لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالیزم و ئەدەب

فازڵ مەحموود
لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالزم یەکێکە لە لێکۆڵینەوە نێوبوارییەکان [١] و گرنگیی بە لێکەوتەکانی کۆلۆنیاڵیزم لە سەر ناوچە داگیرکراوەکان و پەیوەندییە کەلتوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دەدات. واتە لێکۆڵینەوەی کۆڵۆنیالیستی لە بری گرنگیدان بە داگیرکاریی سەربازیی و سیاسی، جەخت لەسەر شەنوکەو و کاریگەریی دەسەڵاتی کەلتووریی و میدیایی دەسەڵاتی داگیرکەر لە سەر کەلتووری داگیرکراو دەکات.
مەبەست لەوە کایەیەکی نێوبوارییە، ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەمجۆرە ڕوانین و لێکۆڵینەوەیە لەپێناو تیۆریزەکردن پەنا بۆ کۆمەڵێک تیۆری تر لە کایەی جیاوازتری وەک مارکسیسزم و فێمینیزم و پۆست مۆدێرنیزم دەبات، خاڵی جیاوازیشی لە گەڵ ئەم کایانە ئەوەیە؛ کە لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالیستی زیاتر جەخت لە سەر دەسەڵاتی کولتووری دەکاتەوە و واتا قووڵە مێژووییەکەی لەبەرچاو دەگرێت.
یەکێک لەو دەقانەی سەرچاوەی تیۆریی ئەمجۆرە لێکۆڵینەوانەیە، کتێبی ‹ڕۆژهەڵاتناسیی› ئیدوار سەعیدە؛ ئیدوارد سەعید دیسکۆرس یان گوتار بە فۆرمێکی زمانی دەسەڵات دەزانێت کە کەڵک لە دەسەڵات بۆ پەرەپێدانی نواندنەوەی خۆیان لە ڕۆژهەڵات وەردەگرن. لەو کتێبەیدا ئیدوارد سەعید بە لێکۆڵینەوە لە گوتەی لێکۆڵەران و گەڕیدەکان و سەفەرنامەکان ئەوە پیشان دەدات، کە چۆن ئەورووپییەکان لە قۆناغی پاش ڕۆشنگەری، سەرەتا ڕۆژهەڵات بە شێوازی نووسین داگیر دەکەن. گوتاری جیاکاریی (ڕۆژهەڵاتناسی) توانی ڕۆژهەڵات وەک ئەوی ترێکی بەربەریی پیشان بدات. بۆ نموونە سەبارەت بە عەرەبەکان وا وێنایان کردوون کە کۆمەڵێک حوشترسواری تیرۆریستن و دژ بە شارستانیەتن… لێرەدا ڕۆژئاوا وەک چەق و ڕۆژهەڵات وەک پەراوێز وەک بابەتی لێکۆڵینەوە سەیر دەکرێت، یاخود بە تێما فۆکۆییەکەی ئەقڵانیەتیی ڕۆژئاوایی دەیەوێت دنیایەک لە دەرەوەی خۆی دەستنیشان بکات و هەرچی کەوتە دەرەوەی ئەم دونیایە، وەک شێت و دژەئەقڵ و دژەڕۆشنگەریی بیناسێنێت.
ئەوەی فرەتر لەم وتارەدا جەختی لێ دەکەینەوە پەیوەندیی ئەدەب و کاریگەریی لێکۆڵینەوەی پۆستکۆڵۆنیالیزمە. لێکۆڵینەوە و ئەدەبی پۆستکۆلۆنیالیزم پەیوەندییەکی قووڵ و ئاڵۆزیان وا لە نێواندا و بە شێوەی هاوبەرانبەر تێگەیشتنی ئێمە بۆ جیهانی پاش داگیرکاریی و کۆلۆنیاڵیزم درووست دەکەن. ئەدەبیش هاوشێوە و هاوشانی لێکۆڵینەوەی پۆست کۆڵۆنیالیستی دەبێتە ئامرازێکی بەهێز بۆ دەربڕینی ئەزموون و کێشمەکێش و بەرەنگاریی بەرانبەر لێکەوتەکانی کۆڵۆنیاڵیزم. یەکێک لەو کارانەی دەشێت لەم بوارەدا ئەدەب وەک کەرەستەی خۆی پێی هەڵسێت، تێکشکاندنی بنیادی گێڕانەوەی کۆلۆنیاڵییە. بۆیە بەرهەمە ئەدەبییە پۆستکۆلۆنیاڵییەکان زۆر جار وەک کەرەستەیەکی بەهێز بۆ تێکشکاندنی بنیادی گێڕانەوەی کۆلۆنیاڵیی دەجووڵێنەوە، ئەم نووسەرانە کڵێشە سەپێنراوەکان وەلا دەنێنن و مێژوو و کەلتووری خۆیان لە ڕوانگەیەکی خۆجێی و تێڕوانینی ناوچەیی خۆیانەوە دادەڕێژنەوە.
یەکێک لە ناودارترین و باشترین ئەو ڕۆمانانەی دەکەوێتە ئەم خانەیەوە، ڕۆمانی «هەموو شتێک هەڵدەوشێتەوە [٢] » ی نووسەری نیجێریایی چینوا ئاچێبێیە [٣] ؛ ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی ژیانی پاڵەوانەکەی سەرخێڵی ئیبگۆیە، جا بە گێڕانەوەی ژیانی ئەو خوێنەر بەر سیمای ڕاستەقینەی ئەفریقا و کاریگەریی ئەورووپییەکان لە سەری دەکەوێت؛ لەم ڕۆمانەدا نووسەر لە ڕێی گێڕانەوەی کەلتووری ئیگبۆ و ڕەشپێستەکان، گێڕانەوەیەک دژ بە گێڕانەوەی کۆلۆنیاڵیی دەخاتە ڕوو. ئەو لێرەدا دەیەوێت بەرانبەر هەژموونی گێڕانەوەی ئەورووپییەکان بەدیلێکی تر بۆ ناساندنی ناسنامە و شێوازی ژیانی ئەفریقییە ڕەشپێستەکانی خێڵی ئیگبۆ بخاتە ڕوو. ئاچێبێ خۆی سەبارەت بە نووسینەکانی و ئەم ڕۆمانەی دەڵێت: «گەر نووسینەکانم تەنیا هەر ئەوە فێری خوێنەرەکانم بکات کە ڕابردوویان شەوێکی دوورودرێژ لە بەربەریەت نەبووە تاکوو ئەوروپییەکان لەلایەن خواوە هاتبن و ئەوانیان لەم شەوە ڕزگار کردبێت، ئاسوودە دەبم». لێرەدا ئەوەی ئاچێبێ دەیکات ئاوەژووکردنەوەی گێڕانەوەی ئەورووپییەکانە، ئەویش دانانی ئەوان لە شوێنی ئەوی تردا و دانانی خەڵکی خۆجێی وەک چەق و گێڕانەوەی مێژوو و ناسنامە و کەلتوور لە ڕوانگەی خۆیانەوەیە. لێرەدا جۆرێک لە لەکۆڵۆنیاڵیزمخستن دەبینرێت، واتە ئەو هەژموونەی لە ڕێی زمان و کەلتوور لە خوێندنگە و فێرگەکان بەسەر مناڵاندا دەسپێندرا و وا پیشان دەدرا کلتووری ڕۆژئاوا و زمانەکەی لە بەهایەکی باڵاوە هەڵدەقووڵێت و گەرەکە مرۆڤ لە بەرانبەردا ملکەچی هەژموونە داگیرکارییەکانیشیان بێت، هەڵدەوشێتەوە؛ ئەم بەرهەمە گەرچی خۆی بە زمانی ئینگلیزیی نووسراوە، بەڵام پیشانی دەدات کە بەهابەخشین و لەسەرترزانینی زمان و کەلتووری ئەورووپیی وەک زمان و کەلتوورێکی باڵا، گونجاوترین شێواز بۆ بەردەوامیی و هەژموونی دەسەڵاتی داگیرکەرە لە زەینی مرۆڤەکاندا. واتە ئەگەرچی دەسەڵاتە سەربازیی و سیاسییەکە نەماوە، بەڵام کۆڵۆنیاڵیزمی کەلتووریی بە گوژمێکی تر و بە دەساوێژی داگیرکردنی زەینیی کەسەکان درێژە بە بوون و ژیانی خۆی دەدات. گەر دوور نەڕۆین کوردستانی خۆمانیش کە داگیرکراوی دەستی ئینگلیز بووە، تا ئێستاش ئەم لێکەوتانەی لێ بەدی دەکرێت. تەنانەت پێش ئەوەش زمانی ئینگلیزیی وەک زمانی تەکنەلۆژیا و بازرگانی شوێن بە زمانە ئەورووپییەکانی تر لێژ بکات، خواست بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزیی لە کوردستان وەک زمانی کەلتوورێکی باڵادەست سەیر دەکرا و سەیر دەکرێت. بەداخەوە تەنانەت ئەمجۆرە لە تێڕوانین کە بەرهەمی کۆڵۆنیاڵیزمی بریتانییە، لە ساڵانی ڕابردوودا کاریگەریی لە سەر حکومەت و وەزارەتی پەروەردەی ئەم وڵاتە کرد کە پەیڕەوی خوێندنی ئەم وڵاتە بکەن بە ئینگلیزی. بێ بیرکردنەوە لەوەی ئەم شتە چەند دەتوانێت ناسنامەی تاکی کورد تێکبشکێنێت و تا ئەبەد گرێی خۆبەکەمزانین و بێمتمانەیی تێدا درووست بکات. لێرەوە دەمەوێت بچمە نێو یەکێک لە چەمکەکانی ئەم ئەدەبە، ئەویش درووستبوونی جووتکەلتوورییە [٤] وەک دیوی تێکشاندنی ناسنامە و لێکەوتەی تری کۆڵۆنیاڵیزم.
ئەم چەمکە یەکێکە لە بنچینەییترین چەمکەکانی تیۆریسیەنی هیندیی هومی بهابها. بە بۆچوونی ئەو جووتکەلتووریی پرۆسەیەکە کە تێیدا ڕەگەزی کەلتوور و ناسنامە و لە ژێر بەرکەوتنە مێژوویی و سیاسییەکاندا تێکەڵ بە یەک دەبن تا جۆرە نوێیەکانی کەلتوور و ناسنامە ڕەنگڕێژ بکەن. لێرەدا ئەو ناسنامەیەی بەرهەم دێت، ناسنامەیەکی سادە و پێشبینیکراو نییە، بەڵکوو ناسنامەیەکی سەرومڕ نوێ و پێشبینینەکراوە. یەکێک لەو ڕۆمانانەی بە شێوەی ڕیالیزمی جادوویی ئەم جۆرە شوناسە نوێیە جووتکولتوورییە دەنوێنێتەوە، ڕۆمانی «مناڵانی نیوەشەو» ی سەلمان ڕوشدییە. ئەم ڕۆمانە لە شەوی لەدایکبوونی سەلیم سینای شاکەسی ئەم ڕۆمانە، واتە ساڵی ١٩٤٧ و سەربەخۆیی هیندستان و ڕزگاربوونی ئەو وڵاتە لە داگیرکاریی ئینگلیز دەست پێ دەکات. وەک وتمان ئەم ڕۆمانە بۆ پیشاندانی سەربەخۆیی هیندستان و ئینجا دەستپێکی کارەساتێکی قووڵتر سوود لە ژانری ڕیالیزمی جادوویی وەردەگرێت. لێرەدا هیندستان کایۆسێکی سەیر ئەزموون دەکات، ئەویش سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی خۆیەتی بەرانبەر تێکەڵبوونی لەگەڵ ئەو کەلتوورەی کۆلۆنیاڵیزم وەک میرات بۆی بەجێ هشتووە. لێرەدا سەلیم دەرخەری ئاڵۆزی ناسنامەی پۆستکۆڵۆنیاڵیزمە. جا پیشانی دەدات کە جووتکلەلتووریی نەک تەنیا کەسەکان بەڵکوو کۆمەڵگاکانیش پێک دەهێنێت. بەو واتایەی لێرەدا شوێنێکی سێیەم درووست دەبێت و لەوێدا ترادسیۆنە و گێڕانەوە مێژوویی و کاریگەرییەکانی کۆلۆنیاڵیزم بەر یەک دەکەون و سنوورە کەلتووریی و نەتەوەییەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ژانری ڕیالیزمی خەیاڵیش باشترین ژانرە تا لێیەوە لە ڕێی تێکەڵکردنی مێژوو و خەیاڵ و فەنتازیا ئەو فەزا و شوێنە سێیەمە و دروستبوونی کارەکتەر و ناسنامە نوێ کە بەرهەمی کۆلۆنیاڵیزمە، پیشان بدات.
گرنگیی ئەدەبی پۆستکۆلۆنیاڵیزم لەوەدایە کاریگەریی کۆلۆنیاڵیزم و لێکەوتە کاولکارەکانی لەو ڕوانگانەوە پیشان دەدات کە زۆرجار لەبەرچاو ناگیرێت. سا جارێکی پرسی ناسنامە و کەلتوور و نەتەوە زیندوو دەکاتەوە و یارمەتیی سەرلەنوێ بیرکردنەوە لە ناسنامەی مرۆڤی پاش داگیرکاریی دەدات.
سەرچاوە:
– Dominque Combe , etudes postcoloniaale et genres litteraire, article en pdf.
– Ousmane sembena, la literature postcoloniale en Afrique, ed, presence Africaine.
[١] – interdisciplinaire
[٢] – Things fall Apart
[٣] – Chinua Achebe
[٤] – Hybridite culturelle