دەربارەی دۆگماتیزم و مۆدێرنیتە
شیکردنەوەیەک بۆ بنەماکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دۆگماتیزمی زانستی لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە.

مەحموود عەبدوڵڵا
دەربارەی دۆگماتیزم و مۆدێرنیتە
کاتێک دەگوترێت، فڵان شێوازی زهنییەت دۆگماتیکە، ناواقیعییە، یان خەیاڵییە، ئاماژە بە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەکرێت؛ بە نموونە؛ مارکسیزم، سۆسیالیزم، ئیسلامگەرایی. بەڵام ڕاستییەکەی هیچ سیستەمێکی بیرکردنەوە، بەدەر نییە لە دۆگما و وشکەباوەڕیی؛ چونکە هەر ئایدیۆلۆژیا و باوەڕێک، کە دێتە کایەوە، وەڵامی کێشەکانی قۆناغێکی مێژووییە. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی ترەوە میتافیزیک تایبەتمەندیی هزری مرۆڤە، ئەوەی بیریش دەکاتەوە، کاریگەرە بە کۆمەڵگە. بوونی تاکێک لە دەرەوەی کۆمەڵگە، تایبەتمەندییەکی میتافیزیکیی ئایینییە. دەشێت میتافیزیک دابەش بکرێت، بۆ میتافیزیکی باش و خراپ، نەک نکۆڵیی ڕەها، چونکە ئەوەش جۆرە میتافیزیکێکی دیکەیە.
بۆیە بە تێپەڕینی کات کێشەی نوێ لەدایک دەبن، چونکە کۆمەڵگە شێوەیەکی دینامیکی و هەمیشە گۆڕاوی هەیە. بەڵام بە پێچەوانەوە بیروباوەڕ و ئایدیۆلۆژیاکان بەهۆی سنوورداریی مێشکی مرۆڤ ناتوانن وەڵامی کێشەکانی هەموو سەردەمێک بدەنەوە. بەهۆی سنوورداریی مێشکی مرۆڤەوە ئایدیۆلۆژیاکان بە پێشبینییەکانی ئایندە بارگاویی دەبن، ئەویش لەسەر گریمانەی پێشکەوتنی ڕاستەهێڵئاسای کۆمەڵگە.
لەم لایەنەوە هیچ ئایدیۆلۆژیایەک ڕیزپەڕ نییە. لە واقیعی کۆمەڵگەوە دەست پێ دەکەن و بە پێشبینیی کۆتاییان دێت. بۆیە دواجار هەموو بیروباوەڕەکان لە خاڵێکی زەمەنییدا لە جیاتی چارەسەر، دەبنە کێشە. لە جیاتی هۆشیاربوونەوە دەبن بە دۆگم و باوەڕی کوێرانە و توندڕەویی و دواجار پەنابردن بۆ تیۆری پیلانگێڕیی، بۆ دۆزینەوەی شەیتانێک، کە کەموکووڕیی و لاوازییەکانی پێدا هەڵبواسن. لە ئایینەکاندا پیلانی بێباوەڕان و لە سەردەمی مۆدێرنیتەدا دواکەوتوویی، تیرۆر، ئایدیۆلۆژیا و یۆتۆپیا ئەو چەمکانەن بۆ هەر لایەنێک کە باوەڕی بە جیهانی سەرمایەداریی و دەوڵەت-نەتەوە و نیولیبڕالیزم نەبێت، زۆر بەکار دەبرێن. ڕاستییەکەی جەنگی دژە تیرۆری ئەمریکا، ئیفلاسبوونی ئایدیۆلۆژیی مۆدێرنیتەیە. جیاوازیی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لەوەدایە کە ئەگەر لە ئایدیۆلۆژیاکانی تردا کەسێک پیرۆز بێت، لە مۆدێرنیتەدا خودی سیستەم پیرۆزە، پەیڕەویی لە زانستی نوێ پیرۆزە، گوایە هەرگیز کۆنیش نابێت. کاتێک دەڵێن زانست لە جێگەی خودا هاتووەتە سەر عەرش، گوزارشت لەوە دەکات. کاتێک ئۆجالان کۆمەڵناسیی ئەورووپا وەک ئایدیۆلۆژیای سیستەم ناو دەبات، گوزارشت لەوە دەکات کە: کرانەوە فەلسەفییەکانی ئایدیۆلۆگە ئەڵمانییەکان، کۆمەڵناسیی فەڕەنسیی، ئابووری-سیاسیی ئینگلیز، پێکەوە هەوڵ دەدەن ڕەوایی ئایدیۆلۆژیی سیستەم بدۆزنەوە. بۆیە بە ئەندازەی دەسەڵات و کەڵەکەکردن، بەرهەمهێنان، بنیادی مەعریفیی سیستەم لە قەیراندایە. بەبێ ڕەخنەکردنی ئایدیۆلۆگەکانی سیستەم، درک بە پەیڕەوی زانستیی و هەڵەی کۆمەڵناسیی لە شیکردنەوەی سرووشتی کۆمەڵایەتیی ناکرێت.
بیروباوەڕەکان لە ڕووی دۆگماتیکبوونەوە، جیاوازییان لە پلەدایە نەک جۆر. بەڵام بانگەشەی لە جۆری فڵان هزر و شێوازی بیرکردنەوە دۆگماتیک نییە، بۆ خۆی شای دۆگماکانە. ئەوەش پەیوەندیی بە تایبەتمەندیی هزری مرۆڤەوە هەیە، کە میتافیزیکییە. هزری مرۆڤ یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە میتافیزیکییە. لە لایەکی تر مرۆڤ هەمیشە کاریگەرە بەو کۆمەڵگایەی تێیدا دەژیت، بۆیە ناتوانرێت بانگەشەی هزرێکی تاقانە بکەین، وەک شاکارێکی سەرووی کۆمەڵگە، لە بەرهەمە هزرییەکانی هزرمەندانی مۆدێرن بنۆڕین. کاریگەربوونی هزری مرۆڤ بە کۆمەڵگەوە، لەوە زیاترە کە وێنای دەکەین. هەر بۆیە بانگەشەی ڕاستیی ڕەها و کۆتایی، بانگەشەیەکی پێچەوانەی ڕاستیی سرووشتی کۆمەڵایەتییە. کام فەیلەسووفەی بانگەشەی ڕاستیی ڕەها و بێلایەن و سەروسرووشتی کۆمەڵایەتیی دەکات، ناتوانێت لەوە ڕزگاری بێت، کە کەوتووەتە نێو جۆرێکی نوێی میتافیزیک، یان بە گوتەی نیچە: “فەیلەسووف غەریزەی خۆی دەگشتێنێت”.
بە تێپەڕینی کات، ئەو هزرەی دێتە کایەوە، بەرەو دۆگماتیزم دەڕوات، ئەوەش لەبەر ئەوەی چەندەی کات تێپەڕێت، مەودای دووریی نێوان بانگەشە و واقیع ڕوونتر دەبێتەوە. ڕەنگە دوو تایبەتمەندیی وەرچەرخانە هزرییەکان لە ڕوانگەی ئۆجالانەوە ڕۆشنکەرەوە بێت. ئۆجالان پێی وایە هەموو وەرچەرخانە هزرییەکان لە مێژوودا بە دوو قۆناغدا تێدەپەڕن: قۆناغی سەرەتا کراوە و بەمتمانە و گەشبین و دیموکراتیین، بەڵام لە قۆناغی کۆتاییدا ئاستەکانی متمانە و گەشبینیی و کرانەوە و دیموکراسی دەچێتە نزمترین ئاست و دووچاری توندڕەویی دێت. ڕەنگە ئەو شێوازەی بیرکردنەوەی شارستانییەتی سەرمایەداریی و لیبڕالیزم زیندووترین نموونە بێت. چەندەی کات تێدەپەڕێت، سیستەم هار دەبێت. بۆیە ئەوەندەی توندوتیژی ڕەوایی پێ دەبەخشێت، نیوەی ئەوە ڕەوایی ئایدیۆلۆژیی سیستەم نییە. ئەگەر خودی سەرمایەش لەبەرچاو بگرین، ئەوە دەبینین سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕەوایی ئایدیۆلۆژی تەنیا لای کۆمپانیا و ملیاردێرەکان هەیە.
کەم نین ئەوانەی وەک سەلەفیزمی ئایینیی، باسی سەردەمی زێڕینی سەرمایەداریی دەکەن. باسی جەهالەتی پێش سەرمایەداریی و دوای سەرمایەداریی دەکەن! مۆدێرنیتە (تازەگەریی) وەک چەمک لە ڕووی زمانەوانییەوە، تازەیە، بەڵام وەک واقیعی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی ئیتر کۆن بووە، هزری ‘پۆست مۆدێرن’، گوزارشتە لەو ڕاستییە. ئێمە لە پۆست مۆدێرنیزمدا دەژین. بەو مانایە نییە، کە پۆستمۆدێرنیزم شێوازی درووستی هزرە. چونکە بە بڕوای من ئەگەر بە تایبەت باس لە ڕۆژهەڵات بکەین، ڕووبەڕووی تێگەیشتنێکی چەوتی پۆست مۆدێرنیزم بووەتەوە، کە وەک بڵێی بە ڕزگاربوون لە حیکایەتە گەورەکانی مۆدێرنە و ڕۆشنگەریی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پێش مۆدێرنیتە، بۆ ئایین. چونکە هێشتا ئێمە لە ناو هزری زانستی مۆدێرنیتەدا نەژیاوین تا باز بدەین بۆ پۆست مۆدێرنیتە. هەندێک لایەنی ئایینیی وا شیکردنەوەی بۆ دەکەن زانست هەمووی درۆیە، تا ئەو ئاستەی دەکەونە نێو تیۆری پیلانگێڕیی زانستی سرووشتناسیی و دەروونناسییەوە. شۆکی داروین و فرۆید، لەسەر ماهییەتی مرۆڤ، وای لێ کردوون کە بە تێگەیشتنی چەوتی خۆیانەوە، وەک دیارییەک بیبینن کە لە ئاسمانەوە دابەزیوە بۆیان، بۆ گەڕانەوە بۆ خورافە و میتافیزیکی ئایینیی. هەرچی ڕکابەرەکانی ئایینن، نکۆڵیی لە کۆی تایبەتمەندیی ئاییینی دەکەن، دیارە ئەوەش هەڵوێستێکی کوێرانەیە، دەربارەی یادەوەریی کۆمەڵگە.
کاتێک باسی دەوڵەتی مۆدێرن دەکرێت، کە بووەتە خواوەند، لە سەردەمی سەرمایەدارییدا، ئەوانەی خۆیان بە لیبڕاڵ دەزانن، بانگەشەی ئەقڵانییەتی تەواو، ئازادیخوازیی، پێشکەوتن و بەردەوامیی پێشکەوتن، بێ جێگرەوەی سیستەم دەکەن. لەوەش زیاتر بانگەشەی هزرینی سەروو ئایدیۆلۆژیا دەکەن. بەڵام ڕاستییەکەی بە دەست و پێ لە ناو ئایدیۆلۆژیای لیبڕاڵیزمدان. لیبڕاڵیزم بۆخۆی ئایدیۆلۆژیایە، بەڵام بە گوتەی (ڕەیدار لاشۆن)، زیرەکانەترین ئایدیۆلۆژیایە. بۆچی دەڵێین زیرەکانەترین، دەکرێ بڵێین فێڵبازانەترین ئایدیۆلۆژیایە. چونکە وەک ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: لیبڕاڵیزم ئایدیۆلۆژیای چینی بۆرژوایە، سیحربازە. لایەنی نەرێنیی تەواوی هەڵوێستە ئایدیۆلۆژییەکان لە ڕێگەی پێکەوەلکاندنەوە پێشکەش دەکات.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەم، کە لە مێژووی شارستانییەتدا، بیروباوەڕەکان، لە لایەن سەرمایەوە وەگەڕ دەخرێن؛ لە سەرەتای شارستانییەت و دەوڵەتەوە تا دەگاتە سەرهەڵدانی سەرمایەداریی. بۆیە ناکرێت، سەرهەڵدانی بیرمەندە مۆدێرنەکان، ئەوانەی لە دەوری فەلسەفە، سیاسەت، کۆمەڵگە، دەوڵەت، ئابووریی، دەفەلسەفێنن، وەک مرۆڤگەلی سەروو کۆمەڵگە ببینین کە بێبەرین لە هەر چەشنە لایەنگیریی و هەر جۆرە میتافیزیکێک. بەڵکوو ئەوانە تەنیا ڕۆڵی ڕەوایەتیی بە سیستەمێکی نوێ دەبینن، ئەویش لە پێناو ئاواکردنی سیستەمێکی نوێ کە سیستەمی سەرمایەدارییە. درککردن بەو ڕاستییە ئاسان نییە، بەڵام بە بینینی ئەنجامەکانی مۆدێرنیتە، ڕۆژ بە ڕۆژ درک بە بارگاویبوونی فەلسەفەی مۆدێرن، بە پاوان دەکرێت.
وەک ئاماژەم پێ دا، شکاندنی دۆگماکان ئەوەندە ئاسان نییە، چونکە مێشکی مرۆڤ تایبەتمەندیی میتافیزیکی هەیە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ بێ بارگاویبوون بە جۆرێک میتافیزیک ناتوانێت لە ڕۆبۆتبوون ڕزگاری ببێت؛ ئامانجی سەرمایەدارییش بەڕۆبۆتکردن و پێشخستنی ئەقڵی ئامێرییە. ئەگەر تەماشای شارستانییەتی ڕۆژئاوا بکەین، دەبینین لە دۆخێکی وادا دەژین. گەورەیی کەلتووری ماددیی شارستانییەت پێوانەی ڕاستی نییە. تەلارە بەرز و هاژەکە دوورهاوێژەکان و چەکی ناوەکیی، پێوەر نییە بۆ پێشکەوتنخوازیی شارستانیی؛ بەڵکوو پێوەرە بۆ ئاستی چەوساندنەوە و کەڵەکەی سەرمایە و کۆیلایەتیی. ئەگەر کەلتووری ماددیی پێوەر بێت، لەوانەیە شارستانییەتی میسڕی فیرعەونی ‘هەڕەمەکان’ بە لەبەرچاوگرتنی زەمەنیش، گاڵتەی بە تەلارسازیی مۆدێرن بێت. هەرچی لایەنی کەلتووریی مەعنەوییشە، لەوانەیە ئاستی کۆیلایەتیی مرۆڤی هاوچەرخ بە دەست فیرعەونەکانی سەردەمەوە قووڵتر بێت؛ چ وەک توانای پڕوپاگەندە و چ وەک ژمارە، فیرعەونەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەهێزتر و زیاترن، چونکە دەوڵەت-نەتەوە وەک خواوەندی نوێ، لەگەڵ میدیا و سەرمایە زەبەلاحەکەیدا ئەو توانایە مسۆگەر دەکات. کاتێک باسی کۆیلایەتیی دەکەین، باسی بێچارەیی گەلان و کۆمەڵگاکان دەکەین، ئەویش بەرانبەر فیرعەونی سیمبولی ‘دەوڵەت’ کە ڕۆژانە سەد جار دەڵێت؛ من خودام. وەک نیچە دەڵێت: هەزار دەستی هەیە بۆ دزیی، هەزار زمانی هەیە بۆ درۆکردن. دەگوترێت هەر هزرێکی نوێ کە دێتە کایە، دامەزرێنەرانی لەگەڵیدا کەلتووری ماددیی نوێش ئاوا دەکەن. لەوانەیە لە یەکەمین پەرستگای سۆمەرییەکان و تا مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ئەو ڕەوشە بەردەوام بێت، کە سەرمایە و دەسەڵات لە پشت بنیادی مەعریفەن، هەروەها لە پشتی کەلتووری ماددییشەوەن. کەلتووری ماددیی لە تەلارسازییدا بچووک ناکرێتەوە، بەڵام وەک سیمبولی بەرچاوە زەق و ڕەقەکان؛ هەڕەمەکان، تا دەگاتە تەلارسازیی ئایینە ئیبراهیمییەکان و تەلارسازیی مۆدێرن، کەلتووری ماددیی ناوکی شارستانیەتە.
کاریگەریی سیمبولەکانی کەلتووری ماددیی لەسەر زهنییەت و لایەنی مەعنەویی چەندەیە، نازانم، بەڵام پێم وایە چەندە سیمبولەکان گەورە بن، بەو ڕادەیە کاریگەریی بچووککردنەوەی مرۆڤی هەیە. ڕەنگە تەماشاکردنی هەڕەمێک بۆ کەسێکی میسڕیی ڕاستەوخۆ هێزی فیرعەونی نیشان دابێت و هەستکردن بە بچووکیش بەرانبەر خوڵقێنەری سیستەم و تەلارسازییەکەی. ئەمڕۆ بە شێوازێکی ترە، بەڵام لەوانەیە بینینی ئامێرە زەبەلاحەکان و کەشتییەکان، هەمان شت بن. ڕەنگە کاتێک مرۆڤێک لە واشنتۆن لە ژێر بینایەکی هەوربڕ سەری بەرز دەکاتەوە، هەست بە بچووکبوونی خۆی و گەورەیی سیستەم بکات. بەڵام کاتێک لەسەر چیاکانی ئەو ئەورووپایە وەک (نیچە) سەیری شار بکەیت، مێگەلی مۆدێرن دەبینیت.
“چڕبوونەوە و کەڵەکەبوونی دەسەڵات و سەرمایە بە ڕادەیەک گەیشتووە کە نەک تەنیا مرۆڤ، بەڵکو خودی هەسارەکەمان چیتر بەرگەی ناگرێت.”
ئەو کورتە بەراوردە، نیشاندان و بەراوردی ڕەمزییە، لە نێوان کۆیلایەتیی ڕابردوو و مۆدێرن. مەبەستمە بڵێم ئێمە لە چاخی ئازادییدا ناژین، لە نێو گێژاوی سیستەمێکدا دەژین، کە نەک مرۆڤەکان، بەڵکوو توانای کوشتنی خۆیشی پەیدا کردووە. هێشتاش مرۆڤ هەن، لە وەهمی بەڵێنەکانی نیولیبڕاڵیزم و پێشکەوتنی ڕاستیی کۆمەڵگەدا دەژین. لە مۆدێرنیتەیەکدا دەژین، کە چارەنووسی مرۆڤایەتیی بە خۆیەوە گرێ داوە. گەرچی هەموو جووڵەیەکی سیستەم ڕاگەیاندنی ئەو ڕاستییەیە کە دەڵێت: من خودام، هەر من و دوای من تۆفان. چڕبوونەوە و کەڵەکبوونی دەسەڵات و سەرمایە بە ڕادەیەک هاتووە، نەک مرۆڤ، خودی هەسارەکەمان بەرگەی ناگرێت. گەر هەڵە نەبم گوتەی “بۆ یەکەمجار لە سەردەمی مۆدێرنیتەدایە، کە مرۆڤ باکی بە لەناوچوونی ڕەگەزی مرۆڤ نییە” هی نیچەیە. کەواتە ڕاستی وتووە میشێل فۆکۆ کە دەڵێت: “مۆدێرنە مردنی مرۆڤە”.
پەیوەندیی ئەو ڕاستییانە بە ناونیشانی بابەتەکەوە چییە؟
ئایا مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئایدیۆلۆژیاکەی کە لە ئەمڕۆدا نیولیبڕاڵ،یزمە، جگە لە بەردەوامیی شەڕ، فاشیزم، چەوساندنەوە و کەڵەگایی وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە دەرەوەی ئەوانەی گرێدراوی سیستەم، چ واتایەکی بۆ گەلان هەیە؟ ئایا چیتر پێشبینیی داهاتوویەکی باشتر و پاراستنی ئاسایش لە سایەی دەوڵەت، واتایەکی ماوە؟ ئایا یاسا کە هەمیشە پیرۆز دەبینرا، ئەمڕۆ وەک چەکی دەوڵەت نابینرێت بۆ دەستێوەردان و بەکۆیلەکردن؟ ئایا وەهمی “زانست هەموو شتێک دەکات” ئیتر کۆتایی نەهاتووە؟ خودی زانست نەبووەتە کێشە؟ ئەی کە ئەمانە دۆگما نەبن دۆگما چییە؟ ڕەنگە بەری زانست لە سیستەمی سەرمایەداریدا، هێندەی تەواوی مێژوو مرۆڤی قڕ کردبێت. کەواتە ناهاوسەنگیی کەلتووری ماددیی و مەعنەویی شارستانییەتی ئەم ڕۆژگارە و گەیاندنی مرۆڤ بە دۆخی بێچارەیی، پێویستی بە هەڵوێستەکردنە.
نیچە یەکەم فەیلەسووف بوو سەبارەت بە دەوڵەت و مۆدێرنیتە و فاشیزم پێشبینیی کردبوو. چونکە چەمکی پێشکەوتن لای نیچە هەڵەیە؛ هەڵەکە لە کوێدایە؟ سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە پێناو دەوڵەتدا، نەتەوە درووست دەکات، ئەو نەتەوەیەش دەبێت هەمووان ملکەچی بن و سنوورەکانی بپارێزن؛ ئەمە ناوی ئازادییە! لە پێناو یەکڕەنگییدا ژینۆسایدی کەلتووریی دەکات. بە دابڕینی تاک لە یادگەی هاوبەش، بانگەشەی تاکی ئازاد دەکات. بەڵام ئایا تاکگەرایی لێدان نییە لە کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسیی و لاوازکردنی بەرانبەر دەسەڵات و پاوانی تاکی ئازاد بەڵام وەک یەک؛ ڕاستییەکەی مۆدێرنیتە بونیادنانەوەی کۆمەڵگایە بە شێوازی سەرمایەداریی و یەکڕەنگکردنە، چ لە ناوخۆی کۆمەڵگەیەکدا چ لە ئاستی جیهاندا. دوای تێپەڕین بە هەموو پێودانگەکانی سیستەمی دەوڵەت، لە لەدایکبوونەوە تا دەگاتە خوێندنی باڵا، مرۆڤێک درووست دەکرێت کە وا بیر بکاتەوە سیستەم سرووشتییە. ئەمە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ ئەوەی بە قۆناغەکانی مێشکشۆردنەوەدا دەڕوات لە پەیڕەوە ئایینییەکاندا. پڕوپاگەندەی وەک “سەرمایەداریی داهێنەرە” بێبنەمایە؛ سەرمایەداریی داهێنانەکانی قۆستووەتەوە. لە سەردەمی زانستدا سەرمایە لە لایەن سیستەمی پاوانەوە دەخرێتە گەڕ. بەڵام دواتر چی؟ ئایا زانست بەلاڕێدا نەبرا؟ نەخرایە خزمەت دەسەڵات و کەڵەکەکردن؟ ئایا زانست و دەسەڵات بە شێوەیەک تێکەڵ نەبوون، کە دەسەڵات و دەوڵەت لە توانایاندایە مرۆڤایەتیی قڕ بکەن؟ ئازادی لە کوێی ئەو سیستەمەدایە، کە لە پێناو مانەوەی، لە ناوەوە و دەرەوەی کۆمەڵگە لە شەڕدایە و شەڕ دەسەپێنێت؟ گێلێتییە کە پێمان وابێت ئەوەی دەیبینین جگە لە پاوان و دەسەڵات شتێکی ترە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییش بووەتە کۆمەڵگەی مێروولە و ئیتر جگە لە هێز و کەڵەگایی دەوڵەتە سەرمایەدارییەکان، جڵەوی هیچ شتێک لە دەستی گەلانی دنیای بەناو ئازاددا نییە. خۆهەڵواسین بە ناو بیرکردنەوەی زانستیی، هەروەک خۆهەڵواسینە بە گوتەکانی خوداوەند بۆ پەردەپۆشکردنی دۆگماتیزم. ئەوەی لە خەیاڵ و ئەندێشەی بیرمەند و ڕۆشنبیرانی لیبڕاڵدا دەگوزەرێت بە ناوی ‘بێبەدیلی’، ڕاستییەکەی هیچ نییە جگە لە لۆژیکی هێز؛ ڕێگە بە هیچ بیرکردنەوەیەکی تر نادات تەنها لە چوارچێوەی گوتاردا نەبێت بۆ ڕووپۆشی دیموکراسییەت و لیبڕڵیزم. بەڵام لە ئەرزی واقیعدا پاوان و دەسەڵات ئامادەی جەنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شەڕ لەگەڵ هەر ڕکابەرێک. ڕەنگە بگوترێت سۆسیالیزم بە هەمان شێوە بوو، وەک ڕکابەری سیستەم دۆڕا، ئەوەش نیشانەی ڕاستیی سیستەمی سەرمایەدارییە. بەڵام ئەمەش تێنەگەیشتنە لە شیکردنەوەی مێژوویی پاوان و دەسەڵات. چونکە پاوان و دەسەڵات لە مێژوودا هەر بەو چەشنە بوون، فۆرمەکانی دەوڵەت هەرچی بووبن، تەنها لە سەردەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەوڵەتی نەتەوەییدا، هێزی پاوان و دەسەڵات دەگاتە لوتکە. ئێمە باسی سیستەمێک دەکەین کە مێژووی پێنج هەزار ساڵەیە؛ سیستەمی پاوان و دەسەڵات کە لە دژی ئازادیی کۆمەڵگەی ئەخلاقیی و سیاسییە. کاتێک دەگوترێت بەدیلی سیستەم چییە، پرسیارێکی بێ وەڵام نییە؛ بەدیل شارستانیەتی دیموکراتییە. کێشە ڕووخان و ئاواکردنی دەوڵەتێک نییە؛ مێژووی پێنج هەزار ساڵەی مرۆڤایەتیی شتێکە وەک خەڕەک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. چونکە پاوان و دەسەڵات یەک ڕۆژ نەبێت، دەوڵەت هەرەس دەهێنێت. ئەوەی کە یەکێک لە بیرمەندەکان دەڵێت: “دەسەڵات وەک سەرمایە کەڵەکە دەکرێت”، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە.
لیبڕاڵیزم، کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ دا، ڕەنگە ناساندنی وەک ئایدیۆلۆژیای سەرمایەداریی، کە بەردەوام لە ڕێگەی سەریەکخستن (پێکەوەلکاندن) خۆی وەک لەخۆگری ڕاستیی ڕەها نیشان دەدات، بەهێزترین ئایدیۆلۆژیا بێت؛ هاوکات بێبەش نییە لە گەورەترین وەهم و دۆگما بە ناوی زانستەوە. لە خوێندنەوە و شیکردنەوەی کۆمەڵگەدا، هەندێک لە تیۆرەکانی کۆمەڵناسیی دەسەڵات و دەوڵەت لە چیرۆک دەچن؛ لە پێناو ناچارکردنی کۆمەڵگە بۆ بوون بە کۆمەڵگەی سەرمایەداریی نووسراون. نەک وەک پیلانگێڕیی ڕەها بیبینین، بەڵکوو ئەو بیرمەند و فەیلەسووف و کۆمەڵناسانە خۆیان کاریگەریی سیستەمی سەرمایەدارییان لەسەرە و لە ناو ئەو کۆمەڵگایەدا بیر دەکەنەوە؛ ناکرێت شاکارەکانیان وەک ڕاستیی ڕەها ببینین، کە ئەمانە لە سەرووی کۆمەڵگەوە پێشکەشیان کردوون. بە نموونە “پەیمانی کۆمەڵایەتیی” لە گریمانەیەک زیاتر نییە، کە لیبڕاڵەکان وەک زانستی ڕەها چاوی لێ دەکەن. بە پێچەوانەی بانگەشەکان، دۆزینەوەی یاسایەکی ڕەهای ئابووریی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی، هیچ پێشکەشی مرۆڤایەتیی ناکات، جگە لە کردن بە کۆمەڵگەی مێروولە و سەپاندنی فاشیزمی دەوڵەت لە پێناو نەتەوەی یەکڕەنگ و یەک زمان و یەک ئاڵادا، لە ناوخۆ و دەرەوەی کۆمەڵگە. مۆدێرنیتە بووە هۆی ژینۆسایدی کەلتووریی و کوشتنی هەمەڕەنگیی. بە پێچەوانەی بانگەشەکان، لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییدا، دەوڵەتی مۆدێرن هەوڵی وەک یەک لێکردنی تاکەکان دەدات و کۆمەڵگەی یەکڕەنگ درووست دەکات؛ ئەوەی جیاوازە تەنیا حەز و ئارەزووەکانە. چونکە مۆدێرنیتە بەبێ دەوڵەت و تەکنیکەکانی ملکەچکردن (لە زانستەوە تا پۆلیسخانە و یاسا و میدیا و ناوەندە بەرفراوانەکانی پەروەردە) ناتوانێت لە ناوخۆی کۆمەڵگەدا بەردەوام بێت؛ ئەوەش هۆکاری ئەوەیە دژە ئازادیی کۆمەڵگەیە و دەسەپێنرێت. مەیلێکی کۆمەڵایەتیی نییە، هەر بۆیە لە دەرەوەی ئەورووپا سیستەم بەردەوام لە شەڕدا بووە. توندوتیژیی بۆ وەرگرتنی ڕەوایی سیستەم، لە قۆناغی یەکەمدا گەیشتووەتە ئاستی ژینۆساید لە ڕێگەی دەوڵەت-نەتەوە درووستکراوەکانی وەک تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا. ئەمەیە ئایدیۆلۆژیای سەراپاگیر و تۆقێنەری مۆدێرنیتە. لە پێناو سەلماندنی ڕاستیی مۆدێرنیتەدا، شمشێری تاو داوە و سەری گەلان دەپەڕێنێت؛ دەبێت هەمووان سوژدە بۆ خواوەندی نوێی ‘هیگڵ’، دەوڵەت-نەتەوە ببەن. لە ئێستادا لە ڕێگەی نیولیبڕاڵیزم و حکومەتە نۆکەرەکانەوە هەوڵ دەدەن بە سیاسەتی برسیکردن و تەقەشوف، تەواوی کۆمەڵگە بەرەو سەرمایەداریی وەرچەرخێنن. پێش هەر شتێکیش لە ڕێی مێشکشۆردنەوە و ناچارکردنەوە، کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتییەکانیان تەنگەتاو کردووە بۆ کرانەوە بەرەو ڕووی نیولیبڕاڵیزم. بە بۆمبارانکردنی بیستوچوار کاتژمێریی مێشک، دنەدان بۆ تاکگەرایی توندڕەو، خۆپەرەستیی و پارەپەرەستیی و قێزەونکردنی بەهاکانی هاوبەشیی و مرۆڤدۆستی و پێشبڕکێ و دژایەتیی ئایدیۆلۆژیی، گوزارشت لەو هەوڵە دەکەن. دیارە باشووری کوردستان و حکومەتەکەی لە ڕێگەی سیاسەتی بەتایبەتکردن و پاشکۆیەتیی سیستەم، کۆمەڵگەیان خستووەتە دۆخێکی ناچارییەوە. هەڵمەتی پڕوپاگەندەی بەڕۆژئاواییکردن جێگەی باسە. سیاسەتی نیولیبراڵیزم، کە بە تایبەتکردنی کەرتەکانی پەروەردە و تەندرووستیی و هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاریی گشتیی دەگرێتەوە، بەر لە هەر شتێک زەمینەسازیی فیکریی بۆ کرا، ئەویش لە ڕێگەی ئەو ڕۆشنبیر و خۆبەفەیلەسووفزانانەی کە لاساییکردنەوە بە بیرکردنەوەی زانستیی و نائایدیۆلۆژیی بە کۆمەڵگە دەفرۆشنەوە. تەنانەت هەندێک کچەمۆدێلیش لە فەلسەفەلێدان دوودڵ نین!
وەک ئۆجالان دەڵێت: “هەموو بەڵێنێکی نیولیبڕاڵیزم بۆنی دۆزەخی لێ دێت”. یەک نموونەی سادە، کە حکومەت ناوی ناوە پڕۆژەی ‘ڕووناکیی’، بەسە بۆ ئەوەی ئەنجامەکانی نیولیبڕاڵیزم ببینین. بۆیە پێشخستنی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی و ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی نیولیبڕاڵیزم، بە مرۆڤی پڕوپووچ ناکرێت؛ هەر لەبەر ئەوەیە کە نەک لە کوردستان، لە ئاستی جیهاندا، پڕوپووچیی بووەتە سیستەم و سیاسەت مردووە. ئالان دۆنۆ لە ‘سیستەمی پڕوپووچییدا’، ڕەوشی مرۆڤی نائایدیۆلۆژی ڕوون دەکاتەوە؛ لە دێڕێکدا دەڵێت: “پڕوپووچییش هیچی کەمتر نییە لە توانا؛ بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، پێویستە پڕوپووچ بیت”. ئێمە لە چواردەوری دەسەڵات و لەسەر شاشەکان ئەو مرۆڤانە دەبینین کە خاوەنی توانای پڕوپووچبوونن. لە ژێر ناوی ‘دۆگما’، ‘دواکەوتوو’ و ‘خەیاڵیی’ـدا، گاڵتە بە مرۆڤی ڕەسەن و تێکۆشەر دەکەن لە پێناو پاراستنی بەها مرۆییەکاندا. دیارە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی پڕوپووچیی، لێدانە لە ئایدیۆلۆژیا و جووڵانەوە نیشتمانییە ڕەسەنەکان.
لەبەر ئەوە بانگەشەی بابەتیبوون و بیرکردنەوەی زانستیی لە دەرەوەی ئایدیۆلۆژیا، بانگەشەیەکی بێبنەمایە. گوایە ئەو کەسانە تێکشکێنەری دۆگماتیزم و بتشکێنن، بەڵام ڕاستییەکەی بتەکەی خۆیان شای بتەکانە. پەیڕەوی زانستیی مۆدێرن (قسە لەسەر زانستە سرووشتییەکان نییە) بۆ وخۆی ئایدیۆلۆژیایە. یەک ئایدیۆلۆگ نییە، بەڵکوو خاوەنی چەندان ئایدیۆلۆگە. شایەنی باسە کە تێکشکاندنی دۆگماتیزم تەنیا وەرچەرخان نییە لە بیرۆکەیەکەوە بۆ بیرۆکەیەکی تر، بەڵکوو تێکشکاندنی خود و بنیادنانەوەیەتی. کاریگەریی ڕەمەکەکان لەسەر بیرکردنەوە، وەک (جاک لەندەن) دەڵێت: “مرۆڤ ئارەزوو دەکات، ئینجا بیر دەکاتەوە”؛ ئەوە لۆژیکی سەرمایەدارییە. ئۆجالان دەربارەی شەڕی فیکریی، ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕی فیکریی، وەک شەهوەت ڕێگە لە بەردەم دەسەڵاتخوازیی دەکاتەوە. هەر بۆیە ئەو تاکەی خۆی دەخزێنێتە نێو شەڕی فیکریی و بە لایەنێکەوە گرێ دەدرێت، حەزی ناوبانگ و سەرکەوتن و بوون بە تاقە بیرمەند، یەکەم ڕێگریی ڕەمەکیی مرۆڤە لە بەردەم بینینی جیهان وەک ئەوەی هەیە. جارێک فۆکۆ پێشنیازی ئەوەی کردبوو، کە بێ ناونیشانی کەسیی، کتێبەکان و وتارەکان بنووسرێن؛ لە دۆخی ئاوادا ڕەنگە بیرمەندەکانی ئازادیی لە پەنجەی دەست تێنەپەڕن! مەبەستم ئەوەیە کە بانگەشەی سەربەخۆیی هزریی و بابەتیبوون، گرێدراوی بیرکردنەوەیە بە ڕەمەک و گشتاندنی غەریزە. بە کورتیی مرۆڤ بەرهەمی سیستەمە. بۆیە ئەوەی نزیکترە لە ڕاستیی، پێویستە تا ئاستی ڕەمەک گومانی لە دۆگماکانی کردبێت.



