گوتار

  سەرمایەداری و سەگەکان، پارە و ئارەزوو

ئەوەی گرنگە چێژوەرگرتن لە ماسییەکان نییە، بەڵکوو کڕین و فرۆشتن، ئاڵوگۆڕکردنیانە. بە واتایەکی دیکە، ناوەڕۆکی سەرمایەداری  سەوداکارییە.

سێرجیۆ بێنڤێنوتۆ

لە ڕووسییەوە: عەلی ئەحمەد

داگرتنی فایلی PDF

 

نوکتەیەکی دژەجوولەکە هەیە، زۆرێک لە هاوڕێیانی چەپ حەزدەکەن بیگێڕنەوە. بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن جوولەکەیەکەوە داهێنراوە. چیرۆکەکە دەربارەی جوولەکەیەکە کە بازرگانی ماسی لەقوتوونراوە، و ناوبانگ و چالاکیی کۆمپانیاکەی بۆ گشت خەڵک زانراوە. لێ ڕۆژێک کڕیارێکی وی کە جوملەفرۆشە، بە تووڕەییەکی زۆرەوە خۆی دەکات بەناو نووسینگەی بازرگانەکەدا و داوای گەڕانەوەی پارەی بارێکی گەورەی ماسی لەقوتوونراوی لێ دەکات. جوولەکەکە بە سەرسووڕمانەوە لێی دەپرسێت: «مەگەر پاکەتەکان هیچ کێماسییان هەبووە؟ ئایا بارەکە لە کاتی خۆیدا نەگەیشتووە؟». جوملەفرۆشەکەش وەڵام دەداتەوە: «هەموو شتێک لەو ڕووەوە باش بووە. لێ من بە هەڕەمەکیی هەندێک قوتووم هەڵپچڕاند و تامی ماسییەکانم کرد: ماسییەکان هەموویان گەنیوو بوون!». جوولەکەکەش بە قاقای پێکەنینەوە دەڵێت: «تۆ ئەوانەت خواردووە؟ بەڵام ماسییەکانی من تەنیا بۆ ئەوەن بکڕدرێن و بفرۆشرێن، بفرۆشرێن و بکڕدرێن…».

ئەم نوکتەیە وا دیارە زۆر قووڵە بۆ ئەو کەسانەی کە باکگراوەندێکی مارکسیستییان هەیە، چونکە ڕوونە لادانێکی تایبەتی سەرمایەداری نیشان دەدات، فیتاوفت ئەوەیە کە بەهای ئاڵوگۆڕ[1] جێگەی بەهای بەکاربردن[2] دەگرێت. ئەوەی گرنگە چێژوەرگرتن لە ماسییەکان نییە، بەڵکوو کڕین و فرۆشتن، ئاڵوگۆڕکردنیانە. بە واتایەکی دیکە، ناوەڕۆکی سەرمایەداری  سەوداکارییە[3].

 

١. دراوی واقیعیی ـــ خراپترینە

زاراوەی «سەوداکاریی» (speculation) گەلەک لە فەیلەسووفانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی هاوشێوەکەی لەگەڵ خەمڵاندنی تیۆریی (theoretical speculation) بە گشتی، نزیکایەتی لەگەڵ (speculum)ـی پزیشکی ژنان و منداڵبوون (gynaecologist) و هەروەها لەگەڵ ئاوێنەیەک، (speculum)ـدا، کە هەموو ئەم زاراوانەی لێیەوە دەردەچن. دەتوانین بێژین، بۆ فەلسەفەی دژەسەرمایەداری[4] هاوچەرخ سەوداکاریی دارایی، ـــ ئاوێنەی ڕاستەقینەی سەرمایەداری (بەداراییکردنی بەدناوی ئابووری)ـیە. بەڵام لە ڕاستییدا سەرکۆنەی فەلسەفییانەی سەوداکاریی ڕیشەیەکی زۆر کۆنی هەیە. هەر لە کۆنەوە ئەریستۆ بنەماکانی ئابووری (ئەوکات پێی دەگوترا کرێماتیستیک[5]) داڕشتووە و باسی لەوە کردووە کە دەکرێ هەر موڵکێک ببێت بە بابەتی ئاڵشت (گۆڕینەوە – barter)[6]:

»بازرگانیی ئاڵوگۆڕ هەلومەرجێک بووە و لە هۆکارە سرووشتییەکانەوە گەشەی سەندووە، بەو پێیەی خەڵک بۆ ژیان پێویستیان بە شمەک هەیە، هەندێکیان بە ڕێژەیەکی زیاتر، ئەوانی دیکە بە ڕێژەیەکی کەمتر»[7].

ئەریستۆ لە ناوەڕۆکی ئابووری تێگەیشتبوو!

بەڵام لێرەدا ئەریستۆ ئەوەش زیاد دەکات کە  (kapelikē)    καπηλίκή (کاپێلیکی) ناچێتە ناو کایەی کرێماتیستیکەوە. ئەم زاراوەیە بەزۆری وەک «بازرگانی بچووک» یان «بازرگانی وردە» وەریدەگێڕن، لێ هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە کە ئێمە ئەمڕۆکە بەم زاراوانەوە ئاماژەی پێدەکەین. کاپێلیکی، ڕەنگە نزیکتر بووبێت لە بارمتەهەڵگرەکانمانەوە[8]: کەسێک شتێکی لە بەرانبەر پارەدا دەدا بە بازرگانێک و دواتر بازرگانەکە هەمان شتی بە نرخێکی زۆرتر دەفرۆشتەوە. واتە، سەوداکارێکی کامڵە. بە بۆچوونی ئەریستۆ ئەم ئاڵوگۆڕە «دژی سرووشت»[9] بووە. هەرچەندە ئەریستۆ خۆی لە هەمان پەڕتووکدا چیرۆکێک دەربارەی تالیس[10] دەگێڕێتەوە، کە وەک دەڵێن، توانیویەتی بە ئاسانیی دەوڵەمەند بێت کاتێک ئامێرێکی نایابی بۆ ڕۆنی زەیت لە میلیتوس[11] داهێناوە، کە ئەمەش ئەو چالاکییانە بیردەخاتەوە وا جۆرج سۆرۆسیان دەوڵەمەند کرد. ئەمە جووتهەستەکییەکی[12] بنەڕەتیی فەلسەفە بەرانبەر سەوداکارییەکان دەردەخات. سەوداکار بۆ زۆر کەس فیگەرێکی زۆر خراپەکارە، چونکە کەسێکە هیچ بەرهەم ناهێنێت و بە قۆرخکاریی و قۆستنەوەی جیاوازی نرخ لە نێوان کڕین و فرۆشتنی سامانێکدا دەوڵەمەند دەبێت. ئەو چێژ لە کاڵا وەرناگرێت و ڕێگە نادات کەسانی دیکەش چێژی لێ وەرگرن، بەڵکو لە گەنجینەدا دەیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی قازانج لە جیاوازییەکی دارایی پەتیی بکات. سەوداکار قۆڕخکاری کاتە. ئەوەی بۆ زۆر کەس وەک حاڵەتێکی لەڕادەبەدەری ئاڵوگۆڕ، بە نزیکەیی وەک پاتۆلۆژیایەکی بازاڕ دەردەکەوێت، ئەوانەی ڕەخنە لە سەرمایەداری دەگرن، بە پێچەوانەوە،  بە خودی ماهیەتەکەی دەزانن: بۆ سەرمایەداری ئەوە گرنگ نییە چێژ (کاڵاکان) بۆ مرۆڤەکان پێشنیار بکرێت، بەڵکو تەنێ کەڵەکەکردنی پارە گرنگە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سەرکۆنەکردنەی سرووشتی سەوداکارانە (گیانی بە گیانییە)ی سەرمایەداری دژایەتی توانای نائاسایی ئەو ئابوورییەی بازاڕ دەکات ـــ کە مارکس ناساندوویەتی ـــ بۆ بەرهەمهێنانی بڕێکی گەشەسەندوو و سەرڕێژبووی کاڵاکانی بەکاربردن[13]. ئێمە دەزانین کە گەشەی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) بە ماوەیەکی کەم پێش سەدەی نۆزدەیەم پێکەوە لەگەڵ دەرکەوتنی خودی سەرمایەداریدا دەستی پێکردووە، لە کاتێکدا پێش ئەمە ئابووری گەلان تا ڕادەیەکی زۆر لە دۆخی پەنگخواردنەوەدا بووە. مارکس لە یەکەم دێڕی «سەرمایە»دا ڕایدەگەیەنێت: «سامانی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە شێوازی سەرمایەدارانەی بەرهەمهێنان تێیاندا باڵادەستە، خۆی وەک “کەڵەکەبوونێکی زەبەلاحی کاڵاکان” دەخاتەڕوو»[14]. بێگومان، سامان (Reichtum) هەر لە شمەکەکانی بەکاربردن(کە بەکاربردن واتای چێژوەرگرتن لێیان دەبەخشێت) پێک نایەت، بەڵکوو زیاترلە کاڵاکان (Waren)، واتە لەو شتانە پێکدێت کە ئاڵوگۆڕ دەکرێن. ڕاستییەکەی، کاڵا تەنێ شتێکە کە گۆڕاوە بۆ شتێکی دیکە. لەو کۆمەڵگایانەدا کە  ئاڵشتکردن هەیە، ئەگەر من سی هێلکە بگۆڕمەوە، با بێژین، بە پەنجا سێو، ئەوا ئیدی ئەو هێلکە و سێوانە کاڵان. تەنانەت سەرەتاییترین کۆمەڵگەکانیش فۆرمەکانی بازاڕ، ئاڵوگۆڕی ئابووریی، فۆرمەکانی دراویان هەیە… مرۆڤناسەکان (ئەنترۆپۆلۆژیستەکان)[15] بەوردی جیاوازی دەکەن لە نێوان ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییەی کە کۆمەڵگە سەرەتاییەکان پراکتیکیان دەکرد، و ئاڵوگۆڕی بەخشین[16] لە هەمان ئەم کۆمەڵگایانەدا، کە سووڕێکی دیکەی تەواو جیاوازە[17].

لەو سەردەمەدا ئەوانەی بە ئابووریناسە کلاسیکییەکان ناودەبرێن، بە مارکسیشەوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی سەرنجیان لەسەر ئەو بەها ئابوورییە بوو کە ئەوان بە بەرهەمهێنانی شمەکەکان [واتە کاڵاکان]ـەوە دەیانبەستەوە. ئەوان گرنگییان بە سوود نەدەدا. ڕاستییەکەی  لەو کاتەدا ئەوە بە ئاسایی وەردەگیرا کە کاڵا بەرهەمهێنراوەکان بێگومان بەسوود بوون و پێویست بوون بۆ هەر مرۆڤێک. بۆ مارکس بەهای بەکارهێنانی جلوبەرگ [پۆشاک]ـێک شتێکی ڕاستیی بوو. لێرەوەڕا ئەو بیرۆکەیە پەیدا دەبێت کە بەهای کاڵایەک (شمەکێک) بە کار دیاری دەکرێت ـــ ئەمەش ئەو تیۆرییە بەناوبانگەیە (کە باکگراوندێکی تەواو مێتافیزیکیی هەیە) لەمەڕ بەهای کارەوە. ئەمڕۆکە ئێمە دەزانین کە ئەمە بەم ڕەنگە نییە. من دەتوانم سەتان کارگەر بەکرێ بگرم بۆ بەرهەمهێنانی چەند تەنێکی پانتۆڵ، لێ ئەگەر ئەم پانتۆڵانە لە مۆد دەربچن، ئەوا هیچ کەسێک نایانکڕێت، بەهاکەیان بە کردەنیی یەکسان دەبێت بە سفر. سەرمایەداری تەنێ شێوازێکی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکوو شێوازێکیشە بۆ خستنەڕووی شمەکە ئارەزووکراوەکان و کردنی شمەکە دیاریکراوەکان بە ئارەزووکراو. بەبازاڕکردن[18] بەشێکی دانەبڕاوە لە سەرمایەداری. بە پێچەوانەشەوە، من دەتوانم ئەو سامانە بەنرخانە بخەمە بازاڕەوە کە پێویستیان بە هیچ کارێک نییە. بۆ نموونە، ئەگەر من خانوویەکی کێڵگەی توسکانای سەدەی پانزە بە دیمەنێکی دڵڕفێنەوە بە میرات وەرگرم، دەتوانم بە نرخێکی زۆر بیفرۆشم یان بە کرێی بدەم. بێگومان بەهای ئەم خانووە پەیوەست نییە بەو کارەی کە شەش سەدە پێش ئێستا پێویست بوو بۆ درووستکردنی، بەڵکوو تەنیا پەیوەستە بەو ڕاستییەوە کە ئەم بینا کۆنەیە ئارەزووکراوە. بە پێچەوانەشەوە، ئەو پانتۆڵە مۆدێل کۆنانەی کە پێویستیان بە کاری زۆر بوو، ناتوانرێت بفرۆشرێن، چونکە ئارەزووکراو نین. هەموو بیرکردنەوەی ئابووریی پۆستکلاسیکیی مۆدێرن لەسەر بنەمای کاتیگۆری ئارەزوو[19] بەندە. بە بۆچوونی هۆبز: «بەختەوەری بریتییە لە جووڵەیەکی بەردەوامی ئارەزوو لە شتێکەوە بۆ یەکێکی دیکە، سا بۆیە گەیشتن بە شتی پێشووتر تەنێ هەنگاوێکە بۆ گەیشتن بە شتێکی دواتر»[20]. ئەو بەختەوەری لە ڕوانگەی ئەو ئابوورییەوە وەسف دەکات کە پێکدێت لە جووڵەیەکی بەردەوام لە ئارەزوویەکەوە بۆ یەکێکی دیکە، و لەو دەمەدا هێشتا نەبوو بە ئابوورییەکی سەرمایەدارانە. و ئارەزوو واتای چەمکێکی دیکەش دەبەخشێت کە بە تووندی پێیەوە بەستراوە، ئەویش چەمکی کەمی (کێماسی)ـیە[21].

ئابووریناسە کلاسیکییەکان ئەو پرسیارەیان لە خۆیان دەکرد کە دەتوانرێت لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕدا چی بەدەست بێت، چونکە بە گوێرەی پێناسە شتگەلێک ئاڵوگۆڕ دەکرێن کە بەهای ئابووریی یەکسانیان هەیە. بۆ وان وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە قوورس بوو، چونکە لەوە تێنەدەگەیشتن کە لە ئابووریدا ئەمە هەمیشە پرسی ئارەزووە، و ئارەزووەکانیش هەمیشە سوبێکتیڤیتی (خودێتی)ـی و تایبەتمەندن. ئەگەر من بڕێکی دیاریکراوی سێو لەپێناو بڕێکی دیاریکراوی هێلکەدا بفرۆشم، ئەوا لەبەر ئەوەیە کە خودی من هێلکەم کەمە و هاوکات سێوی زێدەم هەیە ـــ هەر وەک ئەریستۆ ئەمەی بە ڕوونی بینیبوو. مرۆڤ هەمیشە ئەو شتەی لای زێدەیە دەگۆڕێتەوە بەو شتەی لای کەمە. کەمیی و زێدە[22] دوو جەمسەرن، گرژی نێوانیان ئاڵوگۆڕی ئابووریی دێنێتە کایەوە. پارە هەمیشە شتێکە لای ئێمە زێدەیە (تەنانەت ئەگەر زۆر کەمیشمان هەبێت)، چونکە ناتوانین (یان ناخوازین) بەکاریبهێنین: من تا زیاتر ئەم زێدەیەم هەبێت، ئەگەر و ئیمکانی زیاترم بۆ بەدەستهێنانی ئەو شتە دەبێت کە کەمم هەیە، چونکە من ئارەزووی ئەوە دەکەم. لە ڕاستییدا، کاتێک پارە خۆی، با بێژین، لە کانزاکان ــ زێڕ، زیو، مسدا بەرجەستەکرد، ـــ ئەم خەسڵەتە زیادەیەی دراوەکە بەو ڕاستییە داپۆشرا کە ئەم کانزایانە دەتوانن ببنە ئوبێکتی بەکارهێنانیش. ئەمانە پارە کانزاییە (سکە) داپۆشراوەکان بوون. چەند سەدەیەک لەمەوبەر زێڕیان دەکرد بە ملوانەکە، بازن و شتی دیکەی جوانکاریی، ژنان لە کاتی ڕۆیشتنیان بە شەقامەکاندا نمایشیان دەکرد ـــ لەو ڕۆژگارەدا ژنان پارەیان دەپۆشی. لێ تەنانەت ئەمریکییە ڕەسەنەکانیش دەیانزانی کە دراو ناتوانێت لە هەر شتێکی گرانبەها پێکبێت، بەڵکو باشترە بێژین، شتێکە هیچ سوودێکی نییە (جگە لە ئاڵوگۆڕکردن). لە ڕاستییدا زۆرێک لە دانیشتوانی ڕەسەنی ئەمریکا پێش داهێنانی دۆلار، گوێچکەماسییان وەک دراوی خۆیان بەکاردەهێنا[23].

یاسا بەناوبانگەکەی گرێشام[24] بەم جۆرەیە: «پارەی خراپ پارەی باش لە سووڕ دەخات»[25]. گێلبرەیت لە لێدوانێکدا دەڵێت: «ڕەنگە ئەمە تاکە یاسای ئابووریی بێت کە هەرگیز ئاڵنگاری نەکراوە و بەو هۆیەشەوە هەرگیز ئاوارتەیەکی جدی لەودا نەبووە»[26]. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پارە لەو کانزایانە درووست دەکرا وا لە خۆیاندا بەهایەکی دیاریکراویان هەبوو: لەو دەمەدا خەڵک پێیان باش بوو سکەی زێڕ لە ماڵەوە بهێڵنەوە و خەرجی نەکەن، لە کاتێکدا سکەی لە کانزای هەرزانبەهایان دەخستە سووڕ [بازاڕ]ـەوە. بە کورتی، پارەی باش واتای نێوەندگیرێکی ئاڵوگۆڕی دەدا کە بەهایەکی بەکاربردنیشی لە خۆیدا هەبوو، لە کاتێکدا پارەی خراپ واتای ئوبێکت [بابەتێک]ـێکی دەدا کە خۆی لە خۆیدا هیچ بەهای نەبوو، هەر وەک گوێچکەماسییەکانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان. تا سەدەی هەژدە پارە لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بریتی بوو لە تووتن (لە ڤێرجینیا و ماریلاند)، برنج، وڵاخ، بۆربۆن و براندی ـــ هەموو ئەو شتانەی دەتوانرا بەکاریش بهێنرێن. ئەمڕۆکە دراوە هاوشێوەکانی دیکە، ـــ دراوە دیجیتاڵییەکان[27] لە گەشەکردندان، کە بیتکۆین بەناوبانگترینیانە. ئەوانە دەتوانن جێی ئەو دراوانە بگرنەوە کە بانکە ناوەندییەکان گەرەنتییان دەکەن. بە کورتی، ئەگەر یاسای گرێشام ڕاست بێت، ئەوا دەتوانین بێژین، دراو مەحکومە بەوەی زیاتر و زیاتر خراپ بێت. بەم شێوەیە، دراوە مەجازییە پەتییەکەی ئەمڕۆ ـــ خراپترین دراوە کە دەتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام ڕێک هەر بۆیەشە دەبێتە دراوێکی براوە. هێشتا دەتوانین پارەی کاغەز (بانکنۆت) بۆ ئاگرکردنەوە یان وەک کاغەزی تەوالێت بەکاربهێنین، لێ چی لە ژمارەکانی ناو کۆمپیوتەر بکەین؟ هیچ، ئەوانە بەهای ئاڵوگۆڕی پەتین. خراپترین دراو کە بوونی هەبێت، واتە دراوێکی ڕاستەقینە.

یاسادانەری ئەفسانەیی سپارتایی، لیکورگۆس ئاڵوگۆڕی زێڕ و زیوی هەڵوەشاندەوە و پێلانۆر[28] ــ دراوێکی ئاسنینی سەپاند، کە بەهۆی زۆر ناسکیی و قەبەییەکەیەوە گونجاو نەبوو بۆ بەکارهێنان[29]. بیتکۆینی ئەمڕۆ پێلانۆرێکی لەڕادەبەدەر سووکە. پێم سەیرە، زۆرێک لە دەروونشیکاران، بەتایبەت لاکانییەکان، لەو ڕاستییە تێناگەن کە ئابووری بە تەواوەتیی لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی ئوبێکت (شت)ـە ئارەزووکراوەکان دامەزراوە و لەبری ئەوە پێیان باشترە ئاماژە بە چەمکە مارکسیستییەکان بکەن کە ئارەزوو لەبەرچاو ناگرن. لێ ئێمە دواجار لە ئابووریدا قسە لەسەر خستنەڕوو[30] و خواست[31] (داوا و خستنەڕوو) ـــ ئەو چەمکانە دەکەین کە بە توندی بە ئارەزووەوە گرێدراون. جگە لەوەش، خواست هەمیشە پێش خستنەڕوو ناکەوێت: زۆر جار کۆمپانیاکان بەرهەمی تەواو تازە دەخەنەڕوو کە دەبنەهۆی خواستی تازە، سا بۆیە ئارەزوو لە خواستە بەردەوام گۆڕاوەکاندا خۆی دەردەبڕێت و هەمیشە شتێکی دیکەی دەوێت. خستنەڕوو ئارەزوو دەبووژێنێتەوە، دەیبزوێنێت. هەر لەبەر ئەمەشە کۆمەڵگە پیشەسازییەکانی مۆدێرن بەهۆی ئەو ئارەزووەوە جووڵاو و مەینەتبارن کە سووتەمەنی سامانە (چونکە فیتاوفیت ئارەزوو، واتە هەستکردن بە کەمیی، کە هۆبز  باسی کردووە، پاڵمان پێوە دەنێت بۆ بەرهەمهێنانی زیاتر و زیاتر یان بەدەستهێنانی زیاتر و زیاتری ئەو شمەکانەی کە لەلایەن کەسانی دیکەوە درووست کراون). لە لایەکی دیکەوە، لە کۆمەڵگە سەرەتاییەکاندا، کە مارشاڵ ساهلینس باسیانی کردووە[32]، بەرهەمهێنان لەو کاتەدا دەوەستێت کە ئەندامەکانیان هەموو ئەو شمەکانەیان هەبێت وا بە پێویستی دەزانن؛ بە واتایەکی دیکە، لە ساتێکی دیاریکراودا واز لە کارکردن دەهێنن و خۆیان بۆ سەمای ئایینیی تەرخان دەکەن. ئەمانە ئەو کۆمەڵگایانەن کە لەسەر ئارەزوو دانەمەزراون، ئەوان بەهۆی کەمییەوە ئازار ناچێژن، بەڵکوو زیاتر هەوڵ بۆ هۆمۆستاسیس (هاوسەنگی و سەقامگیری ناوەوەی جەستە) دەدەن. سەرمایەداری بە ڕمێکی زلەوە کە نوێنەرایەتی بێسنوورێتی ئارەزوو دەکات، مەیلی هۆمۆستاسیسی کۆمەڵگەکانی پێشووی تێکشکاندووە. سەرمایەداری بریتییە لە بەرهەمهێنانەوەی بێکۆتایی کەمیی. کلۆد لێڤی-ستراوس ئەوەی گوت کە کۆمەڵگە (سەرمایەدارییەکان)ـی مۆدێرن گەرمن، لە کاتێکدا ئەو کۆمەڵگایانەی مەیل و ئامانجیان بۆ هۆمۆستاسیسە، ساردن[33]. گەرمی واتە ئازادکردنی ئارەزوو، کە جیاوازی ـــ و نایەکسانی بەرهەمدەهێنێت.

کەواتە، ئابووری خۆی لە خۆیدا تەنێ بایەخ بە ئاڵوگۆڕ دەدات. بە هۆکارێکی زۆر سادە ناتوانێت بەهای بەکارهێنان لەبەرچاو بگرێت: بەکارهێنانی شمەکێک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە. زۆر کاڵا و شمەک بەدەست دەهێنرێن بۆ ئەوە نییە بەکاربهێنرێن… بۆ نموونە، هەموو ڕۆشنبیران ئەوە دەزانن کە هەمیشە زیاتر لەوە پەڕتووک دەکڕن کە بتوانن لە تەمەنی خۆیاندا بیانخوێننەوە: هێشتنەوەی ئەو هەموو پەڕتووکە بەبێ دەستلێدان لەسەر ڕەفەکان، خۆی لە خۆیدا فۆرمێکی بەکارهێنانە. یەکێک لە نەخۆشەکانم [پیاوێک بوو] زیاتر لە سەت جووتپێڵاوی ژنانەی کڕیبوو: نەک بۆ ئەوەی ژنان لەپێیان بکەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی بە سەیرکردنیان هەست بە ورووژانی سێکسیی بکات. ئەو کەسێکی فێتیشیست[34] بوو.

٢. سەرمایەداری وەک ئایین؟

ئەمڕۆکە تیۆرییەکی سەرمایەداری، کە من ناوی لێ دەنێم بڕواگەریی[35]، لە مۆددایە. ئەمە لە تێبینییەکی دوای مردنی واڵتەر بنیامین، «سەرمایەداری وەک ئایین» (١٩٢١)ـەوە[36] وەرگیراوە. لێ مارکسیش ڕەخنەکەی خۆی لە سەرمایەداری لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمای ڕەخنەکەی فیۆرباخ لە نامۆبوونی ئایینیی داڕشتووە، کە بەپێی ئەم ڕەخنەیەی فیۆرباخ سەرمایەداری بریتییە لە باڵاترین فۆرمی ماتێریالیستیی باوەڕ بە خوداوەندێک. بەم شێوەیە، مارکس باسی لە فێتیشیزمێکی کاڵا دەکرد کە لەو کاتەدا هۆکارێک بوو نەک بۆ فێتیشیزمی سێکسیی (تەنیا لە ساڵی ١٨٨٧دا ئەلفرێد بینێت ئەم زاراوەیەی بۆ ئاماژەدان بە لادانە سێکسییەکان ناساند)، بەڵکوو بۆ فۆرمێکی باوەڕی ئایینیی کە ئەو کاتە بە نزم، داتەپیوو دادەنرا. بۆ مارکس سەرمایەداری بەخوداکردنێکی کاڵا بوو، بۆیە سەرمایەداری جۆرێک بوو لە بەربەریکردنی یەهودیەت و مەسیحییەت. بیرمەندانی ئەمڕۆ ئەم ڕەخنەیە له سەرمایەداری لە ڕەگێکی ئایینییەوە ڕەچاو دەکەن و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە سەرمایەداری لەسەر بنەمای پارە دامەزراوە، لەسەر شتێک کە ـــ وەک بینیمان ـــ کەمتر و کەمتر مادیی (ماتێریاڵیی)ـە. لێ ئەمڕۆ ئێمە دەزانین کە باوەڕبوون بەوەی هەر شتێک ـــ تەنانەت پارەی کاغەزیش ـــ لە ژمارەکانی ناو کۆمپیوتەر بەنرخترە ـــ وەهمێکی هاوشێوەی ئەوەیە کە بۆ چەندین سەدە وای لە خەڵک کرد بیر لەوە بکەنەوە زێڕ یان زیو پارەی ڕاستەقینەن. لە ڕاستییدا، ئەوەی وای لە خەڵکی کرد بیر لەو بکەنەوە کە زێڕ، بۆ نموونە، بەهای ڕاستەقینەی هەر دراوێکە ( ستاندارتەکەی زێڕ کە ڕیکاردۆ دایهێناوە)، ئەو ڕاستییە بوو کە هەموو کەسێک ـــ  وا دیارە ـــ ویستوویەتی خاوەنی زێڕ بێت. سکە خۆیشی «سکە»یەکە، چونکە شتێکە هەموو کەسێک دەیەوێت. لێ ئەوەی هیچ کەسێک لێی تێنەدەگەیشت ئەوە بوو کە هەمووان زێڕیان دەویست نەک لەبەر ئەوەی زێڕ بوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی… پارە بوو. زێڕ ئارەزووکراو بوو، چونکە کاتێک وەک دراو بەکاردەهێنرا، ئیدی هەموو کەسێک ئارەزووی دەکرد. ئەمە بازنەیەکی بەتاڵە. هەموو کەسێک ئارەزووی دراوێک دەکات ـــ کە ئەمڕۆ بەو فۆرمەی وا هەمیشە هەبووە لە پێشی ئێمەدا خۆی دەردەخات: لە فۆرمی ژمارەکاندا[37] ـــ چونکە دەتوانرێت بگۆڕدرێتەوە بە هەر ئوبێکتێکی ئارەزوو.

)دەڵێن، مەرج نییە هەموو کەسێک هەوڵ بۆ پارە یان بەدەستهێنانی شمەک بدات. هەمیشە مرۆڤدۆستانێک هەن، وەک فرانسیس ئاسیسیی و لیودڤیک ڤیتگێنشتاین، کە هەموو موڵک و ماڵی خۆیان بەخشیوە بە هەژاران. بەڵام بە پێدانی پارە بە هەژاران، ئەوان ئیسپاتیان کردووە کە هەژاران پارە، واتە شمەک، تەنانەت پێویسترین شتیان دەوێت. مرۆڤدۆستان ئارەزووی پارە بۆ کەسانی دیکە، بۆ خێروەرگر دەگوازنەوە، ئەوان پارە لە کۆمەڵگە ناسێنن. ئەوان پارە دەگوازنەوە، نەک ڕەتی بکەنەوە.)

بۆیە مارکس ڕاست بوو کاتێک دەیگوت: پارە کاڵایە. لێ دەبێت ئەوەش زیاد بکەین کە ئەمە کاڵایەکی زۆر تایبەتە، هەمیشە ئاڵوگۆر دەکرێت و هەرگیز بەکارناهێنرێت، هەر وەک ماسییە لەقوتوونراوەکانی جوولەکەکە. گەر بەکاربهێنرێت، چیتر کاڵا نابێت. بە ڕای زۆرێک لە مارکسیستەکان، هەموو کاڵایەک دواجار پارەیە. لێ ئێمە دەزانین ئەمە ڕاست نییە: کاڵاکان بەزۆری بەکاردەهێنرێن. جگە لەوەش، دژەسەرمایەدارەکان خۆیان کۆمەڵگەی سەرمایەداریی لەوەدا سەرزەنشت دەکەن کە بەرخۆر (بەکاربەر)ە. واتە سەرمایەداری نەک تەنیا ئەو کاڵایانە کەڵەکە دەکات کە دەکرێ بە نەفرۆشراو بمێننەوە، بەڵکوو بەو پێیەی ئوبێکت (شمەک)ـی ئاڵوگۆڕن، دەشیانفرۆشێت. ڕێک بەو شێوەیەی کە چۆن ئەو پەڕتووکانە دەفرۆشرێن وا لەسەر ڕەفەکان بە نەخوێنراو دەمێننەوە.

لە ڕاستییدا زۆرێک لە دژەسەرمایەدارەکانی ئەمڕۆ سەرکۆنەیەکی دژبەیەک دەردەبڕن: لە لایەکەوە، ڕایدەگەیەنن کە ئامانجی سەرمایەداری ڕووی لە بەهای بەکارهێنان نییە، بەڵکوو ڕووی لە بەهای ئاڵوگۆڕە، لە لایەکی دیکەوە، باس لەوە دەکەن کە سەرمایەداری، بەرخۆریی (بەکاربەرگەرایی)[38] دەئافرێنێت، واتە بەکارهێنانی هەموو جۆرەکانی شمەکەکان دەسەپێنێت. بە واتایەکی دیکە، سەرمایەداری دووجار بە دوو سیفەت کە گوایە ناکۆکن سەرکۆنە دەکرێت: لە لایەکەوە وەک سەوداکارییەکی پەتیی، بەڵام لە لایەکی دیکەوە وەک ماشێنێکی زیادەڕۆکار[39] بۆ بەرهەمهێنانی ئەو شتانەی کە ڕۆشنبیران بە بێکەڵک و بێواتا (پڕوپووچ)ـیان دەزانن.

زۆرێک لە ئەرگومێنتەکان ـــ کە پشت بە قوتابخانەی فرانکفۆرت[40] دەبەستن، بۆ دەیان ساڵ دووبارەکردنەوەی “tels quels” (ئەوەی هەیە) بوون ـــ داڕێژراون وەک سەرکۆنەی بەرخۆریی (بەکاربەرگەرایی)، «شمەکە ساختەکانی بەکاربردن»، «زڕە-ئارەزووەکان»، کە بەشێوەیەکی درووستکراو بەڕێگەی ڕیکلام و بازاڕەوە بانگدەکرێن، «ئارەزووە هاندراوەکان»، (پێویستییە ساختە» بەکاڵاکراوەکان، «داشکاندنی پێداویستییە واقعییەکان بەڕێگەی خستنەڕووی شتە فریودەرەکان» و هتد. سەرمایەداری، وەک لەم ئەرگومێنتانەوە دەردەکەوێت، ئەو ڕەزامەندیی (تێربوون)ـە ساختەیەمان بۆ دەخاتەڕوو کە لە ڕەزامەندیی ڕاستەقینە دوورمان دەخاتەوە. لێ ئەم ڕەزامەندییە ڕەسەنە لە گوتاری ڕەخنەیی[41]ـدا   هەمیشە بە نەگوتراو، داپۆشراو دەمێنێتەوە (ئەگەر ئەم ڕەزامەندییە ڕوون و ڕەوان بووایە، ئەوا ڕەنگە ڕیسکی ئەوە بکات بۆ خودی ئوبێکتێک کوورت بکرێتەوە… و تەنانەت بخرێتە بازاڕ و بفرۆشرێت).

من ئەم جۆرە قسانە کە سەرکۆنەی چێژە مادییەکان دەکەن، هەم بە ساویلکە و هەم بە دووڕوویان دەزانم. ساویلکەن، چونکە ئەوان وەک بەرخۆریی سەرکۆنەی بەدەستهێنانی ئەو شتانە دەکەن کە ئێمەی ڕۆشنبیران حەزمان لێیان نییە: ئەگەر من کۆبەرهەمی کارل مارکس یان سلاڤۆی ژیژەک بکڕم، ئەوا ئەمە کردەیەکی ڕەسەنە؛ ئەگەر، لە لایەکی دیکەوە، دراوسێکەم نوێترین ئەلبومی «ئەوەی ئێستا بە میوزیک ناوی دەبەن!» بکڕێت، ئەوا ئەمە بەرخۆریی (بەکاربەریی)ـە. بەرخۆریی نامۆ ـــ هەمیشە ئارەزوو و چێژەکانی کەسانی دیکەن، نەک ئەوانەی خۆم ـــ ئەمە سەرکۆنەیەکی ئیگۆسەنتەریی (خودسەنتەریی)ـە، تەنانەت دەڵێم چینایەتییە. لێ ئەم سەرکۆنەکردنانە، کە ئیدی بوونەتە شتێکی باو، دووڕووشن، چونکە بەزۆری ئەو کەسانە دەیڵێنەوە کە بێگومان سەروەت و سامانی خۆیان بەسەر هەژاراندا دابەش ناکەن، بەڵکوو خەمی بەکاربردنی ماسییە لەقوتوونراوەکانی خۆیانن نەک گەنیووەکان. بەرخۆرییەکی باش لە بەرخۆرییەکی خراپ کەمتر بەرخۆریی نییە. ڕەخنەی پۆستمۆدێرنانە، تەنانەت ئەگەر ئامانجەکەی ماتێریالیستییش بێت، لە ڕاستییدا نەریتی ساڤۆنارۆلیسکی نەفرەتی ڕۆحیی لە دژی شتە پڕوپووچەکانی سەردەمەکەمان بە میرات دەگرێت. بۆ ئەخلاقخوازانی ئایینیی، بەکاربردنی شتە پڕوپووچەکان سەریکێشاوە بۆ دۆزەخ؛ بۆ ئەخلاقخوازانی هیگڵی-مارکسیی ئەمڕۆ، بەکاربردنی شتە پڕوپووچەکان دۆزەخی ئەو کۆمەڵگەیەی درووست کردووە کە تێیدا دەژین.

ئەوەی کە خواست بۆ کاڵایەک بازاڕێک لە دەوری خۆی دەئافرێنێت، چەندین جار دیرۆک سەلماندوویەتی. کاتێک دەوڵەت هەندێک کاڵا یان خزمەتگوزاری لە بازاڕدا قەدەغەدەکات ـــ بۆ نموونە، مادە هۆشبەرەکان، مەی، لەباربردن، قومار، چەک، لەشفرۆشی… ـــ یەکسەر لە لایەکی دیکەوە بازاڕێکی ڕەش درووست دەکات، واتە بازاڕێکی نایاسایی بۆ ئەم کاڵا و خزمەتگوزارییانە کە تەنانەت ئەگەر قەدەغەش بکرێن، وەک ئارەزووکراو دەمێننەوە. هەوڵەکانی هەندێک دەوڵەتی مۆدێرن و فەزیلەتدار بۆ بەتاوانناساندنی لەشفرۆشی، بۆ نموونە، تەنیا سەردەکێشێت بۆ درووستکردنی بازاڕێکی ڕەش، بازاڕێکی نایاسایی سێکسی بەپارە.

٣. پارە: قووماربازی و ڕیسک (سەرکێشی)

لێ با بگەڕێینەوە بۆ ئەو تیۆرییە ئاڵۆزترەی وا گریمانەی ئەوە دەکات سەرمایەداری لەسەر باوەڕ دامەزراوە. Creditum، کرێدیت، وەک دەزانین لە «credere» (باوەڕکردن)ـی لاتینییەوە وەرگیراوە. کەواتە: ئابووری سەرمایەداریی لەسەر کردەی باوەڕ بەندە.

جۆزێف شومپێتێر ڕایگەیاند، کە پارە کرێدیت (قەرز)ـە. ئەمە بە ڕاستی وایە. ئەگەر من بەرانبەر سی هێلکە پارەیەکی کاغەز، با بڵێین، ۲۰ یۆرۆ بدەم، ئەوا من قەرزەکەی خۆم دەگەڕێنمەوە، چونکە ئەو کەسەی ئێستا پارە کاغەزەکەی هەیە، چیتر قەرزەکەی پەیوەندیی بە منەوە نییە کە هێلکەکەم بردووە، بەڵکوو پەیوەندیی بە بانکی ناوەندیی ئەورووپاوە هەیە کە پارەی کاغەز چاپ دەکات. ماوەیەک لەمەوبەر ئەم چەند وشەیەی خوارەوە لەسەر دراوە جۆراوجۆرەکانی کاغەز (لەوانەش لیرەی ئیتالیی) هەبوو: «لەسەر خواستی کەسی بەرانبەر دەدرێت». بەڵام  لە بەرانبەر چ شتێکدا بدرێت؟

بۆچی بە بیری هیچ کەسێکدا نایەت بچێت بۆ لای کریستین لاگارد لە فرانکفۆرت و پارەی کاغەز لە بانک بە یۆرۆ وەربگرێت؟ چونکە بانکی ناوەندیی ئەورووپا (ECB) تەنیا دەتوانێت پارەی کاغەزم بە دراوێکی دیکە پێ بدات. ئەو پارە کاغەزانەی یۆرۆ کە لە دەستمدان، هاوتای ژمارەیی تەواوی پۆتێنشێڵی ئاڵوگۆڕی هەموو ئەو وڵاتانەن کە دراوەکەیان یۆرۆیە. ئەگەر من ۲۰ یۆرۆم لە گیرفاندا بێت، ئەوا بە کردەنیی، من بەشێکی هێزی ئاڵوگۆڕی وڵاتانی ئەورووپام لایە، بەشێک کە تەنانەت دەتوانم بیژمێرم (ئەگەر بڕی تەواوی پارەی سووڕانەوە بزانم). بەهای بنەڕەتیی دراوێک بریتی نییە لە زێڕ یان هەر کانزایەکی دیکە، تەنانەت کاری نەتەوەیەکیش نییە، بەڵکوو توانا و هێزە بۆ ئاڵوگۆڕکردن. ئەوە ڕاستە کە دراو کرێدیتە (دڵنیاییە)، لێ کرێدیتێک نییە بەرانبەر کەسێک یان دامەزراوەیەک: کرێدیتێکە، متمانەیەکە کە هەموو کەسێک هەیەتی بە توانای ئابووریی ئەو وڵاتانەی وا ئەم دراوە چاپ دەکەن، بە توانای  ئاڵوگۆڕی ئەم وڵاتانە. هەر وەک گوتم، کەسێک دەوڵەمەندە ئەگەر توانایەکی گەورەی ئاڵوگۆڕی هەبێت، کەسێکیش هەژارە ئەگەر توانا و هەلێکی لاوازی ئاڵوگۆڕی هەبێت. ئەگەر خێڵێک لە خۆژێنییەکی تەواوەتییدا بێت، تەنێ ئەوە بەکاربەرێت کە بەرهەمیدەهێنێت، و هەموو ئەو شتانە بەرهەمبهێنێت کە بۆی پێویستە و هەرگیز ئاڵوگۆڕ لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا نەکات (وەک ئەوەی لیکورگوس خەیاڵی کردووە بۆ سپارتە)، ڕەنگە ئەم خێڵە بتوانێت بەختەوەر بێت، بەڵام لە ڕووی ئابوورییەوە بوونی نابێت. ئابووری هەمیشە لە کەمیی و ئارەزووی شتێکی دیکەوە دەستپێدەکات. بە کورتی، هەمووی لەسەر ناڕازیبوونێکی هەمیشەیی وەستاوە.

کەواتە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ـــ من ئەو زاراوە یۆنانییانە بەکاردەهێنم کە فەیلەسووفان زۆر حەزیان لێ دەکەن ـــ هێندە لەسەر (δύναμις) (dynamis) داینامیک ـــ توانا و هێزێکی کاریگەر دامەزراوە، ئەوەندە لەسەر (πίστις) (pistis) ـــ باوەڕ یان متمانە (بە بەراورد بە باوەڕی ئایینیی) دانەمەزراوە. لەسەر هێزی وڵاتەکە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵاکان لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەندە. لێ ئەم داینامیکە (δύναμις) تەنێ پرسی باوەڕ نییە، بەڵکوو پێویستییەکە لە چوارچێوەی (ἐνέργεια) ئەنێرژی[42]: ئاڵوگۆڕدا. کەواتە، مرۆڤ ئاڵوگۆڕ دەکات لەبەر ئەوەی هەمیشە ئەو شتەی کەمە کە ئارەزووی دەکات.

بۆیە هەڵەیە گەر بێژین، پارە کرێدیتێکە (متمانەیەکە) کە تەنێ لەسەر خۆی دامەزراوە: پارە تەنێ لەسەر هێز یان توانایەکی کاریگەر بۆ ئاڵوگۆڕ دامەزراوە. بێگومان، ئاڵوگۆڕ شتێکی لەمسکراو نییە، بەڵکوو کردەیەکی لەو شێوەیەیە کە گەرەکە بەردەوام خۆی تازە بکاتەوە. بۆیە گەر بە زمانە ئەریستۆییەکە گوزارشت بکەین، دەبێژین: پارە قوومار لەسەر ئەو داینامیکە دەکات کە بڕی پێویستی ئاڵوگۆڕەکان یان ئەنێرژی (energeia) مسۆگەر دەکات.

بە کورتی، دراو لەسەر قوومار و ڕیسک (سەرکێشی) ڕەگی داکوتاوە. ئەگەر بە یۆرۆ پارەم پێ بدرێت، قوومار لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەم کە داینامیک (dynamis)ـی ئاڵوگۆڕی وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ خۆی لە ئەنێرژی (energeia)ـی ئاڵوگۆڕەکاندا دەردەخات. پاشان ڕیسکردن واتای ئەوە نییە کەسێک باوەڕی هەبێت: لە ڕاستیدا، دەتوانم بێژم، کەسێک فیتاوفیت ئەو کاتە باوەڕی هەیە کە چیتر نایەوێت ڕیسک بکات (کاتێک پاسکال هەوڵیدا ئەوە نیشان بدات کە باوەڕکردن بە خودا گونجاوترە لە باوەڕنەکردن، باوەڕی وەک کەمترین ڕیسک پێشنیار کرد)[43]. من دەتوانم بێژم، ئابووری ئەو کاتە دەست پێدەکات کە گومان خۆی دەخزێنێتە شوێنی باوەڕەوە: «خودا یارمەتی ئەو کەسانە دەدات کە یارمەتی خۆیان دەدەن!». من کاتێک کەسێکی دیکە ناچاردەکەم  پارەم پێ بدات، ڕێک لەبەر ئەوەیە باوەڕی پێ ناکەم.

لێرەوە تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و ئاماری بازرگانیی بە شێوەی مانگانە بڵاودەکرێتەوە: ئەگەر وڵاتانی ناوچەی یۆرۆ کەمتر بازرگانی بکەن، ئەوا بەهای یۆرۆ دادەبەزێت[44]. ئەوکاتە ڕەنگە خەڵک یۆرۆ بە دۆلار بگۆڕنەوە. ڕاستییەکەی، دەشێت دراوێک ناوزڕاو ببێت، قەرز لەدەستبدات تا دەبێتە کاغەزێکی بەفیڕۆدراو. هەڵاوسان[45] هیچ نییە جگە لە پەرەسەندنی ناوزڕاندنی دراوێک: ئەنێرژی (ἐνέργεια) بەڵێنەکانی داینامیک (δύναμις) پشتڕاست ناکاتەوە. بانکی ناوەندیی کە پارەی هەڵاوساو چاپ دەکات، ناوزڕاوە، چونکە هێزی ئاڵوگۆڕی ئەم وڵاتە لاواز بووە.

ئەگە من بخوازم هاوشێوەیەکی سەرمایەداری، واتە بازاڕ بدۆزمەوە، ئەوا لە سوودخۆرییدا بۆی دەگەڕێم. زۆرجار سوودخۆرەکان خۆیان بە خێرخواز ناودەبەن؛ پێدەچێت هیچ هەست بە پەشیمانییەکی ویژدانیی نەکەن، چونکە ئەوەندە بوێرن بۆ ئەوەی قەرز بەو کەسانە بدەن کە هیچ کەسێک ـــ  تەنانەت بانکیش ـــ نایدات. بەڵام ڕێک هەر لەبەر ئەوەی سوودخۆرەکان متمانەیان بە مشتەرییەکانی خۆیان نییە، بۆیە بەرزترین ڕێژەی سوود دەسەپێنن. وڵاتێک بە دراوێکی هەڵاوساوەوە، لە ڕاستییدا وڵاتێکی متمانەپێکراو نییە. ئەگەر شتێک بەم وڵاتە بفرۆشین، ئێمە بە کردەنیی وەک سوودخۆرێک مامەڵە دەکەین: داوای بڕە پارەیەکی زۆریان لێ دەکەین.

بۆیە پارە لەسەر بنەمای باوەڕی ئایینیی دانەمەزراوە، بەڵکوو قووماربازییە. کاتێک من پارەیەکی کاغەز وەردەگرم، قوومار لەسەر ئەوە دەکەم کە دواتر بازرگانێکی دیکەش وەریدەگرێت، ئەمەش شتێک نییە کە بتوانم بە ئاسایی قبووڵی بکەم. کاتێک ئێوە دەچنە هەندێک لەو وڵاتانەی ئابوورییان تێکچووە (داڕماوە)، کەم کەس هەیە دراوی ناوخۆیی وەربگرێت: زۆرینە داوادەکەن ئێوە بە دراوی ڕەق[46] پارە بدەن. قبووڵکردنی پارە هەر وەک گرەوکردنە لەسەر ئەسپێک لە پێشبڕکێیەکدا.

هەر وەک پێشتر باسمان کرد، لە ئابووریدا وەک خۆی چێژوەرگرتن لە شمەکەکان گرنگ نییە، هەرچەندە [ئەم چێژە] هەمیشە لە پشتەوەی ئەم فینۆمینۆلۆژیای ئاڵوگۆڕەدا خۆی دەشارێتەوە. ئابووری، تەنانەت ئابووری سەرمایەدارییش، وایدادەنێت کە بوونەوەرە ئارەزوومەندەکان هەن، لێ ئەو پرسیارە ناکات کە بۆچی ئەم بوونەوەرانە ئارەزووی شتێک دەکەن نەک شتێکی دیکە. ئابووریناسان دەبێژن کە ئەوان گرنگی بە هۆکارەکانی حەزەکانی خەڵک نادەن، بەڵکوو دەرکەوتنی حەزەکانیان بۆ گرنگە، واتە ئەو حەزانەی واقعیی بوونەتەوە. ئابووری پرسیار دەربارەی هۆکارەکانی ئەم حەزانە ناکات ـــ بۆچی خەڵکێکی زۆر حەزدەکەن کۆکاین بکڕن نەک پەڕتووک یان لە کەناری دەریادا پشوو بدەن…؟ ـــ ئابووری حەزە دەربڕاوەکان لەبەرچاو دەگرێت و حیسابیان بۆ دەکات، واتە ئەو ئاڵوگۆڕەی کە کردەکیی بووەتەوە. ئاڵوگۆڕ کردەیەکە[47] نەک باوەڕێک، ئەم ئاڵوگۆڕە کەم تا زۆر ئاڵوگۆڕێکی ڕیسککەرە [و سەرکێشە].

ڕاستە هەموو کەسێک پارەی پێ پەسەندتر و باشتر نییە لە هەر جۆرێکی دیکەی پاداشت. بۆ نموونە، لە باشووری ئیتالیا هەتا ئەمڕۆش کاتێک پارە پێشکەش بە ناسیارێکت دەکەیت لە بەرانبەر ئەو کارەی کە بۆتی کردووە، ئەمەی دووەمیان هەندێک جار توڕە دەبێت یان وا خۆی نیشان دەدات کە ڕەنجاوە. چونکە لە جڤاکی باشووری ئیتالیادا پەیوەندییە دۆستایەتییەکان تەنانەت لە پارەش گرنگترن. تۆ بەخۆڕایی یارمەتی خەڵک دەدەیت ـــ بەو هیوایەی ئەگەر پێویست بوو دەتوانیت لە بەرانبەردا داوای خزمەتێک (چاکەیەک) بکەیت. ئەگەر من پارە بە کەسێک بدەم لە بەرانبەر خزمەتێکدا، ئەوا چیتر من قەرزاری وی نابم و پەیوەندییە هاوبەشەکەمان کۆتایی دێت. لەو کۆمەڵگایانەی کە خزمەتەکان واتایەکی زۆریان هەیە، گرنگە کە پەیوەندییەکان هەمیشە بە کراوەیی و خاکەڕایی بمێننەوە، بۆ ئەوەی ئەگەری داواکردنی خزمەتێک لە کەسێکی دیکە بە پارەدانێک هەڵنەوەشێتەوە. هەبوونی دۆست گرنگییەکەی  کەمتر نییە لە  پارە.

بۆیە ئاڵوگۆڕی بازرگانی تاکە فۆرمی ئاڵوگۆڕ نییە لە کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی ئەگەر ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕووی سەرمایەدارییەوە لاواز بێت. لێڤی-ستراوس باسی ئەوەی دەکرد کە ئاڵوگۆڕی دیاری، وشە و ژنان لە بنەڕەتی هەر کۆمەڵگەیەکدا نووستووە. نەک ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، بەڵکوو ئاڵوگۆڕ لە هەر حاڵەتێکدا.

٤. ئاڵوگۆڕ و بەخشندەیی

هەندێک کەس ئەم ئارەزووە بنەڕەتییە کە لە ناوەڕۆکی ئابووریدایە (بەڵام کام پێکەوەنان [دامەزراوە]ی مرۆیی لە ناوەڕۆکی خۆیدا ئارەزووی نییە؟) بە ویست بۆ دەسەڵاتەوە دەبەستنەوە. ئەمە شتێکە پێشتر هۆبز وتوویەتی (١٦٥١): «من لە پلەی یەکەمدا ئارەزووییەکی هەمیشەیی و بەردەوام [بێئۆقرە] بۆ دەسەڵاتی زیاتر و زیاتر، ئارەزوویەک کە تەنێ لەگەڵ مردندا کۆتایی دێت، وەک مەیلێکی گشتیی هەموو ڕەگەزی مرۆیی دادەنێم»[48]. لە ڕاستییدا، کەڵەکەکردنی پارە کەڵەکەکردنی دەسەڵاتە بۆ ئاڵوگۆڕکردن. و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش سەرمایەداری ڕقی لە چاوچنۆکییە. چاوچنۆک کەسێکە کاڵاکان کەڵەکە دەکات و ئاڵوگۆڕیان ناکات، بەم شێوەیە هەموو وڵات هەژار دەکات. سەرمایەداری بەفێڕۆدەدات، لێ کوڕی بەفیڕۆدەر هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ لای باوکی خۆی[49].

ئەم هێزەی ئارەزوو، بە پێچەوانەی چێژەوە، باڵی کێشاوە بەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی جیهانگیریی هاوچەرخ، کە لە زۆر ڕووەوە دەتوانرێت بە واقیعیبوونەوەی میتۆدیی، موولوولەیی و هەمەلایەنەی کولتووری ئارەزوو وەسف بکرێت. بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ، ئەو فەلسەفە یان تیۆرییانەی کە دژایەتی کۆمەڵگەی بازاڕیی ئەمڕۆ دەکەن، زۆر جار بانگەوازی بۆ ئارەزوو دەکەن وەک جێگرەوەکەی (ئەڵتەرناتیڤ)! دۆلۆز و گواتاری درووشمی «ئارەزوو لە ناوەڕۆکی خۆیدا شۆڕشگێڕانەیە»[50]یان داڕشت. شۆڕشگێڕانەیە، بەڵام بە واتای شۆڕشی سەرمایەدارانە… تەواوی سەرمایەداری لەسەر بەرەڵاکردنی ئارەزووی بێسنوور بەندە. بەکورتی، زۆرێک لەو فەیلەسووفانەی دەیانەوێت بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ دژایەتی جیهانی سەرمایەداری بکەن، جگە لە شکۆدارکردنی ئەوەی لە بنەڕەتی خودی سەرمایەداریدا نووستوە، هیچی دیکە ناکەن. ئەوان وا بیردەکەنەوە، کە بە ڕادیکاڵکردنی ئەو نیهیڵیزم (هیچگەرایی)ـەی وا ماهیەتی بازاڕە، دژەسەرمایەدارن.

 لە ڕاستییدا، جووتهەستەکیی ڕەوتە ڕەخنەییە نیومارکسیستیی یان پۆستمۆدێرنییەکان (کە بە زۆری نائاگاییانەیە) لە پەیوەندییدا بە سەرمایەدارییەوە باڵکێشە. سەرمایەداری بەهۆی کارەکتەرە ئانارشیی و هیچگەراییەکەیەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت، بەو پێیەی سەرمایەداری هەر بەهایەکی باڵا[51] پووچەڵدەکاتەوە، هەموو شتێک ئاڵوگۆڕە، «هەموو شتێک نرخی هەیە، و هیچ شتێک بەهای نییە» (وەک ڕستە گاڵتەجاڕییە باوەکەی ئۆسکار وایڵد دەربارەی ئەوەی کە سینیک (سەگباوەڕ) ــ «کەسێکە نرخی هەموو شتێک و بەهای هیچ شتێک دەزانێت»)[52]. ئیدی وا هاتووە کە ئەم بیرکردنەوە دژەسەرمایەدارییە زۆرجار خۆی بە ئانارشیی و هیچگەرایی ڕادەگەیەنێت. کۆمەڵگەی بازاڕ هیچ بنەمایەکی دیاریکراو و جێگیر بۆ ئەو بەهایە دانانێت کە تەنێ پەیوەستە بە ڕێژەکانی [نرخ]ـی ئاڵوگۆڕەوە[53]؛ بەڵام ئەم فەلسەفە دژەسەرمایەدارییە بە هەمان شێوە هەر بنەمایەک بۆ بەها بە واتا فەلسەفییە فراوانەکەی ڕەتدەکاتەوە. ئەم فەیلەسووفانە دەخوازن لە کرۆکی سەرمایەداریدا باوەڕێکی بێبنەما بدۆزنەوە، چونکە ڕەخنە لە هەر باوەڕێک دەکەن و بە بێبنەمای دەزانن: لێ ڕاستییەکەی ئەوان تەنێ بێبنەمایی سەرمایەداری دەدۆزنەوە، و بەم شێوەیەش ئەو ئاستە دەشارنەوە کە تێیدا بیرکردنەوەیان، بەبێ ئەوەی خۆیان بزانن، میرات و سپێکولوم (speculum)ـی سەرمایەدارییە.

ئەوان پچڕانی نێوان سەرمایەداری و تیۆلۆژیا نابینن، چونکە دەیانەوێت ئەم پچڕانە بە تیۆلۆژیاوە بخەنە دیوی دژەسەرمادارییەکەی خۆیانەوە، لێ هاوکات هەست بە هاودەنگییە بنەڕەتییەکەی خۆیان ناکەن لەگەڵ ئەو شتەی کە بە کۆمەڵگەی نیولیبراڵی سەردەم ناوی دەبەن. کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە ئەم فەیلەسووفانە تێیدا دەژین، وەک ئەوە وایە ئاوێنەی وان بێت: نیهیڵیزمی خۆیان وەک ئەنجام دەبینن، بەڵام نایانەوێت دان بەمەدا بنێن. یان باشتر بێژین، ئەوان ئەمە دەزانن، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا نکۆڵی دەکەن. ئێمە گوتمان کە سەوداکار لە چاوی ئەواندا وەک ئاوێنەی خودی سەرمایەداری دەردەکەوێت؛ لێ ڕاستییەکەی سەوداکار وەک ئاوێنەی خودی فەیلەسووفە سەوداکارەکانە. ئێمە گوتمان کە سەوداکاران کاڵاکان بەرهەمناهێنن و چێژیان لێ وەرناگرن، بەڵکوو تەنێ سوود لە جیاوازی نرخەکان وەردەگرن. سەوداکاران جیاوازیخوازن، هەر وەک چۆن ئەم فەیلەسووفانە بانگەشەی دەکەن: ئەوان قازانج لە جیاوازییەک دەکەن کە بنەڕەتێکی نییە. بە هەمان شێوەش خەمڵاندنی تیۆریی ئەم فەیلەسووفانە سەوداکارییە بە واتای دارایی زاراوەکە، چونکە گەمە بە جیاوازی نێوان نیهیڵیزمی سەرمایەداری و نیهیڵیزمەکەی خۆیان دەکەن: ئەوان قازانج لە ئانارشیی سەرمایەداریی دەکەن و خۆیان دەکەن بە وێنەی ئاوێنەکەی، و تەواوی جیاوازییەکەش لە نێوان شتێک و ئاوێنەکەیدایە. هەموو ئەم فەلسەفانە وێنەی ئاوێنەیی ئەم جیهانەی ئەمڕۆن، خۆی ناشیانەوێت وێنە ئاوێنەییەکەی بن، بەڵکوو دەیانەوێت لە تەمومژ دایبماڵ[54].

ئەوان سەرکۆنەی پێشمەرجە ئایینییەکانی سەرمایەداری دەکەن (لە کاتێکدا زۆر جار بانگەوازی بۆ ئەو بیرکردنەوە ئایینییە دەکەن کە زۆر ڕێزی لێ دەگرن) و دەبێژن کە لە خودی ئاییندا ئیدی شتێکی نیهیڵیستیی و ئانارشیی هەیە. بەم شێوەیە، ئەم فەیلەسووفانە پێیانوایە لە دوو بەرەدا سەرکەوتوو دەبن: لە لایەکەوە، سەرمایەداری لە تەمومژ (ئەفسانە) دادەماڵن کاتێک دەیکەن بە دیاردەیەکی لاساییکردنەوەی باوەڕی ئایینیی، لە لایەکی دیکەشەوە، ئایین لە تەمومژ (ئەفسانە) دادەماڵن کاتێک تێیدا بناغەی ئەو نیهیڵیزمە دەبینن کە سەرمایەداری لە ژیاندا بەرجەستەی دەکات. بە کورتی، بۆ وان سەرمایەداری ـــ حەقیقەتە، دەرخستنی ئایینە. ئایین و سەرمایەداری یەکتری لە تەمومژ دادەماڵن، لێ ڕاستییەکەی ئەم پەیوەندییە دوولایەنە هەردووکیان بڵند دەکاتەوە: بە ڕوونکردنەوەی ئایین وەک سەرمایەداری سەرەتایی، ئەوان ناوەڕۆکێک بە ئایینەکە دەدەن کە دەکەوێتە دەرەوەی سنووری خۆنمایشی [ساختە]ـی ترانسێندێنتاڵەوە، و بە ڕوونکردنەوەی سەرمایەداری وەک ئایینێکی پاکژکراو، ئەوان ترانسێندێنتاڵێتییەک بە سەرمایەداری دەدەن کە لە ئەنجامدا پلە و پایەی بەرز دەکاتەوە. سەرمایەداری، بە پلەی یەکەم، بریتییە لە وێنەیەکی ئاوێنەیی، ـــ بەڵام ئاوەژووکراوی نیهیڵیزم و ترانسێندێنتاڵیزمی ئەم فەلسەفانە، کە بۆ خۆیان لە هەر شتێکی دیکە زیاتر سەرمایەدارانە و ئاییندارانەن.

ئێمە دەتوانین خۆمان لەم گوتارە سەوداکارییە (خەمڵاندنە تیۆرییە) پەتییە (بە هەردوو واتاکەی زاراوەکە) دووربگرین، ئەگەر لەبری ئەمە جەخت لەسەر جیاوازیی نێوان باوەڕی ئایینیی و کرێدیتی ئابووریی بکەین. لێرەدا شوێنێکمان نییە بۆ قووڵبوونەوە لە فەلسەفەی ئایین، کە بابەتێکی زۆر پانوپۆڕە، هەروەها لەبەر ئەوەش کە ئایینەکان ئەوەندە جۆراوجۆرن، کە ئەو وەسوەسەمان بۆ درووست دەبێت هەندێک (وەک بودیزم، تاویزم، کۆنفوشیوسیزم) لە خێزانی ئایینەکان بەدەر بکەین.

لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەستێکی ئاسمانیی لەسەر شتێک بەندە کە پێچەوانەی ئاڵوگۆڕە: ئەویش بەخشندەیی (charis)ـە. وشەی «charis»ـی یۆنانیی لە ڕیشەوە واتای ڕەزامەندیی ژنێکە بۆ جووتبوونی سێکسیی ـــ ڕەزامەندییەک بەبێ قازانج. سۆزانی چۆنە بۆ هاوسەر (ژن)ـێکی باوەڕپێکراو، سەرمایەدارییش ئاوایە بۆ باوەڕی ئایینیی. هەموو ئایینەکانی نزیک لە ئێمە لەسەر ئەو گریمانە بنکیان داکوتاوە کە خودا شتێکمان پێدەدات، بەخشندەیی و خۆڕایی [بێبەرانبەر]ـە. پەیوەندیی لەگەڵ هێزی خوایانەدا هەرگیز ناتوانێت پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕ بێت؛ و ئەگەر هاتوو دەستبکات بە شتێکی لەو جۆرە، ئیدی ڕۆحە ئایینییەکان ئامادەن بەرهەڵستی بنوێنن. بەم شێوەیە لۆسەر لە دژی بازاڕی لێخۆشبوون [لە گوناهـ][55] بەرهەڵستی کرد: هیچ کەسێک بیر لەوە ناکاتەوە، خودا شتێک لە بەرانبەر پارەدا ببەخشێت! تەنانەت لە بەرانبەر کرداری چاکیشدا. کرداری چاک دراوێک نییە کە بتوانرێت ڕزگاربوونی پێ بکڕدرێت ـــ ئەمەیە کرۆکی دژەسەرمایەداری پرۆتستانتیزم[56]. کاتێک جێبەجێکارێک پارەی پێدەدرێت، وەک باوە، ئەو ناڵێت سوپاس، ڕێک لەبەر ئەوەی وا دادەنرێت ئەمە ئاڵوگۆڕێکی دادپەروەرانەیە. لە لایەکی دیکەوە، کاتێک ئێمە سوپاسی کەسێک دەکەین، لەبەر ئەوەیە ئێمە هیچ نادەین لە بەرانبەر ئەو کردەوەی کە بە هۆیەوە سوپاسی دەکەین.

خوایەتی بەو شێوەیەیە، چونکە شتێکمان پێدەبەخشێت بەبێ ئەوەی لە بەرانبەردا داوای هیچ شتێکمان لێ بکات ـــ ئەمەش لە «caritas»[57] هاتووە کە واتای خۆشەویستی دەدات. کاتێک باوەڕدارێک داوای ڕەحمەتێک، پەرجوویەک لە خودا دەکات، ئەو داوای شتێک دەکات کە خودا دەتوانێت تەنێ بەبێ بەرانبەر بیبەخشێت. بەخشینی نەزر لەپێناو ئەو ڕەحمەتانەی وەرگیراون پارەدان نییە لەبری خزمەتێک، بەڵکوو نیشانەی سوپاسگوزارییە. بەخشندەیی، بەخشندەیی ژنانە، بەخشینی ڕەحمەت، سوپاسگوزاریی، بەخشین (خۆڕایی)، خێرخوازیی… هەموو ئەمانە کۆمەڵێک چەمکی پەیوەندیدارن کە نوێنەرایەتی دیوە پێچەوانەکەی ئاڵوگۆڕ دەکەن. بۆیە هەستی ئایینیی فیتاوفیت گوزارشت لە دوورکەوتنەوە لە لۆژیکی بازاڕ، واتە ئاڵوگۆڕ دەکات. ئەمە پاڵنەرێکی خێرخوازیی پێویستە، بەخشینێکە بەبێ بەرانبەر. لەم واتایەدا بانگەشەی سۆسیالیستیی، کە خەون بە کۆمەڵگەیەکی خۆڕایی و بەخشندەوە دەبینێت، کە چیدی بە پرەنسیپی quid pro quo (شتێک لەبری شتێک) بەڕێوەنەچێت، واتایەکی ئایینیی هەیە.

ئەمڕۆ تەنانەت هەبوونی منداڵیش بەخشندەییەکی پەتییە، چونکە منداڵان تەنیا خەرجی دەهێنن و بە نزیکەیی هەرگیز داهات ناهێنن. هەبوونی منداڵ لەمڕۆدا بەفیڕۆدانێکی پەتییە. تۆ ناتوانیت ناچاریان بکەیت لە کێڵگەیەکدا کار بکەن یان وەک خزمەتکاری ماڵەوە بەکاریانبهێنیت، وەک ئەوەی لە ڕۆژگاری پێشوودا دەکرا. جێی سەرنجە کە تیۆرییەکانی سەرمایەی مرۆیی[58] لە ناوەڕۆکەوە لەسەر ئەو شتە ڕۆنراون وا دایک و باوکان بە منداڵەکانیان دەبەخشن لە بەرانبەر… ڕەزامەندیی (تێربوون)ـی هەمان ئەم منداڵانە. بوونەوەری مرۆیی خۆی لە خۆیدا کەم تا زۆر سەرمایەکی باڵایە، بەڵام کاتێک لە کردەیەکی بێبەرانبەری خەرجکردنەوە (dépense) دەست پێدەکات. ئەم سەرمایەیە کاریگەریی بەخشندەیی و خۆڕایی (بەلاش)ـی ئەو فۆرمەی بەفیڕۆدانە کە بە خۆشەویستی ناودەبرێت.

٥. وەهمی سەرمایەداری وەک وەهمێک

کەڵکەڵەی گۆڕینی سەرمایەداری بۆ فۆرمێکی باوەڕی ئایینیی، هەرچەندە فۆرمێکی نزم (فێتیشیستی)ـیش بێت، واتای ئەو گریمانەیە دەدات کە ئایین وەهمێکە. هەرچی باوەڕی ئایینییە، وەهمییە. مرۆڤ بە گۆڕینی سەرمایەداری و پارە بۆ دەرکەوتەیەک  (لەشگیرییەک)ـی باوەڕی ئایینیی، لە بنەڕەتەوە دەڵێت، سەرمایەداری لەسەر بنەمای وەهمێک دامەزراوە. دەستکەوتە مادییە زەبەلاحەکانی سەرمایەداری، کە نەزمی بایۆلۆژیی هەسارەکەمان (بە واتایەکی زۆر نەرێنیی) دەگۆڕن، بە هەمان شێوە دەرئەنجامی وەهمێکن. ئەمە جیاواز نییە لەو ڕاستییەی کە شەڕە ئایینییەکان، جەنگی خاچپەرستەکان، چەوساندنەوەی جیاباوەڕداران و ڕاوکردنی جادووگەرەکان بەرئەنجامی ڕاستەقینە و تراژیدیی وەهمی ئایینیی بوون.

من بڕوام بەوە نییە کە  لە باوەڕی ئایینییدا تەنیا وەهم هەبێت. لێ ئەمە ئەو پرسە نییە کە من دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم.

لێرەوە ئەو بیڕۆکەیە سەرهەڵدەدات کە بۆ ڕزگارکردنی خۆمان لە سەرمایەداری ئەوەندە بەسە خۆمان لە وەهمێک ڕزگاربکەین، ئەمەش لە ڕووی تیۆرییەوە تا ڕادەیەکی زۆر ئاسانە. ئەمڕۆکە زۆر ئاسانە (لە ڕابردوودا وا نەبوو) کەسێک خۆی لە باوەڕێکی ئایینیی ڕزگاربکات: بەتەواویی باوەڕی بە ئایین نەمێنێت، واز لە چوونە کڵێسا، کەنیسە یان مزگەوت بهێنێت… ئەگەر باوەڕنەمان بە سەرمایەداری ئەوەندە ئاسان بووایە، ئەوا سۆسیالیزم لەبەر دەرگادا دەبوو! لێ ئەم ئاسانبوونە سەردەکێشێت بۆ شتی تەمومژاویی. ئەمە دوایین هۆکار نییە، چونکە سەرمایەداری ئاوسانێکی زیادەڕەوانەی ئەو کۆمەڵگەیانەی بازاڕە وا هەمیشە هەبوون و دراویش، وەک  ئاماژەمان پێ کرد، ڕیشەی خۆی لەناو قووڵایی چاخەکاندا داکوتاوە. گەر پێمانوابێت هەرکات باوەڕمان بە سەرمایەداری نەما ئیتر لێی ڕزگاردەبین، وەک ئەوە وایە پێمانوابێت هەرکە باوەڕمان بە ئامرازەکانی گواستنەوە نەما (لە ئەسپەوە تا فڕۆکە) ئەوا دەتوانین لێیان ڕزگاربین… بێگومان، لە ڕووی تیۆرییەوە ڕزگاربوون لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکانمان زۆر ئاسانە: هەموومان گەرەکە لە یەک کاتدا فڕێیان بدەین. لە ڕووی تیۆرییەوە هەموومان دەتوانین بەبێ ئۆتۆمبێل بە باشی بژین. لێ هاوکات ئێمە دەزانین ئەمە هەر وا ئاسان نییە. بە کورتی، باوەڕ بەوەی سەرمایەداری لەسەر وەهمێک دامەزراوە، تووندگیرترین وڕێنەی بیرکردنەوەی مۆدێرنە.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە سەرمایەداری، پارە، بازاڕ بەرئەنجامی باوەڕەکەمان بە ئەوان نییە، بەڵکوو ئەوان لەسەر ئەو قوومارە دامەزراون کە ئێمە هەموومان لەسەر ناکۆتایی ئارەزووەکانی خۆمان و کەسانی دیکە دەیکەین. ئێمە دڵنیاین لە بەردەوامی ناڕازیبوون [تێرنەبوون]ـی کەسانی دیکە کە هەمیشە زۆر زیاتر بەرهەمدەهێنن. ئەوەی کە پارە وەهمێکە، بۆچوونێکی بەربڵاوە تەنانەت لەنێو خەڵکی ئاساییشدا. ئەمە نزیکە لە کڵێشەیەک. خەڵک بە متمانە بە خۆبوونەوە دەڵێن «پارچە کاغەزێکی چاپکراو دەتوانێت نرخی چی بێت؟»، و پێیانوایە بەمە قووڵبوونەتەوە، لە کاتێکدا ئاماژەدان بەوەی کە پارە تەنێ کاغەزێکی بەفیڕۆدراوە، هەر بۆ خۆی یەکێکە لە بەربڵاوترین گەمژەییەکانی عەقڵی باو[59]. لە ڕاستییدا، وەک هەموومان دەزانین، پارە یەکێکە لە واقعیترین شتەکانی جیهان. تاقیبکەنەوە بەبێ پارە بژین، ئەوجا تێدەگەن کە چەندە واقعییە! تا پارەی کەمترت هەبێت، زیاتر دەبێتە واقعیی. تەنێ دەوڵەمەندە چەپەڵەکان دەتوانن خۆیان فریوبدەن و وا بیربکەنەوە کە پارە وەهمێکە. کەواتە بۆچی ئەم هەموو کۆڵنەدانە، تەنانەت فەلسەفییەکەیشی، لە نکۆڵیکردن لە واقعی پارە، لە گۆڕینی بۆ وەهم؟ و mutatis mutandis [گۆڕینی هەموو ئەوەی پێویستە بگۆڕێت]، لە گۆڕینی خودی سەرمایەداری بۆ بەرئەنجامی کاریگەریی وەهمێکی بڕواگەریی؟

من پێموایە لە بنەڕەتی ئەم لەتەمومژداماڵینەی پارەدا ـــ کە لە ڕوانگەی منەوە یەکێکە لە مەزنترین لەتەمومژداماڵینەکان ـــ فەلسەفەیەکی نەگوتراو نووستوە و لەناو پێچ و لۆچەکانی گوتاری هاوچەرخدا شاراوەیە، و ئێمە مەیلی ئەوەمان هەیە بیگەڕێنینەوە بۆ ڕۆسۆ. ئەمە ئەو بیرۆکەیە کە تەنیا ئەوەی سرووشتییە، ڕەسەنە ـــ و لە هەندێک ڕووەوە باش و پیرۆزە. لەبەر ئەوەی پارە یەکێکە لەو شتە کولتوورییانەی کە تەنیا هەن، ئەوا دەبێتە ئامانجی سەرکۆنە ڕوسۆییەکە بۆ هەموو شتانەی کە دواتر پێیان دەوترێت نامۆبوونی کولتووریی. بەپێی ئەمەی دووەمیان، ئایین و پارە پێکەوەنانێکی کۆمەڵایەتیی بنەڕەتیین، کە پێویستە یەکجارەکیی و بۆ هەمیشە هەڵبوەشێنرێنەوە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بگەڕێینەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی «حەقیقیی»، واتە سرووشتیی. ئەرگومێنتێکی هاوشێوە هەم لە پەیوەندیی هاوسەرگیرییدا هەیە، کە پێویستە لە بەرژەوەندیی خۆڕسکی بێمەرجوباری پەیوەندییە سێکسییەکان و هەستی باوکایەتی و دایکایەتی هەڵبوەشێنرێتەوە، و هەم لە پەیوەندیی پۆلیس و سیستەمی دادوەرییدا هەیە، کە لە کۆمەڵگەیەکدا ناپێویست دەبن وا تێیدا هەمووان هەست بە برایەتی و هاوڕێتی دەکەن و هیچ کەسێک هەرگیز زیان بە کەسێکی دیکە ناگەیەنێت.

بەڵام تەنانەت پێش ڕۆسۆش، بزووتنەوەی سینیکیی (سەگباوەڕیی)[60] لە یۆنانی کۆندا ئەو بیرۆکەیەی ڕاگەیاند کە فەیلەسووف دەبێ ببێتە مۆدێلی ژیانێکی کۆمەڵایەتیی نامۆ (هەر وەک ئەمڕۆ دەیڵێین)، واتە ژیانی سەگەکان بە واتای تەواوی وشەکە، لێرەشەوە سینیک (کینیک) (سەگباوەڕ) بێت. مەبەست لەم قسەیە ژیانێکی کوێرەوەریی وەک ئەوەی دیۆجینیس نییە، بەڵکوو ژیانێکی سرووشتییە. سەگەکان یەکتری ناکوژن، پارە ناگۆڕنەوە، پابەندی یاساکان نابن، بە ئازادیی سێکس لەگەڵ هەر سەگێکدا دەکەن کە دەیانەوێت… بۆ بەشێکی زۆری بیرکردنەوەی ڕۆژئاوایی سەگ حەقیقەتی مرۆڤە (ڕەنگە، هەر لەبەر ئەمە بێت سەگ بۆ ئێمە زۆر ئازیزە: لە قووڵایی دەروونماندا بە ئاژەڵێکی دەزانین کە لە مرۆڤ مرۆڤدۆستترە). تەنانەت پێش دووبارەداڕشتنەوەکەی ڕۆسۆ، ڕۆژئاوا هەمیشە بە ئایدیاڵێکی سینیکیی، بە کاردانەوەیەکی سووکایەتیپێکراوی ژیانی کۆمەڵایەتیی و کولتوور، وەک سنووردارکردنێکی تێنەگەیشتراوی ڕەها، دیاری دەکرا. ئێمە دەتوانین سنوورداریی سرووشتیی قبووڵ بکەین، نەک کولتووریی. دەتوانین ئەوە قبووڵ بکەین کە سرووشت بە بوومەلەرزە یان تسونامی پەلامارمان بدات [و خۆی بسەپێنێت]، نەک ئەو ڕاستییەی کە ئەوانەی پارەیان نییە، بەهۆی برسێتییەوە سەرکێشی بە مردنەوە دەکەن. هەموو ئەمە ئاماژەیە بە دابەشبوونێکی تووند لە نێوان سرووشت و کولتووردا، لە نێوان φύσις و κοινωνία: دابەشوونێک کە من باوەڕم پێی نییە[61].

لەناو بنکی ئەمەشدا ئەو بیرۆکەیە هەیە کە مرۆڤ دەبێ تەنێ بە سرووشت سنووردار بێت نەک بە مرۆڤەکانی دیکە، بیرۆکەیەک کە لە پەیوەندیی لەگەڵ هاومرۆڤەکانیدا، مرۆڤ بە ئازادی لەدایکدەبێت. ئەگەر ئازاد نەبێت، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە پرۆسەیەکی دیرۆکیی نامۆبوون، لەدەستدانی حەقیقەت لە کۆمەڵگەدا ڕوویداوە. ئایینەکان، سیستەمی یاسایی، سوپا، بیرۆکراتی، موڵکی تایبەت، پارە، بازرگانی… هەموو ئەمانە ئەو سنوور و کۆتوبەندانەن کە مرۆڤەکان خۆیان بە شێوەیەکی پڕوپووچ دایانیانهێناوە، و دەبێ هەڵبوەشێنرێنەوە. ئەمە ڕەوا نییە مرۆڤێک ببێتە قۆرتێک، ئابڕوبەرێک[62] ـــ σκάνδαλον، تەڵە ـــ بۆ مرۆڤێکی دیکە. هەموو فۆرمەکانی سۆسیالیزم هەوڵی نەهێشتنی ئابڕووچوون و نەنگی ئەویتر دەدەن. لێ مخابن، من بەو شێوەیە سەیری جڤاک و دیرۆک ناکەم. ئەوانیتر لە ڕاستییدا زۆر بەسوودن بۆ ئێمە: جلوبەرگم بۆ بەرهەمدەهێنن، ئەگەرنا دەبوو خۆم چێی بکەم، ئەوان خواردنم پێ دەدەن و زۆر جار بۆمی ئامادە دەکەن، بە پاس، شەمەندەفەر و فڕۆکە دەمگوازنەوە، پەڕتووکی باش بۆ خوێندنەوە و فیلمی باشم بۆ سەیرکردن بۆ پەیدا دەکەن… بۆ من کۆمەڵگەیەکی خۆژێن[63]،  کە تێیدا من و ماڵباتەکەم دەبوو خۆمان هەموو شتێک بەرهەمبهێنین، کۆمەڵگەیەک بێ بازرگانی و پارە بێت، دەبوو بە مۆتەکەیەک. هەندێک خەڵک جارجار هەوڵدەدەن کۆمەڵگەیەکی خۆژێن بئافرێنن، بۆ نموونە، وەک کیبوتز[64]ی ئیسرائیل، لێ تەمەنی زۆر ناخایەنێت. درەنگ یان زوو کۆمەڵگەیەکی خۆژێن شتێکی دیکەی کەم دەبێت.

بەڵام لە بەرانبەر هەموو ئەم خزمەتگوزاریانەدا، ئەوانیتر هەروەها سنوور و کۆتوبەندە سکانداڵییەکانی دیکەش بەسەر  ئێمەدا دەسەپێنن، ئاڵوگۆڕ لەڕێگەی پارەوە یەکێکە لەوانە. بۆ نموونە، ئەوانیتر ناچارم دەکەن کاربکەم، و هیچ گەرەنتییەکیش نییە ئەو کارەی دەیدۆزمەوە، ئەوە بێت کە لە ڕاستییدا دەمەوێت لە ژیاندا بیکەم. ئەمڕۆکە، بۆ نموونە، ناچارم دەکەن کاتێک بە شەقامدا دەڕۆم دەمامک بپۆشم. ئەوانیتر، koinonia، هەم بەهەشتن و هەم دۆزەخ، ئەوان لە یەک کاتدا ئازاد و کۆیلەم دەکەن، شمەکەکانم پێدەدەن و لێدەبەن، دەمناسێنن و نامۆم دەکەن. ئەوانیتر کە ناچارم لەگەڵیاندا بژیم، ــ ڕزگارکەر و ستەمکارمن؛ ئێمە هەموومان لە ستەمێکی دۆستانەدا دەژین. لەم بەستێنەدا بە هیچ شێوەیەک شتێکی سکانداڵ لەوەدا نابینم کە ئەوەی مرۆڤ پێکی دەهێنێت، خەسڵەتێکی یەکلاکەرەوەی هێزێکی سرووشت وەردەگرێت. بە واتایەکی دیکە، کۆمەڵگە مرۆییەکان واقیع پێکدەهێنن. ئەم واقیعە، چ پیرۆزکراو بێت یان نەفرەتکراو، پارە و هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە ئاماژە بە ئاڵوگۆڕی ئوبێکت (شت)ـە ئارەزووکراوەکان دەکەن.

مرۆڤەکان واقیع بەرهەمدەهێنن، و لەبەر ئەوەش نییە خۆیان نامۆ بکەن. وەرن تەماشای بیرکاری (ماتماتیک) بکەین. بۆ ڤیتگینشتاین ئەمە هیچ نییە جگە لە گەمەیەکی زمانەوانیی و هیچ دەربارەی جیهان ناڵێت[65]. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک دەزانین، حەقیقەتە بیرکارییەکان (بەرئەنجامەکانی ئەم داهێنانە مرۆییە) ـــ تەنانەت لە حەقیقەتە سرووشتییەکان زیاتر جێی دڵنیایین، مسۆگەرتر و یەکلاکەرەوەترن. «بیرکاری بۆچوونێک نییە»، لە کاتێکدا لە فیزیادا گەلەک بۆچوون هەن. بیرکاری پەرچدانەوەی پێویستیی جیهان نییە، بەڵکوو پێویستییەکی لۆژیکییە کە بەرهەمی عەقڵ (هۆش)ـی مرۆڤە. با ئەندازە (جیۆمەتری)ـی نا-ئەکلیدیی لەبەرچاو بگرین. لە خاڵێکی دیاریکراودا بیرکارانی سەدەی نۆزدە، وەک بۆلیای، لۆباچێڤسکی و ڕیمان، خۆیان سەرقاڵ کرد بە گۆڕینی ئەو بەڵگەنەویستانەی[66] وا ئەندازە ئەکلیدییەکە[67]یان لەسەر دامەزراوە، و «گەمە»یەکی تازە ئەندازەی هێلکەیی و هایپێربۆلیک)[68]یان ئەفراند کە لە تووندیی و یەکانگیرییدا لە  ئەکلیدییەکە کەمتر نەبوون. دواتر ئەوە ڕوویدا کە ئەنیشتاین گەمەکەی ڕیمانی بەکارهێنا بۆ وەسفکردنی ئەو گەردوونە ماکرۆکۆسمیی[69]ـەی کە ئێمە تێیدا دەژین؛ لێ ڕیمان ئەندازەکەی خۆی پێش ئەنیشتاین بنیات ناوە.

هەندێک کەس، بۆ نموونە وەک بێتراند ڕاسڵ، ڕایدەگەیەنن کە بیرکاری وەسفی شتە واقیعییەکان دەکات. لێ دەربارەی یاری شەترەنج چ بێژین؟ ئەمە داهێنانێکی پووختی مرۆییە و لەسەر بنەمای ئەو ڕێسا تەواو خۆڕسکییانە دامەزراوە کە لە هەر کاتێکدا دەتوانن بگۆڕێن، ئەمەش وا دەکات ئیمکانی گەمەیەکی نوێ دابهێنرێت. جگە لەوەش، ئەو چەند ڕێسایەی شەترەنج وا مناڵێکی شەش ساڵان دەتوانێت فێریان بێت، ژمارەیەکی بێکۆتایی تیۆرمەکان (سەلمێنراوەکان)[70] بەرهەمدەهێنن کە بە تێپەڕینی کات دەدۆزرێنەوە (sic). یارییەکی وەک شەترەنج بە نزیکەیی گەردوونێکی بێکۆتایی لە ئەگەرەکان دەئافرێنێت، هەموو یاریزانێک تێیدا دەجووڵێت و قووڵایی واقیعی هەیە. ئاڵوگۆڕی کاڵا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەمەدا نییە. من بەردەوامییەک لە نێوان ئەو ئابوورییەی لەسەر ئاڵشت بەندە و  ئاڵۆزییە تۆقێنەرەکەی بازاڕی دارایی ئەمڕۆدا دەبینم، هەروەک چۆن لە شەترەنجدا بەردەوامییەک لە نێوان یاری دەستپێکەران (تازەیاریکەران) و پڕئەزموونی ماگنوس کارلسن (پاڵەوانی ئێستای شەترەنجی جیهان) و دیپ بلو (یەکێک لە بەهێزترین بەرنامەکانی شەترەنج)دا هەیە. دەزانم، بەهۆی نەریتێکی دێرینی بیرکردنەوەوە کە سەرمایەداری بە بچڕانێکی ڕەها لەگەڵ ئابووری ڕابردوودا دادەنێت (کە بەشێکی ڕاستە)، من قسەی بیدعە دەکەم. پێموایە، ئاڵشت لە بازاڕەکانی سەرەتاییترین کۆمەڵگەکاندا وۆڵ ستریت بە کورتی (  (in nuce لەخۆدەگرێت، هەروەک چۆن ئەو کۆمەڵگایانەی کە ناویان بۆ ژمارەکان تا حەوت یان هەشت هەیە (و بۆ ژمارە بەرزترەکان تەنیا زاراوەی «زۆر» بەکاردەهێنن)، بە کورتی (in nuce) هەموو ماتماتیک و زانستی کۆمپیوتەری مۆدێرن لەخۆدەگرن. خاڵە بنەڕەتییەکە ئەوەیە ئێمە ئاڵوگۆڕ و پارەمان داهێناوە، کەچی پاشماوەی بێکۆتایی بەرئەنجامێکی سرووشتییە.

٦. سەرمایەداری و هیچگەرایی (نیهیڵیزم)

 بەئەبستراکتکردنی زیاتری دراو وەک سەرکەوتنی دۆلار لێکدەدرێتەوە. کۆتاییهاتنی یەکسانیی دۆلار لەگەڵ زێڕدا، کە بە بڕیاڕی سەرۆک نیکسۆن لە ١٩٧١ـدا پەسەندکرا،  لەلایەن ئەو فەیلەسوفانەی وا تێگەیشتنێکی کەمیان دەربارەی ئابووری هەیە، وەک چوونە نێو هیچگەراییەوە لێکدەدرێتەوە ـــ ڕێک لەبەر ئەوەی چیتر  هیچ کاڵایەک لە بنەڕەتی پارەدا نییە[71]. ڕاستییەکەی، کۆتاییهاتنی یەکسانیی دۆلار لەگەڵ ئەو زێڕەی کە ئاڵوگۆڕێکی جێگیری لە نێوان هەموو دراوەکاندا مسۆگەر دەکرد، هێنانەدی کۆنفرانسی بریتۆن وۆدز بوو لە ساڵی ١٩٤٤ـدا، داهێنانێکی کینز بوو لە دژی کۆنسێپتی پارە، وەک ئێمە لێرەدا باسمان کردووە، و بە کردەنیی ئەم سیستەمە تەنێ ٢٧ ساڵ بەردەوام بوو. دوای ئەمە هەموو شتێک گەڕایەوە بۆ هیچگەرایی ئاسایی. نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیرکراو لە نێوان دراوەکاندا بە سەقامگیریی نامێنێتەوە، چونکە هەر دراوێک، لە بنەڕەتەوە، نوێنەرایەتی هێزی بازرگانی وڵاتێک دەکات، کە لە ڕۆژێکەوە بۆ ڕۆژێکی دیکە دەگۆڕێت. لەگەڵ داڕمانی سیستەمی بریتۆن وۆدزدا، خودی سرووشتی پارە زانرا، کە ئاماژە نەک بۆ دراوی ڕەق یان زێڕ، بەڵکوو بۆ داینامیک (dynamis)ـی بازرگانی دەکات.

لە ڕاستییدا، لە سەردەمەکەماندا تەنێ ئەو هیچگەراییەمان ناسیووە کە سرووشتی خودی چەمکی دراو و پارەیە. یاساکەی گرێشام (کە لە سەدەی شانزەدا داڕێژراوە، واتە لە سەردەمێکی نا-نیۆلیبراڵدا) ئیدی واتای پرۆسەیەکی دەگەیەنێت کە سەردەکێشێت بۆ خراپترین جۆری دراو، واتە بۆ پارەی ناماتەریاڵیی ئەمڕۆ. لێ ساویلکانەیە وا بیر بکەینەوە کە بنەڕەتی پارە ـــ و بەم شێوەیەش دەوڵەمەندیی و هەژاریی ـــ هیچ نییە جگە لە کردەیەکی باوەڕ، خورافاتێک. وەک بینیمان بنەڕەتی پارە، لە زێڕەوە تا گوێچکەماسییەکانی خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا بریتییە لە هێزی ئاڵوگۆڕکردن. ئەوە تەنێ کردە نییە کە دەسەڵات دەئافرێنێت، بەڵکوو هەروەها هەمەتواناییشە. سەرباری هەموو شتێک، جیهانی کۆمەڵایەتیی هەمیشە نیهیڵستیی بووە؛ تەنێ جیاوازییەکە لەگەڵ ڕابردوودا ئەوەیە کە ئێستا  ئێمە ئەمە دەزانین، یان لانی کەم گەرەکە بزانین. ئێستا ئەوەندە بوێرییمان هەیە دان بە کارەکتەری نامۆیی هەر کۆمەڵگەیەک بنێین، کە مرۆڤەکان لە ڕێگەی ڕەمزییەوە واقیع بەرهەمدەهێنن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو سەردەمێک هیچگەرایی خۆی هەبووە، واتە ئاگایی لە کارەکتەری بێبنەما و پارچەکراوی پراکتیکە کۆمەڵایەتییەکان.

دەڵێن کە ئەم پووچەڵکردنەوەی کارەکتەری ئایینیی سەرمایەداری پێگەی لایەنگریی من بۆ سەرمایەداری ئاشکرا دەکات. بە سادەیی ئەوە دەڵێم کە من دژەسەرمایەدار نیم، لێ لایەنگری سەرمایەدارییش نیم. سەرمایەداری لایەنی ئەرێنیی خۆی هەیە (تواناکەی بۆ ئافراندنی سامانێکی مەزن زیاترە لە هەر سیستەمێکی دیکە کە ئێمە دەیناسین)، و لایەنی نەرێنییشی هەیە کە هەموومان دەیزانین. لێ کام سیستەمی ئابووری سیاسیی لایەنی ئەرێنیی و نەرێنیی خۆی نییە؟ و جگە لەوەش، ئەرێنیی و نەرێنیی بۆ کێ؟

دیرۆکی سەرمایەداریی لە دوو سەدەی ڕابردوو یان زیاتریشدا دیرۆکی هەموو ئەو ڕێوشوێن و پێوەرە چاکسازییانەیە کە بۆی گیراونەتەبەر: دەوڵەتی خۆشگوزەرانی، دیمۆکراتی سیاسیی، یەکێتی سەندیکاکان، پەروەردەی بنەڕەتیی بۆ هەمووان، ڕۆڵی دابەشکردنەوەی دەوڵەت، ئەوەی لە ئەمریکا پێی دەوترێت جیاکاریی ئەرێنیی[72]، و هتد. دیرۆکی هەر سەردەمێک دیرۆکی ململانێی کۆمەڵگەیەکە لەگەڵ خۆیدا، بۆیە دیرۆکی ئەو دژەسەرمایەدارییەشە کە لە خۆی بارکردووە و ئێستاش لە خودی سەرمایەداری جیانابێتەوە. ئەوەی زۆرێک لە فەیلەسووفەکان پێی دەڵێن کۆمەڵگەی نیۆلیبڕاڵ، لە هەمان کاتدا لەناو تووخمەکانی سۆسیالیستییدا خووساوە، و ئەوەی کە ئەم ڕەخنەگرانە بە نیۆلیبرالیزم بەدناوی دەکەن، بە هەمان شێوە کاریگەریی ئەو بەها و فۆرمانەی ژیانە کە ئەم ڕەخنەگرانە هەمیشە برەویان پێداون. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە کۆمەڵگە سەرمایەدارەکان تێیدا زاڵن، و ئێمەش گەڕەکە لەگەڵ ئەمەدا هەڵبکەین. لێ ئەم کۆمەڵگایانە بە هەمان شێوەش دەرئەنجامی چەندین سەدەی ڕەخنەیە لە سەرمایەداری. سەرمایەداری لە بیرکردنەوەی دژەسەرمایەدارییەوە خۆراک وەردەگرێت.

ئەمڕۆکە گەلەک لە ڕۆشنبیران ناچارن دژەسەرمایەدار بن، بۆ ئەوەی بە تەواوی لەلایەن ئەو دامەزراوە کولتووریی و ئەکادیمییانەوە قبووڵ بکرێن کە خۆیان بەشێکن لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری. ئەمە ستراتیژییەکی سەرکەوتنە کە من زۆر دەمێکە وازم لێهێناوە.

سەرچاوە (ڕووسی):

Лаканалия, #42, 2023, лангольеры.

دەربارەی نووسەر:

سێرجیۆ بێنڤێنوتۆ (لەدایکبووی ١٩٤٨ لە ناپۆلی، ئیتالیا) دەروونشیکار و فەیلەسوفێکی ئیتالییە. توێژەرە لە پەیمانگای زانست و تەکنۆلۆژیای مەعریفی (ISTC)ـی ئەنجوومەنی نیشتمانیی توێژینەوەی ئیتالیا (CNR) لە ڕۆما. لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە سەرپەرشتیاری سەرەکیی «گۆڤاری ئەورووپیی دەروونشیکاری» (JEP)ـیە. گەلەک پەڕتووک و وتاری هەیە و بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

[1]– exchange value

[2]– use value

[3]– speculative

[4]– Anti-capitalist philosophy

[5]– کرێماتیستیک (chrematistic)، وشەیەکی یۆنانیی کۆنە، واتای «دەوڵەمەندبوون لە پارەوە» دەدات. ئەریستۆ ئەم زاراوەیەی بەکاریهێناوە بۆ دیاریکردنی زانستی دەوڵەمەندبوون، هونەری کەڵەکەکردنی پارە و موڵک، کەڵەکەکردنی سامان وەک ئامانجێک لە خۆیدا، وەک پرسی سەرەکیی، وەک پەرستن و بەندایەتی قازانج. و. کوردیی

[6]– ئاڵشت یان گۆڕینەوە، زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ بازرگانی گۆڕینەوە و بە یەکەمین قۆناغی ئابووری دادەنرێت لە پێش پەیدابوونی دراو. لە کۆمەڵگە کۆنەکاندا ئەم بازرگانییە کراوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی ئەو شتانەی کە بەکاربەرەکان خۆیان نییانە،  بۆ نموونە، میوەیان گۆڕیوەتەوە بە دانەوێڵە. و. کوردیی

[7]–  Аристотель. Политика. Книга 1, 1257а.

[8]– pawnbroker

[9]– Там же. 1257a-1258a.

[10]– ئەریستۆ لە پەڕتووکی «مێتافیزیک»دا تالیس بە یەکەم فەیلەسووفی یۆنانی کۆن و دامەزرێنەری فێرگەی فەلسەفەی سرووشتیی ناودەبات، کە فەیلەسووفانی پێش سوقرات بابەتە سرووشتییەکانیان بە بنەڕەتی شتەکان داناوە. تالیس ئاو دەکات بە بنەڕەت و لەو باوەڕەدا بووە کە بوونی جیهان لەسەر ئاو ڕاگیراوە. و. کوردیی

[11]– Аристотель. Политика. Книга 1, 1257а-1258a.

[12]– ambivalence

[13]– «بۆرژوازی ئەوەی نیشاندا […] کە چالاکیی مرۆڤ دەتوانێت چی بەدوای خۆیدا بهێنێت. شتی سەرسوڕهێنەری وەهای ئافراند کە زۆر جیاوازە لە هەرەمەکانی میسر، لوولەئاوەکانی ڕۆم و کڵێساکانی گۆتێ؛  لەشکرکێشی وەهای کردووە کە هەموو کۆچەکانی پێشووی گەلان و شەڕەکانی خاچپەرستەکان بەلایەوە بچووکن» (ک. مارکس و ف. ئەنگلس، مانیفێستی پارتی کۆمونیست). دیارە، مارکس توانای سەرمایەداری بۆ بەرهەمهێنانی کۆچبەریی بەکۆمەڵی گەلانی بەکەم گرتووە.

[14]– Маркс К. Капитал. Т. 1 // Маркс К. Собрание сочинений.  Т. 23. М.: Государственное издательство политической литературы, 1960. С. 43.

[15]– Dupuy F. Anthropologie economique. Paris:  Armand Colin, 2008; Gregory C. A. Gifts and Commodities. Chicago: Hau Books. Hau Books, 1982;  Gregory, C.A. Savage Money: The Anthropology and Politics of Commodity Exchange. Reading: Harwood Academic, 1997;  Мосс М. Опыт о даре.  Опыт и основание обмена в архаических обществах // Общество. Обмен. Личность.  М.: Издательство «КДУ», 2011.

[16]– exchange of gift

[17]– لەو کۆمەڵگایانەی کە دەسەڵات لەسەر بنەمای بەخشین و دیاری دامەزراوە، ئەو کەسانە دەسەڵات کەڵەکە دەکەن کە شمەکەکان لە فۆرمی بەخشیندا تەخشان و پەخشان دەکەن، نەک ئەو کەسانەی کە لە دەوری خۆیاندا چڕیاندەکەنەوە.

[18]– marketing

[19]– desire

[20]– Гоббс Т. Левиафан // Гоббс Т. Сочинения.Т. 2. М.: Мысль, 1991. С. 74.

[21]–  lack

[22]– excess

[23]– لە ڕاستییدا، پێستی سەگاو (بیڤەر) لای ئەمریکییە ڕەسەنەکان هاوشێوەی کانزا گرانبەهاکان بوو. بەڵام ئەوانەی بە ڕاستی دەیانویست بە پێستی سەگاو  پارەیان پێ بدرێت، زۆر کەم بوون. لە سیستەمی ستانداردی زێڕدا پێستەکە وەک زێڕ بوو.

[24]– Gresham’s Law

[25]– یاسایەک، کە لە ساڵی ١٥٥٨ـدا لەلایەن سێر تۆماس گرێشامەوە ڕاگەیاندرا، لێ بە کردەنیی لەلایەن نیکۆڵ ئۆریسمەوە لە سەدەی ١٤دا بیچمی گرتووە.

[26]– Galbraith, J. K. Money: Whence it Came, Where it Went. Princeton: Princeton University  Press, 1975. P. 11.

[27]– cryptocurrency

[28]– pelanor

[29]– Плутарх. Ликург. Кн. IX // Плутарх. Сравнительные жизнеописания. Т. 1. М.: Издательство Академии Наук СССР,  1961. С. 59.

[30]– supply

[31]– demand

[32]–  Салинс М. Экономика каменного века. М.: ОНИ,  1999.

[33]–  Lévi-Strauss, C. Elogio dell’antropologia Razza e Storia e altri studi di antropologia.Turin: Einaudi, 1967.

[34]– fetishist

[35]– fideistic

[36]– Беньямин В. Капитализм как религия // Беньямин В. Учение о подобии. М.: РГГУ, 2012. С. 100- 108.

[37]– ئەگەر من ٢٠ هێلکە بگۆڕمەوە بە ٥٠ سێو، دەتوانین بێژین کە هێلکەیەک بەهای ٢٫٥ سێوی هەیە.ئەمە تەنیا ژمارەکانن.

[38]– consumerism

[39]– hyperbolic

[40]– من زۆر جار ئەو پرسیارەم کردووە کە ئایا ئەوە تەنیا ڕێککەوتێکە وا ئەم ئاراستە فەلسەفییە دژەسەرمایەدارییە، وەک لای ئادۆرنۆ، هۆرکهایمەر، مارکوزە و هتد، بە ناوی ئەو شارەوەیە کە ئێستا بنکەی بانکی ناوەندیی ئەورووپایە (ECB)، لێرەشەوە پایتەختی تەواوی ئابووری کیشوەری ئەورووپایە.

[41]– critical discourse

[42]– لێرەدا مەبەستم لە جیاوازییەکەی ئەریستۆیە لە نێوان دینامیک (هێز، توانا) و ئەنێرژی (کردە).

[43]– Паскаль Б. Мысль. М.: Издательство имени Сабашниковых, 1995. С. 186-187.

[44]– ڕوونە کە گۆڕاوەکانی دیکەش گەمەکە ئاڵۆزتر دەکەن: ڕێژەکانی داشکاندن کە بانکە ناوەندییەکان دایاندەنێن، بازاڕی بۆندەکانی حکومەت، پەسەندکردنی دراوێکی دیاریکراو لە بازرگانی نێونەتەوەییدا، دابەزینی بەهای پێشبڕکێ… بەڵام ئەوەی دواجار بڕیاردەدات ـــ (Reictum) سامانە، هێزی نرخی ئاڵوگۆڕی وڵاتێکە.

[45]– inflation

[46]– دراوی ڕەق  (hard currency) ـــ دراوێکی بەهێزە، توانای کڕین و بەهای ئاڵوگۆڕی جێگیرە، لە ئاستی جیهانییدا مامەڵەی پێوە دەکرێت. و. کوردیی

[47]– act

[48]– Гоббс Т. Левиафан. С. 74.

[49]– چیرۆکی کوڕە بەفیڕۆدەرەکە (هەروەها بە چیرۆکی کوڕی ونبوو، دوو براکە، باوکی خۆشەویست ناسراوە)، یەکێکە لە چیرۆکەکانی پێغەمبەر عیسا لە پەڕتووکی پیرۆزدا، لە لۆقا ١٥دا هاتووە. چیرۆکەکە باس لەوە دەکات، کە کابرایەک دوو کوڕی هەبوو. بچووکەکەیان داوا لە باوکی دەکات بەشە میراتی خۆی پێبدات. باوکەکەش هەرچی سامانی هەبوو کردی بە دوو بەشەوە و بەشێکی دانا بۆ کوڕە بچووکەکەی. کوڕەکە هەموو بەشەکەی کۆکردەوە و ئینجا کەوتەڕێ بۆ وڵاتێکی دوور، لەوێ هەموو بەشەکەی لە ڕابواردن خەرجدەکات. کوڕەکە هیچی بەدەستەوە نامێنێت، گرانیی دەکەوێتە ئەو ناوچەیە. بەهۆی برسێتییەوە بە ناچاریی دەگەڕێتەوە بۆ لای باوکی خۆی. کاتێک باوکەکە لە دوورەوە دەیبینێت، دڵی پێدەسووتێت، ڕادەکات بۆ لای و دەست دەکاتە ملی، بە گەرمییەوە ماچی دەکات. پاشان بە بۆنەی گەڕانەوەی ئاهەنگێکی گەورە سازدەکات. و. کوردیی

[50]– Делез Ж., Гваттари Ф. Анти-Эдип: капитализм и шизофрения. Екатеринбург: У-Фактория, 2008.

[51]– Transcendent value

[52]– Уайльд О. Веер леди Уиндермир.

[53]– ئەم (Ungrund)ـە، ئەم بێزەمینەسازییەی بەهای ئابووریی لە خودی ئاڵوگۆڕدا، لەلایەن خودی ئابووریناسانەوە وەک زاراوەی «هەڵکشان و داکشانی نرخی ئاڵوگۆڕ» ناسێنراوە، وەک سیستەمێک کە تا ئەمڕۆش بەکاردەهێنرێت.

[54]– demystification

[55]– indulgence

[56]– ئەوەی کە ئەم قاڵبە دژە-ئاڵوگۆڕە ناوازەی پرۆتستانتیزم دواتر بووبە مەرجی ڕۆحی سەرمایەداریی، هەر بۆ خۆی پارادۆکسێکی تۆکمەیە کە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ماکس ڤێبەری سەرسام کرد، و بەردەوامە لە سەرسامکردنی ئێمەش، چونکە هەتا ئێستا بەرسڤێکمان بۆی نییە.

[57]– لە ڕووی ئیتیمۆلۆژیاوە لە kéhros*  – لە keh* (ئارەزووکردن، ویستن)ـی هیندۆئەورووپیی سەرەتاییەوە هاتووە. هەموو شتێک کە بۆ ئێمە هێژایە، لە ئارەزووە دێت.

[58]– من مەبەستم تیۆرییە نیولیبراڵەکانی قوتابخانەی شیکاگۆیە، کە ئێستا چوونەتە ناو زمانی باوەوە، بەتایبەتی شرۆڤەکانی جاکۆب مینسێر، تیدۆر شولتز، گاری بێکەر، جەیمس هێکمان و جۆن و. کێندریک. بڕوانە:

  1. Di Martino, G. Fischetti, Il dirompente valore del capitale umano. Corato: Secop Edizioni, 2018.

[59]– common sense

[60]– Cynic

[61]– من هەوڵمداوە ڕوونی بکەمەوە کە بۆچی باوەڕم بەمە نییە، لە:

  1. Benvenuto, Natura versus cultura. Una critica, ‘European Journal of Psychoanalysis’, 25-VIII-2020 (http://www.journal-psychoanalysis.eu/natura-versus-cultura-una-critica/).

[62]– scandal

[63]– autarkic society

[64]– kibbutzim

[65]– ئەمە یەکێکە لە تێزە بنەڕەتییەکانی «تراکتاتۆسی لۆژیک-فەلسەفیی» ڤیتگینشتاین.

[66]– axiom

[67]– ئەکلیدس  (ئەقلیدس) (٣٣٠ ــ ٢٦٠ پ. ز.)،  زانایەکی مەزنی ماتماتیک و ئەندازیاریی بوو لە یۆنانی کۆندا، گرنگترین پەڕتووکی خۆی بەناوی (تووخمەکان)ی لە دوای خۆی جێهێشتووە، کە تێیدا بنەماکانی ئەندازیاریی شیدەکاتەوە. و. کوردیی

[68]– elliptical and hyperbolic geometries

[69]– macrocosmic universe

[70]– تیۆرم (theorem)، سەلماندنێکی ماتماتیکییە، حەقیقەتەکەی بە بەڵگەوە جێگیر دەکرێت. لە ماتماتیکدا هەر پرسێک سەلمێندرابێت و سەلماندنەکەی لە چوارچێوەی ڕێسای لۆژیکییدا بێت، ئەوا بە تیۆرم دادەنرێت و چیتر مشتومڕی لەسەر ناکرێت. و. کوردیی

[71]– تێزێک کە لایەن جۆرجیۆ ئاگامبێن پشتگیریی کراوە:

Агамбен Дж. Капитализм как религия,  творение и анархия.  М.: Гилея, 2021. С. 125-140.

[72]– واتە فۆرمە جیاوازەکانی هاندان و پشتگیریی کە دەدرێن بە گرووپە ئێتنیکە بەشبڕاوەکان، وەک ڕەشپێستەکان.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


Like this:

Like Loading...