ئاپۆ ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی دەنووسێتەوە
خوێندنەوەیەک بۆ تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان و میشێل فۆکۆ لەسەر جەوهەری ئەدەب و بنیادنانەوەی مرۆڤی کورد لە ڕێی ڕۆمانەوە.

شارا تاهیر
ئاپۆ ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی دەنووسێتەوە
”نووسەرەکان شۆڕشیان خۆش دەوێت، چونکە لە سەردەمی شۆڕشدا ئەدەب بۆ خۆی دەبێتەوە بە مێژوو”
جاک درێدا
کاتێك سیاسەت ئاوێزانی ئەدەب دەبێت، ئەو دەمەی ئەدەب خۆی دەبێتەوە بە گێڕانەوەی سیاسەت، دەبێتەوە بە چیرۆکی جەنگ، چیرۆکی ئەشق و چیرۆکی ئاشتیی، ئەوا شتێک نامێنێت بە ناوی خەیاڵی ئەدەبیی، ئەو کاتە ئەدەب دەچێتەوە سەر جەوهەر و سرووشتە پەتییەکەی خۆی کە گوزارشە لە هەقیقەت. داخۆ لە ناو ئەم هەقیقەتەدا و بە زمانی هەقیقەت ئێمە چۆن بتوانین پێناسەی مرۆڤی کورد بکەین؟ چۆن بتوانین وەسفی ئەو مرۆڤە بکەین وا دەستی لە دنیا شتووە و زایە بووە؟ ئەم مرۆڤە چۆن باوەڕی بە خۆی نەما؟ ئەو کوردە کامەیە وا بە یەکجاریی لە خۆی دوور کەوتووەتەوە و شکۆی نەماوە، ئەو مرۆڤەی بووەتە کەسێکی پرزەلێبڕاو و پەژمووردە تا ڕادەی پووچیی، هەروەتر بێدەسەڵات و بێئیرادە بە بوونی خۆی، هێندە بێدەسەڵاتە کە وڵات و خاکی خۆی جێ دێڵێت و ڕوو دەکاتە دەرەوەی خۆی؟ ئەو مرۆڤەی هێندە ڕق و کینە لە دڵە، هەموو پەیوەندییەك ناشرین و بێزراو دەکات، مرۆڤێکی تووڕە بەرانبەر خۆی و ئەوانی تر؟ ئەم مرۆڤە چۆن بەم دۆخە گەیشت و چی گەیاندی بەم دۆخە؟
ئاپۆ دەیەوێت بەم پرسیارانە باس لە گرنگیی ئەدەب لە زیندووکردنەوە و بنیادنانەوەی مرۆڤی کورد بکات. ئەو مرۆڤەی سەدەها ساڵە بە دەستی ستەمکاریی و دوژمنکارییەوە دەناڵێنێت و هێز و پرزەی لێ بڕاوە، ئەو مرۆڤە ماندوو و شەکەتەی چیتر ناتوانێت خەون و خەیاڵ بە خۆی و دواڕۆژی خۆیەوە ببینێت، ئەو مرۆڤەی کە پەیوەندیی بە ژیانەوە تەنها بریتییە لە خودنەفرەتیی بە خۆی و بوونی خۆی.
“ئەو مرۆڤەی کە ناوی کوردە، چۆن لە ڕێی ئەدەب و هونەرەوە جارێکی تر فێری ماڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی ئاپۆناکانی ژیان دەبێتەوە؟”
پرسیارەکە بۆ ئاپۆ ئەوەیە ئایا ئەو مرۆڤەی کە ناوی کوردە، چۆن لە ڕێی ئەدەب و هونەرەوە جارێکی تر فێری ماناکانی ژیان دەبێتەوە؟ جا تۆ بڵێیی بە تەنها ئەشق یاخود شۆڕش بتوانێت ئەم مرۆڤە زیندوو بکاتەوە؟ تۆ بڵێی بتوانین لە هەناوی شکستەوە جارێکی تر مانای سەرکەوتن، بوێریی و جوامێریی پێ ببەخشینەوە؟ مانای خۆشەویستیی و ئیرادەی بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە فێر بکەینەوە؟ تۆ بڵیی بتوانین ناشرینیی بۆ بکەین بە جوانیی و جارێکی تر سەرلەنوێ ڕۆح بکەینەوە بە بەریدا؟ ئەی داخۆ چۆن تەماشای دوژمنی ئەم مرۆڤە شکستخواردوووە بکەین و بیناسینەوە، ئەو دوژمنەی کە دڵ و ئەقڵی لێ سەندووەتەوە و کردوويەتی بە مرۆڤێکی بێ دڵ و بێ هۆش؟ ئایا هەر ئەوەندە بەسە داوای لێ بکەین و پێی بڵێین فەرموو بەرخودان بکە، بەرخودان ژیانە، ئایا بە تەنها بەرخودان لە بەرەهووتی شکستەوە دەمانهێنێتەوە بوون و لەگەڵ ژیان ئاشتمان دەکاتەوە؟
بە ڕای ئاپۆ بەبێ ژیانەوە و بنیادنانەوەی مرۆڤی کورد، هەموو شتێکی تر پووچ و بێمانایە. ئەوەی دەتوانێت ئەم مرۆڤە درووست بکاتەوە و جارێکی تر لەگەڵ ژیان و ئەشق و هونەر ئاشتی بکاتەوە، تەنیا دنیای ئەدەبە، بە تایبەتیش ژانری ڕۆمان. چونکە ئەوە هەر تەنها ئەدەبە دەتوانێت و لە بارەیدایە خۆی بهاوێژێتە ناو هەموو سووچ و پەنایەکی بنیادە سیاسیی، کۆمەڵایەتیی، ئایینیی، تەنانەت دوورترین پنتە دەروونیی و سایکۆلۆژییەکانی کۆمەڵگە، بێ پرس بێت و بچێت، ئەوە هەر بە تەنها جیهانی ئەدەبە کە دەتوانێت وەڵامی پرسیارێکی جەوهەریی وەك (چۆن بژین؟) بداتەوە.
بۆ ئەوەی ئەم وەڵامەیش وەرگرین، ئەوا پێشتر پێویستە بزانین چۆن ژیاوین، چی و چۆنمان گوزەراندوە؟ پێویستە بگەڕێینەوە سەر مێژوو، هەروەها سەردەمی بەر لە نووسینی ڕۆمانی کوردیی. چونکە زۆر بە سادەیی ڕۆمانی کوردستان لە ڕۆمانەکانی تری دنیا ناچێت.
ڕۆمانی ئێمەی کورد نەك خاڵی هاوبەشی نیيە لەگەڵ ڕۆمانەکانی تری دنیادا، بەڵکوو چیرۆکەکانی ئەم ڕۆمانە لەگەڵ ڕۆمانەکانی تردا تەنانەت ئەوانەی کە لە سەردەمی جەنگ و دوای جەنگدا نووسروان، تەواو جیاوازە. هۆکاری ئەم جیاوازییەیش زۆر بە سادەیی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مێژوویی نەتەوەی کورد بە تەواوی جیاوازە لە مێژووی نەتەوەکانی تری دنیا.
هەر بۆیە گەڕانەوە بۆ ڕەگوڕیشەی مێژووی کورد، نەك کارێکی گرنگە لە نووسینی ئەم ڕۆمانەدا، بەڵکوو بەبێ ئەم گەڕانەوەيە ناتوانین لە تەواوی ڕووداوەکان و پاڵەوانەکانی ناو چیرۆکەکە تێبگەین. بە مانایەکی دیکە، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ سەر جەوهەر و ماناکانی جەنگ، جەنگی مان و نەمان و جەنگی بەرخودان. چونکە تەنها لە ناو ئازار و ئەشکەنجە، شکست و سەرکەوتنەکانی ئەوجەنگەدا هەوێنی هەزارەها ڕۆمان و شاکاری ئەدەبی خۆی مەڵاس داوە و ئامادەیە بۆ گوزارشتکردن لە خۆی.
ئاپۆ لەم بارەیەوە دەڵێت” ئێمە هەقیقەتی جەنگێک بەرپا دەکەین و ئەزمونی دەکەین کە لە جەنگی میللەتەکانی تر ناچێت، لە هەمان کاتدا سەختی و ئاڵۆزیی ئەم جەنگە هیچ جیاوازی نيیە لەگەڵ جەنگی نەتەوەکانی تردا. لەم جەنگەدا هێندە ئەزموونمان پەیدا کردووە لەگەڵ دوژمندا کە چیتر ناتوانین بڵێێن نایناسین، ئەو دوژمنە بێبەزەیی و نا میهرەبانەی کە هیچ ئامرازێک نەما نەیگرێتە بەر بۆ کۆتایهێنان و لەباربردنی شۆڕشەکەمان، لەم کاتەدا دوژمن بانگەشەی ئەوە دەکات و دەڵێت ئەوە کۆتاییمان پێ هێنان، یان ئێمەين کۆتایی بەوان دەهێنن، ئەوا ئازایی و بلیمەتی ئێمە ئەوەیە بە بێ تەقاندنی یەک فیشەک جەنگەکە بەرینەوە و سەرکەوتوو بین“.
جیاوازیی لە ڕۆمانی ئێمەدا ئەوەیە کە خەیاڵی پێوويست نییە، هێندەی دڵ و هزرێکی زیندووی پێویستە، چونکە ڕۆمانی ئێمە لەوە دەرچووە کە بە خەیاڵ گوزارشی لێ بکەین و هۆن هۆن بیهۆنینەوە، ژیانی کورد خۆی چیرۆکێکە ڕووداوەکانی زیندووە و هەموو سات و کاتێکی دەژين، ڕۆمانی ژیانی کورد بەردەوامە و لێوانلێوە لە ڕووداوی زیندووی سیاسی و هێرشی بەردەوامی سەربازی. ئێستاش ژیانی ئێمە پڕە لەو ڕووداوانەی کە بێبەزەییانە ڕوو دەدەن و دەتەقێنەوە بە ناو دڵ و دەروونماندا، جا ئەم ڕووداوانە لەناوخۆی کوردستان يان لە دەرەوەی کوردوستان بێت. هێشتا ژیانمان پڕە لە ماڵوێرانیی، قرچەی جەرگسووتانی دڵی دایکان و کوشتنی هیواکان. لە هەمان کاتدا هێشتا ژيانمان پڕە لە خەون و بەرخودان بۆ ئازادیی.
هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە ئێمە چی بکەین و چۆن چیرۆکەکانی ناو ئەم ڕۆمانە بهۆنینەوە و بياننووسینەوە؟
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئەدەبی وڵاتانی دونیا ئەوە دەبینین کە لە هەندێ وڵاتانی جیهاندا چیرۆکەکان پێشتر دەنووسرێنەوە، دواتر جەنگ بەرپا دەبێت، وەک چۆن لە هەندێکی تردا ڕۆمانەکان دوای جەنگ دەنووسرێنەوە و خودی چیرۆکەکان بۆ خۆیان دەبنەوە بە بەرهەمی جەنگ. بەڵام بە ڕای ئاپۆ لای ئێمەی کورد دۆخەکە بەم شێوەیە نییە، ئێمە ڕۆمانی بەر لە جەنگمان نییە، وەک چۆن ڕۆمانی دوای جەنگیشمان نابێت! چونکە ئێمە زۆر بە سادەیی لە ژیانی پێش جەنگ و دوای جەنگ پێکەوە دەژین و لەیەک کاتدا هەردوو دۆخەکە ئەزموون دەکەین، لە یەک کاتدا خۆمان دەنووسینەوە خۆیشمان دەخوێنینەوە، جا لەم ڕووەوە ڕۆمانی ئێمە ڕۆمانی جەنگ دەبێت، ئەوە جەنگە خۆی خودی چیرۆکەکان دەنووسێتەوە، یان ووردتر بڵێین هەر خودی جەنگ بریتییە لە ڕۆمانی ئێمەی کورد.
ڕەنگە ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارە بێت کە بۆچی تا ئێستا خاوەنی ئەدەبێک نین کە بتوانێت گوزارشت لە ژیانی ڕاستەقینەمان بکات. ئەدەبێک بتوانێت بە ناو زام و ئازار و ژانی شکستماندا ڕۆبچێتە خوارەوە. بەو مانایەی ئەگەر ئەرکی ئەدەب لە سادەترین پێناسەیدا ئەوە بێت کە کۆپی ڕاستییەکانی ژیان بێت، تا مرۆڤ بتوانێت بەرگەی خودی ژیان خۆی بگرێت، ئەوا بۆ نووسەری کورد و ئەدیبی کورد دەبێت پرسەکە تەواو جیاواز بێت، بەو مانایەی کە ئێمە ژیان لە پەتیترین ماناکانی خۆیدا دەژین، بەرخودان و شۆڕش بۆ کورد وەک خودی ژیان زیندووە، ناکرێت کۆپی شتێکی زیندوو وە ڕاستەقینە بکەیت، بەو مانایەی کە چەند هەوڵ بدەیت هێشتا لە بەردەم ڤێرژنە ڕاستەقینەکەدا کورت دێنێت. بە باوەڕی من ئاپۆ مەبەستی ئەمەیە کە ئێمەی کورد بە پێچەوانەی نەتەوەکانی دنیاوە هێشتا بابەت و چێرۆکەکانمان زیندوون، نەبوونەتە بەشێك لە ڕابردوومان تا بتوانین لە ڕێێ ئەدەبەوە بیانگێڕینەوە و گوزارشتیان لێوە بکەین، بەڵکوو ژیانی کورد خۆی ماددەیەکی خام و زیندووە و پڕە لە چیرۆکی زیندوو، بەڵام نووسەری زرت و زیرەکمان پێوويستە کە پەی بەو ماتەوزەیە ببات و بیکاتە شاکاری ئەدەبیی. واتە لە بری لاسایکردنەوەی ئەدەبی جیهانیی، خۆمان خاوەنی ئەدەبێکین کە هێشتا نەنووسراوەتەوە. گەر لە سەرەتاوە باوەڕمان بەوە بێت کە پەیوەندیی نێوان ئەدەب و خودی کارە ئەدەبییەکە پەیوەندییەکی توند و قووڵە، چونکە لە لایەکەوە خودی کارە ئەدەبییەکە لە چوارچێوەی ڕەق و ناجووڵاوی بەرهەمەکەدا تێيدەگەین و هەڵي دەسەنگێنین، لە هەمان کاتدا هەر خودی ئەم پەیوەندییە لە نێوان بەرهەمی کارە ئەدەبییەکە و ئەدەب بەناو یەکتردا دەچنە خوارەوە، ئەوەمان بۆ بەرهەم دەهێنن کە پێی دەڵێن (ئەدەب). جا پرسیارەکە ئەوەیە کامە کارە ئەدەبییەکەیە، و کامە ئەدەبە کاتێک پرسیارەکە دێتە سەر ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی ئاپۆ؟ گەر دیدی ئاپۆ بۆ ئەدەب بەهەند وەربگرین ئەوا ئەو جیاوازیی لە نێوان کاری ئەدەبیی و خودی ئەدەب ناکات، چونکە بۆ ئەو هەردووکیان لە یەک سەرچاوەوە سەردەگرن، ئەویش ژیانی کورد خۆیەتی. وەک چۆن جیاوازیی لە نێوان پاڵەوان و نووسەری ڕۆمانەکەش ناکات، بەو پێیەی هەردووکیان هەر لە دەوری خۆیدا کۆ دەبێتەوە. لە ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی ئاپۆدا نووسەر نامرێت وەک ئەوەی (ڕۆلان بارت) ئاماژەی پێ دەدات، یان وەک ئەوەی (فۆکۆ) لێکدانەوەی بۆ دەکات، بەڵکوو لەم ڕۆمانەدا نووسەر بۆ هەمیشە زیندووە و مەرگی لە ناو خۆیدا بۆ هەمیشە مراندووە.
ئاپۆ لە تێزەکەیدا سەبارەت بە ئەدەب دوورتر دەڕوات و پێی وایە، لە ژێر هەلومەرجی جەنگدا ئەدەب و نووسینی کاری ئەدەبیی وا دەخوازێت، کە مرۆڤ لە یەك کاتدا هەم هونەرمەند بێت هەم ئەکتەرێکی باشیش، چونکە ژیان بۆ ئێمەی کورد لە پەتیترین ماناکانی خۆیدایە و گوزەر دەکات. چیرۆک و ڕۆڵەکان هێشتا لەبەردەم هەمووماندا کراوەن، ئاپۆ لەم بارەیەوە دەڵێت: “جا ئەگەر تۆ دەتەوێت ڕۆڵی پاڵەوانت هەبێت، ئەوا جێگەی خۆت باش توند و قایم بکە، یان ئەگەر ئەو ڕۆڵەت دەوێت کە نابووت و نەکردە ببينيت، یان دەتەوێت ڕۆڵی جاش، خائن و گەندەڵ ببینیت، ڕۆڵەکان کراوەن، ڕۆمانەکەیش هێشتا تەواو نەبووە، بە هەموومان دەینووسینەوە!”
دوا جار پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئاپۆ خۆی نووسەری ڕۆمانەکەیە یان ئەویش بە تەنها کارەکتەرێکە وەک کارەکتەرەکانی تر ڕۆڵی خۆی دەبینێت و تەواو؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت: “هەندێ جار بیردەکەمەوە کە ئەگەر ڕۆژێک هاتوو ڕۆمانێکم سەبارەت بە کورد نووسی، ئەوا چ ناونیشانێکی بۆ هەڵبژێرم؟ چونکە لە لایەک بیر لە ڕۆمانەکە و ڕووداوەکانی دەکەمەوە لە لایەکیش خۆم دەخەمەوە ناو ڕۆمانەکەوە وەک بکەر و چەقی ڕۆمانەکە، بیر لە خۆم دەکەمەوە وەک بزوێنەرو سەنتەری ڕۆمانەکە. بیر دەکەمەوە سەرەتا باس لە ئازادیی بکەم، بۆیە ڕەنگە ناوی بنێم (“بەرە و ڕێگەی ئازادیی” یان “پەیوەندییە ئازادەکان”، گەر داگیرکردنی کوردیش بەرچاو بگرم ئەوا ناوی دە نێم” گرێی کەسایەتی کوردیی”، گەر تۆزێک ئەو داگیرکارییەم بیرکەوێتەوە، ئەوا ڕەنگە ناوی بنێم “نەمانی شەرەفی کوردی“.
لە درێژەی قسەکانی سەبارەت بە ڕۆمان و گرنگی ڕۆمان لە ژیانەوەی مرۆڤی کورد و نووسینەوەی خەباتی کورددا، ئاپۆ دەڵێت: “بەڵێ: من ڕۆمانی ( تاوان و سزا)ـم بە نەزمی کوردی و بە مانا سیاسیەکەیيەوە نووسییەوە، گەر خاوەنی ئەدیبێکی وەک دێستۆفیسکی ببین، با ئەویش بە تام و چێژە ئەدەبییەکەی بینووسێتەوە.” هەڵبەت کاتێک باس لە ئەدەبی کوردی دەکەین ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە خاوەنی تێکست و ئەدەبی کوردی نیین، بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ئەدەبە تا چەند لە خزمەتی کورددایە، یان ئایا لە سەرەتاوە بە ئەدەبی تورکی، فارسی، عەرەبی ئەژمار دەکرێت و لە خزمەتی داگیرکەردایە؟ کاتێک ئاپۆ ئەم پرسیارە دەکات، باس لە دیوە ترسناکەکەی ستەم و داگیرکاریی دەکات، ئەویش داگیرکردنی نەستی مرۆڤە، ئەوەی کە دوژمن داگیری دەکات و دەیخاتە خزمەتی خۆیەوە.
نەستی مرۆڤەکان و زمان و ئەدەبیش بەشێکن لەم نەستە بە هەردوو مانای دەروونشیکاریی و سایکۆلۆژیای چەوسانەوە.
ئاپۆ لە گرێدانی بابەتی ئەدەب و پەیوەندیی بە خودی ژیان و داهاتووی مرۆڤی کوردەوە بەردەوامە، هەر بۆیە ڕووبەڕووی پرسیارگەلێکی ترمان دەکاتەوە و دەڵێت: “دەتەوێت بیر بکەیتەوە؟ دەخوازێت خۆشەویستیی بکەیت و ئاشق بیت؟ مەبەستتە گوێ بگریت و تێبگەیت؟ گەر تۆ وەک مرۆڤێک عەوداڵی گەڕانیت بە دوای مانا و بوونی ژیانی خۆتدا، ئەوا وەڵامی هەموو ئەوپرسیارانە ئەو کاتە ڕوون دەبێتەوە کە بتوانیت مێژووی ژیانی خۆت وەک گەلێک بخەیتە سەر مێزی نەشتەرگەریی و بوێرانە بە وردیی تەماشای هەموو برین، زام و نەخۆشییەکانت بکەیت. جا ئەو کاتەیش گەر پێویست بکات، تەنانەت لایەک ببڕیتەوە، ئەوا بێ سڵکردنەوە تیغی چەقۆی لێدە و بیبڕەوە، بوێریی و لێهاتوویی ئەوەیە جورئەت بکەیت ئازار و برینەکانی خۆت پاک بکەیتەوە، ڕەنگە ئەمە تاکە ڕێگە و چارەیەک بێت تا بتوانیت جارێکی تر پێستێکی نوێ بۆ خۆت درووست بکەیتەوە“.
ئاپۆ قسەکانی لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە جەنگ هەر بە تەنیا مانای ماڵوێرانیی و داڕمانی مرۆڤەکان نییە بەڵکوو جەنگ پرۆسەی درووستکردنەوە و ژیانەوەی هەست و سۆزی درووست و گەورەیە. خودی ئاگری جەنگیش لە خۆیدا پرۆسەی پاککردنەوەی ژیانە لە زۆنگاوی ئەو پیسیی و پۆخڵییانەی کە مرۆڤ تیایدا نوقم بووە. جەنگ پاککردنەوەی کەلتوور و ڕۆشنبیرییە لە ناو ئەو زۆنگاوەی دوژمن و ستەمکاریی بۆی درووست کردووین، بە جۆرێک پاکژی بکەینەوە و بێگەرد بێت تا بتوانین ئیتر لە ئاوەکەی بخۆینەوە، واتە گەیشتنە بە ئاستێکی کۆمەڵایەتیی و ڕۆشنبیریی کە مرۆڤەکان بتوانن خۆیان بناسنەوە. بە مانایەکی دیکە گەورەیی جەنگ لەوەدایە کە پیسیەکانیش پاک دەکاتەوە و لەگەڵ خۆیدا دایانماڵێت. هەر بۆیە ئاساییە کە ئەم دیدە لای ئەدیبێکی گەورەی وەک سەلمان ڕوشدیی بەرجەستە بێت و بڵێت: “هیچ شتێک وەک جەنگ ژیان درووست ناکاتەوە“. هەڵبەت ئەم قسانە بە مانای ڕۆمانتیزەکردنی جەنگ نایەت، چونکە ئێمە وەک منداڵی جەنگ باش دەزانین کە ئاگر و توندوتیژیی جەنگ، درێژە بە وێرانکاریی و ماڵوێرانیی دەدات، مرۆڤەکان شەتەک و پرزەبڕاو دەکات، هیواکان دەخنکێنێت و مرۆڤ لە خۆی دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەمانەیشدا دەتوانین لەناو هەناوی جەنگدا ژیان جارێکی تر درووست بکەینەوە، بەڵام خودی جەنگ بە تەنها ناتوانێت هەموو گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدات و ژیان سەرلەنوێ درووست بکاتەوە، وەک چۆن سەرکەوتن لە جەنگدا بە تەنها خۆی سەرکەوتن نییە، ئەگەر ئاوێزان نەبێت لەگەڵ گەشەسەندن لە بوارەکانی تری ژیاندا، وەک بواری ئەدەب، هونەر و موزیك و هتد… جەنگ بەبێ ئەدەب و هونەر یاخود بەبێ گەشەسەندنی بوارەکانی تری ژیان وەك درووستکردنی بوونەوەرێکە بەبێ گۆشت و خوێن، یان بە بوونەوەرێکی فڕانکشتاینیی بە گۆشت و خوێنەوە، بەڵام بێ ڕۆح و گیان و بێ ڕوانگە بۆ ژيانی داهاتوو. ئاپۆ خۆی دەڵێت؛ من دواجار تێگەیشتم کە سیاسەت و جەنگ بەتەنها ناتوانێت مرۆڤ بگۆڕێت و بەرەو کەمالی بەرێت. دەشزانم کە هەوڵێکی زۆر هەیە بۆ پێشکەوتنی هونەر، ئەدەب، موزیک، بەڵام هێشتا هێندە پێش نەکەوتووە کە ژیانی کورد و داهاتووی بوونی کورد مسۆگەر بکات.
بە ڕای ئاپۆ دوژمنانی کورد تەنها کوردستانیان لە سیاسەت، مێژوو، ئابووری خاڵی نەکردووەتەوە، بەڵکوو کوردستانیانيان لە ئەدەبیش بەتاڵ کردووەتەوە و هیچیان بۆ نەهێشتووەتەوە. ئەو دوژمنەی خۆی خاوەنی ئەدەب و مەعریفە و زانستی جوان و ئیستاتیکا نییە، هەموو ئەدەب و هونەرەکەی بریتیە لە لاسایکردنەوە، بەڵام هەر ئەو دوژمنە توانیویەتی سیاسەتی وێرانکاریی بە شێوەیەکی هێندە سیستماتیک بەرانبەر گەلی و کورد و کوردستان پیادە بکات لە خەون و خەیاڵ، هۆش و بیری خۆی بەتاڵی بکاتەوە. هەر بۆیە لە جێی خۆیدايە بپرسین وێرانکاریی و داگیرکاریی لە هەقیقەتی ئەدەبی کوردییدا چۆن خۆی نمایش دەکات و بە چ شێوەیەکە؟ هەڵبەت کاتێک باس لە ئەدەبی کوردیی دەکەین، ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە خاوەنی تێکست و ئەدەبی کوردیی نیین بەڵکوو پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم ئەدەبە تا چەند لە خزمەتی مرۆڤی کورددایە؟ یان ئایا لە سەرەتاوە بە ئەدەبی تورکیی، عەرەبیی و فارسیی ئەژمار دەکرێت و لە خزمەتی داگیرکەردایە؟
دیارە کاتێک ئاپۆ ئەم قسانە دەکات، مانای ئەوە نییە ئەو وەک سیاسیەک ڕۆمانتیزەی جەنگ دەکات و دەيەوێت کورد بۆ ئەبەد لە جەنگێکی نابەرانبەردا بمێنێتەوە، تاوەکوو خۆی ڕۆمانێک بە تامی سیاسی بنووسێتەوە. ئەوەتا بەپێی قسەی یەکێک لە نووسەرە ئەڵمانەکان ئاپۆ وەک سیاسی سەدەی بیست خۆی ئامادە دەکات، ئەو ماوەیەش تا ساڵی(٢٠٠٠) دەخایەنێت، واتە تا ساڵی دوو هەزار وێنای ئاپۆ وەک سیاسی سەدەی بیست تەواو کامڵ دەبێت. ئێستا کە دوای بیستوپینج ساڵ ئاپۆ دیسان وەک بکەر و کارەکتەرێکی گەورەی سیاسیی لە ئیمراڵییەوە دەگەڕیتەوە و گۆڕەپانی سیاسەت دەهەژێنێت، ئەمجارە باس لە جەنگ ناکات، بەڵکوو بانگەشە بۆ ئاشتیی دەکات، نەک ئەوەیش بەڵکوو ئامادەیە چەک دانێت تا ئاشتیی بەرقەرار بێت. بەڵام، کاتێکیش باس لە ئاشتیی و پرۆسەی ئاشتیی دەکات، ئەوا هەر وەک چۆن لە بابەتی ئەدەب و نووسینی ڕۆماندا پرسیاری جەوهەری بۆ ئەو بوونی کورد بوو، لەم بابەتەیشدا دیسان پرسیاری جەوهەری بوونی کوردە. ئاپۆ جارێکی تر دەڵێت: “پرسیاری جدیی و جەوهەریی بۆ ئێمە دەبێت ئەوە بێت کە ئایا کورد بوونی هەیە؟ گەر زۆر باوەڕ بە خۆمان بکەین بڵێین کورد بوونی هەیە و ئەکتەرێکی کارای هاوکێشە سیاسیەکانە، ئەوا دیسانەوە لە بەردەم پرسیارێکی ترداین، ئەویش ئەوەیە کە ئەم بوونەی کورد تا کوێ خۆی درێژ دەکاتە و بە چ ڕادەیەک، لەم سەردەمەدا خۆی بەرجەستە دەکات. لەوەیش گرنگتر بوونی کورد تا چەندە لەگەڵ ئازادییدا یەک دەگرنەوە یان دەچنەوە بە ناو یەکدا، یاخود تا چەند بوونی کورد خۆی ئیمکانە بۆ درووستبوونی ئازادیی، واتە ئایا ئەوە کوردە کە دەتوانێت ئازادی درووست بکات یان ئەوە ئازادییە دەتوانێت بوونی کورد دیاریی بکات؟ بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان ئازادیی و کوردبوون، ئاپۆ باس لە پەیوەندیی نێوان هونەرمەند و شاکاری هونەریی دەکات و وەک نموونە دەیهێنێتەوە. بە ڕای ئەو دەتوانین شاکارەکە وەک “ناسنامەی “کوردی ئازاد” تەماشا بکەین کە بە تەنیا لە ڕێی تیۆریزەکردنی چەمکی ئازادییەوە درووست نابێت، کە ئەمە بۆ خۆی (ماددەی خاوە)؛ بەڵکوو پێویستی بە هەوڵێکی بەردەوام و چڕ و خەباتی مێژوویی هونەرمەندەکەیە کە لێرەدا مەبەستی لە “گەلی کورد”ـە، بۆ ئەوەی ئەو ماددەیە دابڕێژێت و بیرۆکەی ئازادیی بە بەردا بکات؛ ئەویش وەک بوونێکی بەرجەستەکراو بینەخشێنێت.
دیارە ئاپۆ لێرەدا وەک نووسەرێک باس لە خۆی دەکات لە ڕێێ پەیوەندیی نێوان داهێنەری جەنگ و داهێنەری هونەر و ئەدەب، ئەو پێی وایە کە پەیوەندییەکی توند و بەهێز هەیە لە نێوان هەردووکیاندا. لەم بارەیشەوە باس لە خۆی دەکات و دەڵێت: “گەورەترین سەرکەوتنەکانم ئەوەیە خۆم وەک قوربیانیەک نابینم، هەرگیز خیانەتم لە مناڵییم نەکردووە، بۆ من لەنگی نییە بگەڕێمەوە سەر ژیانی مرۆڤی سەرەتایی و دەستبەرداری ژیانی ئێستا بم، من دوا جار کەسێکم گرنگی دەدەم بە سرووشتی مرۆڤ و لێکۆڵەرەوەیەکی سەختی ڕۆح و سرووشتی مرۆڤم“. هەر بۆیە ئەوەی هەموو جوانییەکان لە کارەکتەری خۆیدا کۆ نەکاتەوە، ناتوانێت سەرکردە و شۆرشگێڕێکی بەهێز بێت، وەک چۆن ئەوەی هەموو سیفاتە جوامێریی و باڵاکانی شۆڕشگێر لەدڵیدا نەبێت، ناتوانێت ببێتە ئەدیب و هونەرمەندێکی بەهرەمەند، ئەوەی دڵی بە ئەشق گۆش نەبووبێت، ناتوانێت ببێتە ئەدیب و هونەرمەند، ئەوەی سەخترین جەنگی خۆی نەکردبێت، لە ژیاندا کە جەنگی ئەشقە بۆ ئازادیی، ناتوانێت ئەدیب و هونەرمەند بێت. جا بۆ ئەوەی ڕۆمانی کورد بنووسینەوە، بۆ ئەوەی ڕۆمانی جەنگ و ئاشتیی کورد بنووسینەوە، بەر لەهەموو شتیک پێویستە زەمینەیەکی خاوێن ئامادە بکەین. ئاپۆ ئاماژە بە لینین دەکات کە باسی ئەم زەمینەسازییەی کردووە بە (پاکردنەوەی زێرابەکان) وەسفی کردووە، هەربۆیە ئاپۆ دەلێت: “بەڵی: منیش خەریکی پاککردنەوەی مەنهۆڵ و زێرابەکانم، خەریکی پاکردنەوەی دڵەکانم تا بەهێز و تۆکمە بن، هێندە تۆکمە، بتوانن لە خزمەتی جوانی ئەدەبدا بەکاری بهێنن”. کاتێک دوژمن تەماشای چیای ئاگرێ دەکات و دەڵێت؛ “کوردستان لێرەدا نێژراوە” ئەمەیش دوای شکاندنی بەرخودان، بەڵام ئێمە لە گۆڕەکەوە سەر دەردەهێنین و دەڵێین؛ “ئەوانەی کە کوشتانن و ناشتانن، لەو گۆڕەوە سەر دەردەهێنێن و زیندوو دەبنەوە” ئێمە دەریان دەهێنێنەوە و سەرلەنوێ ژیان دەکەینەوە بە بەریاندا.”
ئەدەب وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شکستی ئازادیی سیاسیی
لە جیهانێکدا کە لەمسەرییەوە بۆ ئەوسەری بۆنی بارووت و بۆنی جەنگی لێ دێت، جیهانێک کە هەموو ئاماژەکانی پێمان دەڵێن؛ چیتر شادیی و بەختەوەریی بۆ مرۆڤ مەحاڵە، ئەوا لەو جیهانەدا ئەوەی بۆمان دەمێنێتەوە تەنها زمانە، زمان وەک تاکە سەرچاوەی بوونی مرۆڤ. ئەوە زمانە دەتوانێت پەی بە یادەوەریی و پنتە دوورە دەستەکانی ناو ناخ و نەستمان بەرێت، لەژێر سێبەری هەموو وشەیەکدا، هەموو ئاماژەیەک کە بە خەیاڵ و دڵ و دەروونماندا دەڕوات، پەنتاییەک لە دێوانەیی و شێتیی خۆی مەڵاس داوە، فەزایەک لە ئازادیی، کە بە ڕای فۆکۆ ئەو فەزایە تەنها شێتیی دەتوانێت پڕی بکاتەوە، هەر بۆیە لە شارستانییەتی خۆرئاوادا شێتیی یەکسانە و هاوشانی یاخیبوونە. لە جیهانێکدا کە شۆڕش و ماناکانی شۆڕش چیدی کۆمەکی مرۆڤ ناکەن بۆ دەستگرتن بە ژیانەوە، ئاپۆ درزێک دەکاتە ناو گوتار و ئەرکی ئەدەبەوە و پێی وایە ئەدەب دەتوانێت مرۆڤی کورد زیندوو بکاتەوە، و جارێکی تر ئاشنای بکاتەوە بە بوون و ئیرادەی خۆی بۆ ژیان. بۆ ئەوەی تەواو لە دیدی ئاپۆ سەبارەت بە ئەدەب بگەین، یاخود لانی کەم لە ناو کۆنتێکستێکی گەورەتردا تێزەکانی سەبارەت بە گرنیگی ئەدەب لە ژیانەوە، و پێناسەکردنی مرۆڤی کوردا بکۆڵینەوە، ئەوا دەگەڕینەوە بۆ لێکدانەوەکانی فۆکۆ سەبارەت بە ئەدەب.
سەرەتا بۆ ئەوەی لە دیدی فۆکۆ سەبارەت بە ئەدەب و پرسی ئەوەی ئەدەب چییە، تێبگەین، ئەوا پێویستە بزانین کە فۆکۆ خۆی چۆن وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟ چونکە فۆکۆ بە ڕوونیی ئەوە لە سیمینارەکەیدا سەبارەت ئەدەب ڕوون دەکاتەوە کە ئەو بۆ خۆی مەبەستی ئەوە نییە، باسی هیچ شتێکی تایبەت بکات، واتە نە باسی کاری ئەدەبیی و نە باسی ئەدەب، نە باسی زمان، بەڵکوو دەیەوێت گوتاری خۆی لەمبارەیەوە ڕوون بکاتەوە. فۆکۆ باس لە سێکوچکەی ئەدەب دەکات کە لایەکی زمانە، لاکەی تری کارە ئەدەبییەکەیە، لای سێهەم کە بە بۆشایی یان پانتای بەتاڵ ناوی دەبات. بە ڕای فۆکۆ پرسی ئەوەی ئەدەب چییە هەر لە سەرەتای لەدایکبوونییەوە لەناو ئەم سێگۆشەیەدا و بە تایبەت لە لای سێهەمی، واتە لە ناو دووری و پانتايە بەتاڵەکەدا جێی دەبێتەوە، هەر لەوێدا دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. بە مانایەکی دیکە، ئەدەب پێویستی بە زمان نییە بۆ ئەوەی خۆی بگۆڕێت بۆ کارێکی ئەدەبیی، وەک چۆن کارە ئەدەبیەکەیش پێویستی بەوە نییە کە بە زمان درووست بکرێت؛ ئەدەب شتێکی ترە کە هەم جیاوازە لە زمان، هەم جیاوازە لە کارەکە خۆی، شتێکی ترە لە دەرەوەی جووڵەی ئەواندایە و بە بۆشاییەکی بەتاڵ وەسفی دەکات، بەتاڵییەکی بنەڕەتیی کە پرسیاری “ئەدەبیات چییە؟” لەوێوە لە دایک دەبێت.
بە ڕای فۆکۆ دەتوانین ئەدەب وەک ئەوەی بە گوێماندا دراوە بەوە پێناسە بکەین کە بریتییە لە زمان، واتە دەقێک لە وشە پێک هاتووە، وشەکان و زاراوەکانی وەک هەموو وشە و زاراوەیەکی ترە، وەلێ ئەم وشانە هێندە بە سەلیقە و دیقەتەوە هەڵبژێراون و هۆنراوەنەتەوە، وەک ئەوەی، شتێک کە وەسف ناکرێت و گوزارەشی لێوە ناکرێت بە ناویاندا گوزەری کردبێت و جیای کردبنەوە لە وشە و زاراوەی ئاسایی. بەڵام ئەدەب لە جەوهەری خۆیدا بە تەنیا بریتی نییە لە زمان یاخود لە شتێک کە وەسف ناکرێت، بەڵکوو ئەدەب بریتییە لە شتێک دەتوانرێت گوزارشتی لێوە بکرێت، شتێک بە تەواوی مانای وشەکە دەتوانین بڵێین “گێڕانەوەیە” واتە خودی ئەدەب زادەی چیرۆکێکە کە دەتوانین گوزارشتی لێوە بکەین. وەلێ ئەم چیرۆکە بە زمانی غیابی، وێرانکاریی و لاسایکردنەوە دەگێڕدرێتەوە و دەهۆنرێتەوە. بە ڕای فۆکۆ ئەو دیدە باوە بۆ ئەدەب و ئەرکی ئەدەب وەک ئاماژەیەکی سواو بۆ بێدەنگیی، بۆ نهێنیی، بۆ ئەوەی کە ناگوترێت و گوزارشی لێوە ناکرێت، هەر هەموویان ئەدەب لە ئەدەب دوور دەخەنەوە. هەربۆیە بۆ فۆکۆ ئەدەب ئەو ڕاستییە زبرەی زمان نییە، کە وردەوردە ڕێگە دەدات پرسیارە لاوەکییە ورد و نیهێنییەکانی دەربارەی چۆنییەتی و مافی بوون تیایدا بەرجەستە دەبێت. بە ڕای فۆکۆ بۆ ئەوەی ئەدەب لە دەستی ئەم پێناسە باوە دەرباز بکەین، ئەوا پێویستە درکی تەواو بەوە بکەین کە ئەدەب ماددەیەکی خاو و هەقیقەتی خودی زمان نییە، بەڵکوو ئەدەب خۆی لە خۆیدا بەرجەستەی بۆشاییەک و درزێک لە ناو زماندا دەکات، مەودایەک و بۆشاییەک لە ناو زماندا کە بەردەوام تێکەڵ بە زمان دەبێتەوە بەڵام؛ هەرگیز بە تەواوی ناتوانێت زمان ببڕێت. ئەدەب خۆی جۆرێکە لە زمان کە لەناو خۆیدا سەدا و دەنگدانەوەی خۆی هەیە، ئەدەب لەرینەوە و لەرزینی زمانە لە ناو خودی زمان خۆیدا، بەڵام ناشتوانین بە تەنیا بە لەرینەوە و لەرزینی زمان وەسفی بکەین، چونکە ئەم دیدە وامان لێ دەکات، گریمانەی ئەوە بکەین کە دوو جەمسەر هەن لە ناو خودی ئەدەبدا، کە لە هەمان کاتدا ئەدەب دەکاتەوە بە بەبەشێک لە ئەدەب و بە هەمان شێوە بەشێکیشی لە زماندا، وەک ئەوەی شتێک هەبێت لە دوودڵی لە نێوان ئەدەب و زماندا. لە ئەدەبدا ئێمە هەرگیز ناتوانین بەرکەوتنی ڕەهای نێوان واقیع و کارە ئەدەبییەکە وەک ماددەیەکی زیندوو و بەرجەستە ببینین. خودی دەقە ئەدەبییەکە ئەو کاتەی تەواو ئامادە دەبێت و دێتە دونیاوە، هیچ کات دەبڵەکەی خۆی نابینێتەوە، هەر بۆیە خودی کارەکە خۆی دەبێتەوە بە دووریی و مەودايەک لە نێوان زمان و ئەدەب، ئەم دووریی و مەودايە لە دووبارەبوونەوەدا بەبێ خودی دووبارەبوونەوە درووست نابێت، ئەم بۆشاییە ئاوێنەییە بۆ ڕەنگدانەوەی واقیع بەبێ بەرکەوتن لەگەڵ واقیع خۆی دەبێتەوە بەو شتەی پێی دەڵێین ‘زڕەوێنە‘.
لە وەڵامی ئەوەی ئایا ئەدەب چییە؟ ئەوا فۆکۆ دەڵێت: “دواجار ئەوەم بۆ دەرکەوت گەر بە ڕاستیی بپرسین ئەدەب چییە؟ ئەوا دەڵێین ئەدەب بە تەنیا دەتوانێت وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆ خۆی هیچ بوونێکی سەربەخۆ و ئازادی نییە. بەڵکوو ئەدەب واتە لاسایکردنەوە، خودی ئەم لاسایکردنەوەیە تەواوی بنیادی ئەدەب پێک دێنێت.” فۆکۆ ئاماژە بە نووسینەکانی پرۆست، بە تایبەت ئەو نووسینەکەی بەناونیشانی “کاتی لە دەستچوو” دەکات و دەڵێت: “ئەم نووسینەی پرۆست بەرجەستەی ئەوە دەکات کە چۆن ئەدەب وەک لاسایکردنەوە کار دەکات، چونکە خودی چیرۆکەکە گێرانەوەی جووڵەی ژیانی ڕاستەقینەی پرۆست بۆ کارەکەی نییە، بەڵکوو خودی چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەست پێ دەکات و دەیگێڕێتەوە کە ژیانی پرۆست- ژیانی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتیی- دەوەستێت، دادەبڕێت لە خودی ژیان خۆی، ئەو کاتەی دەرگا لە خۆی دادەخات، ئەو کاتەی پرۆست باوەش بە تەنیایی خۆیدا دەکات و لە ناو خۆیدا ژیان دەشکێتەوە بەناو خۆیدا، ئا لەو کاتەدا چیرۆکەکە دەست پێ دەکات و بۆشاییەک بۆ خۆی درووست دەکات تا خۆی بگێڕێتەوە.”
یەکێک لە خەسڵەتە گرنگەکانی ئەدەب ئاماژەکردنی ئەدەب بە خودی ئەدەب خۆی، ئەم خەسڵەتە زیاتر لە ڕیتواڵ و ڕێوڕەسمی ماتەمینییدا بەرجەستە دەبێت. خودی کارە ئەدەبییەکە دەبێتەوە بە ڕەنگدانەوەی خۆی، ئەویش تەنیا لە ڕێگەی مەرگەوە، بە تایبەت لە ڕێگەی مەرگی پاڵەوانی چیرۆکەکەوە. بە مانایەکی دیکە، کارەکە تەنها تا ئەو ڕادەیە مانا و بوونی هەیە کە پاڵەوانی چیرۆکەکە لەناو دەقەکەدا زیندووە، لە کاتێکدا لە ڕووی خودی ئەو چیرۆکەی درووستکراوە و دەگێڕدرێتەوە، ئەوا پاڵەوانەکە دەمێکە مردووە.
ئاپۆ بە ئاگایە لە خەسڵەتی مەرگ لە گێڕانەوە و نووسینی دەقی ئەدەبییدا، بەو پێیەی هەم خۆی کارەکتەرو پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکەیەتی و هەم نووسەر و داینەمۆی دەقەکەیە. دەقێکی ئەدەبی بە پێجەوانەی ئەوەی فۆکۆ باسی لێوە دەکات، بە تەنیا بریتی نییە لە لاسایکردنەوە، بەڵکوو بۆ ئاپۆ ئەدەبی کوردیی پێویستە لە هەناوی واقیع و ژیانی ڕاستەقینەی کوردەوە بنووسرێتەوە. ئاپۆ بۆ ئەوەی دیالەکتیکی نێوان ئەشق و مەرگ جۆر بکات، وەک هەمیشە دەپرسێت؛ ئایا ئەشقی کورد کامەیە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەیش دەگەڕێتەوە بۆ ‘مەم و زین’ـەکەی ئەحمەدی خانیی و دەڵێت: “ئەحمەدی خانیی هەوڵێکی زۆی داوە باس لەم ئەشقە بێگەردەی کورد بکات، بەڵام تەواو سەرکەوتوو نەبووە، چونکە زینی لە شوێنێک داناوە، مەمیش لە شوێنێکی دیکە، کۆتایی هەردووکیشیان مەرگە. مەرگێک کە بە هەموو نەتەوە و جزیرەی بۆتانیشەوە نەیانتوانییوە جارێکی تر زیندووی بکەنەوە“. بە پێچەوانەی ئەحمەد خانییەوە، ئاپۆ دەیەوێت ڕۆمانێک بنووسێت و بگێڕێتەوە کە مەرگ و ماتەمینیی خەسڵەتی پاڵەوانەکەی نییە و باوەڕی بە مەرگ نییە، ئاپۆ دەڵێت: “چیرۆکی مەم و زین هەر بە تەنها گێڕانەوەیەک نییە، بەڵکوو خودی هەقیقەتە، هەقیقەتی تۆی کورد وەک مردوویەک، چونکە دوژمن تۆی بە مردووی دەوێت، بە مردووی تۆ زیاتر زیندوویت لای دوژمن.”
هەربۆیە کاتێک قسە لە سەر مەرگ و ماناکانی مەرگ دەکات، ئەوا باس لە مەرگی پاڵەوانی ناو ڕۆمانەکە دەکات کە هەر خۆیەتی، ئاپۆ دەڵێت: “ئێمە لە ناو جەنگێکداین کە هەڵگری چەندین مانای جیاوازە، بەو مانایەی زۆر جەنگمان بردووەتەوە بێ ئەوەی شەڕی بۆ بکەین، چونکە لای من مردن دەمێکە مردووە! هیچ کێشەیەکم لەگەڵ مەرگدا نییە و نەماوە، ڕەنگە مردن مانایەکی تری هەبێت بۆ ئێوە و بۆ میللەت، وەلێ من بۆ خۆم مردنم هەزار جار لە ناو کەسێتیی خۆم و واقیعی ژیانمدا مراندووە.”
لە کاتێکدا ئاپۆ ئەدەب بە ڕێگەچارە و ستراتیژی ژیانەوەی کورد دەبینێت، لە سەدەی بیستویەکدا باوەڕی بەوەیە کە ئەدەب و هونەر دەتوانن و لە بارەیدایە ستراتیژ و دەروازەی بەرخۆدان و شۆڕش بێت، فۆکۆ ئەمە ئەدەب وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شکستی گوتاری سیاسی دەبینێت و دەڵێت: “دەتوانین دواجار دان بەو ڕاستییەدا بنێن کە باوەڕمان بە ئازادیی سیاسی نەماوە، یاخود بە خەونە گەورەکەی مرۆڤ بۆ گەیشتن بە ئازادیی نەماوە، خەونە گەورەکەی مرۆڤی نامۆ و ئاشنابوونەوەی بە خۆی چیتر خەون نییە، بەڵکوو گاڵتەجاڕییە! ئەی لە ناو ئەم هەموو تارمایی و خەیاڵەدا چی بۆ مرۆڤ ماوەتەوە؟ ئایا ئەوەی ماوەتەوە تەنها پاشماوە و سووتووی وشەکانە؟ ئەی چیمان پێ دەکرێت؟ ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە چیتر ناتوانین نە پشت بە هیچ ببەستین، نە بەخەڵک و نە بە بە مێژوو و بە دامەزراوەکان، ئەوەی بۆمان ماوەتەوە بە تەنیا ئاماژە و وشەکانن! وردتر بڵێین، لە سەدەی نۆزدەدا قسەمان دەکرد و دەماننووسی تا خۆمان ڕزگار بکەین و بتوانین لە کۆتاییدا لە جیهانێکی ڕاستەقینەدا چێژ لە درێژکردنەوەی کات و بێدەنگیی وەر بگرین، وەلێ لە سەدەی بیستەمدا دەنووسین-هەڵبەت مەبەستم لە گوتاری ئەدەبییە- دەنووسین لەبەر خودی ئەزموونی نووسین خۆی، لەبەر هەڵسەنگاندنی ئازادییەک، کە لە وشەدا نەبێت لە هیچی تردا نەماوە، ئەو وشانەی بوونەتە کەڵکەڵەی سەری مرۆڤ.”
ڕاڤەکانی فۆکۆ دەربارەی ئەدەب وەک ئەڵتەرناتیڤێک، بۆ شکستی ئازادیی سیاسیی لە زۆر ڕووەوە بە زیادەڕۆیی ببینرێت، چونکە هەر تێز و نووسینەکانی خۆی سەبارەت بە ئەدەب ئەوە پیشان دەدات کە ئەو ئەدەب وەک ستراتیژ دەبینێت، کە دەتوانێت چالاکانە لە جەنگی دژی گوتاری سیستمی باودا بەشدار بێت، ئەمەش هەر بە سرووشتی خۆی ئاکتێکی سیاسییە. لە زۆر جێگەی تردا فۆکۆ ئەدەب هەم وەک ستراتیژ بۆ دابڕان لە سیستمی باو، هەم وەک ئامڕازی گۆڕان دەبینێت، گۆڕانێک کە بتوانێت بۆشایی و درزێک بخاتە ئەوەی هەیە. خودی ئەم گۆڕانە لە ڕێی وێرانکردنی بنیادی ئابووریی گێڕانەوەوە درووست دەبێت، گۆڕانێک، کە ببێتە گۆڕەپانی جەنگ دژی هەژموونی مانای باو و زاڵ، وەک چۆن جۆرێک لە ناڕێکیی “Disorder” لە ئەدەبدا بەکار دەهێنرێت، ئەویش وەک هەوڵیک بۆ تێکوپێکدانی سیستەمی جیهان.
هەڵبەت تێزەی سەرەکی فوکۆ سەبارەت بە ئەدەبییاتی مۆدێرن ئەوەیە، کە ئەو وەک زمانێکی ‘دەرەوە‘ دەیبینێت، زمانێک، کە هەر لە سەرەتاوە لەسەر بێدەنگکردنی مێژووی شێتیی و ڕووخانی ڕیزبەندی کلاسیکیی لەدایک بووە. ئەم شێوازە نوێیەی زمان بە ناوی ئەدەبییات وەک جۆرە بازنەیەکی بەردەوام لە نێوان دوو جەمسەردا خۆی دەنوێنێت: یەکەمیان وەک سەرپێچییەکی توندوتیژ و تاکەکەسیی دژی هەموو سنوورەکان دەردەکەوێت. دووەم بوونی پەرتووک،ی کە خۆی بەردەوام ئاماژە بە خۆی دەداتەوە و دووبارە دەبێتەوە. ئەدەبییات دەبێتە زمانێک کە بەردەوام ئاماژە بە خۆی دەدات. بۆیە لە مۆدێرنیتەدا، ھەردوو ئەدەب و شێتیی دەبنە زمانگەلێک بۆ بۆشایی. فۆکۆ لەمبارەیەوە دەڵێت: “ئەدەب و شێتیی ئەمڕۆ ئاسۆیەکی ھاوبەشیان ھەیە، جۆرێک لە بنەمای ھاوبەش، کە ئەویش ھیی نیشانەکانە.” لە شیکردنەوەکەیدا، ھەردووکیان شێوەی زمانن کە لەوپەڕی سنووری گوتاردا گەمەی خۆیان دەکەن. ئەوان لە “نەبوون و جیھانێکی بەتاڵەوە” دەدوێن، جا چ بۆشایی بیرکردنەوەکانی ئارتۆد بێت یان بۆشایی خەیاڵی ڕۆمانی پرۆست. بەم جووڵەیەش بەردەوام ئاڵنگاریی سیستەمی دامەزراو دەکەن، ھەمیشە سیستەمەکانی ئەقڵ و واقیعی دەرەوە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. هەربۆیە ئەدەب چیتر بە بەرجەستەکردنی ڕاستییەکی دەرەکییەوە بارگاویی نییە. لە جیاتی ئەوە، دەبێتە زمانێک کە ئەوەی گوتراوە دووبارەی دەکاتەوە و هاوکات لە ڕێگەی هێزی دووبارەکردنەوەوە، هەموو ئەو شتانەی گوتراون، دەسڕێتەوە.
لە نێوان دیدی ئاپۆ بۆ ئەدەب و گرنگی ئەدەب لە زیندووبونەوەی مرۆڤی کورددا، دیدی فۆکۆ سەبارەت بە ئەدەب وەک ئەو زمانەی هەمیشە خۆی دووبارە دەکاتەوە، زمانێک کە دەبێتەوە بە ئەڵتەرناتیڤێک بۆ شکستی ئازادیی سیاسیی، ئەوا پرسیاری جەوهەریی ئەوەیە، ئایا زمانی واقیع خۆی دەتوانێت زمانی ئەدەبیش بێت؟ چونکە کاتێک زمانی واقیع دەخرێتە نێو تیكستێکی ئەدەبییەوە، بۆ خۆی نابێتەوە بە زمانی ئەدەب، بەڵکوو ئەو زمانە بۆ کونکردنی بۆشایی نێو زمان بەکار دێت. وەک ئەوەی فۆکۆ لە پەیوەندیی نێوان زمان و ئەدەبدا باسی دەکات و دەڵێت: “کاتێک زمانی ڕۆژانە و واقیع دەخرێتە نێو کارێکی ئەدەبییەوە، هەر وەک ئەو پارچە کاغەزە وایە کە دەخرێتە سەر تابلۆییەکی هونەری کیوبیزمەوە، وەک ئەوەی پێوەی نووسابێت. ئەو پارچە کاغەزە لەوێدا نییە بۆ ئەوەی تابلۆکە بکاتە کارێکی” واقیع و ڕاستەقینە”؛ بە پێچەوانەوە، لەوێدایە بۆ ئەوەی بۆشایی نێو تابلۆکە بشکێنێت و بە هەمان شێوە، زمانی واقیع کاتێک بە ڕاستیی دەخرێتە ناو کارێکی ئەدەبییەوە، بۆ ئەوەی بۆشایی زمان کون کون بکات، جۆرە دوورییەک و ڕەهەندێکی تیرئاسای بداتێ. جا ئەمە ڕاستییەکەی بە سرووشتی خۆی موڵکی ئەدەب نییە و ناچێتەوە سەر ئەدەب. بە مانایەکی دیکە، کارە ئەدەبییەکە وەک گڕوکفێک بە ناو ورتەورتی زمان و لاسایکردنەوەی ئەدەبدا کاڵ دەبێتەوە، بەڵام خۆی ئەدەب نییە، ئەگەر چی دەبێتەوە بە بەشێک لە ئەدەب، چونکە ئەم زمانە خۆی لە جووڵەیەکی بەردەوامدایە بە هەستکردن بە ئەدەب و کەڵەکەی ئەدەب، جارێک لە پێشییەوە دەوەستێت، جارێک لە پشتییەوە، بەڵام ناتوانێت بۆ خۆی ببێتەوە بە ئەدەب.
هەر بۆیە بۆ نووسەرێکی وەک فۆکۆ بەکارهێنانی زمانەی ڕۆژانە و پەلکێشکردنی بۆ نێو ئەدەب وا دەبینێت کە دوو ئەرکی سەرەکی هەیە:
یەکەمیان؛ بێڕێزیکردنە بە ئەدەب و زمانی ئەدەب. دووەمیان؛ نوێبوونەوەی ئاماژەی وشەکانە لە ڕێی ڕاكێشانیان بەرەو ئەدەب. هاوکات خودی ئەم دوو ئەرکە دەتوانێت دوو خەسڵەت و سیمای گرنگی ئاماژەناسیی و زمانی ئەدەبمان بۆ دیاریی، کە هاوکات هەم نامۆ و هەم نائاشنان بەیەک، هەم سەر بە یەکتریشن. یەکێکیان دەبێتە سیمای سەرپێچیی، سیمای قسەی سەرپێچیکارانە، ئەوەی تریشیان دەبێتە سیمای هەموو ئەو وشانەی ئاماژە بە ئەدەب دەکەن و نیشانەی ئەون؛ کەواتە، لەلایەک قسەی سەرپێچیکارانەمان هەیە و لەلایەکەی تر ئەوەی فۆکۆ بە “دووبارەبوونەوەی پەرتووکخانە” ناوی دەبات. یەکێکیان سیمای قەدەغەکراو و تابۆی زمانە و دەکەوێتە سنووری زمانەوە، سیمای زمانی نووسەری زیندانیکراو، لێرەشدا فۆکۆ ئاماژە بە دی ساد دەکات؛ ئەوەی تریشیان زمانی بۆشایی پەرتووکەکانە و بەردەوام کۆ دەبنەوە و کەڵەکە دەبن. گەر ئەم دیدەی فۆکۆ بە هەند وەربگرین، ئەوا دەتوانین بڵێێن کە ئێمە زیاتر دووبارەبوونەوەی پەرتووکخانەمان هەیە، پەرتووکەکان کەڵەکە بوون، ئەو پەرتووکانەی ئاماژە و نیشانەی ئەدەبن، دەبنەوە بە پارچە و سەرەمەقەستی ئەدەب، بەڵام ئەدەبی ڕاستەقینە و تێکستی ئەدەبی ڕاستەقینە نین.



