گوتار

چیرۆکە سەختەکەی کورد و گۆشەی پێنجەمی پەنجەرەکە!

وتاری نووسەر بورهان سۆنمەز لە کۆنفرانسی وەچەرخان بەرەو کۆماری دیموکراتی؛ سەبارەت بە ناسنامەی کورد و پرۆسەی ئاشتی.

لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداخی

 

چیرۆکە سەختەکەی کورد و گۆشەی پێنجەمی پەنجەرەکە!

وتاری نووسەر (بورهان سۆنمەز)، سەبارەت بە ئاشتیی نێوان کورد و تورک لە کۆنفرانسی وەچەرخان بەرەو کۆماری دیموکراتیی

سڵاو هاوڕێیانی هێژا، دەمباش. لە دڵەوە دەمخواست لەم کۆبوونەوە گرنگەدا ئەمڕۆ لەوێ لەنێو ئێوەدا بام. بەداخەوە لە بەریتانیام و بەهۆی بەرنامەکەمەوە لەم کاتەدا، دەرفەتی هاتنم بۆ ئەستەمبوڵ بۆ نەڕەخسا.

لە سەردەمی هزری یۆنانی کۆنەوە گوتەیەک هەیە کە دەگوترێت و هێندەی فەلسەفە، سەرنجی بواری ئەدەبییاتیشی ڕاکێشاوە: “خۆت بناسە.” بە یۆنانی کۆن “Gnothi seauton”.

سیاسەت بە گشتی سەرنج دەخاتە سەر لایەنی بەرانبەر و قورسایی دەخاتە سەر ستراتیژی “ڕکابەرەکەت بناسە، ئەوی بەرانبەرت بناسە”. لە ڕوانگەی کوردەوە، ئەم پرۆسەی خۆناسینە بەهۆی بارودۆخی تایبەت و مێژووەکەیەوە، لە قۆناغی جیاوازەوە تێپەڕی تا گەیشتە ئەمڕۆ. بەر لە ٦٠٠ ساڵ، شاعیری سۆفیی، مەولانا جامی بەرهەمێکی جوانی هەیە. ناوی بەرهەمەکە سەلامان و ئەبسەلـە. چیرۆکێکی ئەویندارییە. لە بەشی دەستپێکی ئەم بەرهەمەدا باسی خۆشەویستیی مەحاڵ و قەدەغەی شازادەیەکی گەنج دەکات، بەسەرهاتێك کورت دەگێڕدرێتەوە. چیرۆکی ئەو کوردەی لە بیابانەوە دێت. مەولانا جامی لێرەدا بە زمانێکی شاعیرانە پرسی خۆناسین دەخاتە ڕوو. پێگەی سەیر و سەمەرەی مرۆڤ لە بەردەم ژیاندا تاوتوێ دەکات و دوای ئەوەی دەپرسێت “من کێم؟”، نموونەی کوردێک دەهێنێتەوە کە لە بیابانەوە دێتە شار و تووشی سەرسوڕمان دەبێت.

چیرۆکەکە بەم شێوەیەیە. وەرگێڕانی ڕاستەوخۆی هۆنراوەکەی مەولانا جامی: هۆ خودایە! ئەمەی وا لە نێو مندا، منم یان تۆی؟ ئەگەر من بم، ئەم ڕەسەنایەتیی و داناییە لەکوێوە دێت؟ ئەگەر ئەمە تۆی، ئەی ئەم دەستەوستانیی و لاوازییەی من لەپای چی؟ من خۆم وەک ئەو کوردەی لە بیابانەوە هاتووە بە سەرسوڕماو دەبینم.

کوردێک بیابانەکەی خۆی جێ دەهێڵێت و دەچێتە شار. ڕووبەڕووی شارێک دەبێتەوە کە تژییە لە ژاوەژاو و قەرەباڵغیی، خەڵکێک لە پەلەقاژێدایە، لە ڕاستەوە بۆ چەپ و لە چەپەوە بۆ ڕاست، بۆ ئەملا و ئەولا ڕادەکەن و شارەکە پڕە لە خەمی بژێویی و ژیان. کوردەکە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ سەیری ئەم پشێوییە دەکات، خۆی دەکێشێتە لایەک و بەهۆی ماندووێتیی ڕێ بە نیازە بخەوێت.

بەڵام لەبەر خۆیەوە دەڵێت: لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و قەرەباڵغییەدا، کاتێک بەئاگا دێمەوە، چۆن خۆم بناسمەوە؟ هەر بۆیە بۆ ئەوەی خۆی بناسێتەوە، پەتێک بە پاژنەی پێیەوە دەبەستێت و ڕادەکشێت و دەچێتە خەوێ. لەو کاتەدا، پیاوێکی فێڵباز بە دزییەوە چاودێریی دەکات. بڕیار دەدات یارییەکی پێ بکات، هێواش هێواش لێی نزیک دەبێتەوە، پەتەکە لە پێی کوردە خەوتووەکە دەکاتەوە و بە پێی خۆیەوە دەبەستێت.

دواتر ئەویش لە تەنیشتییەوە ڕادەکشێت و دەخەوێت. بەیانی کاتێک کوردەکە بەئاگا دێتەوە، بەدوای ئەو نیشانەیەدا دەگەڕێت کە دەبێتە هۆی ناسینەوەی خۆی، بەڵام کاتێک سەیری لایەکەی تر دەکات و ئەو نیشانەیە بە پێی کەسێکی ترەوە دەبینێت، بە دەنگێکی بەرز هاوار دەکات. دەڵێت: هێی پێم بێژە! تۆ کێی؟ من کێم؟ ئەگەر ئەمە من بم، بۆچی پەتەکە بە پێی تۆوەیە؟ ئەگەر ئەمە تۆی، ئەی من خۆم کێم؟ من کێم؟

شاعیر جەگەرخوێنیش ئەم پرسەی بە گوتنی “کیمە ئەز” (من کێم) سەرەتا بە تاک پرسی، دواتر ئەم پرسە بوو بە کۆ و گۆڕا بۆ “کینە ئەم” (ئێمە کێین). لەم خاڵەشدا کە ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، کورد ئیتر دەتوانێت تەنیا یەک وەڵامی هاوبەش بۆ ئەم پرسیارە بداتەوە و بڵێت: “ئەم ئەمن” (ئێمە ئێمەین). گەیشتن بەم ناسنامە هاوبەشە و هۆشیاریی نەتەوەیی هەرگیز ئاسان نەبوو.

سەدەیەکە ئەو ئایدۆلۆژیایانەی کە پەتەکەی لە پێمان بەستۆتەوە و پێمان دەڵێن “ئێوە ئێوە نین، ئێوە تورکی شاخاوین، عەرەبی شاخاوین، فارسی شاخاوین”، لە دوای گوندە سووتاوەکان، خێزانە پەرتەوازەکان و ئەو هەموو ئازارە، لە کۆتاییدا گەیشتینە ئێرە. چیتر بۆ ئەوەی خۆمان بناسین، پێویستمان بەوە نییە پەتەکە بە پێمانەوە بێت یان نیشانەیەکی تر هەبێت. وەک چۆن تیۆری سۆسیالیستیی دەڵێت ” گەیشتنی کرێکاران بە دۆخی چینێک، گەیشتنە بەو هۆشیاریی ئەو چینە”، یان وەک دەربڕینە بەناوبانگەکەی سیمۆن دێ بۆڤوار کە دەڵێت “ژن وەک ژن لەدایک نابێت، بەڵکوو دەبێتە ژن” – واتە بە هۆشیارییەوە مرۆڤ لە ڕاستی ژنبوونی خۆی تێ دەگات – ئێمەش بە هەمان شێوە خەباتمان بۆ گەیشتن بە هۆشیارییەکی هاوبەشی کوردبوون ئەنجام دا و وەک چۆن ئەو باڵندانەی کە بۆ دۆزینەوەی سیمورغ بەرەو چیای قاف دەفڕین، لە کۆتاییدا لە یەکێتیی خۆیان سیمورغێکیان ئافراند. ئێستا کوردیش لە گەشتەکەی چیای قافەوە بە خۆبنیادنانەوە دەگەڕێتەوە و بە پرۆسەی ئاشتیی، پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. کاتێک باسی ئاشتیی دەکرێت، لە ڕێی ئەزموونی ژیانمانەوە دەزانین کە تەنیا ئاشتیی بەس نییە، بەڵکوو پێویستە ئەم ئاشتییە بە ئازادیی و دیموکراسیی بهۆنرێتەوە.

ئەگەر پرۆسەی ئاشتیی بگاتە نجام، دوو کێشەی ترمان لەپێشدا دەمێنێتەوە. یەکێکیان چارەسەرکردنی پرسی کوردە، واتە ناساندنی مافە کەلتووریی و سیاسییەکانی کورد، ئەوی تریشیان دیموکراتیزەکردنی تورکیایە بە گشتیی. ئێمە دەزانین ئەمانە پەیوەستن بە یەکەوە، بەڵام دەبینین کە دەسەڵات، واتە دەوڵەت، بە پێداگرییەوە ئەمانە لە یەکتر جیا دەکاتەوە و لەو تێگەیشتنە دوور دەکەوێتەوە کە پرۆسەی ئاشتیی بە دیموکراسیی و ئازادیی تەواو بکات.

بێگومان بەمە سەرمان سووڕ نامێنیت، ئەمە شتێکی پێشبینییکراوە. کەواتە لەم ڕۆژەڤە بەرجەستەیەدا، بەرنامەیەکی سێ قۆڵیی دێتە بەردەممان. یەکەم، بەدیهاتنی ئاشتیی بە شێوەیەکی بەردەوام. دووەم، چارەسەرکردنی پرسی کورد. سێیەم، گەیشتنی تەواوی تورکیا بە پێکهاتەیەکی دیموکراتیی. لەبەر ئەوەی بە تایبەت ڕێگریی لە چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی وڵات دەکرێت، ئێمە بەدیهاتنی ئاشتی بە کەم و بێبایەخ نابینین. ئێمە دەزانین ئاشتیی بە واتای چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان نییە، بەڵکوو بەواتای بەردەوامبوونی خەباتە لەسەر زەمینەیەکی نوێدا، واتە لەسەر بنەمایەکی ئاشتیانە. لە زمانی کوردیدا وشەیەک هەیە بە ناوی “دانستاندن”.

ئەم وشەیە وەک هاوتای وشەکانی دیالۆگ، دانوستان یان مامەڵە و کڕین و فرۆشتن لە زمانی تورکییدا بەکار دێت. دانستاندن لە یەکگرتنی دوو وشە پێک هاتووە. “دان” بەواتای بەخشین دێت، “ستاندن”ـیش بەواتای وەرگرتن. هەرچەندە هاوتای تەواوی لە زمانی تورکییدا بەواتای وەرگرتن و دان (alış-veriş) بێت، بەڵام ڕێزبەندیی ئەم دوو وشەیە جیاوازە. لە زمانی تورکییدا سەرەتا وەرگرتن (alış) و پاشان بەخشین (veriş) هەیە، بەڵام لە کوردیدا پێچەوانەکەیەتی. سەرەتا بەخشین (دان) دێت و پاشان وەرگرتن (ستاندن).

ئەمەش هاوشێوەی ئەو تێگەیشتنەیە کە لە زمانەکەدا هەیە. کورد بە درێژایی مێژوو هەمیشە شتێکی بەخشیوە و پاشان چاوەڕێی وەرگرتنی بەرانبەرەکەی کردووە. دەوڵەتیش کاتێک ئەوەی ویستوویەتی وەری گرتووە، نەکەوتووەتە خەمی ئەوەی لە بەرانبەردا شتێک ببەخشێت. هەندێک جار لەبەر خۆمەوە بیر دەکەمەوە؛ داخۆ ئێمەی کورد ئەم وشەیەمان بگۆڕین و وەک زمانی تورکیی سەرەتا جەخت لەسەر وەرگرتن و پاشان بەخشین بکەینەوە؟ واتە وشەی “دانوستاندن” سەرەوژوور بکەین و بڵێین “ستاندنودان”؟

بەڵام دواتر وەک نووسەرێک، بیر لەو واتا فرەڕەهەندەی ناو ڕۆحی وشەکان دەکەمەوە و بیروڕای خۆم دەگۆڕم. ئەو کاتە درک بەوە دەکەم کە وشەی “دانوستاندن” باڵادەستیی هەستی متمانە لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا بەرز دەنرخێنێت، هەستی فیداکاریی و دڵسۆزیی گۆش دەکات. ئێمە دەتوانین ئەمە بە باشترین شێوە لە هەستی خۆشەویستییدا تێبگەین. کاتێک کەسێکمان خۆش دەوێت، سەرەتا دڵی خۆمانی پێ دەبەخشین. متمانەش بەم شێوەیەیە. مرۆڤ بە نەرمونیانی و ڕێزەکەیەوە نیشانی دەدات کە متمانەی بە مرۆڤێکی تر هەیە. ئەو کاتە تێدەگەم ئەم وشەیە لە زمانی کوردییدا چەند جوانە و نابێت ئێمە لێی خۆش بین و بیدەینە دەست خراپەکاریی هەندێک مرۆڤ و دەوڵەتانەوە. وشەی “دانوستاندن” گونجاوترین وشەیە بۆ ڕۆحی ئاشتییەکی باش و متمانەی نێوان مرۆڤەکان. لەم ماوەیەدا وشەیەکی تریش هەیە کە بە بۆنەی جیاوازەوە بیری لێ دەکەمەوە.

پەنجەرە. مانگی ڕابردوو لە سلۆڤێنیا لە کۆبوونەوەیەکی ئاشتییدا کە ٦٠ نووسەر تێیدا بەشدار بوون، باسی ئەم بابەتەم کرد و لە هەمووانم پرسی کە واتای وشەی پەنجەرە لە زمانەکەیاندا چییە. بۆ نموونە، وشەی پەنجەرە لە زمانی ئینگلیزیدا، واتە window، دەگەڕێتەوە سەر ڕیشەی ڤایکینگی ئەسکەندەنافییەکان و بەواتای چاوی با دێت. وشەی پەنجەرە لای ئێمە، یەکێکە لە بڵاوترین وشەکان لە ئاسیا و ئەورووپادا. لە زۆر زماندا بەکار دێت، ئەگەر بیژمێرین کۆتایی نایەت. تورکیی، کوردیی، فارسیی، ئەرمەنیی، جۆرجیی، سڕبیی، هیندیی و ئەم لیستە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت. بەپێی هەندێک مەزندە، وشەی پەنجەرە بنەمایەکی سانسکریتیی هەیە و لە ڕێگەی زمانە ئێرانییەکانەوە بڵاب ووەتەوە، واتا ئیتیمۆلۆژییەکەی (ڕیشەی وشەکەی) لە هەر زمانێکدا جیاوازە. لە زمانی فارسیی، تورکیی و عوسمانییدا بەواتای قەفەس دێت.

مەبەست لێی ئەو شیشبەند و تۆڕانەیە وا لە بەردەم پەنجەرەکەدان کاتێک دەکرێتەوە. دەڵێن واتاکەی لە زمانی سانسکریتیشدا هەر بەو شێوەیە بووە. بەڵام کاتێك وشەی پەنجەرە لە زمانی کوردییدا بەکار دێت، واتای ئیتیمۆلۆژییەکەی جیاوازە. لای ئێمە بە واتای پێنج ڕێگا یان پێنجەمین ڕێگا دێت. پەنجەرە. کاتێک پەنجەرەیەک دەکێشین، چوار لای هەیە. هێڵەکان دەچنە پێشەوە، یەک دەگرن و قەفەسێک درووست دەکەن و ئێمە دەخەنە نێو ئەو قەفەسەوە. بەڵام کاتێک سەیری ڕێک ناوەڕاستی ئەم چوار هێڵە دەکەین، ڕێگەی پێنجەمە، واتە ئەو دەرفەتە دەبینین کە کورد پێی دەڵێت پەنجەرە. لەوێدا ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئێمە هەیە.

ئەمڕۆ، ئەو ئاسۆیەی لە نێو ئەو چوارچێوەیانەدایە کە بە هێڵی ئەستوور لە دەورمان کێشراون، ئاشتییە؛ ئەو ڕێگایەیە کە بەرەو ئاشتی دەکرێتەوە و ئەمڕۆ، لە کاتێکدا ئەگەری ئاشتیی لە نێو پرۆسەیەکی نادیاردا هەوڵی تواندنەوە و دواخستنی دەدرێت، ئێمە بە پێداگرییەوە تێڕوانینی خۆمان دەبڕینە ئەو ئاسۆیە. دەزانین ڕاستیی چییە. تەندرووستترین ڕێگا کە مرۆڤەکان بەرەو داهاتوویەکی بەختەوەر ببات و دەرفەتی ژیان لەژێر سایەی ئازادیی و یەکسانییدا بە هەمووان ببەخشێت، بەوێدا تێدەپەڕێت. هەر بۆیە پێداگریی لەسەر ئاشتیی دەکەین. ئەمە ڕێگایەکی سەخت و جوانە.

لەو ڕێگایەدا سەرکەوتن بۆ لای هەمووان دەخوازم.

 

بابەتەکانی نووسەر
نەجیبە قەرەداخی
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


هاوبەشیی بکە.