کوردەکان؛ فریشتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە کاتێکدا دەوڵەتە سەربەخۆکانی تەنیشتیان بە کاوەخۆ بۆ نێو بەربەرییەتێکی نوێ گلۆر دەبنەوە، کوردەکان تاکە ترووسکایی هیوان.

سڵاڤۆی ژیژەک
لەئینگلیزییەوە: ئازادیی کۆمەڵگە
چەپڕەوە ئەورووپییەکان کورد ڕەت دەکەنەوە لەبەرەوەی پشتیان بە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەستووە؛ وەلێ ئەمە هیچ نییە بێجگە لە ناپاکییەکی چەپەڵی تر.
مەگەر خۆیان ڕازیین ببنە قوربانی تەنیا لەبەر خاتری هاودەنگی دژەئیمپێریالیستیی؟ لە ئان و ساتێکدا کە دەوڵەتە سەربەخۆکانی تەنیشتیان خەریکە خۆیان لە بەربەرییەتێکی نوێ هەڵدەژەنێن، کوردەکان تاکە تروسکایی هیوان.
(سلاڤۆی ژیژەک)
پتر لە سەد ساڵێک لەمەوبەر کارڵ مەی پەڕتووکێکی پڕفرۆشی بە ناوی ‘بەناو کوردستانی کێوییدا’ نووسی، پەڕتووکەکە لەمەڕ سەرکێشییەکانی کارا بین نێمسی پاڵەوانی ئەڵمانییە. ئەم پەڕتووکە ناودارە لای خەڵکانی ئەورووپای ناوەڕاست دیدگایەکی لەمەڕ کوردستان هزراند: گوایە ناوچەیەکە لە شەڕی خوێنڕێژانەی هۆزەکان، دڵسافی ساویلکانە و بەشەرەفی وەلێ هاوکات خاوەنی خورافە، ناپاکیی و شەڕێکی دڕندانەی هەمیشەییشە. پەڕتووکەکە لەناو شارستانییەتی ئەورووپیدا بووە کاریکاتێرێک بۆ گاڵتەکردن بە ئەویتری بەربەریی.
گەر سەیری کوردەکانی ئەمڕۆکە بکەین، لە پێکناکۆکییان بەو هزرە کڵێشەییە دەحەپەسێین. لە تورکیا – بەو پێیەی باش لە ئاگاداری دۆخی ئەوێم- سەرنجم داوە کوردە کەمینەکان مۆدێرنترین و سێکولارترین بەشی جڤاکن؛ لاتراسکەیان لە گشت بوونیادگەراییەکی ئاییینیی بەستووە و خەریکی فێمینیزمی پێشکەوتوون و هتد… (با ئەو وردەکارییەشی لە ئەستەنبووڵ فێری بووم باس بکەم: تەنانەت ئەو چێشتخانانەی هیی کوردن، بەرگەی هیچ سووکە خورافەیەکیان پێ ناگیرێ…).
عەبقەرییە دەروونجێگیرەکە (خۆ-ناولێنانەکەی ترەمپ خۆی) بیانووی بۆ ناپاکییەکەی ئەم دواییەی لە کورد هێنایەوە (بەو واتایە هێرشی تورکەکانی بۆ سەر قەڵەمڕەوی داخراوی کورد لە باکووری سووریا پەسەند کرد) بە وتنی ئەوەی: «خۆ کوردیش فریشتە نییە». بە دڵنیاییەوە بۆ ئەو وایە، چونکە تاکە فریشتەی ئەو ناوچەیە ئیسرائیلییەکان (بەتایبەت ئەوانەی کەناراوی ڕۆژاوا) و سعودییە (بەتایبەت ئەوانەی یەمەن). لێ هەرچۆنێک بێت هەر بە ڕاستیی کوردان تاکە فریشتەی ئەو بەشەی جیهانن.
چارەنووسی کوردەکان وای لێ کردوون ببن بە نموونەیترین قوربانیی گەمەی داگیرکاریی ژیۆپۆلەتیکیی: بەو پێیەی بە سەر سنووری چوار دەوڵەتی دراوسێدا (تورکیا، سووریا، ئێراق، ئێران) دابەش کراون، بۆیە ئۆتۆنۆمی تەواوەتییان لە بەرژەوەندیی کەس نییە و بە تەنیا خۆیان باجەکەیان داوە.
ئەرێ هێشتا بۆمبارانە گازخنکێنە بەکۆمەڵەکەی سەداممان دەرهەق بە کوردەکانی باکوری ئێراق لە کۆتاییەکانی ١٩٨٠ بیر ماوە؟ بەم دواییانە، چەندین ساڵە تورکیا بە پڕوپاڵانتەی شەڕ دژی داعش، خەریکی گەمەیەکی تۆکمەی سیاسیی-سەربازییە، وەلێ ڕاستییەکەی ئەو کوردانە بۆمباران دەکات وا بە کردەیی شەڕی دژی داعش دەکەن.
لەم دەیانەی دواییدا، توانای کوردەکان بۆ بیناکردی ژیانێکی جڤاکیی تاقی بوویەوە، بە جۆرێک لە دۆخێکی ئەزموونەکیی بێوێنەدا: هەر ئەوەندەی بواریان دان تا ئازادانە لە دەرەوەی ململانێی دەوڵەتانی دەوروبەریان هەناسە بدەن، جیهانیان تاساند.
پاش کەوتنی سەدام، ئەو ناوچە کوردییەی دەکەوێتە باکووری ئێراق، بوو بە تاکە شوێنی سەلامەت لە ئێراق، کە دامەزراوەی باش و تەنانەت گەشتی فڕۆکەیی بۆ ئەورووپا هەبێت. لە باکووری سووریا، ناوچە کوردییەکە- ڕۆژاڤا- لەناو ئەو هەموو ئاژاوە ژیۆپۆلەتیکییەی ئەمڕۆدا بوو بە شوێنێکی دانسقە: هەر ئەوەندەی دراوسێ زلهێزەکانیان ناوبڕێکیان دانێ- چون هەمیشە هەڕەشەیان لێ دەکردن، یەکسەر جڤاکێکیان سەرپێ خست، جڤاکێک ناتوانین بە هیچی تر ناوی ببەین بێجگە لە یۆتۆپیایەک کە بە واقیعی بوونی هەیە و چاک ئیش دەکات.
بەگوێرەی ئەو بوارەی کاری تێدا دەکەم، زوو سەرنجی ئەو کۆمەڵگا ڕۆشنبیرییەکەی ڕۆژاڤام دا وا خەریک بوو سەری هەڵدەدا و خۆیشیان چەندین جار بۆ وانەوتنەوە بانگهێشتیان کردم- وەلێ ئەو پلانانە بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە بێبەزەییانە لەبار بران.
لەگەڵ ئەوەش ئەوەی خەمباری کردم کاردانەوەی هەندێک لە هاوپیشە ‘چەپ’ەکانم بوو، گوایە بەوە بەلەسە بوون کوردەکان پشتیان بە هێزی سەربازیی نەتەوە یەکگرتووەکان بەستووە.
لە کاتێکدا لە گێژاوی گرژییەکانی تورکیا و شەڕی مەدەنیی سووریادا گیریان خواردووە، دەبوو چی بکەن؟ گەلۆ لە نێوان ئاژاوەکانی ئێراق و ئەوانەی ئێراندا، بژاردەیەکی تریان هەیە؟ داخۆ تەنێ لەبەر خاتری هاودەنگیی دژەئیمپێریالیستی خۆیان کردبایەتە بە قوربانیی؟
ئەم خۆبەدوورگرتنە ڕەخنەییانەی ‘چەپ’ەکان بەقەد ئەو خۆبەدوورگرتنەی بەرانبەر ماکەدۆنیا کرا، قێزەونە؛ چەند مانگێک لەوەوبەر، گفتوگۆیەک هەبوو گوایە چۆن کێشەی ناوی ‘مەکەدۆنیا’ چارەسەر بکرێت.
ئەو چارەسەرەی پێشنیار کرا گۆڕینی ناوەکە بوو بۆ ‘مەکەدۆنیای باکوور’، کەچی یەکسەر ڕادیکاڵەکانی هەردوو وڵاتەکە پەرچیان دایەوە؛ نەیارانی یۆنان سوور بوون لەسەر ئەوەی ‘مەکەدۆنیا’ ناوێکی یۆنانیی کۆنە، لە بەرانبەردا نەیارانی مەکەدۆنییەکان هەستیان بە سووکایەتیی دەکرد گوایە کورتیان کردوونەتەوە بۆ هەرێمێکی ‘باکوور’، بەو پێیەی ئەمان خۆیان تاکە کەسێکن بە خۆیان دەڵێن ‘مەکدۆنیی’.
گەرچی چارەسەرەکە نموونەیی نەبوو، لێ تروسکاییەک و سازانێکی گونجاوی بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێ درێژخایەن و بێمانایە پێ بوو. کەچی پرسەکە بە ‘پێکناکۆکییەک’ی تردا برا: بوو بە ململانێی نێوان زلهێزەکان (ئەمریکا و ئەورووپا لەلایەک و ڕووسیا لەلایەکی تر).
ڕۆژاوا فشاری خستە سەر هەردوو لا تا ڕێکەوتنەکە پەسەند بکەن و دەستبەجێ مەکەدۆنیا بچێتە نێو یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆوە. لە لاکەی ترەوە و هەر بە هەمان هۆکار (دەیانزانی مەترسیی لەدەستدانی بەلکانیان هەیە) ڕووسیا دژایەتیی کرد و پاڵپشتی هێزە نەتەوەپەرستە چەقبەستوو و دەمارگرژەکانی هەردوو وڵاتەکەی کرد.
کەوایە ئێستا بەرەی کێ بگرین؟ پێم وایە دەبێت بەرەی ڕێککەوتنەکە بگرین، ئەویش تەنیا بەو هۆکارەی تاکە چارەسەری ڕاستەقینەیە بۆ کێشەکە- ڕووسیا تەنیا لەبەر بەرژەوەندییە ژیۆپۆلەتیکییەکانی خۆی دژایەتیی دەکات. جا بۆیە گەر بێت و هیچ چارەسەرێکی ترمان پێ نەبێت، ئەوکات پشتگیریی ڕووسیا بە واتای بەقوربانیکردنی چارەسەری گونجاو بۆ کێشە تاقانەکەی پەیوەندیی یۆنان و مەکەدۆنیا دەکەین، ئەویش لەبەر خاتری بەرژەوەندیی ژیۆپۆلەتیکیی نێودەوڵەتیی. (ئێستاکەش فەڕەنسا ئەندامێتیی خێرای مەکەدۆنیای باکووری بۆ ناو یەکێتیی ئەورووپا ڕەت کردووەتەوە، کێ بەرپرسی هەر کارەساتێکی چاوەڕواننەکراوە لەو بەشەی باڵکان؟) داخۆ کوردەکانیش بەهۆی ‘چەپڕەویی’ە دژەئیمپێریالیستییەکەی ئێمەوە هەمان گورزیان لێ دەوەشێنرێت؟
هەر بۆیە ئەرکی سەر شانمانە سەرومڕ پشتگیریی بەرخۆدانی کوردان بەرانبەر داگیرکاریی تورکدا بکەین و بە ئاشکراش سەرکۆنەی گەمە پۆخڵەکانی زلهێزە ڕۆژاواییەکان بکەین.
لە کاتێکدا دەوڵەتە سەربەخۆکانی تەنیشتیان بە کاوەخۆ بۆ نێو بەربەرییەتێکی نوێ گلۆر دەبنەوە، کوردەکان تاکە ترووسکایی هیوان. جا ئەم پرسە لەبەر خاتری کوردەکان نییە، لەبەر خۆمانە، لەبەر ئەو جۆرە سیستەمە نوێ جیهانییەیە وا خەریکە سەرپێ دەکەوێت.
گەر بێت و کورد پشتگوێ بخرێت، ئەوا ئەو دەم سیستەمێک تانوپۆ دەکوتێت هیچ شوێنێک بۆ سامانی بەهاداری ڕزگارییخوازیی ئەورووپییەکان نامێنێتەوە. گەر ئەورووپا کوردەکان پشتگوێ بخات، ئەقا ناپاکیی لە خۆی کردووە. ئەو ئەورووپایەی ناپاکیی لە کورد بکات، بە دڵنیاییەوە دەبێتە ئەورووپاستانی ڕاستەقینە!