گوتار

کەوتنی دەمامکەکان؛ ‘مردنی مامۆستا عینایەت لە دیدگایەکی ترەوە’

شیکارێکی فیکری بۆ ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایەت؛ کاتێک دەمامکەکانی دەوڵەت-نەتەوە و سەرمایەداری دەردەکەون.

ئازاد شوکر

 

کەوتنی دەمامکەکان

‘مردنی مامۆستا عینایەت لە دیدگایەکی ترەوە’

ئەم خوێندنەوەیە شیکارییەکی هەمەچەشنەی پنتە جیاجیاکانی نێو ئەو پەیامە شاراوانەیە کە  بەختیار عەلی لە دوایین ڕۆمانیدا هەوڵ دەدات بە خوێنەری بگەیەنێت، ڕۆمانی مردنی مامۆستا عینایەت دەشێت لە زۆر ڕووەوە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوەی ئەم وتارە ئامانجێتی، خستنەڕووی پەیامە شاراوەکانی نێو ئەم ڕۆمانە کوردییەیە، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی ئەو پەیامانەیە کە ڕەنگە وامان لێ بکات بە شێوازێکی ڕەخنەییانەتر تەماشای کۆی سسیستەمی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی و ئایینیی و کەلتووریی ناوچەکەمان بکەین. وەختێک ئێمە ئەم ڕۆمانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین لە بەردەم تابلۆیەکی زیندووی ئەو کۆمەڵگایانەداین کە لە قەیرانێکی گەورە و قووڵی ئاکاریی و کەلتووریی و کۆمەڵایەتییدا دەژێین، وەختێک بەرژەوەندییەکان و ڕۆحییەتی فریودان و خۆویستیی دەبنە پێوەری باڵا، کاتێک وێنە و تابلۆکان بە ئاوەژوویی بۆ ئێمە دەگوازرێنەوە و وەک پێوری باڵا بۆمانی بەیان دەکەن. درۆکردن و فریودان  و شاردنەوەی ڕاستییەکان، کرۆکی سەرەکیی ئەم پرسەمان دەبێت، بە جۆرێک پەردە لەسەر ڕووی ئەو تەوژم و ڕەوت و فیگەرانە هەڵدەداتەوە، وا سەتان ساڵە وێنەیەکی تەڵخ و ناڕوون بۆ ئێمەومانان وێنا دەکەن، سەروەختێک ڕەش وەک سپی، ناشرینیی وەک جوانیی و ساختە وەک ڕەسەن بۆ ئێمە پەخش دەکەن، ئیدی لەو سەروبەندەدا هەم دڕدۆنگ و نیگەران دەبین، هەمیش دڵخۆش. نیگەرانین، چونکی بە سادەیی بڕوامان دەکرد، دڵخۆشین، چون هێڵە ڕاستەکەمان دۆزییەوە.

درۆ و چەواشەکاریی گەرچی ڕەهەندێکی مێژوویی هەیە، زۆربەی چوارچێوە فکرییەکانیش وەک بابەتگەلێکی خراپ وێنای دەکەن، بەڵام لەناو مرۆڤەکاندا هەر باوی هەیە و ڕەوایەتیی پێ دەدرێت.

سەرەتای ڕۆمانەکە بەوە دەست پێ دەکات کە کاراکتەری سەرەکیی نێو ڕۆمانەکە بە نێوی مامۆستا عینایەت، چەند کەسانێک دەبینێت کە پێشوتر لە هیچ جێگەیەک بەرکەوتەی لەگەڵیان نەبووە، پێی دەڵێن کاتی تۆ لە ژیان نەماوە و پێنج ڕۆژ مۆڵەتت پێ دەدەین بۆ ئەوەی کەسێک پەیدا بکەیت لەبری تۆ بمرێت، مامۆستا عینایەت کەسێکی زۆر ئاکارگەرایە، بە هەموو کەسێک ڕازیی نابێت لەبری ئەو بمرێت، بەڕێز عینایەت بەهۆی ئەوەی لەژیانیدا بە کولەمەرگیی ژیاوە و ژیان زۆر بێڕەحم بووە لەگەڵی، چونکە فەرمانبەر بووە و مووچەیەکی کەمی هەبووە، نەیتوانیوە پڕ بە دڵی خۆی و سەربەستانە چێژ لە ژیان وەربگرێت، بۆیە هەمیشە دەستهاڕی ژیان و زبری و ناڕەحەتییەکانی ژیان هاڕیویانە، بەهۆی ئەم جۆرە سەختییەی ژیانی، ئامادە نابێت کەسانێک لەبری ئەو بمرن کە بەهەمان فۆڕم و شێوازی ئەو ژیاون، نایەوێت کەسانێک لەبری خۆی بمرن، کە هیچ چێژو خۆشییەکیان لەژیان وەرنەگرتووە و وەک مرۆڤێک نەژیاون، بۆیە بەدوای کەسانێکدا دەگەڕێت چێژی لە ژیان وەرگرتبێت، دەستی لە هەموو خۆشییەکانی ژیان گیر کردبێت، هیچ خۆشییەک نەمابێت نەیانچێشتبێت،  خۆشیان بە ئازادانە ئامادەی مردن بن، نەک کەسانێک بەهۆی نەبوونیی و بێدەرەتانیی و بێپشتیوانیی و بێئۆقرەییەوە لە ژین بێزار بووبێتن و خۆزگە بەوە بخوازن ڕووەو مەرگ ڕابکەن تا ڕۆژێک زووتر لە ناڕەحەتییەکانی ژیان دەربازیان بێت، ئەم دەلاقە ئەوەمان بۆ بەیان دەکات هەموو ئەو فەرمانبەرانەی ئاکارییانە لە نێو دام و دەزگاکانی دەوڵەتدا کار دەکەن، کاتێک ئامادەی بەرتیلخواردن نابن و ڕازیی نابن ببنە بەشێک لەو گەندەڵییە بەرفراوانەی زۆرێک لە دەزگاکانی دەوڵەتی تەنیوە، ئیتر ئەم شەڕی ئاکارییە وادەکات ژیان لەبەردەمیاندا زۆر قورس و ناڕەحەت بێت، چون بە مووچەیەکی کەمی مانگانە ناتوانن کاروباری ژیانی خۆیان ڕایی بکەن، ئیتر چۆن دەتوانن چێژ لە خۆشییەکانی تری ژیان وەربگرن، زۆرن لە نێو جڤاتی ئێمەدا کاتێک ناتوانن ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی و بەربەستەکان ببنەوە، زۆر جار یان ڕادەستی هەندێ ئیرادەی نەزۆک و نەفەسکورت دەبن یان ئیتر خۆزگە بە مەرگ و ژیانئاوایی دەخوازن، گەر خەونێکیان بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکارییش هەبووبێت، ئەوا دەستبەرداری دەبن، مامۆستا عینایەت ئەم جۆرە مرۆڤانە ڕەت دەکاتەوە کە لەبری ئەو بمرن، ڕوو دەکاتە ئەو کەسانەی نغرۆی خۆشیی و چێژەکانی ژیانن، یەکەمین کەسێکیش کە لە ڕوانگەی مامۆستا عینایەتەوە شیانی ئەوە بێت بمرێت، سەرۆکوەزیرانی وڵاتە، چون بە بڕوای مامۆستا، سەرۆک نغرۆی خۆشیی و چێژە، هیچ خۆشیی ویست و حەزێک نییە لەم سەرزەمینە ئەزموونی نەکردبێت، بۆیە تەنها سەرۆکوزیرانە دەبێت ئامادەیی ئەو مردنە بێت، کاتێک مامۆستا عینایەت دەچێتە لای سەرۆک و چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، سەرۆک وادەزانێت کەسێک پلانی کوشتنی بۆ داناوە، بەڵام سەرۆک ئامادە نابێت ڕۆحی خۆی ببەخشێت بە کوڕەهەژارێک، سەرۆک وەها پیرۆزییەکیش بە خۆی دەدات، خۆی دەخاتە ڕیزی خوداوە، مامۆستا بە ناچاریی و بێهیوایی ژووری سەرۆک جێ دەهێڵێت، ئەم گفتوگۆیە شایانی زیاتر هەڵوێستە لەسەرکردن و وەستانە، هەمیشە سەرۆک گەرچی لە سەر تیڤی و لە شوێنە گشتییەکاندا خۆی وەک کەسێکی سادە و خاکیی پیشانی گەلەکەی دەدات وەها وێنایەک بۆ خۆی درووست دەکات کە ئامادەی هەموو گیانفیدایی و خۆبەختکردنێکە لە پێناو هاونیشتیمانیی و خودی نیشتیماندا، کاتێک دێتە گۆ، سەرنجی گەل وەها ڕادەکێشێت کە خۆی وەک پاسەوان و شەڕڤانێکی گەلەکەی دەزانێت و ئاماددەی هەموو باجێکە لەو پێناوەشدا، بەڵام ئەمە تەنها نواندن و نمایشێکی دراماتیکییە و بەستنی دەمامکێکە و هیچی تر، لە جەوهەر و ناواخندا زۆر خۆویست و ژیاندۆستە، تەنانەت هێندە بێمتمانەیە بە دەوروبەرەکەی، کاتێک نزیکترین کەسی خۆی لەبارەی پرسێکی چارەنوسسازەوە لەگەڵی دەدوێ، هێندە بێتمانەیە بە دەوروبەرەکەی، وادەزانێت کەسانێک پلانی کوشتنیان داناوە، هاوکاتیش هێندە خوازیاری و کورسی و دەسەڵاتە، تەنانەت وەها وێنای خۆی دەکات کە ئەو نوێنەری خودایە لەسەر زەوی، نابێت بمرێت، بەڵکوو خودا ئەوی هەڵبژاردووە، مانەوەی سەرۆک پەیوەستە بە مانەوەی نیشتیمان و گەلەوە، نەمانی سەرۆکیش واتا نەمانی گەل و وڵات، بوونی سەرۆک لە ڕوانگەی سەرۆکەوە پێویستییەکی حەتمییە، ئاشتیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی وڵات، بە مانەوەی سەرۆکەوە پەیوەستە.

«ئەم سیاسییە نەفرەتی و ساختەچییانە، تەنها خەڵکی فێر دەکەن چۆن بمرن، هەرگیز خۆیان ئامادەی مردن نین، بێسوودە کات بەم سیاسییە بوودەڵانەوە بەریتە سەر.»

کاتێک  عینایەت لە تەلاری سەرۆکایەتیی وەزیران هاتە دەرێ، لە دڵی خۆیدا وتی: (ئەم سیاسییە نەفرەتیی و ساختەچییانە، تەنها خەڵکی فێر دەکەن چۆن بمرن، هەرگیز خۆیان ئامادەی مردن نین، بێسوودە کات بەم سیاسییە بوودەڵانەوە بەریتە سەر، کات لەوە کەمترە ئەمانە فێری دادگەریی بکەم)

بەڵام گەڕان بەدوای کەسی دڵخوازی خۆیدا عینایەت سارد ناکاتەوە، لە گەڕان بەردەوام دەبێت، بۆیە لەگەڵ خۆی کەوتە گفتوگۆ و بیری کردەوە، لە سیاسییەکان تاوانبارتر، ئەفسەر و فەرماندە و پلەدارەکانی نێو سوپان، ئەو ئەفسەر و پلەدارانەی کەسانی وایان تێدایە شایەنی ئەوە نین لەم دنیایەدا بن. خەڵکانی سەر بە سوپا لەگەڵ نیازی مندا زیاتر دەگونجێن، چونکە هەر پیشەکەیان پەیوەندیی بە مردنەوە هەیە، هێزی چەکدار و بەرگریکارانی وڵاتن، مامۆستا عینایەت پاش ئەوەی لە سەرۆکوەزیران بێهیوا دەبێت و ناتونێت بڕوای پێ بهێنێت کە لە بری ئەم بمرێت، ڕوو دەکاتە لای یەکێک لە ژەنەراڵ و فەرماندە سەربازییەکان، کە هاوکات لە نزیکیشەوە ئەو فەرماندەیە دەناسێت و لەگەڵ گەشتنی مامۆستا بۆ لای ژەنەراڵ، کۆی چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە، بە گونجاوی دەزانێت ژەنەراڵ لەپێناو هەژار و خێرلەخۆنەدیوو و هاونیشتیمانییاندا بمرێت، چون هەمیشە ئەو چینە خۆیان وەک بەرگریکاری نیشتیمان و هاونیشتیمانیان وێنا دەکەن، بەڵام کاتێک ژەنەراڵ گوێی لە چیرۆکەکەی عینایەت دەبێت، تەنها نیگەرانییەکی سەرپێیانە پیشان دەدات، ئامادە نابێت لەپێناو هەژارێکدا خۆی بکاتە قوربانیی، دەڵێت؛ من تەنها بۆ نیشتیمان گیان فیدا دەکەم، بەڵام دواتر عینایەت داوایەک ئاڕاستەی پلەدارەکە دەکات کە یاوەریی بکات تا لەگەڵ سەربازەکاندا لەبارەی چیرۆکەکەوە بدوێت، ژەنەراڵ ڕازیی دەبێت و سەربازەکان کۆ دەکاتەوو، ژەنەراڵ وەک هەمیشە کۆمەڵێک قسەی هەوایی و سواوی هەزار بارە کاوێژ دەکات و پێیان دەڵێت؛ سەربازینە ئایا ئێوە لەپێناو نیشتیمان وڵات و گەلدا ئامادەی گیان بەختکردنن،  تێکڕا هەمووان دەڵێن بەڵێ قوربان، ئێمە خۆمان  بەرگریکاری نیشتیمان و گەلین و لەو پێناوەشدا ئامادەی گیانفیدایین، ژانەراڵیش دەڵێت ئەم هاونشتینیەمان تەنیا پێج ڕۆژ مۆڵەتی لە ژیان ماوە، یان دەبێت کەسێک لەبری عینایەت بمرێت، یان دەبێت خۆی بمرێت، بەڵام سەربازەکان هاوشێوەی سەرۆک و ژەنەراڵ، بەرانبەر داوایەکی ئاوا لاڵ و کەڕ دەبن.

ئەوەی گرنگە لێرەدا خوێندنەوە و شرۆڤەیەکی ڕژدی بۆ بکەیەن ئەوەیە، سەربازەکان وەک کۆمەڵەیەکی ماستاوچیی، ئامادە نین لە پێناو هەژارێک و خەڵکێکی سادەی بێکەس و بێپشت و پەنادا گیانی خۆیان بەخت بکەن، ئەوان گەرچی لە ڕووی تیۆرییەوە لافی قوربانیدان بۆ گەل و خاک لێ دەدەن، بەڵام ئەمە لە ڕووی کردەییەوە جگە لە فریودان و چەواشەکردن هیچی دی نییە، چون ئەوان گوێلەمستی سەرۆک و فەرماندە و ئاغاکانیانن، ئەوان دەیانەوێت لەپێناو کەسانێکدا بمرن لە میدیاکانەوە بە پاڵەوان و نیشتیمانپەروەر باسیان بکەن، ئەوان دەیانەوێت لەپێناو ئاغاگەلکێدا قوربانیی بدەن کە سبەی دوای مردنیان ئاوڕ لە خێزانەکانیان بدەنەوە و مووچەیەکیان بۆ ببڕنەوە، چۆن دین خۆیان لەپێناو خەڵکانێکی سادە و بێپەنای وەک عینایەتدا فیدا دەکەن، کە کەس نایانناسێت، ئێمە بە چاوی خۆمان ئەوە دەبینین ئەو تایپە لە دەسەڵات کاتێک چینێکی کۆمەڵایەتیی ناڕەزایەتییەک ئەنجام دەدەن، چ لە پێناو  ئازادیی بێت یان لە پێناو نان، هەر ئەو تایپە چەکدارە بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی خەڵکە بێ چەک و سادەکە دەوستنەوە و کوژن، ئەمەش تەنیا لەپێناو ئەوەی ئاغا و فەرماندەکانیان دەستخۆشییان لێ بکەن و لێیان ڕازیی بن، ئەوان دەیانەوێت کاتێک بمرن کە فەرماندە و سەرکردەکان دیاریی بکەن نەک مردن لە پێناو مرۆڤێکی سانا و ئاسایی، بۆیە کاتێک دەبینین وڵات نغرۆ دەبێت لە نادادیی و گەندەڵیی، کاتێک سیستەمی سیاسیی دەستی خستووەتە بیناقاقای هاونیشتیمانیانی، تیرۆری فکریی و جەستەیی گەشتووەتە ترۆپک، کاتێک خەونی ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی سەرنگۆم دەکرێت، پەیوەستە بە خراپی مامەڵەی ئەم دامودەزگایانەی نێو سیستەمەکەوە، چون ئەوان پایەکانی هەموو سیستەمێکی ستەمکار و تۆتالیتارن.

بۆیە جێی خۆیەتی ئەم پرسە بە ڕوانینی  فەیلەسووفی فەڕەنسیی ‘میشێل فۆکۆ’ زەنگین و بەرهەمدار بکەین کە پێی وایە: (سیستەم و دەسەڵات تۆڕێکی بەرفراوانە، لە هەموو پنت و جێگەیەک  ئامادەگیی هەیە، بمانەوێت یان نەمانەوێت ناتوانین لەو تۆڕە ئاڵۆز و تەمتومانییە ڕزگارمان بێت.)

ئەم دەزگایەی هێزی چەکداریش، گەرچی بە ڕووکار وا خۆیان دەنوێنن کە خزمەتکار و گیانبەخشن لە پێناو نیشتیمان و قەوارە و کۆمەڵدا، بەڵام لە ناوەڕۆکدا کاریان ڕەواتی و گیانبەخشینە لە پێناو حیزب و دەسەڵات و ژەنەراڵدا، گەرچی وێنەکەش پێچەوانە بە ئێمە بگەینن، ئیتر گەل خۆی ئەو ماکیاژ و دەمامکانە بە چاوی خۆی دەبینێت، بەڵام ئەمە عینایەت وا لێ ناکات بەو ئاسانییە دەستبەرداری ژیان بێت، بۆیە بەردەوام دەبێت لە گەڕان و دۆزینەوەی کەسی دڵخوازی خۆی، بۆیە چینێکی تر کە ئەو بە گونجاوی دەزانێت لەبری ئەو بمرن، کاهین و پیاوانی ئایینیین، چون ئەوانە هەمیشە لە مینبەر و کۆڕە ئایینییەکاندا بانگەشە و بانگەوازی ئەوە دەکەن، گوایە مردن لەپێناو خودادا پلەی شەهادەتیان پێ دەبەخشیت و ئامادەی هەموو جۆرە مردنێکین لەپێناو خودا و پیرۆزییەکانی ئاییندا، خۆزگە و نیشانەی خۆش بەختیش بۆ خۆیان ئەوانەش دەخوازن وا لەو پێناوەدا گیانیان فیدا دەکەن و لە پێناو خودادا ژیان جێ دەهێڵن و هەمیشە لافی فانی بوونی ژیان لێ دەدەن و بانگەشەی ئەو جۆرە لە مردن بۆ نوێژخوێنانیان دەکەن، مامۆستا عینایەت بە گونجاو و شایستەی دەزانێت کە وتاربێژی ئایینیی لەبری ئەو بمرێت، چون قسە و وتارەکانی مامۆستای ئایینیی واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئامادەی هەموو پێشوازیکردنێکە لە مردن، بەڵام کاتێک مامۆستا عینایەت چیرۆکەکەی بۆ مامۆستا ئایینییەکە باس دەکات، جەنابی وتاربێژی ئایینیی ئامادەی ئەو جۆرە مردنە نابێت، کیژێکی هەرزەکار فریو دەدات بۆ ئەوەی لە جێگەی مامۆستا بمرێت، ئێمە کاتێک لەم بەشەی ڕۆمانەکە ورد دەبینەوە، ئەوکات وردتر و باشتر لە دووجەمسەریی و دووفاقیی وتاربێژە ئایینییەکان تێدەگەین و ڕووی ڕاستەقینەیان زیاتر بۆ ئێمە دەردەکەوێ، ئەوان جڤات و کۆمەڵگا وەک بەردەبازێک بەکار دێنن بۆ خۆقایمکردن و خۆدەربازکردن، جگە لە کۆمەڵێک قسەی سواو و مەکربازانە و ساختە، ئامادەی هیچ دەستپێشخەریی و باجدانێک نین، ئەوان تەنیا سەرقاڵی وەبەرهێنانن بە پیرۆزییەکان و خودا، تاوەکو زۆرترین خەڵک چەواشە بکەن و بازرگانییان پێوە بکەن و لە مامەڵەیەکدا زۆرترین دەسکەوتی دنیایی پێ بەدەست بهێنن، بۆ وەڕاستگەڕانی ئەم تێگەیشتنەشمان بە شیاو و گرنگی دەزانین ئاوڕ لە ئاکتێکی بیرمەندی بوونگەرایی دانیمارکی ‘سۆرین کیرکیگارد’ بدەینەوە کە زیاتر پەردە لە ڕووی فرەجەمسەریی و خۆویستیی پیاوانی ئایینیی هەڵدەداتەوە دەڵێت: (پیاوانی ئاینی جڤات گیرۆدەی نەخۆشیی قورسی دەروونی دەکەن، چون وتار و قسەکردنەکانیان بە ئاوازێک دەخوێنن و کردەو پراکتیکیشیان ئاوازێکی پێچەوانە دەچڕێت، پیاوانی ئایینیی داوا لەخەڵک و کۆمەڵ دەکەن پرەنسیپ و بەها ئایینییەکان پێڕەو بکەن، کەچی خۆشیان ڕەفتاریان بەرەواژی ئەو ڕێسا ئایینییانە ڕەفتار دەکەن)

لێرەوە بە تەواویی ئەو دەمامکانەی سەتان ساڵە پیاوانی ئایینیی پۆشیویانە، دەکەوێت، چون هەمیشە داوای گیانفیدایی و خۆبەختکردن لەپێناو بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی خودا دەکەن، کەچی کاتێک دەگاتە سەر ئەوەی ئەو ڕۆڵە بۆ خۆیان بێت، ئەوا هەزارویەک بیانوو بۆ خۆقوتارکردن دێننەوە.

ئەو نائومێدیی و بێهیواییەی ڕوو لە عینایەت دەکات، نەک ساردی ناکاتەوە بەڵکوو مکووڕتری دەکات، نایەوێت بەو ئاسانییە خۆی ڕادەستی مردن بکات، تاوەکوو دوادڵۆپ لە ململانێ و بەرکەوتنی گەوره و خێرادایە لەگەڵ مەرگ و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت، دژی مەرگ و تاریکیی مەرگ بووەستێتەوە، ئاوا بەو ئاسانییە دەستبەرداری ژیان نەبێت، ئەو نایەوێت لە ژیان بێهیوا بێت، تەنانەت گەر پێوست بکات هەزار ساڵیش بگەڕێت بۆ دواخستنی مەرگ، ئەم بەریەککەوتنەی لەگەڵ مەرگدا و ئەو پشوودرێژییەی لە پێناو مانەوەی زیاتر لە ژیان، پێمان دەڵێن گەرچی ژیان کۆمەڵێک بەربەست و پردی دەستکردیشی لەهەمبەر مرۆڤدا درووست کردبێت، لێ هێشتا ژیان شایانی ئەوەیە لە پێناویدا ڕووبەڕووی فەنابوون و ئەو بۆچوون ڕێبازە ببینەوە کە بەهۆی نائومێدییەوە دەسبەرداری ژیان دەبن، چونکە ئەم ژیانە بۆ ئەوەیە خۆش بژین و وەک مرۆڤێک ڕووبەڕووی ئاڵنگارییەکان ببینەوە، چون خودی ئەم ژیانە پڕ ململانێیە پێتڤی بە مرۆی چالاکە، بۆیە لەبری ئەوەی وەک ئاژەڵێک بژین، دەبێت هەوڵەکان بۆ ئەوە بێت وەک مرۆڤێك بژین، خاوەنی پڕۆژە و پلانی گەورە بین.

هەڵهاتنی عینایەت لە دەستی مردن و گەڕان بەدوای ژیاندا بەردەوامە، یەکێک لە ڤیگەر و چینە هەرە دیارەکانی نێو جڤات، کە عینایەت پێی وایە، شایانی ئەوەن بمرن، ئەوانیش چینی سەرمایەدار و بازرگانانن، چونکە عینایەت پێی وایە، ئەم چینە سەروەت و سامانێکی زۆریان کەڵەکە کردووە، ئەوەی ویستتبێتیان لەسەرزەوی بەدەستیان هێناوە، هیچ خۆشیی و چێژێک نەماوە دەستیان پێ نەگەیشتبێت، ئەم چینە شایانی ئەوەن بۆ عینایەتێکی و هەژار و کەمدەست بمرن، دواجار عینایەت ڕوو دەکاتە بازرگانێکی گەورە و ملیاردێرێکی زەبەلاح و چیرۆک و سەربوردەی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە و داوای لێ دەکات پێنج ڕۆژ لەپێشیدا ماوە، ئەگەر نەتوانێت کەسێک بدۆزێتەوە، ئەوا دەمرێت، داوا لە بازرگانەکە دەکات ئەو داوایەی بۆ جێبەجێ بکات، پەرسڤی بازرگانەکەش ئەرێنییانەیە، بەڵام چەند مەرجێک دەخاتە بەردەمی عینایەت و دەبێت پێی ڕازیی بێت

یەکەم: من ئەم سامان و داهاتەم بە ڕێگەیەکی نایاسایی کۆ کردووەتەوە و هیچ پاروویەکم بە ڕێگەی درووست بەدەست نەهێناوە.

دووەم: نابێت هیچ قوڕووشێک لەم  سامانەی من بە ناوی هاوکاریی و بەخشینی مرۆییەوە تەخشان و پەخشان بکەیت.

سێیەم: دەبێت دوای ئەوەی من دەمرم، تۆ بتوانیت سامانەکە زیاد بکەیت و سامانی زۆرتر کەڵەکە بکەیت.

دوای تێڕامان و وردبونەیەکی زۆر، عینایەت بڕیاری خۆی لەبارەی داوا سەیرەکەی بازرگان دەدات ڕازیی نابێت بچێتە ژێر باری بڕیارەکەی.

هۆکاریش ئەوەیە کە عینایەت پیاوێکی زۆر ئەخلاقیی و مرۆییە، ناتوانێت بە ژیان و سامانێک ڕازیی بێت کە لەسەر حسابی خەڵکی تر بەدەست هێنرابێت، سامانێک لەسەر بنەمای فێڵ و تەڵەکەبازیی و درۆ و فریودان بەدەست هاتبێت، چۆن لەگەڵ ئاکاری عینایەتدا تەبا دەبێت، عینایەت چۆن دەتوانێت خاوەندارێتیی لە جۆرە داهاتێک بکات، کە دوور بێت لە بنەما مرۆییەکان، سامانێک چ بەها و سەمەرێکی دەبێت گەر نەتوانێت گیانی مرۆڤێک لە مردن بگێڕێتەوە، ئەوە چ داهاتێکە من نەتوانم چێژی لێ وەربگرم و دەستگیرۆیی کۆمەڵ و مرۆڤە بێدەرەتانەکانی هاوشێوەی عینایەتی پێ بکەم، ئەو ژیانەم ناوێت، ئەوەی لەم دەلاقەوە گرنگە لێی تێبگەین ئەوەیە؛ کە سەرمایەداریی و پارەداران لە سەر پشتی خەڵکانی تر گەشە دەکەن، چون ئەوان وەک بنەمایەکی مرۆیی تەماشای ژێردەستە و کارمەندەکانی خۆیان ناکەن، وەک مرۆڤی خودان هۆش لە مرۆڤ ناڕوانن، بەڵکوو وەک سامانێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، وەک چۆن هیچ کۆمپانیایەکی بواری نەوت هەرگیز زەوییەک هەڵناکۆڵێت ئەگەر دڵنیا نەبێت ئەو پارچەزەویە دەماری نەوتی تێدا نییە، سەرمایەدارانیش بە هەمان شێوە هەرگیز جێگە بۆ کارمەندێک ناکەنەوە ئەگەر دڵنیا نەبن سوود و قازانج بە پڕۆژەکەیان ناگەیەنێت، ئامانجیان قازانجە، جا ئیتر شێوازی قازانجەکە چۆنە، بە لایەنەوە گرنگ نییە، ئیتر لەسەر بنەمای فریودان و فێڵ و چەوساندنەوەش، بێت گرنگ نییە، ئەوەی بە لای سەرمایەدارانەوە گرنگە، زۆرترین بڕی قازانجە.

هەربۆیە دوای ئەوەی لەنێو چینەکانی وەک؛ سەرۆک و هێزی چەکدار و پیاوانی ئایینییدا کەسانێک نابینێتەوە لەبری ئەو بمرن، بەڵام بەردەوامە لەگەڕان تا دواسات بەرگریی دەکات لەو بۆچوون و ڕەفتارەی، بۆیە یەکێک لەو دامەزراوانەی ڕووی تێ دەکات، پێی وایە ڕێگەیەکە دەتوانێت ئارمانجەکەی بپێکێت، ئەویش ڕوو دەکاتە دەزگایەکی میدیایی تاوەکو لەو ڕێگەیەوە چیرۆکەکەی بە هەموو کونج و قوژبنێکی شاردا بڵاو بێتەوە، پێی وایە ئەم ڕێگەیەش دوور نییە کەسی دڵخوازی خۆی بدۆزێتەوە، کاتێک چیرۆک و بەسەرهاتەکەی بۆ دەزگا میدیایەکە دەگێڕێتەوە، کارمەندانیش بەڕێوەبەری تەلەفزێون ئاگادار دەکەنەوە، جەنابی بەڕێوەبەر زۆر کەیفخۆش و دڵشاد دەبێت، گەرچی لە دڵەوە کارمەندان و بەڕێوەبەر وەک پرسێکی گاڵتەجاڕ لێی دەڕوانن، بەڵام پێیان وایە پرسێکی ئاوا دەبێتە هۆی ئەوەی کەناڵەکە چەند قۆناغێک بڕواتە پێشەوە و بینەرێکی زۆر لە دەوری خۆیان کۆ بکەنەوە، دوای ڕازییبوون ڕۆژی چاوپێکەوتن لەگەڵ مامۆستا عینایەت دیاریی دەکەن، یەکەم پرسیاریش کە بۆ بەڕێز عینایەت ئامادەی دەکەن، ئەمەیە: بۆچی پەیوەندییت بەم کەناڵەی ئێمەوە کرد؟ هەرخۆشیان وەڵامەکەی بۆ دەنووسن و پێی دەڵێن؛ بڵێ چونکە کەناڵەکەی ئێوە بێڕکەبەر و یەکەم و پڕبینەرن، هەر لەگەڵ دستپێکردنی چاوپێکەوتنەکە و دوای گێڕانەوەی چێرۆکەکە، باسی بەسەرهات و سەربوردەی سەرەکوەزیران دەکات، بەڵام بەرنامەکە تەواو ناکەن و بە ناوبڕێک ماڵئاوایی لە عینایەت دەکەن، گەرچی گوتبوویان بەڕێزان دوای ناوبڕێک دێینەوە لاتان، چەند چرکەیەک دوای پەخشکردنی بەرنامەکە، سەتان کەس پەیوەندییان کرد، ئامادەیی خۆیان نیشان دا لەبری عینایەت بمرن.

ئەوەی لێرەدا پێویستە هەڵوەستەی لەبارەوە بکەین، تێگەیشتن و ڕاڤەی دەزگا میدیاییەکانە، گومانی تێدا نییە کاری میدیایی سەرباری گرنگیی و بەرپرسیارێتییە گەورەکەی، هاوکات هەر لەگەڵ خۆی ئاڵۆزیی و مەترسییشی هەڵگرتووە، گەرچی پیشەی دەزگا میدیاکان گەڕان و پشکنین و دەرخستنی ڕاستییەکانە، هاوکات گەر لێزانانە و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ نەکرێ، دوور نییە وێرانکارییەکی گەورەی لێ بکەوێتەوە، ئەوەی وادەکات لە دنیادا بە گرنگییەوە تەماشای میدیا بکرێت، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی میدیایە، ئەویش بنکۆڵ و دەستبردنە بۆ کۆمەڵێک پرسی هەنووکەیی و ڕاڤەکردنی پنت و لایەنی شاراوەیە، ئارمانجیش هۆشیاریی و بێدارکردنەوەی تاک و دۆزینەوەی خود و کۆمەڵگایە، بۆ تێگەیشتن لە میدیاکاری ڕژد و ڕەسەن، گرنگە ئاوڕ لە تێگەیشتنێکی بەختیار عەلی بدەینەوە کە چەند پێوەرێکی دیاریی کردووە بۆ ئەو دەزگا میدیا و میدیاکارانەی وا بە بەرپرسیارێتییەوە لێی دەڕوانین ئەوانیش: (ڕۆشنبیریی و بەرفرەیی فکریی و هۆشیاریین، بۆیە هەر میدیاکارێک بە تۆنێلی ئەم سێ ڕەهەندەدا تێپەڕ نەکات، ناتوانرێت وەک میدکارێکی ئۆرجیناڵ لێی بڕوانرێت)

لێ ئێمە ئێستا ئەم جۆرە لە میدیا نابینین، بەڵکوو ئامادەن لەسەر حسابی عینایەت و هاوشێوەکانی برەو بەکاری میدیایی بدەن، هێندە کار لەسەر تێکشکاندن و تیرۆری کەسایەتیی مرۆڤەکان دەکەن، بچووکترین گرفتی مرۆڤ بۆ هەموو دنیا زووم دەکەن، دوورکەوتنەوەی میدیا لەسەر ئەو پێوەر و بنەمایانەی دەبوو لەسەری بڕوات، وای کردووە هەمیشە میدیا ببێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەرگیانی مرۆڤ، میدیا لە ئێستادا بووەتە زۆنێکی ناجۆر و ترسناک، لە دنیای ئێمەدا میدیا زۆر دڕندانانە بێویژدانانە دێتە گۆ، وشە زۆر کاولکارانە لە زار و هەگبەی دەزگا میدیاییەکانەوە دزە دەکاتە نێو جڤات، یارییەکی زۆر قێزەون بە چارەنووسی هەزاران مرۆڤەوە دەکات و هەپروون هەپروونی دەکات، چون بەشێک لەو میدیاکار و دەزگایانە هیچ شارەزای بەها باڵاکان و کاری پیشەیی نین، سەرباری ئەوەش بەهۆی ئەو لاوازییەیان توانای بینینەوەی ڕاستییان نییە، بۆیە بە ناچاریی لەپێناو چەند لایک و کۆمێنتێکدا ئامادەن ئابڕووی هەزاران مرۆڤی دڵپاک و ساددە ببەن، بۆیە ئەوەی میدیا لە دنیای ئەمڕۆدا بە خەڵکەکەی خۆیانی دەکەن، جەللادێک ئەو بوێرییەی نییە لە هەمبەر تۆمەتبارێك ئەنجامی بدات، زۆر جار جەللاد دوا دەکەوێ لە پەڕاندی سەری تاوانبارێک، ئەویش بەهۆی نەبوونی بەڵگەیەک، بەڵام میدیاکار و دەزگا میدیاییەکان لە چاوتروکانێکا کەسایەتیی هەزاران مرۆڤ تیرۆر بکەن، ئەوەی جێگەی داخە، دەست بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەتیش دەبەن دوور و نزیک پەیوەندیی بە کاری میدیاییەوە نییە، زۆر جار ئەو پرسانە زۆر کەسیی و تایبەتیین و هیچ زانیارییەکی بۆ کۆمەڵ و جڤات نییە، جگە لە شڵەژانێکی دەروونیی هیچی دی تێدا بەدی ناکرێت، ئەوەی میدیاکار دەیگوازێتەوە، جیاوازە لە گفتۆگۆی ڕۆژانە، چونکە میدیا خێرا دەچێتە نێوج خەڵکەوە، بۆیە گرنگە میدیاکار خاوەنی بارگراوندێکی هۆشەکیی و ڕۆشنبیرانە بێت، ئارمانج و ستراتیژ خزمەت و پێوەری مرۆیی و بێدارکردنەوە بێت.

یەکێک لەو لایەنە مەترسیدارانەی تری نێو دەزگا میدیاکان، ئەوەیە کە ناسنامەی سەربەستیی و سەربەخۆییان لێ وەرگیراوەتەوە، واتا کاتێک چاوپێکەوتنێک یان بەرنامەیەک پەخش دەکەن، ئازاد نین، بە تایبەت کاتێک باس دێتە سەر ڕەخنەگرتن لە سیستەم و دەسەڵاتی سیاسیی تووشی شڵەژان دەبن. ئەو دەزگایانەش لە بنەڕتدا بۆ ئەوە درووست نەبوونە ڕاستیی و درووستیی پیشانی خەڵق بدەن.

یەکێکی تر لەو دەلاقانەی گرنگە ئاوڕی لێ بدەینەوە، خۆ تۆمارکردن و هەبوونی خواستێکی زۆری خەڵکییە بۆ مردن و بەلێشاو خەڵک ئامادەن لەبری عینایەت بمرن، ئەم هەمووە دەرگای دەرفەت بۆ کۆمەڵێک پارت و کۆمەڵەی ئۆزسێون دەکاتەوە تا وەک چەکێک دژی دەسەڵات و پارتەکەی سەرۆکوزیران بەکاری بێنن، هۆکاری پشت بانگەوازەکەی مامۆستا عینایەت و دەربڕینی بێزاریی ئەو حەشاماتە لە خەڵکی سادە و کەمدەرامەت، دەگەڕێننەوە بۆ خراپەی دەسەڵات و نادادیی و بێتوانایی لە خزمەتی خەڵکییدا، خەڵک بەهۆی بێزارییانەوە لە دەسەڵات و گەندەڵیی و ئیدارەدانێکی خراپەوە بەلێشاو دەڕژێنە نێو وڵات و ئامادەی مردنن، کاتێک ئێمە ئەو دێڕانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ئەم دێڕانە زۆر خۆماڵیین و لە نێو دڵی کۆمەڵگای ئێمەوە هەڵدەقوڵێت، ئێمە لەو جۆرە نموونەیەمان زۆرە کە پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات تەنیا بۆ ئەوەی دەسەڵات پێشوازییان لێ بکات و بەشێک لە کێک و شیرینیی دەسەڵاتیان پێ بدات، دێن پرسە تایبەتیی و بەرژەوەندییەکەسییەکانی خۆیان ئاوێتەی بەرژەوەندیی گشتیی دەکەن، کاتێک ڕەخنە ئاڕاستەی دەسەڵات دەکەن، کێشە و گرفتی کۆمەڵ دەکەنە چەک و ڕووکاری داواکانیان، بەڵام خەڵکی ڕژد و خوێنەوار هەر زوو درک بەو یارییە سواوەی لایەنەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەن، دەزانن ئەو خەون و ئاڵایەی پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات هەڵیان گرتووە، ئامانج و خەونی خەڵک نییە، گەر  پیچێک سەری خۆمان بڵند بکەین، دەیان نموونەی ڕاستەقینە دەبینین.

بەڵام ئەو هەراوزەنایەی چیرۆکی مردنەکەی عینایەت درووستی کردبوو، دەسەڵات هەر بە ئاسانیی وەک کردەیەکی سادە تەماشای نەدەکرد، بەڵکوو هێزی چەکدار و ئاسایشی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بڕیاری دەستگریکردنیان بۆ مامۆستا عینایەت دەرکرد و هەوڵیان دا بە زوویی بیبەنە نەخۆشخانە، تا وەک دەرووننەخۆشێک بە خەڵکی بناسێنن و ڕاپۆرتی پزیشکیی بۆ دەربهێنن و نەخۆشییەکەی دیاریی بکەن، جا ڕاپۆرتی پزیشکییان بۆ دەرهێنا و وەها پیشانی جەماوەریان دا گوایە مامۆستا عینایەت ماوەیەکە تووشی نەخۆشیی دەروونیی هاتووە، پێش لەسێدارەدانی بە چەند چرکەیەک، چاوپێکەوتنی هەندێ لە خێزان و هاوکار و هاوڕێکانیان بڵاو کردەوە و پیشانی خۆشیان دا. هەموو ئەو کەسانە وەک دەروونشێواو بزڕکاو لە عینایەتیان دەڕوانی، دوای گوێگرتن لە چاوپێکەوتنەکە لەدار دەدەرێت، پێش لەداردانی ئامادە نییە هیچ یادگەیەکی پاش خۆی بەجێ بهێڵێت، تەنانەت بە یەکێک لە پۆلیسەکان دەڵێت؛ موبایلەکەی دەستم بەکار بهێنە، ئەگەر بەکارت نەهێنا، فڕێی بدە، با کەس نەزانێت چۆن ژیاوم.

هەڵبەت ئەم تێکستە کۆمەڵێک کۆد و شفرەی گرنگ بۆ ئێمە بەیان دەکات، پێمان دەڵێت، کاتێک کەسێک دەبێتە فیگەر و ئایکۆن لە نێو جەماوەردا، کاتێک جەماوەر ئامادەی دەردەبڕن دوای بۆچوونەکانی بکەون، ئیتر ئەمە زەنگێکی زۆر مەترسیدار بۆ دەسەڵات لێ دەدات، چونکی هەموو دەسەڵاتێکی تاکڕەو و ستەمکار ڕقی لە مرۆڤی ئازا و دەنگهەڵبڕە، چون ئەوانەی دەڵێن نا ئەو نایە ڕەتکردنەوەی سیستەم و ئەوجۆرە دەسەڵاتەیە وا نغرۆن لە گەندەڵیی و ستەمکاریی، بۆیە ئەو جۆرە دەسەڵات ئاو لەو جەماوەرانەوە وەردەگرن وا بێدەنگن، تەنانەت یەکێک لە دیکتاتۆرەکانی سەدەی بیست بە ناوی ئەدۆڵف هیتلەر لە جێگەیەکدا دەڵێت، ئەو سەرۆکانە زۆر خۆشبەخت و سەلامەتن وا خەڵکەکەیان بێدەنگن، بۆیە ترسی دەسەڵات لە دەنگهەڵبڕین بووەتە فۆبیاو بەرۆکی ستەمکارانی گرتووە، بۆیە ئەم ترسە وادەکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە بەپاڵەوان بوونی عینایەت و هاوشێوەکانی بگیرێت، دەبێت پلانێک دابنرێت بەئاسانترین شێوە کپ بکرێتەوە، بۆیە ئاسانترین شێوە بریتی بوو لە بەنەخۆش ناساندن و ناچارکردنی بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانە ئیتر چ بەشێوەی خواستن یان بەهەڕەشەکردن دەبێت ڕاپۆرتی پێچەوانە ئامادەبکات، ئەگەرنا باجێکی قورس ڕووبەڕوووی جەنابی بەڕێوەبەر دەبێتەوە، ئیتر قورسە کەسێک ئەو فشارە قورسەی لەسەربێت بڕیاری درووستیش بدات، بڵاوکردنەوە و تۆمارۆردنی ڤیدێوی دەنگی کەسە نزیکەکانی عینایەت و هاوشێوەکانی هەر لەنێو هەمان بازنە و پڕۆژەی جەنابی دکتۆرە، کە ئەوانیش ناچار کراون کەدەبێت وەک شێواوێک و دەروون نەخۆشێک لەبارەی عینایەتەوە بدوێن، ئەمەش پێش مردنی تۆمەتبار پێشانی دەدەن بۆ ئەوەی فشارێکی دەروونی زیاتر بخەنە سەری، دواتریش وەها پیشانی خەڵکی بدەن کە دەوڵەت لەسەر حسابی خۆی دەینێرێت بۆ چارەسەر بۆ دەرەوەی وڵات بەدەرزیەک کۆتایی پێدەهێنن بۆ هەتا هەتاییە خەونەکانی لەگەڵ خۆی بۆ دونیایەکی تر دەبات.

عینایەت هاوشێوەکانی عینایەت شایانی ئەوە نین ئاوا بمرن. با ئەو سیاسییانە بمرن وا لەبری سیاسەت و دەوڵەتداریی، خەریکی بازرگانیین، با ئەو بازرگانانە بمرن وا کەس نازانێت چۆن سەرمایەکانیان کەڵەکە کردووە و بەزەییان بە عینایەت و هاوشێوەکانی نایەتەوە، با ئەو ژەنەڕاڵانە بمرن وا بێهۆکار جەنگ هەڵگدەگیرسێنن و ملێونان مرۆڤ دەبێتە قوربانیی، با ئەو کاهینە ئایینییانە بمرن وا جگە لە ورگ و داوێنیان هیچی تر نازانن.

ئەو خەڵک و حەشاماتەش وا ئامادەی مردن بوون لەپێناو عینایەتدا، ئەوا پێشوازیی ئەو حاشاماتە لە مردن هەروا کردەیەکی سانا نییە، پەیوەندیی گەورەی بە خراپیی گوزەرانی خەڵکەوە هەیە، فەراندەکە پێیان دەڵێن؛ وەک چۆن مافی ئەوەتان نییە بە ئارەزووی خۆتان بژێن، ئاواش مافی ئەوەتان نییە بە ئارەزووی خۆتان بمرن، ئەوە دەوڵەت بڕیار دەدات کەی بمرن و چۆن بمرن.

    ‌                                                                                                                                                                              ئەو کێبڕکێ گەورەیەی مامۆستا عینایەت بۆ ئەوە نییە کە ترسی لەمردن هەیە، بەڵکوو دەیەوێت تا لە ژیاندایە بتوانێت پڕۆژە و ئامانجەکانی خۆی وەدی بهێنێت. بۆیە لەو ڕەهەندەوە گرنگە تیشک بخەینە سەر چیرۆکێکی ژان پۆل سارتەر بە ناوی ‘دیوار’، سارتەر باسی سێ شۆڕشگێر و ئازادییخوازمان بۆ دەکات، کە نایانەوێ بە ئاسانیی بمرن و بکەونە ژێر ستەمی دەسەڵاتەوە، ئەوان بانگەشەی ئازادیی و دادپەروەریی و یەکسانیی دەکەن، دژی بێدەنگیی کۆیلایەتیی دەوستنەوە، پێش ئەوەی گوللەباران بکرێن، هەرسێ هاوڕێ بەندییەکە لە نێو خۆیاندا باسی شێوازی مردنەکەیان دەکەن، تاکە شتێک هەرسێ هاوڕێکە بیری لێ دەکەنەوە مردنە، چونکە نایانەوێت وەک ئاژەڵێک بمرن، ئەو سێ هاوڕێیە ناویان تۆم و پابلۆ و ژواننە.

ئەوەی وای لە بەندییەکان کرد بە گرنگییەوە سەیری مردن بکەن و ئامادەیی ڕەتدانەوەی مردن بن، ئەوە بوو کە مردن بۆ ئەوان کۆتایی پڕۆژەکەیانە، چون ئەوان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەکۆڵ نابوو، ئامادەنەبوون بەو ئاسانییە بمرن، دەیانویست تا لە ژیان ماون، چەمکەکانی ئازادیی و دادپەروەریی بە بەرگی کۆمەڵدا بکەن.

لە کۆتاییدا ئەم ڕۆمانە پێمان دەڵێت: ئیمە لە زۆن و پانتاییەکدا دەژێین، کە زۆر تاریک و مەترسیدارە، سیاسەت و ئیدارەدان و سیستەم سادە و زۆر ڕووتە، تێیدا هەست بە ئاوابوونی پێوەرە مرۆییەکان دەکەین، دووڕوویی و  لە مرۆڤخستن، بازرگانییی بە ئایین و پیرۆزییەکان و فریودان، دیاردەیەکی ڕەشی ئەم مەملەکەتەی ئێمە پێک دەهێنن.

سەرچاوەکان:

١. میشێل فۆکۆ، دەسەڵات و دیسپلین، و: جەبار ئەحمەد، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢- سلێمانیی.

٢. ڕێبین ڕەسووڵ ئیسماعیل، کیرکیگارد فەلسەفە و ژیان، چاپی یەکەم، ٢٠١٣-هەولێر.

٣. بەختیار عەلی، ئاوڕەکەی ئۆرفیوس [کۆمەڵە وتار]، چاپی دووەم، ٢٠٠٨-سلێمانیی.

٤. ژان پۆل سارتەر، دیوار، کۆمەڵەچیرۆک، و: ئاری هاشم، چاپی یەکەم:٢٠١٧.

بابەتەکانی نووسەر
ئازاد شوکر
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.