گوتار

دیالەکتیکى سەرمایە

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕوانگەی هیگڵ و مارکسەوە

تۆماس ت.سکین

وەرگێڕان: وەلید عومەر

 

داگرتنی فایلی PDF

دیالەکتیکى سەرمایە

 

وتەی وەرگێڕ:

ئەم وتارە، بەشێکە لە بەرگى یەکەمى کتێبێک بە ناوى ‘دیالەکتیک بۆ سەدەى نوێ’، کە کۆمەڵێک نووسەر نووسیویانە و بێرتڵ ئۆڵمان و تۆنى سمیس ئیدیتیان کردووە. ناونیشانى دووەمى کتێبەکە بریتییە لە “لێکۆڵینەوەیەک لەمەڕ لۆژیکى ناوەکیی سەرمایەداریى”. ناوى وتارەکەش خۆى ئەمە بوو: «دیالەکتیکى سەرمایە: تەفسیرێکى ئۆنۆیی». ئێمە ئەم بەشەمان لەبەر دوو هۆکار هەڵبژارد:

١) تاکو تێبگەین چەمکى سەرمایە لا مارکس چەمکێکى ئابووریی ڕووت نییە، بەڵکوو ڕیشەى لە فەلسەفەى هیگڵدایە. گەرچى چەمکەکە بەر لە مارکسیش لاى ئابوورییناسە بۆرژوازییەکان بەکار هاتووە، بەڵام مارکس چەمکەکە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ‌دەکاتەوە. بە جۆرێک کە ئابووریی مارکسى، ئابووریی ڕووت نییە، بەڵکوو ئابوورییەکى سیاسییە و لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگاى نوێى مۆدێرن دەخوێنێتەوە. ئاشکرایە ناونیشانى دووەمى کتێبى “سەرمایە”ـش هەر “ئابووریی سیاسییە”، ڕەخنەکردنى ئابووریی سیاسیی، ڕەخنە لێرەدا واتە پشکنینى ئەو هەلومەرجەى وا ئابووریی بۆرژوازیی تیا درووست بووە و دەرخستنى ناکۆکیى و هەڤدژییەکانیشى. واتە لە پشتى چەمکەکانى وەک سەرمایە، بەها، پارە، کرێ، بازاڕ و هتد… فۆرمێک کۆمەڵگا نوستووە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ئایدۆلۆژییەکانى خۆى پێ دەشارێتەوە. مارکس، لە بەکارهێنانى وشەى ‘ڕەخنە’ـدا لە ڕیزى فەیلەسووفانى وەک کانت و هیگڵ و پێشتریش کەلتوورى فەلسەفیی یۆناندا دەمێنێتەوە کە ‘ڕەخنە’ جۆرێکە لە هەڵکۆڵین، هەڵسەنگاندن، پشکنینى هەلومەرجى درووستبوونى شتێک.

“سەرمایە شت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییە و شتەکان و شمەکان دەخاتە جووڵە و هەر دەڵێى کاڵاکان سەما دەکەن.”

٢) سەرمایە لاى مارکس، ناوى بڕێک پارەى زۆر نییە وەک لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا باوە، بەڵکوو ناوى جۆرێک پەیوەندیی کۆمەڵایەتییە و لە مۆدێرنەدا درووست بووە و کۆمەڵگایەکیشى درووست کردووە بە ناوى کۆمەڵگاى کەپیتاڵیستیی. تەنانەت خوێنەرى ئێمە، بە حوکمى هەژاریی تیۆریى، زۆر جار لە نیگاى یەکەمدا دیالەکتیک هەر بە ‘دیالێکت’ تێدەگات. دیالەکتیک کە میتۆدێکى بیرکردنەوەیە و جیهان لەڕێى دژیەکییەکانییەوە دەخوێنێتەوە، تێکەڵ دەکرێت بە دیالێکت کە شێوەزارە و هیچ پەیوەندییەکى ڕاستەوخۆى بەو میتۆدەوە نییە. بەهەرحاڵ… سەرمایە، پارەیەکى ڕووت و دابڕاو نییە؛ بەڵکوو پەیوەندیی (Relation)ـیە. ئەو بەهایەشی لەم کۆمەڵگایەدا بەرهەم دێت، زیادەبەهایەکى ئابوورییە کە سیستەمى سەرمایەداریى بەرهەمی دەهێنێت و هەموو کایەکانى ژیان بە خۆى ڕەنگڕێژ دەکات و هەموو پەیوەندییەکان پەیوەندیی کاڵایین. سەرمایە، وەک ڕۆحێک کۆمەڵگا هەڵدەسوڕێنێت، ئەویش بەپێى ڕێسایەک کە ناوى دیالەکتیکە. دەیڤید هارڤەى، ئابووریناس و جوگرافیناسى مارکسى، لە کتێبى ‘لوغزى سەرمایە’ـدا سەرمایە بە «خوێنبەر و خوێنهێنەرەکانى ناو لەشى مرۆڤ» دەچوێنێت کە ساتێک هەدادانى نییە و هەرکە وەستا، سیستەمى سەرمایەدارییش دەوەستێت. پارە تەنیا خاڵێکى ساکارى دەسپێکى سەرمایەیە و سەرمایە کە کەوتە ڕێ، دەبێتە پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتیی و هەموو کۆمەڵگا دەخاتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، ئامانجەکەشى بەرهەمهێنانى ‘زیادەبەها’ـیە و لە ڕێى چەوساندنەوەى هێزى کارى مرۆڤەوە دەیهێنێتە دى. ئەم پرۆسەیە ناوەستێت و سەرمایە بەردەوام خۆى بەرهەم دەهێنێتەوە. بۆیە مارکسیش دەڵێت، سەرمایە شت نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییە و شتەکان و شمەکان دەخاتە جووڵە و هەر دەڵێى کاڵاکان سەما دەکەن. واتە پەیوەندیی نێوان کاڵا و کاڵا، جێى پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ دەگرێتەوە. بۆ وێناکردنى ئەم دیمەنە تیۆرییە، گەرەکە مرۆڤ شتێک لە فەلسەفەى هیگڵ و میتۆدى دیالەکتێک تێبگات. بە کورتیى، سەرمایە لەپێناوى بەهاى بەکارهێناندا نییە، کە مەبەست پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى مرۆڤ بێت، بەڵکوو لە پێناوى بەهاى ئاڵوگۆڕدایە و پەیوەندیی بە پڕکردنەوەى پێویستییەکانەوە نامێنێت و ئامانجەکە بەرهەمهێنانى زیادەبەهایە.

دەقەکە، کەمێک چڕ و ئاڵۆزە. بۆیە وەرگێڕ، پەناى بۆ کۆمەڵێک کەوانە بردووە تاکو کەمێک دەقەکە ڕوونتر بێتەوە. ئەم جۆرە نووسینانە خۆیان لە خۆیاندا بەس نین، بۆیە تەنیا دەستپێکن بۆ نێو دنیا بەرینەکەى فەلسەفەى هیگڵ و مارکس. دنیایەک، کە ڕیشەى کۆمەڵگا و سیستەمە کۆمەڵایەتیى و سیاسیى و ئابوورییەکانمان هەڵدەداتەوە و بەر ئەفسوونى دۆزینەوە دەکەوین.

دەقەکە:

تیۆرە ئابوورییە مارکسییەکە، سیستەمێکى دیالەکتیکییە نەک سیستەمێکى ئاکسیۆماتیک[1] [واتە لە گەشە و گۆڕاندایە، نەک ئەوەى لە سەر کۆمەڵێک پێشگریمانەى نەگۆڕ وەستابێت]. گەرچى پێشتر لە شوێنانى تر باسى هەندێک تایبەتمەندیی گرنگى دیالەکتیک[2]ـمان کردووە، بەڵام وادیارە پێویست دەکات بە شێوەیەکى یەکانگیرتر ئاوڕ لەم بابەتە بدەینەوە (بەتایبەت نوسخە هیگڵى-مارکسییەکەى دیالەکتیک). دیارە لە ئەدەبییاتى مارکسییدا لێکدانەوەى زۆر بۆ ئەم جۆرە دیالەکتیکە کراوە، بەڵام بەداخەوە هەموویان مایەى پشت‌پێ‌بەستن نین؛ ڕاستتان بوێت هەندێکیان سەر لە مرۆ دەشێوێنن تا ئەوەى شتێکى فێر بکەن. بەشێکى گرفتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى دیالەکتیک شتێک نییە بە شێوەیەکى گشتىی یاخۆ پەتى و ئەبستراکت ڕوون بکرێتەوە، چونکە دیالەکتیک لۆژیکێکى تەواو فۆرماڵ (واتە ئەبستراکت و گشتى[3]) نییە، بەڵکوو لۆژیکێکى فۆرماڵ-ناوەڕۆکدار[4] (کۆنکرێتى-سەنتێزکار[5])ـە. [بە دەربڕینێکى ئاسانتر، لۆژیکى پشت ئیشکردنى دیالەکتیک، لۆژیکێکى فۆرمەکیى و فۆرماڵى وەک ئەوەى ئەرستۆ نییە؛ بەڵکوو لۆژیکێکە گرنگیى بە ناوەڕۆکى واقیع دەدات و هەریەکە لە فۆرم و ناوەڕۆک تێهەڵکێشى یەکتر دەکات و دووانەى کۆنکرێت و ئەبستراکت لێک دەدات]. بە دەربڕینێکى تر بیڵێین، دیالەکتیک سیستەمێکى تیلۆلۆژیی[6]ـیە، نەک تۆتۆلۆژیى[7]. [واتە سیستەمێکى غایەتگەرا و ئامانجدارە و بەرەو ئامانجێک دەجووڵێت، نەک ئەوەى سیستەمێکى هەمانگۆ و خۆدووبارەکەرەوە بێت وەک ئەوەى لە لۆژیکى فۆرماڵدا دەیبینین و نمونەشى لە ماتماتیکدا هەر زۆرە]. لە شرۆڤەى دیالەکتیکى دا، عادەتەن لە شتى کۆنکرێتی (بەرجەستە)وە دەست‌پێ‌دەکەین و دەگەینە سەر شتى ئەبستراکت (پەتى). واتە لە چەمکێکى بەتاڵ و کەم‌دەستنیشانکراوترەوە دەڕۆین بەرەو چەمکێکى “دەوڵەمەندتر” و دەستنیشانکراوتر. جا لێرەدا ‘کۆنکرێتیى’ بە ماناى “کۆنکرێتى-ئەزموونى[8]” یاخود “کۆنکرێتى-مێژوویی” نایەت، بەڵکوو بە ماناى “کۆنکرێتى-تێهەڵکێشکار (سەنتێزکار)” دێت و «خەسڵەت یان تایبەتمەندیی زیاترى بابەتەکە لەخۆ دەگرێت». [واتە جۆرى کۆنکرێتەکە فاکتێکى دابڕاو یاخۆ بەروارێکى دابڕاو نییە، بەڵکوو کۆى فاکت و بەروارەکانە پێکەوە، لەگەڵ دەرخستنى ناکۆکییە ناوەکییەکانیان لەو کۆیەدا].

ئێستاش ڕەنگە وا باشتر بێت باسەکەمان بە سێ تایبەتمەندیی بنەڕەتیی دیالەکتیکى هیگڵى-مارکسى دەست ‌پێ ‌بکەین:

١) ئەم دیالەکتیکە [هیگڵیى-مارکسییە]، بڕواى وایە «هەقیقەت، بریتییە لە گشت[9]».

٢) هەروەها بانگەشەى ئەوە دەکات سوبێکت و ئۆبێکت (سەبجێکت و ئۆبجێکت) یەکێکن (هاوشووناسن).

٣) لە ڕێگەى تێهەڵکێشکردنى ‘ناکۆکییەکان’ و سیانەى تێز، ئەنتى‌تێز، سەنتێزەوە دەبزوێت.

تایبەتمەندیی یەکەم و دووەم، پەیوەندیی بە پێکهاتە و بنیادى دیالەکتیکەوە هەیە، تایبەتمەندیی سێیەمیشیان پەیوەندیی بە شێوازى بزووتن و [کارکردنییەوە] هەیە.

ئێمەى مرۆڤ لە ئەزموونەکانى ژیانى ڕۆژانەمانەوە تێدەگەین هەر چیرۆکێکى نیوەناچڵ، چیرۆکێکە دواجار پشتى پێ نابەسترێت. بەس دایبابێکى بێ‌ئەقڵ دێن لە سەر بنەماى دووزمانیی یەکێک لە مناڵەکان، داوەریی نێوانیان دەکەن. بۆ ئەوەى ڕەچاوى ویژدان بکەن، گەرەکە گوێ لە هەردوو لا بگرن و کۆى پارچەکانى چیرۆکەکە “تێھەڵکێش”ـى یەکتر بکەن. دادگاش هەر لەسەر پرەنسیپێکى ئاواهى ئیش دەکات. دادگا تا لە «کۆى هەقیقەت» بەئاگا نەیەتەوە، حوکمى کۆتایی دەرناکات. گەرچى مرۆڤ شیاوى هەڵەیە و دادگاش جاروبار لەسەر بەڵگەى کەموکورت بڕیارى هەڵە دەدات، بەڵام عادەت وایە دادگا ئەو گریمانانە ڕەت بکاتەوە کە لەسەر گومان و سووسەى گوماناویى یاخۆ گریمانەى پووچەڵ و (پووچکراوە) بەندن. دەى ڕوونە لەبەر چى. ئێمەى مرۆڤ دەزانین بۆ ئەوەى شتێک ڕاست (هەقیقیى) بێت، ئەوا پێویست دەکات بە ڕەهایی یاخود لەکۆدا ڕاست بێت. ئەو گریمانە لێڵەى کە ئەم ساتەوەختە و «بەپێى دۆخى هەنوکەى مەعریفەمان» پەسەندى ‌دەکەین، نابێتە ڕاستییەکى [بنجبڕ] و واقیعیى[10].

 جا دیالەکتیکیش هەر ئاوایە، ئەویش لەم ڕوانگەیەوەیە داواى تێهەڵکێشی لۆژیکیی کۆى چیرۆکەکە دەکات. دیالەکتیک، دەرەنجامێک نییە لە سەر ئەگەر و نەگەر، گریمانە، و سووسەى گوماناویی ڕۆ نرابێت. بە دەربڕینێکى تر، پێویستە ئەنجامى هەر لێگەڕینێکى دیالەکتیکیى لە سەر خودى خۆى وەستا بێت نەک پشتى بە ئاکسیۆم (پێشگریمانەى بەڵگەنەویست) و گریمانکراوى دیکە بەستبێت. وا پێویستە بابەت یاخۆ ئۆبێکتى لێگەڕینەکە، لە هەناوى سیستەمە دیالەکتیکییەکەدا «خۆ-ڕوونکەرەوە [یان خۆشرۆڤەکار]» بێت، واتە هیچ “شت لەخۆیدا[11]“یەک نەمابێتەوە نەناسرابێت و ڕوون نەکرابێتەوە. بۆیە پێویستە لۆژیکى [ئیشکردنى] ئەم سیستەمە لە هەناوى سیستەمەکە خۆیەوە بێت نەک لە دەرەوەڕا سەپێنرابێت. ئەم جۆرە سیستەمە “خۆ-ڕوونکەرەوە[12]“ـیە هەر ئەو شتەیە وا هیگڵ ناوی دەنێت «ئایدیاى لۆژیکیی کۆنکرێتیى[13]». بۆ ئەوەى ئەم سیفەتەى دیالەکتیک زەق بکەینەوە، دەتوانین بڵێین دیالەکتیک سیفەتێکى “خۆ-ژیاننامەيى[14]“ـى هەیە.

مادام دیالەکتیک نووسینەوەى ژیاننامەى خۆیە، کەواتە دەبێت گێڕەرەوە یاخۆ سوبێکتێکى هەبێت. گرنگیشە بزانین کێ چیرۆکەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە. لاى هیگڵ “پرسى موتڵەق[15]” (خودا یان لۆگۆسى مەسیحیى) بریتییە لە سوبێکتى دیالەکتیک [واتە بکەرى پرۆسە دیالەکتیکییەکە]، بەڵام لاى مارکس “سەرمایە” سوبێکتەکەیە. ماتریالیستە مارکسییەکان زۆرجار ئەم خاڵە گرنگە پشتگوێ‌ دەخەن. هێند تامەزرۆن چەمکە ئایدیالیستییەکەى پرسى موتڵەق ناو فیکرى هیگڵ «هەڵبوەشێننەوە» کە وچانێک ناگرن بزانن دەبێت چ سوبێکتێکى ماتریالیستى بخەنە جێى وى. ئەنگڵس، لینین و کۆى قوتابخانەى “ماتریالیزمى دیالەکتیکیى” هاتن چەمکى سرووشت[16] (یاخۆ ماددە[17])ـیان خستەجێى پرسى موتڵەق بێ‌ئەوەى زۆر لێى ڕابمێنن. بەڵام پڕۆژەکەیان، وەک دواتریش دەرکەوت، هەر لە سەرەتاوە شکستى هێنابوو. بۆچى شکستى هێنا؟ چونکە سرووشت (یاخۆ ماددە) نایەت چیرۆکى خۆیمان بۆ بگێڕێتەوە. لەبەر ئەوەى سرووشت دیاردەیەکى “خۆ-ژیاننامەیی” نيیە، دیالەکتیکى سرووشت (یان دیالەکتیکى ماددە) بۆ خۆى شتێکى مەحاڵە. سرووشت، مت و ناچالاک کەوتووەتە دەرەوەى ئێمەوە و چاوەڕێیە بیپشکنین، توێکاریی بکەین، شیى بکەینەوە و بیخەینە بەر باس- ئەویش لەناوەوە نەک دەرەوە.

هەر سوبێکتێکى دیالەکتیکیى، پێویستە بە ناو سوبێکتى مرۆییدا بڕوات، بگرە پێویستە مرۆڤیش تێپەڕێنێت. پرسى موتڵەقى هیگڵ، هەردوو مەرجەکەى تیایە. چونکە، وەک ئەوەى فۆیەرباخیش وتوویەتى، موتڵەق هیچ نییە بێجگە لە «ناکۆتاکردنەوە» (يان ڕەهاکردنەوە)ـى فەزیلەتە مرۆییەکان. ئێمەى مرۆڤ تاڕادەیەک چاکەخواز، ژیر، بەهێز، و هتدین، بەڵام تا ناکۆتا و بە شێوەیەکى موتڵەق بەو جۆرە نیین. گەر ئەم سیفەتە خۆش و خوازراوە مرۆییانە لە زەینى مەدا ‘ناکۆتا’ و ‘ڕەها’ ببنەوە، ئەوسا ئیدى دەتوانین وێناى خودا یان موتڵەق بکەین. لەجیاتیی ئەوەى خودا ئێمەى لەسەر شێوەى خۆى خەڵق کردبێت، ئەوە ئێمەین ئەومان لەسەر شێوەى خۆمان خەڵق کردووە. ئەمە تێزە ناسراوەکەى فۆیەرباخیشە بە ناوى بەمرۆڤدانان[18] [ئەوەى کە خودا، مرۆیی‌ دەکەینەوە و وەک خۆمان وێناى ‌دەکەین]. هەر لێرەشەوەیە بە ئاسانیى لەوە تێدەگەین بۆچى خودا، واتە پرسى موتڵەق، ئێمە وەک خەلیفە [یان بریکار]ـى خۆى هەڵدەبژێرێت. دەبێت لەڕێى ئێمەوە، خۆى ئاشکرا بکات. ئێمەى مرۆڤیش لاى خۆمانەوە دەتوانین لە ماهییەت (یان لۆژیک)ـى پرسى موتڵەق تێبگەین (کە دەکاتە حیکمەتى خودایی یان ئەقڵ)، چونکە موتڵەق هیچ نییە بێ لە درێژبوونەوەى “زات[19]“ـى خۆمان. دۆکترینى دینیى پێمان دەڵێت خودا بەردەوام ‘ڕەحمەت[20]‘ـى خۆیمان بە سەردا دەڕێژێت و بوارمان پێ دەدات لە نییەت و نەخشەکانى تێبگەین. هیگڵ ئەمە بە شێوەیەکى ‘فەلسەفیی’ ئاوا دەردەبڕێت: موتڵەق، بە تەواوەتیى خۆى بۆ ئەقڵە کۆتادارەکەى مە دەردەخات.

ئێمە لەڕێى “خۆ-ئایدیاڵکردن[21]” و ناکۆتاکردنى فەزیلەتەکانى خۆمانەوە، سرووشت یان ماددە ناخوڵقێنین. سرووشت هیچ مەرام و ئامانجێکى نییە بۆ ئێمەى دەربخات. ئێمە ڕاستەوڕاست سرووشت ناناسین. هەر ئەوەندە دەتوانین لە دەرەوەڕا و بە پشکنینى بەردەوام، مەعریفەیەکى نیوەناچڵ لەبارەى هەڵسوکەوتییەوە بەدەست بهێنین. سرووشت جێ‌وڕێ‌یەکى تایبەتى پێ نەبەخشیوین، وەک بریکارى خۆى هەڵی نەبژاردووین و ڕێ نادات لۆژیکەکەى پیا دەبکەین[22]. گەرچى ئێمە پەیوەستین بە سرووشتەوە، بەڵام خۆ ئێمە خەڵقمان نەکردووە. بۆیە لۆژیکەکەى لە ناوەوە نابینین و ناشتوانین وەک ‘کۆ[23]‘ـیەک، واتە وەک “ئایدیایەکى لۆژیکیی کۆنکرێتى” تێى ‌بگەین. “شت-لەخۆیدا”ـى سرووشت، شتێکە هەرگیز دەستمان پیایدا ناگات. بە گوزارشتێکى تر بیڵێین، سرووشت و (ماددە) ناتوانن ببنە سوبێکتى دیالەکتیکێکى ماتریالیستیى. ئەى گەر وایە چ شتێکى تر دەتوانێت ببێتە سوبێکتى دیالەکتیکى ماتریالیستى؟ وەڵامى من ئەمەیە: “سەرمایە[24]” دەتوانێت ببێتە سوبێکتى ئەم دیالەکتیکە ماتریالیستییە.

سەرمایە، لە «پاڵنەرە ئابوورییەکان[25]»ـى ئێمەى مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، بگرە ئێمەش تێدەپەڕێنێت و پێشوەختە تایبەتمەندییە مرۆییەکان لەودا ناکۆتا و موتڵەق بوونەتەوە. لە میانى ئەفراندنى سەرمایەدا، پاڵنەرە ئابوورییەکانمان “تاکڕەهەند” دەبنەوە، و لەوێشەوە کە سەرمایە بەرهەمى “خۆ-ئایدیاڵکردن”ـە، باش تێى دەگەین. [“بۆ تێگەیشتن لێى”] هێند بەسە لە خۆمان بپرسین چى دەبوو گەر بڕیار بووایە دواى ئامانجە ‘ئابوورییەکان’ـى خۆمان بکەوین، ئیدى بە هەر نرخ و سەرنجێک بووایە، واتە تەنیا ڕۆڵى کۆمەڵێک “هەڵگرى کاتیگۆریی ئابووریى” بگێڕین؟ ڕاستییەکەی بەم شێوەیە فێرى بنەماکانى تیۆرى ئابووریى دەبین. مەبەست لەم بانگەشەیە ئەوەیە کە سەرمایە وەک سوبێکتێکى دیالەکتیکى[26]، سەرتاپێ خۆى بۆ ئێمە دەردەخات. بەو پێیەى سەرمایە بەرهەمى “خۆ-ئایدیاڵکردن”ـى ئێمەیە، ئیدى هیچ شتێکى تیا نییە بە چاکیى تێى‌ نەگەین.

یەکێتیی[27] سوبێکت و ئۆبێکت، دەرەنجامى ڕاستەوخۆى ئەم ڕاستییەیە. لەم دیالەکتیکەدا، سەرمایە چیرۆکى خۆیمان بۆ دەگێڕێتەوە. سەرمایە، کە خۆمان و سنوورەکانمان تێدەپەڕێنێت، شووناسێکى سەربەخۆ و جیا لە ئێمەى هەیە. سەرمایە بووە بە ئۆبێکت [شتێکى دەرەکیى]، واتە لە سوبێکتیڤیتەى کۆتادارى مە تێپەڕیوە. لەم حاڵەتەدا، چاک لەوەش تێدەگەین سەرمایە چۆن “بیر دەکاتەوە”، چونکە لۆژیکەکەى بریتییە لە نوسخەیەکى درێژبووەوەى بیرکردنەوەى ئێمە و هیچى تر. بە دەربڕینێکى تر، ئێمە لە سوبێکتیڤیتەى سەرمایە (سەبجێکتیڤیتیی سەرمایە[28]) بەئاگا دێینەوە و [دەزانین وەک بکەرێک جیا لە ئێمەش هەیە]. سوبێکتیڤیتەى کۆتادارى ئێمە و سوبێکتیڤیتەى ناکۆتاى سەرمایە، جیان لە یەکترى؛ بەڵام هێشتاش هەر گرێدراوە بەو شتەوە وا مارکس ناوی دەنێت «هێزى ئەبستراکتکردن (داماڵین)[29]». کاتێک خۆمان “ڕادەست”ـى سەرمایە دەکەین و دەبینە بریکارى، ئیدى دەتوانین هەروەکو سەرمایە بیر بکەینەوە.

شتێکى سەرنجڕاکێشە ئەوە بیرى خۆمان بێنینەوە کە لاى هیگڵ «لۆژیک لەگەڵ میتافیزیکدا یەک دەگرێتەوە[30]». کاتیگۆرییە میتافیزیکییەکان هەموویان گوزارشت لە تایبەتمەندییەکانى پرسى موتڵەق دەکەن، واتە هەریەکەیان دەرکەوتەى سرووشتى پاڵێوراوى مرۆڤن. دیالەکتیکى پرسى موتڵەق، ئەم کاتیگۆرییانە لە نەزمێکى لۆژیکییدا ڕوون دەکاتەوە. هەر بەم پێیە، دەتوانین بڵێین “لۆژیکیش لەگەڵ ئابوورییدا یەک دەگرێتەوە”. واتە هەموو کاتیگۆرییە ئابوورییەکان سیفەتەکانى سەرمایە دەنوێننەوە و [دەبنە نوێنەرەوەى سەرمایە]، سەرمایەش هیچ نییە بێجگە لە پاڵنەرە ئابوورییەکانمان کە ناکۆتا بوونەتەوە[31]. بە دەربڕینێکى تر، دیالەکتیکى سەرمایە هەر تیۆرە ئابوورییەکەیە و هیچى تر. بۆیە پێویستە تیۆرە ئابوورییەکە، لۆژیکى سەرمایە سەرتاپێ هەڵبماڵێت. میتۆدى ئەم هەڵماڵینە سەرتاپاگیرە، هەر میتۆدى دیالەکتیکە کە هەرسێ هەنگاوى تێز و ئەنتى‌تێز و سەنتێز دەبڕێت.

سیستەمى دیالەکتیکى، سیستەمێکى “خۆ-پێناسەکەر[32]“ـە، واتە سوبێکتى دیالەکتیکەکە پێکڕا خۆى پێناسە دەکات (یان دەستنیشان دەکات). ئەم پێناسەیە بە یەکجار کامڵ ‌نابێت، پێویستە ئەم سوبێکتە جاردواى‌جار پێناسە بکرێتەوە، وەکچۆن ئێمەش بە توێ‌توێى بوون (وجود)ـى وى‌دا تێدەپەڕین. هەتاکوو باسەکە لە ئاستێکى ئەبستراکتەوە بەرەو ئاستێکى کۆنکرێتیى بڕوات، ئەم چەمکەش جاردواى‌جار دەگەڕێتەوە و هەر جارێکیش دەستنیشانکراو و [دەوڵەمەندتر] دەبێت. ئەم پرۆسەیە ئەودەم کۆتایی دێت کە چەمکەکە بە تەواویی تێهەڵکێش (سەنتێز) بووبێت یاخۆ دەرکەوتبێت، واتە هەموو چین و توێکانى دەرکەوتبێت.

ئاسانترین ڕێگە بۆ تێگەیشتن لە کرۆکى ئەم میتۆدە، ئەوەیە بزانین وێنەکێشێک چۆنچۆنى کار لەسەر پۆرترێتێک دەکات. کاتێک بە کێشانى چەند هێڵێک دەست دەکات بە کارەکەى، زەحمەتە بزانین خەریکە وێنەى کێ دەکێشێت. بەڵام کاتێک وردەوردە وردەکاریی بۆ زیاد دەکات، تا دێت زیاتر لەو کەسە دەچێت وا دانیشتووە وێنەى بکێشێت. وەختێک وێنەکە تەواو دەبێت، ئیدى هیچ گومانێک نامێنێتەوە پۆرترێتەکە هى کێیە. تەنانەت هەر لە فڵچە تۆخەکانى سەرەتاوە، وێنەکێشەکە لەپێشدا کۆتا نەخشەى لە زەیندایە. ئاگادارە ئەو شوێنانەى بە بۆشى دەیانهێڵێتەوە، لە کاتى گونجاودا بە وردەکاریی تێروتەسەل پڕیان دەکاتەوە. لە پرۆسەى سەنتێز (تێهەڵکێش)ـى دیالەکتیکییدا، ئێمەش هەروا دەجووڵێینەوە. سەرەتا بە کۆمەڵێک هێڵى گشتیى دەست‌ پێ‌ دەکەین، ئەم هێڵانە پێشوەخت هەندێک فەزا دیاریی دەکەن بۆ ئەوەى دواتر بە وردەکاریى (یان تایبەتمەندیی ورد) پڕ بکرێنەوە.

ئێستاش با ئاوڕێک لە سیانە ناسراوە هیگڵییەکە بدەینەوە، واتە «بوون[33]، نەبوون[34]، و بوون‌بە[35]». پێ دەچێت ئەم نموونەیەى لاى خوارەوە ماناى دیالەکتیکیی «ناکۆکیى[36]» و سەنتێز (تێهەڵکێش) ڕوونتر بکاتەوە. گریمان من لە هاوڕێیەکم دەپرسم: «مناڵت هەیە؟» گەر وەڵامەکە لە یەک کاتدا ئەم دووانە بێت «بەڵێ دانەیەکم هەیە (= بوون)» و «نا، هیچم نییە (= نەبوون)»، ئەوا وەڵامەکە بەپێى لۆژیکى فۆرماڵ وەڵامێکى ناکۆکە. یان هاوڕێکەم سەرى لێ تێک چووە، یاخود نایەوێت وەڵامێکى جدییم بداتەوە. ئاشکرایە ناکۆکییەکى لەم جۆرە، تێهەڵکێش نابێت، تێناپەڕێت و حەلیش نابێت؛ چونکە ناکۆکییەکە ناکۆکییەکى دیالەکتیکیى نییە. وێڕاى ئەمەش، تەفسیرکارانى خۆبەدیالەکتیکى‌زان، تەفسیرێکى ناڕاستمان پێشکەش دەکەن. ئەوان ڕێک ئەم تەمومژە بە نموونەیەکى ئەو شتە دەزانن کە هیگڵ پێى‌دەڵێت « بوون‌بە (یان صەیروورە)». دیارە شتى وا هیچ ڕاست نییە.

کاتێک هاوڕێکەم لە وەڵامى مندا دەڵێت «بەڵێ هەمە (بوون)»، هێشتا ڕەگەزى مناڵەکەى دیاریی نەکردووە. دەکرێت مناڵەکە کوڕ بێت یان کچ، ساوایەکى یەکساڵان بێت یان مێردمناڵێکى هاروهاج، مناڵێکى فرەزیرەک بێت یاخۆ دانەیەکى زەینکۆڵ بێت، مەبەستم ئیتر ئەو شتانەیە وا مناڵ دەگرێتەوە. ئەم غیابەى سیفەتە دیاریکراوەکانە کە پێى‌دەوترێت «هیچ» یان «نەبوون». ئەو تاكە زانيارييە نەبێت کە مناڵەکە هەیە و بەس، ئیدى مناڵەکە ‘هیچ’ مانایەکى بۆ من نییە. گەر بڕیار بووایە پەڕاوێکى بۆ بکەمەوە، ئەوا پەڕاوەکە جگە لە ناوێکى گریمانەیی کە بۆ کارئاسانیی خۆم لێم دەنا، هەروا بەتاڵ‌وحەتاڵ دەمایەوە. سەرەڕاى ئەمەش، ناتوانم چاو لەو ڕاستییە بپۆشم کە ماڵى هاوڕێکەم مناڵێکیان هەیە. ئەمە ئەو شتەیە وا ناکۆکیی دیالەکتیکیى[37] دەڕەخسێنێت.

“بوون‌بە” لەم نموونەیەدا بەو واتایە دێت کە دەکرێت پرسیارى زیاتر بکەم و پەڕاوێکى ماقووڵ و مانادار بۆ مناڵەکە پڕ بکەمەوە. یاخۆ دەشێت هەروا بە سادەیی پشتگوێى بخەم. لە ڕواڵەتدا وا دەردەکەوێت بە دەستى منە ڕێ ‌بدەم ئەو مناڵە “ببێت” يان “نەبێت (نەمێنێت)”. چونکە لە ڕوانگەیەکى فۆرماڵەوە هیچ هۆیەکى ناچاریى نییە یەکێک لەم دوو بژاردەیە هەڵبژێرین. گوایە دۆخى “بوون‌بە”، دۆخێکى شلۆک و ناجێگیرە. جا بۆیە تا ئەو کاتەى پرسیارە سەرەتاییەکەى من بۆ خۆشى نەبووە و کونجکۆڵییەکى ڕاستەقینەى لەپشتەوە بوو، بە دواى زانیاریی زیاتردا دەگەڕێم لەمەڕ مناڵەکە.

ئەگەر هاوڕێکەم وەڵامى پرسیارى زیاترى من بداتەوە، ئەودەم ئیدى مناڵەکەى وەک “بوونێکى پەتیی” نامێنێتەوە. بەڵکوو وەردەگەڕێت بۆ “بوونێکى خەسڵەتدار (یاخۆ دەستنیشانکراو)”. لە هەمان کاتدا، بیرکردنەوەى من لەمەڕ مناڵەکە، لە ئاستێکى “ئەبستراکشن”ـەوە بەرەو ئاستێکى تر دەجووڵێت. واتە لە گەشتە دیالەکتیکییەکەیدا، لە ئەبستراکتەوە بۆ کۆنکرێت، هەنگاوێک بۆ پێشەوە دەنێت. دواى ئەوە یەکسەر دەگەم بە بیرۆکەیەکى تێهەڵکێش‌تر[38] لەمەڕ مناڵەکە؛ هەڵبەت تا ئەو جێیەى لەڕێى وەسفى دەرەکییەوە تێگەیشتنێکى ئاواهى بڕەخسێت. هەرکە پەڕاوەکەى بەم شێوەیە پڕ بووەوە، ڕەنگە بخوازم ڕووبەڕوو مناڵەکە ببینم بۆ ئەوەى قووڵتر لە کەسایەتیى و پاڵنەرە ناوەکییەکانى بکۆڵمەوە، و بیخەمە بەردەم کۆمەڵێک پرسیارى وردتر. ئەودەم “بوون”ـى ئەوم پشتڕاست کردووەتەوە و ئیدى بەدواى زات (ماهییەت)ـیدا دەگەڕێم.

نموونەکەى سەرەوە ئەوەى بۆ ڕوون کردینەوە کە ‘ناکۆکیى’ـى دیالەکتیکى زۆر جیایە لە ‘ناکۆکیى’ـى ناو لۆژیکى فۆرماڵ. دیالەکتیک هەروا بە ئاشکرا پێچەوانەى “پرەنسیپى نا-ناکۆکیى[39]” ناوەستێتەوە لە لۆژیکى فۆرماڵدا. [واتە دیالەکتیک پێچەوانەى ئەو پرەنسیپەى لۆژیکە فۆرماڵەکە ناوەستێتەوە بڵێت شتەکان لە یەک کاتدا هەم ڕاستن و هەم ناڕاست]. ناکۆکیی دیالەکتیکیى، ئەودەم سەر هەڵدەدات کە چەمکێک تایبەتمەندیى و خەسڵەتى پێویستیی وەرنەگربێت و خرابێتە ڕوو. ئەو چەمکە خۆى پێویستى بە [خەسڵەتپێدان] و دەستنیشانکردنى زیاترە کە هێشتان دەستەبەر نەبووە. ئەمە ئەو شتەیە وا پێى‌دەوترێت ناکۆکیی دیالەکتیکیى. بەڵام دەستنیشانکردن یان خەسڵەتدان بە شتێک، واتە ئەو شتە پەیوەستە بە شتێکى جیا لە خۆیەوە. بۆ نموونە، دەشێت مناڵەکە کوڕ بێت یانژى کچ. کاتێک دەڵێین کوڕە، یانى کچ نییە. لەم حاڵەتەدا، بەوە خەسڵەت بە چەمکەکە دەبەخشین کە ئیمکانەکەى ترى لێ بسێنینەوە. ئەمە لەگەڵ تێزە ناسراوەکەى سپێنۆزاشدا وێک دێتەوە کاتێک دەڵێت: «هەر خەسڵەتپێدانێک، بۆ خۆى نەفییەکیشە[40]».

مەخابن، لێکدانەوەیەکى ناڕاست و باو بۆ سیانە هیگڵییەکە، ئەم پرۆسەیە ئاوەژوو دەکاتەوە و بە تاقى تەنیا ئەو ڕاستییە زەق دەکاتەوە کە کوڕێک (تێز) و کچێک (ئەنتى‌تێز)، هەردووکیان ‘مناڵ’ـن (سەنتێز). بەڵام ئەم لێکدانەوەیە، جووڵەیەکە لە کۆنکرێت (دەستنیشانکراوتر)ـەوە بۆ ئەبستراکت (کەمتر دەستنیشانکراو)، واتە لە “کوڕبوون و کچبوون”ـەوە بۆ “مناڵ بوون”. لەم گوزارەیەدا، هیچ ڕەگەزێکى دیالەکتیکیى نابینین. لە بەرانبەردا، بەپێى ئەو نموونەیەى پێشتر هێنامانەوە، هەر لەسەرەتاوە تێگەیشتین کە مناڵێک هەیە. پاشان پرسیارێک دەکەین بۆ ئەوەى ڕوون بێتەوە مناڵەکە کوڕە یان کچ [واتە پێویستە مناڵەکە خەسڵەت‌ وەربگرێت کە کوڕبوون یان کچبوون لەو خەسڵەتانەیە]. کاتێکیش دەوترێت کوڕە، پرسیارێکى تر دەکەین، بۆ نموونە دەکەوێتە چ تەمەنێکەوە. دواى وەرگرتنى ئەم زانیارییانەش هەوڵ دەدەم تێبگەم وەک خووخدە مناڵێکى دەرنشینە یان ناخنشین، و ئیدى ئا بەم جۆرە درێژەى دەدەمێ. لە درێژەى پرۆسەکەدا، تێدەگەم مناڵەکە لە کام جۆرانەیە. ئەوەى ڕاستى بێت، خەریکم ‘ژیاننامە’ـى مناڵەکە دەنووسمەوە. بەڵام گەر هاتو فۆرمێکى سیستەماتیکیی پرسیارکردن بەدەست هەمووانەوە بێت، ئیدى ئیشەکەى من ئاسانتر دەبێت. گەر مناڵەکە بەشى خۆى پێگەیشتبێت، دەتوانیت سوود لەم فۆرمەى پرسیارەکان ببینێت و هەر خۆیشى ببێتە دیمانەساز و وەڵامدەرەوەى دیمانەکەى خۆى. بە مانایەکى تر، دەتوانێت “ژیاننامەى خۆى” بنووسێتەوە.

مەزنێتیی هیگڵ دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە یەکەمجار پرسیارنامەیەکى سیستەماتیکیی لەم جۆرەى دۆزییەوە. بە وتەى مارکس، هیگڵ «یەکەمین کەس بوو بە شێوەیەکى گشتگیر و ئاگامەندانە، فۆرمە گشتییەکانى کارکردنى دیالەکتیکى خستە ڕوو[41]». سوبێکتى دیالەکتیکیى، کە وەڵامى ئەو پرسیارنامەیەى هیگڵ دەداتەوە، ئیدى ئامادەیە یەکپارچە “ژیاننامەى خۆى” هەڵبماڵێت. ئەم پرسیارنامەیە لە سێ دۆکترین پێک هاتووە: بوون (Being)، زات (ماهییەت- Essence) و چەمک (Notion).

دۆکترینى بوون خۆیشى دابەش دەبێت بە سەر سیاندا: چۆنییەتى[42]، چەندێتیى[43]، پێوانە[44]. تا ڕادەیەک دەتوانین بڵێین سوبێکتى دیالەکتیکیى لە ناو ئەم دۆکترینەدا (کە لێرەدا دەکاتە مناڵى هاوڕێکەم)، لە دەرەوەڕا خەسڵەت ‌وەردەگرێت؛ لە ڕێگەى میتۆدى “بوون‌بە” یاخود “پەڕینەوە لە فۆرمێکەوە بۆ فۆرمێکى تر”. بۆ نموونە، “مناڵەکە” دەبێتە “کوڕ”، دەبێتە “مێردمناڵ”، دەبێتە کەسێکى “دەرنشین” و دواییش دەبێتە “مۆسیقارێکى بەهرەمەند” و هتد… ئەم زانیارییانە گشتى دەخرێنە نێو پەڕاوى مناڵەکەوە و لە سێ بەش پێک دێن: لە بەشى یەکەمدا (چۆنییەتى)، ئەوەى کە عەوداڵین بزانین مناڵەکە لە کام جۆرە مناڵانەیە[45]؟ واتە لە بوون-بۆ-خۆىـى ماڵەکە تێبگەین[46]. با واى‌دابنێین لە بوارى مۆسیقادا بەهرەى هەیە. لە بەشى دووەمدا (چەندێتیى)، هەڵوەداین بزانین کۆمەڵگا چۆن دان بە بەهرە خۆنشینەکەیدا دەنێت (دەیناسێتەوە)، و تاقی دەکرێتەوە و لە دەرەوە پێوانە دەکرێت. لە کۆتاییشدا، بەشى سێیەمى پەڕاوەکە دێت (پێوانە)، کە بۆمان ڕوون دەکاتەوە چۆن بەهرەى ناوەکیى و دانپیانانە دەرەکییەکە تێهەڵکێش دەبن تاوەکوو مناڵەکە ببێتە مۆسیقارێکى تەواو.

لەم قۆناغەدا، دەچینە نێو دۆکترینى ‘زات’ـەوە کە لە بنک (ground) و ڕواڵەت (appearance) و کردەکێتیى (actuality) پێک هاتووە. ئەم دۆکترینە ڕێکەوتە لەگەڵ قۆناغى خەسڵەت‌وەرگرتن (دەستنیشانکردن)ـى ناوەکیی سوبێکت. ئەو میتۆدە دیالەکتیکییەى لێرەدا بەکار دێت، زۆر جار بە ڕەنگدانەوە/ڕامان (reflection) یان بنیادنان (grounding) ناو دەبرێت” خۆ دەتوانین پێیشى بڵێین ناوەکیکردنەوە[47]. لەم قۆناغەدا، سوبێکتە دیالەکتیکییەکە بەوە سنوورى خۆى دیاریی ‌ناکات شتانێک وەدەر بنێت یان ببوێرێت کە جیان لە خۆى، بەڵکوو لەجیاتیی ئەوە فاکتەرە دژیەکەکان ناوەکى‌دەکاتەوە، ئەویش بەشێوەیەکى پۆزەتیڤ و ئاشتیخوازانەتر. بۆ نموونە، پێ دەچێت مناڵەکە بەهرە مۆسیقییە بەرزەکەى خۆى لە باوانییەوە بە میرات وەرگرتبێت، بەڵام دۆخى دارایی خێزانەکەى ئەوەندە باش نەبووبێت پەروەردەیەکى گونجاوى مۆسیقاى کلاسیکى بۆ بڕەخسێنێت. لە هەلومەرجێکى ئاوادا، ڕەنگە چووبێت ئامێرێکى سادەترى هێنابێت و لە ئاکامدا بووبێتە مۆسیقارێکى ناودار. بەم جۆرە، بەهرەکەى خۆى پاراستووە (ئەمە دەکاتە بنک)، بەڵام خۆى لەگەڵ هەلومەرجى چواردەوردا دەسازێنێت (ئەمەیان دەکاتە ڕواڵەت)، و خۆیشى وەک مۆسیقارێکى دیار دەسەپێنێت (ئەمەشیان بریتییە لە کردەکیبوونەوە).

ئێستاش دەچینە نێو کۆتا پەڕەى خۆژیاننامەکەیەوە: دۆکترینى چەمک. هەنووکە کوڕێکمان هەیە خۆى وەک مۆسیقارێکى دیار سەلماندووە. ئەم کوڕە، چۆنچۆنى دەیگوزەرێنێت و بەردەوام دەبێت؟ ئەم دۆکترینەیان، دابەش دەبێت بە سەر سێ بەشدا: چەمکى سوبێکتیڤ[48]، ئۆبێکت[49]، ئایدیا[50]. ئەو میتۆدەشى لێرەدا دەخرێتە گەڕ، میتۆدى “ئاشکراکردن یا کەشف[51]“ـە. بۆ نموونە، پێویستە مۆسیقارەکەمان ژیانى خۆى لە سەر بنەماى پرەنسیپە کەسییەکانى خۆى یان دیسپلینێکى خۆسەپێن ڕێک بخات (ئەمە دەکاتە چەمکى سوبێکتیڤ). ئەم پرەنسیپانە پێویستیان بەوەیە یەکانگیر و سیستەماتیک بن، هەروابێتەوە بشچنە خزمەتى ئامانجەکەیەوە. بەڵام ژیانى وى هەمووى بەپێى ئەم پرەنسیپانە ڕێک ناخرێت. هەندێک ڕاستیی تر هەن دەکەونە ئەودیوى پرەنسیپە سوبێکتیڤ و خودییەکانى ئەوەوە. بە حوکمى ئەوەى ئەم ڕاستییانە (ئەم ئۆبێکتانە) هى ئەوە نین پشتگوێ بخرێن، بۆیە ناچارە هەندێک ڕێ‌وشوێن بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى خۆى لەگەڵیاندا بگونجێنێت. بۆ وێنە، کاتێک بەرنامە بۆ ئەنجامدانى کۆنسێرتێک دادەڕێژێت، ئیدى ناتوانێت دۆخى داهات نادیدە بگرێت یاخۆ هەستى دایباب و خوشک و براکانى ڕەچاو نەکات. ڕەنگە پێویست بکات هەندێک خۆى بگونجێنێت. تەنیا ئەودەم دەستمان بە “ئایدیا”ـى واقیعیی ئەو کەسەدا دەگات کە ئەقڵى هەماهەنگکردنى پرەنسیپە سوبێکتیڤەکانى گرتبێت لەگەڵ هەلومەرجى بابەتییدا (ئەو هەلومەرجەى کە سنوورێک لەبەردەم پرەنسیپە سوبێکتیڤەکاندا دادەنێت).

دیارە ئەمە بەو واتایە نایەت ئەم نموونەیەى بەردەستمان، تەفسیرێکى وردى لۆژیکى هیگڵمان بداتێ. شتى وا ئەستەمە. ئەوەى لە هەموو شتێکى تر زیاتر دەمەوێت بەم مەشقە بیخەمە ڕوو، ئەوەیە کە دیالەکتیکى هیگڵى دۆکترینێکى تەمومژاویى و [‘عیرفانیى’] نییە مرۆڤەکان نەتوانن تێى بگەن. بە پێچەوانەوە، دیالەکتیک شێوازێکى سرووشتیی بیرکردنەوەیە کە هەموومان لە ژیانى ڕۆژانەماندا پیادەى دەکەین؛ ئیدى خۆمان ئاگامان لێى بێت یان نا؛ چونکە دیالەکتیک بریتییە لە سیستەمێکى تایبەت بە «فۆرمەکانى بیر[52]ـمان یاخۆ خەسڵەتدان بە بیرکردنەوەمان». ئەرکى دواترى مە ئەوەیە بتوانین ئەم نەخشەهێڵە فیکرییە بخەینە گەڕ بۆ کەشفى دیالەکتیکیی چەمکى سەرمایە. لە حاڵەتێکى وەهادا، دەتوانین تۆزێک ڕژدتر و وردتر دیالەکتیک لێک بدەینەوە. جا دیالەکتیکى سەرمایەش دیسان لە سێ دۆکترین پێک دێت: سووڕ[53]، بەرهەمهێنان[54]، دابەشکردن (تەوزیعکردن)[55]. ئەو میتۆدە دیالەکتیکییانەى لەم دۆکترینانەدا خراونەتە گەڕ، بە ڕیزبەندیى بریتیین لە: بوون‌بە، ناوەکیکردنەوە، و ئاشکراکردن. هێزى بزوێنەرى پشت دیالەکتیکى سەرمایە، بریتییە لە ناکۆکیی نێوان بەها (value) و بەهاى بەکارهێنان (use-value). سەرمایە، وەک سوبێکتێکى دیالەکتیکیى، هەنگاوبەهەنگاو خۆى ئاشکرا دەکات؛ ئەویش بەهۆى زاڵبوونى ‘بەها’ـەوە بەسەر ‘بەهاى بەکارهێنان’ـدا کە یەکەمیان پەتییترین تایبەتمەندیی سەرمایەیە و دووەمیشیان نوێنەرى هەموو ئەو شتانەیە وا سەرمایە “نین”.

دۆکترینى سووڕى سەرمایە: گەربێ‌و لە سەرمایە بپرسیت: «بەر لە هەر هەموو شتێک و پێش هەر تایبەتمەندییەکى تر تۆ چیت؟» ئاوا وەڵام دەداتەوە: «من سامانێکى گشتیى و ئەبستراکتم (واتە سامانى کاڵایی-ئابووریى یاخۆ بازرگانیى)، کە هیچ سیفەتێکى ماددیی کۆنکرێت و دیاریکراوم پێوە نییە تاکو بەجۆرێک لە جۆرەکان تۆ خۆشحاڵ‌بکات». ئەم دیوە ئەبستراکت و گشتییەى سامان پێى‌ دەوترێت «بەها»، ئەویش لە بەرانبەر دیوە دیاریکراوە کۆنکرێتییەکەیدا کە بە «بەهاى بەکارهێنان» ناو دەبرێت. کاڵا[56]، سادەترین سیاقە ئەم دوو زاراوە بە ڕواڵەت دژیەکەى تیا کۆ دەبێتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە مارکس دەڵێت: «لە نیگاى یەکەمدا، سەروەت‌وسامانى کۆمەڵگاى بۆرژوازیى، لە شێوەى کەڵەکەیەکى زەبەلاحى کاڵادا خۆى دەردەخات کە ‘یەکە’ـکەى بریتییە لە کاڵاى تاک‌تاک[57]».

بەهاى کاڵا، نابینرێت. بەهاکەى لە هەناوى بەهاى بەکارهێنانى هاوپێچى کاڵاکەدا شاراوەتەوە [واتە هەر کاڵایەک دوو بەهاى هەڵگرتووە، بەهاى بەکارهێنان و بەهاى ئاڵوگۆڕ: بەهاى بەکارهێنان بریتییە لەو دیوەى کاڵا کە پێویستییەک پڕ دەکاتەوە؛ بەهاى ئاڵوگۆڕیش واتە ئەو زیادەیەى کاڵاکە بۆ ئەوەى ئاڵوگۆڕى پێوە بکرێت و بچێتە ناو سووڕى سەرمایەوە]. بۆ زاڵبوون بە سەر ئەم سنووردارییەدا، بەهاکەى خۆى لە فۆرمى نرخ[58]دا دەخاتە ڕوو. [دیارە بەپێى فەلسەفەى مارکس بەها ئەبستراکتە، بەڵام نرخ کۆنکرێتیى و ڕۆژانەییە]. واتە لە بڕێکى دیاریکراوى بەهاى بەکارهێنانى کاڵایەکى تردا دەیخاتە ڕوو. مەبەستم شان دەداتە سەر بەهاى بەکارهێنانى کاڵایەکى تر. بە جۆرێک کە لەو بەهاى بەکارهێنانە ڕزگاری دەبێت کە لەگەڵیدا هاوپێچە، ئەوەى وا ناچارە پێکەوە لەگەڵ یەکتردا هەڵبکەن. بۆیە لە دەرەوەى ئەو کاڵایەوە بۆ ڕێچار دەگەڕێت. ئەم ڕچەیە، میتۆدى پەڕینەوە یاخۆ “بوون‌بە”یە.

دەربڕینى بەها لە کاڵاکاندا، خۆى دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى ‘پارە[59]‘ـش. پارە، کاڵایەکە (هەروەکو ئاڵتوون) کە هەموو کاڵاکانى تر بەهاى خۆیان بە بەهاى بەکارهێنانى وى دەپێون. هەر لەبەر ئەم تایبەتمەندییەشە، پارە دەتوانێت بێ هیچ سنووردارییەکى چۆنایەتیى[60]، کاڵاکانى تر بکڕێت و ئا بەم شێوەیە بەهاکەیان بپێوێت. هەروابێتەوە، پارە بە دوو شێوە خۆى دەردەخات: پارەى کارا (لە سووڕى مامەڵەدا)، پارەى ناکارا[61]. جۆرى دووەمیشیان، پارەیەکە دەکەوێتە دەرەوەى سووڕى کاڵاوە و چاوەڕێى دەرفەتێکە ببێتە سەرمایە.

سەرمایە، پرۆسەیەکە (یان کارکردێکە) بڕێک پارەى تیا دەبێتە بڕێک پارەى زیاتر، ئەویش لەڕێى سێ فۆرمى جیاوازەوە. ئەم سێ فۆرمەش بریتیین لە: سەرمایەى بازرگانیی، سەرمایەى سوو (قەرز) و سەرمایەى پیشەسازیى. کارکردى یەکەمیان، لەو دووانەی تر زیاتر ڕووبەڕووى ڕێگریی بەهاى بەکارهێنان دەبێتەوە، چونکە بازرگان نێوانگرێکە لە نێوان بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران (مەسرەفکاران)ـدا گیری خواردووە. بەڵام سەرمایەى پیشەسازیى زۆرترین ئازادیی هەیە لە ئاست کۆتوبەندەکانى بەهاى بەکارهێناندا، چونکە پیشەوەر (پیشەساز)، هەر بە سرووشتى خۆى، دەتوانێت هەموو جۆرە بەهایەکى بەکارهێنان بەرهەم بێنێت، بەو مەرجەى هێزى کار وەک کاڵایەک لەبەردەستیدا بێت.

دۆکترینى بەرهەمهێنان: هەرکە فۆرمى سەرمایەى پیشەسازیى جێى گرت، ئیدى جۆرێک ناکۆکیی تەواو نوێ لەنێوان بەها و بەهاى بەکارهێناندا سەرهەڵدەدات. ئەمە ناکۆکییە لەنێوان سەرمایە لە فۆرمە “کریماتیستیک (هەڵکشانى بەها)”ـەکەى و ژیانە ڕاستەقینە ئابوورییە کۆ-مێژووییەکەدا[62]، واتە بەرهەمهێنانى بەهاى بەکارهێنان تێکڕا. ئەمجارە، ناکۆکیى لەو ڕێگەیەوە چارە دەبێت کە کامڵتر و دڵنیاتر لە ئابوورییە واقیعییەکە تێپەڕێت، ئەویش لە فۆرمى هەڵکشانى بەهادا [کە دەکاتە سەرمایەداریى]. ژیانى ڕاستەقینەى ئابووریى هاوبەشى نێوان گشت کۆمەڵگاکان، بەهۆى فۆرمێکى وەک هەڵکشانى بەهاى سەرمایەوە، ناوەکیی ‌دەبێتەوە.

پێویستە لە هەموو کۆمەڵگاکاندا بەهاى بەکارهێنان بەرهەم بێت. بەڵام لە سیستەمى سەرمایەدارییدا، بەهاى بەکارهێنان تەنیا وەک ڕەنگدانەوە (یان ڕووى نەرێنیی)ـى بەرهەمهێنانى زیادەبەها دێتە ئاراوە. کاڵاکان ڕاستەوخۆ لەبەر بەهاى بەکارهێنان بەرهەم نایەن، بەڵکوو لەبەر ئەو زیادەبەهایەى وا لە خۆیاندا هەڵیانگرتووە بەرهەم دێن. بەرهەمهێنانى زیادەبەها، پێویستى بە گەشەى شێوازێکى تایبەتى سەرمایەدارییه کە عادەتەن بریتییە لە کۆمەڵێک کارگەى پۆشتە بە ماشێن. خستنەکارى ماشێنەکان، پێویستی بە پەرەسەندنى زیاتر و زیاترى هێزى کار[63]ـه وەک کاڵایەک. بۆیە بەرهەمهێنانى سەرمایەدارانەى کاڵا، تەنیا ناکەوێتە نێو کارگەوە. ئەوەى نێو کارگەدا ڕوو دەدات، دەرەوەى کارگە جڵەوی دەکات و ڕێکی دەخات.

بەپێى ئەم دۆکترینە، بەرهەمهێنانى کاڵا وەک بەها، کە زیادەبەهاش دەگرێتەوە؛ لە هەموو ڕووەکانەوە لێى دەکۆڵرێتەوە. واتە هەم لە ناوەوەى کارگەوە (وەک پرۆسەى بەرهەمهێنانى سەرمایە)، هەم لە دەرەوەى کارگەشەوە (وەک پرۆسەى سووڕى سەرمایە)، هەروەها وەک چالاکیی بێوچانى کۆى سەرمایەى کۆمەڵایەتیى (پرۆسەى بەرهەمهێنانەوەى سەرمایە). ئەم دۆکترینە دەیەوێت شێوازى بەرهەمهێنانى سەرمایەداریى وەک سیستەمێکى خۆبەسى بەرهەمهێنانى کاڵا بخاتە ڕوو کە لەگەڵ ڕێسا کۆمێژووییەکانى ژیانە ئابوورییە ڕاستەقینەکەدا یەک دەگرێتەوە. بە دەربڕینێکى تر، سەرمایەداریى ناوى کۆمەڵگایەکى مێژوویی ڕاستەقینەیە نەک شتێکى دەستکردى خۆمان کە بۆ خۆشى دامانهێنابێت.

دۆكترينى دابەشكردن: هەرکاتێک بەردەوامیی و بەرهەمهێنانەوەى زیادەبەها جێ‌کەوت، ئەودەم سەرمایەداریى پەل بۆ فراوانکردنى بازاڕەکەى خۆى دەکوتێت، واتە بازاڕى سەرمایەداریى. گەرچى کاڵا هەمیشە وەک ‘بەها’ـیەک بەرهەم دەهێنرێت و باکى بە بەهاى بەکارهێنان نییە، بەڵام هاوکات هەر کاڵایەک بەهایەکى بەکارهێنانى جوداشى هەیە کە بۆ بەرهەمهێنانەکەى پێویستى بە تەکنیکێکى تایبەتیشە. جار هەیە بۆ بەرهەمهێنانى بەهایەکى بەکارهێنان، پێویست بە زیاد لە تەکنیکێک دەکات.

لەم قۆناغەدا، “ناکۆکیی نێوان بەها و بەهاى بەکارهێنان” دیسان فۆرمێکى تر دەگرێتە خۆى. ئەمجارەیان ناکۆکییەکە دەکەوێتە نێوان بێباکیی سەرمایەدارانە[64] دەرهەق بە بەهاى بەکارهێنان و زەروورەتى جۆرى تەکنیکەکە لە بەرهەمهێنانى ئەم بەهایەدا. دیالەکتیکى کەشف[65]، کە میتۆدێکى سەر بەم دۆکترینى دابەشکردنەیە، ئەم ناکۆکییە چارەسەر دەکات.

لە بازاڕى سەرمایەدارییدا، ئەو زیادەبەهایەى وا سەرمایە وەک کۆیەک بەرهەمی هێناوە، دابەش دەبێت بە سەر یەکەى جیاجیادا بە نیسبەت بڕە هەڵکشاوەکەیانەوە، ئەمەش پێکهاتنى ڕێژەى گشتیی قازانج و نرخەکانى بەرهەمهێنان (نرخى هاوسەنگ[66]) دەگرێتەوە کە هەریەکەیان لە بەهاکان دەترازێن (تیۆرى قازانج). وێڕاى ئەمانەش، سەرمایەى پیشەسازیى، تاکە شەریکەبەشى زیادەبەها نییە. گەرچى زەوى[67] ڕاستەوخۆ بەشداریی لە بەرهەمهێنانى بەهادا ناکات، بەڵام فاکتەرێکى گرنگە لە بەرهەمهێنانى بەهاى بەکارهێناندا. لەم ڕووەوە، سەرمایە ناچارە بەشێک لە زیادەبەهاکەى خۆى ڕادەستى خاوەندارێتیی زەوى[68] بکات، کە کۆکەرەوەى هەموو جۆرە جیاوازەکانى ڕانتە (تیۆرى ڕانت یان کرێخۆریى). خاوەندارێتیی زەوى، ئەو مافە بە خاوەنەکەى دەدات کە [بەردەوام] خولى داهاتەکە لە فۆرمى ڕانت (کرێ)ـدا وەربگرێت.

ئەزموونى هاوبەشی‌پێ‌کردنى زیادەبەها لەگەڵ خاوەندارێتیی زەوى بەم شێوەیە، سەرمایە وا لێ دەکات سەرلەنوێ خۆى وەک موڵک یان خاوەندارێتیی بچەمکێنێتەوە [و پێناسەبکاتەوە]. سەرمایەش وەک موڵک، خۆبەخۆ دەبێتە خاوەنى ئەو مافەى کە سوود لە تەوژمێکى قازانج وەربگرێت. سەرمایەى قازانجهێن[69]، تێهەڵکێشترین و کامڵترین چەمکى سەرمایەیە (بەپێى تیۆرى قازانج). لەگەڵ ئەمەشدا، ئەم چەمکە تەنیا ئەودەم مایەى پێگەیشتن و [تێگەیشتنە] کە سەرمایەى پیشەسازیى کارکردە خولییەکانى خۆى بسپێرێتە سەرمایەى ئیعتیبارى (قەرزەکیى)[70] و سەرمایەى بازرگانیى[71]. ئەم دوو فۆرمە لە سەرمایە ڕۆڵێکى ڕاستەوخۆیان لە بەرهەمهێنانى زیادەبەها و سەرمایەى پیشەسازییدا هەیە. سەرمایەى ئیعتیبارى لە ڕێگەى دەستەبەرکردنى کرێدتەوە بۆ سەرمایەى پیشەسازیى، ئەو دەرفەتە دەڕەخسێنێت کاڵاگەلێک بکڕێت کە لەم حاڵەتەدا نەبێت ناتوانێت بیکڕێت. سەرمایەى بازرگانییش، ئەرکێکى قورس و کاتخایەنى وەک فرۆشتنى کاڵا لە سەرمایەى پیشەسازیى دەسێنێتەوە و بەم هۆیەشەوە ڕێ بە سەرمایەى پیشەسازیى دەدات سەرنجى خۆى لەسەر زیادەبەها چڕتر بکاتەوە.

لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا، سەرمایە هەوڵ دەدات مەودا لە بەرهەمهێنانى بەهاى بەکارهێنان وەربگرێت. یەکەم پرەنسیپى دابەشکردنى زیادەبەها وەک سوود، دەبێتە هۆى ئەوەى هەموو یەکەکانى سەرمایەى پیشەسازیى، بەدەر لەوەى چ بەهایەکى تایبەتى بەکارهێنان بەرهەم دەهێنن، وەک یەک و بەگوێرەى ئەو سەرمایەیەى پێشوەخت خراونەتە گەڕ، پادداشتى خۆیان وەردەگرن. پرەنسیپى دووەمیش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چۆن زیادەبەها دەتوانێت دابەش ببێت بە سەر کشتوکاڵ (کە پشت بە زەوى دەبەستێت) و کەرتى ناکشتوکاڵییدا کە پشت بە زەوى نابەستێت. کۆتا پرەنسیپى دابەشکردن پێمان دەڵێت سەرمایەدارەکان گشتیان، چ ئەوانەى بە شێوەیەکى بەرهەمهێنەرانە لە پیشەسازییدا چالاکن (بەرهەمهێنانى بەهاى بەکارهێنان) و چ ئەوانەشى بە شێوەیەکى نابەرهەمهێنەرانە سەرقاڵى بازرگانیى و ئاڵووێرى دارایین، دەتوانن بەپێى بڕى خاوەندارێتیی سەرمایەکەیان، لە فۆرمى قازانجدا نەک سوود، ببنە هاوبەشى ئەو زیادەبەهایەى هەیە.

ئەوەى لە لاپەڕەکانى پێشوودا هات، بە شێوەیەکى تەواو چڕ، بنیادى دیالەکتیکى سەرمایەمان بۆ دەخاتە ڕوو. لێکچوونێکى سەیر لەنێوان لۆژیکى هیگڵ و دیالەکتیکى سەرمایەدا بەدی دەکەین. بەڵام ئەم لێکچوونە بە لاى منەوە سەیر نییە. سوبێکتى دیالەکتیکیی، هەمیشە هەر بەشێکە لە خۆمان، با لە ئاستێکى گەورەتر و کشاوتریشدا بێت. تەنیا یەک ڕێگا هەیە بۆ ئەوەى ئەم سوبێکتە بتوانێت تێکڕا و سیستەماتیک خۆى تیا ئاشکرا بکات، ئەویش ئەویش ڕێگەى دیالەکتیکە.

 

 

تێبینی: ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە وەشانی فیزیکیی گۆڤاری [ئازادیی کۆمەڵگە]، ژمارە ٥٠، [ھاوینی٢٠٢٥] بڵاوکراوەتەوە و ئێستا بۆ ئەرشیفی دیجیتاڵیی ماڵپەڕی کۆمەڵگە ئامادە کراوەتەوە.”

بۆ دەستخستنی گۆڤاری ئازادیی کۆمەڵگە 

دەتوانی سەردانی ئەم كۆشك و كتێبخانانە بكەیت

 

 

سەرچاوەکانى نووسەر:

Marx، Karl. 1904. A Contribution to the Critique of Political Economy. Chicago:

Charles H. Kerr.

Marx، Karl. 1958. Capital، Vol. 1. Trans. Samuel Moore and Edward Aveling.

Moscow: Foreign Languages Publishing House.

Wallace، W. 1975. Hegel’s Logic. Oxford، England: Oxford University Press.

لەم دوو سەرچاوەوە کراوەتە کوردى:

– دیالکتیک براى قرن جدید، ایستوان مزاروش، فریدریک جیمسون، دیوید هاروى…ویراستاران انگلیسى: برتل اولمن و تونى اسمیت. وبراستار ترجمە: فواد حبیبى. چاپ اول، نشر اختران، ١٣٩٦.

           – Dialectics for the New Century: Edited by Bertell Ollman and Tony Smith. First published 2008 by PALGRAVE MACMILLAN.

 

[1] axiomatic

[2] Dialectics

[3] (abstract-general)

[4] . لێرەدا بەرانبەر وشەى ناوەڕۆکدار، وشەى (substantive) هاتووە کە هەموو ڕەهەندەکانى هەر گوزارشت لە ناوەڕۆک دەکەن نەک فۆرمى ڕووت، وەک: زاتى، جەوهەرى، ناوەڕۆکمەند و… هتد.

[5] Synthetic

[6] Teleological

[7] Tautological

[8] Empirical

[9] ‘the truth is the whole’

[10] real  truth

[11] ‘thing-in-itself’

[12] self-explaining

[13] . ئایدیاى لۆژیکیی کۆنکرێتیى (concrete logical idea): ئایدیا لاى هیگڵ، ئایدیاى لۆژیکە کلاسیکەکە نییە لە زەینى تاکەکەسدا بمێنێتەوە، بۆیە دەبزوێت و دەچێتە نێو پرۆسەى دیالەکتیکەوە (ناو جووڵە و ناکۆکیی و گەشەوە)، لە ئەبستراکتیشەوە دەبێتە کۆنکرێت- و

[14] Autobiographical

[15] the Absolute

[16] Nature

[17] Matter

[18] Anthropomorphism

[19] Essence

[20] . لە دەقەکەدا فەیز (ڕێژەن) هاتووە، ئەویش هەر نزیکە- و

[21] self-idealization

[22] . مەبەستى نووسەر ئەوەیە سرووشت ڕاستەوخۆ و بێ ئێمە نابێتە بکەر، ئەگینا ئاشکرایە سرووشت بە شێوەیەکى دیالەکتیکیى لە ئێمەشدا ئامادەیە، ئیدى لە لەشمانەوە بیگرە تا سرووشتە شەخسییەکەمان- و

[23] Totality

[24] Capital

[25] . پاڵنەرە ئابوورییەکان (economic motives)، بزوێنەر یاخۆ هۆکارە ئابورییەکانیش دەگرێتەوە. لەبەر ڕوونیى و ئاسانییەکەى، پاڵنەرمان دانا- و

[26] dialectical subject

[27] Identity

[28] subjectivity of capital

[29] ‘force of abstraction’ (1958، 8)

[30] . (واڵاس،١٩٧٥، ل٣٦).

[31] made infinite

[32] self-definition

[33] Being

[34] non-being

[35] Becoming

[36] Contradiction

[37] dialectical contradiction

[38] more synthetic

[39] principle of non-contradiction

[40] all determination is a negation

[41] marx (1958، 29)

[42] Quality

[43] Quantity

[44] Measure

[45] Was für ein Kind ist es?

[46] (being-for-self / Fürsichsein)

[47] Internalization

[48] Subjective

[49] Object

[50] Idee

[51] Entfaltung

[52] thought-forms

[53] Circulation

[54] Production

[55] Distribution

[56] Commodity

[57] marx (1904، 19)

[58] Price

[59] Money

[60] . وەک لە ڕستەى پێشووترەوە دەردەکەوێت، پارە خۆى خاوەنى هیچ ناوەڕۆک و چۆنایەتییەکى تایبەت نییە، بۆیە لەگەڵ هەموو کاڵایەکى تردا مایەى ئاڵوگۆڕە- و

[61] . بەهۆى ئەوەى چەمکەکانى ئەدەبییاتى مارکسیى تەواو جێگیر نەبوون لە زمانى کوردییدا، هەندێکیمان بە شێوەى کاتیى داناوە- و

[62] supra-historic

[63] labor-power

[64] capitalist indifference

[65] dialectic of unfolding

[66] . واتە خواست و خستنەڕوو هاوسەنگن و کاڵاکان بەپێى خواستى بازاڕ، خراونەتە ڕوو- و

[67] Land

[68] landed property

[69] Interest-bearing capital

[70] loan-capital

[71] commercial capital

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.