تێکدانی ژینگە لە نێوان ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی و سرووشتی مرۆڤدا
شیکردنەوەیەک بۆ دژایەتییەکانی سیستمی سەرمایەداری بەرانبەر بە ژینگە و چۆنیەتی گەڕانەوە بۆ جەوهەری هەرەوەزیی مرۆڤ.

شیار فەرمان
تێکدانی ژینگە لە نێوان ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی و سرووشتی مرۆڤدا
ژینگە لە پێناسە سادە و ئاساییەکەیدا، بریتییە لەو پانتاییەی کە توخمە زیندوو و نازیندووەکان لەخۆ دەگرێت و هەموویان کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەیە. لەم پێناسەیەوە بۆمان دەردەکەوێت، دەکرێ ژینگە ماڵێکی گەورە بێت یان بچووک، هەروەها بە بوونەوەرەکانی ناوییەوە پێناس دەکرێت. ئەوەی ژینگە دەکاتە ماڵێکی وێران، چالاکییە زێدەڕەوییەکانە و ئەوەی خاوەندارێتیی ئەو چالاکییانە دەکات، مرۆڤە. زۆر جار ڕەخنەگران و خاوەن ئیمتیازەکانی سیستمی سەرمایەداریی، ئەو تێکدانە بە سرووشتی مرۆڤ ناوزەند دەکەن؛ لە کاتێکدا ئەوە سرووشتی ئایدۆلۆژیای سەرمایەدارییە، هەموو شتێک لە سووژە و ڕەسەنایەتیی دادەماڵێت، دەیکات بە ئۆبژە و لە خزمەتی خۆیدا بەکاری دەهێنێت.
مرۆڤ لە نێوان داگیرکاری و پێکەوەژیاندا:
بە چاوخشاندنەوە بە سەردەمی بەردینی نوێدا (چاخی نیۆلۆتیک)ـدا، دەبینین کە مرۆڤەکان لە کۆمەڵگایەکدا بە هەرەوەزیی کاریان کردووە، بەپێی پێویستیی خۆیان سوودیان لە ژینگە بینیوە و بەبێ زیادەڕەویی لە بەکارهێنانیان مامەڵەیان لەگەڵ کردووە. تەنانەت ژن، لە دەرەوەی پێناسە باوەکانی سەردەمی سەرمایەداریی، بوونی خۆی بەیان کردووە، ئابووریی ماڵی بەڕێوە بردووە و سەرپەرشتیی کشتوکاڵی کردووە. ئەم شێوازە ژیانە لەگەڵ برەوی سەرمایەداریی و دەسەڵاتگەراییدا چیتر بوونی نەما. مرۆڤ چیتر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی، ژینگە و کۆمەڵگەی سرووشتیی بەکار نەهێنا، بەڵکوو بەکاری هێنا بۆ قازانجکردن و زیاتر لەوەی پێویستی پێیەتی، ئۆتۆریتە و باڵادەستیی ژنیش لە چوارچێوەی کاری نێوماڵ و بوون بە کاڵادا تەسک کرایەوە. واتە، ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی جەوهەری مرۆڤی لە قاڵب دا و کردەوەی داگیرکارانەی خۆی وەکوو سرووشتی مرۆیی ناوزەند کرد، هەروەها مرۆڤایەتیشی وا تێگەیاند کە دروستبوونی کۆمەڵگایەک بەبێ زیانگەیاندن و قۆرغکردن، بەهەشتێکی مەحاڵە. بە داگیرکردنی ژن و ژینگە بە مەبەستی قازانجی سەرمایەداریی، کۆمەڵگەی سرووشتی و ڕەوتی ژیانیشی لە بارێکی هاوسەنگ و سرووشتییەوە خستە ژێر بارێکی لاسەنگ.
فراوانخوازیی سەرمایەداریی:
کارل مارکس دەڵێت: “ململانێ و کەڵەکەکردن وشە نهێنییەکەیە.” بەم چەمکانەی کارل مارکس، دەتوانین کردارەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایە بەرانبەر بە مرۆڤ و ژینگە شیکار بکەین، ئەویش بۆ کردنەوەی کۆدە ناوەکییەکانی سیستمی سەرمایەداریی و دیاریکردنی ئاستی زێدەڕەوییەکەی.
ئامانجی سەرەکیی سەرمایەداریی قازانجە. ئەو ئامرازانەی دەیگەیەنێت بەو ئامانجە، بریتییە لە داگیرکردن و بەکارهێنانی سامانە سرووشتییە لەبنهاتووەکان، وەک: نەوت، گاز، دارستان و ئاژەڵ. هەموو ئەمانە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکان نییە، بەڵکوو بۆ قازانج و کەڵەکەکردنە؛ دواتر بەکارهێنانی ئەم دەرامەتانە لە کارگەکاندا و پاشانیش بازرگانیکردن پێوەی. لێرەدا سەرمایەداریی بە دووکەڵی کارگەکان زیانی زۆر بە چینی ئۆزۆن دەگەیەنێت، بە دەرهێنانی نەوت لە پاڵاوگەکان، زەوی خاڵی دەکەن لەم دەرامەتە و زووتر لە وادەی خۆی تەواو دەبێت. زۆرترین کرێکاریش لەپێناو کرێیەکی کەم، ژیانی خۆی بۆ ئەم کارە تەرخان دەکات. لەنێو پانتاییەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا، ئەم شێوازە ژیانە بە شێوازێکی شارستانیی و پێشکەوتووانە دادەنرێت و وەک بەشێک لە سرووشتی مرۆیی ناوزەند دەکرێت؛ لە کاتێکدا ژیانی هەرەوەزییانەی کۆمەڵە سەرەتاییەکانی چاخی نیۆلۆتیک، بە ژیانێکی بەربەرییانە دادەنێت بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەم شێوازەی ژیانەی ئێستا کەتوارێکی مێژووکرد نییە، بەڵکوو سرووشتی ڕاستەقینەی مرۆڤە. بەمەش ئایدۆلۆژیایە زەمینەسازیی بۆ درووستکردنی جیهانێکی وێران و مرۆڤانێکی قۆرغکار دەکات.
پرسیارەکە لێرەدایە: ئایا سرووشتی مرۆڤ ڕێگرە لەبەردەم گەیشتن بە کۆمەڵگەی سرووشتیی و لەگەڵ سەرمایەداریی دەگونجێت؟
(جۆن مالینۆ) دەڵێت: “سرووشتی مرۆڤ بەپێی هەلومەرجە کۆمەڵایەتییەکان دەگۆڕێت و لەژێر کاریگەرییەکاندا مامەڵە دەکات.” بۆیە ناتوانین لەژێر ئەم بانگەشەیەدا ڕەوایەتیی بە دڕندایەتیی ئەم ئایدۆلۆژیایە بدەین. مرۆڤە سەرەتاییەکان بە هەرەوەزیی کاریان کردووە، کۆکردنەوە و ڕاووشکاریان کردووە و بە شێوەیەکی یەکسان دابەشیان کردووە؛ زیاد لە پێویستیی خۆیان شتیان بەرهەم نەهێناوە. هەر بۆیە مالینۆ نموونەیەکی بەڵگەدار بۆ ئەم شێوازە ژیانە دەهێنێتەوە کە تا ئێستاش بوونی هەیە. نموونەکەش لێکۆڵینەوەیەکی ئەنترۆپۆلۆژیستی ئەمریکیی (ڕیچارد لی)ـیە کە دەڵێت:
ئەنترۆپۆلۆژیستەکان دەمێکە تێبینیی ئەوەیان کردووە، تاکوو ئێستاش بەشێک لە کۆمەڵگە کۆچەرییەکان بە شێوەیەکی هەرەوەزیی کار دەکەن بۆ پڕکردنەوەی پێویستییە سەرەتاییەکانیان. وەک گرووپی (کونگ) لە بیابانی کالاهاریی، لانیکەم بۆ دە هەزار ساڵ ژیاون و ماونەتەوە، دوو هەفتە جارێک شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگوازنەوە و تەنها پێویستییە گرنگەکان بارگە دەکەن.
ڕیچارد لی وا دەربارەیان دەنووسێت: “دابەشکردن و هاوبەشیکردنی خۆراک بە شێوەیەکی قووڵ لە ڕەفتار و بەهاکانی کۆچەرییەکانی کونگدا ڕەنگی داوەتەوە. وەک چۆن پرەنسیپی قازانجخوازیی سەرەکییە بۆ سەرمایەداریی، بە هەمان شێوەش دابەشکردن خاڵی سەرەکییە بۆ بەشداریی ژیانی کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگە کۆچەرییەکاندا.”
“ئەوەی هەستیاریی بایۆلۆژیی نەبێت، هەستیاریی کۆمەڵایەتیشی نییە.” – عەبدوڵڵا ئۆجالان
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، ژینگە لە دەست ئەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا سەلامەتترە و بە هەناسەیەکی قووڵترەوە دەژیێت. سرووشتی مرۆڤ هەرەوەزییانەیە، سادەیە، بێ قازانجی زۆرە؛ بە پێچەوانەوە سەرمایەداریی، کە هەموو هەوڵی خۆی بەگەڕ دەخات بۆ بەکارهێنانی ژینگە بۆ قازانجی کەمینەیەک.
عەبدوڵڵا ئۆجالان دەڵێت: ”ئەوەی هەستیاریی بایۆلۆژیی نەبێت، هەستیاریی کۆمەڵایەتیشی نییە.” سەرمایەداریی جیا لە ژیانی مرۆڤەکان، ژیانی بوونەوەرانی دیکەش بۆ خزمەتی خۆی بە ئامانج دەگرێت. سامانی ئاژەڵیی بە شێوەیەکی بەرچاو بەکار دەهێنێت، لە کاتێکدا دەتوانێت بەم کارە ژیانی هەزارەها خەڵکی ناوچە هەژارنشینەکان ڕزگار بکات. چێشتخانەیەکی وەک (ماکدۆناڵد) ڕۆژانە بە نزیکەیی پێنج ملیۆن بەرگر دەفرۆشێت؛ بۆ بەدەستهێنانی ئەم هەموو گۆشتە، پێویستی بە سەربڕینی ٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠ مانگایە. ئەمەش تا سەر ناخایەنێت، چونکە ژمارەی مانگاکان لە جیهاندا سنووردارن و دەگاتە ١.٥ بلیۆن مانگا. ئەمە بە ئاشکرا زێدەڕەوییە لە بەکارهێنانی مانگاکان، لە کاتێکدا ملیۆنان مرۆڤ هێشتا بەدەست کێشەی برسێتییەوە دەناڵێنن.
ئەوەی ئۆجالان لێرەدا بانگەشەی بۆ دەکات، سنووردارکردنی ئارەزووی بێکۆتا و چاوچنۆکانەی سەرمایەداریییە بەرانبەر هەموو توخمە زیندووەکانی ژینگە، هەروەها نیشاندانی دەستدرێژییەکانی سەرمایەدارییە بۆ سەر ئاژەڵان و کاریگەرییەکانیەتی بۆ سەر ژیانی مرۆییش. دەبینین کە سەرمایەداریی ئەو هەستیارییەی بەرانبەر بە مرۆڤیش نییە و هیچ ڕێزێکی بۆ پێکەوەژیان و دابەشکردن نییە، بەڵکوو مرۆڤیش وەک ئاژەڵ قوربانییە و لە خزمەتی خۆی بەکاری دەهێنێت. ئەوەی سەرمایەداریی دەربارەی شێوازی ژیان بانگەشەی بۆ دەکات، شێوەژیانێکە و ژینگە و مرۆڤ و بوونەوەرانی دی تێیدا دەبنە قوربانیی و تا ئێستاش مەترسیی لەناوچوون لەسەر جۆرایەتیی بایۆلۆژیی هەیە. لە کاتێکدا هەستیاریی بایۆلۆژیی لە مرۆڤدا، بەکارهێنانی لەڕادەبەدەر سنووردار دەکات و لە چوارچێوەی ژیانی کۆمەڵایەتییشدا دەرفەتی ژیانێکی هاوبەش و بێقازانج دەڕەخسێنێت. ژیان لە نێو ئەم ئایدۆلۆژیایەدا دوورە لە هەر هەستیارییەک جگە لە پارە، بۆیە زیندەوەران و مرۆڤ بەکار دەهێندرێن لەپێناو بڕەپارەیەک کە جگە لە چەند کەسێکی دیاریکراو، هەرگیز کەس سوودی لێ نابینێت.
هەروەها ئۆجەلان دەڵێت: ”ئەوەی ئاژەڵی خۆش نەوێت، مرۆڤیشی خۆش ناوێت.” لە کاتێکدا مرۆڤایەتیی بە درێژایی مێژوو ئاژەڵی ماڵیی هەبووە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی باشی هەبووە؛ هەموو ئەمانە سرووشتی مرۆڤن بەر لە سەرمایەداریی.
دوا بەرگرییەکان لە ژینگە:
لەم سیستمەدا کە وێڕای وێرانکردنی ژینگە، هۆ و میکانیزمەکانی پاراستنیشی لەناو دەبات، ئەو دەستدرێژییانەی سەرمایەداریی بۆ سەر ژینگە، ژینگەپارێزان و ڕێکخراوە ژینگەییەکانیش نیگەران دەکات. بەڵام ئەم نیگەرانییە نایانبەستێتەوە بە خەبات بۆ گەیشتن بە ئەڵتەرناتیڤێک، بەڵکوو تەنها بەرگرییەکی نەرمە بەرانبەر بە داڕمانێکی ڕەها. بۆیە داهاتووی ژینگە لە دەستی ئەم سیستمە خۆیدایە و هیچ نەرمینواندنێکیشی بەرانبەری نییە. سامانە سرووشتییەکان جگە لە ئاو، کاتین و هەمیشەیی نین؛ لەناوبردنیان، گەستنی کلکی مارەکەیە لەلایەن مارەکە خۆیەوە.
لەبەر ئەمانە و زیاتریش، گەڕان بەدوای ئەڵتەرناتیڤێک بۆ جێگەپێچۆڵکردنی، کارێکی شۆڕشگێڕانەیە؛ هەوڵە بۆ هێشتنەوەی ژیان و ژینگە لە میانەی دۆخێکی سەلامەتدا. هەروەها، ڕزگارکردنی چەمکی سرووشتی مرۆڤە لەژێر دەستی سەرمایەداریی و سەربەخۆکردنییەتی، دانانی بەربەستە لەبەردەم دەستدرێژییەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا.



