
نەجیبە قەرەداخی
ئۆجالان؛ لە گوندی ئاماراوە بۆ ئاستانەی دیالەکتیکێکی نوێ!
بە درێژایی مێژووی ستەم و چەوسانەوە، ژمارەیەکی زۆری فەیلەسووف، بیرمەند، زانا، پێغەمبەر، عارف و دانا، بەهۆی هزریانەوە ڕووبەڕووی هەڕەشە، کوشتن، ژەهراوییکردن، سێدارە و زۆر جۆری تری سزا بوونەوە. لەوانەیە گرنگترین پرسیار ئەوە بێت؛ ئەوان لە چ سەردەمێکدا سەریان هەڵدا، بەرەنگاری چی بوونەوە، بۆچی دژایەتی هزریان کرا و بۆچی کۆمەڵگە درەنگ لەوان تێگەیشت؟
ئەو کەسانە بە هزریان سنوورە باوەکانی بیرکردنەوەیان تێپەڕاند، پەردەیان لەسەر ڕاستیگەلێک هەڵماڵی، کە مرۆڤ ناچار بکات لەو قاڵبانەی لەلایەن دەسەڵاتداران و دەوڵەتەوە بۆیان داتاشراوە، یاخیی ببن. کاتێ سوکرات بە تۆمەتی ‘تێکدانی مێشکی گەنجان’ و ‘بێڕێزی بە خوداوەندەکانی ئەسینا’ سزای خواردنەوەی ژەهری بەسەردا سەپێندرا، تاوانەکەی ئەوە بوو بتەکانی نێو مێشکی مرۆڤەکانی دەشکاند و بوێریی پرسیاریکردنی پێ دەبەخشین. گۆردانۆ برۆنۆی فەیلەسووفی ئیتاڵیی، لەبەر ئەوەی لەسەر چییەتی گەردوون، پرسیار و زانیاری نوێی پێچەوانەوەی ئەوەی کەنیسە دەیگووت دەهێنایە ئاراوە، لە ساڵی ١٦٠٠ بە زیندوویی قرچەقرچ لە ئاگردا سووتێنرا. گالیلۆ لە پای تێزی (زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە)ـی بیردۆزی کۆپەرنیکۆس، لەلایەن کەنیسەوە خرایە ژێر فشارەوە، تا کۆتایی تەمەنی لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر بوو. مەنسووری حەلاج، یەکێکە لە ناسراوترین عاریفانی مێژووی ئیسلام، بەهۆی وتە بەناوبانگەکەی ‘أنا الحق’، کە وەک کوفر شڕۆڤە کرا، بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوژرا و تەرمەکەی سووتێنرا. شەهابەدینی سوهرەوەردی (شێخی ئیشراق)، کە فەیلەسووف و عاریفێکی کورد بوو بەهۆی ‘فەلسەفەی ڕووناکیی’ـی و تێکەڵکردنی فەلسەفە و عیرفان، پێگەی دەسەڵاتدارانی دەهەژاند، لە تەمەنی ٣٨ ساڵییدا لە حەڵەب لەناو برا. گەورەیی ئەم مرۆڤانە کە لە مێژوودا تۆمار کراون، سیستەمە داپڵۆسێنەر، تۆتالیتار و دۆگماکانیان دەخستە ژێر پرسیارەوە و مرۆڤەکانیان لەو داگیرکارییە جەستەکیی، هەستەکیی و ڕۆحییە بێدار دەکردەوە و هەوڵی گۆڕانکاریی و وەرچەرخانیان دەدا. هەوڵەکانیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی چینە دەسەڵاتدارەکان بوو.
هەر گۆڕانکارییەک پێویستی بە ڕووبەڕوبوونەوە هەیە و هەموو مرۆڤەکان بە هەمان ئەندازە بۆ ئەو ڕووبەڕووبونەوەیە ئامادە نەبوون، تەنیا ئەوانە نەبێت کە خۆیان لە ئەشقی گەڕان بە دوای هەقیقەتدا تواندووەتەوە. کەم نین ئەوانەی ئەم ڕچەشکێنییەیان کرد. بەکارهێنانی دەستەواژەکانی کوفر، تیرۆریست، جوداخواز، شێت و زۆری تریش، ئەو دەستەواژانەن وا بۆ بچووکردنەوە، ڕەشکردنی ئەو مرۆڤە گەورانەی مێژوو بەکار دەهێنران و دەهێنرێن. تەنانەت وەک شێت ناوزەد دەکران. هەر خودی وشەی ‘شێت’ دەربڕینێکە بۆ دەرچوون لەو کڵێشانەی دەسەڵاتدارێتیی بۆ مرۆڤی کێشاوە و لە قەفەزی خۆیدا کۆیلە کردووە.
ئەو مرۆڤە گەورانەی مێژوو چەندین سەدە خۆیان تێپەڕاندووە و درەنگ لێیان تێگەیشتن، ئەمەش پەیوەندیی بە زۆر فاکتەرەوە هەیە. بۆ ئەوەی ڕاستییەک ببێتە هەقیقەت، دەبێ مرۆڤ لە خودی خۆی و ئەو دۆخەی تێیدایە بێدار ببێتەوە. هزری ئەم مرۆڤانەی مێژوو، کە لە خودی کەسیی خۆیدا لە خۆیان بێدار بوونەتەوە، سەرەتا دەسەڵاتداران و بەشێکی زۆری کۆمەڵگە ڕووبەڕوویان دەبنەوە، دژایەتییان دەکەن، بەڵام کات سەلماندوویەتی کە ئامانجی ئەوان هەڵتەکاندن و کۆتاییهێنان بووە بە کۆیلایەتیی، بندەستیی، چەوسانەوە و ستەمکاریی.
“هەست دۆخی چڕبوونەوەی فکرە؛ ڕێبەر ئۆجالان هەستی کردە هۆشیاریی و لە ناکۆکییەکانی نەبوونەوە، بوونی خوڵقاند.”
ڕێبەر ئۆجالان لە دەرەوەی ئەو سیستەمە باوە، درکی بەو هزر و بیرکردنەوە، هەست و سۆز، ڕۆح و جەستەیە کرد و هەستی بە لەناوچووونی کۆمەڵگەی کورد و ژن کرد. ئەو هەست بە تەنیا وەک کاردانەوەیەکی سۆزەکیانە پێناسە ناکات وەک خۆی دەڵێت: “هەست دۆخی چڕبوونەوەی فکرە”. ئەو، هەستی کردە هۆشیاریی، کردییە ڕێکخستن و بەرەنگاریی دۆخی نەبوون بووەوە و لە ناکۆکییەکانی نەبوونەوە، بوونی خوڵقاند. جا ئەو دیالەکتیکە گەردوونییەی لەسەر ئاوا بووە “بوون لە دۆخی نەبوونەوە خۆی بەدی دێنێت”. ئەو دۆخە سیستەماتیک و زنجیرەییەی هزر، هەست و هۆشیاریی و ڕێکخستنی گەیاندە ئاستی میکانیزمی خۆڕێکخستن و خۆپاراستن و بووە بە پاردایمێک کە لە نێو یەکانگیرییەکی واتادایە.
کاتێ ڕێبەر ئۆجالان بە بێداربوونەوە لە خودی خۆی، کۆمەڵگەکەی و داگیرکەریی دەگات، واتە بێداربوونەوە لەو کوردبوونەی لە خودی ژندا لەدەست چووبوو ، خەڵکی گوندەکەیان بە خێزانەکەی دەڵێن؛ “کوڕەکەتان بێنامووس بووە”. بەڵێ ئەو نامووسی خستەژێر پرسیارێکی گەورەوە و واتا نەریتیەکەی لە ڕەگوڕیشەوە هەڵتەکاند. بتی نامووسی نەریتی شکاند. بتەکانی دەوڵەت-نەتەوە، کوردایەتیی ساختە و پیاوێتی شکاند. ٢٧ ساڵ لە زیندان، نەک دەوڵەت و هێزی نێونەتەوەیی نەیانتوانی باوەڕ و بیرکردنەوە و تێزەکانی لەق بکەن، بەڵکوو بە ڕادەیەکی بێوێنە لە قۆناغی ئێستادا، خۆی دایە بەر نەشتەری ڕەخنەدان و بوێریی خۆنوێکردنەوەی نیشان دا، بە ئاستێک کە یار و نەیار لە ئاست تێگەیشتنی واقیان وڕ ماوە. ئەو بزووتنەوەیەی خۆی بەردی بناغەکەی دانا، بەرپرسیارێتیی هەڵوەشانەوەی پارت و ڕاوەستانی تێکۆشانی چەکداریی (نەک ڕاوەستاندنی پاراستنی ڕەوا)ـی لەئەستۆ گرت.
لە ٢٧ شوباتی ٢٠٢٥ـەوە کاتێ بانگەوازی ‘ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی’ ڕاگەیاند، تا ئێستا هەوڵی بێدەنگکردن یان شێواندنی هزریی دەدرێت. ترسەکە لەوە نییە کە ئەو لە چوارچێوەی دیوارەکانی زینداندا هەر بیر دەکاتەوە و دەئافرێنێت، بەڵکوو ترس لە شکاندنی هەموو ئەو بتانەیە وا مرۆڤەکانی لە مێشکی خۆیاندا زیندانی کردووە. واڵڕشتاین دەڵێت؛ “ئۆجالان بە شانسە کە بزووتنەوەیەکی هەیە هزر و تێزەکانی دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە”، جێبەجێکردنێک هەم هێواشە، پڕ ئاڵنگارییە، هەندێ جار دەشکێت و گەلەکۆمەی لێ دەکرێت، ئەویش تا ئاستێکی ترسناک کە هیچ کەس باوەڕ ناکات ئەم بزووتنەوەیە دوای ئەوە هەموو لێدان و گەلەکۆمەیە، چۆن بەپێوە ماوە. بەڵام توانستی خۆنوێکردنەوەی هەیە، چونکە سرووش لە قووڵایی مێژوو وەردەگرێت، چونکە سۆسیۆلۆژییانە لە هەموو دیاردە و ڕووداوەکان دەڕوانێت، نە خۆی ڕادەست بە دۆگماتیزم دەکات و نە بە لیبڕاڵیزم.
هزری ئازادیی ژن لای ئۆجالان، بەرانبەر سەرتاپای سیستمی سەرمایەداریی، دەسەڵاتدارێتیی و دەوڵەتە و لەسەر کۆیلەکردنی کۆمەڵگە و ژن پەرەی سەندووە. هزری ئیکۆلۆژیی لای ئۆجالان بەرانبەر ئەو ڕەتاندن و وێرانکارییەییە وا دژ بە مرۆڤ، کۆمەڵگە، سرووشتە. هزری دیموکراسیی کۆمیناڵ و ڕاستەوخۆ لای ئۆجالان دژی ئەو پلەبەندیی و ناوەندگەرێتییە وا لەسەر پەراوێزخستنی ژن و ژیانی کۆمیناڵ پەرەی سەندووە. بێگومان بۆ دەسەڵاتداران جێی مەترسییە. ئەو بوارانە گرنگترین بوارن کە قەیرانی ئێستای سیستەمی سەرمایەداریی لەسەر پێ هێشتووەتەوە.
ڕێبەر ئۆجالان دژی چەمکی ‘دەوڵەت-نەتەوە’ وەستایەوە کە زۆربەی دەسەڵاتەکان لەسەر بنەمای ناوەندێتیی و ستەمکاریی دایانمەزراندووە و بە چەمکی سەروەریی کۆمەڵگەیان گەمارۆ داوە. ئەڵقەی ئەو گەمارۆیە دەشكێنێت و زەمینە بۆ کۆمەڵگە دەکاتەوە تا لەسەر بنجی خۆی شین بێتەوە، هەروەتر بێ پێویستیی بە دەوڵەت بتوانێت خۆی بەڕێوە بەرێت، خۆی بپارێزێت و خۆی بژێنێت. ئایا ئەمە بە ئاسانیی و لە ماوەیەکی کورت و لەو هەموو ئاڵنگارییە ناوخۆیی، ناوچەیی و نێونەتەوەییەدا، کردەنییە؟ بەڵێ کردەنییە، بەڵام ئەوە شێوازی تێکۆشانە دژ بە تێگەیشتنی پلەداریی و سەروەریی بەرانبەر تاکەکانی کۆمەڵگە، واتە داماڵینی کەسایەتیی لە باڵادەستی پیاوسالاریی و نەریتیی ژن، ئەوە خۆڕێکخستنی ئاسۆیی و وەڵامدانەوەی پێویستییەکانی کۆمەڵگەیە کردەنییکردنەوەکەی مسۆگەر دەکات.
ئاڵنگارییەکی تری ڕیشەیی ڕێبەر ئۆجالان بەرانبەر زهنییەتی فالۆکراسییە[1]، کە لە سۆنگەی تەشەنەسەندنی بۆ یەکەیەکی بکوژی کاستیک تا ڕۆژی ئەمڕۆ، کە لە دوڕگەی ئیپستین بەرجەستە بووە، درێژ دەبێتەوە. بەرهەڵەستیی زهنییەتی فالۆکراسیی لە دیدی ڕێبەر ئۆجالاندا تەنیا بە زیندووکردنەوەی ژن و وەرچەرخانی کەسایەتییەکەی بۆ بکەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی چالاک، کردەنیی دەکرێتەوە. دەستبردنی ئۆجالان بۆ پرسی ژن، کە کۆیلایەتییەکەی ستوونێکی تۆکمەی دەسەڵاتدارێتیی فەراهەم دەکات، بنکۆڵی زهنییەتی دەسەڵاتدارییە لە ڕیشەوە. ئەمە خۆی لە خۆیدا دەستبردنە بۆ ڕیشەدارترین کەلتوور و زیندووکردنەوەیەتی لە کەسایەتیی ژندا، هەروەها ڕۆحکردنەوەیە بە بەر کۆمیناڵیتەی کۆمەڵگە، کە پلەداریی و دەوڵەت و دامەزراوەکانی لە هێزیان خستووە و گۆڕانکاریی و وەرچەرخانی بنەڕەتییشە لە پیاودا.
پێگەیەک هێندە مەیدان لە سیستەم بخوێنێ و مێژوو بخاتە سەر پێی خۆی، هانی هەموو کەسێکیش دەدات تا مێژووی نەنوسراو بناسێت و ”مێژووی کۆیلایەتیی ئاشکرا بکات و مێژووی ئازادییش بنووسێتەوە” ئیدی چۆن هێرشی ناکرێتە سەر. ئەوانەی هێرش دەکەنە سەری، بەئاگایی بێت یان نائاگایی، لەو ڕووبارەی مێژوودان وا ئۆجالان پەردەیان لەسەر هەڵدەماڵێ و ئیتر ڕووە ڕاستەکەی چیرۆکی ‘شارستانیی’ و چیرۆکی ‘پێشکەوتنی ڕاستەهێڵانەی مێژوو’ ئاشکرا دەکات.
[1] فالۆکراسیی؛ ئاماژەیە بۆ ئەو زهنییەتەی سەروەریی ئەندامی زایەندی پیاو، هێمایە بۆ ئەو ئاڵنگارییەی لانی کەم ١٠٠٠٠ پ.ز لە میزۆپۆتامیای ژووریین لە گرێ کەچەڵێ- کاراخان تەپە پەیکەرەکەی دەبینرێت، ئیتر لەوێوە پیاو سەروەریی خۆی دژ بە پێگەی ژن-دایک، لە سۆنگەی نیشاندانی ئۆرگانی زایەندیی خۆی، مەیدان لە ژن-دایک ( کڵان یان کۆمەڵگەی دایکانە) داگیر دەکات.



