، زۆربەی دامەزراوەکانی مۆدێرنیتەی سەرمايەداری –كارگە، پرد، ویستگه ناوکییەکان، تەلارەکان– مۆدێلی پووچن. لە ڕاستیدا، کارەکەی بنیامین لێهاتوانە نیشانی داوە کە ئەگەر شێوە بەبتکراوەکانی پێشکەوتن بگۆڕێت و دەست و قاچی لە بەبتبووەکانی یەکەم بکێشرێتەوە، ئهوا فۆرمی دووهمی دەکەوێت و تەنها پاشماوەکانی دەمێننەوە.
لە كۆتاییدا، كاڵا بریتییە لە تۆڕێكی شیکاری بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و كەتیرەیەكە كە هەریەكەیان بە یەكترەوە دەنووسێنیت کە ڕووبەر، زەمەن، شت، ڕووداو و ئەزموونەکان دەخاتە دۆخی شیاوییەوە، پێوەری بەها، دەستنیشانکردن و ئاڵۆگۆڕکردنی مومکین دەکات، هەموو پەیوەندییەکانیش لە بازاڕێکی ڕاستەقینە یان ڕەمزییانەدا فەراهەم دەکات کە بتوانرێت جێگۆڕکێ بە هەموو هەست، ژیان و کار بکات.
بە زیادەوە، زۆربەی زۆری كەلوپەلەكان بە بازاڕەوە دەبەسرێنەوە (تەنانەت سەرپەرشتی (چاودێری)، یادگا و ئێش و ئازاریش) و واتابەخشییان، لەسەر بنەمای ئەو بەهایەیه كه پێیانەوە دەنووسێنرێت.
زانا و توێژەرانی پۆستكۆڵنیالیزم (دوای داگیرکاری) و دی–كۆڵۆنیالیزم (دژەداگیرکاری) کە لەسەر سەرمایەداری و دەوڵەت–نەتەوە نووسیویانە، شایهتحاڵی ئەوە بوونە کە چۆن هاوئاواز بوونە لەگەڵ داگیرکاری لە وەرچەرخانێکی توندوتیژدا و هۆکاری ئەوەن کە سەربەخۆیی لە هێزە داگیرکەرەکان زۆر جار سەر بکێشێت بۆ دەرکەوتنی نوخبەیەک لە پیاوانی بیرۆکراتی کە لەجیاتیی و بە ناوی “خەڵک”ـەوە خۆیان نمایش کردووە لەبری ئەوەی ئازادی بۆ خەڵک بە دەست بهێنن. کەواتە چۆن دەتوانرێ ڕێچکەیەکی جیاواز بگیرێتە بەر بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەكی جیاواز؟ لە بەرەنگاربوونەوەدا دژ بە داگیرکاری، گرووپە جیاوازەکان، بە جووتیاران و ژنانیشەوە، بە هۆکاری جیاواز یاخی بوون و هەوڵیان داوە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان، زۆربوون و پاراستن وهربگرنهوه لە دەست ئەوانەی کە پاوانیان کردووە. وێڕای ئەوەش، لە دوای سەربەخۆیی، ئەم ئامرازانە بەسەر گەلدا دابەش ناكرێن، بەڵکو دووبارە لە لایەن دەوڵەت–نەتەوەی ناوەندییەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێتەوە. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی كە هەر نەتەوەیەك بانگەشە و پڕوپاگەندەی بێهاوتایی دەكات، ئەوەی دەشێت لە نێو سنوورەکانی نەتەوەگەرێتی (ناسیۆنالیزم) و دەوڵەت–نەتەوەدا بیری لێ بكرێتەوە، بەرهەمی هزر و مێژووی ڕۆژئاواییە، بە لەبەرچاوگرتنی سێكوچكەی نەتەوە/موڵکییەت/خێزان کە ‘پێویستن’ بۆ بەشداریكردن لە مێژووی جیهاندا.٢٦
لە لایەكی ترهوه، نە سەرمایەداری و نه پێكهاتەی دەوڵەت-نەتەوە شێوەیەكی پێگەیشتوو و تەواون. بەپێی مێژووناسی هیندی، دیپش چاكرابارتی، تیژڕەوتیی مێژوویی كۆمەڵگەی پۆست كۆڵۆنیال لە دوو سەردەمی دژبەیەك و جیاواز پێک هاتووه.٢٧ دەتوانرێت یەكێكیان بە هەژموون و سەروەریی سەرمایە و پرۆسەی بەكاڵابوون، ئەوی تریان بە هێڵی كۆمیناڵ (هەرەوەزی) و پرۆسەی کۆمۆنبوون جیا بکرێتەوە. لە سەروبەندی یاخیبوون لە دژی داگیرکاری و ئەو پەیوەندییە هەرهوەزی و سەرمایەدارییەی بەدوایدا دێن هەر لە ڕووی بەرهەمهێنان، زۆربوون و پاراستنەوە، لە کات و شوێنی دیاریکراودا ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە، پەیوەندیی سەرمایەداری هەمیشە بەردەوامی بە حوکمی خۆی دا. بۆ نموونە، ئەو ڕاستییەی کە ڕەنج هەمیشە زیندووە و بهو پێیهیش بەرگریكردن بەرامبەر بە دەرهەستکردن لە هیندستان خۆ نیشان دەدات، كاتێك ئامێرەكان و ئامرازەكانی كارگە دەبن بە ئامرازی سرووتە ئایینییەكان یان کاتێک کارەکانیان بە هۆی سووڕی مانگانەی ژنانی كرێكارەوە خاو دەبنەوە. یان نموونەیەکی تر، دۆخی بێباکانەی ورووژاندنی زایەندی کە نە لە پێکهاتەی خێزان و نە لە بازاڕدا هەبووە، درێژەی بە خستنەجووڵە و وەگەڕخستنی مرۆڤەکان دا. لە وەڵامدانەوەی ئەو بارودۆخەدا، سەرمایە زەبت و ڕەبتی كارگەكانی زیاد كرد، یاخیبوونی خەڵکی له قاڵب دا و جیاوازی و ناكۆكیی خستە نێوان هەست و نەست و مەودا و پەیوەندییەكانی خەڵكەوە، پاشانیش فرۆشتنەوەی ئەمانە وەك نوێخوازی و پێشكەوتن بە خەڵک. هەمان ئەو دەسەڵاتدارانە، زمانی بندەستان زەوت و تاڵان دەكهن، وشەکان لە سیاقی خۆی دەردەهێنێت و ئارەزووی ڕاستەقینەی ئازادی بۆ گوتارێکی پڕوپاگەندەیی سواو (ڕیتۆریک) دەگۆڕێت. هێشتا یادگای ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سەرمایە و كۆمیناڵ، ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێیەکە کە كاریگەریی لەسەر جیهانی مادی هەیە (بۆ نموونە سکواتەکان – ئەو بینا و خانوانەی لایەن کەسانی بێماڵ، گرووپ و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە) کە لە ڕاستیدا جۆرێک لە ژیانی داستانئاسای هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و هەرەوەزی دەخولقێنێت، ژیان بە بەر ئەو بیرۆکە و پراکتیکانەدا دەکات کە لە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایەدا ڕۆڵیان نییە. بۆیە زۆر گرنگ بوو کە تیۆریسیهنانی پۆستکۆنیال ئەم بیرۆکە خۆماڵی و کردارییانە زەق بکەنەوە. بۆ نموونە، بزووتنەوە جووتیارییەکان، شۆڕشە دژەکاستهكان (سیستەمی چینایەتیی کۆمەڵایەتی) لە هیندستان، ئەدەبیات و مشتومڕەکانی دژەداگیرکاری كە دواتر دەهێنرێنە دۆخێکی گونجان لەگەڵ مۆدێرنیتەی سەرمایەداری.
وێڕای ئەوەش، هەر چۆن کە گرنگ بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا مایەی غەمگینییە کە ئەم جۆرە چالاكی و بیروڕایانە یەکانگیرانە و تۆکمە نەبوون و جێی متمانە نەبوون. ئەو ئاسۆیەی ئەوان دەستنیشانیان كردبوو، نەیدەتوانی ڕاشكاوانە ئەگەری پاشەڕۆژێكی واقعییانە فەراهەم بکات و ئەنجامگیر بێت. بە كورتی، زۆربەی نووسەرانی پۆستكۆڵۆنیال و دژەداگیرکاری ڕەوتێکی گونجاو و کارایان نەدۆزییەوە بۆ گرووپە كۆمیناڵەکان (كۆمەڵگەی هەرەوەزی) کە ببنە ڕۆڵگێڕ لە قۆناغێکی مێژوویی مۆدێرنیتەدا، بە پێچەوانەوە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایان وەك گەردوونی دەناساند و و بڕوایان وابوو كە كۆمەڵگەكان سەرئەنجام لەو گوتارەی کە خواستی سەرمایەدارییە، قوت دەدرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێت. تەنانەت ڕادیكاڵترینەکان پەیمان و وەفاداریی پابەندبوونیان بە چوارچێوەی ماركسییەوە دەربڕی کە پشت بە ناوەندبوونی ئەزموونی مێژوویی، زاراوەناسی و تۆڕی شرۆڤەی ڕۆژئاوایی دەبەستێت. بە واتایەکی تر، حکومی بنکەوتن بەسەر بیروبۆچوون و ئەندێشەی ناڕۆژئاواییدا درا لەوەی سەرکەوتوو نەبووە لە تیۆریزەکردنی یۆتۆپیاکەی، هەرەوەزێتی کە لە ڕووی مێژووییەوە لەسەر بنەمای ئەزموونی ڕەنجی زیندووە و لە شوێن و كاتی دیاریکراودا، بەربەست بووە لە بەردەم ڕەنجی دەرهەست (ئەبستراکت)دا.
عەبدوڵا ئۆجالان داکۆکی لەوە دەکات کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە تەواوی كۆتایی نەهاتووە. سەرمایەداری، ناسیۆنالیزم (نەتەوەگەرێتی) و باوکسالاری، وێڕای توندوتیژی و باڵادەستییان، نەیانتوانی سەرکەوتوو بن، بەڵام قەیران دروست دەکەن. هەمیشە ئابووریگهلێك ههن كه لە دەرەوەی ڕووبەری بازاڕ و کاڵا، بەها بەرهەم دێنن، بەردەوامیی پێ دەدهن و دابەشی دەکهن. خەڵک سەرقاڵ و ئاڕاستە دەکەن لە دینامیکی موڵکییەتگەری، نەتەوەییکردن و بنەماڵەییکردن. لێرەدا هەمیشە یادەوەری، یاخیبوون، باوەڕ، نەریت و پەیوەندییەگەلێک هەن کە لە دژی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان کارا دەکرێن. ئۆجالان ئەمەی كورت كردووهتەوە بۆ چەمک (تێگە)ی بەرگریلەخۆکردنی كۆمەڵگە بەرامبەر دەوڵەت.٢٨ لە چوارچێوەی كاری ئۆجالاندا، هەرچۆنێك بێت، هیچ مەودا و بوارێك نییە بۆ غەمگینی، بە پێچەوانەوە، لەبری هەستكردن بە غەمگینی بۆ شکست یان پرسە بۆ ئەو فۆرمی کۆمیناڵەی کە وا نیشان بدرێت کە هەرگیز نەبووە، دەبێ بیروڕا و تێگەیشتنەكان، پەیوەندی، كار و چالاكییەكان بخوڵقێنین. ئەوەش لێرەدا و لە ئێستادا، بهشدارینەکردنە لە بەرهەمهێنانەوەی سەرمایە و بهكاڵاکردن. ئەمەش تەنها بە پەیڕەوێكی سەرتاپاگیری دەبێت کە ئیرادە و دەستڕۆیی و توانست بە كۆمەڵگە (خەڵك) ببەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بپرسن “چۆن دەکرێت ببمە هێزێكی دەستتێوەردان؟” لە پەیوەندیی بە هەموو بابەتێکەوە. بە بیروڕای من، ئۆجالان لە ڕێی باسکردنی باوەڕ، میتافیزیک و پیرۆزییەکان، بە بەدواداچونێكی قووڵی مێژوویی سەردەمی بەردینی نوێ (چاخی نیولۆتیک)، لە ڕێی كۆكردنەوەی زانستە سروشتی و کۆمەڵاتییەکانهوه، بە باسکردن لە کوانتەم و جینە کۆمەڵایەتییەکان یان سروشتی دووەم لە گەڕان بە دوای شێوازێک، یان مۆدێلێک یان شتێکی ونبوو زیاتر، ئاماژە بۆ ئیلاهیاتێک دەکات کە ڕێنمایی بێت لە ڕووی ئۆنتۆلۆژی، ئەپستمۆلۆژی و سیاسی کە وەڵامێکی هەرەوەزییانەی پرسیاری من کێم و چۆن بژیم بداتەوە.
پێش ئەوەی درێژە بە باسکردنی هەندێک بواری ئەو ئیلاهیاتناسییە بدەم، پێم باشە جارێكی تر جەخت لەسەر گرنگیی مێژوویی ئەو دیدە ئیلاهیاتییە بکەمەوە لەسەر لەبەریەکهەڵوەشان، ڕەخنەگرتن، یاخیبوون و بیرهێنانەوە. لە دەیەی پێشوودا، لە سەرتاسەری جیهاندا شاهیدی ساتەوەختێكین کە كۆمەڵگەكان لە دژی قڕکردنیان بەرگرییان لە خۆیان دەكرد و لە بەرامبەریشدا، لە ساڵانی ٢٠١٠کانەوە مۆدێرنیتەی دیمۆكراتیك لەسەر سەکۆی ڕووداوەکان دەرکەوت. ئەمەش تا ڕادەیەكی زۆر ئەنجامی بەناویەکداچوونی خەبات و تێكۆشانی چەوساوە و ستەملێكراوەكان، ئاڵوگۆڕی خێرا و بڵاوبوونەوەی هەواڵەكان و دید و بۆچوونە نوێیەكان و درز و كەلێنی نێو سەرمایەداریی نیولیبراڵیزم بوو. لەو قۆناغەدا، شایەتحاڵی ئەوە بووین کە وزە، جووڵانەوە، چڕوپڕی، پرۆسەی سەرلەنوێ کرانەوە، سەرلەنوێ ئاڕاستەکردن و پەیوەندیكردنەوە شێوەی دا بەو ساتەوەختانە. ئەو جووڵانەوە و خۆشەویستییەی کە دەوروبەری گەلانی میسر، سوریا، بەرازیل، ئەندۆنیسیا، توركیا و یۆنانی تەنیبوو، نەگەیشتنە ئاستی ئەو ئیلاهیاتە، لەبری ئەوە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكهاتەی دەوڵەتی توندوتیژ و داعشیان هەڵبژارد و بە بنەما گرت، جەنگی مادە هۆشبەرەكان لە ئەمەریكای خواروو و نەتەوەپەرستی، ڕق و کینە و ترس لە خەڵکانی بێگانە لە ئەورووپا، كەڵەكەبوونی سەرەتایی تا ڕادهیهك لە هەموو شوێنێك، واتە دووبارەكردنەوەی تاوانە ڕێکخراوهكانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. لە سەروو ئەمانەوە، ئەو ئیسلامییەی کە بەشێک لە زانایان و توێژەرانی بواری ئیلاهیات لە ساڵانی ١٩٩٠دا پێیان وابوو کە تاکە ئیلاهیاتناسییەکی سەربەخۆیە کە بەرەنگاری مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بێتەوە، پاشان دەبێتە ئامرازێك بۆ بەرهەمهێنانەوەی پێگەی مێژوویی پێشهوەچوونی ڕاستەهێڵانە، بەکاڵاکردن و بەرهەمهێنانەوەی موڵک/میللەت/ خێزان.٢٩ لە لایەك، بزووتنەوەی ئازادیی كورد لە ڕۆژئاڤا شەڕی لە بەرامبەر کۆپیی ئیسلامیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کرد و لە باكووریش بەرامبەر بە لایەنێكی تر خەباتی دەکرد و سەرکەوتوو بوو لە دروستکردنی ئیلاهیاتناسییەکی جیاواز.٣٠ لەبەر ئەو ئیلاهیاتناسییەیە، بە بۆچوونی من، ئەم خەباتە لەگەڵ ئەوەشی کە وێرانکارییەکی زۆری لە هەردوو ناوچەکەدا لێ کەوتووهتەوە، درێژەی دەبێت. لە بەشی داهاتوودا هەوڵ دەدەم ئەم ئیلاهیاتناسییە ڕوون بکەمەوە کە خۆ لە ئازادی، حەقیقەت، خۆشەویستی و جووڵانەوەدا نمایش دەکات.
بەرەو ئیلاهیاتێکی نوێ
تێكۆشانی ئازادیخوازیی كورد لەم چل ساڵەی دواییەدا نرخ و بەهایەكی مەزن و قوربانییەكی زۆری داوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە بەرەوە ئاسۆ و ڕووبەری کاریگەریی خۆی بەرینتر کرد. ئەمڕۆ خواستی ئۆجالان و بزووتنەوەکەی گۆڕینی جیهانە كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەست پێ دەكات. بزووتنەوەیەک كە لەپێناوی ڕزگاریی نیشتمانی دامەزرا و کەوته سەر پێ، سنوورەکانی تێ پەراند و بووهتە ئاکتۆرێک لە گۆڕینی جیهان لە کۆمەکیدا بۆ وەڵامدانەوەی پرسە ئایدیۆلۆژی و مادییەکان لەسەر گەردوون، مرۆڤایەتی و واتای ژیان. لەگەڵ پرسیارەكانی لەسەر کێشەی ناسنامە: ئێمە كێین و ئینتمامان بۆ کوێیە؟ بە سەرنجدان لەوەی کە نەک تەنها مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بەڵکو داب و نەریتی کولتووری كوردی بە شێوەیەكی بەربڵاو جەخت لەسەر خێزان و وەچەخستنەوە دەکەنەوە. بڕێک لە کوردەکان، دوژمنانی كورد و هێزە نێونەتەوەییەكانیش، تێكۆشانی كورد بەوە دەناسێنن كە ناسیۆنالیستی و جوداخوازە.٣١ دژایەتیكردنی نەتەوەگەرێتی (ناسیۆنالیزم)، پیاوسالاری و موڵکداری کوردەکان ناچار دەکات کە بیر و بۆچوونی نوێی بەهێز بە دەست ببینن كە خەڵك سەفەربەر بکات و دووبارە ڕێكیان بخاتەوە. بە پێویست دەزانرێت کە چەمكەكانی وەک (خۆشبەختی، پەیوەندی، ژنێتی، پیاوێتی) لە ڕکێفی سیستەم ئازاد بكرێت، واتای نوێیان پێ ببەخشرێتەوە و لە ڕێی ئەزموونی نوێوە ناوەڕۆکی نوێی ئەڵتەرناتیڤیان پێ بدرێت. ئەوەی پێگەی ڕێبەرایەتی و (ناسنامە) بە ئۆجالان دەبەخشێت، لەگەڵ ئەو ڕاستییەی كە باسم کرد، وێڕای ئەوەی کە ئەو خاوەن سەروەری نییە، تەنها ئەوەی بەرهەمی هێناوە بۆ بزووتنەوەکەی و گەلەكەی بە ڕەنج و و کاری هزری و هەستیارییە مەزنە بێبەرامبەرەکانیەوەیە، بەڵكو ڕاستی ئەوەیە کە لە ئەنجامی گفتوگۆكانی لەگەڵ ئەو کتێبانەی کە لە زیندان خوێندوونیەوە، ئەزموونەکانی تیۆریزە کرد و چوارچێوەی ئیلاهیاتێکی نوێی شرۆڤە كرد.
هەر بەم شێوەیە، لە کۆبانی بێ، یان ڕۆژئاوا، باکوور یان هەولێر یان ئیستانبول یان ئەورووپا، ئەو کەسانەی لە چوارچێوەیەکی شیکاری و ئیلاهیاتناسیی لەو شێوەیەدا دەڕواننە جیهان، خۆیان وەک جەنگاوەری حەقیقەت پێناسە دەکەن و بەرپرسیارێتی دهگرنه ئهستۆ نەک تەنها لەپێناوی فەراهەمکردنی دادوەری و یەکسانی، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی حەقیقەت و بەو مانایەی کە ئەوان نەک تەنها قارەمان و شۆڕشگێڕانن، بەڵکو پەیامبەرانیشن.
گەردوون و مرۆڤایەتی
ئۆجالان باوەڕی وایە كە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری قەرزباری سەركەوتنەكانیەتی كە بووهتە هۆی دابەشكردن و پەرتکردنی خەڵك و نێوەندەكانی ژیان و مەعریفە (زانین). لەبارەی زانینەوە، ئۆجالان بە تایبەتی مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە دابڕینی سروشت و زانستە کۆمەڵایەتییەکان بوونهتە هۆی داڕمانی سروشت و سەرکەوتنی مرۆڤ لە تێگەیشتن لە خۆی و گەردوون بە شێوەیەکی یەکانگیرانە و بهبێ پارچەکردن. لەبەر ئەوە، ئۆجالان لە نووسینەكانیدا فیزیا، بایۆلۆجی، سۆسیۆلۆژی و مێژوو، هەموویانی پێكەوە هێناوەتە لای یەك بهبێ ئەوەی یەکیان لەوی دیکە به گرنگتر ببینێت. بۆ نموونە، فیزیای كوانتەم و سەرنجدان و جەختكردنەوەی لەسەر تەنۆچکەی بچووكتر لە ئەتۆم (کوارگ) چالاكییەكی زۆر و گرنگیی فرەیی، جیاوازی و جووڵەی لەپێناوی هەبووندا. بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر سروشتی (ئازاد)ی پڕ لە جووڵە و ناسیستەمییانەی تەنۆچکە یان چاودێریکردنی گەشە، زۆربوون و مردنی زیندەوەران، چەمك و تێگەیشتن، هەروەها هەست و نەستمان پێ دەبەخشن بۆ تێگەیشتن لە كۆمەڵگە. هەروەها ئەم ڕێبازناسییە پردێك لە نێوان ڕابوردوو و ئێستادا دروست دەكات. وهك چۆن لە ڕابوردوودا زانین (مەعریفە) بە بەدواداچوون و چاودێریكردنی گیانەوەران، زەوی و ڕووەك یارمەتیی مرۆڤی داوە بۆ دۆزینەوەی حەقیقەت و بە ئاسانکردنەوەی ئەوانەش خزمەتی بە مرۆڤ کردووە، بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ لە ڕێی فیزیا، بایۆلۆژی و کیمیاوه مەعریفە بە دەست دێنێت. ئۆجالان، لە ڕێگەی هێنانەلای یەكتری زانستی سروشتی و کۆمەڵایەتی، خوازیاری هەستیاری و ئیلاهیاتێکی نوێیە. ئەو كاتێك پرسیار لەسەر جووڵەی کوانتەمی دەکات و دەڵێت، “ئەوە ئەو خودایەیە کە مرۆڤایەتی بۆ ماوەیەکی درێژە بەدوایدا دەگەڕێت”، هەوڵ دەدات كە هەردوو زانست و ئایین تێ بپەڕێنێت، ئەمە لەبەر ئەوە نییە کە خودا ئەوی خوڵقاندووە کە دەتوانرێت لە بڕ (کوانتا)دا بدوزرێتەوە. نابێت ئەو ڕاستییە لە بیر بكەین كە نابێ نەبوونی خودا، ببێتە هۆكاری بەلاوەنان و نكۆڵیكردن لە ڕۆحانییەت، میتافیزیك و ئەزموونی خودایی. تا ئێستاش گەردوون، مرۆڤ، سروشت و ڕووناكی پڕن لە نهێنی و ڕاز کە جێی سەرسووڕمانە لە مەیلی بۆ تێپەڕاندن، زۆربوون، جیابوونەوە و بڕ (کوانتا)، ئەوە ئەو شتەیە كە حەقیقەمان فێر دەکات.٣٢
زانستە سروشتییەکان ئیلهامیان بە ئۆجالان بەخشیوە بۆ بیرکردنەوە لە ئیتیک (ئاکار). ئۆجالان لە کتێبەکانیدا، ئیتیکی لەسەر بنەمای ئەو ئایدیایه خستووهته ڕوو کە ژیان وزەیە، وزەش هەرگیز لەناو ناچێت. ئەگەر ژیان وزە بێت، كەواتە وزە جووڵە و بزواندنە. پەیوەندیی هەرەمی (پلەبەندی) ئەو کاتە دێتە ئاراوە کە جووڵە کۆنترۆڵ دەکرێت. سەركوت و چەوساندنەوە جووڵە دەوەستێنن و ئاڕاستەی دەكەنەوە. كاتێك جووڵە (جەستە، بیرۆکە، خەیاڵەکان) بنبەست دەبێت، ئەوە مرۆڤ قەتیس و زیندانی دەکات. ژیانێكی ئەخلاقییانە تەنیا لە ڕێگەی لێشاو و خرۆشی وزەوه بەرەو ئاڕاستەیەکی ڕاست بەدی دێت.
وزە و ژیان لەو ڕووناكییەوە سەرچاوە دەگرن كە ڕۆژ دەیبەخشێتە زەوی و بێبەرامبەرە. ڕۆژ نموونەیەكی سەرەتاییە بۆ بەخشینی دیاری. ئەو وزەیەی کە ڕۆژ بە زەویدا بڵاوی دەکاتەوە، چەند شێوەی جیاواز وەردەگرێت. لەنێو ناچێت، بەڵكو دەگۆڕرێت و جیاواز دەبێت. بە هەمان شێوە، چی خوڵقێنراوە و ئەزموون کراوە لە مێژوودا، ون نابێت. هەروەها ئەو بەهایانەی کە بە ڕەنج بونیاد نراون و بێبەرامبەر بوون، هاوشێوەی ئەوەن کە خۆر دەیدات بە زەوی. نەک تەنها ئەوانەن کە هیچ ون نابن، بەڵکو لە ژمارە و حساب نایەن، ناپێورێن و بێبەرامبەرن. تەنها دەشێت ببنە سەرچاوەی ئیلهام بۆ چەند ڕێگەیەكی جیاوازتری بەخشین بەبێ پاداشت. مێژوو زنجیرهیەکی ڕیزکراو نییە لە زنجیرە هۆییەکان، بەڵكو لەوە زیاتر، وەک پەیوەندییەکەی نێوان تیشکی خۆر و ژیانە لە سەر گۆی زەوی، دەبێ وەکو زنجیرەیەک لە ئیلهامەکان، لێگرتنەوەکان (لێگرەوەکان)، بینراوەکان و نهبینراوەکان، نادیارەکان (شاراوەکان) و سروشەکان (وەحییەکان) لێی حاڵی ببن.
هەر هەر بوونێک بەرهەمێکی تاكە لە کۆی ڕەنجێکی زنجیرەیی کە لە دروستكردنی جیهانی سروشتی و كۆمەڵایەتیدا بهشداریی کردووە. مێژووی بایۆلۆژی و تاکەكەسییانە ناتوانرێت لە مێژووی گەردوونی، پەرەسەندن و شارستانی جیا بكرێتەوە. بەپێی بۆچوونی ئۆجالان، هەموو ئەو شتانەی کە لە مێژوودا سەریان هەڵداوە و بونیاد نراون و بەرهەمی گشتیی ڕەنجی مرۆڤ، سروشتی دووەمی زهوییان پێک هێناوە. بەپێی هەمان بۆچوون، ئەو مێژووی کە سروشت و مرۆڤ (سروشتی دووەم) لە دونیای ئەمڕۆدا خوڵقاندوویانه، لە قووڵترین ناکۆکیدایە کە لە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقیدا دەبێت بخرێنە دۆخی هاوسەنگ و هاوئاهەنگییەوە. جا بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی، پێویست نییە دوور بڕوانین. ئیلهام بۆ ژیانێکی مۆراڵییانە لە ڕێسای كەسیدا شاراوەیە کە بە درێژایی مێژوو گوازراوەتەوە.
کاتێک مێژوو و بەرهەمەکانی ڕەنج وەک سروشتی دووەم پێناسە دەکرێن، ئەوە دەشێت بڵێین کە ڕێک هەر وەک پەرەسەندنی بیۆلۆژییانە، لە جینەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەدا تۆمار و هەمبار کراون. هەر مرۆڤێک ئەنجامی درێژایی مێژوو، ڕەنج و هەبوونە زیندووەکانە. هەر بۆ ئەوەشە کە پێویستە مرۆڤ هەست بە بەرپرسیارێتی لە ئاست ژیان، مێژوو، ڕەنج و ئەو دیارییە بێهاوتایانەی بەبێ بەرامبەر بە دەست هێنراون، نیشان بدا. بە هەمان شێوە، هەموو مرۆڤێک بە مەودایەك درێژکراوەی بوونەوەر و کۆمەڵگەی بەر لە خۆیەتی و هەڵگری ئەو بەهایانەی بەر لە خۆیەتی و ئەوانەشی بەرهەمیان دێنێت، کۆی ڕەنجی گەردوونی و مێژوویین، بێهاوتاییانە بەتوانا، خۆڕاگر و بەئیرادەیە. وێڕای ئەوەی کە كارامەییەكانی لە سایەی ئەو كەسایەتییانەدا نێژراوە کە سەرمایەداری، نەتەوەگەرێتی، بنەماڵەگەری و ئایینگەری دەیانسەپێنێت. بۆ ئەوەی مرۆڤ توانستی تەواوی خۆی بە دەست بهێنێ و درک بە ڕۆڵەکەی لە مێژووی گەردووندا بکات، دهبێت مێژووی خۆی، سروشتە کۆمەڵایەتییەکەی، توانستە فیزیکییەکانی و ڕەنجە بەرهەمهێنەرەکانی ئاشکرا و بەرجەستە بکات و پەرە بە مێشک و ژیرییە کاریگەرهکەی بدات.
هەروەها هەموو مرۆڤێک لە ڕێگەی بژاردەکانی، ڕەنج، جووڵە و ئەو بەهایانەی بەرهەمیان دێنێت، بهشداری لە بونیادنانی سروشت، ژیان، مێژوو و گەردووندا دەکات. کەواتە لەو دۆخێکی وەهادا، ژیان شتێکە کە دەشێت مرۆڤ لەپێناویدا بمرێت و تەنانەت هەندێ كاتیش لەپێناویدا بکوژرێت.٣٣ حەقیقەت تاکەکەس نییە، یان ڕاستتر، حەقیقەتی کەس دابڕاو نییە لە حەقیقەتی گەردوون و ژیان. لە ساتی مەرگدا، ڕێک وەک ساتەوەختەکانی دیکەی ژیان، کەسێک ڕەنج دەدات و بەها بەرهەم دێنێت کە دواتر دەگوازرێتەوە و دەبێتە بەشێک لە مێژوو و پێکهاتەی جیناتی کۆمەڵگە. بۆ ئەوەشە کە لە بزووتنەوەی ئازادیی کوردستاندا، مردن لە تێکۆشانی ئازادیدا بەها بەرهەم دێنێت، دەیکاتە خەڵات بۆ ژیان و دەیکاتە ڕەنج بۆ کۆمەڵگە و جیهان.
ئازادی
ئۆجالان، لە نووسینەكانی زیندانیدا، بانگەشەی جیاواز دەربارەی ئازادی دەکات و بە تێگەسازیی جیاواز دەگات. ئازادی بۆ ئۆجالان پەیوەندییەكی نزیكی بە بزووتنەوە، توانای بەخشینی واتا و خۆشەویستییهوه هەیە. دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە لە سۆنگەی ئەم وتارەوە هیچ نیازێکی بەدواداچوونم بۆ ڕێچکە جیاوازەکان، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر تێگەیشتنی ئۆجالان بۆ ئازادی نییە، بەڵکو تێبینییەکانم لەسەر چەند بوارێکی تێگەیشتنی ئۆجالان بۆ ئازادی سنووردار دەکەم کە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر كار و چالاكییەكانی بزووتنەوەی ئازادیی كورد هەیە.
هەر وەک پێشتر ئاماژەم بۆ كردبوو، ئازادی بۆ ئۆجالان بە پلەی یەکەم بریتییە لە جووڵە و وزە. ئەمەش ههم لە نووسراو و هەم لە پێشنیازەکانیدا دەربارەی ڕێکخستنی ئازادی و دیمۆکراسی لە بزووتنەوهی ئازادیخوازیی کورد و بەرینتریش، له ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەدی دەکرێت. ئۆجالان هەر كاتێك دەرفەتی بۆ ڕەخسابێت پەیوەندیی بە دەرەوەی زیندان و جیهانی دەرەوەی زیندان بکات، پێشنیازی دامەزراندن و بونیادنانی دامەزراوە و دەزگای كۆمەڵایەتی و سیاسیی نوێی بۆ بزووتنەوەی ئازادیی كورد و هێزە دیمۆكراسییەکانی تر لە توركیا کردووە. هەروەها هەندێک جاریش ڕاسپاردەی هەبووە بۆ گۆڕینی پێکهاتە، ناو و ناوەڕۆکی ئەو دەزگا و دامەزراوانەی كە ڕۆڵیان لە خەبات و تێكۆشاندا هەیە. ئەم کارە تا ڕادەیەک بهرههمی گەڕانی بەردەوام و پڕ وزەی ئەو بوو بۆ بەدەستهێنانی باشترین شێوەی گونجاوی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتی. وێڕای ئەوەش، هۆكارێكی تری سەرەكی ئەوەیه کە لە ڕاستیدا ئامانجی ئۆجالان خوڵقاندنی بزووتنەوە و جووڵەیە لە ژیانی كۆمەڵایەتی و سیاسیدا، بە جۆرێک کە سیاسەت لە كارگێڕی و بەڕێوەبردندا كورت نەكرێتەوە کە خوو و نەریت و پەیمانەکان پاوانی بکەن، بە شێوەیەک، ئەوانەی لە ناو چەقی ئەو ڕێكخراوانەدان، ناچەسپیو و ناجێگیر بن، بۆ ئەوەی کە ڕێخۆشکەر بن بۆ کردنەوەی دەرفەتی نوێ بۆ ئەوانەی کە لە پەراوێزدان. لە لایەكی ترەوە، دەوڵەت بە “دەستبەسەرکردن” و “دەستگیرکردن” هەوڵی ڕێگرتن و وەستاندنی بەشداری لەم بزووتنەوەیەدا دەدات. پێکەنیناوییە کە دەستگیرکردن تەنها دەبێتە هۆكاری جووڵاندنی ئەوانی تر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و لەئەستۆگرتنی ئەوەی بەجێ ماوە کە ڕۆح، جووڵە و ههڵسووڕاندنێكی بەردەوام و نوێخواز بكەن بە گیانی كار و چالاكی و وتار و ئاخاوتنەكان لە كۆمەڵگەدا.٣٤
بە ڕای من، یەكێك لە دەرەنجامەكانی دامەزراندنی دامەزراوە و دەزگا و ڕێكخراوەكان نوێیەكان ناسەروەرییە. بوونی چەند ڕێكخراو دامەزراوەیەك كە كار و چالاكی لە ڕووبەری جیاواز و بەیەكداچوودا دەکەن و هەروەها گۆڕانكاری لە دەسەڵات و لە پەیوەندییەكانی نێوانیاندا، دڵنیایی دەدات كە تەنها كەسێك یاخود دەزگایەك بە تەنها دەسەڵات و هەژموونی خۆی نەسەپێنێت و ئامرازەكانی هێز و دەسەڵات پاوان نەکات. بە پێچەوانەوە، بوونی ژمارەیەک لە دەزگا و دامەزراوە کە خاوەن گوتە و چالاکی بن لە بوارێكی دیاریكراودا، ڕێگر دەبێ لەوەی بە ڕووی خۆیاندا داخراو بن و هەموویان ناچار دەکات کە لەگەڵ یەکدا لە پەیوەندیدا بن، بهبێ ئەوەی هیچ کامیان لە خۆبەڕێوەبردندا بێبەش بکرێن. هەروەها گەرەنتیی ئەوە دەکات کە ئەو بڕیارانەی لەسەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی لە لایەن یەک ڕێکخراوەوە دەدرێن، هەرگیز لە لایەن ڕێکخراوەی دیکەوە پشتگیری ناکرێن. بە هەمان شێوە، فرهیی، فرەڕەنگی، جۆراوجۆری و جیاوازی -بە واتایەکی تر، ئازادی- دەتوانرێت بە ڕێگهیەکی نامیکانیکی بەرهەم بهێنرێتەوە.
به لای ئۆجالانهوه، لە تەنیشت جووڵەی هزری و جەستەیی، ئازادی لە نزیکەوە پەیوەندییەکی تۆکمەی بە توانای بەرهەمهێنانی واتاوە هەیە. بە واتایەکی تر، بزووتنەوەکە بهو ڕادهیه دەبێتە بزووتنەوەیەکی ئازادی کاتێ خهڵك –تاكەكەسییانه و هەرەوەزییانە- واتای پێ بدەن. لە لایەكی ترهوه، بۆ پێشخستنی توانستی واتابەخشینی تاكەكەس یاخود بەكۆمەڵ بە ئازادی، سەرەتا پێویستە خۆت لە واتای ئازادیی هێزی باڵادەست جیا بکەیتەوە، ئەوەش بە تەنها بەس نییە، هەروەها پێویست بە بەرهەمهێنانی شیکاری و چیرۆکگەلێک هەیە کە بە هۆیەوە خەڵكانێكی زۆر بتوانن خۆیان و ئەزموونەكانیان بناسن. بۆ نموونە، چیرۆكە مێژووییەكان كە ئۆجالان لەسەر بنەمای چەرخی بەردینی نوێ (چەرخی نیولتیك) پەرەی پێ داون، ڕێیەک بۆ ژنان فەراهەم دەكات کە واتا بدەن بە ژیانیان، چیرۆكەكانی دایكانیان و یادەوەرییەکانی ژنان، ئەفسانەكان، داستانەكان، بەو ئێش و ئازارانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، ڕەنج و دەردەسەرییەكانی ژنان و بەرخودانەكانیان كه بە درێژایی مێژوو لە جیهانێكی یەکانگیر و ماقووڵدا بەرجەستەیان دەکات.
لەم سۆنگەیەوە، دەبێ ئاماژە بۆ ئەو دەستەواژە تیۆری و ڕۆژانەییە بێهاوتایانە بکەم کە بزووتنەوەی ئازادیی كورد بەکاریان دەهێنێت، ئەو زاراوانە بە شێوەیەکی بەشییانە لە لایەن ئۆجالانەوە بەرهەم هێنراون. خەڵك هان دەدات دوور بكەونەوە لەو زمانەی باڵادەستانە بیر دەکەنەوە. لەجیاتیی ئەوانە، پەرە بە پێناسەی جیاواز بدەن بۆ گەردوون، ژیان، مرۆڤ، سروشت و… ئەو زاراوانە ڕێی نوێی بینین و هەستیان بۆ دەستەبەر دەکهن. لێرەدا، پەیوەندییەكی دیالێكتیكی بۆ پیرۆزی و پیسبوون كه لەوەوپێش باسم کرد، دەخرێته گهڕ. بوون بە خاوەنی زاراوە بۆ قسەكردن لەسەر پرسە جیاوازەكان، ئەو توانایەی بە بزووتنەوەکە و خەڵکەکە بەخشیوە بۆ بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانی زانین کە پێشتر مەحاڵ بوو.٣٥ بونیادی باڵادەستی هەژموونی مەعریفە (زانین)یان وەک زۆر شتی دیکە لە کۆمەڵگە دابڕاند و پیرۆزیان کردووە، بە شێوەیەک دیمۆکراتیزە دەکرێت کە کۆمەک بە بەرهەمەکانی کۆمەڵگە و بزووتنەوەکە بکات. سیحر، هەر وەك چۆن بەکارم هێنا، بەپێی ئەو لێکدانەوەی کە ئاگامبێن وێنەی كێشاوە، کاتێک مومکین دەبێت کە ئامرازە جیاوازەكان (ئەوانەش كە زانین بەرهەمدێنن) ڕزگاریان بێت لەو ناوانەی هێزی هەژموونی پێی داون و ئەو سنوورەی کە بۆیان کێشراوە، کە دەرفەتی ناو و چیرۆکی نوێیان بۆ واڵا دەکات.٣٦
هەرچۆنێك بێت، نە بزووتنەوە و نە پێشخستنی توانستی خۆسەری بەس نییە بۆ ئافراندنی واتای بنەماکانی ئازادی. ئازادی پێویستی بەوەیە كە خەڵك پەرە بە هێزی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی کە چالاکانە شته نوێیەکان بونیاد بنێن. ئازادی ئەنجامی كارێك نییە كە تاكەكەس بیەوێت بیكات. بە پێچەوانەوە، پێویستی بە هەوڵێکی زۆر و هێزی ئیرادەیە پاڵ بە خۆیەوە بنێت بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی، دژوەستانەوە بەرامبەر خووەکانی خۆی و ڕەنج و وزەی لە پەیوەندییەكانیدا خەرج بکات. بۆ نموونە، كاتێك ژن پەرە بە توانای فیزیکی (جەستەیی) دەدا یان زانیاری و شارەزایی بە دەست دێنێ كە بە پلەی یەك لەژێر قەڵهمڕەوی پیاودایە، پەرە بە هێز و توانای خۆیان دەدەن “بونیادنان” و هەست دەکەن سەربەخۆتر و ئازادترن. بە هەمان شێوە، کاتێ كۆمەڵگەی كورد دامەزراوە نوێیەکانی خۆی بونیاد دەنێت، ئامرازەكانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوە، هێزی خۆپاراستنی لە دەوڵەت، پیاوان و نوخبە دهسێنێتەوە، ئازادی بە دەست دێنێت و خۆیان ئازاد دەکەن. لە كۆتاییدا، هێزی بونیادنان ڕێک وەک جووڵە و هێزی واتادانە، چەمكی ئازادی هەرهوەزییانە دەكات و ڕوونی دەكاتەوە كە ئازادیی تاكەكەس پشت بە ئازادی و خۆبەڕێوەبەریی ئەو كۆمەڵگەیەی تێدا دەژی، دەبەستێت. لەجیاتیی ئەوەی كە سەربەخۆ بێت لێی.
پێم باشە لێرەدا کەوانەیەک بکەمەوە. زۆرێک لە کولتوورەکان، چیرۆکەکانیان لەسەر پەیوەندیی عەشق و ئازادییە. عەشق بەپێی ئەو چیرۆکانە، هەستێکی بەهێزە، بە ڕادەیەك كە وا لە مرۆڤەكان دەكات چەند کارێکی قەدەغەکراو بکەن. تاکەکان جەوهەری نرخ و ناسنامەیان لەو عەشق و یاخیبوونەدا دەردەبڕن کە لە دژی ئەو پێکهاتە دەسەڵاتدارییانەیە کە دەیانچەوسێنێتەوە. لە لایەکی ترهوه، بەختەوەری کاتێک بە دەست دێت کە تاک بتوانێت خواستەکانی خۆی (عەشق، سێکسوالیتی– خواستی ڕەمەکی زایەندی، ناسنامە–ناسین….هتد) لەگەڵ پێوانە کۆمەڵایەتییەکان هاوئاهەنگ و هاوسەنگ بکات. لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا هاوسەنگییەكی لەم شێوەیە لە ڕێگەی هاوسەرگیری و خێزانی ناوكی (خێزانی تاکی)، موڵکایەتی و هاووڵاتێتیی (ژێندەرکراو)هوه بەدی دەهێنرێت. وا دیارە بە گەیشتن بەمانە، خەڵک هیچ چیرۆکێکیان پێ نامێنێت بۆ گێڕانەوە. عەشق لە هزری ئۆجالان جێگهیەکی سەرەکیی هەیە، هەروەها لە نزیکەوە پەیوەندیی بە ئازادی و حەقیقەتەوە هەیە. هەرچەندە، ئەم عەشقە جۆرێک نییە لەو عەشقەی کە لە ڕووی پەیوەندیی زایەندی (جنسی)ی نێوان ژن و پیاو یان بە موڵک، ماڵ و نەتەوە یان زۆرکردنی وهچه بە دەست بهێنرێت. عەشق و شەهوەت لە پەیوەندیدا بە سروشت، جیهان، شۆڕش، خەڵک، پرسی ژیان و کۆمهڵگە –بە واتایەکی دیکە، لە هەموو جۆرە پەیوەندییەکدا– شێوەیەکە لە جووڵە و خرۆشان. کەسێک بە گەیشتن بە ئازادی هەنگاو بۆ ئەودیو مومکینەکان دەنێت و نهێنیی نوێ دەکاتەوە، بە ئازادیی خۆی و کۆمەڵگە سروشتی یەکەم و دووەم هەماهەنگ دەکات، خۆی لە سروشت، مرۆڤ، کۆمەڵگە، یاخبوون و بونیادنانەوەدا ون دەکات و جارێکی تر خۆ دەدۆزێتەوە.
هەڤاڵێتی یەکێکە لە گرنگترینی ئەو پەیوەندییانەی کە واتا بە ژیان دەبەخشێت و تاک بەرەو حەقیقەت کێش دەکات. جۆرێکە لە وەفاداری کە لە ناو نەتەوە، ماڵ و موڵك و خێزاندا بەدی ناکرێت. ناتوانرێت بۆ سوود و قازانج بگۆڕرێت و ئاڵووێری پێوه بكرێت، یەكسانی و جیاوازیی تێدایە، لە ڕێی هاوئاهەنگی و ناکۆکی، دداننان بە یەكتر و یەكترناسین، هەروەها ڕەخنەگرتنەوە گەشە دەکات. هەڤاڵێتی لە هەڵپەڕکێدا به باشترین شێوه خۆی نیشان دەدات، لەو کردە بەكۆمەڵهی تاکەکان له تەنیشت یەکەوە و شان بە شانی یەكتر، یەك ئاڕاستە دەگرن و هاوئاهەنگ دەبن.
یەکێک لەو وتە کاریگەرانەی هزر و بیری ئۆجالان ڕوون دەکاتەوە، هەم یۆتۆپیا و ههم ئهپستمۆلۆجیی نەریتی بزووتنەوە هەرەتیک (هەرتەقییەکان)ی ڕابوردوو (بۆ نموونه، عەلەوییەت، سۆفیزم، ئەفسانە و حیکایەتەکان) لە خۆ دەگرێت، ئەو وتەیەیەتی کە دەڵێت، “حەقیقەت عەشقە، عەشق ژیانی ئازادە.” لەبەر ئەوە، حەقیقەت یەکێکی دیکەیە لەو تێگانەی کە بۆ تێگەیشتن لە ئیلاهیاتەکەی مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك و ئۆجالان، دەبێ ڕاوەستەی لەسەر بکرێت.
حەقیقەت
لەگەڵ کارەکەی میشێل فوکۆ، کە کاریگەرییەکی گەورەی هەبووە لەسەر ئۆجالان، قسەکردن لەسەر حەقیقەت خۆی لە خۆیدا مەحاڵ بوو بهبێ پێزانینی ئەوەی کە حەقیقەت خۆی لە خۆیدا لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرهەم هێنراوە و پێویستە وەک بیناکردنێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی پەیی پێ ببرێت. لە سۆنگەی ئەو تێڕوانینانەی لە کتێبەکانیدا، ئۆجالان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە گەورەترین چەکی هەژموونی، خوڵقاندن و سووڕدانەوەی حەقیقەتە، زانستە پۆزەتیڤیستەکان ئهو ڕژێمانهی حەقیقەتن کە لە لایەن دەسەڵاتەوە بەرهەم هێنراون و دەهێنرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، ددان بهوهدا دهنێین حەقیقەت چەمکێکە ئۆجالان بەرەو ڕێژەگەری نابات. لەجیاتیی ئەوە، پەرەی بە دوو دید و پەیڕەوی جیاواز و تەواوکەر بۆ حەقیقەت دا و کردوونی به ناوەندی ئیلاهیاتناسییەکەی. ئەو دوو بۆچوونە جیاوازە کە لە هەمان کاتدا تەواوکەری یەکتر و حەقیقەتن، لە دوو چالاکیدا دەردەبڕرێن: “بونیادنان” و “ئاشکراکردن”.
بۆ ئۆجالان، ئامانجی هەموو چالاکییە مێژووییەکان ئازادییە، لەم ڕووەوە، بزووتنەوەیە. لە ڕوویەکی ترەوە، ئەو حەقیقەتەی کە مرۆڤ ئازاد دەکات، یەکانگیربوونی مەعریفە، داهێنان، هەست و بەهاکانە. حەقیقەت لە خۆوە دەرناکەوێت. حەقیقەت لە ڕێگەی ئاشکراکردنی شتێکهوه کە پەردەپۆش کراوە، بە دەست نایەت. وەها حەقیقەتێک پێویستی بە بەردەوام ئیشکردنی بێئەندازە و کاری ئەخلاقییانە هەیە. حەقیقەت بە سیاسەتێک کە چالاکییەکی ڕزگارکەر بێت، بە پەیوەندی و کۆشش و کاری ئازادیبەخش بە دەست دەهێنرێت. هەر وەک ئالان بادیۆ دەڵێت، “ئەوەی لە بەرامبەر حەقیقەتدا دەوەستێ، بەدکاری، بێڕەنجی و ناڕاستگۆییە.”٣٧ بۆ نموونە، کەسێک ئەگەر لە وتووێژێکدا لەسەر حەق یان ناحەق بێت، ئەوە پەیوەندییەکی کەمی بە تێگەی حەقیقەتەوە هەیە، کاتێ بهشداری لە ئازادیی بهكۆمهڵی کۆمەڵگەدا نەکات، ئەوە دەشێت هەموو گفتوگۆکان زیان بە حەقیقەت بگەیەنن. بە کورتی، بەرهەمهێنان و بونیادنانی حەقیقەت پەیوەندیی بە کۆمەککردن بە گەیشتن بە ئازادی هەیە. بەو واتایە، تاکەکەسێکه (ئەو حەقیقەتانەی کە تاکێک بەدییان دێنێت بۆ ئەوەی خۆی سەربەخۆ/ ئازاد بکات) و بەکۆمەڵه (ئەو حەقیقەتانەی کە گەڵاڵە کراون بۆ ئەوەی کۆمەڵگە سەربەخۆ و ئازاد بکات) و هاوئاههنگكردنی هەردووکیانە.
لە لایەکی ترهوه، دەکرێت لە نووسینەکانی ئۆجالاندا تێگەیەکی میتافیزیکییانە بۆ حەقیقەت بەدی بکرێت. بەو پێیە، حەقیقەت لە گەردوون، کۆمەڵگە و تاکدا شاراوەیە، دەبێ ئاشکرا بکرێت و بگەڕێنرێتەوە. حەقیقەت کۆی چاکە، جوانی و ڕاستییە، دۆخی هاوسەنگی و هاوئاهەنگیی نێوان سروشتی یەکەم و دووەمە، ئەو ڕاستییەیە کە “نەمری لە ئێستادا شاراوەیە و کرۆکەکەشی لە ڕووداوەکانی ساتەوەختدا.” حهقیقەت یەکانگیریی مێژوو و گەردوون و ئەو ڕاستییەیە کە هەموو بوونەوەرەکان لە خۆ دەگرێت، کۆی ئەو ڕەنجەیه کە لە جیهاندا خەرج کراوە. ئەرک و بەرپرسیارێتیی شۆڕشگێڕی و هزری ئەوەیە کە ئەو حەقیقەتە ئاشکرا بکرێت. ئەو زمانەی ئۆجالان بەکاری دەهێنێت، كه هەندێک کەس بە زیادەڕۆ و حەتمیی دەزانن و ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە، لە چوارچێوەی تێگەیشتنی حەقیقەتدا واتادار دەبێت: یەک نموونە، ئەمە ئەو ڕێبازەیه کە ئۆجالان به هۆیهوه ژن و خوداوەند پێکەوە دەبەستێتەوە. تا ئەو ڕادەیەی کە ئۆجالان باوەڕی وایە کۆی مێژووی ژن، لە هەموو ژنێکدا کەڵەکە و بەرجەستە بووە و پێشنیاز دەکات کە ژنان پێویستە، لە ژیان و کارەکانیاندا، لە دونیای واتا و هەست و نەستدا ئەو بەهای ژنێتییەی لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێ (چاخی نیۆلتیک)دا بە دەستیان هێناوە، ئاشکرا بکەن. لەم ڕێگهیەوە ژنانی هاوچەرخ توانای گەیشتنیان بەو بەهێزیی واتا و بونیادنانە هەیە کە ژنهخوداوەندهكان لە ئەفسانەی سەردەمی سۆمەرییەکاندا بە دەستی هێنا، لەو پرۆسەیەدا ئازاد ببێت و پێشەنگی بکات بۆ ئەوانی دیکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی. لێگەڕینی سەرگەرمی ژنان بەدوای حەقیقەتدا لە مێژوو، سروشت و ژیانێکی هەرەوەزی هەم لە بونیادنان و هەم ئاشکراکردندا کۆششێکی بێئەندازە، ڕەنج، دیسپلین (ڕێککاری)، هەروەها فیداکاری و عەشقی دەوێت، ئەو پرۆسەی ئازادییەیە کە ئازادکردنی ژن لە بزووتنەوەی ئازادیی کورددا دەستنیشان دەکات.
دەرئەنجام
ئیلاهیاتناسیی ئۆجالان بەهێزکەر و ئازادیبەخشە. وێڕای ئەوەش، ئاماژە بۆ تێکۆشانێکی ناکۆتا و پێوەرێک بۆ ژیان دەکات کە زۆرێک لە خەڵک بە سەختی دەزانن. ئۆجالان بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاک و کۆمەڵگە، چیرۆکە جهماوهرییهکانی هەژموونی ڕەت دەکاتەوە و جێگهی بە داستان دەگرێتەوە. داستانەکان هەم ئەزموونبەخشن و هەم بانگەواز بۆ ژیانێکی بەستەییانە دەکەن. بەم شێوەیە، بانگهێشتی تاک دەکات کە بهشداری لە دروستکردنی مێژوویەکدا بکات کە ئەو خۆی هەڵگری هێزێکی بزوێنەری ئازادیخواز و تاکێکی ڕزگارکەری کۆمەڵگە بێت. ئەوەی لێرەدا سەرنجڕاکیشە، ئەوەیە کە چیرۆکی ئۆجالان مۆرکێکی دیمۆکراتییانە بە داستانەکە دەدات: ژیانێکی داستانئاسا چیتر لە پاوانی تاکەکەسێکدا نییە، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگەیە. بە واتایەکی تر، لە ئیلاهیاتناسیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورددا، هەموو ژیانێک دەتوانێت ببێت بە داستانێک لە خەبات بۆ حەقیقەت و ئازادی و شایستەی ئەوەیە کە وەکو چیرۆک و ئەفسانە بگێڕرێتەوە و باس بکرێت. له سهروو ئهوهشهوه، گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانێکی وەها زۆریان دەكهن، بەها بهرههمهێنراوهكان دەگێڕرێنەوە و بڵاو دەبنەوە و هەستی هاندان و وەفاداری دەبزوێنن.
ئەگەر بەردی بناغەی بونیادنانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، خێزانی ناوەکی، مۆڵکییەت و دەوڵەت–نەتەوە بن، ئەوە بەردی بناغەی بونیادنانی مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك بزووتنەوە، نەرمایی و وزەیە. ئەوەشی فەراهەمی دەکات، ئەکادیمیاکان، کۆمینەکان، کۆمەڵەکانی هەرهوەزی (کۆپەراتیڤەکان) و ئەو هەڤاڵێتییەیە کە دەگەشێنەوە. ئەو پێکهاتانەن کە بزووتنەوە بەرهەم دێنن و بەرهەمی دێننەوە. ئەوەی ئاڕاستە، شێوە و ناوەڕۆک بە مۆدێرنیتە دەدات، پێشکەوتن نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای حەقیقەتدا، ئەوە ئارەزووە بۆ ئاشکراکردن و توانستی بونیادنانی باشی و جوانی کە مرۆڤەکان وەک میراتێک لە مێژوودا بەجێیان هێشتووە. ئەوەی کە دەزگا، ڕووبەر، ئاڕاستە و بوارە جیاوازەکانی مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك کۆ دەکاتەوە، خوشەویستییە، کە بدات بهبێ ئەوەی وەربگرێتەوە، داهێنانە.
نازان ئوستونداغ
نازان ئوستونداغ لە ساڵی ٢٠٠٥ لە بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی بلومینگتن، لە زانکۆی ئیندیانا بڕوانامەی دکتۆرای بە دەست هێنا. لە ٢٠٠٥ تا ٢٠١٨ وەک یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە زانکۆی بوغازیچی ئیستەنبول، بەشی کۆمەڵناسی کاری دەکرد؛ لە ئێستادا ئەو ئەکادیمییە لە ئاوارەیی و توێژەرە لە سندووقی فریاکەوتن، هەروەها ‘ترانسڕیجنال ستوودن’ش بە ڕێوە دەبات. ئوستونداغ بە شێوەیەکی بەرفراوان دەربارەی سیاسەتی کۆمەڵایەتی و بابەتەکانی ژێندەر و توندوتیژیی حکومەت لە کوردستان نووسیویەتی. ئوستونداغ ستوونووسی گۆڤاری ‘نوقتە’ بووە و لە ڕۆژنامەکانی ‘ئوزگور’ و ‘گوندیم’ کاری کردووە و لە بەشی بۆچوونەکان لە لاپەڕە ئەلکترۆنییەکانی وەک:T24, Tianet, Roar magazine و Jadaliyya وتاری بڵاو کردووهتەوە. ئوستونداغ ئەندامە لە هەردوو دەستپێشخەریی “ژنان بۆ ئاشتی” و “ئەکادیمییەکان بۆ ئاشتی”. هەروەها لە ئێستادا سەرقاڵی چاپی کتێبێکە لەژێر ناوی دایک، سیاسەتمەدار و گەریلا: دەرکەوتنی گەردوونناسیی سیاسیی نوێ لە کوردستان لە ڕێگهی جەستە و وتاری ژنانهوه.
سەرچاوەکان
١. هاڤین گونشەر ئەم وتەیەی عەبدوڵا ئۆجالانی وەرگێڕاوە.
٢. لەگەڵ ئەوەی ناچمە ناو وردەکارییەوە، سیاسەتی بریکزت، نموونەی كریما و گفتوگۆکان لەسەر پەنابەر کە هەوڵ دەدەن بە ئەورووپا بگەن و گرتنی تەنگەبەرەکانی دەريای ناوەڕاست و نموونەی دیکەی جۆراوجۆری پەیوەندیداری مادی و هێماییانەی دەوڵەت–نەتەوە بۆ دوورگە و گۆشەگیرکردن. حەز دەکەم سوپاسی موستەفا ئەمين بويوكجۆشكون بکەم بۆ بيرخستنەوەم دەربارەی کتێبێکی ئین ئەلتوفەیل، حي بن يقظان، کە لە سەدەی دوازدەدا نووسراوە. كتێبەكە ڕێگهیەکی جياوازی وێناکردنی دوورگە دەستەبەر دەكات كە ڕێگهیەکی بەدیل پێشکەش دەکات بۆ لێكدانەوە لەسەر ئەزموونی عەبدوڵا ئۆجالان لەسەر ئیمرالی. پەيوەندیی نێوان كاليبان و پرۆسپیرۆ لە کتێبی ڕەشەبای شەكسپير سەرچاوەیەکی ترە بۆ خەیاڵی بەدیلێکی كۆمەڵايەتی و ڕێگهی سياسیی مەجازییانەی دوورگەکە.
٣. خێزاندارێتی و موڵكدارێتی لەو دەستەواژانهن کە لەم وتارەدا بەكاریان دەهێنم تا ڕێنیشاندەر بن کە تاك چۆن ناچار دەكرێت هۆگری ژیانی هاوبەشی زایەندی (جنسی)ی نێوان دوو ڕەگەز یان خێزانی ناوكی بن و هەست بکەن کە بایەخ و حسابیان بە هۆی موڵکەکانیانەوەیە (خانووەکانیان، ئۆتۆمبێلەکانیان و تەلەفۆنەکانیان).
4- Michael Taussig, My Cocaine Museum (Chicago: Chicago University Press, 2004).
٥. ئەو ڕۆڵەی خێزان دەیبینێت لە دەستەبەرکردنی مافی تاکەکانیدا –بە تايبەتی كاتێك كە تاكەكەس ژیانێکی نادڵنیایی بگوزەرێنێت– باشترین شت ئەوەیە کە ئەو حەقیقەتە نیشان بدرێت کاتێ قەدەغە دەخرێتە سەر پارێزەر، سياسەتمەدار و ڕۆژنامەنووس کە بچێتە دوورگەکە؛ دەسەڵاتداران تەنها سێ جار ڕێیان داوە کە براکەی سەردانی بکات، ئەوەش دوای دوو جار چالاکیی مانگرتنی تا مردن و خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان لە دژی گۆشەگیرکردنی لە دوورگەی ئیمرالی.
٦. سۆسیۆلۆگی بەناوبانگی فەڕەنسی ميشێل دو سیرتو (Michel de Certeau) لە کتێبەکەیدا بە ناوی كردارەكەی ژيانی ڕۆژانە، چاپی سێیەم. ترانس. ستييڤەن ڕاندەڵ (بیركلى: زانكۆی كاليفۆرنيا پرێس ٢٠١١) ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە کاتێ ڕووبەر لە ژێر حوکمی بەهێزەکاندا بێت، ئەو کات دەبێتە ئامرازی ستەملێكراوان، ڕێیان دەدات کە تاکتیکە داهێنەرەکانیان بخەنهگەڕ بۆ شکاندنی ستراتیژی بەهێزەکان.
٧. بزووتنەوەی ئازادیی كورد دەستەواژەی “سیستەم” بۆ ئیمرالی بەکار دێنێت، تا گشتگيریی سياسەتی گۆشەگیری و كۆنترۆڵ نيشان بدات، بە ئاسایی نیشاندانی ئەو دۆخە و لە ڕێی یاساییشەوە ڕێگرتن لە دەستڕاگەیشتنی ئۆجالان بە كتێب، نووسراو، ڕاديۆ و تەلەفزيۆن، هەروەها سەردانکەران و میکانیزمە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکانیش، ناوی لێ نرا “سيستەم”، چونكە خەڵك باوەڕیان وایە ئەوەی لە ئیمرالی ڕوو دەدات، ناشێت سهربهخۆ له سیاسەتی تورک نییە بەرامبەر بە کورد مایهی تێگهیشتن بێت.
٨. وێڕای ئەوەی کە زاراوەی ئیلاهیات لە ڕووی زانستییەوە بە واتای خوداناسی دێت، بەڵام لێرەدا وشەی ئیلاهیات وەک واتادان بە گەردوون، لەدایکبوون و مردن، پیرۆزی و حەقیقەت بەکار دێنم. وەک ئەڵتەرناتیڤ، ڕۆحانییەت، هەر وەک ئۆجالانیش بە زۆری زاراوەی میتافیزیک بەکار دێنێت. هۆکاری ئەوەی کە من “ئیلاهیات”م بەكار هێنا، لە لایەک لەبەر ئەوەیه کە دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە بکەمەوە ئەو هزرانەی کە وا لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەکهن ڕوون، مایەی تێگەیشتن و جێگیر بێت، لە ئایینە تاکخوداییەکانەوە وەرگیراون، لە لایەکی تر جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیك کە ئۆجالان بونیادی دەنێت، پچڕانێکە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی گشتگیرە کە چۆن واتای ژیان بە دەست بهێنرێت و چۆن بە ڕێوە ببرێت.
٩. لەسەر پەيوەندیی لە نێوان پيرۆزی و توندوتيژى، بڕوانه: ئالفۆنسۆ لينگيس، توندوتيژی و جوانی (ئێڤەنستەن، ئای ئێل: زانكۆی نۆرسوێسترن پرێس، ٢٠١١).
١٠. ئەمە حاڵەتەکەیە، جگە لە هەڵاوێردنی هەندێك ڕێكخراوی نێودەوڵەتی و لەوانەشە هەندێك كهس مشتومڕ بكهن و بڵێن هەندێك كۆمپانيای ترانس–ناشناڵ. هەڵاوێردنێكی تر لەسەر سەکۆی سياسیی جيهان ڕوو دەدات كاتێك ژمارەیەک ڕێككەوتنامەی ئاسايش و ئاشتی لە لایەن چەند ڕێكخراوی مرۆیی یان ئەو ڕێکخراوانەی کە لەپێناوی سەربەخۆیی گەلێکی دياريكراو شەڕ دەکەن، واژۆ كراون.
١١. ئەكيلی مبەمبە (Achille Mbembe)، نەكرۆپۆليتيكس، کولتووری گشتی، ١٥، ژمارە. ١ (زستان، ٢٠٠٣): ١٥–٤٠، ١٩ی تەممووزی ٢٠١٩.
١٢. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا زۆرینەیەک لە ئاکتۆرە سیاسییەکان گوتارێکی خەڕەک و باویان هەیە لەسەر کۆمەڵە پرسێک کە ناسنامەی جیاوازیان هەیە (وەكو كورد، ئەرمەنى، ژن، +LGBTQI (ناسنامە جیاوازەکانی ژێندەر)، كرێكار…) بەڵام هاوتای یەک باسیان دەکەن. وەها بۆچوونێك مەترسيی پشتگوێخستنی ڕاستیی هەیە کە هەر ناسنامەیەکی جیاواز، لە پەیوەندیی بیۆدەسەڵات و سەروەرییەکی کە بەسەریان سەپێنراوە، شێوەی گرتووە. باشترە کە ژن، کورد یان کرێکار لە تێگەسازیدا، لە ناسنامە زیاتر، وەک گرێی پەیوەندییەکانی ئیسغلالکردن، داگیرکاری و توندتیژی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
١٣. ئەمە بۆ بەرگریکردن لە هەڵوێستی لیبراڵ نییە، بە پێچەوانەوە، لە تێڕوانينی ليبراڵەوە دەبێت دەوڵەت بە ڕێوە ببات و هەڵسوڕێنێت، هەر وەک چۆن زەمینەیەکی هاوبەش دەستەبەر بکات تا كۆمەڵگە، پەيوەندییەکان، كاڵا، ڕەنج و… هاوتا و قابیل بە گۆڕانکاری بکات. لێرەدا باس لە جياوازیی بنەڕەتیی نێوان کۆمین و دەوڵەت دەکەم.
١٤. کۆمەڵگەیەک کە لە لایەن دەوڵەتەوە نکۆڵی لە ناسنامەکەی بکرێت و نیشاندانی توانست بۆ خۆبونیادنانەوە، کێشەیهكی ئونتۆلۆژی و لە هەمان کاتدا کێشەیەکی ئیلاهیاتییە بۆ دەوڵەت. لە دۆخی وههادا دەوڵەت تەنها بەوەوە ناوەستێت کە یاخیبوان بکوژێت، تەنانەت دوای کوشتنەکە لاشهیان دەشوێنێت، ڕێ بە خاک سپاردنیان نادات، ئهمه گوزارشت له ئارەزوی فەرمانڕەوایی دەکات له ئهودونیا و دوای مردنیش.
١٥. ژمارەیەک لە چاودێران بهبێ ئەوەی سەرنج بدەنە سەر دۆخی گۆشەگیریی ئۆجالان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابوردوو و ئەو ڕێز و خۆشەویستییەی بە ڕەنج و خەباتێکی ئارەزوومەندانەی چڕ ڕۆژانە لە زیادبووندایە، دێن بانگەشەی ئەوە دەکەن گوایه ئۆجالان وەک ڕێبەرێک دەپەرسترێت.
١٦. زۆر جار ئۆجالان خۆی ڕایگەياندووە كە ئەو ناتوانێت بە ناوی بزووتنەوەکەوە بڕيار بدات، لەو کاتەوەی ئەو کەسێک نییە کە چەکدار بێت و تەنها دەتوانێ لە دانوستاندنی ئاشتیدا ڕۆڵ بگێڕێت.
١٧. ڕووداوی کۆبانی لەو ساتەوەختانە بوو کە لە تورکیا خەڵکی ڕژاندە سەر شەقامەکان، کاتێك تورکیا هاوکاریی داعشی کرد لە پەلاماری بۆ ڕۆژهەڵات و باکووری سوریا. لە ئەورووپا، هێلەكزەردەکان نموونەیەکی جوانی ئەفسووناوی بوو. لە تێکۆشانی کورددا دروشمەکانی “ئیدی بەسە”، “بژی بەرخودانی زیندان”، “ڕزگاری بە تەنیا نابێت” وەک سەردەمێکی ئەفسووناوی هێز، هیوا، تووڕەیی و بوێریی بە خەڵک دەدا.
١٨. لە كتێبە بێناوەکەیدا، مەنكبە، كە بەر لە ڕۆیشتنی بۆ کۆبانێ تەواوی کرد، خوێندکاری دکتۆرای بەشی سۆسیۆلۆژیی زانکۆی بۆغازجی ئەستەمبول، سوبحی نەژاد ئاغرسانلی –ناوە نهێنییەکەی پاراماز قزلباش– تيشكی خستە سەر کۆمین و هەرەوەزییەکان و هەروەها چۆنێتیی تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنیان لە کاتی پەلامارەکاندا. لە ڕوانگەی سوبحی نەژادەوە، کۆمین لەگەڵ ئەوەی کە لە ڕووی مێژووییەوە شێوەژیانێکی کۆمەڵایەتییە، لە هەمان کاتدا ڕێگهیەکی خۆشبەختی و خۆتێکەڵکردنەوەیە بە شت، بە خەڵک، بە کۆمەڵگە و مێژوو. لە جێی پەیوەندییەکانی مۆدێرنیتە، ئەو پەیوەندییانەی کە لەسەر بنەمای دیاری، هەڤاڵێتی و وەفاداری بۆ دۆستايەتى، خەياڵ و ئیلهام بوون، ئهویان دهبهستهوه به كۆمینهوه. هەروەها لە كتێبەکەیدا باس لە کۆمین و هەرەوەزی دەکات کە چۆن مرۆڤ خۆی تێدا بونیاد دەنێتەوە و ڕۆڵ دەبینێت کە شێوەیەکی ژیانە و پەیوەست بەوەشەوە چوارچێوەیەکە بۆ کۆمەڵگەی هەرەوەزی.
١٩. لە توركیدا وشەی “موزاکەرە” واتە دانوستاندن و بە زۆری بۆ دانوستاندنی زارەکی بەکار هێنراوە. ڕیشەی وشەکە لە زکرەوە هاتووە (واتە بیرهێنانەوە)، موزاکەرەش دەبێتە گفتوگۆ و بیرهێنانەوە. بەو واتایە، پەیوەندیی بە بەرقەرارکردنی ئاشتی، لێبوردەیی و چارەسەرهوه ههیه زیاتر لەوەی یادکردنەوە بێت.
٢٠. لەو باوەڕهدا نیم کە ڕووداوی پارکی گەزی ڕێکەوت بێت؛ لەگەڵ خرۆشانی شەقامدا، بە مليۆنان كەس لە توركيا بۆ دەربڕینی ناڕەزايی بەرامبەر تێكدانی پاركێك و داگیرکردنی گەڕەکی ناوەندی ئيستهنبول بۆ ماوەی دوو هەفتە کە هاوکات لەو ماوەیەدا ڕوویان دا؛ بڕوانه: ئەنتۆنی ئالیساندرینی، نازان ئوستونداغ و ئەمرە یڵدز: “بەرخودان لە هەموو جێیەک”: ناڕەزاییەکانی گەزی و دیدی بەرهەڵستكار لە توركيا” (واشنتۆن، دی سى: دەزگای پەخشی تەدوین، ٢٠١٤). پرۆسەی ئاشتی پەيوەندی و لێبوردەيی هاوبەشی نێو گرووپی جياواز، بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی گەورە و چالاکی، بیرلێکراوە و مومکین دەکات. هەروەها گرووپە چالاکەکانی وەک “ژن لەپێناوی ئاشتی”، “ئاکادیمیسیانان لەپێناوی ئاشتی”، “بەرەو ڕێکخستنەکانی شار” و بزووتنەوەکانی +LGBTQI، پەرلەمانی تەندروستی بۆ بەهێزكردنی خەڵك دژی بەپیشەییکردنی مەعریفەی پزيشكی و پارك و كۆڕی گەڕەك لە هەموو کاتێک زیاتر كاريگەرتر بوون لە ئاڕاستەکردنی سیاسەت لەو قۆناغەدا بۆ بەشداریکردن لە ئەزموونی پێکهاتەیەکی فراوان لە خۆسەریی دیمۆکراتیدا. سنووری نێوان یاسایی و نایاسایی بە ئاسانی یەکتر دەبڕن، هاوشێوەی دۆخێک یان حاڵەتێكی ڕیزپەڕانە، بەڵام ئەم جارە لە بەرژەوەندیی تێکهەڵکێشاندایە، بۆ نموونە، گەریلاکان زیاتر لە کوردستان لە بەر چاون (دیارن)و هزر و وێنەکانی گیانبەخشانی شەڕڤانە چەپڕەوەکان لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی تورکیا بڵاو بوونەتەوە.
٢١. دیدی سوبحی نەژاد ئاغریسانلی (پاراماز قزلباش) کە کاریگەریی گەورەی لەسەرم ههبوو، شۆڕشی لە دروشمی “هێزی خەیاڵ بەرەو دەسەڵات!”دا پێناسە کرد. لێرەدا باس لە کەسێک یان گرووپێک ناکەین، بەڵکو باس لە چالاکی و هێزی گەیشتن بە ماف، توانای بەرگری لە خەون و خەیاڵ دەکەین.
٢٢. ئەو ماوەیەی بەدوای پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا هات، سەردەمی تێكدان و وێرانکاری بوو. دوای شكستی دانوستاندنەكان، جەنگێكی خەندەقی نابەرابەری شار لە كوردستان دەستی پێکرد؛ گەنجان کە لە لایەن گەریلاوە پاڵپشت دهكران، خسته بهرامبهر دەوڵەت و بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان کەس. لە ماوەی ئەو جەنگە و لە ئەنجامی هێرشەکانی هێزەکانی ئاسايشدا، چەندین خانووبەرە خاپوور كران، زۆرێک لە خەڵکەکەی ناچاری کۆچبەری کران و لە ساختمانە یەک دوو ژوورییەکاندا نیشتەجێ کران. هەوڵی كودەتای سەربازیی تەمموزی ٢٠١٦ کرایە پاساو بۆ یاسای باری نائاسایی، کە دەستی حکومەتی کردەوە بۆ داخستنی هەر لە ڕێكخراو، بڵاوکراوە و زانكۆەوە بگرە تا دەستگرتن بەسەر شارەوانییەکاندا و دوورخستنەوەی هەزاران کەس لە پۆستەکانیان. بۆ گفتوگۆ لەسەر شەڕی شار، بڕوانه وتاری “خۆسەریی ديموكراتیك لە كوردستان”ی نازان ئوستونداغ لە گۆڤاری Roar، ژمارە ٦ (هاوينی ٢٠١٧).
23- Georges Bataille, On Nietzsche, trans. Bruce Boone (Saint Paul, MN: Paragon House Press, 1996).
34- Walter Benjamin, “Capitalism as Religion” [1921], in Selected Writings, vol. 1, trans. Rodney Livingstone (Cambridge, MA: Belknap Press, 1996), 288–91.
٢٥. دیپش چاكرابارتی (Dipesh Chakrabarty)، “بەهەرێمکردنی ئەورووپا “، هزری دوای داگیرکاری و جیاوازیی مێژوویی (Princeton, NJ: Princeton University Press, 2000) پەیوەندیی تێگەیی و مێژوویی لە نێوان هاتنەئارای ڕەنجی ئازاد و هاووڵاتێتی نیشان دەدات. بوون بە هاووڵاتی و بوون بە کرێكار، لە ڕێی ملکەچبوون بۆ دیسپلین (ڕێكار)ی دیاریکراو و هەم لە ڕێی فێرکارییهوه بە دەست دەهێنرێت. دەبێت ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت كه توانای ههڵسووڕان بهپێی پۆلێنه دهرههستهكان (كرێكار، بازاڕ، هاووڵاتێتی و هتد…) مەگەر لە ئایینە تاکخوداییەکاندا بینرابێت. پەیوەندیی نێوان ئەبستراکتکردن و دەرکەوتنی دەوڵەت لە لایەن پییر كلاستهرهوه لە كتێبی “کۆمەڵگە لە دژی دەوڵەت”دا تیۆریزەکرا. ڕۆبهرت ههرلی كتێبهكهی كردووه به ئینگلیزی (New York: Zone Books, 1989).. کلاستەرز ئاماژە بۆ ئوە دەکات کە دروستبوونی دەوڵەت و نوێنەرایەتی لە ڕێی ئەبستراکتکردنەوە قۆناغێکی مێژوویی نییە کە دەبوو ببێت. بەڵکو ئەوانەی کە پێیان دەڵێن کۆمەڵگەی ‘بەرایی – پریمیتیڤ’ پەرەی بە ڕێ و ڕێبازی خۆپاراستن دا لە دژیان.
26- Partha Chatterjee, Nationalist Thought and the Colonial World: A Derivative Discourse (London: Zed Books, 1986).
27- Chakrabarty, Provincializing Europe.
٢٨. هەرچەندە ئۆجالان وەهای نەگوتووە، بەڵام بەپێی خوێندنەوەی خۆم بۆ نووسینەکانی، پێشنیاز دەکەم کە خۆپاراستنی کۆمەڵگە لە هەمان کاتدا وەک بەرگری بێت لە خەیاڵ و پیسکردن لە بەرامبەر پیرۆزی و بهپیرۆزكردندا.
٢٩. لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٩٠هكاندا ژمارەیەک لە ڕۆشنبیران گفتوگۆیان لەسەر ئیسلام دەکرد کە بە هۆی توانستی ڕێکخستنی ژیانی گشتی و تایبەتی، کاریگەری لەسەر مەسەلە ئابووری و مۆراڵییەکان، بە بوارە ئۆنتۆلۆژی و ئەپستمۆلۆژییە ئهڵتهرناتیڤهکەیەوە، دەرفەتی ئەوەی هەبووە کە ببێتە ئایدیۆلۆژییەکی بەهێزی وەک مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. ئەمڕۆ پارتە ئیسلامییە سیاسییەکانی وەک ئاکەپە (پارتی داد و گەشەپێدان) و پارتەکانی هاوشێوەی لە تورکیا لەسەر موڵک، نەتەوەگەری و خێزان هەم خۆیان، هەم باڵادەستیی دەوڵەت و پیاوسالاری و سەرمایەدارییان فراوان کرد. لە لايەكی ترهوه، داعش لە ڕێی داڕشتنی یاسایهكهوه زۆر لەوەی دونیای ڕۆژئاوای لیبراڵ جیاوازه، سەرمایەداری، باوکسالاری و دەوڵەتگەرێتی بەرهەم دێنێتەوە و فراوانی دەکات، لە ڕێی بانگەشەی دەوڵەتبوونیەوە، نەک بزووتنەوەبوونی، لە ڕێی بەکارهێنانی هاوسەرگیری بۆ مهبهسته ڕێکخراوهییهكان (بووكهكانی داعش)، له ڕێی گۆڕینی کۆمەڵکوژی، داگیرکاری و غهزووهوه بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە.
٣٠. باكوور و ڕۆژئاڤا مەبەست باکوور و ڕۆژاڤای کوردستانه کە بەدوای یەکدا لە ناو سنووری تورکیا و سوریادان. یەپەگە (یەکینەکانی پاراستنی گەل) لە ساڵی ٢٠١٣وە لە دژی داعش شەڕ دەکەن، هەزاران شەڕڤانیان لە بەرەی پێشەوەی شەڕەکەدا ژیانیان لە دەست داوە. لە دوای ماوەیەکی کورتی دانوستاندنی ئاشتی لە ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥، جەنگ لە نێوان پەکەکە (پارتی كرێكارانی كوردستان) و سوپای تورکیا دەستی پێکرد و سەدان کەس ژیانیان لە دەست دا.
٣١. سەرەڕای ئەو ڕاستيیەی كە پەکەکە زۆر جار بە فەرمی ڕای گەیاندووە کە ئامانجی جیابوونەوە نییە، لەجياتیی ئەوە، ئامانجی خۆسەریی دیمۆکراتییە بەبێ گۆڕينی سنوورەكانی دەوڵەتی ئێستا، زۆر وتاری ئەكاديمی و ڕۆژنامەوانی درێژە بە پێناسەکردنی پەکەکە دەدەن وەک گرووپێکی جواداخواز.
٣٢. ئیلاهیاتناسیی شۆڕشگێڕیمان لەسەر بنەمای ئەستێرەناسی بیر دێنێتەوە کە بلانکوی بە سەیرکردنی ئەستێرەكان لە پەنجەرەی ئەو قەڵایەی کە تێیدا بەند بوو، پەرەی پێ دا. بڕوانه
Louis–Auguste Blanqui, Eternity by the Stars: An Astronomical Hypothesis, trans. Frank Chouraqui (New York: Contra Mundum Press, 2013 [1872]).
٣٣. دروشمی “ئەوەندەمان حەز لە ژیانە تا ئەو ئاستەی لەپێناویدا بمرین” دروشمێکە کە دەبێت لە سیاقی خۆیدا مایەی تێگەیشتن بێت. هەروەها كوشتن لە شەڕی بزووتنەوەی كورددا وەک بەرگریلەخۆکردن و شەڕێک لەپێناوی حەقیقەت و مرۆڤدا دەبینرێت. بەو واتایە، پاساوه ئەخلاقییهكەی لەو سیاقەداییە. بڕوانه “خۆپاراستن وەک كردارێكی شۆڕشگێڕانە لە ڕۆژئاڤا، يان چۆن دەوڵەت وەلاوە بنێی؟ نازان ئۆستونداغ.
South Atlantic Quarterly 115,no. 1 (January 2016):197–210.
٣٤. لەو باوەڕەدام کاتێ ئۆجالان ئاماژە بۆ دەرفەتی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر دەستی کورد دەکات، بیرۆکەکەی تەنها پشتئەستوور نییە بە بوونی مێژووییان لەسەر خاکی میزۆپۆتامیا، بەڵکو بوونیان لە چوار وڵاتی جیاواز و لە ئەورووپا دەرفەتێکی بێهاوتا دەڕخسێنێت کە بزووتنەوەکە مەودای کیشوەرێک تێ بپەڕێنێت.
٣٥. یەکێک لە نموونەکان لەسەر ژنۆلۆژییە و ئەو زاراوانەش کە لەسەر مێژووی ژن پەرەی پێداون. ژنۆلۆژی ئەو دەرفەتە فەراهەم دەکات کە ژن لە ڕووی تیۆری، چەمکسازی (تێگەسازی) و سیاسییهوه لە دەرەوەی زمانە ئاکادیمییەکان و ڕەوتە فێمینیستەکان، لێکۆڵینەوە لەمهڕ ژن بکەن.
٣٦. جۆرجیۆ ئاگامبێن بە شێوەیەکی هاوشێوه چەمکەکانی جادوو و دونیایی بەکار دێنێت. له كاتێكدا كۆمهڵگهی دونیایی زاڵبوونی دابڕانه كۆمهڵایهتییهكان و ئازادكردنی ههموو ئهو شتانهیه كه دهوڵهت و سهرمایهداری بۆ بهكارهێنانی خهڵك مادییان كردووهتهوه، جادوو ئاماژهیه بۆ ئهوهی چۆن كۆمهڵگه ئهمه بهكار دههێنێت بۆ خوڵقاندنی مانا و پراكتیسی نوێ. به ههمان شێوه، ئهوهی مادی كراوهتهوه یان پیرۆز كراوه، شوێنی خۆی له جیهانی ژیانی ڕۆژانهدا دهگرێتهوه.
٣٧. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە لەوانەيە ئۆجالان باديۆی نەخوێندبێتەوە، لێكچوونەكان (ئەوەندەی جياوازیيەكان) لە دیدەکانیاندا بۆ حەقیقەت مایەی تێفکرینە. بۆ نموونە، يەكێک لە جياوازییەکان، بنەماکانی فێرکردنه لە لای ئۆجالان پێش ئەوەی دیل بکرێت؛ پهكهكه وهفاداریی چهمكاندووه و تۆڵهكردنهوهی مهرگی ههڤاڵێكی به یهكێك له شێوهكانی وهفاداری داناوه.



