گوتار

ڕۆشنبیری ئۆرگانیی کێیە؟

شیکردنەوەی ئەرکی ڕۆشنبیر لە نێوان هەژموونی دەوڵەت و ئیرادەی ئازادیی کۆمەڵگەدا.

سیروان هۆرام

 

ڕۆشنبیری ئۆرگانیی کێیە؟

شۆڕشی کۆمەڵایەتیی پشتئەستوورە بە شۆڕشی فیکریی. مێژوو گۆڤانی ئەو بارگۆڕانە گەورە کۆمەڵایەتییانەیە وا پایەکانی خۆیان لەسەر پشتی بزووتنەوە ڕۆشنگەرەکان پاوەجێ کردووە. ڕۆشنبیریی گوتارێکی نوێ نییە و هاوتەرازی مێژووە. لەو دەمەیڕا مرۆڤ توانی ژیانی کۆمەڵایەتیی خۆی ڕەنگڕێژ بکات، گۆڕەپانی فیکرییش وەک بوارێکی زەینیی، هاوشانی بواری ماددیی ژیان، گەشەی سەند و شۆڕشی زەینیی هەڵگیرساند. لەگەڵ ئەو شۆڕشە زەینییەی هەڵگیرسا، دۆڵی دووئاوان پێی بۆ پێواژۆیەکی نوێ لێ هەڵهێنا. ئەو شۆڕشە زەینییەشی زەردەشت دەستی پێ کرد، پاڵهێزێکی پانوپۆڕی گوراند و توانی ئیمپڕاتۆرییەتی ئاشووریی، وەک یەکەمین کۆڵۆنیاڵیستی مێژوو، بەچۆکدا بهێنێت. مسۆگەر ناتوانین پێشکەوتنی یۆنان لە سەدەی شەشەمی پ.ز، لەو پێشکەوتنەی ئەکادیمیا ڕۆشنگەرەکانی ئەسینا هەڵبوێرین. هەر ئەم مژارە فەلسەفییانەی ئەو چەرخەی مێژوو، مشتومڕی سۆفستاییانەی لێ کەوتەوە. جا کەسانێکی وەک سوکرات و دیموکلیتیس ئەخلاقیان بۆ سۆفستاییەکانی وەک پرۆتاگۆراس پێناس کردەوە. سەردەمی زێڕینی ئیسلام و پێشکەوتنی ناوەندە ڕۆشنگەرەکانی بەغدا، زەمینەی بۆ دەرکەوتنی بزووتنەوەی وەک موعتەزیلە ڕەخساند، کە ئێستاش وەک ڕێبازیکی فیکریی لە جیهانی ئیسلامییدا هێژای مشتومڕە. هەروەتر تێپەڕاندنی سەدەکانی ناوەڕاست و دەرکەوتنی ڕۆشنگەریی، کاری ئەو ڕۆشنبیرانەیە وا ڕایەیان کەوت لە سۆنگەی شۆڕشێکی زانستیی و بنکۆڵی پەیوەندیی نێوان سرووشت و مرۆڤ و مرۆڤ و ئایینەوە، زەمینەی بارگۆڕانی فیکریی و لێکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو بارگۆڕانە فەراهەم بکەن.

وردبوونەوە لە گوتاری ڕۆشنبیریی و ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی لێکۆڵینەوەی فرەتری گەرەک. تۆنیسی کۆمەڵناسی ئەڵمانیی، لە سۆنگەی گوتاری گزڵشافت (کۆمەڵگە) و گمنشافت (کۆمەڵ)، دەکۆشا پەیوەندیی ئۆرگانیی و میکانیکیی کۆمەڵگە پێناس بکات. پەیوەندییەکانی کۆمەڵ ئۆرگانیین و ئەندامانی کۆمەڵ بەپێی پێویستییان بە یەکتری پەیوەندیی هەڵدەبەستن نەک بەپێی سوود و قازانجی تایبەتیی. لەم بەستێنەدا پێشەنگە کۆمەڵایەتییەکان، کە ڕۆشنبیرانیش بەشێکی گرنگی پێک دێنن، لە جەرگەی کۆمەڵەوە و تەریبی ئەوان سەر هەڵدەبڕن. بە گوزارشتێکی تر؛ ڕۆشنبیریی وەک پۆلێکی جیاواز و دابڕاو لە کۆمەڵگە گەشە ناسەنێت. گرامشی لەو تیۆرساز و ڕۆشنبیرە کەمانەیە وا هەوڵی داوە ئەم گوتارە بنکۆڵ بکات. ئەو ڕۆشنبیری پیشەگەر و ئۆرگانیی دابەشی سەر دوو پۆل دەکات: ئەو ڕۆشنبیرانەی لە کۆمەڵگەی مەدەنییەوە سەریان دەرهانیوە و ئەو ڕۆشنبیرانەی لە کۆمەڵگەی سیاسیی – دەوڵەت و فەرمانڕەواوە بیچمیان گرتووە و ڕۆڵی داسەپاندنی ڕاستەوخۆی فەرمانی یاساییان هەیە. خاڵی جێسەرنجی ئەم مژارە ئەو ڕۆشنبیرانەن وا فەرمانڕەوا پەروەردەیان دەکات. ئەوان هەوڵ دەدەن لە وێنەی تیۆرسێن پایە زەینیییەکانی فەرمانڕەوایی بۆ کۆمەڵگە ڕوون بکەنەوە. بۆ نموونە؛ کەسێکی وەک جەوادی تەباتەبایی لە ڕێی تیۆری ئێران-شارییەوە هەوڵ دەدات لە عەرشی دەسەڵات و دەزگای فەرمانڕەواوە تەماشای مژارەکان بکات. ئەم ڕێبازە ڕۆشنبیرییە پەیڕەوانێکی زۆری لە ئێران هەیە و هیچ ڕێزێک لە کۆمەڵگە و خواستەکانی ناگرێت، چونکە ئەوان هەڵقوڵاوی چنراوی کۆمەڵایەتیی نین، بەڵکوو زەمینەی گەشەی ئەوان، گرامشیی واتەنی؛ ڕاڕەوەکانی باڵاخانەی دەوڵەتە نەک کۆمەڵگەی مەدەنیی. جا بەو چاویلکەیە لە پرسەکان دەنۆڕن. لەبری خستنەڕووی ئاسۆیەکی لۆژیکیی بۆ دەربازکردنی کۆمەڵگە لە تەڵەزگەکان، لە ژینگەیەکی خۆڵەمێشییدا هەڵدەخولێن، ئەمەش کۆمەڵگە لە گێژی گێژاوێکی سەربەگێژدا هەڵدەخولێنێت. شانەوشانی ئەم  ڕۆشنبیرانەی دەسەڵات وا لە عەرشی دەسەڵاتەوە لە پرسەکان دەنۆڕن، پۆلێکی تری ڕۆشنبیر هەن و لە ژێر ناوی سەربەخۆیی ڕۆشنبیرییدا، تەنێ وەک کارێکی بێلایەن لە بابەتەکە دەنۆڕن. تەنیا بە پێشنیار دڵیان دادەکەوێت و خۆیان لە پراوەی کارەکان دەپەڕێننەوە. تا ئەوکاتەی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی و ڕۆشنبیران بۆ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە دانەبەزن و هەوڵ نەدەن خۆیان ڕاستەوخۆ ئاگایان لە کێشەکان بێت و بەپێی پێدراوە واقعییەکان و دۆخەکە شیکار و شرۆڤە نەکەن، ئەوا مسۆگەر ڕووبەڕووی ئاگاییەکی ساختە دەبنەوە و تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەیان لە هەلومەرجە واقعییەکە نابێت.

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی زەقوزۆپ ئەم جیاوازییەی نواندەوە. ئەو ڕۆشنبیرانەی بە چاویلکەی سوننەت و بەپێی کەڵکەڵەی دەزگاکانی دەسەڵات و ناوەند تەماشای ئارێشەکانی کەناریان دەکرد، هیچ شڕۆڤە و ڕێچارەیەکیان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە لە هەگبەدا نەبوو و ئاسۆیەکیان نەدیتەوە. گۆشەنیگای ئەوان بۆ چارەی قەیرانەکان  جیاوازییەکی فرەی لەگەڵ دیدی ئەو ڕۆشنبیرانە هەیە وا بەر کێشەکان کەوتوون و بەپێی پێدراوە واقعییەکان لە بابەتەکە دەنۆڕن نەک ئاماری تیفتیفەدراو.

پێواژۆی فیکریی بۆ تێپەڕاندنی سنوورە چینایەتییەکان و خستنەڕووی خەونی ڕاپسکان لە هەلومەرجی هەنووکەیی، گرنگە. چونکە لە جیهانێکدا کە وا لە ژێر کاریگەریی هەژموونی میدیادا، دەسەڵات هەوڵ دەدات هەلومەرجی هەنووکەیی وەک هەقیقەتێکی ڕەها بەسەر کۆمەڵگەدا داسەپێنێت. گەرەکە بزانین نەبوونی کاردانەوەی کۆمەڵگە بەرانبەر ئەو قەیرانەی لێی هەڵژەنراوە، دەرهاویشتەی ئەو ژینگە ژەهراوییەیە. کۆمەڵگەیان بە بابەتی لاوەکییەوە سەرقاڵ کردووە و خۆیان لە بابەتی سەرەکیی دەدزنەوە. ڕاستییەکەی ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی فیتاوفیت هەڵماڵێنی ئەو پەردانەیە وا ناهێڵیت هەقیقەت ببینین. ئەگەر سەرنج بدەین. لە ڕێی پڕوپاگەنداوە توانیویانە داخوازییەکانی شۆڕشی ژنان، کە بەپێی فەلسەفەی دەربازبوونی ژن لە ئۆبژەبوون و خۆڕاپسکان بوو لە پەراوێز، لە سۆنگەی زاقوبریقی بۆرژوایی لەمەڕ ئازادیی ژن، بەلاڕێدا ببەن. بە ڕوانینی لیبراڵانە لە مژارەکان و پێداگریی لەسەر هەقیقەتی ڕێژەیی، تاک دەکەنە دوژمنی کۆمەڵگە. بەم چەشنە لە ڕێی چەواشەی ئازادییە تاکەکەسییەکانەوە هەوڵ دەدەن شۆڕش وەرگەڕێننە سەر جووڵەیەکی کەسەکیی و وەک داخوازییەکی یاسایی تاک لە چوارچێوەی سیستەمی هەنووکەییدا چێوەمەندی بکەن.

بەرانبەر ئەم ڕۆشنبیرە سوننەتییانە، پۆلێکی تری ڕۆشنبیران هەن، ئەنتۆنیۆ گرامشی ئەم ڕۆشنبیرانە بە «ڕۆشنبیری ئۆرگانیی» ناودێر دەکات. ئەویش ئەو توێژە ڕۆشنبیرییەیە وا دەتوانێت لە دەرەوەی پەرگاڵی هەنووکەیی بیر بکاتەوە و ئەو سنوورانە تێپەڕێنێت وا دەسەڵات کێشاونی. دەسەڵات ئەمانە وەک «جیابیر» ناودێر دەکات و تەنانەت هەوڵ دەدات لە ڕووی جەستەکییشەوە بیانسڕێتەوە. سەبارەت بەم بابەتە ئێمە گۆڤانی ئەو «کوشتنە زنجیرەییانەین» وا لە نەوەدەکاندا دەوڵەت بەهۆی  ئەو ترسەی ئەم ڕۆشنبیرانە لە دڵی دەسەڵاتدا چاندیان، ئەنجامی دا. بە دەستپێچی تیۆری مارکس لەمەڕ ئاگایی ساختە، دەتوانین بێژین ڕۆشنبیران دەتوانن تەمی ئاگایی ساختە لەسەر کۆمەڵگە بڕەوێننەوە و کۆمەڵگە ڕووەو ئاگایی ڕاستەقینە هان بدەن و لە ڕاڕەوە مێژووییەکاندا ببنە پێشڕەوی کۆمەڵگە. ئەوان گوتارێکی نوێیان ڕسکاند، بەم ڕەنگە توانای هەڵبەستی پردی پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتیی نوێیان هەیە کە دەبێت ببێتە جێگرەوەی پەیوەندییەکانی پێشووتر.

کەواتە بەپێی ئەم پێناسەیە نابێت پێمان وابێت جیاوازیی نێوان ڕۆشنبیرانی ئۆرگانیی و سوننەتیی تەنێ بە پێودانگی دەسەڵات و سنوورەکانە. ئەم سنوورانە گرێدراوی ئەو بوارانەی دەسەڵاتی سوننەتییە وا لە کۆمەڵگەدا هەن. جا لە ڕێی ناوەندە فەرهەنگیی و ئایینییەکانەوە پەستان دەخەنە سەر کۆمەڵ. ڕۆشنبیرانی سوننەتیی پێگەیەکی بەرزیان لە کۆمەڵگەدا هەیە و لە وێنەی نوێنەر و مامۆستای زانکۆ و مامۆستای ئایینیی و هتد… ڕۆڵ وازیی دەکەن و بەرژەوەندییەکانیان گرێدراوی هێشتنەوەی دۆخی هەنووکەییە. ئاخر جیاوازن لەو ڕۆشنبیرە بەرپرسیار و ئۆرگانییانەی وا هەڵقوڵاوی نێو کۆمەڵانی خەڵکن و هاوتەرازی کۆمەڵگە بۆ پەراوێز بەرکەنار خراون. ئەم جۆرە ڕۆشنبیرە لە کەنارێکدا ئارام ناگرێت، بە پێچەوانەوە لە هەڵبەز و دابەز و جەرگەی ئەم گۆڕانکارییانەدایە و ڕزگاریی خۆی بە ڕزگاریی ئەو کۆمەڵگەیەوە گرێ داوە وا لێی دەژێت. ئەم جۆرە ڕۆشنبیرە بەپێی هەلومەرجی هەنووکەیی ڕێچارە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان پێش دەخات. بەم ڕەنگە بە ئاسانیی دەتوانین لە ڕۆشنبیرانی سیستەمی هەنووکەییان هەڵبوێرین کە لە کەنارێکی ئارامدان و لە سەرەوە تەماشای کۆمەڵگە دەکەن. ڕاستییەکەی ئەوانەی داخوازییە شۆڕشگێڕییەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی مەرامی تایبەتیی و بۆرژواییدا کورت دەکەنەوە، بەها باڵاکانی کۆمەڵگە هەرزانفرۆش دەکەن.

“شائەرکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی ئافراندنی کۆمەڵگەیەکە کە لە ڕووی فیکرییەوە بتوانێت خۆی لە قەیرانەکان ڕاپسکێنێت.”

شائەرکی ڕۆشنبیر و ڕۆشنبیریی ئافراندنی کۆمەڵگەیەکە کە لە ڕووی فیکرییەوە بتوانێت خۆی لە قەیرانەکان ڕاپسکێنێت. ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کاتێک لە کۆمەڵناسیی ئازادییدا باسی دۆخی گێژاو دەکات، وەک هەل و دەرفەتێک بۆ خۆڕێکخستنەوە و پێناسەکردنەوەی کۆمەڵگە بیری لێ دەکاتەوە. ئەمە کاتێكە کە کۆڵەکەی دەسەڵاتە هەژموونگەرەکان دەلەرزێت و تانوپۆی دەسەڵاتەکەیان هەڵدەوەشێتەوە، دۆخی گێژاو پێش گشت شتێک قەیرانی فیکریی لەگەڵ خۆی دێنێت. جا پاش ئەمە هەڕۆژانی سیستەم ڕوو دەدات. ڕێچارەی تێپەڕاندنی ئەم گێژاوەش شۆڕشێكی ڕۆشنگەرانەیە کە توانای چنینێکی فیکریی هەبێت. ڕێبەر ئۆجالان قەیرانەکان بە بەرەنجامی کەوتنی پێوانە ئەخلاقییەکان دەزانێت. بۆیە کاتێک لە تێپەڕاندنی قەیرانەکان دەدوێین، ئەوا ئافراندنەوەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی وەک ڕاستییەک سەرهەڵدەبڕێت، ئافراندنەوەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی وەک ئەرکێکی ڕۆشنببیریی دێتە باسکردن.

هێزە هەژموونگەرەکان لە ڕێی کۆتکردنی کۆمەڵگەوە هێرش دەکەنە سەر بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵ و ئەخلاقێك بە پێودانگی ڕێساکانی خۆیان دادەتاشن. بەم ڕەنگە ڕۆشنبیران دەکەنە پاسەوانی ئەخلاقی کۆمەڵایەتیی و دەیانکەن بە دەسکەلا. گرامشیی ئەم دۆخەی لە ڕێی ئاماژە بە ڕۆشنبیرانی سوننەتیی و ڕۆڵیان لە سیستەمدا بە باشیی شڕۆڤە کردووە. دەسەڵاتی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە لە ژێر چەپۆکی فەرمانڕەوایان، کە خۆشیان بەشێكن لێی، دەهێڵێتەوە. فەرمانڕەوایی و دەوڵەت تەنیا بریتی نییە لە ناوەندە سیاسیی و بیرۆکراتەکان، بەڵکوو دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی وەک خێزان و خێڵ و دابونەریتیش لە بەرهەمهێنانەوەی سیستەمی دەسەڵات و پیاوسالارییدا وەک پردێکی کۆنباوی دەوڵەت، ڕۆڵێكی سەرەکیی وازیی دەکەن.

بەدواداچوونە مەیدانییەکانی سەروەختی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، شتی زۆر گرنگیان سەلماند. بەرەنجامەکان سازاندنی کۆسپ بۆ گەنجان لە خۆنیشانی گەورەشارەکانی وەک تاران دەنوێننەوە لەلایەن خێزان و ناوەندە کۆنەپارێزەکانەوە. سەرباری ئەوەی هەمیشە ڕوانینێکی لەو چەشنە لەگۆڕێ بوو کە ناوەند لەبەر هەبوونی پێکهاتێکی مۆدێڕن و ئەو بابەتانەی زانکۆکان مشتومڕی لە سەر ساز دەکەن، لە پەراوێز و کەنارەکان ڕادیکاڵترن، چونکە ئەوان سوننەتیین. بەڵام شۆڕشەکە نیشانی دا ئەم ڕوانینە سەرتاپێ چەوتە و ناوچە پەراوێزنشینەکان پتر ماتەوزەی بارگۆڕانی کۆمەڵایەتیی ڕادیکاڵیان تێدایە. ئەو ئەدەبییاتە شۆڕشگێڕییەی لە هەرێمە کوردیی و بەلووجییەکان بیچمی گرت، ماتەوزەیەکی فرەتری بۆ ڕاپسکان لە چەپۆکی پیاوسالاریی تێدایە. ئەم بابەتە نیشانی دا کە لە ناوەنددا، دامودەزگای پەروەرە و ڕۆڵی ئەو ڕۆشنبیرە سوننەتییانەی وا گرامشیی لە وێنەی مامۆستا و پڕۆفیسۆری زانکۆ و هتد… پێناسیان دەکات، زەقترە، جا توێژی گەنجانی ناوەند پتر لە کەلتووری هەژموون هەڵژەنراون و تێڕوانینی پەراوێز باشتر لە ئاسۆکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی تێ دەگات. «ڕۆزبێ سەدرئارا»ـی وەرگێڕ و ڕەخنەگری کەلتووریی لەمەڕ دۆخی ڕۆشنبیری ئێران دەڵێت: ئێمە ڕووبەڕووی بێواتایی دەبینەوە و ئەمەش بەرەنجامی جۆرە ڕۆشنبیرێکی دەوڵەتیی و بیرۆکراتە. ئەوان دەیانەوێت فەرمانی دەوڵەت بە شێوەی تێچنی فەرهەنگیی دەرخواردی کۆمەڵگە بدەن. بە واتایەکی تر، لەبری ڕۆشنگەریی و نوێکردنەوەی کۆمەڵگە، هەوڵ دەدەن کەسێتییەکی دەوڵەتپەرەست داتاشن، ئەو ڕەخنەگرە ئەم بارودۆخە بە شیتییەکی ئاپۆڕایی ناودێر دەکات.

ئێستا دەتوانین باش لەو کاردانەوانە تێ بگەین وا لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییدا دژ بە سیلیبریتییەکان گیرایە بەر. سەدرئارا لە درێژەی ئەم بابەتەدا پەردە لەسەر دیاردەی «ئالن دووباتنیزم» لە ئێران هەڵدەماڵێت و ئاوا بەرباسی دەدات: «ئالن دووباتنیزم بریتییە تۆی ڕۆشنبیر کە پەیوەندییەکی نەخۆش لەگەڵ دەسەڵات هەڵدەبەستیت و بەپێی ئەم سەگباوەڕییە میانڕەویی لە نیو گەل و بە تایبەت گەنجاندا بەرهەم دەهێنیتەوە.» ئێستا کاتێك تەماشای ڕەفتاری تایبەتیی و جامەلووسکێی ئێرانیی و کەسێتیی ژێر هەژموونی زهنییەتی ئێران-شاریی و یەکپارچەپەرەست دەکەین، باشتر لەم دۆخە تێ دەگەین.

ڕاستییەکەی کۆمەڵگەی ئێرانیی بەهۆی کەمیی ڕۆشنبیری سەربەخۆ، لەم چل ساڵەدا ڕووبەڕووی دۆخێکی زۆر خەمهێنەر بووەتەوە. تا کۆمەڵگە لە ناوەندی هێزەوە نزیکتر بێت، ئەوا ئەم چەشنە پووچییە پتر دەردەکەوێت. ئەو پەیوەندییە مشەخۆریی و سەگباوەڕییەی ڕۆشنبیرانی بیرۆکرات بۆ پاراستنی پێگەی خۆیان لەگەڵ دەوڵەت چنیویانە، داچۆڕاوەتە نێە توێژاڵەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە. بەم ڕەنگە شیکاری هەلپەرەستیی ئەو ئۆپۆزسیۆنە ڕاستڕەوەی وا کۆمەڵگەکەی پەلکێشی نێو بێواتایی کراوە، فرە ئاسانە.

مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی بەرەنجامی دابڕانە لە پەیوەندیی لەگەڵ سرووشت و ملپێوەنانە بەرەو پەیوەندیی ئەقڵانیی. هەرچەندە مرۆڤ خۆی بە ئەقڵانییەتی پەیوەندییەکانی خۆیەوە هەڵدەکێشێت و دەم لە ئیرادەی ئەقڵانیی دەژەنێت، بەڵام هاوشانی ئەمە بووەتە هۆی وێرانکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیی و سرووشتیی و پێبەستی گێژاوی ڕۆحیی بووە. مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی باڵایی خۆی بە پێشکەوتنی ژیانی ماددیی دەپێوێت. بەهۆی ئەو پێشکەوتنانەی لە بواری زانستدا کردوونی، خەریکی ڕاستاندنی خولیای مرۆڤی نەمر و مرۆڤی خوائاسایە، بەڵام هاوشانی ئەمە کۆمەڵگەی مرۆیی پتر لە هەموو کاتێك لە قەیرانی واتادا پەلەفرتێ دەکات هەوڵ دەدات واتا بدۆزێتەوە.

ڕۆشنبیری مۆدێڕنی ئێران هاوڕی لەگەڵ گەشەی دەوڵەت-نەتەوە بیچم دەگرێت. کۆمەڵێک خەونی هەیە، کاتێک دەیەوێت پیادەیان بکات، دەبێتە دەسکەلای دەستی دامودەزگاکانی دەوڵەت. کێشەی ئەم ڕۆشنبیرانە ئەوەیە پێیان وایە بەراورد بە کۆمەڵگە، دەسەڵات و دەوڵەت مۆدێڕن و نوێ و پێشکەوتووترە. کاتێك ڕۆشنبیری ناوەندپارێزی ئێرانیی دەوڵەت بە هەوێنی چارەسەر دەزانێت و دەم لە بەڕێوەبردنی هەزاران ساڵەی ئێران دەژەنێت، ئەوا ئاو لەم کۆنەپەرەستییە فیکرییە دەخواتەوە. ئەمە لە کاتێکدا مێژوو پێمان دەڵێت؛ هەمیشە دەوڵەت کۆنەپەرەستیی تەنەشە پێ دەدات. لەوانەیە ڕووکەشەکەی مۆدێڕن بێت، بەڵام هەرگیز ڕێ بە «بیرجیایی» نادات و ئازادییەکەی تەنێ لە چوارچێوەی ئاڕاستەکردن و لەقاڵبدانی دەوڵەتییدایە. دەوڵەتی مۆدێڕنی ئێران لە کودەتای ساڵی ١٩٢٠ـەوە دەستی پێ کرد. کەسانێکی وەک عەلی ئەکبەر داوەر و عەبدولحسەینی تەیموورتاش و محەمەد عەلی فرووغیی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە پێکەوەنانی پێکهاتەی دەوڵەتی مۆدێڕندا گێڕا. ناوەندە بنەڕەتییە بیرۆکراتیی و یاساییەکانیان بە شێوەیەکی مۆدێڕن نوێ کردەوە، لێ خۆیان وەک ڕۆشنبیری دەوڵەتیی، یەکەمین قوربانیی دەست ئەم ناوەندانە بوون.

دەتوانین بێژین ڕۆشنبیری سوننەتیی- دەوڵەتیی گەیشتووەتە بنبەست، چونکە هەوڵ دەدات بە قازانجی دەوڵەت بواری گشتیی بەرتەسک بکاتەوە و گەشەی کۆمەڵایەتیی لە ئاستێكی نزمدا بهێڵێتەوە. هەروەها لەگەڵ دەرکەوتنی ئەم ڕۆشنبیرە دەرباریی و دەوڵەتییانەی ئامانجیانە هەڵسوکەتی دەوڵەت پاساو بدەن، کۆمەڵگەیەکی ماستاوچیی بیچمی گرتووە. جا ئەم جۆرە کۆمەڵگەیە لە سرووشت هەڵبڕاوە و بە پێوانی ئەقڵانییەت و بەرژەوەندیی تایبەت ڕەفتاری کۆمەڵایەتیی خۆی دەڕسکێنێت. لەم بەستێنەدا کۆمەڵگە بووە بە قوربانیی تاک. تاک ئامادە نییە لەبەر کۆمەڵگە خۆی بکاتە قوربان و ئەمە بە گەمژەیی دەزانێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ئەو ڕۆشنبیرانەی ئەم دیدەیان هەیە، لە داڵانەکانی مێژوودا پشتیان لە ئامانجەکانی خۆیان کردووە و بە سادەیی دەڵێن: «من تا ئێرە دەتوانم و…!» ڕۆشنبیری شۆڕشگێڕ بە پێچەوانەی ڕۆشنبیری دەوڵەتییەوە لە نێو ئەو پێڕە کۆمەڵایەتییانەدا سەر هەڵدەبڕێت وا دەوڵەت پایماڵی کردوون. جا هەوڵ دەدات بواری کۆمەڵایەتیی فراوان بکات. کۆمەڵگەی ئێران نیشانی داوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا هەمیشە هەنگاوێك لە پێش دەوڵەتەوە بووە و ئەوە دەوڵەتە بووە بە کۆسپی سەرەڕێی گەشەی کۆمەڵایەتیی، شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی ڕێکاوڕێک بنبەستی دەوڵەتی پەرچ دایەوە و جارێکی تر بەستێنی کۆمەڵایەتیی فراوان کرد.

هەڵوێستی ڕۆشنبیرانی جڤاکە پەراوێزییەکانی ئێران، پێناسی ڕۆشنبیری ئۆرگانیان لەبەر هەڵدەدوورێت، چونکە پێودانگی ئەخلاقیی خۆیان کۆمەڵگەوە گرێی داوە. ئەوان کەسانێکن لە ئاست چارەنووسی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دەژێن، خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن. ئەم ڕۆشنبیرانە لە کاتی گێژاودا، کاتێك کۆمەڵگە پێویستە خۆی پێناس بکاتەوە و بەدواداچوون بۆ پێکهاتەی هەنووکەیی بکات، پێشەنگێتیی ئەم پێناسەکردنەوەیە دەخەنە ئەستۆی خۆیان و بەم ڕەنگە هێزوپێز دەدەنە کۆمەڵگە. هەژموونی ناوەند هێرش دەکاتە سەر ئەم ڕۆشنبیرانە، چونکە ئەم ڕۆشنبیرانە توانای زەینیی بۆ کۆمەڵگە دەگەڕێننەوە و لە هێرش و بارستە کەلتوورییەکانی دەسەڵات دەربازی دەکەن و بە ئامڕازی خۆپاراستن چەکداریان دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا ڕۆڵی ڕۆشنبیری ئۆرگانیی و بەرپرسیار فرە باڵکێشە. چونکە ئەوان ئاسۆکان نیشان دەدەن و شۆڕشی ڕاستەقینە و ڕۆشنگەرانە بەرپا دەکەن.

بابەتەکانی نووسەر
سیروان هۆرام
زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.