Uncategorizedگوتار

داخۆ ئیمپریالیستێکی باش لەگۆڕێیە؟

خوێندنەوەیەک بۆ پەیوەندی سەرمایەداری و جەنگ لە دیدی نیڵس ئەندرسۆن و تێزەکانی ڕێبەر ئۆجالان.

جەبار ئەحمەد

 

داخۆ ئیمپریالیستێکی باش لەگۆڕێیە؟ نیڵسن ئەندرسۆن و ئۆجالان و بەشداریی مێژوویی

سیستەمى سەرمایەداریی و دەوڵەتانى سەرمایەداریی وەک هۆکار و سەرچاوەى زۆرینەى کێشەکانى جیهان و مرۆڤایەتیی دەبیندرێن، درێژکردنەوە و بەردەوامیى کۆیلایەتیی، بەڵام بە فۆرمێکى تر، بە تایبەت کۆیلەکردنى ژنان و بەکاڵاکردنیان و نرخ لەسەر دانانیان لە بازاڕەکاندا، دەوڵەت-نەتەوە و ململانێ ئایینیى و مەزهەبییەکان لە ئێستادا، وەک سووتەمەنیى بۆ ژیان و مانەوەى سیستەمى سەرمایەداریی کار دەکەن، جەنگ و کوشتارە زۆر و دڕندانەکان لەژێر ناوی جیاجیا و بە پاساوى جۆراو جۆرەوە، ویرانکرنى ژینگە و چەندان دەرکەوتەى ترسناکى کۆمەڵایەتیی، وایان کردووە سەرمایەداریی ببێتە دڕندەترین سیستەم، هەندێک لە بیرمەندان سەرمایەداریی و سیستەم وەک یەک یان وەک هەمان شت دەبینن، بۆ نموونە لە ماوەکانى پێشوودا و لە نووسینێکدا هەڵوەستەمان سەبارەت بەو تێزەى جۆن هاڵوەى کردبوو، هاڵوەى پێی وابوو سەرمایەداریی خودى سیستەمە، بۆیە لە جیاتى سیستەمى سەرمایەداریی، تەنیا وشەى سیستەم بەکار دەهێنێت، مەبەستیشی لەو بەکارهێنانە ئەوەبوو کە سەرمایەداریی دەستی خستووەتە هەموو شت و شوێنێک، ئەوەى پێویستە بۆ ڕزگاریى لە هەمبەر سەرمایەداریی، درووستکردن و گەشەپێدانى درزەکانى سیستەمە، دەرەسیستەم لە ناوخۆی سیستەمەوە. یاخود هەندێک لە بیرمەندان سەرمایەداریی و جەنگ وەک هەمان شت دەبیین، لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لە سەر دیدگاى بیرمەندێک هەڵوەستە بکەین کە پێی وایە سەرمایەداریی و جەنگ هەمان شتن، بە واتایەکى تر سەرمایەداریی خودى جەنگە، ئەو بیرمەندەش نووسەرى سویسریی – فەڕەنسیی و بە ڕەگەز سویدیى (فریدریک نیڵس ئەندرسۆن)( Frédéric Nils Andersson)ـە.

نیڵس ئەندرسۆن بە بۆچوونەکانى دژى داگیرکارییەکانى سەرمایەداریی و بەرگریی لە مافی چەوساوەکان ناسراوە، بۆیە لە هەر جەنگێکى دەوڵەتانى سەرمایەدارییدا، بەرگریی لە نەتەوە و دەوڵەتە داگیرکراوەکان دەکات، گرنگترین بیرۆکەکانی ئەندرسۆن بریتین لە: – ئەنتى کۆڵۆنیالیزم (Anti-colonialism)، دژایەتیی بەرانبەر بە دەوڵەتگەریی و داگیرکاریی، ئەندرسۆن بە توندیی دژایەتیی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمى کردوە و بەهۆی پشتگیریی لە شەڕی سەربەخۆیی جەزائیر و ڤێتنام، لە ساڵی ١٩٦٦ لە سویسرا دەرکراوە. هەروەها یەکێکى تر لە دیدگاکانى بریتییە لە شیکردنەوەى سەرمایەداریی و پەیوەندی بە جەنگەوە، بڕوای وایە سەرمایەداریی بە شێوەیەکی بنەڕەتیی پەیوەندیی بە جەنگ و توندوتیژییەوە هەیە. ئەمەشی بە وردیی لە کتێبەکەیدا بە ناوی سەرمایەداریی خودی جەنگە، ڕوون کردووەتەوە. ڕەخنە لە دیموکراسییە ڕۆژئاواییەکان و قەیرانی دامەزراوەیی دەگرێت، ئەندرسۆن پێی وایە وڵاتانی ڕۆژئاوا تووشی قەیرانێکی قووڵی دامەزراوەیی بوون، ئەویش بەهۆی دەستێوەردانی کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان و لاوازبوونی ڕۆڵی دەوڵەت. گواستنەوەی ناوەندی هێزی جیهانیی بەرەو ئاسیا، ئەندرسۆن پێشبینی ئەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٥٠، ناوەندی ئابووریی و سیاسیی جیهان لە ئەورووپا و ئەمریکاوە دەگۆڕێت بۆ کیشوەرى ئاسیا و بە تایبەت بۆ چین و هیندستان. پشتگیریی لە بزووتنەوە ئازادیخوازە سۆسیالیستییەکان، ئەندرسۆن لە ژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی ماوتسی تۆنگدا، پشتیوانیی لە شۆڕشی چین و بزووتنەوەکانی دیکەی دژی ئیمپریالیزم کردووە. ئەمەش ئەندرسۆن وەک بیرمەندێکی دژەسەرمایەداریی و دژەئیمپریالیزم وێنا دەکات، کە پشتگیریی لە گۆڕانکاریی جیهانیی بەرەو دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی و هاوسەنگیی لە هێزدا دەکات، ئەم گۆڕان و وەرچەرخانەش لەمیانەى بەدیهێنانى سۆشیالیزم و بەرەنگاریى لە هەمبەر سەرمایەداریی و بە تایبەت سەرمایەدارییی ئیمپریالییدا دەبینێت.

سەرمایەداریی خودی جەنگە(Le capitalisme c’est la guerre)کە بە ( Capitalism Means War ) وەرگێڕدراوە بۆ زمانی ئینگلیزیی و دەزگای(Terrasses)  لە ساڵی ۲۰۲۱ چاپ و بڵاو کردووەتەوە، یەکێکە لە دیارترین کتێبەکانى ئەندرسۆن، کە وەک شیکارییەکی ورد و ڕەخنەگرانە لە سەرمایەداریی گوزراشت دەکرێت، بەو پێیەى سرووشتی یەکەمی سەرمایەداریی بە سرووشتى جەنگ پێناسە دەکات. تێزی سەرەکیی لەو کتێبەدا ئەوەیە کە جەنگ ڕووداو و قۆناغێکى تێپەڕ نییە، بەڵکوو خاڵێکی جیانەکراوە و بنچینەیی دڵی سیستەمی سەرمایەدارییە. واتە سەرمایەداریی بە شێوەیەکی ناوەکیی و پێویست بەرەو جەنگ دەڕوات. بە واتایەکی تر جەنگ لە ناخی سەرمایەدارییدا هەڵکەوتووە و هەر خودى جەوهەرى سەرمایەدارییە. بەپێی شیکارییەکەی ئەندرسۆن، سرووشتی سەرمایەداریی، سرووشتێکى  پێشبڕکێکارى و قازانجخوازانەیە، سەرمایەداریی سیستەمێکە لەسەر پێشبڕکێ و تینووێتیی بێبڕانەوەی قازانج دامەزراوە. ئەم سرووشتەى وادەکات جێگەیەکی زۆر کەم بۆ هاوکاریی یەکسان و پێکهاتنی تواناکان و پڕۆژەکانی پێویستی ڕاستەقینەی خەڵک دەستەبەر بکات، لەجیاتی ئەوە، خواست و ئارەزووەکانى بەرەو فراوانبوون و پێشبڕکێ لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەبات، بۆیە هەموو جووڵەیەکى سەرمایەداریی جووڵەى داگیرکارانە و لەپێناو قازانج و دەستکەوتە، نەوەک بڵاوکردنەوەى ئازادیی و پاراستنى مافەکانى مرۆڤ و چەسپاندنى دیموکراتیى.

بۆ ڕاستاندنى ئەو بۆچونەش ئەندرسۆن لە کتێبەکەیدا بە شێوەیەکی سەرەکیی سەیری جیهانی دوای جەنگی سارد دەکات، بە تایبەت سەردەمی پاش ڕووخانی دیواری بەرلین لە ساڵی ۱۹۸۹ و دەڵێت؛ لە کاتێکدا زۆرێک لە نووسەران و بیرمەندان پێیان وابوو ڕووخانی یەکێتیی سۆڤێت دەبێتە هۆی کۆتایی جەنگ و هاتنى سەردەمی ئاشتیی، بەڵام ئەندرسۆن بە ڕوونیی پێچەوانەی ئەمە دەردەخات، و پێی وایە ڕاستییەکە ئەوەیە کە بەهۆی لەناوچوونی بەرەنگاری کۆمۆنیزم، سەرمایەداریی بەبێ بەرەنگار ماوەتەوە و لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەمەش سەرمایەداریی ڕاستەقینە سرووشتی توندوتیژیی خۆی تا دێت زیاتر دەردەخات، ئەمەش بە وتەیەک گوزراشت دەکات کە دەڵێت: (هیچ ئیمپریالیزمێکی چاک بوونی نییە، جیهانێکی سەرمایەداریی هەیە و جەنگ و شەڕانگێزیى لە ناخیدا هەڵگرتووە، وەک هەورێک کە ترشەبارانى هەڵگرتووە)، لەم وتەیەیدا مەبەستییەتى ئەوە ڕوون بکاتەوە کە ڕەوتی توندوتیژیی لە جیهاندا ئەنجامی هەڵە یان سیاسەتی خراپ نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی سرووشتی خودى سیستەمی سەرمایەدارییە.

بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەى شەڕانگێزیی سیستەمى سەرمایەداریی، ئەندرسۆن لە کتێبەکەیدا شەڕی کەنداو (١٩٩٠–١٩٩١) و شەڕەکانی یۆگسلافیا (١٩٩١–١٩٩٩) وەک نموونەی سرووشتی بەربەریەتى سەرمایەداریی دەخاتە ڕوو. ئەندرسۆن شەڕی کەنداو بە (ڕووداوی دامەزرێنەری نەزمى نوێی جیهانیی) پێناسە دەکات، کە تێیدا ئەمریکا خۆی وەک پاسەوانی جیهان دەستنیشان کرد. بەپێی شیکارییەکەی، ئەم شەڕە هەرگیز بۆ دیموکراسیی یان مافەکانی مرۆڤ نەبوو، بەڵکوو شەڕێک بوو بۆ کۆمەڵێک دەستکەوت وەک: کۆنتڕۆڵی سەرچاوە ستراتیژییەکان و پشتیوانی لە بەرژەوەندییە ئابووریی و ژیۆپۆلەتیکییەکانی جیهانی ڕۆژاوا، بە تایبەت نەوت و گازی سرووشتیی. هەروەها شەرعییەتدان بە دەستێوەردان، بە تایبەت دەستێوەردانەکانی دواتر لە ئێراق و بڵاوکردنەوەى دەستەواژەى مافی دەستێوەردانی مرۆیی (وەک نموونەیەکی پڕوپاگەندەیی) کە لە شەڕی کەنداوەوە سەرچاوەی گرتووە.

یەکێکى تر لە نموونەکان بۆ ڕۆحییەتى شەڕخوازانەى سەرمایەداریی بریتییە لە شەڕەکانی یۆگسلافیا، کە ئەندرسۆن وەک ڕووداوێکی بنەڕەتیی بۆ چەمکی (دەستێوەردانی مرۆیی) گوزارشتى دەکات، بەڵام لە بنەمادا شەڕی پشت پەردەی بەرژەوەندییەکان بوو، دەستێوەردانەکانی ناتۆ لە یۆگسلافیا پەردەیەک بوو بۆ ئامانجە ژیۆپۆلەتیکیی و ئابوورییەکانی وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، نەک پاراستنی مافەکانی مرۆڤ. هەروەها پێی وایە کۆمەڵکوژییەکەی سرێبرێنیتسا لە (١٩٩٥) نیشانەیەکی ڕوونی کۆتاییهاتنی شەرعییەتى (دەستێوەردانی مرۆیی) بوو، ئەم کۆمەڵکوژییە و بێتوانایی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕێگریکردن لێی، نیشانی دا کە ئەم ڕەوایەتییە بە شێوەیەکی بەرفراوان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ئیمپریالیستییەکانى هێزە سەرمایەدارەکان بەکار دەهێنرێت. لەلایەکى ترەوە نیشاندانى باڵادەستیی دەسەڵاتی ناتۆ بوو بە سەر نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ئەم قەیرانە بووە هۆی ئەوەی ناتۆ جێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بگرێتەوە و ببێت بە پاسەوانی ئەورووپا، دواتر شەڕی کۆسۆڤۆ (١٩٩٨-١٩٩٩) کە بەبێ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان و تەنیا بە فەرمانی ئەمریکا و ناتۆ ئەنجام درا، وەک ڕاهێنانێکی گشتیی بوو بۆ شەڕەکانی دواتری جۆرج دەبلیو بۆش لە ئێراق و ئەفغانستان، تا دەگات بە ڕفاندنى سەرۆکى فەنزوێلا و پەلاماردانى ئێران لەپێناو خواستى ئیسرائیل لە سەردەمى دووەمى ترەمپدا. ئەم نموونانەش بەڵگەیەکی ڕوونى تێزی ئەندرسۆنن لەمەڕ سەرمایەداریی، کە سەرمایەداریی لەو سەردەمەدا (دوای جەنگی سارد) نەیتوانیوە جیهانێکی ئاشتییانە درووست بکات، بەڵکوو بە بەکارهێنانی دەزگا و ڕەوایەتییە نوێیەکانی وەک نەزمى نوێی جیهانیی و دەستێوەردانی مرۆیی، جەنگی خۆی بە شێوەی نوێ بەردەوامیی پێ داوە.

ئەندرسۆن شەڕەکانی ئەفغانستان و ئێراقیش بە هەمان شێوە وەک نموونەیەکی دیکەى سرووشتی شەڕانگێزیى سەرمایەداریی باس کردووە. ئەم شەڕانە لە ڕوانگەی ئەوەوە ڕێگایەکی تازەی دەستێوەردانی ئیمپریالیستی بوون لەژێر پەردەی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە ئەم شەڕانە، هەرگیز نەبوونە هۆى چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتانە، و تەنها شوێنەواری وێرانکاریی و کوشتار و شەڕی ناوخۆیان بەجێ هێشتووە. بۆ نموونە ئەفغانستان شەڕێک بوو لەسەر ڕێگا ستراتیژییەکان، ئەندرسۆن شەڕی ئەفغانستان وەک بەشێک لە پلانی گەورەتری ژیۆپۆلەتیکیی و ئابووریی ڕۆژئاوا شیکار دەکات، و پێی وایە دەستێوەردانەکە تەنها بۆ ڕووخاندنی تاڵیبان نەبوو، بەڵکوو بۆ دامەزراندنی کۆنترۆڵ بوو لەسەر ڕێگا ستراتیژییەکان و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە.

ئەو پێی وایە شەڕی ئێراق یەکێکە لە ڕوونترین نموونەکانی (سەرمایەداریی جەنگ) چونکە پەردەیەک بوو بۆ ئامانجێکى قێزەونى سەرمایەداریی، ئەویش بریتی بوو لە دەستکەوتنی سەرچاوەکانى وزە، و ئەم شەڕە لەژێر پاساوى چەکی کۆمەڵکوژیی سەدام حسێن و پەیوەندیی بە تیرۆرەوە دەستی پێ کرد، بەڵام ئەندرسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجە ڕاستەقینەکەی پاراستنی بەرژەوەندییە ژیۆپۆلەتیکیی و ئابوورییەکانی جیهانی ڕۆژاوا بوو، بە تایبەت دەستکەوتنى نەوت و گازی سرووشتیی، ئەویش لە ڕێی بەکارهێنانی هەواڵی ساختەوە. دەستێوەردانەکە بە پشتبەستن بە هەواڵ و بەڵگە درۆیینەکان دەستی پێ کرد، ئەمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە بەڵگەیەکە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران هەموو چیرۆکێک بەکار دەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، ئەگەر چیرۆکێکى درۆ و نائەخلاقیش بێت. هەروەها پێی وایە شەڕى ئێراق شەڕێک بوو بۆ بەردەوامیدان بە سیستەمى سەرمایەداریی و ئەم شەڕە نیشانەی ئەوەیە کە سەرمایەداریی بۆ بەردەوامیی خۆی، پێویستی بە فراوانبوون و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکان و سەرچاوەکانى وزە هەیە.

زۆرینەى جەنگەکانى سەرمایەداریی بە ناوى ئازادیی و دیموکراتیی و مافى نەتەوەکانەوە هەڵدەگیرسێن، واتا جۆرێک لە ڕەوایەتیى دادپەروەرانەیان لەلایەن دەوڵەتان و هێزە سەرمایەدارەکانەوە پێ دەدرێت، ئەمەش وا لە ئەندرسۆن دەکات کە ڕەخنەی توند لە هەموو شەڕەکانی دوای جەنگی سارد و بە تایبەت شەڕەکانى کەنداوى یەکەم و دووەم و یۆگسلافیا و ئەفغانستان بگرێت، تەنانەت ڕەخنە لە چەمکی (شەڕی دادپەروەرانە) دەگرێت، بە ڕای ئەم چەشنە جەنگە ئەو پەردەیەکە بۆ ئەنجامدانی دەستێوەردانی ئیمپریالیستیی. بە بۆچونى ئەندرسۆن گوزارشتەکانى وەک دەستێوەردانی مرۆیی (Humanitarian Intervention) یان شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە بەکار دەهێنرێن بۆ ڕووپۆشکردنی ئەو ڕاستییەی وا بەرژەوەندییەکانیان جیاوازە لە پاراستنی ژیانی خەڵک. دەرئەنجامی ئەم شەڕانەش، تەنیا وێرانکاری و ناسەقامگیریی بووە. ئەم شەڕانە وەک شەڕەکانی پێش خۆیان، لە ڕوانگەی ئەندرسۆنەوە بەشێکن لە شەڕی بەردەوامی سەرمایەداریی بۆ پاراستن و فراوانکردنی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا. هەروەتر پێی وایە تا سیستەمی سەرمایەداریی هەبێت، جەنگ و کوشتار بە شێوازە جیاوازەکانییەوە بەردەوام دەبێت.

سەرمەشقی سەرمایەداریی ئیمپریاڵیی لە جیهانى ئێستاکێیدا بریتییە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەندرسۆن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ئیمپریالیزم لەسەر بنەمای هێزی سەربازیی پێناسە دەکات.و پێی وایە ئەمریکا بە شێوەیەکی یەکلایەنە و بە پشت بەستن بە هێزی سەربازیی کار دەکات و ڕێنماییەکانی یاسای نێونەتەوەیی پشتگوێ دەخات. لە کتێبێکدا بە ناوی “International justice and impunity: the case against the United States” (دادپەروەریی نێونەتەوەیی و بێسزایی: دۆسییەیەک دژی ویلایەتە یەکگرتووەکان)، ڕەخنەی توند لەو سیاسەتانە دەگرێت وا یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی وەک بەھانەیەک بۆ دەستێوەردان بەکار دەهێنێت. هەروەها لەم کتێبەدا باس لەوە دەکات کە سیاسەتی یەکلایەنە و ئیمپریالیستیی ئەمریکا بە پشتبەستن بە هێزی سەربازیی، وا دەکات متمانە بە یاسای نێونەتەوەیی نەمێنێت و جیهان بەرەو داهاتوویەک دەچێت کە هیچ ڕێسا و بەهایەک نامێنێت. ڕاستیى ئەم قسەیەى ئەندرسۆن بە تەواویى لە ڕووداوى ڕفاندنى سەرۆکى فەنزوێلادا دەردەکەوێت، ئەوەى دەرهەق بە فەنزوێلا بینیمان، بێدەنگییەکی پڕ لە واتا بوو، بەپێی ئەو تیۆرەى ئەندرسۆن بۆ سەرمایەداریی پێشکەشی کردین، دەتوانین پێشبینیی بکەین کە ململانێکانی ئێستا لە فەنزوێلادا لەلایەن ئەمریکاوە وەک جەنگێکی ئابووریی و سەربازیی دەبینرێت، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنى سەرچاوە ستراتیژییەکانی وەک نەوت. کە دواتریش سەری کێشا بۆ هێرش بۆسەر ئێران.

ئەندرسۆن سەبارەت بە قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە سیاسەتە ئیمپریالیستییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە تایبەت لە ئێراق، سووریا و فەڵەستین، بەشێکن لە پلانێکی گەورەتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی هەر شێوەیەکی سەربەخۆیی. ئەندرسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەیڕەوکردنی سیاسیی و دیموکراسیی لە ناوچەکەدا، لەلایەن هێزە داگیرکەرەکانەوە بەربەست کراوە و لە جیاتی ئەوە چەک بووەتە بەدیلی سیاسەتى دیبلۆماسیی، ئەم دۆخە بە تایبەت بۆ گەلی فەڵەستین و گەلی کورد تراژیدیای درووست کردووە و لە ژێر چەوساندنەوەی ئەم پلانە ئیمپریالیستیانەدا دەژین.

ئەندرسۆن وەک پشتیوانییەکی بەهێز و بەردەوامی مافەکانی کورد،و دیدگاکانى ئۆجالان بۆ پرسی کورد و گەلانى ناوچەکە، دەردەکەوێت، کە گرنگترین دیدگاکانى لەو بوارەدا بریتین لە ڕوانینى بۆ ئۆجالان وەک ڕێبەرێکی مێژوونووس و بیرمەندێکی مەزن و بەرەنگاری سەرمایەداریی، ئەندرسۆن پێی وایە ئۆجالان بەشدار و بێبەش نییە لە مێژوودا، بەڵکوو خۆی مێژوو درووست دەکات، مێژووی گەلی کورد دەنووسێت.

ئۆجالان سۆسیۆلۆژیستی ئازادییە و تێزی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی جێگرەوەیەکی ڕەها بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە پێشکەش دەکات.

ئۆجالان بە (سۆسیۆلۆژیستى ئازادیی) وەسف دەکات و وەک کلیلی چارەسەرى زۆرێک لە قەیرانەکانی ئێستای جیهان دەیبینێت. ئەندرسۆن دۆخى بەندیخانەی ئۆجالان بەو شێوەیە گوزارشت دەکات کە ڕەنگدانەوەی خواستی ڕۆژئاوایە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی کاپیتاڵیزم نەک تەنیا تاوانێکی تاکەکەسیی. هەروەها سیستەمی گۆشەگیریی و ئەشکەنجەدان لە ئیمراڵیی وەک (یاسای سەرمایەداریی) و (شەرم و شورەیی بۆ جیهان) پێناسە دەکات و دەڵێت؛ هەموو بێدەنگێک لە بەرانبەر ئەو تاوانەدا، بەشدارە لە تاوانەکەدا.

ئەندرسۆن گەشەپێدانی بزووتنەوەی کوردیی و وەرچەرخانى سیاسەتى ئۆجالانیی بۆ ڕێگەچارەى ئاشتیی بە شێوەیەکی ئەرێنیی هەڵدەسەنگێنێت و پێی وایە تەڤگەری ئاپۆیی لە ساڵی ١٩٧٨ لە قۆناغی دژەئیمپریالیزمدا درووست بووە، هاوشێوەی بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی تر لە جیهانی سێیەمدا. پێشوازیی و پشتیوانییش لە بانگەوازە مێژووییەکەی ئۆجالان بۆ (ئاشتیی و کۆمەڵگای دیموکراتیی) دەکات. پێی وایە ئۆجالان بە شێوەیەکی ژیرانە و لەسەر بنەمای شیکردنەوەیەکی واقیعبینانە ڕێگایەکی نوێی هەڵبژاردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دیموکراسیی و یاسای نێونەتەوەییدا. لەم ڕوانگەوە ئەندرسۆن داوای چارەسەرێکی سیاسیی و یاسایی بۆ کێشەی کورد دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش ئازادیی ئۆجالان بە مەرجێکی بنەڕەتیی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی ڕاستەقینەى دیموکراسیی و دانوستانى ئاشتیی دەزانێت. هاوکات بە توندیی ڕەخنە لە ناونانى پەکەکە وەک (ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی) دەگرێت و پێی وایە ئەم کارە سووکایەتیی و بێڕێزییە بە گەلی کورد، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پەکەکە تەنها ڕێکخراوێکی چەکداریی نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی داواکردنى مافەکانی کورد دەکات و ڕوانگەیەکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژی هەیە. هەروەها پێی وایە کێشەی کورد بە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیا نییە، بەڵکوو کێشەیەکی جیهانییە و دەبێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە وەک (بابەتێکی گشتگیر) مامەڵەی لەگەڵ بکرێت داننان بە مافەکانى کورد و گەلانى تر بە گرنگ دەزانێت، مافی دیموکراسیی، سیاسیی و کەلتووریی کورد و گەلانى تر پێویستە بە یاسایی و فەرمی لە تورکیا ناسێنراو و پارێزراو بن. بەبێ ناساندنی ئەم مافانە، دیموکراسیی ڕاستەقینە لەو وڵاتەدا دەستەبەر نابێت.

ئەندرسۆن ئەگەرچی بەشێکە لە نەریتی مارکسیستیی و دامەزرێنەری پارتی کۆمۆنیستی سویسرا بووە و ڕێبەرایەتی نەخشەی مارکسیزم – لینینیزم و ماویزمی کردووە. بەڵام ڕەخنەی ئۆجالان لە مارکسیزم بە شێوەیەکی بەرفراوان پەسەند دەکات و پێی وایە؛ زۆربەی ڕەخنەکانی بەجێ و درووستن. واتا ئەندرسۆن خۆی بە شوێنکەوتەی مارکسیزم دەزانێت، بەڵام هاوکات بە ڕەخنەیی مامەڵەی لەگەڵ دەکات، بە تایبەت لە ڕوانگەی ڕەخنەکانی ئۆجالانەوە کە ئاماژەی بەوە کردووە (لیبراڵیزم و دەوڵەت بە شێوەیەکی سەرەکیی وەک چوارچێوەی ئایدۆلۆژیی بنەڕەتیی سەرمایەداریی دەردەکەون) و بە شێکى زۆری تێزەکانى خۆی لە سەر بنەمای ڕوانگە و هزرى ئۆجالان بۆ کۆمەڵگا و مێژوو بنیاد ناوە، ئەو پێی وایە ئۆجالان ڕێگایەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەری قەیرانەکانی سەردەم پێشکەش دەکات. ئەندرسۆن بیرۆکەی (پێکەوەژیانی گەلان) کە ئۆجالان پەرەی پێ داوە، وەک شۆڕشێکی کۆپەرنیکۆسیی (Copernican  Revolution) لە ڕوانگەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیەوە پێناسە دەکات. ئەم بیرۆکەیە لە ڕوانگەی ئەوەوە بەهێزترین وەڵامە بۆ قەیرانەکانی ئێستای جیهان و (شۆڕشێکە بۆ گۆڕینی جیهان). لە ڕوانگەی ئەندرسۆنەوە، جیهان موزاییکێکە لە گەلان، زمان و کەلتوورەکان و ناسینی مافی ئەم گەلانە بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەریی و سەربەخۆیی ڕێگایەکە بۆ درووستکردنی جیهانێکی دادپەروەرانە.

بینینى کۆمەڵگەی دیموکراتیی وەک بەدیلێک بۆ دەوڵەتی نەتەوەیی یەکێکى ترە لە خاڵە جێسەرنجەکان بۆ ئەندرسۆن، بەپێی ڕوانگەی ئەندرسۆن، تێزى کۆنفیدراڵیزمى دیموکراتیی (Democratic Confederalism) جێگرەوەیەکی ڕەها بۆ سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی پێشکەش دەکات و پێکهاتنێکی گونجاوە بۆ جیهانی فرەیی و ڕەنگاوڕەنگ، ئەم مۆدێلە وەڵامێکی سیاسییە بۆ جیاوازیى و ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگە جیهانییەکان، بەوپێیەى جیهان پێکهاتووە لە گەلان و زمان و ئایین و کەلتوورە جیاوازەکان کە هەر یەکەو مێژووی تایبەتی خۆی هەیە. هەرئەمەش ڕێگەیەکى نوێی هەڵبژێردراوى ئۆجالانە بۆ پاراستنی مافەکانی کورد، کە بریتییە لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکرات لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەیییەکاندا، لە جیاتی شەڕی چەکداریی، بۆ ئەمەش نموونەى ئەزموونی ڕۆژاڤامان هەیە، ئەندرسۆن ئەزموونی جێبەجێکردنی ئەم تێزە لە ڕۆژاڤا بە ئەزموونێکی یەکجار گرنگ بۆ مرۆڤایەتیی دەزانێت و پێی وایە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە ناخی هۆشیاری تاکەکانەوە دەست پێ دەکات، نەک تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی سیستەمی ئابوورییەوە.

ئەندرسۆن جەخت لەوە دەکاتەوە هەروەک چۆن ئۆجالان خستویەتییە ڕوو، چارەسەری کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە چارەسەری سیاسی هەیە، لەسەر ئەو بنەمایەش ئەندرسۆن بە شێوەیەکی ڕەخنەیی بەرەوپێشچوونی کێشەکانی ناوچەکە هەڵدەسەنگێنێت، بۆ نموونە شەڕ و توندوتیژیی هەڵدەکشێن، ئەندرسۆن دەڵێت؛ لە ناوچەکەدا شەڕ و ململانێکان هەڵدەکشێن و مەترسیی فراوانبوونی شەڕ هەیە، وەک دەڵێت؛ لە جیاتى ئەوەی سیاسەتی دیموکرات بێتە پێش، چەک بووەتە بەدیلی سیاسەت. بۆ تێپەڕاندنى ئەو دۆخى نائارامەش پێویستە دان بە مافەکانی کورددا بنرێت، بەپێی ڕوانگەی ئەندرسۆن، بەبێ ناساندنی یاسایی مافە دیموکراتیی و سیاسیی و کەلتوورییەکانی کورد، دیموکراسیی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا درووست نابێت. ئەم ناساندنە پێویستە لەلایەن دەوڵەتانی تورکیا، ئێران، سوریا و ئێراقەوە بکرێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکانی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کێشەی ناوچەیی نین، بەڵکوو کێشەی جیهانیین. بۆیە پێویستی بە پاڵپشتیی نێودەوڵەتییە، نەک تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکوو لەلایەن ڕای گشتیی و خەڵکیشەوە.

بابەتەکانی نووسەر
جەبار ئەحمەد
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.