پرسی کورد، تورکیا و قەیرانی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بۆیە کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان پێ دەڵێن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی توانای چارەسەری ئەو کشانەی نییە وا خۆی هۆکار و سەرچاوەیانە.

بنکۆڵکاریی: ئازادیی کۆمەڵگە
لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە جەنگی جیهانی یەکەم (١٩١٤ – ١٩١٨)، ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ (دابەشکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) (١٩١٦) لە نێوان بەریتانیا و فەڕەنسا پێش دەخرێت، کە لە ئەنجامدا پارچەیەکی کوردستان (باشوور) دەکەوێتە ناو سنووری ئێراقی سەربە کۆڵۆنی بەریتانیا و پارچەیەکی دیکەش (ڕۆژئاوا) دەکەوێتە نێو سنووری سووریای سەربە کۆڵۆنی فەڕەنسا. هێژای گوتنە ئەم ڕێککەوتننامە ڕێککەوتننامەیەکی شاراوەی نێوان زلهێزەکان بوو، ساڵێک پاش ئەمە و لەگەڵ شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ڕووسیا، ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا کرا سایکس-بیکۆ دەبێتە زەمینەیەک بۆ پەیمانی سیڤەر لە ساڵی ١٩٢٠، کە پارچەکردنی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیای سەروو ڕێک دەخات [١] . لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و شکستی عوسمانییەکان، لەو جەنگەدا ئینگلیزەکان دووڕێیانی «یان کۆمار یان موسڵ-کەرکووک» یان خستبووە پێشی تورکەکان و مستەفا کەمال. جێهێشتنی موسڵ-کەرکووک بۆ ئینگلیزەکان، ئەنجامی پەیمانی سیڤەرە. گەر تورکەکان وازیان لە ولایەتی موسڵ-کەرکووک نەهێنایە، لە بەرانبەردا ئینگلیزەکان پشتگیریی کوردیان دەکرد بۆ ئەوەی [گوایە] دەوڵەتێک بۆ خۆیان دابمەزرێنن. گەرچی بەپێی ئەو پەیمانە هیوایەکی زۆر بۆ کوردان هەبوو کە باکوور و باشووری کوردستان (ولایەتی موسڵ) پێکەوە بلکێنرێن و دەوڵەتێکی سەربەخۆیان لەژێر چاودێریی بەریتانیا بۆ دامەزرێت، بەڵام تورکەکان و بەرژەوەندیی و پیلانگێڕییەکانی دەوڵەتە هەژموونگەرەکان، وایان کرد پەیماننامەکە پووچەڵ بکرێتەوە. پاش ئەوە پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ واژۆ کرا، کە تێیدا لە چەندین دەقدا تورکیا هەر بە ناوی نەتەوەی تورک ئاماژەی پێ دەکرێت و لە هیچ شوێنێکدا ناوی گەلی کورد نەهاتووە. بەمەش گەورەترین پیلانگێڕیی لەسەر گەلی کورد جێبەجێ دەکەن و مێژوویەک لە کۆمەڵکوژیی و تراژیدیی دەکەن بە چارەنووسی.
تورکەکان بۆ ئەوەی خۆیان وەک نەتەوەیەکی میراتگری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی لە گۆڕەپانی ململانێ جیهانییەکاندا بپارێزن، دەستبەرداری موسڵ-کەرکووک دەبن. بەم شێوەیەش ئینگلیزەکان دوو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە – واتە کۆماری تورکیا و ئێراق دادەمەزرێنن و جەستەی کوردستان (باکوور و باشوور) پارچە دەکەن. کورد لە هەر پارچەیەکیاندا دەکەوێتە بەر هێرشی پاکتاوکاریی و کۆمەڵکوژیی دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی تورک و دەوڵەت-نەتەوەی عەرەبی ئێراق. لەو بارەیەوە ڕێبەر ئۆجالان دەڵێت: کێشانی هێڵی سنوورەکانی ئێراق-تورکیا خراپترین گۆڕانکاریی مێژووی هاوچەرخی کوردستان بوو لە نێوان کۆماری تورکیا و ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا [٢] . هاوکات هاوشانی ئەم دوو پارچەیەی کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەناو چوارچێوەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی فارسی ئێران (ئەم پارچەیەی کوردستان لە ڕێککەوتنامەی قەسری شیرین لە ساڵی ١٦٣٩، کە لە نێوان سەفەویی و عوسمانییەکان واژۆ کرا، لە یەکپارچەیی کوردستان دابڕێنرا) و ڕۆژئاوای کوردستانیش لەناو سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی عەرەبی سوریا بە هەمان چارەنووسی سیاسەتی نکوڵییدا تێدەپڕن: سنوورێکی سیاسیی دیاریکراوی توندوتۆڵ، یەک زمان، کەلتوور، ئایین و ئیتنیکی زاڵ.
بەم ڕەنگە کۆماری تورکیا لە ساڵی ١٩٢٣ یەکێک بوو لە بەردەکانی بناغەی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەژێر هەژموونگەرایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی ئینگلیزەکاندا دامەزرا. بە واتایەکی دیکە، تورکەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی یەکێک لە دووڕێیانی «یان کۆماری تورکیا یان موسڵ-کەرکووک» دەوڵەت-نەتەوەیەکی تورکیی بە سنوورێکی جوگرافیی دیاریکراوەوە لەسەر حیسابی سەرکوتکردنی کورد دادەمەزرێنن. کاتێکیش کوردان تێدەگەن ڕۆڵ و پێگەیەک یان مافێکی نەتەوەییان لە چوارچێوەی کۆماری تورکیادا نییە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەرخۆدان و بەرگریی لەپێناو پاراستنی ناسنامەی خۆیان. بەڵام زۆر بە توندیی و دڵڕەقانە دەکەونە بەر شاڵاوی قڕکاریی فاشیزمی دەوڵەتی تورک. واتە بە ماوەیەکی کەم دوای دامەزراندنی ئەم کۆمارە، دەوڵەت بە ناوی یەک نەتەوەی تورکەوە بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە دەست بە قڕکردنی کوردان دەکات. هەر دوو ساڵ پاش دامەزراندنی کۆماری تورکیا، وەک دیرۆکنووسی ڕووسیی میخایل لازارێف لە پەڕتووکی «کوردستان و پرسی کورد» ئاماژەی پێ دەکات، ڕۆژنامەی «وەقت» ی تورکیی لە ٢٥ی ئایاری ١٩٢٥ دەنووسێت: «لەو شوێنەی تیغی تورک هەبێت، پرسی کورد بوونی نابێت» [٣] . ڕێبەر ئۆجالان ئاماژە بەوە دەکات کە «کورد لە ئاکامی پیلانگێڕیی فاشیزمی تورکی سپییەوە کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٢٥دا دەستی پێ کرد، کەوتووەتە قۆناغی گەورەترین کارەساتی مێژووییەوە. ئەو پیلانگێڕییەی لە ١٩٢٥ دژی کورد ئەنجام دراوە زۆر لەو پیلانگێڕییە بەرفراوانتر و درێژخایەنترە کە لە ١٩١٥ دژی ئەرمەنییەکان ئەنجام دراوە» [٤] . تا دەستپێکردنی جەنگی جیهانیی دووەم (١٩٣٩) گەلی کورد لە باکووری کوردستان بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان چەندین سەرهەڵدان لە بەرانبەر دەوڵەتی تورک دەنوێنن، بەڵام هەموو جارەکان کۆمەڵکوژ و سەرکوت دەکرێن. هەر وەک ڕێبەر ئۆجالان دەنووسێت: جووڵانەوە کوردییەکانی قۆناغی ١٩٢٥ – ١٩٤٠ کە هەوڵ درا وەک سەرهەڵدانی کۆنەپەرستانەی دژی ڕژێمی کۆمار مەحکوم بکرێن، لە ناوەڕۆکدا ئامانجی پاراستنی کوردانە بەرانبەر فەشیزمی تورک، بەرخۆدانە دژی پاکتاوکردنی ناسنامەی کورد [٥] . جێی ئاماژەیە، لەو قۆناغەدا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە – CHP) بە سەرۆکایەتیی مستەفا کەمال ئەتاتورک وەک تاکە پارتی دەسەڵاتداری دەوڵەت-نەتەوەی تورک ئەم کۆمەڵکوژییانەی گرتبووە ئەستۆی خۆی و دەستی بە خوێنی کوردان سوور بوو.
لە دوای ساڵی ١٩٤٠ەوە گەلی کورد لە باکوور بە قۆناغێکی مەترسیداری تیاچوون، ئەسیمیلاسیۆن، هۆموژێن (یەکڕەنگ)، نکوڵیی و ڕادەستبووندا تێدەپڕن، تا ساڵی ١٩٧٨ کە بە ڕێبەرایەتیی ڕێبەر ئۆجالان پەکەکە (پارتیا کارکەرێن کوردستان) دادەمەزرێت و پێشەنگایەتیی تێکۆشانی خەباتی ڕزگاریی نەتەوەیی دەگرێتە ئەستۆی خۆی. ئەمەش بە قۆناغی ژیانەوە (ڤەژین) ناو دەبرێت و لە دوای ئەوەوە ڕێبەر ئۆجالان و پەکەکە لە باکووری کوردستان دەبنە تاکە هیوای ڕزگاریی نەتەوەیی و تێکشکاندنی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک. ڕۆژ بە ڕۆژیش ئەم هێزە لە پارچەکانی دیکە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشە دەسەنێت.
هاوکات لە بەرانبەردا دەوڵەتی تورک تەواوی سیاسەتە نێوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوەڵەتییەکانی لە ڕووی جیۆپۆلەتیکیی، سەربازیی، هەواڵگریی، ئابووریی، بازرگانیی، سیاسەتی ئاو، میدیا و شەڕی تایبەت (سایکۆلۆژیی) هتد… دژی پەکەکە و گەلی کورد دەخاتە گەڕ. کاتێکیش هەر دەوڵەت و لایەن و کەسێک پشتیوانیی لە داواکانیان بۆ دوژمنایەتیی پەکەکە نەکات، ئەوا وەک دوژمنی تورکیا ناساندوویانە. دەوڵەتی تورک چووەتە نێو هەر ڕێککەوتن و پیلانگێڕییەکەوە کە ئامانج لێی سەرکوتکردنی کورد و پەکەکە بووبێت. وەک چۆن بە سەرپەرەشتیی گلادیۆی ناتۆ زۆر هێزی ناکۆک لە پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی لە ساڵی ١٩٩٩ دژی ڕێبەر ئۆجالان یەکیان گرت و دواجار بە هاوکاریی دەزگا سیخوڕییەکانی سی ئای ئەی ئەمریکا، مۆسادی ئیسرائیل و میتی تورک لە نایرۆبی پایتەختی کینیا ڕفێنرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورکیان کرد.
ناتۆ لەبەر ئەوەی هێزی پەکەکە بە مەترسیی بۆ تورکیا – واتە بۆ یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی خۆی دەزانێت، بە چەندین قۆناغ هەوڵی پیلانگێڕیی بۆ پاکتاو یان بێکاریگەرکرنی داوە، بەڵام شکستی هێناوە. هاوکات هێزە هەژموونگەرەکانی ئەمریکا و ئەورووپا تورکیایەکیان ویستووە کە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵ وازیی بکات، واتە لغاوەکەی لە دەستی خۆیاندا بێت. بۆ نموونە، کاتێک بۆ گۆڕانکاریی سیاسیی و هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرۆژەی داگیرکرنی ئەفغانستان و ئێراق دەخەنە نێو ستراتیژی خۆیانەوە، پێویستیان بە مۆدێلێکی نوێی حکومڕانیی لە تورکیا دەبێت. بەم شێوەیەش پارتی داد و گەسەپێدان (AKP) پێش دەخەن کە وەک پرۆژەیەکی ئیسلامی میانڕەو لە ٢٠٠١دا دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم پارتە لە بەرانبەر پرسی کورددا هەمان نەریتی پێشووی پارتە حکومڕانەکانی دەوڵەتی تورکیای پەیڕەو دەکرد، بەڵام لە بەرگێکی نوێدا. ڕێبەر ئۆجلان ئاماژە بەوە دەکات یەکەمین هەشت ساڵی دەسەڵاتی ئاکەپە (AKP) زۆر لە یەکەمین هەشت ساڵی دەسەڵات جەهەپە (CHP) (١٩٢٣ – ١٩٣١) دەچێت. لە هەردووکیشیاندا ڕژێمی یەک پارتی دەسەڵاتدارە. وەک چۆن CHP پارتی دەوڵەت-نەتەوەی قۆناغی ١٩٢٥-١٩٤٠ە بۆ لەناوبردنی خوێنییانەی بوون و بەرخۆدانی کوردان، ئەوا لە ساڵانی ٢٠٠٠ەوە ئاکەپە (AKP) ش پارتی دەوڵەت-نەتەوەیە کە لەسەر بنەمای هەلومەرجی قورستر لەناوبردنی ڕاستینەی کورد و بزووتنەوەی ئازادیخوازەکەی کردووەتە ئامانج [٦] . واتە گەرچی ئەم دوو پارتە لە ڕووکەشدا یەکێکیان نوێنەرایەتیی سیکۆلاریزم و ئەویتریان ئیسلامی دەکات، بەڵام لە ناوەڕۆکدا لە دوو کۆنتێکست و قۆناغی جیاوازدا پارتی دەوڵەت-نەتەوەن و بە پلەی یەکەم قڕکردن و سەرکوتکردنی کوردان دەکەنە ئامانجیان.
ئاکەپە بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان پلە بە پلە دەستی لە جڵەوی دەسەڵات گیر دەبێت. بۆ ئەمەش سیاسەتێکی دووڕوو لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا دەگرنە بەر. ئەم سیاسەتە دووڕووەیان بە ئاشکرا لەمەڕ پرسی کورد و بەرانبەر پەکەکە دەرکەوتووە. بۆ نموونە، کاتێک لە کانوونی دووەمی ٢٠١١ لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا دیدار بۆ پرۆسەی ئاشتیی و چارەسەری پرسی کورد بەڕێوە دەچێت، شاندێکی دەوڵەتی تورک لە ئەنقەرەوە دەچنە تاران و پێشنیار بۆ کاربەدەستدانی ئێران دەکەن تا پێکەوە دژی پەکەکە ئۆپراسیۆن بکەن و لەناوی ببەن [٧] .
ئەم پارتە هەمان سیاسەتی دووڕوو لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیادا پەیڕەو کردووە. ساڵانێکە پرسی فەلەستینی بەم سیاسەتە بەکار هێناوە و بۆ ڕاکێشانی هەستی ئایینیی موسڵمانانی جیهان خۆی بە نەیاری ئیسرائیل نیشان دەدات. ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی حکومڕانی ئاکەپەدا ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و تەکنۆلۆژیای سەربازیی و هەواڵگریی نێوان تورکیا و ئیسرائیل گەیشتووەتە بەرزترین ئاست. کاربەدەستانی دەوڵەتی تورک هەرچەندە لە میدیاکانەوە لەمەڕ پرسی فەلەستین هەڵوێست دژی ئیسرائیل پیشان بدەن، بەڵام بە کردەوە سیخوڕ و داردەستی ئیسرائیلن. کاریگەریی ئایدۆلۆژیی و بازرگانیی (مادیی و مەعنەویی) جووەکان لەناو کاروباری ئیمپراتۆریەتی عوسمانیی ڕاستییەکی مێژووییە و دواتریش لە بواری بازرگانی و سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەی تورک ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوڵتان بایەزیدی پاشای عوسمانییەکان، دوای ئەوەی جووەکان ساڵی ١٤٩٢ لە ئیسپانیا و ساڵی ١٤٩٦ لە پورتوگال دەرکران، زۆربەیان لە ئەنادۆڵ پەنا دەدرێن و نیشتەجێ دەبن [٨] . کاتێکیش ساڵی ١٩٤٨ دەوڵەت-نەتەوەی یەهوودیی ئیسرائیل بە فەرمیی ڕاگەیەنرا، دەوڵەت-نەتەوەی تورک وەک یەکەم دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانی بە ئیسرائیلدا نا. جووەکان ئەنادۆڵ بە نیشتمانی دووەمی خۆیان دەزانن. وەک چۆن [٩] لە ساڵی ١٩٩٢ لە ئەستەنبوڵ نەوەی جووە کۆچبەرەکان و نەوەی خانەخوێکانی پێنجسەد ساڵ لەوەوبەر یادی هاتنی جووەکانیان لە ئیسپانیاوە بۆ تورکیا کرد بە جەژن.
دوای ئەوەی بەهاری عەرەبی لە ساڵی ٢٠١١ سەر هەڵدەدات، پریشکی ئاگرەکە بەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەوێت و چەندین گۆڕانکاریی سیاسیی و سەربازیی بە تایبەت لە سوریا و ئێراق ڕوو دەدەن. دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان دێتە پێش، جا خۆیان ڕێک دەخەن و پارێزگاریی لە بوونی نەتەوەیی خۆیان دەکەن. پاش ئەمە دەوڵەتی تورک هەموو هەوڵی خۆی بۆ دژایەتیی و لەناوبردنی ئەم پارچەیەی کوردستان دەخاتە گەڕ.
ساڵی ٢٠١٣ داعش (دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام) سەری هەڵدا و بەشێک لە خاکی سوریا و ئێراقی داگیر کرد. تورکیا بووە ترانزێتی توندڕەوەکانی هەموو وڵاتان و لەو ڕێگەیەوە دەچوونە نێو داعشەوە. دەوڵەتی تورک سپۆنسەر و پاڵپشتی سەرەکیی داعش بوو، دەیویست لەو ڕێگەیەوە بەشێک لە خاکی سووریا و ئێراق داگیر بکات و زیندووکردنەوەی ‹میساقی میللیی› بکاتە ئەمری واقیع. جگە لەوە چەندین گرووپی چەتەی تیرۆریستی درووست کرد و بە هاوکاریی ئەوان ساڵی ٢٠١٨ هەرێمی عەفرین و ساڵی ٢٠١٩ سەرێکانی و گرێ سپییان لە ڕۆژئاوای کوردستان داگیر کرد و چەندین تاوانی مرۆڤایەتییان ئەنجام دا (تا ئێستاش بەردەوامە). بەڵام لەبەر ئەوەی ئەمریکا و بەریتانیا دژی هەوڵی زیندووکردنەوەی میساقی میللیی بوون، ئەو خەونە سەت ساڵییە بەدی نەهات. لە بەرانبەردا دەوڵەتی تورک دیسان سیاسەتێکی دووڕووی لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە دەبرد: لە لایەکەوە خۆی وەک هاوپەیمان و ئەندامی سەرەکیی ناتۆ دەزانی، لە لایەکی دیکەشەوە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ئێراق و سووریا، ڕێککەوتنی سەربازیی و بازرگانیی و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی لە سوریا لەگەڵ ڕووسیا ئەنجام دەدا.
ئەمریکا دوای جەنگی جیهانیی دووەم ڕۆڵی کەواسووری بەر لەشکری هەژموونگەرایی سیستەم دەگێڕێت، لە ساڵی ١٩٥٢ کۆماری تورکیای کرد بە ئەندامی ناتۆ و بە گوێرەی بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆی کۆنترۆڵی کردووە، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا سیاسەتە لووتبەرز و ئاژاوەگێڕییەکانی دەوڵەتی تورک دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، وایان کردووە سیاسەتی ئەم دەوڵەتە تا ڕادەیەکی زۆر لەناو سیستەمی سەرمایەداریی جیهاندا بکەوێتە ژێر گومانەوە و جێگرەوە بۆ پێگەی جیۆپۆلەتیکیشی بخرێتە ڕۆژەڤەوە.
دەوڵەتی تورک هەمیشە پێگەی جیۆپۆلەتیکیی و خۆیشی وەک تاکە هاوپەیمانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووەتە پەڵپ و پاساو بەرانبەر هێزە هەژموونگەرەکانی ڕۆژئاوا تا هەموو خواست و چاوچنۆکییە سیاسییەکانی بەدی بهێنێت. بەڵام دوای داگیرکردنی ئێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەوە، پاش جێگیربوونیان لە بەشێکی خاکی سووریا (لە دوای ساڵی ٢٠١٤)، دۆستایەتیی ستراتیژی سەرمایەداریی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبیی و بەتایبەت کەنداو و هاوپەیمانی هەمیشەییان لەگەڵ ئیسرائیل، چیتر ئەو پێگە سەرەکییەی تورکیا لە ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا وەک خۆی نەمایەوە. لە ئێستادا قۆناغی پەراوێزخستنی جیۆپۆلەتیک و بێبەشکردنی سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی پێ کردووە.
ساڵی ٢٠٢٠ بە سەرپەرەشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە واشنتنی پایتەخت ڕێککەوتنێکی دیبلۆماسیی لە نێوان ئیسرائیل و هەردوو وڵاتیی عەرەبیی ئیمارات و بەحرەین واژۆ کرا، تا ببێتە بە بنەمایەک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبیی. ئەمەش بە «ڕێککەوتنی ئیبراهیم» ناودێر کرا، کە لە ناوی پەیامبەر ئیبراهیمەوە هاتووە وەک باپیرە گەورەی هەرسێ ئایینە ئاسمانییەکە: جوو، مەسیحیی و ئیسلام. بەو ڕێککەوتنە ئیمارات و بەحرەین چوونە ڕیزی دەوڵەتە عەرەبییەکانی وەک میسر (لە ساڵی ١٩٧٩) و ئوردن (لە ١٩٩٤) بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
هەنگاوێکی تر بۆ نزیککردنەوەی ئیسرائیل و هەندێک دەوڵەتی عەرەبیی لە یەکتری، خۆی لە پرۆژەیەکی ستراتیژیی ئابووریی دەبینێتەوە، ئەمە بە ڕێڕەوی ئابووریی هند – ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ئەورووپا (IMEC) ناو دەبرێت و لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی G٢٠ لە نیودلهی لە ساڵی ٢٠٢٣ پێشنیاری لەسەر کراوە. ئەم پرۆژەیە ڕێڕەوێکە لە هندەوە بە دەریادا بۆ کەنداو دێت، لە ڕێگەی هێڵی ئاسنیشەوە ئیمارات، سعوودیە، ئوردن و ئیسرائیل پێکەوە دەبەستێت و لەوێشەوە لە دەریای ناوەڕاستەوە دەگاتە کیشوەری ئەورووپا. ئەم پرۆژەیە ئەو دەوڵەتانە دەگرێتەوە وا وەک هاوپەیمانی ئەمریکا دادەنرێن. بەم پرۆژەیەش ململانێ ئایینیی و نەتەوەییەکانی نێوان هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسرائیل، کە بۆ قووڵایی مێژوو دەگەڕێنەوە، دەچنە قۆناغێکی نوێ و دەگۆڕێن بۆ بەرژەوەندیی سەرمایەداریی. جگە لەوەش ئەمریکا دەیەوێت جێگرەوە و ڕکابەرێک بۆ پرۆژەی دەستپێشخەری «یەک پشتێن – یەک ڕێگە» یان ڕێگەی ئاوریشمی چین بدوزێتەوە، کە چین لەو ڕێگەیەوە بە سیاسەتی نەرم وردەوردە دێتە نێو قووڵایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە و مەترسیی بۆ تاکجەمسەریی و هەژموونی ئەمریکا درووست کردووە.
هاوکات ئاماژەکانی ململانێی دەوڵەتە هەرێمییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوە دەچن ئەمریکا و ئیسرائیل هەوڵ دەدەن گۆڕانکاریی لە نەخشەی ناوچەکەدا بکەن. لەو پێناوەدا پرۆژەی ‹ڕێڕەو – نەخشەی داود› پێشنیار دەکەن، بەپێی ئەم نەخشەیە ئیسرائیل، سووریا و ئێراق پێکەوە دەبەستێت و دەبێتە ڕێڕەوی ئاسایش و ئابووریی نێوانیان. ئەمەش هەر لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژموونگەرایی ئیسرائیلدایە لە نیلەوە بۆ فورات.
کاتێک دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک دەبینن بەهۆی پرۆژەی ڕێڕەوی ئابوورییەوە پێگەی جیۆپۆلەتیکیان پەراوێز خراوە، هەوڵ دەدەن هەم پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی کە بە ئیسرائیلدا تێدەپەڕێت، هەم ڕێڕەو – نەخشەی داود و هەمیش ڕێککەوتنی ئیبراهیم لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا ئاستەنگ بکەن. بۆیە دەوڵەتی تورک دەستی کرد بە هاندانی حەماس لە کەرتی غەزە تا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل. ڕاستییەکەی ئەوانەی ئەمەیان دەویست ئەمریکا و ئیسرائیل بوون. ئەوان دەیانویست بە دەستپێکردنی شەڕ بیانوویەک بدۆزنەوە و ئاستەنگەکانی بەردەمیان؛ واتە حەماس و حزبوڵا ڕاماڵن. ئیسرائیلیش ساڵانێک بوو خۆی بۆ سەرکوتکردنی حەماس و لەناوبردنی حیزبوڵا ماتە دابوو، ئەو هێرشەی بە هەلێکی مێژوویی زانی تا ئامانجەکانی هەژموونی سەرمایەداریی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەدی بهێنێت. ویستی هیچ هەڕەشەیەکی سەربازیی لە سەر پرۆژەی بازرگانیی لە دەریای ناوەڕاست نەمێنێت. ئاشکرایە لە درووستبوونی دەوڵەت-نەتەوەوە کاربەدەستان و خودی دەوڵەت-نەتەوەی تورک بۆ جێبەجێکردنی پلانەکانی ئیسرائیل، بەریتانیا و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی سیخوڕ و گێرەشێوێنیان گێڕاوە. ڕۆڵی سیخوڕیی و داردەستێتیی دەوڵەتی تورک بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕوژئاوا لە دوو باردایە، یەکەم: کاتێک بیانەوێت لە هەلومەرجێکی سیاسیی ناوخۆیی، هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا دژی نەیاری بەرژەوەندییەکانیان بەکاری بهێنن؛ دووەم: کاتێک بە هەمان هەلومەرج بۆ بەدیهاتنی ئامانجەکانیان لە دژی خۆیان بەکاری دەهێنن. بە درێژایی سەدەی بیست پرسی کورد و فەلەستین لە لەنێو دەستاڕی ئەم گەمە هەواڵگرییەدا کراوەتە قووربانیی.
دەوڵەتی تورک بۆ ئەوەی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی خۆی بپارێزێت و خۆی وەک ناوەندی گواستنەوەی بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بهێڵێتەوە، لە ئێستادا هەوڵ دەدات هێڵێکی گواستنەوەی بازرگانی لەژێر ناوی «پرۆژەی ڕێگەی گەشە» لەگەڵ ئێراق دابمەزرێنێت، کە لە کەنداوەوە بە ناو ئێراق و تورکیادا تا بەندەری ئەستەنبووڵ درێژ دەبێتەوە و لەوێشەوە دەگاتە وڵاتانی ئەورووپا. تورکیا لە لایەکەوە ئەم پرۆژەیەی وەک جێگرەوە و ڕکابەری پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی (IMEC) پێش خستووە، لە لایەکی دیکەشەوە هانی حەماسی دا هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەی ڕێڕەوی ئابووریی، کە ناوەندەکەی ئیسرائیل و باشووری قوبرسە، شکست بهێنێت. بەڵام بێدەنگیی دەوڵەتانی عەرەبیی لە بەرانبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە و باشووری لوبنان، خۆی لە خۆیدا واتای سووربوون و یەکلاکردنەوەی سەرکەوتنی پرۆژەکەیە. هەرچەندە گەر پرۆژەی «ڕێگەی گەشە» سەرکەوتووش بێت، هێشتا تورکیا ئەو پێگەی پێشووتری نابێت کە لە ڕێگەیەوە خۆی بە پردی پەیوەندیی بازرگانی نێوان ئاسیا و ئەورووپا دەزانی و بە درێژایی تەمەنی دەوڵەت-نەتەوەکەی وەک پەڵپ و کارتی فشار بەرانبەر هەر هێزێکی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بەکاری دەهێنا، بە تایبەت کاتێک دژی قڕکردنی کوردان و چارەسەرنەکردنی پرسی سیاسیی کورد هەڵوێست و تێگەیشتنیان جیاواز بووایە.
لەمانەش بترازێت تورکیا لە چەندین شوێنی ستراتیژی لووتی دەبێت بە لووتی بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانییەوە، لەم بەستێنەدا گەرەکێتیی هەڕەشە لە ڕێڕەو و پێگە ژیۆپۆلەتیکیی و سەربازییەکانی ئێران بکات، پڕۆژەی ‹لاجورد و زەنگزوور› لەم بەستێنەدا باڵکێشن، ئەوەی ئاو دەکات بە ئاشی ئەم چاوچنۆکییەی تورکیادا ئەوەیە؛ پانتورکیزم لە ڕووی مێژووییەوە ئێران بە قووڵایی ستراتیژیی خۆی دەزانێت.
بەم شێوەیە ترسی لەدەستدانی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی، کە سەرچاوەی سەرەکیی دەسەڵات و هێزی تورکیایە، تورکیای خستووەتە ترسێکی گەورە و ‹پێچی دەستاڕەکە›. ئەو سیاسەتانەی بۆ ماوەیەک سوودی کاتییان بە تورکیا بەخشی، ئێستا کاریگەرییان لەناو سیستەمی سەرمایەداریی جیهاندا لەدەست داوە. تورکیا کەوتووەتە دۆخی بنبەستی سیاسیی و توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ هەلومەرجی بەرژەوەندیی و ململانێی هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی نەماوە.
جێی ئاماژەیە پرۆژە ئابوورییە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بنەڕەتەوە بۆ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان و هەژموونگەرایی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی، یان لە دژی هێزی دیکەی نێودەوڵەتیی پێش دەخرێن، نەک لەپێناو ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە نابنە چارەسەری بنەڕەتیی بۆ کێشە و ململانێ سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت بۆ پرسی کورد و فەلەستین. بە واتایەکی دیکە، پرۆژە ئابووریی و بازرگانییەکان لەپێناو کاڵکردنەوەی سنوورەکانی بەردەم سەرمایەداریی نێودەوڵەتییە لەناو چوارچێوەی جەمسەری ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا، نەک کاڵکردنەوەی سنوورەکانی دەوڵەت-نەتەوەکان و پێشخستنی پرۆژەی مۆدێرنیتەی دیموکراتیکی گەلانی ناوچەکە. گەر ڕێککەوتنێک بۆ پرۆژەی ئابووریی و سیاسیی لە نێوان دەوڵەتە هەژموونگەرەکانی ڕۆژئاوا، دەوڵەتانی عەرەبیی و ئیسرائیل هەبێت و پێگەی تورکیا پەراوێز بخرێت، لەبەر ئەوەیە ئێستا بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە هەژموونگەرەکان گۆڕاون و تورکیا وەک پێشتر بەشێک نییە لە هەژموونی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانیی. ڕێککەوتنی چەند هێزێک و پەراوێزخستنی هێزێک یان چەند هێزێکی دیکە، دەرئەنجامی سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە، نەک سیاسەتی نەتەوەی دیموکراتیک.
کەواتە لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر پارچەکردنی کوردستان و چارەسەرنەکردنی پرسی کورد دامەزراوە، بۆ دەربازبوون لەو گێژاو و قەیرانانەی سەرچاوەکەیان بۆ مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی دەگەڕێتەوە، تێپەڕاندن و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە و هاوسەنگیی نوێش بە چارەسەری پرسی کوردەوە بەندە. بەڵام چەوتیی هەرە مەزنی دەوڵەتی تورک ئەوەیە خۆی سپاردووەتە ئەو ئەرکەی دەوڵەتە هەژموونگەرەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی لە دامەزراندنییەوە بۆیان چێ کردووە، لەبری ئەوەی پرسی کورد چارەسەر بکات، تاکە هەوڵی ئەوە بووە کورد سەرکوت بکات و پەکەکە لەناو ببات. بەڵام لە ئێستادا لە لایەکەوە بەهۆی بەرخۆدانی کوردان بە پێشەنگایەتیی پەکەکە، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی کەڵەکەبوونی ئەو کێشانەی سەرچاوەکەیان بۆ سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دەگەڕێنەوە، لە سەروەختی لەدەستدان و پەراوێزخستنی پێگەی جیۆپۆلەتیکیی و سیاسەتی نێودەوڵەتییدایە.
بۆیە کێشە هەنووکەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەمان پێ دەڵێن سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی توانای چارەسەری ئەو کشانەی نییە وا خۆی هۆکار و سەرچاوەیانە. ئاسایش و ئارامیی ئەو دەوڵەت-نەتەوانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، مسۆگەر و پارێزراو نابێت، گەر لەناو سنوورەکانیدا کورد بە نائارمیی و بێ مافی ناسنامەی نەتەوەیی بژێت. چارەسەری کێشەی کورد بە ڕێگەچارەی دیموکراتیک لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەکانی تورک، ئێراق، سووریا و ئێران لە ڕێگەی پەسەندکردنی مافی نەتەوەیی دیموکراتی گەلی کورد و ستاتۆی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیانەوە بەدی دێت. کێشەی کورد بووەتە گرێکوێرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەرانبەر سیستەمی دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، گەشەدان بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک و بونیادنانی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک، کە جەستە و شێوە سیاسییەکەی ئەو مودێلەیە، پێویست و حەتمییە. وەک ڕێبەر ئۆجالان دەبێژێ: کاتێک کوردستانی کۆنفیدراڵی دیموکراتیک مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیکی خۆی پێش بخات، بە دڵنیاییەوە دەتوانێت یەکێتیی و یەکینەی هاوشێوە لەگەڵ کۆمەڵگە دراوسێکانی هەر بەشێک ئاوا بکات. ئەگەر پێکهاتەی هاوشێوە لە تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریا پێش بخرێت، ئاشکرایە کوردستانی کۆنفیدراڵیی دەبێتە ناوکی یەکێتیی نەتەوەی دیموکراتییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
[١] – ١. پەیمانی سیڤەر کە لەلایەن هاوپەیمانان و کاربەدەستانی تورک-عوسمانیی لە ١٠ی ئابی ١٩٢٠ لە فەڕەنسا مۆر کرا، لە ٤٣٢ مادە پێک دێت و بەشێکی تایبەتی دانرا بۆ کوردستان، کە مادەکانی ٦٢، ٦٣، ٦٤ی لەخۆ گرتوو.
[٢] – عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتێک، پەڕتووکی پێنجەم. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لەوقمان عەبدوڵڵا، چاپی سێیەم، ل. ٢٨٣.
[٣] – ЛазаревМ. С., Курдистаникурдскаяпроблема (٩٠-егоды XIX века – ١٩١٧ г.) , М. ١٩٦٤. C. ٣٧٢.
[٤] – عەبدوڵڵا ئۆجالان، مانیفستۆی شارستانێتی دیموکراتێک، پەڕتووکی پێنجەم. وەرگێڕانی لە تورکییەوە: لەوقمان عەبدوڵڵا، چاپی سێیەم، ل. ٢٧٨.
[٥] – هەمان سەرچاوە، ل. ٢٧٩.
[٦] – هەمان سەرچاوە، ل. ١٨٦ – ١٨٨.
[٧] – ئامەد دیجلە، ٢٠٠٥ – ٢٠١٥ دیدارەکانی تورکیا – پەکەکە. وەرگێڕانی: نەجیبە قەرەداغی، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢. ل. ٢٦٣ – ٢٦٤.
[٨] – بێرنارد لویس، بەریەککەوتنی کەلتوورەکان (مەسیحییەکان، موسڵمانەکان و جوولەکەکان). وەرگێڕان: یاسین حاجی زادە، دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی، چاپی یەکەم، ٢٠٠٨، ل ٤١ – ٤٤.
[٩] – هەمان سەرچاوە، ل ٤٢.