
سۆمهیە ڕۆستەمپوور
داگرتنی فایلی PDF
بانگەوازی ئاشتیی لە کوردستان: هەڵبەستێک بۆ ژیانێکی باش
لێرەدا بەپێی چوارچێوەی شیکاریی کۆمەڵناسیی و سیاسیی لە بانگەواز و مانیفێستەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئۆجالان و بانگهێشتەکەی بۆ پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتیی لە کوردستان، وەک ئاڵەنگارییەکی پێکۆڵ دژ بە پێکهاتە دەوڵەتیی و میلیتاریستەکان دەکۆڵینەوە. ئەم خەباتە تەنیا داواکارییەک نییە بۆ بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ و شکۆی تاک، بەڵکوو هاوکات ڕووبەڕووی پرۆسەکانی میلیتاریزەکردن و سیاسەتی کۆڵۆنیاڵیزم دەبێتەوە، کە ئامانجیان لێسەندنەوەی ئەگەری ژیانێکی شایستەیە لە کۆمەڵگا هەمەچەشنەکاندا، بە تایبەت گەلانی پەراوێزخراو و چەوساوە و بێدەوڵەت. لەم چوارچێوەیەدا «ژیانی باش» تەنیا خەبات نییە بۆ بەدیهێنانی مافە تاکەکەسیی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرخۆدانە بەرانبەر ئەو سیاسەتانەی وا کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک کورد، لە دەستڕاگەیشتن بە ژیانێکی شایستە بێبەش دەکەن.
ئەو خەباتەی لەم دەقەدا بەرباس دراوە، فرەتر لە چوارچێوەی شیکاری تیۆریی و چەمکی «بایۆپۆلیتیک»ـدا (biopolitics) خۆی دەبینێتەوە. لە بەرهەمەکانی میشێل فۆکۆدا چەمکی دەسەڵاتی مۆدێرن بە شێوەیەک فراوانتر کراوە کە سنوورمەند نییە بە زاڵبوون بە سەر جەستەی مرۆڤدا، بەڵکوو کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی ژیانە وەک ئامڕازێک بۆ درووستکردنی جۆرێکی دیاریکراوی حکومەت، جا لێرەڕا ژیان نەک تەنها لە ڕوانگەی ئابوورییەوە چاودێریی دەکرێت، بەڵکوو لە ڕەهەندە بایۆلۆژیی و کۆمەڵایەتییەکانیشدا چاودێریی دەکرێت[1]. لەو چوارچێوەیەدا سیاسەتی ئەمنیی و میلیتاریزەکردن لە ناوچەکانی وەک کوردستان، بە تایبەت لە ڕێی چاودێریی ئۆرگانەکان و درووستکردنی سنووری سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە، پەیڕەو دەکرێت. ئەویش بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکەکانی وەک هەڕەشەی ئەمنیی و بەرژەوەندیی نەتەوەیی، حکومەتەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک ژیانیان وەک «لەمرۆڤ کەمتر» (infrahuman) ناساندووە، بەو مانایەی توانای کێبڕکێیان نییە یان هەڕەشەیەکی ئەبستراکتن و دەبێت پێش ڕوودان، ڕێگرییان لێ بکرێت، بەمەش پاساو بۆ سەرکوت و کوشتنی ئەو کەسانە دەهێنێتەوە، وەک زەینەب گامبێتی ڕوونی دەکاتەوە[2]. ئەوەی پێی دەوترێت «جەنگی دژی تیرۆر»، گامبێتی، سەلماندوویەتی کە شتێکی دەرەباوەڕە بۆ تاوانبارکردنی بەشە ناپابەندەکانی دانیشتووان و ڕێگریی لەو جەماوەرەی لە دەسەڵاتی حکومەت دەپێچێتەوە. ئۆجالان لە مانیفێستەکەیدا بە ڕوونیی ئاماژە بەم خاڵە دەکات: «لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا سوپای نەتەوە خۆی دەبێتە نەتەوە. لە بنەمای ئەم سیستەمەدا پێکدادان و شەڕ هەیە. دەوڵەت-نەتەوە سیستەمی کۆمەڵگەی شەڕکەر و شەڕخوازە. لەم شەڕانەشدا هەرجارەو ملیۆنان کەس دەکوژرێن.» ئەم بۆچوونە لە تیۆرییەکانی فرانتز فانۆن و ئاگامبێنیشدا دیارە، کە مردن و نەهێشتنی تاکەکان لەم پرۆسانەدا وەک پێویستییەکی کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقیی ڕەوا دەبینرێت و دەیانکاتە “بوونەوەرێکی نەژیاو” (lives unworthy of being lived)، سا جۆرێکە لە سەرکوتکردنی توندوتیژانه و ئاگامبێن بە «ژیانی ڕووت» (bare life)[3] و فانۆن بە “مەرگی زیندوو” (living death)[4] ناودێری دەکات.
لە تورکیا ئەم پرۆسەی ئەمنیی و میلیتاریزەکردنە، بە تایبەتی لە ڕێی ستراتیژی سەربازیی و هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گەمارۆدان بۆ نەهێشتنی گرووپە کۆمەڵایەتیی و نەتەوەییەکانی وەک کورد بەکار دەهێنرێت. ئەم گرووپانە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر نەزمی هەبوو هەست پێ دەکرێن، چونکە بەردەوام سرووشتی ستەمکارانەی سیستەمەکە ئاشکرا دەکەن و بەرەنگاری دەبنەوە. لەم ڕوانگەیەوە چەمکی «مرۆڤاندنی مەرگ»[5] (dehumanisation of death) ئاماژەیە بۆ ئەو سیاسەتە ئەمنیی و سەربازییانەی وا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکاندا دەکەن، ئەویش وەک دەساوێژێک بۆ پاساودانی سیاسەتی ستەمکارانە و نەرێنیی. خەبات بۆ ژیانێکی باش، لەم چوارچێوەیەدا، بەردەوام لەلایەن سیاسەتی دەوڵەتیی و سەربازییەوە پەراوێز دەخرێت، نەک تەنها لە سەر ئاستی تاک، بەڵکوو لەسەر ئاستی دەستەجەمعیی (collective). ئەمە بە تایبەت بۆ کوردستان ڕاستە، چون کۆڵۆنیاڵیزمی ناوخۆ و میلیتاریزەکردنی دەوڵەتیی لێکئاڵاون، ئەمەش بەو ئامانجەی گرووپە میلیتانییەکانی وەک هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد پایەماڵ بکەن.
لە لایەک ئەم سیاسەتانە وەک «بەرقەرارکردنی ئاساییش» پاساو دەدرێن، بەڵام لە لایەکی ترەوە بە هاندان و پێشخستنی هەستکردن بە هەڕەشە لە ئاستی تاک و کۆمەڵگادا، فەرهەنگ و چنراوێکی کۆمەڵایەتیی کۆنترۆڵکراو و سەرکوتکاریی و سزادان وردەوردە ڕەنگڕێژ دەبێت. لەم هەلومەرجەدا کۆمەڵگا نائاگایانە مل بۆ فۆڕمێکی نوێی ڕێکخستن و ئاسایش دەخەوێنێت و ناڕاستەوخۆ فاشیزم و توندوتیژیی ئاسایی دەکرێنەوە. لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتی ئەمنیی و سەربازیی بە تایبەت لە شێوەی «مایکرۆفاشیزم»ـدا (micro-fascisms)[6] سەر هەڵدەدەن و داواکاریی میلیتاریزەکردن لە خوار بۆ سەرێ پێک دێت. ئەم جۆرە بەشدارییە لە خوارەوە بە واتای درووستکردنی داواکاریی بۆ «ئەمنیکردنەوەی زیاتر» و پشتیوانیی لە سیاسەتی توندوتیژ، کە دواجار دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانی هەلومەرجێکی کۆمەڵایەتیی فاشیستیی. لە دۆخێکی بەم ڕەنگەدا نەک تەنیا دەوڵەتان، بەڵکوو تاکەکان خۆشیان لە بەرهەمهێنان و بەرەوپێشبردنی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و میلیتاریستییدا بەشدارن.
خەبات بۆ ژیانی باش (Buen Vivir) وەک جێگرەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی
لە بزووتنەوە کوردییەکاندا خەبات بۆ ژیان، هاوکات خەباتێکە دژی هەژموونی مەرگ و دەوڵەت، بە تایبەت ئەمە ڕەهەندە هەمەچەشنەکانی وەک؛ ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و ژینگەیی دەگرێتەوە و لێکچوونێکی زۆری لەگەڵ ئەو چەمکانەدا هەیە وا لە ئەدەبییاتی دژەکۆڵۆنیاڵیزمی هاوچەرخدا خراونەتە ڕوو، بە تایبەت ئەوانەی لە ئەدەبییاتی جیهانییدا لە ژێر ناونیشانی وەک «ئیکۆلۆژیای هەژاریی» (Ecology of Poverty) یان «ئیکۆلۆژیای خەڵک» (Popular Ecology) خراونەتە ڕوو[7]. ئەم بزووتنەوانە لە ئەمریکای لاتین و ناوچە گەشەسەندووەکانی تر بەرگرییان لە چەمکی «ژیانێکی باش» (Buen Vivir) کردووە، ئەویش وەک بەدیلێک بۆ مۆدێلەکانی گەشەسەندنی ڕۆژئاوایی. ئەم ڕێبازە بەرهەڵەستیی ئەو چەمکە دووانەیی و مرۆڤسەنتەرە مۆدێڕنانە دەبێتەوە وا سرووشت له کۆمەڵگا هەڵدەبوێرن و هەمیشە جەخت لەسەر دەرهێنانی سەرچاوە سروشتی و مرۆییەکان دەکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا چەمکی «ژیانێکی باش» وەک شێوازێکی ژیانیکی هاوئاهەنگ لەگەڵ ژینگەی مرۆیی و نامرۆیی دەناسێنرێت، بە تایبەت ئەمە پەیوەندیی بە ڕەخنەی تەشەنەسەندنی سەرمایەداریی و کۆڵۆنیاڵیزمەوە هەیە کە دەبێتە هۆی پاکتاوی ژینگە و هەڵکشانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی.
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەم ڕەوتە بریتییە لە «ژیانی باش» (good living/sumak kawsay) یان «ژیانی ڕاست» (livingwell/suma qamaña). ئەمە لە بیرکردنەوەی ڕەسەنی کۆمەڵەکانی ئەندی و گرووپە ڕەسەنەکانی ترەوە چاوگە دەگرێت و پێکۆڵانە لەلایەن ئیکۆفێمینیست و چالاکوانانی دژەسەرمایەدارییەوە بەرگریی لێ دەکرێت. ئەم چەمکە وەک ڕەخنەیەک لەو مۆدێلانەی گەشە دەخرێنە ڕوو وا نەک هەر جەخت لە سەر پاوانی سەرچاوە سرووشتیی و مرۆییەکان دەکەنەوە، بەڵکوو پەیوەندییە ژینگەییەکانیش پشتگوێ دەخەن[8]. لەم ڕوانگەیەوە خۆشگوزەرانیی مرۆڤ تەنیا بە زیادبوونی بەکارهێنانی سەرچاوە ماددییەکان ناپێورێت؛ بەڵکوو پێداگریی لە سەر پەیوەندیی هاوژیانیی لەگەڵ ژینگەی سرووشتیی و ڕێزگرتن لە هەمەچەشنیی زیندووەران پایە سەرەکییەکانی ئەم چەمکەن. بە واتایەکی تر، «ژیانی باش» بە شێوەیەکی ڕیشەیی، لەگەڵ مۆدێلی گەشەسەندنی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی هەڵبوێردراو لە سرووشت دەبینن، ناکۆکە.
چەمکی «ژیانی باش» (Buen Vivir)، وەک ئەوەی لەلایەن هیدالگۆ-کاپیتان و کوبیلۆ-گیڤارا پەرەی پێ دراوە[9]، لە ڕوانگەی سێ ڕەوتی فیکریی جیاوازەوە لێی کۆڵراوەتەوە: ڕەسەنگەرایی، دەوڵەتیی و ئیکۆلۆژیی، چ وەک بەدیلێک بۆ گەشەسەندنی ئابووریی و چ وەک ئاڵنگارییەک بە ڕووی مۆدێلە گەشەسەندووەکانی سەرمایەداریی جیهانیی. ڕەوتی ڕەسەن، زیاتر پتر لە دووانەکەی تریان، بە تایبەت لە کۆمەڵگە خۆجێیەکانی ئەمریکای لاتین، جەخت لەسەر ئۆتۆنۆمیی مرۆڤ و ڕێزگرتن لە سرووشت و پاراستن و پێناسەکردنەوەی ئەو جیهانبینییە ڕەسەنانە دەکاتەوە وا لە ڕووی مێژوویی و کەلتوورییەوە دژایەتیی ڕاستەوخۆی پێکهاتە دەوڵەتییە هەژموونخواز و گەشەسەندووەکان دەکەن. ئەم ڕەوتە بە تایبەت لە ڕەخنەی سەرمایەداریی جیهانیی و دەوڵەت و کاریگەرییەکانی لە سەر سەرچاوە سرووشتییەکان و ناسنامە کەلتوورییە ناوخۆییەکان دیارە.
لە چوارچێوەی کوردستاندا، ئەم چەمکە هاوتەریبە لەگەڵ خەباتە سیاسیی و فەلسەفییەکانی تەڤگەری پ. ک. ک. ئۆجالان و تەڤگەری کوردستان، هەوڵ بۆ درووستکردنی کۆمەڵگایەکی ئۆتۆنۆم، کەلتووریی و سرووشتیی دوور لە هەژموونی بێگانە و دەوڵەت دەدەن. بیرۆکەکانی ئۆجالان، لە شێوەی بیرۆکەکانی وەک «یەکگرتوویی سەربەخۆ» و «دیموکراسی ڕاستەوخۆ»، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە چەمکەکانی «ژیانی باش»ـەوە هەیە، جا ئامانجەکەش تەنیا سەربەخۆیی سیاسی نییە لە دەوڵەت-نەتەوەکان، بەڵکوو خەباتیشە دژی هەژموونی کۆڵۆنیاڵیزم و سیستەمی پیاوسالاریی. ئەم بزووتنەوانە بە تایبەت هەوڵ بۆ پەرەپێدانی دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و بەشداریی بەپێی بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە و بڕیاردانی ناوخۆیی دەدەن. جەختکردنەوەی ئۆجالان لە سەر هاودەنگیی و ژیانی کۆمەڵایەتیی، درێژەی ڕەخنەکانی ئەوە لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و فۆرمی دواتری ئهو مۆدێرنیتەیە، واتە نیولیبراڵیزم، کە ئەخلاقێکی تاکگەرایانەی بە سەر تاکی گەلدا داسەپاندووە. ئەمە بە ڕوونیی لە بڕگەیەکی دەقی مانیفێستەکەی ئەم دواییەی دەبینرێتەوە: «ئێمە بۆ ئەوەی ئەو مۆدێرنیتە و سۆسیالیزمە بنیادنراوەی هەیە تێپەڕێنین، هەوڵمان دا شیکارێکی نوێ و تیۆرییەکی سۆسیالیستی ئەڵتەرناتیڤ پەرە پێ بدەین. ناومان نا ‘مۆدێرنیتەی دیموکراتیک’، بەرانبەر هەرسێ پایەکەی مۆدێنیتەی سەرمایەداریی، یان بڵێین بەرانبەر سەرمایەداری، دەوڵەت-نەتەوە و پیشەسازگەرایی، ئێمە نەتەوەی دیموکراتیک، کۆمین/کۆمیناڵیی و شیکاری ئابووریی ئیکۆلۆژیی (ئیکۆ-ئیکۆنۆمی)ـمان پەرە پێ دا.»
نیولیبراڵیزم، وەک چوارچێوەی ئابووریی و سیاسیی باڵادەستیی سەردەمی هاوچەرخ، نەک هەر تانوپۆ ئابوورییەکانی پێناسە کردووەتەوە، بەڵکوو لە بنەڕەتدا کاری کردووەتە سەر ئەخلاق و چەمکە کۆمەڵایەتییەکانیش. ئەم کاریگەرییانە گۆڕانکاریی بنەڕەتییان هێناوەتە گۆڕێ، بە تایبەت لە چەمکەکانی وەک «یەکسانیی» و «هاودەنگیی». نیولیبراڵیزم بە جەختکردنەوە لە سەر تاکگەرایی و کێبڕکێی ئازاد و سەربەخۆیی ئابووریی، چەشنێک لە «ئەخلاقی تاکەکەسیی» بەرەوپێش دەبات، ئەمەش بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیی و دڵسۆزیی جڤاکیی پەراوێز دەخات[10] (براون، ٢٠١٥). لەم پێواژۆیەدا چەمکە کۆمەڵایەتییەکانی وەک هاودەنگیی، کە پێشتر زیاتر بەرچاو بوون، وردەوردە لە لە خەڵک شەوارە دەکرێن و بە ئەخلاقی تاکەکەسیی جێیان پڕ دەکرێتەوە. بەم شێوەیە نیولیبراڵیزم نەک هەر پێشبڕکێی ئازاد و خۆبژێویی بەرەوپێش دەبات، بەڵکوو تاکەکان بەرپرسیار دەکات لە دەرئەنجامەکانی خۆیان، بەپێی ئەم بۆچوونە، وەک دەرئەنجامی هەڵبژاردن و کردەی تاک لە «مانەوە» دەنۆڕین. ئەم سیستەمە کەڵکەڵەی تاکگەراییەکی بەگوڕ مشتوماڵ دەدات، سا نەک تەنیا چەمکی «چاکە هاوبەشەکان» (common good) کەرتوپەرت دەکات، بەڵکوو تاکەکان لە هاوکاریی و هاوپشتیی کۆمەڵایەتیی دوور دەخاتەوە، ئیتر هاوپشتیی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان دەتارێنێت و هانیان دەدات تا لە قازانجی تاکەکەسیی بگەڕین.
نیولیبراڵیزم لە سۆنگەی بەرەوپێشبردنی تاکگەرایی و کاڵکردنەوەی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتییەوە، هاودەنگیی پەراوێز دەخات، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دۆخە، فێمینیستەکانی وەک جودیت باتلەر جەخت لە سەر بنیادنانەوەی هاودەنگیی دەکەنەوە، ئەویش وەک ڕێکارێکی کۆمەڵایەتیی و بەکۆمەڵ، چونکە دەبێتە جێگرەوەی بیرکردنەوەی تاکگەرایانەی نیولیبراڵیزم، هەروەتر جڤاکێکی دادپەروەرتری لێ دەکەوێتەوە، فیتاوفیت وەک ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد ئەمڕۆ لە باکوور، بە دەساوێژی ئاشتیی، بەدوایدا دەگەڕێت. جودیت باتلەر لە کارەکانیدا، بە تایبەت لە «ژیانی لاواز»[11] و «چوارچێوە جەنگەکان»[12]ـدا، پێ لە سەر گرنگیی هاودەنگیی دادەگرێت، ئەویش لە چوارچێوەی پەیوەندییە ناتەقلیدیی و ناپیاوسالارانەکان. ئەو پێی وایە؛ هاودەنگیی تەنیا دەرئەنجامی دۆخێکی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی تایبەت نییە، بەڵکوو پرۆسەیەکی دینامیکییە و لە سۆنگەی ئەزموونە هاوبەشەکانی زیان و ناسۆر بیچم دەگرێت. لەم پرۆسەیەدا تاکەکان لە ڕێی بنیادنانەوەی ناسنامە و درووستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی نوێ، ڕایەڵەی پەیوەندیی نوێ هەڵدەبەستن. باتلەر هاودەنگیی وەک کردارێکی بەکۆمەڵ و گۆڕانکاریی دەناسێنێت، کە دەبێتە هۆی پێناسەکردنەوەی ناسنامەکان و درووستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر.
لەم بەستێنەدا چەمکی «ژیانێکی باش»، بە تایبەت لە ڕوانگەی بزووتنەوەی ڕەسەن (indigenistic)ـەوە، وەک ڕەخنەیەکی پێکۆڵ لە پێکهاتە هەژموونگەرا و سەرمایەدارانەکان دەخرێتە ڕوو. ئەم چەمکە پێ لە سەر ڕێزگرتن لە سرووشت و پاراستنی پەیوەندییە نزیکەکانی مرۆڤ لەگەڵ ژینگە دادەگرێت، ئەم پرسە بە ڕوونیی لە تیۆرییەکانی ئۆجالانیشدا دەبینرێتەوە. پ. ک. ک و ژنۆلۆژیی، پێ لە سەر پێویستیی ژینگەپارێزیی و پەیوەندیی ڕیشاژۆی مرۆیی لەگەڵ سرووشت دادەگرن، چون لە ژینگە شاخاوییەکانی کوردستاندا شێوازی ژیانی مرۆڤ لەگەڵ ژینگەی سرووشتیی خۆیان هاوئاهەنگن و کەمتر کاریگەری مۆدێلە گەشەسەندنخوازەکانی سەرمایەدارییان وا بە سەرەوە. چەمکێکی لەم شێوەیە خۆبەخۆ دەچێتە سەنگەری دژ بە گەشەپێدانگەراییە نەریتییەکان، کە دەبنە هۆی لەناوچوونی سامانە سرووشتییەکان و مەترسیی بۆ ناسنامە کەلتوورییە ڕەسەنەکان دەسازێنن. لەم ڕووەوە ئامانجی بزووتنەوەی کوردستان ئەوەیە بەدیلێک بۆ گەشەسەندنی ئابووریی سەرمایە بخاتە ڕوو کە جەخت لە سەر دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و ژینگەپارێزیی و سەربەخۆیی سیاسی بکاتەوە. ئەم بەدیلە دەوڵەت-تەوەرەیی ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی دەکاتەوە و باری سەرنج دەخاتە سەر بەشداریی گەل لە پرۆسەکانی بڕیاردان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان.
«کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە.» — عەبدوڵڵا ئۆجالان
بزووتنەوەی ڕەسەنگەرایی تانوپۆی چەمکی بۆ هاودەنگیی ڕێگەی چەمکی «ژیانێکی باش»ـەوە دەچنێت، ئەمەش بە واتای چنینی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر و بەردەوام، جا لێرەڕا سەرچاوە سرووشتییەکان بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و هاوئاهەنگ لەگەڵ ناسنامە کەلتووریی و ژینگەییەکان بەڕێوە ببرێن. ئەم چەمکە دژبەری تەشەنەسەندنی سەرمایەدارییە، کە ئامانجی پاوانی بێبەزەییانەی سەرچاوە سرووشتییەکان و سەپاندنی مۆدێلی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناڕەسەنە. ئەم ڕێبازە بە تایبەت دەکۆشێت چاکسازیی لەو ڕێبازە سەرمایەداریی و پیشەسازییانەدا بکات وا دەبنە هۆی تێکدانی ژینگە و هەڵکشانی نایەکسانیی کۆمەڵایەتیی و سەرکوتکردنی ناسنامە ڕەسەن و کەلتوورییەکانی گەلانی ناوچەکە، هەروەک ئۆجالان لە مانیفێستی ئەم دواییەیدا ئاماژەی پێ دەکات: «پیشەسازگەرایی تەونی کۆمەڵایەتیی و پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سرووشتی گۆڕیوە.» ئەمه نەک تەنێ بەرهەڵەستییە دژ بە پێشکەوتنە تەکنۆلۆژیی و ئابوورییەکانی سەرمایەداریی، بەڵکوو هەوڵە بۆ مشتوماڵدانی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی و ئابووریی بە پێودانی هاوپشتیی کۆمەڵاتیی و ژینگەپارێزیی. ئەم بیرۆکانە لەگەڵ چەمکە سەرەکییەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی و ئەو تیۆرییانەی عەبدوڵڵا ئۆجالاندا وێک دێنەوە وا جەخت لە «ژیانی کۆمەڵایەتی» و بە تایبەت «ژیانی کۆمۆناڵ» دەکەنەوە، ئەویش وەک بەدیلێک بۆ سیستەمی دەوڵەتە ناوەندییەکان. لە مانیفێستی ئەم دواییەی ئۆجالاندا، چەمکی «ژیانی کۆمیناڵ» وەک بەدیلێک بۆ حکومەتە ناوەندەکان خراوەتە ڕوو، جا پێ لە سەر پێویستیی پێکهێنانی پێکهاتەی ئابووریی-کۆمەڵایەتیی دادەگرێت، ئەویش بەپێی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و هاودەنگیی. دەنووسێت: «کۆمۆن بە چەمکی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسیی ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە».
لە کوردستاندا پیشەسازگەرایی لە چوارچێوەی مۆدێرنیتی سەرمایەدارییدا وەک مانگی لای ئێوارێ ڕوونە، ئەویش بە دەساوێژی سیاسەتی دەوڵەت بۆ پاوانی سامانە سرووشتییەکان و دامەزراندنی پڕۆژەی گەشەپێدان لە ڕێی سەربازیی و جەنگاوەرییەوە. لێرەدا میلیتاریزمی دەوڵەت دەبێتە ئامڕازێک بۆ پێشخستنی گەشەی سەرمایەداریی، جا فشار دەخرێتە سەر خەڵکی خۆجێی و وەک کۆسپی سەرەڕێی ئەم پێشکەوتنە سەرکوت دەکرێن. فرە کەڕەت ئەم پێشهاتانە بە پاساوی پێشکەوتنی ئابووریی و ئاسایشی کۆمەڵایەتییەوە ئەنجام دەدرێت، لە کاتێکدا بە کردەوە سامانە سروشتییەکانی کوردستان، لەوانە دارستان و سەرچاوە ئاوییەکان، بێبەزەییانە دەقۆزرێنەوە و ناسنامەی کەلتووریی خەڵک دەکەوێتە مەترسییەوە. لەم چوارچێوەیەدا تەڤگەری پەکەکە هەر تەنێ تەڤگەرێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی نییە، بەڵکوو بە تایبەت دژی سیستەمی ئابووریی و سەربازیی دەوڵەتیش وا بە پێوە. ئامانجی بزووتنەوەکە درووستکردنی کۆمەڵگەیەکە تا خەڵکی کوردستان بتوانن سەروەت و سامانی خۆیان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەگوێرەی بەها کەلتووریی و ژینگەییەکانیان بەڕێوە ببەن. لەم ڕووەوە خەبات بۆ «ژیانێکی باش» لەگەڵ خەبات دژی فراوانخوازیی سەرمایەداریی و میلیتاریزمی دەوڵەت ئاوێتە بووە. تەنیا دژی ئەو سیاسەتە ئابوورییانە نییە وا خەڵک لە سامانە سروشتییەکان بێبەش دەکەن، بەڵکوو دژی ئەو شەڕ و سەرکوتکردنەشە وا ئەم سیاسەتانە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ڕاستییەکەی کاتێک شەڕ و میلیتاریزم وەک ئامڕازێک بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکان لە کوردستان بەکار دەهێنرێن، خەبات بۆ ژیانێکی باشتر، بەبێ خەبات دژی ئەو کەرەستە سەرکوتگەر و شەڕخوازانە بەرەو پێشێ ناچێت، چونکە لەم جۆرە پێکهاتانەدا شەڕ وەک ئامڕازێک بۆ چەسپاندنی نایەکسانیی و درێژەدان بە پاوانی سەرچاوە سرووشتیی و کۆمەڵایەتییەکان، بەکار دەهێنرێت.
دژ بە فراوانخوازیی سەربازیی و سەرمایەداریی نێوان دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بە گشتیی بە بیانووی پێشکەوتنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، مەترسیی بۆ سامانی سروشتیی و مافەکانی خەڵکی ناوخۆی کوردستان دەسازێنێت، تەڤگەری پ. ک. ک هەوڵ دەدات کۆمەڵگەیەکی بەدیل لە سەر بنەمای خۆسەریی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی درووست بکات. لەم ڕووەوە ئۆجالان لە مانیفێستەکەی ئەم دواییەیدا چەمکی «ژیانی کۆمۆنال» وەک جێگرەوەی حکومەتە ناوەندییەکان بەکار دەهێنێت. ئۆجالان پێی وایە؛ دژایەتییەکانی نێوان دەوڵەت و کۆمۆن مێژوو ڕەنگڕێژ دەکەن و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گەرەکە ئەو دژایەتییانە لە ڕێی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگاکانەوە چارەسەر بکرێن. لەم چوارچێوەیەدا پێویستە شارەوانییەکان وەک ناوکی سەرەکیی کۆمۆن، کارا بکرێن، لە دەوڵەت جیا بکرێنەوە و لەلایەن خەڵکەوە بەڕێوە ببرێن. ئەم بۆچوونە بە تایبەت بە پێچەوانەی مۆدێلی ئەو دەوڵەتە ناوەندییانەوەیە وا جەخت لە سەر دابەشکردنی سەرچاوەکان لە ڕێی دەوڵەتێکی ناوەندییەوە دەکەن. چەمکی «ژیانێکی باش» لە چوارچێوەی ئەم خەباتانەدا وەک ڕەخنەیەکی قووڵ لە مۆدێلی گەشەپێدان و کۆڵۆنیاڵیستیی و هەوڵدان بۆ درووستکردنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی، ئابووریی و سیاسیی بەدیل، کە پێ لە سەر خۆسەریی و پاراستنی ناسنامە ڕەسەنەکان و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی دادەگرێت، سەیر دەکرێت. ئەم چەمکە نەک هەر لە کوردستان و ئەمریکای لاتین، بەڵکوو لە ناوچە ڕوولەگەشەکان و جڤاکە خۆجییەکانیش وەک ئامڕازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆڵۆنیاڵیزم و گەشە و پیاوسالاریی بەکار دەهێنرێت.
زنان، پیشگام مبارزات علیه نظامیگری
جنبشهای زنان در سراسر جهان، بهویژه در مناطق بومی و در آمریکای لاتین، نه تنها به مقابله با استخراجگرایی و استثمار منابع طبیعی پرداختهاند، بلکه بهطور همزمان به نقد ساختارهای سرکوبگر توسعه، دولتگرایی و نظامیگری دولتی نیز پرداختهاند. این جنبشها، با تأکید بر ارتباط عمیق میان بدن زنان و سرزمینها، بهطور متقابل از سوی ساختارهای مردسالارانه، استعماری و دولتی تحت تهدید قرار دارند. در واقع، مبارزه زنان علیه مدلهای توسعهای نه تنها به دفاع از طبیعت و حقوق زنان اختصاص دارد، بلکه همزمان با مقابله با نیروهای نظامی، استبداد دولتی و جنگهای نیابتی، بهویژه در زمینههای خاص بومی و محلی، همراه بوده است.
ژنان، پێشەنگی خەبات دژی میلیتاریزم
بزووتنەوەکانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا، بە تایبەت لە ناوچە خۆجێیەکان و ئەمریکای لاتین، نەک هەر بەرهەڵەستییان دژی تاڵان و پاوانی سەرچاوە سرووشتییەکانیان نواندووە، بەڵکوو هاوکات ڕەخنەیان لە پێکهاتە ستەمکارەکانی گەشەپێدان و دەوڵەتگەرایی و میلیتاریزمی دەوڵەت گرتووە. ئەم بزووتنەوانە لەبەر پێداگرییان لە پەیوەندیی ڕیشاژۆی نێوان جەستەی ژنان و پەیوەندییەکانیان بە نیشتمانەوە، لەلایەن پیاوسالاریی و کۆڵۆنیاڵیزم و دەوڵەتەوە هەڕەشەیان لێ دەکرێت. ئەم بزووتنەوانەی ژن دژی ڕێبازەکانی گەشە، تەنێ بۆ دژی تاڵانی ئابووریی و ژینگەپارێزیی و مافەکانی ژنان کورت ناکرێتەوە، بەڵکوو ڕووبەڕووی هێزی سەربازیی و چەپۆکی دەوڵەت و جەنگی نوێنەرایەتیی بوونەتەوە، بە تایبەت لە چوارچێوەیەکی خۆجێی دیارییکراودا.
لەم چوارچێوەیەدا، بزووتنەوەی ژنان لە سۆنگەی پێداگریی لە سەر «جەستە» و «چاودێریی» و «زەویی»، هەوڵ دەدەن بەرهەڵەستیی ئەو مۆدێلانەی هەژموونی دەوڵەت ببنەوە وا بە شێوەیەکی سیستەماتیک مرۆڤ و سرووشت وەک سەرچاوەیەک بۆ پاوانی ئابووریی و سەربازیی پیاوسالاریی و کۆڵۆنیاڵیزم تەماشا دەکەن[13]. لەم گۆشەنیگایەوە لا دانتێ لاس کانتا لە چەمکی «فالوکسن»ـدا، گوزارشتی لە قۆناغێک کردووە کە لەوێڕا پیاوسالاریی بە شێوەیەکی سیستەماتیک بە سەر ژن و سرووشتدا داسەپاوە. ئەم باڵادەستییە چەمکی وەک ژنکوژیی (ژنکوژیی)، ئێتنۆساید (کەلتوورکوژیی)، ئیکۆساید (ژینگەکوژیی) و جیۆساید (زیویکوژیی)ـی درووست کردووە[14]. ئەم چەمکانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە سیستەمی پیاوسالارییەوە هەیە و سەرچاوە سرووشتیی و مرۆییەکان بۆ پاوان و بەکاربردن بەئامانج دەگیرێن، بۆیە خەبات بۆ ڕزگاریی ژن، لە خەبات دژ بە چەشنە جیاوازەکانی پاوان و کۆڵۆنیاڵیزم و جەنگ هەڵنابوێردرێت. ئۆجالانیش لە یەکێک لە تێبینییەکانی ئەم دواییەیدا ئەم خاڵەی پەنجەنما کردووە و دەبێژێت: «ئەو کۆمەڵگایەی لەسەر بنەمای جەنگ و خراپەکاریی دامەزراوە، کۆمەڵگای پیاوانەیە، هەموو کارێکی خۆ گەیاندنە بە زێدەبەها.»
لە ژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە تێکەڵاوەکانی زاڵبووندایە کە خەباتی ژنان لە باشووری جیهان بیچمێکی فرەڕەهەندی لێ ڕەنگاوە. بزووتنەوەکانی ژنان لەو بوارانەدا تەنیا خەریکی خەبات نین دژی چەوساندنەوەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی، بەڵکوو هاوکات لەگەڵ ئەو پێکهاتە سەربازیی و دەوڵەتیی و کۆڵۆنیاڵیستییانەدا خەریکی ڕووبەڕووبوونەوە بوون وا وەک ئامڕازی چەوساندنەوە و شەڕ لەم کۆمەڵگایانەدا دەجووڵێنەوە. بەم شێوەیە بزووتنەوەکانی ژنان وەک هێزێکی فرەڕەهەند، نەک تەنیا بەرگرییان لە مافەکانی ژنان و ژینگە کردووە، بەڵکوو لە بەرەنگاربوونەوەی شەڕ و توندوتیژیی دەوڵەتیی و سەرکوتی سەربازییشدا گرنگییەکی زیاتریان بەخۆوە بینیوە. بۆ نموونە لە بەرازیل، بزووتنەوەکانی ژنانی خۆجێی لە ١٣٠ نەتەوەی جیاوازەوە لە ساڵی ٢٠١٩ کۆ بوونەوە و بە درووشمی «زەوی: جەستەمان، ڕۆحمان»، بە توندیی ئیدانەی ئەو سیاسەتەی دەرهێنان و پڕۆژە سەربازییانەیان کرد وا لەلایەن حکومەت و کۆمپانیا فرەنەتەوەکانەوە وەک بەشێک لە کارنامەی گەشەپێدان بە سەر هەرێمە خۆجێیەکاندا سەپێندراون [15]. ئەم سیاسەتانە نەک هەڕەشەی مەترسیی ڕاستەوخۆ بوون لە سەر ژینگە، بەڵکوو بووە هۆی سەرکوتکاریی کۆمەڵایەتیی و میلیتاریزم و شەڕی ناوخۆ لەو هەرێمانە، ئەویش بە ئامانجی پاوانی سامانە سروشتییەکان و چەسپاندنی هەژموونی حکومەتە ناوەندییەکان. لەم ناڕەزایەتییانەدا ژنانی خۆجێی نەک تەنیا وەک لە چالاکوانیی بواری پاراستنی سرووشت، بەڵکوو وەک خەباتکار دژی توندوتیژیی سەربازیی و کۆڵۆنیاڵیزم خۆیان نیشان دەدا.
نموونەیەکی تری ئەم بەرخۆدانە، بێرتا کاسێریس، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێزی هندۆراسییە، ئەو نەک هەر دژی پڕۆژەکانی بەنداوسازیی و کانگا لە ناوچە ڕەسەنەکاندا خەباتی کردووە، بەڵکوو بە ئاشکرا جەختی لە سەر پەیوەندیی نێوان خەبات دژی توندوتیژیی جێندەریی و شەڕی دەوڵەت کردووەتەوە، بە بەکارهێنانی چەمکی «جەستە-نیشتمان». کاسێریس نەک هەر کاری بۆ کۆتاییهێنان بە ژنکوژیی و توندوتیژیی جێندەریی کرد، بەڵکوو بە دامەزراندنی پەناگەیەکی ژنان و «ئەنجوومەنی ژنان» (COPINH) چەکی دایە دەست ژنان تا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەکان و توندوتیژیی دەوڵەتیی بەکاری بهێنن. پاش کوشتنی لە ساڵی ٢٠١٦، بێرتا کاسێریس بوو بە هێمای ئەو خەباتەی ئاڵای بەرخۆدانی دژی جەنگ و توندوتیژیی جێندەریی و تاڵانگەرایی پێکڕا تێهەڵکێش کرد، جا بوو بە ئاوێنەی باڵانوێنی خۆڕاگریی و بەرخۆدانی ژنان دژی دەوڵەت و پڕۆژە سەربازییەکان لە ئەمریکای لاتین. بۆیە سەیر نییە کە ئەنجوومەنی مەدەنیی گەلانی ڕەسەنی هندۆراس (COPINH) لەم دواییانە و لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٥ـدا نامەیەکی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان ناردووە و هاوسۆزیی قووڵی خۆیان بۆ گەلی کورد و خەباتەکەیان دەربڕیوە. لە نامەکەیاندا هاتووە:
«ئێمە لە ڕەگوڕیشەی قووڵی هاوخەباتییمانەوە بۆ ئێوە دەنووسین، سەرەڕای ئەو پەرژین و چەقۆیانەی ئێوەیان کۆت کردووە، لێ شنەی شەماڵی بەرخۆدانتان، کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەهەژێت، بۆ لای ئێمە دەشنێ، ئەم شنەیە چیرۆکتی گەلی کوردمان بۆ دەگێڕێتەوە، گەلێک، کە وەک گەلی لانکا، بە شانازییەوە بەرگریی لە کەلتوور و نیشتمان مافی ژیانی ئازادیی خۆیان دەکەن. ئەوان ئەژنۆ داناهێڵن و پاشەکشە ناکەن، بەرانبەر ئەو دەسەڵاتە سەربازیی و بازرگانیی و ئابوورییە زەبەلاحانەی خۆیان ماتە داوە تا لە ڕووپەلی نەخشەی جیهان و یادگەی مێژوودا بمانسڕنەوە… ئێمە سرووشێکی فرە لە بیرۆکەکانی ئێوە بۆ خۆبەڕێوەبەریی، کۆمەڵگەبوون، ئازادیی گەلان و ژنان وەردەگرین. ڕەنگدانەوەی پارادایمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتییی ئێوە لە ڕوانگەی دادپەروەریی بابوکاڵ و خۆبەڕێوەبردن و بەڕێوەبردنی خەڵک دەبینین… ئێمە بە خەونی ژیانی دوور لە زۆرەملێ و داگیرکاریی، دوور لە دەوڵەتی ستەمکار و ڕێکخراوی تاوانکاریی یەک دەگرین… لە پێواژۆی کۆششتان بۆ بنیادنانی ئاشتیی بۆ گەلان ، ئێمە بەردەوام شانەوشانتان گەلەکەتان دەوەستین…
لە قووڵایی دڵی خەڵکی لانکاوە، بە ئیرادە و بەرەنگاریی و یادەوەرییەو.»
ئەم ئەگەرەی هاوپشتیی نێونەتەوەیی نێوان هندۆراس و کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تەڤگەری پەکەکە، لە خەباتە فێمینیست و ژینگەپارێزییەکانیدا، لە کوردستانیش ڕووبەڕووی ئایدۆلۆژیای هاوشێوەی گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای لاتین دەبێتەوە. لە نێو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا، هاوشێوەی خەباتی کەمینەی ژنانی ناوچەکانی دیکەی جیهان، «جەستەی ژن» و «نیشتمان» (territory) وەک دوو هەرێمی کۆڵۆنیکراو و پێشێلکراو ناسراون، جا دەبێت هاوکات و لە پێواژۆی خەباتدا ئازاد بکرێن، ڕێکاوڕێکی ئەوەی ماریا میس، فێمینیستی چەپ، لە پەڕتووکەکەیدا شڕۆڤەی دەکات[16]. ڕاستییەکەی بەرخۆدانی پەکەکە، تەنیا دژی هەژموونی پیاوسالاری نییە، بەڵکوو دژی پاکتاو و پاوانی نیشتمان و شێواندنی ژینگەیە، هەردووکیشیان بە قووڵیی گرێدراوی پرۆسەکانی میلیتاریزەکردنی دەوڵەتن. خەباتی ژنان لە نێو پەکەکەدا بە شێوەیەکی پانوپۆڕ لەگەڵ بزووتنەوە دژەسەرمایەداریی و فێمینیستەکانی ئیکۆلۆژیی ئەمریکای لاتین تەریبە، شوێنێک کە چەمکی «ژیانێکی باش» نەک تەنێ پێ لە سەر باشترکردنی دۆخی ئابووریی مرۆڤ دادەگرێت، بەڵکوو هاودەم جەخت لە سەر هەڵبەستنی ڕایەڵەی پەیوەندییەکی یەکسان و هاوسەنگ لەگەڵ سرووشت دەکاتەوە. هاوشێوەی ئەمە ژنانی زاپاتیستی مەکسیک، خەباتی خۆیان بۆ مافەکانی ژنانی ڕەسەن، بە خۆسەریی هەرێمیی و کەلتووریی و خواستە ئیکۆلۆژییەکانیانەوە دەبەستنەوە. لە کوردستانیش ژنانی تێکۆشەر لە شاخەوە تا شار، بە هەمان شێوە خەبات بۆ یەکسانیی جێندەریی و مافی مرۆڤ پەیڕەو دەکەن، ئەمەش جەخت لە سەر پاراستنی زەویی و زارەکان لە داگیرکاریی دەوڵەت و ژینگە دەکاتەوە. ئەم خەباتە تەنیا دژی کۆڵۆنیاڵیزم و سەرمایەداریی نییە، بەڵکوو بە تایبەت دژی ئەو سیستەمەی دەسەڵاتگەریی و پیاوسالارییە وا ژن و سرووشت وەک چەکی پاوان بەکار دەهێنێت، سا میلیتاریزم و جەنگ گرنگترین ئامڕازی گەیشتن بەو ئامانجە چەوسێنەرەن. جا بەم واتایە ئەو ژنە بەرخۆدێرەرانەی کورد وا هاوکات دژی سەرپاکی ئەو سیستەمە دەجەنگن، پێشەنگانی خەباتن بۆ «ژیانێکی باش» لە کوردستان.
“تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی–٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”
بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە
دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت
[1] Foucault, Michel. “The history of sexuality: Vol. 1. An introduction (R. Hurley, Trans.).” New York: Pantheon (1978).
[2] Gambetti, Zeynep. “The new fascist moment.” Historical Materialism Blog 25 (2021).
[3] Agamben, Giorgio, and Homo Sacer. “Sovereign power and bare life.” Homo sacer 1 (1998)..
[4] Fanon, Frantz, Jean-Paul Sartre, and Constance Farrington. The wretched of the earth. Vol. 36. New York: Grove press, 1963
[5] Seymour, Nicole. Strange natures: Futurity, empathy, and the queer ecological imagination. University of Illinois Press, 2013.
[6] Gilles Deleuze and Félix Guattari, A Thousand Plateaus: Capitalism and Schizophrenia (London: Continuum, 2004).
[7] Stillwaggon, Eileen. AIDS and the Ecology of Poverty. Oxford University Press, 2005.
Hazlett, Maril. “‘Woman vs. Man vs. Bugs’: Gender and Popular Ecology in Early Reactions to Silent Spring.” Environmental History 9, no. 4 (2004): 701-729.
[8] Hidalgo-Capitán, Antonio Luis, and Ana Patricia Cubillo-Guevara. “Deconstruction and genealogy of Latin American good living (Buen Vivir). The (triune) good living and its diverse intellectual wellsprings.” In Alternative pathways to sustainable development: Lessons from Latin America, pp. 23-50. Brill Nijhoff, 2017.
[9] Hidalgo-Capitán, Antonio Luis, and Ana Patricia Cubillo-Guevara. “Deconstruction and genealogy of Latin American good living (Buen Vivir). The (triune) good living and its diverse intellectual wellsprings.” In Alternative pathways to sustainable development: Lessons from Latin America, pp. 23-50. Brill Nijhoff, 2017.
[10] Wendy Brown, Undoing the Demos: Neoliberalism’s Stealth Revolution (New York: Zone Books, 2015).
[11] Butler, Judith. Precarious life: The powers of mourning and violence. verso, 2004.
[12] Butler, Judith. Frames of war: When is life grievable?. Verso Books, 2016.
[13] Svampa, Maristella. Neo-extractivism in Latin America: Socio-environmental conflicts, the territorial turn, and new political narratives. Cambridge University Press, 2019.
[14] LasCanta, LaDanta. “El Faloceno: Redefinir el Antropoceno desde una mirada ecofeminista.” 2017, Cited
[15] https://apiboficial.org/2019/08/15/final-statement-of-the-first-indigenous-womens-march-territory-our-body-our-spirit/?lang=en
[16] Mies, Maria. Patriarchy and accumulation on a world scale: Women in the international division of labour. Bloomsbury Publishing, 2014.



