ڕێبەر ئاپۆ: هێڵی شێخ سەعید بە پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیک دەگاتە مانای خۆی

ڕێبەر ئاپۆ پەیامێکی بۆ کۆنفرانسی “١٠٠ ساڵەی سەرهەڵدانی شێخ سەعید، تەڤگەری ئازادیی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، یادەوەریی و ناڕەزایەتی کۆلەکتیڤ” نارد و ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە
پەیامەکەی ڕێبەری گەلان بەم شێوەیەیە:
“بۆ کۆنفرانسی سەدساڵەی سەرهەڵدانی ١٩٢٥
کۆمەڵەی ئازادیی، شێخ سەعید و هەڤاڵانی، بیر و بانگەوازی هاوبەش
ئەو هەقیقەتە مێژووییەی ئێمە لە کەسێتیی شێخ سەعیددا باسی دەکەین، لە سەرهەڵدانێک یان سەرهەڵدێرێکی هەرێمیی زیاترە. ئەم هەقیقەتە تێکۆشانێکی نەریتییە بۆ هەبوونێک کە لە یادەوەریی هاوبەشی گەلی کورددا شوێنەواری قووڵی جێ هێشتووە. تێکۆشانی سەرهەڵدانی کۆمەڵگەی کوردە کە بە باوەڕ، نەریت و ئیرادە دژی زیهنییەتی تاکپەرەستیی سەپێندراو هاتە گۆڕەپانەکە.
شێخ سەعید وەک پێشەنگێک لە هەلومەرجی سەردەمی خۆیدا، بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتیی لەئەستۆ گرت و دژی سیاسەتەکانی نکۆڵیی، کە ئیرادەی کوردایەتیی بە ئامانج دەگرت، هەڵوێستی بەهێزی نیشان داوە. ئەم سەرهەڵدانەی لە کەسێتیی ئەودا واتادار دەبێت، بە تەنیا هەڵوێستێکی سیاسیی نییە، بەڵکوو هاوکات هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتیشە. ئەم هەڵوێستە گوزارشتێکی مێژوویی دڵسۆزیی کوردە بۆ هەقیقەتەکەی.
ئەو سیاسەتە ناوەندیگەرا و تاکشووناسییەی لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا بەڕێوە برا، ئامانجی ئەوەبوو گەلی کورد لە هەبوونی خۆی دابڕێت. شێخ سەعید گوتی: ‘‘ئێمە دادپەروەرییمان دەویست، بەڵام ئێوە سزای لە سێدارەدانتان پێ داین”، بەم گوتنەی دژی ئەم سیاسەتە دەنگی گەلێکی دژی سێدارە هەڵبڕی. ئەم قسەیە ڕوونترین و بەهێزترین نیشانەیە و پێمان دەڵێت؛ هەقیقەت دژی ستەم پاشەکشێی نەکردووە. هەروەها ئەو قسەیەکی دیکەی وا دەڵێت؛ ‘‘بەڕێز دادوەر، کوا خۆ ئێمە دەچووین پێکەوە بەرخ بخۆین”، گوزارشتە لەو پیلانگێڕییەی ڕووبەرووی کرایەوە. ئەو قسەیەی تری؛ ‘‘بێگومان نەوەکانم تۆڵەم دەکەنەوە’‘ هیوای ئەو بەرخۆدانەیە وا ئەو بۆ نەوەکانی داهاتووی جێهێشتووە.
خاڵێکی تر هەیە و گەرەکە لێرەدا لە بنەوەڕا هێڵکاریی بۆ بکرێت: وەک هەر بەرخۆدانێکی مێژوویی، سەرهەڵدان بە سەرکردایەتی شێخ سەعید، هەلومەرجی سەردەمەکەشی لە خۆیدا هەڵگرتووە. بەستنەوەی ئەو سەرهەڵدانە بە تێکۆشانی ئازادیی ئەمڕۆوە، نەک بە ڕۆمانسیزەکردنی، بەڵکوو بە خستنەڕووی وانە بنەڕەتییەکانی و بنیادنانەوەی بەردەوامی مێژوویی بە درێژایی هێڵێکی ئازادیخوازانە و دیموکراسی، مومکینە.
من ئەم نەریتەم کردووەتە بنەما بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕێتیی کوردانەی ئازاد. ئەو تێکۆشانەی من بەڕێوەی دەبەم، ئامانجی ئەوەیە میراتی بەرخۆدانی واتاداری ڕابردوو لەگەڵ سیستەمی دیموکراسیی و فرەیی و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی داهاتوودا کۆ بکاتەوە. کاتێک هێڵی شێخ سەعید واتای ڕاستەقینەی خۆی بەدەست دەهێنێت کە لەگەڵ پارادایمی نەتەوەی دیموکراتیکی ئەمڕۆدا یەکانگیر بێت.
کوردبوونێکی ئازاد بە دڵسۆزیی بۆ مێژوو و کەلتوور و بەها ئەخلاقیی-سیاسییەکانی گەل مومکینە. پێویستە گەلەکەمان لەم بابەتەدا هۆشیار بێت و ئەو میراتە پیرۆزە بپارێزێت وا ڕێبەرە مێژووییەکان پاش خۆیان بەجێیان هێشتووە.
لەسەر ئەم بنەمایە، بە ڕێزەوە شێخ سەعید و هەڤاڵەکانی بەبیر دەهێنمەوە و جارێکی تر بڕیارداریی خۆم بۆ بەرزڕاگرتنی بەهاکانی تێکۆشان لەسەر ڕێگای ئازادیی و ڕاستیی دەردەبڕم، بە هیوای کۆنفڕانسێکی سەرکەوتوو، سڵاو لە هەموو بەشداربووان دەکەم.
عەبدوڵڵا ئۆجالان
ئیمراڵی- حوزەیرانی ٢٠٢٥