وانەکانی کۆبانێ
لە کۆبانێ، وێنەیەکی دیکەش تێ دەپەڕێنرێت، وێنەی سیاسەتمەداری پەروەردەکراو بۆ ڕێنوێنیی کۆمەڵگە

موراد فەرهادپوور – مەنسوور تەیفووری
لە فارسییەوە: ئەکبەر حەسەن
ناوێکی جوگرافیایی نوێ لەدایک بووە، بەبێ هیچ ڕەسمییەتێک لەسەر نەخشەیەک یان لای دەوڵەتێک، ناوێک کە وەک ناوی خەڵک خۆی هیچ شووناسێکی تایبەت نانوێنێتەوە، ناوێک کە زیادەیکە لە بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی ماشێنی جەنگیی سیاسەتە دەوڵەتی و دەسەڵاتتەوەرەکان ماوەتەوە. ئەو ماشێنی جەنگەی بەشار ئەسەد، سوپای ئازاد -کە بڕیارە بخرێتە جێگەی بەشار و ئازادی بهێنێت- و لە دواییشدا ماشێنی جەنگی ئیسلامیستە جیهادییەکان -کە داعش یەکێکە لە ناوەکانیان لە ئێستەدا- نوێنەرایەتیی دەکەن. ڕۆژاوا یان هەمان کوردستانی سووریا، هەر ئەو ناوەیە کە هیچ یەک لەو هێزانە نوێنەرایەتیی ناکەن و لە شێوەی زیادەیەکی نواندنەوە هەڵەنەگردا، لەولای نواندنەوە باوە دەوڵەتییەکانەوە، بۆ دنیا زیاد بووە و سنوورەکانی ئیمکانی ڕاتەکاندووە. کۆبانێ ناوێکە بۆ دڵی بەتینوتاوی ئەم زیادە نواندنەوەهەڵنەگرە، ئەو خاڵەی ئەو سێ هێزەی ناومان بردن دەیانەوێت داگیری بکەن و داعش لە بەرەی یەکەمدایە بۆ ئەوەی بیگرێت و خەلافەتەکەی لەسەر هەڵچنێت، بەم جۆرەش، کانتۆنەکانی ڕۆژاوا لێک داببڕێت. بەڵام جگە لەم سێ هێزە دیاریکراوە، وەک دیارە، هێزە ناوچەیی و جیهانییەکانیش لەگەڵ کەوتنی کۆبانێن، جا دەوڵەتەکان بن یان ڕێکخراوە نێونەتوەییەکان و میدیا جیهانییە گەورەکان. ئەو کەمە وێنەش کە هەن، بریتین لە هەندێ ڤیدیۆ کە ئەوانیش لە ڕاستیدا بەرهەمی هەندێ کەسی نەناسراون و بەبێ یارمەتیی میدیاکانی خۆرئاوا درووست کراون. لە دەرەوەی ئەم نموونە دەگمەنە پەراوێزییانە، ئەو ئاماژە کەمەش لە میدیا گەورەکاندا بۆ ئەم بەرخۆدانە دەکرێت، زیاتر هەوڵە بۆ دابەزاندنی ڕۆژاوا و کۆبانێ بۆ دۆخ و ئاستی خەڵکێکی مەزڵووم و داماو، ئەو قوربانییە داماوەی کە کەرەستەیەکی خاوی لەبارە بۆ ئەوەی وەک کارەساتی مرۆیی لای میدیاکان و دەزگاکانی مافەکانی مرۆڤ وێنە بکێشرێت. جگە لە لایەنە ئایدیۆلۆژیکەکانی ئەم لەبیرکردنەی کۆبانێ و ڕۆژاوا، هۆیەکی دیکەش نەگونجانی نەزم و هێزەکانی پارێزەری کۆبانێیە لەگەڵ ئایدیۆلۆژیای ڕاستی پەڕگیر کە لە ناوچەکەدا زاڵە، هەر بۆیەش چاوەڕێی هاوپشتییان لێ ناکرێت. هەر بەم پێیەش، لەوانەیە هەندێ ئاماژەی ڕوونتر بۆ دۆخەکە پێویست بێت. ئەوەی چەپ دەتوانێ لە کۆبانێدا بیدۆزێتەوە و تا ئێستەش لێی خافڵ بووە، بۆ ڕەخنەی سیاسەتیش بەکەڵکە. بە دەربڕینێکی دیکە، لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە بێدەنگیی هێزە چەپەکان لە ئاست ئەو شتەدا لە ڕۆژاوا و بە تایبەت لە کۆبانێ ڕوو دەدات، دەشێت لە هەندێ لایەنی سیاسەتی چەپ باشتر تێ بگەین و بە خوێندنەوەی کۆبانێ ئەو توخمانە بدۆزینەوە وا سیاسەتی چەپ هێشتا لێیان بەتاڵە.
١. ئەزموونی مێژوویی خەباتەکان فێری کردووین کە کات یەکێکە لە توخمە ڕۆنەر و بنچینەییەکانی هەرچەشنە بەرخۆدان و بەرەنگارییەک. بەڵام ئەوەی لە زۆربەی گوتارەکانی هەنووکەدا زاڵە، بە چەپیشەوە، هەوڵە بۆ دەسکەوتی خێرا و کورتماوە، کە بە زۆری مەحکوومە بە شکستی دەمەودەست. ئەوەی لە کۆبانێ خەریکی ڕوودانە، بە پێچەوانەی ئەم لۆژیکەیە. کۆبانێ وێنەی ئەو قوربانییەی لە خۆی پیشان نەداوە کە دەستەوەستانە و دەمەودەست سەرکوت دەکرێت. بە پێچەوانەوە، گوزارشتە لە بەرخۆدانێکی شێلگیر و بەردەوام، واتە ئەوە توخمی کات و بەردەوامییە کە ناوەرۆکی سەرەکیی بەرەنگاریی کۆبانێییەکان ڕۆ دەنێت. کۆبانێ بەردەوامی بە کاتی بەرخۆدان دەدات و بە وەفاداری بۆ ڕووداوەکانی ڕابوردوو، ڕازی نابێت بەوەی کە وێنەی شۆڕش و هێزی خەڵک کورت ببێتەوە بۆ یەک چرکەی گەش کە بڕیارە خێرا بەسەر بچێت. لێرەشدایە ئەم خەباتە خۆی لە ڕوانگەی ڕۆمانتیک جوێ دەکاتەوە، واتە لەو ڕوانگەی وا لای وایە هێزی خەڵک تەنیا ئەو چرکەیە کە قەڵاکان دەگرن. بگرە ئەم ڕوانگەیە زیاتر حەز بەوە دەکات لە تینوتاوی ئەم چرکەیەدا بمێنێتەوە، ئەگەر تەنانەت باجەکەی ئەوە بێت خەڵک تا زووترە شکست بهێنن، بۆ ئەوەی ئایدیاکەی ئەم ڕوانگە ڕۆمانتیکە بسەلمێت وا دەڵێ ئەگەری هیچ بەرخۆدان و بەردەوامییەک نەماوە و نابێ بیر لە داهاتووی کورتماوە یان درێژماوەی خەبات بکەینەوە. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، زوو بێت یان درەنگ، دژەشۆڕش و دوژمن زاڵ دەبنەوە و هەموو هەوڵێک بۆ درێژەدانی خەبات بێهودەیە. بەڵام خەبات لە کۆبانێ دەیسەلمێنێت کە بەرخۆدان هەمیشە پێویستی بە پێداگری، بەردەوامی و کردە و بیرێکە زادەی ئەم ڕوانینە بۆ خەبات.
٢. ئەزموونی مێژوویی ئەوەشی فێر کردووین کە سیاسەتی بەکۆمەڵ پێویستی بە گرتنی شوێنە. سیاسەتی خەڵکی و ڕزگاریخواز پێویستە گەردوونی و هەمەگیر بێت، بەڵام مادام هەموو گەردوونییەک تەنیا درزێکە لە تایبەتی و پاژەکیدا، کەواتە خەباتیش لە دواییدا دەبێ لە شوێنێکی تایبەتدا ڕوو بدات، شوێنێک کە سەرەتا دەگیرێت و هەموو سەرکەوتنێک بەستراوە بە پاراستنی ئەو شوێنەوە، شەقام و گەورەڕێگەیەک بێت، مەیدان یان شارێک، یان تەنانەت ناوچەیەکی وەک کۆبانێ. ئەوەی لە ئەزموونی خەباتی ڕۆژاوادا ڕوو دەدات، کە کۆبانێ دەرکەوتە ڕادیکاڵەکەیەتی، بریتییە لە گرتنی شوێنێک و هەوڵ بۆ پاراستنی بەرامبەر هەر چەشنە هێزێکی پاشکەوتنخواز و هەر دژەشۆڕشێک. ئەمە ئەو خاڵەیە کە پێویستە چەپ، زیاد لە هەر هێزێکی دیکە، لێی تێ بگات. لە کۆبانێ شوێن گیراوە و چۆڵ ناکرێت، ئەمە توخمێکی دیکە بۆ خەبات زیاد دەکات، کە لەگەڵ یارییە باوەکان یەک ناگرێتەوە. بەپێی یارییە باوەکە بڕیارە ئێمە، زوو بێت یان درەنگ، ئەو شەقامانە چۆڵ بکەین کە بە کردەوە/بیرکردنەوەی سیاسی کردوومانن بە هیی خۆمان. هەڵبەت هەر ئەمە وای کردووە هەندێ هێز تۆمەتی ئەوە بخەنەپاڵ هێزەکانی ڕۆژاوا کە هاوکاریی ئەسەد دەکەن و ئەوە ئەسەدە بۆی چۆڵ کردوون و ئەگەر وانییە، چۆنە نەشکاون و هێشتا شوێنەکەیان ڕادەست نەکردووە. لە وێنەی ئەم خەباتەدا دەبینین پاراستنی شوێن هاوکات بە مانای پاراستنی دەسکەوتە هێمایینەکانی خەباتی سیاسییشە.
٣. لەو وێنە ڕۆمانتیکەدا کە بۆ قوربانیی ئایدیال دەکێشرێتەوە، بەرگری هەیە، بەڵام مادام ئەم بەرگرییە کات، شوێن، بەردەوامی و هەمەگیریی لەگەڵ نییە، لە دواییدا دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە خەباتگێڕی و بەرگری، کە خۆی زیاتر جۆرێک هەڵوێستگرتن و شووناسی دەروونناسانەی تایبەت و جۆرێک شێوازی ژیانی شەخسییە. بەڵام لەم گۆڕانەی خەبات بۆ شێوەی ژیانی شەخسیدا، وەک بەدیووش ئاماژەی بۆ کردووە، توخمە بزرەکە بریتییە لە ئایدیا، یان هەمان پێداگری، جەختکردنەوە و سەلماندنی سیاسی. بەم مانایە، سیاسەتی ڕادیکاڵ تەنیا بریتی نابێت لەوەی خۆمان مەحکووم بەوە بزانین کە دەبێ بەرگری بکەین، بەڵکوو بریتی دەبێت لە خوڵقاندنی شتی نوێ، خوڵقاندنی فۆرمێکی دیکەی ژیانی بەکۆمەڵ. ئەوەی لە کۆبانێ ڕوو دەدات، لەودیوی بەرگریی ڕووت و تەنیا و کاتییەوەیەوە، سیاسەتی ڕادیکاڵ لە کۆبانێ هەوڵێکی بەکۆمەڵە بۆ خوڵقاندنی شێوەیەکی نوێی ژیانی بەکۆمەڵ. خەباتێک، کە ماناکانی سیاسەت و خەباتکاری وەردەچەرخێنێت و لە نوێوە پێناسەی دەکاتەوە.
٤. وێنەی زاڵی ململانێ لە ئەمڕۆکەدا بریتییە لە وێنەی شەڕی نێوان دوو هێزی دەوڵەتی، جا ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگەی دارودەستەکانیانەوە. زاڵبوونی ئەم وێنەیە بۆ ململانێ، وای کردووە ئەم وەهمە دروست ببێت کە ئەوەش لە کۆبانێ ڕوو دەدات، تەنیا بریتییە لە شەڕی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی دوو دەوڵەت، مادام وایە، ئەوە ئەسەد خۆیەتی لەوێیە و لە دواییدا کوردەکانیش هاوپەیمانین. بەڵام کۆبانێ ئەم وێنە باوەیشی تێک داوە، چونکە ئەو خەباتەی لەوێ هەیە، نەک شەڕی دەوڵەت و دەوڵەت، بەڵکوو شەڕی نێوان دەوڵەت و نادەوڵەتە. لە کۆبانێ خەبات دژی دەوڵەتی ئەسەد یان داعش بە هیچ دەوڵەتێکەوە نەبەستراوتەوە، بەڵکوو خەباتێکە بە ناوی ئەو زیادە و پاشماوەوە وا بە ڕێکەوت ناسنامەیەکی دەوڵەتیی تایبەتی نییە: دەوڵەتێکی درووست نەکردووە و تەنیا بە ناوی کانتۆنە خەڵکییەکانەوە کار دەکات. ئەگەر خەڵک مانای ئەو شتەیە کە پاش هێمایینکردنەوەی لە دەوڵەت و ئایدیۆلۆژیا دەمێنێتەوە و بوونەکەی گرێ دراوە بە سیاسەتێکی نادەوڵەتییەوە، کەواتە ئەوە ناوی خەڵکە لە کۆبانێ خەریکی بەرەنگارییە. لە کۆبانێ ئەم وێنەیەش تێک دەشکێت کە نەزم و ئاسایش تەنیا بەرهەمی پۆلیس و زۆری قانوونە. دەبینین خەڵک لەوێ چۆنچۆنی پاوانکردنی مافی چەکداربوون لە پۆلیس دادەماڵن و لە ڕێگەی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتەوە دەیسەلمێنن ئەوە پۆلیس خۆیەتی مەترسیدارە، دەری دەخەن تاقە ڕێگەی کۆنترۆڵ و دامەزراندنی نەزم و ئاسایشی بەردەوام و بەکۆمەڵ، کە لەگەڵ ئازادییە فەردییەکانیشدا بێتەوە، ئەوە نییە پۆلیسێکی دیکە درووست بکەیت.
٥. لە کۆبانێ، وێنەیەکی دیکەش تێ دەپەڕێنرێت، وێنەی سیاسەتمەداری پەروەردەکراو بۆ ڕێنوێنیی کۆمەڵگە، واتە هەمان تەکنۆکراتەکان. هەر وەک وێنەی ئەو زانا پێشڕەوەش کە ساڵانێکی زۆر لە کتێبەکاندا سیاسەتی ڕادیکاڵی خوێندووە و ئێستە زانستەکەی شەرعییەت و ڕەوایی ئەوەی پێ دەدات دەست لە سیاسەت وەر بدات. لە وێنەی زاڵدا ئەوە تەنیا هەندێ کەسی پڕچەک بە زانستێکی تایبەتن کە ڕەوایی، لێهاتوویی و مافی ئەوەیان هەیە سیاسەت بکەن. بەڵام لە وێنەی سیاسەتی کۆبانێدا سووژەی سیاسەت، بە ڕێکەوت، هیچ ماف و توانایەکی تایبەتی بە مانا باوەکان نییە، چونکەنە زانستێکی تایبەتی هەیە و هیچ ئەویدییەکی دەرەکی (مێژوو یان ئاسمانێک) ئەرکی سیاسەتی پێ نەسپاردووە. ئەم سووژەیە هەر ئەوەیە وا دەیسەلمێنێت توانایی هەستکردن بە ستەم و خەبات بۆ نەهێشتنی، نە بە حەتمی بە هیچ شارەزایی و پسپۆڕییەکی تایبەتەوە بەستراوە و نە پێویستی بە ئیزن و ئیجازەی هیچ کەس یان دەزگایەک هەیە. لە دڵی ناسینەوەی ئەم توانایەوە، تیکڕای خەڵکێک جیاوازیی نێوان ژیان و کار لا دەبەن و لە دەرەوەی شارەزاکانەوە، سیاسەت دەکەن بە کاری هەمووان.