بەلقیس، لە دوو سەردەمی جیاوازدا
توند پەنجەی ئاماژەی دایکی گوشی و ڕایتەکاند، پرسی: (دایە دایە، بۆچی ئەو کچە بچووک بچووکانە لەو ژنە زلە زلانە گرانترن؟) دایکە ڕەشپۆشەکە، ئاهێکی قووڵی هەتا بنکی سییەکانی هەڵکێشا، گوتی: (ئاخر ئەو بچووکانە کیژۆڵەن، بنیان هەیە!) منداڵەکە بێدەنگ ما. چەند چرکەیەک بەرز ڕووەو ئاسمانی خۆڵەمێشی سەری هەڵبڕی. بیری لێ کردەوە. (بن، بن، بن؟) جارێکی تر لە مێینەکانی ناو هەردوو قەفەزەکە ڕاما و بە زەینی منداڵانەی خۆی بەراوردی کردن.
محەمەد فەریق حەسەن
دایکە عەبا بەسەرەکە، تەنیا چاو و برۆ ڕەشەکانی بەدەرەوە بوون. پێ بە پێڵاوی ڕەشی بن تەخت و گۆرەویی ڕەش، دەستەکانی بە دەستکێشی ڕەش، لە ماڵ دەرهات و بە هەنگاوی کورت کورت، پێ بەپێی کوڕە حەوت ساڵانەکەی دەڕۆیشت و لە دەوروبەری خۆی ورددەبووەوە. وەختێ نزیک گۆڕەپانە فراوانەکەی چەقی شار بوونەوە، ئاپۆرای خەڵک، هەنگاوەکانی پێ خاوتر کردن. ئەوان، دوو دانە قەفەزی گەورەی لە شیشی ئاسن چێکراویان لەوێ بینی. وەختێ چوونە پێشتر، بەسەر عاجباتییەکی نوێدا کەوتن. قەفەزەکان مرۆڤی مێیینەی کەمخوێنی کزۆڵەی لێو بە باریان تێدا بوو. مێیینەی گەنج و مناڵکار لە قەفەزیکدا، مێیینە تەمەندارەکانیش بە جیا لە قەفەزیکدا. بەرز لە ئاستی هەر قەفەزێک، بە ماجیکی ڕەش لەسەر مقەبای سپی، دوو وشە نووسرابوون. تەنیا دوو وشە. هەر مێیینەکیش، پارچەیەک مقەبای سپی لە ملیدا. بە ڕەنگی ڕەش ناوی خۆی لەسەر نووسرابوو. پێچەوانەی یاسا نوێیەکانی شار، دەستوپل، قاچوقول و ڕووخساریان بە دەرەوەیە.
هەر نێرینەی بێکاری لاپڕەسەنە، لەم پیشانگە نوێیە کۆ دەبنەوە، لە نیگایاندا سهرسووڕمان پەنگی خواردۆتەوە. لەوێ هەر جحێڵە و چاو دەگێڕێ. لە قەفەزەکان دێنە پێش و پێشتر. بە دەوروخولی چوار پیاوی گورجی سەر بە مێزەری، شەرواڵ کورتی کالە لە پێدا دێن. پرسیاریان لێ دەکەن. ئەو شەرواڵ کورتانە، بەو شێوەزارەدا کە پێی دەدوێن، دیارە خەڵکی شارەکەی خۆیان نین. جحێڵێکیان بە پارێزەوە لەگەڵ شەرواڵ کورتێکی فیلە زەلامدا، کە کەمەری ئەستوری خۆی بە کوڵەشمشێری مشتوو زیوین ڕازاوەیە، کەوتە پرسوجۆ. مامەڵە و بازاڕەکە بە جۆرێکە، دایکە ڕەشپۆشەکە، لە گوێی سووک و چاوە گەشە ڕەشەکانی خۆی بە گومانە. فیلەزەلامی کەمەر بە کوڵە شمشێر، پێدەچێ سەرگەورەی سیانەکەی تر بێت. تاوناتاوێک لە نێو ئاپۆرای ئامادەبووانەوە سەر دەکێشێ، بە دەنگێکی گڕ تێهەڵدەکات:
(هەرزان و تاڵان، هەڵبژێرن بە مەیلی خۆتان)
پیاوێکی پۆشتەوپەرداخیش تازەکی گەیشتۆتە بەرەوە، بۆ پێشەوە سنگ دەکوتێ و چاوی لەسەر بیچم و هەڵکەوتەی جەستەی کەنیزەکانە. زگی بە جۆرێک هەڵتۆقیوە لە پێشیەوە دەلەرێتەوە و دڕی بە عەبا شۆڕە شانسورمەکەی بەری داوە، بە زۆرلەخۆکردنەوە دانەوییەوە. لە نێوان شیشی ئاسنینی قەفەزێکیانەوە، دەستی تووکنی درێژ کرد و پەنجەی ئەستووری بە ئەنگوستیلەی زیوی نایە سەر تەپڵی سەری مێیینەیەکیان و بە فیلەزەلامەکەی گوت:
(من ئا ئەم یەکەیانم گەرەکە، بەرلەوەی بە نەخت نرخەکەیت بدەمێ، داوایەکم لە جەنابت هەیە، ئەوەندەی نەختێک)
(داواکەت بڵێ پیاو؟)
(پێم خۆشە لە پێشدا سینە و مەمی بە ڕووتی ببینم!)
فیلەزەلامی شمشێر بە قەد، دەرکی قەفەزەکەی بۆ مێینەکە کردەوە و فەرمانی پێ دا:
(لەگەڵی بچۆ، کچێ!)
کچ بە کووڕە کووڕ لە قەفەز دەرهات. فیلەزەلامەکەش ئاماژەی بۆ دەرگەیەکی کراوە کرد و بە پیاوە کڕیارە شان بە عەباکەی گوت:
(ئەم کچە جوانە بەلقیسی ناوە. پەلی بگرە و لەگەڵ خۆت بیبە. هۆ لەوێ، بە کەیفی خۆت سەیری بکە!)
دایکە ڕەشپۆشەکە، لە ناو ئەو قەفەزانەدا ئافرەتی ڕەنگپەڕیو، ترساو و تێکڕووخاوی دەبینی. وەک قۆزاخەی پەموو، لە شەرم و تەریقیدا، خۆیان گرمۆڵە کردبوو. دایکە ڕەشپۆشەکە، ئاهێکی سارد و خێرای هەڵکێشا. ”ئای، شاژنە بەلقیسی سەبەء، ڕۆحت ئاسوودە بێ و یادت بەخێر! تۆ دەیان سەدە لەمەوبەر، سەرزەمینێکی پان و بەرینی ئەم ڕۆژهەڵاتە، قەڵەمڕەوت بوو. تۆ میوانی ڕێزلێنراوی لای حەزەرەتی سولەیمان بوویت. وای شاژنە بەلقیس، خۆزگە بە خۆزگەداران ئێستا لە کونێکەوە، بە چاوی خۆت دەتبینی چۆن بەلقیسی ئەم زەمانە وەک قاز و مراوی لە قەفەزی ئاسنی ژەنگگرتوو نراون و نرخیان لەسەر دانراوە.”
دایکە ڕەشپۆشەکە مەبەستی بوو لەم بازاڕەی، کە یەکەم جارە شارەکەی بە خۆیەوە دەیبینێ، حاڵی ببێت. بەلقیس کەپووی باریک و چاوەکانیشی میناکی قەرسیلی پاش باران، سەوز. سپی پێست و باریکەلە. دڵەڕاوکێ و کەمخەوی کالانەی چاوی مەیلەو ڕەش هەڵگێڕابوو. گەردنی مەیلە و زەرد و بەرزی بە لارەوە گرتبوو. کز، لە نێوان شیشی ژەنگاوییەوە بە کڕیارەکاندا هەڵیدەڕوانی. سەرنجی چووە سەر ژنە ڕەشپۆشەکە. ڕەنگە ئێستا لەبەرخۆیەوە بپرسێت: ”پیاو بەهەر حاڵ، ژن چ کارێکی بەم بازاڕە هەیە؟” بەلقیس لە ئاستی ئەو تەنیا ژنەدا، کە رێی کەوتبووە بازاڕی کەنیزان سەرنجی ڕاگرت. وەک شێوەی بکات و پێشتر دیبێتی سۆزی چووە سەری. شانێکی بۆ هەڵتەکاند، وەک بڵێت: ”ئەوە حاڵمە کە دەیبینی، لە سایەی ئەم شمشێر بە قەدانەدا، جیاوازیی من و تۆ هەر ئەوەندەیە. من لە ناو و تۆ لە دەرێی قەفەزەکەدایت. من هەر جەستەم نا، ڕۆحیشم زیندانییە.”
منداڵە چاو و برۆ ڕەشەکەش دەستی بە دەستی دایکییەوە، بە هاوکاریی پەنجەی ئاماژەی، لەبەر خۆیەوە، خەریکی حونجەی وشە نووسراوەکانی سەر کارتۆنی قەد دیوارەکە بوو.
(هە.. زا.. هەزا.. ر.. هەزار… دۆ.. لا.. دۆلا.. ر.. دۆلار… هەزار دۆلار)
ئەوجا سەرنجی چووە سەر پارچە مقەببای دووەمی سەر قەفەزی دووەم.
(پ.. ێ.. پێ.. ن.. پێن.. ج.. پێنج.. سە.. د.. سەد… دۆ.. لا.. دۆلا.. ر.. دۆلار. پێنج سەد دۆلار!)
توند پەنجەی ئاماژەی دایکی گوشی و ڕایتەکاند، پرسی:
(دایە دایە، بۆچی ئەو کچە بچووک بچووکانە لەو ژنە زلە زلانە گرانترن؟)
دایکە ڕەشپۆشەکە، ئاهێکی قووڵی هەتا بنکی سییەکانی هەڵکێشا، گوتی:
(ئاخر ئەو بچووکانە کیژۆڵەن، بنیان هەیە!)
منداڵەکە بێدەنگ ما. چەند چرکەیەک بەرز ڕووەو ئاسمانی خۆڵەمێشی سەری هەڵبڕی. بیری لێ کردەوە. (بن، بن، بن؟) جارێکی تر لە مێینەکانی ناو هەردوو قەفەزەکە ڕاما و بە زەینی منداڵانەی خۆی بەراوردی کردن. لەگەڵ ئەوەشدا، لە وەڵامەکەی دایکی حاڵی نەبوو. دایکی جووڵا و کورە بچکۆل شوێنی کەوت. بوو بە مەراقی. هەیتا هەیتا، ئاوڕی لە مێیینەکانی نێو قەفەزە ژەنگگرتووەکان دەدایەوە. پرسیارێکی منداڵانە، سەرەخولەی پێ خستبوو. بەدەم ڕێوە چەند جارێک لەبەر خۆیەوە وەڵامەکەی دایکی گوتەوە. ”ئاخر ئەو بچووکانە کیژۆڵەن، بنیان هەیە!” وشەی (بن، بن، بن) یشی دەیان جار لەبەرخۆیەوە گوتەوە. دیسان توند پەنجەی ئاماژەی دایکی ڕاکێشا و پێشی لێ گرت:
(دایە دایە، تۆ بنت هەیە؟)
سەرچاوە: کۆچیرۆکی کۆلارەی ڕەنگاوڕەنگ