کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک: گەڕانەوەیەکی پێویست بۆ کۆڵەکەی بەرگریی کۆمەڵایەتیی
پێویستیی گەڕانەوە بۆ ڕەگوڕیشەی دیموکراتیی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای پارادایمی ڕێبەر ئۆجالان.

عارف ڕێین
لە ئینگلیزییەوە؛ کۆسار عەبدوڵڵا
داگرتنی فایلی PDF
کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک: گەڕانەوەیەکی پێویست بۆ کۆڵەکەی بەرگریی کۆمەڵایەتیی
ئەو هێزە دیموکراتییانەی ململانێیان بۆ ئازادیی و دیموکراسیی و یەکسانییان بە پێودانگی میراتی مێژوویی کۆمۆنەی دایک دامەزراندووە، هەر زوو دەگەنە ئەوەی لە ڕێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی مێژوویی و کۆمەڵناسیی کۆمەڵگەکەی خۆیانەوە، باشتر پرسی ڕەخنەگرانە لە سەر شکستەکانی خۆیان لە نێو مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازییدا بجووڵێنن و بەو چەشنەش دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر ڕێکخستن و بەرنامە و ستراتیژ و تەکتیکەکانی خۆیان پەرە پێ بدەن. بەمەش باشتر دەتوانن بەرپرسیارێتیی سیاسەتێکی سەرکەوتوو بۆ کۆمەڵگەکەی خۆیان و مرۆڤایەتییش لە سەدەی بیستویەکدا هەڵبگرن.
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری جاکۆبین، فەیلەسوفی ئەمریکیی، نانسی فرەیزەر، تیشک دەخاتە سەر ئەو بنەمایانەی ژیانی ئەمڕۆمان، کە دەکرێت ببنە بنەمای داهاتوویەکی ئازاد. ئەو بە ئاماژەکردن بۆ کاری کەسە دیارەکانی نێو قوتابخانەی فرانکفۆرت، دەڵێت: “باوەڕیان وابوو هەندێک شت لە نێو ئەورووپای سەردەمی مۆدێرنەدا هەیە و شایستەی پاراستنە، جا ئیتر ئازادیی تاک بێت، یان زانست و دیموکراسیی و هەر شتێکی تر، هەروەها باوەڕیان وابوو سەرمایەداریی لەم دەستکەوتانە دەدات و کۆسپی سەرەڕێیانە. لەبەر ئەمە خەڵکی بیریان لەوە کردەوە چۆن لە کۆمەڵگەی پاش-سەرمایەدارییدا، بیر لەو توانایە بکەنەوە وا مۆدێرنە بۆ ڕزگاریی هەیەتی. ئەو کارەی ئەوان کردیان، باش دەبوو ئەگەر تەرێزیان لەو ئەوروپاسەنتەریی و بەهەڵەداچوونانە بگرتایە وا لەو سەردەمەدا باش هێڵکێشیان نەکردبوو.”1
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ئەو دیدانەی فرەیزەر بە کورتیی ئاماژەی بۆ کردووە ئەوەیە؛ ئەو توانایەی ئەم سەردەمە بۆ ژیانێکی ئازاد لەخۆیدا هەڵی گرتووە “شتێکی دیکەیە”. بەهۆی پەرەسەندنی خێرای قەیرانەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و تێکچوونی هاوسەنگیی ژینگەیی و جەنگی ئۆکرانیا، پرسی ژیان لە کۆمەڵگەیەکی ناسەرمایەداردا، ئەمڕۆ لەچاو ساڵانی ڕابردوو، لە هەموو کاتێک زیاتر تاوتوێ دەکرێت. دیارترین ئەو چارەسەرانەی لە گفتوگۆی هێزە دیموکراتخوازەکاندا دەخرێنە بەر باس، ئایدیا شۆڕشگێڕییەکانی وەک: مارکسیزم و لینینیزمە نوێیەکان، گروپە کۆمۆنیستییە خێراگەشەکردووەکان و ئەو گرووپە بچووکانەن وا کەمپین بۆ فێمێنیزم و ژینگە و دیموکراتخوازی دەکەن، سەرباری ئەوانیش کۆمەڵیک گرووپ هەن تەواو لە ئاییندە بێهیوان. لێرەدا ئێمە دەمانەوێت ڕێگەیەکی دیکە بگرینە بەر، ئەویش لە باوەڕی قووڵمانەوەیە بۆ بیرۆکەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیی کە بیرمەندی گەورەی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان پەرەی پێ داوە و لێکدانەوەیەکی مێژوویی قووڵ و ڕوونکردنەوەیەکی کۆمەڵناسیی ورد و کەلتوورێکی بەرگریی سیاسیی بوێرانەی لە نێو خۆیدا هەڵگرتووە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی پێویستمانە، ئەمەش لەبەر ئەوەی شیکارییە نموونەییەکەی دەربارەی هەقیقەتی کۆمەڵگەی ئێستا و ڕابردوو و پارادایمی مۆدێرنەی دیموکراتیک، ئامرازی پێویستمان بۆ خۆڕێکخستن و دانانی ستراتیژ و تەکتیکی سیاسیی بۆ بنیادنانی مۆدێرنەی دیموکراتیک وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی دەوڵەت نەتەوەی سەرمایەداریی، ئەویش لەم بارودۆخ و واقیعە کۆمەڵایەتیی و مێژووییەی ئەمڕۆدا، دەداتێ. بۆیە کاتێک نانسی فرەیزەر باسی ‘شتێکی دیکە’ دەکات، ئێمە لە هەلومەرجێکداین دەتوانین ڕوونتر ناوی بنێین توانای ڕزگاریی ئێستا و ڕابردوومان. لە تێڕوانینیدا بۆ ‘کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک’، بە شێوەیەک لە شێوەکان بنەڕەتی ژیانی ئەمڕۆمانە، عەبدوڵڵا ئۆجالان چەندین ساڵ لەمەوبەر دیدگایەکی مێژوویی و کۆمەڵناسییانەی زۆر بەسوودی خستووینەتە بەرچاو و بەهۆی ئەوەوە دەتوانین زۆر باش لەوە تێبگەین کە بەرەنگاریی کۆمەڵایەتیی هێزی خۆی لەکوێوە وەردەگرێت و چۆن دەتوانین بەگوێرەی ئەوە شێوازێک مامەڵەی هیوابەخش بۆ هێزە دیموکراتخوازەکانی ئەمڕۆ و مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێکان پەرە پێ بدەین، هەروەتر بزووتنەوەکانی ژنان و لاوان، بزاوتە ژینگەیی و کەلتوورییەکان، پارتە سیاسیی و سەندیکاکان و هتد… چۆن ئەو کارە بکەن.
داینامیکییەتی گەشەی کۆمەڵایەتیی
هەرکەسێک بیەوێت لە هزر و جیهانی هەستەکیی و کاردانەوە کردارییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆی تێ بگات، ئەوا گەرەکە بگەڕێتەوە بۆ زانستی مێژوو و کۆمەڵناسیی و مێژووی گەشەی کۆمەڵایەتیی بە گشتیی. دەتوانین سەرکەوتوویی ئەم میتۆدەی باسمان کرد، لە نەخشەڕێگا و ململانێکەی عەبدوڵا ئۆجالان و بزاوتی ڕزگاریخوازی کورددا ببینن کە زیاتر لە پەنجا ساڵە بەردەوامە. ئێمە هەر لە وتارەکەیەوە لە باکووری شاری ئالازیخ لە ساڵی ١٩٧٧ 2، تا بڵاوکردنەوەی بەرگرینامەکانی لەم ساڵانەی دواییدا، دەبینین ئۆجالان ئەو پرسیارە دەکات کە بە گشتیی مرۆڤ چییە و دواتریش بۆ تێگەیشتن لەوە دەگەڕێتەوە بۆ سرووشتی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردیی.
بەردەوام پرسی سەرەکیی ئۆجالان ئەمەیە: گەشەی کۆمەڵایەتیی چۆن ڕوو دەدات؟ چ داینامیکیەتێک شێوە بە گۆڕانی بەردەوامی ژیانی کۆمەڵایەتیی دەدات؟ ئەو بنەما سەرەکییانە چین وا پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتیی دەستەبەر دەکەن؟ لە پارادایمی مۆدێرنەی دیموکراتیکدا، کە لە پێنج بەرگرینامەکەیدا زۆر بە وردەکارییەوە باس کراوە، عەبدوڵڵا ئۆجالان دیدی خۆی لە سەر ئەوە خستووەتە ڕوو کە چی وا دەکات کۆمەڵگەکان بەردەوام ئاشتییانە پێکڕا بژین و چۆن ئەوە بە شێوەیەکی یەکسان و چەسپاو بۆ هەمووان دەستەبەر دەبێت. ئۆجالان پێی وایە؛ خەباتی هەموو کۆمەڵگەکەیەک بۆ پاراستنی بوونی خۆی، یەکێکە لە پاڵنەرە سەرەکییەکانی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی، ئەو دەڵێت: “بە گشتیی کێشەی سەرەکیی کۆمەڵگەکان (کە دەکرێت لە هەزاران پێکهاتەی جیاواز پێک هاتبن) خۆپاراستن و بەردەوامیدانە بە بوونی خۆیان، هەروەها بەرگریی ڕەوا و پاراستنی بوونی خۆیانە دژی هەر هێزێک کە دەیەوێت بوونی ئەوان وەک کۆمەڵگەیەک بسڕێتەوە. ئەمە ئەو کێشەیەیە کە بەردەوام و لە هەموو شوێنێک، کۆمەڵگەکان ڕووبەڕووی دەبنەوە.”3 ئەمەیە دەبێتە هۆی لێگەڕینی بەردەوامی هەموو کۆمەڵگەکان بۆ دۆزینەوەی باشترین ڕێ نەک تەنیا بۆ مانەوەی خۆیان، بەڵکوو بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی باش و جوان و گونجاوتر لەژێر ئەو هەلومەرجەی کات و شوێن دایناوە. هەرکەس ئەوەی لەبیر بێت بنەچەی سەرەکیی ئێمە: مرۆڤی ژیر، ٢٠٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر ڕووبەڕووی ئەم ئاڵنگارییە بووەتەوە، زۆر سەری ناسووڕمێت لەو هەموو وەڵامە کۆنکریتییەی بۆ ئەم پرسیارە هەیە، بە تایبەت پاش گەشەی کایەکانی نێو زانستە مرۆڤایەتییەکان، کۆمەڵێک هەوڵی چڕوپڕ بۆ ڕوونکردنەوە و پۆلێنی ئەو گەشە کۆمەڵایەتییەی هاتووەتە ئاراوە، دران. بە تەماشاکردنی ئەو هەوڵانە و کارکردن لەسەر وەرچەرخاندنیان بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی، ئۆجالان جەختی لە پیویستبوونی میتۆدێکی شیکاریی درووست کردەوە، بەو پێودانگە لە یەکێک لە نووسینەکانیدا دەڵێت: “مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەدا وەک هێڵێکی یەکبەدوایەک لە فۆڕمەکانی کۆمەڵگەی سەرەتایی و کۆمەڵگەی کۆیلایەتیی و کۆمەڵگەی دەرەبەگایەتیی و کۆمەڵگەی سۆسیالیتیی و سەرمایەداریی، تێڕوانینێکی فرە چەقبەستووانەیە، دەکرێت بە شێوەیەکی تر بڵێێین، ئایدیاڵیستانەیە و ڕادەستبوونە بە چارەنووسێک. لەوەش گرنگتر، دەکرێت بڵێین سێ شێوازەکەی کۆمەڵگە هاوتەریبی یەکتر بەرەوپێش ناچن، بەڵکوو دۆخە گشتییەکە وەک جووڵەیەکی پێچاوپێچ وایە و بەردەوام قووڵ و فراوان دەبێتەوە. لە کاتێکدا من گریمانەی شێوازێکی دیالێکتیکیی دەکەم و هاوکات دەبێت زۆر بە ڕوونیی بڵێم؛ سەرپاک ئەوە ڕەت دەکەمەوە گوایە گەشەی کۆمەڵایەتیی لە ڕێی دژە یەکترلەناوبەرەکانەوە ڕوو دەدات. ئەو میتۆدانەی لەسەر بنەمای تێز و دژەتێز و کۆتێز دەڕۆن، ئامڕازێکی لۆژیکیی باشن بۆ ڕوونکردنەوەی کارە بنەڕەتییەکانی نێو گەردوون، بەڵام ئەو میتۆدەی زۆر دەوڵەمەندە و ڕێگە بە جیاوازییەکان دەدات و پەروەردەی هەردوو لایەنەکەی تێدایە و شتەکان باشتر ڕوون دەکاتەوە و لێی تێدەگەین، پەیوەندیی دیالێکتیکیانەی ناو سرووشتە.”4 [لێرەدا مەبەست لەوەیە لە دیالێکتیکی یەکەمدا دژەکان ململانێ دەکەن و یەکتر دەسڕنەوە، بەڵام لە دیالێکتیکی سرووشتدا، دژەکان یەکتر تەواو دەکەن و گەشەی لێ دەکەوێتەوە.]
سێ شێوازە بنەڕەتییەکەی ژیانی کۆمەڵایەتیی
سێ شێوازی کۆمەڵگە؟ ئەمە ئەو دابەشکارییەیە کە بیرۆکەیەکی بنەڕەتییە لە نێو ئەو لێکدانەوە مێژووییەی ئۆجالان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتیی دەیکات و نەخشەڕێی چارەسەرەکەشی هەر لەم بیرۆکەیەوە سەرچاوە دەگرێت؛ “لە مێژوودا سێ جۆر لە کۆمەڵگە یان سێ فۆڕمی کۆمەڵایەتیی دەبینرێت: کۆمەڵگەی سەرەتایی یان کۆمەڵگەی دەنگیی، کۆمەڵگەی چینایەتیی یان کۆمەڵگەی شارستانیی، کۆمەڵگەی فرەڕەنگی دیموکراتیک.”5 لەم جیگەیەدا ئۆجالان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دیدەی پێوەر نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە تێڕوانین بۆ گەشەی نێو مێژوو. ئەو دەڵێت: “من دووبارە دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کاتێک باسی سێ قۆناغی داینامیکی بۆ ڕاستینەی کۆمەڵگە دەکەم، داهێنانێکی نوێم نەکردووە، من تەنها هەوڵ دەدەم ئەو داینامیکەی لەگەردووندا هەیە، بە سەر شێوازی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەدا پەیڕەوی بکەم.”6 هاوکات ئەوە لەلای ئەو زۆر گرنگە کە کۆمەڵگەی کڵان (تیرەگەرێتیی) کۆنترین شێوەی پێکەوەژیانی مرۆڤە و گرنگییەکی گەورەی بۆ شێوە ژیانە کۆمەڵایەتییەکانی دوای خۆی هەیە و لە باسەدا دەڵێت: “ئەوە شتێکی واقیعییە کە تیرەگەرێتیی وەک بەردی بناغەی کۆمەڵگە تەماشا بکەین. ئەو جۆرە کۆمەڵگەیە ڕەسەنترین شێوازی کۆمەڵەگەیە.”7 لە بەشەکانی کۆتایی لە بەرگرینامەی دووەمیدا بە ناوی ‘شارستانییەتی سەرمایەداریی: شارستانییەتی خوداوەندە بێدەمامکەکان و پاشا ڕووتەکان’، ئۆجالان پێشنیاری دەستەواژەی ‘کۆمۆنەی دایک’ بۆ وەسفی ئەو بەها کەلتووریی و ماددیانە دەکات وا بۆ چەندین هەزار ساڵ شێوازی ژیانی کۆمەڵایەتیی مرۆڤی ڕەنگڕێژ کردبوو: “من بەردەوام جەخت لەوە دەکەمەوە کە دوای چەندین قۆناغی درێژ لە گەشەکردن و بەهۆی لەباریی هەلومەرجی جوگرافیی (زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس)، مرۆڤ چووە نێو کۆمەڵگەی کشتوکاڵییەوە (کۆمەڵگەی نیۆلێکتیک). ئەم قۆناغە دەکرێت وەک لوتکەی کۆمەڵگەی دایک تەماشا بکرێت و بۆ یەکەمجار توانای کەڵەکەکردنی زێدەبەرهەم سەری هەڵدا. بە شێوەیەکی گشتیی لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بەم قۆناغە دەڵێن: قۆناغی کۆمۆنەی سەرەتایی، یان چاخی بەردینی نوێ. هەرچەندە من باوەڕم وایە ئەوە مانادارترە پێی بگوترێت؛ کۆمەڵگەی دایک، چونکە ئەم کۆمەڵگەیە چەندین قۆناغی هەیە و نزیکەی 99%ـی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی پێک دەهێنێت، بۆیە نابێت بەکەم بگیرێت.”8
تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک
ئایا کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک چۆن بووە؟ کاتێک دەڵێین ژن لەم کۆمەڵگەیەدا ڕۆڵی یەکلاییکەرەوەی هەبووە، کەمێک مایەی سەرسووڕمانە؛ “ئەو کۆمۆنە سەرەتاییانەی لە دەوری دایک کۆ دەبوونەوە، زۆرتر بەهۆی کارە پراکتییەکانی ژن بوو، نەک بەهۆی تایبەتمەندییە بایۆلۆژیەکانی، لێرەدا پێکهاتەی زمانە سەرەتاییەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە. یەکێک لەو شتانەی کە نابێت پشتگوێ بخرێت، ئەو تایبەتمەندییە دایکییانەیە وا کۆمەڵگەکە هەیبووە. زۆر گرنگە ئاگامان لەوە بێت دایک-ژن لەو کۆمەڵگەیەدا کاروبارەکانی بەڕێوە بردووە و بەهۆی کارەکانی لە نێو ژیانی ڕۆژانە و بەخێوکردنی منداڵەکانی، هێزێکی سرووشتیی هەبووە. لەناو کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا ڕۆڵی بەرچاو و گرنگی ژن بەردەوام هەڵدەکشێت.”9 ئۆجالان کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک بە جۆرێک لە پێکەوەژیان وەسف دەکات و تایبەتمەندیی زمانەوانیی و بەهای کەلتووریی و هەلومەرجی ماددیی تایبەت بە خۆی هەیە. دابەشکردنی زێدەبەهای کاری کۆمەڵگەکە و سرووشتی کاتیبوونی بازاڕ و شار و بازرگانیی و تێگەیشتنی تایبەتی ئەو کۆمەڵگەیە بۆ ئەخلاق، چەند تایبەتمەندییەکی ئەو کۆمەڵگەیەن، ئەوەش بەهۆی ڕەنگدانەوەی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنەی دایکە و بەردەوام کۆمەڵێک ڕێوشوێن دژی دابەشبوونی چینایەتیی کۆمەڵگە دەگرێتە بەر؛ لەو کۆمەڵگەیەدا کرانەوەی گەورە بە ڕووی گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوون و بەکارهێنانی بەردەوامی ئەو سەرچاوانەی وا بەردەستن، شێوازێک بە ژیانی کۆمەڵایەتیی دەدەن. ئۆجالان تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک لە جۆرێک لە ژیاندا کورت دەکاتەوە و تێیدا: “بنەما سیاسیی و ئەخلاقییەکان ڕۆڵی باڵا دەگێڕن و زۆر بە زەحمەت هەلی دروستبوونی چینایەتیی هەیە، بۆیە دەسەڵات و دامەزراوەکانی دەوڵەت ناتوانن هێزی خۆیان بسەپێنن، یان کۆمەڵگە و دامەزراوەکان لە ڕێی ڕێککەوتنێکی دوولایەنەوە دان بە یەکتردا دەنێن. لەو کۆمەڵگەیەدا یەکبوون لە نێو فرەیی و یەکسانیی و ئازادیی، هەم وەک تایبەتمەندیی تاک (بە پێچەوانەی تاکگەرایی) و هەم وەک تایبەتمەندیی کۆمەڵگەکە ئەزموون دەکرێن.”10
کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک و کەلتووری باوکسالارانەی دەوڵەت
تەنانەت ئەمڕۆش زۆرێک لەم لایەنانە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەبینین، لەهەمان کاتیشدا زۆر جار زۆر بە ڕوونیی ئەوە دەبینین کە چۆن لە چەندین جێ، کەلتووری هەڕەمی دەوڵەت، تەواو جێی بە بەها و کارەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک لێژ کردووە. ئۆجالان ئەم تێبینییە دەکات بە دەستپێکێکی زۆر باش بۆ گوتنی تێڕوانینەکانی خۆی: “ڕەنگە ئەوە بە سەرتاندا نەڕۆشتبێت و ڕوون بێت کە ئێمە شارستانییەت وەک شتێکی باڵا و زۆر پێشکەوتوو وێنا ناکەین، بەڵکوو وەک داڕمان و سەرکوتکردنی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی وێنای دەکەین. کاتێک بەهاکانی کۆمەڵگەی شارستان بە بەهاکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک بەراورد دەکەین، دیدە ئەخلاقییەکانی ناوی لە داڕمان و پاشەکشەیەکی گەورەدایە.”11 بە گەڕانەوە بۆ داستانە سۆمەرییەکانی وەک داستانی گلگامێش و ئەفسانەکانی ئەنکی و ئینانا و ئاماژە زمانەوانییەکانی وەک وشەی سۆمەریی ‘ئەمارگی’، کە بە واتای ئازادیی دێت، ئۆجالان هەوڵ دەدات ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ئەم داڕمانە چۆن ڕووی داوە؛ “ئەم داستانە پێش داستانی گلگامێش ڕووی داوە، داستانەکە باسی ململانێی نێوان کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک و کۆمەڵگەی دەسەڵاتدارانەی باوکسالار دەکات (گواستنەوە لە قۆناغی کۆمەڵگەوە بەرەو شارستانییەت). ئەوە زۆر ڕوونە کە ئەو پڕۆسەیە زۆر نادادوەرانە بووە و پڕ بووە لە ململانێ.”12 لە دەرەوەی ئەم ململانێ هەزار ساڵەیەی تێیدا کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک کەوتە بەر هێرشێکی زۆر توند و ڕێکخراو و سەرکەوتووانەی سیستەمی دەسەڵاتداری باوکسالارانە، دوو جۆر کۆمەڵگە درووست بوون: لە لایەک کۆمەڵگەی چینایەتیی یان شارستانییەت درووست بوو، لە لایەکی تریشەوە ‘کۆمەڵگەی دیموکراتیی-فرەڕەنگ’، دواتر ئۆجالان بە تاکە ‘کۆمەڵگەی سیاسیی-ئەخلاقیی ناوی دەبات’. ئۆجالان پێی وایە ئەم دابەشبوونە پڕ لە ململانێیەی هەقیقەتی کۆمەڵگە، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ درووستبوونی ململانێکان، بەڵام سەرچاوەی پەرەسەندنی ئەو جیهانەشە وا ئێستە تێیداین؛ “دەکرێت بە شێوەیەکی تیۆریی گریمانەی ئەوە بکەین، گواستنەوە بەرەو کۆمەڵگەی شارستانییەت و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێکەوە ڕووی داوە. ئەو گفتوگۆ توندانەی لە نێو ئەنجوومەنی ڕیشسپییان ڕوویان داوە، یەکەم هەنگاوی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بووە. لە نێو هەموو کۆمەڵگەکانی ئەو قۆناغەدا ئێمە ئەم چەشنە ناکۆکییە دەبینین: ناکۆکییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی شارستان؛ دەکرێت بە شێوەیەکی زۆر ڕوونتر و وردتر بڵێین، ناکۆکییەکانی سیستمی دەسەڵات و دیموکراسیی.”13
پاشماوە زیندووەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک
هەرچەنە بەگوێرەی ئەو تێگەشتنەی پێشتر بۆ دیالێکتیک باسمان کرد، ئۆجالان کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک وەک قۆناغێکی مێژوو باس ناکات کە زۆر دەمێکە تێپەڕیوە، بەڵکوو بەردەوام ئەوەمان بیر دەخاتەوە کە ڕەگوڕیشەی ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ بە چاک و جوان و شێوازێکی درووستی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتیی دادەنێن، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک و بۆ دەیەها و سەدەها هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە؛ “یەکێک لەو شتانەی تر کە دەبێت لەبەر چاومان بێت ئەوەیە؛ هەردوو جۆرە نوێیەکەی کۆمەڵگە دەیانەوێت بوونی خۆیان لە سەر کۆمەڵگەی کۆمۆن دابمەزرێنن. کۆمەڵگەی کۆمۆنە ئێستاش هەیە و بەردەوامیی بە بوونی خۆی دەدات، هەرچەندە وەک پاشماوەیەکی بچووک لە نێو کۆمەڵگەی مۆدێرندا ماوەتەوە. وەک پێشتر باسمان کرد، کۆمەڵگەی کۆمۆنە لەناو ناچێت ‘وەک دایکەخانەکان’ و گومان لەوەدا نییە تا مرۆڤ بمێنێت، ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەش هەر دەمێنێت. وەک چۆن دایکەخانەکان پێکهاتەکانی لەش درووست دەکەن و چاکیان دەکەنەوە و هەرکات پێویست بێت دووبارە بنیادی دەنێنەوە، کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایکیش، لە نێو هەموو کۆمەڵگەکاندا وەک دوالیزمێک درێژە بە بوونی خۆی دەدات. لە کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کۆمەڵگەی شارستاندا، کە لە بنیادەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایکەوە سەریان هەڵداوە، سەرەڕای هەموو ململانێ و گرژییەکان و ئەو پێکهاتنەوە و تەباییەش وا تێیاندا ڕووی داوە، هێشتا بنەڕەتەکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک نە لەناو چووە و نە لەناویش دەچێت.”14 تەماشاکردنی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک، وەک کەلتوورێکی دێرینی زیندووی مرۆڤایەتیی، یارمەتییمان دەدات تا وێنەیەکی ڕاستەقینەتر بۆ جیهانی هەستەکیی و ئەندێشەیی کۆمەڵگەکانی ئێستەمان پەرە پێ بدەین. لە سەر ئەم بنەمایە، دەتوانین باشتر لە شکستی بەرەی ڕزگاریخوازی نێو کۆمەڵگەکان بگەین و و باشتریش بڕیار لە سەر بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەتی درووست بۆ ڕزگاریی کۆمەڵگە لە سەدەی ٢١ بدەین.
بنیادنانی سیاسەتی دیموکراتیک لە سەدەی ٢١ لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک
بەردەوام هێزە دیموکراتخوازەکان، بۆ پەرەپیدانی گونجاوترین شێواز بۆ ململانێ لەمەڕ ڕزگارکردنی کۆمەڵگەکەیان لەدەست دەسەڵات و باوکسالاریی و دەوڵەت، بەپێی ڕاستینەی کۆمەڵگەکەیان، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی دەبنەوە. بەپێی ئەو بارودۆخەی خۆیانی تێدا دەبیننەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسیار دەبنەوە، ئەویش دەربارەی ئەوەی چی ڕێکخستن و بەرنامەسازیی و تاکتیک و ستراتیژێک پێویستە. دەکرێت لێرەدا پارادایمی مۆدێرنەی دیموکراتیک بناغەیەکی باش بێت، بەڵام شێوازی پراکتیککردنی ئەو پارادیمە لە نێو هەلومەرجە چەسپاوەکانی هەر کۆمەڵگەیەکدا، بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هێزە دیموکراتخوازەکانی ئەو کۆمەڵگەیە.
“هێزی ژیانی کۆمەڵایەتیی بۆ ماوەی ٢٠٠ هەزار ساڵ لە نێو ژیانی کۆمۆن، کۆمەڵگە و پێکەوەبوونی دایکاندا خۆی حەشار داوە.”
ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کە ڕەگوڕیشەی بەهاکانی وەک؛ دیموکراسیی و ئازادیی و یەکسانیی، تەمەنیان هەزاران ساڵە و سەرەتا لە نێو کۆمۆنەی دایکدا دەرکەوتوون، ئەم تێگەیشتنەش یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ ئەو کاتانەی دەمانەوێت بە خێرایی بە شوێن قەیرانەکانی مۆدێرنەی سەرمایەدارییدا بچین، چونکە بیرکەوتنەوەی بەها و کەلتوور و کارە کردەییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە، یارمەتیمان دەدات بە درووستیی ئامانج و ئامڕاز و ڕێگەی ململانێکان دیاریی بکەین؛ ئەوانەی بەردەوام جەخت لە باسەکانی وەک نەریتی کۆمەڵایەتیی کۆمۆنگەرایی و دایکسالاریی دەکەنەوە، فۆڕمێکی دیاریکراو بۆ ململانێکان هەڵدەبژێرن و ئەم دیدگایەش ئاڵنگارییەکی گشتگیر و هەستیار و درێژخایەنتر درووست دەکات، لەچاو وەرچەرخان بەرەو ئاڕاستەی ململانێی چینایەتیی ڕووت و ڕووبەڕووبوونەوە ئەنارشییە مەوداکورتەکان. هێزی ژیانی کۆمەڵایەتیی بۆ ماوەی ٢٠٠ هەزار ساڵ لە نێو ژیانی کۆمۆن و کۆمەڵگە و پێکەوەبوونی دایکاندا خۆی حەشار داوە، بۆیە دەبێت هێزە دیموکراتخوازەکان ئەو بنەمایانەی کۆمەڵگەی دایک بەهێز بکەنەوە و زۆر بە باوەڕبەخۆبوونەوە دژایەتیی کەلتووری تاکگەرایی دەوڵەت و دەسەڵاتێکی بەرژەوەندیخوازی قازانجویست و پاوانخواز بکەن. ئێمە دەبێت بەردەوام ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە چۆن بنەماکانی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک بە سەر هەلومەرجە چەسپاوەکانی کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێت و چۆن بتوانین بیکەین بە ئەڵتەرناتیڤێکی بەهێز؟ چۆن ئەم بیرۆکانە بە سەر ناوچەکانی دەوروبەری شار و نێو شارە گەورەکاندا جێبەجێ بکەین؟ ئەو پاشماوە و جێپەنجانەی کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایک کامانەن وا دەتوانین لە ناوچە و کەلتوورە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی خۆماندا بیاندۆزینەوە، ئەی چۆن بتوانین پارێزگارییان لێ بکەین و بەهێزیان بکەینەوە؟ ئەو تایبەتمەندییە پێشوەختانە کامانەن وا کەلتووری دەسەڵاتگەرایی نێو کۆمەڵگە، بە سەر کۆمەڵگەی کۆمۆنەی دایکدا دەیسەپێنێت. بەم جۆرە ئەو هێزە دیموکراتییانەی ململانێیان بۆ ئازادیی و دیموکراسیی و یەکسانیی، لە سەر بنەمای میراتی مێژوویی کۆمۆنەی دایک دامەزراندووە، هەر زوو دەگەنە ئەوەی لە ڕێی لێکۆڵینەوەیەکی وردی مێژوویی و کۆمەڵناسیی کۆمەڵگەکەی خۆیانەوە، باشتر پرسی ڕەخنەگرانە لە سەر شکستەکانی خۆیان لە نێو مێژووی خەباتی بەرگرییاندا دەجووڵێنن و بەو شێوەیە دەتوانن بە ڕەنگێکی باشتر ڕێکخستن و بەرنامە و ستراتیژ و تەکتیکەکانی خۆیان پەرە پێ بدەن. بەمەش باشتر دەتوانن بەرپرسیارێتیی سیاسەتێکی سەرکەوتوو بۆ کۆمەڵگەکەی خۆیان و مرۆڤایەتییش لە سەدەی ٢١ـدا هەڵبگرن.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
سەرچاوەکان:
1 Nancy Fraser: “Intersectionality describes something, but explains nothing”
2 لەو وتارەدا عەبدوڵڵا ئۆجالان لە سەر بنەمای پارادایمی مارکسیست-لێنینیست، شیکاریی پەیوەندییەکانی نێوان سەرمایەداریی جیهانیی، دەرەنجامەکانی کۆڵۆنیاڵیزم لە کوردستان و مێژووەکەی و بوونی لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا دەکات، هەروەها باسی پرسی خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە کوردستان و بنیادنانی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە دەکات. ئەم وتارە هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بزووتنەوەی ئازادییخوازی کوردستان کە لەو کاتەدا هێشتا لە پڕۆسەی پێکهێنان و دامەزراندندا بوو.
3 تا 9: عەبدوڵڵا ئۆجالان، شارستانییەتی سەرمایەداریی: شارستانییەتی خوداوەندە بێدەمامکەکان و پاشا ڕووتەکان. مانفیستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک. بەرگی دووەم.
10 عەبدوڵڵا ئۆجالان، سۆسیۆلۆژیای ئازادیی. مانفیستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک. بەرگی سێیەم.
11 تا 14: عەبدوڵڵا ئۆجالان، شارستانیەتی سەرمایەداریی: شارستانیەتی خوداوەندە بێدەمامکەکان و پاشا ڕووتەکان. مانفیستۆی شارستانییەتی دیموکراتیک. بەرگی دووەم.
سەرچاوەی وەرگێڕان:
The Communal Mother-based Society A Necessary Return to the Basis of Social Resistance Arif Rhein
democraticmodernity.com



