شاخ و شار: دوو ستایلی ژیان
بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای سەربازیی و جەنگەوە، ستایلی ژیانی شاخ قورستر دەبێت، بەڵام کۆتایی نایەت. تەکنۆلۆژیا ئەو دژیەکییە ناوەکییەی لە خۆیدا هەڵگرتووە تا ببێتە بەشێک لە ستایلی ژیانی شاخیش؛ لانیکەم وەکو بەرگری و بەرپەرچدانەوە.

وەلید عومەر
«ستایلی ژیان»، زاراوەیەکی باوی سەردەمی ئەمڕۆمانە، کۆمەڵێک وێنە بە زەیندا دەهێنێتەوە، لە چەشنی شارنشینی، بەرخۆری (مەسرەفگەرایی)، وێرانکردنی ژینگە، تاکگەرایی و نامۆبوون و هتد… هەتا شاخنشینی و گوندنشینی، وەک پاشکۆی شاری لێ هاتووە، جۆرێک پەراوێزی گەشتیاری بۆ ستایلی ژیانی شار. ئەویش دوای کزداگەڕانی خەباتی چەکداریی سەدەی بیست کە «شاخ» (چیا) جێی نیشتەجێبوونی هەزاران مرۆی خەباتکار بوو. وێڕای ئەوەی کۆمەڵگای ئێمەش خۆی پتر گوندنشین بوو، لێ پەرەسەندنی شار و شارۆچکەکان وای کرد ژیانی گوندنشینی بەگشتی بپووکێتەوە.
لەم یاداشتە کورتەدا، هەندێک سەرنج لەمەڕ ستایلی ژیانی شار و شاخ دەخەینە ڕوو. ئەویش پشتئەستوور بەو ئایدیایەی کە ئێمە لە شاخەوە هاتینە شار، جۆرێک ژیانی سەرەتایی شارمان تاقی کردەوە، بەڵام تووشی کۆمەڵێک بنبەست و گەندەڵیی سیاسی، بەهایی، ئاکاریی و شارستانیی هاتین. ئەمەش وا دەکات جارێکی تر لە ڕووی تیۆرییەوە بیر لە ستایلی ژیانی شاخ بکەینەوە، شاخێکی «نێوانگریکراو»، ئەوەی وا لەڕێی شارەوە گەیشتووەتەوە سەر خۆی، ئەوەی کە دوای قۆناغێکی شار باسی دەکەین. شاخی یەکەم، لە مێژووی چەکدارییدا شاخێکی سرووشتی و پڕ و پۆزەتیڤە، شتێکە هێشتا بە ئاگایی شاردا تێنەپەڕیوە، بەڵام شاخی دووەم شاخی دوای شارە، شاخێکی کەرتبوو کە هەمیشە بۆشاییەک لە خۆیدا دەهێڵێتەوە بۆ ئەوەی ڕاڤە بکرێتەوە و لە مرۆڤ و سیاسەت و پاشانیش خۆی ڕابمێنێتەوە:
شاخ ← شار ← شاخ
یان درووستتر: شاخ ← شار ← شاخ
بۆ ئەم مەبەستەش، ستایلی ژیانی گەریلا وەک نموونەی شاخ وەردەگرین، ئەو ستایلەی کە دەتوانێت توخمێکی نەفیکار بێت و ڕەخنە لە گەندەڵییە ئاکاریی و بەهاییەکانی شار بگرێت. ئەمەش بەهۆی جۆرێک لە بەراوردەوە دەڕەخسێت، جۆرێک لە بەگژاکردنی تیۆری: ئاخۆ ژیانی شاخ دەتوانێت مۆدێل یاخۆ ئاوێنەی ڕیفۆرم بێت بۆ شار؟ یان شار وەک دیاردەیەکی مۆدێرن ڕێچکەی خۆی گرتووە و خاڵی گەڕانەوەی نییە؟ دیارە ئەم پرسیارانەش لە دەوری ئەو ڕاستییە دەسوڕێنەوە کە خەباتی گەریلا لە شاخ، پتر وەک ستایلی ژیانی لێ هاتووە؛ نەک ئەوەی دۆخێکی کاتی و ئاوارتە بێت و چاوەڕێی ژیانی شار بن. وەک بڵێی شۆڕش پتر پرۆسەیەکی هەتاهەتاییە نەک ڕاگوزەر، ئەوەی لە شاخ دەگوزەرێت خۆی بەشێکی بەدیهاتنەکەیە، بەشێکی ئەو شتەیە کە هەوڵی بۆ دەدرێت. بە دەربڕینێکی تر، شاخ پردێکی کاتیی پەڕینەوە نییە بۆ شار، بەڵکوو پێشوەخت ڕەخنەکردنی شار و گەڵاڵەکردنی بەدیلێکیشە بۆی. ئەویش لە سەردەمێکدا کە شار ستایلی زاڵە و کەموکورتییە بونیادییەکانیشی بەدیارکەوتوون. بۆیەشە ستایلی شاخ، پتر وەک ژیانێکی ئازادانە دەردەکەوێت نەک ناچاری، شتێکە مرۆ خۆی هەڵی دەبژێرێت نەک ئەوەی بنبەست و تەنگەتاوکردن بێت.
دیارە مەبەستمان لە شاخ، دیاردەیەکی جوگرافیی ڕووت نییە، بەڵکوو جۆرێک ئیمکانی ژیانکردنە کە دەتوانێت بیر لە شاریش بکاتەوە. بۆیە نە شاخ و نە شاریش هیچیان جەوهەریی ناکەینەوە، واتە وەک دیاردەیەکی نەگۆڕ وەریان ناگرین کە بۆ هەمیشە بە کۆمەڵێک خەسڵەتەوە بمێننەوە (توخمێکی بڵندنشین و ترانسێندێنتاڵە کە ئیمکانی جیاجیای ئەزموونکردن دەڕەخسێنێت). شارێک لەناو کۆپەیوەندییەکانی سەرمایەدا بێت جیایە لە شارێک کە لە سەردەمێکی تردا بژی. وەک چۆن دەشێت شاخ سیمبوڵی ئازادی بێت و هاوکات پێچەوانەکەشی هەڵبگرێت. باسەکە شاخ و شارە لە یەک سەردەمدا، کە دەتوانین هەریەکەیان وەک نوێنەری ستایلێکی ژیان وەربگرین. گەر لە شاردا بیرۆکراسییەت و ئیدارەیەکی چڕوپڕ هەبێت، هاوتاکەی لە شاخدا وەردەگەڕێت بۆ پەروەردەیەکی توندوتۆڵ کە ئامانجەکەی شتێکی ترە. یان کێشەی ناسنامە لە شاردا پتر فەردانییە، بەڵام لە شاخ شوناسێکی «سەروو-فەردانی» یە. زۆر خاڵی تریش هەن دەتوانن ئەم جیاوازییەمان بۆ ڕوون بکەنەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت پێشوەختە ئیمکانە ئەرێنییەکانی شاخ بدەین بەسەر شاردا. شاخێک کە ڕەخنەیە بۆ سەر کۆپەیوەندییەکانی شار و ئایدیاڵەکانی. هەڵبەت ئەوەشمان بیرنەچێت کە شاخ جیایە لەو سرووشتگەراییەی وا دەشێت فەیلەسوفێک یان عارفێک بۆی بگەڕێتەوە. شاخ لێرەدا لە پەیوەندییدایە بە شارەوە، خەسڵەتی پێ دەدات، دەست لە هەناوی وەردەدات و دان بەو ڕاستییەشدا دەنێت کە «شار، وەک ڕووداوێک ڕووی داوە و بیرکردنەوە لە ناواخنەکەی، پێویستی بە ڕامانی نوێیە».
لە ژیانی شاردا چاوەڕوانییەکانی مرۆڤ زۆرن، چونکە چەمکی «ماف» بەردەوام مرۆڤ دەخاتە سەر کەڵکەڵەی ئەوەی زیاتری هەبێت. گەر سیاسەتێکیش نەبێت ئەو کەڵکەڵانەی مرۆڤ ڕێک بخات، ئەوە مرۆڤ لە دۆخێکی گرژ و پڕ نیگەرانییدا دەمێنێتەوە. ئەمە بێ لەوەی لە شاری مۆدێرندا پەیوەندیی مرۆڤ و ئەویتر پتر بە یاسا ڕێک دەخرێت. یاسای نووسراو، بۆ پەیوەندیی کۆمەڵێکی زۆر «غەریبە» دادەڕێژرێت. بڕی بەختەوەرییش هەر بەستراوەتەوە بەوەی پەیوەندیی یاسا و ماف چۆن دەکەوێتەوە. بەڵام لە ستایلی ژیانی شاخدا، کە لە چەندین ئەزموونەوە دەردەکەوێت، بەهایەک مرۆڤەکان کۆدەکاتەوە و بە شێوەیەکی حەرفی جەخت لەسەر چەمکی «ماف» نەکەنەوە. ماف لەوێ، ئەو ڕەهەندە پاتۆلۆژیکەی شاری نییە، بەڵکوو لە چەمکی «ئەرک» دا دەتوێتەوە – ئەرکێک کە بەخۆشحاڵییەوە پێشوازیی لێ دەکرێت و هەر خۆیشی جۆرێک لە چێژ و بەختەوەری بەرهەم دەهێنێت. ئەو گرژییەی شار، لە شاخ بەهەوادا دەچێت، تووشی پرۆسەیەکی وەک بڵندبوونەوە (sublimation) دێت: بڵندبوونەوە، میکانیزمێکی دەروونییە بۆ بەرهەمهێنانی چالاکیی جۆراوجۆر، چالاکییەک کە لەژێرەوە هەوڵ دەدات کەمترین گرژیی لێ بکەوێتەوە.
بەم پێیە، کۆی ژیانی شاخ، جۆرێک بڵندبوونەوە و پاڵفتەکردنی ژیانی پڕگرژیی شارە. لە شاردا سەرگەرمییەکان هەمەڕەنگن، بەڵام مرۆڤ تێیدا ونە و شمەک و کەرەستەی نامرۆیی زاڵە. لە ستایلی ژیانی شاخدا، مرۆڤ وەک مرۆڤ زیاتر ئامادەیە، چونکە سەرگەرمییەکان بە نێوانگریی مرۆڤ دەڕەخسێت: بە نێوانگریی هاوڕێ، هاوبیر، هاوخەبات و هتد. ئاشکرایە سەرگەمییە ڕۆژانەییەکان لەوێ سەرگەرمیی بەشەکیین و ئەوەی ڕۆڵێکی گشتەکی و سەرەکییتر دەگێڕێت، ئەو ئامانجە سەرەکییەیە وا هاوەڵانی نێو ڕەوتێک یاخۆ ستایلێکی ژیان بۆی تێدەکۆشن. هەڵبەت هەر لێرەشدایە کە پێویست دەکات تووشی «کورتکردنەوە» نەیەین و شاخ نەکەینە ئامرازێکی سادە لەپێناوی گەیشتن بە ژیانی شاردا، بەڵکوو ژیانی شاخ خۆی بەشێکە لە ئامانجەکە. شاخ خۆی بەشێکە لەو بزاوت و بوونبە (صەیروورە) یەی دەیوێت لە هەناوی خۆیدا ژیانی شاریش تێبپەڕێنێت. خەسڵەتە پێکهێنەرەکانی ژیان لە شاخ، لە چەشنی ژینگە، جلوبەرگ، سێکس، هاوڕێیەتی، سەرقاڵی، ڕێتم و خێرایی و هتد… گۆڕانیان بەسەردا دێت. ڕاستییەکەی ڕۆڵی مرۆڤ بەکۆ گۆڕانی بەسەردا دێت: کۆپەیوەندییەکانی شار ڕوویان لە جێیەکە و کۆپەیوەندییەکانی شاخ لە شوێنێکی تر. لە شاردا پاڵنەری مەرگ لە فۆرمی وەڕسی، پووچی، زێدەکارکردن، نامۆییدا خۆی دەردەخات؛ بەڵام لە شاخ ئەو دیاردانە تووشی «بڵندبوونەوە» دەبن و دەگۆڕێن بۆ دیاردەگەلی وەک زیندەڵی، ماناداری، زێدەچالاکی و خۆفیداکردن. ئەو جەنگ و مەرگەی لە ستایلی ژیانی شاخدایە، خودی مەرگ دەگۆڕێت بۆ جۆرێک لە مانا، بەها و شادمانی. لە شاخ، مرۆڤ زۆر خەمی ئەوەی نییە چی هەیە و دەبێت چەندی هەبێت، بەڵکوو گەرەکە ئەوەی هەیە، بە ژیانی تاکەکەسیی خۆشیەوە، بدرێتە دەم ئایدیایەکی گەورەوە.
لێرەدا ئەوەی بەدەست دێت، سووکبوونەوەی فشاری ژیانە وەک لەوەی لە شاردا هەیە. هەر لە کۆتایی ئەم خاڵەوە نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە شاخ (چیا) لێرەدا بە واتای دژەمۆدێرن، بەهای گوندیی پێشمۆدێرن و کۆنەپارێزانە نایەت. بەڵکوو شتێکە هاوشانی ژیانی شار و بگرە دوای ژیانی شاریش دەگوزەرێت، ئەوەی ناومان لێ نا «نێوانگریکراو». واتە جۆرێک لە ستایلی ژیانە و لەنێوان شاخ و شاردا ڕێ دەکات، جۆرێک ئاوارتەی هەمیشەیی دەردەکەوێت کە لە بەهاکانی شاردا کۆتایی نایەت و زیاتر دەڕوات: جۆرێک لە توخمی زیادە کە لە شاردا ناتوێتەوە و نیشانەکانی نەخۆشیی شار (سەمپتۆمەکانی شار) دەگۆڕێت بۆ چالاکییەکی ئاسانتر و تەندرووستتر.
لە شاری مۆدێرندا جۆرێک داروینیزمی کۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام لەژێر یاخۆ لە نێوبەینی پەیوەندییە مرۆییەکاندا شاراوەتەوە، یان دابەش کراوە و ناوی جیاجیاش لە هەر بەشێکی نراوە. توندوتیژییە جارنەجارەکانی شار، گەڕانەوەی ئەم ململانێ بەدەوییە داروینییەیە کە بەتەواوی هەرس نەبووە. ئەم داروینیزمەی سرووشتی مرۆڤ گەر لە سرووشت و شاخیشەوە درێژ بووبێتەوە، لە شاردا هێشتا حەل نەبووە. لە ستایلی ژیانی گەریلاییدا، داروینیزمەکە دەهاوێژرێتە سەر دوژمن، دوژمنێک کە دەبێتە نوێنەری خراپەی ناو شارستانییەت (لەم حاڵەتەشدا ئەو دوژمنە، فاشیزمێکە وەک بەڵاگەردان کار دەکات). دەروون لە شاردا باجی داروینیزمێکی ژێرەوانکێ دەدات، بەڵام لە شاخ دەدرێتە دەم ئایدیایەکەوە و دوور دەخرێتەوە. دەروون لە شاخ، مادام گەڕانەوەیە لە شار و بڵندکردنەوەیەتی، بۆیە درووستتر و نۆرماڵتر هەڵدەسووڕێت (ڕەنگە هەڵەش نەبین گەر بڵێین بڵندیی شاخ، خۆی فۆرمێکی پێشوەختەی شوێنەکی بۆ ئەم بڵندبوونەوە دەروونییە دەڕەخسێنێت). دراوسێیەتیی مرۆڤەکان لە شاردا لەسەر بنەمای «بەدگومانییەکی بنەڕەتی» ڕۆ نراوە و خۆی خاڵی تراومایی «ئەویترێتی» یشە، بەڵام لە شاخ گۆشەی مامەڵەکردن بەم خاڵە تراوماییە پاتۆلۆژیکەوە، گۆڕانی بەسەردا دێت: دراوسێیەتییە ئاسۆییەکە وەردەگەڕێت بۆ جۆرێک لە چڕبوونەوە و گردبوونەوەی «لە ئەویتر-داماڵراو» کە هیچکەس وەک دراوسێی ئەویتر نامێنێت – ئەویتر خۆیشی تووشی بڵندبوونەوە دەبێت، هەتا گەر بڵندبوونەوەیەکی مەجازی و کاتییش بێت. ئەویتری بەشەکی و ڕۆژانەیی لەپێناوی ئەویتری دوژمندا لەبیر دەچێتەوە.
فرێدریک نیچە، لە چەندین شوێنی فیکری خۆیدا، ستایشی ئەو ستایلەی ژیان دەکات کە خاڵی نەبێتەوە لە ئاڵنگاری و جەنگ. بە ئاشکراش لە ژیانی شار بێزارە، فەزڵی جەنگەڵ و دارستانیش دەدات بە سەر شاردا. شار بە شوێنی شەهوەت و چاوچنۆکی دادەنێت، شوێنی پیاوان و ژنانی دەروونپیس. کار دەگاتە جێیەک، بگوترێت نیچە ستایشی ڤایکینگە کۆنەکان دەکات. دیارە لە کۆدا نیچە دەزانێت ژیان لەناو ئاڵنگاریدا نەبێت، دەگەنێت. خۆخشاندنی بەردەوام لە مەرگ، نەک مەرگپەرستی، ئەو ستراتیژەیە کە نیچە ستایشی دەکات. چیانشینە خەباتگێڕەکانی کورد، خودی مەرگیش وەک کەڕنەڤاڵێک وەردەگرن کە سەرەتایەکە و دەبێت گرێ بدرێت بە سەرەتایەکی نوێترەوە (لە مەراسیمی ناشتنی شەهیدەکاندا، ئەم کەڕنەڤاڵە ژیاندۆستانەیە دەبینین). ژیانی چیایی لای نیچە، بە پێچەوانەی شاخەوانییە کاڵاییەکانی ئەمڕۆوە، ژیانێکە بە نێوانگریی سەرکێشی و مەرگ. هەر بەپێی نیچە، لە شاخ زانستی شاد بەرهەم دێت، شار دەبێتە زۆنگاوی زانین، ئەوەی کە بەهایەکی نوێی لێوە بەرهەم نایەت و بەشداریی ئەو نیهیلیزمە تایبەتەش دەکات کە «دوا-مرۆڤ» ی تیا دەژی. گەریلایەک کە بۆ کۆمەڵێک بەهای نوێ تێدەکۆشێت، خۆی پێشوەخت پێی خستووەتە ناو ئەو بەهایانەوە. ستایلی ژیانی وی، سەرپێکەوتنی پێشوەختەی ئەو بەهایانەیە. ئەو ستایلە ژیانە، کەمتر بیر لە جێگیربوون دەکاتەوە؛ بۆیە پرۆسەیەکە بەڕێوەیە، و مەرگ و ژیان لە کۆیەکی بزێودا کۆ دەکاتەوە. سەرەنجام مرۆڤە ئایدیاڵەکەی نیچە و گەریلاش، لە سنووری زانستە سیاسییەکاندا نامێننەوە؛ چونکە سنووری بەها و دامودەزگاکانی دەوڵەت و شار تێدەپەڕێنن. دیارە ئەم بەهایانە تا ئەو ساتەی نەگشتێنرێن و نەبنە ئەژموونی گشتینەی مرۆڤەکان، ئەوا تەنیا وەک ستایلێک دەمێنێتەوە.
لە شاخ، پەیوەندییەکان مەعنەویین تا ڕەسمی و یاسایی، بە مانایەکی تر «هەڤاڵانە» ن؛ بە پێچەوانەی شارەوە کە پتر هاوڵاتیبوونە. دیارە لە شاردا مرۆڤەکان هاوڕێن، بەڵام لە چەند کەسێکی کەم تێناپەڕن. پێشوەخت لە شاخ، هەزاران کەس دەچنە پەیوەندیی هەڤاڵێتییەوە و ناوی تایبەت دەسڕدرێتەوە. لە شاردا خاوەندارێتیی تایبەت (private property)، لە ناوی تایبەتەوە دەست پێ دەکات، ناوەکە پیرۆز دەکرێت، چاوی لە موڵکی تایبەتە، بە جۆرێک ئەم ناوە تا ئاستی هەڵاوسان دەبرێت و پەتایەکی وەک پەتای ناوبانگی لێ دەکەوێتەوە. ئەم پەتایە دەتوانێت بەها مرۆییەکان پێشێل بکات و ئەوانی تر بکاتە پردی سەرکەوتنی خۆی. بۆیە کاڵکردنەوەی ناوی تایبەت لە کۆپەیوەندییەکانی شاخدا، هەنگاوی یەکەمە بۆ جەنگین دژی خاوەندارێتیی تایبەت. دیارە خاوەندارێتیی تایبەت بەم شتانە ناسڕدرێتەوە و ڕیشەکەی لەوە داکوتراوترە، بەڵام مرۆڤەکان دەتوانن بەئاگاییەوە هەندێک ئاسۆی نوێ بکەنەوە بۆ ئەوەی لە مەترسییەکانی تێبگەن. ناوی تایبەت لە شاردا، میدیا و شوێنی کار و دەزگاکانی تەنیوە و خاوەندارێتیی تایبەتی بەرەو جێیەک بردووە کە ڕەنگە بتوانین ناوی بنێین «نەخۆشیی ناو». ئەم نەخۆشییە، باجی نەمانی ئایدیایەکی گەورەیە کە بتوانێت فشارەکانی سەر تاکەکەس کەم بکاتەوە.
بەهۆی پەرەسەندنی تەکنۆلۆژیای سەربازیی و جەنگەوە، ستایلی ژیانی شاخ قورستر دەبێت، بەڵام کۆتایی نایەت. تەکنۆلۆژیا ئەو دژیەکییە ناوەکییەی لە خۆیدا هەڵگرتووە تا ببێتە بەشێک لە ستایلی ژیانی شاخیش؛ لانیکەم وەکو بەرگری و بەرپەرچدانەوە. ئەوەی لەم ئاڵوگۆڕانەدا گرنگە، دیوە مرۆییەکەیەتی: شتی نامرۆیی، ناتوانێت کۆتایی بە ناکۆکییە مرۆییەکان بهێنێت. بگرە چەمکگەلی وەک ئیرادە، هێز، بەرگری و هتد… تۆختر دەبنەوە. هەتا پرسگەلی وەک پاڵەوانی و بەرخودان، شوێنی خۆیان دەگۆڕن نەک ئەوەی خۆیان بگۆڕێن و بسڕێنەوە. جێگۆڕکێ جیایە لە بنەبڕبوون. شاخ، ناوەڕۆکە مرۆییەکەی لەدەست نادات و هەر دیاردەیەکی تەکنیکی و نامرۆیی، ئەو ستایلەی ژیان دادەڕێژنەوە. داڕشتنەوەکەش بەشەکییە نەک گشتەکی. لەم ڕووەوە، شاخ هەمیشە وەک ترسێک لە هەناوی شاردا دەمێنێتەوە. ئەم «لەسەنتەرخستن» ەی شار، نموونەی لە مێژووی خەباتدا زۆرە و بۆ داهاتووش هەر درێژە دەکێشێت.
ئێمە لە دوای ڕاپەڕینەوە لە باشووری کوردستان لە شاخ هاتینە خوار بەرەو شار، بەڵام لەڕووی فیکر و پەروەردە و ڕوئیاوە هێشتا ئامادەی شار نەبووین. شار کرایە شوێنی کەڵەکەکردنی خێرای سامان و حیزبچێتی. لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا، نەخشەی بنیاتنانی مرۆڤێکی نوێ لەبار چوو. تا گەیشتینە ئەو بنبەستەی ئەمڕۆ کە ناچار بین جارێکی تر بیر لە ماتەوزەکانی شاخ بکەینەوە – شاخ وەک دەسپێکێکی نوێ کە لە خەباتی گەریلادا مانای نوێتری وەرگرتووە. ڕاستییەکەی ئەزموونی ڕۆژئاڤای کوردستان یەک لەو ئەزموونانەیە کە بەرەنجامی ڕوئیای شاخە. دەشێت شاخ (چیا) ببێتە سەرچاوە بۆ چەندین ئیمکان و ئەزموونی تر.