
هۆنراوە: شەهید عەلی حەیدەر قەیتان ‘هەڤاڵ فواد’
وەرگێڕان: نەجیبە قەرەداغی
من مرۆڤ بووم
چ جیاوازییەکم
لەگەڵ بەندەکانی تری یەزدان نەبوو
نۆ مانگ و دە ڕۆژ
مانەوە لە منداڵدانی دایک
لەدایکبوون، گەورەبوون، ئاخاوتن
گیانێکی نانخۆر بووم
لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنمدا بووم
هێشتا بیستوحەوت ساڵان بووم
نەونەمامێک بووم
ڕێهەڤاڵی جوانیی باشە و نوێگەریی و ڕاستیی بووم
دوژمنیی خراپە و دزێویی و کۆنیی و هەڵاواردن بووم
من مرۆڤ بووم
بێ ئەجەل ڕۆحیان کێشام
ڕۆژێکی ڕوونی هەژدەی جۆزەردان
تاعوونزەدە، ئاشق، لەسەر خاک ڕاکشام
جەستەی نەسڵۆکم بە فیشەکی چەور سەرتاپێ خوێناوڵ
من مرۆڤ بووم
من دۆستی ڕاستەقینەی دەنگە کپکراوەکان،
دوژمنی ستەم، چەوسانەوە و هەلپەرەستیی بووم
لە جەنگی سەربەخۆیی و ئازادییدا پێشڕەو بووم
هاوڕێ لەگەڵ گەلە چەوساوەکەم
چەک لەدەست، قارەمانانە جەنگام
لە نەبوونمدا، ناپاکان پێکیان هەڵ دەدا
نەیاندەزانی من لە گۆرانی و شینکێشی و قرمەی ناکۆتای تفەنگەکاندام
من مرۆڤ بووم
من ڕقی ناکۆتای کرێکاران
گوندنشینان و هەموو چەوساوەکان بووم
دژی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزم و پاشڤەڕۆیی ناوخۆیی بووم
دەنگدانەوەی نەعرەتەی گەلە ڕاپەڕیوەکەم بووم
من سەراپا یاخی بووم
ناپاکێک نەبووم بە پێنج قڕان خۆم بفرۆشم
سوڵتانێکی خوێنخۆر نەبووم گۆشتی مرۆڤ هەڵلووشم
مرۆڤ بووم
لە قوڵایی دەریای ڕەشدا
جەستەی منیان کردە خۆراکی ماسییەکان
من ئاگری بووم، کۆچگریی بووم
دەرسیم و زیلان بووم
ئەو ساوایە بووم ڕووناکی ڕۆژ لێی نەدابووم
بە سەر نووکی سەرنێزەکانەوە دەلەرامەوە
مرۆڤ بووم
گەر زوڵم و ئەشکەنجە، دەرد و کەسەر بیر بچنەوە
بەڵام من لەبیر ناچمەوە
چونکە داستانێکم زار بە زار دەگێڕدرێمەوە
لە چیاکان، سەنگەرەکان
گوللە بەرەو سنگی دوژمن
من نیشانەی سەر سنگی گەریلا بووم
مرۆڤ بووم
خوێنی نێو دەمی داگیرکەر بووم
کاتێک چنگ و ددانە چەوتەکانی لە جەستەم دەچەقاند
کۆمەلکوژیی، لەسێدارەدان، دەربەدەریی
نیشتەجێکراوێکی زۆرەملێ بووم
قۆڵ و قاچ بەستراوە
هاوڕێ و خزم و کەسوکار
هاوتەمەنی کێ بووم
هەر لەوێ بەنزینیان پیا پژاندم
خۆڵەمێشی پاشماوەی لەشمان ئاوێتە بوو
لەگەڵ سەدان هەزاردا قرچەقرچ سووتام
ئەوانەی منیان کوشت هاوشێوەم بوون
بەڵام من مرۆڤ بووم
مێژوو بووم من
مێژووی چەوساوە و پەراوێزخراوان
لە ناخی زوڵمەوە تێپەڕی بووم
وەک سوورایی خوێن سوور بووم
ئیمپراتۆرەکان، سوڵتانەکان، پۆلێک لە ئیبلیسەکان
ویستیان لەناوم بەرن
ڕیشەم بە خاکدا چەقاند
تا ئەمڕۆ بەرگەم گرت
من مرۆڤ بووم
کەللەی زوحاکم پەڕاند
کاوەی ئاسنگەر بووم
چەکوشم لە سندان دەوەشاند
گڕی یاخیبوون لە خاکەکەماندا دانەمرکا
مەشخەڵێکی گڕگرتوو بووم
لە هەموو ۲۱ـی ئادارێکدا
گڕگرتوویەکی ڕاستی چیاکان بووم
من مرۆڤ بووم
لەگەڵ سپارتاکۆس لە گۆڕەپانەکانی ڕۆما
یەکەم ئاوات
یەکەم گەریلای جیهان
بەرانبەر گەورەکانیان وەستا بووم
۱۸۷۹ لە پاریس و ڕووسیا بووم
مانگی ۱٠ی ۱۹۱۷ لە چین، کوبا، کۆریا
ئاڵای سوورم لە نیشتمانەکەم هەڵکرد بوو
لە لاوس، کامبۆدیا و مۆزەمبیق و ئەنگۆلا
میتراییەک بووم خوێنم هەڵدەهێنایەوە
ورگی ناپاک و داگیرکەرم دەدڕی
لە بەرەیەکەوە بۆ بەرەیەکی تر دەنگم دایەوە
ئەوانەی وڵاتپارێزییان بە ماسکێکی قێزەوەن لە ڕوو نابوو
پێش ئەجەل لەناویان بردم
من جەنگاوەرێک بووم
شەڕەکەم بۆ ژیانێکی
بێ شەڕ و پاک بوو
هێشتا بیستوحەوت ساڵ بووم
نەونەمامێک بووم
لە پێناو ئازادیی و سەربەخۆیی
بە خوێنی سوور ڕەنگ کرام
من مرۆڤ بووم
من شەڕێکی بێکۆتا
من تینووی وڵاتێکی سەربەخۆ
من ئەو خاکەم کە بۆ ئازادیی پیتێنراوم
من کوردستانم