چاند

ڕانانی پەرتووکی پرسی کەسێتی لە کوردستاندا

 (بنیادنانی تاکی کورد لە ئاو و هەوا پێویستترە).

هەردی دولبەر

 

داگرتنی فایلی PDF

 

پەرتووکی پرسی کەسێتیی لە کوردستاندا ساڵی ١٩٨٣ لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە. نووسینی ئەم پەرتووکە پێویستییەکی هەنووکەیی ئەو ڕۆژگارە بووە. ڕێبەر ئاپۆ ئاگایی هەبوو بەرانبەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ـی سەدەی ڕابردوو لە گۆڕەپانی سیاسی دەرکەوتبوونە مەیدان. ئامانجی نووسینی ئەم پەرتووکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە، بۆ دەربازکردنی ڕوانگەی مەرگدۆستیی نێو شۆڕشە جیهانییەکان و سەرهەڵدانی کوردان دەگەڕێتەوە.

درووشمە ژیاندۆستییەکەی پەکەکە «شۆڕشی ئێمە شۆڕشی ئافراندنی خۆشەویستییە»ـیە لەم ڕوانگەوە چاوگە دەگرێت. ئەم پەڕتووکە لە قۆناغێکدا نووسراوە کە هێشتا پەکەکە دەستی بە چالاکیی سەربازیی دژی دەوڵەتی تورک نەکردبوو، ئەمە لە کاتێکدایە پەکەکە لە ساڵی ١٩٧٨ خۆی وەک پارتێکی شۆڕشگێریی کوردستان ڕاگەیاندبوو، هۆکاری درەنگ دەستپێکردنی جەنگی گەریلایی بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ باسی دەکات؛ کە مرۆڤی کورد بە جۆرێک لە نێو مێژوویەکی دوو هەزار ساڵەدا تێک شکێنرابوو، هەموو مۆڕاڵ و بەهایەکی خۆی و کۆمەڵگەکەی لەدەست دابوو، بۆیە لە ئاواکردنی گرووپی ئاپۆچییەکانەوە تا قەڵەمبازی پیرۆزی ١٥ـی تەباخی ١٩٨٤ بە پێشەنگایەتیی شەهید مەعسوم کوڕکوماز، ڕێبەر ئاپۆ سەرقاڵی ئاواکردنەوەی تاکی کورد بوو تا بتوانێت باوەڕی بە خۆی هەبێت.

ئەم پەرتووکە لە پێنج بەشی سەرەکی پێک هاتووە. بەشی یەکەمی باسی پرسی کەسێتیی دەکات، کە چۆن بە قۆناغە جیاوازەکانی مێژوودا تێپەڕیوە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆمان و کاریگەرییەکانی تاک لە گەشەسەندن و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵ چۆن ڕوویان داوە.

 بەشی دووەمی پەڕتووکەکە شیکاری پرسی کەسێتییە لە کوردستاندا. لەم بەشەدا ڕێبەر ئاپۆ باسی ئەو ڕەوشە خراپەی تاک و کۆمەڵی کوردیی دەکات کە ناکرێت چاوەڕێی هیچ بەها و شۆڕشێکی لێ بکرێت!

 لەم بەشەدا ڕێبەر ئاپۆ دەخوازێت پێمان بڵێت تا لە ڕووی زەینیی و ڕۆحییەوە ئەم کەسێتییە لاوازەی کورد نەکوژین، ناکرێت دەست بدەینە تێکۆشان و چاوەڕێی سەرکەوتن بین. لەمبارەوە دەڵێت:

« پێویستە ئەمجۆرە کەسێتییە سەرپاک لە کوردستاندا ڕیشەکێش بکرێت، کە چەشنە مرۆڤێکە زۆر گەمژانە لە هەمبەر هەرجۆرە ڕەخنەگرتنێکی شۆڕشگێڕانە دەوەستێتەوە تا درێژە بەو نۆکەرایەتیی و ژێردەستەیی خۆی بدات».

 بەشی سێیەمی پەڕتووکەکە بۆ تایبەتمەندییەکانی کەسێتیی شۆڕشگێڕ تەرخانە. لەم بەشدا ڕێبەر ئاپۆ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ناهەمووارەی کوردستان، شیکاریی بۆ کەسێتیی شۆڕشگێڕ کردووە، کاکڵەی مەبەستی ڕێبەر ئاپۆ ئەوەیە کەسێتی شۆڕشگێڕ لە یەک کاتدا خاوەنی سێ تایبەتمەندیی بێت:

 «لە گۆڕەپانی ڕۆشنگەرییدا خاوەنی کەسێتیەکی ڕۆشنبیر بێت، لە گۆڕەپانی سیاسیدا خاوەنی کەسێتییەکی فرە کارامەی دیبلۆماس و وردبین بێت، لە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دوژمنانیشدا، خاوەنی کەسێتییەکی فەرماندار و لێهاتوو بێت».

بەشی چوارەمی پەڕتووکەکەش تەرخان کراوە بۆ باسی ئاواکردنی ڕۆحییەتی بەرنگاریی و فراوانکردنی گۆڕەپانی تێکۆشان و خۆشەویستیی کەسێتیی شۆڕشگێڕ بۆ گەل و نیشتیمانەکەی؛ ئەمەش لە پێناو ئاواکردنی کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیست و ئازاد. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت:

 «شەهیدکردنی ڕێهەڤاڵمان حەقی قەرار بۆ ئێمە ڕووداوی مردنێکی ئاسایی نییە. ئێمە لە کۆمەڵگەیەکداین مردن لەپێناو بەها بەشکۆکاندا زەحمەتە و تێکۆشانیش لە پێناویدا کارێکی ئەستەمە».

 هەرچی بەشی کۆتایی پەڕتووکەکەیە بۆ پرسەکانی ژیانی کادر و شێوازی ڕێکخستنی ئەرک و کارەکانی نێو پارتی تەرخانە، جا چ لە ڕووی تیۆرییەوە بێت یان پڕاکتیک. لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت:

 «دەبێت پڕۆسەی ئافراندنی ڕێکخراوێکی بەهێز، کە شۆڕشگێڕان لەخۆ بگرێت، لە سەر بنچینەی تیۆر و بەرنامە و ستراتیژی ڕوون بێت».

چرکەساتی شۆڕش بە شیتەڵکردن و ئافراندنی کەسێتییدا دەرباز دەبێت. شۆڕش لە ڕاستینەی خۆیدا گرێدراوی ئەم پرسەیە. وەک  چۆن ڕێبەر ئاپۆ لەم پەڕتووکەدا ئاماژەی پێ دەکات:

«بێگومان کەسێتیی شۆڕشگێڕ پێویستی بە بڕێکی فراوان لە ڕۆحییەتی ئازاد و دلێریی هەیە تا بتوانێت بچێتە نێو ئەم بارودۆخەوە. دەبێت ئەم کەسێتییەی کورد لە کۆمەڵگەدا بگاتە ئاستێکی باڵای بوێریی لە پڕاکتیکی ڕۆژانەی خۆیدا.»

 بە درێژایی ئەم پەڕتووکە ڕێبەرایەتیی پێ لە سەر گۆڕانکاریی لە کەسێتیی مرۆڤی کورد دادەگرێت. لە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکەوە خوێنەر لەوە تێ دەگات دنیای شۆڕش بەو جۆرە کارەکتەرە داتەپیوەی کورد ناکرێت وا پاش ڕووخانی فیدراسیۆنی ماد لەلایەن دوژمنانی کوردەوە مشتوماڵ دراوە، بۆیە گۆڕەپانی شۆڕش بۆ کۆمەڵگە و تاکی کورد، بە تێکۆشانێکی زەینیی و ڕۆحییدا دەرباز دەبێت. ناسینی ئاستی مەعریفی و ئازادی تاک لەو چرکەساتەوە دەست پێ دەکات کە کێشەکان لە نێو کۆمەڵدا فراوان دەبن و ڕاستینەی ژیان دەشێوێنێت، لێرەوە ئەرکی کەسێتیی ڕێبەری ئازاد ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ پێش ئەوەی شۆڕش لە کۆمەڵی کوردەوارییدا پێش بخات، شۆڕشێکی زەینیی و ڕۆحیی لە خۆیدا ڕەنگڕێژ کرد. هەر بۆیە لە دەستپێکی فراوانکردنی شۆڕش بۆ ئازادیی سەرکەوتوو بوو.

لەمبارەوە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت:

 «ئەو کەسێتییە شۆڕشگێڕەی پێویستیی ڕووخانی کۆمەڵگە و تاکی لاواز و بێئیرادەی لە ئەستۆ گرتووە تا کۆمەڵگە و تاکێکی ئازاد و هۆشیار لە جێی ئەوە بنیاد بنێت، گرنگە سەرەتا کەسێتیی و ڕوانینی باو لە خۆیدا بکوژێت و ڕەخنە لە ڕوانینە چەوتەکانی خۆی سەبارەت بە تيڕوانی کلاسیک بۆ ژن  و کۆمەڵگە و نیشتیمانەکەی بگرێت. هاوکات پێداگیر بێت لە گۆڕانکاریی و ئافراندنی تاکێکی نوێ تا لە ئاستی تیۆریی – پراکتیکییەوە ڕێگاکانی سەرپێکەوتنی تاکێکی ئازاد مسۆگەر بکات.

ئافراندنی کۆمەڵگە و تاکی ئازاد بە کەرەستە و چەمک و ڕوانگەی کۆن و دەسەڵاتخوازانە نابێت، بۆیە ڕێبەر ئاپۆ بەرانبەر هەر چەمک و ڕوانگەیەکی باو، بەگوێرەی ڕاستینەی مێژووی کەڵەکەبوونی مەعریفەی مرۆڤایەتیی، سەرلەنوێ پێناسەی کردوونەتەوە، جا دوور لەو پێناسە و تاپۆیانەی زیهنییەتی دەسەڵاتداریی کردوونی. سەرەتاپای ئەم پەرتووکە لە دەوری پرسیارێکی بەم ڕەنگە گینگڵ دەخوات کە «ئایە ئەوان دەتوانن کۆمەڵگەیەکی نوێ بنیات بنێن یان نا؟ ئایا ئەوان دەتوانن هەیە سەرکەوتن بەدی بێنن یان نا؟ ئەو کەسانەی ناتوانن وەڵامی ئەم پرسیارانە بە ئەرێ بدەنەوە و باوەڕ بە خۆیان ناکەن، ئەوا لەم ماوە پێچاوپێچانەدا بە شێوەیەکی زۆر سادە تووشی لاوازیی مۆڕاڵ و ڕووخانی دەروونیی دەبن، لە هەناویاندا کەسایەتیەکی گرگن و هەلپەرست و ناپاک لە هەمبەر گەل و نیشتیمانەکەیان درووست دەبێت»

خوێنەر کاتێك ئەم پەڕتووکە دەخوێنێتەوە، کتوپڕ هەست بەوە دەکات، لە مێژووی نووسینی ئەم پەڕتووکەوە لەمەڕ پرسی کەسێتیی لە کوردستان تا ئێستا، چ گۆڕانکارییەک لە تەڤگەریی ئاپۆیی (تیۆریی و پراکتیکیی)ـی و تاوسەندنی هێرشە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و دەسکەلاکانیان لە کوردستان ڕووی داوە. هەر لەم ڕوانگەوەیە ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت:

 (بنیادنانی تاکی کورد لە ئاو و هەوا پێویستترە).

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...