مێترۆپۆلیس، شارسازیی و پرسی ماف
شیکارییەکی فیکری بۆ چەمکی مێترۆپۆلیس و ڕەخنەگرتن لە شارسازیی نیولیبڕاڵ.

عەلی ئەحمەد
لە زمانی یۆنانیی کۆندا، وشەی «مێترۆپۆلیس» (metropolis) بە واتای «شاری دایک» (پایتەخت، شاری سەرەکیی) دێت، – «مێترۆ» واتە «دایک» و «پۆلیس» واتە «شار، دەوڵەت». لە بنەڕەتدا، شوێنی نیشتەجێبوونێکی گەورە بووە کە بە شارە بچووک و گوندەوارەکان دەور درابوو. مێترۆپۆلیس لە چەرخی کۆندا ئەو واتایەی هەبوو. دواتر زاراوەی «مێترۆپۆلیس» بە دەوڵەتێک ناودەبرا کە پەیوەندیی بە کۆڵۆنییەکانییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە هەبوو، واتە ئەو خاک و دانیشتووانانەی کە سەربەخۆییان نەبوو و دەکەوتنە ناو قەڵەمڕەویی و کۆنترۆڵی دەوڵەتەکەوە. زاراوەی کۆڵۆنیا (colōnia) لە لاتینییەوە هاتووە، کە وڵاتێکە لە سەربەخۆیی بێبەشە و لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتێکی بیانیی «مێترۆپۆلیس»ـدا. هەروەها زاراوەی کۆڵۆنیی واتای «نشینگە» دەدات و ئاماژە بوو بۆ ئەو ڕۆمانیانەی کە لە وڵاتانی دیکە جێگیر بوون، هاوکات پارێزگارییان لە ناسنامەی خۆیان دەکرد. بەڵام سەرهەڵدانی کۆڵۆنیاڵیزمی مێترۆپۆلیس دەگەڕێتەوە بۆ پێش دەوڵەت-شارەکانی یۆنان و ئیمپراتۆریەتی ڕۆم، کە لە شارستانیەتی سۆمەرییەوە هەڵدەقوڵێت.
“ڕێبەر ئاپۆ ئەو خاڵە گرنگە دەستنیشان دەکات کە بۆ کردەی کۆڵۆنیی پێویستە مێترۆپۆلیس هەبێت؛ ئوروک وەک مێترۆپۆلیسێک سەرچاوەی دەوڵەت و کۆمەڵگەی چینایەتی بووە.”
زۆرێک لە مێژوونووسان، ئوروک بە یەکەمین دەوڵەت-شاری سۆمەرییەکان لە مێژوودا دادەنێن. هەروەها شاری یەکەمین پاشای بەناوبانگ گلگامیشە. ساڵانی ٣٨٠٠ – ٣٠٠٠ پ. ز. لە مێژوودا وەک سەردەمی ئوروک باس دەکرێت. بە ڕای ڕێبەر ئاپۆ بە ئەگەری زۆرەوە سیستەمی کۆڵۆنیی لە شاری ئوروکەوە لە ساڵانی ٣٥٠٠ – ٣٠٠٠ پ. ز. سەری هەڵداوە. ڕەنگە سیستەمی شاخەکانی زاگرۆس-تۆرۆس بە شێوەیەکی سرووشتیی بەرهەمی یەکەمین لێشاو و هەڵپەی کۆڵۆنیکردن بێت کە بە ناوی دەوڵەتەوە ئەنجام دراوە. ڕێبەر ئاپۆ ئەو خاڵە گرنگە دەستنیشان دەکات کە ناکرێت هێرشی هۆز و تیرەکان بۆ ناوچە و شوێنەکانی دەرەوەی خۆیان بە کۆڵۆنیی بزانرێت، چونکە بۆ کردەی کۆڵۆنیی پێویستە مێترۆپۆلیس هەبێت. ئوروک وەک مێترۆپۆلیسێک تایبەتمەندیی ئەوەی هەیە کە خاوەنی کۆڵۆنیی بێت. دواتر سیستەمی کۆڵۆنیی شاری ئور (٣٠٠٠ – ٢٠٠٠ پ. ز.) و ئاشوور (٢٠٠٠ – ١٧٥٠ پ. ز.) واتایەکی زیاتر دەدات بە مێترۆپۆلیس.
شارستانیەتی سۆمەر و مێترۆپۆلیسی ئوروک سەرچاوەی خانەدانێتیی، پیاوسالاریی، دەوڵەت و کۆمەڵگەی چینایەتین. لە کۆمەڵگەی سۆمەردا شار، دەوڵەت و چینایەتیی دەدامەزرێت و تایبەتمەندیی دەسەڵاتی پیاوانە وەردەگرن. لێرەوە پیاو کۆتایی بە حکومڕانیی دایک-ژن دەهێنێت و دەبێت بە دەوڵەت. لە کۆمەڵگەی سۆمەرەوە ئیدی لە ڕووی مادیی و مەعنەوییەوە سەرەوەریی پیاو دەست پێ دەکات و ژن دەبێتە پاشکۆ و ژێردەستەی پیاو. گۆڕانی هەژموونی دەسەڵادارێتیی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگەی سۆمەرەوە قۆناغێکی بنەڕەتیی بەدگۆڕانە و بۆ سەرپاکی شارستانیەتەکانی دواتر دەگوازرێتەوە و لە دەوڵەت، شار، سیاسەت، ئابووری، کایەکانی حکومڕانییدا خۆی ڕەنگڕێژ دەکات.
دەیڤید هارڤەی لە شیکردنەوەی خۆیدا بۆ شارنشینیی (شارسازیی) “Urbanization” جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە شارەکان هەر لە سەرەتاوە لە ڕێگەی چڕبوونەوەی جوگرافیی و کۆمەڵایەتیی بەرهەمێکی زیادەوە سەریان هەڵداوە. ڕێبەر ئاپۆش لە بارەی پەیدابوونی شارەوە دەنووسێت: «وەک هەر ڕاستییەکی دیکە، ڕوویەکی دیکەی شار کە هەر لەگەڵ لەدایکبوونیەوە دەردەکەوێت، پێکهاتنی چینایەتیی و پێکەوەنانی دەوڵەتە. بێگومان زیادبوونی بەرهەمهێنان بناغەی ماددیی پێکهاتنی چینایەتییە. کاتێک بەرهەمی پێویست بەو ئاستە گەیشت کە دوو هێندەی خەباتکاران زێدەبەرهەم پێشکەش بکات، واتە زەمینەی ماددیی دەوڵەت ئامادە بووە. هەرچی ئەو دیاردەیە کە بە دەوڵەت ناودەبرێت، لە ڕاستییدا ئەوانەن کە لەسەر زێدەبەرهەم دەژین. ناوبردنی دەوڵەت بە ڕێکخراوی کۆکردنەوەی زیادەکان واتادارتر دەبێت. بۆ ئەمەش شار شوێنێکی گونجاوە».
هێژای گوتنە، دیاردەی مێترۆپۆلیس و کۆڵۆنیی، تایبەتمەندیی ئیمپراتۆریەتی مەنگۆلیا نەبووە، بەو پێیەی مێترۆپۆلیسێکی نەبووە کەوا کۆڵۆنیی و ناوچە داگیرکراوەکان پێوەی پەیوەست بن، بەڵکو جەنگاوەرەکان تەنیا هێرشیان کردووەتە سەر وڵات، شار و گوندەکان، تاڵانیان کردووە و کاولیان کردووە.
تا سەدەکانی ناوەڕاست ڕۆما گەورەترین مێترۆپۆلیسی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بووە. دوای هاتنی زەمەن و قۆناغی سەدەکانی ناوەڕاست چەندین میترۆپۆلیس لە کیشوەری ئەورووپا سەرهەڵدەدەن و پەل دەکێشن بۆ خاک و سنوورەکانی وڵاتان لە کیشوەرەکانی دیکە. وەک دەوترێت، لە سەرەتاوە گەورەترین مێترۆپۆلیس لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپا ئیسپانیا بووە، کە توانی ئۆقیانووسەکان ببڕێت و خاکەکانی دەرەوەی وڵات لە قاڕەی ئەمریکا داگیر بکات و بیانکات بە کۆڵۆنیی. دواتر بەریتانیای مەزن جێگەکەی دەگرێت. هۆڵەندا، فەرەنسا و پۆرتوگالیش مێترۆپۆلیس بوون و چەندین کۆڵۆنییان لە قاڕەکانی ئەمریکا باشوور و باکوور، ئەفریقا و ئاسیا هەبووە. تا ئێستاش هەژموونی خۆیان لە ژمارەیەک لەو کۆڵۆنییانە هێشتووەتەوە.
سیستەمی مێترۆپۆلیس و کۆڵۆنیی ئاسانکاریی بۆ جیهانگیریی مۆدێرن کرد و جوگرافیا، سنوورەکان، پەیوەندییە بازرگانیی و کۆمەڵایەتییەکانی لە یەکتر نزیک کردەوە. دەوڵەتانی بۆرژوازیی ئەورووپیی بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانیان بە کەشتی بازرگانیی و سەربازییەوە خۆیان گەیاندە دوورترین گۆشەی زەوی. کۆڵۆنیاڵیزم دەبێتە سیستەماتیک و داگیرکاریی دەبێتە باوترین هەڵپە و کێبڕکێی دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەورووپا و لەگەڵ سەرمایەدارییدا دەبنە دووانەی تەواوکەری یەکتر. ئادەم سمیس ئابووریناسی بەریتانیی بە ئاماژەدان بە پێویستیی بەهێزکردنی بەرگریی، یاسای کەشتیوانیی بۆ هەناردەکردنی کاڵا لە کۆلۆنییەکانەوە بۆ بەریتانیا بە ئیمتیازێکی قۆرخکاریی هێزی دەریایی ئینگلتەرا ناساند و بە یەکێک لە ژیرترین ڕێوشوێنەکانی زانی. جگە لەوەش، سمیس بڕوای بەوە هەبوو کە دەبێت سیستەمی بازار ئازاد بێت و بازرگانەکانیش لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیان بە ئازادیی بازرگانیی بکەن. بازرگان نیشتیمانی نییە و دەتوانێت لە هەر وڵاتێکدا نیشتەجێ بێت. نیشتیمانی وی ئەو شوێنەیە کە تێیدا زۆرترین قازانج دەکات و دەبێتە سەرچاوەی سەرمایەی زیاتر. ئەم تێزەش دەبێتە زەمینەی بیری لیبراڵی ئابووریی و بە هەموو لایەکدا پەرەی پی دەدرێت و لە سەرپاکی ژیانی کۆمەڵگەکانی ئەورووپا و ئەمریکا… هتد ڕەنگڕێژ دەبێت.
هەرچەندە کۆڵۆنیالیزم ڕووخسارێکی دیار و دووبارەیە لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، بەڵام کۆڵۆنیاڵیزمی نوێ لە ڕۆژئاوای ئەورووپادا لەتەک سەرمایەدارییدا سەری هەڵدا. کۆڵۆنیاڵیزمی نوێ تەنیا بە سەپاندنی باج و سەرانە، ساغکردنەوەی کاڵا و سامانەکان و تاڵانکردن لەو وڵاتانەی داگیری کردن، وازی نەهێنا، بەڵکو شێوازی ئابووریی ئەو وڵاتانەی سەرلەنوێ داڕشتەوە. ئەوەش ئەو وڵاتانەی خستە ناو پەیوەندییەکی ئاڵۆز لەگەڵ یەکتردا. ئەم هاوکێشەیە سەری کێشا بۆ گواستنەوە (ئاڵوگۆڕ)ی سەرچاوە مرۆیی و سرووشتییەکان لە نێو وڵاتانی داگیرکەر و داگیرکراودا. وەک دەڵێن، کۆڵۆنیاڵیزم ئەو مامانە بووە کە یارمەتی لەدایکبوونی سەرمایەداریی ئەورووپیی داوە. مارکسیزم کۆڵۆنیاڵیزم بە سەرمایەداریی ناو دەبات.
ئیدی لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا خاکە کۆڵۆنیاڵکراوەکان بە شێوەی سیستەماتیک بە دەوڵەتە مێترۆپۆلیسەکانەوە گرێ دەدرێن، دانیشتووانەکانی کۆڵۆنیی ناچار بە بندەستیی دەوڵەت-مێترۆپۆلیس کران. بەم جۆرەش سوبێکت و بکەرانی ناو سیستەمی دەوڵەت-میترۆپۆلیسەکان بەهۆی داگیرکاریی و کۆڵۆنیاڵیزمەوە زۆرترین قازانج و چێژیان لە دەرفەتەکانی ناو سیستەمی جیهانیی شارستانیەت وەردەگرت. سیستەمی مێترۆپۆلیس و کۆڵۆنیی بووە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی کێشەی ماف و موڵکایەتی لە نێوان داگیرکەر و داگیرکراودا. تێزێکی جۆن لۆک فەیلەسووفی ئینگلیزیی ئەوەیە کە موڵکایەتیی تاکەکەس مافێکی سروشتییە – کاتێک سەرهەڵدەدات کە مرۆڤەکان بە “تێکەڵکردنی کارەکانیان لەگەڵ زەوییەکدا” بەها دەئافرێنن. بەرهەمی ماندووبوونیان تەنیا هی خۆیانە. بە گوتەی دەیڤید هارڤەی، دەرئەنجامێکی ناشرین لە تیۆری لۆکدا هەیە: ئەو کەسەی وا بەها بەرهەم ناهێنێت، ناتوانێت داوای موڵکایەتیی بکات. ئەم بیرکرنەوەش ڕەوایەتیی بەوە دا کە گەلانی ڕەسەنی ئەمریکای باکوور لەلایەن کۆلۆنیاڵیستە “بەرهەمدارەکانەوە” لە مافی خاوەندارێتیی بێبەش بکرێن، چونکە خەڵکە ڕەسەنەکە بەهایان بەرهەم نەدەهێنا.
لەگەڵ سەرهەڵدانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا شار-مێترۆپۆلیسەکانیش گەشە دەکەن. ئەم دیاردەیە لە سەرانسەری جیهاندا بە هەمان شێوە ڕوو دەدات. بۆ نموونە، میترۆپۆلیسەکانی لەندەن و مانجستەر… هتد لە بەریتانیا، واشنگتۆن، نیۆرک، شیکاگۆ، لۆس-ئەنجلس… هتد لە ئەمریکا، پاریس لە فەرەنسا، مۆسکۆ و سانت-پیتەرسبۆرگ لە ڕووسیا، پەکین و شەنگهای… هتد لە چین، ساوپاولۆ لە بەرازیل، ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ لە تورکیا، تاران لە ئێران، بەغداد لە عێراق و لە دەوڵەت-نەتەوەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوە مێترۆپۆلیسەکان گەشە دەکەن.
بەم جۆرە لە شارسازیی مۆدێرندا مێترۆپۆلیس ئەوەیە کە وەک جێگەیەکی ناوەند لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەیەکدا بە شارە بچووکەکان و گوندەکان دەورە دراوە، پێکەوە جموجووڵ و پەیوەندیی گواستنەوە و بازرگانییان هەیە و لەسەر بنەمای ئەو ئامانجە ئابووریی و سیاسییە کارلێک و گەشە دەکەن کە دەوڵەت دەیخوازێت. شایەنی باسە، زۆر جار لە شارسازیی نێونەتەوەییدا لەبری مێترۆپۆلیس چەمکەکانی “مێگاپۆلیس” و “مێگالۆپۆلیس”ـیش بەکار دێت.
بە شێوەیەکی گشتیی واتای مێترۆپۆلیس لە سێ قۆناغ مێژووییدا بەم جۆرە هاتووە:
– لە چەرخی کۆندا، مێترۆپۆلیس واتە دەوڵەت-شار (شاری دایک) لە پەیوەندیی لەگەڵ شارە بچووک و گوندەکانی دیکەدا.
– لە سەردەمی سەرهەڵدانی کۆڵۆنیاڵیزمدا، مێترۆپۆلیس دەوڵەتێک بوو کە خاوەنی خاکەکانی دەرەوە – کۆلۆنییەکان بووە.
– لە شارسازیی مۆدێرن و سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەدا، مێترۆپۆلیس بریتییە لە ژمارەک شاری گەورە لە چوارچێوەی یەک دەوڵەت-نەتەوەدا کە هەر مێترۆپۆلیسێک بووەتە ناوەندێکی هاوبەش بۆ شار و گوندەکانی دەوروبەری و لە سایەی یەکگرتنەوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بوونیان هەیە.
لە باشووری کوردستاندا لە دوای ڕووخاندنی رژێمی بەعسی عێراقیی (لە ساڵی ٢٠٠٣) بەهۆی فاکتەری سیاسیی و ئابووری هەرێمیی و نێونەتەوەییەوە هەوڵدەدرێت شاری هەولێر بکرێت بە مێترۆپۆلیس، بە جۆرێک نەک تەنیا لە ئاستی باشوور و پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، بەڵکو هەروەها لە ئاستی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا ململانێ لەگەڵ مێترۆپۆلیسەکانی دیکەدا بکات و ببێتە ناوەندی پەیوەندییە بازرگانیی، سەرمایەداریی و دیپلۆماسییە هەرێمیی و نێونەتەوەییەکان. هەوڵیش دراوە وزە و جموجووڵی بازرگانی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشووری کوردستان ڕابکێشرێنە ناو هەولێری مێترۆپۆلیسەوە یان بکرێن بە پاشکۆی.
فراوانبوونی خێرای شارنشینیی (شارسازیی) هەولێر لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکاریی باوەڕپێنەکراوی لە شێوازی ژیانی خەڵکدا درووست کردووە. گەڕەکی بێشوومار وەک قارچک لە ناو هەولێر و دەوروبەری سەرهەڵدەدەن. لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆژ بە ڕۆژ بازاڕ (مۆڵ)ـی بازرگانیی و فرۆشگاکان، باڕەکانی شەوانە، قومارخانەکان، ڕێستۆرانت و کافێکان، چێشتخانەکانی خواردنی خێرا، شەوەئاهەنگ و هێنانی هونەرمەندانی بیانیی زیاتر دەبن.
هەولێر، گەرچی نەگەیشتبێتە ئاستی مێترۆپۆلیسە جیهانییەکان، بەڵام لە ڕووی شارسازییەوە هەمان تایبەتمەندیی و شێوازەکانی میترۆپۆلیتانیزمی جیهانیی هەیە. (میترۆپۆلیتانیزم واتای باڵادەستی شارە گەورەکانە لە سەردەمی جیهانگیرییدا). میترۆپۆلیتانیزمی جیهانیی لە سووڕانەوەی ڕەوتی ئابووریی جیهانییدا ڕەگاژۆیە کە زێدەبەها لێیەوە دەردەهێنرێت. چینی باڵادەستی دەسەڵاتی باشووری کوردستان خەونی ئەوە دەبینین کە هەولێر ناسناوی میترۆپۆلیتانیزمی جیهانیی هەبێت، یان لانی کەم لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم ڕۆڵ و پێگەیەی هەبێت.
شارسازیی هەولێر بە تەواویی بە هۆشیاریی و ئامانجەوە بە شێوەیەک پێش دەخرێت کە سیفەتەکانی کۆمەڵگایەکی جێگیری ناسیاسیی بەرهەم دەهێنێتەوە. گەڕەکە درووستکراوەکان نەبوون بە بەشێک لە جەستەی یەکانگیری شارەکە، پانتایی و فەزای گشتیی (هاوبەش) و ناسنامەی ژیانی کۆمەڵایەتیی نادیارن و زیاتر وەک پەرتەوازە دەردەکەون، ئەوەی هەیە تارمایی و باڵکێشیی بازرگانییە بەسەر هەموو شتێکدا. شارسازیی هەولێر بە جۆرێکە کە تایبەتمەندیی فەزای گشتیی ژیانی نییە، بەڵکو تایبەت و بەرژەوەندیخوازانەیە. بەمەش شارێکی ناسیاسیی و نادیموکراسیی پێش دەخرێت. لە کاتێکدا وەک هانا ئارێنت لە تیۆرە سیاسییەکەیدا جەختی لەسەر کردووەتەوە، گەرەکە چالاکییە سیاسییەکان لە فەزای گشتییدا بن، کە تێیدا هاووڵاتیان دەتوانن یەکتر ببینن، لەگەڵ یەکتر بدوێن و بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەن، لەمەڕ جیاوازییەکانیان گفتوگۆ بکەن، پێکەوە رێگەچارە بۆ کێشەکانی خۆیان بدۆزنەوە. بەم جۆرەش دەرکەوتنی جیاوازییەکان و خاڵە هاوبەشەکانیان دەبێتە مژاری گفتوگۆی دیموکراتیی.
تۆماس پیکیتی لە پەڕتووکەکەی خۆی “سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکدا” خانوبەرە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون وەك فۆرمێکی سامان باس دەکات: «شوێنەکانی نیشتەجێبوون دەکرێت وەک هەبوویەکی سەرمایە تەماشا بکرێن کە “خزمەتگوزاریی نیشتەجێبوون” بەرهەم دەهێنێت و بەهاکەی بە کرێکەی دەپێورێت». بەڵام ڕاستییەکەی، پرۆژەکانی خانووبەرە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر (و شارەکانی دیکەی باشووری کوردستان) نەبوونەتە پرۆژەی “سامانی نەتەوەیی”، بەڵکو بوون بە سەرچاوەی “سەرمایەی بەرهەمدار”ـی دەسەڵاتداران و کۆمپانیاکانی خۆیان. چونکە بەپێی لۆجیکی سەرمایەداریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەسانە درووست دەکرێت وا دەتوانن بیکڕن، خاوەنی سەروەت و سامانن، یان پشکیان لە دەسەڵاتدا هەیە، یان توانای بەرهەمێنانی زێدەبەرهەمیان هەیە، یان بازرگان و دەوڵەمەندەکانی عێراقن.
کەواتە شارسازیی هەولێر بە زەقیی هەر دیاردە چینایەتییەکەیە، بەو پێیەی زیادە لە شوێنێک یان کەسێکەوە دەرهێنراوە. بەڕێوەبردنی شار و دابەشکردنی کار لە چنگی ژمارەیەکی کەمی تاکەکاندایە. ئەم دۆخەش تایبەتە بە سەرمایەداریی. سەرمایەداریی وەک مارکس دەبێژێ، لەسەر گەڕانی هەمیشەیی بۆ زێدەبەها (قازانج) وەستاوە. بەڵام، بە گوتەی هارڤەی، بۆ بەرهەمهێنانی بەهای زیادە سەرمایەدارەکان دەبێت زێدەبەرهەم بەرهەم بهێنن. ئەمەش بەو مانایەیە کە سەرمایەداریی هەمیشەیی ئەو زێدەبەرهەمە بەرهەم دەهێنێت کە شارنشینیی پێویستی پێیەتی. لێرەوە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان گەشەسەندنی سەرمایەداریی و شارنشینییدا درووست دەبێت.
درووستکردنی گەڕەکانی هەولێر هەر خۆیان لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای جیاوازیی چینایەتیی و ستایلی ژیانی و توانای مادیی خەڵکانێکە کە پەیوەندییان بە سیاسەت و ژیانی کەلتووریی کۆمەڵگە و جوگرافیی کوردستانەوە نییە. هەڵکەوتە و بونیادی گەڕەکەکان بە سیفاتی خۆیان دوورکەوتنەوەن لە شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی و کۆمۆناڵیی. کۆمەڵگەی سۆسیالیستیی لەسەر بنەمای زێدەبەها و قازانجی سەرمایەداریی ناژیت، بەڵکو بەرژەوەندیی گشتیی و هاوکاریی و هاوخەمیی دەکاتە بنەما ژیانییەکانی وەک: سیاسەت، ئابووری، دابەشکردنی خزمەتگوزاریی لە ناوخۆ و دەرەوەی شار بە یەکسانیی. بۆ کۆمەڵگەی کۆمۆناڵیی توانا مرۆییەکان و چڕبوونەوەی جوگرافیی لە شارێک و گەڕەکێک یان دەڤەرێکی دیاریکراودا کۆنابنەوە، بەڵکو هەموویان بۆشایی و پێداویستییەکانی کۆمەڵگە پڕ دەکەنەوە و دەیژێنن.
ئەم پەرەسەندنە ناسرووشتییەی شارسازیی هەولێر پرسی ماف لە شاردا دەکاتە ڕۆژەڤ. ئەگەر هاووڵاتییەک نەتوانێت یەکەیەکی نیشتەجێبوون، مۆڵێک یان پرۆژەیەکی بازرگانی بکڕێت، ئەوا خاوەنی موڵک و سامانی تایبەت بە خۆی نابێت، بەم پێیەش مافی کەمترە یان هیچ مافێکی لەو خاک و شارەدا نییە و شایەنی خزمەت نییە. ماف تەنێ بۆ ئەوانەیە کە توانای بەرهەمهێنانیان هەیە یان دەبنە هاوبەشی پرۆژەی سەرمایەداریی. بە واتایەکی دیکە، ئەوانەی هێزیان هەیە، بڕیار دەدەن کە ماف چۆن بێت و بۆ کێ بێت. مارکس گوتوویەتی: لە نێوان دوو مافدا، هێز فاکتەری یەکلاکەرەرەیە. هارڤەی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مافەکان لەمڕۆدا، واتە لە ژێر سایەی نیولیبراڵیزمدا لە دەوری دوو لۆژیکی باڵادەستی دەسەڵاتدا کۆ دەبنەوە، ئەوانیش دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر خاکدا و دەسەڵاتی سەرمایەن. بەم جۆرە، ژیان لە سایەی نیولیبراڵیزمدا، واتە قبووڵکردن و ملکەچکردن بۆ ئەو کۆمەڵە مافانەی کە پێویستن بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە، تەنانەت ئەگەر ئاکامی سیاسەتی کۆمەڵایەتیی و ژینگە هەر چییەک بێت.
بێبەشکردنی ماف لە شاردا خۆبەخۆ پرسی دادپەروەریی دێنێتە کایەوە. هەر بۆیە، وەک هارڤەی دەبێژێ، “واتای ئەرێنیی دادپەروەریی وەک مافێک، هاندەرێکی بەهێز بووە بۆ بزووتنەوەی سیاسیی و هەر واش دەمێنێتەوە: خەبات دژی نادادپەروەریی، زۆر جار بزووتنەوەکانی بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییدا بردووە”. بۆیە هەمیشە ئەگەری هەیە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی سەرهەڵبدەن و لەپێناو مافەکانیاندا بێدەنگ نەبن، داوای دادپەروەریی بکەن و دواجار هەوڵی گۆڕانکاریی یان شۆڕش بدەن. بەم پێیە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی لە کوردستاندا ئەو کاتە بە ئامانج دەگات کە لە خۆیدا هەڵگری ڕوانگە و فکرێکی سۆسیالیستیی و کۆمۆناڵیی بێت بۆ شار و شارسازیی. هێنری لێفێڤر پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە ئەگەر شۆڕشێک بکرێت، ئەوا بە مانا فراوانەکەی دەبێت شاریی بێت.



