ئەقڵی دەوڵەتی تورک و ئەقڵی سیاسیی کورد
شیکارییەک لەسەر تێکشکاندنی داگیرکاریی زهنی و بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتی لە گەرمەی جەنگی جیهانیی سێیەمدا.

شیناسی ئاتابەی
لە تورکییەوە: نەجیبە قەرەداخی
ئەقڵی دەوڵەتی تورک و ئەقڵی سیاسیی کورد
وەک گەل، بە کاتێکی سەختدا تێپەڕین. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کاتە سەختەکان ئەوەیە کە ڕاستییەکان دەخاتە ڕوو. ڕاستییەکانیش خۆبەخۆ دەرناکەون؛ پارادایم، ئەقڵییەت، فەلسەفە، ئایدۆلۆژیا و سیاسەت پێویستییان بە پرۆسەی درووستبوون هەیە. دەکرێت بە هەموو ئەمانە بگوترێت “ئەقڵ”.
ئەقڵێکی کوردی درووست بووە. بەهۆی ئەم ئەقڵەوە، کە لە نێو کاتە سەختەکاندا هاتووەتە کایەوە، هۆشیاریی کورد گەشە دەسەنێت. ئەو سڕبوونەی ئەقڵە جیاواز و بێگانەکان درووستیان کردبوو، خەریکە دەڕەوێتەوە. ئەو ئەقڵە بێگانانەی مێشکیان داگیر کردبوو، تێکشکاون. لە ڕوانگەی ئەقڵی کوردەوە، گۆڕانکاریی زۆر شۆڕشگێڕانە هاتوونەتە ئاراوە.
بێگومان هێشتا هەموو شتێک کۆتایی نەهاتووە. کاریگەرییەکانی داگیرکاریی زهنیی هێشتا ماون. کۆمەڵگە کراوە بە کۆمەڵگەیەکی بەرژەوەندخواز، هەر بۆیە هەموو شتێک قەبووڵ دەکات و بێدەنگ دەبێت. لەمەشدا کاریگەریی ئەو ئەقڵانەی زهنیان داگیر کردووە، زۆر گەورەیە. چەوساندنەوە و سڕکردنێک کراوە کە لە هەموو جۆرە ئەندازیارێتیەکی کۆمەڵایەتی مەترسیدارترە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش، پرۆسەیەکی شێلگیری گۆڕانکاری دەستی پێ کردووە. ئەمە بۆ کورد، دوای مادەکان یەکەمین جارە ڕوو دەدات. لە مێژوودا ئەم جۆرە قۆناغی گۆڕانکارییانە هەن، ئەگەر ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت، ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە کە سەدەکانی داهاتوو دیاریی دەکات. ڕاستییەکەی گونجاوە ئەگەر ناوی بنێین “زایینی کوردیی”.
ئەو قۆناغانەی دەکرێت ناویان بنرێت “زایین”، تایبەتمەندییەکیان هەیە: ئەگەر لە هەموو لایەنێکەوە مافی خۆیان پێ نەدرێت، ئەوا دەبنە هۆی داڕمانێکی وا کە کێشەی خراپتر بەدوای خۆیاندا دەهێنن. وەک بڵێی لە دەرەوە ئەمە زۆر هەستی پێ ناکرێت. جۆرە جۆشوخڕۆشێک هەیە، بەڵام مەبەستی من ئەوەیە بە بەرپرسیارێتییەکی قووڵەوە، ئەقڵی کورد بکرێتە جەستەی کۆمەڵگە و سیستمێکی جێگرەوە بنیاد بنرێت.
کاتێک بیر لە کورد دەکەینەوە، بەداخەوە کەسایەتیی شکستخواردوو و بێبەرپرسیارێتیی گورزی گورچکبڕیان وەشاندووە. مرۆڤ خۆی پێ ناگیرێت و نەڵێت: “ئایا گەلێک هەیە ئەوەندە خراپە لەگەڵ خۆی بکات؟” ڕاکردن لە خۆ و کەوتن، نابێت بگاتە ئەم ئاستە. ئەگەر خەباتێکی بەکۆمەڵ (کۆلەکتیڤ) هەبێت و ئەقڵی کوردیی دوروستبوو باش هەرس بکرێت و تێ بگەیەنرێت، ئەوا ئەم دۆخە نابێتە قەدەر. هیچ بەربەستێک ناتوانێت لە بەردەم خەباتێکی بەکۆمەڵدا بووەستێت کە ئەقڵی کوردیی هەرس کردبێت. لەم بابەتەدا پرەنسیپی ئەخلاقیی دەبێت ئاوا بێت: “ئەو ژیانەی کوردێکی شکستخواردوو و ڕاکردوو لە خۆی دەژی، من هەرگیز ناژیم و ڕێگەش نادەم بژێنرێت!” ئەگەر ئەمە بخرێتە چەق یان ناوەندی ژیانەوە، ئەوا هیچ بنیادنانێک نییە کە بە کەسایەتییەکی بەکۆمەڵ ئەنجام نەدرێت. پێشتریش ئەوەی ئێمەی گەیاندووەتە ئێرە، هەر کەلتووری بەکۆمەڵ بووە.
ڕاستە کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی هیچ خانەیەکی نەهێشتووتەوە نەیشێواندبێت، بەڵام نابێت سەرمایەداریی زۆر گەورە بکرێتەوە، ئەو زاڵ نییە بەسەر هەموو شتێکدا. ڕزگاربوون لێی و بنیادنانی ژیانێکی دیموکراتیی کۆمۆناڵ و سیستمێکی کۆمەڵایەتیی، کردەنییە. لە نێو کورددا ڕۆحی کۆمۆناڵ هەیە و ئەم ڕۆحە ڕەگوڕیشەی قووڵی هەیە. تەنها ئەوەندە بەسە بە دیدگای مۆدێرنیتەی دیموکراتیی و بە ئەقڵی کوردیی ئازاد، ئەو نەریتە نوێ بکرێتەوە. گەڕانەوە بۆ ‘ئەسڵ’ـیش هەر ئەمەیە. نەریت ئێستا وەک پاشماوەیەک دەژێنرێت، لە کاتێکدا نەریت نابێت وەک خۆی بژێنرێت، بەڵکوو دەبێت بە نوێکردنەوەیەکی دیموکراتیی کۆمۆناڵ وەک ڕەگێک وەربگیرێت و بنیاد بنرێت. بێگومان بۆ هەموو ئەمانە، سەرەتا پێویستە مرۆڤ هەست بەو ‘خەنجەر’ـە بکات وا لە پشتی دراوە.
وەک گەل، خەنجەرێک لە پشتمان دراوە. ئەو خەنجەرە هەر ساتێک خوێنمان لێ دەبات. خۆبەدەستەوەدان بۆ ئاسیمیلاسیۆنی خۆبەخشانە، ڕاکردن لە زمان، کەلتوور و خاک، هەمووی بەرهەمی ئەو خەنجەرەیە. ئێمە بەردەوام خەنجەرەکە و ئەو کەسەی خەنجەرەکەی وەشاندووە، تاوانبار دەکەین. باشە، ئەو کەسەی خەنجەر دەوەشێنێت بکوژێکی کاستیکە، کار و پیشەی ئەوەیە. بەڵام کێشەی سەرەکیی ئەوەیە ئێمە لەگەڵ خەنجەرەکەدا وەک شتێکی ئاسایی دەژین.
بوودا ئاماژەیەکی هەیە کە دەڵێت: “تا ئەو خەنجەرەی لە پشتت دراوە دەرنەهێنرێت، نابێت سەرقاڵی گەردوون و جیهان بیت.” ئەو هەلە مێژووییەی ئێستا هاتووەتە پێش، دەرهێنانی ئەو خەنجەرەیە. لێرەدا گرنگە ئەقڵی کوردیی بکەوێتە گەڕ. بەو ئەقڵییەت، کەسایەتیی و ژیانە کۆمۆناڵەی ئەقڵی کوردیی پێویستییەتی، دەکرێت ئەو خەنجەرە لە پشت دەربهێنرێت.
لەو خاڵەدا، یەکگرتویی نێوان “گوتن و ژیان” گرنگە. نابێت ئەوە لەبیر بکرێت هەموو دووڕوویی و دەرفەتپەرستییەکانی مێژوو، لەو خاڵەدا ڕوویان داوە وا نەتوانراوە گوتن و ژیان یەک بخرێن. لەو شوێنەی یەکگرتوویی گوتن و ژیان بەدی نەیەن، خەڵەتاندن و خەڵەتان دەبێتە کارێکی گردەبڕ. بە گوتن زۆر شت لەبەر دەکرێن، هەموو چەمکەکانمان لە هەموو شوێنێک دەگوترێنەوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر پەیڕەویی و جێبەجێکردن، هەموو شتێک بە ناڕوونیی دەمێنێتەوە. کەچی گوتن و چەمک بۆ ژیانن، ئەو گوتنەی ژیانیی نەکرێت، هیچ بەهایەکی نییە. بنەڕەتیترین تایبەتمەندیی نەریتی ئێمەش یەکگرتویی گوتن و ژیانە. پێ دەچێت ئەمە لەبیر کرابێت، یان لە نەریتدا ئەو گوتنانە تەنها کرابن بە ئەدەبییاتی گێڕانەوە. ئێمە ئەمڕۆ زۆر پێویستمان بە ڕۆحی ساڵانی حەفتاکانە، ئەو ڕۆحەی تەنیا لە سنووری گوتندا نەدەماوە، بەڵکوو جێگەی خەوی دەپێچایەوە و دەچووە دوورترین شوێنەکان و تەنانەت لە پارکەکانیش دەخەوت. ئێستا لەو ڕاستییە تاڵەدا دەژین وا تەنیا باس لەو تێکۆشەرە مهزنانه دەکەین (کە سیمبولی یەکگرتویی گوتن و ژیان بوون) بەبێ ئەوەی وەک ئەوان کار بکەین.
سەبارەت بە مێژوو، پێناسەی وەک “دووبارەبوونەوە” یان وانەلێوەرگرتن” هەن. ڕاستییەکەی هەردوو پێناسەکە کەموکووڕییان تێدایە. مێژوو سەدا نەوەدوهەشتی دووبارەبوونەوەیە، بەڵام ئەگەر لەو سەدا دووەی دەمێنێتەوە داهێنان نیشان بدرێت، ئەوا گۆڕانکاریی و بازدان ڕوو دەدات. کاتێک دەگوترێت “مێژوو ئێستایە”، مەبەست لەو داهێنانەیە. ئەگەر لەو بەشە کەمەدا (سەدا دووەکە) داهێنان لەسەر بنەمای جیاوازیی و ئازادیی درووست کرا، ئەوا دووبارەبوونەوەکە بە تەواویی ڕوو نادات. ئەمە داهێنانە لە نێو بۆشایی گێژاودا. ئەگەر داهێنان نەکرێت، ئەزموونیش وەرناگیرێت. بۆ ئەوەی مێژوو دووبارە نەبێتەوە، ئەگەر داهێنان هەبێت، ئەوا ڕێگەی کورد کراوەیە. بەڵام نابێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە هەڵدێریش لە بەردەمماندایە. بۆ کورد سیاسەتکردن وەک ڕۆیشتنە لەسەر لێواری هەڵدێر. بۆ ئەوەی بۆ خوارێ هەڵنەخلیسکێی، ئەوا داهێنانی سیاسیی و وەستایی پێویستە. سیاسەت لەم ڕووەوە گرنگە، پێداگریی لە سەر سیاسەتێکی ئەقڵانیی، پێشبینیی، وەستایی و پێداگریی لەسەر ئاستی بڕیاردان، زۆر بایەخدارە.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێزی ئەوەی بەدەست هێناوە ببێتە بکەر. کورد بکەرە، بۆیە بژاردەکانی بە ئازادانە دەبن. باس لە ئازادییەکی ڕەها ناکەین، چونکە ئازادیی ڕەها بۆ هەموو گەلێک کردەنیی نییە، مەبەستمان لە توانای هەڵبژاردنی ئەوەیە کە “چۆن و لەگەڵ کێ بژی”. کورد لەم ڕووەوە گەیشتووەتە ئەو توانایەی بە ئازادیی هەڵبژێرێت، سەپاندنی دەرەکیی و پاشکۆیەتیی بۆ کەسانی تر قەبووڵ ناکات. گەیشتووەتە ئاستێکی ئاوا. ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی فۆرمولەی ئەم هەڵبژاردنە ئازادەیە. ئەم تێکەڵبوونە لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خودیی و لەسەر بنەمای ویست و ئارەزووی خۆبەخشانە دەبێت. بە سەیرکردنی سۆسیۆلۆژیای مێژوویی و دۆخی سیاسیی ئێستا، کورد بڕیار دەدات کام هاوپەیمانیی بۆ خۆی و گەلان ئازادیی و یەکسانیی و دیموکراسیی دەهێنێت و بەو پێیە هەڵبژاردنی خۆی دەکات.
پێکەوەژیانی کورد و تورک لە نیشتمانێکی هاوبەشی هەزار ساڵەدا، بووەتە نەرێتێکی باو. پێویستە ئەم پێکەوەژیانە لە ژێر مەرجە سەردەمییەکاندا دووبارە ڕێک بخرێتەوە. ڕاستی مێژوویی و مەرجەکانی ئەمڕۆ وا دەخوازن کە ئینتگراسیۆنێکی نوێ لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادانە بێت، ئەمە پێویستییەکی مێژوویی و سیاسییە. لە ڕووی مێژووییەوە، بوون و مانەوەی تورکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەستراوەتەوە بە هاوپەیمانییان لەگەڵ کورد. سوڵتان سهنجهری سەلجووقیی، خۆی ویلایەتی کوردستانی دامەزراند و ناوەندەکەی هەمەدان بوو. تا لەمە تێنەگەین، مانەوەی تورکەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێناگەین. سەلجووقییەکان چونکە دەیانزانی بێ کورد ناتوانن هەناسە بدەن، کوردیان وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژیی دیاریی کرد. بۆ تورکەکان سەختە بێ کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر پێ بمێننەوە، تەنانەت وەک کەلتووریش بەردەوام بن. چارەسەری ئەو کێشەیەی بەردەوام ناوی دەنێن ‘مانەوە’، تەنها بە نوێکردنەوەی هاوپەیمانیی مێژوویی کورد و تورک دەبێت. هەنگاونان بەرەو ڕێکخستنی پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای دۆستایەتیی مێژوویی، پێکەوەیی و یەکگرتوویی، گرنگترین هەنگاوی چارەسەریی ئەم بوارەیە.
شەڕی تورک و کورد هەردوو گەل لەناو دەبات، تەنانەت دەیانکاتە دەروەزەکەری بەردەم هێزە دەسەڵاتدارەکان (زلهێزەکان). ئەمە بە ئینتگراسیۆنی دیموکراتیی دەبوژێنرێتەوە. ئێستا ڕاستییەکی کوردی لە ئارادایە و گەیشتووەتە سەر لێواری بڕیاردان و لە بەردەم قۆناغێکی نوێدایە. پێش هەموو شتێک دەبێت کورد خۆی ئەم قۆناغە نوێیە هەرس بکات. لە لایەکی ترەوە ئەم قۆناغە بۆ هەمووانە. گەیشتووینەتە ئەم ئاستە؛ ئەو سیفەتە یاخیبوونەی کۆن، نکۆڵیی ترسناک و فریودان و خەڵەتاندن تێپەڕێنراون. ئێستا گەیشتووینەتە سنووری ڕاستییەکان. ژیانی ساختەکارانە کاڵ دەبێتەوە و هەمووان ڕووبەڕووی ڕاستی دەبنەوە. ئەوەی تا ئێستا ڕووی داوە، زۆربەی ساختەکارانە بووە. ئێستا ئیتر ڕاستیی قسە دەکات؛ لەمەودوا زیاتر لەگەڵ ڕاستییدا ڕێ دەپێورێت و دەژێین. هەرچەندە سەخت بوو، بەڵام گەیشتینە ئەم خاڵە. ماندووکەر و پڕ لە قوربانیی بوو، بەڵام هەقیقەت دەرکەوت. ئێستا هەمووان باسی ئەم هەقیقەتە دەکەن.
“سیاسەت ئەو خوێن و ئۆکسجینەیە وا دەچێتە نێو کۆمەڵگەوە؛ ئەگەر هاتوچۆی خوێن بوەستێت، مردنە. پێویستە ٢٤ کاتژمێر خوێن بۆ کۆمەڵگە پاڵ بنرێت تاوەکوو کۆمەڵگە بە ئازادیی بژی.”
ژیان بە خۆخەڵەتاندن، گەورەترین ناپاکییە لە ژیان و هەقیقەت. ئێستا لە لێواری تێپەڕاندنی ئەمەدا دەژین. ئەمە ڕێک خودی بوونە. لەم خاڵەدا گرنگیی سیاسەت جارێکی تر دەردەکەوێتەوە. سیاسەت وەک ئەو خوێنەیە وا لە دەمارەکاندا دەڕوات؛ ئەگەر هاتوچۆی خوێن بوەستێت، مردنە. سیاسەت ئەو خوێن و ئۆکسجینەیە وا دەچێتە نێو کۆمەڵگەوە. ئەگەر هاتنی ئۆکسجین بووەستێت، مردنی مێشک لە سێ خولەکدا ڕوو دەدات. هەر بۆیە پێویستمان بە سیاسەتمەداری شارەزا و بەرهەمهێنانی سیاسەت هەیە. لە بەرهەمهێنانی سیاسەتدا، دەبێت ٢٤ کاتژمێر خوێن بۆ کۆمەڵگە پاڵ بنرێت تاوەکوو کۆمەڵگە بە ئازادیی بژی. سیاسەت کارێکی درێژخایەنە و هونەری دۆزینەوەی چارەسەرە.
زۆر جار دیماگۆجیی و سیاسەت تێکەڵ دەکرێن. کێشەی بەرهەمهێنانی سیاسەت بە واتا ڕاستەقینەکەی، بنەڕەتییترین کێشەیە. هۆکاری ئەمەش ناوخۆییە. لە سیاسیبوونێکی ڕاستەقینەدا لاوازییەکی زۆر هەیە. گوتنی چەند قسەیەک لەبەردەم کۆمەڵگەدا بە سیاسەت دەزانرێت، لە کاتێکدا سیاسەت خوێنە. ئەم قۆناغە پێویستی بە کەسایەتییەکی لێهاتووی سیاسیی هەیە.
بۆچی ناتوانین ببینە مرۆڤی ڕاستەقینەی گەل و سیاسەت؟ چونکە مێشکەکان داگیر کراون. ئارەزووی ‘خۆبوون’ و ئیرادە لاوازە. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، تەنانەت بنەڕەتییترینیشیان هەر ئەمەیە. ئەمە تەنیا بەو ئەقڵییەت و کەسایەتیی و دیسپلینە دەکرێت کە ئازادە و هی خۆیەتی. ئەو کەسایەتییانەی بە ناوی سیاسەتەوە دەردەکەون، ئەم خاسیەتانەیان زۆر لاوازن. ڕاستییەکەی ئەو کێشە ناوخۆییە بنەڕەتییەی ململانێی لەگەڵ دەکرێت، هەر ئەمەیە. کاتێک مرۆڤ نەبێتە خاوەنی خۆی، هەموو هەنگاوێک بە جۆرێک بە فیڕۆ دەچێت؛ چونکە مێشکەکان داگیر کراون و ئارەزووەکان لا دراون. بەو ئەندازەیەی خەڵک بەدوای ئۆتۆمبێل، خانوو و خێزانەوەن، هێندە گرنگیی بە بواری سیاسیی نادەن. ئایا بە کەسایەتییەک کە ناتوانێت بۆ خۆی سیاسەت دابڕێژێت و تەنیا دەگری، دەناڵێنێت و سووچی کەسانی تر دەگرێت، سیاسەت بەرهەم دەهێنرێت؟ ئەگەر سەرنج بدەن، کەسایەتییەکە وەک سیاسیی دەرکەوتووە، بەڵام هەمیشە داواکارە؛ وەک بێچووەباڵندە دەمی کردووەتەوە و داوای شتێک دەکات. کەچی سیاسەت پرۆسەی داهێنان و خوڵقاندنە. لای ئێمە سیاسەت لەبری داهێنان، بووەتە ئامڕازی داواکردن. ئەی کێ دەیدات؟ ئەمە وا دەکات مرۆڤ لە بکەربوون بکەوێت و ببێتە کۆیلەی ئەوەی کە شتی لێ دەوێت. هەمووان ڕاهێنراون لەسەر ئەمە. ڕاستییەکەی ئەمە خوویەکی درووستکراوی ‘دەوڵەت-نەتەوە’ـیە و بەسەر هەموواندا سەپێنراوە.
لە ڕووی مێژووییەوە دەرفەتێکی ئازادیی ڕەخساوە، بەڵام ئەم دەرفەتە بەهۆی کەوتنە نێو چاوەڕوانییەوە بە فیڕۆ دەدرێت. جێگای سەرنجە، هەم دەگوترێت “دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی تێپەڕێنراوە”، هەمیش بەردەوام لە نێو داواکاریی و چاوەڕوانییدا دەمێننەوە. دەڵێن: “بۆچی ئەو دەرفەتەمان پێ نادرێت، بۆچی ئەو مۆڵەتەمان پێ نادرێت؟”. کاتێک ئەم تێگەیشتنە باڵادەست بێت، لە کاتێکدا کە دەبێت کارێکی بنیادنانی ساڵێک لە یەک ڕۆژدا جێی بکرێتەوە، کەچی پرۆسەی ساڵێک بە هەدەر دەچێت. ئەقڵییەت و کەلتووری دەسەڵاتخوازیی و دەوڵەتگەرایی هێشتا باڵادەستە و تێنەپەڕێنراوە. لە دەرەوەی ئەمە، هیچ ئەقڵییەت، ژیان و سیاسەتێکی تر پەرەی پێ نەدراوە. پەرەنەدان بە سیاسەتی دیموکراتییش پەیوەندیی بە هەمان ئەقڵییەت و کەلتوورەوە هەیە. وەک بڵێی بە پێداگرییەوە ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە دەسەپێنرێت، لە کاتێکدا ئەقڵییەت و ڕێباز لە مێژە گۆڕاون. کەس هیچت پێ نادات، جیهانێکی وا بوونی نییە.
کەسانێکی زۆر کەم هەن کە بەشدارییان لەم ئەقڵییەت و ڕێبازە گۆڕاوەدا کردبێت. چەند کەس هەن کە بیانەوێت ژیان بەمە ببەخشن، بەرجەستەی بکەن و بە ئەشقەوە ئەنجامی بدەن؟ لێرەدا نکۆڵیی لەو ڕەنج و ماندووبوونە ناکرێت وا هەیە، بەڵکوو ڕەخنەکە لەو کەسایەتییە نەگونجاوانەیە کە ناتوانن وەڵامی گەشەسەندنە مێژووییەکان بدەنەوە. هەموو ئەمانەی باسم کردن، بۆ ڕەشبینیی نییە، بەڵکوو تەنیا ئاماژەدانە بە کەموکوڕییەکان. دەنا ئەقڵی سیاسیی کوردی خەریکە گەشە دەسەنێت و بە هەوڵێکی زۆرەوە بنیاد دەنرێت. بەڵام ئەمە لەگەڵ تورکدا بنیاد دەنرێت. ڕاستیی مێژوویی و مەرجەکانی ئێستا ئەمە دەخوازن. ئامانجەکە درووستکردنی کۆتێزێکی نوێیە لە ڕێگەی هاوبەشکردنی “ئەقڵی دەوڵەتی تورک” و “ئەقڵی سیاسیی کورد”ـەوە.
گەشەسەندنی ئەقڵی سیاسیی کورد و جێبەجێکردنی لە سیاسەتی کردەییدا
ئەمساڵ لەگەڵ هاتنی بەهاردا، جەنگی جیهانیی سێیەم چڕتر بووەوە. ڕاستییەکەی ئاشکرا بوو کە لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا جەنگەکە بەرەو قووڵبوونەوەی زیاتر دەچێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر کاتێک شەڕ قووڵ دەبێتەوە، دەستپێکەکەی بەرەو کورد ئاڕاستە دەکەن. هێزە هەژموونخوازەکان لە کاتی بەڕێوەبردنی جەنگی هەژموونگەراییاندا، بۆ ئەوەی ڕێ لە گەشەی گەلان بگرن، دەیانەوێت هێڵی کوردی ئازاد، کە بەهێزترین دینامیکە، لاواز بکەن و بیخەنە ژێر فشارەوە. ئەوەی ئێستا لە ئارادایە، دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە سیاسەتەیە.
هەڵوەشانەوەی ستاتۆی سەد ساڵە لە جەرگەی جەنگی هەژموونخوازەکاندا
ئەمریکا جەنگێکی گەورەی هەژموونخوازی بەڕێوە دەبات و دەیەوێت ڕێگریی لە هەژموونی چین بکات. لە ئۆکرانیا ڕێگرییان لە ڕووسیا کرد و کارێكیان کردووە کە چەندین ساڵ ڕووسیا بەوێوە سەرقاڵ بێت. ئێران چەقی یەکلاکەرەوەی جەنگی هەژموونخوازییە. ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت لە ئێراندا ڕێگریی لە هەژموونی چین بکەن و لانیکەم بۆ ٥٠ ساڵی دیکە گەرەنتیی هەژموونی ئەمریکا بکەن. هەر بۆیە بە هەموو هێزیانەوە فشاری دەخەنە سەر. ئەمجارەیان چین و ڕووسیا پێ دەچێت ئێران بکەنە “ئۆکرانیایەکی دیکە” بۆ ئەمریکا. هەروەک چۆن ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا ساڵانێکە ڕووسیایان لە زەلکاوی ئۆکرانیا چەقاند، ڕووسیا و چینیش دەتوانن پشتگیریی ئێران بکەن و درێژە بە شەڕەکە بدەن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە؛ لە جەنگی هەژموونخوازیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، قەوارە سەد ساڵەکان پارچە دەبن. پارچەبوونی قەوارەکان لە ڕوانگەی گەلانەوە گرنگە. ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ درووستکردنی هەژموونێکی هەمیشەیی، قەوارەکان تێک دەشکێنن. بەریتانیا و هاوپەیمانە گرنگەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیانەوێت ڕێگریی لەمە بکەن، ڕۆڵیان لە سووریا بەشێکە لەمە. بەڵام هەروەک چۆن لە سووریا نەیانتوانی بگەن بەوەی دەیانویست و کوردان بە پاراستنی هێزی خۆیان بوونە خاوەنی پێگە، بە هەمان شێوە ناتوانن پێگەی ئێران و هێزەکانی دیکە، کە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم دۆخەن، بە پێوە بهێڵنەوە.
پارچەبوونی قەوارەکان لە هەر قۆناغێکدا، ڕاستیی کورد زیاتر دەردەخات. بەڵام تۆخبوونەوەی هێڵی ئازادیی ناتوانرێت تەنیا بە پارچەبوونی قەوارەکانەوە گرێ بدرێت. نابێت لەبیری بکەین کە هێزە هەژموونخوازەکان وەک هێزە قەوارەپارێزەکان دژەشۆڕشن. ئەوەی شۆڕشی پۆزەتیڤ (ئەرێنی) بەدی دەهێنێت، هێزی جەوهەری، ئیرادەی ئازاد و هێزی سەربەخۆیە. تەنیا بەم هێزە دەتوانرێت سوود لە درز و ناکۆکییەکان وەربگیرێت. ئەگەر پەیوەندییەکیش درووست بکرێت، نابێت لەسەر بنەمای پاشکۆیەتیی بێت، بەڵکوو دەبێت بە هێزی جەوهەریی و ئیرادەی ئازادەوە بێت. ئەگەرنا هێزە هەژموونخواز و قەوارەپارێزەکان شۆڕشەکە دەدزن. بۆیە پێویستە هێڵی کوردیی ئازاد زۆر ور یابێت. بۆ کورد خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی لە ئارادایە، هەم مەترسیی هەیە و هەم دەرفەت. هێڵی کوردی ئازاد نیوسەدەیە بە ئیرادە و هێزی جەوهەریی، ناوەڕۆک و چۆنایەتیی و هێزی دینامیکیی خۆی بەدەست هێناوە. ئەم هێڵە لە کاتی پارچەبوونی قەوارەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەرفەتی هەڵکشانی مێژوویی بۆ ڕەخساوە. ئەمە دەرفەتێکە و لەسەر بنەمای “کرمانجییەتی” (کوردبوونی ڕەسەن)، بۆیە بەهاکەی زیاترە. خاوەنی تایبەتمەندیی “کۆمەڵگە/نەتەوەی دیموکراتیی”ـە. ناوچەیی نییە، بە مۆدێرنیتەی تایبەتی خۆییەوە ئینتەرناسیۆناڵە و بە کوردیشەوە، هەموو چەوساوە و پەراوێزکراوانیش دەگرێتەوە.
‘چیتر بە نکۆڵیی لە کورد مەودایەک نابڕدرێت’
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێشتا نکۆڵیی لە کورد وەک سیاسەتێک بەردەوامە. تێپەڕاندنی زهنییەتی نکۆڵیکاریی سەد ساڵە ئاسان نییە. ئەو هێزە قەوارەپارێزەی بوونی خۆی لەسەر لەناوچوونی کورد بنیاد ناوە، دەبینێت ئەگەر کورد ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی ئازاد، ئەوا کۆتایی ئەو نزیک دەبێتەوە. بەڵام بەپێی پێویست دەرکەوتووە کە چیتر بە نکۆڵیی لە کورد مەودایەک نابڕدرێت. لە لایەکی دیکەوە، کورد بە سەرکوتکردنیش لەناو ناچێت. دینامیکی (هێزی بزوێنەر)ـی کورد درووست بووە، بە سەرکوتکاریی و فەرامۆشکردن ناتوانرێت ڕێگەکە پەک بخرێت. لەم خاڵەدا ئەوەی گرنگە ئەوە نییە کێ چی دەکات، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە دینامیکی کورد چی دەکات. دەبێت بە وەرگرتنی وانە لە ئەزموونە گەورە مێژووییەکان، تێکۆشانی بوون و ئازادیی بەڕێوە بچێت.
پێویستە لەم بارەیەوە ئەوەش بگوترێت کە ئەزموون و مشتومڕەکانی سەر ڕۆژئاڤا لە دوو جەمسەری جیاوازدا تاوتوێ دەکرێن. لایەک وەها لێی دەڕوانێت کە دەڵێی هیچ ڕووی نەداوە، لایەکی دیکەش وەهای دەبینێت کە هەموو شتێک لەدەست چووە. لە کاتێکدا هەردووکیان هەڵەن. یەکەم؛ لەوێدا هێزی جەوهەریی، ئیرادەی ئازاد و هێڵی سەربەخۆ تووشی داخوران بووە. لە کاتێکدا بارودۆخی خۆتێکهەڵکێشکردنێکی زیادەڕەو بۆ هێزە هەژموونخوازەکان هاتە ئاراوە، ساڵانێکی زۆر بەوە ڕازیی بوون کە تەنیا لە ئاستی پەیوەندیی تاکتیکییدا بمێننەوە. دووەم؛ لە پرسی کورددا بۆ یەکەمجار مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی و پاراستنی هێز سەری هەڵداوە. بەڵام نابێت تەنها بەمە واز بهێنرێت. بەبێ زیادەڕەویی، بە ناسینی قووڵایی نکۆڵیکاریی کورد و بە درککردن بە بەهای دۆخی ئێستا، دەبێت هۆشیاریی “نەتەوەی دیموکراتیی” بۆ دەرەوەی سنوورە ڕێکخراوەکانی کوردیش بگوێزرێتەوە. ئەگەرنا، کاتێک بۆ چەندین دەیەی دیکە لە سنوورە ناوخۆییەکاندا بمێنینەوە، ڕزین و داڕمان گردەبڕ دەبێت. نابێت لەبیری بکەین چارەسەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەتیسبوون لە ناو سنوورە ناوچەییەکاندا گەشە ناسەنێت، بەڵکوو لە ڕێگەی نەتەوەی دیموکراتیی و ئازادیی ژنان و سیاسەتی دیموکراتییەوە دەگاتە هەموو گەلان.
‘دەبێت لە هەموو ساتێکدا خۆمان لە ئاست “ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی”ـدا لێپرسینەوە لە خۆمان بکەین‘
شۆڕشگێڕان ئەو کەسانەن لە ژێر هەر بارودۆخێکدا دەزانن چی و چۆن بکەن. هەرچەندە لە هێڵی کوردی ئازاددا ئاستێکی وەها هەیە، بەڵام هێشتا ناتوانرێت بگوترێت بە تەواویی جێبەجێ کراوە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش ئەوەیە نەتوانراوە “کوردایەتی کلاسیک” لە ناو “ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی”ـدا بتوێندرێتەوە. ڕێبەرایەتیی خۆی، کەسایەتیی خۆی لە نێو ڕاستیی ڕێبەرایەتیی دامەزراوەییدا تواندووەتەوە. بەڵام ئەوەی لای ئێمە ڕوو دەدات ئەوەیە کە ئێمە ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی لە ناو کەسایەتییە کوردە کلاسیکەکەی خۆماندا دەتوێنینەوە. ڕاستییەکەی پرۆسەی نیوسەدە، لە کەسایەتیی ڕێبەرایەتییدا بە باشیی ئەوەی نیشان داوە کە چۆن کەسایەتیی کلاسیکی کوردیی دەتوێندرێتەوە. ئەمە لە ناو چەندین بەرگ کتێبدا باس کراوە و بڵاو کراوەتەوە، بەڵام هێشتا لای هەندێک کەس سووربوون لەسەر “خودی کۆن” هەیە.
ڕێبەر ئۆجالان لەم بارەیەوە دەڵێت: ” کەسایەتییە دیکتاتۆر و دەسپۆتەکان، ڕاستیی ڕێبەرایەتیی لە نێو کەسایەتیی خۆیاندا دەتوێننەوە.” ئاشکرایە کە زەمینەی ئەمەش تاکگەراییە. ئەو کەسایەتییەی نەبێتە خاوەن خەسڵەتی کۆکەرەوە و گشتیی (کۆلەکتیڤ)، دەبێتە کەسایەتییەکی دیکتاتۆر و دەسپۆت. بەرانبەر بەم ڕاستییە، دەبێت هەموو ساتێک خۆمان بەرانبەر ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی بخەینە ژێر پرسیارەوە، تاقی بکەینەوە ئایا لە وانەکە دەرچووین یان نا. هێشتا سووربوون هەیە لەسەر ئەوەی مل بۆ ئەمە نەدرێت. بەم پێداگرییەوە، مەزنایەتیی لە نێو بچووکییەکانی خۆماندا دەتوێنینەوە؛ کەسایەتییە خۆپەرەستەکان تەنانەت کاتێک ئاشکراشن، خۆیان دەشارنەوە و ئێمەش ناتوانین بە بوێرییەوە ناڕەزایەتیی دەرببڕین. بەم دۆخەوە، یان دەبینە موریدێکی باشی تەریقەت، یان دەبینە دیکتاتۆرێکی بچووک. ناتوانین ببینە کەسایەتیی “کۆمۆناڵیستی دیموکراتیی”. ڕاستیی ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی سەراوژێر دەکەینەوە. گەورەترین خۆپەرەستیی ئەمەیە و دەبێتە هۆی لەدەستدان. ڕاستیی ڕێبەرایەتیی بۆ بەرژەوەندیی خۆمان بەکار دەهێنین و بە شێوەیەکی پێچەوانە ناوەکیی دەکەین. کەسایەتیی و ناسنامەی دامەزراوەیی بەکار دەهێنین، بۆ ئەوەش ناتوانین بینە کەسایەتییەکی سادە و خاکیی. درووستبوونی ڕاستیی ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی و درووستبوونی ئێمە دژبەیەکیشن. هۆکاری درووستنەبوونی کەسایەتیی گشتیی، دیموکراتیی و کۆمۆناڵ لە ناسنامەماندا هەر ئەمەیە. ئیتر دەبێت بە ڕەخنە و ڕەخنەدانێکی ڕاستەقینە، ڕێبەرایەتیی دامەزراوەیی پەیڕەو بکەین. دەبێت وەک ڕووناکیی، درەوشاوە بین، وەک زانایەک فێرکەر و فێرخواز بین، سەرنجڕاکێش و ئیلهامبەخش بین. دەبێت هەڵەکان تێپەڕێنین. ئەمجارە دەبێت گۆڕانی جەوهەریی و فۆرم بەدی بهێنین. دەبێت هونەریی بوون، کەسایەتیی، ڕووناکیی، جوانیی و لە هەمووی گرنگتر، داهێنەریی، لە ڕاستیی ڕێبەرایەتییدا ڕەنگ بداتەوە، بژین و بیژێنین. ئیتر نابێت پەنا ببەینە بەر بیانوو، بیانووەکان هیچ بەهایەکیان نییە. سەردەم، ئەو سەردەمەیە کە مافی خۆیان بدەینەوە بە شتەکان.
یەکێک لەو بابەتانەی ڕێبەرایەتیی زۆر تووڕە دەکات، درکنەکردنە بە ڕۆڵ و ئەرکەکان. درکنەکردن بە ڕۆڵە مێژووییەکان زیانی گەورەی داوە و دەدات. وەها ڕەفتار دەکەین کە وەک بڵێی دۆڕان و شکست قەدەری ئێمە بێت و پێی ڕازیی دەبین. سەیرەکە لەوەدایە دەمانەوێت ڕێبەرایەتییش تووشی شکست بکەین. جۆرێک لە ڕازیبوون بە شکستێکی قووڵ لە ئارادایە. لە کاتێکدا ڕێبەرایەتیی ئەم شکستەی ناو مێژوو و کەسایەتیی کوردیی، گۆڕیوە بۆ خولیایەکی قووڵی سەرکەوتن. ئەمە قورسە، بەڵام قەدەری کوێر و شکستخواردوویی لەناو دەبات.
‘ئایا کەسێک کە گوتار و کرداری جیاواز بێت، دەتوانێت ڕێزی بۆ خۆی هەبێت؟’
لایەنێکی تری سەرنجڕاکێش ئەوەیە؛ ئاستێکی یەکجار زۆری زانیاریی و مەعریفە گەشەی سەندووە. لە لایەکی ترەوە مرۆڤ سەرسام دەبێت. ئەم هەموو زانیاریی و هێزی شرۆڤەکردن و دەستنیشانکردنە هەیە، بەڵام بۆچی لە سیاسەتی کردەییدا ڕەنگ ناداتەوە؟ ئێمە هێشتا لە تاقیکردنەوەی “پراکتیک-سیاسەت”ـدا دەردەچین. ڕاستییەکەی ئەمە پەیوەندی بە پرسی ڕێزلەخۆگرتنەوە هەیە. ڕێزداربوون واتە یەکبوونی گوتار، جەوهەر و کردار. ئایا کەسێک کە گوتار و کرداری جیاواز بێت، دەتوانێت ڕێزی بۆ خۆی هەبێت؟ ئایا دەتوانێت ببێتە کەسێکی ڕێزدار و شکۆدار؟ مادام ئەم هەموو هۆشیارییە هەیە، بۆچی بیناکردنێکی هاوسەنگ لە ئارادا نییە؟ کەواتە دەکرێ ئەمە بگوترێت. ڕاستییەکەی ئەو هۆشیارییەی گەشەی سەندووە، هەرس نەکراوە و نەکراوەتە بەشێک لە کەسایەتیی. بە لاساییکردنەوەیەکی ڕووکەشانە، کەسایەتییە کلاسیک و خۆدزەرەوە دەشاردرێتەوە و پەردەپۆش دەکرێت.
ئەگەر هۆشیاریی و گوتار نەبنە کردار، ئەوا دووڕووییەکی گەورە لە ئارادایە. بەم هەموو زانیارییە تەنیا خۆمان دەشارینەوە. کەسایەتیی کلاسیک بەم شێوەیە بەردەوامە و وەک بڵێی بە ماسکی “هەمووشتزانین”ـەوە دووبارە سەری هەڵداوەتەوە. ئەمە ئەو کەسایەتییە کوردە کلاسیکەیە وا ناتوانێت بەرانبەر خۆی تێ بکۆشێت. ئەو کەسایەتییەی ناتوانێت لە ناو خۆیدا کوردی ئازاد بخوڵقێنێت. کوردی ئازاد پێش هەموو شتێک ئەو کەسەیە کە دژی کەموکوڕییەکانی خۆی تێدەکۆشێت. ئەو کەسەی نەتوانێت دژی خۆی تێ بکۆشێت، ناتوانێت دژی دەرەوەش تێ بکۆشێت. ئەوەی نەتوانێت خۆی بنیاد بنێت، ناتوانێت کۆمەڵگە بنیاد بنێت. ئەم کەسایەتییە بووەتە گرێکوێرە، دیل و شکستخواردووە. لە مرۆڤی دیل و شکستخواردووش، بنیادنەر دەرناچێت. بنیادنەر، کەسایەتییەکی ئازاد و سەرکەوتووە.
بۆ ئەوەی گوتار، جەوهەر و کردار ببنە یەک، هەموو شتێک پێشکەش کراوە. وەڵامی ئەوە دراوەتەوە کە چۆن دەبیتە کەسایەتییەکی شکۆدار؟ بە تەواویی نیشان دراوە خۆناسین واتە خوڵقاندن، ئەمەش پەیوەندیی بە کەسایەتیی خاوەن ناسنامەی ئەخلاقی-سیاسییەوە هەیە. هەر کەسێک بیەوێت ببێتە کەسێکی ڕێزدار، ئەوەی پێویستە ئەنجامی دەدات. کورد دەبێت لە پرسی نکۆڵیی لە بوونی خۆیدا، تاوان و کەموکوڕییەکانی خۆیشی ببینێت. چونکە کورد لە خۆی هەڵدێت. ڕەنگە قورس بێت، بەڵام ڕێز لە خۆی ناگرێت. کەسێک لە خۆی هەڵبێت و ڕێزی بۆ خۆی نەبێت، کەس قەبووڵی ناکات و ڕێزی لێ ناگیرێت. لەبەر ئەوەی ویژدان و دڵ ئەم جۆرە کوردەی قەبووڵ نەدەکرد، دەست کرا بە بنیادنانی کوردی ئازاد. هەر بۆیە بەم بنیادنانە گوترا: ئەو کوردەی لە خۆی ڕاناکات، ڕێز لە خۆی دەگرێت و خاوەنی شکۆیە. تێکۆشانی کەرامەت، بوون و ناسنامە هەر ئەمەیە.
‘بۆ یەکەمجار لە مێژوودا دەلاقەیەک لەبەردەم کورددا کراوەتەوە’
هێزە هەژموونخواز و قەوارەپارێزەکان دەیانەوێت لە سەدەکانی داهاتووشدا کورد دۆڕاو بێت. بەڵام هەلی کوردی ئازاد بەرانبەر بەم هێزانە زۆر بەرزە. لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست “ڕێگەی سێیەم”ـی کردووەتەوە. ژیانی ئازاد لەسەر بنەمای قەوارەخوازیی و پشتبەستن بە هێزی دەرەکیی بەدی نایات. ئێستا دینامیکی ئازادیی کورد بوونی هەیە و لەسەر ئەم بنەمایە “ستراتیژیی دیموکراتییانەی کورد” گەشەی سەندووە. واقیعییە ئەگەر بڵێین ئەم سەردەمە، “سەردەمی ئەقڵی ستراتیژیی”ـیە بۆ کورد. بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ڕێگە لەبەردەم کورد کراوەتەوە. هەموو پرسەکە ئەوەیە ئەمە لە پراکتیک-سیاسەتدا بە شێوەیەکی داهێنەرانە بەکار بهێنرێت. دینامیکێکی بەرهەمهێنەر درووست بووە. هەروەک چۆن لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا شۆڕشی ڕووسیا و لە جەنگی جیهانیی دووەمدا شۆڕشەکانی چین و ڤێتنام گەشەیان سەند، لە جەنگی جیهانیی سێیەمیشدا “شۆڕشی کۆمەڵگە/نەتەوەی دیموکراتیی کورد” بەدی دێت. شۆڕشەکانی دیکە دەوڵەت-نەتەوەخواز بوون و تێکەڵی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بوون، بەڵام شۆڕشی کورد دژە دەوڵەت-نەتەوەیە. هەر بۆیە هێزە هەژموونخواز و قەوارەپارێزەکان بە هەموو هێزیانەوە هەوڵی ڕێگریی دەدەن. بەڵام ئەگەر پێداویستییەکانی ئەقڵی ستراتیژیی کورد لە پراکتیک-سیاسەتدا جێبەجێ بکرێن، هیچ هێزێک ناتوانێت ڕێگریی لێ بکات. تەنیا ڕێگر لەوانەیە خۆمان بین. بۆیە دەبێت ببینە خاوەن ئیرادەی سیاسیی پراکتیکیی و هێزی جەوهەریی. ئەگەرنا، ئەم کەسایەتییانەی ئێستامان دەبنە هۆی دۆڕانی ئەم هەلە مێژووییە.
شۆڕشی کورد لە گەرمەی شەڕی سێیەمی جیهانییدا
شەڕی سێیەمی جیهانیی ڕۆژبەڕۆژ چڕتر دەبێتەوە. ئەمە شەڕی سەپاندنی هەژموون (باڵادەستییە)ـیە. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی لەدەست نەدات، پەرە بە جۆرێکی نوێی شەڕ دەدات. چین کە سۆسیالیزم و کاپیتاڵیزمی پێکەوە گرێ داوە، لەم شەڕەدا نوێنەرایەتیی جەمسەرەکەی تری هەژموونگەرایی دەکات.
شەڕی سارد لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا کۆتایی هات و نیولیبراڵیزم سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام ئێستا خودی نیولیبراڵیزم لە قەیراندایە. شەڕ وەک ڕێگەیەک بۆ چارەسەری ئەم قەیرانە بەکار دەهێنرێت. کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی لە دەوروبەری ئێران وەک کلیلی یەکلاکەرەوەی ئەم شەڕە دەبینرێت. ئەگەر ئەمریکا بتوانێت ئێران لە چین داببڕێت و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئەوا دەتوانێت تەمەنی هەژموونی خۆی ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵی تر درێژ بکاتەوە. هەروەک چۆن ڕێگریی لە ڕووسیا کرا لە ئۆکرانیا، دەیانەوێت بە هەمان شێوە لە ئێران ڕێگریی لە چین بکەن.
کورد چی دەکات؟
بۆ کورد، شەڕی سێیەمی جیهانیی چارەنووسسازە. لە شەڕی یەکەمی جیهانییدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕووی دا، لە شەڕی دووەمدا شۆڕشەکانی وەک چین و ڤێتنام بەرپا بوون. لە هەلومەرجەکانی شەڕی سێیەمی جیهانیشدا، شۆڕشی کورد لە ئارادایە. بێگومان شۆڕشی کورد لەوانی تر جیاوازە. ئەمە “شۆڕشێکی پۆزەتیڤە”، چونکە ئامانجەکەی ڕووخاندنی دەوڵەت و درووستکردنی دەوڵەتێکی نوێ نییە، بەڵکوو بنیادنانی کۆمەڵگە و نەتەوەیەکی دیموکراتییە لەسەر بنەمای کۆمۆنەکان.
تایبەتمەندییەکی تری ئەم شۆڕشە ئەوەیە کە هەم دژی قەوارەپارێزیی (دۆخی باو) و هەم دژی هەژموونی ئەمریکا و هێزە دەرەکییەکانە. نە قەوارەپارێزیی پێ پەسەندە و نە هەژموونخوازیی. هەر بەهۆی ئەم خەسڵەتەیەوە بوو کە لە ڕۆژئاڤا لە ڕێگەی “دووەمین ١٥ی شوبات[1] ” کرایە ئامانج.
وانەکانی ڕۆژئاڤا
ئیرادەی ئازاد و هێڵی سەربەخۆ، جەوهەری شۆڕشی پۆزەتیڤن. ئەوەی لە ڕۆژئاڤا جێبەجێ کرا، ڕێک ئەم جەوهەرە بوو. بەڵام وەک دیارە، زۆر زێدەڕۆ پشت بە هێزە هەژموونخوازەکان بەسترا. پەیوەندییە تاکتیکییەکان گۆڕدران بۆ پەیوەندییەکی وابەستە. فەلسەفەی “دڕکی گوڵ”[2] و “ڕێگەی سێیەم”[3] یان جێبەجێ نەکران، یان زۆر بە کەمی کاریان پێ کرا. لە کاتێکدا دەزانرا هێزە هەژموونخوازەکان ستراتیژیی خۆیان دەسەپێنن.
دەبێت وانەی ڕاستەقینە لەو دە ڕۆژە هەژێنەرەی لە سەرەتای ساڵی نوێدا بەسەر کورددا هات، وەربگیرێت. ڕۆڵی هێزە هەژموونخوازەکان و هاوکارە هەرێمییەکانیان دیارە، بەڵام دەزانین کە هەمیشە داینامیکی ناوخۆیی بڕیاردەرە. ئیرادەی ئازاد و هێزی خۆیی هەمیشە سەرکەوتوو بووە. لەسەر ئەم بنەمایە، دەبێت پرسیار و ڕەخنە لە ناوخۆدا بێت، ئایا ژیانی شۆڕشگێڕیی بووە بنەما، یان کۆنفۆرمیزم (خۆگونجاندن لەگەڵ دۆخەکە بۆ ئاسوودەیی)؟ بردنەوە یان دۆڕان لە شێوازی ژیانەوە دەست پێ دەکات. بەداخەوە کۆنفۆرمیزم لە هەموو شوێنێک پەرەی سەندووە و خەریکە ژیانی کۆمۆناڵیی پشتگوێ دەخرێت.
کێشەی سەرەکیی کورد ئەوەیە کە کاتێک دەرفەت و ئیمکاناتی باش درووست دەبێت، لادانەکان ڕوو دەدەن. ئەمە لە کەسایەتیی کلاسیکی کوردییەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەگەر گۆڕانکاریی لە زهنییەت و کەسایەتییدا ڕوو نەدات، کەسایەتییە کلاسیکەکە سەر هەڵدەداتەوە. ئێستا سەردەمی “ئەقڵی ستراتیژیی” بۆ کورد دەستی پێ کردووە، بەڵام ئەو کەسایەتییە ستراتیژییەی ئەم ئەقڵە بخاتە گەڕ، هێشتا لای ئێمە گەشەی نەکردووە.
زۆربەی کات درووشم و نووسینی بێناوەڕۆک جێگەی کرداری گرتووەتەوە. هەمووان باسی چەمکەکانی ئەقڵی ستراتیژیی دەکەن و نووسینەکان سەرنجڕاکێشن، بەڵام کاتێک دێتە سەر شێوازی ژیان، پەیوەندییەکان و سیاسەتی کردەیی، دەبینین بنەماڵەگەرێتیی، نەریتی کۆن و دەوڵەتخوازیی زاڵن. بۆچی ئەم مەودا گەورەیە لە نێوان تیۆر و پراکتیکدا هەیە؟ جێگەی سەرنجە یان هەموومان زۆر لە خۆمان ڕازیین، یان هەموو بەرپرسیارێتییەکە دەخەینە ئەستۆی کەسانی تر.
بۆچی لە گۆڕەکە نایەینە دەرێ؟
جارێکی تریش دەرکەوتەوە کە هێزە هەژموونخوازەکان و هاوکارەکانیان، هەر کاتێک هەلێکیان بۆ بڕەخسێت، دەیانەوێت کورد دووبارە لە گۆڕ بنێنەوە. ڕاستییەکەی ئەو گۆڕە درزی تێ بووە، بەڵام کورد هێشتا لە نێو گۆڕستانەکەدایە. بوون و ناسنامە هێشتا ئازادییان بەدەست نەهێناوە. سەرەڕای ئەوەی ڕاستییەکە ئەمەیە، بەڵام کورد هێشتا بە دوای خەیاڵی خاوەوەیە و خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت. پێم وانییە لە جیهاندا گەلێکی تر هەبێت هێندەی کورد خۆی بخەڵەتێنێت. گۆڕەکە شەق بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هێشتا لە گۆڕستانەکە ناهاتووینەتە دەرێ، هەر ساتێک بێت ئەگەری ئەوە هەیە دووبارە بنێژرێینەوە.
سەرەڕای هەموو کەموکوڕییە پراکتیکی سیاسییەکان، داینامیکێکی کوردی درووست بووە. زۆرێک لە لایەنەکان بە پشتبەستن بە ڕووداوەکانی ڕۆژئاڤا، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هێزی بزوێنەری کورد گورزێکی ستراتیژیی بەرکەوتووە. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەی گورزی بەرکەوتووە، لیبراڵیزمی ڕاستڕەو و کۆنفۆرمیزمە. داینامیکی کوردیی گورزی ستراتیژیی بەرنەکەوتووە، بە پێچەوانەوە لە قووڵاییەوە جووڵاوە و ڕێگریی لە قڕکردن کراوە.
ئەگەر ئەمجارە “ئەقڵی ستراتیژیی کورد” جێبەجێ بکرێت و بنیادنانی “کۆمەڵگە/نەتەوەی دیموکراتیی” بە واتایەکی ڕاستەقینە بێتە دی، ئەوا دەرفەتێکی گەورە دێتە پێش. ئەم دەرفەتە خوڵقاوە، ئێمە دەزانین دەکرێت لە بچووکترین دەرفەتەوە گۆڕانکاریی گەورە بخوڵقێنرێت. بەڵام با لەبیرمان نەچێت، سیاسەت لەسەر خاکی کوردان هەمیشە لە لێواری هەڵدێردا پراوە کراوە. بۆ ئەوەی لەم هەڵدێرەدا هەڵنەخلیسکێین، ئەوا دەبێت ئەقڵی ستراتیژیی کورد بە درووستیی هەرس بکرێت، ئەگەر نا، هەڵخلیسکان بۆ نێو قووڵایی هەڵدێرەکە کارێکی زۆر ئاسان دەبێت.
[1] ئاماژەیە بە لێدوانێکی ڕێبەر ئۆجالان کاتێ گوتی؛ ئەوەی لە سەرەتای ٢٠٢٦ لە ڕۆژئاڤا ڕووی دا، پیلانگێڕیی دووەمی ١٥ شوباتە. یەکەمین ١٥ـی شوبات ١٩٩٩ بە دیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی نێودەوڵەتییدا ئەنجامگیر بوو، ٢٧ ساڵە لە ئەنجامی ئەو پیلانگێڕییەوە لە زیندانی ئیمرالی دەستبەسەرە.
[2] دڕکی گوڵ بەشێکە لە “تیۆری گوڵ”ـی ڕێبەر ئۆجالان کە ئاماژە بە جوانیی گوڵ دەکات، بەڵام بۆ خۆپاراستنی دڕکی هەیە.
[3] ڕێگەی سێیەم بنەڕيتییترین ڕێبازی فەلسەفیی، سیاسیی و پراکتیکیی و بیرکردنەوەی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستانە لە چارەسەرکردنی پرسە سیاسییەکاندا، جا بەرانبەر ڕێگەی یەکەمی هێزە هەژموونگەراکان و ڕێی دووەمی هێزە هەرێمییەکان، ڕێی سێیەم هەڵدەبژێرین و پشت بە هیچ کامێکیان نابەستێت، بەڵکوو پشت بە هێز، ئیرادە و وزە و خۆڕێکخستنی کۆمەڵگە دەبەستێت.



