گۆشەی ئازد

کۆڵۆنیاڵ و دژماناکانی چەمکی کۆزمۆپۆلیتانیزم لای ئیمانوێل کانت

تەنها لە ڕێگەی دامەزراندنی پێکهاتەیەکی یاسایی و سیاسی جیهانییەوە دەتوانرێت ئاشتی هەمیشەیی و چارەسەری ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان دەستەبەر بکرێت.

شاهۆ عوسمان

 

داگرتنی فایلی PDF

 

ئەگەرچی کانت ڕاستەوخۆ لەبارەی کۆلۆنیالیزمەوە نەینووسیوە، بەڵام بیروڕاکانی سەبارەت بە یەکسانیی مرۆڤەکان (Gleichheit) و ڕەتکردنەوەی کۆیلایەتی (Sklaverei)، کاریگەرییان لەسەر ڕەخنەگرتن لە کۆلۆنیالیزم هەبووە. هەندێک لەو چەمک و بنەما فەلسەفییانەی کانت کە پەیوەندییان بە کۆلۆنیالیزمەوە هەیە، لەنزیکەوە پەیوەندییان بەو دۆخەوە هەیە.

چەمکە سەرەکییەکان

١. ئیمپەراتیڤی ڕەها (Kategorischer Imperativ): کانت پێی وایە مرۆڤ پێویستە هەمیشە بە شێوەیەک ڕەفتار بکات کە پرەنسیپەکانی (Grundsätze) ببنە یاسایەکی گشتی. بەپێی ئەم پرەنسیپە، کۆیلایەتیی و چەوساندنەوەی مرۆڤەکان ناڕەوایە، چونکە ناکرێت ببێتە یاسایەکی گشتیی و جیهانیی.

٢. مرۆڤ وەک ئامانج (Menschheit als Zweck): کانت جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە مرۆڤەکان هەمیشە وەک ئامانج لە خۆیاندا (Zweck an sich) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ئامڕاز (Mittel). ئەمە بەواتای ڕێزگرتن لە ئازادیی و بەهای تاکەکانە. کۆلۆنیالیزم پێچەوانەی ئەم پرەنسیپەیە، چونکە مرۆڤەکان وەک ئامڕاز بۆ بەرژەوەندیی کۆلۆنیالیستەکان بەکار دەهێنێت نەک وەک ئامانج لە خۆیاندا.

٣. کۆنفیدراسیۆنی جیهانیی (Weltbürgerrecht): کانت لە وتارەکەیدا بەناوی (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی) باسی پێویستی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنێکی جیهانیی دەکات، کە تێیدا هەموو مرۆڤەکان وەک هاووڵاتی یەکسان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەمە بەواتای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە ئیمپریالیزم (Imperialismus) و داگیرکارییەکە.

٤. کۆزمۆپۆلیتانیزم (Kosmopolitismus): ئەمە چەمکە سەرەکی و سەنتەرییەکە لای کانت کە پشتیوانی لە بیرۆکەی هاووڵاتیبوونی جیهانیی دەکات و پێی وایە هەموو مرۆڤەکان ئەندامی کۆمەڵگەیەکی جیهانین و پێویستە بەپێی پرەنسیپە ئەخلاقییە گشتییەکان مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. ئەم بیرۆکەیە دژی ئەو جیاکاریی و سنووربەندییە نەتەوەیی و ئیتنیکییانەیە وا بناغەی کۆلۆنیالیزمن. هەرچەندە کانت لە هەندێک بابەتدا بۆچوونی جیاوازی هەبووە (بۆ نموونە لەبارەی نەژادەکانەوە)، بەڵام بنەما فەلسەفییەکانی سەبارەت بە ئازادیی، یەکسانی و کەرامەتی مرۆڤ، بوونەتە سەرچاوەی سرووش بۆ ڕەخنەگرتن لە کۆڵۆنیاڵیزم و داکۆکیی لە مافی گەلانی ژێردەستە.

لە پەراوێزی چەمکە سەرەکییەکانەوە

ئیمپەراتیڤی ڕەها (Kategorischer Imperativ):

کانت ئەم چەمکە لە کتێبی «بنەماکانی میتافیزیکای ئەخلاق» (Grundlegung zur Metaphysik der Sitten) باس دەکات. بەپێی ئەم پرەنسیپە، کردارێک تەنها کاتێک ئەخلاقییە کە بتوانرێت وەک یاسایەکی گشتی بۆ هەموو مرۆڤەکان جێبەجێ بکرێت. کانت دەڵێت: «کردار بەپێی ئەو پرەنسیپە ڕێک بخە کە لەهەمان کاتدا دەتەوێت ببێتە یاسایەکی گشتی» (Handle nur nach derjenigen Maxime, durch die du zugleich wollen kannst, dass sie ein allgemeines Gesetz werde). بەپێی ئەم بنەمایە، کۆیلایەتی و چەوساندنەوەی مرۆڤەکان، وەک ئەوەی لە کۆڵۆنیاڵیزمدا ڕووی داوە، ناتوانرێت قەبووڵ بکرێت، چونکە ناکرێت وەک یاسایەکی گشتی بۆ هەموو مرۆڤایەتی سەیر بکرێت.

مرۆڤ وەک ئامانج (Menschheit als Zweck):

کانت ئەم بیرۆکەیەش لە (بنەماکانی میتافیزیکای ئەخلاق) شی دەکاتەوە. پێی وایە پێویستە هەموو مرۆڤەکان (هەمیشە لەهەمان کاتدا وەک ئامانج لە خۆیاندا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، نەک وەک ئامراز،

(Handle so, dass du die Menschheit sowohl in deiner Person, als in der Person eines jeden andern jederzeit zugleich als Zweck, niemals bloß als Mittel brauchst).

ئەمە بەواتای ڕێزگرتن لە شکۆ (Würde) و سەربەخۆیی مرۆڤەکانە. کۆڵۆنیاڵیزم ئەم بنەمایە پێشێل دەکات، چونکە داگیرکەران خەڵکی ژێردەستە وەک ئامراز بۆ بەدیهێنانی ئامانجە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیان بەکار دەهێنن.

کۆنفیدراسیۆنی جیهانی (Weltbürgerrecht):

لە وتاری (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی (Zum ewigen Frieden)، کانت جەخت لە پێویستی دامەزراندنی کۆنفیدراسیۆنێکی جیهانی دەکاتەوە، کە بنەماکانی مافی نێودەوڵەتی (Völkerrecht) و مافی هاووڵاتیبوونی جیهانیی (Weltbürgerrecht) بپارێزێت. کانت پێی وایە (مافی هاووڵاتیبوونی جیهان پێویستە بە مافی میواندارێتی (Hospitalität) سنووردار بکرێت، واتە مافی هەموو بیانییەک بۆ ئەوەی لەلایەن دەوڵەتێکەوە وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت ئەگەر بە ئاشتی سەردانی خاکەکەی بکات.

(Das Weltbürgerrecht soll auf Bedingungen der allgemeinen Hospitalität eingeschränkt sein).

ئەم دیدگایە دژی داگیرکاری و زاڵبوونی کۆڵۆنیاڵیستییە.

کۆزمۆپۆلیتانیزموس (Kosmopolitismus):

کانت لە بەرهەمەکانیدا، بە تایبەتی (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی) و (ئایدیای مێژوویەکی گشتی لە ڕوانگەیەکی کۆزمۆپۆلیتانییەوە» (Idee zu einer allgemeinen Geschichte in weltbürgerlicher Absicht)، داکۆکی لە کۆزمۆپۆلیتانیزم دەکات. بەپێی ئەم بۆچوونە، هەموو مرۆڤەکان ئەندامی کۆمەڵگەیەکی جیهانین و پێویستە سەروەری یاسا و ئەخلاقی گشتی بپارێزن. کانت پێی وایە مێژووی مرۆڤایەتی بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی کۆزمۆپۆلیتانی دەڕوات، کە تێیدا (پێشێلکارییەکان لە هەر شوێنێک وەک پێشێلکاری هەموو شوێنەکان هەست پێ دەکرێت

« (DieVerletzung des Rechts an einem Platz der Erde an allen gefühlt wird).

ئەم بیرۆکەیە بناغەیەکی فەلسەفی میراتێکی گەورە بۆ بیرکردنەوە بۆ دژایەتیکردنی کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزم دابین دەکات.

کۆزمۆپۆلیتانیزم وەک بەجیهانیبوونی مرۆڤایەتیی

ئەم چەمکە پێناسەیەکی یەکگرتووی مرۆڤایەتی وەک کۆمەڵگەیەکی جیهانی پێشکەش دەکات، کە تێیدا هەموو تاکەکان وەک هاووڵاتیی جیهان (Weltbürger) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی، ئیتنی، یان کەلتوورییەکانیان. بەپێی کانت، کۆزمۆپۆلیتانیزم لە سەر بنەمای ئەوە وەستاوە کە هەموو مرۆڤەکان ئەندامی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی جیهانین (Eine moralische Weltgesellschaft) و پێویستە بەپێی هەمان پرەنسیپە ئەخلاقییە گشتییەکان ڕەفتار بکەن. ئەمە بە واتای ئەوەیە مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی تاکەکان پێویستە لە هەموو شوێنێکی جیهاندا ڕێزی لێ بگیرێت، جا بەبێ ڕەچاوکردنی سنوورە نەتەوەیی و سیاسییەکان. لە ڕوانگەی کانتەوە، هەر زیانێک بە مافەکانی مرۆڤ لە هەر شوێنێکدا، وەک زیان بە هەموو مرۆڤایەتی سەیر دەکرێت. لای کانت مێژووی مرۆڤایەتی بە ئاڕاستەی پێشکەوتنی بەردەوام بەرەو پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی کۆزمۆپۆلیتانی هەنگاو دەنێت، کە تێیدا دەوڵەتان لە چوارچێوەی کۆنفیدراسیۆنێکی جیهانیدا هاوکاری دەکەن و مافەکانی هەموو هاووڵاتیانی جیهان دەپارێزن.

ئەم پێشبینییە فەلسەفییە مێژووییە (geschichtsphilosophische Prognose) بە ئایدیای (پلانی نهێنی سرووشتەوە) (geheimer Plan der Natur) گرێ دراوە و بەپێی کانت، مێژووی مرۆڤایەتی بەرەو ئامانجێکی کۆتایی، واتە دامەزراندنی سیستمێکی کۆزمۆپۆلیتانی ئاڕاستە دەکرێت. بیرۆکەی کۆزمۆپۆلیتانیزمی کانت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقی هەبووە. ئەم چەمکە بناغەیەکی فەلسەفی بۆ دژایەتیی کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزم فەراهەم دەکات، چونکە ئەم دیاردانە لە سەر بنەمای جیاکاریی و سەپاندنی دەسەڵاتی نایەکسان لەنێوان گەلان و کەلتوورەکاندا وەستاون. بە پێچەوانەوە، کۆزمۆپۆلیتانیزم داوای یەکسانیی، دادپەروەریی، و ڕێزگرتنی دووقۆڵی لەنێوان هەموو مرۆڤەکاندا دەکات، سەرەڕای جیاوازییەکانیان. هەروەها بیرۆکەکانی کانت سەبارەت بە کۆزمۆپۆلیتانیزم کاریگەرییان لەسەر پەرەسەندنی یاسای نێودەوڵەتی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، و پرۆژەکانی یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەبووە.

کۆزمۆپۆلیتانیزم وەک بیرۆکەی پێشکەوتنی گەلان

کانت لە وتاری (ئایدیای مێژوویەکی گشتی لە ڕوانگەیەکی کۆزمۆپۆلیتانییەوە _١٧٨٤) بە تێروتەسەلی باسی بیرۆکەی کۆزمۆپۆلیتانیزم دەکات. لەم دەقەدا، کانت مێژووی مرۆڤایەتی وەک پرۆسەیەکی پێشکەوتنی بەردەوام بەرەو ئامانجێکی کۆتایی دەبینێت، کە بریتییە لە دامەزراندنی سیستمێکی کۆزمۆپۆلیتانی، ئەو دەڵێت،

(گەورەترین کێشە بۆ مرۆڤایەتی، کە سروشت ناچاری دەکات بۆ چارەسەرکردنی، بریتییە لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنیی، کە مافەکان بە شێوەیەکی گشتی بەڕێوە دەبات. تەنها لەناو کۆمەڵگەدا، ئەویش کۆمەڵگەیەک کە گەورەترین ئازادیی و بەمەش ناکۆکییەکی بەردەوامی ئەندامەکانی و لە هەمانکاتدا وردترین دیاریکردن و پاراستنی سنوورەکانی ئەم ئازادییە هەیە، تاکو بتوانێت لەگەڵ ئازادی ئەوانی دیکەدا بگونجێت، – تەنها لەناو ئەمەدا ئامانجی بەرزی سرووشت، واتە گەشەپێدانی هەموو توانا و لێهاتووییەکانی، دەتوانرێت لەناو مرۆڤایەتیدا بەدی بهێنرێت. کەواتە کۆمەڵگەیەک کە تێیدا ئازادی لەژێر یاسا دەرەکییەکاندا بە گەورەترین ڕادە لەگەڵ هێزێکی بەرگەنەگر یەک دەگرێتەوە، واتە دەستوورێکی مەدەنی تەواو دادپەروەرانە، پێویستە ئەرکی بەرزی سرووشت بێت بۆ مرۆڤایەتی).

لێرەدا کانت جەخت لەسەر پێویستی دامەزراندنی (کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەکاتەوە، جا ئەمە مافەکان بە شێوەیەکی گشتی بەڕێوە دەبات، ئەمەش ئامانجی کۆتایی مێژووی مرۆڤایەتییە.

ئەم کۆمەڵگە کۆزمۆپۆلیتانییە پێویستە لەسەر بنەمای دەستوورێکی (تەواو دادپەروەرانە (eine vollkommen gerechte bürgerliche Verfassung) دابمەزرێت کە ئازادیی و مافەکانی هەموو هاووڵاتیانی جیهان دەپارێزێت.

بە هەمانشێوە کانت لە وتاری (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی_١٧٩٥) بیرۆکەی مافی هاووڵاتیبوونی جیهانی (Weltbürgerrecht) دەخاتە ڕوو، بەپێی ئەوە، هەموو مرۆڤەکان مافی ئەوەیان هەیە لە هەر شوێنێکی جیهاندا وەک (هاووڵاتی (Weltbürger) مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و لە مافە بنەڕەتییەکانیان بەهرەمەند بن. ئەو دەڵێت:

(پێویستە مافی هاووڵاتیبوونی جیهانی بە مەرجەکانی میواندارێتی گشتییەوە (Hospitalität) سنووردار بکرێت. – لێرەدا، وەک لە بڕگەکانی پێشوودا، باس لە خێرخوازی نییە، بەڵکوو باسی ماف دەکرێت، لەم ڕووەوە میواندارێتیی بەو مافەی بیانییەک دەگەیەنێت کە لەبەر گەیشتنی بە خاکی کەسێکی دیکە، نابێت وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ بکرێت).

لێرەدا کانت هەوڵ دەدات بنەماکانی مافێکی جیهانی دابڕێژێت کە پاراستنی کەرامەت و مافەکانی هەموو مرۆڤەکان، بەبێ ڕەچاوکردنی سنوورە نەتەوەیی و سیاسییەکان، گەرەنتی بکات. ئەم دیدگایە بناغەیەکی فەلسەفی بۆ نەهێشتنی کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزم مسۆگەر دەکات، چونکە ئەم دیاردانە بنەماکانی مافی هاووڵاتیبوونی جیهانی و ڕێزگرتن لە مرۆڤەکان وەک (ئامانج لە خۆیاندا) پێشێل دەکەن.

 

کۆڵۆنیاڵیزم وەک پێچەوانەی پرەنسیپەکانی کۆزمۆپۆلیتانیزم

کانت کۆڵۆنیاڵیزم بە دیاردەیەکی نادادپەروەرانە و ناڕەوا دەزانێت کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی کۆزمۆپۆلیتانیزمە. لە ڕوانگەی کانتەوە، کۆڵۆنیاڵیزم لە سەر بنەمای بەکارهێنانی هێز و سەپاندنی دەسەڵاتی نایەکسان لەنێوان گەلان و کەلتوورەکاندا وەستاوە، ئەمە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتییە. کانت لە وتاری (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی) دا ڕەخنەیەکی توند لە کۆڵۆنیاڵیزم دەگرێت، مەبەستییەتی بڵێت، ئەم پراکتیکە مامەڵەیەکی دوژمنانە (feindselig) و دژ بە (مافی هاووڵاتیبوونی جیهانی Weltbürgerrech) یە. لەوێدا دەڵێت:

(ئەوانەی دەیانەوێت ئەم تاقیکردنەوەیە ئەنجام بدەن و سەرنجی ڕەفتاری نامیهرەبانانەی دەوڵەتە شارستانی و بازرگانییەکانی ئەم بەشەی جیهانەمان بدەن، دەبینن: ئەوان لە سەردانی وڵاتان و گەلانی بێگانەدا (کە لای ئەوان وەک داگیرکاریی بۆیان دەچێت) مافیان پێشێل دەکەن، ئەم وڵاتانە، ئەمریکا، وڵاتی ڕەشپێستەکان، دوورگەکانی بۆنوبەرام و هتد… لە کاتی دۆزینەوەیاندا بۆ ئەوان وڵاتی هیچ کەس نەبوون، چونکە دانیشتووانەکەیان بە هیچ دادەنان، لەشکری بێگانەیان بۆ ئەوێ برد تاکو لەوێ نیشتەجێ بن و بە گرێبەستی زۆرەملێ دەستیان بەسەریاندا گرت).

لێرەدا کانت ئاماژە بە پراکتیکە ستەمکارییەکانی کۆڵۆنیاڵیزم دەکات، وەک هێرشکردنە سەر سەرزەمینی گەلانی دیکە، پشتگوێخستنی مافی دانیشتووانی ڕەسەن، سەپاندنی دەسەڵاتی داگیرکاریی لە ڕێی هێز و گرێبەستی نایەکسانەوە. بەپێی کانت، ئەم کردەوانە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی کۆزمۆپۆلیتانیزم و مافی هاووڵاتیبوونی جیهانین، کە داوای ڕێزگرتن لە کەرامەت و ماف یەکسانەکانی هەموو مرۆڤەکان دەکەن.

بە پێچەوانەی کۆڵۆنیاڵیزمەوە، کۆزمۆپۆلیتانیزم چوارچێوەیەکی یاسایی و ئەخلاقی پێشکەش دەکات کە پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان گەلان و دەوڵەتان ڕێک بخات. کانت داوا دەکات هەموو مرۆڤەکان، سەرەڕای ڕەگەز، نەتەوە، یان کەلتووریان، وەک ئەندامی یەک کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و خاوەنی هەمان ماف و کەرامەت بن. ئەمە بناغەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دابین دەکات، کە لەسەر بنەمای هاوکاریی و ڕێزی دووقۆڵیی نێوان گەلان دامەزراوە، نەک سەپاندنی دەسەڵاتی لاوەکی. بەم شێوەیە، کۆزمۆپۆلیتانیزمی کانت وەک ئەلتەرناتیڤێکی ئەخلاقیی بۆ کۆڵۆنیاڵیزم و ئیمپریالیزم دێتە بەرچاو.

ڕیشەی چەمکی (کۆزمۆ_پۆلیت)

کۆزمۆپۆلیتانیزم یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی فەلسەفەی سیاسی و ئەخلاقی کانت. لە وشەی یۆنانی (کۆزمۆپۆلیتێس_ kosmopolitês) ەوە هاتووە و بە واتای _هاووڵاتی (ی) جیهان_ دێت. لای کانت، کۆزمۆپۆلیتانیزم ئایدیایەکی ڕێنوێنیکەرە و داوا دەکات هەموو مرۆڤەکان وەک ئەندامی یەک کۆمەڵگەی ئەخلاقی جیهانی مامەڵە لەگەڵ یەکتر بکەن، سەرەڕای جیاوازییە نەتەوەیی، کەلتووریی یان جوگرافییەکانیان. کانت لە چەند بەرهەمی جیاوازدا باسی کۆزمۆپۆلیتانیزم دەکات، بە تایبەتی لە وتارەکانی (ئایدیایەک بۆ مێژوویەکی گشتیی لە ڕوانگەیەکی کۆزمۆپۆلیتانییەوە_ ١٧٨٤) (بەرەو ئاشتییەکی هەمیشەیی_ ١٧٩٥).

لەم دەقانەدا، کانت ئەرکێکی ئەخلاقیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر بنەمای مافە یەکسانەکانی هەموو مرۆڤەکان، سەربەخۆ لە سنوورە سیاسییەکان، دادەنێت. لە ڕوانگەی کانتەوە، کۆزمۆپۆلیتانیزم پێویستییەکی ئەقڵانییە بۆ پاراستنی ئاشتی و دادپەروەری لە پەیوەندییەکانی نێوان گەلاندا. ئەو پێی وایە گەشەسەندنی مێژووی مرۆڤایەتیی بەرەو ڕێکخستنێکی کۆزمۆپۆلیتانی دەڕوات و تێیدا ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان چارەسەر دەکرێن و مافەکانی تاک لە سەر ئاستی جیهانیی دەپارێزرێن. کانت ئەمە وەک ئامانجێکی ئەخلاقیی دەبینێت کە پێویستە لە سەر هەموو دەوڵەت و تاکەکان کار بۆ وەدیهێنانی بکەن. تێگەیشتنی کانت لە کۆزمۆپۆلیتانیزم پەیوەندیی بە بیردۆزە گشتییەکانی لەبارەی ئەخلاق، ئازادی و پێشکەوتنەوە هەیە. بۆ کانت، سەربەستیی و خۆبەڕێوەبەریی تاک پێوەری بنەڕەتی کەرامەتی مرۆڤە، سیستەمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پێویستە بە شێوەیەک ڕێک بخرێن ئەم پرەنسیپانە بگرنەوە.

جێگای سەرنجە کانت کۆزمۆپۆلیتانیزم بە دژی نەتەوەخوازیی یان دەوڵەتی جیهانی نابینێتەوە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، دەوڵەتە نەتەوەییە سەربەخۆکان دەتوانن و پێویستە ببنە بەشێک لە پێکهاتەیەکی گشتگیرتری یاسایی و ئەخلاقی و مافی هەموو مرۆڤەکان بپارێزێت. مەبەستی کانت لە کۆزمۆپۆلیتانیزم هەڵوەشاندنەوەی سنوورە نەتەوەییەکان نییە، بەڵکوو دامەزراندنی چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی بوو کە تێیدا دەوڵەتان و گەلان لە سەر بنەمای هاوبەشی مافی مرۆڤ و ئازادیی کار بکەن.

هەروەک چۆن، کانت کۆزمۆپۆلیتانیزم بە پێشمەرجێکی گرنگ دەزانێت بۆ پێشکەوتنی مێژوویی مرۆڤایەتی و گەشەسەندنی ئەخلاق و ئەقڵانییەت. لە دیدی ئەوەوە، تەنها لە ڕێگەی دامەزراندنی پێکهاتەیەکی یاسایی و سیاسی جیهانییەوە دەتوانرێت ئاشتی هەمیشەیی و چارەسەری ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان دەستەبەر بکرێت. ئەمەش بنەمای سەقامگیریی و پێشکەوتنی درێژخایەنە. کەواتە کۆزمۆپۆلیتانیزم بە تەنها ئایدیایەکی سیاسی یان یاسایی نییە لای کانت، بەڵکوو بەشێکی گرنگە لە فەلسەفە گشتگیرەکەی لەبارەی مرۆڤ و کۆمەڵگە و مێژووەوە. ئامانجی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بریتییە لە دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی جیهانیی کە تێیدا مافی هاووڵاتیبوونی جیهانی بۆ هەموو کەسێک دەستەبەر دەکرێت و لەسەر بنەمای ئەخلاق و یاسای ئەقڵانی دادەمەزرێت. کۆزمۆپۆلیتانیزم پرۆژەیەکی ئەخلاقی و سیاسییە و کانت بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەوەی مرۆڤایەتی بگاتە قۆناغێکی بەرزتر لە پێشکەوتن و ڕۆشنگەریی.

سەرچاوەکان:

١. Kant, Immanuel. «Idee zu einer allgemeinen Geschichte in weltbürgerlicher Absicht.» ١٧٨٤. In: Akademieausgabe (AA) Band VIII, S. ١٥-٣١

٢. Kant, Immanuel. «Zum ewigen Frieden. Ein philosophischer Entwurf.» ١٧٩٥. In: Akademieausgabe (AA) Band VIII, S. ٣٤١-٣٨٦.

زیاتر ببینە

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button


هاوبەشیی بکە.