گۆشەی ئازد

سوبێکت و تێربوون: بەربەستی بێسنوور

تۆد مەکگوان

لەئینگلیزییەوە: شێروان ئیبراهیم

داگرتنی فایلی PDF

 

بلیمەتیی سەرمایەداریی، گرێدراوی شێوازی مامەڵەی ئەم سیستەمەیە لەگەڵ پەیوەندیی نێوان سوبێکت [١] و تێربوونەکەی. سەرمایەداریی وا دەکات، سوبێکتەکان خۆیان لە تراومای تێربوونی خۆوێرانکەر بەدوور بگرن و لە بەڵێنی ئاییندەیان هەڵدەژەنێت. سەرمایەداریی لە ئاست زەروورەتی لەدەستداندا کوێرمان دەکات و لەنێو لۆژیکی سەرکەوتنیشدا نغرۆ، ئەمە لە حاڵێکدا، سەرکەوتن هیچ نییە جگە لە ڕێگەیەک بەرەو شکست. بونیادەکانی بەرهەمهێنان و بەکاربردنی سەرمایەداریی، پێویستیان بەوەیە سوبێکت بیر لە سەرکەوتن بکاتەوە نەوەک شکست، گەرنا ئەم بنیادانە لەکار دەکەون. فەنتازیای بەدەستهێنانی ئۆبێکتی لەدەستچوو [٢] ، بۆ مانەوەی سەرمایەداریی پێویستە.

سەرمایەداران بڕوایان وایە، لە ڕێگەی وەبەرهێنان لەنێو سیستەمی سەرمایەدارییدا، دەتوانن ئۆبێکتی لەدەستچوو بەدەست بهێنن. ئەمە بە ڕوونیی لە حاڵەتی بەکاربردنی کاڵادا بەدیار دەکەوێت: بەکاربەران هەر کاڵایەکی نوێ دەکڕن، ئومێدیان ئەوەیە، ئەم ئۆبێکتە هەمان ئەو ئۆبێکتە بێت وا ئەوپەڕی تێربوون دەستەبەر دەکات. وەلێ پاش چێژێکی بەرایی، دووچاری تێرنەبوونی فرەتر دەبن، سا بۆیە کاڵایەکی نوێ دەکڕن کە هەمان بەڵێنی وەهمیی هەڵگرتووە. زۆرێک لە خەڵک ئۆتۆمبێلی نوێ دەکڕن، نەک لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبیلە کۆنەکە پەکی کەوتووە، بەڵکوو خوازیارن ئەو تێربوونە لە ئۆتۆمبیلە نوێیەکەدا بدۆزنەوە کە ئۆتۆمبیلە کۆنەکە پێی نەبەخشیوون. گەر کاڵای کۆن ئەم تێربوونە ببەخشێت، ئەوا سەرمایەداریی لەکار دەکەوێت، چیتر بەکاربەران هەڵوەدای ئەو کاڵا نوێیانە نابن وا پێویستیان پێیان نییە. مارکس ئەمە ناو دەنێت بەرهەمهێنانی پێویستی لەلایەن سەرمایەدارییەوە، کە وەک سوبێکتگەلێکی باوەڕدار بە ئیمکانی دەسکەوتنی ئۆبێکتی تێرکەری ڕاستەقینە، مامەڵە لەگەڵ بەکاربەران دەکات [٣] . سەرمایەداریی بەگوێرەی میتۆنیمی [٤] ئارەزوو، بەکاربەر لە کاڵایەکەوە ڕەوانەی کاڵایەکی تر دەکات.

کێشەکە ئەوەیە، تا سوبێکت لە ئوبێکت [ی ئارەزوو] نزیکتر ببێتەوە، ئۆبێکت کەمتر ئارەزووکراو دەبێت، دەگۆڕێت بۆ وێنەیەک کە چیتر توانای فەراهەمکردنی تێربوونی بەڵێندراوی نییە. ناکۆکییەکی ڕەها لە نێوان وێنەی ئۆبێکت و چەند ڕەهەندێکی دیکەی ئۆبێکت دەبینرێتەوە _واتە ئۆبێکت وەک ئەو پاشماوەیەی لەنێو جیهانی نواندنەوەدا جێی نابێتەوە، هەر ئەوەی دەیکاتە ئارەزووکراو. نزیکبوونەوە [لە ئۆبێکتی ئارەزووکراو]، کاریگەرییەکی زیانبەخشی لەسەر ئارەزووی سوبێکت و ئارەزووکراویی ئۆبێکت هەیە.

هەمان کێشە یەخەی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییش دەگرێت. سەرمایەداران گەرەکیانە ئاستی بەرهەمێنانی پرۆسەی بەرهەمهێنان زیاتر بکەن، بەشکو قازانجی زیاتر و زیاتریان دەست بکەوێت، کەچی زیادبوونی ئاستی بەرهەمهێنان دەبێتە مایەی داکشانی ڕێژەی قازانج. کورت و پوخت، کۆشش و تەقەلاکان بۆ هەڵکشاندنی قازانج دەبێتە بەربەستی بەردەم قازانج. لەمیانی شیکارییە وردەکەی بۆ پرۆسە دژییەکەکانی سەرمایەداریی، مارکس سەرنجی ئەم ئایرۆنییە دەدات. ئەوەتا دەڵێت: «داکشانی ڕێژەی قازانج، بەرئەنجامی کەمیی ئاستی بەرهەمهێنانی کار نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی زیادبوونێتی. هەڵکشانی ڕێژەی زێدەبەها [٥] و داکشانی ڕێژەی قازانج، دوو فۆرمی گوزارشتن لە هەڵکشانی ئاستی بەرهەمهێنانی کار بە پێوەری سەرمایەداریی» [٦] . کرۆکی ئەو خاڵەی مارکس لێرەدا دەیوروژێنێت ئەوەیە، ئاخۆ مرۆڤ تیۆری زێدەبەها دەپەژرێنێت یان نا. سەرمایەداران یەکپشوو بۆ زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی کار لە پیشەسازییەکی دیاریکراودا هەوڵ دەدەن، کەچی ئەم زیادکردنە سەر بۆ ڕێژەیەکی کەمتری قازانج دەکێشێت. کاری باشتر وا دەکات سەرمایەداران بتوانن بە نرخێکی هەرزانتر بەرهەمەکان بفرۆشن، دەی ئەمەش بۆ بڕی قازانجی بەدەستهاتووی سەرمایەداران زیانبەخشە. پارادۆکسێکی نێو سیستەمی سەرمایەداریی ئەوەیە، هەوڵەکان بۆ قازانجی زیاتر، سەر بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی قازانج دەکێشێت.

لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێناندا، سەرمایەداران بەدوای ئۆبێکتی ئارەزوویاندا دەگەڕێن _زیادبوونی بەردەوامی قازانج_، ئاخیرەکەی، هەمان ئەو شتە لەدەست دەدەن کە بەدوایا وێڵن [قازانج]. هەر بەو ڕەنگە، لەنێو سەرمایەدارییدا، پێچەوانەی باوەڕی باو، قەیران بەرئەنجامی کەمیی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکوو بەرئەنجامی زێدەبەرهەمهێنانە. قەیرانی سەرمایەداریی، بەرئەنجامی بەرهەمهێنانی زیاتر و ئۆبێکتی زۆرترە. وەختێک بەرهەمهێنان زیاتر دەبێت و ئابووریی سەرمایەداریی دەبووژێتەوە، ئەوکات ئابووری دەگاتە خاڵێک، چیتر بەکاربەران پارەی پێویستیان نییە بۆ کڕینی بەرهەمەکان، لێرەوە قەیران سەر هەڵدەدات. قەیرانی فرەیی و زۆروزەبەنییە، نەوەک قەیرانی دەگمەنی و کەمپەیدایی؛ ئەمەش هاوتەریبی ئەو قەیرانەیە وا هەمیشە بەرۆکی ئارەزوو دەگرێت. وەکچۆن سەرمایەداریی گیرۆدەی قەیران دەبێت، ئاواش ئارەزوو بڕێکی بێشوماری ئۆبێکتی لەبەردەستە، کەچی هیچکامیان ئەو تێربوونە ناڕەخسێنن وا بەدوایدا دەگەڕێت. لە هەردوو گۆڕەپانی بەکاربردن و بەرهەمهێناندا، سەرمایەداریی لەنێو لۆژیک و سنووردارێتیی ئەو فەنتازیایەدا گیر دەخوات، گوایە ئۆبێکتی تێرکەر بوونی هەیە. بەم فەنتازیایەوە دەنووسێت و هەمیشە هەوڵی خۆبەدوورگرتن دەدات لە تراومای ئەو شکستەی لە هەناوی سوبێکتیڤیتەدایە. کەڵەکەبوونی سەرمایە، داینەمۆی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارییە. سەرمایەدار لەپێناو کەڵەکەی زیاتر وەبەرهێنان دەکات، جا سەرمایەی زیاتر هەمان کارکردی ئۆبێکتی ئارەزووی هەیە کە بەردەوام دەردەکەوێتەوە. ئەو دەمەی بڕی پێویست لە سەرمایە کەڵەکە دەکەم، پێشبینیی تێربوون دەکەم، کەچی ئەو تێرنەبوونە ئەزموون دەکەم وا هەردەم هاوشانی بەدەستهێنانی ئۆبێکتی ئارەزووە، بۆیە بەدوای بڕێکی زیادەدا دەگەڕێم و گرێی دەدەمەوە بەو تێربوونە لەدەستچووەم. سەبارەت بە بەرهەمهێنەری سەرمایەدار، هیچ کۆسپێکی کاتیی و شوێنیی لە بەردەم ئەم پرۆسەیەی ئارەزوو و تێربووندا لەگۆڕێ نییە؛ دەکرێت بۆ ئەبەد بەردەوام بێت، هەروەها زنجیرەکانی ناکامیی باندۆر دەخەنە سەر زیادکردنی وەبەرهێنانی سوبێکت لە نێو سیستەمی سەرمایەدارییدا، چون شکستی ئەمڕۆ، وزەبەخشی بەڵێنی سبەینێیە.

ئەمە تەنها سەرمایەدار وەک سوبێکتێک ناگرێتەوە، بەڵکوو بۆ خودی سەرمایەش ڕاستە. خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە و لە سۆنگەی تێپەڕاندنی چەندێتیی خۆیەوە وەک سەرمایە خۆی بەهێز دەکات. لە کتێبی گروندریسە، مارکس وەسفێکی فیتی ئەم پێڤاژۆیە دەکات وا زایەڵەی دەروونیی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەڕەنگێنێتەوە؛ مارکس دەڵێت: «وەک نوێنەری فۆرمی گشتیی سامان_پارە_، سەرمایە پاڵنەرێکی بێکۆتا و بێسنوورە و دەتوانێت بەربەستە سنووردارکەرەکانی تێپەڕێنێت. گەرەکە هەر سنوورێک [Grenze] بۆی ببێتە بەربەست [Schranke]، گەرنا چیتر نابێتە سەرمایە_واتە پارەی خۆبەرهەمهێن» [٧] . گۆڕینی سنوور بۆ بەربەست، مەرجێکی سەرەکییە بۆ خۆبەرهەمهێنانی سەرمایەداریی. گەر سەرمایە وەها ڕەفتار بکات وەک ئەوەی سنوورەکان هەر سنووری ڕاستەقینە بن، نەوەک ببنە بەربەستێک بۆ تێپەڕاندن، ئەوا چیتر نابێتە سەرمایە، ئەوکات ئێمەش لەنێو سیستەمێکی تردا جێ دەگرین، سیستەمێک بەندە لەسەر بونیادی سوبێکتیڤیتە نەوەک لێڵبوونی سوبێکتیڤیتە [٨] .

ئەمە تەقریبەن سەبارەت بە بەکاربەری سەرمایەداریش ڕاستە. لەبری گەڕان بەدوای کەڵەکەکردنی سەرمایە، بەکاربەر بەدوای ئەو کاڵایەدا دەگەڕێت وا ئەوپەڕی تێربوون دەستەبەر دەکات کە گرێدراوە بە ئۆبێکتی لەدەستچووەوە. هەر کاڵایەکی نوێ دەگاتە بازاڕ، بەڵێنی تێربوونی هەڵگرتووە. نوێترین مۆبایل و یاریی ڤیدیۆیی و پۆشاک و ئۆتۆمبیل دەکڕم، بەو ئومێدەی ئەو تێربوونە دەستەبەر بکات وا کاڵای پێشوو شکستی هێناوە لە دەستبەرکردنی، کەچی هەموو جارێک بە ناکامیی دەگەڕێمەوە. ڕەنگە بە دەسکەوتنی کاڵای نوێ بۆ ساتێک چێژ ببینم، وەلێ دەستبەجێ دووربوونی [ئەم کاڵایە] لە ئۆبێکتی لەدەستچووی مەحاڵ دەردەکەوێت. ئەوجار دیسانەوە نغرۆ دەبمەوە لە گێژاوی ئارەزووی بەدەستهێنانی کاڵایەکی تر کە هێشتا شکستی نەهێناوە لە دەستەبەرکردنی تێربوونەکە.

دۆخی مناڵ لەنێو سەرمایەداریی هاوچەرخدا، دەرکەوتن و دەستبەجێ ونبوونی ئۆبێکتی لەدەستچوو بەرجەستە دەکات. مناڵ دەپاڕێتەوە بۆ ئۆبێکتێک، وەکبڵێی ئەم ئۆبێکتە هەموو چێژێکی ڕێتێچوو بەرجەستە دەکات؛ کەچی دوای چرکەیەک لە بەدەستهێنانی ئەم ئۆبێکتە، مناڵەکە تا دەستی دەیگرێت فڕێی دەدات، وەکبڵێی لەو تێربوونەی تۆزێک پێش ئێستە بەڵێنی پێ دەدا، خاڵیی بووەتەوە.

هەرکەس گۆڤانی ئەم ئەزموونە بەربڵاوە بێت، ئەستەمە بەرەنگاریی ڕاڤە دەروونشیکارییەکە بێتەوە دەربارەی ئۆبێکتی لەدەستچوو و ڕۆڵی ئەم ئۆبێکتە لە ئارەزووی سوبێکتدا. کتومت وەک بەرهەمهێنەری سەرمایەداریی، شکستی چەندبارەی بەکاربەر، نابێتە مایەی خاوبوونەوەی وەبەرهێنان لە پرۆسەی بەکاربردندا، بەپێچەوانەوە زیاتری دەکات. چون سەرمایەداریی سەرتاپا بەگوێرەی لۆژیکی سەرکەوتن کار دەکات، دەتوانێت پاڵنەری نەستەکیی سوبێکت بۆ شکست تێر بکات. جا بۆیە هەرکات سوبێکتەکانی سەرمایەداریی دەگەنە ئۆبێکتێکی نوێ و نائومێدکەر، تێرنەبوونێکی بەردەوام ئەزموون دەکەن؛ ئیتر لە ڕێی ئەو دووبارەبوونەوەی بەرئەنجامی گەڕانی بەردەوامە بەدوای کاڵای دواتردا، تێربوون دەدۆزنەوە. بۆ مانەوەی سەرمایەداریی لە دەسەڵاتدا ئەم دینامیکە گەلێک پێویستە. ئەگەر سەرمایەداریی تەنها تێرنەبوون و بەڵێنی تێربوونێکی لە ئاییندەدا پێشکەش بکردایە، ئەوکات سوبێکتەکان هەرگیز بەرانبەر ئەم سیستەمە نەرمییان نەدەنواند. بەڵام سەرمایەداریی تێربوونێکی ڕەسەن دەستەبەر دەکات _تێربوونی لەدەستدان_ لەژێر پەردەی تێرنەبووندا. ئەوەی وەک جووڵەیەکی تێرنەکەر دەردەکەوێت و لە کاڵایەکەوە بەرەو کاڵای دواتر پاڵمان دەنێت، ڕاستییەکەی دووبارەبوونەوەیەکی تێرکەری لەدەستدانی ئۆبێکتە. وەهمی بەدەستهێنان بەڵێنی هەڵاتن لە تراومای سوبێکتیڤیتە دەڕەخسێنێت، کەچی سوبێکت سەرتاپێ لەنێویدا جێگیر دەکات.

لەڕێی فەراهەمکردنی تێربوون لە فۆرمی تێرنەبووندا، سەرمایەداریی تاڕادەیەک لە تراومای سوبێکتیڤیتە بەدوورمان دەگرێت، بەبێ دوورخستنەوەی ئەو تێربوونەی پێشکەشی دەکات، هەر ئەمەش بلیمەتیی سەرمایەدارییە.

بۆ ئەوەی لە پەیوەندیی نێوان تێربوون و تێرنەبوون لەمیانی کارکردنی سەرمایەدارییدا تێبگەین، نابێت وەسوەسەی جیاکردنەوەیان فریومان بدات. وەکبڵێی هەریەک لەم دوو کۆنسێپتە دوو ڕوانینی جیاواز بۆ هەمان بونیاد بەرجەستە بکەن، کەچی خۆی لەبنەڕەتدا هیچ بونیادێکی تایبەت دەستنیشان ناکات. تێرنەبوونی بەردەوام و ئومێدی ئاییندە، فۆرمی دەرکەوتنی تێربوونی سوبێکتە، فۆرمێکی دەرکەوتنی سازاوە لەگەڵ ئاگایی و سیستەمی سەرمایەداریی. وەلێ ئەم دەرکەوتنە لەخۆڕازیبوونی سوبێکت داناشکێنێت، ئەو تێربوونەی لە سایەی ڕژێمی سەرکەوتنی سەرمایەدارییدا بەردەوام دەبێت. سوبێکت لە سایەی سەرمایەدارییدا تێر دەبێت، بەڵام تا ئەو کاتەی لە نێو سیستەمی سەرمایەدارییدا وەبەر دەهێنرێت ناتوانێت دان بەم تێربوونەدا بنێت.

مکوڕبوونی سەرمایەداریی لەسەر وەهمی سەرکەوتن لە سەر حیسابی زەروورەتی شکست، بۆ کارکردنی ئەم سیستەمە پێشمەرجێکی بنەڕەتییە. ئەو سوبێکتانەی ئەم وەهمە قبووڵ ناکەن، بەردەوام عەوداڵی ئۆبێکتی ئارەزووی نوێ نین، بۆیە نابنە بەکاربەر و بەرهەمهێنەری باش، بەمەش تەگەرەیەک دەخەنە نێو کارکردنی سیستەمی سەرمایەدارییەوە. خۆیان بە ئۆبێکتە کۆنباوەکان قایل دەکەن و دان بەو تێربوونەدا دەنێن وا لە شکستی ئۆبێکت بۆ بەدیهێنانی ئارەزووەکەیانەوە بەرجەستە دەبێت. لەو سوبێکتانە نین بە کەمتر لە ئۆبێکتە تێرکەرەکان پێمل نەبن (وەک ئەوەی لایەنگری پرەنسیپی واقیع بن)، لەبری ئەوە، تێربوونی خۆیان لە کەموکورتیی ئۆبێکتدا دەدۆزنەوە. ئەو ئۆتۆمبیلەی لاکانی قوپاوە و بە هەزارحاڵ بە هەورازەکاندا هەڵدەزنێ، بۆ ئەم سوبێکتانە سەرچاوەی تێربوونە.

پاڵەوانە مەزنەکانی ئەدەبی ئەمریکیی _کاپتن ئەهاب، هەک فین، جەی گاتسبی، حیکایەتخوانی پیاوی نەبینراو_، هەرگیز ئەم هەنگاوە نانێن. لەکۆتایی هەر ڕۆمانێکدا، ئەم کارەکتەرانە بەدوای ئۆبێکتێکی گونجاودا دەگەڕێن، تەنانەت گەر بەم کارەش دژی نەزمی کۆمەڵایەتیی بوەستنەوە.

هەک فین شارستانییەت جێ دەهێڵێت، بە ئومێدی دۆزینەوەی ئەو ئۆبێکتەی ئارەزووەکەی بەدی دەهێنێت. بەم مانایە، ئەویش هاوشانی ئەوانی تر، دیلی دەستی ئەو لۆژیکی سەرکەوتنەیە وا سەرمایەداریی پێشنیاری دەکات. هەرچەند ئەم پاڵەوانانە بێنێوەڕۆکیی فەنتازیای ئەمریکیی دەردەخەن، بەڵام هێشتا باوەڕیان بە هەبوونی ئۆبێکتی تێرکەری ڕاستەقینەیە. واتە، هێشتاش وەک نموونەی هەرە بەرچاوی سوبێکتیڤیتەی سەرمایەداریی دەمێننەوە.

وەختێک مرۆڤ درک بەوە دەکات هیچ ئۆبێکتێک تێربوونی تەواوەتیی ناڕەخسێنێت، ئەوکات دەتوانێت لەڕووی دەروونییەوە لە سەرمایەداریی بێبەریی بێت. لێرەدا، مرۆڤ دەتوانێت بەشداربوون لە بەرهەمهێنانی بەردەوامیی سەرمایەداریی ڕەت بکاتەوە، ئەم ڕەتکردنەوەیەش یەکانگیرە لەگەڵ ڕەتکردنەوەی لۆژیکی سەرکەوتن. ڕاستە ئەم ڕەتکردنەوەیە بە تەنها نابێتەی مایەی کەوتنی سەرمایەداریی، وەلێ پێشمەرجی سیاسەتی شۆڕشگێڕییە. سەرمایەداریی لە ڕێی یەخسیرکردنی ئارەزووی سوبێکتەکانەوە، پاڵیان دەنێت بۆ وەبەرهێنان لەنێو بەرهەمهێنانەوەی سیستەمدا، بەڵام ڕێک هەر لەم ئاستەدایە، سوبێکت پێی دەکرێت کە دەستبەرداری سیستەمی سەرمایەداریی ببێت. خودی لۆژیکی سوبێکتیڤیتە لەگەڵ سەرمایەداریی نەسازە، بۆیە ڕێخۆشکەرە بۆ ئەڵتەرناتیڤێک کە دەتوانێت وێنای شێوازێکی تری بەرهەمهێنان و بەکاربردن بکات.

لەخۆڕازیبوونی سوبێکت پێویستیی سەرمایەداریی ئاڕاستە دەکات بەرەو ئەو سوبێکتانەی هەرگیز لەخۆیان ڕازیی نین. ئەم لەخۆڕازیبوونە لەنێو سیستەمی سەرمایەدارییدا مایەی سەرئێشەیە، چونکە ئایدۆلۆژیای سەرمایەداریی هەردەم تەقەلایەتی تا ئەم هەستی لەخۆناڕازیبوونەی سوبێکت بئافرێنێت. ئافراندنی ناڕازیبوون و تێرنەبوون، تاکە ئامانجی ڕیکلامە. ئەم ڕیکلامە وێنەی پیتزایەکی گوایە بەتام پیشان دەدات، نیازێتی باوەڕ بە بینەران بهێنێت هەرچییەک ئێستە هەیانە، هاوتای چێژی ئەم پیتزایە نییە؛ یان پارچەیەک ئاوازی گۆرانییەکی نوێ بڵاو دەکاتەوە، گوایە لە هەموو گۆرانییەکی کۆن بەچێژترە. بەکاربەری لەخۆڕازیبوو چیتر بەکاربەر نییە، بۆیە چەمکی ڕازیکردنی کڕیار لە بنەڕەتدا چەمکێکی گومڕاکەرە. ڕەنگە کۆمپانیاکان ئاستێک لەخۆڕازیبوونی کڕیاریان بوێت، بەڵام ئامانجیان ئەوەیە، ئەوەندەش ناڕەزاییی و تێرنەبوونی ڕەهایە بمێنێتەوە، تا کڕیار بگەڕێتەوە بۆ کڕینی کاڵای نوێ. ئەو سوبێکتەی لەدەستدانە بونیادییەکەی قەبووڵ دەکات، تەرێز لەم ناڕەزابوون و تێرنەبوونە دەگرێت. ستراتیژی بەرهەمهێنان بۆ لەباوکەوتنی پلان بۆدانراو، پێکهێنەرێکی سەرەکییە بۆ فراوانبوونی بەردەوامی سەرمایەداریی، هەروەتر پشت بە هەبوونی ئەو سوبێکتانە دەبەستێت وا باوەڕ بە بەڵێنی کاڵا نوێیەکان دەکەن. هەمان ئەو سوبێکتانەی تێربوونی نێو کاڵا شکستخواردووەکەیان لەکیس چووە؛ واتە ئەو تێربوونەی بەرئەنجامی شکستە، ئەو تێربوونەی سوبێکتەکانی نێو سەرمایەداریی ئەزموونی دەکەن بێ ئەوەی درکی پێ بکەن.

سەرچاوە:

 

– Todd McGowan, Capitalism and Desire: The Psychic Cost of Free Markets, Columbia University Press, ٢٠١٦.

[١] – Subject.

[٢] – The lost object.

[٣] -لە سەرەتای پەڕتووکی «دەستنووسە ئابووریی و فەلسەفییەکان» مارکس پێی وایە، سەرمایەداریی لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی پێویستیی نوێوە کار دەکات، دەیبەستێتەوە بە فەوتانی ئەو سوبێکتەی ئەم پێویستییە نوێیانەی دەست دەکەوێت. دەڵێت: «هەر کەسێک لای خۆیەوە گریمانەی ئافراندنی پێویستییەک دەکات لەنێو ئەوی تردا، تاوەکو ئەوی تر بۆ قوربانیدانی نوێ هان بدات، بیخاتە نێو وابەستەبوونێکی نوێ، ڕایبکێشێت بەرەو شێوازێکی نوێی تێربوون، تا سەر دەکێشێت بۆ داڕمانی ئابووریی». Karl Marx, Th e Economic and Philosophic Manuscripts of ١٨٤٤ , trans. Martin Milligan (New York: International, ١٩٦٤) , ١٤٧

[٤] – Metonymy.

[٥] – surplus-value.

[٦] – Karl Marx, Capital: A Critique of Political Economy, vol. ٣, trans. David Fernbach (New York: Penguin, ١٩٨١) , ٣٤٧.

[٧] – Karl Marx, Grundrisse , trans. Martin Nicolaus (New York: Penguin, ١٩٩٣) , ٣٣٤.

[٨] – ڕاستییەکەی، چەمکی [Grenze] هەروا بە سادەیی مانای سنوور نییە، بەڵکو مانای سنووری نێوان نەتەوەکانیش دەگرێتەوە، ئەمەش ئەوەندەی تر گرنگی دەبەخشێتە بانگەشەکەی مارکس. سنووری نەتەوەیی هەرگیز نابێتە سنوورێک لەبەردەم سەرمایە، وەک مارکس بانگەشەی بۆ دەکات، سەرمایەداریی هەر لە سەرەتاوە جیهانگیر بووە.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

ئەمەش ببینە
Close
Back to top button


Like this:

Like Loading...